عەبدولمەهدی كەربەلایی نوێنەری عەلی سیستانیی مەرجەعی باڵای شیعەكان دوای دەنگدانی، داوای لە هاوڵاتیانی عێراق كرد لە پێناوی گۆڕانكاریدا بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و جەختیشیكردەوە كە پێویستە نەگەنە قۆناغی نائومێدیی لە راستكردنەوەی رێڕەوی دامەزراوەكانی دەوڵەت. كەربەلایی لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان وتیشی :" پێویستە لەسەرنمان نا‌ئومێد نەبین لە راستكردنەوەی رێڕەوی دامەزراوەكانی دەوڵەت، بە تایبەتی كە مەرجەعیەتی باڵای ئایینی روونیكردەوە كە جگە لە پرۆسەی هەڵبژاردن هیچ جێگرەوەیەكی تر نییە." بەیانی ئەمڕۆ شەممە 12ی ئایار پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەرتاسەری عێراقدا دەستیپێكرد و پرۆسەكە تا كاتژمێر شەشی ئێوارە بەكاتی بەغداد بەردەوام دەبێت.
هەموو سەركردە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پەنجەی مۆركراویان بەرزكردەوە و داوای بەشداری هاوڵاتیانیان كرد لە هەڵبژاردنەكان، جگە لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ونبونی مەسعود بارزانی لە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئێستاش لە پرۆسەی دەنگداندا نیگەرانیەتی لە رووداوەكانی رابردوو. بەپێی زانیارییەكان لە كۆبونەوەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوە بووە كە كورد بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا نەكات، بەڵام لەو هەنگاوەیدا سەركەوتوو نەبوو، بۆیە بڕیاریشیداوە بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردن نەكات و چاوەڕوانیش ناكرێت بەشداری دەنگدانیش بكات. ئەو ونبونەی مەسعود بارزانی لەدوای ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017 و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە بە شكستی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان ناوبرا.هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەشێكی ونبونەكەی بارزانی پەیوەندی بە فشاری توندی نێودەوڵەتیەوە، بەوەی بە قسەی هیچ هێزوو وڵاتێكی نەكرد و ریفراندۆمەكەی كرد.
چەكدارانی داعش لە باشووری كەركوك هێرشیانكردە سەر خاڵێكی پشكنینی پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی عەشایەری . سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگاری كەركوك لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریەنیوز" رایگەیاند بەیانی ئەمڕۆ شەممە 12ی ئایار چەكدارانی داعش لە نزیك گوندی سەعدونیەی ناحیەی رەشاد " 35 كیلۆمەتری باشووری خۆرئاوای كەركوك" هێرشیانكردە سەر خاڵێكی پشكنینی پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی عەشایەری و لە ئاكامدا چوار پۆلیسی فیدراڵی و دوو چەكداری حەشدی عەشایەری كوژران و دوو چەكداری تری حەشدی عەشایەری برینداربوون.
(درەو میدیا): بەیانی ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئیئتیلافی سەركەوتن (النصر) لە خوێندنگەی (بەغداد) لە ناوچەی كەڕادە لە بەغدادی پایتەخت دەنگیدا. لە وتەیەكدا بۆ رۆژنامەنوسان دوای دەنگدان، عەبادی هیوای خواست ئەو كێشانەی كە لە كاتی دەنگدانی تایبەتدا هەبوو، ئەمڕۆ چارەسەر بكرێن. عەبادی وتی: هەڵبژاردن گرنگە و ئایندەی وڵات دیاری دەكات، پێویستە عێراقییەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان بەشداری تێدا بكەن.
نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت هەوڵێك هەیە بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری لە رێگەلا گوشارخستنە سەر دەنگدەران و داواش لە كۆمسیۆن دەكات بەدواداچوونی بۆ بكات. مالیكی لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی عێراق وتی:" هەڵبژاردن دەكرێت عێراق بەرێتە قۆناغێكی نوێ و ئەركێكی شەرعی و ئەخلاقییە." جەختیشیكردەوە لەسەر پابەندبوون بە بەڵگەنامەی شەرەفەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان خستویەتیەڕوو. مالیكی لە بەشێكی تری وتەكانیدا راشیگەیاند لە رێگەی گوشارخستنە سەر دەنگدەران هەوڵ هەیە بۆ ساختەكاری و داواش لە كۆمسیۆن دەكات ئەو حاڵەتانە بوەستێنێت و وتی :" نیازی راستەقینە هەیە بۆ دەستكاریكردنی هەڵبژاردنەكان و پێویستە كۆمسیۆن بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكات چونكە زۆر مەترسیدارە و ئاراستەی پرۆسەی سیاسی دەگۆڕێت."
راپۆرتی: نیاز عه‌بدوڵڵا بڕی ئه‌و پاره‌یه چه‌نده كه له‌هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ر حیزبێكی سیاسی خه‌رجی ده‌كات؟ ئه‌و پرسیاره‌یه كه به‌ئاسانی وه‌ڵامه‌كه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ست ناكه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نازاندرێت تێچووی گشتی خه‌رجییه داراییه‌كانی پڕوپاگه‌نده‌كانی "به‌ڵێ" له رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چه‌ند بوو. له‌كۆی 6994 كاندیدی عێراق 677 كاندید له 3 پارێزگای هه‌رێمی كوردستان (هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك) له‌نێوان 25 لیست و هاوپه‌یمانێتی كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی 46 كورسی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن. به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌لیسته‌كان بڕی تێچوونی دارایی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 و هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوویان ئاشكرانه‌كردووه، ئه‌مه‌ش ئه‌و پاره‌یه‌یه له سێبه‌ردا ماوه‌ته‌وه و دواتر مه‌ترسییه‌كانی له‌ململانێی نێوان حیزبه‌كان باس كراوه‌ته‌وه. به‌پێی بڕگه‌كانی 5 و 6 له مادده‌ی 13ی یاسای ژماره 17ی ساڵی 1993ی حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، حیزب بۆی هه‌یه "پیتاك و به‌خشیش و یارمه‌تی ناوخۆیی" و "قبوڵكردنی ماڵ‌وموڵكی عه‌ینی و كاش له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه بێ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به ئاگاداری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران" وه‌ربگرێت. تائێستاش رێنمایی یاسایی له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستان كه مادده‌ی 14ی هه‌مان یاسا جه‌ختی لێده‌كاته‌وه ده‌رنه‌چووه‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ئاگاداری خۆی له‌وه‌رگرتنی هاوكارییه ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كان رانه‌گه‌یاندووه. ئومێد قه‌ره‌داخی نووسه‌رو مامۆستای ئابووری له‌زانكۆی سلێمانی پێیوایه له‌گه‌ڵ ناشه‌فافی سه‌رچاوه‌ی دارایی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان "بوونی یاسایه‌ك كه رێگا به‌وه‌رگرتنی سه‌رچاوه‌ی دارایی ده‌ره‌كی بدات یه‌كێكه له‌هه‌ڵه سیاسییه كوشنده‌كان له‌ناو ژیانی سیاسی كوردی". ئه‌و له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و جۆره له‌سه‌رچاوه‌ی دارایی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان به (دره‌و میدیا)ی وت "ده‌بێته هۆی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی پڕ له‌مه‌ترسی به‌سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی و ده‌ستتێوه‌ردانی زیاتر له‌ژیانی سیاسی هه‌رێم، چونكه واده‌كات پێگه‌ی ئه‌و حیزبه بكه‌وێته ژێركاریگه‌ری ئه‌و لایه‌نه‌ی پاره‌كه ده‌به‌خشێت، به‌مه‌ش ده‌توانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی دروست بكه‌ن، بۆیه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رده‌وام مه‌ترسییه‌كانی ده‌ستی ده‌ره‌كی باس ده‌كرێت و به‌ڵگه‌كانیش به شاراوه‌یی ده‌مێننه‌وه". سه‌عید كاكه‌یی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به (دره‌و میدیا)ی وت "296ملیار دیناری عێراقی ته‌رخانكراوه بۆ تێچووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌ران و تائه‌م قۆناغه به‌رده‌وامین له‌خه‌رجییه‌كان و كورتهێنانمان نییه". به‌پێی قسه‌كانی سه‌عید كاكه‌یی، هه‌رێمی كوردستان له‌نێو ئه‌و بودجه‌یه‌دا وه‌ك كۆی پارێزگاكانی عێراق ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی بۆ ده‌سته‌به‌ركراوه. پاش تێپه‌ڕبوونی 21ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یاسای حیزبه‌كانی هه‌رێم ئینجا یاسای ژماره 5ی ساڵی 2014ی پێدانی بودجه‌ی حیزبه‌كان له‌هه‌رێم ده‌رچوو، دوای تێپه‌ڕبوونی 4ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونیشی یاساكه نه‌چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و له‌كۆی 25ساڵی یاسای حیزبه‌كانیش ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و رێژه‌یه‌یان ئاشكرا نه‌كردووه كه حیزبه‌كان له‌بودجه‌ی گشتی وه‌ریانگرتووه. نیشتیمان كه‌مال ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و كاندید له‌هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی دادپه‌روه‌ری به (دره‌و میدیا)ی راگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق خه‌رجییه فه‌رمییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردن راگه‌یاندووه به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم به‌هۆی خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی دارایی، له‌ڕێگای چه‌ند حیزبێكه‌وه ئه‌و سه‌رچاوانه ده‌خاته‌وه خزمه‌ت بانگه‌شه‌ی لیسته‌كان و "ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی به‌ئاشكراو ناشه‌فافیش له‌ده‌ست هه‌ندێك حیزب هه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر جۆری بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌كان ده‌بێت، بۆنموونه ئێمه نه‌مانتوانی وه‌ك پێویست پۆسته‌ر بڵاوبكه‌ینه‌وه‌و رێكلام بكه‌ین له‌كه‌ناڵه‌كان، به‌ڵام قۆرخكاری دارایی له‌لایه‌ن چه‌ند حیزبێكه‌وه كه تیایاندایه 7كه‌ناڵی ئاسمانی هه‌یه به‌فراوانی بانگه‌شه ده‌كات، ئێمه‌ش له‌وكاتانه وه‌ك پێویست ده‌نگمان نه‌گاته ده‌نگده‌ر له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی عێراق، كه‌واته ده‌رفه‌تی ململانێی سیاسی دادپه‌روه‌ریش نابێت". به‌پێی قسه‌كانی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، به‌ته‌نیا پاره‌ی راسته‌و‌خۆ بۆبانگه‌شه به‌كارنه‌هاتووه به‌ڵكو له‌ئه‌گه‌ری ده‌نگنه‌دانیاندا هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی مووچه "نان بڕین" له‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كراوه، بۆیه له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كانی بۆ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی له بازیان وتی "ئه‌ڵێن هه‌ر كه‌س ده‌نگمان نه‌داتێ نان بڕوای ده‌كه‌ین، ده‌بێ به‌مۆبایل ره‌سمی ده‌نگه‌كانتان بگرن، ئه‌گه‌ر واش نه‌كه‌ن قه‌مه‌ر سناعی پێمان ده‌ڵێ كێ ده‌نگی داوه به‌كێ، به‌ڕاستی عه‌یبه ده‌چنه گژ پیشمه‌رگه‌یه‌كی ئاسایی له‌به‌رئه‌وه‌ی پشتیوانی هاوپه‌یمانییه". قسه‌كانی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ئارام سه‌عید بۆ (دره‌و میدیا) ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كاندیده‌كانی جوڵانه‌وه‌كه‌یان رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی مووچه‌كانیان بوونه‌ته‌وه، ئه‌و نموونه‌ی به‌دكتۆر كازم فاروق هێنایه‌وه له‌نه‌خۆشخانه‌ی هیوا پزیشكه‌و وتی "كه زانییان بووه‌ته كاندیدمان بریارێكیان ده‌ركرد وتیان مووچه‌كه‌ی ده‌بڕین، دوایی بریارێكی تریان له‌هه‌مان رێككه‌وتی بریاری یه‌كه‌م ده‌ركردو وتیان مووچه‌ی یه‌ك رۆژی ده‌بڕین". ئارام سه‌عید وتیشی "به‌هه‌ندێك له‌ده‌نگده‌ره تایبه‌ته‌كانیان وتووه ئه‌گه‌ر ده‌نگ بده‌ن به‌نه‌وی نوێ سزا ده‌درێن و مووچه‌كانتان ده‌بڕدرێت و ده‌رده‌كرێن". ئاژانسی ئه‌مریكی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له رێبه‌ری "رۆڵی پاره له گه‌مه‌ی سیاسی‌دا" له 4 خاڵدا مه‌ترسییه‌كانی سه‌رچاوه‌كانی دارایی له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان خستۆته‌ڕوو: "یه‌كه‌م: ده‌رفه‌تی نایه‌كسان، ده‌سته‌به‌ركردنی پاره‌ی زۆر له‌سیاسه‌ت ده‌بێته‌هۆی پێشینه‌ی نه‌گونجاو له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی هه‌ندێكی تر‌و لایه‌نی ململانێ به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه. دووه‌م: گه‌یشتنی نایه‌كسان و هاوسه‌نگ به‌پۆست و پێگه‌كان، مه‌ترسییه‌كه له‌وه‌دا خۆی ده‌بنێته‌وه ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی هه‌ژارن و خاوه‌ن پاره‌نین ناتوانن خۆیان بپاڵێون بۆ پۆستێك و بتوانن به‌ده‌ستی بهێنن. سێیه‌م: دیاركردنی كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان، مه‌ترسی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سیاسه‌تمه‌داره‌كان له‌لایه‌ن سه‌رچاوه‌كانی به‌خشینی داراییه‌وه. چواره‌م: سیاسه‌تی گه‌نده‌ڵ، مه‌ترسی بڵاوه‌كردنی پاره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ناو دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان و به‌كارهێنانی به‌ناوی حوكمی یاسا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان". هه‌ڵۆ حه‌سه‌ن جێگری پێشووی مه‌ڵبه‌ندی 6ی سۆرانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و كاندیدی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ی كه له‌سه‌ری ده‌وتران گوایه "له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی یه‌كێتی ئۆتۆمبێل و پاسه‌وانه‌كانی یه‌كێتی راده‌ست كردۆته‌وه‌و مووچه‌ی خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌ی بڕاوه" به (دره‌و میدیا)ی وت "مووچه‌كه‌ی منیان رانه‌گرتووه‌و له‌م رۆژانه وه‌رمگرتووه، به‌ڵام ده‌یانوت به‌پاره‌و سه‌یاره‌و مه‌سئولییه‌تی یه‌كێتی ده‌تانه‌وێ یه‌كێتی بڕوخێنن، بۆیه سه‌یاره‌كه‌م ته‌سلیمی ماڵی كاك كۆسره‌ت كرده‌وه‌و وتم سه‌یاره‌كه‌م ناوێت و مه‌سئولییه‌ته‌كه‌و حیمایه‌كانیشم ته‌سلیمكردنه‌وه". سه‌باره‌ت به‌ڕاده‌ستنه‌كردنه‌وه‌ی موڵكوماڵی یه‌كێتی به‌ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتی، هه‌ڵۆ حه‌سه‌ن وتی "له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ختی خۆی په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌تیم له‌گه‌ڵ كاك كۆسره‌ت هه‌بووهو ئه‌و مه‌سئولی یه‌كه‌می حیزبه‌كه‌یه، به‌ڵام هێشتا براده‌ران له‌سه‌ركردایه‌تی موحاوه‌له ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ده‌بێت بێیته‌وه‌و ده‌ست له‌كاربكیشه‌وه‌و چیتر له‌ڕیزی هاوپه‌یمانی مه‌مێنه". رۆژی 25ی ئه‌یلولی 2017 رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌هه‌رێمی كوردستان كرا‌و له‌سه‌ر خه‌رجی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان بانگهێشت و داوه‌ت به‌مه‌به‌ستی بانگه‌شه‌كردن بۆ "به‌ڵێ" ئه‌نجامدرا، به‌ڵام ئه‌و خه‌رجیانه‌ی له‌ده‌ستی حكومه‌ته‌وه چوونه‌ته ده‌ستی حیزب به نادیاری ماونه‌ته‌وه. شێروان زرار وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی بودجه‌ی فه‌رمی به‌كارخراو بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی رێوشوێنی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له كۆمسیۆن به (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌و پاره‌یه له‌لایه‌ن خودی سه‌رۆكی هه‌رێم دابینكرا و بریتی بوو له 20 ملیۆن دۆلار و وترا له رێگای كۆمپانیاكانه‌وه كۆكراوه‌ته‌وه، ئه‌و پاره‌یه گۆڕدرایه‌وه بۆ دیناری عێراقی و كۆمسیۆن خۆی سه‌رپه‌رشتی خه‌رجییه‌كه‌ی كرد، له‌ژێرچاودێری دارایی ئه‌و پارانه خه‌رجكراوهو به‌شێكی پاره‌كه‌ش كه نزیكه‌ی ملیارێك دیناربوو گه‌ڕێندرایه‌وه شوێنی خۆی". به‌پێی زانیارییه‌كانی شێروان زرار "به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان بوون له‌كه‌ركوك تائیستا پاره‌ی گرێبه‌سته‌كانیان بۆ خه‌رجنه‌كراوه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وله‌ویانی هه‌ندێك له‌وان له رووداوه‌كانی ئه‌وێ سوو‌تێندراوه، پێویسته ئه‌وان به‌پێی گرێبه‌سته‌كانیان بڕه پاره‌كه‌یان وه‌ربگرن". سالار مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان پێشتر به رایۆ نه‌وای راگه‌یاندبوو "ده‌بێ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه لێكۆڵینه‌وه له‌ڕێژه‌ی ئه‌و پاره زۆره‌و سه‌رچاوه‌كانی بكرێت كه له‌ماوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم خه‌رج كراوه، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه ناڵاندوویانه‌و حكومه‌تیش نیومووچه‌ی پێنه‌داون، بۆیه پێویسته كۆی خه‌رجییه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی درایی بخرێنه ژێر چاودێری و لێكۆڵینه‌وه".
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ( 2005 ، 2010 ، 2014، 2018) لەگەڵ ئەوەی هەر لە ساڵی 2005 هەڵبژاردنێكی تر بۆ كۆمەڵەی نیشتیمانی عێراق ئەنجامدرا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسیە كە 320 كورسی بۆ گشتیەو 9 كورسی بۆ كۆتای ئێزدی و مەسیحی و سابئی و شەبەك و فەیلیەكانە، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا ( 6986 ) كاندید هەیە كە ( 4972 )ی پیاوە بەرێژەی ( 71%) و ( 2014 )ی ژنە بەرێژەی ( 29%) . لەم هەڵبژاردنەدا (24ملیۆن و 349 هەزار و 357 )كەس لە دانیشتووانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە مافی دەنگدانی هەیە،لە هەرێمی كوردستانی، ( سێ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٧٣٠ )كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبوون: - پارێزگای سلێمانی ( یەك ملیۆن و ٣٠٥ هەزار و ٢١١ ) كەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی 18 كورسی - پارێزگای هەولێر( یەك ملیۆن و ١٢٣ هەزار و ٢١٩ ) كەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی 15كورسی گشتی و 1 كورسی كۆتا - پارێزگای دهۆك ( ٧١٦ هەزار كەس و ٣٠٠ ) كەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی 11كورسی گشتی و 1 كورسی كۆتا
لە دەنگدانی تایبەتدا كە رۆژی پێنج شەمە بەرێوەچوو، بەشێك لە هێزە ئەمنیەكان وەرقەی دەنگدانیان بە مۆركردنی چوارگۆشەی چەند لیستێك دەنگەكانیان پۆچ كردووە، چاودێری یەكێك لە بنكەكانی دەنگدانی سلێمان بە درەو میدیای رایگەیاند كە لە وێستگەیەكی دەنگدانی تایبەت لە شاری سلێمانی لە كۆی 464 دەنگ 110 دەنگی پوچ بووە، كە ئەویش گومانی درووست كردووە كە ئامێرەكە هەڵەی كردبێت، بۆیە داوای وردبینیان كردووەو بەس تەنها سەیری دەنگی درووست و پۆچ كرا‌و كراوەو كە دەركەوتووە ئامێرەكە هەڵەی نەكردووەو بەشێك لە دەنگدەران دەنگیان بە چەن لیستێك داوەو ئەمەش وای كردووەو دەنگەكەیان پۆچەڵ بێتەوە. زۆربونی دەنگی پۆچ لە زۆرینەی ویستەگەكاندا بوونی هەبووە. یەكێك لە ئەفسەرەكان كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە درەو میدیای راگەیاند: پێ دەچێت هۆكاری ئەو شێوازە لە دەنگدانەوە ئەوە بێت كە بەشێك لە هێزەكان سوێند و تەڵاق دراون كە دەنگ بە یەكێتی بدەن و ئەوانیش دەنگیان بە یەكێتی داوە بۆ ئەوەی تەڵاقەكەیان نەكەوێت و دواتر لە داخا مۆریان لەسەر چەند لیستێكی تریش داوە بۆ ئەوەی دەنگەكەیان پۆچەڵبێتەوە.
(درەو میدیا): باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد هۆشداریدا لە ئەگەری رودانی هێرشی "تیرۆرستی" بۆسەر بنكەكانی دەنگدان لە عێراق. لە بەیاننامەیەكدا كە لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد ئاشكرایكرد" زانیاری بەدەستگەیشتووە سەبارەت بە ئەگەری رودانی هێرشی "تیرۆرستی" بۆسەر بنكەكانی دەنگدان لەسەرتاسەری عێراق، بەتایبەتیش لە ناوچەی (غەزالیە) لە بەغدادی پایتەخت. بەیاننامەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە، بەشێوەیەكی كاتی هاتوچۆكردنی كارمەندامی باڵیۆزخانە بۆ ئەو ناوچانە كەمكراوەتەوە، ئەو رێوشوێنانەی كە پێویستە بگیرێنەبەر ئەوەیە هەر كەسێك ئاگادار بێت لەوەی لە چواردەوری هەیە و ئاسایشی تایبەتی خۆی بپارێزێت. هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان پلانێكیان دیاریكردووە بۆ پاراستنی دەنگدەران لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا، لەوچوارچێوەیەشدا هاتوچۆی ئۆتۆمبیل لە دەوبەری بنكەكانی دەنگدان قەدەغەدەكرێت. وێنەی دەقی هۆشداریدانەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا:
(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باس لە رێژەی دەنگی لایەنەكان دەكەن لە دەنگدانی تایبەتدا. لە بەیاننامەیەكدا ریاز بەدران سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە میدیاكان لەبارەی رێژەی دەنگی لایەنەكان لە دەنگدانی تایبەتدا بڵاویانكردەوە. سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، ئەنجامی دەنگدانی تایبەت هاوكات لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەنجامی دەنگدانی گشتی بڵاودەكرێتەوە. دوێنێ دەنگدانی تایبەت (هێزە ئەمنییەكان) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن زیاتر لە (700) هەزار كەس بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەت كردووە و ئاستی بەشداریكردن گەیشتوەتە 78%. سبەنێی دەەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 22 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت چەند رۆژێكە ململانێی ناوچەیی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتوەتە لوتكە، گۆڕەپانی شەڕەكە ئەمجارەیان لەسەر خاكی سوریایە، توندبونەوەی دۆخەكە دوای چەند كاتژمیێرێك هات لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران. لەژێر پەردەی ئەو گوتارە توندەی كە ئێران و ئیسرائیل لەدژی یەكتر دەیكەن، مێژوویەك لە ناكۆكی و هاوكات بەرژەوەندیش لەنێوان هەردولادا هەیە، ئێران یەكێكە لە یەكەمین ئەو دەوڵەتانەی كە دوای دانی بە دامەزراندنی ئیسرائیل‌دا ناوە. چیرۆكی پەیوەندی ئێران و ئیسرائیل 1984 ساڵی نسكۆ بوو بۆ فەلەستینییەكان، لەو ساڵەدا دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا، دوای دوو ساڵ حكومەتەكەی محەمەد موسەدەق لە ئێران دانی نا بە دەوڵەتی عیبریدا. بەڵام بەشیوەیەكی خێرا ئاڵۆزی كەوتە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، محەمەد موسەدەق سەرۆك وەزیرانی ئێران، ئیسرائیلی تۆمەتباركرد بەوەی لایەنگری ئەمریكاو بەریتانیای كردووە كە رێگەیانداوە بە كودەتاكردن بەسەر حكومەتەكەیدا لە ساڵی 1953. لەو ساڵانەدا دەسەڵاتی محەمەد رەزا شا بەهێز بوو، محەمەد رەزا پەلهەوی بەردەوامیدا بە پەیوەندی بەهێزی نێوان ئێران و ئیسرائیل و گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی نێوان تاران و تەلئەبیب. بەڵام لە ساڵی 1979، شۆڕشی ئێران هەموو شتێكی گۆڕی، دوای چەندین ساڵ مانەوەی لە تاراوگە، ئایەتوڵا خومەینی گەڕایەوە بۆ ئێران و دەسەڵاتی گرتەدەست، خومەینی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند. ساڵی 1980 جەنگ لە نێوان ئێران و عێراق هەڵگیرسا، دەوترێت لە ساڵانی جەنگدا ئێران بە بەهای (500 ملیۆن) دۆلار چەكی لە ئیسرائیل كڕیوە، لەبەرمبەر هەناردەكردنی نەوت بۆ ئیسرائیل. بەڵام جارێكی تر ئاڵۆزی گەڕایەوە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، هەریەكە لە ئیسحاق رابین سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و شیمۆن پێرێز دەستیان كرد بە قسەكردن لەبارەی ئەگەری هەڕەشەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، هەڕەشەیەك كە ئیسرائیلییەكان دەڵێن خۆی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و پشتیوانی تاران لە گروپە تیرۆرستییە بیانییەكاندا، دەبینێتەوە. سەرچاوە: فرانس 24
درەو میدیا دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار كۆتایی هات ئەنجامی دەنگدانەكەش لەگەڵ دەنگدانی گشتی رادەگەیەنرێت، ژمارە دەنگدەرانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان 247 هەزار و 431 هەزار دەنگدەربوو بە جۆرێك ، لە پارێزگای هەولێری 114 هەزار و 172 دەنگدەری تایبەت مافی دەنگدانی هەبووە رێژەی دەنگدان لە 81% بووە لەپارێزگای دهۆك 50 هەزار و 476 كەس مافی دەنگدانی هەبووە بەڵام رێژەی دەنگدان لە 78% بووە، لە پارێزگای سلیمانی ( 82 هەزار و 783 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و رێژەی دەنگدان لە 67% بووە. دەنگی لیستەكان لە دەنگدانی تایبەتدا لە هەڵبژاردنی 2014 دا یەكەم/ پارێزگای هەولێر لە 30/4/2014 1- پارتی: 35 هەزار و 520 دەنگ 2- یەكێتی: 9 هەزار و 250 دەنگ 3- گۆڕان: 5 هەزار و 180 دەنگ 4- كۆمەڵی ئیسلامی: هەزار و 750 دەنگ 5- یەكگرتووی ئیسلامی: هەزار و 646 دەنگ دووەم/ پارێزگای سلێمانی لە 30/4/2014 1- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 18 هەزار و 199 دەنگ 2- بزوتنەوەی گۆڕان 9 هەزار و 518 دەنگ 3- یەكگرتووی ئیسلامی هەزارو 43 دەنگ 4- كۆمەڵی ئیسلامی 889 دەنگ 5- پارتی دیموكراتی كوردستان 911 دەنگ. سێیەم / پارێزگای دهۆك لە 30/4/2014 1- پارتی دیموكراتی كوردستان بە (20 هەزار و 995) دەنگ، 2- یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش (1 هەزار و 498) دەنگی هێناوە . 4- یەكگرتوی ئیسلامی بە (2 هەزار و 846) دەنگ. 5- بزوتنەوەی گۆڕان (1 هەزارو 239 ) دەنگ 6- كۆمەڵی ئیسلام(89) دەنگی هێناوە . دەنگی لیستەكان لە دەنگدانی تایبەتدا لە هەڵبژاردنی 2013دا ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی 21/9/2013 لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ( 148 هەزارو 553 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە كە ئەویش دابەشبوو بووبەسەر وەزارەتەكاندا ، لە هێزی ئاساییش ( 16 هەزارو 869 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو كە لە هەولێر و دهۆك ( 8هەزارو 314 ) كەس و لە پارێزگای سلێمانیش 8 هەزارو 555 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، لە وەزارەتی ناوخۆ ( 44 هەزارو 666 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش ( 18هەزارو 560 ) كەسیان لە هەولێر و دهۆك و ( 26 هەزارو 106 ) كەس لە پارێزگای سلێمانی مافی دەنگدانی هەبوو. سەبارەت بە وەزارەتی پێشمەرگەش ( 85 هەزارو 16 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو وەزارەتی بەرگری عێراق ( 934 ) كەس و پاسەوانی سنوور ( 6 هەزارو 328 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، وەزارەتی كاریش ( 237 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو. لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لەكۆی(154 هەزارو 50 ) كەس ( 144 هەزار و 434 ) كەس دەنگیان دا بە رێژەی (93.8% ) بەپێی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی تایبەت لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێم بەم شێوەیە بووە: یەكەم: پارێزگای سلێمانی لە 21/9/2013 لە دوای جیاكردنەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی لە كۆی( 56هەزار و 656 )كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە رێژەی بەشداری دەنگدان (95.6% ) زیاتر لە ( 54 هەزارو 164 ) دەنگی داوە بە جۆرێك : 6- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 27هەزار و 335 دەنگ 7- بزوتنەوەی گۆڕان 18هەزار و 614دەنگ 8- یەكگرتووی ئیسلامی 2011 9- كۆمەڵی ئیسلامی 1980 دەنگ 10- پارتی دیموكراتی كوردستان 1665 دەنگ. 11- لایەنەكانی تر 2 هەزار و 726 دووەم/ پارێزگای هەولێر لە 21/9/2013 ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 لە پارێزگای هەولێر كە (62 هەزار و 900 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە زیاتر ئاستی دەنگدان (93.7% ) لە ( 58 هەزارو 938 ) كەس دەنگیاندا، بەجۆرێك : 6- پارتی: 38 هەزار و 487 دەنگ 7- یەكێتی: حەوت هەزار و 148 دەنگ 8- گۆڕان: پێنج هەزار و 390 دەنگ 9- پارتی پیشكەوتنخوازی توركمانی: سێ هەزار و 978 دەنگ 10- كۆمەڵی ئیسلامی: هەزار و 460 دەنگ 11- یەكگرتووی ئیسلامی: هەزار و 211 دەنگ سێیەم / پارێزگای دهۆك لە 21/9/2013 لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لە سنوری پارێزگای دهۆك، لە كۆی (28 هەزار و 997 ) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، بەرێژەی (91.5% ) دەنگیانداوە (26 هەزار و 532) كەس دەنگیانداوە، ژمارەی دەنگی لایەنەكانیش بەم شێوەیەیە: 1- پارتی دیموكراتی كوردستان بە (19 هەزار و 642) دەنگ، 2- لیستی كلدان و ئاشوری بە (2 هەزار و 377) دەنگ. 3- یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش (1 هەزار و 866) دەنگی هێناوە . 4- یەكگرتوی ئیسلامی بە (1 هەزار و 452) دەنگ. 5- بزوتنەوەی گۆڕانیش بە (799) دەنگی هێناوە . 6- كۆمەڵی ئیسلامیش تەنها (126) دەنگی هێناوە .
راپۆرت: رۆیتەرز وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران‌دا، بوو بە سێبەر بەسەر هەڵبژاردنەكانەوە لە عێراق، كە لەدوای ئەو جەنگەی كە كۆتایی بە سەددام حسێن هێنا لە ساڵی 2003دا، تاران و واشنتۆن لە عێراق كێبركێ لەسەر هەژمونیان دەكەن. لەناوبردنی حوكمی دیكتاتۆرە سونییەكە رێگەی لەبەردەم سەركەوتنی زۆرینەی شیعەی وڵات كردەوە، سێ كەس لە كێبركێكارە گەورەكان لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران سەر بەو پێكهاتەیەن، لەناویاندا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، سەختە پێشبینی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە بكرێت كە رۆژی شەممە بەڕێوەدەچێت. براوە هەركەسێك بێت پێویستە لەسەری هاوسەنگی بپارێزیت لەنێوان بەرژەوەندی عێراق و پێویستی كەمكردنەوەی ئاستی پشتبەستنی ئابوری بە نەوت و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران. ئەوەی ئەم ئەركە سەختتر دەكات توندبونەوەی مشتومڕەكانە لەنێوان واشنتۆن و تاران‌دا. سێ كاندیدە سەرەكییەكە بریتین لە عەبادى و دوو ركابەرە سەرەكییەكەی، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو هەروەها هادی عامری فەرماندەی لایەنێكی چەكداری توندڕەو كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی بەهێزی نیمچە سەربازی دەكات و ئێران پاڵپشتی دەكات، هەر سێ كاندیدەكە زۆر بەلای ئێران‌دا دەشكێنەوە. لەگەڵ زیادبوونی فشارەكانی ترەمپ لەسەر ئێران، سوربونی سەركردە ئاینییەكانی شیعەیش لە ئێران بۆ پارێزگاریكردن لە رۆڵی خۆیان لە پاڵپشتیكردنی شیعەكانی عێراق، زیاد دەكات. عێراق بەلای ئێرانەوە گرنگترین دەوڵەتی عەرەبییە، تەنانەت لە سوریا‌و لوبنانیش گرنگترە كە هەژمونی سیاسی و سەربازی تێیاندا هەیە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە عێراق و ئێران هاوبەشن لە یەك سنوردا و هەروەها پێگەی عێراق دەكەوێتە ناو دڵی ناوچەی كەنداوەوە. هەروەك عێراق رێگای سەرەكیشە بۆ گواستنەوەی چەك و جەنگاوەران بۆ سوریا، ئێران هێزی لەگەڵ لایەنە شیعەكان لە عێراق و لوبنان بڵاوكردوەتەوە بەمەبەستی پاڵپشتیكردن لە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا لە جەنگی ناوخۆیی وڵاتەكەیدا. یەكێك لە مەترسییەكان سەبارەت بە عێراق ترسی رودانی شەڕە لەنێوان (5000) سەربازی ئەمریكی كە لەسەر خاكی عێراقن لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی شیعە كە بەناو لەژێر فەرمانی بەغداد كاردەكەن بەڵام سەربە سوپای پاسداران و ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانن. نێردەیەكی باڵای خۆرئاوایی وتی" عێراقییەكان لەوپەڕی نیگەرانیدان. ئەوان نایانەوێت عێراق ببێت بە گۆڕەپانێكی نوێ... بۆ جەنگی نێوان ئێران و ئەمریكا". ئاماژەی بەوەكرد" ئەگەر جەنگ لەنێوان ئێران و ئەمریكا رویدا، بەشێكی شەڕەكە لەوێ دەبێت". ئەمریكا و ئێران دوژمنێكی هاوبەشیان لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی‌دا دۆزییەوە كە بۆ ماوەیەك دەستی بەسەر یەك لەسەر سێ روبەڕوی عێراقدا گرت، بەتایبەتیش لە باكور و خۆرئاوای وڵات. لایەنێكی گەورەی ئەو پێشڕەوییە خێرایەی كە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی كردی، بۆ داڕمانی سوپای عێراق دەگەڕێتەوە، بەهۆی ئەو سیاسەتە تائیفییانەی كە حكومەتەكەی مالیكی گرتیەبەر. زۆرینەی عێراقییەكان شكستی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ كەسانی وەكو عامری و ئەو گروپانە دەگێڕنەوە كە ئێران راهێنانی پێكردون، نەك بۆ هێزەكانی هاوپەیمانی كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات. رۆڵی ئەمریكا خۆی دەبینییەوە لە فەراهەمكردنی هێزی ئاسمانی گورزوەشێندا، لەكاتێكدا لەسەر زەمین لە سوریا و عێراق پشتی بە جەنگاوەرانی كورد بەست. جەنگی بەوەكالەت بەڵام ئێران سەرباری ئەوەی عێراق وەكو دەوڵەتێكی عەرەبی خاوەن بایەخی ستراتیژی دەبینێت، هەندێك لە چاودێران باوەڕیانوایە تاران بە پلەی یەكەم سەرەنجی خستوەتەسەر گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و سوریا. ململانێكان لەوێ ئاماژە بە هاتنەناوەوەی ئیسرائیل دەكەن. دوای چەند كاتژمێرێك لە راگەیاندنی كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەلایەن ترەمپەوە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی كردە سەر چەند شوێنێك كە وەكو دەوترێت بارەگای سەربە ئێران و حیزبوڵان و وردە وردە لە سنوری ئیسرائیل نزیكبوونەتەوە. ئیسرائیل وتی هێزەكانی ئێران لە سوریا لە شەودا لەناو خاكی سوریاوە چەند بارەگایەكی سوپای ئیسرائیلیان بۆردومان كردووە، ئەمەش وایلێكردووە لەوكاتەوە كە لە ساڵی 2011 جەنگ لە سوریا دەستیپێكردووە، یەكێك لە توندترین گورزەكانی بوەشێنێت. وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڕیارەكەی ترەمپی بە بڕیارێكی "پەلە و حساب بۆنەكراو" ناوبرد‌و وتی كشانەوەی واشنتۆن لە رێككەوتنی ئەتۆمی " دەرژێتە بەرژەوەندی توندبونەوەی دۆخەكە و جگە لە وێرانكاری و ئازارەكانی جەنگ كە ناوچەكە زۆری بەدەستەوە ناڵاندووە، كەس هیچ شتێكی لێ ناچێتەوە". دیپلۆماتكاران لە ناوچەكە دەڵێن لە خراپترین سیناریۆی پێشبینیكراودا ئێران لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەدات لە عێراقدا، هەروەك ئەوەی گروپە چەكدارەكان ساڵی 2005 كردیان بە ئاڕاستەكردنی موشەك بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد. بەڵام پێدەچێت ئێران وای بەباش بزانێت لە عێراق دوركەوێتەوە و لەبری ئەو سوریا بەكاربهێنێت. تەنگژەی عێراقی لەگەڵ ئەوەشدا سەركردە شیعەكانی عێراق روبەڕوی تەنگژە دەبنەوە لە چۆنیەتی راگرتنی باڵانسی سیاسی لەنێوان ئەمریكا و ئێران‌دا. هەندێك لە سەركردەكانی عێراق لەناویاندا عەبادی، دەڵێن ئەوان دەیانەوێت لە مشتومڕەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دوركەونەوە. دیپلۆماتكارێكی تری خۆرئاوایی وتی" ئەوان دەیانەوێت نمونەی سیاسەتێكی بێلایەنانە و گونجاو لەگەڵ هەموان پەیڕەو بكەن". هەندێكی تر، لە ناویاندا عامری، باوەڕیانوایە گرنگترین پەیوەندی بۆ عێراق پەیوەندییە لەگەڵ ئێران و پێویستە لەسەریان پاڵپشتی لەو پەیوەندییە بكەن. هاوكات زۆر گرنگە بۆ عێراق پردی پەیوەندی لەگەڵ تائیفەی كەمینەی سوننەدا دروستبكات، سەرباری ئەوەی هەندێك لە سیاسەتمەداران هەست بە نیگەرانی دەكەن لەو نزیكبونەوە بەراییەی كە عەبادی لەگەڵ سعودیەی سوننەدا بەدیهێناوە، دوای چەندین دەیە لە ساردی نێوان هەردوو وڵات. دیپلۆماتكارێكی تری خۆرئاوایی وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەو پێشڕەوییەی كە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2014دا كردی، وتی" خراپترین مۆتەكەیان ئەوەیە بێ‌دار ببنەوە و ببینن سوننە یان عەرەب سەركەوتن و هەژمونی ئەوانیان بەسەر وڵات‌دا لەناوبردووە وەكو ئەوەی لەگەڵ داعش رویدا". ئاماژەی بەوەكرد" لە ئاوەزیاندا ئێران پەناگەی كۆتاییە كاتێك ئەو مۆتەكەیە رودەدات... كاتێك رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەوڵەتی خەلافەتی راگەیاند، ئەوان (ئێرانییەكان) یەكەم كەس بوون كە هاتن بۆ رزگاركردنیان، نەك ئەمریكییەكان و كەسانی تر". شیعەی عێراق نایانەوێت ئێران هەژمون بكات بەسەریاندا، بەڵام ئەو هەنگاوەی كە ترەمپ ئەم هەفتەیە دژی تاران هەڵیگرت، ئەو كارە سەختتر دەكات. دیپلۆماتكارێك وتی" دوای (بڕیارەكەی ترەمپ) پرسیارەكە ئەوەیە سیاسەتی هاوسەنگ چۆن جێبەجێ دەكرێت كاتێك ئێران بواری ئاسمانی عێراق بەكاردەهێنێت بۆ چەكداركردنی گروپەكانی لە سوریا ؟ چی دەكەن؟". گروپە بەهێزەكان كە عامری سەرۆكایەتییان دەكات و ئێران راهێنانی پێكردوون و پارەو چەكی پێداون پێدەچێت رێنماییەكانی تاران جێبەجێ بكەن نەك رێنماییەكانی بەغداد. سوپای پاسدارانی ئێران لەناو دڵی هێزەكانی حەشدی شەعبیدا وەها گروپە شیعەكان بنیادناوە كە ركابەرێتی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكان بكەن. سوپای پاسداران شتێكی هاوشێوەی كرد لەناو حیزبوڵای شیعەی لوبناندا، ئەوەش بوو یارمەتی تارانیدا هێزی سەربازی خۆی لە سەرتاسەری شوێنە جیاوازەكانی ناوچەكەدا نیشان بدات.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ لە شاشەی كەناڵی ئەلعێراققەوە دەستگیركردنی چوار سەركردەی رێكخراوی داعش راگەیەنرا، سەركەوتنێكی گەورەیە كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەدەستی دەهێنن بە هاوكاری ئەمریكا و بەبەكارهێنانی مۆبایلی یاریدەدەرێكی ئەبوبەكر بەغدادیی سەرۆكی رێكخراوی داعش. چیرۆكەكە شوباتی رابردوو لە توركیا دەستپێدەكات، دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە ئیسماعیل عیساوی ناسراو بە " ئەبو زەید عێراقی" دەستگیردەكەن و رادەستی بەرپرسانی هەواڵگری عێراقی دەكەن، ئەمە بە وتەی راوێژكاری ئەمنیی حكومەتی عێراق هیشام هاشمی كە بۆ ئاژانسی " رۆیتەرز" قسەیكردووە. هاشمی رونیشیكردەوە كە ئەفسەرانی هەواڵگری عێراق لە مۆبایلەكەی عیساویدا بەرنامەی تەلیگرامیان بەكارهێناوە و داویان بۆ چەند سەركردەیەكی تری داعش ناوەتەوە وایانلێكردوون سنوری سوریا تێبپەڕێنن و بێنە عێراق و لەوێ دەستگیریان بكەن. یەكێك لە دەستگیركراوەكان سورییەكە بەناوی " سەدام ئەلجەمەل" كە والی داعش بووە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی فورات، هاشمی، عیساوی و ئەلجەمەلی بە دیارترین كەسایەتی داعش دانا كە دەستگیردەكرێن. هاشمی وتیشی: " ئۆپەراسیۆنەكە بە هاوكاری هەواڵگری ئەمریكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و هەواڵگری توركیا جێبەجێكراوە". زیاتر وتیشی ئەفسەرانی هەواڵگری عێراق و ئەمریكا دوای دەستگیركردنی " عیساوی" توانیان هەموو ژمارە بانكییەكانی داعش و هەموو كۆدەكانی كە بەكاریان دەهێنێت ئاشكرابكەن. جگە لە عیساوی و ئەلجەمەل ، سێ سەركردەی تری مەیدانی داعش دەستگیركراون كە بریتین لە سوری محەمەد حسێن قەدیر و هەردوو عێراقی عومەر شەهاب كەربولی و عیسام عەبدولقادر زەوبەعی. داعش لە كۆتایی نزیكدەبێتەوە، بەڵام هێشتا چارەنوسی ئەبوبەكر بەغدادیی نادیارە، كە ساڵی 2014 دوای كۆنترۆڵكردنی موسڵ خۆی وەك خەلیفەی مسوڵمانان راگەیاند، پێشبیندەكرێت ئێستا بەغدادیی لە ناوچەیەكی سەرسنوری نێوان عێراق و سوریا خۆی حەشاردەبێت، دوای ئەوەی هەموو ئەو شار و شارۆچكانەی لەدەستدا كە لەژێر كۆنترۆڵی رێكخراوەكەیدا بوون. سەرچاوە: ئاژانسی رۆیتەرز