Draw Media

درەو میدیا:   ئەگەرچی كاندیدی ژمارەی ( 2 ) ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی لە پلەی یەكەمدا بووەو دەنگی زۆرینەی هێنا، بەڵام كاندیدی ژمارە ( 3) ی لیستەكە دەرچوو،  بەپێی ئەنجامی ئەو خشتەیەی لەبەردەستی درەو میدیایە و لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەستی كەوتووە، لە ئەنجامی 92%ی دەنگە بەراییەكان  پارتی دیموكراتی كوردستان ( 43866 ) دەنگی بەدەستهێناوە، دانا محەمەد جەزا كاندیدی ژمارە ( 2 ) ی لیستەكە ( 4588 ) دەنگی بەدەستهێناوە و لە پلەی یەكەمدایەو عومەر خدر خدر ( 3880 ) دەنگی بەدەستهێناوەو لە پلەی دووەمدایە، بەڵام دوای ئەوەی كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی راگەیاند، كاندیدی ژمارە ( 3) ی لیستەكە عومەر خدر خدر دەرچوو كۆی دەنگەكانی ( 4378 ) دەنگە، واتا هێشتا ناگاتە كۆی دەنگەكانی كاندیدی ژمارە ( 2 ) دانا محەمەد جەزا كە ( 4588 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە ئەنجامی بەرایی  دەنگدان، كە پارتی ( 43866 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڵام كۆی دەنگەكانی پارتی لە ئەنجامی كۆتایی  دەبێتە ( 48820 ) دەنگ، واتا (4954 ) دەنگی پارتی زیادی كرد و دەنگەكانی عومەر خدر لە ( 3880 ) وە بووە بە ( 4378) دەنگ و (498 ) دەنگ زیادی كردووە، بەڵام هێشتا ناگاتە دەنگەكانی ئەنجامی بەرایی دانا محەمەد جەزا كە ( 4588 ) دەنگ، واتا ئەگەر دەنگەكانی دانا محەمەد جەزا هیچ زیادیشی نەكردبێت ( 210 ) دەنگ  زیاترە لە دەنگەكانی عومەر خدر ، بۆیە بەهەموو پێوەرێك دانا محەمەد جەزا كاندیدی ژمارە ( 2 )ی لیستی پارتی لە پێشەوەیەو ئەو دەرچووە، بەڵام كۆمسیۆن كاندیدی ژمارە (3)ی دەرچواندووە، كە ئەمەش بۆ دوو خاڵ دەگەرێتەوە یان كۆمسیۆن هەڵەی كردووە، یاخود دەستكاری دەنگەكەی كراوە بەرەزامەندی حزبەكەی. لە پەیامنێكیشیدا دانا محەمەد جەزا لە پەیجی رەسمی خۆی رایگەیاندووە، كە (هەڤاڵانی ئازیزم، دەنگدەرە بەڕێزەكانم، هاوڕێ و خزم و دۆستەكانم، ئەوانەی كە زۆر ماندوبون لەگەڵمدا...ئەزانم چاوەڕێی هەڵوێست یان قسەی منن لەسەر ئەو ئەنجامە چاوەڕوان نەكراوە نادادپەروەرانەیەن كە دوێنێ شەو بڵاو كرایەوە..... قبوڵ بفەرمون پاش كەمێكیتر لێرەدا پەیامی خۆم بلاو ئەكەمەوە.......) بەڵام تا ئێستا هەڵوێستەكەی رانەگەیاندووە. لەلایەن خۆشیەوە  كارزان سەباح كاندیدی ژمارە 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك دەڵێت: "بەھۆی ئەو تەزویرات و دزیی و فزییەوە كراوە دەرئەنجامی ئەو دەنگانەی بلاو كراوەتەوە دەنگی من نییە و بۆ ئەوەش ئاگاداری سەروی خۆم و ھەموولایەكم كردوەتەوە، ئێمەش وەك ھەموو كاندیدەكانی دیكە دوای دەنگە دزراوەكانمان دەكەین، بەتەحەداوە بفەرموون دەنگەكان بەدەست بژمێرنەوە ئەوكاتە راستییەكان بۆ ھەموو لایەك روون دەبێتەو" . بەپێی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی دەنگدان كارزان سەباح ( 865 ) دەنگی بەدەستهێناوە.  هاوكات سامان سیوەیلی كاندیدی ژمارە ( 10 ) ی لیستی پارتی لە سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت " ئەگەرچی كاندیدانی لیستی (١٨٤) لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و جەماوەر و دەنگدەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان نیگەرانیەكی قوڵمان هەیە سەبارەت بەو ئەنجامانەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەعێراق ڕایانگەیاند، بەڵام ئەو پێگە گەورەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدەستی هێنایەوە لەم هەڵبژاردنەدا لەو نیگەرانیەی كەمكردینەوە" سامان سیویەیلی بەپێی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی دەنگدان كارزان سەباح ( 1944 ) دەنگی بەدەستهێناوە.  ئەمە لە كاتێكدا كە سەرۆكی لیستی پارتی لە سلێمانی ( رزگار ئەژی گۆران) دەرنەچووەو دەنگەكانی  لە پلەی سێیەمدابووەو ( 3771 ) دەنگی بەدەستهێناوە، لە رونكردنەوەیەكدا لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" سه باره ت به ساخته كارییه كان زانیاریی زۆرم له لایه كه به پیویستی نازانم لیره دا باسی بكه م ...كئ له هه فالانیش كورسییه تاقانه كه ی پارتی له سلیمانی برد پیروزی بیت" نیگەرانی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەنگەكانیان بەهۆی ساختەكاری و یاخود گومان لە دەستكاری كردنی دەنگەكانیان لە ناو لیستەكەدا، لە كاتێكدایە كاندیدی زۆرێك لە لیستەكانی دیكەش هەمان گومانیان بۆ درووست بووە كە سەرەرای تەزویر، لەناو لیستەكەشیاندا دەستكاری دەنگەكانیان كراوە .


(رەو میدیا) بەشیك لەو كاندیدانەی كە لە لیستە عێراقیە عەرەبیەكاندا خۆیان كاندید كرد دەرچوون، كە چاوەڕوان دەكرێتە ئەمە ببێتە نەریت بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بەرێژەیەكی زیاتر بەشداری بكەن و خۆیان كاندید بكەن لەسەر لیستە عێراقیەكان، پێشتر ئەو هەنگاوە هەڵای گەورەی بەدوای خۆیدا هێناو هەندێكیان تۆمەتی خیانەتیان خرایە پاڵ لە نمونەی ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید، بەڵام ئێستا عەلی حسێن،  لێپرسراوی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت : "سەبارەت بە بوونی كاندیدی حیزبە كوردییەكان لەناو لیستەكانی تر بە تایبەت عەرەبیەكان، شتێكی ئاساییە و زۆریش باشە ئەوە نیشانەی بەهێزی كورد دەردەخات و مانای سیاسەتە و پارتیش ئەو هەنگاوەی گرتۆتە بەر، ئەم لیدوانەی عەلی حسێن كە بۆ سایتی (راچڵەكین) داویەتی، پێچەوانەی هەڵوێستەكانی پێشویانە، بەڵام لەدوای سەركەوتنی ئەو كاندیدانە ئیتر هەڵوێستەكان پێچەوانە بونەتەوە، دیارترین  ئەو كاندیدە كوردانەی دەرچوون:.  1.ئاڵا تاڵەبانی كاندیدی ژمارە  5ی  هاوپەیمانی بەغدادەو ( 2904) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.  2.ئاراس حبیب محمد، كوری سكرتێری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستانە و  كاندیدی ژمارە 4ی ئیئتلافی نەسری عەبادیە و ( 6677) دەنگی بەدەستهێناوەو دەرچووە. 3. ئازاد حەمید شەفی  كاندیدی ژمارە 53 ی  لیستی سائرون، كە لە پارتی دیموكراتی كوردستانە و ( 6629 ) دەنگی بەدەستهێناوە و دەرچووە. 4.د.غاندی كەسنەزانی  كاندیدی ژمارە 10 ی لیستی ئیئتیلافی وەتەنیەی ئەیاد عەلاوی كە ( 6648 ) دەنگی بەدەستهێناوە و دەرچووە.


( درەو میدیا) د. محەمەد عەلی ساڵح كاندیدی ژمارە 22ی لیستی  هاوپەیمانی مەدەنتی دیموكراتی لە بەغدا بەبێ‌ هەڵواسینی هیچ پۆستەرێك توانی 7351 دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێتە ئەندامی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. دكتۆر محەمەد ساڵح لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا  هیچ پۆستەرێكی لە شەقامەكاندا بڵاونەكردەوەو تەنها كارتێك كە بەشێك لە سیڤی خۆی و بەرنامەی هەڵبژاردنی لەسەربوو لە شەقامەكانی بەغدا بڵاوكردەوە و وێنەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوبووەوە و بەوەش توانی كورسییەكی پارێزگای بەغداد لە پەرلەمان بەدەستبهێنێت. د. محەمەد ساڵح، كەسایەتییەكی تەكنۆكراتە و ساڵی 1962 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاریدا لە زانكۆی بێرمینگهام بەدەستهێناوە و ساڵی 1973ش لە زانكۆی موستەنسرییەی بەغدا بەكالۆریۆسی لە یاسادا بەدەستهێناوە و ساڵی 1977 ماستەری لە ئابوری نەوتدا لە زانكۆی كۆلۆرادۆی ئەمریكا بەدەسهێناوە و ساڵی 1980 دكتۆرای لە هەمان پسپۆریدا لە زانكۆی كۆلۆرادۆ بەدەستهێناوە. د. محەمەد ساڵح بەهۆی ئەوەی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولەیە، سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات.  


(درەو میدیا):  حزبەكانی كوردستان پێشبینیان بۆ كورسیيەكانی خۆیان كردبوو، بەپێی لێكدانەوەو بارودۆخی هەرێمی كوردستان، بەڵام جیاوازیەكی زۆر هەیە لە نێوان پێشبینی ئەوان و دەنگەكانیان كە لەلایەن كۆمسیۆنە راگەیەنراوە، جیاوازیەكی ئیجگار زۆر هەیە لە نێوان پێشبنی ئەوان و ئەو دەنگەی بۆیان هاتۆتەوە. یەكەم/ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان چاوی لە ( 6 كورسی ) بووە بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام (2 كورسی) بۆ هاتوەتەوە، بە پێی زانیاریيەكانی ( درەو میدیا) یەكگرتوو پێشبینیان كردبوو لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا زیاتر لە ( 6 كورسی) بهێنن، ( 2 كورسی سلێمانی و 1 كورسی هەولێر و 3 كورسی دهۆك) چاویان لە كورسیيەكی كەركوكیش بووە، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكاری و بردنی دەنگەكانیانەوە كورسییەكان كەمكراوەتەوە بۆ (2 كورسی). یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عێراق (4 كورسی) هەبوو ( 2 دهۆك و 2 سلێمانی ) لە هەڵبژاردنی 2018 دا تەنها (2 كورسی) بەدەستهێناوە ( 1 دهۆك و 1 سلێمانی). دووەم/ بزوتنەوەی گۆڕان  دەنگی پێشبینیكراوی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا لانی كەمی ( 9 كورسی) بووە، بەڵام ( 5 كورسی)یان بۆ دانراوە وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكاری و دەستكاریكردنی دەنگەكانیاینەوە، بەو پێیەی گۆڕان لە كەمترین حاڵەتدا  ( 6 كورسی لە سلێمانی و 2 كورسی لە هەولێر و 1 كورسی  لە كەركوك)بەدەستهێناوە، بەڵام بۆیانكراوە بە (5 كورسی) ، گۆڕان  لە هەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عێراق (9 كورسی) هەبوو (7 سلێمانی 2 كورسی هەولێر) لە هەڵبژاردنی 2018 دا تەنها 5 كورسی بەدەستهێناوە ( 1 كورسی هەولێر و 4 كورسی سلێمانی).  سێیەم/ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەنگی پێشبینیكراوی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ( 4 كورسی ) بووە، بەڵام وەكو خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكارییەوە كەمكراوەتەوە بۆ ( 2 ) كورسی، بەو پێیەی ( 2 كورسی سلێمانی و 2 كورسی لە هەولێر) بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنی 2014 دا ( 3 كورسی) بۆ دانراوە، ( 2 كورسی هەولێر و 1 كورسی سلێمانی). چوارەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە پێی پێشبینیەكانی خۆیان هاوپەیمانی ( 7 كورسی ) بەدەستهێناوە بەمشێوەیە: ( هەولێر 2 كورسی و سلێمانی 4 كورسی و دهۆك 1 كورسی)، بەڵام تەنها ( 2 كورسی) بۆ دانراوە. پێنجەم/ یەكێتی نیشتیمانی بەپێی پێشبینیەكان یەكێتی تەنها ( 3 كورسی لە سلێمانی و 2 كورسی لە هەولێر و 3 كورسی لە كەركوك و 1 كورسی لە دیالە و 1 كورسی لە نەینەوا) بەدەستهێناوە، كە دەكاتە ( 10 كورسی )، بەڵام ئێستا 18 كورسی بەدەستهێناوە. شەشەم/ پارتی دیموكراتی كوردستان پێشبینیەكان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، ( 2 كورسی لە سلێمانی و 6 كورسی لە هەولێر و 6 كورسی لە دهۆك و 4 كورسی لە نەینەوا)ی بەدەستهێناوە كە دەكاتە ( 18 كورسی ) بەڵام ئێستا 25 كورسی بەدەستهێناوە. كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق وەك ئەوە وایە بۆیان دیاری كرابێت، بەو پێیەی ( هاوپەیمانی لە دەڤەری زەرد یەك كورسی بۆ دانراوە لە دەڤەری سەوز یەك كورسی بۆ دانراوە،  یەكگرتوو لە دەڤەری زەرد یەك كورسی بۆ دانراوە لە دەڤەری سەوز یەك كورسی بۆ دانراوە، نەوەی نوێ لە دەڤەری زەرد 2 كورسی بۆ دانراوە لە دەڤەری سەوز 2 كورسی بۆ دانراوە، یەكێتی لە سلێمانی ۸ كورسی  و پارتیش لە هەولێر ۸ كورسی ، یەكێتی لە كەركوك ٦ كورسی و پارتیش لە موسڵ ٦ كورسی) بۆیە دەوترێت ئەم دابەشكارییە بە سوتفە نیە و لە خۆوە نەهاتووە. 


(درەو میدیا): ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی قسەكردن و بڕیاردان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن كۆبوەوە. بەهۆی ئەوەی نیسابی یاسایی كۆبونەوەكە تەواو نەبوو، سەرۆكی پەرلەمان بڕیاریدا كۆبونەوەكە راوێژكاری بێت، بەوهۆیەشەوە پەرلەمانی نەیتوانی بڕیار بدات لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لەبری ئەوە شەش داواكاری ئاڕاستەی كۆمسیۆن كرد. بەهۆی ئەوەی داواكارییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران هێزی بڕیاریان نییە، كۆمسیۆن دەتوانێت ملكەچ نەبێت. دەقی داواكارییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: 1- كۆمسیۆن هەموو رێگایەك بگرێتەبەر كە گەرەنتی گەڕانەوەی متمانە بكات بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی پاك و دادپەروەرانە، لەناویاندا جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی دەستی و هەرەمەكی بۆ ژمارەیەك لە سندوقەكانی دەنگدان، بەتایبەتی ئەو سندوقانەی كە لەلایەن قەوارە سیاسییەكانەوە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە باش كاركردنی ئامێری جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی. 2- هەر كەیسێكی تاوان رەوانەی دەسەڵاتە تایبەتمەندەكان بكرێت لەو حاڵەتانەی كە تێیدا شێوازی خراپ مامەڵەكردن بە خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردن فەراهەم بووە. 3-  پێویستە دەستبەجێ كۆپییەكی ئەلیكترۆنی و وێنەی تیشكی كارتەكانی دەنگدان بدرێتە قەوارە سیاسییەكان لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی لەڕێگەی مانگی دەستكردی (V-SAT) بۆ سێرڤەری سەرەكی لە كۆمسیۆن كە لە تالی سەنتەرە. 4- جەخت بكرێتەوە لە پرۆسەی بەراوردكردنی ئەو داتانەی بە ئەلیكترۆنی نێردراون لەگەڵ داتای سندوقەكاندا، ئەوەش لەرێگەی چەند سندوقێكەوە (فلاش و SD كارت)، لەبەردەم بریكاری قەوارە سیاسییەكاندا بەشێوەیەكی شەفاف. 5- داوا لە دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان دەكرێت بە شێوەیەكی زۆر لەسەرخۆ و بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ تانەكاندا بكات و بایەخی زۆریان پێبدات بەئامانجی گەیشتن بە دادپەروەری. 6- لیژنەی یاسایی بەدواداچون بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات و راپۆرتێكی بەپەلە دەرباری ئەو پرۆسەیە و ئەو گیروگرفتانەی كە چەند لایەنێكی سیاسی بانگەشەی دەكەن، پێشكەش بكات.  


" هاوپەیمانی یەكلابوەتەوە و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو هێشتا بڕیاریان نەداوە"   لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكانەوە، پرسی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە بەغداد بوەتە باسی شەش لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان كە گومانیان لە راست و دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتی د. بەرهەم ساڵح بڕیاری كۆتایی داوە بۆ بایكۆتكردن و پەرلەمانتارە دەرچووەكانی نانێرێت بۆ بەغداد، بەڵام فشاری زۆری ئەمریكی و ئێرانییەكان لەسەر هاوپەیمانیە بۆئەوەی رازیان بكەن بچنە بەغدا . سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، تائێستا یەكگرتوو یەكلانەبوەتەوە لەسەرئەوەی بایكۆت دەكات یان نوێنەرەكانی دەنێرێتە بەغداد، بەڵام بڕیارە سەركردایەتی ئەو حزبە سبەینێ یەکشەممە كۆببێتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، تا ئێستا بڕیاری یەكگرتوو ئەوەیە ئەگەر یەك هێزی ناڕازی بایكۆتی بەغداد بكات، یەكگرتوو هێزی دووەم دەبێت بۆ بایكۆت. كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئێستا بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەشبووە، بەشێكیان پێیان وایە پێویستە بچنە بەغداد و بەشێكیشی پێیان وایە لەگەڵ بەرەی ناڕازی بن و بایكۆتی بەغداد بكەن. هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە لەگەڵ ئەوەی رای زۆرینە لەگەڵ ئەوەیە بایكۆتی بەغداد بكەن، بەڵام بەشێكی كەمی سەركردەكانی گۆڕان مەیلیان بەلای ئەوەدایە ناكرێت بەغداد بۆ یەكێتی و پارتی جێبهێڵن و بە ئارەزووی خۆیان بڕیار بدەن، ئەوانە لایەنگری ئەوەن بەغداد بایكۆت نەكرێت ئەزمونی سوننەكان دێننەوە بەرچاو كە ساڵی 2005 بایكۆتیان كرد و زیانیان كرد، هەندێكیشیان پێیانوایە بەم دۆخەوە بچنە بەغداد پێگەیەكی لاوازیان دەبێت و دەبنە باشكۆی یەكێتی و پارتی لە بڕیارەكانی بەغداد، بەڵام زۆرینەی بنكە جەماوەرییەكەی گۆڕان لەگەڵ بایكۆتە و چاوەڕوانی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانین بۆ بڕیاری كۆتایی لەسەری.    هەرچی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە لەسەر زاری شاسوار عەبدولواحدی سەرۆكی جوڵانەكەوە  هەر زوو راگەیەنرا كە دەچنە بەغداد و بایكۆتی ناكەن.  بەڵام تا ئێستا متمانەی تەواوەتی لەنێوان حزبەكاندا دروست نەبووە و هەر كەسە و سەیری بەرژەوەندی خۆی دەكات لەو پرسەدا، بەو واتایەكی تر رووداوەكانی پێشوو كاریگەری لەسەر دروستكردنی كۆدەنگی هەیە و پێویستی بە متمانەی تەواوەتی لایەنەكان هەیە.


( درەوە میدیا) حەنان فەتلاوی سەرۆكی لیستی " بزوتنەوەی ئیرادە" دەنگی پێویستی نەهێنا و كورسییەكەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەدەستدا، بەڵام لیستەكەی سێ‌ كورسی لە پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە. فەتلاوی كە بە لێدوانە ئاگرینەكانی دژی هەرێمی كوردستان ناسراوە، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا لیستێكی بەناوی " ئیرادە" پێكهێنا و خۆی لە پارێزگا بابل سەرۆكی لیستەكە بوو، بەڵام دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و بە گوێرەی ئەنجامەكانی كۆمسیۆن دەنگەكانی نەگەیشتوەتە ئەوەی كورسییەكی پارێزگای بابل لە پەرلەمانی عێراق مسۆگەربكات، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی رابردوودا لەو پارێزگایە زیاتر لە 90 هەزار دەنگی بەدەستهێنا. لیستەكەی فەتلاوی لە پارێزگاكانی بەغدا و بەسرە و قادسیە سێ‌ كورسی بەدەستهێناوە و لە پەیامێكیشیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی:" كەسوكاری بەڕێزمان لە بەسرە، دیوانیە و بەغدا، لە دڵە سوپاستان دەكەم بۆ وەفاداریتان و دەنگدانتان بە لیستی ئیرادە، و شانازیتان پێوەدەكەم و بە ویستی پەروەردگار ئیرادە و سێ‌ پەرلەمانتارەكەی بەوەفا دەبن بۆتان، سوپاس بۆ ئەوەی لە دەرەوە دەنگیان بە ئیرادەدا، سوپاس بۆئەوانەی لە دیقار و نەجەف و موسەننا و بابل دەنگیان بۆ ئیرادەدا و هەتا ئەگەر سەركەوتووش نەبوین، سوپاس بۆ ئەو كەسانەی درۆیان لەگەڵ كردن بەوەی پشتگیری ئیرادە دەكەن و كە بە درۆ هەڵڕشتنیان بۆ پشتیوانیمان ئەزمونێكیان پێداین و لە ئەزمونەكانیشدا زانیاری بەسود هەیە."  


( درەو میدیا) سەلیم جبوری سەرۆكی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كورسییەكەی لە پەرلەمان لەدەستدا و دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا. سەلیم جبوری كاندیدی " هاوپەیمانی نیشتمانی" بوو لە بەغدا كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكرد و نەیتوانی دەنكی پێویست بەدەستبهێنێت و ئەم خولەش بچێتەوە پەرلەمان. ئەمەش لە كاتێكدا پێش راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنەوە نوسینگەی سەلیم جبوری لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو جبوری لە پارێزگای بەغدا 23 هەزار و 887 دەنگی بەدەستنەهێناوە. كاندیدە دەرچووەكانی ئیئتیلافی نیشتمانی لە بەغدا: •    ئەیاد عەلاوی    28069 دەنگ •    زیاد تارق عەبدوڵا     7389 دەنگ •    كازم عەتیە كازم     6996 دەنگ •    غاندی محەمەد عەبدولكەریم    6846 دەنگ •    كەریم یوسف حەسەن    5585 دەنگ •    حسێن خزەیر عەباس    5339 دەنگ •    عائشە غەزال مەهدی      4642 دەنگ •    زەیتون حسێن مراد      2968  دەنگ


راپۆرتی شیكاریی: فازل حەمەڕەفعەت بەپێی چوار سیناریۆی پێشبینیكراو بۆ چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ، ئەگەر لایەنە كوردییەكان بەجیا بچنە ناو دانوستانەكانەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان چانسی لە هەموو لایەنەكانی تر زیاترە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو. دواجار دوێنێ شەو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆتایی بە مشتومڕەكان هێنا و ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی راگەیاند كە تاڕادەیەكی زۆر هاوشێوەی ئەنجامە بەراییەكان بوو. بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو، لیستی (سائرون) بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر بوو بە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن و  لە كۆی 329 كورسی ئەنجومەنی نویێنەران (54) كورسی بردەوە. دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، ئێستا چوار سیناریۆ هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق: سیناریۆی یەكەم پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان (موقتەدا سەدر- عەمار حەكیم- حەیدەر عەیادی- ئەیاد عەلاوی- ئوسامە نوجێفی- مەسعود بارزانی): •    لیستی سائرون- موقتەدا سەدر: (54 كورسی) •    رەوتی حیكمە- عەمار حەكیم:  (19 كورسی) •    لیستی النصر- حەیدەر عەبادی:  (42 كورسی) •    ئیئتیلافی نیشتمانی- ئەیاد عەلاوی: (21 كورسی) •    هاوپەیمانی بڕیار- ئوسامە نوجێفی:  (12 كورسی) كۆی كورسییەكانیان: 148 كورسی ئەگەر هاوپەیمانێتییەكەی لەم جۆرە پێكبهێنرێت، هێشتا ئەو لایەنانە ناتوانن ژمارەی كورسییەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بگەیەننە (50+1) كە پێویستە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران (329) كورسییە، گەیشتن بە رێژەی (50+1) پێوستی بە (166) كورسییە. لەم حاڵەتەدا دەبێت لایەنەكانی ئەو هاوپەیمانێتییە پەنا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی ببەن كە (25 كورسی) هەیە، بەمەبەستی تەواوكردنی رێژەی (50+ 1) لە ئەنجومەنی نوێنەران. لە حاڵەتی دروستبونیدا، ئەم هاوپەیمانێتییە لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە رەنگە دووچاری هەندێك كێشمەكێش ببێت، چونكە موقتەدا سەدر پێشتر ئاماژەی بەوەكردووە هاوپەیمانێتییەكەی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەبێت و هاوكات رەوتی حیكمەی عەمار حەكیمیش وەكو یەكێكی تر لە لایەنە بەشدارەكانی هاوپەیمانێتییە گریمانەكراوەكە كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەیە و كاندیدەكەش (عەبدولحسێن عەبتان) وەزیری وەرزش و لاوانە. لەم حاڵەتەدا حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر كە خۆی بۆ ویلایەتی دووەم كاندید دەكاتەوە، دوچاری ئاستەنگ دەبێت. سیناریۆی دووەم هاوپەیمانی نێوان (حەیدەر عەبادی- نوری مالیكی- هادی عامری): •    لیستی النصر- حەیدەر عەبادی/ (42 كورسی) •    ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا- نوری مالیكی/ (26 كورسی) •    هاوپەیمانی فەتح- هادی عامری/ (48 كورسی) كۆی كورسییەكانیان: 116 كورسی ئەم هاوپەیمانێتییە ناتوانێت بەتەنیا بەو سێ لایەنە رێژەی (50+1) لە ئەنجومەنی نوێنەران تەواو بكات، بۆیە پێویستی بە بانگهێشتكردنی ژمارەیەك لایەنی تر هەیە، یەكێك لە ئاستەنگەكانی تری بوونی دوو كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران واتە هەریەكە لە (حەیدەر عەبادی و نوری مالیكی). ناكۆكی نێوان عەبادی و مالیكی هەڕەشەیە لەسەر ئەگەری دروستبونی هاوپەیمانێتییەكی لەم جۆرە، بۆیە پێشبینی ناكرێ ئەم سیناریۆیە سەركەوێت. سیناریۆی سێیەم پێكهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان (هادی عامری- نوری مالیكی- یەكێتی نیشتمانی كوردستان). •    هاوپەیمانی فەتح- هادی عامری/ (48 كورسی) •    ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا- نوری مالیكی/ (26 كورسی) •    یەكێتی نیشتمانی كوردستان/ (18 كورسی) ئەم سێ لایەنە بەهەموویانەوە (92) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەیە و زۆر دورترن لە ئەگەری گەیشتن بە رێژەی (50+1) بۆیە پێویستیان بەوە هەیە ژمارەیەكی زۆرتری لایەنەكان بۆ ناو هاوپەیمانێتییەكەیان كێش بكەن، ئەمەش هەوڵ و كۆششی زۆری دەوێت. سیناریۆی چوارەم ئەگەر هەیە ئێران ئەمجارەش سەركەوتوو بێت لە كاراكردنەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی كە زۆرینەی هێز و لایەنە شیعەكانی عێراقی لە خۆدەگرت و لە هەڵبژاردنی رابردوودا كابینەی حكومەتی پێكهێنا. كاراكردنەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە پێویستی بە كۆكردنەوەی ئەم لایەنانە هەیە: •    هاوپەیمانی سائرون- موقتەدا سەدر •    هاوپەیمانی فەتح- هادی عامری •    رەوتی حیكمە- عەمار حەكیم •    هاوپەیمانی النصر- حەیدەر عەبادی دروستبوونی ئەم هاوپەیمانێتییە وابەستەیە بە مەرجێكی سەرەكی موقتەدا سەدرەوە كە ئەویش مەرجی دوورخستنەوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكییە، ئەوەش رەنگە كارێكی سەخت بێت لەبەردەم ئێرانییەكان، بۆیە ئەگەری دروستبونی ئەم هاوپەیمانێتیەش تاڕادەیەك پێشبینی نەكراوە. چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بە گوێرەی دەستور رۆژی شەممە 12ی ئایار دەنگدەرانی عێراق لە یەكەم هەڵبژاردندا دوای شكستپێهێنانی رێكخراوی داعش چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، دەنگدانێك كە كاریگەری دەبێت لەسەر هاوسەنگی هێزەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بەمشێوەیەكی خوارەوە بە گوێرەی دەستوری عێراق كابینەی نوێی حكومەت پێكدەهێنرێت كە 90 رۆژی بۆ ئەو پرۆسەیە دیاریكردووە: - كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان  شەوی هەینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی راگەیاند - فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق داوا لە پەرلەمانی هەڵبژێدراو دەكات لە ماوەی 15 رۆژ دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان كۆببێتەوە. - پەرلەمانتاران لە دانیشتنی یەكەمدا بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری، سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرن. - پەرلەمان بە كۆی دەنگی دوو لەسەر سێ‌ لە ماوەی 30 رۆژدا دوای دانیشتنی یەكەمی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت. - سەرۆك كۆماری نوێ‌ كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌. - سەرۆك وەزیران راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و خستنەڕووی ناوەكانیان لە پەرلەمان بۆ متمانە پێدانی. - پێویستە پەرلەمان بەرنامەی حكومەت پەسەند بكات و هەر وەزیرێك بەجیا دەنگی لەسەربدرێت و بە زۆرینەی رەها متمانەی پێببەخشرێت. -  ئەگەر سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو نەیتوانی لەماوەی 30 رۆژدا كابینەی حكومەت پێكبهێنێت، یان پەرلەمان رەتیكردەوە متمانە بە حكومەت ببەخشێت، ئەوا پێویستە سەرۆك كۆماری كاندیدێكی تر رادەسپێرێت لە ماوەی 15 رۆژدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت.


  (درەو میدیا) موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی " سائرون" كە 54 كورسی پەرلەمانی نوێی عێراقی بەدەستهێناوە، ئامۆزایەكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندیددەكات. چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سایتی " بەغداد نیوز" یان راگەیاند موقتەدا سەدر لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە كە جەعفەر سەدری ئامۆزای بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیددەكات و حەكیمیش بەڵێنیداوە وڵاتانی عەرەبی لەوە ئاگاداربكاتەوە و رەزامەندییان وەربگرێت. سەرچاوەكان ئاشكراشیانكرد موقتەدا سەدر كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزەكانی ئوردن و سعودیە و كوەیت و توركیا كردووە و ئاگاداریكردونەتەوە. جەعفەر سەدر كوڕی ئایەتوڵا محەمەد باقر سەدری دامەزرێنەری حزبی دەعوەیە و سەدر دەیەوێت بە كاندیدكردنی رێگە لە حزبی دەعوە بگرێت لەكاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. پێشتریش موقتەدا سەدر لە وەڵامی لایەنگرێكیدا رایگەیاندبوو عەلی دەوای پارێزگاری میسان یەكێكە لەو كەسانەی كە كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.  


بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا" سبەی یەك شەممە برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا دێتە سلێمانی بۆ قسەكردن لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و و رەوینەوەی نیگەرانی بەشێك لەلایەنەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، كە پێیان وایە ساختەكاری ئەلكترۆنی كراوەو دەستكاری دەنگەكانیان كراوە.  مەكگۆرك لە سەردانەكەی بۆ سلێمانی سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراقیش لەگەڵ خۆی دەهێنێت و داوادەكات هێزەكان بەشداری بكەن لە پێكهێنانی حكومەتدا. 


(درەو میدیا): كەمێك بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ قسەكردن لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن دەستیپێكرد. بەهۆی ئەوەی نیسابی یاسایی تەواو نەبوو، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا دانیشتنەكە (تداول)ی بێت، واتە تەنیا گفتوگۆ دەكرێت و ئەنجومەن ناتوانێت هیچ بڕیارێك دەربكات یاخود دەنگ لەسەر هیچ بڕیارێك بدات. هەندێك لەو لایەنە سیاسییانەی كە گومانیان هەیە لە ئەنجامی هەڵبژاردن، خوازیاربوون لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی نوێنەران بتوانێت كارێك بكات و بۆ لێپێچینەوە لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بەڵام بەوەی كە دانیشتنەكە نیسابی یاسایی تەواونەكرد پێناچێت ئەنجومەنی نوێنەران بتوانێت هیچ كارێك لەوبارەیەوە بكات.  


(درەو میدیا): مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوكردەوە. لە پەیامەكەدا بارزانی دەڵێت" هەڵبژاردنەكانیش هەندێ نیگەرانی و گومان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانیدا هەیە. بۆ نەهێشتنی گومان و ناڕەزاییەتەكان پێویستە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت. لەبارەی چۆنیەتی بەشداریكردنی كوردیش لە پەرلەمان و حكومەتی داهاتووی عێراق، بارزانی داوا دەكات" لایەنە كوردستانییەكان ئەمجارە لە بەغداد پێكەوە بن و یەكڕیز بن بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان نەكەنە قوربانیی هەندێ دەستكەوتی كاتی و سیاسیی و حزبی". بارزانی ئاماژە بەوەدەكات، ئەوان پێیان باشە بە دیالۆگ لەگەڵ بەغداد بەردەوام بن هەتا دەگەنە ئەنجامێك.   


جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا رایدەگەیەنێت ئەوەی جورئەت بكات بێرێزی بەرانبەر كاك نەوشیروان و ئادگار و یادەوەریی ئەو بكات، ئەوە بێرێزی بە مام جەلال كردووە. قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكیدا دەشڵێت :" چونكە دوانەیەكن هیچ كات لەیەكتر جیا نابنەوە و من وەك كوڕی مام جەلال ئەم یادەی كاكە نەوە و ئەم كۆست كەوتن و پێشهاتانەی دوایی بە دەرفەت دەزانم تا پابەندیی خۆم بە زیندووهێشتنەوەی هەردوو رێبازی مام و كاكە نەوە دووپات بكەمەوە. سەرخستنی ئامانجەكانی مام جەلال و كاك نەوشیروانیش تەنها بە دۆستایەتیی و برایەتیی هەموومان و باش ئیدارەدانی ناكۆكییەكان دێت بە جۆرێك بە قازانجی هەموولایەك و پاراستنی نەگۆڕە مێژوییەكان بگەڕێتەوە. ئەمەش دەقی پەیامەكەیە: ساڵیادی كۆچی كاكە نەوە بە هاتنەوەی ساڵیادی كۆچی دوایی كاك نەوشیروان، جارێكیتر برینەكانمان بۆ سەفەری كتوپڕی ئەو كەڵە سەركردەو روناكبیرو نووسەرەی كورد كولایەوە. ڕەوانشاد هاوڕێی تەمەنی مام جەلال و شەریكی سەروەرییە مێژوییەكانی بوو. هەردووكیان ئەندازیاری زۆر وێستگەی گرنگن لە خەباتی رزگاریخوازیی گەلی كورد و ئێمە بەختەوەرین لە رۆژگارێك ژیاین كە ئەوان رێبەرمان بون و لە نزیكەوە لە كانیاوی بیرو رێبازی ئەوان ئاومان خواردەوە.لە هەموو قۆناغێكی پێكەوەبوونی مام و كاكە نەوەدا دونیای ئێمە هیوایەكی تێدا دروستبۆتەوە، بە پێچەوانەشەوە لە ناكۆكییەكانیشیاندا، كۆمەڵگاكەمان دووچاری پەرتەوازەیی و دڵەخورتێ هاتووە. ئەوان خاوەنی مەشخەڵانی شۆڕشی نوێن و بە گوڵاوی سەرمۆری رێككەوتنی دەباشانیش ئێمەیان بە جێهێشت، لە پێناو گەیشتن بە حكومڕانییەكی دیموكراسییانە و وەلانانی ناكۆكییە نا پێوێستەكان كە چەندین دەیەیە میللەتی ئێمەی شەكەت و ماندوو كردووە.ئێستاش كە ئێمە لەم قۆناغە هەستیارەداین لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە گەڕانەوە هەیە بۆ شوێن پێی ئەم دوو سەركردەیە، ئەوەی جورئەت بكات بێرێزی بەرانبەر كاك نەوشیروان و ئادگار و یادەوەریی ئەو بكات، ئەوە بێرێزی بە مام جەلال كردووە، چونكە ئەو دووانەیە هیچ كات لەیەكتر جیا نابنەوە و من وەك كوڕی مام جەلال ئەم یادەی كاكە نەوەو ئەم كۆست كەوتن و پێشهاتانەی دوایی بە دەرفەت دەزانم تا پابەندیی خۆم بە زیندوو هێشتنەوەی هەردوو رێبازی مام و كاكە نەوە دووپات بكەمەوە. سەرخستنی ئامانجەكانی مام جەلال و كاك نەوشیروانیش تەنها بە دۆستایەتیی و برایەتیی هەموومان و باش ئیدارەدانی ناكۆكییەكان دێت بە جۆرێك بە قازانجی هەموولایەك و پاراستنی نەگۆڕە مێژوییەكان بگەرێتەوەو لە هەمان كاتیشدا یادو یادەوەریی ئەم دوو رێبەرە مەزنە وەك دوو هاورێی خەباتگێڕ بۆ هەمیشە بە زیندوویی بهێڵێتەوە. قوباد تاڵەبانی  


دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای هەولێر كۆمەڵی ئسلامی كوردستان لە كۆی ( 642437) دەنگدەر ( 36855) دەنگی بەدەستهێناو یەك كاندیدی دەرچوو ئەویش سەلیم شوشكەیی كە كاندیدی ژمارە 2 ی لیستەكەبوو، بەڵام سەرۆكی لیستەكە كە ( زانا رۆستایی) ە دەرنەچوو.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand