وردەكاری شەڕی نێوان هەركیو زێبارییەكان
2019-06-14 15:48:18
راپۆرت:فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ
دوای (24) كاتژمێر روبەڕووبونەوەی چەكداری، دواجار هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری دەدات، رێككەوتنی پێشوو كە لە لقی پارتی كرا، شكستی هێنا، ئەمجارەش لەبری دادگا، جارێكی تر لقی پارتی بڕیار دەدات، (درەو میدیا) راپۆرتێكی ورد لەسەر ریشەی كێشەی نێوان هەركیو زێبارییەكان بڵاودەكاتەوە.
هەركیو زێباری رێككەوتن
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كەمێك بەر لە بلاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە، هەردوو عەشیرەت لە لقی پارتی لە ئاكرێ رێككەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ.
بەپێی رێككەوتنە نوێیە، تا ئەوكاتەی هەردوولا دەگەنە چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەكانی نێوانیان، گوندی (باژێڕە ) چۆڵ دەكرێت لە خەڵكی سەربە هەردوو عەشیرەت.
(درەو میدیا) زانیویەتی، چەند پێشنیازێك خراوەتەڕوو، یەكێكیان ئەوەیە "گوندی باژێڕێ بەتەواوەتی تەخت بكرێت، چونكە ئەم گوندە بووە بە سەرچاوەی كێشە بۆ هەردوو عەشیرەتەكە، لەبری ئەوە دوو گوندی تر دروستبكرێت، یەكێكیان بۆ خێزانە هەركییەكان، ئەوی تر بۆ زێبارییەكان".
چی رویدا ؟
لەناو شاری دهۆك، دوو چەكدار لەبەردەم خوێندنگەیەكی تایبەت بە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی، تەقەیان لە خوێندكارێك كردو برینداریان كرد.
چەند كاتژمێرێك دوای ئەم رووداوە لە گوندی (باژێڕە )ی سەربە ناحیەی (گردەسێن)ی سەربە قەزای ئاكرێ، دوو هێزی چەكدار روبەڕووی یەكتربونەوە، هێزی عەشیرەتی هەركیو هێزی عەشیرەتی زێباری.
ئەو خوێندكارەی لە دهۆك تەقەی لێكرا ناوی (زەیدان) بوو، تەمەنی (38 ساڵ)ەو بەشێوەی دەرەكی تاقیكردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی دەكرد، ئەم پیاوە سەربە عەشیرەتی هەركییە، ئەو دوو چەكدارەشی تەقەیان لێكردووە، سەربە عەشیرەتی زێبارین.
نێوەندگیرییەكی پارتی
لەدوای رووداوی تەقەكردنەكەی بەردەم خوێندنگەكەی دهۆك، پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی خێرا هاتەسەر خەت، پارتی وەكو دەسەڵاتداری یەكەمی ناوچەكە زوو لە هەستیاری بارودۆخەكە تێگەیشت، بەوپێیەی پارتی بەر لە دوو ساڵ خۆی رێككەوتنی ئاشتیو ئاگربەستی لەنێوان هەردوو هۆزەكە رێكخست.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرلەوەی ئێوارەی دوێنێ چەكدارانی هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری روبەڕووی یەكتر ببنەوە، بەرپرسی لقی (9)ی پارتی لە ئاكرێ بەنوێنەرایەتی (سیداد بارزانی) بەرپرسی كاروباری كۆمەڵایەتی مەسعود بارزانی نیوەندگیرییەكی لەنێوان هەردوو عەشیرەتەكەدا كردووە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لەو نێوەدنگیرییەدا، عەشیرەتی هەركی مەرجی تۆڵەكردنەوەیان بەستوەتەوە بەوەی "ئەو دوو چەكدارە زێبارییەی كە لە دهۆك تەقەیان لە خوێندكارە هەركییەكە كردووە، دەبێت گوندی باژێڕێ چۆڵ بكەن".
نێوەندگیرییەكەی لقی پارتی شكستیهێنا، هەردوو عەشیرەت نەگەیشتنە رێككەوتن.
دەستپێكردنی شەڕ
ئێوارەی دوێنێ، دوای شكستهێنانی نێوەندگیرییەكان، چەكدارانی هەردوو عەشیرەت،لەناو گوندێ (باژێڕە ) روبەڕووی یەكتربوونەوە، شەڕ چەند كاتژمێركێكی خایاند، بەپێی دواین ئامارەكان لەو شەڕەدا كە چەكی سوكو قورس بەكارهاتووە، (6) كەس لە هەردوولا برینداربوونو چەند ماڵێك سوتاون، لەناو بریندارەكاندا ژنو منداڵ هەن.
چەكدارانی عەشیرەتی هەركی، (5) كەسیان لە خەڵكانی سەربە عەشیرەتی زێباری دەستگیركردووەو وەكو بارمتە لای خۆیان رایانگرتوون.
چەكدارانی عەشیرەتی هەركی، دواجار گوندەكەیان كۆنترۆڵكرد، گوندی (باژێڕە ) گوندێكە كە دانیشتوانەكەی پێكدێت لە تێكەڵەیەك لە خەڵكی سەربە هەردوو عەشیرەتەكە.
روبەڕووبونەوە لەگەڵ زێرەڤانی !
دوای گرتنی گوندەكە لەلایەن چەكدارانی سەربە عەشیرەتی هەركی، لەسەر داوای بەرپرسانی پارتی لەناوچەكە، حكومەت هێزێكی زێرەڤانی رەوانەی گوندی (بازێڕێ) كرد، هێزەكە چەندین زرێپۆشو هەمەرو چەكی قورسی لەگەڵ خۆیدا بردە ناوچەكە.
فەرماندەی هێزە سەربازییەكە داوای لە سەرۆك عەشیرەتی هەركی كرد، چەكدارەكان لە گوندەكە بباتە دەرەوەو گوندە رادەستی هێزی زێرەڤانی بكات تائەوكاتەی بارودۆخەكە ئاسایی دەكرێتەوە، بەڵام ئەم داوایە رەتكرایەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هۆكاری رادەستنەكردنی گوندەكە بە هێزەكەی زێرەڤانی بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە، عەشیرەتی هەركی پێیانوابووە، هاتنی هێزەكەی زێرەڤانی بۆ گوندەكەیان لەسەر داوای (دیندار زێباری) بووە، كە بەرپرسی فەرمانگەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانە لە حكومەتی هەرێمی كوردستانو سەربە عەشیرەتی زێبارییە.
دوای ئەوەی دانوستان شكستی هێنا، هێزەكەی زێرەڤانی هەوڵیدا بچێتە ناو گوندەكەوە، بەڵام روبەڕووی بەرپەرچدانەوەی چەكدارانی هەركی بووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو رووبەڕوبونەوەیەدا، دوو زرپێپۆشی زێرەڤانی زیانیان پێگەیشتووە.
دواجارو لەچوارچێوەی لێكتێگەیشتنێكدا لەگەڵ عەشیرەتی هەركی، هێزی زێرەڤانی چووە ناو گوندەكەوە، بەڵام چەكدارانی هەركیش هەر لەناو گوندەكەدا ماون كە پێشتر داوا دەكرا لە گوندەكە بچنە دەرەوە.
زێبارییەكان خۆیان كۆدەكەنەوە
لە ساتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا، عەشیرەتی زێباری كە گوندی (باژێڕێ)یان چۆڵكردووە، لە گوندی (شەرمن) كە زێبارییەكان بە پایتەختی خۆیان دەزانن، سەرقاڵی كۆكردنەوەی هێزو ئامادەكارین بۆ گەڕێكی نوێی شەڕ لەگەڵ هەركییەكان.
سەرچاوەیەكی نزیك لە ناكۆكییەكان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە زێبارییەكان هێرشبكەنە سەر گوندێكی هەركییەكان.
ریشەی كێشەكە !
رۆژی 7ی تەموزی 2017 دوو خێزانی هەركیو زێباری لە گوندی (باژێڕێ) لەسەر لەسەر ئاودێری زەویو زارەكانیان بوو بە شەڕیان، دوو كەس كوژرا، لە هەرلایەك كەسێك.
هاوشێوەی ئێستا، هەردوو عەشیرەت هێزیان كۆكردەوەو روبەڕووی یەكتر بونەوە.
رۆژی 10ی تەموز، بەنێوەندگیری (سیداد بارزانی) برای مەسعود بارزانی، لە لقی (9)ی پارتی لە ئاكرێ، هەردوو عەشیرەت رێككەوتنێكی ئاشتیان ئیمزاكرد.
بەپێی رێككەوتنەكە هەردوو عەشیرەت لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن:
1- سێ ماڵ لە گوندی باژێری سەروو بەناوەكانی (هیشام عەزیز خان، زێدان مستەفا محەمەدو نێچیرڤان حاجی محەمەد)و ماڵێك لە گوندی باژێڕێی خواروو بەناوی (بارزان پیرە) دەبێت لە گوندەكانیان بار بكەن.
2- دوای ئیمزاكردنی رێكەوتنەكە، نابێت دیاردەی هەڵگرتنی چەك لەناو گوندەكاندا بمێنێت.
3- هەوڵی چارەسەریو رێككەوتنی یەكجاری لەنێوان هەردوو لایەندا بدرێت.
4- نابێت هەردوو لایەن پەناببنەبەر دادگاو سكاڵا لەسەر یەكتر تۆمار بكەن.
5- هەر لایەك سەرپێچی ئەو رێكەوتنە بكات سزا دەدرێت.
لق لە بری دادگا !
هاوشێوەی دوو ساڵ لەمەوبەر، ئێستا لە لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاكرێ هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری دەدرێت.
نوێنەری هەردوو عەشیرەت لە كۆبونەوەكەدا ئامادەن، ئەمجارەش (سیداد بارزانی) برای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی سەرپەرەشتی رێككەوتنەكە دەكات.
رێككەوتنی پێشوو، كە ئێستا لەنێوان هەردوو عەشیرەتەكەدا شكێندراوەو كاری پێناكرێت، لە لقی پارتی ئیمزا كراو یەكێك لە خاڵەكانی ئەوە بوو" نابێت هەردوو لایەن پەناببنەبەر دادگاو سكاڵا لەسەر یەكتر تۆمار بكەن".
واتە پارتی لەسەر بەرزترین ئاستی دەسەڵات كە سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانییە، پشت لە دادگاكان دەكات بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكانو لق پارتی دەخاتە بری دادگا.
لەبارەی هەركیو زێبارییەوە
دوو عەشیرەتی گەورەی كوردستانن، شوێنی نیشتەجێبوونیان لە سنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك نزیكن لە یەكترەوە، لە هەندێك ناوچەشدا بەتەواوەتی تێكەڵ بوون.
عەشیرەتی هەركی رۆژهەڵاتو باكوری كوردستانیش هەن، بەڵام زۆربەیان لە باشوری كوردستاندا دەژین.
لە هەرێمی كوردستان هەركییەكان دابەشبوون بەسەر پارێزگای هەولێرو ئاكرێو ناوچەی هەركییاندا.
هەركییەكان لە باكوری كوردستان لە (شەمزینان) نیشتەجێ بوون، لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش لە ناوچەكانی (شنۆ، تەڕگەوەڕ، مەڕگەوەڕ).
عەشیرەتی زێباری، لە ناوچەی (زێبار) لە قەزای ئاكرێ نیشتەجێن، ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەم عەشیرەتە دەكەوێتە سەر زێی گەورە، ناحیەی (دینارتە) مەڵبەندی سەرەكی نیشتەجێبوونی ئەم عەشیرەتەیە، دینارتە بە دوری 18 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی قەزای ئاكرێوە.
هەردوو عەشیرەتی هەركیو زێباری بەشێك لە خەڵكەكەیان لە ناو شاری موسڵ دەژین.