حەوت رۆژە سێ چالاكوانی پیرەمەگرون لە ژوورە تاریكەكانی ئاساییشدان

Draw Media

2018-07-11 19:11:38



(درەو میدیا):
لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە و هەریەك لە (شۆڕش ڕەئوف، سەرۆكی ڕێكخراوی پیرەمەگرون و قادر عەلی عەبدوڵا و بڕیار جەلال قادر كارگێڕانی ڕێكخراوی پیرەمەگرون) لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیركراون، تا ئێستا ئازاد نەكراون و تەنانەت رێگە بە كەسوكاریشیان نەدراوە سەردانیان بكەن.
كەسێكی نزیكی ئەو چالاكوانانەی پیرەمەگرون كە نەیویست ناوی بهێنرێت  بە درەو میدیای راگەیاند: ئەو چالاكوانانەی پیرەمەگرون ویستویانە خۆپیشاندان ساز بكەن و داوای باشكردنی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی و دەرمان و ئاو و كارەبا بكەن، ئێستا لە ژووری تاكە كەسیدان  لە ئاساییشی سلێمانی و بواری بینین و هەواڵپرسینیشیان نادرێت.
 نیاز عەبدوڵا چالاكی مەدەنی لە نوسینێكدا دەڵێت: یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە میدیاكانییەوە وەك بانگەشە شانازی بە پانتایی ئازادی رادەربڕین و دەربرینی ناڕەزاییەتییەكانی خەڵك لە رێگای خۆپیشاندانەكانەوه دەكات و، وەك هێزێكی جیاواز لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سیاسەت و حوكمڕانی خۆی دەخاتە روو‌. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی 17ی شوبات; ئاسایشی یەكێتی نیشتمانی لە هەفتەی رابردووەوه لە پیرەمەگروون‌ سێ گەنجی دەستگیر و شوێنبزركردووه بەهۆی بەشدارییان لە رێكخستنی ئەو خۆپیشاندانانەی.
نیاز پێشی وایە : پێویستە ئاسایشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو سێ گەنجە دەستگیركراوە بە زووترین كات ئازاد بكات و، بەرپرسیارێتی سەلامەتی ژیانی ئەو گەنجانە لە ئەستۆی ئاسایش دایە و دەبێ دەست لە هەر ئەشكەنجە و فشارێك هەڵبگیرێت، جگە لەوەی ئەم رەفتارە ترسنۆكانەیە، هاوكات سەركوتكارانەیە و بە ئامانجی ترساندنی گەنجانی ترە تا لە داهاتوو بەشداری خۆپیشاندانەكان نەكەن. دەرخستنی بەردەوامی ئەو راستییەیە كە دەزگاكانی ئاسایش لە سەرووی هەموو دەسەڵاتەكانی تر رەفتار دەكەن.
بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا ئەو سێ گەنجە تەنها ویستویانە خۆپیشاندان بكەن دژ بە كەمی ئاوو كارەباو خزمەتگوزاری هیچ  تاوانێكیان نیەو وەك ئینتیمای سیاسیش ( گۆڕان و نەوەی نوێ و هاوپەیمانین ) .
ئێستا ئەرکی گەورە دەكەوێتە سەر شانی پارێزگاری سلێمانی كە سەرۆكی لیژنەی ئەمنی پارێزگایە و پاراستنی گیانیان لە ئەستۆی ئەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand