لەبارەی هێزی رزگاركەرەوە، وەڵامی پرسیاری چوارەمی مەریوان وریا قانع

Draw Media

2018-09-27 20:37:18



( درەو میدیا): 
لە وەڵامی پرسیاری چوارەمی  دامەزراوەی "درەومیدیا" و لە زنجیرە چاوپێكەوتنەكەی كە لەگەڵ  نوسەر و ڕوناكبیری  كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە ، ئاماژە بەوە دەكات" لەئێستادا کەرەستە خاوەکانی ئەو پرۆژەی گۆڕانکارییە تەنھا بە دابڕاویی و بەبێ چوارچێوەیەکی گشتیی ھەن و ئامادەن، ئەمەش گۆڕان و دەسکاریکردنی دۆخەکەی زۆر زیاتر زەحمەتتر و قورستر کردوە." 
مەریوان وریا قانع دەڵێت كە ئێمە ئەمڕۆ لە دووڕیانێکی مێژووییداین:" یان ئەوەتە لە ژێر  سایەی حوکمڕانانی ئەمڕۆ و منداڵەکانیان و دەسەڵاتە سوڵتانییەکەیاندا لەناودەچین و دەپوکێینەوە، یان ئەوەتە لەڕێگای گۆڕینی ئەو واقیعەوە بە واقیعێک بەلانیەکەمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە، تێزە مارکسییەکە، و بەلانیکەمی ڕێز و ئازادیی و سەربەخۆیی تاکەکەسییەوە، تێزە لیبرالیەکە، خۆمان لە ناوچوون و پوکانەوە دەپارێزین"

پرسیاری چوارەم: 

درەو میدیا: ئەكرێت لەم قۆناغەی ئێستادا ھێزێکی سیاسی لە كوردستان بدۆزینەوە بەفیعلی گوزراشت لەخەم و خەونەكانی خەڵک بكات یان ئەوانیش لەگەڵ دەسەڵاتدارەکان كەوتونەتە دۆڵێک و، خەڵکیان بەتەنیا بەجێھێشتوە؟
مەریوان وریا قانع: بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە با سەرەتا بپرسین ئایا ”خەم“ و ”خەونەکان“ی خەڵک و كۆمەڵگای ئێمە چین و کامانەن؟ ئایا ئەو ئەرک و پێداویستییانە چین کە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمە پێویستیی پێیەتی؟ من پازدە ساڵێک لەمەوبەر لە وەڵامی پرسیارێکی لەو بابەتەدا باسم لەوە کرد کە کۆمەڵگای ئێمە پێویستیی بەدوو جۆر خەبات ھەیە. یەکەمیان ”خەباتێکی مارکسیی“انەیە بۆ دابینکردنی لانیکەمی یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بۆ ھەمووان، بۆ نەھێشتنی ئەو جیاوازییە مادییە ترسناکانەی لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبوون، بۆ ڕێگرتن لە وێرانبوونی چینی ناوەڕاست، بۆ کۆتاییھێنان بەم فۆرمە وێرانکەرەی نیولیبرالیزمی ئابوریی، بۆ ڕێگرتن لە ھەژارکەوتنی زیاتری ھەژاران و لە دەوڵەمەندبوونی زیاتری دەوڵەمەندان. 

مەریوان وریا قانع:  ھەڵەی سیاسیی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و سستییان و چاوەڕوانیی و ھیچنەکردنیان، تێکەڵ بە ھەستنەکردنیان بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و گۆڕینەوەی لۆژیکی سیاسەتکردن بە پەیوەندییەکی سایکۆلۆژیی شێواو، ئەم پرۆژەی گۆڕانکارییەی تەواو لاوازکردوە.


بە کورتییەکەی خەباتێکی ”مارکسیی“انە لە خەمی دروستکردنی کۆمەڵگایەکدا بێت کە نەھێڵێت بەشێوەیەکی شاقووڵییانە دابەشبێت بۆ نەدار و دارا و ھەژار و دەوڵەمەند و چەوساوە و چەوسێنەر. ئەمەش پێویستیی بە دەسکاریکردنێکی ھەمەلایەنەی سیستمە ئابورییەکە و سیستمی دابەشکردنی سەروەت و سامانی نیشتیمانیی ھەیە، پێویستی بە قرتاندنی ئەو پەیوەندییە ترسناکە ھەیە کە لەنێوان سیاسەت و ئابووریدا دروستبووە، ھەروەھا پێویستی بە بنەبڕکردنی ئەو ھەموو دزیی و تاڵانیی و گەندەڵییە کەموێنەیەیە کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە، دەسکاریکردنێکی ڕیشەیی ئەو مۆدێلی دەوڵەمەندبوون و ھەژارکەوتنەیە کە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە دونیای ئێمەدا سەروەرکراوە. خەباتی دووھەمیان ”خەباتێکی لیبرال“انەیە لە پێناوی دەستەبەرکردن و پاراستنی ئازادییەکان و دروستکردنی تاکەکەسێکی بەرپرسیار و ڕێگەگەرتن لە فۆرمە جیاوازەکانی سوکایەتپێکردن و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤی ئێمەدا. ئەگەر لە خەباتی یەکەمدا نان بۆ ئەو مرۆڤە دابینبکرێت، ئەوا لە دووھەمیاندا ئازادیی بۆ مەیسەردەکرێت. ئازادیی بە مانا فراوانەکەی، لە ئازادیی بیروڕا و ویژدان و سەفەر و جێگۆڕینەوە بیگرە بۆ فۆرمە جیاوازەکانی دروستکردنی کەسایەتیی و ئازادیی شێوەژیان. 
پێموایە لە بینینی ئەم خەونانە و گوزارشتکردن لەم خەمانەدا کۆمەڵگای ئێمە زۆر لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەرمان جیاواز نەبێت. بەشێوەیەکی گشتیی لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیەی ئێمەدا مرۆڤ تا ئێستا بەدەست بێنانیی و بێئازادییەوە دەناڵێنێت. بێنانیی و بێئازادیەکەشی بەرھەمی شێوازێک لە حوکمڕانین کە تیایدا حوکمڕان ھەم بازاڕ و ئابووریی و ھەم دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانیان مۆنۆپۆڵکردوە و وەک موڵکی شەخسی خۆیان و منداڵەکانیان مامەڵەی دەکەن. لەناو ئەم وێنە گشتییەدا میلەتی ئێمە کۆمەڵێک کێشەی ھەیە کە لە کێشەی میلەتەکانی دراوسێمان ناچێت، یان ئەو میلەتانە بەو ڕادەیەی ئێمە ئەو کێشانەیان نەبێت. لە پێش ھەمووانیشەوە کێشەی غیابی تەواوەتی ھەموو ئەو ”چوارچێوە نیشتیمانیانە“ی کە بۆ دروستکردنی ”نەتەوە“ و ”نیشتیمان“ و ”ھاوڵاتیبوون“ پێویستن. نەتەوە و نیشتیمان و ھاوڵاتییبوون شتگەلێکی سروشتی نین بە مرۆڤ و کۆمەڵگاکان درابن، بەڵکو دروستکراوی کۆمەڵایەتیی و سیاسین و لەناو مێژوودا بەرھەمدەھێنرێن. دروستکردنی ئەو چوارچێوە گشتیی و ھاوبەشانە بۆ ئینتیما کە دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بە چوارچێوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دەزگایی و بیرۆکراسیی و ئەخلاقیی خۆیانی بزانن، مەسەلەی ژمارە یەکی دونیای ئێمەیە. خەڵکی کوردستان خاوەنی ھیچ چوارچێوەیەکی گشتیی و ھاوبەش نییە کە موڵکی ھەموو کۆمەڵگاکە بێت: نە چوارچێوەیەکی دەزگایی، پەروەردەیی، سەربازیی، سیاسیی، میدیایی، ئابوریی و نە لانی ھەرە کەمی ”ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتیی“ش کە کۆمەڵێک حەرام و حەڵاڵی نیشتیمانی تێدابێت ھیچ ھێز و کەس و لایەنێک نەتوانێت پێشێلیان بکات. بێگومان ئەم چوارچێوانە بە گوتاریی بەخائینکردن و بە بەلاغەی توندوتیژ و بە ئینشانووسیی و بەو میدیا ئیستیفزازییانە دروستنابێت کە ڕۆژانە دابەشبوونی تازە لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستدەکەن. ھەروەھا بەو بێمافیی و بەو ھەستکردنە گەورەیە بە زوڵم و نایەکسانیش دروستنابێت کە ئاکاری سەرەکیی حوکمڕانییە کوردیەکەیە. بەوەش نابێت چەند خێزانێک وڵاتەکە بە موڵکی شەخسی خۆیان بزانن و ئامادەبن کێیان ویست یان بیگرن یان ڕاویبنێن یان سەرنگونبکەن و بکوژن. ئەو ھێزانەی حوکمڕانی  کۆمەڵگای ئێمەن شوناسێکی بەلاغیی و لەفزیی ساختە و تەزویرکراو بە ھەڵگرەکانیان ئەدەن، ھاوکات بۆشاییەکی گەورە لەناو ھەناوی کۆمەڵگاکەدا دروستدەکەن کە بە مەترسیی پێکدادان و بێمافکردنی بەردەوام و سوکایەتیکردنێکی ھەمەلایەن پڕیدەکەنەوە. 

مەریوان وریا قانع: بێنانیی و بێئازادی بەرھەمی شێوازێک لە حوکمڕانین کە تیایدا حوکمڕان ھەم بازاڕ و ئابووریی و ھەم دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانیان مۆنۆپۆڵکردوە و وەک موڵکی شەخسی خۆیان و منداڵەکانیان مامەڵەی دەکەن.
 


لە ئاستی سیاسیشدا ئەوەی پێویستە سیستمێکە کە بەپێی کۆمەڵێک یاسای مەدەنیی و دەزگای شەرعیی و بەھای ئەخلاقیی و پرنسیپی دیموکراسییانە کاربکات کە دەسەڵات لەناویاندا بۆ ھیچ کەس و لایەن و خێزان و بنەماڵەیەک قۆرخنەکرێت و ئەگەرەکانی بەردەمی ململانێکردنی سیاسیی کراوە و ناتوندوتیژ بن. ھەموو ئەمانە لەپاڵ کۆمەڵێک میکانیزمی ڕاستەقینەدا کە بە ھۆیانەوە دەستگۆڕکێی دەسەڵات بەشێوەیەکی ھێمن و یاسایی بەڕێوەبچێت. ئێمە ئەمڕۆ لە دووڕیانێکی مێژووییداین: یان ئەوەتە لە ژێر  سایەی حوکمڕانانی ئەمڕۆ و منداڵەکانیان و دەسەڵاتە سوڵتانییەکەیاندا لەناودەچین و دەپوکێینەوە، یان ئەوەتە لەڕێگای گۆڕینی ئەو واقیعەوە بە واقیعێک بەلانیەکەمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە، تێزە مارکسییەکە، و بەلانیکەمی ڕێز و ئازادیی و سەربەخۆیی تاکەکەسییەوە، تێزە لیبرالیەکە، خۆمان لە ناوچوون و پوکانەوە دەپارێزین. ئەوەی دەبێت ئەمڕۆ دروستیبکەین نیشتیمانێکە کە ژێرخانە ئەخلاقیی و سیاسیی و فیکرییەکەی مافەکانی مرۆڤ و رەوایەتیی دەستوورییی و دەستگۆڕکێ و چاودێریی دەسەڵاتبێت. 

مەریوان وریا قانع: ئەوەی دەبێت ئەمڕۆ دروستیبکەین نیشتیمانێکە کە ژێرخانە ئەخلاقیی و سیاسیی و فیکرییەکەی مافەکانی مرۆڤ و رەوایەتیی دەستوورییی و دەستگۆڕکێ و چاودێریی دەسەڵاتبێت. 
 


پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمڕۆکە ھێزێک یان چەند ھێزێک ھەن ھەڵگری ئەو پرۆژەی ڕزگارکردنە بن؟ بەبۆچوونی من بەرنامەی ئەو ڕزگارکردنە و جیھانبینییەکەی و زمان و ھێڵە سیاسییە گشتییەکانی ھەن و ئامادەن. لە دە ساڵی ڕابردوودا بەشێکی ڕۆشنبیران و بەشێکی کاری کۆمەڵگای مەدەنیی ئێمە و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی بەو ئاراستەیە کاریانکردوە. بەڵام ھەڵەی سیاسیی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و سستییان و چاوەڕوانیی و ھیچنەکردنیان، تێکەڵ بە ھەستنەکردنیان بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و گۆڕینەوەی لۆژیکی سیاسەتکردن بە پەیوەندییەکی سایکۆلۆژیی شێواو، ئەم پرۆژەی گۆڕانکارییەی تەواو لاوازکردوە. لە ئاستی ڕۆشنبیریشدا کۆمەڵێک گوتاری ڕادیکاڵمان ھەیە کە بڕێکی گەورە لە ترسنۆکیی و گشتگییریی و ھیچنەکردنی لەژێر ناوی ”گۆڕانی سیستم“ و ”بیرکردنەوەی ڕادیکاڵ“دا ھەڵگرتوە، ئەوانیش وەک ڕێگرێک لەبەردەم پرۆژەی گۆڕانکاریدا کاریانکردوە و کاردەکەن. لەئێستادا کەرەستە خاوەکانی ئەو پرۆژەی گۆڕانکارییە تەنھا بە دابڕاویی و بەبێ چوارچێوەیەکی گشتیی ھەن و ئامادەن، ئەمەش گۆڕان و دەسکاریکردنی دۆخەکەی زۆر زیاتر زەحمەتتر و قورستر کردوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand