بیلال سلێمان: پارتی دەستبەرداری كۆمەڵ نابێت

Draw Media

2018-12-10 16:00:25



گفتوگۆی رۆژنامەوانی: فازل حەمەڕەفعەت 
ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی تاكە لایەنە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستەكەدا ماوەتەوە‌و بەسەر هیچ بەرەیەكدا (دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن) ساغ نەبووەتەوە.
بەرپرسانی پارتی رۆژانە پەیامی بێئومێدكەر بۆ كۆمەڵ دەنێرن‌و دەیانەوێت لەوە حاڵی بكەن كە بەشێك نییە لە كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام هێشتا بەرپرسانی كۆمەڵ بە ئومێدەوە تەماشای پارتی دەكەن‌و نایانەوێت بچنە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە.
لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا (بیلال سلێمان) بەرپرسی ناوەندی حكومەت‌و پەرلەمانی كۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی چەند پرسیارێكی (درەو میدیا) دەداتەوە.
دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە:


درەو میدیا: بەمزوانە وەفدی پارتی بۆ جاری دووەم سەردانی سلێمانی دەكاتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمجارەش پارتی نایەوێت كۆمەڵ ببینێت، ئەمە زیاتر لە چەند جارێكە پارتی پەیامی ئەوەتان پێدەدات كە نایەوێت بەشداری حكومەت بكەن، راتان چییە ؟
بیلال سلێمان: باوەڕم بەو پەیامە نییە، من باوەڕیشم بەوە نییە شتی وا وترابێت.


درەو میدیا: واتە وەفدی پارتی دەیەوێت ئەمجارە سەردانتان بكات؟
بیلال سلێمان: من نازانم لە ئێستادا پارتی سەردانمان دەكات یاخود نا، بەڵام پارتی موستەغنی (دەستبەردار) نابێت لە كۆمەڵ، بەپێچەوانەوە ئەگەر وابێت، پێموایە ئەوە هەڵەیەكە پارتی دەیكات، من ناڵێم كۆمەڵ بەشدار دەبێت یان نا، بەڵام پێموانییە پارتی پەیامی وای هەبێت.


درەو میدیا: سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا دەڵێ" لە بەرپرسانی پارتیمان بیستووە لە حكومەت بەشداریمان پێناكەن"، ئێوە چی دەڵێن؟
بیلال سلێمان: ئەوە رەئی كاك سەلیم خۆیەتی، من كۆمێنتم لەسەری نییە.


درەو میدیا: ئێمە بیستومانە بەمزوانە سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبێتەوە‌و بڕیاری كۆتایی دەدات لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت، ئەمە راستە ؟
بیلال سلێمان: نەخێر، هیچ بڕیارێكمان نییە بە زوترین كات كۆببینەوە، ئێمە تا بەرنامەی حكومەتی داهاتوومان بۆ دەرنەكەوێت‌و بەرچاومان روون نەبێت، هیچ كۆبونەوەیەك ناكەین، ئێمە پێشتر كۆبونەوەمان كردووە، بەڵام تائێستا بەرچاومان روون نییە، تا بەرچاومان روون نەبێت بڕیار نادەین.


درەو میدیا: خەڵك دەپرسن حیكمەت لە چیدایە كۆمەڵ بڕیارنادات ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، لەكاتێكدا پارتی بە ئاشكرا پێی دەڵێ بەشداری حكومەتت پێناكەم؟
بیلال سلێمان: شەرت نییە هەموو حیكمەتێك باسبكرێت، كۆمەڵ بەرنامەی خۆی هەیە، سەركردایەتی حزب بەرنامەی خۆی هەیە بۆ ئەو پرسانە، كۆمەڵ بۆ ئەو قۆناغە ئەمەی هەڵبژاردووە كە سیاسەتیەتی.


درەو میدیا: بەڵام دیمەنەكە لە شەقام وا دەردەكەوێت كۆمەڵی ئیسلامی بەزۆر دەیەوێت خۆی بە پاسی حكومەتدا هەڵواسێ؟
بیلال سلێمان: نەخێر، ئێمە خۆمان هەڵناواسین، ئێمە كەس خێرمان پێناكات، خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگی بە ئێمەداوە، ئێمە متمانەی خەڵكمان بەدەستهێناوە، ئەوەندەی كە خەڵك متمانەی پێداوین، مافی خۆمانە داوای حەق‌و مافی ئەو خەڵكە بكەین كە دەنگی پێداوین، ئەمە لە حكومەتدابوون بێت یاخود لە موعارەزەبوون، هەركامیان بوو ئێمە نوێنەری ئەو خەڵكەین.


درەو میدیا: دەكرێت وا لێكبدرێتەوە ئێوە بەهۆی بوونی یەكگرتووی ئیسلامی ناتانەوێ بچنە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، یاخود ئەگەر ببن بە ئۆپۆزسیۆن ئامادەن لەگەڵ یەكگرتوو كاری هاوبەش بكەن؟
بیلال سلێمان: ئێمە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی لە رابردوودا لە چەندین قۆناغ پێكەوە بووین، هیچ كاتێك پێچەوانەی یەكتر هەڵسوكەوتمان نەبووە، لەبەرئەوە ئێمە لە حكومەتدا بین یان لە ئۆپۆزسیۆن، پێمانخۆشە لەگەڵ ئەوان لێكنزیك بین.


(درەو میدیا): سەرەتا ئێوە لەگەڵ گۆڕان كۆبونەوەیەكتان كرد بۆ ئەوەی پێكەوە بڕیاربدەن لەسەر بەشداریكردن لە حكومەت، بەڵام ئێستا وا دەردەكەوێت گۆڕان لایخۆیەوە بڕیاریداوە بەشداری حكومەت بكات‌و ئێوەش خۆتان یەكلا نەكردوەتەوە، ئێستا پەیوەندییەكانتان لەگەڵ گۆڕان لە چ ئاستێكدایە ؟
بیلال سلێمان: ئێمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەروەكو رابردوو پەیوەندییەكانمان بەهێزە، هیچ درزێك نەكەوتوەتە ناو پەیوەندییەكانمانەوە، ئەو پەیوەندیانەش بەردەوامە‌و پێكەوە هەماهەنگی‌و راگۆڕینەوەشمان هەیە، ئەو مەعلوماتانەی جەنابت باسی دەكەیت لەوانەیە هەڵەبن.


درەو میدیا: واتا ئێوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان باسی ئەوەتان نەكردووە پێكەوە بڕیار بدەن لەسەر بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت ؟
بیلال سلێمان: نەخێر، پێكەوە بڕیارمان نەداوە كە پێكەوە بڕیاربدەین بچینە حكومەت، هەر حزبە‌و بڕیاری خۆی هەیە، هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختمان نییە پێكەوە، كە یەكێكمان بەشداربوو لە حكومەت ئەوی تریش بەشدار بێت، بەپپَچەوانەشەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand