( درەو میدیا): بەرهەم ساڵح پێش كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن یەكێتییەوە لە نامەیەكدا كە ئاراستەی جێگری سكرتێر و سەركردایەتی ئەو حزبەی كردووە رایدەگەیەنێَت :" بڕیارمدا بە درێژەپێدان بەخەباتی خۆم لە نێو ڕیزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە پێی ڕاوێژی پێشوومان پرۆسەی یەكگرتنەوەی هەڤاڵەكانمان لە نێو هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستپێدەكات". ئەمەش دەقی نامەكەیە: برای بەڕێزم جەنابی كاك كۆسرەت جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی سڵاوێكی گەرم لەبەر ڕۆشنایی باسەكانی نێوانمان، بە ئامانجی یەكخستنی هێز و تواناكان و پتەوكردنی یەكڕیزی گەل و پاراستنی بەرژەوەندی خەڵك و ڕێزگرتن لە یادەوەری جەنابی مام جەلال و شەهیدە نەمرەكان و لە پێزانینم بۆ هەوڵی تێكۆشەرە دێرینەكان بڕیارمدا بە درێژەپێدان بەخەباتی خۆم لە نێو ڕیزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پێی ڕاوێژی پێشوومان پڕۆسەی یەكگرتنەوەی هەڤاڵەكانمان لە نێو هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستپێدەكات لە دامەزراوە و ئۆرگانەكانی یەكێتی درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن. براتان بەرهەم ساڵح
(درەو میدیا): قەیرانی ئابوری ئێران كاریگەری گەورەی لەسەر دامەزراوەكانی لەعێراق دروستكردووەو بەشێكیان داخراون و دەیان كارمەندیش كارەكانیان لەدەستداوە. ڕۆژنامەی " عەرەبی ئەلجەدید" ی قەتەری ئاشكرایكردووە، كاریگەری سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بەجۆرێك دەركەوتووە، كە تەنها لە چوارچێوەی زیانگەیاندن بە كەرتی دارایی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەوە نەوەستاوە، بەڵكو بوەتە هۆی پاشەكشێی دامەزراوەكانی ئێران لە عێراق و زۆرینەی دامەزراوەكانیش ژمارەی كارمەندەكانیان كەمكردوەتەوە، هەندێكیشیان بەتەواوی داخراون بەپاساوی نا پێویستییان. ڕۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئەوەشی بڵاوكردوەتەوە، كۆتایی ئەم مانگە كۆمەڵێك دامەزراوەی تری ئێران لە عێراق دەرگاكانیان دادەخەن یان ژمارەی كارمەندەكانیان بەڕێژەی 50%كەمدەكەنەوە، ڕونیشیكردوەتەوە، زۆربەی كارمەندانی ئەو دامەزراوانە ماوەی چەند مانگێكە موچە و مافەكانیان وەرنەگرتووە. لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا زنجیرەیەك سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوەش بووە هۆی داڕمانی بەهای دراوی ئێرانی لە بازاڕەكانی جیهاندا، دۆناڵد ترەمب سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمبارەیەوە پێشتر لەتویتێکدا وتی: ئەم سزایانە بەتوندترین سزا دادەنرێن و، لە مانگی تشرینی دووەمیشدا دەگاتە بەرزترین ئاستی.
(درەو میدیا): ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان یەكێك لە گرنگرترین و هەستیارترین كۆبونەوەكانی خۆی لەمساڵدا بەڕێوەبرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەنجومەنی سەركردایەتی دووجار پرۆسەی دەنگدانی بەڕێوەبردووە، لەیەكەمین كاریدا دەنگدانی كردووە لەسەر پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی و لە كۆی (44) كەس كە ئامادەی كۆبونەوەكە بوون، (40) كەسیان بە بەڵی دەنگیان داوە بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح. دوای یەكلابونەوەی پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح، ئەنجومەنی سەركردایەتی جارێكی تر دەنگدانی رێكخستووە بۆ هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەنجامی دەنگدانەكە بەمشێوەیە بووە. • بەرهەم ساڵح: 26 دەنگ • محەمەد سابیر: 15 دەنگ • لەتیف رەشید: 1 دەنگ دوو كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەشداری دەنگدانیان نەكرد نە لە پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نە لە پرسی كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. بەمجۆرە بەرهەم ساڵح كە ساڵی 2017 لە یەكێتی جیابوەوە و حزبێكی نوێی بە ناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری" پێكهێنا، گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی و ئێستا پرسیاری گەورە لەسەر چارەنوسی حزبەكە "هاوپەیمانی" دروستبووە. چارەنوسی هاوپەیمانی ! بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی كردویەتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، دەبێت بەمنزیكانە بەرهەم ساڵح رونكردنەوەیەك بۆ رایگشتی بدات و تێیدا گەڕانەوەی خۆی بۆ ناو یەكێتی رابگەیەنێت و داوا لە لایەنگرانیشی بكات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 30 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، دەنگ بە كاندیدەكانی یەكێتی بدەن. بەگوێرەی زانیارییەكان (درەو میدیا)، ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی لەبەیاننامەیەكدا پشتیوانی خۆیان بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی رادەگەیەنن و خۆشیان دەگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی. لەبەرامبەردا ئەو بەشەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە خۆی دەبینێتەوە لە پاشخان ئیسلامییەكانی (كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی) بڕیاریانداوە بمێننەوە و درێژە بەكاری سیاسی حزبەكە بدەن. پێشتر بەرهەم ساڵح رایگەیاند، هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات و بایكۆتی پرۆسەكە دەكات، ئەمەش بەبەهانەی خراپی تۆماری دەنگدەران، بەڵام هەر ئەوكات دەنگۆی ئەوە بڵاوەوە كشانەوەی بەرهەم ساڵح لە هەڵبژاردن پەیوەندی بە گفتوگۆكانیەوە هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی نەك خراپی تۆماری دەنگدەران. دوای وازهێنانی بەرهەم ساڵح، بڕیارە سەركردەكانی هاوپەیمانی بڕیاری بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدەن و بانگەشە بۆ كاندیدەكانیان دەستپێبكەن، بەتایبەتی لەكاتێكدا هێشتا كۆمسیۆن ناو و لۆگۆی هاوپەیمانی لەناو كارتی دەنگدان نەسڕیوەتەوە.
(درەو میدیا): ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەزۆرینەی دەنگ، بەرهەم ساڵحی وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژارد. سەرچاوەیەك لەناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە (درەو میدیا) راگەیاند، دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بە توڕەییەوە هۆڵی كۆبونەوەكەی جێهێشتووە. مەلا بەختیار یەكێك لە كاندیدەكانی یەكێتی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، جگە لە مەلا بەختیار، ژمارەیەك ئەندامی تری سەركردایەتی یەكێتی توڕەبوون لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو كاندیدی سەرۆك كۆمار و لە كۆبونەوەكە چونەتە دەرەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، مەلا بەختیار دوو مەرجی خستوەتەڕوو بۆ كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح، مەرجی یەكەم: بەرهەم ساڵح هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هەڵوەشێنێتەوە، دووەم: هەموو لایەنەكان بەتایبەتی (بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) كاندیدبونەكەی پەسەند بكەن.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كرایەوە، لەدوای 2003وە كە ئەوەی پێی دەوترێت "عێراقی نوێ" بونیاتنرایەوە، بەگوێرەی سیستمی تەوافوق ئەو پۆستە بەر كورد دەكەوێت و لەوكاتەوە دوو كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (جەلال تاڵەبانی و فوئاد مەعسوم) ئەو پۆستەیان بەڕێوەبردووە. لەدوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقەوە و دەستپێكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ و دابەشكردنی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و یەكلابوونەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیپێكردووە و تائێستا یەكلانەبوەتەوە. لەناو یەكێتیدا كە ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت، ململانێی توند لەسەر ئەو پۆستە هەیە و تائێستا یەكێتی نەیتوانیوە یەك كاندید دیاریبكات، ئەمە جگە لەوەی چەند كاندیدێكی سەربەخۆ و كاندیدی لایەنەكانی تریش بۆ ئەو پۆستە هاتونەتە ململانێكەوە. ئەو دەسەڵاتانە چین كە پۆستی سەرۆك كۆمار بەپێی دەستور هەیەتی و وایكردووە ئەم ململانێ گەورەیە لەسەر ئەو پۆستە دروست ببێت ؟ دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماری عێراق: سیستمی حكومڕانی عێراق سیستمی پەرلەمانییە، سەرۆك كۆمار لە عێراق، ئەگەرچی بە گوێرەی ماددەی (66) دەستور بەشێكە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە عێراقدا، بەڵام زۆربەی دەسەڵاتەكان دراون بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار دەسەڵاتێكی تەشریفاتین و بە گوێرەی ماددەی (73)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق سەرۆك كۆمار ئەم دەسەڵاتانەی هەیە: یەكەم: دەركردنی لێبوردنی تایبەت لەسەر راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بە مەرجێك ئەوانە نەگرێتەوە كە بەهۆی مافی تایبەت و تاوانی نێودەوڵەتی و تیرۆر و گەندەڵی دارایی و ئیدارییەوە حكومدراون. دووەم: پەسەندكردنی پەیماننامە و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، پاش وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران. سێیەم: پەسەندكردن و دەركردنی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندیان دەكات، یاساكانیش بە پەسەندكراون دەژمێردێن پاش تێپەڕبوونی 15 رۆژ بەسەر ناردنیان بۆ سەرۆك كۆمار. چوارەم: بانگهێشتكردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كۆبوونەوە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەماوەیەكی دیاریكراو بە مەرجێك لە 15 رۆژ تێپەڕنەكات. پێنجەم: بەخشینی نیشانە و مەدالیا بە راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەگوێرەی یاسا. شەشەم: پەسەندكردنی باڵیۆزەكان. حەوتەم: دەركردنی مەرسومیی كۆماری. هەشتەم: پەسەندكردنی حكومی لەسێدارەدان كە لەلایەن دادگا تایبەتمەندەكانەوە دەردەچێت. نۆیەم: هەڵدەستێت بە ئەركی سەركردایەتی باڵای هێزە چەكدارەكان بەمەبەستی پرۆتۆكۆل و ئاهەنگ گێڕان. دەیەم: هەر دەسەڵاتێك كە لە دەستوردا دیاریكرابێت. هەروەها بە گوێرەی مادەی (63) ی دەستور، سەرۆك كۆمار مافی ئەوەی هەیە داوای سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكات. موچە و دەرماڵە و بودجەی سەرۆك كۆمار سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكایەتی كۆمار، بە بەراورد بەو دەسەڵاتە تەشریفاتییەی هەیەتی، لە بودجەی عێراقدا بڕێكی زۆر بودجەی بۆ تەرخانكراوە، بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی نافەرمیی، سەرۆك كۆماری عێراق مانگانە بڕی (80 ملیۆن) دینار موچەكەیەتی و كە نزیكەی (حەوت دەفتەر) دۆلاری ئەمریكی دەكات، جگە لە نەسریەیەكی زۆر و چەندین دەرماڵە و خەرجیی جۆراوجۆر و چەند لیوایەك پاسەوان و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و كۆنترۆڵكردنی چەندین كۆشك و باڵاخانە لە ناوچەی جادریەی بەغدادی پایتەخت. ئەم دەسەڵاتە كەم و ئیمتیازە زۆرانە، وایكردووە ململانێی لایەنە كوردییەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار تەنیا وەكو ململانێیەك لەسەر بەدەستهێنانی سەرچاوەیەكی ماددی تەماشا بكرێت، نەك وەكو دەستگەیشتن بۆ پۆستێكی باڵا لە عێراق بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی كورد لە بەغداد.
(درەو میدیا): چەند رۆژێكە چیا نەوشیروان مستەفا لە بەریتانیاوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ چارەسەكردنی كێشە و ناكۆكییەكانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان و هێنانەوەی ئەو كەسانەی بەهەر هۆكارێك بێت لە بزوتنەوەكە دووركەوتوونەتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە چەند رۆژی رابردوودا چیا نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوە ناڕازییەكان كۆبوەتەوە و داوای لێكردون بگەڕێنەوە بۆ كاركردن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و وەكو جاران بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 30 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت. دواین كۆبونەوەی چیا نەوشیروان مستەفا لەگەڵ پێنج كەس لەوانە بووە كە بەمدواییە پرۆژەیەكیان نوسی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەو كۆبونەوەیەدا چیا نەوشیروان مستەفا لەبارەی پرسی تاپۆكردنی (گردی زەرگەتە) مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی لەسەر ناوی خۆی و نمای برای، بە راشكاوی وتویەتی" بەهیچ شێوەیەك تاپۆی گردی زەرگەتە ناخەنە سەر ناوی بزوتنەوەی گۆڕان یان هیچ كەسێكی تر"، لەمەشدا بەهانەی ئەوەی هێناوەتەوە ئەگەر گردەكە بەناوی ئەوانەوە بێت پارێزراو تر دەبێت، بەڵام ئامادەیی خۆیان نیشانداوە گرەنتی و دڵنیایی تەواوەتی بدات كە گردەكە تەنیا لە خزمەتی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەكاربهێنرێت نەك هیچ جۆرە پرۆژەیەكی تر. لەبارەی كۆمپانیای (گاسن) بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، چیا لەبەردەم ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕاندا بە راشكاوی وتویەتی" ئەوە موڵكی تایبەتی ئێمەیە نەك بزوتنەوەی گۆڕان". لەبارەی میدیای گۆڕانیشەوە كە یەكێكە لە بابەتە كێشەلەسەرەكان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و خۆی دەبینێتەوە لە (تەلەفزیۆنی KNN- رادیۆی گۆڕان- سایتی سبەی)، چیا نەوشیروان مستەفا وتویەتی: دەكرێت دوای هەڵبژاردن بە گفتوگۆ و راوێژ ئەو دەزگایانە بدرێنە دەست بزوتنەوەی گۆڕان و بزوتنەوەكە بەڕێوەیان ببات. پێش ئەو كۆبوونەوەیەش چیا نەوشیروان مستەفا بەجیا لەگەڵ قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود كۆبووەتەوە و تا ئێستا دەرئەنجامی ئەو كۆبوونەوانە دیار نیە.
( درەو میدیا): برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی عێراق و یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گەیشتە سلێمانی و بەجیا لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی كۆبووە. مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەكگۆرك لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند ئەگەر هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی لەگەڵ یەكێتی یەكبگرێتەوە ئەوا دەبێتە یەكێك لە كاندیدەكانی سەرۆك كۆمار. وتیشی سبەی یان دووسبەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاریدەكات. هاوكات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كوڕیدا لەگەڵ مەكۆرگ كۆبووەوە . بە گوێرەی راگەیەندراوێك كە دوای كۆبوونەوەكە بڵاوكرایەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاندووە ڤیتۆی لەسەر هیچ کاندیدێکی یەکێتی نیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و پشتگیری هیچ کاندیدێکیش ناکات و ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەکات. بە گوێرەی راگەیەندراوەكە مەكۆرگ لە كۆبوونەوەكەدا وتویەتی:" لەگەڵ ئەوەداین یەکێتی یەک كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبێت و ئەزموونی لەگەڵ بەغدا و لایەنە عێراقییەکان هەبێت و زمان بزانێت و پەیوەندی بەفراوانی لەگەڵ وڵاتاندا هەبێت".
( درەو میدیا): لە پێشهاتێكدا كە ئاماژەیە بۆ مەترسییەكی جدی و ڕاستەقینە، ڕۆژنامەی (زە سەن)ی، بەریتانی بڵاویكردۆتەوە، ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی دەرمان لەو وڵاتە سەرقاڵی عەمباركردنی حەبی (ڤیاگرا)ن، كە بۆ بەهیزكردنی توانای سێكسی بەكاردەهێنرێت، بۆ خۆ بەدور بگرن لە ئەگەری هەر كەموكورتیەك لەبڕی ئەو دەرمانە ، ئەگەر لەندەن لە یەكێتی ئەوروپا چووە دەرەوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، كۆمپانیای (زافا) بەریتانی، كە خاوەنی دەرمانخانەیە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، سەرقاڵی پڕكردنی گەنجینەكانیەتی لە حەبی ڤیاگرا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەرەكانی بڕینی ئەو دەرمانە لە دەرەوە. كۆمپانیایەكە لە كاتی ئاسایدا بەشی دوو هەفتە لەو دەرمانەی گلدەداتەوە، بەڵام ئێستا سەرقاڵی كۆكردنەوەی یەك ملیۆن دەنك حەبی ڤیاگرایە، بەوەش بڕی عەمباركراوی كۆمپانیاكە لەو دەرمانە، بەرزدەبێتەوە بۆ ئاستیك كە بەشی چوار مانگی تەواوی ئەو وڵاتە بكاتە. داڤید مینیرتز، بەڕێوبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، زافا عەمباركردنی ئەو دەرمانەی زیادكردووە بۆئەوەی خۆی بپارێزێت لە لێكەوتەكانی چونە دەرەوەی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا بەبێ هیچ ڕێككەوتنێك، یاخود بەپێی هەندێك مەرجی ئابوری خراپ. ڕاشیگەیاندووە، ئامانجیان ئەوەیە زامنی توانای خۆیانبكەن لەخزمەتكردنی كڕیارەكانیان لەهەر كاتێكدا كە ڕوویان تیدەكەن. ئەوەش لەكاتێكدایە، ئیرلەندا پێكهاتە سەرەكییەكانی دروستكردنی حەبی ڤیاگرا بەرهەمدێنێت، بەڵام ئەو بەهێزكەرە سێكسیە، بەتەواوی لە وڵاتی فەرەنسا دروست دەكرێت.
(درەو میدیا): هەریەك لە ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و حكومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێشوازی لە ڕێككەوتنی توركیا و ڕوسیا دەكەن سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك لە ناوچەكانی نێوان ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ناوچەكانی رژێم لە پارێزگای ئیدلیب، كە دوێنێ دووشەممە ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی ڕوسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتای توركییەكەی، دوای دیدارەكەیان لە هاوینەهەواری سۆچی ڕایانگەیاند. لەكادرانەوەیدا بەرامبەر بەو رێككەوتنەی نێوان پوتن و ئەردۆغان، وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئەمڕۆ پێشوازی لە رێككەوتنەكە كرد بۆ پێكهێنانی ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك لە ئیدلیب، بەدرێژایی هیڵی بەریەككەوتنی نێوان سوپای سوریا و گروپە چەكدارەكان. سایتی كەناڵی (RT) ڕوسی، لە زاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاندووە، سوریا پێشوازی لە ڕێككەوتنی تایبەت بە پاێزگای ئیدلیب دەكات، تەئكیدیشی كردووە، ئەو ڕێككەوتنە دەرئەنجامی گفتوگۆ چڕوپڕەكانی نێوان ڕوسیا و سوریایە و بەهەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات كراوە. سەرچاوەكەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا راشیگەیاندووە، حكومەتی دیمەشق پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییە دەكات كە ڕێگە لەڕشتنی خوێنی سورییەكان بگرێت و بەشداری بكات لە گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەر ناوچەیەك كە تیرۆر گورزی لێدابێت. هاوكات بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ڕێككەوتنەكە هەنگاوێكی گرنگە بۆ كۆتاییهێنان بە پاشماوەكانی تیرۆر و داڕشتنی چارەسەرێكی سیاسی لە سوریا. میدیاكانی ئێران ئەمڕۆ لەزاری قاسمیەوە بڵاویانكردەوە، تاران پێشوازی لە پێكهینانی ناوچەیەكی داماڵراو لەچەك دەكات و سیاسەتی وڵاتەكەشی پشتیوانیكردنە لە پاككردنەوەی ئەو ناوچانە لە تیرۆر هاوشانی ڕاگرتنی خوێنڕشتن و هەر جۆرە توندوتیژییەك. هەر لەوچوارچێوەیەدا، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا ڕایگەیاندووە" دیپلۆماسیەتی چالاك دەبێتە مایەی وەستانەوە بەڕووی جەنگ و ململانێ لە ئیدلیب". زەریف هەوڵە دیپلۆماسییەكانیشی بە كاریگەر داناوە، كە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا چڕببوەوە لەلاكاتی سەردانەكەی بۆ ئەنكەرەلاو دیمەشق ولوتكەی سێ قۆڵی تاران، دوای ئەوەش كۆبوونەوەی دووقۆڵی ڕوسیا و توركیا لە سۆچی. ئەمریكا ڕێككەوتنكەی پێباشە و متمانەشی بە ئەسەد نیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش پێشوازی لە ڕێككەوتنەكە كرد و لەڕێی وتەبێژەكەیەوە ڕایگەیاند"پێشوازی لە هەر هەوڵێكی ڕاستگۆیانە دەكەین كە ببێتە مایەی هێوركردنەوەی توندوتیژی". وتەبێژی كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەشكردوە، دوناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن لە كاتی كۆبونەوەیەكەیان لە ڤێتنام لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2017 تەئكیدیان لەوەكردەوە، چارەسەری سەربازی بۆ قەیرانی سوریا ڕەتدەكەنەوە، ڕاشیگەیاندووە، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پشتیوانی سەرجەم ئەو هەنگاوانە دەكات كە دەبنە مایەی پاراستی هاوڵاتیانی سڤیل و ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە سوریا. هاوكات، شۆن رۆبرتسۆن وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن)، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وتوە، وڵاتەكەی پشتیوانی هەر هەنگاوێك دەكات كە ببێتەمایەی دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا و لەناوبردنی گروپە تیرۆریستییەكان لەو وڵاتە و پشتیوانیش لە گفتوگۆكانی ژنێڤ دەكەن كە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسییە بۆ قەیرانی سوریا. هەر لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسێكی ئەمریكی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ، هیوای خواستووە هێمنی و ئارامی لە ئیدلیب درێژە بكێشێت، ئاماژەی بەوەشكردوە، لەگەڵ ئەوەی وڵاتەكەی بەشداری نەكردووە لە دانوستەكانی نێوان ڕوسیا و توركیا، بەڵام ئەو هەر هەنگاوێك ببێتە مایەی ڕێگەگرتن لە رژێمی سوریا و پشتیوانەكانی بۆ هێرشكردنە سەر ئیدلیب هاندەرێكی باشە، هۆشداریشداوە لەهەر هێرشێكی ڕژێم بۆ سەر ئیدلیب، كە دەبێتە هۆی وێرانكارییەكی مەترسیدار لە ناوچەكە. ڕاشیگەیاندووە، نیگەرانییەكانیان سەبارەت بە كردەوەكانی ڕژێمی سوریا لەبارەی سەقامگیری لە ئیدلیب و ناوچەكانی تر وەك خۆی دەمێنێتەوە، بۆیە بەردەوامدەبن لە چاودێریكردنی دۆخی ناوچەكە و هەنگاوەكانی ڕژێم لەنزیكەوە. جوگرافیایەكی دانپیانراو بۆ گروپە چەكدارەكان لە سوریا بەرپرسێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: ڕێككەوتنی توركیا و ڕوسیا سەبارەت بەئیدلیب، خەونی بەشار ئەسەدی لەباربرد بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی خاكی سوریا. ئەو بەرپرسە كە نەیویستوە سەرچاوەكە ناوەكەی ئاشكرابكات، ئاماژەی بەوەشكردوە، ناوچەی دابڕاو كە ڕێككەوتنی لەسەركراوە لە ئیدلیب گیانی هاوڵاتیان ڕزگاردەكات و ناوچەكانی ئۆپۆزسیۆنیش لە بۆمبارانی سوپای سوریا دەپارێزێت، تەئكیدیشی كردووە، ڕێككەوتنەكە ناوچەیەكی جوگرافیی بۆ سوپای سوریای ئازاد دروستدەكات، كە دەكرێت ببێتە سەرەتای قۆناغی ڕاگوزەری سیاسی بۆ دوای ئەسەد. ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ڤلادێمیر پوتن سەرۆكی ڕوسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دوای كۆبوونەوەكەیان لە هاوینەهەواری سۆچی لە باشووری ڕوسیا، ڕایانگەیاند، لەبارەی ئیدلیبەوە گەیشتونەتە ڕێككەوتن و بەوپێیەش ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و سوپای ئەسەد دادەمەزرێت. ئەو ناوچەیە بە قوڵی 15-20 كیلۆمەترە بەدرێژیی هێڵی بەریەككەوتنی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و هێزە چەكدارەكان، لە15ی ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەكەمی داهاتووە دەست بەدامەزراندنی دەكرێت و چەكدارەكانی بەرەی نوسرە دەكرێنە دەرەوەو تیمە سەربازییەكانی ڕوسیا و توركیاش چاودێری ناوچەكە دەكەن. دوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكەش، سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، هێزەكانی رژێمی سوریا و هاوپەیمانەكانی هیچ پرۆسەیەكی سەربازی تازە لە پارێزگای ئیدلیب ئەنجامنادەن.
( درەو میدیا): پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكاتەوەو، " درەومیدیا" ناوی ئەو كەسانە ئاشكرادەكات خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە. ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پاڵپشت بە مادەكانی ٢ و ٣ لەیاسای ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١٢ (یاسای ئەحكامەكانی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار)، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕادەگەیەنێت. لە بەیاننامەكەدا، داوا لەو كەسانە كراوە كە مەرجەكانی خۆ كاندیدكردنیان تیادایە، داواكانیان بەشێوەی نوسراو و پاڵپشت بە بەڵگەنامەی ڕەسمی لەگەڵ سیڤی كەسییان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن و ڕادەستی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكەن، لە كۆشكی كۆنگرەكان لە كاتژمێر ٩ی بەیانییەوە تا ٣ پاشنیوەڕۆی ڕۆژانی (سێشەممە و چوارشەممە و یەكشەممە) ڕێكەوتی 18، 19، 23ى ئةم مانگە. بەپێی زانیارییەکانی "درەومیدیا"ئەو ناوانەی خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە بریتین لە: - سەردار عەبدوڵا - لەتیف ڕەشید - محەمەد سابیر - مەلا بەختیار - فازیل میرانی - بەرهەم ساڵح - ىسەلیم شوشكەیی - عومەر بەرزنجی - کەمال عەزیز قەیتولی مەرجەكانی كاندیدی سەرۆك كۆمار: بە گوێرەی مادەی 66ی دەستوری هەمیشەیی عێراقن دەسەڵاتی جێبەجێكردنی فیدراڵی لە عێراق پێكدێت لە سەرۆك كۆمار، ئەنجومەنی وەزیران و بە گوێرەی ددەستور و یاسا دەسەڵاتەكانیان پیادەدەكەن. هەروەها مادەی 67ی دەستوری عێراق دەڵێت: " سەرۆك كۆمار، سەرۆكی وڵات و نیشانەی یەكپارچەیی نیشتمان و سەروەری وڵاتە، هەوڵدەدات بۆ پابەندبوون بە دەستور و پارێزگاری لە سەربەخۆیی و سەروەریی و یەكێتی و پاراستنی خاكی عێراق بەپێی بڕگەكانی دەستور. لە مادەی 68یی دەستوریشدا هاتووە كە پێویستە كاندید بۆ سەرۆك كۆمار ئەم مەرجانەی تێدابێت: یەكەم: لە عێراق لە دایكبوبێت و دایك و باوكی عێراقیی بن. دووەم: لێهااتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی 40 ساڵی تەواوكردبێت. سێیەم: ناوبانگێكی باش وشارەزایی سیاسی هەبێت و بە پاكێتی و سەرڕاست و دادوەر و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسراوبێت. چوارەم: حكوم نەدرابێت بە تاوانێك كە لەكەداری بكات. هەروەها بەگوێرەی یاسای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە پەرلەمانی عێراق پەسەندیكردووە دوو مەرجی تر بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار زیادكراوە كە ئەمانەن: یەكەم: نابێت ئاستی خوێندنی لە بڕوانامەی بەرایی زانكۆ " بەكالۆریۆس" كەمتربێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقەوە پەسەندكرابێت. دووەم: یەكێك نەبێت لەوانەی كە رێوشوێنەكانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەیی دەیانگرێتەوە، یان هەر رێوشوێنێكی تر كە جێگەی بگرێتەوە.
( درەو میدیا): شارەزایەكی كاروباری سیاسی عێراق دەڵێت، قیبلەنوماكە لە عێراق بەتەواوی ڕووی لە ئێرانە، ئەمریكییەكان شكستیانهێنا لە بەدەستهێنانی هیچ دەستكەوتێك لەسەر ئاستی سیاسی، هەردوو هاوپەیمانیی سائیرون و فەتح ڕێككەوتون لەسەرئەوەی هیچ حكومەتێك پێكنەیەت ئەگەر لەسەر بنەمای شەراكەت نەبێت لەنێوانیاندا، ئەمەش بەو مانایەی حكومەتی داهاتوو حكومەتی شەراكەت دەبێت، نە حكومەتی زۆرینەی سیاسی و نە حكومەتی فەزای نیشتمانی، وەك ئەوەی سەدر و مالیكی پێشتر بانگەشەیان بۆ دەكرد، هیچ بەرەیەك تاك لایەنە هەنگاونانێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەوەش ئەوەبوو كە ئێران لەسەرەتاوە هەوڵی بۆ دەدا، لەڕێی كۆكردنەوەی هەردوو جەمسەرە شیعییە براوەكەی هەڵبژاردن لە هاوپەیمانێتیەكدا، یاخود شەراكەتێكی سیاسی بۆ پیكهێنانی حكومەت، بە پێچەوانەی هەوڵەكانی ئەمریكا كە دەیویست فەتح دووربخاتەوە كە 13 باڵی سیاسی گروپە چەكدارەكان لەخۆدەگرێت و لە ماوەی مانگێك لە ئێستا بەدواوە كۆنگرێسی ئەمریكا ئامادەكاریی دەكات بۆئەوەی هەندێكیان بخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە. دكتۆر ئەحمەد حەمدانی بە ڕۆژنامەی(ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی، قەتەری وتووە" ڕەتكردنەوەی 4 كوتلەی سوننی لە كۆی 6 كوتلە بۆ فشارەكانی ئەمریكا و دەستی دەستی كردنی كورد لە پەسەندكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەبادی و پشتیوانیكردنی بۆ ولایەتی دووەم، كە بەدڵنیایی "شۆك" بوو بۆ كۆشكی سپی، دەشڵێت" بەدڵنیاییەوە ئەمریكییەكان ڕازینابن بەو شكستە سیاسییەیان لەناو عێراق و تەسلیم بەهەژموونی ئێران نابن، دوای ئەو هەموو قوربانییە مرۆیی و مادییانەی لەو وڵاتە پێشكەشیانكردووە، ئەوەش پرسێكە كە حاڵی حازر عێراقییەكانی نیگەرانكردووە، نەك تەنها سیاسییەكان بەڵكو لەسەر ئاستی میللییش". ئەو شارەزا سیاسییە ڕاشیدەگەیەنێت، ئەمریكییەكان بەڵێنەكانیان سەبارەت بە ڕیفراندۆم و جیابوونەوەیان لە عێراق و، ڕێگەنەدان بەبەغداد كەركوك لەژیر دەستیان دەربهێنێت، كە بە كوردەكانیان دابوو نەیانبردەسەر، هەروەها ئەو بەڵێنەشیان بۆ سوننەكان نەبردەسەر ، سەبارەت بەڕێگەگرتن لە چونە ناوەوەی میلیشیا چەكدارەكان بۆ فەلوجە و موسڵ و تائێستاش كۆنترۆڵی ئەو شارانەیان لەدەستدایە، تەنانەت سەبارەت بە پێكهاتەی مەسیحیش، پێشتر ئەمریكییەكان بەڵێنیان بە كەنیسەی موسڵ و كەركوك دابوو هەڵمەتی هاندانی كۆچی مەسیحییەكان ڕاگرن لەبری ئەوە ڕێگاكانی كۆچیان بۆ ئاسانكردن. بە بۆچونی ئەو شارەزا سیاسییە، ئەمریكا ڕێوشوێنەكانی دژ بەئێران لەسەر ئاستی و ئەمنیش توندتر دەكات دوای ئەم پێشهاتە نوێیانەی عێراق.
( درەو میدیا): هاوپەیەمانی بنیاتنان " البناء" كە هادی عامری و نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكەن رایدەگەیەنێت پێنج كاندیدی هاوپەیمانی سائیرون و فەتح كێبركێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دەكەن. عامر فایز پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بنیاتنان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هاوپەیمانی سائیرون و ئیئیتلافی فەتح هەریەكەی سێ كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بە رەسمی پێشكەشكردووە. ئاشكراشیكرد كاندیدەكانی هاوپەیمانی سائیرون بریتین لە عادل عەبدولمەهدی، ئەسعەد عیدانی و عەبدولوەهاب ساعدی و كاندیدەكانی فەتحیش بریتین عادل عەبدولمەهدی، فالح فەیاز و عەلی شوكری. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكیش هەردوو هاوپەیمانێتییەكە تا رادەیەك كۆكن لەسەر ئەوەی تەنها عادل عەبدولمەهدی كاندیدبێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
(درەو میدیا): قەیرانی پێكهێنانی شەشەمین كابینەی حكومەتی عێراق، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر پێینایە مانگی چوارەمییەوە، لاوازیی ئاشكرای ڕۆڵی ئەمریكای دەرخست لەبەرامبەر ئەو هەژموونە بەهێزەی ئێران هەیەتی لە عێراق، لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و ئەمنی، و بگرە گەیشتوەتە سیستمی كۆمەڵایەتی و ئایینی و تەنانەت ڕۆشنبیریش. وەزیرێكی دیاری عێراقی و یەكێك لە هاوپەیمانەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدیدی) ڕاگەیاندووە:" واشنتۆن ئێستا لە عێراق لە دۆخێكدا دەژی كە ئەكرێت بە شۆك ناوی بهێنرێت، بەجۆرێك تەنانەت هاوپەیمانەكانی لە سیاسییەكانی كورد و سوننەش گوێ بە فشارەكانی نادەن و باوەڕیان بە بەڵێنی ئێرانییەكانە زیاترە لە ئەمریكییەكان". ئەو بەرپرسە عێراقییە باسی ئەوەی كردووە، عەبادی كە لەلایەن واشنتۆنەوە پشتیوانی دەكرێت لە كێبركێكە چوەتە دەرەوە و هیچ ڕۆڵیكی نەماوە، كوتلەی (نەسر) پەرتوبڵاوبووە و 27 پەرلەمانتاری ماوە لە كۆی 42 پەرلەمانتار، دوای چونیان بۆ بەرەی بەرامبەر (نوری مالیكی و هادی عامری) كە ئێران پشتیوانیان دەكات. لەڕووی كرداریشەوە، كەسایەتییەكی سوننە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بردەوە، كە لەلایەن حەشدی شەعبی و مالكییەوە پشتیوانی دەكرێت، سەرۆكی حكومەتیش بە سازان لەنێوان (موقتەدا سەدر و هادی عامری) هەڵدەبژێرێت، لەوەش گرنگتر هەردوو لایەنەكە ڕێككەوتوون كە یەكەم كاری پەرلەمانی نوێ، داڕشتنی یاسایەك بێت بۆ كردنە دەرەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان لە عێراق، لەسەروو هەمووشیانەوە سوپای ئەمریكا. بەوتەی ئەو وەزیرە عێراقییە، دانیشتنی ڕۆژی شەممەی پەرلەمان، وەك تەسلیمبونی سیاسی وابوو بە ئێرانییەكان، دۆڕاندنی خالید عوبەیدی، هاوپەیمانی سەدرییەكان و عەبادی، هەروەها ئوسامە نوجێفی، كە لەلایەن ئەمریكا و توركیا وڵاتە عەرەبییەكانەوە پشتیوانی دەكرا، لەبەردەم گەنجێكی تەمەن 37 ساڵ، بە مێژووییەكی سیاسی بەتاڵ و كۆمەڵێك دۆسیەی دادگاوە، مانای وایە سوننەكان خۆیان عوبەیدی و نوجێفیان هەڵنەبژارد و، كاندیدێكیان پەسەندكرد كە ئێرانییەكان لێی ڕازیبن. لە بەشێكی تر قسەكانیدا ئەو وەزیرە عێراقییە ئاشكرایكردووە" كوتلە سونییەكان بەڵێنی زۆریان لەلایەن ئێرانییەكانەوە پێدراوە، لەوانە كشانەوەی میلشیاكان لە شارە سوننەنشینەكانی باكور و ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق و بنیاتنانەوەی شارە ئازادكراوەكان لەدەستی "داعش" و ئازادكردنی دەیان هەزار دەستگیركراو و زامنكردنی پاراستنی خاكی پارێزگای نەینەوا و جیانەكردنەوەی هیچ بەشێكی لە بەرژوەندی هەرێمی كوردستان و، پشتیوانی پێكهاتەی عەرەبی لە كەركوك و گەڕاندنەوەی دانیشتوانی (جورف ئەلسەخرو عویسات و یەسرب) و چەند ناوچەیەكی تر بۆ سەر زێدی خۆیان، هاوكات ئێرانییەكان بەڵێنی تایبەتیشیان لەبواری دۆسیەی ئەمنیدا بەكورد داوە. ڕۆژنامەكە ئەوەشی بڵاوكردوەتەوە، كورد و سوننە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو ئەزمونێكی تاڵیان هەیە لەگەڵ بەڵێنەكانی ئەمریكا، بەنیسبەت شیعەش، عەبادی دەرسێك دەبێت بۆ هەر هێزێكی تر گرەو لەسەر پشتیوانی ئەمریكا بكات لەسەر حسابی ئێران. سەرچاوەكەی (عەرەبی ئەلجەدید) قسەكانی بەوە كۆتایهێناوە، كە ڕەنگە عەبادی جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ لەندەن، كە پێشتر لێی دەژیا، لەو بڕوایەشدا نیە وەك ئەندامێك بگەڕێتەوە پەرلەمان، چونكە دوژمنی زۆرە، هەڵەكەی لەوەدابوو هەموو كارتەكانی خستە ناو سەبەتەی ماكگۆرك و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق. بەپێچەوانەی خولەكانی ڕابردوەوە، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران زیاتر لە 29 ئەندامیان هەیە لە پەرلەماندا، كە پێشتر وەك چەكدار لەچوارچێوەی گروپە چەكدارەكاندا بوون، لەوانە 7 یان پێشتر بەشدارییان لەشەڕی سوریا كردووە لەپاڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، لەنمونەی، حەسەن سالم كە سەربە گروپی عەسائبەو، ئەحمەد ئەسەدی و ئەبو مەریمی ئەنساری،جگە لە 100 پەرلەمانتاری تری حزبە جیاوازەكان، كە دیارترینیان حزبی دەعوە و فەزیلە ئەنجومەنی باڵا و كوتلە سونییە جیاوازەكانن، كە بەكردار ساڵانێكە دوای ئەجێندای ئێران كەوتوون، ئەوەش بەو مانایەی نزیكەی نیوەی پەرلەمانی عێراق لەژێر هەژموونی ئێراندایە و بەوەش تێپەڕاندنی بڕیارەكان تیایدا ڕەنگە لەهەموو كات ئاسانتربێت. سەرچاوەی زانیارییەكان: رۆژنامەی (العربی الجدید)
(درەو میدیا): ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی كۆبوەوە و بڕیاریدا بۆ رێگەگرتن لەهەر سنوربەزاندێكی توركیا، هێزەكانی پاسەوانی سنور بە درێژایی سنوریی توركیا جێگیربكرێن. بە گوێرەی بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنەكەی، ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی باڵای هێزە چەكدارەكان كۆبووەتەوە و دۆخی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سنورەكانی عێراق و ئاسمانی عێراق و رێكخستنەوەی پۆلیسی فیدراڵی و دۆخی پارێزگای بەسرە تاوتوێكراوە و ئەنجومەنە ئەم بڕیارانەی دەركردووە: یەكەم: وەزارەتی ناوخۆ ئەركی چاوخشاندنەوە بە پەیكەری رێكخستنی فیرقەكانی پۆلیسی فیدراڵی لەئەستۆدەگرێت. دووەم: وەزارەتی دەرەوە رێوشوێنی پێویست بۆ بە دۆكیۆمێنتكردنی پێشێلكارییەكانی توركیا و بەزاندنی ئاسمانی عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەستۆدەگرێت و بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەخاتەڕوو. سێیەم: بۆ پاراستنی سنورەكان و رێگەگرتن لەهەر پێشێلكارییەك هێزەكانی پاسەوانی سنور بە درێژایی سنوری عێراق – توركیا بڵاودەكرێنەوە و ئامادەكاریی و پێداویستی تەواوەتییان بۆ دابیندەكرێت. چوارەم: پەسەندكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتنی ئەمنیی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەنگاریا و سەرپشككردنی وەزیری ناوخۆ بۆ دانوستان ئیمزاكردنی.
(درەو میدیا): محەمەد حەلبوسی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق بە رەسمی بانگهێشتی عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دەكات، بۆئەوەی سەردانی عێراق بكات و دەشڵێت پەرلەمانتارانی عێراق دژی گەمارۆی ئابوریین بۆسەر ئێران. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی " فارس نیوز"ی ئێرانی، لاریجانی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ حەلبوسی كردووە پیرۆزبایی لێكردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنییەوە بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق. هەروەها لاریجانی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ئاماژەی بەوەداوە كە لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا رۆڵی حەلبوسی زۆر گرنگە بۆ رێكخستنەوەی دۆخی عێراق و جەختیشیكردوەتەوە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هیوای بەختەوەریی و بەرزیی بۆ حكومەت و گەلی عێراق دەخوازێت و هەمیشە پاڵپشتی دەبێت. بەوتەی ئاژانسە ئێرانییەوە سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش رۆڵی ئێرانی بەرزنرخاندووە و رایگەیاندووە گەلی عێراق و ئەندامانی پەرلەمان هاوكاری كراوەی ئێران بۆ عێراق بە تایبەتیش لە رزگاركردنی عێراق لە داعش بەهەند وەردەگرن. حەلبوسی جەختیشیكردوەتەوە كە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دژی هەموو گوشار و گەمارۆیەكی ئابوریین لەسەر ئێران و بە ستەمی دادەنێن و بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی ئێران. لە كۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەشدا حەلبوسی بانگهێشتی هاوتا ئێرانییەكەی كردووە بۆئەوەی بە رەسمی سەردانی عێراق بكات.