عەلی باپیر بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم ناكات

Draw Media

2019-06-10 06:39:48



درەو میدیا: 
عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ( نێچیرڤان بارزانی) ناكات و ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵیش بڕیاردەدات فراكسیۆنی كۆمەڵ بەشدار بێت، ئەمەش ناكۆكی دەخاتە ناو ماڵی كۆمەڵی ئیسلامیەوە.
ئەمڕۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵای شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەكی زۆری میوانی ناوخۆیی و بیانی بانگهێشتكراون،  لە كۆمەڵی ئیسلامی تەنها عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بانگهێشتکراوەو هیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی سیاسی بانگهێشت نەكراوە، بۆیە عەلی باپیر بڕیاریداوە بەشدار نەبێت لە مەراسیمەكەو تەنانەت نوێنەریشی قبو ڵنیە بەشدار بێت،  ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامیش بۆ راگرتنی هاوسەنگی بڕیاریداوە لەبری نوێنەری كۆمەڵ، فراكسیۆنەكەی بەشدار بێت لە مەراسیمەكەدا.

فراكسیۆن بەشدار دەبێت
فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە دانیشتنی 28/5/2019 دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم نەدا، بەڵام بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەكەن، لە بەیاننامەیەكدا فراكسیۆنی كۆمەڵ رایدەگەیەنێت" سەبارەت بە كۆبوونەوەی ڕۆژی ١٠ ی حوزەیران ی ٢٠١٩ ی پەرلەمانی كوردستان كە لە ھەمانکاتدا سەرۆكی نوێی ھەرێم سوێندی یاسایی دەستبەكاربوونی دەخوات، ئێمە لە فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان وەك ھەر كۆبوونەوەیەكی دیكەی ئاسایی لەو كۆبوونەوەیە دەڕوانین و بەشداریی دەكەین " .

بەشداریكردن ناكۆكی دروستدەكات
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ( درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ناو كۆمەڵی ئیسلامییەوە دەستی كەوتووە، پرسی بەشداریكردنی كۆمەڵ لەو مەراسیمەدا ناكۆكی لەناو ماڵی كۆمەڵی ئیسلامیدا دروستكردووەو بەشێكیان لەگەڵ ئەوەن لەبەرئەوەی ئەمیری كۆمەڵ بەشداری ناكات، هیچ یەك لە ئەندامانی كۆمەڵ بەشداری نەكەن، بەشێكی دیكەشیان پێیانوایە دەبێت فراكسیۆنەكەیان بەشدار بێت، هەربۆیە ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ بڕیار دەدات، فراكسیۆنەكەیان بەشدار بێت، بەڵام ئەو بڕیارە كێشە لەناو فراكسیۆنەی كۆمەڵ دروست دەكات.

 سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بەوەكالەت ( لەبری عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆن كە لە دەرەوەی وڵاتە) بەو بڕیارەی ئەنجومەنی سیاسی نارازی دەبێت و ئامادە نابێت بەشداری لەو مەراسیمەدا بكات، بۆیە بڕیاردەدات دەستبەرداری سەرۆكی فراكسیۆن بێت بە وەكالەت، سەرۆكی فراكسیۆن بە وەكالەت دەدرێتە ( هەورامان گەچێنەیی) و ئەمڕۆ بەشداری مەراسیمەكە دەكەن.

سۆران عومەر چی وت؟
سۆران عومەر كە ناڕازییە لە بەشداری كۆمەڵ لەو مەراسیمە هاوشێوەی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، شەوی رابردوو نوسینێكی لە پەیجی رەسمی خۆی بڵاوكردەوە، ناراستەوخۆ بەشداریكردنی كۆمەڵ لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بە " ناراستگۆیی) ناودەبات.
سۆران عومەر كە ئەمشەو پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی بەوەكاەت رادەستی كۆمەڵكردەوە، لەنوسینەكەیدا بەناوی" پێویستە راستگۆ بن!" دەنوسێت"راستگۆیی ئەوە نیە كەسێك بەھۆكاری شكستی حوكمڕانی بزانی و لەمەراسیمی بەرزبونەوەی پۆستەكەیدا كۆرسی شەرعیەت پێدانی بی!، راستگۆیی بەوجۆرە نیە دژی یاساكە بی كاندیدت نەبێ بەڵام بەشداری مەراسیمی تەشریفاتی سوێندخواردنەكەی بی! ، گەر ئاوا ڕێك و كۆكن لەگەڵیان ئیدی با خەڵك ھێندە باجی نەكەوێیە سەر!! لەپێناو باشكردنی ژیانی خەڵك پێكبێن! واز لە سیاسەتی لەگەڵ نەبوون و شوێن كەوتن بێنن!
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand