راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف سبەینێ هەڵبژاردنی شارەوانی لە شاری ئیستانبوڵی توركیا دووبارە دەكرێتەوە، سەرباری ئەوەی كاندیدەكەی پارتی دەسەڵاتدار بەرەگەز كوردە، بەڵام دەنگدەرانی كورد جارێكی تر دەنگ بە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەدەنەوە، راپرسییەكان باس لە چانسی بردنەوەی كاندیدەكەی ئۆپۆزسیۆن دەكەن. دوو هەڵبژاردن لە سێ مانگدا بۆجاری دووەم لەماوەی سێ مانگدا، سبەینێ دەنگدەرانی شاری ئیستانبوڵی توركیا دەچنەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی شارەوانی بۆ شارەكەیان. رۆژی 31ی مانگی ئازاری رابردوو، هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا بەڕێوەچوو، لە ئیستانبوڵ یەكەم گەورە شارو پایتەختی ئابوریو گەشتوگوزاری توركیا (ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ) كاندیدی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە) بەجیاوازی (14 هەزار) دەنگ سەركەوتنی بەسەر (بن عەلی یەڵدرم) سەرۆك وەزیرانی پێشووی وڵاتو كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئاكەپە)دا، سەركەوت. بەڵام لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان رۆژی 6ی ئایاری رابردوو وەكو وەڵامدانەوە بۆ داوایەكی پارتی دادو گەشەپێدان، ئەنجامی هەڵبژاردنی لە ئیستانبوڵ هەڵوەشاندەوەو فەرمانیدا بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە رۆژی 23ی ئەم مانگە، واتە سبەینێ. پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا سەرۆكایەتی دەكات، دەڵێت لە هەڵبژاردنی ئیستانبوڵدا سەرپێچی رویداوە. ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ كێیە ؟ بەڵام سەرباری ئەمەش دەبێت ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ كێ بێت كە توانیویەتی ئیدارەی شارەكە لە ئەردۆغانو ئیسلامییەكان بسەنێتەوە كە ئیدارەی ئەو شارە لە ساڵی 1994وە بەدەست ئەوانەوەیە ؟ ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ تەمەنی (49 ساڵ)ە، یەكێكە لەو سیاسییانەی بەمدواییە ئەستێرەی لە ئاسمانی سیاسی توركیا درەوشاوەتەوە، بەپێچەوانەی سەركردەكانی تری پارتەكەیەوە (جەهەپە)و ئەم پیاوە تاڕادەیەك سەربە نەوەی نوێی توركیایە، ئەمە لەكاتێكدایە كەمال كلیچدار ئۆغلۆی سەرۆكی پارتەكەی تەمەنی (71 ساڵ)ەو سەربە نەوە سیاسییە كۆنەكەیە. كاروانی سیاسی ئەردۆغان ساڵی 1994 لە ئیستانبوڵەوە دەستیپێكرد، كاتێك وەكو سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە لەسەر لیستی پارتی رەفاهی ئیسلامی هەڵبژێردرا كە نەجمەدین ئەربەكان سەرۆكایەتی دەكردو دواتر هەڵوەشێندرایەوەو ئەردۆغان بۆماوەی چەند مانگێك زیندانی كراو پاش خوێندنەوەی هۆنراوەیەكی ئاینیش لە فێستیڤاڵێكدا، ئیتر رێگری لێكرا هیچ پۆستێكی حكومی وەرگرێت. ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ هاوشێوەی ئەردۆغان كاروانی سیاسی خۆی لە ئیستانبوڵەوە دەستپێكرد. پارتی فەزیلەتی ئیسلامی كە میراتگیری پارتی رەفاه بوو، ساڵی 2004 سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵی گرتەدەست، پارتی دادو گەشەپێدان كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات ساڵی 2002 دەسەڵاتی لە توركیا گرتەدەست، لە ساڵی 2004وە جارێكی تر ئیستانبوڵ كەوتەوە دەست پارتەكەی ئەردۆغان، واتە ئەم شارە ماوەی چارەكە سەدەیەكە لەژێر دەستی ئەو پارتانەدا بووە كە رەگو ریشەی ئیسلامییان هەبووە. زمانێكی ئاشتیخوازانە بەپێچەوانەی گوتاری سۆزاویو توندی ئەردۆغانەوە، دوای ئەوەی لیژنەی هەڵبژاردنەكان سەركەوتنی راگەیاند، ئیمام ئۆغلۆ لەبەردەم لایەنگرانی پارتەكەیدا لە ئیستانبوڵ رووی دەمی كردە لایەنگرانی ئەردۆغانو وتی:" دەبێت پرۆسەكە بەڕێزو لێكتێگەیشتنو دیالۆگ بەڕێوەبچێت، داوا لە سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكەم ئەوپەڕی پەرۆشی خۆی لەم بوارەدا نیشان بدات، لەبەر بەرژەوەندی نیشتمانو ناوچەكە، خوازیارم گەیشتنم بە چارەسەرێكی دادپەروەرانە لە زوترین كاتداو دورخستنەوەی هەر زیانێك بە ناوبانگی توركیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی". ئیمام ئۆغلۆ بەشداری نوێژێكی بەكۆمەڵی كرد بۆ گیانی قوربانیانی كرایست چێرچ لە نیوزلەنداو چەند ئایەتێكی قورئانیشی خوێندەوە، بەمشێوەیەش دژی ئەو وێنە باوە وەستایەوە كە لەسەر پارتی گەلی كۆماری هەبوو وەكو پارتێكی ئەتاتوركیی عەلمانیی. ئیمام ئۆغلۆ لەدایكبووی ساڵی 1970ی شاری ترابزۆنە لە باكوری توركیا، دەرچووی كۆلیژی كارگێڕی كارە لە زانكۆی ئیستانبوڵ، لە خێزانێكی دیندارو كۆنەپارێزەوە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە، بەڵام خێزانەكەی مێژوویەكی دورودرێژی هەیە لە كاری سیاسیدا، باوكی دامەزرێنەری لقی پارتی "نیشتمانی دایك"ە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی كۆچكردووە تۆرگۆت ئۆزال لە ترابزۆن. ئیمام ئۆغلۆ دانی بەوەدا نا كە ئەو لە خێزانێكی كۆنەپارێزەوە هاتووە، بەڵام لەسەردەمی خوێندنی زانكۆدا ئازادتربووەو بووەتە هەڵگری بەها دیموكراتییە كۆمەڵایەتییەكان. تاوەكو ساڵی 2008 نەچووەتە ناو كاری سیاسییەوە، لەو ساڵەدا چووەتە ناو پارتی گەلی كۆمارییەوە، یەك ساڵ دواتر بووە بە سەرۆكی شارەوانی ناوچەی (بیلیكدۆز) لە بەشە ئەوروپییەكەی ئیستانبوڵو لە كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری بردوەتەوە. وەبەرهێنان لە سەركەوتندا پارتی گەلی كۆماریی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئاستە باشەكەی ئیمام ئۆغلۆی لە ئیدارەدانی شارەوانی ناوچەی (بیلیكدۆز)ی قۆستەوەو كاندیدی كرد بۆ هەڵبژاردنی ئەمدواییەی شارەوانی ئیستانبوڵ، كە ئەم شارە (16 ملیۆن) كەسی تێدایەو ژمارەی دەنگدەرەكانی (10 ملیۆن) كەسە. رۆژی 13ی كانونی یەكەمی 2018، كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی سەردانی ماڵی حەسەن ئیمام ئۆغلۆ باوكی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆی كرد لە ترابزۆنو بە پێكەنینەوە وتی:" هاتوین كوڕەكەت بخوازین" ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ كاندیدكردنی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ. حەسەن ئیمام ئۆغلۆ وەڵامی دایەوەو وتی:" پێشتر كچێكت لە ئاغجا ئابات (یەكێك لە گەڕەكەكانی ترابزۆن) برد، ئێستا كوڕێكیشت پێدەدەین". لەو كاتەوە ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ بە لیهاتووییو داناییەوە چووە ناو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوەو خۆی بەدورگرت لە وروژاندنی ناكۆكیو توڕەكردنی دەنگدەرانو پەنای بۆ گوتارێكی دۆستانەی جیاواز برد كە هەموو چینە جیاوازەكانی دەنگدەران بگرێتەوە. ئیمام ئۆغلۆ دەچووە بۆلای دەنگدەران لەو گەڕەكانەی كە بە پێگەی پارتی دادو گەشەپێدان دادەنرانو بەناو شەقامەكانیدا دەسوڕایەوەو لەگەڵ خەڵك قسەی دەكرد بۆ ئەوەی سەرەنجی دەنگدەرانی ئاسایی بەلای خۆیدا رابكێشێت، لەبەرامبەردا ئەردۆغان بەشێوەیەكی تایبەتیو بەنوێنەرایەتی پارتەكەی هەڵمەتی بانگەشەی بەڕێوەدەبرد، تا ئەو ئاستەی لە دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشەدا، لە ئیستانبوڵ هەشت وتاری پێشكەشكرد. پارتەكەی ئەردۆغان كە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرەست (مەهەپە)دا كردبوو، سەرباری ئەوەی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا خۆی لە توڕەكردنی دەنگدەرانی كورد بەدورگرت، بەڵام ئەو هاوپەیمانێتییە بوو بەهۆی لەدەستدانی پشتیوانی دەنگی كوردو كورد دەنگیاندا بۆ ئیمام ئۆغلۆ، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە نوێنەرایەتی دەنگی كورد دەكات، لە ئیستانبوڵو ئەنكەرەو شارە گەورەكانی تر كە زۆرینەی دانیشتوانەكەیان كورد نین، كاندیدی بۆ سەرۆكی شارەوانی پێشكەش نەكرد، بەوەش دەنگی كورد لەو شارانە رۆیشت بۆ ئۆپۆزسیۆن. كورد ئەمجارە پشتیوانی كێ دەكات؟ لە هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ دەنگی كورد خاڵی یەكلاكردنەوەی كورسی سەرۆكایەتی شارەوانییە، لە هەڵبژاردنی رابردوودا پارتی دیموكراتی گەلان"هەدەپە" كە نوێنەرایەتی دەنگی زۆرینەی كورد دەكات، كاندیدی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ نەبوو، پشتیوانی لە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو، كاندیدی (جەهەپە) كرد، لەم هەڵبژاردنەشدا سەرەڕای كۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان، بەهەمان شێوە پشتیوانی خۆی بۆ كاندیدەكەی (جەهەپە) راگەیاند. پەروین بوڵدانو سەزایی تەمەللی هاوسەرۆكانی (هەدەپە) لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا جەختیانكردەوە، حزبەكەیان هەتا ئێستا ستراتیژو هەڵوێستی خۆی دەربارەی هەڵبژاردنەكە نەگۆڕیوە. هەروەها سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی (هەدەپە) لە زیندانەوە هەڵوێستی خۆی دەربارەی هەڵبژاردنەكە راگەیاندو داوای لە دەنگدەران كرد، دەنگ بە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ بدەن. ئەم هەڵوێستەی (هەدەپە) لە كاتێكدایە (ئاكەپە) لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ راكێشانی دەنگی كورد بۆ كاندیدەكەی، ئەوەی بڵاوكردەوە كە گوایە ئۆجەلان لە زیندانەوە داوای لە دەنگدەرانی كورد كردووە بێلایەن بن لەنێوان (ئاكەپە)و (جەهەپە)دا، بەڵام هاوسەرۆكانی (هەدەپە) ئەوەیان رەتكردەوە. راپرسییەكان چی دەڵێن ؟ لەدوای بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئیستانبوڵەوە، زۆرینەی راپرسییەكان كە لە توركیا ئەنجامدراون، ئەنجامەكەی لە بەرژەوەندی كاندیدی (جەهەپە) بووە. نوێترین راپرسی كە رۆژانی 17 بۆ 19ی ئەم مانگە لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی ئیستانبوڵ ئەنجامدراوەو 1500 كەس بەشدارییان تێداكردووە، لە بەرژەوەندی كاندیدەكەی (جەهەپە) بووە. لەو راپرسییەدا، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ، كاندیدی (جەهەپە) 52.11%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، بن عەلی یەڵدرم كاندیدی ئاكەپە 47%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، نەجدەت گۆكچینار، كاندیدی حزبی سەعادەت كە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا زۆر هەوڵو تەقەلای دا لە كێبركێكە بكشێتەوە لەو راپرسیەدا 0.84%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە. لە راپرسیەكیشدا كە دامەزراوەی " كۆندا"ی تایبەت بە راپرسی ئەنجامیداوە، ئیمام ئۆغڵو 54%و یەڵدریم 45%ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە. یەڵدرم.. هاوپەیمانە دڵسۆزەكەی ئەردۆغان كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ، بن عەلی یەڵدرمە، كە پێشتر سەرۆك وەزیران بووەو پێش ئەوەی ببرێتە ناو كێبركێی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵەوە، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا بووە. یەڵدرم كە بەرەگەز كوردە، ساڵی 1955 لە شاری ئەرزنجان لە دایكبووەو پسپۆری ئەندازیارییو دەریاوانییەو سەرپەرشتی چەندین پرۆژەی گرنگی لە بواری ژێرخانی توركیاو گواستنەوەی دەریاییدا كردووە، كە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی جەماوەرێتی (ئاكەپە) لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا لە ساڵی 2002ەوە. یەڵدرم بە هاوپەیمانە دڵسۆزەكەی ئەردۆغان وەسفدەكرێتو لەوكاتەوە كە ئەردۆغان سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ بووە لەگەڵیدا كاریكردووەو ساڵی 1994 بۆ 2000 بەرپرسبووە لەو هاتوچۆی دەریایی لە شارەوانی ئیستانبوڵ. ساڵی 2001 لەكاتێكدا ئەردۆغان پارتی دادو گەشەپێدانی دامەزراند، چەندین كەسی نزیك لەخۆی هێنایە ئەنكەرەی پایتەخت، یەكێك لەوانەش بن عەلی یەڵدرم بوو. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2002دا یەڵدرم لە شاری ئیزمیر سەركەوتنی بەدەستهێناو هەر ئەو هەڵبژاردنە (ئاكەپە)ی گەیاندە كورسی دەسەڵاتو دوای ئەوەی ئەردۆغان بووە سەرۆكی حكومەت پۆستی وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی بە یەڵدرم سپاردو تا 2007 لەو پۆستەدا مایەوە. لە هەڵبژاردنی 2007دا جارێكی تر یەڵدرم لە شاری ئەرزەنجانی زۆرینە كورد خۆی كاندیدكردو سەركەوتنی بەدەستهێناو لە پۆستی وەزیری گواستنەوەدا بەردەوام بوو، بەڵام لە ساڵی 2011دا لە شاری ئیزمیر سەركەوتنی بەدەستهێناو دەسەڵاتەكانی وەزارەتەكەی فراوانكراو گواستنەوەی ئاوییشی خرایەسەر. لە میانی خزمەتكردنیدا لە وەزارتی گواستنەوە، یەڵدرم هێڵی دەریایی ئیستانبوڵ- یالۆڤا، ئیستانبوڵ- بالیكی كردەوەو چەندین خزمەتی پێشكەش بە كەرتی دەریاوانیو رێگەی ئاویی كرد لە ئیستانبوڵ، پاشان رویكردە ئیزمیرو چەند پرۆژەیەكی وەك شەمەندەفەری خێرا، پەرەپێدانی ژێرخانو ئینتەرنێتو هێڵی ئاسمانیو رێگا خێراكانی بۆ ئەو شارە پێشنیاركرد، بەهۆی ئەو پرۆژانەوە شاری ئیزمیر بەرووی (ئاكەپە)دا كرایەوە كە پێشتر ئامادەگی لەو شارە زۆر كەمبوو. یەڵدرم ئازاری 2014 خۆی بە سەرۆكایەتی شارەوانی ئیزمیر كاندید كرد، بەڵام شكستیهێنا، پاشان ئەردۆغان وەك راوێژكاری خۆی بۆ بواری وەبەرهێنان دەستنیشانی كرد. ساڵی 2016 ئەردۆغان متمانەی بە یەڵدرم كردو سەرۆكایەتی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری پێسپاردو دواتر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راسپێردراو پاشان ئەركی هەمواركردنەوەی دەستوری وڵاتو گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی پێسپێدراو ئەوەش لە ساڵی 2018 ئەنجامدرا. دوای سەركەوتنی راپرسی هەمواری دەستورو هەڵبژاردنی ئەردۆغان وەك سەرۆك كۆمارو هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەردۆغان یەڵدرمی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندیدكردو تا تەموزی 2018 لەو پۆستەدا مایەوەو پاشان كاندیدكرا بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵو لە هەڵبژاردنەكەدا بە جیاوازییەكی كەم بەرامبەر ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ شكستیهێنا.
ئامادەكردنی: سەردەشت عەزیز بەشی یەكەم ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٢ حكومەتی چینی وەك دیارییەك بەبڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بارەگای یەكێتی ئەفەریقای لە”ئەدیس ئەبابا” ی پایتەختی ئەپیوبیا دروست كرد، هەموو پێداویستیەكانی بارەگاكە، بەسیستەمی كۆمپیوتەری و بنكەی زانیاریشەوه چین دابینی كرد، بۆ ماوەی چەند ساڵێك ئەم بارەگایە بو بە رەمزێك بۆ نزیكبونەوەی نێوان وڵاتانی ئەفەریقاو چین و جوڵەی بازرگانی زۆر بەخێرایی گەشەی كرد، لە لەماوەی ئەو ساڵەدا پەیوەندی بازرگانیان بەڕێژەی %٢٠ی زیادیكردو بەمەش چین بوە بەگەورەترین هاوبەشی بازرگانی لەئەفەریقا. لەمانگی یەكی ساڵی ٢٠١٨ دا رۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی هەواڵێكی بۆمب ئاسای بڵاوكردەوەو كە سیستەمی كۆمپیوتەری یەكێتی ئەفەریقا كەوتوەتە مەترسییەوە، رۆژنامەكە لەچەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە بڵاوی كردەوە كە ماوەی پێنج ساڵە لەنیوەشەواندا، بەبێ ئاگاداری خۆیان سەرجەم زانیاریەكانی یەكێتی ئەفەریقا لەسێرڤەرەكانی بارەگاكەوە لەئەپیوبیاوە دەگوازرێتەوە بۆ شەنگەهای چینی، كەدوری نێوانیان ٨ هەزار كیلۆمەترە، ئەم گواستنەوەی داتایە بۆ ماوەی ١٨٢٥ رۆژ بەردەوام بوە. ئاشكرابونی دزینی ئەم زانیاریانەش كاتێك بوە كە بارەگاكە داخراوەو دەوامی تێدانەبوە بەڵام توێژەرێك لەناو بارەگای یەكێتی ئەفەریقا ماوەتەوە، وەك شەوەكانی دیكە كەدەستكراوە بەگواستنەوەی زانیاریەكان بۆ شەنگەهای ئەم توێژەرە هەستی بە زەختێكی زۆر لەسەر سێرڤەرەكانی ناو بارەگاكە كردوە، دوای لێكۆڵینەوە دەردەكەوێت كەئەمە پرۆسەی گواستنەوەی زانیاریەكانە بۆ شەنگەهای، دواتریش ئاشكرا بوو كە مایكرۆفۆن و ئامێری گوێگرتن خراوەتە ناو دیوارەكانی بارەگاكەو تەنانەت مێزەكانیشیانەوە. كاردانەوەكانی دوای ئەم ڕاپۆرتە دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەكە، یەكێتی ئەفەریقا و چینیش ئەم زانیاریانەیان رەتكردەوەو وتیان دەستی رۆژئاوایە بۆ تێكدانی نێوانمان، بەڵام بەرپرسانی ئەكێتی ئەفەریقا بەنهێنی بەرۆژنامەی لۆمۆندیان راگەیاندبوو كە دڵگرانن لەحكومەتی چین و دەترسن لەپشت پێبەستنیان پێی. ئەم هەموو كێشەیە كەدروست دەبێت نهێنیەكەی كۆمپانیایەكە كەئەویش(هواوی)ە چونكە دابینكەری سەرجەم ئامێرەكانی پەیوەندی و سیستەمی كۆمپیوتەری ناو بارەگاكە بوو، هەرچەند بەڵگەی یەكلاكەرەوە نەبوو كەگوایا هواوی بەئەنقەست ئەم كارەی كردوە یان نا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوە چۆن دابینكردنی ئەم هەموو ئامێرە بەهواوی درا؟ یان چۆن لەكاتێكدا كە هواوی دابینكەری سەرجەم ئامێرو دامەزرێنەری بنكەی زانیاریی ئەو بارەگایە، بێ ئاگا بوە لەوەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ زانیاری ئەم بارەگایە گوازراوەتەوە بۆ حكومەتی چین؟. وتەبێژی هواوی بە بی بی سی راگەیاندبوو كە ئەوان لەمەسەلەی بردنی زانیاریەكانی بارەگای یەكێتی ئەفەریقا بێ تاوانن و گرفتەكە ئەوان نین. هواوی لەم كێشەیەدا بەبەڵگەی راستەوخۆ تاوانبارنەكرا، لەیارمەتیدانی چیندا بۆ بردنی زانیاریەكان، بەڵام ئەم روداوە ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لەوەی هواوی بخاتە ناو بازنەی گومانەكان و زنجیرەیەك سزادان و بلۆككردنی لەسەر ئاستی جیهان. دامەزراندن و گەشەكردنی هواوی رێن زێنگفەی دامەزرێنەری هواوی لەساڵی ١٩٤٤ لەناوچەیەكی زۆر هەژار، لەباشوری چین لەدایك دەبێت كه لەخێزانێكی ٩ كەسی هەژارەوە هاتوە، هەر ئەم هەژارییەش وایلێكردوە وەك گەنجەكانی ئەو ناوچەیە لەساڵی ١٩٧٢ پەیوەندی بەسوپاوە بكات. لەساڵی ١٩٨٣ بەهۆی كەمكردنەوەی ژمارەی سوپاوە رین سوپا جێدەهێڵێت. پاش ٥ ساڵ لەساڵی ١٩٨٧ ڕێن زێنگفەی هواوی دروست دەكات، سەرەتای هاتنی هواوی و رینی دامەزرێنەری بۆ ناو دنیای بازرگانی نەیان توانی گەشە بكەن و رێنیش هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كەهەموو ژیانی لەناو سەربازیدا بوەو هیچی لەبارگانی نەزانیوەو دواتر خۆی شارەزاكردوە لەبازرگانی و مێژوی ئەوروپادا. دواتر ساڵ بەساڵ هواوی گەشەدەكات و خۆی ئامێرەكانی پەیوەندی دروست دەكات، لەسەرەتای ساڵەكانی ١٩٩٠ەوە هواوی تەندەرەكانی حكومەتی چینی بۆ دابینكردنی ئامێرەكانی پەیوەندی بۆ سوپا پێدەدرا. لەساڵی ١٩٩٥ فرۆشتنی هواوی گەیشتە ٢٢٠ ملیۆن دۆلار بەڵام ئەم پارە بەزۆری لەبازاڕە شەعبیەكانەوە بۆی هات. ساڵی دواتر هواوی نازناوی ‘پاڵەوانی چین ی پێدرا، ئەم نازناوە لەواقیعدا بۆ ئەوەبوو حكومەتی چینی بازاڕی بەڕوی كۆمپانیا بیانیەكانی ركابەری هواوی داخست لەبەرژوەندی هواوی. هواوی یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی كه كاریگەری گەورەی لەسەر پێشخستنی ئابوری چین هەیە و ساڵ بەساڵ رێژەی فرۆشتنی لەجیهاندا بەرزدەبوەوەو لەساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەكەمجار چەند رێكەوتنێكی گرنگی لەسەر ئاستی بازاڕی جیهانی كرد. بەڵام سەرباری سەركەوتنەكان، گومانەكان لەسەر هواوی وەك سێبەر لەگەڵیدایە بەتایبەت دوای ئەوەی زانرا كە رێنی دامەزرێنەرو كۆمپانیای هواویش پەیوەندییان لەگەڵ پارتی كۆمەنیستی دەسەڵاتدار لەچیندا هەیەو ئەمەریكا بەئامرازی دەستی حكومەتی چین تۆمەتباری كرد. رێن زێنگفەی دەڵێت وا بیرمەكەنەوە سەركەوتنەكانی هواوی بەهۆی ئەوەوەیە كە ئێمە پەیوەندیەكی تایبەتمان لەگەڵ حكومەتدا هەیە. چونكە ئەگەر كۆمانیاكەش %١٠٠ هی حكومەت بێت هەر دەكرێت شكستخواردو بێت، سەركەوتنی ئێمە بەهۆی كارەكانمانەوەیە نەك حكومەت. تێبینی: بەشی دووەم لەسەر كەیسەكانی دژی هواوی دەنوسم. سەرچاوە: BBC, TECHWORM, Business INSIDER, TechDator, Cnet
راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف فڕۆكەوانێكی سوپای عێراق كە تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە شاڵاوەكانی ئەنفال خەریكە دەبێت بە كاندیدی هاوبەشی یەكێتیو پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد بڵاودەكاتەوە. وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتاییەكانی نزیكبوەتەوە، مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بە پێكهێنانی كابینەی نوێ، دەیەوێت بەر لە كۆتایی ئەم مانگە لیستی ناوی كاندیدی وەزارەتەكان بخاتەبەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە. بەرپرسانی یەكێتی باسلەوەدەكەن، ئەگەر هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارتی رەزامەندی لەسەر كاندیدێكی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەرنەبڕێت، یەكێتی بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات. بڕیارە هەفتەی داهاتوو لایەنەكان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستەكان پێشكەشی مەسرور بارزانی بكەن، هاوكات لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی پێكهێنانی حكومەت، یەكێتی نیشتمانی هەوڵێكی نوێی بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك دەستپێكردووە. فڕۆكەوانێك پارتیو یەكێتی رێكدەخات بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا ژمارەیەك بەرپرسی باڵای یەكێتی ناوی (فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین) فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقیان هێناوەتە پێشەوە وەكو كاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوكو پارتیش رەزامەندە بە كاندیدكردنی. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا لە پشتی پەردەوە هەوڵی چڕ هەیە بۆ ئەوەی كۆدەنگییەك لەناو سەركردایەتی یەكێتی دروستبكرێت لەسەر كاندیدكردنی (فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك. ئەنوەر حەمەئەمین كێیە ؟ ئەم پیاوە كە ئێستا بڕیارە ببێت بە كاندیدی هاوبەشی پارتیو یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، لە ساڵی 2008وە فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە، وەكو كاندیدی یەكێتی ئەو پۆستەی پێدراوە، ئێستا تەمەنی خانەنشینبوونی نزیكبووەتەوە. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2017 تۆمەتباركرا بە گەندەڵیكردن لە گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی چیكی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق، بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، لەوكاتەوە رووی لە هەولێر كردووەو لەوێ دەمێنێتەوە، دەوترێت لەوكاتەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە، بەڵام پێدەچێت مێژووی پەیوەندییەكەی لەگەڵ پارتی كۆنتر بێت، چونكە ساڵی 2015 كاتێك بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق خانەنشین كرا، دەنگۆی دانانی فەریق روكن ئەنور حەمەئەمین لە شوێنەكەی بڵاوبوەوە، بەڵام كاتێك دۆسیەی ئەنفالی بۆ هەڵدرایەوە، پارتی لە كاندیدكردنی ئەنوەر حەمەئەمین بۆ پۆستی سوپاسالار كشایەوە. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین ساڵی 1978 كۆلیژی سەربازی بە پلەی مولازم تەواوكردووە، ساڵی 1980 بووە بە فڕۆكەوان لە پۆلی چوارەمی هێزی ئاسمانی عێراقو لەماوەی جەنگی عێراق- ئێرانو جەنگی رژێمی بەعس دژ بە كورد، بەشداری زۆربەی شەڕەكانی كردووەو فڕۆكەوان بووەو فڕۆكەی هێلیكۆپتەری پێبووە. ئەم پیاوە تۆمەتبارە بەوەی بەهێلیكۆپتەرەكەیەوە بەشداری شاڵاوەكانی ئەنفالی كردووە لەدژی گەلی كورد كردووەو ناوی لە ریزبەندی ژمارەی (21)ی ئەو لیستەدایە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوەو داوای دەستگیركردنو سزادانیان دەكات. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن، ساڵی 2015 لە لێدوانێكدا وتی"من ئەگەر تاوانبار بم چۆن لەدوای روخانی رژێمەوە دوو پۆستی گرنگم لە وەزارەتی بەرگری پێدراوە، یەكێكیان پشكنەری گشتیو ئەوی تر فەرماندەی هێزی ئاسمانی..". ساڵی 1992 كە كوردستان دوای رزگاربوون لە دەستی رژێمی بەعس سەرقاڵی بنیادنانی پەرلەمانو حكومەت بووە، فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لە بەغداد بووەو كۆلیژی فەرمانبەرانی عێراقی تەواوكردووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە، هەمان ساڵ وەكو فەرمانبەری تایبەت بە كاروباری پلاندانان لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای عێراق دامەزرێندراوە. ساڵی 1996 پلەكەی بۆ (عەمید) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 1999 كۆلیژی جەنگیی عێراقی تەواوكردووە، ساڵی 2000 كراوە بە بەڕێوەبەری سەلامەتی فڕۆكەوانی لە هێزی ئاسمانی عێراق. پاشان پلەكەی بۆ (لیوا) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 2003 كە رژێمی سەددام حسێن روخا، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بووە لە بێجی، واتە تا دواین سات كە رژێمی عێراق لەدەسەڵاتدا بووە، لە سوپای عێراق كاریكردووە. دوای روخانی رژێمی پێشووی لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە وەكو فەرماندەیەكی سوپای عێراق داوای هاوكاری لێكراوە، بەتایبەتیش لە پرسی چۆنیەتی دروستكردنی یەكەی ئاسایشی سەربازییەوە لە كەركوكو سلێمانیو تكریت، یارمەتی هاوپەیمانانی داوە لە دروستكردنی ئەنجومەنە سەربازییەكانی دوای روخانی رژێمی پێشوودا، لەچەندین كاری تردا هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان كردووە، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لەدایكبووی پارێزگای كەركوكە. زیاتر لە 40 كاندید بۆ پۆستێك ! یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتەبەردەم پارتی دیموكراتی كوردستانو هەموو ئەو ناوانە رەتكراوەتەوە. پارتی دەڵێت هیچ كەسێك لەوانە وەكو پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكات كە لەڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تێوەگلاون یاخود پاڵپشتییان كردووە، پارتییەكان دەستەواژەی "ئۆكتۆبەرچی" بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێننو وەكو "خیانەتكار" ناویان دەبەن. پارتی تائێستا بەفەرمی یەك ناوی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵكردووە كە ئەویش (فەرەیدون عەبدولقادر) ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، بەڵام یەكێتی رەتیكردەوە. یەكێتی كە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستدا، ئێستاش ئەو پۆستە بە پشكی خۆی دەزانێت، دیارترین ئەو ناوانەی یەكێتی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك پێشكەشی پارتی كردووە ئەمانەن: • رزگار عەلی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی • رەفعەت عەبدوڵا- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی • ئاسۆ ئەڵمانی- بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی • خالید شوانی- ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی • كاكە رەش سدیق- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، یەكێتی • ئەحمەد عەسكەری- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك- یەكێتی • رەوەند مەلا مەحمود- جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك • لیوا جەمال تاهیر- بەرپرسی پێشووی پۆلیسی كەركوك، یەكێتی • دكتۆر عومەر ئینجە- جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك، یەكێتی
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت مەسرور بارزانی بەر لە كۆتایی ئەم مانگە لیستی كاندیدی لایەنەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان لەكابینەی نوێی حكومەت دەخاتەبەردەم پەرلەمان، حزبی سۆسیالیست یەكەمین لایەنە كە كاندیدی خۆی بۆ حكومەت یەكلاكردوەتەوە، یەكێتی چاوی لە رەزامەندی پارتییە لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، بزوتنەوەی گۆڕانیش هەفتەی داهاتوو كاندیدەكانی یەكلادەكاتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا نوێترین پەرەسەندنەكانی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بڵاودەكاتەوە. دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە رۆژی 11ی ئەم مانگەدا، دوێنێ مەسرور بارزانی بۆ یەكەمجار سەردانی سلێمانی كرد. مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەدوای راسپاردنیەوە بەپێی یاسا تەنیا ماوەی (30) رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدی وەزارەتەكانی حكومەتەكەی بە پەرلەمان، یەك هەفتە لەوادە یاساییەكەی تێپەڕیوە، هێشتا هیچ ئاسۆیەك دیارنییە. مەسرور بارزانی چی دەكات ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستیكەوتووە، مەسرور بارزانی بەنیازە لەناوەڕاستی ئەو ماوە یاساییەی كە لەبەردەستیدایە، لیستی كاندیدی پۆستەكانی حكومەت بخاتەبەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە، واتە بەدیاریكراوی دەیەوێت رۆژی 28ی ئەم مانگە لیستی كاندیدەكان پێشكەش بكات. سەرەتای مانگی داهاتوو، پەرلەمانی كوردستان دەكەوێتە پشووی وەرزییەوە، ئەم پشووە ماوەی دوو مانگ بەردەم دەبێت، بۆیە مەسرور بارزانی دەیەوێت لە 28ی ئەم مانگەدا لیستی كاندیدەكان پێشكەش بكات، پەرلەمانیش ئەوكات تەنیا (2) رۆژی لەبەردەمدا دەبێت بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی حكومەتو سوێندخواردنی وەزیرەكان، ئەگەر وەرزی یاسادانان درێژنەكرێتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هەڵوێستی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە، وەرزی یاسادانانی پەرلەمان درێژنەكرێتەوەو كابینەی حكومەت لەوادەی دیاریكراودا متمانە وەرگرێت. حكومەت بەبێ یەكێتی ! دوێنێ مەسرور بارزانی بەسەرۆكایەتی وەفدێك گەیشتە سلێمانی، وەفدەكە سەرەتا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی یەكێتی بەپێچەوانەی كۆبونەوەكانی پێشتری نێوان وەفدی پارتیو یەكێتی، موجامەلەی وەفدەكەی مەسرور بارزانییان كردووە، ئەم موجامەلەكردنە لەلایەن وەفدەكەی مەسرور بارزانییەوە والێكدراوەتەوە یەكێتی كێشەی نییەو بەشداری حكومەت دەكات. وەفدەكەی مەسرور بارزانی كە دواتر لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەتەوە، گەشبینی خۆی لەبارەی كۆبونەوەكەی لەگەڵ یەكێتی بە بزوتنەوەی گۆڕان گەیاندووە. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێشتر ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی" یەكێتی بەبێ دانانی پارێزگاری كەركوك، كاندیدەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی هەرێم پێشكەشی مەسرور بارزانی ناكات". ئێستا بۆچوونی بەهێز لەناو یەكێتی ئەوەیە، یەكێتی پێشتر بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كردووو دواتریش دەنگی داوە بە مەسرور بارزانی وەكو كاندیدی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام نابێت چیتر لەمە زیاتر نەرمی بنوێنێتو ئەگەر پارێزگاری كەركوك كە یەكێتی بە پشكی خۆی دەزانێت، هاوتەریب لەگەڵ پێدانی متمانە بە كابینەی نوێی حكومەت لە پەرلەمان، دانەنرێت، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات. پارتی چی دەكات ؟ پارتی تاوەكو ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە سورە لەسەر ئەوەی ئەو كاندیدەی كە یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری پێشكەشی دەكات، دەبێت دڵخوازی پارتیش بێت. یەكێتی تائێستا ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی خستوەتە بەردەم پارتیو هەموو ناوەكان رەتكراونەتەوە، رەنگە لەچەند رۆژی داهاتوودا هەندێك ناوی تر لەنێوان هەردوولا تاوتوێ بكرێت. ئەگەر تا ئەو وادەیەی كە مەسرور بارزانی ناوی كاندیدی وەزارەتەكان پێشكەشی پەرلەمان دەكات، پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك رێكنەكەون، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات، بەڵام پارتیش كابینەكە پەكناخات. مەسرور بارزانی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، ناوی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستەكان لەكابینەی حكومەت بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی یەكێتی پەیوەندی بە حكومەتەوە دەكات، واتە پارتی ئەمجارەش یەكێتی بەجێدەهێڵێت. بەپێی ئەو پلانەی كە مەسرور بارزانی هەیەتی، دەبێت ئەو لایەنانەی كە بەشداری حكومەت دەكەن هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن. تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا تاوەكو ئێستا پارتی لە دوو وێستگەی هەستیارانەدا یەكێتی بەجێهێشتووە، واتە بەبێ بەشداری یەكێتی هەنگاوی خۆی هەڵگرتووە: وێستگەی یەكەم: هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی (18ی شوبات)دا بەبێ بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، یەكێتی تائێستا ئەو پۆستەی وەرنەگرتووەو پارتی خۆی بەشێوەی كاتی پۆستەكەی پڕكردوەتەوە. وێستگەی دووەم: هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم كوردستان لەناو پەرلەمان لە رۆژی (28ی ئایار)دا، بەبێ بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی، پارتی سەرباری ئەوەی كاری بۆ ئەوەدەكرد نێچیرڤان بارزانی دەنگی زۆرینەی فراكسیۆنەكان بەدەستبهێنێت، بەڵام كاتێك لەسەر پرسی كەركوك لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتە رێككەوتن، بەبێ گوێدانە یەكێتی، خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو پێكهاتەكاندا پۆستی سەرۆكی هەرێمی یەكلاكردەوە. گۆڕانو مەسرور بارزانی لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتیو حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، مەسرور بارزانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە سلێمانی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان دڵنیاییان بە مەسرور بارزانی داوە كە لە وادەی خۆیدا كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكان رادەست دەكەن. عەلی حەمەساڵح ئەندامی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بەر لە گەیشتنی وەفدەكەی مەسرور بارزانی بۆ گردی زەرگەتە، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردسان وتی:" لەچەند رۆژی داهاتوودا كاندیدەكانمان بۆ كابینەی نوێی حكومەت یەكلادەكەینەوە". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هەفتەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حیزبەكەدا، كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان. بزوتنەوەی گۆڕان لیژنەكی (13) كەسیی پێكهێناوە بۆ پۆختەكردنی ناوی ئەوانەی كە سیڤییان بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان پێشكەشكردووە، ئەركی ئەم لیژنەیە ئەوە بۆ هەر پۆستێك تەنیا ناوی (3) كاندید بخاتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی، بۆ ئەوەی جڤاتەكە لەنێوان هەر سێ كەسێكدا، یەكێكیان بە زۆرینەی دەنگ كاندید بكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكە. مەسرور بارزانی دوای كۆبونەوەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، سوپاسی گۆڕانی كرد كە "پابەند بووە بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی". سۆسیالیست لە حكومەتدا مەسرور بارزانی لە دووەم وێستگەی سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی، لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیس دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە. حزبی سۆسیالیست ئێستا هاوپەیمانی فەرمی پارتییەو تاكە نوێنەرەكەی لە پەرلەمان چووەتە پاڵ فراكسیۆنی پارتیو ژمارەی كورسییەكانی پارتی بۆ (46) كورسی بەرزكردوەتەوە. حزبی سۆسیالیست بە یەك كورسی پەرلەمانەوە، كورسییەكی وزاری لە كابینەی مەسرور بارزانیدا مسۆگەر كرد، كە پۆستی وەزارەتی كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوانە. سۆسیالیست یەكەمین حزبی كوردییە كە هەر لەئێستاوە كاندیدی خۆی بۆ پۆستە وزارییەكە یەكلاكردوەتەوە، كە (عەبدوڵای حاجی مەحمود) برای محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبەكەیە. سۆسیالیست كورسییەكی لە حكومەت وەرگرت، بەڵام تاكە كورسییەكەی لە پەرلەمان لەدەستدەدات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، عەبدوڵای حاجی مەحمود كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی وەزیری كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوان، باپیر كامەلا شوێنەكەی پڕدەكاتەوە، كە سەرۆكی پارتی كرێكارانو رەنجەدەرانی كوردستانە. بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان (30ی ئەیلول)، حزبی سۆسیالیستو پارتی كرێكارانو رەنجدەرانو یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان كە غەفور مەخموری سەرۆكایەتی دەكات، بەیەك لیست بەشدارییان كرد، هەرسێ لایەنەكە پێكەوە یەك كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا. بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان لایەنەكانی ئەو هاوپەیمانێتییەدا كرا، بڕیاردرا ئەگەر حزبی سۆسیالیست پۆست لە حكومەت وەرگرێ، كورسییەكەی پەرلەمان بدات بە پارتی كرێكارانو رەنجدەران.
راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف نەجمەدین كەریم.. ئەو پیاوەی كە رۆژگارێك خەونی ئەوەی هەبوو لە نێوان عێراقو هەرێمی كوردستاندا هەرێمێكی سەربەخۆ بەناوی " هەرێمی كەركوك" پێكبهێنێتو خۆی سەرۆكایەتی بكاتو پرۆژەی هەرێمەكەشی ئامادەكردبوو، ساڵی 2017 كتوپڕ هەڵوێستی خۆی گۆڕیو ئەمجارەیان هەوڵیدا كەركوك بەبێ رەزامەندی بەغداد بلكێنێت بە " دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان" ەوە، بەڵام رەشەبا بە پێچەوانەی ئاراستەی چارۆكەكەی كەشتییەكەیەوە هەڵیكردو ئەوی لە خەونی كورسی سەرۆكایەتیكردنی " هەرێمی كەركوكەوە" بردە بەردەم واقیعی تاڵی هەڵاتنو خۆشاردنەوە لە پرۆسەی دادگاییكردن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری چۆنیەتی ئازادكردنی نەجمەدین كەریم لە پۆلیسی ئینتەرپول لە بەیروت بڵاودەكاتەوە. لە بەیروتەوە بۆ هەولێر نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك دوای رۆژێك لە ئازادبوونی لە لوبنانو گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان، لە بارەگای بارزانی لە پیرمام چاوی بە مەسعود بارزانی كەوت. دوای سێ هەفتە لە دەستبەسەربوون لە بەیروتی پایتەخت لوبنان لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە، دوێنێ نەجمەدین كەریم گەڕایەوە هەولێری پایتەختی هەرێم، لەدوای گەڕانەوەیەوە تائێستا هیچ قسەیەكی دەربارەی چۆنیەتی دەستبەسەركردنیو ئازادبوونی نەكردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك بە (درەو میدیا)ی راگەیاند دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەرپرسانی حزبیو حكومی هەرێم، نەجمەدین كەریم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زانیاری لەسەر دۆسیەكەیو ئازادكردنی بۆ رای گشتی ئاشكرابكات. (درەو میدیا) چەندجارێك پەیوەندیكرد بە نەجمەدین كەریمەوە، بەڵام وەڵامی هیچكام لە پەیوەندییەكانی نەدایەوە. چۆن ئازادكرا؟ بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاجیاوە دەستیكەوتوون، نەجمەدین كەریم بە فێڵێكی یاسایی لە لوبنان ئازادكراوەو لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ بەو جۆرە ئازادكراوە كە بۆ دادگاییكردن دەگەڕێندرێتەوە عێراقو هەولێریش بەشێكە لە عێراق، بەڵام ئێستا بەرپرسانی پارتی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆئەوەی پرۆسەی دادگاییكردنی نەجمەدین كەریم لە بەغدادەوە بگوازنەوە بۆ هەولێر. بەرپرسانی پارتی بۆ گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم بۆ هەولێر بڕێكی زۆر پارەیان خەرجكردووەو ئامادەشن بۆ گواستنەوەی پرۆسەی دادگاییكردنەكەی لە بەغدادەوە بۆ هەولێر بڕێكی زیاتر پارە خەرجبكەن. تۆمەتەكانی نەجمەدین كەریم چین؟ بەپێ زانیارییەكان نەجمەدین كەریم تا ئەوكاتەی كە پارێزگاری كەركوك بووەلە 2014ەوە تا روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو دواتریش لەسەر ( 64) تۆمەت سكاڵای لەسەر تۆماركراوەو لە دادگاكان دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە، لەم ژمارەیە (50) سكاڵایان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە تۆماركراون, مێژووی ئەم سكاڵایانەش دەگەڕێتەوە بۆئەو كاتەی كە نەجمەدین كەریم وەكو پارێزگارێكی سەربە یەكێتی لە كەركوك لە ململانێیەكی تونددا بوو لەگەڵ پارتی. لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 نەجمەدین كەریم بووە پاڵپشتێكی سەرسەختی مەسعود بارزانی لەو پرسەداو تائەو ئاستەی سەركێشی بە چارەنوسی سیاسی خۆیەوە كردو پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی كوردستانی بردە ناو كەركوكەوەو ئەمەش دواتر بووە پاساوی سەرەكی دەسەڵاتدارانی بەغداد بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەكەو دواتریش لەشكركێشی بۆسەر ناوچە جێ ناكۆكەكانو كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی نەجمەدین كەریم وەك پارێزگاری كەركوك لێكەوتەوە. كاتی لەشكركێشی سوپای عێراق بۆسەر پارێزگای كەركوك سەرەتای سەرهەڵدانی ناكۆكی نەجمەدین كەریم بوو لەگەڵ بڕیاربەدەستدانی حزبەكەی، ئەو كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو، لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەردا داوای لە هێزەكانی یەكێتی كرد بەرەنگاری سوپای عێراق ببنەوەو بەرگری لە كەركوك بكەن ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی رەسمی حزبەكەی بوو. نەجمەدین كەریم لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەردا لەجیاتی ئەوەی بەرەو سلێمانیو ناوچەكانی جێ نفوزی حزبەكەی هەنگاونبێت رویكردە هەولێرو لەوێ نیشتەجێ بوو. دیارترین ئەو تۆمەتانەی كە لە سكاڵاكاندا ئاراستەی نەجمەدین كەریم كراون بریتین لەمانەی خوارەوە: * هاندان بۆ رووبەڕووبونەوەی سوپای عێراق لەكاتی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا. * ئیختیلاسو بەهەدەردانی پارە لە پرۆژەكانی: - دروستكردنی باڵەخانەی پارێزگای كەركوك - سەرجەم پڕۆژە وەبەرهێنەكان - پڕۆژەی " صقر" كەركوك - پڕۆژەی كامێرای چاودێری ناو شاری كەركوك- - كڕینی زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێل بۆ پارێزگاری كەركوك - دروستكردنی ژمارەیەك باخچە بە بڕی ( 40) ملیار دینار - دروستكردنی (8) پردی پەڕینەوە لە ناو شار - دانانی قەپان لە دەروازەكانی كەركوك - دانانی هەزاران ستونی كارەبای بە كوالیتی خراپ - دروستكردنی " نەخۆشخانە حەویجە" - دروستكردنی شەقامی "بازنەیی"، شەقامی " شاری یاری كەركوك"، هەر چوار دەروازەكەی كەركوك - باڵەخانەی دادگای كەركوك، باڵەخانەی ناسنامەی باری شارستانی، شەقامی " صفە الشرقیە" - پێویستیەكانی محەتەی كارەبای كەركوك، بۆیاخی گەرمی دەر، باڵەخانەی خانوبەرەی دوبز، ڕۆشنكەرەوەكانی بازاڕی دوبز - دروستكردنی باڵەخانەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك پێشبیندەكرێت پارتی بۆ رزگاركردنی نەجمەدین كەریم لەو تەنگژەیەی تێیكەوتووە، سەرەتا سەرجەم ئەو سكاڵا یاسایاییانە بكشێنێتەوە كە خۆی لەدژی تۆماریكردونو بە گوێرەی زانیارییەكان نزیكەی 18 سكاڵای كشاندوەتەوە. جگە لە كشاندنەوەی سكاڵاكان هەندێك زانیاری باس لەوەدەكەن كە پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا پۆستی وەزارەتێك دەداتە نەجمەدین كەریمو كە زانیارییەكان باس لە وەزارەتی تەندروستی دەكەن. نەجمەدین كەریم لە رۆژی 16ی شوباتی 2018 لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە بڕیاری دوورخستنەوەی لە ریزەكانی یەكێتی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبەوە، وازهێنانی لە یەكێتی راگەیاند، بەڵام تائێستا بە فەرمی پەیوەندی نەكردووە بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. كاردانەوەكان ئازادكردنو گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم بۆ هەولێر، كاردانەوەی جیاجیای حزبو فراكسیۆنە جیاوازەكانی عێراقی لێكەوتەوە، هەندێك لایەنو كەسایەتی سیاسیی نیگەرانن توڕەنو داوا لە عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیرانو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن رونكردنەوە بداتو هەوڵبدات نەجمەدین كەریم بگەڕێندرێتەوە بەغداد بۆ دادگاییكردنی لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون. چەندین كەسایەتیو فراكسیۆن و پەرلەمانتار ناڕەزایەتی خۆیان بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریمو گەڕاندنەوەی بۆ هەولێر دەربڕیوە، لەوانە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی، غالب محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، عەلی سنێد پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر. كەركوكو كەتەلۆنیا هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان، لە ئیسپانیا هەرێمی كەتەلۆنیا ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامداو دوای پرۆسەكە سەرۆكایەتی ئەو هەرێمە بێ گوێدانە كاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا تاكلایەنە لەناو پەرلەمانی هەرێمەكەوە سەربەخۆیی راگەیاند. بەهۆی ئەم بڕیارەوە حكومەتی مەدرید فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەركردە جوداخوازەكانی كەتەلۆنیا دەركردو ئەو كاتە ژمارەیەكیان دەستگیركراو ژمارەیەكی تر لە ترسی دادگا هەرێمەكەیان بەرەو ئەوروپا بەجێهێشتو هەمویان بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارە و لێكەوتەكانیان لە ئەستۆگرت و پرۆسەی دادگاییكردنی سەركردەكانی كەتەلۆنیا ئەم مانگە كۆتایی هات. بەڵام لە هەرێمی كوردستان داری ریفراندۆم و خەونی سەربەخۆیی زیاتر لە سەری خەڵكی كەركوكو ناوچە دابڕێندراوەكانو پارێزگای كەركوكدا شكێنرایەوە، نەجمەدین كەریم تاكە كەسە كە باجی سازدانی ریفراندۆم دەدات و قوربانیی ژمارە یەكی ئەو پرۆسەیە، ئەمە بەدەر لە هەندێك كەسی تایبەتی گەندەڵی كە پێشتر لەسەری تۆماركراوە ئێستا بۆی زیندووكراوەتەوە. پرۆفایلی نەجمەدین كەریم ناوی سیانی: نەجمەدین عومەر كەریم - ساڵی ١٩٤٩ز لە گەڕەكی رەشیداوەی كەركووك لە دایكبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندی لە كەركووك تەواو كردووە - ساڵی 1971 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە پزیشكی گشتیدا لە زانكۆی موسڵ بەدەستھێناوە. - ساڵی ١٩٧٢ بووە بە پێشمەرگەو ساڵی 1976 بووە بە پزیشكی تایبەتی مەلا مستەفا بارزانی. - لەگەڵ مستەفا بارزانیدا چووەتە ئەمریكاو لەوێ بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری نەشتەرگەری سیستمی دەماری لە زانكۆی جۆرج واشینتۆن بەدەستهێناوە. - ساڵی ٢٠٠٩ بەیەكجاری گەڕایەوە عێراقو لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا -ساڵی 2010 لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا سەرۆكایەتی لیستی كوردستانی دەكرد لە پارێزگای كەركووك و دەنگی پێویستی بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق بەدەستھێنا. - سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠١١دا، بووە پارێزگاری كەركوكو دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.
(درەو میدیا): ججموجوڵ لە ناو پەرلەمانی عێراقدا بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی گەورە دەستیپێكردووەو رەوتی حیكمەی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم وەك یەكەمین فراكسیۆن ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاندو بە رەسمیش پەرلەمانی لەوە ئاگاداركردەوەو لە داهاتوویەكی نزیكیشیدا چەند فراكسیۆنێكی تری هەر سێ پێكهاتەكەی عێراق " شیعەو سوننەو كورد" ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان رادەگەیەنن. حكومەتێكی ناتەواو زیاتر لە حەوت مانگە حكومەتی نوێی عێراق بە رێككەوتنی هەردوو هاوپەیمانی چاكسازی و بونیاتنان و هاوپەیمانی بونیاتنان بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهد ی پێكهێنراوە، بەڵام هێشتا چوار پۆستی وەزارەتەکانی ( بەرگری، ناوخۆ، داد، پەروەردە)ی ئەو كابینەیە بەهۆی ململانێ و ناكۆكی نێوان هەر سێ پێكهاتەكە " كورد، سوننە، شیعە" پڕنەكراوەتەوە. عەبدولمەهدی كە خاوەنی فراكسیۆنێكی بەهێز نیە لە نێو پەرلەماندا چەندینجار هەوڵیداوە كێشەی پڕكردنەوەی ئەو وەزیرانە كۆتایی پێبهێنێت، بەڵام شكستیهێناوەو ئێستاش دۆخەكە بەرەو ئەوە دەچێت كابینەكەی عەبدولمەهدی رووبەڕووی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز ببێتەوە. حەكیم دەستپێشخەری كرد رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم وەك یەكەمین فراكسیۆنی بەشدار لە هاوپەیمانی چاكسازیو بونیاتنان ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاند، ئەوەش دوای كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی رەوتی حیكمە كە رۆژی 16ی حوەزیران بەڕێوەچوو. لە بەیاننامەیەكدا رەوتی حیكمە رایگەیاند: دوای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسیو ئاستی كارو ئەدای حكومەت بڕیاردرا حیكمە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی دەستوری نیشتمانی بونیاتنەر هەڵبژێرێت. دوابەدوای ئەو كۆبوونەوەیە لەناو پەرلەمانیشدا رەوتی حیكمە بە نوسراوێكی رەسمی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی ئاگاداركردوتەوەو رایدەگەیەنێت فراكسیۆنی حیكمە بووە بە ئۆپۆزسیۆن و داواكارە رێوشوێنێی یاسایی بگیرێتەبەرو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی فراوان دوابەدوای ئەو هەنگاوەی رەوتی حیكمە ئێستا جموجوڵ دەستیپێكردووە بۆئەوەی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی فراوان پێكبهێنرێت، خەلیل محەمەد سەعید پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات رایگەیاند: شەش كوتلەی ناو پەرلەمانی عێراق بە ئاراستەی پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن هەنگاودەنێن كە بریتین لە: * هاوپەیمانی نەسر: حەیدەر عەبادی * هاوپەیمانی وەتەنییە: ئەیاد عەلاوی * هاوپەیمانی قەرار: ئوسامە نوجێفی * رەوتی حیكمە: عەممار حەكیم * هاوپەیمانی سائیرون: موقتەدا سەدر * دەوڵەتی یاسا: نوری مالیكی * نەوەی نوێ: شاسوار عەبدولواحید سائیرون دوای میوانداریكردنی عەبدولمەهدی بڕیاردەدات هاوپەیمانی سائیرون، كە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكاتو كۆڵەكەیەكی گرنگی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە، نیگەرانی خۆی لە ئەدای حكومەتەكەی عەبدولمەهدی نەشاردوەتەوە بە تایبەتی لە بواری خزمەتگوزارییو رووبەڕبوونەوەی گەندەڵیو رەنگە بەمزوانە ئەویش شەمەندەفەری حکومەت جێبهێڵێت. سائیرون ئێستا داوادەكات پەرلەمان میوانداری عادل عەبدولمەهدیو وەزیرەكانی بكات و پێدەچێت دوای ئەوە هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی خۆی بۆ بەردەوامیدان لە مانەوە لە حكومەتدا یان چونە بەرەی ئۆپۆزسیۆن رابگەیەنێت. دوای كۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی سائیرون لەگەڵ موقتەدا سەدر لەناوچەی حەنانەی شاری نەجەف، حەسەن عاقولی، سەرۆكی فراكسیۆنی سائیرون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند حكومەتی عێراق شكستیهێناوە لە رەخساندنی هەلی كارو ئەوەش پێچەوانەی بەڵێنەكانییەتی. عاقولی داواشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد راپۆرتێكی دورودرێژو وردو پشتبەستوو بە ئامارو داتا لەسەر ئەوەی لەماوەی رابردوودا پێشكەشیكردووە بخاتەڕوو. سەرۆكی فراكسیۆنی سائیرون ئاماژەی بەوەشدا كە دوای میوانداریكردنی سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكانی كابینەكەی لە پەرلەمانو وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، بوچونی رونو ئاشكرای خۆیان رادەگەیەنن.
راپۆرت: درەو میدیا تەنیها هەشت مانگە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان دەستبەكاربووە، بەگومانی دزیكردنو بەهەدەردانی دارایی گشتی، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوەو لیژنەكە پشكنین بۆ شوقەو خانوی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ لێكۆڵینەوە لە گومانی (دزیكردن)و (بەهەدەردان)ی پارە لە پەرلەمانی كوردستان. ئەمە لەكاتێكدایە، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تەنیا ماوەی (8 مانگو 15) رۆژە دەستبەكاربووە، لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا، پەرلەمان دەستیكرد بە ئامادەكردنو گۆڕینو چاككردنی كەلوپەلی شوقەو خانوی تایبەت بە پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە هەردوو گوندی (ئیتاڵیو شوقەكانی زەكەریا) لە شاری هەولێر. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، لیژنەكە بەفەرمانی ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمان كوردستان، پێکهێنراوە.. لیژنەكە چۆن پێکهێنرا؟ لە گوندی ئیتاڵی، (6) خانو تایبەتكراوە بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمانو جێگری سەرۆكی پەرلەمانو سكرتێری پەرلەمان هەریەكەیان (2) خانویان بۆ تەرخانكراوە، ئەم خانوانە كرێنو پەرلەمان كرێكەیان دەدات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی پەرلەمان، ڤالا فەرید (2) خانوەكەی تایبەت بە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە، لیژنەی كڕینی پەرلەمان، تاقمێك تەنەفەی بەبڕی (8 هەزارو 600 دۆلار) بە زمانی بازاڕ واتە (86) وەرەقە، بۆ خانوەكەی كڕیوە، پاش ماوەیەك ڤالا فەرید داوای گۆڕینی تاقمە قەنەفەكەی كردووەو تاقمێكی تریان بۆ هێناوە بەبڕی (9 هەزارو 600 دۆلار) واتە (96) وەرەقە. لەم ئاڵوگۆڕەدا سەرۆكی پەرلەمان بۆی دەركەوتووە، لە كڕینی كەلوپەلی تایبەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا دزیكردنو بەهەدەردانی زۆر كراوە، بۆ ئەمەش بەراوردكاری نرخی ئەو قەنەفانەی كردووە كە بۆ خانوەكەی خۆی كڕدراونو نرخەكانیان لەبازاڕدا زۆر كەمتر بووە لەو نرخەی كە لەسەر پەرلەمان ئەژماركراوە. لێرەوە، سەرۆكی پەرلەمان بڕیار دەدات بەدواداچوون بكرێت لەسەر خەرجییەكان. ئەندامانی لیژنەكە كێن ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرەتا ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمان فەرمانێكی دەركردووەو تێیدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ لیژنەی كڕینی پەرلەمانی تۆمەتباركردووە بە دزیكردنو بەهەدەردانی پارە، ئەمە لە كۆتایی مانگی ئایاردا بووە. لەبەرامبەر ئەم فەرمانەی سەرۆكی پەرلەماندا، سەرۆكی لیژنەی كڕینو چاككردن لە پەرلەمانی كوردستان هەوڵیداوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازبكاتو تێیدا ئەستۆپاكی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان فەرمانێكی نوێی بۆ دروستكردنی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دەركردووە، واتە فەرمانی تۆمەتباركردنی راستەوخۆ گۆڕیوە بە فەرمانی لێكۆڵینەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لیژنەكە پێكهاتووە لە (4) كەس، كە ئەندامەكانی سەربە (پارتی، یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی)ن، لەناویاندا (بەڕێوەبەری كاروباری پەرلەمانو بەڕێوەبەری وردبینی) هەن. لیژنەكە چی دەكات ؟ ئەم لیژنەیەی كە بە فەرمانی سەرۆكی پەرلەمان پێكهێنراوە، ئەركەكەی بریتییە لە وردبینیكردن لە هەموو ئەو خەرجییانەی كە لیژنەی كڕینو چاككردنی پەرلەمان لەماوەی رابردوودا لە ئامادەكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا خەرجیكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لیژنەكە پشكنینی نرخ بۆ هەموو ئەو كەلوپەلو پرۆسەی چاككردنەوانە دەكات كە بۆ شوقەو خانوی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی كراون، واتە دەچیتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، ئەمە ئەگەر لیژنەكە روبەڕووی رێگریكردن نەبێتەوەو كارەكانی دوچاری ئاستەنگ نەكرێت. خانوەكەی هێمن هەورامی لیژنەكە پارەیەكی زۆری لە دوو خانوەكەی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە گوندی ئیتالی خەرجكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هێمن هەورامی دوو تاقم قەنەفەی ناوازەی ژوری پرۆتۆكۆڵی پەرلەمانی كوردستانی گواستوەتەوە بۆ خانووەكەی لە گوندی ئیتاڵی، نرخی قەنەفەكان (30 هەزار دۆلارە)، بە زمانی بازاڕ واتە (3 دەفتەر دۆلار). سەرەرای ئەمە، بەبەهای (2 هەزارو 600) دۆلار، واتە (26 وەرەقە) كەلوپەلی وەرزشی بۆ خانوەكەی هێمن هەورامی كڕدراوە، ئەمە سەرباری خەرجییەكی زۆر كە لە ئۆفێسەكەیدا لەناو بینای پەرلەمان كراوە. قەهوەچی لە توركیاوە هاوردەی دەكات ! مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان، كە لە یەكێك لە خانوەكانی تایبەت بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندایە لە گوندی ئیتاڵی، هاوشێوەی ئەندامانی تری دەستەی سەرۆكایەتی، كەلوپەلی ناو ماڵەكەی گۆڕیوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، قەهوەچی لە توركیاوە كەلوپەلەكانی بۆ هێنراوەو بەهای پێداویستییەكانی ماڵەكەی (35 هەزار) دۆلار بووە، واتە (3 دەفتەرو 50 وەرەقە). كێشە لە دەستەی سەرۆكایەتیدا ! بەپێی رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكان، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەدەست یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە دەبێت، یەكێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك كێشەی هەیە، بەوهۆیەوە تائێستا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرنەگرتووە. بەهۆی نائامادەگی یەكێتییەوە، ئێستا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەتەواوەتی لەدەستی پارتیدایە، ڤالا فەرید بەشێوەی كاتیی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە تا ئەوكاتەی یەكێتی پۆستەكە وەردەگرێت. پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەفەرمی لای پارتییەو هێمن هەورامی لە پۆستەكەدایە، پۆستی سكرتێری پەرلەمانیش تەرخانكراوە بۆ پێكهاتەكان، لەناو پێكهاتەكان دراوە بە پێكهاتەی توركمانو مونا قەهوەچی لە پۆستەكەدایە كە كەسێكی دڵخوازی پارتییە. سەرباری ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بەتەواوەتی بۆ پارتی یەكلابوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەم یەكڕەنگییە بێ كێشە نییەو هەندێك ناكۆكی لەنێوان تیمەكەی پارتیدا هەیە. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی، لە پرۆسەی دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوەدا لە خەرجییەكانی پەرلەمان جۆرێك لە ناكۆكی لەنێوان ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانو هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دروستبووە. لەڕووی پلەی حیزبییەوە لەناو پارتی، هێمن هەورامی پلەكەی لە ڤالا فەرید بەرزترە، هەورامی بە هەژمونە حیزبییەكەی زۆرجار ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی تێدەپەڕێنێت، ئەمەش هەندێك نیگەرانی لای ڤالا فەرید دروستكردووە. هەندێك سەرچاوە باسلەوەدەكەن، هێمن هەورامی نزیكە لە مەسرور بارزانی، بەڵام ڤالا فەریدو مونا قەهوەچی نزیكن لە نێچیرڤان بارزانییەوە، ئەمە ناكۆكی دروستكردووە.
راپۆرت:فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ دوای (24) كاتژمێر روبەڕووبونەوەی چەكداری، دواجار هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری دەدات، رێككەوتنی پێشوو كە لە لقی پارتی كرا، شكستی هێنا، ئەمجارەش لەبری دادگا، جارێكی تر لقی پارتی بڕیار دەدات، (درەو میدیا) راپۆرتێكی ورد لەسەر ریشەی كێشەی نێوان هەركیو زێبارییەكان بڵاودەكاتەوە. هەركیو زێباری رێككەوتن بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كەمێك بەر لە بلاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە، هەردوو عەشیرەت لە لقی پارتی لە ئاكرێ رێككەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ. بەپێی رێككەوتنە نوێیە، تا ئەوكاتەی هەردوولا دەگەنە چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەكانی نێوانیان، گوندی (باژێڕە ) چۆڵ دەكرێت لە خەڵكی سەربە هەردوو عەشیرەت. (درەو میدیا) زانیویەتی، چەند پێشنیازێك خراوەتەڕوو، یەكێكیان ئەوەیە "گوندی باژێڕێ بەتەواوەتی تەخت بكرێت، چونكە ئەم گوندە بووە بە سەرچاوەی كێشە بۆ هەردوو عەشیرەتەكە، لەبری ئەوە دوو گوندی تر دروستبكرێت، یەكێكیان بۆ خێزانە هەركییەكان، ئەوی تر بۆ زێبارییەكان". چی رویدا ؟ لەناو شاری دهۆك، دوو چەكدار لەبەردەم خوێندنگەیەكی تایبەت بە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی، تەقەیان لە خوێندكارێك كردو برینداریان كرد. چەند كاتژمێرێك دوای ئەم رووداوە لە گوندی (باژێڕە )ی سەربە ناحیەی (گردەسێن)ی سەربە قەزای ئاكرێ، دوو هێزی چەكدار روبەڕووی یەكتربونەوە، هێزی عەشیرەتی هەركیو هێزی عەشیرەتی زێباری. ئەو خوێندكارەی لە دهۆك تەقەی لێكرا ناوی (زەیدان) بوو، تەمەنی (38 ساڵ)ەو بەشێوەی دەرەكی تاقیكردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی دەكرد، ئەم پیاوە سەربە عەشیرەتی هەركییە، ئەو دوو چەكدارەشی تەقەیان لێكردووە، سەربە عەشیرەتی زێبارین. نێوەندگیرییەكی پارتی لەدوای رووداوی تەقەكردنەكەی بەردەم خوێندنگەكەی دهۆك، پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی خێرا هاتەسەر خەت، پارتی وەكو دەسەڵاتداری یەكەمی ناوچەكە زوو لە هەستیاری بارودۆخەكە تێگەیشت، بەوپێیەی پارتی بەر لە دوو ساڵ خۆی رێككەوتنی ئاشتیو ئاگربەستی لەنێوان هەردوو هۆزەكە رێكخست. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرلەوەی ئێوارەی دوێنێ چەكدارانی هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری روبەڕووی یەكتر ببنەوە، بەرپرسی لقی (9)ی پارتی لە ئاكرێ بەنوێنەرایەتی (سیداد بارزانی) بەرپرسی كاروباری كۆمەڵایەتی مەسعود بارزانی نیوەندگیرییەكی لەنێوان هەردوو عەشیرەتەكەدا كردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەو نێوەدنگیرییەدا، عەشیرەتی هەركی مەرجی تۆڵەكردنەوەیان بەستوەتەوە بەوەی "ئەو دوو چەكدارە زێبارییەی كە لە دهۆك تەقەیان لە خوێندكارە هەركییەكە كردووە، دەبێت گوندی باژێڕێ چۆڵ بكەن". نێوەندگیرییەكەی لقی پارتی شكستیهێنا، هەردوو عەشیرەت نەگەیشتنە رێككەوتن. دەستپێكردنی شەڕ ئێوارەی دوێنێ، دوای شكستهێنانی نێوەندگیرییەكان، چەكدارانی هەردوو عەشیرەت،لەناو گوندێ (باژێڕە ) روبەڕووی یەكتربوونەوە، شەڕ چەند كاتژمێركێكی خایاند، بەپێی دواین ئامارەكان لەو شەڕەدا كە چەكی سوكو قورس بەكارهاتووە، (6) كەس لە هەردوولا برینداربوونو چەند ماڵێك سوتاون، لەناو بریندارەكاندا ژنو منداڵ هەن. چەكدارانی عەشیرەتی هەركی، (5) كەسیان لە خەڵكانی سەربە عەشیرەتی زێباری دەستگیركردووەو وەكو بارمتە لای خۆیان رایانگرتوون. چەكدارانی عەشیرەتی هەركی، دواجار گوندەكەیان كۆنترۆڵكرد، گوندی (باژێڕە ) گوندێكە كە دانیشتوانەكەی پێكدێت لە تێكەڵەیەك لە خەڵكی سەربە هەردوو عەشیرەتەكە. روبەڕووبونەوە لەگەڵ زێرەڤانی ! دوای گرتنی گوندەكە لەلایەن چەكدارانی سەربە عەشیرەتی هەركی، لەسەر داوای بەرپرسانی پارتی لەناوچەكە، حكومەت هێزێكی زێرەڤانی رەوانەی گوندی (بازێڕێ) كرد، هێزەكە چەندین زرێپۆشو هەمەرو چەكی قورسی لەگەڵ خۆیدا بردە ناوچەكە. فەرماندەی هێزە سەربازییەكە داوای لە سەرۆك عەشیرەتی هەركی كرد، چەكدارەكان لە گوندەكە بباتە دەرەوەو گوندە رادەستی هێزی زێرەڤانی بكات تائەوكاتەی بارودۆخەكە ئاسایی دەكرێتەوە، بەڵام ئەم داوایە رەتكرایەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هۆكاری رادەستنەكردنی گوندەكە بە هێزەكەی زێرەڤانی بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە، عەشیرەتی هەركی پێیانوابووە، هاتنی هێزەكەی زێرەڤانی بۆ گوندەكەیان لەسەر داوای (دیندار زێباری) بووە، كە بەرپرسی فەرمانگەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانە لە حكومەتی هەرێمی كوردستانو سەربە عەشیرەتی زێبارییە. دوای ئەوەی دانوستان شكستی هێنا، هێزەكەی زێرەڤانی هەوڵیدا بچێتە ناو گوندەكەوە، بەڵام روبەڕووی بەرپەرچدانەوەی چەكدارانی هەركی بووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو رووبەڕوبونەوەیەدا، دوو زرپێپۆشی زێرەڤانی زیانیان پێگەیشتووە. دواجارو لەچوارچێوەی لێكتێگەیشتنێكدا لەگەڵ عەشیرەتی هەركی، هێزی زێرەڤانی چووە ناو گوندەكەوە، بەڵام چەكدارانی هەركیش هەر لەناو گوندەكەدا ماون كە پێشتر داوا دەكرا لە گوندەكە بچنە دەرەوە. زێبارییەكان خۆیان كۆدەكەنەوە لە ساتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا، عەشیرەتی زێباری كە گوندی (باژێڕێ)یان چۆڵكردووە، لە گوندی (شەرمن) كە زێبارییەكان بە پایتەختی خۆیان دەزانن، سەرقاڵی كۆكردنەوەی هێزو ئامادەكارین بۆ گەڕێكی نوێی شەڕ لەگەڵ هەركییەكان. سەرچاوەیەكی نزیك لە ناكۆكییەكان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە زێبارییەكان هێرشبكەنە سەر گوندێكی هەركییەكان. ریشەی كێشەكە ! رۆژی 7ی تەموزی 2017 دوو خێزانی هەركیو زێباری لە گوندی (باژێڕێ) لەسەر لەسەر ئاودێری زەویو زارەكانیان بوو بە شەڕیان، دوو كەس كوژرا، لە هەرلایەك كەسێك. هاوشێوەی ئێستا، هەردوو عەشیرەت هێزیان كۆكردەوەو روبەڕووی یەكتر بونەوە. رۆژی 10ی تەموز، بەنێوەندگیری (سیداد بارزانی) برای مەسعود بارزانی، لە لقی (9)ی پارتی لە ئاكرێ، هەردوو عەشیرەت رێككەوتنێكی ئاشتیان ئیمزاكرد. بەپێی رێككەوتنەكە هەردوو عەشیرەت لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن: 1- سێ ماڵ لە گوندی باژێری سەروو بەناوەكانی (هیشام عەزیز خان، زێدان مستەفا محەمەدو نێچیرڤان حاجی محەمەد)و ماڵێك لە گوندی باژێڕێی خواروو بەناوی (بارزان پیرە) دەبێت لە گوندەكانیان بار بكەن. 2- دوای ئیمزاكردنی رێكەوتنەكە، نابێت دیاردەی هەڵگرتنی چەك لەناو گوندەكاندا بمێنێت. 3- هەوڵی چارەسەریو رێككەوتنی یەكجاری لەنێوان هەردوو لایەندا بدرێت. 4- نابێت هەردوو لایەن پەناببنەبەر دادگاو سكاڵا لەسەر یەكتر تۆمار بكەن. 5- هەر لایەك سەرپێچی ئەو رێكەوتنە بكات سزا دەدرێت. لق لە بری دادگا ! هاوشێوەی دوو ساڵ لەمەوبەر، ئێستا لە لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاكرێ هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری دەدرێت. نوێنەری هەردوو عەشیرەت لە كۆبونەوەكەدا ئامادەن، ئەمجارەش (سیداد بارزانی) برای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی سەرپەرەشتی رێككەوتنەكە دەكات. رێككەوتنی پێشوو، كە ئێستا لەنێوان هەردوو عەشیرەتەكەدا شكێندراوەو كاری پێناكرێت، لە لقی پارتی ئیمزا كراو یەكێك لە خاڵەكانی ئەوە بوو" نابێت هەردوو لایەن پەناببنەبەر دادگاو سكاڵا لەسەر یەكتر تۆمار بكەن". واتە پارتی لەسەر بەرزترین ئاستی دەسەڵات كە سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانییە، پشت لە دادگاكان دەكات بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكانو لق پارتی دەخاتە بری دادگا. لەبارەی هەركیو زێبارییەوە دوو عەشیرەتی گەورەی كوردستانن، شوێنی نیشتەجێبوونیان لە سنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك نزیكن لە یەكترەوە، لە هەندێك ناوچەشدا بەتەواوەتی تێكەڵ بوون. عەشیرەتی هەركی رۆژهەڵاتو باكوری كوردستانیش هەن، بەڵام زۆربەیان لە باشوری كوردستاندا دەژین. لە هەرێمی كوردستان هەركییەكان دابەشبوون بەسەر پارێزگای هەولێرو ئاكرێو ناوچەی هەركییاندا. هەركییەكان لە باكوری كوردستان لە (شەمزینان) نیشتەجێ بوون، لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش لە ناوچەكانی (شنۆ، تەڕگەوەڕ، مەڕگەوەڕ). عەشیرەتی زێباری، لە ناوچەی (زێبار) لە قەزای ئاكرێ نیشتەجێن، ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەم عەشیرەتە دەكەوێتە سەر زێی گەورە، ناحیەی (دینارتە) مەڵبەندی سەرەكی نیشتەجێبوونی ئەم عەشیرەتەیە، دینارتە بە دوری 18 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی قەزای ئاكرێوە. هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری بەشێك لە خەڵكەكەیان لە ناو شاری موسڵ دەژین.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبونی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، مەسرور بارزانی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەو هەنگاوەش پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستانی كۆنترۆڵكردو ئێستا لە دەستی خۆیدایە. بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بەسەرۆكی هەرێم و راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر چوار دەسەڵاتو سەرۆكایەتیەكەی هەرێم كەوتە دەستی پارتی دیموكراتی كوردستان. • نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان - پارتی • مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان – پارتی • ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان – پارتی • بەنگین قاسم سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی – پارتی ئەمە لە كاتێكدایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ( 45%)ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی هەیە لە 100 كورسی پەرلەمان( بەبێ كورسی كۆتاكان)، لایەنەكانی دیكە ( 55%)ی كۆی كورسییەكانی پەرلەمانیان هەیەو ئێستا هیچ یەك لە سەرۆكایەتییەكانیان لا نیە. هەرچەندە بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان, سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پشكی یەكێتیەو پێی دەدرێت، بەڵام تا ئێستا پۆستەكە هەر لەدەستی پارتیدا ماوەو ئەگەر رادەستی یەكێتیش بكرێت ئەوا زۆرینەی دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی كوردستان هەر لای پارتی دەمێنێتەوە، بەو پێیەی پارتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان(هێمن هەورامی)و سكرتێری پەرلەمان (مونا قەهوەچی)و 45 ئەندامی پەرلەمانو یەك پەرلەمانتاری سۆسیالیست و 11 ئەندامی كەمینەكانی هەیەو هەژمونی تەواوی بەسەر پەرلەماندا هەیە. لەگەڵ چوار سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی پۆستەكانی هەرێمو فایلە هەستیارەكانی هەرێمی لا دەمێنێتەوە، كە بریتین لە: • فایلی دەسەڵاتی بڕیاری سیاسی • فایلی دەسەڵاتی جێبەجێكردن • فایلی پەیوەندییەكانی دەرەوە • فایلی ئەمنی • فایلی نەوت و بودجەو داهات • فایلی ناوخۆ • فایلی دەسەڵاتی دادوەری بەركەوتەی پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتدا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، زۆرینەی پۆست و دەسەڵاتەكانی هەرێمی لە دەستخۆیدا دەهێڵیتەوە. * سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران * راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم • وەزارەتی سامانە سروشتییەكان • وەزارەتی ناوخۆ • وەزارەتی رۆشنبیری • وەزارەتی داد • وەزارەتی كاروباری شەهیدان • وەزارەتی پلاندانان • وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن • وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان • وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە • وەزارەتی ئەوقاف • سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە • سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران • دەستەی وەبەرهێنان • دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم • سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم (پلەكەی وەزیرە) • راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (پلەكەی وەزیرە) • دەزگای گشتی كاروباری مین • فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون • فەرمانگەی میدیاو زانیاری • وتەبێژی حكومەتو وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف هەموان بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنەكەیان كرد، تەنانەت ئەو وەزیرانەشی كە نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی هەشتدا لە حكومەتەكەی دەریكردن، بەڵام هیچ یەكێك لەوانەی پارتی بە "ئۆكتۆبەرچی" ناویان دەبات، نەبینران، سعودیەو توركیا لە ئاستێكی باڵادا ئامادەی مەراسیمەكە بوون، ئێران لە ئاستێكی نزمدا. نێچیرڤان بارزانی وەكو دووەمین سەرۆكی لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا سوێندی یاسایی خوارد. ئەمە زیاتر پرۆسەی رادەستكردنی دەسەڵات بوو لە چوارچێوەی بنەماڵەیەكدا (بارزانی)، مەسعود بارزانی كە ئێستا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دوای (12) ساڵ پۆستی سەرۆكی هەرێمی رادەستی نێچیرڤان بارزانی برازای كرد. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005وە دامەزێندراوە، واتە لەدوای رزگاربوونی كوردستانی عێراق لەژێر دەستی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 1991، ئەم دامەزراوەیە بوونی نەبووە. پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ساڵی 2005 زیاتر وەكو پارسەنگێك لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دروستكرا، پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەپێی رێككەوتنێك "رێككەوتنی ستراتیژی"، ئەو دوو پۆستەیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد. لەوكاتەوە یەكێتی بەبەردەوامی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەبات كە پشكی كوردە، پارتیش لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كۆنترۆڵكردووە. ماوەی دوو ساڵە مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كشاوەتەوە، لەدوای كشانەوەی بارزانییەوە، هیچ كەسێك لەو پۆستەدا دانەنرا، بەپێی یاسا دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا، بەپێی یاسایەكی تریش كە تایبەت بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان پەسەندكرا، زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەدوای دانیشتنی مەسعود بارزانییەوە، گواسترایەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی، واتە نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ماوەی دوو ساڵ مومارەسەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كردووە بەبێ ئەوەی بەفەرمی ئەو پۆستەی بەدەستەوە بوبێت. غائیبەكانی مەراسیمی سوێندخواردن بەپێچەوانەی زەمەنی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی مامیەوە، كە سەردەمانێك بەتایبەتی 10 ساڵی دوایی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ببوو بە خاڵی جێناكۆك لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربونیدا هەموانی كۆكردەوە، تەنانەت هەموو ئەو وەزیرانەشی كە نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی هەشتدا لە حكومەتەكەی دەریكردن، ئەمڕۆ بەشداری مەراسیمی دەستبەكاربوونی ئەویان وەكو سەرۆكی هەرێم كرد. دیارترین ئامادەبووەكانی مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی ئەمانە بوون: * بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق * محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق * مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا * سامر سەبهان وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ كاروباری كەنداو * فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی * ئوسامە نوجێفیو ساڵح موتلەگ دوو كەسایەتی دیاری پێكهاتەی سوننەكان لە عێراق * عەممار حەكیم، سەرۆكی هاوپەیمانی چاكسازیو بونیاتنان * خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی میحوەری سوننەكان * كونسوڵی وڵاتانو چەند وەزیرو پەرلەمانتارێكی عێراق * فەرماندەكانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی * قوباد تاڵەبانی كوڕە بچوكی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، چوار كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو چوار كەس لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەی، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی * نوێنەری چەند حزبو لایەنێكی كوردستانی باشور، رۆژئاوا، رۆژهەڵاتو باكوری كوردستان بەڵام سەرباری ئەمەش ژمارەیەكی زۆر كارەكتەری سیاسی دیار لە ناوخۆو دەرەوەی هەرێم لە مەراسیمەكەدا نەبینران، لەوانە: * عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی بەشداری نەكرد، نوێنەری رەوانەی مەراسیمەكە كردبوو * حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر * نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا * موقتەدا سەدر، سەرۆكی هاوپەیمانی سائرون * هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح * بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی (دەوترێت سەرەتا ئامادە بووە بەشداری مەراسیمەكە بكات، بەڵام دواتر نەچوەتە ناو هۆڵەكەوە) * عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (بەڵام فراكسیۆنی حزبەكەی بەشداریی مەراسیمەكەیان كرد) * شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ * نوێنەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) * پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) * پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) ئەوەی تێبنی كرا، ئەو كارەكتەرانەی یەكێتی نیشتمانی كە مەسعود بارزانیو پارتی بە " ئۆكتۆبەرچی" ناویان دەبەن، بەشداری مەراسیمەكە نەبوون، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەسعود بارزانی داوایكردووە رێگە نەدرێت هیچ یەكێك لەوانە بەشداری مەراسیمەكە بكەن كە لە رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر" لە كەركوك تێوەگلاون. سامر سەبهان وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ كاروباری كەنداو یەكێك لە دیارترین ئەو كەسانە بوو كە بەشداری مەراسیمەكەی كرد، نێچیرڤان بارزانی لە وتارەكەیدا ناوی هێناو بەخێرهاتنی كرد، ئەم پیاوە هەندێك كەس بە قاسمی سولەیمانیی سعودیە ناوی دەبەن، واتە پیاوی بەهێزی سعودیەیە لە عێراقو ناوچەكە، لەبەرامبەر ئەم بەشدارییە باڵایەی سعودیە، ئێران لە ئاستێكی نزمدا بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنەكەی كردو هیچ كەسایەتییەكی بەهێزی ئێران نەبینران. بەشداری توركیا لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە (مەولود چاوەش ئۆغڵو)لە مەراسیمەكەدا، تەواوی ئەو زانیارییانەی پشتڕاستكردەوە كە توركیا پاڵپشتی بەهێزی دانانی نێچیرڤان بارزانی بووە لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا، پێشتر (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدایە ئاشكرایكرد، بەرپرسانی توركیا، پارتییان ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ئەوان لە كەیسی نەوتو پەیوەندییەكاندا تەنیا مامەڵە لەگەڵَ نێچیرڤان بارزانی دەكەن نەك خەڵكی تر. مەولود چاوەش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا دوای گەیشتنی بۆ هەولێر دیدارێكیشی لەگەڵ مەسرور بارزانی كرد كە دەبێت بە سەرۆكی داهاتووی حكومەت هەرێم. كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكرد، دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، یەكەم گەیشتی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا دەبێت. خۆی لە شەڕی مامی بەدور دەگرێت نێچیرڤان بارزانی لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی مامی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم لە 29ی ئۆكتۆبەری 2017، بەبارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، لەوكاتەوە نێچیرڤان بارزانی چ خۆیو چ میدیاكەی (رووداو)، بەبەردەوامی دەستەواژەی "سەرۆك بارزانی" بەكاردەهێنن. نێچیرڤان بارزانی خۆی لە شەڕو توڕەیی مامی دەپارێزێتو دەیەوێت پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو بنەماڵە بەشێوەیەكی ئاشتیانە تێپەڕێت. مەسعود بارزانی وەكو كەسایەتی ژمارەیەكی مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەركەوت، مەسعود بارزانی كە ئێستا تەنیا پۆستێكی حزبی هەیە، بەر لە هەموان وتاری پێشكەشكرد. لەوتاری دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی لانی كەم (7 جار) ناوی مەسعود بارزانی هێناو بە "جەنابی سەرۆك بارزانی" ستایشی كرد. نێچیرڤان بارزانی پێشەكی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ ستایشكردنی مەسعود بارزانی، لەپاڵ ستایشكردندا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ سەردەمێكی نوێی سەرۆكایەتی هەرێم كرد كە جیاوازە لەسەردەمی سەرۆكایەتییەكەی مامی، كاتێك وتی" سەرۆكایەتی هەرێم چەتری یەكڕیزیو چەتری كۆكەرەوەی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان دەبێت.. سەرۆكایەتی هەرێم سەكۆی هەموو هاوڵاتیان دەبێت بەبێ جیاكاریو بەیەك چاو سەیری هەموان دەكات..". "سوپاس بۆ ئەوانەی دەنگیان پێنەدام" لایەنێكی گەشاوەی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی، سوپاسكردنی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە بوو كە بۆ هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی هەرێم دەنگیان بەو نەداوە یاخود نەچونەتە ناو هۆڵی پەرلەمانو بایكۆتیان كردووە، ئەمە فۆرمێكی نوێی گوتاری سیاسی بوو، كە زۆرێك لە سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم تائێستا فەرامۆشیان كردووە. نێچیرڤان بارزانی كە لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتدا نەیتوانی هێزی پێشمەرگە یەكبخات، لە وتاری دەستبەكاربونیدا وەكو سەرۆكی هەرێم بەڵێنیدا كاربكات بۆ یەكخستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. نێچیرڤان بارزانی بەشی زۆری وتارەكەی تەرخانكرد بۆ بانگەشەكردن بۆ تەباییو لێبوردەییو ئاشتی كۆمەڵایەتیو پێكەوەژیان لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانو پێكهاتەكان. سوپاسی خەڵكی كرد كە لەدواین ویلایەتی سەرۆكایەتی حكومەتی ئەودا بەرگەی بێ موچەییان گرتووە، بەڵام هیچ بەڵێنێكی پێنەدان بەوەی موچە فەوتاوەكانیان بۆ دەگەڕێنێتەوە یاخود نا. نێچیرڤان بارزانی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ باسی لەپێگەی بەهێزی خۆی لە ناو كابینەی نوێی حكومەتیش كرد كاتێك وتی:" هەموو توانایەكم بەكاردەهێنم بۆ پشتیوانی لە سەرۆك وەزیرانی نوێ و هەموو وەزیرەكانی كابینەی نوێ".
درەو میدیا: عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ( نێچیرڤان بارزانی) ناكات و ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵیش بڕیاردەدات فراكسیۆنی كۆمەڵ بەشدار بێت، ئەمەش ناكۆكی دەخاتە ناو ماڵی كۆمەڵی ئیسلامیەوە. ئەمڕۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵای شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەكی زۆری میوانی ناوخۆیی و بیانی بانگهێشتكراون، لە كۆمەڵی ئیسلامی تەنها عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بانگهێشتکراوەو هیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی سیاسی بانگهێشت نەكراوە، بۆیە عەلی باپیر بڕیاریداوە بەشدار نەبێت لە مەراسیمەكەو تەنانەت نوێنەریشی قبو ڵنیە بەشدار بێت، ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامیش بۆ راگرتنی هاوسەنگی بڕیاریداوە لەبری نوێنەری كۆمەڵ، فراكسیۆنەكەی بەشدار بێت لە مەراسیمەكەدا. فراكسیۆن بەشدار دەبێت فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە دانیشتنی 28/5/2019 دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم نەدا، بەڵام بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەكەن، لە بەیاننامەیەكدا فراكسیۆنی كۆمەڵ رایدەگەیەنێت" سەبارەت بە كۆبوونەوەی ڕۆژی ١٠ ی حوزەیران ی ٢٠١٩ ی پەرلەمانی كوردستان كە لە ھەمانکاتدا سەرۆكی نوێی ھەرێم سوێندی یاسایی دەستبەكاربوونی دەخوات، ئێمە لە فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان وەك ھەر كۆبوونەوەیەكی دیكەی ئاسایی لەو كۆبوونەوەیە دەڕوانین و بەشداریی دەكەین " . بەشداریكردن ناكۆكی دروستدەكات بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ( درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ناو كۆمەڵی ئیسلامییەوە دەستی كەوتووە، پرسی بەشداریكردنی كۆمەڵ لەو مەراسیمەدا ناكۆكی لەناو ماڵی كۆمەڵی ئیسلامیدا دروستكردووەو بەشێكیان لەگەڵ ئەوەن لەبەرئەوەی ئەمیری كۆمەڵ بەشداری ناكات، هیچ یەك لە ئەندامانی كۆمەڵ بەشداری نەكەن، بەشێكی دیكەشیان پێیانوایە دەبێت فراكسیۆنەكەیان بەشدار بێت، هەربۆیە ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ بڕیار دەدات، فراكسیۆنەكەیان بەشدار بێت، بەڵام ئەو بڕیارە كێشە لەناو فراكسیۆنەی كۆمەڵ دروست دەكات. سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بەوەكالەت ( لەبری عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆن كە لە دەرەوەی وڵاتە) بەو بڕیارەی ئەنجومەنی سیاسی نارازی دەبێت و ئامادە نابێت بەشداری لەو مەراسیمەدا بكات، بۆیە بڕیاردەدات دەستبەرداری سەرۆكی فراكسیۆن بێت بە وەكالەت، سەرۆكی فراكسیۆن بە وەكالەت دەدرێتە ( هەورامان گەچێنەیی) و ئەمڕۆ بەشداری مەراسیمەكە دەكەن. سۆران عومەر چی وت؟ سۆران عومەر كە ناڕازییە لە بەشداری كۆمەڵ لەو مەراسیمە هاوشێوەی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، شەوی رابردوو نوسینێكی لە پەیجی رەسمی خۆی بڵاوكردەوە، ناراستەوخۆ بەشداریكردنی كۆمەڵ لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بە " ناراستگۆیی) ناودەبات. سۆران عومەر كە ئەمشەو پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی بەوەكاەت رادەستی كۆمەڵكردەوە، لەنوسینەكەیدا بەناوی" پێویستە راستگۆ بن!" دەنوسێت"راستگۆیی ئەوە نیە كەسێك بەھۆكاری شكستی حوكمڕانی بزانی و لەمەراسیمی بەرزبونەوەی پۆستەكەیدا كۆرسی شەرعیەت پێدانی بی!، راستگۆیی بەوجۆرە نیە دژی یاساكە بی كاندیدت نەبێ بەڵام بەشداری مەراسیمی تەشریفاتی سوێندخواردنەكەی بی! ، گەر ئاوا ڕێك و كۆكن لەگەڵیان ئیدی با خەڵك ھێندە باجی نەكەوێیە سەر!! لەپێناو باشكردنی ژیانی خەڵك پێكبێن! واز لە سیاسەتی لەگەڵ نەبوون و شوێن كەوتن بێنن!
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ "پادشای عەرشی كەلاوە", رەنگە ئەمە باشترین مانشێت بێت بۆ پێشوازیكردن لە سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم كوردستان، سەرۆكێك كە لەماوەی 17 ساڵی رابردوودا سەرۆكایەتی حكومەتی كردووەو بۆ خەڵكی هەرێم سیاسەتمەدارێكی تاقیكراوەیە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا هەڵسەنگاندێك بۆ ماوەی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی دەكات لە 17 ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتدا. سەرۆكێكی تاقیكراوە ! سبەینێ نێچیرڤان بارزانی وەكو دووەم سەرۆك لە مێژووی هەرێمی كوردستان- عێراقدا سوێندی یاسایی دەخوات. سەرۆكی نوێ بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان روخسارێكی نەناسراو نیە، ئەو 17 ساڵە سەرۆكی حكومەتە، ماوەی حوكمڕانی ئەو لە سەرۆكایەتی حكومەتدا، ئێستا بەروبومەكەی لەبەردەمی خەڵكدایە. سەرەڕای پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی لەدوای 2017ەوە مومارەسەی پۆستی سەرۆكی هەرێمیشی كردووە، چونكە بەپێی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم گواسترایەوە بۆ سەرۆكی حكومەت. نێچیرڤان بارزانی كە دوای 17 ساڵ ماڵئاوایی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت دەكات، لەدوای خۆی حكومەتێكی قەرزارو ژێرخانێكی داتەپیوی ئابوریو پەیوەندییەكی خراپی دەرەكیی پڕ گرێو گۆڵی بۆ جێنشینەكەی (مەسرور بارزانی) بەجێهێشتووە، رەنگە ئەمە هۆكارە سەرەكییەكە بێت دوای سەرۆكایەتی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمدا جێگیركرا، زۆربەی دۆسییە هەستیارەكان بەهۆی ئەوەی بەشێوەی دامەزراوەیی بەڕێوەنەبراون، وابەستە كراون بە كەسایەتی نێچیرڤان بارزانییەوەو بەبێ ئەو، سەرۆكی نوێی حكومەت ناتوانێت كاروبارەكانی بەڕێوەببات، بەدیاریكراویش دۆسیەی نەوت لەنێوان هەرێمی كوردستانو توركیادا. فایلی خزمەتگوزارییە گشتییەكان خزمەتگوزارییە گشتییەكان باشترین پێناسەیە بۆ ناسینەوەی هەر حكومەتێك لە جیهاندا، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەردەمی دەسەڵاتی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانیدا لەم كەرتەدا شكستیهێناوە. ئاو كە سەرچاوەی سەرەكی ژیانە، تائێستا لە هەرێمی كوردستان زامن كراو نییەو هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێم كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، لە هەندێك ناوچەش خاوێنی ئاوی خواردنەوە جێگەی گومانە، سەرەی ئاو كە شێوازێكی كۆنی دابەشكردنی ئاوە لە شارەكاندا، هێشتا لە هەرێمی كوردستان بەركارە. نێچیرڤان بارزانی كە ماڵئاوایی لە حكومەت دەكات، دوای 17 ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی ئەو هێشتا خەڵك بەدەست نەبوونی وزەی پێوستی كارەباوە دەناڵێن، دەنگی مۆلیدە ئەهلییەكان لە هەموو گەڕەكێكی هەرێم بووەتە پێناسەی دۆخی كارەبا لە هەرێم. ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە بڕێكی زۆری بودجە لەژێر ناوی چاككردنی دۆخی كارەبا بەهەدەردراوە، بەمدواییانە نێچیرڤان بارزانی بیرۆكەی رادەستكردنی كەرتی خزمەتگوزارییەكانی بە كۆمپانیانو كەرتی تایبەت هێنایەگۆڕێ. خراپی دۆخی رێگاوبانەكانیش ساڵانە تادێت ژمارەی قوربانییەكانی زیاتر دەبێت، بەپێی ئامارە فەرمییەكان لەماوەی (10) ساڵدا، زیاتر لە (7 هەزار) كەس بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوەو نزیكەی (80 هەزار) كەس برینداربوون. لایەنگرانی پارتی، نێچیرڤان بارزانی بە دەوڵەتمەدارو ئەندازیاری ئاوەدانی ناودەبەن، هەندێك پرۆژەی خزمەتگوزاری بەتایبەتی رێگاوبان لەناو سنوری پارێزگای هەولێردا جێبەجێ كراون، 17 ساڵ سەرۆكایەتی حكومەتی نێچیرڤان بارزانی لەو پرۆژانەدا كورتكراوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی كە ماڵئاوایی لە حكومەت دەكات، هێشتا دابەشكردنی سوتەمەنی لە هەرێمی كوردستان بەشێوەی نەریتی بەڕێوەدەچێت، خەڵك لە كوچەو كۆڵانەكاندا بەرمیلی نەوت ریز دەكەن، ماوەی دوو ساڵە ئەم شێوازەش كێشەی تێكەوتووەو خەڵك بەشە نەوتی پێویستی خۆیان وەرنەگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا رۆژانە هەرێم (400 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات. كێشەی سوتەمەنی ئۆتۆمبیلیش ساڵ بەدوای ساڵ زیاتر دەبێتو ناگات بە چارەسەر، ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی ماڵئاوایی لە حكومەت نرخی بەنزین لە هەرێم نزیكەی دوو هێندەی نرخی پارێزگاكانی عێراقە. فایلی دارایی لە ماوەی 17 ساڵی حكومەتداری نێچیرڤان بارزانیدا (لە ساڵی 1999وە بۆ 2019 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بووە، جگە لە دوو ساڵی سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح لە 2010 بۆ 2012)، هەرێمی كوردستان تەنها 7 ساڵ یاسای بودجەی هەبووەو پەرلەمان تاڕادەیەك زانیویەتی داهاتی هەرێم چۆن دابەشكراوە بەسەر كەرتەكاندا. دیاردەی بەهەدەردانی داهات لەبوارە ناپێویستەكاندا یەكێكە لە روخسارە دیارەكانی دۆخی دارایی لە زەمەنی نێچیرڤان بارزانیدا، ئەم كەیسە ماوەیەك گوتاری سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بووە وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن. دامەزراندنی بەلێشاو لەسەر بنەمای پشكپشكێنەی حزبیی، ژمارەی موچەخۆری حكومەتی لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا بەرەو لوتكە هەڵكێشا، ئەمە دواجار لە ساڵی 2014دا بوو بە بار بەسەرشانی حكومەتەوە، ئەوەش كاتێك بوو كە نرخی نەوت وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات دابەزیو حكومەتی عێراقیش بەشە بودجەی هەرێمی بڕی. نێچیرڤان بارزانی بۆ روبەڕووبونەوەی دۆخە كتوپڕە داراییەكە، یەكەم هەنگاو كە پەنای بۆ برد، بڕینی موچەی موچەخۆران بوو لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە"، ئەمە شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی فەرمانبەرانی لێكەوتەوە، زۆری نەمابوو بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەوە ساڵێكی خوێندنی قوتابیانو خوێندكارانی هەرێم بفەوتێت، بۆیەكەمجار لەم سەردەمەدا ناڕەزایەتییەكانی شەقام لە سنوری سلێمانییەوە پەڕییەوە بۆ هەولێرو دهۆك. ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی ماڵئاوایی دەكات، حكومەت زیاتر لە (10 ملیار) دۆلار قەرزاری موچەخۆرانە، ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە پارەی تایبەت بە "پاشەكەوتی موچە"و پارەی موچەی ئەو مانگانەی كە موچە بە موچەخۆران نەدراوە، بێجگە لە قەرزی دەرەكی كە حكومەت باس لە نزیكەی 20 ملیار دۆلار قەرز دەكات. نێچیرڤان بارزانی كە ئەندازیاری سیستمی پاشەكەوتی زۆرەملێی موچەیە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵێنێك بدات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بۆ فەرمانبەران، ماڵئاوایی لە حكومەت دەكات. فایلی نەوت یەكێك لە روداوە دیارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانی دۆسیەی نەوتە، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەم پیاوەدا، هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زیاتر لە كێڵگەی نەوتی دۆزییەوەو نەوتی زیاتر رەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە كراو دەستكرا بە ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوتدا (57 گرێبەستی نەوت)، بەواتایەكی تر هەرێمی كوردستان كەوتە سەر نەخشەی جیهانیی نەوت، ئەمە چەكێكی دوو سەرەبوو، لەلایەكەوە پێگەی سیاسی هەرێمی بەهێزكردو لەلایەكی ترەوە هەرێمی خستەبەردەم رقو توڕەیی بەغدادو هەندێكجاریش وڵاتانی ناوچەكە. لەناوخۆی هەرێمیشدا دۆسیەی نەوت، لەسەرەتاوە تائێستا دۆسیەیەكی جێ مشتومڕە، ئەوەش مشتومڕەكەی گەرمكردووە، ناشەفافبوونی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم كەرتە هەستیارەیە. كۆتاییەكانی ساڵی 2016، نێچیرڤان بارزانی بۆئەوەی گومانەكانی ناشەفافیەت لەسەر كەرتی نەوت بڕەوەێنێتەوە، گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای (دیلۆیت) ئیمزاكرد، كە كۆمپانیایەكی ئەمریكی بواری وردبینیكردنی وەبەرهێنانو فرۆشتنی نەوتە. لەدوای گرێبەستی كاركردنەوە تائێستا، كۆمپانیای دیلۆیت (6) راپۆرتی لەبارەی ئاستی فرۆشو داهاتی نەوت لە هەرێم بڵاوكردوەتەوە، بەڵام هێشتا گومانەكانی لە ناشەفافبوونی كەرتی نەوتی نەڕەواندوەتەوە، رەنگە هۆكارەكەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هێشتا دامەزراوەیەكی چاودێری ناوخۆیی وەكو پێویست چاودێری ئەو كەرتە ناكات. لە ساڵی 2014و سەرهەڵدانی رێكخراوی "داعش" لە ناوچەكەو دابەزینی نرخی نەوتەوە، لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەكی بودجە دەرنەچووە، پەرلەمانی كوردستان بەتەواوەتی لە داهاتی نەوت بێئاگایە. سندوقی داهاتەكانی نەوت كە وەكو دامەزراوەیەكی گرنگی چاودێری دۆسیەی نەوت تەماشا دەكرا، لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بەیاسا بڕیاری دامەزراندنی درا، بەڵام تائێستا دروستنەكراوە، بەڵام ئەنجومەنی نەوتو غاز دروستكراوە. ساڵی 2008 بڕیاردرا نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ بفرۆشرێت، ساڵی 2014 نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراقدا، كردی بە مەرج هەرێم مانگانە (400 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بكات، بۆ ئەمەش بەهانەی بەوە دەهێنایەوە كە هەرێم پشكی خۆی لە عێراق وەردەگرێت، كەچی داهاتەكانی لەناویشیاندا داهاتی نەوت رادەستی بەغداد ناكات. دواجار نەوت پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی بەغدادی بەتەواوەتی ئاڵۆز كرد، ساڵی 2014 مالیكی بەشە بودجەی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق بڕی كە مانگانە (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دیناربوو، لە ساڵی 2015دا حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی ئاشكراترو لەژێر دروشمی "ئابوری سەربەخۆ"دا، دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆو دور لە رەزامەندی بەغداد، لەو سەردەمەدا بەهۆی سكاڵا یاساییەكانی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە چەندجارێك دەست بەسەر بارە نەوتی هەرێمدا گیرا، ئەو كەشتییەی كە نەوتی هەرێمی دەگواستەوە، سەرشێتانە بەناو دەریادا دەسوڕایەوەو لە ترسی سزای یاسایی، هیچ كەسێك ئامادە نەبوو پێشوازی لێبكات. فایلی پەیوەندییەكانی هەرێم لەماوەی 17 ساڵ سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەدەست فەلاح مستەفاوە بووە كە سەربە پارتییە. سەرباری ئەوەی جڵەوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی لەدەستی نێچیرڤان بارزانیدا بووە، بەڵام هەرێمی كوردستان بەبەردەوامی سەروەری پێشێلكراوە، جارێك توركیا بەبەهانەی بوونی گەریلاكانی پەكەكەوە، جارێكی تر ئێران بە بیانوی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتەوە تۆپبارانو لەشكركێشییان كردوەتەسەر خاكی هەرێم، لەبەرامبەر هەموو ئەو دەستدرێژییانەشدا، بەردەوام نێچیرڤان بارزانی سەرزەنشتی لایەنە كوردییەكانی پارچەكانی تری كوردستانی كردووە. ئەو پەیوەندییەش كە لەدوای روخانی رژێمەكەی سەددامەوە لە 2003دا لەنێوان حكومەتی هەرێمو بەغداددا دروستبوو، بەهۆی سیاسەتی فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆو ریفراندۆمەوە، بەتەواوەتی تێكچوو، لەم بوارەدا هەندێك ستایشی نێچیرڤان بارزانی دەكرێت كە لەدوای شكستی ریفراندۆمەوە توانی تاڕادەیەك پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكاتو بەشێوەیەكی دیپلۆماسییانە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد ئاسایی بكاتەوە. بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2006وە لەچوارچێوەی كاری حكومیدا جێگەی كراوەتەوە، حزب باڵی بەسەردا كێشاوە، سەرباری ئەوەی حزبەكان نوێنەرایەتییەكانی هەرێمیان لە دەرەوەی وڵات بەسەر خۆیاندا دابەشكردووە كە (13 نوێنەرایەتییە)، حزبەكان بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان نوێنەرایەتی تایبەت بە خۆیان لە زۆرێك لە وڵاتاندا هەیە، بەرپرسیارێتی رێكنەخستی ئەم كەرتە لەماوەی 13 ساڵی دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا، بەپلەی یەكەم لە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانیدایە. فایلی ئازادییە گشتییەكان دۆخی ئازادییە گشتییەكان (ئازادی رادەربڕین، خۆپیشاندانو گردبونەوە، ئازادی كاری سیاسی) لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا بە چەندین تونێلی تاریكدا تێپەڕیوە. هەموو ئەو رۆژنامەنوسانەی كە لەسەر كاری نوسینو رۆژنامەگەری تیرۆركراون، لەسەردەمی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانیدا بووەو تاوانبارەكانیش روبەڕووی هیچ سزایەكی یاسایی نەكراونەتەوە. بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان: • لەماوەی 10 ساڵدا (2008 – 2018) لە هەرێمی كوردستان (5) رۆژنامەنووس تیرۆركراون (عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن). • لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا، (898) حاڵەتی پێشێلكاری لە (گرتن، لێدانو ڕێگری) بەرامبەر (1440) ڕۆژنامەنووس كراوە. • پێشێلكارییەكان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبووە، (347) حاڵەت لە هەولێر، (285) حاڵەت لە سلێمانی، (107) لە دهۆك. رەوشی رۆژنامەگەریو ئازادی رادەربڕین لەسەردەمی دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانیدا ساڵ لەدوای ساڵ خراپتر بووەو راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەردەوام هەرێمی كوردستان وەكو ناوچەیەكی مەترسیدار بۆ كاری رۆژنامەوانی ناودەبەن، نێچیرڤان بارزانی لەبری كرانەوەی زیاتر، فەرمانگەیەكی بەناوی فەرمانگەی بەدواداچوونو وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دروستكرد، ئەم فەرمانگەیە كە (دیندار زێباری) سەرۆكایەتی دەكات، كاری سەرەكی بریتییە لە وەڵامدانەوەی راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی دۆخی ئازادییە گشتییەكانو مافی مرۆڤەوە لە هەرێمی كوردستان. ئازادی خۆپیشاندانو گردبونەوە وەكو پایەیەكی تری ئازادییە گشتییەكان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی نێچیرڤان بارزانیدا مێژوویەكی تاڵی تۆماركردووە. لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانیدا، زۆرینەی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان لە هەولێرو دهۆكو سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە روبەڕووی پێشێلكاری بونەتەوەو بەزۆر سەركوتكراونو خەڵكێكی زۆر بەهۆی بەشداربوون لە خۆپیشاندانەكان دەستگیركراونو لە دەزگاكانی ئاسایشدا بەشێوەی نایاسایی بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە، روبەڕووبونەوەی ناڕەزایەتییەكانی فەرمانبەران لەدوای سیستمی پاشەكەوتی موچە بەشێوەیەكی توند، دیمەنی كۆتایی پەیوەندی نێوان نێچیرڤان بارزانیو چۆنیەتی مامەڵەكردن بوون لەگەڵ خۆپیشاندانەكاندا، (راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەوردی ئەو پێشێلكارییانەیان تۆماركردووە). نێچیرڤان بارزانی كێیە ؟ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەوەی روخساری وەكو كارەكتەرێكی سیاسی بۆ زۆرینەی خەڵك ناسراوە، بەڵام كەم كەس وردەكاری ژیانو بیركردنەوەی ئەو دەزانن. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی لەو جۆرە سیاسەتمەدارانەیە كە پێی وایە ئابورییەكی بەهێز دەتوانێت جادوو بخوڵقێنێت. لەبارەی بایەخی ئابوریو پارەوە لە سیاسەتدا، دەوترێت نێچیرڤان بارزانی قسەیەكی بەناوبانگی هەیە كە دەڵێ" ئەوەی تائێستا نەبووە بە پارتی، نرخی خۆیمان پێنەداوە"، واتە ئەو باوەڕی وایە لەڕێگەی ئابوریو پارەوە دەتوانرێت هەموو كەسێك جڵەو بكرێت. لە 17 ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتدا، روینەداوە وەزیرێكی كابینەكەی لەدژی نێچیرڤان بارزانی راوەستابێت، زۆرینەی ئەوانەی كاریان لەگەڵدا كردووە، بوون بە لایەنگری، دەوترێت نێچیرڤان بارزانی وەكو ئیسفەنج هەموو ئەوانە هەڵدەمژێ كە لەگەڵیدا كاردەكەن. نێچیرڤان بارزانی كوڕە گەورەكەی بەناوی باوكییەوە ناوناوە (ئیدریس)، ئیدریس ئێستا سەرۆكایەتی دەزگایەكی دەكات تایبەت بە گەشەپێدانی توانای مرۆیی بەناوی دەزگای روانگە، ئەم كوڕە لە میدیاكانی خۆرئاوادا خۆی وەكو "شازادە"یەك دەناسێنێت. پرۆفایلی نێچیرڤان بارزانی: * ناوی تەواوەتی: نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی * 21ی ئەیلولی ساڵی 1966 لە بارزان لەدایكبووە، دایكی كچی كەسایەتی ناسراوی سلێمانی (حەمەی ئەورەحمان ئاغا)یە * لە 1975 لەگەڵ بنەماڵەكەیدا ئاوارەی ئێران بوون * خوێندكاری بەشی زانستە سیاسییەكان بووە لە زانكۆی تاران * لە 1989 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان * لە 1996 بووەتە جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان * لە 1999 بووەتە سەرۆك وەزیران (كابینەی چوارەم) * 2006 بووەتە سەرۆك وەزیران (كابینەی یەكگرتنەوە) * لە 2011 بۆ 2013 جارێكی دیكە بووەتەوە سەرۆك وەزیران * لە 2013 جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێدرایەوە تاوەكو 2018 * 3-12-2018 كرایە بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان * جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە. * لەگەڵ نەبیلە مەسعود بارزانی ئامۆزای هاوسەرگیری كردووەو سێ كوڕو دوو كچی هەیە. * زمانەكانی كوردی، فارسی، ئینگلیزی بەباشی دەزانێتو دەشتوانێت بە زمانی عەرەبی قسەبكات. تێبینی: ناونیشانی راپۆرتەكە لە ناونیشانی وتارێكی (حەمەسەعید حەسەن )ەوە وەرگیراوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت بەر لە راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، یەكێتیو پارتی دواین كۆبونەوە دەكەن، پارتی ئامادەیە لە هەولێر فەڕشی سور بۆ بەرهەم ساڵح رابخات، بەڵام چارەنوسی كەركوك هێشتا یەكلانەبووەتەوە. (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا دواین زانیارییەكان لەبارەی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتیو مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم بڵاودەكاتەوە. تەنیا رۆژێك ماوە بۆ وادەی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری بۆ سازدانی مەراسیمێكی گەورە كردووە. پارتیو نێچیرڤان بارزانی دەیانەوێت بەرلە بەڕێوەچونی مەراسیمە گەورەكە، دواین هەوڵی خۆیان بۆ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بخەنەگەڕ. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، وەفدێكی یەكێتی كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (كۆسرەت رەسوڵ عەلی، بافڵ تاڵەبانی، ئەرسەلان بایز) لە هەولێرن بۆ كۆبونەوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی ، بەڵام تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە یەكلانەبۆتەوە كە كۆبونەوەی سبەینێ دەكرێت یان نا چونكە تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی رەزامەندی دەرنەبڕێوە بۆ كۆبونەوە بە بیانوی ئامادەكاری بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم . پۆستی پارێزگاری كەركوك سەرچاوەی سەرەكی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان پارتیو یەكێتییە، ئەمە تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی نێوانیانە كە بەردەوام لە رێگەی تەلەفۆنەوە سەركردەكانی هەردولا قسەی لەسەر دەكەن، (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، یەكێتی دوو كاندیدی نوێ بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك ئامادەكردووە، كاندیدەكان بریتین لە هەریەكە لە (لیوا جەمال تاهیر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی كەركوك)و (دكتۆر عومەر ئینجە جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك)، ئەمە جگە لە (خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی) كە ئەویش ناوی لەناو كاندیدەكانی پۆستی پارێزگاری كەركوكدایەو یەكێتی دەیەوێت وەك كاندیدی بەهێز رەزامەندی پارتی بۆ وەربگرێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێتی دەیەوێت بەر لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، جۆرێك لە رەزامەندی لە پارتی وەربگرێت سەبارەت بە كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەمە بەپلەی یەكەم بۆ ئەوەیە ئەگەر یەكێتی بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی كرد، لەبەردەم جەماوەری خۆیو رایگشتیدا دوچاری شەرمەزاری نەبێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەبەردەستی (درەو میدیا)دان، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017وە، یەكێتی نیشتمانی ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەشی پارتی كردووەو هەموو ئەو كاندیدانە بە بەهانەی ئەوەی پشتیوانی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریان كردووە، لەلایەن پارتییەوە رەتكراونەتەوە، پارتییەكان نازناوی "ئۆكتۆبەرچی"یان لە هەموو ئەو كەسانە ناوە. چارەنوسی رێككەوتنەكە ! رۆژی 28ی ئایار پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیی وەكو سەرۆكی هەرێم هەڵبژارد، فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكەی نەكردو دەنگیشی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدا، یەكێتی ئەم هەنگاوەی بەستەوە بەوەی پارتی رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووەو هێشتا كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلانەكردوەتەوە. دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی، پارتی نیگەران كرد، پارتی دەقی رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، ئێستا هەردوولا یەكتری تۆمەتباردەكەن بەوەی رێككەوتنەكەیان پێشێلكردووە. مەسعود بارزانی بۆ شەرمەزاركردنی یەكێتی كە دەنگیان بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەداوە، یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پارێزگاری كەركوكی رادەستی نێچیرڤان بارزانی كردووەو خۆی لێی كشاوەتەوە، ئەمە دوو لێكدانەوەی بۆ دەكرێت: لێكدانەوەی یەكەم: مەسعود بارزانی بەكشانەوەی لە دۆسیەی كەركوك، دەیەوێت رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بكرێت، بارزانی بەرپرسیارێتییەكە دەخاتە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانیو چیتر شەڕی دانەنانی "ئۆكتۆبەرچی"یەكان ناكات. لێكدانەوەی دووەم: مەسعود بارزانی بەكشانەوەی لە دۆسیەی كەركوك، دەیەوێت یەكێتی روبەڕووی توڕەیی نێچیرڤان بارزانی برازای بكاتەوە (یەكێتی دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك هەرێم نەدا)، واتە بارزانی نایەوێت بگاتە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی نایەوێت هیچ رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ یەكێتی واژۆ بكات، پارتی دەیەوێت هەمان رێككەوتن بەو پاشكۆیەشەوە كە تایبەتە بە یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، جێبەجێ بكرێت، بۆیە ئەگەری نوسینەوەی رێككەوتنی نوێ لەنێوان هەردوولا دورەو ئەوەی هەیە تەنیا رێككەوتنی هەردوولایە لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك. رێككەوتن یان...؟ پارتیو یەكێتی هیچ دەرفەتێكیان لەبەردەمدا نەماوە بۆ كات كوشتنو بەكارهێنانی كارتی فشار لەدژی یەكتری، چونكە رۆژی دووشەممە هاوكات لەگەڵ سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی ئامۆزای وەكو كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رادەسپێرێتو پەرلەمان دەنگی لەسەردەدات، بەشدارنەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی بە راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەواتای بەشدارنەبوونی یەكێتی دێت لە حكومەت. بەپێی رێوشوێنە یاساییەكان، دوای راسپاردنی، مەسرور بارزانی ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ رادەستكردنی پێكهاتەی كابینەكەی بە پەرلەمانی كوردستان. هەندێك زانیاری هەن لەبارەی ئەوەی ئەگەر یەكێتیو پارتی لەسەر پرسی كەركوك نەگەیشتنە رێككەوتن، مەسرور بارزانی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت بە بەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی كێشەكان چارەسەردەبن. ئەگەر هیچ یەكێك لەم رێگەچارانە نەگەیشتنە ئەنجام، ئیتر هیچ رێگایەك لەبەردەم یەكێتیو پارتیدا نامێنێتەوە جگە لە جیابونەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی، بەمدواییە سەركردەكانی یەكێتی گفتوگۆیان كردووە لەبارەی ئەگەری رێكنەكەوتن لەگەڵ پارتی، بەتایبەتی بژاردەی لامەركەزی ئیداریو هەرێمی سەربەخۆ. مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆك رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمێكی گەورەدا لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) لە شاری هەولێر وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات. مەراسیمەكەی هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانەو نێچیرڤان بارزانیش لەبەردەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانو پەرلەمانتاراندا سوێندی یاسایی دەخوات، گواستنەوەی مەراسیمی سوێندخواردنەكە لەناو بینای پەرلەمانەوە بۆ هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) بەپێی قسەی بەرپرسانی پارتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، بەهۆی ئەوەیە هۆڵی پەرلەمان شوێنی میوانە زۆرەكانی مەراسیمەكەی تێدا نابێتەوە. سەرچاوەیەكی نزیك لە پرۆتۆكۆڵی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی یەكەمین وتاری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم دەخوێنێتەوە، لەدوای ئەو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق وتار دەخوێنێتەوە (ئەگەر بەشداری بكات)، پاشان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتاری دەبێت. بەرهەم ساڵح بەشدار دەبێت ؟ بەشداربوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیدا تاڕادەیەك پەیوەستە بە یەكلابوونەوەی كێشەكانی نێوان پارتیو یەكێتیی. پارتیو بەرپرسەكانی كە پێشتر بەهۆی ناكۆكییەكان لەبارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵحیان بایكۆتكردو ئامادەنەبوون وەكو سەرۆك كۆمار لە هەولێر پێشوازی لێبكەن، ئێستا بەفەرمی بانگهێشتنامەیان ئاڕاستەی كردووە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم بكات، رەنگە ئەم پاشەكشێیەی پارتی لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح پەیوەندی بەدوو هۆكارەوە هەبێت: • پارتی سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی، بەڵام لە شكۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەكو پۆستێكی باڵا تێگەیشتووەو پێیوایە بەشداربوونی سەرۆك كۆمار بایەخێكی زیاتر بە مەراسیمی دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆك هەرێم دەدات، بەتایبەتی لە ناوەندی سیاسی عێراقیدا. • دوای هەشت مانگ دانوستانو رێككەوتنو پاشان پاشگەزبونەوە، پارتی بۆی دەركەوتووە بەبێ ئاساییكردنەوە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی سەخت دەبێت، بەوپێیەی ئەو ئاڕاستەیەی كە ئێستا لەناو یەكێتی بەرامبەر بە پارتی راوەستاون، لە دۆستە نزیكەكانی بەرهەم ساڵحن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەپێچەوانەی ئەوەی پێشتر لەزاری بەرپرسێكییەوە رایگەیاند" هەرگیز فەرشی سور لە هەولێر بۆ بەرهەم ساڵح راناخرێت"، پارتی دەیەوێت بە مەراسیمی فەرمیو فەرشی سورەوە پێشوازی لە هاتنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بكات بۆ بەشداربون لە مەراسیمی سوێندنخواردنو خودی نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە بەرهەم ساڵح دەكات. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ترەوە زانیاری دەستكەوتووە، تیمی پێشوازی پارتی لە میوانەكانی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم بریتین لە هەریەكە لە ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانو نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، ئەگەر رێوشوێنەكانی پێشوازی بەمشێوەیە بەڕێوەبچن، رەنگە بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمەكە نەكات.
(درەو میدیا): 23ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ، پایتەختی بازرگانیو گەشتیاری توركیا بەڕێوەدەچێتو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا " ئاكەپە" هەوڵدەدات دەنگی كورد لەو شارە مسۆگەربكاتو لە رێگەی دەنگی كوردەوە رێگەی سەركەوتن لە كاندیدەكەی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە " بگرێت. یەڵدریم دەگاتە ئامەد بۆ بەدەستهێنانی دەنگی كورد لە ئیستانبوڵ، بن عەلی یەڵدریم كاندیدی ئاكەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی گەیشتە ئامەدی پایتەختی باكوری كوردستان، بەڵام لەبری راكێشانی سۆزی كورد بەلای خۆیدا بە بەكارهێنانی " كوردستان" كوردی توڕەو نیگەران كرد. سەرەڕای ئەوەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو كەسانەی وشەی كوردستان بەكاردەهێنن بە پشتیوانیكردن لە تیرۆر تۆمەتباریان، بەڵام یەڵدریم لە وتەیەكیدا كە لە ئامەد پێشكەشیكرد رایگەیاند كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری نوێی توركیا لەكاتی كردنەوەی یەكەمجاری ئەنجومەنی گەلی توركیا چەند نوێنەرێكی " كوردستان"ی بانگهێشتكردووە. " نیفاقو دووڕووییە" بەكارهێنانی وشەی كوردستان لەلایەن بن عەلی یەڵدریمەوە كاردانەوەی سیاسەتمەدارانی كوردی لە باكور لێكەوتەوە، زیا پیر پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بن عەلی یەڵدریمی بە دووڕوویی و نیفاق تۆمەتباركرد. پیر لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە یەڵدریم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" ئەوە نیفاقە، بازرگانییەكی قێزەونیی دەنگە، كاتێك ئێمە وشەی كوردستان بەكاردەهێنیین دەمانگرنو لە پەرلەمان دەرمان دەكەن، بەڵام ئەوان كاتێك دەچن بۆ ئامەد لە پێناوی كۆكردنەوەی دەنگی كورددا ئەو وشەیە بەكاردەهێنن". ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی هەدەپە رووی قسەكانی دەكاتە یەڵدریمو دەڵێت:" چاوەڕوان مەبە، كورد دەنگت پێ نادەن، بچۆرە بەردەم دەرگایەكی تر". كۆتایی ئازاری رابردوو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بەڕێوەچوو، پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار گورزی كوشندەی بەركەوتو سەرۆكایەتی شارەوانەی شارە گەورەكانی وەك ئەنكەرەی پایتەختو ئیستانبوڵو ئیزمیری لەدەستدا. لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵدا ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو كاندیدی جەهەپە بە جیاوازییەكی كەم سەرۆكایەتی شارەوانی بەدەستهێنا، بەڵام لەسەر داوای ئاكەپە لیژنەی هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكەو دووبارەكردنەوەی لە 23ی حوەزیراندا. ئێستا ئاكەپە هەرچی توانای خۆی هەیە خستویەتییەگەڕ بۆئەوەی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ لەدەستنەداوەو بۆ یەكلاكردنەوەی لایەنی براوەش دەنگی كورد لە ئیستانبوڵ سەنگی مەحەكەو لە هەڵبژاردنی ئازاردا كورد دەنگی بە كاندیدی ئاكەپە نەداوەو 23ی حوەزیرانیش ئاشكرادەبێت ئەمجارە كورد لەو شارە كورسی سەرۆكایەتی شارەوانی پێشكەشی جەهەپە دەكات یان ئاكەپە.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ئەنكەرە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاودەنێتو ئەمریكا گوشاری زیاتر دەخاتەسەر توركیا بۆئەوەی دەستبەرداری كڕینی سیستمی بەرگری موشەكی ( ئێس - 400)ی روسی ببێتو تا كۆتایی مانگی داهاتوو مۆڵەتی پێدەدات. پاتریك شاناهان، هەڵسوڕێنەری كاروباری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ هاوتا توركییەكەی خوڵوسی ئاكار، جەختدەكاتەوە لەوەی دەستبەجێ مەشقو راهێنانی سەربازو ئەفسەرانی توركیا لەسەر فڕۆكەی جەنگی جۆری ( ئێف - 35) رادەگیرێت. ئێستا واشنتۆن تا كۆتایی مانگی تەمموزی داهاتووی دیاریكردووە بۆئەوەی ئەنكەرە دەستبەرداری كڕینی سیستمی دژە موشەكی ( ئێس- 400)ی روسی ببێتو باوەڕی وایە ئەو سیستمە بەرگرییە روسییە هەڕەشەیە بۆسەر فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری ( ئێف – 35) كە توركیا بەنیازە بیكڕێتو نابێت ئەنكەرە لە یەك كاتدا هەردوو سیستمەكە بەدەستبهێنێت. ئەلین لۆرد، بریكاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەو بارەیەوە دەڵێت:" ئەگەر توركیا بەهاتنی 31ی تەمموزی داهاتوو ئەمریكا لە پاشگەزبوونەوە لە كڕینی سیستمە روسییەكە ئاگادارنەكاتەوە، ئەوا مەشقو راهێنانی فڕۆكەوانە توركییەكان لەسەر فڕۆكەی ئێف – 35 لە ئەمریكا رادەگیرێت، هەروەها هەموو رێككەوتنەكان لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكانی تایبەت بە دروستكردنی پارچەكانی فڕۆكەی ئێف 35 هەڵدەوەشنێنرێنەوە". ئەم ئاگاداركردنەوەی ئەمریكا بۆ توركیای هاوپەیمانی لە ناتۆ دوای ئەوەدێت كە ئەنكەرە چەند كەسێكی بۆ مەشقكردن لەسەر سیستمی دژە موشەكی ئێس- 400 رەوانەی روسیا كردووەو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش سێشەممەی رابردوو جەختیكردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە گرێبەستەكەی لەگەڵ روسیاو دەستبەرداری كڕینی سیستمی ئێس- 400 نابێت. ئەردۆغان جەختیشیكردەوە كە ئەمریكای ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ئەنكەرە هەنگاو بۆ كڕینی سیستمی دژە موشەكی پاتریۆتی ئەمریكی دەنێت ئەگەر مەرجەكانی واشنتۆن لەو بارەیەوە وەك مەرجەكانی مۆسكۆ ئاسان بن. "گۆڕینی ئاراستە" فڕۆكەی جەنگی ( ئێف- 35) بە شێوازێك دروستكراوە كە بگونجێت لەگەڵ سیستمە سەربازییەكانی پەیمانی ناتۆ بە تایبەتی سیستمی بەرگری دژە موشەكی، و ئەمریكا ترسی لەوە هەیە كە روسیا لەرێگەی دەستكەوتنی زانیاری لە توركیا پەرە بەە سیستمی دژە موشەكی ئێس- 400 بدات دژی هاوپەیمانی ناتۆ. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا حوزەیرانی 2018 چوار فڕۆكەی جۆری ئێف – 35 بە توركیا فرۆشت، بەڵام بۆ مەشقپێكردنی فڕۆكەوانەكانی توركیا فڕۆكەكانی لە ئەمریكا هێشتوەتەوەو ئەگەر توركیا تا 31ی تەمموز دەستبەرداری گرێبەستكەی لەگەڵ روسیا نەبێت ئەوا كۆمپانیا توركییەكان كە 937 پارچەی جیاوازی فڕۆكەی ئێف- 35 دروستدەكەن هیچ گرێبەستێكی تریان پێ نادرێتو بەوتەی ئەلین لۆد بریكاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا گرێبەستەكان دەدرێنە كۆمپانیای تر. لۆرد رایگەیاند كۆمپانیا لۆكهید مارتنی تایبەت بە فڕۆكەوانیو كۆمپانیای برات ئەند ویتنی، كۆمپانیای دروستكردنی بزوێنەری فڕۆكە بەجدی دەگەڕێن بە دوای كۆمپانیای تردا بۆ دروستكردنی ئەو پارچانەی كە ئێستا لە توركیا دروستدەكرێن. بەوتەی ئەلین بەشداری كۆمپانیا توركییەكان لەو پرۆژەیەدا هەتا سەرەتای ساڵی 2020 یەوە دەڵێت:" بەڵام هێشتا كات لە بەردەم توركیادا ماوە بۆئەوەی ئاراستەی بگۆڕێت". پرۆگرامی فڕۆكەی جەنگی جۆری ( ئێف- 35) كە نەوەدەكانی سەدەی رابردو دەستیپێكردووە، بەبەهاترین پرۆگرام دادەنرێت لە مێژووی سوپای ئەمریكادا و پێنتاگۆن تێچووو خەرجی پرۆگرامەكەی بە 400 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، ئەوەش بە ئامانجی دروستكردنی نزیكەی 2500 فڕۆكە لە چەند ساڵی داهاتوودا. سەرچاوە: بی بی سی