(درەو میدیا) سەرەتای ئەم هەفتەیە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی كۆبوەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لێدوانێكیدا بۆ " درەو میدیا" ناوەرۆكی كۆبوونەوەی مەكگۆرك و بەرهەم ساڵحی ئاشكراكرد و رایگەیاند مەكگۆرك پێشنیاری ئەوەی كردووە لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت و ئەوانیش وەك ئەمریكا پشتیوانی لێدەكەن. سەرچاوەكە كە نەیویسیت ناو و ناونیشانی ئاشكرابكرێت، راشیگەیاند، دواتر مەكگۆرك ئەو پێشنیارەی خستوەتە بەردەم یەكێتی و ماڵی تاڵەبانی بە تایبەتی و ئەوانیش بۆئەوە چەند مەرجێكیان هەیە و وتویانە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار پێویستە بەرهەم ساڵح هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری هەڵبوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە ناو یەكێتی و مەرجی دووەمیشیان ئەوەبووە كە بەرهەم ساڵح لە بەغدا بێت و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی یەكێتیدا نەكات. بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەریی تائێستا وەڵامی ئەو پێشنیارەی مەککۆرگی نەداوەتەوە.
لە نوسراوێكی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا كە ئاراستەی ئەندامانی كردووە داوادەكات كە رۆژی شەممە 19/5/2018 كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراقە سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و لێكەوتەكانی بە ئامادەبوونی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان. كۆبوونەوەی رۆژەی شەممەی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوە هات كە81 پەرلەمانتاری عێراق واژوویان كۆكردەوە بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوەی ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەبارەت بەو پێشێلكاری و كەموكوڕیانەی كە لە هەڵبژاردنەكاندا هەبووە. لەلایەن خۆشیەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند دۆسێیەكی تایبەت بە كۆمسیۆن دەداتە دەستەی نەزاهەی عێراق، عەبادی نوسراوێكی رەسمی ئاراستەی دەستەی نەزاهە كردووە كە تیایدا كۆمەڵێک پێشێلكاری خستوەتەڕوو كە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە كراوە پێش رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن. بە گوێرەی لێدوانی سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی سەرەك وەزیرانی عێراق پێویست بوو كۆمسیۆن بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی لیژنەیەكی پێكبهێنایە بۆ بەستنی كۆنتراكت لەگەڵ كۆمپانیاكانی تایبەت بە پشكنینی ئامێرەكانی هەڵبژاردن بە مەبەستی تێستكردن و چاودێریكردنی شێوازی كاركردنیان بەڵام كۆمسیۆن بەم ئەركە هەڵنەستاوە و پێشێلی یاسای كردوە. هەر بۆیە ئەوان لەلایەن خۆیانەوە نوسراوی تایبەتیان ئاراستەی دەستەی نەزاهە كردوەو ئاگاداریان كردونەتەوە لەوەی كۆمسیۆن نایاساییكردووە. ئەم نوسراوەی نوسینگەكەی حەیدەر عەبادی بۆ دەستەی نەزاهە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانە و لە رۆژی 6/5/2018 یە ئەمە لە كاتێكدایە كە نیگەرانیەكان تا دێت سەبارەت بە كۆمسیۆن و بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكان زیاتر دەبێت عەواتف نیعمەی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە كە ئەوانیش نیگەرانن لە ئەنجامەكان و داوای ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەكەن بەشێوەیەكی رەسمی ئەگەرنا دان بە ئەنجامەكاندا نانێن. لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش شەش لایەنی سیاسی هەوڵەكانیان چركردوەتەوە و بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان كۆدەبنەوە.
نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە ئەمڕۆی نرخی بەرمیلێك نەوت لە جۆری برێنت بە 79 دۆلار و 47 سەنتە، هاوكات، ئێستا نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمەریكی لە بازاڕەكانی جیهان بە 71 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت. بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە كاتێكدایە كە پێشتر نرخی بەرمیلێك نەوت لە 2016 گەیشتبووە نزیكەی 27 دۆلار.
( درەو میدیا) دادگایەكی ئەمریكا بەتۆمەتی بەشداریكردن لە هاوكاریكردنی ئێران بۆ شكاندنی سزا ئابورییەكانی سەری سزای 32 مانگ زیندانیكردنی بەسەر محەمەد هاكات ئاتێلا جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری " هاڵك بانك"ی توركیادا سەپاند. وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە كاردانەوەیدا لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی ئەو بڕیاری دادگاكەی ئەمریكای كرد و دادگاكەی تۆمەتباركرد بە دەركردنی بڕیار بە پشت بەستن بە بەڵگەی ساختی و دروستكراو لەلایەن لایەنگرانی فەتحوڵا گولەنەوە كە لە ئەمریكا دەژی و توركیا بە پلانداڕێژەری كودەتا شكستخواردووەمەی تەمموزی رابردووی دادەنێت. هاڵك بانك بانكێكی حكومیی توركیا و پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمیش لەو بانكە دادەنرێت و دواتر حەواڵەی هەرێم دەكرێت.
( درەو میدیا ) بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" كە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە دەستی كەوتووە ناوی كاندیدە دەرچووەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە 4 كاندیدە بەم شێوەییە: لە پارێزگای سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە ( 149930 ) دەنگی بەدەستهێناوە: یوسف محەمەد سادق 65390 غالب محەمەد 21548 هۆشیار عەبدوڵا 8564 بەهار مەحمود 1478 بەڵام زنجیرەی كاندیدەكان بەپێی ژمارەی دەنگەكانیان بەم شێوەیەیە: یوسف محەمەد سادق 65390 غالب محەمەد 21548 هۆشیار عەبدوڵا 8564 كامەران عەلی 8119 عەدنان عوسمان 4750 ئەمین بەكر 3833 هەڵەت رشید 3570 محمود وەهاب 3099 قادر ئەبوبەكر 3070 عەلی قادر 1753 محەمەد برایم 1482 بەهرۆز عەلی 1480 بەهار مەحمود 1478 دلشاد رەشید 1434 شاناز محەمەد 1408 حسێن تاهر 1193 كۆراڵ حمەنوری 808 چیمەن محەمەد 755 ژیان عەلی 695 كامل محەمەد 578 چنار كەمال 377 بەختیار مەحمود 259 لە پارێزگای هەولێر بزوتنەوەی گۆڕان كە ( 23417 ) دەنگی بەدەستهێناوە. كاوە محەمەد، زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە. دەكرێت بەهۆی كۆتای ژنان و گۆڕانی دەنگەكانەوە ناوی كاندیدە دەرچووەكان گۆڕانی بەسەردا بێت.
( درەو میدیا ) بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا" كە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە دەستی كەوتووە، یەكگرتووی ئیسلامی لە پارێزگای سلێمانی 1 كەسی دەرچووە بەڵام ئەشێت كۆتای ژنان گۆڕانكاری تیا دروست بكات كە كێ دەردەچێت بەم شێوەیە: لە پارێزگای سلێمانی یەكگرتوو ئیسلامی كە ( 29161 ) دەنگی بەدەستهێناوە: د. موسەنا ئەمین ( 12088 ) دەنگ د. شێركۆ جەودەت ( 2438) دەنگ لوقمان حسین ( 2398 ) دەنگ فاتح محەمەد ( 2398 ) دەنگ ناسك تۆفیق ( 2024 ) دەنگ
( درەو میدیا ) بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" كە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە دەستی كەوتووە پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی 1 كەسیان دەرچووە، بەپێی رێژەی دەنگ دانا محەمەد جەزا دەنگی یەكەمی هێناوە و سەرۆكی لیستەكە رزگار ئەژی گۆران دەنگی سێیەمی بەدەستهێناوە بەم شێوەیە: لە پارێزگای سلێمانی پارتی ( 46567 ) دەنگی بەدەستهێناوە: دانا محەمەد جەزا ( 4588 ) دەنگ عومەر خدر خدر ( 3880) دەنگ رزگار ئەژی گۆران ( 3771 ) دەنگ هێشوو رێبوار ( 3165 ) دەنگ - ئەم ژمارانە ژمارەی كۆتایی نین و لەوانەیە گۆڕانکاریان بەسەردا بێت.
( درەو میدیا) لە ساتی هێرشكردنە سەر گردی زەرگەتە، هێزێك چواردەوری بارەگای سەرەكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری دەدات لە گەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی، بەڵام لەلایەن هێزێكی دیكەی یەكێتیەوە تەوقەكە تێكدەشكێنرێت و رێگە نادرێت بچنە ناو بارەگای هاوپەیمانیەوە، هێرش و گرژیەكەی سەر گردی زەرگەتەش بە كۆبونەوەیەكی نیوەشەوی نێوانیان كۆتایی هات. هێرشی سەر بارەگای هاوپەیمانی: بە پێی زانیاریەكانی "درەو میدیا" لە ساتی هێرش بۆسەر گردی زەرگەتە هێزێكی دیكە جیاواز لەو هێزەی سەر گردی زەرگەتە، دەچنە سەر بینای بارەگای هاوپەیمانی لە گەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی، هێزەكە بەدەوری بارەگاكەدا بڵاوەیان پێدەكرێت و دەیانەوێت بچنە سەر بارەگاكە، بەڵام د. بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە نایەوێت ئەم هێرشە لە كەناڵەكانیەوە بڵاویبكاتەوە و پەیوەندییەكانی دەخاتە گەڕ، هێزێكی دێكەی یەكێتی كە سەربە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەگاتە شوێنەكە و رێگری دەكات و رێگە نادات ئەو هێزە بچنە سەر بارەگاكە و هەڕەشەی روبەرووبونەوە دەكات، بۆیە هێزەكە پلانەكە جێبەجێناكەن و دەگەڕێنەوە، زانیارییەكان دەڵێن ئەم هێزە چاوەڕێی هێرشەكەی سەرگردەی زەرگەتەی كردووە، ئەگەر ئەوان سەركەوتوبن لە چونە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمانیش ئەركەكەیان جێبەجێ دەكەن، هەندێكی دیكەش پێیان وایە نیەتی ئەو هێرش و پشێویان تەنها بۆ چاوترساندن و دروستكردنی پشێوی بووە بۆ ئەوەی ئەو هەوڵەی لە هەڵبژاردنەكاندا داویانە پەردەپۆشی بكەن. هێرشی سەرگردی زەرگەتە: جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، تەلەفۆن بۆ عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، بەڵام سكرتێرەكەی عومەری سەید عەلی تەلەفۆنەكە دەاتە دەست قادری حاجی عەلی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكانی گۆڕان وەڵامی بداتەوە، ئەڵێت بۆچی ئەو هەڵایەتان دروستكردووە بۆچی ئەنجامەكە قبوڵناكەن، قسەی توند و شەڕە قسە لە نێوان هەردوولا دا دروست دەبێت، شێخ جەعفەر هەڕەشەی هێرشكردنە سەر گردی زەرگەتە دەكات و قادری حاجی عەلیش بە توندی وەڵامی هەڕەشەكانی دەداتەوە و پێی دەڵێت " ئەگەر ئازای وەرە" جەعفەر شێخ مستەفا لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ دەبێت و بەرەو گردی زەرگەتە دەچێت، بەوتەی خۆی دەڵێت بۆلای عومەری سەید عەلی دەچم بۆیە لە نزیك گردی زەرگەتە دادەبەزێت و دەچێت بەرەو گردی زەرگەتە پاسەوانەكانی دەیگرن و رێگری لێدەكەن و شەڕە تەقە دروست دەبێت، لە هەردوولاوە ئەوان تەقە بە ئاراستەی گردی زەرگەتەدا دەكەن و لە گردەكەشەوە تەقە لەوان دەكرێت و دەوترێت ئۆتۆمبێلە درعەكەی شێخ جەعفەر چەند گوللەكی پێوەیە و بریندار لە هەردوولا دەبێت، لەو ماوەیەدا تەلەفۆن دەكرێت هێزی دیكە دێت و بە ئاربیجی و دۆشكە تەقە لە گردەكە دەكرێت و تەنانەت لە شوێنی دوورتریشەوە تەقە بە ئاراستەی گردەكە دەكرێت. هەندێك زانیاریش ئاماژە بەوە دەكەن هێرشەكەی شێخ جەعفەر بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی بووە، چونكە پێشتر بافڵ تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕانكردووەو وتویەتی دەبێت قبوڵی بكەن، بەڵام ئەوان رەتیدەكەنەوە و ئەویش توڕە دەبێت و پەیوەندی بە شێخ جەعفەرەوە دەكات، زانیاریەكان دەڵێن هێزێكی زۆری رێكخراو لە دەوری گردەكە و شوقەكانی بەردەمی كۆبونەتەوە و ویستویانە بچنە سەر شوقەكان و لەوێوە تەقە لە گردەكە بكەن، چونكە لەو كاتەدا سەرەڕای ئەوەی كۆبونەوەی سەركردەكانی گۆڕان بووە، كۆبونەوەی چوار حزبیش لەوێ بووە، تەقەكان راستەوخۆ ئاراستەی ژووری كۆبونەوەكان كراوە. تەنانەت وەفدەكە بە پەلە ژوورەكەیان جێهێشتووە، كە شوێنی كۆبونەوە و دانیشتنی نەوشیروان مستەفا بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر لە مەكۆی سەرەكی بوونە لە چاوەڕوانی ئەنجامەكان و نارەزایی لەسەر ئەنجامەكان بۆیە روبەرووی هێرشبەران بونەتەوە و رێگریان لێكردوون، دواتر لە میدیای گۆڕانەوە داوای بەهاناوە چوون كراوە و ژمارەیەكی زۆری لایەنگری گۆڕان بەچەكەوە چونەتە گردی زەرگەتە بۆ بەرگریكردن، بەڵام دواتر سەركردەكانی هەردوولا پەیوەندیەكانیان چڕكردوەتەوە و لە كاتژمێر 12 بۆ یەكی شەو وەفدێكی یەكێتی كە لە حاكم قادر و دلێری سەید مەجید پێكهاتوون هاتونەتە ماڵی كاك نەوشیروان لە گردی عەلی ناجی و لەوێ لەگەل عومەری سەید عەلی و حەمە تۆفیق رەحیم و كوڕەكانی كاك نەوشیروانەوە كۆبونەتەوە و گرژییوەكان رەویونەتەوە. لەدوای ئەو روداوەوە خواستی پێکهێنانی هێزی چەكدار لەناو گۆڕاندا زیادیكردووە و بەشێك لە لایەنگرانی گۆڕان لەگەڵ هەبوونی هێزی چەكدارن و بەشێكیشیان رەتیدەكەنەوە، بەڵام لە ئاستی سەركردایەتی گۆڕاندا بەتەواوی ئەو هەنگاوە رەتدەكرێتەوە.
درەو میدیا: بەپێی ئەو خشتەیەی كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە دەستی درەو میدیا كەوتووە، هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر لە پلەی یەكەمدایەو 54 كورسی بەدەستهێناوەو ئیئتلافی فەتحی هادی عامری 49 كورسی بەدەستهێناوەو لە پلەی دووەمدایە، ئیئتلافی نەسری حەیدەر عەبادی لە پلەی سێیەمدایەو 43 كورسی مسۆگەركردووە. لەسەر ئاستی لیستە كوردیەكانیش پارتی 25 كورسی بە بێ كۆتا و یەكێتی 17 كورسی و گۆڕان 5 كورسی و نەوەی نوێ 4 كورسی و هاوپەیمانی 2 كورسی و یەكگرتوو 2 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامیش 2 كورسی . http://file:///C:/Users/SHKAR%20PC/Desktop/halbzhardn%202018/kursi%20kotayy.pdf
(درەو میدیا) لە دوای كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەی ئەمڕۆی سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆچوارشەممە كۆمسیۆنی باڵا دەستی بەسەر ئۆفیس و نوسینگەی ناوەبراودا گرتووە لە شاری بەغداد. بەر لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان داوادەكەن سەعید كاكەیی كۆنگرەی رۆژنامەنوسی نەبەستێت، دوای ئەوەی سەعید كاكەیی سور دەبێت لەسەر ئەنجامدانی كۆنگرەی رۆژنامەنووسی، بەر لە ئەنجامدانی كۆنگرەكە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەیاننامەیەك بڵاودەكەنەوە و رایدەگەیەنن كە سەعید كاكەیی یەكێك لە ئەندامەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەلایەن یەكێك لە و لایەنە سیاسیانەی كە لە هەڵبژاردنەكەدا زیانی بەركەوتووە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە لەخۆی و خێزانەكەی و ناچاركراوە دەستلەربكێشێتەوە لە بەرامبەریشدا سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەو بەیاننامەیەی كۆمسیۆنی رەتكردەوە و رایگەیاند هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر نییە و كەس هەڕەشەی لێ نەكردووە. سەرچاوەیەكی نزیك لە سەعید كاكەیەوە بە " درەو میدیا" ی راگەیاند: سەعید كاكەیی خیزان و منداڵ و كەسوكاری لە عێراق ناژین و لە وڵاتی كەنەدان، بۆیە بوونی هەڕەشە لەسەر سەعید كاكەیی دوورە لە راستیەوە بەلام لەلایەن ئەندامانی كۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە فشاری زۆری لەسەر كراوە كە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی نەبەستێت، لەبەرامبەر بەستنی كۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا دەستیان گرتووە بەسەر ئۆفیس و نوسینگەكەیدا. سەعید كاكەیی كە لەسەر پشكی گۆڕان ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانە لەژێر دوو فشاردایە فشاری كۆمسیۆن و فشاری دەنگدەرە ناڕازییەكان، بەوەی بۆچی هەڵوێستی نیە و قسە لەسەر ساختەكارییەكان ناكات كە حزبەكەیی و بەشێك لەلایەنەكانی دیكەش پێیان وایە دەستكاری دەنگەكان كراوە.
وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت & نامیق رەسوڵ مەسعود ئۆزێل و ئیلكای گۆندۆگان هەردوو یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوای دیدارێكیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە لەندەن. مشتومڕێكی توندیان لە ئەڵمانیا دروستكردووە، ئەو خەڵاتانەی كە ئەو دوو یاریزانە بەخشییانە ئەردۆغان، جارێكی تر پرسی كێشەی ئینتیمایان لە ئەڵمانیا هێنایەوە بەر باس و خواس. چەند رۆژێكی كەم بەر لەوەی ئەوەی یواخیم لۆف راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێكهاتەی بەرایی مانشافت بۆ بەشداریكردن لە یاریییەكانی كۆتایی جامی جیهانی لە روسیا ئاشكرابكات ، دوو یاریزانی نێودەوڵەتی بەڕەگەز تورك، مەسعود ئۆزێل و ئیلكای گۆندۆگان روبەڕووی شەپۆلێك توندی توڕەیی رایگشتی ئەڵمانیا دەبنەوە كە گەیشتوەتە ئاستی داواكردن لە لۆف بۆ ئەوەی ناویان لە لیستی مۆندیالدا بسڕێتەوە، ئەمەش ئەو شتە بوو كە لۆف بەتەواوەتی پشتگوێی خست كاتێك نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە لیستەكەی ئاشكراكرد. چیرۆكەكە رۆژی یەكشەممە (13 ئایاری 2018) دەستیپێكرد، كاتێك یاریزانی ئەرسیناڵ ئۆزێل و یاریزانی مانشستەر سیتی گۆندۆگان لە لەندەنی پایتەخی بەریتانیا چاویان بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كەوت و هەردووكیان لەبەردەم كامێرای وێنەگراندا درێسی یانەكانیان پێبەخشی، لەسەر درێسە ژمارە هەشتەكەی گۆندۆگان نوسرابوو " لەگەڵ رێزم بۆ سەرۆكی پیرۆز". پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا یەكەم لایەن بوو كە ئەو وێنەیەی لەسەر هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوكردەوە، ئەمە بەر لەوەی ئۆزێل لەسەر هەمان پێگە وێنەی خۆی لەگەڵ گۆندۆگان و جینك توسن هێرشبەری ئیڤرتۆن بڵاوبكاتەوە كە ئەویش لە دیدارەكەدا ئامادەبوو، ئۆزێل لە تویتەكەیدا نوسی "دیدارێكی باش ئەم ئێوارەیە..". لەوكاتەوە رێژنەی ئەو رەخنانە رانەوەستاوە كە ئاڕاستەی ئەو دوو یاریزانە دەكرێن، ئەمە چ لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیاوە كە لە یەكەمین ئیدانەكەرەكان بوو، هەروەك راوێژكاری ئەڵمانیاش هاتەسەر خەت و وتی ئەوەی ئەو دوانە كردویانە" پرسیاری دروستكردووە و بوەتەهۆی هەڵەتێگەیشتن". ئەو پرسیارانە رۆژنامە ناوخۆییەكان ماوەی دوو رۆژە بە دوورودرێژی گفتوگۆیان لەسەر دەكەن، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش لای خۆیانەوە پڕبوون لە كۆمێنتی توڕە كە بەشێكی زۆری ئەو كۆمێنتانە لەلایەن رەوەندی توركیاوە لەناو ئەڵمانیا دەرچوون. ئەو رەخنانە لە دوو خولگەی سەرەكییەوە بوون، یەكەم لە دەوری كەسێتی ئەردۆغان دەسوڕێتەوە لەگەڵ ئەو توڕەییەی كە گوزارشت لە "بانگەشە" بۆ ئەو دەكەن بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كە بڕیارە حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت. بەڵام بەشی دووەم كە بایەخەكەی كەمتر نییە و سروشتێكی سیاسی-كۆمەڵایەتی هەیە، لە دەوری گرفتی ئاوێتەبوون دەسوڕێتەوە، بەوپێیەی ئەو دوو یاریزانە كە لەدایكبوی شاری گلسینكیرشن-ن (خۆرئاوای ئەڵمانیا)، سیمبوڵی ئاوێتەبوونێكی سەركەوتوو بوون و دوو روخساری ئەوانە بوون كە ناویان لێنراوە " ئەڵمانییە نوێیەكان". بەڵام ئەو دوانە لەم دیدارەدا گوزارشتیان لەوەكرد كە ئەردۆغان سەرۆكی "راستەقینە"یانە، وەكو ئەوەی رەخنەگران دەڵێن. بانگەشەكردن بۆ دیكتاتۆر لەوانەیە ئەو تویتەی كە پارتی " مەسیحی كۆمەڵایەتی باڤاریا" دەستەخوشكی پارتەكەی مێركڵ دەریبڕی ئێستا ناخی زۆرێك لە ئەڵمانییەكان بێت كە دەڵێت:" ئەو كەسەی درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەپۆشێت پێویستە لەسەری ملكەچی بەهاكانی وڵاتەكەمان بێت و هەڵمەتی بانگەشە بۆ دیكاتۆرەكان نەكات كە هەوڵ بۆ سەركوتكردنی ئازادی رادەبڕین و ئازادییە گشتییەكان دەدەن". ئەم دیدارە بەلای ناوخۆی ئەڵمانیاشەوە لە چەند لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وەك دیدارێكی رەمزی وەسفكرا، لیندا توتبێرگ وتەبێژی كاروباری كۆچ لە پارتی لیبراڵی ئازاد كۆبونەوەكەی ئەردۆغان و ئەو یاریزانانەی بە" گەمەیەكی هەڵە و گۆڵێكی پێچەوانە وەسفكرد بەلای ئەو كەسانەی بانگەشەی یاری زۆر خاوێن و دیموكراتی تر لە توركیا دەكەن". ئەم هەڵوێستە لە بنەڕەتدا كە زیاتر جەخت لە كەسایەتی ئەردۆغان وەكو پرۆژەیەكی " دیكتاتۆری " دەكاتەوە، بەر دیواری دیموكراتیەتی تازە پێگەیشتووی توركیا دەكەوێت، بەوەش پێویست ناكات دوو یاریزان كە نوێنەرایەتی ئەڵمانیا دەكەن بەشداربن لە " گەمە" یەكی سیاسیدا و بە تایبەتی هەردوو یاریزانەكە هێز و پێشەنگن بۆ لاوانی توركیا لەناو توركیا و ئەڵمانیا، یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیاش كە چەند ساڵێكە دروشمی " فرەیی" بەرزكردوەتەوە توڕەیی خۆی لە لۆمەكردنی راستەوخۆی یاریزانەكان دەربڕی و بە بۆچونی راینهاڵد گریندڵ سەرۆكی یەكێتییەكە دەڵێت ئەو دوو یاریزانە لەلایەن هەڵمەتی بانگەشەی ئەردۆغانەوە قۆستراونەتەوە، لە كاتێكدا كە " تۆپی پێ و یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا پابەندی چەند بەهایەكن كە لەلایەن بەڕێز ئەردۆغانەوە رێزی تەواوەتییان لێ ناگیرێت". خودی گریندڵیش یەكێك بوو لەوانەی لە ڤیتۆی رۆژنامەكان رزگاری نەبوو، رۆژنامەی " ڤیستدۆیچە تسایۆنگ" پرسیاری دەربارەی مانای ئەو بەهایانە كرد كە گریندڵ باسیان دەكات و دەڵێت یەكێتی تۆپی پێ گرەو لەسەر " دانوستان دەكات نەك لێكدابڕان"، پاشان رۆژنامەكە وایدەبینێت پێویست ناكات خۆت بە پەرستگاری ئەخلاقدا هەڵبواسیت، كە یەكێتی تۆپی پیێ هیچ گرفتێك لە چوون بۆ ماڵی سەرۆكی روسیا ڤلادیمێر پۆتندا نابینێت. لەم مشتومڕەدا گۆندۆگان هەوڵیدا بەرگری لە هەڵوێستەكەی بكات لەسەر ئەوەی كە لەسەر درێسەكەی نوسیوێتی، دەڵێت " ئەوە وتاری سیاسیی نییە"، بەڵام بەلای زۆرێكەوە باوەڕكردن بەوە قورسە بە تایبەتی گۆڕانكارییەكانی كە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەڵمانیا بەخۆیەوە بینی ئەم دیدارە دەخاتە چوارچێوەیەیەكی سیاسیی رووتەوە. كێشەی ناسنامە كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان جارێكی تر كێشەی ئاوێتەبوون و گونجانی هێنایەكایەوە، ئۆزێل كە براوی خەڵاتی ئاوێتەبوونی (بامبی) ساڵی 2010 یە، ئەمڕۆ جەختدەكاتەوە كە سەرۆكەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغانە، رۆژنامەی " ڤیستدویچە تسایۆنگ" لە كۆمێنتەكەیدا دەربارەی ئەوە نوسویەتی دەڵێ:" كارەكە سادەیە بەڕێز گۆندۆگان، سەرۆكەكەت شتانمایەرە، و راوێژكاریش ئەنگێلا مێركڵە و دەستوریش یاسای بنەڕەتییە، با بەدواداچوون بكەین، ئەگەر ئەمەت بەدڵ نەبوون درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دابكەنە". مەسعود ئۆزێل ساڵی 1988 لە ئەڵمانیا لە دایكبووە، تەنها رەگەزنامەی توركیای هەبوو، چونكە ئەو كاتە رێگە بە بوونی دوو رەگەزنامە نەدەدرا و ساڵی 2007 دەستبەرداری رەگەزنامەی توركیا بوو و رەگەزنامەی ئەڵمانیی وەرگرت و بەوەش بڕیاریدا یاری بۆ هەڵبژاردەی مانشافت بكات، دوای راوێژكردن بە دایك و باوك و ئەندامانی خێزانەكەی، هەروەك خۆی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی پێشووتردا روونیكردووەتەوە. بەڵام گۆندۆگان ساڵی 1990 لە ئەڵمانیا لە دایكبووە و ساڵی 2011 بۆ یەكەمجار یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كردووە، ئەو بەردەوام هەردوو رەگەزنامەی توركی و ئەڵمانیی هەبووە، واتە سەرۆكی فیعلی ئەو ئەردۆغان و شتنمایەرە. بە بۆچوونی ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران ئەم دوو یاریزانە بەشێوەیەگی گەورە زیانیان بە پرۆسەی ئاوێتەبوونی كۆچبەران لەناو ئەڵمانیادا گەیاندووە، بەرای جیم ئۆزدەمیر سەرۆكی پێشووی پارتی سەوز، بەو دیدارە خزمەتێكی زۆریان پێشكەشی دەنگە پۆپۆلیستەكان كردووە كە هەتا ئەم ساتە رەتیدەكەنەوە دان بنێن بەو دینامیكییەی كە كۆمەڵگەكەی ئەڵمانیی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتی نەوەی دووەم و سێیەمی كۆچبەران، عەرەب بن یان تورك جەخت لەسەر ئەڵمانیی بوونیان دەكەنەوە و خۆیان بە ئەڵمانیی نوێ دەناسێنن، ئەوانەشن كە سەر بە نەوەی گۆندۆگان و ئۆزێلن. سەرچاوە: DW
( درەو میدیا) وەك نەریتێكی سیاسی پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكە لە عێراق لە نێوان ( كورد سەرۆك كۆمار و و شیعە سەرۆك وەزیران و سوننە سەرۆكی پەرلەمان) دابەشكراوە، لە ناو هێزە كوردییەكانیشدا لە سێ خولی رابردوودا ( 2005 ، 2010 ، 2014 ) بۆ یەكێتی بووە، ئێستاش یەكێتی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئامادە كردووە و بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" یەكێتی دەیەوێت بۆ ئەو پۆستە ( د. لەتیف رەشید ) ئاوەڵزاوی جەلال تاڵەبانی، كاندید بكات. بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان كە زۆرترین كورسی لایەنە كوردییەكانی هەیە، لەدوای تەواوبوونی وادەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، كە دەوترا پۆستی سەرۆك كۆمار لەبری پۆستی سەرۆكی هەرێمە، ئێستا چاوی لە كورسی سەرۆككۆماری عێراقە، زانیارییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی نیازی كاندیدكردنی نەجمەدین كەریمی هەیە بۆ ئەو پۆستە، لەلایەك دەیەوێت قەرەبووی هەڵوێستەكانی نەجمەدین بكاتەوە لە پرسی ریفراندۆمدا كە هاوهەڵوێستی پارتی بوو، لەلایەكیش ئەگەرچی نەجمەدین كەریم لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لابراوە بەڵام لە ئەندامێتی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ماوە و كۆنگرە بڕیاری كۆتایی لێدەدات، بۆیە پارتی دەیەوێت وای نیشان بدات كە كەسێكی یەكێتی كردوەتە سەرۆك كۆماری عێراق. بیرهێنانەوە ............................................. سەرۆك كۆماری عێراق لە دەستوردا بەشی دووەم [ دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن] مادەی (66) دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنی فیدرالی لە سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران پێكدێت، و بە پێی دەستور و یاسا دەسەڵاتەكانی پیادە دەكات. لقی یەكەم: سەرۆك كۆمار مادەی (67) سەرۆك كۆمار سەرۆكی وڵات و نیشانەی یەكپارچەیی نیشتمان و سەروەری وڵاتە، هەوڵدەدات بۆ پابەند بوون بە دەستورو پارێزگاری لە سەربەخۆییو سەروەریو یەكێتیو پاراستنی خاكی عێراق بە پێی بڕگەكانی دەستور. مادەی (68) پێویستە پاڵێوراو بۆ سەرۆك كۆمار ئەم مەرجانەی تێدابێت: یەكەم: لە عێراق لە دایك بووبێت و دایك و باوكی عێراقی بن. دووەم: لێهاتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی چل ساڵی تەواو كردبێت. سێیەم: ناوبانگێكی باش و شارەزایی سیاسی هەبێت و بە پاكێـتی و سەرڕاستیو دادوەریو دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسراو بێت. چوارەم: حوكم نەدرابێت بە تاوانێك كە لەكەداری بكات. مادەی (69) یەكەم: خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە پێی یاسا ڕێكدەخرێت. دووەم: هەڵبژاردنی جێگرێك یان زیاتر بۆ سەرۆك كۆمار بەپێی یاسا ڕێكدەخرێت. مادەی (70) یەكەم: ئەنجومەنی نوێنەران لە نێو پاڵێوراواندا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی دوو لە سێی 3/2 دەنگیئەندامەكانی. دووەم: ئەگەر هیچكام لە پاڵێوراوان دەنگی زۆرینەی پێویستی بەدەست نەهێنا، ئەوا كێبەڕكێ لە نێوان ئەو دوو پاڵێوراوەدا ئەنجام دەدرێت كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، ئەو كەسەش زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێ لە دەنگدانی دووەمدا بە دەبێت بە سەرۆك كۆمار. مادەی (71) سەرۆك كۆمار لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا سوێندی دەستووری دەخوات بەو شێوەیەی لە مادەی (50) ی دەستووردا هاتووە. مادەی (72) یەكەم : ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك كۆمار چوار ساڵەو، دەكرێت تەنها بۆ یەك جاری تر هەڵببژێردرێتەوە. دووەم : ڕ. ماوەی كاری سەرۆك كۆمار بە كۆتاییهاتنی خوولی ئەنجومەنی نوێنەران كۆتایی دێت. ب. سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی تاوەكو دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێو ئەنجامدانی دانیشتن، بەو مەرجەی سەرۆك كۆماری نوێ هەڵببژێردرێت لەماوەی سی (30) ڕۆژدا لە بەرواری ئەنجامدانی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنەوە. ج. ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەر هەر هۆیەك بەتاڵ بوو، سەرۆكێكی تر هەڵدەبژێردرێت بۆ تەواوكردنی ئەو ماوەیەی كە ماوە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار. مادەی (73) سەرۆك كۆمار ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوەی هەیە: یەكەم: دەركردنی لێبووردنی تایبەت لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەمەرجێك ئەوانە نەگرێتەوە كە بەهۆی مافی تایبەت و تاوانی نێودەوڵەتیو تیرۆرو گەندەڵی داراییو ئیداریەوە حوكمدراون. دووەم:پەسەندكردنی پەیماننامەو ڕێككەوتنە نێودەوڵەتیەكان پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران. سێیەم:پەسەندكردن و دەركردنی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی نوێنەران دایدەنێن، یاساكانیش بە بەپەسەندكراو دەژمێردرێن پاش تێپەڕبوونی 15 ڕۆژ بەسەر ناردنیان بۆ سەرۆك كۆمار. چوارەم: بانگهێشتكردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كۆبوونەوە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەماوەیەكی دیاریكراو بەمەرجێك لە 15 ڕۆژ تێپەڕ نەكات. پێنجەم: بەخشینی نیشانەو مەدالیا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بەگوێرەی یاسا. شەشەم : پەسەندكردنی باڵوێزەكان. حەوتەم: دەركردنی بەیاننامەی كۆماری. هەشتەم : پەسەندكردنی حوكمی لەسیدارەدان كەلەلایەن دادگا تایبەتمەندەكانەوە دەردەچێت. نۆیەم : هەڵدەستێت بە ئەركی سەركردایەتی باڵای هێزە چەكدارەكان بەمەبەستی پرۆتۆكۆلیو ئاهەنگ گێڕان. دەیەم: هەر دەسەڵاتێكی تر كەلەم دەستوورەدا دیاریكرابێت. مادەی (74) موچەو دەرماڵەی سەرۆك كۆمار بە پێی یاسا دیاریدەكرێت. ماددەی (75) یەكەم: سەرۆك كۆمار بۆی هەیە دەست لەكاركێشانەوەی خۆی بە نووسراو پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكات، دەست لەكاركێشانەوەكەش لەپاش حەوت ڕۆژ لە پێشكەشكردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران كاری پێدەكرێت. دووەم: یەكێك لە جێگرەكان جێی سەرۆك كۆمار دەگرێتەوە لەكاتی ئامادەنەبوونیدا. سێیەم: لەكاتی نەبوونی سەرۆك كۆمار لەبەر هەرهۆیەك، جێگر جێگای دەگرێتەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەبێت سەرۆكێكی نوێ هەڵببژێرێت لەماوەیەكی دیاریكراو پاش چۆڵبوونی پۆستی سەرۆك كۆمار بەمەرجێك لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەكات. چوارەم: لەكاتی نەبوونی سەرۆك كۆماردا، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جێگای دەگرێتەوە ئەگەر سەرۆك كۆمار جێگری نەبوو. دەبێت سەرۆكێكی نوێ هەڵببژێردرێت لەماوەیەكی دیاریكراودا بەمەرجێك لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەكات لەبەرواری بەتاڵبوونی ئەو پۆستەو بەگوێرەی بڕگەكانی ئەم دەستوورە.
(درەو میدیا): موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆكی لیستی (سائرون) كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی بانگهێشت كرد بۆ كۆبوونەوە بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. سەدر كە چەند رۆژێكە هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا تەنیا لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە پەیامەكانی بڵاودەكاتەوە، لە تویتێكدا نوسیویەتی: سەرباری جیاوازییەكانمان، با بەشوێن خاڵە هاوبەشەكانماندا بگەڕێین و بێ سازشكردن لە بنەما جێگیرەكانمان.. بۆیە با دیالۆگ بكەین. سەدر هەر لەو تویتەدا سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بانگهێشت دەكات بە مەبەستی كۆبونەوە و دەڵێ" دەرگا كراوەیە و دەستمان درێژە لە پێناو بونیادنانی عێراق و پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكراتی خاوێن".
درەو میدیا: پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ عیراق، لایەنەكانی بەسەر ئێران و ئەمریكا دابەشكردووە. ئێران دەیەوێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق نوری مالیكی و هادی عامری و حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیم لە هاوپەیمانێتییەكەدا كۆبكاتەوە و سەدر پەراوێز بخات، هەوڵیش دەدات بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو باڵەكەی حزبی دەعوەی نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی بۆئەوەی لەگەڵ لیستی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و عەممار حەكیم و یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوپەیمانێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ پێكبهێنن. هەرچی لایەنی ئەمریكیشە لە هەوڵدایە حكومەتی نوێی عێراق لە حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و مەسعود بارزانی و ئەیاد عەلاوی پێکبهێنێت. لە هەردوو سیناریۆكەی ئەمریكا و ئێراندا حەیدەر عەبادی هەیە . هەرچەندە دەوترێت ئەمریكا لەگەڵ دانانەوەی حەیدەر عەبادیدایە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ئێران لەگەڵ ئەوەدایە هادی عامری سەرۆکایەتی حکومەت بکات.
(درەو میدیا ) ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بە " درەو میدیا" گەیشتووە، رایگەیاند دكتۆر سەعید كاكەیی یەكێك لە ئەندامەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەلایەن یەكێك لە و لایەنە سیاسیانەی كە زیانی بەركەوتووە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە لەخۆی و خێزانەكەی و ناچاركراوە دەستلەربكێشێتەوە و لە میدیاكانەوە بۆ چەند مەبەستێكی ئەو لایەنە سیاسییە دەربكەوێت. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەلامەتی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنەی کە هەڕەشەی لێکردووە، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە ئاشکرابکات. لە بەرامبەریشدا سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەو بەیاننامەیەی كۆمسیۆنی رەتكردەوە و رایگەیاند هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر نییە و كەس هەڕەشەی لێ نەكردووە.