نێچیرڤان بارزانی خۆی لە توڕەیی مامی پاراست

Draw Media

2019-06-10 14:17:59



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف
هەموان بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنەكەیان كرد، تەنانەت ئەو وەزیرانەشی كە نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی هەشتدا لە حكومەتەكەی دەریكردن، بەڵام هیچ یەكێك لەوانەی پارتی بە "ئۆكتۆبەرچی" ناویان دەبات، نەبینران، سعودیە‌و توركیا لە ئاستێكی باڵادا ئامادەی مەراسیمەكە بوون، ئێران لە ئاستێكی نزمدا.
نێچیرڤان بارزانی وەكو دووەمین سەرۆكی لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا سوێندی یاسایی خوارد.
ئەمە زیاتر پرۆسەی رادەستكردنی دەسەڵات بوو لە چوارچێوەی بنەماڵەیەكدا (بارزانی)، مەسعود بارزانی كە ئێستا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دوای (12) ساڵ پۆستی سەرۆكی هەرێمی رادەستی نێچیرڤان بارزانی برازای كرد.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005وە دامەزێندراوە، واتە لەدوای رزگاربوونی كوردستانی عێراق لەژێر دەستی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 1991، ئەم دامەزراوەیە بوونی نەبووە.
پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ساڵی 2005 زیاتر وەكو پارسەنگێك لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دروستكرا، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەپێی رێككەوتنێك "رێككەوتنی ستراتیژی"، ئەو دوو پۆستەیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد.
لەوكاتەوە یەكێتی بەبەردەوامی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەبات كە پشكی كوردە، پارتیش لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كۆنترۆڵكردووە.
ماوەی دوو ساڵە مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كشاوەتەوە، لەدوای كشانەوەی بارزانییەوە، هیچ كەسێك لەو پۆستەدا دانەنرا، بەپێی یاسا دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا، بەپێی یاسایەكی تریش كە تایبەت بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان پەسەندكرا، زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەدوای دانیشتنی مەسعود بارزانییەوە، گواسترایەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی، واتە نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ماوەی دوو ساڵ مومارەسەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كردووە بەبێ ئەوەی بەفەرمی ئەو پۆستەی بەدەستەوە بوبێت.


غائیبەكانی مەراسیمی سوێندخواردن
بەپێچەوانەی زەمەنی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی مامیەوە، كە سەردەمانێك بەتایبەتی 10 ساڵی دوایی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ببوو بە خاڵی جێناكۆك لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربونیدا هەموانی كۆكردەوە، تەنانەت هەموو ئەو وەزیرانەشی كە نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی هەشتدا لە حكومەتەكەی دەریكردن، ئەمڕۆ بەشداری مەراسیمی دەستبەكاربوونی ئەویان وەكو سەرۆكی هەرێم كرد. 
دیارترین ئامادەبووەكانی مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی ئەمانە بوون:
* بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق
* محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
* مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا
* سامر سەبهان وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ كاروباری كەنداو
* فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی
* ئوسامە نوجێفی‌و ساڵح موتلەگ دوو كەسایەتی دیاری پێكهاتەی سوننەكان لە عێراق
* عەممار حەكیم، سەرۆكی هاوپەیمانی چاكسازی‌و بونیاتنان
* خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی میحوەری سوننەكان
* كونسوڵی وڵاتان‌و چەند وەزیر‌و پەرلەمانتارێكی عێراق
* فەرماندەكانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
* قوباد تاڵەبانی كوڕە بچوكی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، چوار كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و چوار كەس لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەی، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی
* نوێنەری چەند حزب‌و لایەنێكی كوردستانی باشور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات‌و باكوری كوردستان
بەڵام سەرباری ئەمەش ژمارەیەكی زۆر كارەكتەری سیاسی دیار لە ناوخۆ‌و دەرەوەی هەرێم لە مەراسیمەكەدا نەبینران، لەوانە: 
* عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی بەشداری نەكرد، نوێنەری رەوانەی مەراسیمەكە كردبوو
* حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر
* نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا
* موقتەدا سەدر، سەرۆكی هاوپەیمانی سائرون
* هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح
* بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی (دەوترێت سەرەتا ئامادە بووە بەشداری مەراسیمەكە بكات، بەڵام دواتر نەچوەتە ناو هۆڵەكەوە)
* عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (بەڵام فراكسیۆنی حزبەكەی بەشداریی مەراسیمەكەیان كرد)
* شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
* نوێنەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)
* پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)
* پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە)
ئەوەی تێبنی كرا، ئەو كارەكتەرانەی یەكێتی نیشتمانی كە مەسعود بارزانی‌و پارتی بە " ئۆكتۆبەرچی" ناویان دەبەن، بەشداری مەراسیمەكە نەبوون، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەسعود بارزانی داوایكردووە رێگە نەدرێت هیچ یەكێك لەوانە بەشداری مەراسیمەكە بكەن كە لە رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر" لە كەركوك تێوەگلاون.
سامر سەبهان وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ كاروباری كەنداو یەكێك لە دیارترین ئەو كەسانە بوو كە بەشداری مەراسیمەكەی كرد، نێچیرڤان بارزانی لە وتارەكەیدا ناوی هێنا‌و بەخێرهاتنی كرد، ئەم پیاوە هەندێك كەس بە قاسمی سولەیمانیی سعودیە  ناوی دەبەن، واتە پیاوی بەهێزی سعودیەیە لە عێراق‌و ناوچەكە، لەبەرامبەر ئەم بەشدارییە باڵایەی سعودیە، ئێران لە ئاستێكی نزمدا بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنەكەی كرد‌و هیچ كەسایەتییەكی بەهێزی ئێران نەبینران.
بەشداری توركیا لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە (مەولود چاوەش ئۆغڵو)لە مەراسیمەكەدا، تەواوی ئەو زانیارییانەی پشتڕاستكردەوە كە توركیا پاڵپشتی بەهێزی دانانی نێچیرڤان بارزانی بووە لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا، پێشتر (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدایە ئاشكرایكرد، بەرپرسانی توركیا، پارتییان ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ئەوان لە كەیسی نەوت‌و پەیوەندییەكاندا تەنیا مامەڵە لەگەڵَ نێچیرڤان بارزانی دەكەن نەك خەڵكی تر.
مەولود چاوەش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا دوای گەیشتنی بۆ هەولێر دیدارێكیشی لەگەڵ مەسرور بارزانی كرد كە دەبێت بە سەرۆكی داهاتووی حكومەت هەرێم.
كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكرد، دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، یەكەم گەیشتی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا دەبێت.

 

خۆی لە شەڕی مامی بەدور دەگرێت
نێچیرڤان بارزانی لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی مامی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم لە 29ی ئۆكتۆبەری 2017، بەبارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، لەوكاتەوە نێچیرڤان بارزانی چ خۆی‌و چ میدیاكەی (رووداو)، بەبەردەوامی دەستەواژەی "سەرۆك بارزانی" بەكاردەهێنن.
نێچیرڤان بارزانی خۆی لە شەڕو توڕەیی مامی دەپارێزێت‌و دەیەوێت پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو بنەماڵە بەشێوەیەكی ئاشتیانە تێپەڕێت.
مەسعود بارزانی وەكو كەسایەتی ژمارەیەكی مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەركەوت، مەسعود بارزانی كە ئێستا تەنیا پۆستێكی حزبی هەیە، بەر لە هەموان وتاری پێشكەشكرد.
لەوتاری دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی لانی كەم (7 جار) ناوی مەسعود بارزانی هێناو بە "جەنابی سەرۆك بارزانی" ستایشی كرد.
نێچیرڤان بارزانی پێشەكی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ ستایشكردنی مەسعود بارزانی، لەپاڵ ستایشكردندا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ سەردەمێكی نوێی سەرۆكایەتی هەرێم كرد كە جیاوازە لەسەردەمی سەرۆكایەتییەكەی مامی، كاتێك وتی" سەرۆكایەتی هەرێم چەتری یەكڕیزی‌و چەتری كۆكەرەوەی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان دەبێت.. سەرۆكایەتی هەرێم سەكۆی هەموو هاوڵاتیان دەبێت بەبێ جیاكاری‌و بەیەك چاو سەیری هەموان دەكات..".


"سوپاس بۆ ئەوانەی دەنگیان پێنەدام"
لایەنێكی گەشاوەی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی، سوپاسكردنی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە بوو كە بۆ هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی هەرێم دەنگیان بەو نەداوە یاخود نەچونەتە ناو هۆڵی پەرلەمان‌و بایكۆتیان كردووە، ئەمە فۆرمێكی نوێی گوتاری سیاسی بوو، كە زۆرێك لە سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم تائێستا فەرامۆشیان كردووە.
نێچیرڤان بارزانی كە لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتدا نەیتوانی هێزی پێشمەرگە یەكبخات، لە وتاری دەستبەكاربونیدا وەكو سەرۆكی هەرێم بەڵێنیدا كاربكات بۆ یەكخستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی بەشی زۆری وتارەكەی تەرخانكرد بۆ بانگەشەكردن بۆ تەبایی‌و لێبوردەیی‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و پێكەوەژیان لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان‌و پێكهاتەكان.
سوپاسی خەڵكی كرد كە لەدواین ویلایەتی سەرۆكایەتی حكومەتی ئەودا بەرگەی بێ موچەییان گرتووە، بەڵام هیچ بەڵێنێكی پێنەدان بەوەی موچە فەوتاوەكانیان بۆ دەگەڕێنێتەوە یاخود نا.
نێچیرڤان بارزانی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ باسی لەپێگەی بەهێزی خۆی لە ناو كابینەی نوێی حكومەتیش كرد كاتێك وتی:" هەموو توانایەكم بەكاردەهێنم بۆ پشتیوانی لە سەرۆك وەزیرانی نوێ و هەموو وەزیرەكانی كابینەی نوێ".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand