(درەو میدیا): "ئەو ئەنجامانەی ئەنجومەنی كۆمیسیاران ڕایگەیاندوە، ئەنجامێكی ئاساییە بۆ خاڵێكردنەوەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران لە ناوەڕۆكەكەی" ئەمە قسەی ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی عێراقە. عەلاوی لە بەیاننامەیەكدا، راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە "نائومێدبونێكی نوێ لە پرۆسەی سیاسی" وەسفدەكات. عەلاوی ئاماژە بەوەدەكات، راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادوەرە دانراوەكان لە ئەنجومەنی كۆمیسیاران، توشی سەرسوڕمانی نەكردون، چونكە ئەوە ئەنجامێكی ئاساییە بۆ بەتاڵكردنەوەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان كە پەرلەمانی پەسەندی كرد، لەگەڵ ئەو بڕیاڕانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بەو پرسە دەریكرد. سەرۆكی ئیتیتلافی نیشتمانی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 12 ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بە "چەسپاندنی ساختەكاری و ناشەفافی و قۆرخكردنی ئیرادەی خەڵكی عێراق" ناودەبات. دەڵێت" راگەیاندنی ئەنجامەكان بەوشێوەیە، پرسیارگەلێكی وروژاندووە كە دیارترینیان بریتییە لە چارەنوسی ئەو ڕاپۆڕتەی كە لیژنە وزراییەكە بەڕاشكاوی تێیدا باسی ئەنجامدانی ساختەكارییەكی بەربڵاوی كردبوو لە هەڵبژاردنەكە و چۆنیەتی تەفسیركردنی دورخستنەوەی بەڕێوەبەری نوسینگەكانی كۆمیسیۆن و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەریان بەتۆمەتی ئەنجامدانی پێشێكاری و یاریكردن بە ئەنجامەكان و گەندەڵی دارایی و دواتریش وای بڵاوبكەنەوە كە ئەنجامەكان هاوشێوەن یان نزیكن لەیەكەوە". عەلاوی باسلەوە دەكات، ئەوان یەكەم كەس بوون داوای ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان كردووە، بەهۆی زۆری ڕێژەی بایكۆت و ئەو پێشێلكارییە ئاشكرایانەی لە پرۆسەكەدا كران، بەجۆرێك بووە مایەی گاڵتەجاری لای زۆرینەی خەڵكی عێراق. عەلاوی هۆشداری ددەدات لە پەنابردن بۆ بژاردەی زۆرینەی سیاسی و تەئكیدكردن لە بنەمای شەراكەت و سازان و تێپەڕاندنی بنەمای پشكێنە لە دیایكردنی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق.
راپۆرتی/ محەمەد رەئوف لە یادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستاندا، نماییشی سەربازی لە گوندی گوڵەخانەی زێدی ( محەمەدی حاجی مەحمود ) و پایتەختی سیاسی و سەربازی حزبی سۆسیالیست ئەنجامدراو، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەندێك پێیانوایە دەبو لەبری ئەم نمایشە حزبیە، سۆسیالیست سەرقاڵی نمایشی بەرنامەكانی بوایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و خستەڕوی تێڕاوانیيەكانی بۆ پێشخستنی ژیانی خەڵك و چارەسەركردنی كێشە زۆرو زەوەندەكانی، لەبەرامبەر ئەم ڕایەش بۆچونێكی تر هەیە دەڵێت، ئەوەى دەگوزەرێت تەحسیڵ حاسڵەو وەك چۆن یەكێتی و پارتی خاوەنی هێزن و مەهامی ئەم هێزانەش بەو شێوەیە ئاڕاستە دەكەن كە خزمەت بەمانەوەو بەهێزكردنی خۆیان دەكات، بەوپێودانەگە سۆسیالیستیش لەبری نمایشی تێڕوانینەكانی بۆ گۆڕینی ژیانی كۆمەڵگا، نمایشی هێز دەكات، ڕەنگە ئەویش وەك یەكێتی و پارتی هەمان ئەو بڕوایەی لاچەسپیبێت كە خاوەندارێتی هێزی چەكدار ڕۆڵێكی دیار دەگێرێت لە بەهێزكردنی پێگە و مانەوە لە گەمە سیاسەكاندا. محەمەدی حاجی مەحمود لەبارەی ئەم نمایشە سەربازییەوە ئاماژەی بەوە كردووە" كە پێشتر چەندین جار مانۆڕی سەربازیمانكردووە، لە 5/3/1992 لە شەقامی سالم لە سلێمانی نماییشی سەربازیمان ئەنجامداوە، دواتر لەنەوەدەكاندا سێ چوارجار لە سەید سادق و شارەزوور نماییشی سەربازیمان كردووە، چەندین مانۆڕی سەربازیمان ئەنجامداوە و چەكی قورسی تیا بەكارهاتووە". لەو سەروبەندەداو یەكێك لەو یادەوەرییانەی كە ڕەنگە تائەم ساتەش لەبیرەوەی خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانیدا مابێتەوە، لە چوارچێوەی نماییشە سەربازیەكانی حزبی سۆسیالیسدا فڕۆكەیەكی جۆری هێلی كۆپتەری درووستكراوی دەستیيان نماییشیان دەكرد و درووشمی ( سەدام بۆیە تۆقیوە، تەیارەی حیسكی دیوە) دەوتەوە. بەڵام نماییشی سەربازی رۆژی 8/8/2018 كە لە گوندی گوڵە خانە بەڕێوە چوو جیاواز لە نماییشەكانی رابردوو زۆرترین موشتومڕو كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەگەرچی ساڵی رابردوو لە 31/3/2017 لە نمایشێكی گەورەی سەربازی لە گوندی گوڵەخانە ئەنجامدراو لەلایەن راهێنەری بیانیيەوە وانەی سەربازی وترایەوە و بە شێوەی پراكتیكی چەكی تیا بەكارهێنرا. هێزە سەربازیيەكەی سۆسیالیست لەگەڵ هێزە چەكدارەكان لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا رێكخراون و وەزارەتێكی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام لە واقیعدا هێزەكان دابەش بوون بەسەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا، هاوكات حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش هێزی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەو هێزەی كە لە 8/8/2018 لە گوڵەخانە نماییشی سەربازیان ئەنجامدا بریتی بوون لە هێزەكانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە پێكهاتوون لە: * فەوجێكی هێزی پێشمەرگە كەلە چوارچێوەی هێزەكانی 80ی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستاندایە و ژمارەیان نزیكەی 550 كەسە * سریەیەكی سەربازیی كەلە چوارچێوەی هێزەكانی زێرەڤانی وەزارەتی ناوخۆی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستاندان و ژمارەیان نزیكەی 250 كەسە * سریەیەكی سەربازیی كە لە چوارچێوەی هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتنی وەزارەتی ناوخۆی سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ژمارەیان نزیكەی 250 كەسە * هێزێكی سەربازیی كە وەك خۆیان دەڵێن هێزێكی ناریكخراوی خۆبەخشە و لە رووداوو پەرەسەندنە سەربازییەكاندا كۆدەبنەوە و لەلایەن محەمەدی حاجی مەحمود سەرپەرشتی دەكات و جموجوڵیان پێدەكات. ئەوە لەكاتێكدایە، هەموو ئەو راجیمە و تۆپە دوورهاوێژ و چەكە قورسانەی كە نماییشكران موڵكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانن و لە راپەڕینی بەهاری 1991 و روخانی رژێمی بەعس لە 2003 دەستی كەوتوون. جارجار لە پێناو پێشاندانی هێزو پێگەی خۆی، حزبی سۆسیالیست لە گوندی گوڵەخانە نماییشی سەربازی دەكات و مەشق و راهێنانی سەربازی دەكات، كە نماییشی 8/8/2018 لەلایەك پیشاندانی پێگەكەیەتی بە یەكێتی و پارتی و تەنانەت وڵاتە دراوسێكانیش بۆ ئەوەی مامەڵەی هێزی لەگەڵ بكرێت و لەلایەكیش بەشێكە لە هەڵمەتی ساردی هەڵبژاردن و گەرمكردنەوەی لایەنگرانی خۆیان. مانۆڕ یان نماییشی سەربازی مانۆڕی سەربازی كە زیاتر لە نێوان وڵاتە هاوپەیمانەكاندا ئەنجامدەدرێت، بۆ پیشاندانی هێزو توانای سەربازی و ئەو وڵاتانەو راهێنان و تاقیكردنەوەو توانای سەربازیانە. لە دۆخی ئاشتیدا مانۆڕی سەربازی وا پێناسە دەكرێت كە بریتیيە لە" راهێنانێكی سەربازی كە لە نێوان وڵاتێك یان ژمارەیەك وڵاتی هاوپەیماندا ئەنجام دەدرێت بۆ پەرەدان بە تواناو لێهاتووی مەیدانی بەهێزكردنی پەیوەندی سەربازی لە نێوان ئەو وڵاتانەی كە بەشداری مانۆڕەكە دەكەن". بەڵام لە بارودۆخی شەڕدا مەبەست لە مانۆڕی سەربازی ئەوەیە" بریتیيە لەو گوزارشتەی كە سەربازەكان بەكاری دەهێنن وەك ئاماژەیەك بۆ ستراتیژیەتێكی سەربازی لەسەر بنەمای دەستپێكردنی هێرشێكی جوڵاو و خێرا كە دوژمن توشی شڵەژان بكات و زیانی گەورەی لێبدات، بەبێ ئەوەی دووژمن بە كاتی هێرشەكە بزانێت". رەگەزەكانی مانۆڕی سەربازی یەكەم/ چاودێری و ئاراستەكردن و راپۆرت و كاراكردن دووەم/ خاڵی پەیوەندی: لێدان لە دوژمن لە كات و شوێنی گونجاودا سێیەم/ كوتوپَری: مەبەست لەم بنەمایە فێڵ و تەڵەكەی سەربازی چوارەم/ چەكی جۆراوجۆر و گونجاو پێنجەم/ نەرم و نیانی: مەبەست لەوە كەسی سەربازی دەبێت پشودرێژوو گشتگیر وتوانای لەوە زیاتری لەبەر دەست بێت كە پێویستی پێیەتی شەشەم/ ناناوەندێتی لە فەرماندەییدا: مەبەستی لەوەیە لەناو پرۆسەی سەربازیدا بڕیاردان خێرا بێت و بەجۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ ئەو بارودۆخ و پێشهاتەی تێی دەكەوێت. نماییشی سەربازی بریتیيە لەو چالاكیەی كە هێزە سەربازیيەكان چەك و توانای خۆیانی تیایدا نماییش دەكەن بەبێ هیچ جۆرە مەشق و راهێنانێك یاخود تاقیكردنەوەی چەكێك، زۆربەی كات بریتيیە لە رێ رۆیشتنی رێكخراوی هێزە سەربازیيەكان لە شوێنێكی گشتیدا. جیاوازی نمایشی سەربازی و مانۆڕ لەوەدایە كە لە مانۆڕدا مەشق و راهێنانی سەربازی تێدا دەكرێت وچەك و تەقەمەنی تیادا بەكار دەهێنرێت، بەڵام لە نماییشی سەربازیدا زیاتر نماییش و رێرۆیشتنی سەربازیە بە شێوەیەكی رێكخراو. بۆیە ئەوەی حزبی سۆسیالیست لە 8/8 دا ئەنجامیدا دەچێتە چوارچێوەی نماییشی سەربازیيەوە نەك مانۆڕی سەربازی. مانۆڕێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕای بەشێك لەچاودێران، ئەو نماییشە سەربازیەی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان كەلە رۆژی 8/8/2018 لە گوڵە خانە ئەنجامیدا، هەڵمەتێك بوو بۆ هەڵبژاردن و گەرمكردنی شەقامی خۆیان و نیشاندانی هێزوو توانای خۆیان بەرامبەر بە هێزەكانی دیكە. چونكە لە هەڵبژاردنی 2013 ی پەرلەمانی كوردستان حزبی سۆسیالیست كورسیيەكی پەرلەمانی مسۆگەركرد و ( 12 هەزارو 501 ) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لە سێ پارێزگاكەی هەرێم تەنها (8480 ) دەنگی بەدەستهێناوە، كە بەشی كورسی پەرلەمانی كوردستان ناكات,ئەگەرچی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەگەڵ یەكێتی نەتەوەیی و حزبی كرێكاران رەنجدەران بە لیستی سەردەم بەشدارن, بۆیە هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە پارێزگاری لە كورسيیەكەی بكات لە پەرلەمانی كوردستان. حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان لە دوایین هەڵبژادنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 بەرێوەچوو لە پارێزگای سلێمانی ( 4895 ) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنی 1992 دا، لە سلێمانی(11,978) دەنگی هێنابوو, لە هەولێر لە هەڵبژاردنی12ی ئایاری 2018 ( 2329 ) دەنگی هێنابو لە هەڵبژاردنی 1992 لە هەولێر (8843) دەنگی بەدەستهێناوە, لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی12ی ئایاری 2018 ( 1256 ) دەنگی بەدەستهێناوەو لە هەڵبژاردنی 1992 لە دهۆك( 7983) دەنگی بەدەستهێناوە. پێكهاتەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ساڵی 1992 و لە پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دراو چەند هێزوو لەشكرێكی حزبەكان لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا یەكخران، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆوە بەتەواوی لێكترازان، تا پێكهێنانی حكومەتی یەكگرتووی كوردستان لە 2005 بڕیاردرا كار بكرێت بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی دژ بە داعش و بە بریاری ژمارە (19) پەرلەمانی كوردستان لە 23/7/2014 دا 21 بریاری تایبەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەركرا، لە برگەی چوارەمی بریارەكەی پەرلەماندا هاتووە (پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی ( 6 ) مانگ لە دەرچوونی ئەم بریارەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەك بخات بەتایبەتی یەكەكانی ( 70 و 80 ) . بەڵام تا ئەمرۆش جگە لە چەند لیوایەكی هاوبەش تەواوی هێزەكان دابەش بوون بەسەر یەكێتی و پارتی و سۆسیالیستدا و جگە لە حزب بەسەر كارەكتەرە سیاسیەكانیشدا دابەشبوون. 1- وەزارەتی پێشمەرگە پێكدێت لە 16 لیوای یەكگرتوو كە هاوبەشەو نزیكەی 40 هەزار پێشمەرگەیە، هەر لیوایەكیش لە بارگا وچوار فەوج پێك دێت، هەر فەوجێك نزیكەی ٦٠٠ سەرباز وئەفسەر دەبن، هەر لیوایەكیش 2400پێشمەرگە لە خو دەگرێت. 2- هێزەكانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە پێكدێن لە :. أ - هێزەكانی ٧٠ لە پێشمەرگەكانی فەرماندەی گشتی پێك دێن، سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن. نزیكەی 20.000 بیست هەزار پێشمەرگە لە خۆدەگریت وفەرمانداری گشتی شێخ جەعفەرە. ب- هێزەكانی ٨٠ لە پێشمەرگەكانی فەرماندەیی لەشكری كوردستان (فەلەك) پێك دین، سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، نزیكەی 35.000 سی و پێنچ هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت وفەرمانداری گشتی فەریق شێروانە، ج - هێزی پشتیوانی یەك: ئەو هێزە لە ژێر دەسەلاتی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە فەرماندەیی سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانی كەنزیكەی 5.000 پێنچ هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت. ب - هێزەكانی پشتیوانی دوو: ئەو هێزە لەژێر دەسەلاتی یەكێتی نشتیمانی كوردستانە ، بە فەرماندەیی لیوا مەریوان محەمەد ئەمین، نزیكەی 7.000 حەوت هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت. هێزی پشتیوانی یەك و تەواوی چەكە قورسەكانی وەك تانك، زریپۆش ، توپی دوور هاوێژ، موشەكی جوراوجور لەدەستدایەو كە سەرجەمیان لەژێر دەسەلاتی پارتی ویەكێتی دان. 3- فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگری فریاكەوتن، كە سەربە وەزارەتی ناوخۆن ئەم هیزانەش دابەشكراونەتە سەر دوو لایەن: أ. زێرەڤانی: ئەم هێزانە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانە ، بە فەرماندەیی لیوا عزیز وەیسی و ژمارەیان نزیكەی 35 هەزار پێشمەرگەیە. ب. بەرگری فریاكەوتن: سەر بە یەكێتی نشتیمانی كوردستانن ، بە فەرماندەیی عەمید كاكەمەند و ژمارەیان نزیكەی 15 هەزار پێشمەرگەیە. وەك چۆن هێزەكان بەسەر یەكێتی و پارتیدا دابەش بوون و هێزی حزبین لەبەرگی یاسادا، بەهەمان شێوەش هێزەكەی سۆسیالیست هێزی حزبیە لە بەرگی یاساییدا، بۆیە بارودۆخی سەربازی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكە هێزەكان نەك دابەشبوون بەسەر حزبەكاندا بەڵكو لەناو حزبەكاندا بەسەر كارەكتەرەكاندا دابەش بوون و هێزەكان هێندەی ئینتیمایان بۆ كەس و حزبەكانیان هەیەو لەژێر فەرماندەیی ئەواندان هێندە لەژێر فەرماندەیی وەزارەت و دەزگا یاساییەكاندا نین. ئەوەی نماییشكرا لە گوڵەخانە روداوێكی ناسروشت و نامۆ نەبوو, بەڵكو رەنگدانەوەی ئەو واقیعە نەخوازراوەی هێزەسەربازیەكانە كە لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، كە رەنگە یەكێتی نەتەوەیی غەفور مەخموری و حزبی زەحمەتكێشان و بزووتنەوی ئیسلامیش بیر لە نماییشی سەربازی بكەنەوە، بۆیە ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندایە هێزی پێشمەرگەی حزبیە لەبەرگی وەزارەتی پێشمەرگەدا بە هەمان سەرەتای نەوەدەكان كە لەبەرگی بەرەی كوردستانیدابوو. وێناكردنەكە بەو شێوەیەیە ئەو حزبانەی هێزی سەربازی و باڵی سەربازیان هەیە لە ئاستی هەرێم و عێراقیش حیسابی زیاتریان بۆ دەكرێت و مامەڵەی جیاوازتریان لەگەڵ دەكرێت لە ئاستی دەرەوەو ناوخۆشدا، هەروەك باڵە سەربازیەكانی ( بەدرو سەرایە سەلام و عەسایبی ئەهلی حەق و سەرایای خۆراسانی و كەتیبەكانی حزبوڵا ... هتد)باڵی سەربازی حزبە عێراقیيەكان، ئاواش لە ئاستی هەرێمی كوردستان ( هێزەكانی یەكێتی و پارتی و سۆسیالیست و زەحمەتكێشان و هتد.. هەروەها هێزەكانی شیخ جەعفەر و مەحمود سەنگاوی ومحەمەدی حاجی مەحمودو نەجاتی عەلی فاتێ و سیروان بارزانی ... هتد..)
(درەو میدیا): حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كوژرانی 12ی سەربازی ئێرانی لە سنوری شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان راگەیاند. بەپێی هەواڵێك كە لەسەر ئەژماری تایبەتی حزبی دیموكرات لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكراوەتەوە، لە نزیك شاری شنۆ پێكدادان لەنێوان پێشمەرگەكانی حزبی دیموكرات و سوپای پاسدارانی ئێران رویداوە و لەو روبەڕوبونەوەیەدا 12ی سەرباز كوژراون. سایتی "سپاە نیوز" لەزاری قەرارگای "حمزە سید الشهدا"هەواڵی رودانی پێكدادانەكەی پشتڕاستكردوە، بەڵام ئسمعەلی خەلیلزادە یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی قەرارگاكە رەتیكردەوە هیچ سەربازێك كوژرابێت. قەرارگای "سەید الشهدا" یەكێك لە گرنگترین قەرارگاكانی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانە كە ناوچەی جموجوڵی ئەم قەرارگایە دەكەوێتە پارێزگاكانی ئازەربایجانی غەربی (ورمێ) و كوردستان (سنە) و كرماشان تادەگاتە سنورەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا. سایتی ""سوپاە نیوز" هیچ زانیارییەكی تری لەبارەی پێكدادانەكەی پێشمەگەكانی دیموكرات و سوپای پاسداران ئاشكرانەكردووە تەنیا ئەوە نەبێت هێزەكەی پێشمەرگە بە "گروپێكی وابەستە بە دەزگای هەواڵگری بێگانە" ناودەبات. ئاژانسی كۆماری ئیسلامیش بەپێچەوانەی حزبی دیموكراتەوە رایگەیاند، 10 پێشمەرگە لە شەڕەكەدا "كوژراون".
(درەو میدیا): وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیكردەوە ئەوان ئاگاداری سەردانكردنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بن بۆ تاران لەم هەفتەیەدا. لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فارسی وڵاتەكەی، بەهرامی قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو هیچ هەواڵ یان راگەیەندراوێكی فەرمی پێنەدراوە لەبارەی سەردانی حەیدەر عەبادییەوە بۆ تاران. هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فارس لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە" سەردانی عەبادی بۆ عێراق لە بەرنامەی كاری ئێستادا نییە". سایتی "غەدپرێس"ی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، حەیدەر عەبادی لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی ئێران و توركیا دەكات، كە هەردوو وڵاتەكە ئێستا روبەڕووی سزای ئەمریكا بونەتەوە. عەبادی پێشتر و لە وەڵامی پرسیارێكدا ئایا حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بەو سزا ئابورییانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، وتی: ئێمە پابەندین ئەو سزایانە دەبین و نامانەوێت بەرژەوەندی هاوڵاتیانمان بخەینە مەترسییەوە.
(درەو میدیا): سێشەممەی داهاتوو حەیدەر عەبادی سەردانی توركیا دەكات و رۆژی دواتریش دەچێتە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران. سەردانەكەی عەبادی بۆ ئەنكەرە و تاران لە كاتێكدایە ئەو دوو وڵاتە رووبەڕووی ژمارەیەك سزای ئابوریی بونەتەوە كە لەلایەن ئەمریكاوە بەسەریاندا سەپێندراوە و بەهای دراوەكانیان بۆ ئاستێكی زۆر نزم بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دابەزێوە و عێراقیش تێیدا زەرەرمەند دەبێت بەهۆی ئەوەی ئاڵوگۆڕی بەرفراوانی بازرگانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا هەیە. بەوتەی سەركردەیەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، سەردانەكەی عەبادی بۆ ئێران كتوپڕ نییە و ماوەیەكی دوورودرێژە لە لایەن ئێرانەوە بانگهێشتكراوە بۆئەوەی سەردانی تاران بكات. جاسم محەمەد جەعفەر بەیاتی سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكیدا بۆ " سۆمەریە نیوز" وتی:" عێراق پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ ئێران و توركیا لەلایەك و ئەمریكاش لەلایەكی تر هەیە، لەبەرئەوە دەتوانێت ببێتە نێوەندگیر لە نێوان ئەو دوو وڵاتە و ئێراندا بۆ چارەسەركردن ئەو قەیرانەی كە بەهۆی بەریەككەوتنی هەڵوێستەكانەوە هاتوەتە ئاراوە بەتایبەتیش رووداوەكانی سوریا و سزاكانی ئەمدواییەی ئەمریكا بۆ سەر ئێران". پرسێكی تر كە عەبادی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و توركیا تاوتوێیدەكات، دۆسیەی ئاوە كە كاریگەری زۆری كردوەتە سەر عێراق لە هەموو بوارەكاندا بە تایبەتی كشتوكاڵ و بەوتەی جەعفەری، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەردانەكەیدا پرسی هوكاری لە بواری كارەباشدا تاوتوێدەكات.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت "هەر كەسێك لەگەڵ ئێران بازرگانی بكات، ناتوانێت لەگەڵ ئەمریكا بازرگانی بكات" ئەمە دواین قسەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە لەبارەی گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكانی بۆسەر ئێران. هەرێمی كوردستان (513) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، ئەم سنورە هاوبەشە هەمیشە جێگەی كێشمەكێش بووە لەنێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و ئێراندا. لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە: • دەروازەی پەروێزخان • دەروازەی باشماخ • دەروازەی حاجی ئۆمەران جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە: • دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ • دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن • دەروازەی شوشمێ لە تەوێڵە رۆژی 25ی ئایلولی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر جیابونەوە لە عێراق، ئێران بە توندی دژی هەوڵی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق وەستایەوە، لە یەكەم هەنگاویشدا دەروازە سنورییەكانی بەڕووی هەرێمدا داخست، ئەوكات ئێران گەمارۆ ئابورییەكانی لەسەر هەڵگیرابوو. دوای شكستهێنانی هەوڵی جیابونەوە لە عێراق، حكومەتی بەغداد بە مەرج ئامادەبوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكاتەوە، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان رادەستی حكومەتی ناوەند بكاتەوە كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەگوێرەی دەستور ئەو دەسەڵاتانە بۆ حكومەتی ناوەند یەكلاكراونەتەوە. نێچیرڤان بارزانی: ئێمە پابەندین بە عێراقەوە حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكانی رادەستی بەغداد كردەوە، بەوهۆیەوە ئێستا بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بازرگانیكردنی لەڕێگەی دەروازە سنورییەكان یاخود ئاسمانەوە لەگەڵ ئێران لەدەستی دەسەڵاتدارانی بەغدادایە. رەنگە ئەمە تاكە لایەنی ئەرێنی رادەستكردنەوەی دەسەڵاتی دەروازە سنوری و فڕۆكەخانەكان بێت، چونكە لە دۆخێكی وەكو ئێستادا كە ئەمریكا سزا ئابورییەكانی بۆسەر ئێران زیندووكردوەتەوە، رەنجاندنی دڵی ئێرانییەكان رەنگە باجی قورسی بۆسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی زیرەكانە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە كە ئایا هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران، كاتێك وتی" ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە، ئێمە ئەو یاسا و تەعلیماتانە جێبەجێ دەكەین كە لە عێراقەوە دەردەچن". بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئێران دوای شكستهێنانی ریفراندۆم و كردنەوەی دەروازە سنورییەكان، ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە، هەر ئەوكات و لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ لە هەولێر كۆنفرانسی "پەرەپێدانی هاوكارییە ئابورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران" بەڕێوەچوو، محەمەد شەریعەتمەداری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران بەشداری تێدا كرد، لە كۆنفرانسەكەدا حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران رێككەوتننامەیەكی لە بواری بازرگانیدا ئیمزاكرد. لەو كۆنفرانسەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد" قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ساڵانە (6 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووە و (359) كۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی كوردستان لقیان هەیە". بە گوێرەی هەندێك زانیاری رۆژنامەوانیش بەشێوەیەكی گشتی رێژەی 10%ی كۆی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دێت. لە كاتی پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە، هەرێمی كوردستان و ئێران زیاتر لە (6 ملیار) دۆلاری ساڵانەی بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەدەستدەدەن. ئەمەش تەنیا بەهای هەناردەكردن نییە، بەڵكو بەهای هاوردەكردنیشە، راوەستانی هاوردە لە ئێرانەوە، بازاڕی هەرێمی كوردستان دوچاری قەیران دەكات، چونكە وەكو نێچیرڤان بارزانی دەڵێ" ئێستا رێژەی 25%ی كۆی هاوردەی كاڵا و شمەك بۆ هەرێمی كوردستان لەرێگەی ئێرانەوەیە"، بۆیە لەحاڵەتی پابەندبوون بە سزاكانی ئەمریكاوە ئەگەر حكومەتی هەرێم لە ماوەیەكی كورتدا بۆشایی كاڵا و شمەكی ئێرانی لە بازاڕەكاندا پڕنەكاتەوە، دووچاری كارەسات دەبێت. بەشی گەورەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران هاوردەكردنی كەلوپەل و كاڵا و شمەكە، لەبەرامبەردا هەناردەكردن كە شادەماری ئابورییە بۆ هەر وڵاتێك، زۆر لاوازە، هەناردەی هەرێم بۆ ئێران كورت دەبێتەوە لە چەند كاڵایەكدا كە بریتین لە: • نەوت و نەفتا بە تانكەر • پێستە و ریخۆڵە ئەم دۆخە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەدیوێكی تردا رەنگە بتوانێت هەرێمی كوردستان بكات بە ناوەندێكی گەورەی بازرگانی، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە، رەنگە بتوانێت ببێت بە رێگەی سەرەكی گواستنەوەی كاڵا و شمەك و تەنانەت دراوی قورس بۆ ئێران، بەڵام ئەمەش باجی خۆی دەبێت. سزاكانی ئەمریكا چین ؟ رۆژی سێ شەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ بڕیاری گەڕاندنەوەی سزاكانی سەر ئێرانی ئیمزاكرد: سزاكانی سەر ئێران بریتین لەمانە: • سزا لەسەر كڕینی دۆلاری ئەمریكی لەلایەن ئێرانەوە • پارچەی یەدەگ و پیشەسازی فڕۆكە • بازرگانی كانزا گرانبەهاكان • خۆراك و خواردەمەنی • فەڕشی ئێرانی • بازرگانی ئەلەمنیۆم، پۆڵا، گرانێت و خەڵوز • مامەڵەكردن لەگەڵ دراوی ئێران • پیشەسازی ئۆتۆمبیلی ئێران هەناردەی دۆلار بۆ ئێران ئێستا بەهای دراوی ئێرانی (تمەن) لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی توشی داڕمان بووە، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ راگرتنی بەهای تمەن هەوڵی دەستخستنی دۆلار دەدەن، بۆ ئەمەش هەرێمی كوردستان و عێراق نزیكترین سەرچاوەی دۆلاری ئەمریكین. لە ماوەی رابردوودا كاتێك ئەمریكا سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی بڵاوبونەوە كە باسیان لەوە دەكرد، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە (دۆلار) كۆدەكرێتەوە و رەوانەی ئێران دەكرێت، ئێرانییەكان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار هەوڵدەدەن ئاسانكاری زیاتری بازرگانی بكەن تاوەكو لەرێگەی هەناردەی كاڵا و شمەكەوە دۆلار لە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە كۆبكەنەوە. ئێستا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری پابەندبون یان نەبونی بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران بەستوەتەوە بە بڕیاری حكومەتی عێراقەوە، ئایا حكومەتی عێراق كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لە 2003 لەژێر هەژمونی ئێراندایە بڕیاری چی دەدات؟ عێراق پابەند دەبێت بە سزاكانەوە ؟ بڕیاری پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆ پێكهاتەی شیعەی عێراق كە زۆرینەی حزبە سیاسییەكانیان مێژوویەكی ریشەداری دۆستایەتی و كاری هاوبەشیان لەگەڵ ئێران هەیە، بڕیارێكی ئاسان نییە، سەرباری ئەمە عێراق (1458) كیلۆمەتر سنوری وشكانی لەگەڵ ئێران هەیە. رۆژێك بەرلەوەی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمارە كوردەكەی عێراق كە حزبەكەی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) پەیوەندییەكی مێژویی لەگەڵ ئێران هەیە، وتی" بارودۆخی عێراق و سروشتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران وادەكات سەخت بێت بۆی پابەند بێت بە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەوە كە واشنتۆن بەسەر تاراندا دەیسەپێنێت". بە پێچەوانەوە سەرۆك كۆمارە كوردەكەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی شیعە مەزهەبی عێراق زۆر بە رونتر لەبارەی سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران قسەی كرد كاتێك لە رۆژی 8ی ئەم مانگە لە كۆنگرەی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند"ئێمە پابەند دەبين بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران، چونكە نامانەوێت بەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراقی بخەینە مەترسییەوە". هەر ئەو رۆژەی كە عەبادی ئەم قسەیەی كرد، لەناوەندی سیاسی عێراقدا مشتومڕی توند لەبارەی پابەندبون یان نەبوون بە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دروستبوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تائێستا حەیدەر عەبادی و حكومەتی عێراق هیچ رێنماییەكیان دەرنەكردووە سەبارەت بە چۆنیەتی پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە. هەندێك لە حزب و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران وەكو (بەدر و مالیكی و عەسائیبی ئەهلی حەق) بەیاننامەیان لەدژی قسەكانی عەبادی بڵاوكردەوە و دژایەتی خۆیان بۆ ئەو سزایانە راگەیاند كە ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی، بەهانەی دژایەتیكردنەكەشیان بەوە هێنایەوە عێراق پێشتر ئەزمونی سزا و گەمارۆی ئابوری كردووە و ئەمجۆرە سیاسەتانە تەنیا زیان بە گەلی ئێران دەگەیەنێت نەك رژێمە سیاسییەكەی. عێراق هاوشێوەی هەرێمی كوردستان پشت بە هاوردەكردنی كاڵا و شمەكی ئێرانی دەبەستێت، سەرباری ئەمە گرێبەستی لە بواری كارەبا و گاز و نەوت لەگەڵ ئێران هەیە، پابەندبونی بە سزاكانی ئەمریكاوە لە ئەم ڕوەوە زیانی پێدەگەیەنێت. ئەمە وایكردووە ئێستا لەناو ناوەندی سیاسی عێراقدا بۆچونی سێیەم هاتوەتە ئاراوە و هەندێك لە سیاسییەكان دەخوازن عێراق پابەند بێت بە سزاكانەوە، بەڵام بەجۆرێك كە زیان بە ئابوری خۆی نەگەیەنێت. چارەسەرێكی مامناوەندی عێراق ساڵانە بەبەهای (12 ملیار) دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە، مانگی ئابی رابردوو حەمید حوسەینی سەرۆكی ژوری بازرگانی ئێران رایگەیاند، ئێران رۆژانە بە بەهای (20 ملیۆن) دۆلار كاڵا هەناردەی عێراق دەكات و عێراق دووەم گەورە سەرچاوەی هەناردەی ئێرانە كە خۆی دەبینێتەوە لە كەلوپەلی بیناسازی و بەرهەمە نەوتییەكان و مادە خۆراكییەكان. بەگوێرەی زانیارییەكان ئێستا جموجوڵێكی دیپلۆماسی لە عێراق دەستیپێكردووە كە كار دەكات لەسەر دۆزینەوەی دەرەچەیەكی یاسایی بۆ پاراستنی بازرگانی بەرفراوانی نێوان عێراق و ئێران بەبێ ئەوەی عێراق بكەوێتە داوی شكاندنی سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران. دیار نییە حكومەتی عێراق چۆن دەتوانێت بەرژەوەندییە ئابورییەكانی خۆی لەگەڵ ئێران بپارێزێت و هاوكاتیش پابەندبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئەو وڵاتە، بەڵام ئەزمونی پێشووی مامەڵەكردنی عێراق لەگەڵ سزاكانی ئەمریكا ئەوە دەردەخات رەنگە عێراق رێگەیەكی تر بەكاربهێنێت بۆ حەواڵە داراییەكان لەگەڵ ئێراندا بەبێ بەكارهێنانی دۆلار، ئەمەش وەكو ئاڵوگۆڕی راستەوخۆی كاڵای ئێرانی، یاخود گواستنەوەی كاڵای ئێرانی بۆ بازاڕەكانی جیهان لەرێگەی نێوەندگیری كۆمپانیا عێراقییەكانەوە. هێشتا زنجیرەیەك سزای تر ماون كە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەمریكا بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، لەمەشدا عێراق دوچاری كێشە دەبێت و ناتوانێت نەوتی ئێران بفرۆشێت. ئەم بارودۆخە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەكاتێكدایە ماوەی سێ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق كراوە، بەڵام هێشتا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتووە، حكومەتی نوێی عێراق لە حاڵی پێكهاتنیدا مەحكوم دەبێت بە بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەی ئەو سزایانەوە. لە حاڵەتی پێكهاتنیدا، ئەگەر حكومەتەكە نزیك بێت لە ئێرانەوە پابەندنابێت بە سزاكانی ئەمریكاوە، ئەمەش بڕیارێكی سەختە بۆ بارودۆخی ئێستا كە شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە شەقامی عێراقی هەیە دژ بە خراپی خزمەتگوزارییەكان و گەندەڵی، سەرباری ئەمانە، بڕیاری پابەندبون یان نەبوون بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران لە هەردوو حاڵەتەكەدا جۆرێك لە سەرچڵیكردنە بە دۆخی ئەمنی وڵاتەوە كە ماوەیەكی كەمە دوای شەڕی دژ بە "داعش" تاڕادەیەك بەرەو جێگیربوون دەڕوات. ئەمریكا لە عێراق كێ سزادەدات؟ ئەمریكا لە ماوەی رابردوودا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنان سزای بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێران و عێراقیدا سەپاند و یەكێك لەوانەش ئاراس حەبیب سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە كاندیدی ژمارە چوارە لە لیستەی " النصر"ی حەیدەر عەبادی. لە حاڵەتی پابەندنەبوونی عێراق بە سزاكانی ئەمریكاوە، پێدەچێت دەسەڵاتدارانی واشنتۆن سزای ئەو كەسانە بدەن كە راستەوخۆ لە عێراقدا هاوكاری ئێران دەكەن لە سووكردنی سزاكانی سەریدا و لە ماوەی رابردووشدا ئەمریكا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنان سزای بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێران و عێراقیدا سەپاند و یەكێك لەوانەش ئاراس حەبیب سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە كاندیدی ژمارە چوارە لە لیستەی " النصر"ی حەیدەر عەبادی. ئاراس حەبیب ئاراس كوڕی حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پێشووتری پارتی دیموكراتی كوردستانە و كوردی فەیلییە، ئێستا سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە پێشتر ئەحمەد چەلەپی سەرۆكایەتی دەكرد . ئاراس حەبیب بەڕێوەبەری بانكی " بلاد"ی ئیسلامییە لە عێراق و ئەمریكا تۆمەتباریدەكات بە هاوكاریكردنی دارایی فەیلەقی قودس، و كەرتی بانكی عێراقی قۆزتوەتەوە بۆ ئەوەی پارە لە تارانەوە بۆ حزبولا حەواڵە بكات و بەوەش سەلامەتی سیستمی دارایی عێراقی رووبەڕووی مەترسی كردوەتەوە. ئاراس حەبیب لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو كاندیدی ژمارە چواری لیستەكەی حەیدەر عەبادیی بوو لە بەغداد.
(درەو میدیا): کۆمسیۆن باڵای هەڵبژاردنەکان، لە ڕۆژی یەکشەممەوە تانەی لایەکان سەبارەت بە ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەردەگرێت. دادوەر (لەیس جەبر حەمزە)، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردنەکان ڕایگەیاند: ئەنجومەنی کۆمیسیاران (دادوەرە دانراوەکان) لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوەوە، ڕێکەوتی ۱۲/۸/۲٠۱۸ وە، پێشوازی لە تانەی لایەنەکان دەکات ، تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ڕۆژی ۹ ئەم مانگە بڵاویانکردوە. وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان جەختیشكردەوە، وادەی سێ ڕۆژیان دیاریکردووە بۆ وەرگرتنی تانەی لایەکان و پێویستە ڕێکارە یاساییە پیادەکراوەکانی تیادا ڕەچاوکرابێت. ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوص کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەنجامی کۆتایی دووبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانی سەرجەم ئەو بنکە و وێستگانەی لە سەرانسەری عێراق ڕاگەیاند، کە ژمارەیەک لایەنی بەشداربوی پرۆسەکە تانەیان لە ئەنجامەکانی دابوو.
(درەو میدیا): رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، هۆشداریدەداتە سەرۆكی ئەمریكا و جەختدەكاتەوە كە ئەنكەرە بەدوای دۆست و هاوڕێی نوێدا دەگەڕێت ئەگەر واشنتۆن رێز لە سەروەریی ئەمریكا نەگرێت. ئەردۆغان لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكادا بڵاویكردوەتەوە، ئەمریكا لە رێزنەگرتن لە سەروەریی توركیا ئاگاداركردووەتەوە و رایگەیاندووە ئەگەر واشنتۆن بەردەوام بێت لەسەر ئەوە، ئەوا ئەنكەرە بەدوای دۆست و هاوڕێی نوێدا دەگەڕێت. ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە ماوەیەكە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنكەرە بەهۆی دەستگیركردنی قەشەیەكی ئەمریكییەوە ئاڵۆزبووە و دوێنێ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری زیادكردنی تەعریفەی گومركی راگەیاند لەسەر هاوردەی بەرهەمەكانی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی توركی و بەو هۆیەشەوە بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی زیاتر دابەزی.
(درەو میدیا): پێناچێت ئەو بزنسمانە پۆپۆلیستەی سەرۆكایەتی زەبەلاحەترین هێزی جیهان دەكات، هاوشێوەی هاوتاكانی پێشخۆی بۆ تەمبێكردنی نەیارەكانی لەشكركێشی بكات و هێزی ڕووت بەكاربهێنێت ، ئەو كەهات زۆرێك پێشبینی شەڕێكی ماڵوێرانكەر و تەنانەت جەنگی جیهانی سێیەمی ئەكرد، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینیەكانەوە كۆمەڵێك دۆسییەی جیهانیی ئاڵۆزی یەكلاكردەوە، كۆتایی بەهەڕەشەی كۆریای باكور هێنا وەك مەترسی ژمارە یەكی جیهانی بۆ سەر ئەمن و ئاسایش، بەكردنی نینۆكەكانی قەتەر و سعودیە و سەرقاڵكردنیان بەكۆمەڵێ دۆسیەی ترەوە، دەستوەران و شەڕ و خوێنڕشتن لە وڵاتانی بەهاری عەرەبی لە كۆتاییەكەی نزیكبوەتەوە، جەنگی سوریا بەشێوەیەكی كرداری كۆتاییهاتووە و تەنها ڕاگەیاندنی ماوە، ئیتر ئەمریكا كچی خۆی ناكاتە قوربانی كوڕی كەس، موشەكی گرانبەهاش ناگرێتە كەس، نەك لەبەرئەوەی ڕەحم و بەزەیی بۆ ئینسانیەت جوڵاوە، بەڵكو پێش هاویشتنی، بیر لەتێچوەكەی ئەكاتەوە. ژەنەراڵی تویتەر ترەمپ ئێستا ژەنەڕاڵی شەڕێكی نوێ و ناتەقلیدیە، لەجیاتی جوڵاندنی كەشتیگەل و خەرجكردنی ملیارەها دۆلار بۆ خەرجی جەنگ و ئاوەدانكردنەوەی دوای وێرانكارییەكان، لە تویتەرەكەیەوە چەند دێڕێك ڕق و توڕیی بەسەر هەر نەیارێكیدا بڕێژێت، زیانەكانی كاریگەری سەدان موشەكی وێرانەكەر دەخاتەوە. تاران و ئەنكەرە كە زیاتر لە پێنچ سەدەیە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستیانەوە زەلالەتیەتی و ملیۆنان هاوڵاتی بەدرێژایی ئەو ماوەیە بونەتە قوربانی ململانێكانی ئەم دوو ڕكابەرە سەر سەختە، ئێستا پێكەوە گیرۆدەی تویتە دوورهاوێژەكانی ترەمپ بون و دوعای ئەوەیانە دوو دێر نەنوسێت و ئابورییەكەیان توشی داتەپینی زیاتر نەكات. لەدوای ئەو تویتەی دۆناڵد ترەمپەوە "لیرەی توركی لە پاشەكشەدایە بەرامبەر بە دۆلاری بەهێزی ئەمریكی", ئەردۆغان هاواری لێهەستاوە و داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات دۆلار و یۆرۆكانیان بێننە درەوە و بیكەن بە لیرە، بەڵام پێناچێت هیچی لێ سەوزبكات چونكە جگە لەدەنگە دەنگ و وتاری حەماسی، هیچ ستراتیژێكی ئابوریی دیاریكراو پاڵپشتی قسەكانی ناكات، بەوپێیەی تائێستا وتارەكانی نەبونەتە ڕێگر لە هاڕەی بەردەوامی دراوی وڵاتەكەی، ڕونیشە كە سەركەوتن لەجەنگی ئابوری لەگەڵ زەبەلاحێكی وەك ئەمریكادا، بەخیتابی حەماسی و سیاسی بەدینایەت. ئەردۆغان باس لە تێۆرەی پیلانگێڕی ( نظرية المؤامرة ) ئەكات، ئەو هێشتا لەكودەتاكەی ساڵی 2015دا ئەژی، لەكاتێكدا لەوكاتەوە تائێستا خۆی زیاد لە كودەتایەكی بەسەر سیستمی سیاسی و زیاد لەسەركێشەیەكی بەژیانی گەلەكەی و گەلانی ناوچەكەشەوە كردوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی توركی زیاتر سێ یەكی بەهاكەی لەدەستداوە، تمەنی ئێرانیش ئەگەر حاڵی زۆر لە لیرە خراپتر نەبێت ئەوە بەدڵنیایی باشترنیە، بەقسەی پسپۆرانی ئەو بوارەش بێت، ئابوری توركیا ئەوەندەی لە لێواری داڕمانەوە نزیكە چارەكی ئەوە پێشبینی خۆڕاگری و قوتاربونی لێناكرێت. كورد و تەنی، ئەمجارە ئەردۆغان توشی پیاوی خۆی بووە، جا یان مامەڵەی ڕوسەكانیان لەگەڵ دووبارە ئەكاتەوە و واز لەسەركێشی دێنێت، یان دەیكەنە پەند و حیكایەتێك هەتا دوان دوعای خێر بۆ دەنێرێن، دەیانی تر تەشتێك بەردی لەدوا دەهاون. دۆخی ئێرانێیەكان لەم شەڕە تویتەی ترەمپدا كارەساتاویتر لە توركەكانی دراوسێیان دەردەكەوێت، بەوپێیەی كەرتی نەوت كە سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی ئەو وڵاتە و دراوی قورسیشە لەگەڵ هێزی كڕینی تمەنی ئێرانی بەیەكجار گورزی گەورەیان بەركەوتوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵی ئەمریكی، لەدوای پاشەكشێی ئەمریكا لە ڕێکكەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران زیانی مانگانەی تاران بە 6 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، تمەنیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە هاڕەی بەردەوامدایە و زیاتر لەنیوە بەهاكەی لەدەستداوە. وێڕای ئەو تەوقە توندەی ترەمپ لە گەردنی تاران و ئەنكەرەی ئاڵاندوە و ڕۆژانە زیانی ملیۆنان دۆلار لە ئابورییەكانیان دەدات، بەڵام یەك ڕاستی حاشاهەڵەگر هەیە، ئەویش ئەوەیە، مێژووی سزا ئابورییەكان پێماندەڵێت تائێستا سەپاندنی نەبوەتە هۆی ڕوخاندنی هیچ ڕژێمێك و قوربانی یەكەمیش هەر هاوڵاتی ئاسایی بووە.
(درەو میدیا): " ئەگەر كێشە ناوخۆییەكان چارەسەرنەكرێن بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەین" ئەمە داواكاری كۆمەڵێك كادر و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕانە كە ئەمرۆ لەسەر مەزاری نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە خستیانە روو. ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان كۆمەڵێك داواكاریان خوێندەوە و خستیانەروو كە دیارترینیان" هەڵوەشاندنەوەی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان"ە هاوكات داوایانكردووە" چارەسەری خاوەندارێتی گردی زەرگەتە و پشكەكانی گۆڕان لە كۆمپانیاكان بكرێ ، لایەنی دارایی و سەرچاوەی ئابوری شەفاف بێت بۆ هەمووان و مانگانە ڕاپۆرت هەبێت لەو بارەوە" سەبارەت بە میدیاش ئەو كۆمەڵە هەڵسوڕاوەی بزوتنەوەی گۆڕان رایان گەیاندووە كە" میدیای گۆڕان و راگەیاندنەكەی سەربەخۆ نیەو پێویستە بێلایەنانە تەختیەی هەواڵ بكرێ" جەختیشیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە دەبێت " ئەو دەستە لەرزۆكانەی كە ناوخۆی بزوتنەوەكەیان تێكداوە و گۆڕانیان بەلاڕێدا بردووە، دووربخرێنەوە، كە بەردەوام خەریكی دەستەگەری و تەكەتولن و بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن" لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا كە لەسەر مەزاری نەوشیروان مستەفا خوێندیانەوە ئەو هەڵسوڕاوانەی بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداریان داوەتەوە بزوتنەوەكەیان كە " لەم دۆخەی كە تێپەڕ دەبێت بەسەر ناوخۆی گۆڕاندا بێدەنگ نابین و خاوەندارێتی لە بزوتنەوەكە دەكەین و بەردەوام دەبین و پشتیوانی لە هەر چالاكی و جموجوڵ و كارێكی و ڕەخنەی دروستكەر دەكەی,لەپێناو جێبەجێ كردنی ئەم پرۆژە هەموو هەوڵ و تواناكانمان دەخەینە گەڕ ، داواكارین لە جەماوەر و دەنگدەری بزووتنەوەی گۆڕان بێ دەنگ نەبن و بە بەرپرسیارێتیەوە هەڵسوكەوت بكەن تاكو بتوانین نێو ماڵی خۆمان چارەسەر بكەین ، ئەگەر نا ئامادەنین بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەین ، بایكۆتی دەكەین . دەقی بەیاننامەكەی كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان: (هەوڵ و پرۆژەی چارەسەری نێوماڵی گۆڕان) جەماوەر و كادر و هەڵسوڕاوە بەئەمەكەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ، سەرجەم چین و توێژە زیندوو بەهەڵوێستەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساتە وەختی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان كە ماوەی (۹) ساڵە هەتا ئەم چركەساتانە كە دەیگوزەرێنیین ئەندام و لایەنگرانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەكێتی و پارتی و شاگردەكانیانەوە تووشی دەیان چەرمەسەری و ناڕەحەتی و نانبڕین و قوربانی بوونەتەوە . بەڵام هێشتا كادر و هەڵسوڕاوەكانی ئەم بزووتنەوە بە ئیرادەیەكی پۆڵاین و ئومێدەوە دژی دەسەڵاتی فاشستی یەكێتی و پارتی وەستاونەتەوە و پاڵپشتی بزووتنەوەكە و پرۆژەكەی دەكەن و چاوەڕێن گۆڕان بتوانێت لە داهاتوودا خەون و هیوای میللەتەكەمان بهێنێتە دی و نموونەی حوكمڕانیەكی دروست و جوان و خۆماڵی بنیادبنێ و لەسەر بنەمای ڕێبازی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا سیستەمی سیاسی هەرێم زیندوو ڕۆشن بكاتەوە و شوێن پێ و هەنگاوەكانی ئەو زاتە هەڵگرێت . بەداخەوە دوای (۹) ساڵ دەزگا پەیوەندیدار و بەرپرس و دەست ڕۆیشتووەكانی بزووتنەوەكە نەیانتوانی ئەزموونێكی حیزبایەتی تەندروست و مۆدێڕن بنیادبنێن و پەرەی پێ بدەن ، بەتایبەتی دوای ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەنگاوەكان بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و خەون و ئاواتی دەیان هەزار لە شەقام و خەڵكی كوردستان بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەنگاو دەنێت . لەم ماوەیەدا بە دراسەكردن و ڕاپۆرت و بەدواداچوونمان لە ناوخۆ و لە سۆشیال میدیا لەسەر كۆی بزووتنەوەكە ئەزموونێكی تاڵمان تاقیكردەوە لەگەڵ دەست ڕۆیشتوو ئارەستەكەرەكانی كاری سیاسی بزووتنەوەكە كە : ۱. لە دوای یەكەم كۆنگرەی بزووتنەوەكە لە كۆتاییەكانی ساڵی (۲۰۱۳) یەكەم دەستووری بزووتنەوەكە بە زۆرینەی زۆری ئەندامانی كۆنگرە داڕێژرا و پەسەندكرا ، بەڵام بەداخەوە نەتوانرا یەك ماددەی جێبەجێ بكرێ بەڕوون و ئاشكرا پێشێلكاری دەستووری كراوە ، داوا دەكەین بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و كاری پێ بكەن. ۲.ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن لە پرۆسەیەكی ئاڵۆز و نادیموكراسیدا هەڵبژێران ، چونكە شەرعیەتیان لە جڤاتی نیشتمانیەوە وەرگرت كە پێكهاتەی ئەندامانی جڤات هیچ شەرعیەتێكی یاسایی و دەستووریان نەبوو ، داوا دەكەین سەرلەبەری هەڵبوەشێتەوە. ۳. نەخشە ڕێگای كاری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوون نیە ، تەماشای هەڵوێستەكانی ڕابردووی دەربارەی ( ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی ، پرسی ڕیفراندۆم ، پەیوەندی و دبلۆماسیەت ، پشتیوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان ، یاسای تیرۆر ، یاسای خانەنشینی پلە باڵاكان ) پێویستە سیاسەتی ڕوون و شەفاف بێت . ۴. ماوەی پێنج ساڵە نەیتوانیوە كۆنفرانسی نیشتمانی و كۆنفڕانسی پارێزگاكان بگرێت كە بەپێی دەستوور دەبێت كۆنفڕانسی نیشتمانی چوار ساڵ جارێك و كۆنفڕانسی پارێزگاكان دوو ساڵ جارێك ببەستێت . ۵.لە ماوەی ڕابردوو هەیكەل و ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكە بەشێوەیەك شێواوە و ناڕێك و بێ شیرازەیە كە دروست ناتوانرێ بازنە و ڕایەڵە و ئەنجومەنەكان كۆببنەوە و چالاكی بەرنامەڕێژی بكەن ، بۆیە داوا دەكەین كە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێ و بە میكانیزمی گونجاو ڕێك بخرێتەوە. ٦. بێ هەڵوێستی و بێ باكی و بێ منەتی سەركردایەتی گۆڕان بەرامبەر نیگەرانی و ناڕازی بوونی زۆرێك لە كادر و هەڵسوڕاو و جەماوەر و شەقامی ناڕازی ، داوا دەكەین بە زووترین كات شەقام و كادرە دڵسۆزەكان ئاشت بكرێتەوە و بەرپرسەكانی گردەكە بێنە ناو خەڵك و جەماوەر. ۷. سەربەخۆ نەبوونی ڕاگەیاندن و میدیای گۆڕان ، پێویستە پلان و بەرنامەڕێژی تەواو بكرێ ڕاگەیاندنەوە ، بێلایەنانە تەختیەی هەواڵ بكرێ. ۸. داوا دەكەین چارەسەری خاوەندارێتی گردی زەرگەتە و پشكەكانی گۆڕان لە كۆمپانیاكان بكرێ ، لایەنی دارایی و سەرچاوەی ئابووری شەفاف بێت بۆ هەمووان و مانگانە ڕاپۆرت هەبێت لەو بارەوە. ۹. دوورخستنەوەی ئەو دەستە لەرزۆكانەی كە ناوخۆی بزووتنەوەكەیان تێكداوە و گۆڕانیان بەلاڕێدا بردووە ، بەردەوام خەریكی دەستەگەری و تەكەتوولن و بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن. بۆیە ئێمە وەك كۆمەڵێك كادر و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لەم دۆخەی كە تێپەڕ دەبێت بەسەر ناوخۆی گۆڕاندا بێدەنگ نابین و خاوەندارێتی لە بزووتنەوەكە دەكەین و بەردەوام دەبین و پشتیوانی لە هەر چالاكی و جموجوڵ و كارێكی و ڕەخنەی دروستكەر دەكەین . لەپێناو جێبەجێ كردنی ئەم پرۆژە هەموو هەوڵ و تواناكانمان دەخەینە گەڕ ، داواكارین لە جەماوەر و دەنگدەری بزووتنەوەی گۆڕان بێ دەنگ نەبن و بە بەرپرسیارێتیەوە هەڵسوكەوت بكەن تاكو بتوانین نێو ماڵی خۆمان چارەسەر بكەین ، ئەگەر نا ئامادەنین بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەین ، بایكۆتی دەكەین . بە پێچەوانەشەوە ئامادەین دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی سیاسەتی داسەپاوی یەكێتی و پارتی ببینەوە و ئامادەین قوربانی بە گیانی خۆمان بدەین . لەگەڵ ڕێزماندا كۆمەڵێك كادر و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان ۱۱ / ۸ / ۲۰۱۸ شەممە
درەو میدیا: - پارتی دیموكراتی كوردستان / سلێمانی: 48706 , هەولێر: 321920 , دهۆك: 354101 /كۆی گشتی 724727 - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان /سلێمانی: 259378 , هەولێر: 79745 , دهۆك: 25515 / كۆی گشتی 364638 - بزوتنەوەی گۆڕان /سلێمانی: 154947 , هەولێر: 40863 ,دهۆك: 3801 / كۆی گشتی 199611 - نەوەی نوێ /سلێمانی: 63760 , هەولێر: 70833 , دهۆك: 18052 / كۆی گشتی 152645 - هاوپەیمانی /سلێمانی: 46552 , هەولێر: 50537 , دهۆك: 25664/ كۆی گشتی 122753 - یەكگرتووی ئیسلامی /سلێمانی: 30019 , هەولێر: 24475 , دهۆك: 43525 / كۆی گشتی 98019 - كۆمەڵی ئیسلامی /سلێمانی: 51563 , هەولێر: 36784 , دهۆك: 3621 / كۆی گشتی 91968 - كۆی گشتی/ سلێمانی: 659796 , هەولێر: 627166 , دهۆك: 475532/ كۆی گشتی 1762494
( درەو میدیا): لەدوای هەڵبژاردنەكانی 12 ئایاری پەرلەمانی عێراق و ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان، بەدرێژایی ئەو مانگە و مانگی حوزەیران، شەقامی عێراقی بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دووچاری شڵەژانێكی سیاسی گەورە بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەیەك هێزی سیاسی لە هەرێم و كۆمەڵێك هێز و كەسایەتی لە ناوچە سونییەكان هاواری ساختەلێكردنیان لێبەرزبوەوە. بەشێكی زۆری چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی ئەنجامەكان بۆ زۆرێك شۆك هێنە رو چاوەڕواننەكراوبون، بەوپێیەی هەندێك هێز لە هەرێمی كوردستان دەبوایە سزا بدرانایە، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو خەڵك پاداشتی كردن، لانی كەم ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەم واقیعەی چەسپاند، ڕەنگە هەر ئەمەش بێت هۆكاری ئەوەی كە گومانێكی زۆر لەسەر ئەنجامەكان دروستبوو، ئەو ڕایەی كە پێیوابوو ساختەكاریی كراوە لە هەڵبژاردنەكان بە جۆرێك لە جۆرەكان نزیكتر بوو لە حەقیقەتەوە، بەڵام وەك هەندێكی تر دەڵێن ئەمە هیچ لەو ڕاستیە كەمناكاتەوە كە جگە لەوەی بەشێكی زۆر هاوڵاتیان بایكۆتی پرۆسەكەی هەڵبژاردنیان كرد، بەشێكی تریشان سزای ئەو هێزانەیاندا كە پێشتر خۆیان وەك بەرگریكار لە خەڵك و مافەكانیان ناساندووە، بەوپێیەی لە زۆر ڕووەوە پاشەكشێیانكردوە لە دروشم و بانگەشەكانی ڕابردوویان. پەرلەمانی عێراق مەیدانی شەڕەكە بو هاوشانی شڵەژانی شەقام، پەرلەمانی عێراق لەو ماوە یاساییەی دیاریكراوەی كە لەبەردەمیدا مابوو، بوە چەق و گۆڕەپانی سەرەكی ململانێیەكان، بەو پێودانگەی لایەنی سەرەكی پەیوەندیدار بوو بە پرۆسەكە. كوتلە سیاسییەكان وەك هەمیشە دابەشی دووبەرە ببون بەشێوەیەكی گشتی، بەرەیەكیان تەواوی هەوڵكانی خستەگەڕ بۆ هەڵوەشانەوە پرۆسەكە یان لانی كەم بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان و زۆرێك لەو ڕێكارانەی تر كە بەهۆكاریان دەزانی بۆ گەڕاندنەوەی دەنگەكایان وەك خۆیان بانگەشەیان بۆ دەكرد، لایەنی بەرامبەریش كە بریتیبوو لەو هێزانەی كە لە ئەنجامەكان ڕازیبوون، ئەمانیش بەدوو ئاراستە دژایەتی هەنگاوەكانی بەرەی بەرامبەریان دەكرد، هەندێكیان بەتایبەت هێزە شیعەكان ژێر بەژێر دژی هەنگاوەكانی بەرەی یەكەم بوون، هەندێكی تریشیان وەك یەكێتی و پارتی بەئاشكرا دژایەتیان دەكرد. شیعەكان ترسی گەورەیان هەبوو بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان كاتێكی زۆر بخایەنێت، بەوەش پرۆسەی سیاسی مەترسی بكەوێتە سەر كە ئەوان بڕیاردەری یەكەمن تیایدا، وێڕایی ئەوەی زۆرینەی كورسییەكانی خولی داهاتوشیان بەدەستهێنابوو، هیچ مەترسییەك لەسەر پێگە و ڕۆڵی ئایندەیان نەبوو، یەكێتی و پارتیش وەك براوەی یەكەم و دووەم لە كوردستان ترسیان هەبوو ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە كورسیەكانیان كەمبكاتەوە بە تایبەتی لە كەركوك و موسڵ،ترسی گەورەشیان هەبوو كە دەنگدانی تایبەت و دەرەوە هەڵبوەشێتەوە كە ڕێژەیەكی بەرچاو دەنگیان تیادا بەدەستهێنابوو. ڕێكارەكان گیرانەبەر بەڵام ئەنجام شەرتە پەرلەمانی عێراق تا دواین ڕۆژی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو كە دوا ڕۆژی ماوەی یاسایی خولی پێشوی یاسادانان بوو بەردەوام بوو لە گرتنبەری ڕێكارەكان، دەسەڵاتی دادوەریی كۆمەڵیك دادوەری لەجێی كۆمسیاران دیاریكرد و كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقی هەڵپەسارد، دوای بڕەیارەكانی دادگای فیدراڵی بڕیاری ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان پەسەندكرا، بەڵام لەبری لەسەدا سەدی سندوقەكان وەك ئەوەی پەرلەمان بڕیاری لێدابوو، تەنها دەنگی ئەو سندوقانە بەدەست بژێردرانەوە كە تانەیان لێدرابوو، ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو پڕۆسەی بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان پێكرد و چەند هێزێكیش لە كوردستان پرۆسەكەیان ڕەتیانكردەوە، بەوپێیەی ئەو بنەمایانەی تیادا فەراهەمنەكراوە كە پێویستە لە پرۆسەكەدا بێت. ڕۆژی 8 ئەم مانگە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان(دادوەرەكان) ئەنجامی كۆتایی بژاردنەوەی دەستی دەنگەكانیان لە پارێزگایانە ڕاگەیاند كە تانە لە ئەنجامەكانی درابوو، بەپێی ئەو ئەنجامانەش هیچ گۆڕانكارییەك لە كورسی هێزەكان لە هەرێمی كوردستان ڕوینەدا و كورسی هێزەكان وەك خۆیان مانەوە ، لە پارێزگاری زیقار كاندیدێك چوەتە شوێنێكی كاندیدێكی تر لە هەمان لیست، لە پاێزگاكانی نەینەواو و سەڵاحەدین و ئەنباریش بەهەمان شێوە، تەنها لە پاێزگای بەغداد كورسیەك لە لیستێكەوە چووە بۆ لیستێكی تر. ژماردنی ئەلكترۆنی و دەستی وەك یەكبون بەپێی ئەو ئەنجامانەبێ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕایگەیاندوون، بژاردنی ئەلیکترۆنی دەنگەكان و بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان تائاستێكی زۆر لەیەكەوە نزیك بوون، لە پارێزگانی هەولێر ، سلێمانی ، دیوانیە ، موسەننا ، نەجەف ، بابل ، دهۆك ، دیالە ، كەربەلا ، كەركوك ، بەسرە ، میسان و واست، 100% ئەنجامی ئامێرە ئەلیکترۆنییەكان و بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان وەك یەك بوون، ئەمە بەپێی بەیاننامەیەكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق. لە پارێزگای بەغدا 99% ئەنجامەكان هاوشێوبون، جگە لە گواستنەوەی كورسیەك لە هاوپەیمانی بەغدادەوە بۆ ئیئتیلافی فەتح و گۆڕینی چوار كاندید لە هەمان لیست لە چوار پارێزگای تر. بەشداری دەكەن یان بایكۆت ئەوهێزانەی لە هەرێمی كوردستان تانەیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا و ڕۆڵی دیاریان گێڕا لە سەپاندنی بڕیاری بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان لە پەرلەمانی عێراق (بزوتنەوەی گۆڕان ، یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیی و دادپەروەری)، هەموو هێلكەكانیان خستبووە سەبەتەی بژاردنەوەی دەستی و ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، تا بڕیار لەبارەی بەشداری یان بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بدەن لە عێراق. لەگەڵ ئەوەی لەسەروبەندی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكاندا دەنگی زاڵی ناو ئەو هێزانە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بوو، بەڵام لەدوای دوو ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی، تائێستا هەڵوێستی ڕەسمی ئەم هێزانە دیارنیە ئاخۆ بەشداری دەكەن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكان قبوڵدەكەن یان پرۆسەی سیاسی بایكۆت دەكەن، دوای ئەوەی نەیانتوانی لە هەوڵی گەڕاندنەوەی دەنگی دەنگدەرانیان سەركەوتووبن، وەك ئەوەی پێشتر بەڵێنیان دابوو، وێڕایی گرتنەبەری سەرجەم ئەو ڕێكارانەشی لەدەستیان هات. ئێستا هێزە ناڕازییەكان جارێكی دیكە ئەم ئەنجامەشیان رەتكردەوە, قسەكە لەسەر ئەوەیە هێزە باڵادەستەكانی عێراق و دۆخی ناوچەكە بەرگەی ئەوە دەگرێت كە ئەم دۆخە درێژە بكێشێت, یاخود رەتكردنەوە و تێهەڵچونەوە بە هەمان رێكارەكانی رابردوو ئەنجامێكی نوێ ئەدا بەدەستەوە كە بە دڵخوازی ئەوان بێت؟
ماوەی سێ رۆژە عادل مەلا ساڵح ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و بەرێوەبەری ناحیەی بەمۆ بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل ( رشوە ) راگیراوەو دەستگیركراوەو تا رۆژی 23ی مانگ دەخایەنێت,لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان. شەرچاوەیەكی ئەمنی لە گەرمیانەوە بە درەو میدیای راگەیاند: ئەو تۆمەتەی كە روبەرووی عادل مەلا ساڵح كراوەتەوە بە پێی مادەی ( 307 ) لە یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بەوەرگرتنی بەرتیل ( رشوە) راگیراوە, تۆمەتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی بەرێوەبەری ناحیەی ئاوە سپی بووە تۆمەتی ئەوەی لەسەرە كە بەرتیلی لە كۆمپانیایەكی توركی وەرگرتووە.
درەو میدیا: بەپێی ئەنجامی كۆتایی ئەژماری دەستی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی دەنگی تەواوی لیستەكان كەمیكردووە. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەپێی ئەنجامی ئەلكترۆنی (267,442 ) دەنگی هێنابوو بەڵام لە ئەژماری دەستیدا (259,378 ) دەنگی هێناوە واتا ( 8064 ) دەنگ كەمیكردووە بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی ئەنجامی ئەلكترۆنی (156,973 ) دەنگی هێنابوو بەڵام لە ئەژماری دەستیدا (154,947 ) دەنگی هێناوە واتا ( 2026 ) دەنگ كەمیكردووە هێزەكانی تریش بە پێی ئەم خشتەیەی خوارەوە كەمیكردووە
درەو میدیا: بەپێی ئەنجامی كۆتایی ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە راگەیەنراوە, هیچ گۆڕانکارییەک لە کەرکوک و پارێزگاکانی هەرێم ڕووی نەداوە. هەولێر 1- پارتی 8 كورسی 2- یەكێتی 2 كورسی 3- نەوەی نوێ 2 كورسی 4- گۆڕان 1 كورسی 5- هاوپەیمانی 1 كورسی 6- كۆمەڵی ئیسلامی 1 كورسی سلێمانی 1-یەكێتی 8 كورسی 2-گۆڕان 4 كورسی 3- نەوەی نوێ 2 كورسی 4- كۆمەڵی ئیسلامی 1 كورسی 5- پارتی 1 كورسی 6- یەكگرتوو 1 كورسی 7-هاوپەیمانی 1 كورسی دهۆك 1- پارتی 10 كورسی 2- یەكگرتوو 1 كورسی 3- هاوپەیمانی رافیدەین 1 كورسی كەركووك 1-یەكێتی 6 كورسی 2-هاوپەیمانی عەرەبی 3 كورسی 3-بەرەی توركمانی 3 كورسی نەینەوا 1-هاوپەیمانی نەسر 7 كورسی 2-پارتی 6 كورسی 3-هاوپەیمانیی نیشتمانی 4 كورسی 3-نەینەوا ناسنامەمانە 3 كورسی 4- هاوپەیمانی فەتح 3 كورسی 5- هاوپەیمانی بڕیاری عێراق 3 كورسی 6- جەماوەری نیشتمانی 2 كورسی 7- رێبازی دیموكراتی 1 كورسی 8- یەكێتی 1 كورسی 9- تەمەدوون 1 كورسی دیالە 1- فەتح 3 كورسی 2- هاوپەیمانی قەرار 3 كورسی 3- هاوپەیمانی نیشتمانی 3 كورسی 4- سائیروون 2 كورسی 5- نەسر 1 كورسی 6- رەوتی حیكمە 1 كورسی 7- یەكێتی 1 كورسی