Draw Media

یەكێتی دەستی لە پارتی شتووە

یەكێتی دەستی لە پارتی شتووە

2019-11-03 17:38:30


راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف
یەكێتی لە پارتی نیگەرانە، بەڵام هیچ پلانێكی بۆ كشانەوە لە حكومەت نییە‌و تەنیا دەیەوێت لەڕێگەی میدیاكانەوە ناڕەزایەتییەكان بە پارتی بگەیەنێت، دوای چوار مانگ لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، یەكێتی تاڵاوی شكست‌و دۆڕاندنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆ دەخواتەوە، كەركوكی لەدەستدا، سێ پۆستی پڕنەكراونەتەوە، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت هیچی لێ سەوز نەبووە، شەراكەتی راستەقینەیش تەنیا وەكو دروشم ماوەتەوە.

كێشەی كەركوك
نزیكەی چوار لەمەوپێش بەدیاریكراوی لە رۆژی 11ی تەموز، یەكێتی‌و پارتی دواین رێككەوتنیان ئیمزاكرد لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئەو رێككەوتنە تایبەت بوو بە یەكلاكردنەوەی چارەنوسی پۆستی پارێزگاری كەركوك.
یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە پشكی خۆی دەزانێت، كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەو پۆستەی لەدەستداوە‌و كەسێكی عەرەب بەناوی (راكان جبوری) پۆستەكە بەڕێوەی دەبات.
لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە دەرفەتێك بۆ یەكێتی هاتەپێشەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، ئەو دەرفەتەش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بوو.
بەرپرسانی یەكێتی لەسەرەتای دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە، لەوە تێگەیشتن پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت لای خۆی بهێڵێتەوە، هەوڵیاندا ئەمە بكەن بە كارتی فشاری لەسەر پارتی، تاوەكو بەو كارتە پارتی ناچاربكەن پۆستی پارێزگاری كەركوك لەبەرژەوەندی ئەوان یەكلابكاتەوە.
پۆستی پارێزگاری كەركوك بوو بە گرێ لەبەردەم دروستبوونی كابینەی نوێی حكومەت، نزیكەی (10) مانگ پێكهێنانی كابینەكەی دواخست، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی خۆراگری كرد‌و تا دواسات سازشی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك نەكرد، تا ئەو كاتەی لە رۆژی 11ی تەموزی رابردوو هەردولا رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لیستی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی‌و لایەنە كوردییەكانی ترە، لەماوەی (45) رۆژدا (تەیب جەبار) وەكو پارێزگاری نوێی كەركوك هەڵبژێرێت.
تەیب جەبار سەر بەیەكێتی نیشتمانی بوو، یەكەمین كاندید بوو كە پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لەناو یەكێتیدا پەسەندی كرد، بەر لەوە پارتی ناوی زیاتر لە (40) كەسی رەتكردبووەوە كە یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەشی كردبوون، پارتییەكان بەبیانوی بەشداریكردن یاخود پاڵپشتی لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ناوی ئەو كاندیدانەی یەكێتییان رەتدەكردەوە، بەرپرسانی پارتی ناویان لەو كەسانە ناوبوو "ئۆكتۆبەرچی".
لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی كە هەردوولا لە 11ی تەموزدا كردیان، لیژنەیەكی هاوبەشی نێوان پارتی‌و یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك دروستكرا، ئەو (45) رۆژەی كە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوك دیاریكرابوو، كاتەكەی لەدوای بەڕێوەچوونی یەكەمین كۆبونەوەی لیژنە هاوبەشەكەوە دەستیپێدەكرد.
رۆژی 25ی تەموز لیژنە هاوبەشەكە یەكەمین كۆبونەوەی خۆی كرد، دواتر لیژنەكە چەند كۆبونەوەیەكی لەگەڵ لایەنەكاندا كرد، بەڵام نەگەیشتە ئەنجام بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی تەیب جەبار وەكو پارێزگاری نوێی كەركوك لە شوێنی نەجمەدین كەریم كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەركوكی بەرەو هەولێر بەجێهێشتبوو.
رۆژی 9ی ئەیلولی ئەمساڵ ئەو وادە (45) رۆژییە كۆتایی هات كە پارتی‌و یەكێتی لەسەری رێككەوتبوون بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، ئەمە یەكێتی نیگەران كرد.
هەفتەی رابردوو بەدیاریكراوی لە رۆژی 28ی تشرینی یەكەم، پەرلەمانی عێراق لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیشەوە، ئەمە یەكێتی بەتەواوەتی رەشبین كرد لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، چونكە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق هیچ دەرفەتێكی بۆ یەكێتی نەهێشتەوە جارێكی تر لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ لەناو ئەنجومەنی پارێزگاوە، دانوستان لەگەڵ پارتی بكات.
بە دەرچوونی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، پایەیەكی سەرەكی دانوستان‌و رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی كەوت، بەڵام كۆتایی رێگاكەش نییە، رۆژی 1ی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت، لە كەركوك پارتی‌و یەكێتی‌و لایەنە كوردییەكانی تر بە لیستێكی هاوبەش بەناوی "لیستی هاوپەیمانی كوردستانی" بەشداری دەكەن‌و دەتوانن‌و رێككەوتنەكەیان بگوازنەوە بۆ ناو ئەو لیستە هاوبەشە، بەڵام لە قۆناغی یەكەمدا یەكێتی ئەم كەیسەی بە پارتی دۆڕاند.
لە لێدوانێكی تایبەتد بۆ (درەو میدیا) فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی وتی:" لەگەڵ پارتی چیتر باسی دانانی پارێزگاری كەركوك ناكەین، بەڵام هێشتا بیرمان لە كشانەوە لە حكومەتی هەرێم نەكردووەتەوە‌و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان دەدەین، ئەگەر چارەسەرنەكرا بەدڵنیایی بیر لە كشانەوە دەكەینەوە".

كێشەی دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی
رۆژی 7ی ئەیلولی رابردوو، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شاری سلێمانی كۆبووەوە، ئەوكات (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، لە كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت راپۆرتێكی خوێندوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی لە راپۆرتەكەیدا بەناڕاستەوخۆ رەخنەی لە تیمی دانوستانكاری یەكێتی گرتبوو كە نەیانتوانیوە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن سەبارەت بە پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەكردبوو، رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەبارەی كابینەی نوێی حكومەتەوە بە نیوەناچڵی جێبەجێكراوە‌و یەكێتی هاوبەشی راستەقینە نیە لە حكومەتداو تەواوی بڕیارەكان لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە دەدرێت، هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆ بە ئەو وەكو جێگری سەرۆك وەزیران نەدراوە. 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی دەسەڵاتەكانی خۆیەوە هیچی بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نەوتووە، هیچ كاتێكیش كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی لە هەولێر بەجێنەهێشت، شەڕەكەی بە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی كرد.
دواجار رۆژی 2ی تشرینی یەكەم، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا مەسرور بارزانی بابەتی دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی هێنایە بەرباس، وەزیرێكی بەشداربووی ئەو كۆبونەوەیە بە (درەو میدیا)ی وت:" لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی زۆر بە روونی قسەیكردووەو وتی با بۆ هەموو لایەك روون بێت، یەك حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەو نامانەوێت ئەزمونی رابردوو دووبارە بكەینەوە كە حكومەتێك لە سلێمانی و حكومەتێكیش لە هەولێرو دهۆك بێت.. بەپێی یاسا دەسەڵاتی قوباد تاڵەبانی دیاریكراوە، هەرگیز جارێكی تر ئەو دەسەڵاتانەی پێنادرێتەوە كە لە كابینەكانی پێشوو پێی دراوە، بەشێك لەو دەسەڵاتانەی كە لە كابینەی پێشوو دراوە بە قوباد تاڵەبانی، لەبەر خاتری مام جەلال بووەو بەشێكیشی بەهۆی بارودۆخی شەڕو دڵرازیكردنەوە بووە، بۆیە هەرگیز ئەو ئەزمونە روناداتەوە دەسەڵات دابەشبكرێت لەنێوان سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی".
هەر لەو كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی وتبووی:" " هەڵە تێگەیشتن هەبووەو ئێستا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لێكتێگەیشتن هەیە"، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، لەدوای ئەو كۆبونەوەیەوە مەسرور بارزانی بە نوسراو دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت دیاریكردووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو دەسەڵاتانەی پێنەداوە كە لەسەردەمی كابینەی پێشوو بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی هەیبووە، لەوكاتەوە قوباد تاڵەبانی لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە بێدەنگ بووە‌و هیچ نیگەرانییەكی نیشان نەداوە.
پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم یەكێك لەو پۆستانە بوو كە یەكێتی دانوستانی قورسی لەسەركرد، لیژنەی دانوستانكاری یەكێتی بۆ ئەوەی قوباد تاڵەبانی قایل بكات (قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو بۆ هەڵبژادنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان‌و دەنگی یەكەمی لەسەر ئاستی كوردستان بەدەستهێنا)، بەهەموو جۆرێك لە دانوستانەكانیدا لەگەڵ پارتی زیادكردنی جێگری تری بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت رەتدەكردەوە، یەكێتی سەركەوتبوو لە رێگرتن لە زیادكردنی جێگری تر بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، بەڵام ئێستا پارتی لەڕێگەیەكی ترەوە لە پێگەی قوباد تاڵەبانی داوە، مەسرور بارزانی لەدوای دەستبەكاربوونیەوە وەكو سەرۆكی حكومەت (4) كەسی وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت دامەزراندووە، ئەمە جگە لە یاریدەدەرێكی تر كە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی لەدانوستانەكانیدا پەسەندیكردووە‌و بڕیارە لەداهاتوودا دەستنیشان بكرێت (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكساز).
دانانی یاریدەدەرە زۆرەكان بۆ سەرۆكی حكومەت، یەكێتی نیگەران كردووە، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" بەناوی یاریدەدەرەوە حكومەتێكی بچوك دروستكراوە"، واتە یەكێتی لەم پرسەشدا دانوستانەكەی بە پارتی دۆڕاند.
جگە لە دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم، یەكێتی كێشەی دەسەڵاتی پۆستێكی وزاریشی هەیە، كە ئەویش پۆستەكەی (خالید شوانی)یە كە وەزیری هەرێمە‌و تائێستا هیچ ناونیشانێكی پێنەدراوە.
بەرپرسانی یەكێتی باسلەوەدەكەن، بەپێی رێككەوتنەكەیان دەبوو خالید شوانی بكرێت بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداد، بەڵام دوای چوار مانگ لە دەستبەكاربوونی، هێشتا تەنیا وەزیری هەرێمە‌و ناونیشانی پێنەدراوە، ئەمە لەكاتێكدایە لەو ماوەیەدا پارتی لەدەرەوەی هەموو رێككەوتنە سیاسییەكان كەسێكی لە بەغداد داناوە وەكو نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد. 

كێشەی پۆستە پڕنەكراوەكان
یەكێتی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018دا رێژەی 21%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا (بەبێ كۆتاكان)، بەم ئەنجامەوە رێژەی 21%ی پۆستەكانی لەكابینەی نوێی حكومەتی پێدراوە كە خۆی دەبینێتەوە لە (6) پۆستی وزاری‌و ژمارەیەك پۆستی تر.
یەكێتی پۆستە وزارییەكانی وەرگرتووە، بەڵام هەندێكی پۆستی تر هەن كە بەپێی رێككەوتن بەر یەكێتی كەوتوون، دوای چوارمانگ لە دەستبەكاربوونی حكومەت، هێشتا پڕنەكراوەتەوە.
پۆستە پڕنەكراوەكانی یەكێتی لە حكومەت:
•    پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم: (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە.
•    پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار: (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوە.
•    پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین: (ئیسماعیل مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە
پارتی بەفەرمی یەكێتی ئاگاداركردووە كە كاندیدی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم (رەوەند مەلا مەحمود)ی قبوڵ نییە، رەوەند مەلا مەحمود جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتییە لە كەركوك، پارتییەكان دەڵێن "ئۆكتۆبەرچی"یە‌و "قسەی نەشیاوی بە مەسعود بارزانی" وتووە.
ئێستا رەوەند مەلا مەحمود بووە بە یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پارتی داوای كشاندنەوەی كاندیدبوونی دەكات‌و یەكێتی سوورە لەسەری.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، رەوەند مەلا مەحمود وتی:" من هەر كارێكم كردبێت بۆ بەرزڕاگرتنی یەكێتی كردوومە، ئەگەر حزبێكی سیاسی بیەوێت بەدڵی ئەوان قسە بكەم ئەوە من نیم ئەو كارە بكەم.. بڕیاری كاندیدبوونم یان كشاندنەوەی كاندیدبوونم تەنیا لای یەكێتییە".

شەراكەتی راستەقینە 
شەراكەتی راستەقینە یەكێك لەو دروشمانە بوو كە وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هەڵیگرتبوو، وەكو خۆیان دەڵێن یەكێتی لەم پرسەشدا دانوستانەكەی بە پارتی دۆڕاندووە.
كابینەی نوێ لە رۆژی 10ی تەموزدا سوێندی یاسایی خوارد، یەكێتی هیچ یەكێك لە وەزارەتە هەستیارەكانی وەكو (ناوخۆ، نەوت، دارایی) وەرنەگرت، جگە لەوە لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان) یەكێتی تەنیا (سەرۆكایەتی پەرلەمان)ی پێدرا، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ئاسایش‌و ئەنجومەنی دادوەری-یش هەر لای پارتی مانەوە.
سەرباری ئەمانە، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی دەڵێ:" ئەنجومەنی گازو نەوت كە داهاتەكانی گازو نەوت رێكدەخات، لە دوای پێكهێنانی حكومەتەوە یەك كۆبوونەوەی نەكردووە.. مەبدەئی شەراكەتی راستەقینە لەنێوان ئێمەو پارتی جێبەجێ نەكراوە". 

بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی نیگەران بوون لە قسەكانی لەتیف شێخ عومەری وتەبێژی حزب‌و پێیانوایە پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی ئاڵۆزتر دەكات.
لە پرسی شەراكەتدا ئێستا بابەتێكی تر هاتووەتە ئاراوە كە یەكێتی نیگەران كردووە، ئەویش كۆبونەوەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقی.
هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی مەترسییان هەیە بارزانی بەشێوەی تاكلایەنە‌و بەبێ پرس و را لەگەڵ یەكێتی، رێككەوتنی نوێ لەگەڵ بەغداد بكات‌و یەكێتی پەراوێز بخات، بەتایبەتیش لەم قۆناغە هەستیارەدا كە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت‌و ئەگەری گۆڕانكاری نوێ لە بەغداد لە ئارادایە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand