نەخشەی پارتی بۆ سێ سەرۆكایەتییەكە 

Draw Media

2018-12-05 13:45:24



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشێنێتەوە كە دەڵێ" بۆئەوەی ببێت بە سەرۆكی پارتی دەبێت بە سلكی پاراستندا تێپەڕێت" ئەو پۆستێكی "بێدەسەڵات"ی قبوڵكردووە بە هیوای گەیشتن بە "لوتكەی دەسەڵات" لەناو حزبەكەیدا.
رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی داهاتووی هەرێم راگەیاند.
كاندیدكردنی مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو دوو پۆستە باڵایە، دوا ئەڵقەی زنجیرەیەك رێوشوێن بوو كە پارتی پێشتر بۆ وەرگرتنی هەردوو پۆستەكە گرتیەبەر.
پارتی بەرلەوەی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی هەرێم ئاشكرا بكات، نەخشەی سیاسی خۆی بۆ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) داڕشتووە‌و ئەوەی ئێستا كاری لەسەر دەكات، جێبەجێكردنی ئەو نەخشە رێگایەیە.
پارتی‌و سەرۆكایەتی هەرێم
كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پارتییەوە، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا ئەو دامەزراوەیە ئێستا بەپێی یاسا هەڵپەسێردراوە‌و دیارنییە كەی‌و بە چ شێوە‌و دەسەڵاتێكەوە كارا دەكرێتەوە.
(درەو میدیا) لە چەندین سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیاری دەستكەوتووە، نێچیرڤان بارزانی خۆی ئارەزووی وەرگرتنی ئەو پۆستەی كردووە‌و كاری زۆریشی بۆ كردووە.
نێچیرڤان بارزانی بە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، كۆتایی بە (17) ساڵ تەمەنی خۆی هێنا لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، ئەو دەبێت بە سەرۆكی هەرێم، بەڵام سەرۆكێكی جیاواز لە مەسعود بارزانی مامی، چونكە بە پێچەوانەی مامییەوە كە بەشێوەی راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرا‌و پەرلەمان نەیدەتوانی لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات، نێچیرڤان بارزانی لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت‌و بەشێكی زۆریش لە دەسەڵاتەكانی دەدرێت بە سەرۆك وەزیران، واتە مەسرور بارزانی.
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بۆچی نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بەو بارودۆخەوە قبوڵكردووە؟ رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لە پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆیی پارتی وەڵامبدرێتەوە، نێچیرڤان بارزانی ئێستا جێگری سەرۆكی پارتییە، بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم بە هەمان قۆناغەكانی مەسعود بارزانی مامیدا تێدەپەڕێت‌و چاوی لەوەیە لەم هەنگاوەوە بەرەو گرتنەدەستی لوتكەی دەسەڵات لەناو پارتی (سەرۆكی پارتی) هەڵبكشێت.
نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشێنێتەوە كە پێشتر دەوترا هەركەسێك كە دەبێت بە سەرۆكی پارتی دەبێت پێشتر بە فیلتەری "دەزگای پاراستن"دا تێپەڕیبێت.
كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نەخشەی پارتی بۆ كابینەی نوێ ئەوەیە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدرێت بە (مەلا بەختیار) بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتمانی كە ئێستا لە حزبەكەی زویر بووە‌و لە ماڵەوە دانیشتووە، پارتی بەم هەنگاوە دەیەێت هەم مەلا بەختیار وەكو سەركردەیەك كە بەردەوام كۆنتاكتی لەگەڵ پارتی هەیە بگەڕێنێتەوە بۆ ناو یەكێتی، هەم دەیەوێت جێگرێك لە سەرۆكایەتی هەرێم بۆ نێچیرڤان بارزانی دابنێت كە دوچاری سەرئێشەی نەكات.
لە خاڵەتی رازینەبوونی یەكێتی بە دانانی مەلا بەختیار لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، رەنگە پارتی پۆستەكە بدات بە كەسێك لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و بۆ ئەوەش باس لە (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشووی پێشمەرگە دەكرێت.
پارتی‌و سەرۆكایەتی حكومەت
كاندیدكردنی مەسرور بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆكی داهاتووی حكومەت، پێشتر بەچەندین قۆناغ‌و رێوشوێندا تێپەڕیوە، مەسعود بارزانی كاری ئەوتۆی كردووە بۆ سەرخستنی كوڕەكەی لە سەرۆكایەتی حكومەت.
لە یەكەم هەنگاودا بارزانی باوك، فوئاد حسێنی لە پۆستی وەزارەتی دارایی عێراق جێگیركرد وەكو كەسێكی نزیك‌و باوەڕپێكراوی خۆی، بارزانی بەم هەنگاوە دەیەوێت رێگای سەركەوتنی كوڕەكەی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم بكاتەوە‌و لەو رێگەیەوە كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەربكات‌و بەربەستی ئابوری لەبەردەم سەرۆكایەتی كوڕەكەیدا لابدات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هەر لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی كە خراونەتەگەڕ بۆ سەرخستنی مەسرور بارزانی لە سەرۆكایەتی حكومەت، پارتی دەیەوێت مەرجەكەی یەكێتی قبوڵ بكات‌و یەك جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت دابنێ‌و ئەو پۆستەش بدات بە یەكێتی (قوباد تاڵەبانی)، چونكە بەبێ هەماهەنگی یەكێتی لە زۆنی سەوز، كابینەكەی مەسرور بارزانی سەركەوتوو نابێت.
مەسرور بارزانی كە تائێستا وەكو روخسارێكی ئەمنی‌و دورەپەرێز لە جەماوەر دەركەوتووە، بە هاتنی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت دەیەوێت هاوشێوەی نێچیرڤانی بارزانی پێگە جەماوەرییەكەی بەهێز بكات، بۆیە بارزانی باوك‌و هەموو پارتی كار بۆ سەرخستنی دەكەن.
پارتی‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان
پارتی سەرباری ئەوەی بۆ راگرتنی پارسەنگی بنەماڵەی بارزانی هەردوو پۆستی (سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت) بۆ خۆی دەبات، بەڵام دەستبەرداری پەرلەمانی كوردستانیش نابێت.
نەخشەی پارتی بۆ پەرلەمانی نوێی كوردستان ئەوەیە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێت بە یەكێتی، بەڵام جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لای پارتی بێت‌و جێگری دووەمیشی بدرێت بە كەسێك لە پێكهاتەكان كە نزیك بێت لە پارتییەوە.
پارتی دەیەوێت پەرلەمانی كوردستان لە خزمەتی كابینەكەی مەسرور بارزانیدا بێت‌و نایەوێت لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا دوچاری كێشە ببێت، سەرباری ئەمەش پارتی لەم خولەدا زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنێت‌و سەرۆك‌و زۆرینەی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتیش كەسانی سەربە مەسرور بارزانین.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand