بریسیلیا لۆدۆسكی.. هەڵگیرسێنەری بزوتنەوەی هێلەك زەردەكانە

Draw Media

2018-12-09 20:02:10



ئامادەكردنی: نامیق ڕەسوڵ
چالاكانی بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكان" لە سەرەتای ناڕەزایەتییەكانیاندا دژی سیاسەتەكانی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رەتیاندەكردەوە كەسێك یان زیاتر بەناوی ئەوانەوە قسەبكات، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكان كە هەموو شەممەیەك لە پاریس و شارەكانی تری فەرەنسا بەڕێوەدەچن، چەند دەموچاوێك دەركەوتن و لە میدیاكانی فەرەنساوە دەناسێنران، لەو سۆنگەیەوە كە شیاون بۆئەوەی بەناوی ئەم رەوت یان ئەو رەوتەوە قسەبكەن كە هەندێكیان گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی رەتدەكەنەوە و هەندێكی تریان باوەڕیان وایە كە ئەم گفتوگۆیە كاری بنەڕەتییە، چونكە چارەسەری هەموو كێشەكان یان بەشێكی كەمی لە رێگەی گفتوگۆوە دەبێت.
سەرەڕای زۆری ئەوانەی هەوڵدەدەن لەناو بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكاندا" دەربكەون وەك نوێنەری نیمچە رەسمی، بەڵام ئەمڕۆ كۆدەنگییەك هەیە كە " بریسیلیا لۆدۆسكی"  رۆڵی دیار و بەرچاوی هەبووە لە دەستپێكردن و دامەزراندنی ئەو بزوتنەوەیەدا كە دوكانێكی بچوكی لە گەڕەکی " ئاڤینۆ لۆتە مپڵ" لە پاریس هەیە و پێشتر فەرمانبەرێكی ئاسایی بووە لە یەكێك لە بانكەكاندا.
29ی ئایاری 2018 بریسلیا لۆدۆسكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە یاداشتێكی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا كرد و تێیدا ئەو هۆكارانەی رونكردەوە كە بوونەتە هۆی قورسكردنی ئەركی سەرشانی ئەو كەسانەی كە داهاتیان سنوردارە، یان خاوەنی دامەزراوەی بچوكن و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی تەنگیان پێهەڵدەچنێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو یاداشتەدا، ئەوەیە لۆدۆسكی نوسەری تێیدا داوای دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی دەكات و لە هەمان کاتیشدا زنجیرەیەك پێشنیاری پراكتیكی خستوەتەڕوو، دەكرێت ببنە یارمەتیدەری حكومەتی فەرەنسا بۆئەوەی هاوسەنگییەک بێنێتە کایەوەو لە یەك كاتدا  لەلایەكەوە رەچاوی دۆخی كۆمەڵایەتی  ئەو كەسانە بكات كە داهاتیان سنوردارە، لەلایەكی تریشەوە رەچاوی دۆخی ژینگەش بكات كە وادەخوازێت كەمتر پشت بەو سەرچاوەی وزانە ببەسترێت كە دەبنە هۆی پیسبونی ژینگە.
دەقی یاداشتەكە دەنگدانەوەیەكی ئەرێنی بەرفراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەی بینەران و ئەوانەی كە  پشتگیریان لە بیرۆكە و پێشنیارەكانی دەكرد گەیشتە یەك ملیۆن كەس.
ئەوانەی كە لە نزیكەوە رۆژانە چاودێری خۆپیشاندانەكانی بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكان" دەكەن دەڵێن ئەو ژنە لە رێگەی هێمنی و واقعبینییەوە رۆڵی گەورەی دەبێت لە قایلكردنی حكومەتی فەرەنسا و بە تایبەتیش ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەوەی كە پێویستە بە زووترین كات وەڵامی هەبێت و لانیكەم بەشێك لە داخوازی خۆپیشاندەران جێبەجێبكات. 
سەرچاوە: مۆنتی كارلۆ
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand