ئەردۆغان هەڕەشە دەكات‌و ئەمریكاش پشتیوانێتی

Draw Media

2020-02-12 06:53:49



درەو:
ئاژانسی هەواڵی "تاس"ی ڕوسیا لەزاری وتەبێژی "كرملین" ەوە بڵاویكردەوە: "ڤلادیمێر پۆتین" دۆخی سوریا لەگەڵ هاوتا توركییەكەی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"  تاتوێدەكات، ئەوەش دوای ئاڵۆزبونی دۆخی ئیدلیب.
پێشتریش ڕوسیا ڕایگەیاندبوو، پێویستە هێرشەكان دژی هێزەكانی سوریاو ڕوسیا لە ئیدلیب ڕابگیرێن‌و، توركیا پەبەندبێت بەو ڕێككەوتنانەی لەگەڵ ڕوسیا ئەنجامیداوە سەبارەت بە ململانێكان لەو ناوچەیە.
پەیوەندییە چاوەڕوانكراوەكەی "ئەردۆغان‌و پۆتین" دوای دوو خولی گفتوگۆی بێئەنجام دێت لەنێوان هەردوو وەفدی "ڕوسیاو توركیا" كە لەئەنكەرە بەڕێوەچوو، تێیدا نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەو بەرگری‌و هەواڵگری هەردوو وڵات بەشدارییان كرد.
ڕوسیای هاوپەیمانی ڕژێمی ئەسەد ساڵی 2018 ڕێككەوتنێكی لەگەڵ توركیا ئیمزاكرد بۆ سەپاندنی ناوچەیەكی داماڵراو لەچەك لە ئیدلیب، لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوشدا ڕێككەوتنێكی تریان ئیمزاكرد بۆ وەدەرنانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (شەڕڤانانی كورد) لەناوچە سنورییەكانی باكوری سوریای هاوسنوری توركیا، بەڵام پەیوەندییەكانی "ئەنكەرەو مۆسكۆ" سەرلەنوێ‌ دووچاری ئاڵۆزی هات، دوای هێرشی سوپای سوریا بە پشتیوانی ڕوسیاو، سەرلەنوێ‌ مەترسییەكانی توركیای بزواندەوە لەكۆتایهاتنی هەژمونی خۆی‌و گروپە توندڕەوەكانی نزیكی لەوناوچەیە.

ئەمریكا پشتیوانی توركیا دەكات
"مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەتویتێكدا، پرسەنامەی ئاراستەی خانەوادەی ئەو سەربازە توركیانە كرد كە لە هێرشەكەی دوێنێی ئیدلیب كوژران‌و ڕایگەیاند: "پێویستە هێرشە بەردەوامەكانی ڕژێمی ئەسەدو ڕوسیا ڕابوەستنێرێن".
"پۆمپیۆ" وتیشی: ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ توركیا هەماهەنگی دەكات بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی كراوەتە سەر هێزەكانی لەلایەن سوپای سوریاوە لەناوچەی ئیدلیب، ڕونیشكردەوە، "جێمس جێفری" نوێنەری تایبەتی ئەمریكای بە كاروباری سوریا ڕەوانەی ئەنكەرە كردووە لەپێناو هەماهەنگی كردن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە. 
"جێفری" لەگەڵ گەیشتنی بۆ ئەنكەرە لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بۆ ئەوە هاتوین بۆ ئەنكەرە تا لەگەڵ حكومەتی توركیا دۆخەكە هەڵبسەنگێنین‌و، دەمانەوێت زۆرترین پشتیوانی پێشكەش بە توركیا بكەین.
وتیشی: هاوپەیمانەكەمان  ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە بوەتەوە لە ئیدلیب لەلایەن رژێمی سوریاو روسیاوە. 

ئەردۆغان هەڕەشە دەكات
ئەمڕۆ "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" هەڕەشەكانی لە رژێمی سوریا دووپاتكردەوەو ڕایگەیاند: باجێكی زۆر قورس دەدەن لەبەرامبەر ئەوهێرشەی لەباكوری خۆرئاوای سوریا كردویانەتە سەر هێزەكانی توركیا كە لەماوەی هەفتەی ڕابردودا 13 سەربازی توركی كوژراون. 
ئەردۆغان وتیشی:وەڵامی پێویستمان ناردووەتەوە بۆ سورییەكان لەسەر باڵاترین ئاست، ئەوەی شایەنیانە ئەنجامماندا بەتایبەت لە ئیدلیب، بەڵام ئەوە بەس نییەو بەردەوامدەبێت. هەڕەشەكانی "ئەردۆغان" لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری توركیا بڵاویكردەوە، (51)سەربازی سوپای سوریایان كوشتووەو، دوو تانكیشیان تێكشكاندووە، دەستیشیان بەسەر تانكێكی تردا گرتووە. 
دوێنێش دوای كوژرانی (5) سەربازی توركیاو برینداربونی (5) تر، وەزارەتی بەرگری توركیا ڕایگەیاند، لەتۆڵەی ئەو هێرشەی ڕژێمی سوریادا (115) ئامانجی سوریایان بۆردومانكردووەو (100) سەربازی سوریایان كوشتووە، بەڵام بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە سوریا كە ڕێكخراوێكی سەربەخۆیە، هەواڵەكەی وەزارەتی بەرگری توركیای ڕەتكردەوەو رایگەیاند: لەوەڵامدانەوەكەی توركیادا هیچ سەربازێكی سوپای سوریا نەكوژراوەو ئەو ئامارانەشی سوپای سوریا لەبارەی زیانی بۆردومانەكەی توركیاوە بڵاویكردۆتەوە راست نییەو، بۆ هەڵلوشینی تۆڕەیی ئەنكەرەیە لەكوژرانی سەربازەكانی. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand