درەو میدیا: بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، دوای ئەوەی هەریەك لە سۆران عومەر و عەبدولستار مەجید دیاریكرابوون بۆ سەرۆكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پەرلەمانی كوردستان، دواجار بە قازانجی سۆران عومەر یەكلاكرایەوەو لە ئێستادا كۆمەڵی ئیسلامی لیستەكەی بەسەرۆكایەتی سۆران عومەر ئامادەیە بۆ پەرلەمانی كوردستان. یەكگرتووی ئێسلامی كوردستانیش مستەفا عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەستنیشان كردووە بۆ سەرۆكی لیستەكەی كە پێشتر باس لە ئەبوبەكر هەڵەدنی و شێركۆ جەودەت دەكرا. حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان، عەبدوڵای حاجی مەحمودی برای محەمەدی حاجی مەحمودی كردۆتە سەرۆكی لیست كە لەگەڵ پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی نەتەوەی دیموكراتی كوردستان بە لیستی سەردەم بەشداری دەكەن. پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی كردۆتە سەرۆكی لیستەكەی كە بە كەسایەتیەكی نزیكی مەسرور بارزانی دادەنرێت. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان قوباد تاڵەبانی جێگری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردووە بەسەرۆكی لیستەكەی، لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی كە رەنگە بۆ خولی داهاتوو سەرۆكی پەرلەمان یان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بەركەوێت نەوەی نوێ ئەگەرچی هەوڵی زۆریداوە بۆ ئەوەی كەسایەتیەكی بێلایەنی بەهێزی دەستبكەوێت بیكاتە سەرۆكی لیستەكەی بەڵام بەپێی زانیاریەكان شاسوار عەبدولواحێد خۆی سەرۆكی لیستەكە دەبێت. هەرچی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریە دوای هەوڵێكی زۆر بۆ دیاری كردنی كەسێكی بێلایەن بەسەرۆكی لیستەكەی بەڵام لە كۆتاییدا بڕیاریانداوە بەرهەم ئەحمەد ساڵح بكرێتە سەرۆكی لیستەكە. بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا سەرۆكی لیستەكەی یەكلا نەكردۆتەوە، كە پێشتر باس لە عەبدوڵای مەلا نوری دەكرا بۆ سەرۆكایەتی لیستی گۆڕان، بەڵام لە ئێستادا ناوی عەلی حەمە ساڵح و برزۆ مەجیدو عەبدوڵای مەلا نوری هەیە بۆ سەرۆكی لیست، كە هێشتای یەكلا نەكراوەتەوە، كە رەنگە هەمان سیناریۆی دیاریكردنی سەرۆكی لیستی پەرلەمانی عێراق روبداتەوە، كە پێشتر باس لە دانانی ئارام شێخ محەمەد دەكرا، بەڵام دواتر ناوی عەدنان عوسمان و یوسف محەمەد هاتە ئاراوەو دواتر یوسف محەمەد كرا بەسەرۆكی لیست. وادەی تۆماركردنی ناوی كاندیداكانی پەرلەمانی كوردستان تا رۆژی 25ی تەموزی 2018یە،سبەی سەعات 3 وادەی وەرگردنی ناوی كاندیداكان تەواو دەبێت ئەگەر كۆمسیۆن وادەكە درێژ نەكاتەوە. لەگەڵ ئەوەی دەنگۆی دواخستنی هەیە بەڵام، هەڵبژاردنی خولی پێجەمی پەرلەمانی كوردستان بڕیارە لە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەرێوە بچێت، كە خولی یەكەم 1992 و خولی دووەم 2005 و خولی سێیەم 2009 و خولی چوارەم لە 2013 ئەنجامدراوەو تا ئێستا بەردەوامە .
(درەو میدیا): بەپێی ئەنجامی كۆتایی دووبارە پشكنینەوەی كەمئەندامانی هەرێمی كوردستان، لە ( 103623) كەمئەندام ( 81111 ) لە پشكنینەكە دەرچوون، ئەو ئامارانە لەلایەن رێكەوت حەمەرەشید، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەوەكالەتەوە راگەیەندرا. ئەنجامی ئەو لیژنەیەی دیاریكرابوو بۆ پشكنینەوەی كەم ئەندامان بەمشێوەیە بوو: كۆی گشتی ـ ژمارەی خاوەن پێداویستی تایبەت بەر لە كارەكانی لیژنەكەی وەزارەت: 103623 ـ ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوتن: 6910 ـ ئەوانەی چون بۆ چاوپێكەوتن: 96713 ـ رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 15602 ـ رێژەی دەرچوو لە پشكنینەكە 81111 پارێزگای هەولێر: ژمارەی تەواوی خاوەنپێداویستی تایبەت: 37069 ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوت: 1257 ئەوانەی چون بۆ چاوپێكەوتن: 35812 رێژەی دەرچوو لەپشكنینەكە: 30251 رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 5561 پارێزگای سلێمانی: ژمارەی تەواوی خاوەن پێداویستی تایبەت: 29352 ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوتن: 4892 ئەوانەی چاوپێكەوتنەكەیان ئەنجامداوە: 24460 رێژەی دەرچوو لە پشكنینەكە: 20634 رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 3826 پارێزگای دهۆك: ژمارەی تەواوی خاوەن پێداویستی تایبەت: 23028 ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوتن: 410 ئەوانەی چون بۆ چاوپێكەوتن: 22618 رێژەی دەرچوو لە پشكنینەكە: 18214 رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 4404 پارێزگای هەڵەبجە: ژمارەی تەواوی خاوەن پێداویستی تایبەت: 7107 ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوتن: 204 ئەوانەی چون بۆ چاوپێكەوتنەكە: 6902 رێژەی دەرچوو لە پشكنینەكە: 6190 رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 713 ئیدارەی گەرمیان: ژمارەی تەواوی خاوەن پێداویستی تایبەت: 7067 ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوتن: 147 ئەوانەی چون بۆ چاوپێكەوتن: 6920 رێژەی دەرچوو لە پشكنینەكە: 5822 رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 1098
(درەو میدیا): لەماوەی نێوان 22ی ئایارەوە بۆ 21ی حوزەیران، لە سەرتاسەری ئێراندا (هەزار و 130) بومەلەرزە رویداوە. بە گوێرەی راپۆرتی مانگانەی ناوەندی تۆماركردنی بومەلەرزەی ئێران كە ئاژانسی فارس بڵاویكردەوە، بەهێزترین بومەلەرزەی ئەو ماوەیە لە ناوچەی (راوەر)ی پارێزگای كرمان بووە كە رۆژی 13ی حوزەیران رویداوە و گوڕەكەی گەیشتوەتە (5) پلە بە پێوەری رێختەر. هەر لە ماوەی ئەو مانگەدا 17 بومەلەرزە تۆماركراون كە گوڕەكەیان گەیشتوەتە (4) پلە. ئەمە لەكاتێكدایە هەر سێ پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان و كرمان و هورمزگان لەماوەی 24ی كاتژمێری رابردودا (41) جار بومەلەرزەیان بەخۆوە بینیوە. دوێنێ دوو بومەلەرزەیەك بە گوڕی (5.7) پلە و (5.9) پلە هەردوو پارێزگای كرماشان و هورمزگانی هەژاند، هاوكات لە پارێزگای كرماشان زیاتر (50) بومەلەرزەی تر بە گوڕی جیاواز تۆماركرا، سیان لەو بومەلەرزانە گوڕەكەیان لە (3) پلە بەرزتر بوو. نەخشەی بومەلەرزەكانی ئێران:
(درەو میدیا): - وەزارەتی ناوخۆ 121 هەزار841 كەس - وەزارەتی پێشمەرگە 118 هەزار642 كەس - دەزگای ئاساییشی هەرێم 31 هەزار 431كەس - ئەنجومەنی ئاساییش 6 هەزار 476كەس - خانەنشینی سەربازی 133 هەزارو 435 كەس - كۆی گشتی 411,825 موچەخۆر لە هێزی ئەمنی و چەكدارین ژمارەكان لە پرۆژە بودجەی 2013ی حكومەتی هەرێمەوە وەرگیراوە
(درەو میدیا): ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەڕێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیەوە لە بەغداد پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی عێراق رایگەیاند. باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پشتیوانی مافی گەلی عێراق دەكات لە سازدانی گردبونەوەی ئاشتیانە و گوزارشتكردن لە بیروڕا. باڵیۆزخانەی ئەمریكا ستایشی لێدوانی فەرمی حكومەتی عێراقی كرد لەبارەی ئەوەی " مافی هاوڵاتیان دەپارێزێت لە سازدانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە"، بەڵام باڵیۆزخانە هاوكات خەمباری خۆی نیشان دەدات لەبارەی كوژرانی خەڵك لەناو خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا. باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە راگەیەندراوەكەیدا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پاڵپشتیكردنی گەل و حكومەتی عێراق لە بواری چاكسازی ئابوری و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی دەرفەتی كار.
(درەو میدیا): جەبار عەبدولكەریم پارێزەری خۆبەخشی خۆپیشاندەرانی شاری بەسرە، لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە تەقەی لێكرا و كوژرا. عەقیل مەهاوی ئەندامی سەندیكای پارێزەران لە بەسرە رایگەیاند، پارێزەر جەبار عەبدولكەریم لەبەردەم بنكەی پۆلیسی هادی لە ناوەڕاستی بەسرە لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە زیاتر لە (15) گوللەی پێوەنراوە و كوژراوە. جەبار عەبدولكەریم یەكێك بوو لەو پارێزەرە یاساییانەی بەسرە كە بەشێوەی خۆبەخش خۆی بۆ بەرگریكردن لەو خۆپیشاندەرانە تەرخانكرد كە لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیردەكران. لە رۆژی 8ی ئەم مانگەوە شەپۆلێك خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە شاری بەسرەی پاشوری عێراق دەستیپێكرد و پاشان پەڕییەوە بۆ پارێزگاكانی تری باشوری عێراق و گەیشتە بەغدادی پایتەخت. شەپۆللا ئەمجارەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان لە عێراق بەهۆی نەبون و خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و بێكارییەوە.
(درەو میدیا): عوسمانی حاجی مەحمود سەركردەی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی خانەی راپەڕاندن رایگەیاند، دەستی لە ئەندامی خانەی راپەڕاندن كێشاوەتەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشتگیری گۆڕان دەكات. عوسمانی حاجی مەحمود لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (شارپرێس) وتی:" وازم لە ئەركی لێپرسراوییەتی و حیزبی هێناوە". سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەشی دەڵێت" باسكردنی وردەكارییەكان بەپێویست نازانم، بەڵام هۆكارەكەم لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی 10-3-2018دا بەوردی باسكردووە، هەروەها لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەشمدا كە ئاڕاستەی بەڕێز ڕێكخەری گشتی و بەڕێزان ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیم كردووە، ئاماژەم بە بەشێك لە هۆكارەكان كردووە". لەبارەی ئەوەی ئاخۆ دەستلەكاركێشانەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان بە واتای ئەوە نایەت پشتیوانی لە هێزێكی سیاسی تر بكات، عوسمانی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەكردووە" لە هەڵبژاردنى داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا پشتیوانی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەكات." سەبارەت بە نەوشیروان مستەفاش، عوسمانی حاجی مەحمود دەڵێ" بەڕێز كاك نەوشیراون، سەركردە و رەمزێكی گەورەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردە، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و مێژوونوس و نوسەر و تێكۆشەرێكی مەزنی سادە و خۆنەویست بوو، لە پێگەیەكی بەهێز و كاریگەرەوە هەموو ژیانی لە پێناوی سەرفرازی گەلەكەیدا تەرخانكردووە، لە هەمان كاتیشدا، لێپرسراو و هاوڕێی زۆربەمان بووە، لەبەرئەوە، ئەركی ئەخلاقی هەموومانە ئەو راستیانە دەربارەی بەڕێزیان لە یادنەكەین و مێژووی خەبات و پڕۆژە سیاسییەكەی زیندوو بهێڵرێتەوە. وەك چۆن هەر هێرشێك بۆ سەر بەڕێزیان بە ناڕەوا دەبینم، هەروەها بەكارهێنانی ناوی ئەویش لە لایەن هەندێك كەسەوە كە خۆیان داوەتە پاڵ ناوی ئەو و هێرشدەكەنە سەر كەس و لایەنی تر، بە هەمان شێوە بە ناڕەوا دەبینم". عوسمان حاجی مەحمود ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، لە خانەی راپەڕاندن سكرتێری باژێرەكان بوو.
(درەو میدیا): ئەنگێلا مێركڵ هەڵوێستی خۆی دەرباری مەسعود ئۆزێل راگەیاند كە بڕیاریداوە چیتر یاری بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا نەكات و ئەو بڕیارەشی كاردانەوەی لە ناو ئەڵمانیا و توركیا لێكەوتەوە. ئۆرلیكە دیمەر وتەبێژی ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا ئەمڕۆ دوووشەممە 23ی تەمموزی 2018 رایگەیاند نزیكەی سێ ملیۆن كەسی بە رەگەز تورك لە ئەڵمانیا دەژین و بە شێوەیەكی زۆر باش گونجاون، ئەوەش لە وەڵامی بڕیاری وازهێنانی ئۆزیلدا هات لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەهۆی رەگەزپەرستییەوە. وتەبێژەكەی مێركڵ جەختیشیكرەوە كە كۆچبەران لە ئەڵمانیا پێشوازی لێكراون و راوێژكاری ئەڵمانیاش ئۆزیل بەرزدەنرخێنێت و بەوە وەسفیكردووە كە یاریزانێكی باشە و زۆری پێشكەشی هەڵبژاردەی نیشتمانی كردووە و مێركڵ رێز لە بڕیارەكەی ئۆزێل بۆ وازهێنان لە یاری نێودەوڵەتی دەگرێت. هەر لە هەمان پرسدا ئولی هوینیس سەرۆكی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیی هێرشێكی توندی كردە سەر مەسعود ئۆزێل و لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان پێش گەشتی یانەكە بۆ ئەمریكا وتی:" زۆر دڵخۆشم كە هەموو شتێك كۆتایی هات، ئەو زۆر بە حەماقەتەوە چەند ساڵێكە یاری دەكات و دوا یاری سەركەوتووی پێش جامی جیهانی 2014 بووە، ئێستا خۆی و نمایشە ئاساییەكەی لە پشتی ئەو وێنەیەوە دەشارێتەوە. ئۆزێل ساڵی 2014 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیادا لە بەرازیل جامی جیهانییان بەدەستهێنا، بەڵام ئەمساڵ و لە مۆندیالی روسیادا هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە قۆناغی یەكەمدا ماڵئاوایی لە مۆندیال كرد و ئۆزیلیش بەهۆی ئەو شكستەو وێنەگرتن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رووبەڕووی هێرشێكی توندبووە و تا دواجار هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بەجێهێشت. ئۆزێل لە سێیەم بەیاننامەیەدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" ئەمە كارێكی زۆر قورسە لەسەر دڵم، دوای رەچاوكردنی چەند هەڵوێستێكی لەبەر رۆنایی رووداوەكانی ئەم دواییە، ئەوا ناگەڕێمە بۆ یاریكردن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ئەوەش دوای ئەوەی هەستم بە رەگەزپەرستی و بێ رێزی كرد." ئۆزێل لە بەیاننامەی سێیەمیدا باس لە وردەكاری خراپی مامەڵەی یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەكات لەگەڵیدا و توڕەیی خۆشی بەسەر راینهار گریندڵ سەرۆكی یەكێتییەكەدا دەرژێنێت و دەڵێت:" لە ئێستا بەدواوە نابمە كۆچی قوربانیی بێ توانایی گریندڵ و نەتوانیتی باش راپەڕاندنی كارەكانی". هاوكات تیۆ زڤانتسیگەر سەرۆكی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی ئەڵمانیا رایگەیاند هەست بە غەمێكی زۆر قوڵ دەكات دەربارەی بڕیارەكەی ئۆزێل و جەختیشیكردەوە كاتێك كارەكە دەگاتە ململانێ و ناكۆكی پێویستە زۆر بە خێرایی لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەربكرێت، و یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا لەبەر هەر هۆكارێك بووبێت نەیتوانی پێش جامی جیهانی ئەوە بكات، لەبەرئەوە جارێكی تر دیمەنەكە هاتەوە پێشەوە." سەرۆكی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا وتیشی:" بەهۆی هەڵە لە پەیوەندیكردندا ئەوە روویدا كە نەدەبووو هەرگیز لەگەڵ كۆچبەراندا روویبدایە، نابێت ئەوان هەست بكەن كە هاوڵاتی پلە دوون لە ئەڵمانیا. هەروەها هاراڵد شتینگەر وتەبێژی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا وتی پێویستە لەسەر گریندڵ دەستبەداری پۆستەكەی بێت. شتینگەر لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی " سكای سپۆرت" وتی:" گریندڵ و لە رابردوو ئێستاشدا خراپترین سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێیە كە بینیبێتم، ئەگەر كەسێكی راستە پێویستە درك بەوە بكات كە كاتی لە سەرۆكایەتی یەكێتی تۆپی پێی كۆتایی هاتووە.
(درەو میدیا): چەند رۆژێكە شەڕە قسە و لێدوان لە نێوان حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەستیپێكردووە، لە نوێترین تویتیدا ترەمپ هۆشداریدایە رۆحانی و داوای لێكرد هەرگیز هەڕەشە لە ئەمریكا نەكاتەوە جارێكی تر، ئەگەرنا رووبەڕووی پێشهاتێك دەبێتەكە كە بە درێژایی مێژوو چەند كەسێكی كەم رووبەڕووی بوونەتەوە. ئەم لێدوانە توندەی ترەمپ دوای ئەوەهات كە رۆحانی لە لە لێدوانێكیدا هۆشداریدایە ئەمریكا بەوەی كە " یاری بە كلكی شێر نەكات" چونكە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە وتەی رۆحانی " دایكی جەنگەكان" دەبێت. " لە دایكی شەڕەكانەوە بۆ دایكی جەنگەكان" شەڕەقسەی نێوان رۆحانی و ترەمپ لە رۆژنامە عەرەبیی و جیهانییەكانەوە بایەخی زۆری پێدراوە، رۆژنامەی " قودسی عەرەبی" كە لە لەندەن بەڕێوەدەچێت لە سەروتاریدا دەڵێت:" ئیدارەی ترەمپ بەوپەڕی بەهێزییەوە بەرەو لەقاڵبدانی ئێران هەنگاودەنێت، و پرسەكە تەنها پەیوەست نییە لە دەركردنی لە سوریا و یەمەن، یان لاوازكردنی هەژموونی زۆری لە عێراق و لوبنان، بەڵكو وەك تۆپەڵە بەفرەكە بەرەو بە ئامانجگرتنی رژێمی ئێران لە نێو ماڵی خۆیدا گلۆربووەتەوە". رۆژنامەكە دەشڵێت : " سەرەڕای ئەوەی تاران لە نێو چوار وڵاتی عەرەبیدا هەژمونی زۆری هەیە و سەرەڕای هەڕەشە باڵاكانیشی، بەڵام ئەگەر زۆرە حساب لەسە بەكارهێنانی كارتەكانی لە سوریا یان لوبنان بكات، بەوەش پاساو دەدات بۆ وەشاندنی گورزێكی ئەمریكی- ئیسرائیلی گەورە كە لەوانەیە دوای ئەوە فراوانتر بێت". رۆژنامەكە لە بەشێكی تری وتارەكەیدا دەڵێت:" لەسەر شێرە ئێرانییەكە پێویستە كلكی بشارێتەوە و ماكینە راگەیاندنەكەشی لە دووبارەكردنەوەی دەربڕینی " دایكە جەنگەكان" بوەستێت و بە حساباتی خۆیدا بچێتەوە و بەرەكانی شەڕی كەمتربكاتەوە، چونكە لەوانەیە ئەنجامەكەی بگاتە ئەوەی كە پاراستنی سەری شێرەكە گرنگتر بێت لە پاراستنی كلكەكەی". هاوكات بە ناونیشانی " لە دایكی شەڕەكانەوە بۆ دایكی جەنگەكان" فاروق یوسف لە سایتی " میدڵ ئیست ئۆنلاین" دەڵێت:" هەڕەشەكردن بە " دایكی جەنگەكان" لەسەر زاری رۆحانی " دایكی شەڕەكان" مان بە بیردەهێنێتەوە كە سەدام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراق ئاماژەی پێدا كاتێك بەرەنگاری بڕیارە نێودەوڵەتیەكان بووەوە كە بۆ كۆتاییهێنان بە داگیركردنی كوەیت دەركرابوون". دەشڵێت:" هەروەك چۆن دایكی شەڕەكان گورزی یەكلاكەرەوە بوو كە ئاراستەی رژێمی عێراق كران ئەوا دایكی جەنگەكانیش دوا دێڕی ژیانی رژێمی ئێران دەنوسێتەوە." غەسان شربل سەرنوسەری رۆژنامەی " شەرقولئەوسەت" یش بڕوای وایە كە زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەكە لە تاران بە دیاری لە لێدوانەكەیی رۆحانیدا دەركەوت، كاتێك پەنای بر بۆ بەكارهێنانی دەربڕینێكی فەرهەنگی سەدام حسێن. شربل دەڵێت:" ئاشكرایە كە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو چەند مانگێكی دژوار دەچێت، ئاڵۆزبوونەكە لە دۆسیەی سوریاوە دەگوازرێتەوە بۆ دۆسیەی ئێران و ئاشكرایە كە بژاردەكانی ئێران قورسن، یان جارێكی تر ژەهری سزاكان دەنۆشێت و چاوەڕوانی رۆیشتنی ترەمپ دەكاتن یان رازی دەبێت بە دانوستان دەربارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی و رۆڵی ئیقلیمیی". شربل بەردەوام دەبێت لەسەر قسەكانی و دەڵێت:" هەردوو بژاردەكە بۆ رابەر و ژەنەراڵەكانی سوپای پاسداران قورسن، چوون بەرەو " جەنگی دایكەكان" ئەزمونی سەدام حسێن لەو بارەیەوە هاندەر نییە بۆ ئەنجامدانی گەشتێكی ماڵوێرانكەری لەو جۆرە. سێ هەنگاوی وێرانكەر خالید سولەیمان لە رۆژنامەی " عوكاز" سعودی دەپرسێت:" ئێران دەتوانێت رێگە لە هەناردەی نەوتی كەنداو بگرێت، هەروەك رۆحانی و خامنەیی هەڕەشە ئەوەیان كرد لە كاتی راگرتنی هەناردەی نەوتی ئێراندا؟". لە وەڵامدا دەڵێت:" تاران دەتوانێت تەگەرە بخاتە بەردەم جموجوڵی كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوت لە ئاوەكانی كەندا و گەرووی هورمز، بەڵام بۆئەوەی ئەو كارە بكات پێویستی بە كردەوەی سەربازییە، ئایا رژێمی ئێران لە توانایدایە باجی ئەو جۆرە كار و هێرشانە بدات؟". سولەیمان دەڵێت:" بەهەموو حسابێكی سیاسی و سەربازین ئێران توانای ئەوەی نییە، هەر سەركێشییەكیش بكات بۆ تاقیكردنەوەی هەڕەشەكانی بە رووبەڕووبونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كۆتایی دێت و ئەوەش هەڕەشە دەبێت بۆسەر رووخانی رژێمی ئێرانی لاواز بە تەواوەتی هەروەك چۆن رژێمی عێراق لەسەردەمی بەعسدا رووخا". هەر لە هەمان چوارچێوەدا عەبدولباری عەتوان سەرنوسەری رۆژناەی " رای الیوم"ی ئەلیكترۆنیی لەندەنی دەڵێت:" دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان بۆ داخستنی گەرووی هورمز لەسەر زاری بەرپرسانی ئێرانەوە، دڵەڕاوێكییەكی زیاتر نیشاندەدات نەك ئارەزز بۆ جەنگ و بانگهێشتێكی ناڕاستەوخۆی ئیدارەی ئەمریكایە بۆ دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان و گەڕانبە دوای چارەسەردا." عەتوان بڕواشی وایە بەرپرسانی ئێران لە سێ هەنگاوی ترەمپ دەترسن كە لەوانەیە زیانیان پێ بگەیەنێت، یەكەن سەپاندنی گەمارۆییەكی ئابووری خنكێنەرە بۆئەوەی گەلی ئێران لەدژی حكومەتەكەی هەڵبگەڕێتەوە، دووەم جوڵاندنی كەمینەكانی ئێرانە كە فارس و شیعە نین وەك نمونەی سوریا و عێراق و سێیەمیش خستنەڕووی بڕێكی زۆری نەوتی یەدەگە كە ببێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بە ئاستێكی وێرانكەر بۆ ئابوریی ئێران. سەرچاوە: بی بی سی
درەو میدیا: بۆ ماوەی چوار كاتژمێر سێ چەكدار بینای پارێزگای هەوڵێریان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵكرد، دوای چوار كاتژمێر لە هێرشەكە، هێزە ئەمنیەكان توانیان سێ چەكدارەكە بكوژن. لە كاتژمێر 7:45ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، سێ چەكدار هێرشییان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، لەسەرەتادا بە تەقەی ئەو سێ چەكدارە پۆلیسێك بەناوی ( ئەحمەد سەلیم گەردی) بریندار دەبێت و گوللەك بەر شانی دەكەوێت، هاوكات سێ چەكدارەكە فەرمانبەرێكی پارێزگای هەولێر بەناوی "فەرحان شەقڵاوەیی" كە كریستیانە و تەمەنی 55 ساڵە، بریندار دەكەن لە رێگە بەرەو نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات. واتا لە كۆی گشتی سێ چەكدارەكە كوژراوەو پۆلیسێك بریندارەو فەرمانبەرێكیش بەهۆی تەقەی چەكدارەكانەوە گیانی لەدەستداوە، سەڕەرای زیانی زۆر بە ناوەوەی بینای پارێزگای هەولێر. نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لەبەردەم پارێزگای هەولێر رایگەیاند: كە كردەوەیەكی تیرۆرستی بووە. هاوكات تارق نوری بەرێوەبەری ئاساییشی هەولێر رایگەیاند: ناسنامەو ناوی تیرۆریستەكان دیارن و لەلامان ئاشكراون خەڵكی هەولێر. دژه تیرۆری كوردستان، رایدهگهیهنێت، ههرسێ تیرۆریستهكه، به ناوهكانی (رههێڵ محهممهد رۆستهم مووسا) له دایكبووى ساڵی ٢٠٠٢، (بیلال سلێمان عهبدولڕهحمان ئهحمهد) لهدایكبووی ساڵی ٢٠٠٠، (عهبدولرهحمان رهحیم قادر حوسێن) له دایكبووی ساڵی ٢٠٠٢، هێرشهكهیان ئهنجام داوه پرسیاری جدی لای هاوڵاتیان ئەوەیە، لەو رێو شوێنە ئەمنیە توندانەی كە لە هەولێردا هەیە، چۆن سێ چەكدار بە ئاسانی دەتوانن دەستبگرن بەسەر بینای پارێزگای هەولێر كە رەمزی پایتەختی هەرێمی كوردستانەو هەمیشە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، كۆنترۆڵكراوەو بەتایبەتیش لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا، رێو شوێنی توند بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەگیرایەبەر؟
(درەو میدیا): بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراق، لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە 13 خۆپیشاندەر كوژراون، 729 خۆپیشاندەر برینداربوون كە لە ناویاندا 460 برینداریان لە هێزە ئەمنییەكانن. هەروەها هێزە ئەمنییەكان 757 خۆپیشاندەریان دەستگیركردووە كە بەشێكیان ئازادكراون لە دوو رۆژی رابردوودا. كۆمسیۆنەكەی مافی مرۆڤی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە كە 91 بینای حكومی و ئۆتۆمبیل و بینای نیشتەجێبوون زیانیان پێگەیشتووە.
(درەو میدیا): لە سنوری شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێكدادانێكی چەكداری لەنێوان گەریلاكانی یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) و سوپای پاسدارانی ئێران رویدا. رەزا میرزایی فەرماندەی ئەمنی پارێزگای كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (ئیرنا)، هەواڵی رودانی شەڕەكەی پشتڕاستكردەوە و ئاشكرایكرد، لەو شەڕەدا 11 كەس لە هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون كە (8) كەسیان خەڵكی شاری (مەریوان) و سێ كەسەكەی تریان خەڵكی شارۆچكەی (قروە)ن. بەڵام بەپێی هەواڵێكی (ئاریەن تیڤی) نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان، لەو شەڕەدا كە كاتژمێری (2)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی (دەری) نزیك شاری مەریوان رویداوە، (15) كەس لە ئەندامانی سوپای پاسداران كوژراون. ئاریەن تیڤی ناوی (10) كەس لە كوژراوەكانی سوپای پاسدارانی بڵاوكردەوە و لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەرەكە) رایگەیاند"گەریلاكان لە تۆڵەی شەهیدكردنی چوار گەریلای (یەرەكە) لە هەورامان و مەریوان و تیرۆركردنی ئێقباڵ مورادی خەباتكاری پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) لە پێنجوێن، ئەو چالاكییەیان ئەنجامداوە". یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بە "یەرەكە" ناسراوە، باڵی سەربازی پارتی كۆمەڵگەی دیموكرات و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان "كۆدار"ە. قەرارگای "حمزە سیدالشهداو"ی سەربە هێزی زەمینی سوپای پاسداران بە هەمان شێوەی هەواڵی رودانی شەڕەكەی پشتڕاستكردەوە، بەڵام بەپێی زانیاری ئەم قەرارگایە، لە شەڕەكەدا (10) كەس لە هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون.
(درەو میدیا): هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بەتەواوی رانەگەیەندراوە، هەرێمی كوردستان خۆی بۆ هەڵبژاردنێكی دیكەئامادە دەكات، كە بەشێك لە هێزەكان لەگەڵ دواخستنیدان و بەشێكیشیان لەگەڵ ئەنجامدانیدان لە كاتی خۆیدا كە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی داهاتوودا بەرێوەبچێت. حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی داهاتوو، بەڵام كۆمەڵێك كێشە لەبەردەم ئەو هەڵبژاردنەدایە، بەتایبەتیش كە بڕیارە لە 30/12 داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەرێوەبچێت، لەبەرئەوە ئەستەمە بتوانرێت لە ماوەی تەنها دوو مانگدا دوو هەڵبژاردن بەرێوەبچێت و پێشتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، واتا لە ماوەی تەنها 7 مانگدا سێ هەڵبژاردن بەرێوە دەچێت، لەلایەكی تر هێشتا ئەنجامی ئەژماری دەستیی هەڵبژاردنی 12ی ئایار رانەگەیەندراوە و ئەستەمە بەمزوانە بتوانرێت حكومەتن نوێی عێراق پێکبهێنرێت و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بکەوێتە سەر رێچکەی ئاسایی. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆیوونەوەی رەسمیدا لەگەڵ پارتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردووە و بەشێك لە لایەنەكانی دیكەش بە نارەسمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان كردووە، بەڵام دواجار تۆپەكە لە گۆڕەپانی پارتیدایە و ئەو بڕیاردەری كۆتاییە لەو پرسەدا. كێ لەگەڵ هەڵبژاردنەوە كێ لەگەڵ دواخستنێتی؟ بەشێك لە حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەوە بەشێكی دیكەیان لەگەڵ ئەنجامدانیان: - یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنە بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا "یەكێتی لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی كردووە و رایگەیاندووە بارودۆخی هەرێم و كوردستان توانای ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردنی نیە لە ماوەی تەنها 2 مانگدا. مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوەی پشتراست كردەوە و رایگەیاند" بە پارتیمان وتووە كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوابخرێت و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەرێوەبچێت، بەڵام ئەگەر لەكاتی خۆشیدا بكرێت ئێمە ئامادەین". رەنگە بەشێك لە هەوڵەكانی یەكێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان پەیوەندی بە ئامادەنەبوونی ناوخۆیی و تەركیزخستنیان بێت بۆ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق. - پارتی دیموكراتی كوردستان سورە لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پارتی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا دەنگ و كورسی زۆری بەدەستهێناوە و بە خوێندنەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش پارتی بارودۆخی ناوخۆیی باشە و لەسەر ئاستی هەرێمیش بە بەراورد بە حزبەكانی دیكە ئاستی جەماوەریی خۆی بە باش دەزانێت، لەبەرئەوە بارودۆخەكە بە قازانجی پارتیە. - بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەرچی بەردەوام رایدەگەیەنێت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردەنە، بەڵام چەندین فاكتەر كاریگەریان هەیە لەسەر ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە 30ی ئەیلول پێ خۆش نەبێت، ئەوانیش، كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەم دۆخەوە چونە ناو هەڵبژاردنەوە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كورسی و دەنگەكانی دەبێت، هاوكات ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئەیلول كاریگەری خراپی لەسەر جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان كردووە و نائومێدی زۆری دروستکردووە، چونكە تا ئێستا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار كاریگەری لەسەر شەقامی كوردی ماوە و نیگەرانی هاوڵاتیان بەهۆی ساختەكارییەوە نەڕەویوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕان لە ئامادەكارییدایە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی داهاتووە، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی گۆڕان نیە و چاوەڕوان ناكرێت كورسییەكانی رابردووی بهێنێتەوە. - هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە 30ی ئەیلول پێ خۆش نیە، بە پێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" رایەكی بەهێز لەناو هاوپەیمانی هەبووە، كە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكەن. ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو نائومێدیەكی زۆری بۆ هاوپەیمانی پێ بوو كە لەیەكەم ئەزمونی خۆیدا وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكارییەوە، نەیانتوانی قەبارەی راستەقینە و دەنگی راستەقینەی خۆیان بۆ دەركەوێت، هاوپەیمانی كە بڕیار بوو وەك هێزێكی گەورە دەربكەوێت، بەڵام لە یەكەم هەڵبژاردندا بە قەبارەیەكی بچوكەوە دەركەوت، لەبەرئەوە لەگەڵ ئەوەی ئامادەكاری بۆ كاندیدەكانی دەكات، بەڵام ئەگەر هێزە ناڕازییەكان لەگەڵ بایكۆتی هەڵبژاردن بونایە ، هاوپەیمانیش بەشداری نەدەكرد، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە قازانجی هاوپەیمانی نیە. - نەوەی نوێ، كە لە یەكەم ئەزمونی هەڵبژاردندا لەچاو هێزەكانی دیكە دەنگو كورسی زۆری هێنا، بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە خۆی ئامادەكردووە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول و بەتەواوی لەگەڵ هەڵبژاردندایە لە وادەی خۆیدا، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی نەوەی نوێیە، بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی رابردوو و خراپی دۆخی حزبەكانی دیكە. - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە قوربانییەكی دیكەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بوو و دەنگێكی كەمی بەدەستهێنا وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكارییەوە، لە ئامادەكاریدایە بۆ هەڵبژاردن بەڵام لەم بارودۆخەدا پێی وایە پێویستیان بە خۆ رێكخستنەوە و دروستكردنی ئومێد هەیە بە شەقام و لایەنگرانیان، بۆیە پێیان باشە هەڵبژاردن دوابخرێت، تا بە گوڕ و تێنێكی نوێوە بەشداری بكەن، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی یەكگرتووی ئیسلامی نیە، چاوەڕەوان ناكرێت كورسییەكانی رابردوویان بهێننەوە. - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پێشتر ئاڵوگۆڕی پرسی بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دەكرد، بەڵام لە ئامادەكاری هەڵبژاردن و دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی كۆمەڵی ئیسلامی نیە. دواجار دواخستن یاخود ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 30ی ئەیلولی داهاتوو لەدەستی پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەموو هێزەكانی دیكە چاویان لە دەستی پارتییە كە ئایا هەڵبژاردن دەكات یاخود دوای دەخات؟، چونكە ئەوەی پەیوەستە بە دواخستنی هەڵبژاردنەوە هەمووی لەدەستی پارتیدایە ( سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی كۆمسیۆن، دەسەڵاتی دادوەریی ). بە خوێندنەوەی دۆخی ناوخۆیی حزبەكان و ئەنجامی هەڵبژاردنی رابردوو، هەڵبژاردنی داهاتوو ئەگەر لە 30ی ئەیلول بەرێوەبچێت، لە سودی پارتی و نەوەی نوێیە و لە زیانی لایەنەكانی دیكەیە.
(درەو میدیا): ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی پێشنیازی پێکهێنانی "حكومەتی رزگاری نیشتمانی" دەكات و موقتەدا سەدر و نوری مالیكی و هادی عامریش پێشنیازەكەی رەتدەكەنەوە. ژمارەیەك سەرچاوەی سیاسی عێراقی ئاشكرایانكرد، ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كە هاوكات سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانییە، پێشنیازی كردووە" حكومەتێكی رزگاری نیشتمانی بە سەرۆكایەتی كەسایەتییەكی نیشتمانی لە عێراق پێكبهێنرێت". بەپێی قسەی سەرچاوەكان، ئەیاد عەلاوی بیرۆكەی پێکهێنانی حكومەتی رزگاریی نیشتمانی خستوەتە بەردەم هەریەكە لە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، مالیكی و عامری بیرۆكەكەیان رەتكردوەتەوە. دوای رەتكردنەوەی لەلایەن مالیكی و عامرییەوە، ئەیاد عەلاوی رووی لە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر كردووە و بیرۆكەی دروستكردنی "حكومەتی فرەجەمسەر"ی خستوەتەڕوو، بەڵام سەدریش ئەو بیرۆكەیەی رەتكردوەتەوە. بەهۆی پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، هێشتا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردنی پەسەندنەكردووە، بەوهۆیەشەوە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راوەستاوە. سەرباری ئەوەی هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەندنەكراوە و هاوكات شەپۆلێك خۆپیشاندان پارێزگاكانی باشوری عێراقی گرتوەتەوە، بەڵام لە پشتی پەردەوە لایەنە براوەكان هەڵبژاردن سەرقاڵی پێكهێنانی "كوتلەی گەورە"ن لەناو پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی بردنەوەی چانسی سەرۆكایەتیكردنی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەپێی زانیاری چەند میدیایەكی عێراقی، ئێستا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت نزیكبونەوەیەك لەنێوان ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری و بەشێك لە ئەندامانی لیستی نەسری حەیدەر عەبادی و چەند لایەنێكی سوننی و كوردی دروستبووە، لەبەرامبەردا هەوڵێكی تر هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە نزیكبونەوەی نێوان رەوتی حیكمەی عەممار حەكیم و هاوپەیمانی سائرونی موقتەدا سەدر و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیستەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران. ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر وەكو سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن داوای كرد هەموو گفتوگۆ سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رابگیرێت تا ئەوكاتەی وەڵامی داوكاری خۆپیشاندەران دەدرێتەوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ساڵی 1948 كاتێك دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا، لە جاڕی راگەیاندنی دەوڵەتەكەدا نوسرابوو "زامنی یەكسانیی نێوان هەموو دانیشتوان دەكرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاینیان". ئەمڕۆ ئەو بنەمایەی كە دەوڵەتی ئیسرائیلی لەسەر دامەزرا، كەوتە بەردەم هەڕەشەیەكی جدییەوە، پەرلەمانی ئیسرائیل (كنێست) یاسایەكی پەسەندكرد كە "مافی چارەی خۆنوسین" تەنیا لە دەستی هاوڵاتیانی جولەكەدا قۆرخ دەكات. لە پەسەندكردنی ئەم یاسایەدا پەرلەمانی ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەك دانیشتوانی عەرەبی موسوڵمان و پێكهاتە ئاینییەكانی تری لەبەرچاونەگرت، ئەمە وایكرد عەرەبەكان یاسا پەسەندكراوەكە بە یاسایەكی "رەگەزپەرەستانە" و هەوڵێك بۆ "جیاكاری رەگەزی - ئاپارتاید" وێنا بكەن. پرۆسەی گفتوگۆكردن لەبارەی یاساكەوە لە پاشنیوەڕۆی دوێنێوە دەستیپێكرد، درەنگانێكی دوێنێ شەو بەكۆی دەنگی (62) ئەندام، كنێستی ئیسرائیلی یاساكەی پەسەندكرد، (55) ئەندام دژی پەسەندكردنی یاساكە دەنگیاندا، (2) ئەندامیش نتم (امتناع) یان كرد. بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پەسەندكردنی یاساكەی بە "هەنگاوێكی یەكلاكەرەوە" ناوبرد. دیارترین خاڵی یاسا پەسەندكراوەكە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی زمانی عەرەبی وەكو زمانێكی فەرمی لە ئیسرائیل، یاساكە "دۆخێكی تایبەتی" بە زمانی عەرەبی داوە و لەبری ئەوە زمانی عیبری كردووە بە زمانی فەرمی وڵات. ئەحمەد تەیبی كە ئەندامێكی عەرەبە لەناو پەرلەمانی ئیسرائیل لە لێدوانێكدا سەبارەت بە پەسەندكردنی یاساكە وتی:" ئەمە مەرگی دیموكراتییە". لەنێوان دیموكراتیبون و جولەكەبووندا بەڕای ژمارەیەك لە چاودێران لەناوخۆی و دەرەوەی ئیسرائیل، یاسا نوێیەكە شكاندنی ئەو هاوسەنگییە بوو كە لە ئیسرائیل لەنێوان هەردوو بنەمای "جولەكەبوونی دەوڵەت" و "دیموكراتیبونی دەوڵەتدا" هەبوو. ئەوەی سەرچاوەی نیگەرانییە، یاسا نوێیەكە ئیسرائیل بە تەواوەتی دەكات بە دەوڵەتێك بۆ جولەكەكان و وا دەكات پێكهاتەكانی تری وڵات هەست بە پەراوێزخستن بكەن. لە ئیسرائیل، جگە لە جولەكە، مسوڵمان و مەسیحی و دروز هەن، سەرباری ئەمە ژمارەی عەرەب كە دابەشبوون بەسەر ئەو ئاینانەی تردا رێژەی 17.5%ی كۆی گشتی دانیشتوانی ئیسرائیل پێكدەهێنن. هەندێك سەرچاوەی تر هەن باسلەوە دەكەن لەكۆی (9 ملیۆن) كەسی دانیشتوانی ئیسرائیل، نزیكەی (ملیۆنێك و 800 هەزار) كەسیان عەرەبن، واتا عەرەب رێژەی نزیكەی 20%ی كۆی دانیشتوانی ئیسرائیل پێكدەهێنێ. عەرەبەكانی ئیسرائیل كە باوەڕیانوایە لە بنەڕەتەوە دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر بنەمای جیاكاری ئاینی و رەگەزیی دروستبووە، بە پەسەندكردنی ئەم یاسا نوێیە بەتەواوەتی بێومێدبوون. بەر لە پەسەندكردنی ئەم یاسا نوێیە، لە ئیسرائیل چەندین یاسا هەبوو كە گەرەنتی مافی یەكسانییان دەكرد لەنێوان هەموو پێكهاتەكاندا، بەڵام ئەوكاتیش عەرەبەكان بەردەوام سكاڵایان لەسەر ئەوە هەبوو دەوڵەت ناوچەكانی ئەوان پێشتگوێ خستووە و وەكو هاوڵاتی پلە دوو تەماشایان دەكات بەتایبەتی لەڕووی خوێندن و تەندروستییەوە. دەوڵەتی جولەكە یاخود هەموان ؟ بە پەسەندكردنی ئەم یاسایە، پەرلەمانی ئیسرائیل ئەو بڕگەیەی لە گۆڕنا كە لە راگەیاندنی سەربەخۆیی دەوڵەتدا هاتووە و دەڵێ" ئیسرائیل دەوڵەتی جولەكە و هەموو هاوڵاتییەكانیەتی". ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەوەیە، لەدوای پەسەندكردنی ئەم یاسایەوە، دادگای باڵای ئیسرائیل لە بڕیارەكانیدا سروشتی جولەكەبوونی دەوڵەت لەبەرچاودەگرێت، نەك بەها دیموكراتییەكان، ئەمەش بەتایبەتی لەو پرسانەی كە لەنێوان هەردوو بنەمای "دیموكراتیبوون" و "جولەكەبوندا" مشتومڕیان لەسەرە. ساڵنامەی جولەكە بەگوێرەی ئەوەی سایتی پەرلەمانی ئیسرائیل بڵاویكردوەتەوە، یەكێك لە بەندەكانی یاسا پەسەندكراوەكە بریتییە لە پرسی ساڵنامەی ئیسرائیل. یاسا نوێیەكە پێویستی كردووە لەسەر دەوڵەت پشت بە ساڵنامەی جولەكە ببەستێت وەكو رۆژژمێری فەرمی ئیسرائیل و رۆژی سەربەخۆیی و جەژنەكانیش لەسەر بنەمای ئەو رۆژژمێرە بڕیاریان لەسەر بدرێت. چارەنوسی قودس یاسا نوێیەكە یەكلایكردوەتەوە كە شاری "قودس" بە هەردوو بەشەكەیەوە پایتەختی هەمیشەیی ئیسرائیلە، سەرباری ئەوە یاساكە تەنیا رێگەی بە دروستكردنی شار بۆ جولەكەكان دەدات، ئەمەش وەكو بەردەوامیدان بە پرسەی كۆمەڵگە جولەكەنشینەكان لێكدەدرێتەوە كە یەكێك لە بەربەستەكان بەردەم پرۆسەی ئاشتی عەرەب- ئیسرائیل. كاردانەوەكان لە یەكەم كاردانەوەدا یەكێتی ئەوروپا نیگەرانی هۆی لە دەرچوونی ئەو یاسایە لە ئیسرائیل راگەیاند، بەوپێی رێگری دەكات لە چارەسەری دروستكردنی دوو دەوڵەت لەناوچەكەدا، دەوڵەتێك بۆ فەلەستینییەكان و یەكێكی تر بۆ ئیسرائیل. وتەبێژێك بەناوی فیدریكا موگرینی بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا وتی:" ئێمە هەڵوێستمان زۆر روونە لەبارەی چارەسەری دوو دەوڵەت، پێمانوایە ئەوە تاكە رێگایە بۆ هەنگاونان، هەر هەنگاوێك ئەو چارەسەرە ئاڵۆز بكات یاخود رێگری لێ بكات، دەبێت لێی دوربكەونەوە". هەردوو بزوتنەوەی فەتح و حەماس وەكو دوو هێزی سیاسی سەرەكی لە فەلەستین، یاسا نوێیەكەی كنێستی ئیسرائیلیان رەتكردەوە.