ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز لە پەرلەمانی عێراقدا پێكدەهێنرێت

Draw Media

2019-06-17 14:23:42



 (درەو میدیا):
ججموجوڵ لە ناو پەرلەمانی عێراقدا بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی گەورە دەستیپێكردووە‌و رەوتی حیكمەی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم وەك یەكەمین فراكسیۆن ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاند‌و بە رەسمیش پەرلەمانی لەوە ئاگاداركردەوە‌و لە داهاتوویەكی نزیكیشیدا چەند فراكسیۆنێكی تری هەر سێ‌ پێكهاتەكەی عێراق " شیعە‌و سوننەو كورد" ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان رادەگەیەنن.

حكومەتێكی ناتەواو
زیاتر لە حەوت مانگە حكومەتی نوێی عێراق بە رێككەوتنی هەردوو هاوپەیمانی چاكسازی و بونیاتنان و هاوپەیمانی بونیاتنان بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهد ی پێكهێنراوە، بەڵام هێشتا چوار پۆستی وەزارەتەکانی ( بەرگری، ناوخۆ، داد، پەروەردە)ی ئەو كابینەیە بەهۆی ململانێ و ناكۆكی نێوان هەر سێ‌ پێكهاتەكە " كورد، سوننە، شیعە" پڕنەكراوەتەوە.
عەبدولمەهدی كە خاوەنی فراكسیۆنێكی بەهێز نیە لە نێو پەرلەماندا چەندینجار هەوڵیداوە كێشەی پڕكردنەوەی ئەو وەزیرانە كۆتایی پێبهێنێت، بەڵام شكستیهێناوە‌و ئێستاش دۆخەكە بەرەو ئەوە دەچێت كابینەكەی عەبدولمەهدی رووبەڕووی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز ببێتەوە.
حەكیم دەستپێشخەری كرد
رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم وەك یەكەمین فراكسیۆنی بەشدار لە هاوپەیمانی چاكسازی‌و بونیاتنان ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاند، ئەوەش دوای كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی رەوتی حیكمە كە رۆژی 16ی حوەزیران بەڕێوەچوو.
لە بەیاننامەیەكدا رەوتی حیكمە رایگەیاند: دوای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی‌و ئاستی كارو ئەدای حكومەت بڕیاردرا حیكمە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی دەستوری نیشتمانی بونیاتنەر هەڵبژێرێت.
دوابەدوای ئەو كۆبوونەوەیە لەناو پەرلەمانیشدا رەوتی حیكمە بە نوسراوێكی رەسمی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی ئاگاداركردوتەوەو رایدەگەیەنێت  فراكسیۆنی حیكمە بووە بە ئۆپۆزسیۆن و داواكارە رێوشوێنێی یاسایی بگیرێتەبەرو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی فراوان
دوابەدوای ئەو هەنگاوەی رەوتی حیكمە ئێستا جموجوڵ دەستیپێكردووە بۆئەوەی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی فراوان پێكبهێنرێت، خەلیل محەمەد سەعید پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات رایگەیاند: شەش كوتلەی ناو پەرلەمانی عێراق بە ئاراستەی پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن هەنگاودەنێن كە بریتین لە:
* هاوپەیمانی نەسر: حەیدەر عەبادی
* هاوپەیمانی وەتەنییە: ئەیاد عەلاوی
* هاوپەیمانی قەرار: ئوسامە نوجێفی
* رەوتی حیكمە: عەممار حەكیم
* هاوپەیمانی سائیرون: موقتەدا سەدر
* دەوڵەتی یاسا: نوری مالیكی
* نەوەی نوێ‌: شاسوار عەبدولواحید

سائیرون دوای میوانداریكردنی عەبدولمەهدی بڕیاردەدات

هاوپەیمانی سائیرون، كە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكات‌و كۆڵەكەیەكی گرنگی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە، نیگەرانی خۆی لە ئەدای حكومەتەكەی عەبدولمەهدی نەشاردوەتەوە بە تایبەتی لە بواری خزمەتگوزاریی‌و رووبەڕبوونەوەی گەندەڵیو رەنگە بەمزوانە ئەویش شەمەندەفەری حکومەت جێبهێڵێت.
سائیرون ئێستا داوادەكات پەرلەمان میوانداری عادل عەبدولمەهدی‌و وەزیرەكانی بكات ‌و پێدەچێت دوای ئەوە هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی خۆی بۆ بەردەوامیدان لە مانەوە لە حكومەتدا یان چونە بەرەی ئۆپۆزسیۆن رابگەیەنێت.
دوای كۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی سائیرون لەگەڵ موقتەدا سەدر لەناوچەی حەنانەی  شاری نەجەف، حەسەن عاقولی، سەرۆكی فراكسیۆنی سائیرون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند حكومەتی عێراق شكستیهێناوە لە رەخساندنی هەلی كارو ئەوەش پێچەوانەی بەڵێنەكانییەتی.
عاقولی داواشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد راپۆرتێكی دورودرێژ‌و  ورد‌و پشتبەستوو بە ئامار‌و داتا لەسەر ئەوەی لەماوەی رابردوودا پێشكەشیكردووە بخاتەڕوو.
سەرۆكی فراكسیۆنی سائیرون ئاماژەی بەوەشدا كە دوای میوانداریكردنی سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی كابینەكەی لە پەرلەمان‌و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، بوچونی رون‌و ئاشكرای خۆیان رادەگەیەنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand