Draw Media

 (درەو میدیا):  ئەمریكا بەرپرسیارێتی هەر هێرشێك كە لە عێراق بكرێتەسەر بەرژەوەندییەكانی، دەخاتە ئەستۆی ئێران و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی خێرا دەكات. سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی ئەمریكا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند" ئەمریكا بەشێوەیەكی خێرا و یەكلاكەرەوە وەڵامی هەر هێرشێك دەداتەوە كە هاوپەیمانەكانی ئێران لە عێراق بیكەنەسەر بەرژەوەندییەكانی و ببێتەهۆی برینداركردنی هاوڵاتیانی ئەمریكی یاخود زیانگەیاندن بە دامەزراوە ئەمریكییەكان". بەیاننامەكە ئێران تۆمەتبار دەكات بەوەی هیچ دەستوەردانێكی نەكردووە بۆ رێگرتن لەو هێرشانەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەسرەو بەغداد كراونەتەسەر كونسوڵگەری و باڵیۆزخانەی ئەمریكا، لەكاتێكدا "ئەو هێرشانە لەڕێگەی بریكارەكانی ئێرانەوە لە عێراق ئەنجامدراون، كە ئێران پارە و چەكیان پێدەدات و راهێنانیان پێ دەكات". هۆشداریش دەدات بە ئێران لەبارەی ئەوەی" بەشێوەیەكی خێرا و یەكلاكەرەوە وەڵامی هەر هێرشێك دەداتەوە بۆ بەرگیركردن لە گیانی هاوڵاتیانی خۆی". رۆژی هەینی سێ گوللە هاوەن لەناوچەی سەوزی بەغداد كەوتەخوارەوە، كە ناوچەیەكی پارێزراوە و بارەگای حكومەت و پەرلەمان و باڵیۆزخانەی وڵاتانی تێدایە، هێرشەكە هیچ زیانێكی لێنەكەوتەوە، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەوە یەكەم هێرشی لەوجۆرە بوو بۆسەر ناوچەی سەوز. كوسنوڵگەری ئەمریكا لە بەسرە دەكەوێتە نزیك ئەو فڕۆكەخانەی كە رۆژی شەممە هێرشی موشەكی كرایەسەر.  


دامەزراوەی "درەومیدیا" چاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ نوسەرو ڕوناكبیری  كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە و تیایدا قسە لەسەر دۆخی گشتی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و نیگەرانیەكانی خەڵك و شكستی ئیداری و حوكمڕانی و ڕۆڵ و پێگەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی جاران و كۆمەڵێك پرسی تر دەكرێت، هەفتانە  د.مەریوان وریا قانع وەڵامی یەكێك لەپرسیارەكان دەداتەوەو لە(درەومیدیا)وە، بڵاودەكرێتەوە. پرسیاری یەكەم:  درەو میدیا/ قسە زۆر لەسەر ئومێد ئەكرێ و دژە نائومێدیش وەكجۆرێك لەبەرەنگاری و زیندوێتی ڕۆحی تەحەدی، پێتانوانیە ئومێد بۆخۆشی لەسەر كۆمەڵێك بنەمای واقیعی بنیاتدەنرێت، یان لانی كەم كەرەستەكانی بەردەست و بەرجەسەتەبن، لەغیابی كەرەستەكاندا، دروستكردنی ئومێد بۆخۆی جۆرێك نیە لەوەهم؟  مەریوان وریا قانیع : بەر لەوەی بە وردی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە دەمەوێت بڵێم پێویستە ھەمیشە مەسەلەی ئومێد زۆر بە جدی وەربگرین، بە ئاسانی دەستبەردار نەبین و لە سایکۆلۆژیای تایبەتیی ئەم یان ئەو نووسەر و ئەم یان ئەو گروپ و ھێزی کۆمەڵایەتییەوە لێینەڕوانین. چونکە ھیچ یەکێک لەوانە یارمەتیمان نادەن لەو واقیعە کۆمەڵایەتیی و مێژووییە بگەین کە لەناویدا دەژین. وەک ئێوە دەزانن ساڵانێکی درێژە من بەرگریی لە پلۆرالیزم دەکەم و بە مەسەلەی سەرەکیی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایتیی و ڕۆشنبیریی خۆمانی دەزانم. بەڵام پلورالیزم ھەرگیز بەتەنھا مانای بوونی ھێز و گروپ و خەون و زمان و چاوەڕوانیی و جیھانبینی جیاواز نییە، ئەوانە ڕەگەزی زۆر سەرەکیی و گرنگیی ناو پلورالیزم، بەڵام ھەموو پلورالیزم نییە. ڕەھەندێکی گرنگیی پلورالیزم مانای بوون و ئامادەگیی زیاد لە واقیعێکە لەناو ”واقیع“ خۆیدا، بینینی واقیع خۆیەتی وەک واقعێکی پلورال. لەم دیدەدا ھەموو واقیعێک واقعێکی ئاڵۆز و پلورالە، کۆمەڵێک واقیعی جیاوازە لەناو یەک واقیعدا. شتەکان ھەرگیز بە یەک شێوە لە ناو دونیادا ئامادە نین، یەک ”بونیاد“ و یەک ”سیستم“  و یەک ”عەقڵ“ و یەک ”خودا“ و یەک ”حەتمیەت“ بوونی نییە کە لە ژێرەوە گشتێتی واقیع، یان ھەموو واقیع لەباوەشگرتبێت و بە کۆمەڵێک میکانیزمی پۆڵایینەوە حوکمیبکات. ئەم دیدە بۆ واقیع دیدێکی تەواو میکانیکیی و ھەڵە و ناتەواوە، لە ڕاستیدا دیدێکی خورافیی و کاریکاتێرییە. واقیع بەردەوام واقیعێکی پلورالە و دینامیکیەتی خۆی ھەیە و بەردەوامیش لە جوڵە و گۆڕان ڕوخان و دروستبووندایە.  لەم ڕوانینە دینامیکیەدا بۆ واقیع مەسەلەی ”ڕێکەوت“، یان ”بیرلێنەکراوە“ یان ”چاوەڕواننەکراو“، ئەوەی بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت contingency، ڕۆڵی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. ”ڕێکەوت“ یان ”بیرلێنەکراوە“ خۆی دەبێت بە بەشێک لە واقیع خۆی، دەبێت بەیەکێک لەو ھێزانەی کە یارمەتیی گۆڕانکاریی ئەدات. بەم مانایە واقیع تەنھا بونیاد و سیستم و یاسا و جوڵەی بابەتیی و حەتمیەتی میکانیکییانە نییە و ھەموو پێناسەکردنێکی واقیع بەو تێرمانە تەواو ناڕاست و کورتھێن و ھەڵەیە. بڕێکی گەورەی ئەوەی دەبێت بە ”واقیع“ پەیوەستە بە ”ڕێکەوت“ەوە، بەو شتانەوە کە سەرەتا چاوەڕواننەکراو بوون، لەوانەش بۆ نموونە، ڕێکەوتی دروستبوونی گروپێکی سیاسیی شێلگێر، ڕێکەوتنی سەرھەڵدانی کۆمەڵێک ڕۆشنبیریی جدیی، ڕێکەوتنی لاوازبوونی دەوڵەتێک، ڕێکەوتی درستبوونی سەرکردەیەکی کاریزمی بەھێز و خاوەن خەون، ڕێکەوتی لێکنزیکبوونەوەی چەند ھێزێکی کۆمەڵایەتیی،.بەرپابوونی ھەندێک جەنگ و پێکدادانی گەور و بچووک، ھتد... ھەموو ئەمانە دەشێت ڕۆڵی سەرەکیی لە ژێرەژووربوونەوەی واقیعدا بگێڕن.  جگە لەمانە ”ڕێکەوت“ پەیوەندییەکی پتەویشی بە ”ئەگەر“ەوە ھەیە، ھەموو واقیعێکە ئەگەری جوڵە و گۆڕان و داڕشتنەوەی لەناو ھەناوی خۆی تێدایە. ئەو ئەگەرانە حەتمیەت نایانجوڵێنێت، بەڵکو ھەندێکجار ڕێکەوت ڕێگەیان بۆ دەکاتەوە بۆئەوەی لەناو واقیعدا بەرجەستەبن. جگە لە ھەموو ئەمانە واقیع تەنھا لە ئاستێکیدا ئەوەیە کە ھەیە و بە ئێمە دراوە، لە ئاستەکانی تریدا ئەوەیە کە ئێمە چی لەو واقیعە دەکەین، چۆن لەناویدا ئامادەدەبین، چ جۆرە بەشدارییەکمان لەناویدا ھەیە، مەبەستەکان و چاوەڕوانییەکانمان لەناویدا چییە، چەند چالاکانە یان پاسیڤانە لەناویدا دەجوڵێین. ھەمیشە تەنھا ”بەشێک“ لە واقیع بە ئێمە دراوە، بەشەکانی تری، دەکرێت بڵێم بەشە زۆرکەی، پابەستی کردە و چالاکییەکانی ئێمەیە لەناویدا. ئەمە وادەکات من باوەڕم وابێت ھەمیشە ھەندێک ئەگەر و توانا ھەبن بۆئەوەی ھەم دونیایەکی باشتر دروستبکەین، ھەم خۆشمان بکەین بە خودێکی باشتر. ئەگەرەکانی ناو واقیعیش پەیوەندییان بە بڕی ئامادەگیی چالاکانەی مرۆڤەوە لەناو واقیع خۆیدا ھەیە. بێگومان پەیوەندیشیان بەو جۆرە قسە و گوتار و دونیابینیانەشەوە ھەیە کە لەناو ئەو واقیعەدا کاردەکەن. بەکورتییەکەی مەسەلەکە لە ئاستە سۆسیۆلۆژیی و فەلسەفییەکەیدا مەسەلەی خۆشباوەڕیی نییە، سەتحیی ڕوانین نییە، بەرخوردی دڵخۆشکەرانە نییە، بەڵکو پابەستی ئەوەیە چ ڕوانینێکمان بۆ واقیع و بۆ مرۆڤ و بۆ ڕۆڵی ڕێکەوت و بۆ کردەی کۆمەڵایەتیی و بۆ ڕۆڵی فیکر و گوتار و ھەڵسوکەوتەکان، ھەیە. پرسیاری سەرەکیی ھەر واقعێک ئەوەیە ئایا  ئینسان لەو واقیعەدا  وەک بکەرێکی چالاک ئامادەیە یان نا. ئەگەر ئامادەیە ئەم ئامادەگییە چۆن لێکبدەینەوە و ئەگەر نائامادەشە بۆ نائامادەیە. واقیع شتێک نییە لە دەرەوەی ڕەنج و تەقالا و ھەوڵی ئینسانەکاندا بوون یان مانایەکی تەواوی ھەبێت. ئەوەشی ھەیە و لە ئێستادا دروستکراوە، قابیلی سەرلەنوێ دروستکردنەوە و داڕشتنەوە و گۆڕان و تازەکردنەوەیە. دەکرێت ھەبوونێکی تری ھەبێت،کە لە ئێستادا نیەتی، یان زەحمەتە ھەیبێت، مەسەلەکە پەیوەندیی بە بوونی یاسای بابەتەیی و بونیاد و سیستمەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە شێوازیی ئامادەگیی تاکەکەسەکان و ھێزەکانەوە ھەیە لەناو ئەو واقیعەدا کە دروستکراوە. ھیچ واقیعێکیش خۆژیەن، self-sufficient، نییە، بەڵکو ھەمیشە ھێزێک یان چینێک یان گروپێک ئەو واقیعە دەژیەنێت و درێژە بەژیانی ئەدات، ھەر ھێز و کەس و گروپی تریش دەتوانن بینێژن و شتێکی تازە دروستبکەن. بە کورتییەکەی بۆ ئەوەی لە واقیع تێبگەین پێویستە خاڵی سەرەکیی و بنەڕەتیی لە ڕوانینماندا بۆ واقیع مەسەلەی کردەی مرۆیی و شێوازی ئامادەگی تاکەکەس و گروپەکان بێت لەناو مێژووی خۆیاندا، نەک نووقمبوون لەناو باسکردی کۆمەڵێک بونیاد و ڕێگر و سیستمی پۆڵایینی گریمانکراودا، کە نەکرێت دەسکاریبکرێن. ئێمە ھەموومان وەک تاکەکەس و وەک خاوەنی زمان و قسە و کردە، وەک ئەندامی ئەم یان ئەو گروپی کۆمەڵایەتیی، وەک کەسی چالاک یان پاسیڤ، بەشێکین لە واقیع و بەشدارین لەوەدا چۆن دروستبووە و چۆن دروسەبێت و چۆن دەگۆڕێت یان ناگۆڕێت. ئەوانەی ڕەشبینن باس لەوە دەکەن کە ”مەحاڵ“ە دەسکاریی واقیع بکرێت، ئەوانەشی کە گەشبینن باس لە ”حەتمیەت“ی گۆڕاکاریی دەکەن. لەنێوان ئەم دوو دیدەدا دیدێکی تر ھەیە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە شتێک ھەیە ناوی مرۆڤە، ناوی مرۆڤەکانە، ناوی بکەری مێژووییە، ناوی ڕێکەوتە، ناوی کردەی ئینسانییە، ناوی توانای دروستکردنی سەرەتای تازەیە، کە ھەموویان بەشداران لەوەدا کە دروستدەبێت و دەپارێزرێت و دەسکاریدەکرێت و دەگۆڕدرێت. شتێکیش بەمانای بوونی ”خود“ یان ”بوونی تاکەکەسیی“ لەپێش یان لەدەرەوەی کردەکانەوە بوونی نییە. ئەوەی دەمانکات بە خود و دەمانکات بە تاکەکەسێکی تایبەت کردەکانمانە، شێوازی ئامادەبوونمانە لەناو مێژوودا، ئەو پەیوەندییانەیە کە بە جیھانەوە دروستیدەکەین، دەسکاریکردنی زمانمانە. ”کەسبوون“ شتێک نییە پێشوەخت پێماندرابێت، شتێکە بە بەردەوامی دروستیدەکەین. واقیعیش شتێکە ھەموو ڕۆژێک دروستدەکرێت و بەرھەمدەھێنرێتەوە و دەگۆڕدرێت و درێژدەکرێتەوە. ھەموو ئەمانەش لەڕێگای کردەی ئینسانییەوە ڕووئەدەن، بۆیە کردە گرنگە. ئەگەر لەم دیدەوە لە واقیعمان ڕوانیی، بەبێ ئەوەی باوەڕمان بە حەتمیەت یان ئایدیۆلۆژیایەکی گەشبین بێت، ھەمیشە ڕووبەرێک بۆ کردەی مێژوویی دەبینین، گرنگیی دەستپێشخەریی ئینسانیی دەبینین، ڕۆڵی ڕێکەوت دەبینین، و توانای گۆڕان و تازەبوونەوەش، دەبینین. وەک دەبینن ئومێد لێرەدا لەسەر دیدێکی یۆتۆپی بونیادنەراوە، لەسەر وەھم و خورافەت دروستنەکراوە، بەشێکیش نییە لە ئایدیۆلۆژیایەکی مژدەبەخش، بەڵکو لەسەر وێنەیەکی ئاڵۆز و دینامیکی بۆ کۆمەڵگا و بۆ مرۆڤ و بۆ کردەی مێژووی دروستکراوە. نەبوونی ئەم وێنەیە بۆ واقیع تەنھا بکەرە کۆمەڵایەتییەکان لێی بەرپرسیار نین، بەڵکو ئەو شێوازەش لە فیکر لێی بەرپرسیارە کە لەسەر ئەو واقیعە کاردەکات. لەبیرمان نەچێت لەپاڵ توندوتیژیی ھێزە حوکمڕانەکانی دونیای ئێمەدا، لەپاڵ سیاسەتی وێرانکەریی ھێزە سیاسییەکاندا، جۆرێکی زۆر خراپ لە فیکری ”سیستمگەرایی“ و لە فیکری ”دژەسیاسەت” و ”دژەکردار“ لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە، کە بەسەریەکەوە ڕێ لە سادەترین شیکردنەوەی زانستیی و نیمچەزانستی ئەو واقیعە ئاڵۆزە دەگرن و ھەموو کردەیەکی مێژوویی دەکوژن. کە ئەمانە دەڵێم نکوڵی لەوە ناکەم کە دۆخی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمە دۆخێکی سەخت و قەیراناوییە، ئەگەری دەسکاریکردنی کایە سیاسییەکەی و سنووردانان بۆ باڵادەستیی نوخبە و بنەماڵە حوکمڕانە خراپەکانی، لاوازە. ھاوکات باوەڕیشم وایە لە دونیای ئێمەدا تا کایەی سیاسیی ڕادیکاڵانە ڕیفۆرم نەکرێت و بەشێوەیەکی تەواو جیاواز دانەڕێژرێتەوە، زەحمەتە لە بوارەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئاوبووریی و دەزگایی و بیرۆکراسیدا گۆڕانکاریی گرنگ بکرێت. لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەبێ دەسکاریکردنی کایەی سیاسەت دەسکارییکردنی کایەکانی تر لە مەحاڵ نزیکبۆتەوە. لەم ڕووەوە ئێمە لەو جۆرە لە ساتەوەختی مێژووییدا دەژین کە ھانا ئارێنت ناوی ”سەردەمی تاریک”ی لێدەنێت. سەردەمی تاریک بەمانای نەمانی ژیانێکی گشتیی لە کۆمەڵگادا کە تیایدا بیر و ڕا و بۆچوونی مرۆڤەکان نرخ و بەھا و گرنگیان ھەبێت و ھەقیقەتە جیاوازەکان لەناو ئەو ژیانە گشتیەدا دەربکەون و بەسەریەکیشەوە وەک سەرەتایەک بۆ کردەی مێژوویی نوێ و چالاک دەستبەکاربن. بەڵام وەک ئارێنت خۆشی دەڵێت تەنانەت لەناو ئەو ساتەوەختە تاریکانەشدا مرۆڤ مافی ئەوەی ھەیە ھەندێک تیشک و درەوشاننەوە ببینێت. دۆخی تاریک مانای ئەوە نییە ئێمە لەبەردەم واقیعێکداین ھیچ ئەگەرێکی گۆڕانکاریی تیادانەماوە، یان لەبەردەم واقیعێکداین خاڵیە لە مرۆڤ وەک بکەرێکی کۆمەڵایەتیی ھۆشیار، مانای ئەوەش نییە ھیچ ”ڕێکەوت“ێکی مێژوویی لەو واقیعەدا نەماوە کە وەک زەمینەی ھاتنەکایەی ھێز و ڕووداوی مانادار بۆ دەسکاریکردنی ئەو دونیایە، کاربکات. کە ئەمانە دەڵێم خۆشباوەڕیی و بیرکردنەوەی سەتحی بە کەس نافرۆشم. ئەم جۆرە تۆمەتە ھی ئەوانەیە کە توانای بیرکردنەوەیان نییە و لەسەر سادەکردنەوەیەکی کوشندەی واقیع و سادەکردنەوەیەکی ترسناکی فیکر و بیرکردنەوە دەژین. گەر دونیای دوای ڕاپەڕین وەک نموونە وەربگرین، دەبینین واقیعی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمە، بەھیچ مانایەک واقیعی بەر لە دونیای دوای ڕاپەڕین نییە، لە زیاد لە کایە و ئاست و پێگەیەکدا گۆڕانی گەورەی تیا دروستبووە، مەرج نییە ئەو گۆڕانانە گۆڕانبووبن بەرەو باشیی، زۆرێک لەو گۆڕانانە دۆخێکی ھێجگار خراپیان ھێناوەتەکایەوە. ئەو خاڵەی من دەمەوێت پێی لەسەر دابگرم ئەوەیە واقیع لە دونیای ئێمەدا وەک خۆی نەماوەتەوە و دونیای بەر لە ڕاپەڕین و دونیای دوای ڕاپەڕین دوو دونیای تەواو جیاوازن. کتێبی ”کۆمەڵگا و غەریبەکانی“ من، کە ئەم ساڵ بڵاوکرایەوە،  ھەوڵدانێکە بۆ نیشاندانی ئەو گۆڕانە قووڵانەی لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا لە زیاد لە ئاستێکی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی ئێمەدا ڕوویداوە و ئەو گۆڕانانەش ئەم قەیرانانەی ئەمڕۆکەیان دروستکردوە. 


ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت كاندیدی هەڵبژاردنەكان چۆن هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات و دەتوانێت متمانەی دەنگدەران بەدەستبهێنێت ؟ ئەمە پرۆسەیەكی سەخت و ماندوكەرە، پێویستی بە هونەر و لێهاتوویی هەیە، چونكە وەكو چەكێكی دوو سەرەیە، هەر هەڵەیەك بەشێوەی نەرێنی لەسەر كاندید دەكەوێت. مەبەست لە لێهاتوویی چییە ؟ لێهاتوویی بریتییە لە هونەری بەكارهێنان و قۆستنەوەی تواناكان بەشێوەیەكی باش، گوزارشتە لە شارەزایی و خوێندنەوەی ئەزمونەكان و كاركردن لەسەریان. مەبەست لە بەڕێوەبردن چییە ؟ كۆمەڵێك بنەما و پرۆسەی بەردەوامە لەپێناو بەكارهێنانی ئەو سامان و توانا مرۆیی و مادییانەی كە لەبەردەستدان و قۆستنەوەیان بە باشترین شێوە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی ئامانجێكی دیاریكراوی رون و ئاشكرا. لەرێگەی بەڕێوەبردنێكی باشەوە ئەوانەی كە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن چیان دەوێت، چی دەكەن، لە كوێ و چۆن و لە چ كاتێكدا، كامەیە تواناكانی بەردەستیان؟، خەڵكەكانیان كامانەن؟ مەبەست لە هەڵمەتی هەڵبژاردن چییە ؟ كۆمەڵێك چالاكی پەیوەندیگرتنی پلان بۆداڕێژراوی رێكخراوە, كە تاك یاخود كوتلەیەك یاخود پارتێك دەیكات بەدوور لە هەركارێكی هەڕەمەكی، بەمەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی دەنگدەران.             * ئامانجەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن هەر هەڵمەتێكی هەڵبژاردن كار بۆ بەدیهێنانی سێ ئەركی هاوسەنگ دەكات: 1-    گرەنتیكردنی دەنگی دەنگدەرانی لایەنگری پارتەكەی، لەرێگای چەسپاندن و بەهێزكردنی هەڵوێستەكانیان و پاراستنیان لە كاریگەری پروپاگەندەی ركابەرەكانی. 2-    دانانی كاریگەری لەسەر زۆرترینی ئەو توێژانەی كە بێلایەنن، ئەمانە ئەو توێژانەن كە لەلایەن هەموو كاندیدەكانەوە كراونەتە ئامانج. 3-    پوچەڵكردنەوەی هەڵوێستی ركابەرەكان و گۆڕینی ئاڕاستە و بێ متمانەكردنی دەنگدەران بە بەرنامە و بیروبۆچونەكانیان.                *گرنگترین ئامرازە بەكارهێنراوەكانی پەیوەندیكردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا * بەسەركردنەوەی ماڵ و كۆبونەوەكان و هەر جۆرە پەیوەندییەكی تایبەتی * پۆستەری تایبەت بە بەرنامەی هەڵبژاردن * پۆستەری تایبەت بە لیستی هەڵبژاردن و ژیاننامەی كاندیدەكان * لافیتەی قوماش و كاغەزی كە گوزارشت لە بەرنامەی هەڵبژاردن بكات * كاغەز و نامەی پێچراوەی رەنگاوڕەنگ كە بەرنامەی هەڵبژاردنی كاندیدەكان لەخۆبگرێت * دروشمی دیوارەكان كە هەمان ناوەڕۆكی تابلۆ قوماشییەكان لەخۆدەگرێت * ئۆتۆمبیلی بانگەشەكردنی گەڕۆك كە بانگەواو بۆ بەرنامەی هەڵبژاردن و ناوی كاندیدەكان دەكات * بانگەشە و ریكلامی هەڵبژاردن لە دەزگا راگەیاندنە جەماوەرییەكان * فێستیڤاڵ و رێپێوانە جەماوەرییەكان                 *قۆناغەكانی پلانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن هەر پرۆسەیەكی پلاندانان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بەچەند قۆناغێكی جۆراو و گرنگ و یەكانگیردا تێدەپەڕێت، گرنگترینیان: 1-     خۆئامادەكردنی كاندیدەكان و دیاركردنی باشترین بژاردە  2-    ئامادەكردنی تۆمار و زانیارییەكان لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە 3-    خوێندنەوەی ژینگەی هەڵبژاردن لەڕووی كێشە و بەربەست و دەنگدەرو ركابەرەكانەوە.. هەموو ئەو شتانەی كە تایبەتن بەو بازنانەی كە هەڵبژاردنیان تێدا بەڕێوەدەچێت 4-    ئامادەكردنی بەرنامەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەمانی پێشوتر، دەبێت بەرنامەكان رون و واقیعی بێت و پەیوەندیداربێت بە جەماوەرەوە 5-    دانانی پلانێكی دارایی بۆ دابینكردنی پارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن 6-    دیاریكردنی ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی گونجاو و ئامرازەكانی بانگەشەكردن 7-    خشتەكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و شێوازی جێبەجێكردنی                          *ئامرازەكانی لێهاتوویی بۆ جێبەجێكردن (10) بابەت هەن كە وەكو لێهاتوویی بنەڕەتی پێویستن بۆ جێبەجێكردنی پلانی هەڵبژاردن ئەژماردەكرێن. یەكەم: دیاریكردنی باشترین كاندید لەناو كۆمەڵێكی زۆری كاندیدەكان و دیاریكردنی باشترین پێوەر بۆ هەڵبژاردنی ئەم خەسڵەتانە: 1-    دەبێت كاندید كۆمەڵایەتی بێت بەو واتایەی دەبێت ئامادەگی كۆمەڵایەتی هەبێت و لەلای خەڵك قبوڵكراو بێت، ئاكاری باش بێت و مامەڵەی دۆستانە بكات. 2-    شێوە و روخساری قبوڵكراو بێت، خەندەیەكی ئارامی هەبێت كە بتوانێت بەهۆیەوە روبەڕوی خەڵك ببێتەوە. 3-    كەسێك نەبێ كە بەشێوەیەكی خێرا توڕە ببێت، چونكە دەبێت لەگەڵ هەموو رەنگەكانی خەڵكدا مامەڵەبكات چ یار و چ نەیار و خەڵكی حەماسی، بۆیە دەبێت كاندید كەسێكی خۆگر و بەتوانابێت لە گفتوكۆكردن و قایلكردندا، بەرامبەرەكانی قبوڵبكات و بەرگەی رەخنەكانیان بگرێت هەرچەندە توندیش بێت. 4-    زمانپاراو بێت لە قسەكردن و توانای كوێگرتنی هەبێت بەشێوەیەكی باش. 5-    كاریزما: ئەمە تایبەتمەندییەكە كە دیاریكردنی كارێكی ئاستەنگە، بەڵام دەتوانرێت بە ئاسانی بناسرێتەوە لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا، دیارترین رەگەزەكانی ئەم تایبەتمەندییە رێكپۆشی و وردبینییە لە قسەكردندا، ئەو كەسەی كە كاریزمای هەیە بەڕێزەوە مامەڵە دەكات و خەڵك بەلای خۆیدا كێش دەكات. 6-    بابەتیبون: ئەمە توانای تەماشاكردنی بابەتەكانە بەدوور لە بۆچونی كەسی و حزبی و لایەنداریكردن بۆ لایەنێك، بەواتای پاراستنی بەرژەوەندی گشتی. 7-    دەبێت كاندید رۆشنبیر بێت و زانیاری لەبارەی هەموو جۆرەكانی زانست و روداوەكان هەبێت. 8-    بایەخدان بە خەڵك و حەزی یارمەتیدانی ئەوانی تر دووەم: بونی گوتارێكی میدیایی باش و روون بەپێی ئەم تایبەتمەندییانە: 1-    بابەتیبون و بێلایەنی و نەشێواندنی بابەتەكان 2-    راستگۆیی و دووركەوتنەوە لە درۆكردن و دروستكردنی بابەت 3-    شایەتحاڵ و بەڵگە و ئارگیۆمێنت 4-    لەبەرچاوگرتنی باری دەرونی وەرگرەكان 5-    لەبەرچاوگرتنی پێداویستی و خواست و ئازارەكانی خەڵك 6-    پسپۆڕَتی و دەرنەچون لە بابەتە باوەكان. 7-    زمانی قسەكردن لەگەڵ تاك و لەگەڵ كۆمەڵ 8-    نادژیەكی لەگەڵ سیاسەتی گشتی بزوتنەوەكە 9-    نادژیەكی لەگەڵ سیاسەتی گشتی بزوتنەوەكە و فیكرە سیاسییەكەی لەكاتی راگەیانی بۆ رایگشتی 10-    شارەزایی زمانەوانی لە بواری رێزمان و نوسیندا سێیەم: بونی بارەگایەكی هەڵبژاردنی ئاشكرا و دابینكردنی هەموو هۆكارە پێویستەكانی پەیوەندیكردن بۆی، تێیدا تیمێكی راهێنراو سەرپەرشتی جێبەجێكردنی كەمپەینەكە بكەن و ناونیشانێكی هەبێت بۆ لیستی كاندید و راگەیاندنكار و جەماوەر. چوارەم: بوونی لیژنەیەكی هەڵبژاردن كە سەرۆكێكی هەبێت و هەموو پێداویستییە پیشەییەكانی هەبێت وەكو یاسا و راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی و ئابوری.. سەرپەرشتی هەموو  پرۆسەی هەڵبژاردن بكات لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی. پێنجەم: بوونی وتەبێژێكی میدیایی تایبەتمەند، خاوەنی گوتارێكی میدیایی باش بێت، ئەو تایبەتمەندییەی هەبێت كە زمانحاڵی لیستی كاندیدەكە بێت، ئەمە دەكرێت هۆكار بێت بۆ رێگرتن لە لێدوانی دژبەیەكی كاندیدەكان كە زۆرجار رودەدات، مەرج نییە ئەو كەسە خۆی لەناو لیستەكەدا بێت، بەڵام باشترە یەكێك بێت لە كاندیدەكان. شەشەم: بەكاارهێنانی باشترین ئامرازەكانی پەیوەندیكردن لە بواری هەڵبژاردندا، هەر ئامرازێك تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەموو جەماوەرێكیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، لێهاتوویی لێرەدا ئەوەیە ئامرازێك بەكاربهێنین كە گونجاو بێت لەگەڵ جەماوەر لە كاتێكی گونجاودا، بۆ نموونە: -    بەكارنەهێنانی رۆژنامە و گۆڤارەكان لە گوندەكاندا، چونكە زۆرینەی خەڵكی ئەو گوندانە نەخوێندەوارن. -    بەكارنەهێنانی ئەو ئامرازانەی كە خەرجییان زۆرە لەو هەڵمەتانەی هەڵبژاردندا كە بەرفراوان نین وەكو كەناڵە ئاسمانییەكان. -    دابەشكردن و خشتەكردنی بەكارهێنانی ئەو ئامرازانە و تێكەڵنەكردنیان لەگەڵ یەكتری، بەكارهێنانیان بەشێوەی خشتەكاری بەدرێژایی هەڵمەتەكە. -    دەبێت بەشێوەیەكی زیاتر پشت بە پەیوەندی تاكەكەسی ببەسرێت، بانگەوازی تاكەكەسی، سەردانی مەیدانی، دروستكردنی پەیوەندی گشتی و مرۆیی. حەوتەم: وردبینیكردن لە خەرجییەكان بەشێوەیەكی باش، خەمڵاندنی بەشێوەیەكی باش، دیاریكردنی بودجەی كەمپەینەكە و كاركردن بەپێی بودجەكان. هەشتەم: هەڵبژاردنی سەرەتایەك بۆ كەمپەینی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی زانستی، شارەزایان سێ‌ سەرەتایان بۆ جێبەجێكردنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن داناوە كە ئەمانەن: -    سەرەتایەكی بەهێز و كەمی لەسەرخۆ -    سەرەتایەكی دیاریكراو و زیادكردنی لەسەرخۆ -    سەرەتاییەكی هاوسەنگ ودووبارەكردنەوەی هێز و لاوازی لەگەڵ بەكارهێنانی هەر ئامرازێكی نوێدا هەندێك لە شارەزایان پێیانوایە جێبەجێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەم قۆناغانەدا تێدەپەڕێت: -    قۆناغی نمایشكردنی كاندیدە بۆ جەماوەر بەر لەكاندیدكردنی بۆ زانینی بۆچونی خەڵك دواتر خستنەڕووی بەرنامەی هەڵبژاردن -    قۆناغی بڵاوبونەوە و جێبەجێكردنی بەشێوەیەكی ئاشكرا و بەكارهێنانی هەموو ئامراز و هۆكارەكان و دووبارەكردنەوە. -    قۆناغی سەرەنج خستنەسەر چالاكی لەسەر پرسە تایبەت و چارەنوسسازەكان. -    قۆناغی هێرشكردنەسەر ركابەرەكان و پوچەڵكردنەوەی بەرنامەكانیان. ناتوانین بڕیار لەسەر باشترین سەرەتا بۆ دەستپێكردنی كەمپەینی هەڵبژاردن بدەین، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا دەبێت خوێندنەوە بۆ سەرەتای دەستپێكردنی كەمپەین بكرێت و لەسەر بنەمایەی زانیاری روون بەڕێوەبچێت، پێدەچێت لەگەڵ هەر جۆرێك لە جۆرەكانی هەڵبژاردندا یاخود هەموو قۆناغێك لە قۆناغەكانی هەڵبژاردندا جۆرێك لە جۆرەكانی دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ بگونجێت. نۆیەم: چاودێریكردنی رۆژی دەنگدان بەشێوەیەكی باش و بینینی وەكو رۆژێكی نائاسایی، دەبێت تێدا گوتارەكان یەكبخرێت، هەواڵ بڵاونەكرێتەوە مەگەر بەشێوەیەكی ناوەندی نەبێت، چاودێریكردنی پێشێلكارییەكان و چارەسەركردنی یەك بەیەكیان. رۆژی دەنگدان لەرێگەی ژوورێكی عەمەلیاتەوە بەڕێوەدەبرێت كە هەموو ئامرازە خێراكانی پەیوەندیكردنی بۆ دابینكرابێت و تیمێكی هەبێت كە پەیوەستكرابێت بە لیژنەی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكانەوە، ئەمەش بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری راست و دروست و راگەیاندنیان بەشێوەیەكی ئازایانە لەكاتی دەرچونی ئەنجامەكاندا جا ئەگەر ئەنجامەكە بردنەوەی هەڵبژاردن بێت یاخود دۆڕاندنی. دەیەم: ئامادەكردنی رەشنوسێك بۆ گوزارشتكردن لە بردنەوەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئارام و لەسەرخۆ و دوور لە توڕەیی و جنێودان و گوازارشتكردن لەسەركەوتن بەشێوەیەكی خاكیانە و دڵنیاكردنەوەی لایەنە دۆڕاوەكان و سوپاسكردنیان، هەروەها سوپاسكردنی ئەو لایەنانەی كە هەڵبژاردنەكەیان سەرخستووە، هاوكات ئامادەكردنی رەشنوێك بۆ گوزارشتكردنێكی دیموكراتیانە لە كاتی دۆڕاندنی هەڵبژاردن و پیرۆزباییكردن لە لایەنە براوەكان و راگەیاندنی هەماهەنگیكردن لەگەڵیان، هەروەها سوپاسكردنی ئەو لایەنانەی كە هەڵبژاردنەكەیان سەرخستووە و رونكردنەوەی ژمارەی دەنگەكانی پارتەكە لە هەڵبژاردنەكەدا.


(درەو میدیا): ئێران هەڕەشەی هێرشی موشەكی نوێ لە هەرێمی كوردستان دەكات، داوای ڕادەستكردنی ئەو كەسانەش دەكات كە لە كردەوە "تیرۆریستییەكان"ەوە، تێوەگلاون. محەمەد حسێن باقری سەرۆكی ئەركانی سوپای ئێران ئەمڕۆ سێشەممە، ڕایگەیاند" پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتدارانی عێراق،  ئەو" تیرۆریستە كوردانە" ڕادەستی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن، كە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر پاسەوانانی سنوری ئێران". بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێران، باقری هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی موشەكی نوێی كردووە، ئەگەر چالاكی گروپە "تیرۆریستییەكان" دژی ئێران ڕانەگیرێت، كە بەقسەی ناوبراو، ئەو كارە هەنگاوێكی پێویستە بۆ زامنكردنی ئەمن و ئاسایشی وڵاتەكەی.   ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، سوپای ئێران بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی لە شاری كۆیە موشەكباران كرد و بەوهۆیەوە (16) سەركردە و پێشمەرگەی ئەو دوو حزبە شەهیدبوون و زیاتر لە (40) كەسی دیكەش برینداربوون.


(درەو میدیا): رۆژی (30)ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن (17) رۆژ دەخایەنێت. جگە لە پارت و كەسایەتی پێكهاتەكانی (توركمان و ئەرمەن)، (9) لیست بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكەن، هەریەكە لەو لیستانە لە پاڵ چەندین دروشمی لاوەكی بۆ راكێشانی سەرنجی دەنگدەران، دروشمێكی سەرەكییان هەڵگرتووە. بەشێوەیەكی گشتی لیستە بەشدارەكان لە دروشمی سەرەكی خۆیاندا هیچ یەكێكیان دەستیان بۆ دروشمێك نەبردووە كە بتوانرێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا كە چوار ساڵی خولی پەرلەمانە، جێبەجێ بكرێت، زۆربەی دروشمەكان گشتگیر و لاستیكین و دەستیان نەبردووە بۆ كێشەی بنەڕەتییەكانی خەڵكی كوردستان كە خۆی دەبینێتەوە لە كێشەكانی (ئاو، كارەبا، نیشتەجێبوون، موچە، خزمەتگوزارییە گشتییەكان، خوێندن، تەندروستی و..هتد).  دروشمی سەرەكی لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردن: •    پارتی دیموكراتی كوردستان "بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز" •    بزوتنەوەی گۆڕان "بەرەو هەرێمێكی دادپەروەر و خزمەتگوزار" •    یەكێتی نیشتمانی كوردستان "بۆ ئارامی، هەلی كار، خزمەت" •    كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان "كۆڵنادەین و بەردەوامین" •    بەرەی ئیسلاح (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان+ بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان) ئەم لیستە هیچ دروشمێكی سەرەكی نییە. •    نەوەی نوێ "بەرەو لوتكەی دەسەڵات و ئابورییەكی بەهێز" •    لیستی سەردەم (حزبی سۆسیالت دیموكراتی كورستان+ پارتی كرێكاران و رەنجدەران)  "لەپێناو دادپەروەری و خۆشگوزەرانی" •    ئازادی (حزبی شیوعی كوردستان) "خاك.. نان.. ئازادی" •    پارتی پارێزگارانی كوردستان "ئاشتی و پێكەوەژیان" جگە لە لایەنە كوردییەكان، لە پێكهاتەی توركمان (8) لیست بەشداری هەڵبژاردنی 30 ئەیلولدا دەكەن، لەسەر پێكهاتەی ئەرمەنیش (6) كەس خۆیان كاندیدكردووە. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات سەرباری ئەوەی كشاوەتەوە و بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن ناكات، بەڵام هێشتا ناوی لەسەر كارتی دەنگدەرانە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی ناوەكەی نەسڕیوەتەوە. 


راپۆرتی: درەو میدیا دوای ڕۆژێك لە شكستهێنانی كۆبوونەوەی لوتكەی سێ‌ قۆڵی (توركیا_ڕوسیا_ئێران) كە هەینی ڕابردوو لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو و  تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی چارەنوسی پارێزگای ئیدلیبی سوریا، فڕۆكە جەنگییەكانی ڕوسیا و سوریا زنجیرەیەك گورزی ئاسمانیان لە ناوچە جیاوازەكانی باشوری شاری ئیدلیب و ناوچەی (ئەللەتامنە) لە باكوری شاری (حەما) وەشاند، كە لەژێر كۆنترۆڵی گروپە چەكدارە توندڕەوەكاندان.   ڕۆژێكیش پێش كۆبوونەوەكەی تاران، 8 وڵاتی خۆرئاوا داوایان لە ڕوسیا و ئێران كرد پابەند بن بە وەستاندنی ئاگربەست و هۆشداریشیاندا لە ئەنجامدانی هەر پرۆسەیەكی سەربازی كە ئاكامی كارەساتباری دەبێت لەسەر هاوڵاتیانی سڤیل. پارێزگای ئیدلیب، بەدواین پێگەی گەورەی گروپە چەكدارەكانی سوریا دژ بەڕژێمی بەشار ئەسەد دادەنرێت ، كە زۆبەی گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی نزیك لە توركیا كردویانە بەدواین پێگەی سەربازییان لە جوگرافیای سوریادا. ئەردۆغان شكستیهێنا و هەڕەشەدەكات  لە كۆبونەوەی لوتكەی (تاران)دا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هەوڵی گەیشتن بەئەنجامدانی ئاگربەستی دا، بەلڵام ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا ڕەتیكردەوە و ڕایگەیاند، ئاگربەست سودی نابێت, چونكە ئەو مەسەلەیە گروپە ئیسلامییە توندەڕەوەكان ناگرێتەوە كە ئەسەد هاوپەیمانەكانی بە تیرۆرستیان دەزانن، وەك زۆربەی سەرچاوە هەواڵییە جیهانییەكان ئاماژەیان پێدا. بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی، دوای كۆبوونەوەكەی تاران، ئەردۆغان ڕایگەیاندووە، لەبەرانبەر گیان لەدەستدانی هاوڵاتیانی سڤیل دەستەوسان ناوەستن و تەماشاكار نابن، لەزنجیرەیەك تویتیشدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا" ئەگەر جیهان چاپۆشی كرد لە كوژرانی دەیان هەزار هاوڵاتی بێتاوان لەپێناو بەرژوەندی رژێم، ئەوا ئەوان هەڵوێستی تەماشاكاریان نابێت یان بەشداربوون لە یارییەكی لەو شێوەیە".  ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاندوە، توركیا هێزی نوێی ڕەوانەی خاڵەكانی چاودێری كردووە لەناو سوریا و لەو چوارچێوەیەدا دەیان ئۆتۆمبیلی سەربازی و بە چەك و تەقەمەنییەكی زۆرەوە لە ڕێی خاڵی سنوری (بابولهەوا) داخڵی سوریا بوون. بەوتەی سەرچاوەكە، ئەوەش دوای ئەوەی دانوستانی نێوان دەزگای هەواڵگری توركیا و دەستەی تەحریری شام (بەرەی نوسرە) شكستهێناوە، كە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئەنكەرەدا دەستیپێكردبوو بۆ قەناعەت پێكردنیان بەدەستبەرداربوون لە چەك و بڵاوەپێكردنیان پێش ئەوەی رژێمی سوریا هێرشە سەربازییەكەی بۆ سەر ئەو شارە دەستپێبكات.  نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریدەدات لە كارەساتێكی مرۆیی بەپێی خەمڵاندنی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی بۆ سەر پارێزگای ئیدلیب كە ماوەیەكە ڕژێمی سوریا ئامادەكاری بۆ دەكات و هەڕەشەی كۆنترۆڵكردنەوەی دەكات، 800 هەزار كەس ناچاردەكات ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن، كە ئەوەش بە گەورەترین پرۆسەی ئاوارەبوون دادەنرێت كە سوریا بەخۆیەوە بیبینێت لە ماوەی حەوت ساڵی بەرپابوونی شەڕ و توندوتیژی لەو وڵاتە.  پارێزگای ئیدلیب دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای سوریا، بایەخێكی ستراتیژی گرنگی هەیە، هاوسنوری توركیایە كە پشتیوانێكی بەهێزی گروپە چەكدارەكانە، 132 كلیۆمەتر لە پارێزگای لازقیەوە دوورە، بەزێدی  تایفەی عەلەویی دادەنرێت، كە تائیفەكەی سەرۆكی سوریایە. بەپێی ئامارەكان، ژمارەی دانیشتوانی ئیدلیب نزیكەی 2 ملیۆن و 400 كەس دەبێت، جگە لەوەی نزیكەی ملیۆنێك و 300 هەزار ئاوارەی ناوچە جیاجیاكانی سوریای لێ نیشتەجێیە. بە گوێرەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان، هۆكاری گەورەی بایەخی توركیا بۆ ئەو شارە، وێڕایی نزیكیی لە زۆرێك لەگروپە چەكدارەكان كە كۆنترۆڵی بەشێكی گەوری شارەكەیان لەدەستدایە، نزیكی دەریای سپی ناوەڕاستە، كە دەكەوێتە خۆرئاوایەوە و لە باكوریشەوە شاری هاتای توركیا و حەلەبی سوریایە و بەدوایدا شاری عەفرین دێت، كە ئێستا لەلایەن سوپای توركیاوە داگیركراوە و پێشتر لەژێر دەستی شەڕڤانانی یەپەگەدا بوو، توركیا ترسێكی هەمیشەی هەیە شەڕڤانانی كورد لە ئایندەدا لەم ناوچەیە نزیكببنەوە و لەوێشەوە بگەنە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، وەك چاودێران دەڵێن، ئەوە یەكێكبوو لە هۆكارە دیار و سەرەكییەكانی داگیركردنی شاری عەفرین.  ڕوسیا مەترسی هەیە و ئەڵمانیاش هەڕەشەدەكات ئیگۆر كوناشیكوڤ, وتەبێژی سوپای ڕوسیا دەڵێت، زانیاری تەواویان هەیە چەكدارە جیهادییەكانی سوریا پلان بۆ ئەنجامدانی كارێكی ئیستفزازی لە پارێزگای ئیدلیب دادەڕێژن بۆئەوەی پاسا و بدەن بە دەستوەردانی وڵاتانی خۆرئاوا، حكومەتی مۆسكۆش زیاد لەجارێك ڕایگەیاندووە، گروپە چەكدارەكانی ئیدلیب پلانی ئەنجامدانی هێرشیان بۆ سەر هاوڵاتیان داڕشتوە كە ڕەنگە لەڕێی غازی كوشندەوە بێت، وتەبێژەی سوپای ڕوسیا لە بەیاننامەیەكدا ئەوەشی وتوە، دەستەی بزوتنەوەی تەحریری شام سەر بەڕێكخراوی قاعیدەبوون و كۆنترۆڵی 60% شاری ئیدلیبیان بەدەستەوەیە، لەگەڵ حزبی ئیسلامی توركستانی و چەند گروپێكی تر ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی سیناریۆیەك كە ببێتە هۆی تاوانباركردنی حكومەتی سوریا بە بەكارهێنانی غازی كوشندە دژی هاوڵاتیانی سڤیل.   ڕۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی، لە ژمارەی ڕۆژی دووشەممەیدا بڵاویكردەوە، ئۆرسولا ڤۆن دەر لەین وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بژادەی بەشداریكردنی لە پرۆسەیەكی سەربازی  لەگەڵ هاوپەیمانەكانی (ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا) تاوتوێكردووە، دژی هێزەكانی سوپای بەشار ئەسەد ئەگەر چەكی كیمیاوی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە جەنگی ئیدلیبدا بەكاربهێنن. بە گوێرەی ڕۆژنامەكە، ئەو هەنگاوەی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا دوای داوایەكی واشنتۆن هاتوە لە ئەڵمانیا. ئیدلیب تۆرا بۆرای سوریایە ئیدلیب بە گەورترین گەنجینەی گروپە چەكدارییەكانی پەیوەست بەفیكری قاعدەو توندڕەوەكان دادەنرێت، هەزاران چەكدار لەوانەی  ڕێككەوتنیان لەگەڵ حكومەتی سوریا ڕەتكردوەتەوە و بە پاسە سەوزەكان بۆ ئەو شارە گواستراونەتەوە. بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردووی شەڕ لە سوریا، ئیدلیب لەلایەن زۆرێك لە چاودێرانەوە بە "تۆرابۆرا"ی، سوریا  ناویهێنراوە، دەیان فەرماندەی دیاری گروپە جیهادییەكان لەڕێی توركیاوە هاتونەتە ناو  ئەوشارە. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، دوای سەركەوتنی سوپای ئەسەد بە هاوكاری ئێران و ڕوسیا و گروپە چەكدارە شیعییە جیاوازەكانی نزیك لە تاران و  گەمارۆدانی گروپە چەكدارەكانی دژ بە رژێمی سوریا لەو  ڕوەبەڕە جوگرافیەدا و دەنگۆی نزیكبونەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو شارە، توركیا بەرەیەكی نوێی لێپێكهێناون بە ناوی (بەرەی نیشتمانی بۆ ئازادی) كە هەریەك لە گروپەكانی (فەیلەقی شام، سوپای ئیدلیبی ئازاد، فیرقەی ساحلییەی یەكەم و فیرقەی ساحلییەی دووەم، فیرقەی یەكەمی پیادە، سوپای دووەم، سوپای بژاردە، سوپای نەسر، لوای شەهیدەكانی ئیسلام لە داریا، لیوای ئازادی، فیرقەی 23  لەخۆدەگرێت،  بۆئەوەی گروپێك بن هاوتەریبی، دەستەی تەحریری شام كە جگە لە بەرەی نوسرە ژمارەیەكی بەرچاو لە گروپەكانی سەربە ڕێكخراوی قاعیدی لەخۆدەگرێت ، وێڕای بەرەی ئازادی سوریا كە بەم دواییانە لە بزوتنەوەی ئازادی خوازی شام و بزوتنەوەی نورەدین زەنگی پێكهات. پارێزگای ئیدلیب لە پێنج ناوچەی ئیداری پێكدێت كە ئەوانیش ( ناوچەی ئیدلیب، ناوچەی ئەریحا، ناوچەی موعەرەت ئەلنوعمان، ناوچەی جسر ئەلشغور ، ناوچەی حارم).  لەم ناوچانە گروپی چەكداری جیاواز هەن، دیاریترین ئەو گروپانە (بزوتنەوەی ئەحراری شام)ە، كە ژمارەی چەكدارەكانی دەگاتە نزیكەی 15 هەزار و زۆرینەشیان خەڵكی سوریان.  ئەحراری شام یەكێكە لەو گروپانەی توركیا هەوڵەدات بانگەشەی ئەوەی بۆ بكات كە میانڕەوە، ئەم بزوتنەوەیە لە ئاكامی یەكگرتنی چوار گروپی چەكدار پێكهات كە ئەوانیش (كەتائیبی ئەحراری شام، حەرەكەی فەجر، گروپی تەلیعە، كەتائیبی ئیمانی جەنگاوەر). دوای ئەو، جەبهەی نوسرە دێت، كە ژمارەی چەكدارەكانی 10 هەزار كەسە و زۆبەی ئەندامەكانی خەڵكی بیانین و سوری نین، ئەم گروپە و گروپەكانی ڕێكخراوی (نوسرەت لئیسلام) كە هەریەك لە (حوراس لدین و لیوای تەوحید و حزبی تركستانی ناسراو بە ئیگۆر) لەخۆدەگرێت،  بەگروپە تەكفیرییەكان ناسراون و  لەلایەن توركیاوە پشتیوانیەكی بێسنور دەكرێن. دوای ئەوانیش، فەیلەقی شام دێت كە ژمارەی چەكدارەكانی بە 8 هەزار ئەژمار دەكرێت و 19گروپی جیاواز لەخۆدەگرێت.


(درەو میدیا): بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان: -٧٠٩ كەس ناوی خۆیان كاندید كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان - ٢٩ لیست و قەوارە ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە  - چەند كاندیدێك ڕەت كراوەنەتەوە كە ڕێنماییە بنچینییەكانی كاندیدبونیان تێدا نەبووە   - بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 ژمارەی دەنگدەران ( 3,088,642)  - بۆ هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی 2013 ژمارەی دەنگدەران ( 2,717,082) - واتا ژمارەی زیادبوو ( 371,560 ) - ناوی 268 هەزار كەس لە تۆماری دەنگدەران دەرهێنراون  - ناوی 56 هەزار دەنگدەری دیكەش سڕكراون  


( درەو میدیا): كوتلە سیاسییەكانی عێراق لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی تەوافقی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق گەیشتونەتە نیمچە رێككەوتن. چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی و دانوستانی كوتلەكان بە میدیا عێراقییەكیانیان راگەیاند، دكتۆر مازن ئەشیقەر شارەزای ئابوریی و سیاسیی كاندیدی تەوافقی دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران و مایەی رەزامەندی زۆرینەی كوتلەكانە. ئەو سەرچاوانە ئاشكراشیانكرد ئەشیقەر تائێستا رەزامەندی هەرەیەك لە كوتلەكانی فەتح، سائیرون، حیكمە، قەرار و وەتەنییەی بەدەستهێناوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران و چاوەڕوانەی رەزامەندی كوتلەكانی تریش دەكرێت. مازن ئەشیقەر كێیە؟ -    ناوی مازن عەبدولمەهدی ئەشیقەرە - خوێندنی سەرەتایی لە ژاپۆن و ناوەندیی و ئامادەیی لە بەغداد تەواوكردووە. - كۆلێژی ئەندازیاری ئەلیكترۆنیی ساڵی 1985 لە كالیفۆرنیا تەواوكردووە. - ساڵی 1992 ماستەری لە بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكادا لە كالیفۆرنیا بەدەستهێناوە. -  1985 بۆ 2003 بەڕێوەبەری جێبەجێكاری چەند كۆمپانیایەكی جیهانیی ئەلیكترۆنیی بووە. -  2003 بۆ 2007 بەڕێوەبەری گشتی مۆتۆرۆلا بووە لە عێراق. - تۆڕی پەیوەندی كۆمپانیاكانی " ئەسیر و عێراقنا و  پۆلیسی عێراق"ی داناوە و جێبەجێی كردووە. - شارەزای ئابوریی بووە لە سەرۆكایەتی وەزیران. - بەڕێوەبەری جێبەجێكار بووە لە كۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە عێراق. - بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای ناڵكۆی نەوت بووە لە بەسرە. - بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیا ICM  بووە لە بەغدا. - ئەمینداری گشتی ناوەندی نەجاحە بۆ توێژینەوەی ئابوریی. - رێكخەری گشتی گردبوونەوەی میللی بۆ چاكسازی و گۆڕانكارییە - هاوسەرەكەی ژاپۆنییە و چوار منداڵی هەیە بەناوەكانی " مایا، ماینا، میلان، مۆنیە".


(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنن بەمەبەستی ئامادەكاریكردن بۆ كۆبونەوەی بەرفراوانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان. ئەمڕۆ جارێكی تر مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە سەلاحەدین كۆبونەوە، كۆبونەوەكە بەسەرپەرشتیی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەڕێوەچوو. دوای كۆبونەوەكە، هەردوولا راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژە بە سێ خاڵ كراوە: یەكەم: لە روانگەی بەرژەوەندیی گەلەكەمان و هەستیاریی بارودۆخەكە، هەردوولا جەخت لەسەر یەكهەڵوێستی و پێكەوەكاركردن لە بەغداد و كوردستان دەكەنەوە و بۆ ئەم مەبەستەیش لیژنەی هاوبەش بەردەوام لە پەیوەندییدا بن و ئامادەكاریی پێویست ئەنجام بدەن. دووەم: هەروەكو لە ماوەی رابردوویش بە ئاشكرا رامانگەیاندووە بۆ یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و بەشداریی هەموو لایەنەكانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسیدا، بانگهێشتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەموو لایەنەكان دەكەین. بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەك راسپێردرا بۆ ئامادەكردنی پێداویستییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە. سێیەم: لەبەرهەستیاریی بارودۆخی كەركووك و پێویستیی چارەسەركردنی، بڕیاردرا ئەو لیژنەیەی كە لە كۆبوونەوەی پێشوو پێكهێندرابوو، دەستبەكاربن بۆ دیراسەكردن و هەنگاونان.  


(درەو میدیا): ئێران و ئەمریكا پێكهێنانی حكومەت بۆ مەرجەعییەتی نەجەف جێدەهێڵن، سیستانیش پشتیوانی هیچ كاندیدێك ناكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە پێشتر لە دەسەڵاتدا بوبێت. "درەو میدیا" لە سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە زانیویەتی، ئێران و ئەمریكا بڕیاریانداوە، دەستوەردانەكانیان لەپرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بكشێننەوە و دەرفەت بدەن مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە عێراق ئەو كارە یەكلابكاتەوە. بە وتەی سەرچاوەكە، دوای ئەوەی بەهۆی دەستوەردانەكانی ئێران و ئەمریكا كێشەكانی عێراق گەیشتونەتە لێواری تەقینەوە و هیچ كام لەلایەنە ڕكابەرەكان ئامادەنەبوون سازش بۆ ئەوی تر بكەن و دوای بێهیوابونیان و بۆ ڕێگریكردن لە قوڵبونەوەی زیاتری كێشەكان و پەلكێشانی ململانێكان بۆ توندوتیژی، هەردوو وڵات بڕیاریانداوە ئەو پرسە بە مەرجەعیەت بسپێرن. ئەوەش لە كاتێكدایە، دوێنێ‌ نوسینگەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، پشتیگری هیچ كەسێك ناكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە پێشتر لە دەسەڵاتدا بوبێت و، زۆرینەی خەڵكی عێراقیش ئومێدیان بەو كەسانە نەماوە پێشتر لەدەسەڵاتدابون بارودۆخەكە چاكبكەن و گەندەڵی بنبڕبكەن. نوسینگەی سیستانی، ڕاشیگەیاندووە، مەرجەعیەت هیچ كەسێكی ڕەتنەكردوەتەوە، هیچ كەسێكیشی بۆ ئەو پۆستە دیارینەكردوە و هەڵبژاردنی دەموچاوێكی نوێ‌ كە بە شارەزایی و بوێری ناسراوبێت، دەكرێت مەرجەعیەت پەیوەندی لەگەڵ دروستبكات و لە خزمەتی بەرژوەندییەكانی وڵاتدا ئامۆژگاری بكات. 


راپۆرت: ئارام مەحمود لە چەند ڕۆژی داهاتوودا قەیرانی سیاسی لە عێراق بەرەو خاوبونەوە و چارەسەر دەچێت، پرۆژەی زۆرینەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە، جارێكی تر شكستیهێنا و هێزە گەورەكان هیچیان ئامادەنەبوون بچنە دەرەوەی یارییەكە و لە شیرینی حكومەت حكومەت بێبەشبكرێن. بە بڕوای زۆرێك لە چاودێران، دابەشبوونی كۆمەڵێك هێزی كاریگەر بەتایبەتی (سائیرون و فەتح) بەسەر دوو بەرەی دژبەیەكدا ئایندەی عێراقی بەرەونادیار بردووە، بەوپێیەی سائیرون (سەدرییەكان)  هەژمونێكی گەورەیان لە شەقام و فەتحیش (حەشدی شەعبی) چەكی هەیە، هەر حكومەتێكیش لەسەر بنەمای كردنەدەرەوەی یەكێك لەم دوو هێزە پێكبێت تەمەنی درێژنابێت، هەردوولاش لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بەشێوازی جیا تەئكیدیان لەسەر ئەم بۆچونە كردووە و هۆشدارییان لەبارەیەوە داوە.  زۆرینەی سیاسی مالیكی خست دروشمی زۆرینەی سیاسی كە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە هەڵبژاردنەكانی  12ی ئایاری ئەمساڵدا بەرزیكردەوە و بەسەختی بەرگری لێدەكرد و، ئۆباڵی هەموو كێشەكانی عێراقیشی ئەخستە ئەستۆی تەوافوق و پشكێنەی تائیفی، لەم قۆناغەدا جارێكی تر ڕەوانەی ئەرشیفی سیاسی عێراق دەكرێت، وەك سەرچاوە سیاسییەكان دەڵێن، دوای نزیكبونەوەی موقتەدا سەدر و هادی عامری لەیەكتر، دوورنیە مالیكی خۆشی لەگەڵ پرۆژەكەی (زۆینەی سیاسی) لە دیمەنی سیاسی عێراق دوورنەخرێتەوە و ببێتە قوربانیی ئەو داوا گەورەیەی لە كاتێكی هەڵەدا بانگەشەی بەدیهێنانی دەكرد. وەك زۆرێك لە ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق و تەنانەت هەندێك لە سیاسییە دیارەكانی عێراقیش تەئكیدی لێدەكەنەوە، حوكمی زۆرینە بەكەڵكی دۆخی ئێستا نایەت و عێراق بەرگەی بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە ناگرێت، هەندێكی دیكەش دەڵێن، ئەم بۆچونە ئەگەر لەبارێكدا ڕاستی ئەوەی تێدابێت كە عێراق وڵاتێكی فرە پێكهاتە و مەزەهەب و ئاین و نەتەوەی جیاوازە و خستنەدەرەوەی هەر كامێك لەمانە بەمانای پەراوێزخستنی كەمینە و تۆخكردنەوەی بنەمای دیكتاتۆریەتی زۆرینەیە و تەنها لەڕێی تەوافوقی سیاسییەوە دەكرێت بەشداری هەموان لەبڕیاری سیاسیادا زامن بكرێت، ئەوا لەبارەكەیدا تردا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، كە هێزە سیاسییەكانی عێراق، ئەوەندەی هەڵپە بۆ بەدەستهێنانی پۆست و ئیمتیازی سیاسی دەكەن، هێندە خەمیان لای ڕێككردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی و ئاوڕدانەوە لە كێشەكانی ژیانی خەڵك نیە، كە وەك دەوترێت، مەرج نیە بەئامادەبونیان لە حكومەتدا بەدیبهێنن، بەڵكو دەكرێت لەڕێی پێكهێنانی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز و چاودێریكردنی كاركان حكومەتەوە، هەم دەستكەوتی زیاتر بۆ خەڵك بەدەستبهێنن و بنەماكانی دیموكراسیش بچەسپێنن، زیاتر لەوەش ، خۆپەرستی و ناهۆشیاری سیاسی ئەم هێزانە دەردەخات كە تائێستا نەگەیشتونەتە ئاستی یەكتر قبوڵكردن و پێدانی دەرفەت بەیەكتر تا بەرنامە و لێهاتووی خۆیان تاقیبكەنەوە، بەڵكو ئەگەر بۆیان بلوێت پشتی یەكتری دەدەن بەزەویدا، تائاستی دروستكردنی مەترسی جدی لەسەر ژیانی خەڵك و پەنابردن بۆ توندوتیژی و هەڕەشەكردن بە تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری گشتی، ئەگەر نەشتوانن ئەوا بەشەریكی كێكی دەسەڵات لەت دەكەن، كە ئەزمونی چەندساڵی ڕابردوو سەلماندویەتی غەیری گۆڕینی ژیانی كۆمەڵێك خەڵكی دیاریكراو، شتێكی ئەوتۆ لەژیانی خەڵك ناگۆڕێت، ئەمە ڕای زۆرێكە لە خەڵكی عێراقیشە. گەورەكان حكومەت پێكدێنن سەبارەت بەدواین زانیارییەكان، ڕەزاق حەیدەری ئەندامی كوتلەی بەدر كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات  لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردووە،  گفتوگۆی جدی هەیە لەنێوان هاوپەیمانی فەتح (عامری) و هاوپەیمانی سائیرون (سەدر) كە ڕەنگە بەمزوانە كۆتایی بەقەیرانی سیاسی عێراق بهێنێت، ئاماژەی بەوەشداوە،  نزیكبونەوەیەكی بەرچاو لەئارادایە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و هەنگاونان بەرەو چارەسەركردنی زۆرینەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە شەقامی عێراقی. وەك سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، قسەی ئەم بەرپرسەی نزیك لە عامری، ئەوە دەگەیەنێت كە ناوبراو مالیكی بەتەنیا جێهێشتووە، بەڵام پێناچێت ئێرانییەكانیشی بەجێهێشتبێت، شرۆڤەی نزیك ئەوەیە، ڕەنگە ئەمریكا و ئێران گەیشتبنە ئەو بڕوایەی تێكچونی دۆخی ئەمنیی و سیاسی عێراق خزمەت بە بەرژوەندی هیچیان ناكات و لەدواین ساتەكاندا واشنتۆن گلۆپی سەوزی بۆ بەرەكەی سەدر و عەبادی هەڵكردبێت كە حەشدی شەعبی بكەنە بەشدار لەناوەندی بڕیاری سیاسی عێراق و لەبەرامبەریشدا ئێرانییەكان نوری مالیكیان كردبێت بە قوربانیی ئەم پێشهاتە تازەیە. دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان سوپرایز دەبێت حەمید معەلە، سەركردە لە ڕەوتەكەی عەممار حەكیم دەڵێت، هاوكێشە سیاسییە بەهێزەكە ئەوەیە، (فەتح و سائیرون و نەسر و حیكمە) پێكەوە دەبن، ئەوەش پشتیوانی ئەو بۆچونەی سەرەوە دەكات كە مالیكی لە هاوكێشەكە كراوەتە دەرەوە. بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو، 15 ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق جارێكی تر كۆببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەردوو كۆبونەوەی ڕۆژی 3 و 4ی ئەیلول شكستهێنا لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك و دوو جێگرەكە)، مەعەلە، دەڵێت، ڕۆژی شەممەی داهاتوو پێشهاتی تازە ڕوودەدات كە گەلی عێراق دڵخۆش دەكات، پێدەچێت مەبەستی گەیشتنبێت بەڕێككەوتن لەسەر دابەشكاری پۆستەكان و بەدیاریكراویش سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و ڕۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق وەك هەنگاوی یەكەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت. ئەو بەرپرسەی ڕەوتی حیكمە كە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەم قسانەی كردووە، لەگەڵ ئەوەی تەئكید لەوەدەكات، ناكامڵی دیموكراسی لە عێراق ڕێگە بەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە نادات، هاوكات شتێكی نوێ‌ ئاشكرا دەكات و دەڵێت، تائێستا سەرجەم هێزە سیاسییەكان وازیان لە پرۆژەی (زۆرینەی نیشتمانی) نەهێناوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە هێزە گەورەكانی (شیعەو كورد و سوننە) حكومەتی داهاتوو پێكدەهێنن و دەوڵەتی یاسا و هێزە بچوكەكانیش لە هەرسێ‌ پێكهاتەكە لە هاوكێشەی پێكهێنانی حكومەت دەكەنە دەرەوە.     


(درەو میدیا): بەپێی بەدواداچونێكی جەبار ئەمین پەرلەمانتاری سوید، پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید لە هەڵبژاردنی دوێنێدا، ژمارەی كورسیيەكانی لە (113) كورسیيەوە بۆ (101) كورسی  و 12 کورسی كەمیكردووە ، پارتی ژینگەش لە (25) كورسيیەوە بۆ (15) كورسی كەميكردووە، واتا (10) كورسی، هەرچی  پارتی ڕەگەزپەرستەكانە لە (٤٢) كورسییەوە بۆ (٦٢) كورسی زیادیکردووە، واتا (20) كورسی. كاتژمێر ٨ی ئێوارەی دوێنێ هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگاكان و شارەوانییەكانی سوید كۆتایی پێهات: * (7 ملیۆن و 500 هەزار) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو * ڕێژەی دەنگدان گەیشتە (84%) * ژمارەی بنكەكانی دەنگدان: (6 هەزار) بنكە * ژمارەی كورسیيەكانی پەرلەمانی سوید: (349) كورسییە تەنها (5) كاتژمێر دوای بەڕیوەچوونی پرۆسەكە، واتە كاتژمێر (1)ی شەو، ئەنجامە بەراییەكان (كە نزیكەی 98%ی دەنگەكانە) بڵاوكرایەوە، و ئەنجامەكان بەم شێوەیەن: 1- پارتی دیموكراتەكانی سوید (واتە رەگەزپەرستەكان) و پارتی مەسیحی و پارتی چەپ و پارتی سەنتەر سەركەوتنێكی دیاریان بەدەستهێنا: * ژمارەی كورسی پارتی ڕەگەزپەرستەكان لە (42) كورسییەوە دەبێت بە (٦٢) كورسی، واتا (20) كورسی زیاد دەكات. * ژمارەی كورسییەكانی پارتی مەسیحییەكان لە (16) كورسییەوە دەبێت بە (23) كورسی، واتا (7) كورسی زیاد دەكات. * ژمارەی كورسییەكانی پارتی سەنتەر لە (22) كورسییەوە دەبێت بە (31) كورسی، واتا (9) كورسی زیاد دەكات. * ژمارەی كورسییەكانی پارتی چەپ لە (21) كورسییەوە دەبێت بە (28) كورسی، واتا (7) كورسی زیاد دەكات. 2- هەردوو پارتی حوكمڕان، واتە پارتی سۆسیال دیموكرات و پارتی ژینگە، دابەزینیان بە خۆیانەوە دی:  1-  پارتی سۆسیال دیموكرات لە (113) كورسییەوە كەم دەكات بۆ (101) كورسی، واتا (12) كورسی كەم دەكات. 2- پارتی ژینگە لە (25) كورسییەوە بۆ (15) كورسی كەم دەكات، واتا (10) كورسی كەم دەكات. 3- پارتی پارێزەران كەم دەكات و ژمارەی كورسییەكانی لە (83) كورسییەوە دەبێت بە (70) كورسی، واتا (13) كورسی كەم دەكات. 4- پارتی لیبرال (19) كورسییەكەی خۆی دێنێتەوە، واتە نە زیاد دەكات و نەكەم. 5- كوتلەی چەپ/ سەوز (كە لە پارتی سۆسیال دیموكرات و پارتی ژینگە و پارتی چەپ پێكدێت)، (144) كورسی بەدەستهێناوە. 6- كوتلەی ڕاستڕەو (كە لە پارتی پارێزەران و پارتی لیبرال و پارتی سەنتەر و پارتی مەسیحی پێكدێت)، (143) كورسی بەدەستهێناوە. لەبەرئەوەی پارتی ڕەگەزپەرستەكان، كە ئێستا (62) كورسیی بەدەستهیناوە، ئەگەرێكی بەهێز هەیە كوتلەی ڕاستڕەوەكان چەند هەفتەیەكی تر و لە ڕێگای هاوكاری ڕەگەزپەرستەكانەوە، دەسەڵات بگرێتە دەست.


(درەو میدیا): هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر لە هاوپەیمانێتی " چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە" كشایەوە كە بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلە لەگەڵ هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی و رەوتی حیكمەی عەممار حەكیم و چەند كوتلەیەكی تر پێكیانهێناوە و بەوەش مانگی هەنگوینی نێوان سەدر و عەبادی كۆتاییهات و چانسی عەبادی بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ چوار ساڵی تر كەمبوەوە. بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی " غەدپرێس" قەحتان جبوری وتەبێژی رەسمی هاوپەیمانی سائیرون لە بەیاننامەیەكدا وتویەتی:" هیچ هاوپەیمانێتییەكی نوێمان نەكردووە، و ئێستا ئێمە لە دەرەوەی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوەین و ئەمەش لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جەختیی لێكرایەوە". جبوری وتوشیەتی:" هەر لێدوانێك كە لایەن وتەبێژی رەسمی هاوپەیمانی سائیرونەوە نەدراوبێت، بۆچوونی رەسمی نییە و تەنها بۆچون و رای شەخسییە و ئەو هەواڵانەش ناڕاستن كە باس لەوەدەكەن سائیرون هاوپەیمانێتی نوێی پێكهێناوە". سیستانی كارتی مالیكی و عەبادی و عامری سوتاند هاوكات سەباح ساعدی، سەركردە لە هاوپەیمانی سائیرون ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند عەلی سیستانیی مەرجەعی باڵای شیعەكان بە ئاگاداركردنەوەیەك كە ئەو بە رەسمی وەسفیكرد رەتیكردووەتەوە پێنج كەس پۆستی سەرۆك وەزیرانی كابینەی نوێی حكومەت وەربگرن و یەكێكیان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستایە. ساعدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" سیستانی لە كۆبوونەوەیەكدا لە نەجەف بە دانوستانكاری ئێرانی راگەیاندووە كە هەریەك لە حەیدەر عەبادی، نوری مالیكی،  هادی عامری، فالح فەیاز و تارق نەجم چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانیان نییە". بەوتەی ساعدی ئەوان وەك هاوپەیمانێتی سائیرون كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەیە و عەبادی نییە و سائیرون پشتگیری لە عەبادی ناكات كە خولێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە. " دەبێت عەبادی داوای لێبوردن بكات" هاوكات فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی مەدەنی كە دوو كورسی لە پەرلەماندا هەیە و لە هاوپەیمانێتیی " چاكسازی و ئاوەدانكردنەوەدا"  بەشدارە رایگەیاند حەیدەر عەبادی بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو راناسپێدرێت ئەگەر جنۆكە و مرۆڤەكانیش پشتیوانی بن. فایەق شێخ عەلی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" ئەم قسەیەم هەڵبگرن، حەیدەر عەبادی بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو راناسپێردرێت، هەتا ئەگەر جنۆكە و مرۆڤەكان پشتیوانی بن". شێخ عەلی لە بەشێكی تری تویتەكەیدا دەڵێت:" تەنها یەك حاڵەت هەیە بۆئەوەی عەبادی رابسپێردێت, كە مایەی سازشكردن نییە، ئەوەش ئەوەیە داوای لێبوردن لە ئەنجومەنی نوێنەران بكات, بۆ هەموو بێڕێزییەكانی, كە دواهەمینیان داگیركردنی بوو بە پاسەوانەكانی و شكاندنی دەرگا و ئامێرەكانی". حەیدەر عەبادی رۆژی شەممە لەسەر بانگەوازێكی موقتەدا سەدر ئامادەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بوو بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی بەسرە و لە كۆبوونەوەكەدا شەڕە قسە لە نێوان حەیدەر عەبادی و پارێزگاری بەسرەدا كە سەربە رەوتی سەدرە روویدا و هاوكات شەڕەقسە لە نێوان عەبادی و وەزیرەكانی حكومەت و پەرلەمانتاراندا روویدا". دوای كۆبوونەوەكەش هاوپەیمانی فەتحی هادی عامریی و سائیرونی موقتەدا سەدر داوایان لە حەیدەر عەبادی و وەزیرەكانی حكومەت كرد دەستلەكاربكێشنەوە و عەبادیش لە كاردانەوەی ئەوەدا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە تێیدا پەرلەمانی بەوە تۆمەتباركرد كە كۆبوونەوەكەیان بەلارێدا بردووە و بۆ مەبەستی شكاندن و روخاندن بەكاریانهێناوە. 


(درەو میدیا): ستیف بانون، گەورە راوێژكاری پێشووی كۆشكی سپی بۆ كاروباری ستراتیژی رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ رووبەڕووی " كودەتایەك" دەبێتەوە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو وتارەكەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە بەبێ‌ ناوهێنانی نوسەرەكەی و تێیدا وردەكاریی بوونی ئۆپۆزسیۆنی لەناو ئیدارەكەی ترەمپدا ئاشكراكردبوو. بڵاوكردنەوەی وتارێكی ئیمزانەكراو بەناوی یەكێك لە گەورە بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە، ئەو گریمانەیەی ترەمپی پشتڕاستكردەوە كە بەرگری لێدەكات و باوەڕی وایە ژمارەیەك لە كارمەندە باڵاكانی ئیدارەكەی وەك " دەوڵەتێكی سێبەر" بە نهێنی كاردەكەن بۆ شكستپێهێنانی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی. ستیف بانون لە سەردانێكی خێرادا بۆ ئیتالیا وتی:" ئەوەی ئەو رۆژە بینیتان زۆر مەترسیداربوو، ئەوە هێرشێكی راستەوخۆیە بۆسەر دامەزراوەكان و ئەوە كودەتایە". رۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت ئەو وتارەی رۆژی چوارشەمممە بڵاوكرایەوە بەرپرسێكی دیاری ئیدارەكەی ترەمپ نوسیوێتی بەبێ‌ ئەوە ناوەكەی ئاشكرابكات. نوسەری وتارەكە رەخنەی لە " نەبوونی رەهەندی ئەخلاقی" لەلایی ترەمپ گرتووە و دەڵێت:" ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی ئیدارەكەی بە بەردەوامی لەناوەوە كاردەكەن بۆ شكستپێهێنانی بەرنامە و ئارەزووە خراپەكانی". قەیرانێكی سیاسی راستەقینە بانون راشیگەیاند لەماوەی رابردوودا كە سەرۆكێكی ئەمریكا رووبەڕووی هەمان ئاڵنگاری بوبێتەوە، ئەوە بوو لە میانی شەڕی ناوخۆی ئەمریكادا روویدا كاتێك ژەنەراڵ جۆرج بی. مەكلیلان لەگەڵ سەرۆك ئەبراهام لینكۆڵندا ناكۆك بوو. بانون وتی:" وڵات لە هاوینی 1862وە قەیرانێكی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە، كاتێك ژەنەراڵ مەكلیلان و ئەفسەرە باڵاكان لە سوپای فیدراڵی كە هەموویان سەر بە دیموكراتەكان بوون، رایانگەیاند كە ئەبراهام لینكۆڵن شیاوی ئەوە نییە فەرماندەی گشتی بێت". ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند پێویستە وەزارەتی دادی ئەمریكا ناسنامەی نوسەری ئەو وتارە ئاشكرابكات و وتی ئەوە پرسی ئاسایشی نیشتمانییە. مانگی ئابی 2017 ترەمپ بانونی لە پۆستەكەی دوورخستەوە دوای ناكۆكی لەگەڵ راوێژكارەكانی سەرۆك دەربارەی هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی پارتی كۆماری خشتەی كارە ئابورییە نەتەوەییەكانی پەسەندبكات، بەڵام بانون لەو كاتەدا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی " سی بی ئێس" رایگەیاند خۆی دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەیتەوە و وتیشی:" دامەزراوەی كۆماریی چاوی لە پوچەڵكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی 2016 و دوورخستنەوەی ترەمپە". هەروەها بانون لە رۆما رایگەیاند:" گروپێك لە كەسایەتییەكان لە دامەزراوەی كۆمارییەكاندا باوەڕیان وایە كە ترەمپ شیاوی ئەوە نییە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان بێت، ئەوەش قەیرانە". وتیشی:" پیاوی پیلانگێڕییەكان نیم... وتم دەوڵەتێكی قوڵ نییە بەڵكو دەوڵەتێكی دیار و ئاشكرایە" هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو وردەكارییانەی ناو كۆشكی سپی لیبراڵە پێشكەوتنخوازەكانی ناو پارتی دیموكرات، وەك بێرنی ساندەرز هۆشداریدا لەوەی كە دڵخۆش نەبن بەوەی لە كۆشكی سپیدا روودەدات و وتی:" وانەزانن ئەگەر دەسەڵاتان گرتەدەست كارەكە جیاوازدەبێت، چونكە ئەوە سیستمەی ئێستایەكە دەڵێت كە ئەو زۆر لەگەل بەئاگاترە". سەرچاوە: " DW"


سوپای پاسداران یەكلای كردەوە كە ئەو موشەكانەی ئاراستەی بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی كردبوو موشەكی ( فاتح 110 ) لێرەوە (درەو میدیا) زانیاری وورد لەسەر موشەكی (فاتح 110 ) بزانە:   •    موشەكێكی زەمین بە زەمینە •    ساڵی 2002 بۆ جاری یەكەم ئەم موشەكە تاقیكراوەتەوە •    ساڵی 2003 بۆ جاری یەكەم لە نمایشێكی سەربازیدا لە تاران نیشان دراوە •    كێشی موشەكی فاتح 110 سێ تەنەو كڵاوەیەكی پڕ تەقەمەنیش هەڵدەگرێت كە كێشەكەی نیو تەن (500 كیلۆگرام)ە. •    مەودای موشەكەكە (295 كیلۆمەتر)ە •    موشەكەكە بە وزەی پتەو كاردەكات كە ئەمە وایلێدەكات بە خێراییەكی زۆر و بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بتەقێندرێت و بەوردی ئامانجەكەی بپێكێت •    مانگی ئابی 2012 ئێران رایگەیاند، نەوەی چوارەمی موشەكی فاتح 110ی تاقیكردوەتەوە كە مەوداكەی لە (300 كیلۆمەتر) زیاترە و لە توانایدایە ئامانجەكانی لە وشكانی و دەریادا بە وردی بپێكێت  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand