وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنان سزای بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێران و عێراقیدا سەپاند و یەكێك لەوانەش ئاراس حەبیب سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە كاندیدی ژمارە چوارە لە لیستەی " النصر"ی حەیدەر عەبادی. چەند رۆژێك دوای دەرچوونی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، دۆناڵد ترەمپ دەستیكرد بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی و سەپاندنی سزا بەسەر هەر كەسێكدا كە لە پشت هاوكار و پاڵپشتی ئێرانە لە تیرۆردا و لە چوارچێوەیەشدا وەزارتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند سزا بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێرانی و عێراق و لوبنانیدا دەسەپێنێت كە پشتگیری و هاوكاریی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنانی سەر بە ئێرانیان كردووە و دیارترین ئەو كەسایەتی و دامەزراوانەش ئەمانەن: • وەلیوڵا سەیف پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێرانەن ئەمریكا تۆمەتباریدەكات بە هاوكاریكردنی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاساداران و تۆمەتباریشی دەكات كە هاوكاری فەیلەقەكەی كردووە لە حەواڵەكردنی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ چەند دەستیەكی پارەی بیانیی جیاواز. هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دەشڵێت سەیف هاوكاربووە لە حەواڵەكردنی بڕێك پارە بۆ بانكی " بلاد"ی ئیسلامی لە عێراق كە ئەویش سزای بەسەردا سەپێندراوە. سەیف پێشئەوەی ببێتە پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران چەند بانكێكی ئێرانی بەڕێوەبردووە و رووبەڕووی رەخن ەی زۆر بوەوە بەهۆی تۆمەتباركردنی بە گەندەڵ و دزینی پارە لە كاتێكدا كە بەڕێوەبەری بانكی " سادرات"ی ئێران بوو. • ئاراس حەبیب كوڕی حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پێشووتری پارتی دیموكراتی كوردستانە و كوردی فەیلییە، ئێستا سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە پێشتر ئەحمەد چەلەپی سەرۆكایەتی دەكرد . ئاراس حەبیب بەڕێوەبەری بانكی " بلاد"ی ئیسلامییە لە عێراق و ئەمریكا تۆمەتباریدەكات بە هاوكاریكردنی دارایی فەیلەقی قودس، و كەرتی بانكی عێراقی قۆزتوەتەوە بۆ ئەوەی پارە لە تارانەوە بۆ حزبولا حەواڵە بكات و بەوەش سەلامەتی سیستم دارایی عێراقی رووبەڕووی مەترسی كردوەتەوە. ئاراس حەبیب لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو كاندیدی ژمارە چواری لیستەكەی حەیدەر عەبادیی بوو لە شاری بەغداد. • محەمەد جەعفەر قەسیر ناوی حەرەكی حاجی فادییە، بەرپرسی گواستنەوەی چەكە لە ئێرانەوە بۆ سوریا و لەوێشەوە بۆ لوبنان، ئەمریكا تۆمەتباریدەكات بە وەی گە رۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە لە گواستنەوەی هاوكاری دارایی لە فەیلەقی قودسەوە بۆ حزبوڵای لوبنان. حاجی فادی كە لە بنەماڵەیەكی شیعەی بەناوبانگی لوبنانە، سەركردایەتی یەكەیەكی گواستنەوەی چەك دەكات بۆ حزبولا و نزیكایەتیشی لەگەڵ حەسەن نەسرولا ئەمینداری گشتی حزبوڵاوە هەیە و چەندین ئەركەی گرنگی لەلایەن ئەوەوە پێسپێردراوە. • عەلی تورزالی یاریدەدەری بەڕێوەبەری بانكی ناوەندیی ئێرانەن لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە تۆمەتباردەكرێت بە هاوكاریكردنی فەیلەقی قودس لە بواری تەكنۆلۆژیا و سەرچاوەی داراییدا. تورزالی لەگەڵ حزبوڵادا كاردەكات و باوەڕ وایە كە هاوكاری دارایی پێویست بۆ ئەو حزبوڵا دەنێرێت لە رێگەی بانكی " بلاد"ی ئیسلامی عێراقەوە. سەرچاوە: كەناڵی ئەلحوڕە
(درەو میدیا) بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا" ناوی كاندیدە دەرچووەكانی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بەم شێوەیە: یەكەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە پارێزگای سلێمانی یەك كاندیدی دەرچووە و كە ( 44976 ) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی دەرچوو: د. رێبوار كەریم سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی لە سلێمانی لە پارێزگای هەولێر یەك كاندیدی دەرچووەو كە ( 49266 ) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی دەرچووە: د. عەبدولباری عەبدوڵا سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی لە هەولێر دووەم/ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی یەكگرتوو یەك كورسی و ( 29161 ) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی دەرچوو: د. شێركۆ جەودەت... زانیاریەكان باس لە د. موسەناش دەكەن، بەڵام دەوترێت ئەگەری دەرچونی د. شێركۆ زیاترە سەرچاوەكانی یەكگرتوو باس لەوە دەكەن د. موسەنا دەنگی زۆری هێناوە بەڵام دەستكاری دەنگەكانی كراوە بەڵام ئەگەر دەستكاری دەنگی د. موسەنا نەكرابێت ئەوا د. موسەنا دەردەچێت لە پارێزگای دهۆك یەكگرتووی ئیسلامی یەك كورسی و ( 48300) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی دەرچوو: دكتۆر جەمال كۆچەر سەرۆكی لیستی یەكگرتووە لەو پارێزگایە سێیەم/ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی یەك كورسی و ( 49343 ) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی دەرچوو: ئەحمەد حاجی رەشید سەرۆكی لیستی كۆمەڵە لە پارێزگای سلێمانی لە پارێزگای هەولێر یەك كورسی و ( 35741 ) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی دەرچوو: د. سەلیم شوشكەیی
( درەو میدیا) ئێران هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق نوری مالیكی و هادی عامریی و حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیم لە هاوپەیمانێتییەكەدا كۆبكاتەوە و سەدر پەراوێز بخرێت. رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێكیدا رایگەیاند:" ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی گفتوگۆی لەگەڵ سەركردە شیعەكاندا گفتوگۆ و كۆبوونەوەی دەستپێكردووە لە پێناوی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق." بە گوێرەی ئاژانسی " فرانس پرێس" سولەیمانی دوێنێ سێشەممە لەگەڵ سەركردە شیعەكاندا دوو كۆبوونەوەی كردووە." ئاژانسەكە لەسەر زاری سەرچاوەیەكەوە كە ئامادەی دوو كۆبوونەوەكە بووە بڵاویكردەوە:" تاران هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی فراوان و هەوڵیشدەدات بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو باڵەكەی حزبی دەعوەی نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی بۆئەوەی لەگەڵ لیستی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و عەممار حەكیم و یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوپەیمانێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ پێكبهێنن."
راپۆرتی شیكاری: نامیق رەسوڵ لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و نزیكبوونەوەی وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژ بە داعش كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ لایەنەكانی عێراقدا دەستپێكرد. ئێران و ئەمریكا لە رێگەی سولەیمانی و مەكگۆرگەوە هەوڵدەدەن جێپەنجەیان بەسەر پێكهاتەی حكومەتی نوێی عێراقەوە دیاربێت، چاوەڕوان ناكرێت پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ئاسان بێت، و چارەسەركردنی دەكەوێتە ئەستۆ و هێز و توانای ئەو دوو كەسایەتییە، پێش لیستە براوەكانی عێراق. لێرەدا بە كورتەیەك لە ژیان و كار و چالاكییەكانی ئەم دوو كەسە ئاشنا دەبن: ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی ساڵی 1957 لە شاری قوم لە دایكبووە، لە گوندی (رابور)ی پارێزگای كرمان لە باشووری خۆرهەڵاتی ئێران لەناو خێزانێكی جوتیاری هەژاردا ژیاوە، كاری كرێكاریی كردووە، لە خوێندنیشدا تەنها تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە. قاسم سولەیمانی ماوەیەك لە فەرمانگەی ئاوی شارەوانی كرمان كاریكردووە، لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 پەیوەندیكردووە بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی و پلە سەربازییەكانی بڕیوە، ساڵی 1998 بووە بە فەرماندەی فەیلەقی قودس كە یەكەیەكی سوپای پاسدارانە و ئەركی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەواڵگرییە لە دەرەوەی خاكی ئێران. كارەكانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی لە پشتی پەردەوە ئەنجامدەدرێن و كۆبوونەوە و دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم زۆر بە كەمی لە میدیا فەرمییەكانەوە باسدەكرێن. سولەیمانی لە سەردەمی رژێمی سەددام حسێندا پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی شیعە و حزبە كوردییەكاندا هەبووە و لە جەنگی دژ بە رژێمی بەعسدا هاوكاریكردوون، دوای روخانی رژێمی بەعسیش ئەركەكەی بریتی بوو لە پاراستنی دەسەڵاتی شیعەكان لە عێراق، بە تایبەتی ئەو گروپە شیعانەی كە لە تارانەوە نزیكن هەروەها لە یەكخستنی شیعەكان بۆ پێكهێنانی كوتلەی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن رۆڵی گەورەی لە پشتی پەردەوە بینوە، رۆڵی باڵاشی هەبووە لە نزیككردنەوەی كورد و شیعە لە كابینەكانی پێشووی حكومەتی عێراق و لە شەڕی دژ بە داعش كە رووبەرێكی بەرفراوانی عێراقی كۆنترۆڵكرد فەرماندەكەی فەیلەقی قودس بە یاوەری هاوكارەكانی هاوكاری زۆری هەرێمی كوردستان و هێزەكانی حەشدی شەعبیی و سوپای عێراقی كردووە و بەردەوام سەرەڕای بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان و بەغدادی كردووە. ئێستاش لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، قاسم سولەیمانی جارێكی تر گەیشتوەتەوە بەغداد بۆئەوەی هەوڵەكانی بخاتەگەڕ تا ناوماڵی شیعە لە عێراق یەكبخات بۆ وەرگرتنەوەی سەرۆكایەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بۆ چوار ساڵی ئایندە، هەرچەندە رەنگە ئەركەكەی لە پێشووتری قورستربێت، چونكە ئێستا شیعەكان بەسەر چەند كوتلەیەكدا دابەشبوون و هەمووشیان چاویان لە پۆستی سەرۆك وەزیرانە، هەروەها نێوانی كورد و بەغدادیش وەك پێشوو نیە و بەهۆی ریفراندۆم و هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیی بۆسەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان كەلێنی گەورەی خستوەتە نێوانی هەولێر و بەغداد. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەك كە قسەیان بۆ كەناڵی " ئەلحوڕە" كردووە، ئێستا سولەیمانی لە ناوچەی سەوزی بەغدادە بۆ دانوستانكردن لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانەی دەوڵەتی یاسا بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانی " الفتح"ی هادی عامری گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێكبهێنن و موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی پەراوێز بخەن، ئەگەر عەبادی پەیوەندی نەكات بەو هاوپەیمانێتییەی كە ئێران دەیەوێت پێكیبهێنێت. برێت مەكگۆرك ساڵی 1973 لە دایكبووە، پارێزەر و دیپلۆماتكارە، 23ی ئۆكتۆبەری 2015 لەلایەن باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە وەك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دانرا. مەكگۆرك 20ی نیسانی 1973 لە شاری پیتسبێرگی ویەلایەتی پەنسلڤانیا لەدایكبووە، باوكی پرۆفیسۆری زمانی ئینگلیزیی بووە و دایكیشی مامۆستای هونەر بوو، ساڵی 1996 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە هونەرەكاندا لە زانكۆی كۆنیتیكت بەدەستهێناوە، ساڵی 1999 بڕوانامەی دكتۆرای لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بەدەستهێناوە، دوای دەرچوونی لە كۆڵیژی ماف، مەكگۆرك بۆماوەی سێ ساڵ لە دادگایەكی ویلایەتی نیویۆرك كاریكردووە، پاشان لە چەند دادگایەكی تر و دواتر لە دامەزراوەی كێركلاند لە كەرتی تایبەت و وەك مامۆستایەكی یاریدەدەر لە كۆلێژی مافی زانكۆی ڤێرجینیا كاریكردووە. شوباتی 2004 مەكگۆرك وەك راوێژكاری یاسایی دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان و راوێژكاری یاسایی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد گەیشتە عێراق، لەو ماوەیەشدا رۆڵی هەبوو لە نوسینی دەستوری كاتی عێراق و یاسای ئیداری ئینتیقالی و سەرپەرشتی گواستنەوەی دەسەڵاتیشیی كرد لە هاوپەیمانانەوە بۆ حكومەتی كاتیی عێراق بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی. مەككۆرگ لە ئیدارەی جۆرج بوش و ئۆباما و ترەمپیشدا لە ئەرك و چالاكییەكانی لە عێراق بەردەوام بووە و چەندین كاری گرنگی لە عێراق ئەنجامداوە و بەنهێنی دانوستانی لەگەڵ ئێراندا كردووە بۆ ئازادكردنی چەند هاوڵاتییەكی ئەمریكی لە ئێران ساڵی 2005 مەكگۆرك گەڕایەوە بۆ ئەمریكا، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا وەك بەڕێوەبەری كاروباری عێراق دەستبەكاربوو، دواتر وەك راوێژكاری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا و بەڕێوەبەری كاروباری عێراق و ئەفغانستان كاریكرد. مەكگۆرك یەكێك بوو لەو كەسانەی كە پشتیوانی لە گۆڕانكاری ریشەیی لە ستراتیژی ئەمریكا لە عێراق دەكرد و بانگەشەی بۆ زیاتركردنی هێزەكانی ئەمریكا دەكرد، ئەوەش لە ساڵی 2007 دا بە فیعلی روویدا، ئەو یەكێكە لەو كەسانەی كە جۆرج دەبیلو بۆش لە كتێبەكەیدا " خاڵەكانی بڕیار" ئاماژەی پێداوە و وەك یەكێك لەو كەسانەی كە بوونە هۆی ئەوەی شەڕ لە عێراق بچێتە سەر رێڕەوی سەرەكی خۆی و دوای ئەوەش بوش داوایلێكرد لەگەڵ رایان كرۆكەر باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد سەرۆكایەتی دانوستان بكات لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بۆ داڕشتنی بنەماكانی رێككەوتنی ستراتیژی و ئەمنیی نێوان بەغداد و واشنتۆن. ساڵی 2009 مەكگۆرك یەكێك بووە لەو سێ كەسەی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بووش كە لە ئیدارەی باراك ئۆبامادا مانەوە و مەكگۆرك پۆستی راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا و راوێژكاری باڵیۆزی ئەمریكای لە عێراق پێ بەخشرا. مەكگۆرك پاییزی 2009 دەستبەرداری كاری حكومیی بوو، رویكردە زانكۆی هارڤارد و ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكان، بەڵام هاوینی 2010 و كاتی سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و دوای ئەویش هاوینی 2011 بەهۆی بوونی كۆسپ لەبەردەم درێژكردنەوەی رێككەوتنی ئەمنی نێوان ئەمریكا و عێراق داوای لێكرایەوە و گەڕایەوە كاری حكومیی. ئابی 2013 مەكگۆرك وەك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران و نوسینگەی خۆرهەڵاتی نزیك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دامەزرێنرا. مەكگۆرك و شەڕی داعش 9ی حوزەیرانی 2014 مەكگۆرك لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بوو كە داعش موسڵی داگیركرد، بەپەلە گەڕایەوە بەغداد بۆ دوورخستنەوەی 1500 فەرمانبەری ئەمریكی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و پاشان لەگەڵ باراك ئۆباما و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كاریكرد بۆ داڕشتنی پلانی دیپلۆماتی و سەربازی ئەمریكا بەرامبەر بە هەڕەشەی داعش، مەكگۆرك دواتر رۆڵی كاریگەری بینی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و دورخستنەوەی نوری مالیكی. لە ئەیلولی 2014 مەكگۆرك لەلایەن جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وەك جێگری نوێنەری تایبەتی سەرۆك لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دیاریكرا، كە لە دیسەمبەری 2014 لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا بەبەشداری 62 وڵات بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی نوێی عێراق لەدژی داعش پێكهێنرا، مەكگۆرك دواتر بووە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لەو هاوپەیمانێتییە و سەرەنجام لە كۆتاییدا داعش لە عێراق وەدەرنرا. كانوونی دوووەمی ساڵی 2016 مەكگۆرك بۆ لەناوبردنی داعش سەردانی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریای كرد و لەگەڵ لێپرسراوانی پەیەكە و یەپەگە و یەپەژە كۆبووەوە، دواتر سوپای ئەمریكا بۆ هاوكاریكردنی ئەوانیش هێز و هاوكاری سەربازی گەیاندە ناوچەكە. جگە لەو رۆڵانەی تری كە لە عێراق و ناوچەكەدا گێڕاونی، مەكگۆرك لە ئۆكتۆبەری 2014ەوە تا شوباتی 2016 سەرقاڵی دانوستانی نهێنی بوو لەگەڵ ئێران بۆ ئازادكردنی چوار دەستگیركراوی ئەمریكی لە نێویشیاندا جیسۆن رەزائیان و ئەمیر حیكمەتی و سەعید عابدینی. ئێستاش كە لە ماوەی داهاتوودا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەستپێدەكەن، مەكگۆرگ كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنەكە دەستپێكردووە بۆ لێكنزیككردنەوەیان.
( دەرەو میدیا) مەسعود بارزانی و هادی عامری جەخت لەسەر پێویستی پەلەكردن لە بەدیهێنانی داواكارییەكانی جەماوەر دەكەنەوە. نوسینگەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی " الفتح" رایگەیاند:" هادی عامری پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێگەیشتووە. راشیگەیاند عامری و بارزانی باسیان لە سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە بە پێویستیان زانیوە پەلەبكرێت لە بەدیهێنانی داواكارییەكانی جەماوەر كە چاوەڕێی ئەوە لەسەرجەم كوتلەكان دەكەن پابەندی بەڵێنەكانیان بن. هەر ئەمڕۆش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەشداری پرۆسەی بانگەشە و دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی نەكرد پەیوەندی بە موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی " سائرون"ەوە كرد و پیرۆزبایی سەركەوتنی لێكرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە رۆژی 12 ئایار بەڕێوەچوو.
(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئەنجامی دەنگەكانی 98%ی پارێزگای دهۆكی راگەیاند. * پارتی: 348 هەزار و 777 دەنگ * یەكگرتوو: 48 هەزار و 300 دەنگ * هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری 25 هەزار و 449 دەنگ * یەكێتی: 25 هەزار و 823 دەنگ * نەوەی نوێ: 17 هەزار و 823 دەنگ * بزوتنەوەی گۆڕان : سێ هەزار و 328 دەنگ * كۆمەڵی ئیسلامی: سێ هەزار و 619 دەنگ
(درەو میدیا): بەپێی زانیاریيەكان ئازاد حەمید شەفی كە لایەنگری پارتیيە كاندیدی ژمارە 53 ی لیستی (سائیرون)ی موقتەدا سەدرە لە شاری بەغداد، دەنگی پێویستی بەدەستهێناوەو دەرچووە، هێمن هەورامی راوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، كاندیدێكیان بەناوی ئازاد شەفی لە لیستی " سائرون"ی موقتەدا سەدردا لە بەغداد هەبووە و بە گوێرەی ئەنجامە نافەرمییەكان (6153) دەنگی بەدەستهێناوە و دەرچووە. پێشتر میدیاكانی پارتی هێرشی توندیان كردە سەر ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی و سروە عەبدولواحید ئەندامی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆیان لەسەر دوو لیستی بەغداد كاندیدكردبوو، هەرچەندە سروە عەبدولواحید دواتر كشایەوە، بەڵام بەپێی زانیاریيەكان ئاڵا تاڵەبانی دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناوەو دەرنەچووە، كە كاندیدی ژمارە 5ی هاوپەیمانی بەغداد بووە لە شاری بەغداد.
(درەو میدیا): هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ نێوەندگیریكردن لەنێوان لایەنە سیاسییە ناكۆكانی پارێزگای سلێمانی. بەپێی هەواڵێك كە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، هۆشیاری زێباری بەمەبەستی نێوەندگیریكردن لەنێوان لایەنەكان و چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییەی كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردن لەنێوانیان دروستبووە، هۆشیاری زێباری سەردانی سلێمانی كردووە. لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسەكە، هۆشیاری زێباری دەڵێ" ژمارەیەكی زۆر چەكدار لەناو بارەگاكانی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بڵاوەیان پێكراوە". زێباری ئاماژەی بەوەكردووە، لە سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی بە لایەنەكانی وتووە، ئەگەر هەمووان بە ئەنجامی هەڵبژاردن قایل نەبن، پەنا بۆ چەك دەبرێت لە شەقامەكانی سلێمانیدا. هۆشیاری زێباری كە حزبەكەی خۆشی نیگەرانە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە سلێمانی، بە رۆیتەرزی وتووە: چەكدارانی یەكێتی نیشتیمانی تەقەیان لە بارەگای سەركردایەتی گۆڕان كردووە و چەكدارەكانی گۆڕانیش وەڵامیان داونەتەوە. زێباری هیچ وردەكارییەكی لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەی بۆ سلێمانی و بۆچونی لایەنە سیاسییەكان ئاشكرا نەكردووە. رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە لە پارێزگای سلێمانی ناكۆكی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان دروستكرد. هەشت لایەنی سیاسی لە ناویاندا پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێن یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ساختەكاری كردووە لە پرۆسەكەدا، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لیستی نەوەی نوێ دوو كورسی لە هەولێر و دوو كورسی لە سلێمانی هێناوە، لە پارێزگای سلێمانی نەوەی نوێ:( 61 هەزار و 638 ) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (69 هەزار و 123 ) دەنگی بەدەستهێناوە. بە گوێرەی ئەنجامەكانی كۆمسیۆن ئەم چوار كاندیدەی نەوەی نوێ دەرچوون: لە پارێزگای هەولێر رابوون مەعروف سەرۆكی لیستی نەوەی نوێ ( ٤٣ هەزارو ٧٦١ )دەنگی بەدەستهێناوە، كاوە عەبدولقادر (٢ هەزار و ٦٧ )دەنگی بەدەستهێناوە. لە سلێمانیش سەركەوت شەمسەدین سەرۆكی لیست( ٢٤ هەزار و ٥٦٧ )دەنگی بەدەستهێناوە، سیروان بابان( ٤ هەزار و ١٣١ ) دەنگی بەدەستهێناوە. .................. بەشێك لە زانیاریەكان لە سایتی ئێن ئاڕتی وەرگیراوە
(درەو میدیا): قەرەچەكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان داوە. یونس زاهیر سەرۆك هۆزی قەرەچەكان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای نەینەوا ئاشكرایكرد" هەموو ئەندامانی هۆزەكەیان دەنگیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان داوە، لە پارێزگای كەركوكیش وەكو پشتیوانی لە هەڵوێستی پارتی كە پرۆسەی هەڵبژاردنی بایكۆت كرد، ئەوان دەنگیان نەداوە". یونس زاهیر لە لێدوانێكدا بۆ سایتی سۆمەریەنیوز، لەبارەی هۆكاری دەنگدانیان بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت" پارتی بایەخ بە قەرەچەكان دەدات و هەوڵ بۆ باشكردنی ژیانیان دەدات. باسی لەوەشكردووە، ئێستا هۆزی قەرەچ ئامادەكاری دەكات بۆ سازدانی ئاهەنگ بەبۆنەی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. قەرەچ یاخود (دۆم) كە بە عەرەبی پێیان دەوترێت (كاولی) بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی مێژویی ریشەیان دەگەڕێتەوە بۆ هیندستان، ئەم هۆزە زمان و سەمای تایبەت بەخۆیان هەیە، وەك باس دەكرێت تاوەكو ساڵی 2005 ژمارەیان لە عێراق (50 هەزار) كەس بووە، قەرەچەكان زۆربەیان لە گوندو دەوروبەری شارەكان دەژین. لە چەندین شاری عێراقی قەرەچەكان بونیان هەیە، دوای روخانی رژێمی سەددام لە 2003، لە باشوری بەغدادی پایتەخت بە دوری 100 كیلۆمەتر شارۆچكەیەك هەبوو بەناوی (كاولی) زۆربەی دانیشتوانەكەی قەرەچ بوون، بەڵام بە بەهانەی ناپەسەندی رەوشتەوە، سوپای مەهدی سەربە رەوتی سەدر هێرشی كردەسەر ئەو شارۆچكەیەو وێرانی كرد.
درەو میدیا: لە پارێزگای هەولێر كە 15 كورسی هەیەو ژمارەی ئەو كەسانەی دەنگیانداوە(570463) كەسە بەو پێیەش بەهای كورسیەك(38030). دابەشكردنی دەنگەكانی پارێزگای هەولێر بەپێی شێوازی سانتلیگۆی هەموار كراو كە كۆی دەنگەكان دابەشی ( 1.7 ، 3 ، 5 ، 7 .....) كراوە، بۆیە بە پێی ئەو خشتەیەی كە درەو میدیا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە دەستی كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان ( 316001 ) دەنگی بەدەستهێناوەو 8 كورسی و ( 18588 ) ماوەیە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 77792 ) دەنگی بەدەستهێناوەو دەنگەكانی 2 كورسی و( 15558 ) ماوە بزوتنەوەی گۆڕان كە ( 23417 ) دەنگی بەدەستهێناوە 1 كورسی و ( 13269 ) دەنگی ماوەیە یەكگرتوو ئیسلامی كە ( 23933 ) دەنگی بەدەستهێناوەو دابەشی 1.7 كراوەو ( 14078 ) ی دەردەچێت و كورسی بەرناكەوێت كۆمەڵی ئیسلامی كە ( 35741 ) دەنگی بەدەستهێناوەو 1 كورسی و ( 11913 ) ماوەیە، هاوپەیمانی كە ( 49266 ) دەنگی بەدەستهێناوەو 1 كورسی و ( 16422 ) ماوەیە، نەوەی نوێ( 69123 ) دەنگی بەدەستهێناوەو 2 كورسی و ( 13824 ) ماوەیە،
(درەو میدیا): لە پارێزگای سلێمانی كە 18 كورسی هەیەو ژمارەی ئەو كەسانەی دەنگیانداوە( 700474 ) كەسە بەو پێیەش بەهای كورسیيەك ( 38915 ). دابەشكردنی دەنگەكانی سلێمانی بەپێی شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو كە كۆی دەنگەكان دابەشی ( 1.7 ، 3 ، 5 ، 7 ...) كراوە، بۆیە بە پێی ئەو خشتەیەی كە (درەو میدیا) لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە دەستی كەوتووە، * یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 262128 ) دەنگی بەدەستهێناوەو دەنگەكانی 8 كورسی و ( 15 هەزار دەنگ باقیەكەیەتی) * بزوتنەوەی گۆڕان كە ( 149930 ) دەنگی بەدەستهێناوە 4 كورسی و ( 16658 ) دەنگی ماوەیە * یەكگرتوو ئیسلامی كە ( 29161 ) دەنگی بەدەستهێناوەو 1 كورسی و ( 9720 ) ماوەیە. * كۆمەڵی ئیسلامی كە ( 49343 ) دەنگی بەدەستهێناوەو 1 كورسی و ( 16447 ) ماوەیە. * هاوپەیمانی كە ( 44976 ) دەنگی بەدەستهێناوەو 1 كورسی و ( 14992 ) ماوەیە. * نەوەی نوێ( 61638 ) دەنگی بەدەستهێناوەو 2 كورسی و ( 12327 ) ماوەیە. * پارتی ( 46567 ) دەنگی بەدەستهێناوەو 1 كورسی و ( 15522 ) ماوەیە.
(درەو میدیا): بە پێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) راگەیاندنی ناوی كاندیدە سەركەوتووەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوادەكەوێت بەهۆی دەرنەوچونی بەشێك لە سەركردە سیاسیيەكانی عێراق و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دەنگەكانیان تا ئاستی دەرچوون. بەپێی زانیاریيەكانی (درەو میدیا) كە لە كۆمسیۆنی باڵای هەلبژادرنەكانی عێراقەوە دەستی كەوتووە، لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ دەستكاریكردنی دەنگی كاندیداكان لە بەرژەوەندی بەرپرسە سیاسيیە دەرنەچووەكان، كە لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەیەكی زۆری سەركردە دیارەكانی عێراق دەرنەچوون و دەیانەوێت هەر لە لیستەكەی خۆیان دەستكاری دەنگەكانیان بۆ بكەن و دەریان بچێنن. كازم شەمەری سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی نیشتیمانی ئەیاد عەلاوی رایگەیاندووە كە فشاری زۆر لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەیە بۆ دەستكاریكردنی ئەنجامی دەنگی لیستەكەیان لە پارێزگای بەغداد، دیارترین ئەو سەركردانەی كە دەنگی پێویستیان نەهێنا:. * سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە هاوپەیمانی نیشتیمانی ئەیاد عەلاوی، كە دەنگی پێویستی بەدەستنەهێناوە. * حەنان فەتلاوی سەرۆكی لیستی ئیرادە دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناوە * عەباس بەیاتی و هەیسەم جبوری و عەلی عەلاق و جاسم محەمەد جەعفەر.. لەم هەڵبژاردنەدا سەرەڕای سزادانی حزبەكان بەوەی رێژەی هەڵبژاردن كۆی گشتی عێراق 44% بوو، هاوكات زۆرینەی سەركردەو سیاسیيە پۆپۆلیستەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی سزادران دەنگی كەمیان بەدەستهێنا.
بەهای كورسیەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جیاوازن پارێزگای هەولێر ژمارەی ئەو كەسانەی دەنگیانداوە: 570463 ژمارەی كورسیەكان : 15 كورسی و یەك كورسی كۆتا بەهای كورسیەك : 38030 پارێزگای سلێمانی: ژمارەی ئەو كەسانەی دەنگیانداوە: 700474 ژمارەی كورسیەكان : 18 كورسی بەهای كورسیەك : 38915 پارێزگای دهۆك: ژمارەی ئەو كەسانەی دەنگیانداوە: 544226 ژمارەی كورسیەكان : 11 كورسی بەهای كورسیەك : 49475 لە رۆژنامەی ئاوێنە وەرگیراوە