Draw Media

( درەو میدیا): محەمەد زەینی سەرۆكی كاتی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت ئەمڕۆ یەكشەممە لەلایەن چەند گومانلێكراوەكەوە لە بەغدا هەوڵدراوە دەستدرێژی بكرێتە سەری و هێزێکی ئەمنی بە هانایاوەچوون و ئێستا لە هۆتێل رەشید گیری خواردووە. زەینی بەهۆی ئەوەی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولی نوێی عێراقە بە گوێرەی دەستور ئەركی سەرۆكایەتی پەرلەمانی پێسپێردراوە، تا ئەو كاتەی دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت. زەینی لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەڵێت:" هەندێك باس لە موچەی خەیاڵی دەكەن كە پەرلەمانتاری عێراق وەریدەگرێت، و من یەكێكم لەوانە، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ دینارێكم لە هیچ لایەنێكەوە وەرنەگرتووە و هەموو خەرجییەك لە پارەی تایبەتی خۆم دەكەن". دەشڵێت:" ئێستا لە هۆتێل رەشید لەگەڵ پاسەوانەكانمدا گەمارۆدراوم دوای ئەوەی هەوڵدرا لەلایەن چەند گومانلێكراوێكەوە هێرش بكرێتە سەرم و پۆلیسی فریاكەوتنی بەغدا گەڕاندمیانەوە بۆ ئەم هۆتیلە و ئێستا بووەتە شوێنی نیشتەجێبوونم و ئەم شوێنەش زۆر گرانە و سروشتی من نیە لە هۆتێلێكی وا گرانبەهادا دابنیشم و دەمەوێت بچمە شوێنێك لەگەڵ دۆخی دارایمدا بگونجێت". زەینی ساڵی 1939 لە دایكبووە و لە هەڵبژاردنی ئایاری ئەمساڵی پەرلەمانی عێراقدا توانی بەبێ‌ بڵاوكردنەوەی هیچ ریكلامێك لە شەقامەكان و كەناڵەكاندا حەوت هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و كورسییەكی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بكات.


( درەو میدیا): سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەیەكدا وردەكاریی هێرشەكەی سەر كۆیەی راگەیاند و ئاشكرایكرد "حەوت" موشەكی زەمین بە زمینی جۆری " فاتح 110" یان ئاراستەی بارەگای حزبی دیموكرات كردووە لە كۆیە. موشەكی " فاتح110" كێشى کڵاوەکەی 500 كیلۆگرامە و مەوداكەی 300 كیلۆمەترە و ساڵی رابردووش سوپای پاسداران لە دێرزوری سوریا موشەكی " قیام و زولفیقار"ی بەكارهێناوە كە جۆرێكن لە موشەكی فاتح. هاوكات سوپای پاسداران لەو هێرشەدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیشی بەكارهێناوە و ڤیدیۆی ساتی تەقاندن و كەوتنەوەی موشەكەكانی لەناو بارەگاكانی حزبی دیموكرات لە كۆیە تۆماركردووە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە. بە گوێرەی سەرچاوەكان لەو هێرشەی كۆیەدا 14 كەس شەهیدبوون و 46 كەسی تریش برینداربوون كە ژمارەیەكیان سەركردەی حزبی دیموكراتی ئێران " حدك" بوون. موشەكی فاتح 110:  •    موشەكێكی زەمین بە زەمینە. •    ساڵی 2002 بۆ جاری یەكەم ئەم موشەكە تاقیكراوەتەوە. •    ساڵی 2003 بۆ جاری یەكەم لە نمایشێكی سەربازیدا لە تاران نیشان دراوە. •    كێشی موشەكی فاتح 110 سێ تەنەو كڵاوەیەكی پڕ تەقەمەنیش هەڵدەگرێت كە كێشەكەی نیو تەن (500 كیلۆگرام)ە. •    مەودای موشەكەكە (295 كیلۆمەتر)ە. •    موشەكەكە بە وزەی پتەو كاردەكات كە ئەمە وایلێدەكات بە خێراییەكی زۆر و بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بتەقێندرێت و بەوردی ئامانجەكەی بپێكێت. •    مانگی ئابی 2012 ئێران رایگەیاند، نەوەی چوارەمی موشەكی فاتح 110ی تاقیكردوەتەوە كە مەوداكەی لە (300 كیلۆمەتر) زیاترە و لە توانایدایە ئامانجەكانی لە وشكانی و دەریادا بە وردی بپێكێت.


(درەو میدیا): چەند كاتژمێرێك دوای هێرشە موشەكییەكانی ئێران بۆسەر بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆیە، كەناڵی (روسیا تودەی) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ راوێژكارێكی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی بڵاوكردەوە. لە چاوپێكەوتنەكەدا عەمید حسێن دهقان راوێژكاری خامنەیی بۆ كاروباری پیشەسازی سەربازی دەڵێ" دانوستان لەسەر توانا موشەكییەكانمان ناكەین، چونكە ئەوە پرسی بوون و نەبوونە، ئەوە پرسی شكۆ و شەرەف و سەربەخۆیی و متمانەی نشتیمانییە، ناكرێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئەگەر ئەمریكییەكان وابزانن دەكرێت لەبارەی توانا موشەكییەكانەوە دانوستانمان لەگەڵ بكەن، ئەوە زۆر گەشبینن و حساباتیان هەڵەیە، بۆیە ئێمە لەبارەی سیستمی موشەكییەوە لە هیچ بارودۆخێكدا دانوستان ناكەین". راوێژكارەكەی خامنەیی ئاماژەی بەوەدەكات" ئەوان لە توانایاندایە لەماوەیەكی كەمدا گەشە بەو موشەكانە بدەن كە ئێستا هەیانە، ئەوەش بەپێی ئاستی هەڕەشەكانی ئێستا، توانا موشەكییەكانیان لە ئاستی پێویستدایە بۆ روبەڕبوونەوە، بەڵام ئەگەر هەڕەشەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هات و پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەبوو، هیچ بەربەستێك نییە بۆ ئەوەی مەودای موشەكان زیادبكەن". قسەكانی حسێن دهقان نیشانی دەدات دیوێكی ئەو هێرشە موشەكییەی كە سوپای پاسداران كردیەسەر بارەگای حزبی دیموكرات لە كۆیە، بۆ نیشاندانی توانای موشەكی ئێران بووە بە وڵاتانی ناوچەكە و ئەمریكا و ئیسرائیل، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە موشەكەكان لە مەودایەكی دورەوە ئاڕاستە كران. حسێن دهقان لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا دەڵێ" لەو بڕوایەدا نین ئەمریكا و ئیسرائیل بڕیاریان دابێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ بچنە شەڕەوە لەگەڵ ئێران، بەڵام دەكرێت لەژێر ناوی تردا لە سوریا و عێراق پرۆسەی سەربازی لەدژی هاوپەیمانەكانمان ئەنجام بدەن، ئەوەش لێكەوتی خۆی دەبێت و هەموو بڕیارێك باجی خۆی دەبێت، هەرچی سعودیەیە، دەوڵەتێكی ناسەربەخۆیە، ناتوانێت لەسەر ئاستی ناوچەكە بە ئاڕەزووی خۆی بڕیاربدات و توانایەكی گەورەی سیاسی و ئابوری و جوگرافی وەهای نییە كە بتوانێت هێرش بكاتەسەر ئێران.


(درەو میدیا): ئەمڕۆ شەممە لە قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان شەڕ لە نێوان هێزەكانی ئاسایشی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاواو هێزەكانی حكومەتی سوریا روویدا و بەهۆیەوە 18 كەس كوژران. فەرماندەیی ئاسایشی قامیشلۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كاروانێكی هێزەكانی رژێمی سوریا كە لە سێ‌ ئۆتۆمبیل پێكهاتبوون بەیانی ئەمڕۆ هاتونەتە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئاسایش و لەكاتی تێپەڕینیاندا بە خاڵێكی پشكنیندا بە چەكی سوك و مامناوەند تەقەیان كردووە و ئەوانیش بەرپەرچیانداونەتەوە و لە ئاكامدا 11 ئەندامی هێزەكانی حكومەتی سوریا كوژراون و دووانیش برینداربوون و حەوت كارمەندی ئاسایشیش گیانیان لەدەستداوە و یەكێتی تر برینداربووە. بەشی هەرە زۆری شاری قامیشلۆ لەژێر كۆنترۆڵی یەكینەكانی پاراستنی گەلدایە جگە لە فڕۆكەخانە و چوارگۆشەی ئەمنی ناوەڕاستی شارەكە كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی حكومەتی سوریادایە.


(درەو میدیا) سایتی (تابناك)ی نزیك لە موحسینی رەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرایكرد، سوپای پاسداران لە بنكەیەكی نزیك شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە موشەكی ئاڕاستەی بارەگای سەرەكی حزبی دیموكراتی كوردستان كردووە لە شاری كۆیە. بەپێی زانیاریی ئەو سایتە، لەو بنكەیەوە (6) موشەكی زەمین بە زەمین ئاڕاستەی بارەگای حزبی دیموكرات كراوە. لەم لینكەوە بەڤیدیۆ هێرشە موشەكییەكە ببینە: https://www.facebook.com/drawmedia/videos/309853496262195/ پەیامنێری سایتی (بی بی سی فارسی) بەریتانی رایگەیاند، لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا، ئەمە گەورەترین هێرشی سوپای پاسداران بووە بۆسەر حزبی دیموكراتی كوردستان، كە هەندێك وەك وەڵامێك بۆ ئەمریكا ئەژماری دەكەن، چونكە كۆماری ئیسلامی ئێران پێی وایە حزبەكانی رۆژهەڵات لەلایەن ئەمریكاوە هاوكاری و پشتیوانی دەكرێن. كاتژمێر 10:30 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ بارەگای هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە روبەڕوی هێرشی موشەكی بونەوە. ئاسۆ حەسەن زادە یاریدەدەری سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستان لە شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سویدەوە بە تەلەفزیۆنی (بی بی سی فارسی) رایگەیاند، سەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر هەڕەشەیان كرد كە بارەگاكانی حزبی دیموكرات لەناو قوڵایی خاكی كوردستانی عێراق بەتایبەتی لە كۆیە دەكەنە ئامانج، بەیانی ئەمڕۆ چەند خولەكێك دوای ئەوەی هەڕەشەكە  خرایە بواری جێبەجێكردن، چەند سایتێكی سەربە كۆماری ئیسلامی لە نمونەی سایتی (میهر) و سایتی (سوپای پاسداران) هەواڵی هێرشەكەی ئێرانیان پشتڕاستكردەوە.  بەپێی قسەی هەندێك سەرچاوەی نزیك لە حزبی دیموكراتی كوردستان، بەهۆی هێرشەكەوە لانی كەم (14) كەس شەهیدبوون، كە شەش كەسیان ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە بوون بەناوەكانی (رەحمان پیرۆتی، نەسرین حەداد، سۆهەیلا قادری، ئیبراهیم زێوەیی، هاشم عەزیزی، لوقمان قیراوی). هەواڵی هێرشەكەی كۆماری ئیسلامی بۆسەر حزبی دیموكراتی كوردستان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان روپەڕی هەموو میدیاكانی جیهانی داگیركرد، هێرشەكە هاوكات بوو لەگەڵ جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ چالاكوانی سیاسی كورد لە ئێران، هەروەها هاوكاتیش بوو لەگەڵ سوتاندنی كونسوڵگەری ئێران لە شاری بەسرەی باشوری عێراق لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە. هێرشە سەربازییەكانی ئێران لەدەرەوەی سنوری ئەو وڵاتە چەند رۆژێكە زیادیان كردووە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ توندبونەوەی كاریگەری سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران و داڕمانی تەواوەتی بەهای تمەنی ئێرانی لەبەرامبەر دۆلاردا.   


راپۆرتی: درەو میدیا  لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندان لەبەسرە پێشهاتێكی تازەنیە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایە چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، چونكە وەك خۆیان ئاماژەی پێدەكەن، ئەو قەناعەتەیان بەتەواوی لا چەسپیوە كە حكومەتی ناوەندیی ستەمییان لێدەكات و بەخێر وبێر و داهاتی شارەكەی ئەوان، خەڵكی عێراق بەخێودەكات و ئەوانیشی فەرامۆشكردووە، بەڵام وەك زۆریك لەچاودێران دەڵێن، توندبوونەوەی ململانێی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و ئەجێندا دەرەكییەكان، ڕۆڵی دیاریان گێڕاوە لە سەرلەنوێ‌ وروژاندنەوەی خۆپیشاندانەكان لەو پارێزگایە، تائاستی بەریەككەوتنی توند و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكان لەسەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی. بەسرە كێشەی خزمەتگوزرایی هەیە نەك سیاسی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا وتی، "داواكاری خەڵكی بەسرە دابینكردنی خزمەتگوزراییە، پێویستە لایەنی خزمەتگوزاری لە لایەنی سیاسی جیابكرێتەوە، خۆپیشاندەران خۆشیان سوتاندن و كاری تێكدەرانە ڕەتدەكەنەوە". عەبادی پێشوتریش لەبارەی ڕووداوەكانی بەسرەوە ڕایگەیاندبوو" پرۆژەیەك هەیە بۆ بڵاوكردنەوەی ئاشوب و بەیەكدادانی سوپا و خەڵكی بەسرە" بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لانێك بهێنێت، هاوكات ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی بڕیاری عێراقیش لەهەمان دانیشتدا ئاماژەی بەوەدا " ململانێی ناوخۆیی و ئەجێنداتی دەرەكی لەسەر خاكی بەسرە جێبەجێدەكرێت". توندوتیژی و بەلاڕێدابردن بۆ شەرعیەتدانە بەسەركوتكردن ڕووداوەكانی دوێنێی شاری بەسرە، جیاواز لە ڕۆژانی ڕابردوو و خۆپیشاندانەكانی ڕابردووش، سیمایەكی (تێكدەرانە بەسەریدا زاڵبوو)، كە وەك سەرچاوە میدیاییەكانی عێراق ئاماژەی بۆ دەكەن، چەندین دامەزراوەی كەرتی گشتی و تایبەت و ئۆتۆمبیلی مەدەنی و حكومی سوتێندران، وێڕایی كوژرانی ژمارەیەك هاوڵاتی و برینداربوونی دەیانی تر، توندوتیژییەكی لەڕادەبەدەر ترسناك لەو شارە سەریهەڵداوە، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی پێشوتریش بارەگای كۆمەڵێك حزب و گروپی دیاریكراو سوتێران كە لە یەكێك لەبەرە ململانێكەرەكانی ناو پرۆسەی  سیاسییەوە نزیكن. ئاسایش و سەقامگیری بوەتە ئەولەویەت بەوتەی ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق، ئەم پێشهاتە تازانە چاوەكانی لەسەر داواكارییە ڕەواكانی خەڵك لابرد و كردنیە مەسەلەیەكی لاوەكی، ئێستا هەموان خەمیان دەستبەركردنی سەقامیگری و گەڕاندنەوەی ئاسایشە بۆ پارێزگای بەسرە، ڕەشید فلەیح فەرماندەیی نوێی پرۆسە سەربازییەكانی بەسرە دوای دەستبەكاربوونی لەپۆستە تازەكەی لە یەكەم لێدوانیدا، بەڵێنی سەقامگیركردنی دۆخی ئاسایشی شاری بەسرەیدا، لە كاتێكدا وەك هەندێك دەڵێن،خەڵكی بەسرە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خۆپیشاندانی كردووە نەك بۆ ئەوەی ئەمن و ئاسایشی شارەكەی لەدەستبدات. وەك هەندێك دەڵێن، ڕەنگە ئێستا بەسرە بەپیترین خاك بێت بۆ بەریەككەوتنی ئەجێندا جیاوازەكان كە هەندێكیان بەرژەوەندی لە سەقامگیریدایە و هەندێكی تریشیان قازانجیان لە دروستكردنی پشێوی و ناشرینكردنی خۆپیشاندان و گۆڕینیدایە لە میكانیزمێكی مەدەنیانەی داواكردنی مافی خەڵكەوە بۆ كەرەستەی ترساندن و تێكدانی ئاسایشی گشتی و لەو ڕێگەیەشەوە جارێك شەرعیەت بدەن بەسەركوتكردنی و جارێكی تریش، قەزییە سەرەكییەكە لەبیری خەڵكی بەرنەوە و سەرقاڵی كۆمەڵێك شتی تری لاوەكییان بكەن.  


(درەو میدیا): بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی " فارس نیوز"ی ئێرانی،  زانیار و لوقمان مورادی كە نزیكەی 10 ساڵە بە تۆمەتی كوشتنی كوڕی پێشنوێژی جومعەی مەریوان لە زینداندا بوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركرابوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزاكەیان جێبەجێكرا و لەسێدارەدران. ئاژانسەكە راشیگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی جێبەجێكراوە و هەرسێكیان لەسێدارەدراون. رۆژی 17ی تەمموزی رابردوووش ئیقباڵ مورادی چالاكی سیاسی و ئەندامی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی و باوكی زانیار مورادی و مامی لوقمان مورادی لەسەر رووباری پێنجوێن تیرۆركرا. .  


(درەو میدیا): هەوڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن شكستیهێنا و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت. عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ كاندیدەكانی بزوتنەوەكەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆبوەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەكەدا كە بەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدەكانی بزوتنەوەكەی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت كە رۆژی 30ی ئەیلولە. رێكخەری گشتی بەكاندیدەكانیشی وتووە كە بزوتنەوەی گۆڕان بایكۆتی هەڵبژاردنەكە ناكات و بەشداری تێدا دەكات. ئەم قسانەی رێكخەری گشتی دوای شكستهێنانی هەوڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. بزوتنەوەی گۆڕان لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵێكی بەرفراوانی دەستپێكرد بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی كۆبووەوە و بە فەرمی هەڵوێستی خۆی بۆ دواخستی هەڵبژاردن بە وەفدەكەی پارتی راگەیاند. بەهانەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دواخستی هەڵبژاردن خۆی لە دوو خااڵدا دەبینییەوە، یەكەم: خراپی تۆماری دەنگدەران، دووەم: بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن دەنگدەران و كەمی ئاستی بەشداری خەڵك لە پرۆسەكە. رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، دوو حزب كە بریتین لە (هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان) بایكۆتی پرۆسەكەیان كردووە و بەشداری تێدا ناكەن.  


( درەو میدیا):  ئەمجەد پەناهی برای رامین حسێن پەناهی رایگەیاد، كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە رامین حسێن پەناهی برای لە سێدارەدراوە   


(درەو میدیا): دادگای توركیا سزای ٤ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیكردنی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان" هەدەپە"دا سەپاند، هەروەها سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیكردن بەسەر سڕی سورەیا ئۆدندەر پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەدا سەپاند. ئەمڕۆ دانیشتنێكی دیكەی دادگا دەربارەی دۆسیەی هاوسەرۆكی پێشووی پارتیی دیموكراتیی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە سڕی سورەیا ئۆندەر لە ٢٦هەمین دادگەی سزا قورسەكانی ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی " فوراتینیوز" سەربازانی توركیا هۆڵی دادگەیان گەمارۆ داوە كە لە بەندیخانەی سیلیڤری بووە و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ڕێی سیستمی دەنگ و ڕەنگەوە بەشداری لە دانیشتنەكە كرد و سڕی سورەیا ئۆندەریش لە هۆڵی دانیشتنەكە ئامادەبوو. ە دانیشتنەكەدا ئەندامانی پلاتفۆڕمی مافناسانی ئازادیپارێز (OHP)، كۆنسوڵەكانی كەنەدا و سوید و پارێزەرانی ژووری پارێزەرانی لەندەن ئامادەبوون.  هاوكات پەرلەمانتارانی هەدەپە دڵشاد جانباز، زولەیخا گولوم، ئەرۆل كاترجیئۆغڵو، توما چەلیك و زۆر كەسی دیكە ئامادەی دانیشتنەكە بوون. سەربازان لە كاتی پشكنینی ئۆتۆمبێلەكاندا دەستیان بەسەر ئاڵاكانی هەدەپەدا گرت. دەمیرتاش بەرگری لە خۆی نەكرد دەمیرتاش لە ڕێی سیستمی دەنگ و ڕەنگەوە لە كاتی دانیشتنەكەدا قسەی كرد و وتی:" من پێشتر لە دووەمین دادگەی سزا قورسەكانی باكركۆی بەرگریم لە خۆم كرد كە بە سیستمی SEGBİS (دەنگ و ڕەنگ) بەشداریم كردبوو. ئێوە ئەو بەرگریەتان خستە دۆسیەكە. لەبەرئەوە ئێستا نامەوێ بەرگری لە خۆم بكەم. دەمەوێت پارێزەرەكانم مافی قسەكردن وەربگرن.» پارێزەر فورات ئەپۆزدەمیر مافی قسەكردنی وەرگرت و وتی:"چاوەڕوانی ئێمە لە دادگای بەڕێزتان ئەوەیە كە ئێوە بە گوێرەی پەیڕەو مامەڵە بكەن. وەرگرتنی بەرگریكردنەكەم لە دووەمین دادگای سزا قورسەكانی باكركۆی وەك دوایین بەرگری لەخۆكردن، ناحقووقییە". لە دوای قسەكردنی پارێزەران و خۆپاراستنی سڕی سورەیا ئۆندەر، دەستەی دادوەران پاش ناوبڕێك بڕیاریدا. دەستەی دادگە بڕیاری دا سزای ٤ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیكردن بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش و ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیكردن بۆ سڕی سورەیا ئۆندەر ببڕێتەوە.


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم  " بەرلەوەی بگەنە لای مەسعود بارزانی لە پیرمام دەبێتە شەڕیان" ئەوە ناونیشانی كۆتایی ئەو چیرۆكەیە كە دوێنێ لە نێوان مەلا بەختیارو باڤڵ تاڵەبانی ڕوویدا ماوەی دوو هەفتەیە ناكۆكییەكانی نێو یەكێتی بۆ جارێكی دیكە سەریهەڵداوەتەوە، ناكۆكیەكەش ئەمجارەیان لە نێوان خودی بنەماڵەی تاڵەبانی و خەزوورانی كوڕە گەورەی مام جەلالە. دوای ئەوەی لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوود، هەریەك لە باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بەرهەم ساڵح ڕازیدەكەن بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەگەڵ مەلا بەختیار كە خەزووری باڤل تاڵەبانییە، بە توندی دژی ئەو هەوڵە دەوەستنەوە، لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی ڕازیدەبێت بەو مەرجەی بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت، بەڵام نەگەڕێتەوە ناو یەكێتی، لەكاتێكدا باڤڵ بەو مەرجە ئەو پۆستەی پێشكەشی بەرهەم كردوە، كە دوای بوون بەسەرۆك كۆمار حزبەكەی هەڵوەشێنێتەوەو بگەڕێتەوە نێو یەكێتیی. هەفتەی ڕابردوو بەیاننامەیەك لە لایەن نوسینگەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بڵاودەبێتەوە، لە بەشێكی بەیاننامەكەدا بە ڕوونی دەردەكەوێ ئەو بەیاننامە لە دژی بەرهەم ساڵحەو بە ئاشكرا باسلەوەدەكات ناكرێ ناوبراو ببێتە سەرۆك كۆمار، بەهۆی ناڕوونی لە هەڵوێستی هێرۆخان، تاوەكو ئێستاش بە تەواوی ڕوون نییە ئەو بەیاننامەیە بۆچوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە بە تەواوی یاخود نا ؟ چونكە زانیارییە دروستەكە ئەوەیە كە ئەو نامەیە لە ڕێگەی شانازە نوسراوەو خوستی مەلا بەختیاریش بووە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە هیچ كام لە باڤڵ و قوباد، ترسیان هەبووە بچنە لای دایكیان لەبارەی دڵنیابوون لەو بەیاننامەیە قسەی لەگەڵ بكەن، چونكە تاوەكو ئێستاش پێیناوایە: هێرۆخانی دایكیان لە دژی بەرهەم ساڵحەو قسەكردن لەسەر ئەوبابەتە هەستیاری تێدەكەوێت، بەڵام لە هەمانكاتدا هەردووكیان گومانیان لەو ڕاگەیاندراوە هەیە. دوای تێپەربوونی چەند ڕۆژێكی كەم لە بەیاننامەی یەكەم، بەیاننامەی دووەم لە لایەن نوسینگەی هێرۆ ئیبراهم دەردەچێت، بەپێی زانیارییەكان ئەو بەیاننامەیە لە لایەن باڤڵ تاڵەبانیەوە دەرچووه وەك هەنگاوێك بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و ڕەتكردنەوەی ئەو بۆچوونانەی لەبارەی بەرهەم ساڵحەوە دەوترێ و جگەلەوەش ڕاگەیاندراوەكە پەیامێك بوو بۆ مەلا بەختیارو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد. ئێستا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە بارودۆخێكی تەندروستی باشدا نییە ( نەخۆشی پیری هەیە)، تاڕادەیەكی زۆر كەم ئاگاداری نێو دۆخی یەكێتی نيەو زۆرشت لە پەنای ئەو دەكرێت، ئەمەش وایكردوە دەوروبەرەكەی ئەم بارودۆخە بقۆزنەوە، تاڕادەیكی زۆر بە ئامادەنەبوونی ئەو، ناكۆكی ناو بنەماڵەكەی لەوپەری توندی و ئاڵۆزیدایە. هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەوە ناسراوە لە سیاسەتكردن جۆرێك لە توندی پێوەدیارەو زۆرجار بە "سیستانی" ناو حزبەكەی ناسراوە لە یەكلایكردنەوەی بڕیارە قوڕسەكان و قسەی یەكەم و كۆتا لە دەستدا ئەودایە، ئێستاش لە غیابی ئەوداو ئامادەنەبوونی بەشێوەیەكی كردارەكی دۆخەكە بەشێوەیەكی دیكە. ڕۆژی 6 ئەیلول، دوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەو حزبە، بڕیاربوو هەردوو شاندی یەكێتی و پارتی لە پیرمام كۆببنەوە بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر دواین هەڵوێستی شاندی كوردی و یەكلایكردنەوەی كێشەی چوونە پاڵ گەورەترین كوتلەو، كاندیدكردنی سەرۆك كۆمارو جێگری سەرۆكی پەرلەمان. كۆسرەت ڕەسوڵ علی سەرپەرشتی شاندی دەكات و هەرخۆشی ئەندامانی شاندەكەی ئاگاداركردۆتەوە، ناوبراو بەبێ ئاگاداری پێشوەختەی هەردوولا، هەریەك لە مەلا بەختیارو باڤڵ تاڵەباتی بە جیا ئاگاداردەكاتەوە، سەعدی ئەحمەد پیرەو دوو سەركردەی دیكە یەكێك دەبن لە ئەندامانی ئەو شاندە، هەرچەندە بڕیاربوو عومەر فەتاح و حاكم قادر بەژداربن، بەڵام هیچ كەس ئەوانی ئاگادارنەكردەوە بۆ ئەو كۆبوونەوەیە. هەریەك لە كۆسرەت ڕەسوڵ و باڤڵ تاڵەبانی و سەعدی ئەحمەد پیرە بەیانیەكەی لە هەولێر بەیەكەوە نانی بەیانی دەخۆن پاشان بەرەو پیرمام بەڕێدەكەون، لە سلێمانیشەوە مەلا بەختیار دێت. بەر لەوەی بگەنە پیرمام مەلا بەختیار و سەعدی ئەحمەد پیرە لە ڕێگەی تەلەفۆن دەبێتە دەمەقاڵیان لەسەرئەوەی بۆچی عومەر فەتاح و حاكم قادر بانگهێشتنەكراون، سەعدی پیرەش دەڵێت " ئەوە كاری بەرپرسی دەستەی كارگێڕیە نەك ئەو". دوای ئەوەی هەردووك لا دەگەنە پیرمام، كاتێك مەلا بەختیار دەزانێت باڤڵ تاڵەبانی لە هەولێرەوە لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ هاتووەو ئامانجی سەرەكیشی ئەوەیە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ بەرهەم ساڵحەوە یەكلابكاتەوە، لەكاتی پشوودان لە یەكێك لە وێستگەكان بۆئەوەی هەردووك لایان بگەنە یەكترو دواتر بەیەكەوە بچنە كۆبوونەوەكە، مەلا بەختیار بە شاندەكە ڕادەگەیەنێت: كە ئەو دەگەڕێتەوە سلێمانی و نایەتە ئەو كۆبوونەوەیە، دوای ئەمە باڤڵ تاڵەبانی كۆمەڵێك قسەو وتەی نەشیاو لەسەر مەلا یەختیار دەكات لەبەردەم هەموو ئامادەبووان، ناچار مەلا بەختیار شوێنەكە جێدەهێلێت و دەگەڕێتەوە سلێمانی . لەسەر پێشنیازی سەعدی ئەحمەد پیرەش هەریەك لە كۆسرەت ڕەسوڵ و سەعدی ئەحمەد پیرەو تەواوی شاندەكە دەگەڕێنەوە هەولێرو باڤڵ تاڵەبانیش سووردەبێت لەسەر چوون بۆ لای بارزانی. بەپێ زانیارییەكان دوای ئاگاداركردنەوەی بارزانی لە لایەن كورەكەی مام جەلال، بەوەی بۆچوونی جیاواز هەیە لە نێو یەكێتی و كێشە دروست بووە، بارزانی باڤڵ تاڵەبانی ئاگاداردەكاتەوە، كە ئەو كۆبوونەوەیەی نێوان شاندی پارتی و یەكێتی لەسەر مەسەلەی بەغدا دوابخرێت بۆ سێ ڕۆژی یەكەمی هەفتەی داهاتوو. دوای گەڕانەوەی بۆ شاری سلێمانی، مەلا بەختیار لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی خۆی لە شاندی كوردی ڕاگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد: كۆمەڵێك ھۆكاری حیزبی و سیاسی لە ناخمدا، لە پێرارەوە پەنگی خواردووە جارێ لەبەر خاتری سەركەوتنی سیاسەتی یەكێتی لەم ھەلومەرجەدا، ھیچیان لێرەدا باس ناكەم. مەبەست لەو قسەی مەلا بەختیار ئەوەیە دوو ساڵ لەمەوبەر باڤڵ تاڵەبانی، كە هیچ پۆستێكی ڕەسمی نییە، لە ناو دانیشتنی مەكتەبی سیاسی هێرشی جەستەیی كردۆتە سەر، ئەمەش مەلا بەختیاری توڕەكردو، بۆ ماوەی هەفتەیەك چووە ماڵەوەو هەموو هۆكارەكانی پەیوەندیكردنیشی پچڕاند، بەڵام دوای گفتووگۆیەكی زۆر ڕازی دەكەن بە گەڕانەوەی. بەهۆی ئەو ململانێیەی نێو یەكێتی پێدەچێت جگە لەوەی دۆخی ناوخۆی ئەو حزبە بەرەو خراپ بوون بچێت، لە هەمانكاتدا ململانێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماریش لە نێوان بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار بدرێتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان، یاخود ئەگەر پارتی ڕازیبێت جارێكی دیكە بدرێتەوە فوئاد مەعسوم. هێشتا یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ حزبەكەی یەكلانەكردۆتەوەو كێشەیەكی زۆری ڕووبەرووی خۆی كردۆتەوە، بەپێی زانیارییەكان پارتی ڕایگەیاندوە: پۆستی سەرۆك كۆمار لە پێناوی یەكڕیزی پارتی و یەكێتی لەوانەیە بدەنەوە یەكێتی، ئەگەر ئەو كێشانە بەردەوامبێت و یەكێتی لەوبارەیەوە ببێتە دووبەرە، ئەوا پارتی خۆی ئەو پۆستە پڕدەكاتەوە. ئەو كێشانەی ئێستا لە ناو یەكێتی هەیە هەمووی پەیوەندی بە دۆخی تەندروستی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەیە ( لەوانەیە لەماوەیەكی نزیك لە سیاسەتكردن دووربكەوێتەوە )، چونكە لە ڕابردوودا لە یەكلایكردنەوەی مەسەلە گرینگەكان، لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، تەنها بۆچوونی كۆسرەت ڕەسوڵ وەردەگیرا، قسەی سەركردەكانی دیكە تەنها لە چوارچێوەی پێشنیازبووە. لە بابەتی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریش كۆسرەت ڕەسوڵ بە تەواوی لەگەڵ كورە گەورەكەی تاڵەبانییە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لە لایەن بەرهەم ساڵحەوە. ئێستا دۆخی ناوخۆی یەكێتی لە نێویشیان بنەماڵەی تاڵەبانی لە ئاستێكی خراپدایە، پارتی نازانێ لەگەڵ كامەیان مامەڵەبكات، ئەگەر لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیارو مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە مامەڵەبكات ناتوانێت، چونكە ئەوان بەبێ ماڵی مام جەلال هیچ نینە، ئەگەر لەگەڵ باڤڵ مامەڵەبكات نابێ لەگەڵ قوبادو لاهور مامەڵە بكات، ئەگەر لەگەڵ ئەوانیش مامەڵە بكات ئەی چی لە باڤڵ دەكات ؟!! دواجار به‌رهه‌م ساڵح گڕى له‌ ماڵى تاڵه‌بانى به‌رداوه‌، كێ ئه‌و ئاگره‌ ده‌كوژێنێته‌وه‌ دیار نییه‌ ؟!          


( درەو میدیا): زیاد لەسەرچاوەیەكی سیاسی، باس لە دەستپێشخەرییەكی نوێ‌ دەكەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، لەڕێی لێكنزیكردنەوەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و سەركردەكانی بەرەی بەرامبەر بەتایبەتی موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر و عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، بە مەبەستی پاڵدانی عامری بە هاوپەیمانێتیەكەیان و پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ و پەراوێزخستنی نوری مالیكی لە دیمەنی سیاسی داهاتوو وەك مەرجێكی سەرەكی سەدر. سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا بە ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی، وتووە،  ئەو دەستپێشخەرییە تازەیە چەند لایەنێك سەرپەرشتی دەكەن بۆ ڕاكێشانی ڕێكخراوی بەدر و چەند پەرلەمانتارێك لە لیستی فەتح بۆ سەربازگەی (سەدر-عەبادی) لەپێناو پێكهێنانی حكومەت، ئەوەش دوای ئەوەی عامری گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی كە پێكهێنانی هەر حكومەتێك بەبێ‌ سەدرییەكان ناتوانێت بەرگەبگرێت. لای خۆیەوە، عەبدوڵا زەیدی سەركردە لە كوتلەی (چاكسازی و بنیاتنان)، بونی هەر گفتوگۆیەكی لابەلای لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیرون سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دوور لە هاوپەیمانێتیەكەیان ڕەتكردوەتەوە و ڕاشیگەیاندووە، هەر گفتوگۆیەك ئەنجامبدرێت لە چوارچێوەی كوتلەی گەورەدایە نەك لە دەرەوەی.  زەیدی لە لێدوانێكدا بۆ سۆمەرییە نیوز تەئكیدیكردووە، هەندێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن هەواڵی ناڕاست لەبارەی بوونی گفتوگۆی لابەلا لەنێوان سائیرون و فەتح بڵاودەكەنەوە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، دوور لە كوتلەی (چاكسازی و بنیاتنان) كە بەمدواییە پێكیانهێناوە. ڕاشیگەیاندوە، گفتوگۆی سەركردە سیاسییەكان بەردەوامدەبێ و كوتلەكەشیان كراوەیە بەڕووی هەمواندا لەسەر بنەمای پرۆژەی زۆرینەی نیشتمانی و پێشیانوایە، بونی فەتح لە چوارچێوەی بڕیاری سیاسییدا كارێكی پێویستە بۆ سەقامگیری حكومەت و سەركەوتنی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی داواكارییەكانی جەماوەر. ڕێككەوتنی دوو بەرە شیعییەكەیە تاكە چارەسەرە مەنسور بعێجی، سەركردە لە(ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا) ڕایگەیاندووە، هەوڵی چڕ هەیە بۆ دروستكردنی سازان لەنێوان هاوپەیمانی فەتح و هاوپەیممانێتی بەرامبەر كە سەدر و نەسر لەخۆدەگرێت، ئەو پەرلەمانتارە باسی لە دەركەوتنی ئاماژەی ئیجابی كردووە و وتوشەیەتی هەوڵەكان بەردەوامن بۆ لێكنزیبوونەوە، بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە كوردەكان ئیستیغلالی دابەشبونی ناوماڵی شیعە و قەیرانی سیاسیانكردووە و داواكاری زۆریان هەیە و مەرجی زۆر دەسەپێنن.  بڕواشی وایە، لە كۆتاییدا حكومەتی پشكێنە پێكدێت، چونكە بەبێ‌ نزیكبونەوە و ڕێككەوتنی هەردوو بەرەكە، حكومەت دروستنابێت و هەر لایەنێكیش پێكیبهێنێت بەرگەی 6 مانگ ناگرێت. یان كۆبیچ لە تارانە و پێكهێنانی حكومەت تاتوێدەكات بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە لە كاتێكدایە، یان كۆبیچ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئێوارەی دوێنێوە بەسەردانێك گەیشوەتە تاران بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئێران. ئاژانسی "ئیرنا" ی ئێرانی لەبارەی سەردانەكەوە بڵاویكردوەتەوە، (ئەمیر عەبدولئیلاهیان) یاریدەدەری تایبەتی سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی لە تاران پێشوازی لە یان كۆبیچ كردووە و پێكەوە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوویان تاوتوێكردووە. بڵاوبونەوەی دەنگۆی هەوڵێكی نوێ‌ بۆ لێككنزیكردنەوەی عامری و سەدر لە كاتێكدایە، پێشتر عەلی سنێد ئەندامی ئیئتیلافی نەسر ئاماژەی بەوەكردبوو، ئیئتیلافەكەیان و هاوپەیمانی سائیرون لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی هاوپەیمانی فەتح سەرقاڵی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانین و ئەندامەكانی فەتح ئامادەییان پێشانداوە بچنە پاڵ هاوپەیمانێتییەكەیان.  ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هاوپەیمانی (فەتح)یش، لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت: هاوپەیمانێتییەكەیان یەكێك لە توندوتۆڵترین هاوپەیمانێتییەكان و هیچ ئەندامێكیشیان ئامادەیی خۆی پێشیان نەداوە بچێتە كوتلەكەی بەرامبەریان، ئەو هەوڵانەشی ڕەتكردەوە كەباس لە بوونی هەر حاڵەتێكی لەو شێوەیە دەكات.


 (درەو میدیا): دەسەڵاتدارتی ئێران گرەو لەسەر ماندووكردن و ترساندنی واشنتۆن دەكەن، بەتایبەت لە مەسەلەی لێكەوتە خراپەكانی تێكچونی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق لەسەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكەش بەگشتی. ئێرانییەكان پێیانوایە مەسەلەی كات و مانەوەی دۆخی عێراق بەمشێوەیە و دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت لە قازانجی ئەوان و زیانی ئەمریكایە، یان لانی كەم مانەوەی دۆخەكەیان وەك ئەوەی ئێستا بەلاوە باشترە لەوەی حكومەتێك پێكبێت كە بەتەواوی لەژێر هەژمون و دەسەڵاتی تاران دەربچێت و لەبری هاوكاریكردن، ببێتە بەشێك لەو فشارو ئابڵوقەیەی كە ئابوری ئەو وڵاتەی لە لێواری داڕمان نزیككردوەتەوە.   بەڕای زۆرێك لە چاودێران، ڕاگرتنی هێزە كوردییەكان لەم نێوەندەدا و پاڵنەدانیان بەلای هیچ یەكێك لە دوو بەرە شیعییە دژبەیەكەكەوە، تەكتیكێكی سیاسی تەواو ئێرانییە و دەسەڵاتدارنی ئەو وڵاتە لەڕێی هێشتنەوەی (یەكێتی و پارتی) بە بێلایەنی لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا توانیویانە بەربەستی جدی بۆ هەوڵەكانی ئەمریكا دروستبكەن، كە خوازیاری پێكهێنانی حكومەتێكی دڵخوازی خۆیەتی لە عێراق و بۆ ئەوەش زیاد لە جارێك داوای لە كورد كردووە بچنە پاڵ بەرەكەی عەبادی. ئێران جگە لەوەی هەژمونێكی بەهێزی هەیە بەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، كە بە دۆستێكی نزیك و تەقلیدی ئێرانییەكان ناسراوە و كاریگەری دیاریشی هەیە بەسەر بڕیارە سیاسییەكانی ئەو حزبەوە، لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەریشەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیش چوەتە قۆناغێكی نوێ. بەوتەی هەندێك سەرچاوەی سیاسی ئاگادار، دوای شكستی ڕیفراندۆم و بێئومێدبوونی پارتی لە ئەمریكا ئەو حزبە بەلای ئێرانییەكاندا بایداوەتەوە، ئەوەش كارتە سیاسییەكانی دەست ئێرانی لە عێراق لەبەرامبەر بە ئەمریكا بەهێزكردووە و لەم قۆناغەدا لەڕێی ئەم دووبەرە جیاوازەوە، بەشێك لە (شیعە و كورد)، توانیویێتی ئاستەنگی گەورە بۆ خواستەكانی واشنتۆن لە عێراق دروستبكات. سولەیمانی پەیامەكەی گەیاندوەتە پارتی و یەكێتی  بەپێی زانیارییەكانی "دەرەو میدیا" ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، قاسمی سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەرێمی كوردستان بووە و، لە شاری  سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی كۆبوەتەوە و نیوەڕۆكەشی لە سەری رەش لەگەڵ مەسعود بارزانی نانی نیوەڕۆی خواردووە. سولەیمانی لە سەردانەكەیدا ئەو پەیامەی گەیاندوەتە یەكێتی و پارتی كە "بەهیچ شێوەیەك نەچنە هیچ بەرەیەكی كوتلەكانی شیعەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، چونكە ئەوە ناو ماڵی شیعەیە و رۆژێك هەر دەبێت پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە و ئەوكات ئێوە بچنە هەر بەرەیەكەوە ئەوە دەبنە دوژمنی بەرەكەی تر، بۆیە پێویستە كورد بە بێلایەنی بمێنێتەوە". قاسمی سولەیمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو كە " هەریەك لەو كوتلانەی شیعە زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتاریان هەیە، بۆیە ئەگەر كورد بچێتە بەرەیەكەوە لانی كەم ١٠٠ پەرلەمانتار دەبێتە دوژمن و نەیاریان، بۆیە نابێت ببنە بەشێك لەو ململانێیانە". بێلایەنی لە قازانجی كورد و ئێرانییەكان بەڕای بەشێك لە چاودێران، ئەو پەیامەی سولەیمانی لە چەند ڕوویەكەوە هەم لە بەرژوەندی كوردە و هەم ئێرانییەكانیش خۆیان، لەبارێكدا ئێرانییەكان لەڕێی یاریزانی كوردەوە ڕێگە لە ئەمریكییەكان دەگرن حكومەتێكی نزیك لە خۆیان لە عێراق پێكبهێنن، لەم بارەیاندا كورد هەم خۆی ناكات بە دوژمنی بەشێك لە شیعەكان و ئێرانیش پێكەوە، لەبارێكی تردا، كە پشتیوانی بەرەكەی نزیك لە ئێران ناكات، ئەمریكا و بەرەی سەدر- عەبادیش ناكات بە دوژمنی خۆی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاوكێشەیەكی سیاسی تر هەیە كە ئێرانییەكان و كوردیش بەباشی خوێندویانەتەوە، ئەویش ئەوەیە، ئەگەر حكومەتی تاران لەڕێی كوردەوە زۆرینەیەكی سیاسی لە عێراق لەبەرەكەی (مالیكی - عامری) دروستبكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەوا هەردووكیان پێكەوە خۆیان دەخەنە بەر ڕق و توڕەیی ئەمریكا و ئەو حكومەتەشی پێكدێت، لەژێر ڕەحم و توڕەیی شەقامدا دەبێت كە سەدرییەكان قسەی یەكلاكەرەوەیان هەیە تێیدا.     


(درەو میدیا): لەدوای موسڵ، ماوەیەكە ناوی بەسرە كەوتوەتە سەر زاری رۆژنامەكان لە جیهان وەكو ناوچەیەكی پڕ كێشمەكێش، هەندێك زانیاری بە ژمارە لەبارەی پارێزگای بەسرەوە: •    لە رۆژی 11ی مانگی تەموزی رابردووەوە شەپۆلێك خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەم پارێزگایە دەستیپێكردووە. •    سەرەتای خۆپشاندانەكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بوو لەدژی كەمی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا. •    مانگی ئابی رابردوو جارێكی تر خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكردەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی پارێزگا. •    ئێستا هەڵمەتێكی نیشتمانی لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق دەستیپێكردووە بۆ پاڵپشتیكردنی خەڵك بەسرە لەڕێگەی ناردنی ئاوی خواردنەوە بۆ خەڵكی ئەو پارێزگایە. •    ژمارەی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە، (2 ملیۆن و 818 هەزارو 804) كەسە. •    بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، ئاستی هەژاری لەم پارێزگایە گەیشتوەتە رێژەی 50%. •    (ملیۆنێك و 500 هەزار) كەس لە كۆی دانیشتوانی پارێزگای بەسرە لەڕووی بژێوییەوە لە ئاستی خوار و هێڵی هەژارییەوەن. •    ئەمە لەكاتێكدایە داهاتی مانگانەی پارێزگای بەسرە دەگاتە (7 ملیار دۆلار)ە كە بریتییە لە داهاتی هەناردەی نەوت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بەندەرەكانەوە. •     بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە تائێستا (5) خۆپیشاندەر كوژراون و (41) كەسی تر برینداربوون، لەبەرامبەردا (27) كەس لە هێزە ئەمنییەكان بەهۆی پێكدادان لەگەڵ خۆپیشاندەران برینداربوون. •    ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دۆسیەی لێكۆڵینەوەی لەبارەی پەلاماردانی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستپێكردووە. •    خۆپیشاندەران پەلاماری بینای پارێزگای بەسرەیان دا و سوتاندیان، بەپێی زانیارییەكان رێژەی 30%ی بینای پارێزگا بەهۆی هێرشی خۆپیشاندەرانەوە زیانی بەركەوتووە. •    دەنگوباس بڵاوبونەتەوە حكومەتی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی بەسرە بەنیازە هێڵی ئینتەرنێت لەو پارێزگایە رابگرێت، بەڵام وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق ئەو دەنگۆیەی رەتكردەوە.


( درەو میدیا): حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختدەكاتەوە لەسەر خێرا دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامادەیی خۆشی دەردەبڕێت بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەیەكی پەرلەماندا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی بەسرە. نوسینگەی راگەیاندنی عەبادی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت:" سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دكتۆر حەیدەر عەبادی جەختدەكاتەوە لەسەر بایەخی بەپەلە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و پەكنەخستنی و پابەندبوون بە وادە دەستورییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی لەسەرشانییەتی". هەروەها دەشڵێت:" سەرۆك وەزیران ئامادەی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەانی لەگەڵ وەزیرەكان و بەرپرسە پەیوەندیدارەكان بۆ تاوتوێكردنی دۆخی بەسرە و پێداویستییەكانی پارێزگای بەسرەی خۆشەویست و گرتنبەری رێوشوێنی پێویست بۆ كۆتاییهێنان بە نەهامەتییەكانی خەڵكەكەی و پێشكەشكردنی باشترین  خزمەتگوزاریی بۆیان."



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand