مام رۆستەم: كاك نەوشیروان لەگەڵ دروستكردنی هێزی چەكدار نەبوو

Draw Media

2018-06-18 09:16:17



گفتوگۆی رۆژنامەوانی: نیاز عەبدوڵا

"هێزی چەكدار بۆچی دروست بكەین و بۆ گیان كێ ؟ كاك نەوشیروان وتی ئێمە ئەگەر هێزمان هەبێت ئەبێ بۆ گیان یەكێتی یان بۆ گیان پارتی بێت" مام رۆستەم هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و فەرماندەی پێشووی سەربازی كە لە سەرەتاوە لە دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداربووە بەمجۆرە باسی لە دروستكردنی هێزی چەكدار كرد لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان.
لەماوەی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەی لەگەڵ (درەو میدیا)، مام رۆستەم هەر بیرۆكەیەكی دروستكردنی هێزی چەكداری نوێی بۆ گۆڕان رەتكردەوە و وتی "ئەنجام هەر ئەبێ بێیتەوە‌ سەر مێزی مفاوەزات و لەو نێوانەش كۆمەڵێك گەنجی باشمان ئەكوژن و تەواو".


درەو میدیا: دەرفەت هەیە بزووتنەوەی گۆڕان ببێتە ‌هێزێكی چەكدار؟
مام رۆستەم: لە ئەسڵا ئێمە وەختی خۆی كە دەستمان دایە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بزووتنەوەیەكی مەدەنی بوو، تا ئێستاش ئەو بزووتنەوەیە مەدەنییە.


درەو میدیا: تۆ كەسێكی نزیك بویت لە نەوشیروان مستەفا، ئەو رای چی بوو لەسەر ئەگەرەكانی دروستكردنی هێزی چەكدار بۆ بزووتنەوەكە ؟
مام رۆستەم: ئەو هەر دوای ئەوەی كە ئێمە چووینە گردی زەرگەتە و دەستمان كرد بە خەباتی مەدەنی هەتا ئەو رۆژەی كۆچی دوایی كرد دژی خەباتی چەكداری بوو، چونكە وتی هێزی چەكدار بۆچی دروست بكەین و بۆ گیان كێ؟ وتی ئێمە ئەگەر هێزمان هەبێت لە سلێمانی ئەبێ بۆ گیان یەكێتی یان بۆ گیان پارتی بێت یا حیزبێكی تر، ئەگەرنا خۆ حكومەتی عێراقی لێ نەماوە بڵێین هێز دروست ئەكەین بۆ گیان رژێمێك كە دژ بە كوردە. لەبەر ئەوە ئێمە ئیمانمان بە هێزێكە هێزی نیشتیمان بێت، هێزێك بێ هی هەمووان بێ دژی هیچ كەسێك نەبێ لە كوردستان و هیچ پارچەیەكی تری كوردستان.

درەو میدیا: نەوشیروان مستەفا رای چی بوو لەسەر ئەو بیرۆكانەی داوای دروستكردنی یەكەی 90 یان ئەكرد هاوشێوەی یەكەی 70 و 80ی پارتی و یەكێتی؟


مام رۆستەم: ئەوەندەی من ئاگام لە كاك نەوشیروان بوو قەت لەگەڵ هێزی چەكدار نەبوو، چونكە وتی لە ساڵانی شەستەكانەوە  كورد كورد ئەكوژێ و هیچیشمان بە هیچ نەكرد لە خەسارەت زیاتر.

 

درەو میدیا: ئەو كەسانەی لەناو گۆڕان خواستیان بۆ دروستكردنی هێزێكی چەكدار هەیە، پێتوایە بتوانن ئەو خواستە بەدیبهێنن؟
مام رۆستەم: مەحاڵە بتوانن، لەبەرئەوەی ئەوە شتێكی چاوەڕواننەكراوە و شتێكە ناكرێت. چونكە چۆن هێز دروستئەكەی؟ هێز شوێن و راهێنانی ئەوێت، هیچ نەبێت چەك و پارە و خواردنی ئەوێت، كۆمەڵێك شت هەیە بتەوێت هێزێك دروستبكەی لای كەمی ئەگەر لیوایەكیش دروستبكەی كە بریتییە لە سێ بۆ چوار فەوج ئەمەش ژیانی ئەوێت. ئەو كەسانەی ئەڵێن گۆڕان هێزی چەكداری هەبێت دوو بەشن، بەشێكیان حەز ئەكەن هێزێكی چەكدارمان هەبێت، بەشەكەی تریان لە غەدرەوەیە و پێیانوایە ئەو هەموو غەدرە ئەكرێ، ئەڵێن ئەمانە بە چەك غەدرمان لێ ئەكەن و ئەبێ بە چەك وەڵامیان بدەینەوە. بەڵام خۆ زۆر كەس و لایەن هەن چەكیان نییە و خەبات ئەكەن خەباتی مەدەنی. ئەوەتا لە توركیا سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانە‌ و لەسەر داواكاری خۆیان سوورن و لەم لاشەوە هێزێك هەیە ناوی پەكەكەیە. ئەوە ئەكرێت لە هەندێك وڵات، بەڵام لای ئێمە لە كوردستان ناتوانین بڵێین هێز و وەزارەتی پیشمەرگەمان هەیە كە هی كوردە‌، هەرچەندە هەر هی كورد نییە، چونكە بینیمان لە كەركوك نەیانتوانی بەرگری بكەن، بەڵام بۆ گیان یەكتریش ئەوەندە ئازان نەبێتەوە.

بە ویستی خۆم وەك مام رۆستەم حەز ئەكەم كورد هێزێكی هەبێت دیفاع بكات لە وڵات و كوردستان لە هەموو پارچەكانی كوردستانیش بەرگری لە هەموو كوردستان بكات. بەرگری لە بوونی كورد و لە هەموو تاكێكی كورد بكات. لەبەر ئەوە قەت لەگەڵ ئەوە نیم ئێمە هێزێك دروستبكەین بۆ گیان پارتی یان یەكێتی و یەكیكی تر، چونكە ئەنجام هەر ئەبێ بێیتەوە‌ سەر مێزی مفاوەزات و لەو نێوانەش كۆمەڵێك گەنجی باشمان ئەكوژن و تەواو.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیم شەش جار برینداربووم، خۆشبەختانە هیچ یەكێك لەو شەڕانەی بەشداریم تێداكردووە شەڕی ناوخۆ نەبووە. كەواتە بۆچی ئیستا بێم بەشداربم لە دروستكردنی هیزێك بۆ گیان هێزەكانی تر، بەڵام بەڵێ لەگەڵ هێزم بۆ كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان كە بەرگری لە خاكی كوردستان بكات.
       
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand