درەو میدیا: سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند، سبەینێ كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبێتەوە، ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوای كرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی: لە كۆبونەوەی سبەنێی مەكتەبی سیاسیدا پرسی بەشداریكردنی یەكێتی لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و بەشداری یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت تاوتوێ دەكرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێكی یەكێتی لەگەڵ نوێنەری نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا نوێنەری نێچیرڤان بارزانی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە، كە لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان دەرفەتی كۆبونەوەیان نیە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بۆیە كۆبونەوەو گفتوگۆكانیان هەڵگرتووە بۆ دوای 10ی حوزەیران. ( درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتی و پارتیەوە زانیویەتی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ڤیتۆی لەسەر چەند كارەكتەرێكی ناو یەكێتی هەیەو داوایكردووە ئەو كەسانە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم نەكەن، بە دیاریكراوی ئەوانەی كە پارتی و بارزانی تۆمەتبارایان دەكەن بەوەی لەپشت روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوەن. كۆبونەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی هەولێر و ڤیتۆكەی بارزانی جۆرێك لە نیگەرانی و ناڕەزایەتی لەناو سەركردایەتی یەكێتی درووستكردووەو لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بە ئاراستەی ئەوەی سبەینێ لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیدا یەكێتی بڕیاری بەشداریكردنی لە حكومەت بەتەواوی هەڵپەسێرێت و بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیش نەكات وەك چۆن لە پەرلەمان دەنگی پێنەدا.
درەو میدیا: ئێوارەی ئەمڕۆ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لە هەولێر گفتوگۆیانكردو پارتی بڕیاریداوە تا دوای سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆنەبێتەوە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند: كاتژمێر 7ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ نوێنەری نێچیرڤان بارزانی كۆبونەتەوە. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، كە نوێنەرەكەی نێچیرڤان بارزانی بە بەرپرسەكانی یەكێتی راگەیاندووە، كە تا دوای 10ی حوزەیران و سوێند خواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەرفەتی كۆبونەوەی نابێت لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لەدوای ئەو وادەیەشەوە كۆدەبنەوەو كێشەكان چارەسەر دەكەن، بە پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكیشەوە. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە روو، كە بڕیار بوو سبەینێ وەفدی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر كۆببنەوە، بەڵام ئەو كۆبونەوەیە ناكرێت بە بیانووی ئامادەكاری بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی (نێچیرڤان بارزانی) وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و راسپاردنی (مەسرور بارزانی) بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان. مەسعود بارزانی لە چەند رۆژی رابردووداو لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی، رایگەیاند: چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی سپاردووە بە نێچیرڤان بارزانی. سەرەرای كۆنەبونەوەو یەكلانەكردنەوەی كێشەكانی نێوانیان، بەڵام وەفدی حكومی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی ( نێچیرڤان بارزانی) دەكات و مەكتەبی سیاسی یەكێتیش، بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراقی سەرپشككردووە لە بەشداریكردن لەو مەراسیمە، چاوەڕەوان دەكرێت بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمەكە بكات و وتار پێشكەشبكات.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت بەر لە راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، یەكێتیو پارتی دواین كۆبونەوە دەكەن، پارتی ئامادەیە لە هەولێر فەڕشی سور بۆ بەرهەم ساڵح رابخات، بەڵام چارەنوسی كەركوك هێشتا یەكلانەبووەتەوە. (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا دواین زانیارییەكان لەبارەی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتیو مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم بڵاودەكاتەوە. تەنیا رۆژێك ماوە بۆ وادەی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری بۆ سازدانی مەراسیمێكی گەورە كردووە. پارتیو نێچیرڤان بارزانی دەیانەوێت بەرلە بەڕێوەچونی مەراسیمە گەورەكە، دواین هەوڵی خۆیان بۆ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بخەنەگەڕ. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، وەفدێكی یەكێتی كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (كۆسرەت رەسوڵ عەلی، بافڵ تاڵەبانی، ئەرسەلان بایز) لە هەولێرن بۆ كۆبونەوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی ، بەڵام تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە یەكلانەبۆتەوە كە كۆبونەوەی سبەینێ دەكرێت یان نا چونكە تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی رەزامەندی دەرنەبڕێوە بۆ كۆبونەوە بە بیانوی ئامادەكاری بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم . پۆستی پارێزگاری كەركوك سەرچاوەی سەرەكی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان پارتیو یەكێتییە، ئەمە تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی نێوانیانە كە بەردەوام لە رێگەی تەلەفۆنەوە سەركردەكانی هەردولا قسەی لەسەر دەكەن، (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، یەكێتی دوو كاندیدی نوێ بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك ئامادەكردووە، كاندیدەكان بریتین لە هەریەكە لە (لیوا جەمال تاهیر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی كەركوك)و (دكتۆر عومەر ئینجە جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك)، ئەمە جگە لە (خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی) كە ئەویش ناوی لەناو كاندیدەكانی پۆستی پارێزگاری كەركوكدایەو یەكێتی دەیەوێت وەك كاندیدی بەهێز رەزامەندی پارتی بۆ وەربگرێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێتی دەیەوێت بەر لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، جۆرێك لە رەزامەندی لە پارتی وەربگرێت سەبارەت بە كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەمە بەپلەی یەكەم بۆ ئەوەیە ئەگەر یەكێتی بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی كرد، لەبەردەم جەماوەری خۆیو رایگشتیدا دوچاری شەرمەزاری نەبێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەبەردەستی (درەو میدیا)دان، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017وە، یەكێتی نیشتمانی ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەشی پارتی كردووەو هەموو ئەو كاندیدانە بە بەهانەی ئەوەی پشتیوانی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریان كردووە، لەلایەن پارتییەوە رەتكراونەتەوە، پارتییەكان نازناوی "ئۆكتۆبەرچی"یان لە هەموو ئەو كەسانە ناوە. چارەنوسی رێككەوتنەكە ! رۆژی 28ی ئایار پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیی وەكو سەرۆكی هەرێم هەڵبژارد، فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكەی نەكردو دەنگیشی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدا، یەكێتی ئەم هەنگاوەی بەستەوە بەوەی پارتی رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووەو هێشتا كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلانەكردوەتەوە. دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی، پارتی نیگەران كرد، پارتی دەقی رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، ئێستا هەردوولا یەكتری تۆمەتباردەكەن بەوەی رێككەوتنەكەیان پێشێلكردووە. مەسعود بارزانی بۆ شەرمەزاركردنی یەكێتی كە دەنگیان بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەداوە، یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پارێزگاری كەركوكی رادەستی نێچیرڤان بارزانی كردووەو خۆی لێی كشاوەتەوە، ئەمە دوو لێكدانەوەی بۆ دەكرێت: لێكدانەوەی یەكەم: مەسعود بارزانی بەكشانەوەی لە دۆسیەی كەركوك، دەیەوێت رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بكرێت، بارزانی بەرپرسیارێتییەكە دەخاتە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانیو چیتر شەڕی دانەنانی "ئۆكتۆبەرچی"یەكان ناكات. لێكدانەوەی دووەم: مەسعود بارزانی بەكشانەوەی لە دۆسیەی كەركوك، دەیەوێت یەكێتی روبەڕووی توڕەیی نێچیرڤان بارزانی برازای بكاتەوە (یەكێتی دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك هەرێم نەدا)، واتە بارزانی نایەوێت بگاتە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی نایەوێت هیچ رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ یەكێتی واژۆ بكات، پارتی دەیەوێت هەمان رێككەوتن بەو پاشكۆیەشەوە كە تایبەتە بە یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، جێبەجێ بكرێت، بۆیە ئەگەری نوسینەوەی رێككەوتنی نوێ لەنێوان هەردوولا دورەو ئەوەی هەیە تەنیا رێككەوتنی هەردوولایە لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك. رێككەوتن یان...؟ پارتیو یەكێتی هیچ دەرفەتێكیان لەبەردەمدا نەماوە بۆ كات كوشتنو بەكارهێنانی كارتی فشار لەدژی یەكتری، چونكە رۆژی دووشەممە هاوكات لەگەڵ سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی ئامۆزای وەكو كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رادەسپێرێتو پەرلەمان دەنگی لەسەردەدات، بەشدارنەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی بە راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەواتای بەشدارنەبوونی یەكێتی دێت لە حكومەت. بەپێی رێوشوێنە یاساییەكان، دوای راسپاردنی، مەسرور بارزانی ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ رادەستكردنی پێكهاتەی كابینەكەی بە پەرلەمانی كوردستان. هەندێك زانیاری هەن لەبارەی ئەوەی ئەگەر یەكێتیو پارتی لەسەر پرسی كەركوك نەگەیشتنە رێككەوتن، مەسرور بارزانی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت بە بەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی كێشەكان چارەسەردەبن. ئەگەر هیچ یەكێك لەم رێگەچارانە نەگەیشتنە ئەنجام، ئیتر هیچ رێگایەك لەبەردەم یەكێتیو پارتیدا نامێنێتەوە جگە لە جیابونەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی، بەمدواییە سەركردەكانی یەكێتی گفتوگۆیان كردووە لەبارەی ئەگەری رێكنەكەوتن لەگەڵ پارتی، بەتایبەتی بژاردەی لامەركەزی ئیداریو هەرێمی سەربەخۆ. مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆك رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمێكی گەورەدا لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) لە شاری هەولێر وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات. مەراسیمەكەی هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانەو نێچیرڤان بارزانیش لەبەردەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانو پەرلەمانتاراندا سوێندی یاسایی دەخوات، گواستنەوەی مەراسیمی سوێندخواردنەكە لەناو بینای پەرلەمانەوە بۆ هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) بەپێی قسەی بەرپرسانی پارتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، بەهۆی ئەوەیە هۆڵی پەرلەمان شوێنی میوانە زۆرەكانی مەراسیمەكەی تێدا نابێتەوە. سەرچاوەیەكی نزیك لە پرۆتۆكۆڵی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی یەكەمین وتاری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم دەخوێنێتەوە، لەدوای ئەو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق وتار دەخوێنێتەوە (ئەگەر بەشداری بكات)، پاشان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتاری دەبێت. بەرهەم ساڵح بەشدار دەبێت ؟ بەشداربوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیدا تاڕادەیەك پەیوەستە بە یەكلابوونەوەی كێشەكانی نێوان پارتیو یەكێتیی. پارتیو بەرپرسەكانی كە پێشتر بەهۆی ناكۆكییەكان لەبارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵحیان بایكۆتكردو ئامادەنەبوون وەكو سەرۆك كۆمار لە هەولێر پێشوازی لێبكەن، ئێستا بەفەرمی بانگهێشتنامەیان ئاڕاستەی كردووە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم بكات، رەنگە ئەم پاشەكشێیەی پارتی لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح پەیوەندی بەدوو هۆكارەوە هەبێت: • پارتی سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی، بەڵام لە شكۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەكو پۆستێكی باڵا تێگەیشتووەو پێیوایە بەشداربوونی سەرۆك كۆمار بایەخێكی زیاتر بە مەراسیمی دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆك هەرێم دەدات، بەتایبەتی لە ناوەندی سیاسی عێراقیدا. • دوای هەشت مانگ دانوستانو رێككەوتنو پاشان پاشگەزبونەوە، پارتی بۆی دەركەوتووە بەبێ ئاساییكردنەوە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی سەخت دەبێت، بەوپێیەی ئەو ئاڕاستەیەی كە ئێستا لەناو یەكێتی بەرامبەر بە پارتی راوەستاون، لە دۆستە نزیكەكانی بەرهەم ساڵحن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەپێچەوانەی ئەوەی پێشتر لەزاری بەرپرسێكییەوە رایگەیاند" هەرگیز فەرشی سور لە هەولێر بۆ بەرهەم ساڵح راناخرێت"، پارتی دەیەوێت بە مەراسیمی فەرمیو فەرشی سورەوە پێشوازی لە هاتنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بكات بۆ بەشداربون لە مەراسیمی سوێندنخواردنو خودی نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە بەرهەم ساڵح دەكات. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ترەوە زانیاری دەستكەوتووە، تیمی پێشوازی پارتی لە میوانەكانی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم بریتین لە هەریەكە لە ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانو نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، ئەگەر رێوشوێنەكانی پێشوازی بەمشێوەیە بەڕێوەبچن، رەنگە بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمەكە نەكات.
(درەو میدیا): 23ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ، پایتەختی بازرگانیو گەشتیاری توركیا بەڕێوەدەچێتو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا " ئاكەپە" هەوڵدەدات دەنگی كورد لەو شارە مسۆگەربكاتو لە رێگەی دەنگی كوردەوە رێگەی سەركەوتن لە كاندیدەكەی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە " بگرێت. یەڵدریم دەگاتە ئامەد بۆ بەدەستهێنانی دەنگی كورد لە ئیستانبوڵ، بن عەلی یەڵدریم كاندیدی ئاكەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی گەیشتە ئامەدی پایتەختی باكوری كوردستان، بەڵام لەبری راكێشانی سۆزی كورد بەلای خۆیدا بە بەكارهێنانی " كوردستان" كوردی توڕەو نیگەران كرد. سەرەڕای ئەوەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو كەسانەی وشەی كوردستان بەكاردەهێنن بە پشتیوانیكردن لە تیرۆر تۆمەتباریان، بەڵام یەڵدریم لە وتەیەكیدا كە لە ئامەد پێشكەشیكرد رایگەیاند كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری نوێی توركیا لەكاتی كردنەوەی یەكەمجاری ئەنجومەنی گەلی توركیا چەند نوێنەرێكی " كوردستان"ی بانگهێشتكردووە. " نیفاقو دووڕووییە" بەكارهێنانی وشەی كوردستان لەلایەن بن عەلی یەڵدریمەوە كاردانەوەی سیاسەتمەدارانی كوردی لە باكور لێكەوتەوە، زیا پیر پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بن عەلی یەڵدریمی بە دووڕوویی و نیفاق تۆمەتباركرد. پیر لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە یەڵدریم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" ئەوە نیفاقە، بازرگانییەكی قێزەونیی دەنگە، كاتێك ئێمە وشەی كوردستان بەكاردەهێنیین دەمانگرنو لە پەرلەمان دەرمان دەكەن، بەڵام ئەوان كاتێك دەچن بۆ ئامەد لە پێناوی كۆكردنەوەی دەنگی كورددا ئەو وشەیە بەكاردەهێنن". ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی هەدەپە رووی قسەكانی دەكاتە یەڵدریمو دەڵێت:" چاوەڕوان مەبە، كورد دەنگت پێ نادەن، بچۆرە بەردەم دەرگایەكی تر". كۆتایی ئازاری رابردوو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بەڕێوەچوو، پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار گورزی كوشندەی بەركەوتو سەرۆكایەتی شارەوانەی شارە گەورەكانی وەك ئەنكەرەی پایتەختو ئیستانبوڵو ئیزمیری لەدەستدا. لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵدا ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو كاندیدی جەهەپە بە جیاوازییەكی كەم سەرۆكایەتی شارەوانی بەدەستهێنا، بەڵام لەسەر داوای ئاكەپە لیژنەی هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكەو دووبارەكردنەوەی لە 23ی حوەزیراندا. ئێستا ئاكەپە هەرچی توانای خۆی هەیە خستویەتییەگەڕ بۆئەوەی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ لەدەستنەداوەو بۆ یەكلاكردنەوەی لایەنی براوەش دەنگی كورد لە ئیستانبوڵ سەنگی مەحەكەو لە هەڵبژاردنی ئازاردا كورد دەنگی بە كاندیدی ئاكەپە نەداوەو 23ی حوەزیرانیش ئاشكرادەبێت ئەمجارە كورد لەو شارە كورسی سەرۆكایەتی شارەوانی پێشكەشی جەهەپە دەكات یان ئاكەپە.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ئەنكەرە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاودەنێتو ئەمریكا گوشاری زیاتر دەخاتەسەر توركیا بۆئەوەی دەستبەرداری كڕینی سیستمی بەرگری موشەكی ( ئێس - 400)ی روسی ببێتو تا كۆتایی مانگی داهاتوو مۆڵەتی پێدەدات. پاتریك شاناهان، هەڵسوڕێنەری كاروباری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ هاوتا توركییەكەی خوڵوسی ئاكار، جەختدەكاتەوە لەوەی دەستبەجێ مەشقو راهێنانی سەربازو ئەفسەرانی توركیا لەسەر فڕۆكەی جەنگی جۆری ( ئێف - 35) رادەگیرێت. ئێستا واشنتۆن تا كۆتایی مانگی تەمموزی داهاتووی دیاریكردووە بۆئەوەی ئەنكەرە دەستبەرداری كڕینی سیستمی دژە موشەكی ( ئێس- 400)ی روسی ببێتو باوەڕی وایە ئەو سیستمە بەرگرییە روسییە هەڕەشەیە بۆسەر فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری ( ئێف – 35) كە توركیا بەنیازە بیكڕێتو نابێت ئەنكەرە لە یەك كاتدا هەردوو سیستمەكە بەدەستبهێنێت. ئەلین لۆرد، بریكاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەو بارەیەوە دەڵێت:" ئەگەر توركیا بەهاتنی 31ی تەمموزی داهاتوو ئەمریكا لە پاشگەزبوونەوە لە كڕینی سیستمە روسییەكە ئاگادارنەكاتەوە، ئەوا مەشقو راهێنانی فڕۆكەوانە توركییەكان لەسەر فڕۆكەی ئێف – 35 لە ئەمریكا رادەگیرێت، هەروەها هەموو رێككەوتنەكان لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكانی تایبەت بە دروستكردنی پارچەكانی فڕۆكەی ئێف 35 هەڵدەوەشنێنرێنەوە". ئەم ئاگاداركردنەوەی ئەمریكا بۆ توركیای هاوپەیمانی لە ناتۆ دوای ئەوەدێت كە ئەنكەرە چەند كەسێكی بۆ مەشقكردن لەسەر سیستمی دژە موشەكی ئێس- 400 رەوانەی روسیا كردووەو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش سێشەممەی رابردوو جەختیكردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە گرێبەستەكەی لەگەڵ روسیاو دەستبەرداری كڕینی سیستمی ئێس- 400 نابێت. ئەردۆغان جەختیشیكردەوە كە ئەمریكای ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ئەنكەرە هەنگاو بۆ كڕینی سیستمی دژە موشەكی پاتریۆتی ئەمریكی دەنێت ئەگەر مەرجەكانی واشنتۆن لەو بارەیەوە وەك مەرجەكانی مۆسكۆ ئاسان بن. "گۆڕینی ئاراستە" فڕۆكەی جەنگی ( ئێف- 35) بە شێوازێك دروستكراوە كە بگونجێت لەگەڵ سیستمە سەربازییەكانی پەیمانی ناتۆ بە تایبەتی سیستمی بەرگری دژە موشەكی، و ئەمریكا ترسی لەوە هەیە كە روسیا لەرێگەی دەستكەوتنی زانیاری لە توركیا پەرە بەە سیستمی دژە موشەكی ئێس- 400 بدات دژی هاوپەیمانی ناتۆ. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا حوزەیرانی 2018 چوار فڕۆكەی جۆری ئێف – 35 بە توركیا فرۆشت، بەڵام بۆ مەشقپێكردنی فڕۆكەوانەكانی توركیا فڕۆكەكانی لە ئەمریكا هێشتوەتەوەو ئەگەر توركیا تا 31ی تەمموز دەستبەرداری گرێبەستكەی لەگەڵ روسیا نەبێت ئەوا كۆمپانیا توركییەكان كە 937 پارچەی جیاوازی فڕۆكەی ئێف- 35 دروستدەكەن هیچ گرێبەستێكی تریان پێ نادرێتو بەوتەی ئەلین لۆد بریكاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا گرێبەستەكان دەدرێنە كۆمپانیای تر. لۆرد رایگەیاند كۆمپانیا لۆكهید مارتنی تایبەت بە فڕۆكەوانیو كۆمپانیای برات ئەند ویتنی، كۆمپانیای دروستكردنی بزوێنەری فڕۆكە بەجدی دەگەڕێن بە دوای كۆمپانیای تردا بۆ دروستكردنی ئەو پارچانەی كە ئێستا لە توركیا دروستدەكرێن. بەوتەی ئەلین بەشداری كۆمپانیا توركییەكان لەو پرۆژەیەدا هەتا سەرەتای ساڵی 2020 یەوە دەڵێت:" بەڵام هێشتا كات لە بەردەم توركیادا ماوە بۆئەوەی ئاراستەی بگۆڕێت". پرۆگرامی فڕۆكەی جەنگی جۆری ( ئێف- 35) كە نەوەدەكانی سەدەی رابردو دەستیپێكردووە، بەبەهاترین پرۆگرام دادەنرێت لە مێژووی سوپای ئەمریكادا و پێنتاگۆن تێچووو خەرجی پرۆگرامەكەی بە 400 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، ئەوەش بە ئامانجی دروستكردنی نزیكەی 2500 فڕۆكە لە چەند ساڵی داهاتوودا. سەرچاوە: بی بی سی
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم بهشێكی زۆری ئهو زانیاری و ههواڵانهی لهماوهی چهند كاتژمێری ڕابردوو، لهبارهی پهیوهندییهكانی پارتی و یهكێتیی بڵاودهكرێنهوه به تهواوی ڕاست نین، بهڵكو پێچهوانهكهی ڕاسته. له ماوهی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، مهسعود بارزانی تهلهفۆنی بۆ كۆسرهت ڕهسوڵ نهكردووه، بهڵكو به پێچهوانهوه كۆسرهت رهسوڵ لهبارهی پرسی كهركوك به تهلهفۆن قسهی لهگهڵ بارزانی كردووهو بارزانیش ئاماژهی بهوهكردوه، جارێكی دیكه لهسهر ئهو پرسه گفتووگۆ ناكات، یهكێتیی دهتوانێت بۆ ئهو بابهته لهگهڵ مهكتهبی سیاسی پارتی و نێچیرڤان بارزانی گفتووگۆبكات. ئهم وهڵامهی بارزانی بۆ كۆسرهت ڕهسوڵ ناڕوونه، چونكه وهڵامهكهی بارزانی ئاماژهبووه بۆئهوهی، كه ناوبراو له كۆسرهت ڕهسوڵ و مهكتهبی سیاسی تووڕهیه و پێیوایه ئهوان له بهڵێنهكهیان لهبارهی دانانی "فهرهیدوون عبدالقادر" بۆ پارێزگاری كهركوك پاشگهزبوونهتهوه. بهشێكی دیكه خوێندنهوهی دیكهی بۆدهكهن و بهشێوهیهك پێیانوایه: بارزانی بۆ ئهوهی مهسرور بارزانی له پۆستهكهی سهركهوتوو بێـت و كێشهی نهیهته پێشهوه، كێشهی كهركوكی خستۆته بهردهم نێچیرڤان بارزانی و مهكتهب سیاسی بۆ چارهسهركردن، تاوهكو خۆی لهم دۆخه دهرباز بكات، كه له ماوهی ڕابردوودا پێداگری زۆری لهسهر كردوه به تایبهت لهسهر پرسی پارێزگار. شاندێكی مهكتهبی سیاسی یهكێتیی له دوای كۆبوونهوهیان له دوو ڕۆژی ڕابردوو، به پهله له رێگهی فڕۆكهوه هاتنه ههولێر، بهڵام ماوهی دوو ڕۆژه هیچ وهڵامێكیان له لایهن پارتیهوه بۆ كۆبوونهوه پێنهگهیشتووهو تاوهكو ئهمڕۆ، شهممه،8ی ئایار، چاوهڕێدهكهن و له ههوڵێر دهمێننهوه. تاوهكو ئێستا هیچ بڕیارێك له پارتیهوه نییه، بۆ كۆبوونهوه لهگهڵ یهكێتیی و ڕێككهوتن لهسهر پرسی كهركوك، پارتی قسهكردنی لهسهر ئهو بابهته خسۆته دوای مهڕاسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وهك سهرۆكی ههرێم. نێچیرڤان بارزانیش بههۆی سهرقاڵی به مهراسیمی سوێندخواردنهكهی و خۆ دوورگرتن لهوهی هیچ ڕێككهوتنێك بهر له ڕۆژی دووشهممهی داهاتوو لهگهڵ یهكێتیی بكات، له ئێستادا هیچ ئامادهییهكی نیشان نهداوه بۆ كۆبوونهوه لهگهڵ یهكێتیی. بهرههم ساڵحیش وهك سهرۆك كۆماری عێراق، داوای مهڕاسیمێكی شایستهی پێشوازی كردووهو پارتیش ڕازیبووه، تاوهكو ئێستاش بڕیار ئهوهیه ناوبراو بهشداربێت له مهڕاسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی. بهرههم ساڵح و نزیكهكانی بۆ خۆدهربازكردن له ئیحراجبوونیان له كاتی بهشداریكردن مهرٍاسیمی سوێندخواردن، له ههوڵی ئهوهدان دهرهچهیهك بدۆزنهوه، ئهویش به ئهنجامدانی كۆبوونهوهیهكی شكلی لهنێوان پارتی و یهكێتیی بهر له ڕۆژی دووشهممه، ئهم ههوڵهش بۆئهوهیه ئهگهر بهرههم ساڵح بهشداربێت و هێرشی میدیایی نهكرێته سهرو ئیحراج نهبێت. بڕیاری مهكتهبی سیاسی یهكێتیی بۆ بهشداریكردن له كۆبوونهوهی ڕۆژی دووشهممهی داهاتوو چاوهڕێكردنی پارتیه لهسهر پرسی كهركوك، ههرچهنده به فهرمی ههموویان بانگهێشتكراون. مهكتهبی سیاسی یهكێتیی لهگهڵ ئهوهنییه هیچ كهسێكی یهكێتیی بهبێ پرس بهشداری ئهو مهڕاسیمه بكات، چونكه ئهوكات دهبێته نوێنهری یهكێتیی، ئهگهر لهو حاڵهتهش كهسێك بیهوێ بهشداربێت، بڕیاری مهكتهبی سیاسی ئهوهیه، كه فراكسیۆنی یهكێتیش له پهرلهمان بهشداریبكات. فراكسیۆنی یهكێتی له پهرلهمان هیچ بڕیارێكیان بۆ بهشداریكردن نهداوه، ئهگهر تاوهكو ڕۆژێك بهر له مهڕاسیمهكه مهكتهبی سیاسی بڕیارنهدات، ئهوكات خۆیان بڕیاردهن. كهواته... تاوهكو ئێستا هیچ بڕیارێك لهبارهی كۆبوونهوهی دوو ڕۆژی داهاتووی پارتی و یهكێتیی و پرسی رێككهوتن لهسهر پارێزگاری كهركوك له ئارادا نییه، ئهو ناوانهی باسیشدهكرێن تهنها له چوارچێوهی گفتووگۆ نێوخۆییهكان و قسهی و باسی شهخسی و ههواڵی میدیاین.
درەو میدیا: بە پێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە، ئەمڕۆ د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك ئازادكراو بەیروتی پایتەختی لوبنانی جێهێشتووە، سەبارەت بە ئازادكردنەكەشی ئەو سەرچاوەیە بە درەو میدیای راگەیاند" بە هەوڵی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی باڵیۆزی لوبنانەوە لە بەغداد، كێشەكەی نەجمەدین كەریم چارەسەركراوەو بەیروتی پاتەختی لوبنانی جێهێشتووە" . بیرهێنانەوە " پارێزگاری پێشووی كەركوك.. سندوقە رەشەكەی مافیاكانی كوردستان" ئەمە ناونیشانی ڕۆژنامەی (ئەخباری لوبنانی)یە كە لەژمارەی ئەمڕۆیدا (25/ 5/ 2019 )، ڕاپۆرتێكی ووردی لەسەر كەیسی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك لە لوبنان بڵاوكردۆتەوە. رۆژنامەكە نوسیویەتی " كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان و هەندێك لایەنی سیاسی عێراق هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم و لەو پێناوەشدا گواستنەوەی پارە لەنێوان هەولێر و بەغدا و بەیروت بەدەیان ملیۆن دۆلار زیادیكردووە بە ئامانجی رزگاركردنی". سەبارەت بەو سكاڵایانەی كەلەسەر پارێزگاری كەركوكەو كە بەپێی راپۆرتەكە " لە ئێستادا نەجمەدین كەریم ناتوانێت بچێتە دەرەوەی لوبنان چونكە پاسپۆرتە ئەمریكییەكەی لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە دەستبەسەرەو گەشتكردن بۆ دەرەوەی لوبنانیشی لێ قەدەغەكراوە " بریتیە لە ": بەقاچاغبردنی نەوت و دزینی داهاتەكەی، بەكارهێنانی دەسەڵاتی ئەمنی دژی پێكهاتەكانی كەركوك" رۆژنامەكە ئەوەشی خستۆتە روو كە" هەولێر هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ ئازادكردنی، سەرەڕای هەوڵی هەندێك لایەنی سیاسی لە بەغدا" ئەوەشی نوسیوە، "بۆیە بەرپرسانی پارتی لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ ئازادكردنی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوكەسە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە داواكراوە، بۆیە پێناچێت ئەو هەوڵانە سەربگرن". تەنانەت مەسعود بارزانی پەنای بۆ ئەیاد عەلاوی بردووە بۆ ئەو كەیسەو رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە " مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیش ڕاستەوخۆ داوای لەئەیاد عەلاوی كردوە ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت و بەهۆی پەیوەندییە تایبەتەكانیشی لەگەڵ سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان، هەوڵی ئازادكردنی پارێزگاری پێشوی كەركوك چڕبكاتەوە" سەبارەت بە كاریگەری هەوڵەكانی هەولێر بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم راپۆرتەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی دیبلۆماسی عێراقییەوە دەڵێت: "بەغدا هەوڵ و فشارەكانی هەولێر بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم رەتدەكاتەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی پارێزگاری دەستپێلەكاركێشراوە لەلایەن دادگای حكومەتی ناوەندەوە داواكراوە، نەك دادگای هەرێم"
درەو میدیا: -عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە ئۆپیك 14%ی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئۆپیك پێكدێنێت - یەدەگی نەوتی هەرێم لە نێوان 38-45 ملیار بەرمیلدایە - 13 كێڵگەی نەوت لە ناوچە جێناكۆكەكاندایە - 13 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ لە كێڵگەكانی كەركوكە - لە 2010-2012 عێراق 8.6 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە
(درەو میدیا): 70 ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە ئامادەكاریدان بۆ لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێكی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیو تاوتوێكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانو داهاتەكەی. سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار كە قسەی بۆ سایتی " سۆمەریە نیوز" كردووە رایگەیاندووە چەند پەرلەمانتارێك ئامادەكاری دەكەنو ئیمزا كۆدەكەنەوە بۆئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵیو شكستهێنان لە ئەركەكانیاندا چەند وەزیرێكی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا لانیكەم 70 پەرلەمانتار دەستیانكردووە بە ئامادەكردنی دۆسیەی لێپرسینەوە لە وەزیرەكانی حكومەتەكەی عەبدولمەهدیو تاوتوێكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانو داهاتەكەیو پرسی رادەستنەكردنی نەوتی هەرێم بەبەغدا سەرەڕای رەوانەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ئەم جموجوڵە نوێیە لە كاتێكدایە لە دوا كۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا لە پێش جەژنی رەمەزان، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی حكومەتی ناوەندی نەكردووە.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ سوسیال دیموكراتەكانی دانمارك زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان بەدەستهێناو میتی فریدیركسین( 41 ساڵ) سەرۆكی ئەو پارتە دەبێتە گەنجترین سەرۆك وەزیران لە مێژووی ئەو وڵاتەدا. لە هەڵبژاردنەكەدا كوتلەی سۆسیال دیموكراتەكان لە كۆی 179 كورسی پەرلەمانی دانمارك 91 كورسییان بەدەستهێناو لاس لوكی راسمۆسن، سەرۆك وەزیرانی لیبراڵی ئێستای دانمارك شكستهێنانی خۆیو حزبەكەی راگەیاندو لە لێدوانێكیدا بۆ لایەنگرانی وتی:" هەڵبژاردنێكی نوێمان بینی، بەڵام حكومەت دەگۆڕدرێت". كەشوهەوا، كۆچو بودجەی تەرخانكراو بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی، لەو پرسانە بوون كە باڵیان كێشابوو بەسەر هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا. لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی دانماركدا پارتی گەل كە پارەتێكی راستڕەوی توندڕەوە پشتیوانی جەماوەریی لەدەستدا, لە 20 ساڵی رابردوودا ئەو پارتە پشتیوانی لە حكومەتە یەك بەدوای یەكەكانی ئەو وڵاتەی كردوە لەبەرامبەر گرتنەبەری سیاسەتی توند دەربارەی كۆچو كۆچبەران. كەمبونەوەی جەماوەرو دەنگی پارتی گەل بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتە گەورەكانی تری دانمارك وەك پارتی سۆسیال دیموكرات پشتیوانی خۆیان بۆ توندتركردنی رێوشوێنەكانی دژ بە كۆچبەران پەیڕوكرد، بەوەش ئاستی جەماوەرێتی پارتی گەل دابەزی. بەم ئەنجامی هەڵبژاردنە, دانمارك دەبێتە سێیەمین وڵاتی ئەسكەندناڤیا دوای سویدو فینلەندا كە لەماوەی یەك ساڵدا دەنگ بۆ حكومەتێكی چەپڕەو دەدەن. حزبە گەورەكان حزبە گەورەكانی دانمارك بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەرەی سور كە هێمایە بۆ چەپەكانو بەرەی شین كە هێمایە بۆ راستڕەوەكان. بەرەی سور لە پێنج حزب پێكدێت كە پارتی سۆسیال دیموكرات سەرۆكایەتی دەكاتو چوار ساڵی رابردوو ئۆپۆزسیۆن بووەو لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵینیدا بە زیادكردنی خەرجی گشتیو زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیاو دەوڵەمەندەكانو چاكسازیی لە سیستمی موچەو خانەنشینیدا بە جۆرێك هەر كەسێك 40 ساڵ كاریكرد بتوانێت بەزوویی خانەنشین بكرێت. پارتی لیبراڵی دانماركیش لە ساڵی 2015ەوە هاوپەیمانێتی لەگەڵ حزبی گەلی كۆنسێرڤاتیڤو هاوپەیمانی لیبراڵی كردووەو حكومەتی پێكهێناوەو مانگی رابردووش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپادا بووە گەورەترین حزبی دانمارك لەو پەرلەمانەداو لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا بەڵێنیدا بە تەرخانكردنی بڕە پارەیەكی زیاتر بۆ چاودێری كۆمەڵایەتیو گرتنەبەری رێوشوێنی زۆر توند لە دژی كۆچبەران. سەرچاوە: بی بی سی
درەو میدیا: مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوو كەسی نوێ بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كاندید دەكات، بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) پارتی رەزامەندە لەسەریان. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند، دوای تاوتوێكردنی چەندین ناو وەكو كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دواجار مەكتەبی سیاسی لەسەر دوو ناو رێككەوت. (درەو میدیا) زانیویەتی، دوو كاندیدە نوێیەكەی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بریتین لە (لیوا جەمال تاهیر) بەرێوەبەر پێشووی پۆلیسی پارێزگاری كەركوك و ( د. عومەر) كە مامۆستایە لە زانكۆی كەركوك. بڕیارە لە كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەنگی بدرێت لەسەر كاندیدە نوێیەكان بۆ پۆستی پارێزگار، بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) چانسی ( لیوا جەمال تاهیر ) بۆ وەرگرتنی پۆستەكە زیاترە. یەكێتی لە دیاریكردنی ئەم كاندیدە نوێیانە پرس وراوێژی لەگەڵ پارتی كردووەو پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا كێشەی نێوان هەردوو حزب لەبارەی كەركوك و دۆسیەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە كۆتایی بێت. دوای گرژی و ناكۆكییەكی توندی نێوان یەكێتی و پارتی، ئێستا گفتوگۆی تەلەفۆنی لە نێوان سەركردەكانی یەكێتی و پارتیدا هەیەو هەوڵی لێكنزیك بونەوە دەدرێت، بەتایبەتیش دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح و بانگهێشكردنی سەرۆك كۆمار بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە رۆژی 10ی حوزەران بەرێوەبەرێوەبچێت لە هەولێر.
(درەو میدیا): محەمەد عەلی نەجەفی، سەرۆكی پێشووی شارەوانی تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێرانو كەسایەتی نزیك لە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، چیتر نەیتوانی لەگەڵ هاوسەری دووەمیدا ( میترا ئیستاد) دا بژیو لە نێو ماڵەكەیاندا پێنج فیشەكی ئاراستەكردو كوشتی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی رێگەی نەداوە نەجەفی پەیوەندی لەگەڵ هاوسەری پێشوویی و منداڵەكانیدا هەبێت. نەجەفی ( 67) ساڵ، میترای تەمەن 35 ساڵانی لە حەوزی گەرماوەكەی ماڵەكەیاندا خەڵتانی خوێن كردو پاشان روویكردە بنەكەی پۆلیس و دانی بە تاوانەكەیدا نا. دیمەنی دانپێدانانی ئاشكرای نەجەفی لە بنكەی پۆلیس كە تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویكردەوە زۆر نامۆ بوو، لەبری ئەوەی نەجەفی دەستبەسەربكرێت، زۆر بە ئاسودەیی لەسەر كورسییەك دانیشتبوو چایی دەخواردەوە، دوای سڵاوكردن لە ئەفسەری پۆلیس. نەجەفی لەبەردەم پۆلیسدا رایگەیاند گومانی لە ژنەكەی هەبووە كە لەناو گروپی " پەرستوها" یان " پەڕەسێلكە"كانی هەواڵگری ئێراندا بێتو سیخوڕی بەسەرەوە كردووەو زانیاری داوەتە دەزگای هەواڵگریی، بەڵام زۆر بەخێرایی دەزگای هەواڵگری ئێران " ئیتڵاعات" ئەو تۆمەتانەی نەجەفی رەتكردەوە. "پەرەسێلكە" باڵندەیەكی وشكانی بەناوبانگە، بەڵاك لە ئەدەبیاتی سیاسەتی ناوخۆی ئێراندا چەمكێكی تری وەرگرتووەو جارجار لە ناوخۆی ئێراندا باسی لێدەكرێتو دواهەمینیشیان لەسەر زمانی نەجەفییەوە بوو. " پەڕەسێلكە" ناوێکە ئێرانییەكان بەو ژنانەی دەڵێن كە كار بۆ دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران دەكەنو سیخوڕی بەسەر كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانو كەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەكانو بگرە دیپلۆماتكارانی دەرەوەش دەكەن، ئەوەش لە رێگەی نزیكبوونەوە لێیانو بەستنی پەیوەندیی لەگەڵیاندا. لە چەند رۆژی رابردوشدا، محەمەد سەرفراز، سەرۆكی پێشووی دەستەی رادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند رژێمی ئێران لە رابردوودا پەڕسێلكەكەیان بەناوی " م. أ" بۆ رەوانەكردووە، بەڵام دواتر رایگەیاند كە مەبەستی میترا ئیستاد نەبووە. جگە لە خودی نەجەفی، چەند سیاسەتمەدارێكی باڵی ریفۆرمخوازەكانی ئێران لەسەرو هەموشیانەوە عەلی موتتەهری جێگری سەرۆكی پەرلەمان رایانگەیاند كە هاوسەرە كوژراوەكەی نەجەفی سەر بە پەڕەسێلكەكانی ئیتڵاعات بووە. موتتەهری لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام دەزگای ئیتڵاعاتی ئێرانی تۆمەتباركرد بە ناردنی پەڕەسێلكە بۆ سیاسەتمەدارە ئۆپۆزسیۆنەكان، بۆئەوەی وێنەو گرتەیی ڤیدیۆییان تۆماربكەن بەئامانجی دەمكوتكردن و دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانی سیاسی. لە بەرامبەر لێدوانەكانی نەجەفیو كەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەكانی باڵی ریفۆرمخوازان ، غوڵام حسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانو برایەكی میترا رەتیانكردەوە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان هاوسەرەكەی نەجەفیو دەزگا ئەمنییەكاندا هەبێت. لێكۆڵینەوە لە كوشتنی میترا زۆر بەخێرایی تەواوبوو بەجۆرێك كە ئیبراهیم ئیبراهیم پەرلەمانتاری تارانی پایتەخت، داوای لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران كرد پەلە نەكەن لەو كەیسەدا، بەڵام هەرزوو تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەستو هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت ئاراستەی نەجەفی كرا. بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو، چەندین سیاسەتمەدارتی ئێران پەراوێزخراونو لە گۆڕەپانی سیاسی دوورخراوەنەتەوە، لەوانەش حسێن موسەوی تەورێزی، عەبدولمەجید مەعادی حەوا، عەتائوڵا موهاجرانی، عەلی جەننەتی، ئەوەش دوای ئاشكرابوونی پەیوەندییان لەگەڵ ژناندا كە پێدەچێت سەر بە گروپی پەڕەسێلكەكان بوبن بە گوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی رۆژنامەی " ئینساف نیوز". محەمەد عەلی نەجەفی لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا لە بنكەی پۆلیس مێژووی پەڕەسێلكە ژنە پەڕەسێلكەكان شێوازێكی نوێی خستنەداوو گرتنو دەمكوتكردن نییە كە كۆماری ئیسلامی ئێران دایهێنابێت، بەڵكو لەسەردەمی رژێمی پاشایەتیدا دەزگای پۆلیسی نهێنی" ساواك"ئەو شێوازەی بەكارهێناوە، وەك مێژونوسی ئێرانی عیرفان قانعی فەرد لە كتێبی" در دامگە حادپە" دا ئاماژەی پێداوە. قانعی فەرد لە كتێبەكەیدا باس لەوەدەكات كە چۆن دەزگای ساواك ژنانی بەكارهێناوە بۆ تێوەگلاندنی پیاوانی ئایینی لەوانەش محەمەد تەقی فەلسەفیی، جەعفەر شجونی، مەحمود قومییو محەمەد سادق لواسانی. جەعفەر شجونی لە چاوپێكەوتنێكیدا پێش كۆچی دوایی رایگەیاندووە كە چەندین گرتەی ڤیدیۆییو فۆتۆ هەیە كە پەیوەندی نێوان پیاوانی ئاینی ئێرانو ژنان ئاشكرادەكەنو هەندێكیان دزەیان پێكراوەو بڵاوكراونەتەوە. ساڵی 1979و دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێراندا دەزگای نوێی هەواڵگری ئێران" ئیتڵاعات" بەردەوام بو لەسەر هەمان ئەو شێوازی كاركردنەی ساواكو چەندین بەڵگە بڵاوكراونەوە كە ژنان بۆ سیخوڕیكردن بەسەر سیاسەتمەدارانەوە بەكارهێنراون لەوكاتەی كە عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتڵاعات بووە. رۆژنامەی " ئیسناف نیوز"ی سەر بە باڵی ریفۆرمخوازانی ئێران ساڵی رابردوو زنجیرەیەك راپۆرتی بڵاوكردەوە لەسەر بەكارهێنانی ژنان لەمیانی جەنگی ئێران- عێراقدا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بۆ تێوەگلاندنی چەند سیاسییەك لەناوخۆی ئێراندا. رۆژنامەكە رایگەیاندووە ئەو ژنانە لەلایەن ئیتڵاعاتەوە بە " پەڕەسێلكە" ناودەبرێتو هاوكاتن چەند چاوپێكەوتنێكیشی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵا بڵاوكردەوە كە جەختدەكەنەوە لەوەی بوونەتە قوربانیو بوون بە داوی پەڕەسێلكەكانەوە. لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەكە عەبدوڵا ناسری پەرلەمانتاری ریفۆرمخواز رایگەیاندووە ناتوانێت بەكارهێنانی ژنان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە رەتبكاتەوەو ئاماژەبەوەشدەدات كە بەشێك لەو ژنانەی ئەو كارەیان لەلایەن ئیتڵاعاتەوە پێ دەسپێردرێت، ئەوانەن كە لە جەنگی ئێران- عێراقدا هاوسەرەكانیان لەدەستداوە. سەرچاوە: سایتی كەناڵی ئەلحوڕە
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەڕەفعەت دوای مانگێك بەرۆژووبوون، ئەمڕۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ زۆرینەی موسوڵمانانی جیهان جەژنیان كرد، رۆژێك پێش جەژن كڕیاران باڕازەكانیان چنییەوە، تا پشووی جەژن تەواو دەبێت خەڵك ئازوقەی پێویستیان خستووە. لە رۆژانی پشووی جەژندا كاریگەری زۆرخۆری لەسەر خەڵك دەردەكەوێت، نەخۆشخانەكان ژمارەیەكی زیاتر نەخۆش سەردانیان دەكەن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بە داتاو ژمارە دیاردەی زۆرخۆریی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات. زۆرخۆرییو خراپی كوالێتی خۆراك لە هەرێمی كوردستان، تێكڕای ستاندارە جیهانییەكانی تێپەراندووە، بەپێی ئامارەكان هەرێمی كوردستان لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان زۆرخۆرترە، ئەمەش بوەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی مردنو نەخۆشییە درێژخایەنەكان. لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان دەریانخستووە، زۆرخۆرییو خراپی كوالێتی خۆراكو وەرزش نەكردن، تێكڕای تەمەنی لەنێوان (10 بۆ 15) ساڵ كەمكردوەتەوە. چەند داتایەك لەبارەی هەرێمەوە ! چەند داتایەك لەبارەی زۆرخۆریی، دەریدەخەن هەر كەسێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە ئەم خۆراكانە بەم بڕانەی خوارەوە دەخوات: • (46) كیلۆگرام برنج • (54) كیلۆگرام گۆشت • (211) هێلكە لە ماوەی یەكساڵدا (876 هەزار) سەر مەڕو بزنو (131 هەزار) سەر رەشەوڵاخ لە هەرێمی كوردستان سەربڕدراون، ئەمە لەكاتێكدایە لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە خواردنی گۆشتی سور نەخۆشی شێرپەنجە بەرێژەی (22%)و نەخۆشییەكانی دڵ بەرێژەی (27%) زیاد دەكات. زۆرخۆریی لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی كوالێتیو جۆری خۆراك لە هەرێمی كوردستان باش نیە، بەڵام دیاردەی زۆرخۆریی لە هەرێمی كوردستان زۆر زیادی كردووە، بەتایبەتیش خواردنی گۆشتی سور. بەپێی ئاماری كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2018 تێكڕای گۆشتی بەرهەمهێنراو (234 هەزارو 500 )تۆن بووە. • ساڵی رابردوو تەنیا لە هەولێر 25,500 تۆن گۆشت بەرهەم هاتووە. • لە سلێمانی 27,625 تۆن • لە دهۆك 20,570 تۆن • لە گەرمیان 11,305 تۆن • لە هەڵەبجە 1,252 تۆن ئەمە جگەلەوەی هاوكات لەگەڵ بەرهەمهێنانی گۆشت لەناوخۆ، نزیكەی 3,500 تۆن گۆشتی سوری بەستوو لەدەرەوە هاوردەكراوە. بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان (278 ملیۆن) كیلۆ گۆشت خوراوە، بەمشێوەیە: • گۆشتی سور: 100 ملیۆن كیلۆگرام • گۆشتی مریشك: 165 ملیۆن كیلۆگرام • گۆشتی ماسی: 13 ملیۆن كیلۆگرام ئەمە بەبێ ئەژماركردنی گۆشتی لەقوتوكراو لەبازاڕەكاندا. واتا هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (54 كیلۆ) گۆشت دەخوات، بەمشێوەیەی خوارەوە: • گۆشتی سور: 20 كیلۆگرام • گۆشتی مریشك: 23 كیلۆگرام • گۆشتی ماسی: 11 كیلۆگرام ئەمە رێژەیە لە خواردنی گۆشت بە هەموو جۆرەكانییەوە، ستانداردی نێودەوڵەتی تێپەڕاندووە. بەپێی ستانداردی جیهانی، ساڵانە بەتێكرا هەر تاكێك پێویستی بەخواردنی (41.2 كیلۆگرام) گۆشت هەیە، لەم بڕەش پێویستە: • (14.4 كیلۆگرام)ی گۆشتی سور بێت • (3 كیلۆگرام)ی گۆشتی ماسی بێت • (23.8 كیلۆگرام)ی گۆشتی مریشك بێت هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (54 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات، واتە هەر كەسێك لە هەرێم ساڵانە نزیكەی (13 كیلۆگرام) زیاتر لە لە ستانداردی جیهانی گۆشت دەخوات، ئەم زیادەخۆرییەش لە خواردنی گۆشتی سورو گۆشتی مریشكدایە، خەڵكی هەرێمی كوردستان لەخواردنی گۆشتی ماسیدا بەپێی ستانداردی جیهانی كورتهێنانیان هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە لەڕووی تەندروستییەوە گۆشتی ماسی بەسودترە. بەراوردكارییەك ! بەبەراوردكردنی داتاكانی دەردەكەوێت، هەر هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان ساڵانە خۆراكی زیاتر دەخوات بەبەراورد بە تاكێك لە ئێرانو توركیاو سوریا. • لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا، هەر تاكێك ساڵانە (38 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات • بەڵام لە وڵاتێكی وەكو كوەیت، هەرتاكێك (97 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات • لە ئیماراتی عەرەبی هەر تاكێك (68 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات بەوپێیەی لە هەرێمی كوردستان (165 ملیۆن كیلۆگرام) گۆشتی مریشك دەخۆریت، ئەگەر هەر مریشكێك كێشەكەی بە (3 كیلۆگرام) بخەمڵێندرێت، دەردەكەوێت لەماوەی ساڵێكدا (55 ملیۆن) مریشك لە هەرێمدا خوراوە، واتا هەر تاكیكی هەرێمی كوردستان ساڵانە (10) مریشكی (3 كیلۆیی) دەخوات. ئەمە زۆرخۆرییە لە گۆشتدا بەتایبەتیش گۆشتی سور، شارەزایانی تەندروستی نیگەران كردووە. هەولێر یەكەمی ئاسیایە ! لە زۆری گۆشتخواردندا پارێزگای هەولێر لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا لە پلەی یەكەمدایە. تەنیا لەماوەی (9) مانگدا لە ساڵی 2012دا ئاماری پارێزگاری هەولێر بەمجۆرە بووە: • (141 هەزار) ئاژەڵ لە سەربڕخانەكان سەربڕدراون • (3 ملیۆنو 500 هەزار) مریشك لە بازاڕەكاندا فرۆشراون • (61 ملیۆن كیلۆگرام) گۆشتی ئاژەڵو ماسیو مریشك لە دەرەوە هاوردە كراوە ژمارەی دانیشتووانی هەولێر نزیكەی (2 ملیۆن) كەس دەبێت، لە (348 هەزارو 555) خێزان پێكدەهێنن، بەپێی ئامارەكەی ساڵی 2012، لەو ماوەی ئەو (9) مانگەدا، هەر خێزانێكی دانیشتووی هەولێر (104 مریشك)و (175 كیلۆگرام) گۆشتی ئاژەڵو ماسیو مریشكی هاوردەكراوی خواردووە. لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا، لە زۆری رێژەی گۆشتخواردندا هەولێر پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، بەپێی ئامارەكان لە كیشوەری ئاسیا هەر تاكێك ساڵانە (26 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات. برنج.. خواردنە سەرەكییەكە برنج لەپاڵ گۆشتدا، لەسەر خوانی كوردەواریی خواردنێكی ژمارە یەكە، خەڵكی هەرێمی كوردستان بەتێكڕا مانگانە (20 هەزار) تەن برنج دەخۆن، واتە ساڵانە (240 هەزار) تەن، ئەم رێژەیە بە كیلۆگرام دەكاتە (250 ملیۆن) كیلۆگرام برنج. هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (46 كیلۆگرام) برنج دەخوات. ملیارێك هێلكە بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ، ساڵانە هەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی پێویستی بە (ملیارێكو 100 ملیۆن) هێلكە هەیە، واتە هەر تاكێك لە هەرێم ساڵانە پێداویستی ناوخۆی هەرێم پڕدەكاتەوە، كە هەرتاكیكێ هەرێم ساڵانە (211 هێلكە) دەخوات. گۆشتی سور لە هەڵكشاندایە بەپێی ئاماری كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان، ساڵانە زیاتر لە (750 هەزار) سەر ئاژەڵ لە هەرێم دەخورێت، جگە لەو گۆشتەی كە هاوردە دەكرێت. • تەنیا لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا (ملیۆنێكو 128 هەزار) سەر مەڕو بزن سەربڕدراون • (240 هەزار 124) سەر رەشەوڵاخ سەربڕاون • زیاتر لە (435 هەزار) تۆن گۆشتی سور هاوردەكراوە ساڵی 2016دا لە كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان (742 هەزار) سەر مەڕو بزنو (116 هەزار) رەشەوڵاخ سەربڕاون، ساڵی 2018 رێژەكە بەرزبوەتەوە بۆ (876 هەزارو 396 هەزار) سەر مەڕ و بزنو (131 هەزارو 13) سەر ڕەشەوڵاخ، لەم بڕە رێژەی (70%)ی بەرهەمی ناوخۆ بووە، هەمان ساڵ بڕی (876) تۆن گۆشتی سورو (71 هەزار) تۆن گۆشتی سپیو (13 هەزار) تۆن گۆشتی ماسی هاوردە كراوە. بەوپێیەش لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2018، لە هەرێمی كوردستان (105 هەزار) سەر مەڕو بزنو (22 هەزار) سەر رەشە وڵاخی زیاتر سەربردراون، واتا سەربڕینی مەڕو بزن بەرێژەی (12%) زیادیكردووە، رەشە وڵاخیش بەرێژەی لە (17%) زیادیكردووە. دۆخی تەندروستی گشتی ئێستا ئامارە تەندروستییەكان لە هەرێمی كوردستان ئاماژە بە زۆربوونی رێژەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان دەكەن، كە هۆكاری سەرەكی ئەو نەخۆشییانە، زۆر خۆریی، خواردنی خراپو گۆشتی سورە، دەشوترێت خواردنی گۆشت بەتایبەتی گۆشتی سور، هۆكارە بۆ: • نەخۆشییەكانی دڵ، • جەڵتە • فشاری خوێن • شێرپەنجە • بەرزبوونەوەی چەوری • شەكرە • قەڵەویی ئێستا ئەم نەخۆشییانە بە بەراورد بە رابردوو، لە هەرێمی كوردستان زیادیان كردووە، پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەكەنەوە، خواردنی گۆشتی سور بەبەردەوامیی، ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵو خانەكانی خوێن زیاد دەكاتو هۆكارە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەو جەڵتەی دڵ. توێژینەوەیەكی زانكۆی (هارڤارد)ی ئەمریكا دەریخستووە، زۆر خواردنی گۆشتی سور ئەگەرەكانی توشبوون بە شێرپەنجەی كۆڵۆن زیاد دەكات، ئەمە جگە لەوەی هۆكارێكە بۆ كورتبونەوەی تەمەنو مردنی لەناكاو. بەپێی توێژینەوەكە، ئەگەری مردنی لەناكاوی كەسانی تەمەن 60 ساڵ بەرێژەی 50% بێت، بەخواردنی رۆژانەی ژەمێك گۆشتی سور رێژەكە زیاد دەكات بۆ 57%، هەروەها ئەگەر ڕۆژانە دوو ژەم گۆشتی سور بخورێت، رێژەكە دەبێت بە 63%. لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكی "National Institutes of Health" كە بە بەشداری 545 هەزار ئەمەریكی لە تەمەنی نێوان 50 بۆ 71 ساڵ ئەنجامدراوەو لەماوەی 10 ساڵدا پرسیاریان ئاڕاستەكراوە، باسلەوەدەكات، ئەوانەی بڕێكی زۆر لە گۆشتی سوریان خواردووە، ئەگەری مانەوەیان لەژیاندا زۆر كەمتر بووە. لێكۆڵینەوەكە دەریخستووە، ئەو پیاوانەی ڕۆژانە نزیكەی 250 گرام لە گۆشتی سوریان خواردووە، ئەگەرەكانی تووشبوونیان بە شێرپەنجە بەڕێژەی (22%)و تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ بەڕێژەی (27%) تێدا بەرزبوەتەوە، ئەوەش بە بەراوردكردن لەگەڵ ئەوانەی كە رۆژانە زیاتر لە 150 گرام گۆشتی سوریان خواردووە. ئەو ئافرەتانەی ڕۆژانە 250 گرام لە گۆشتی سوریان خواردبوو، بەڕێژەی لە 20% دووچاری شێرپەنجە هاتبوون، لەكاتێكدا تووشبوونیان بە نۆبەی دڵ بەهۆی خواردنی گۆشتی سورەوە گەیشتبووە 50%. توێژەرانی ئەم لێكۆڵینەوەیە لە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان بۆیان دەركەوتووە، ئەوانەی بەتەنها ماسی، گۆشتی مریشكو قەلیان خواردووە، كەمتر دووچاری نەخۆشییەكانی شێرپەنجەو دڵ بوون. لەماوەی رابردوودا نەخۆشییەكانی شێرپەنجەو جەڵتە بەشێوەیەكی بەرچاو لە هەرێمی كوردستان زیادیانكردووە، بە جۆرێك ساڵی (2007) كە نەخۆشخانەی (هیوا) بۆ چارەسەری شێرپەنجە لە سلێمانی دامەزراوە تاوەكو ساڵی 2012، (8500) نەخۆشی شێرپەنجە تۆماركراوە، ئەمە لەكاتیكدایە دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 ئاماژە بەوەدەكات (5658) حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆماركراوە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی 2017، (4991) حاڵەت تۆماركراوە، واتا ساڵی رابردوو (667) حاڵەت زیادیكردووە، كە بەرێژەی سەدی دەكاتە ( 12%)ی ئاستی زیادبوون. تەمەنی كورد بەگوێرەی تویژێژینەوە پزیشكییەكان، زۆرخۆریی لە هەرێمی كوردستان تێكڕای تەمەنی تاكی كوردی لە (10 بۆ 15) ساڵ دابەزاندووە. لێكۆڵینەوەیەكی زانستی كە دكتۆر كەریم جەلال پسپۆڕی بۆماوەزانیو مامۆستا لە كۆلێژی زانستی زانكۆی سەلاحەدین ئامادەی كردووە، باسلەوەدەكات پیسبوونی ژینگەو هاوردەكردنی دەرمانو خۆراكی خراپ، كەمی جوڵەو زۆرخۆریی، تێكچوونی باری دەروونی خەڵك، بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی دەیان نەخۆشی كوشندە لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش وایكردووە لە 10 ساڵی رابردوودا تێكڕای تەمەنی تاكی كورد لە ( 75 ـ 80) ساڵەوە بۆ (65 ـ 70) ساڵ داببەزێت.
درەو میدیا: لە رونكردنەوەیەكدا بارەگای بارزانی دەڵێت" كاك كۆسرەت داوای لە فەرەیدون عەبدولقادر كردووە ببێتە پارێزگاری كەركوك و هەردوكیان لەسەری رێككەوتون" رونكردنەوەیەكەی بارەگای بارزانی ئاماژە بەوەش دەكات كە مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ هەردوكیان ڕەزامەند بوونە لەسەر دانانی فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك و جەختیش دەكاتەوە كە فەرەیدوون عەبدولقادر داوای ئەو پۆستەی نەكردووە بەڵكو ئەوە كۆسرەت رەسوڵ و مەسعود بارزانی بوونە كە لەسەر دانانی ئەو ڕێككەوتوون لە رونكردنەوەكەی بارەگای بارزانیدا جەختكراوتەوە لەوەی "پێویستە پارێزگارێكی بەهێز دابنرێت بۆ كەركوك كەجێی ڕەزامەندیی لایەنەكان و كورد و توركمان و عەرەب و پێكهاتەكان بێت و ڕێككەوتنیش لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا هەبێت " دەقی رونكردنەوەكە ڕوونكردنەوەیەك لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی ڕۆژی یەكشەممە 2ــی 6ـی 2019 عارف قوربانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس دیداری لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی هەبووە و بیروڕا لەسەر بابەتی كەركووك و دانانی پارێزگار و ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدوڵقادر ئاڵوگۆڕ كراوە. بەپێی وتەكانی بەڕێز عارف قوربانی خەراپتێگەییشتنێك لەسەر ئەو بابەتانە لای برادەرانی یەكێتی دروست بووە و لە میدیاكانیشدا خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ ئەم بابەتانە كراوە. بۆ ڕوونتركردنی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە مەسەلەی پارێزگاری كەركووك و ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر و ڕەواندنەوەی هەر جۆرە خەراپ حاڵیبوونێك بە ڕای گشتیی كوردستان و گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە: یەكەم: ڕێككەوتنێكی زۆر ڕوون لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئیمزا كراوە كە ڕێككەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك هاوتەریب بێت لەگەڵ هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێككەوتنی سەرۆك بارزانی و بەڕێز كۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر ناوی كەسێك ببێتە بنەمای ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی پارێزگار. ئەمەیش هیچ پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەوە نەبووە و دیاریش نییە چۆن ئەو ڕێككەوتنە بەلاڕێدا بردراوە یان خەراپ تێگەییشتن لەسەر ئەو ڕێككەوتنە لای برادەرانی یەكێتی دروست بووە. دووەم: ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك لەدوای ئەوە هاتووە كە لە لایەن كاك كۆسرەت ئەو داوایەی لێ كراوە. لەدوای ئەوەی سەرۆك بارزانی و كاك كۆسرەت سەرپشك كراون لە دانانی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك و سەرۆك بارزانی زانیویەتی كە كاك كۆسرەت داوای لە فەرەیدوون عەبدولقادر كردووە ببێتە پارێزگار، سەرۆك بارزانیش حەزی كردووە كەسێكی نیشتیمانپەروەری وەك فەرەیدوون عەبدولقادر ببێتە پارێزگار و بە پەسەند و شیاوی زانیوە. هەر بۆیەش بەڕێز د. فورسەت سۆفی ڕاسپاردووە كە سەردانی كاك كۆسرەت بكات و ڕەزامەندیی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەو ناوەی پێ ڕابگەیێنێت. بەم جۆرە سەرۆك بارزانی و كاك كۆسرەت ڕەزامەند بوونە لەسەر ناوی بەڕێز فەرەیدوون. بۆیە جەخت دەكەینەوە كە بەڕێز فەرەیدوون داوای ئەو پۆستەی نەكردووە بەڵكو ئەوە كاك كۆسرەت و سەرۆك بارزانی بوونە كە لەسەر دانانی ئەو ڕێككەوتوون. بەڕێز فەریدوون عەبدولقادریش گوتویەتی نایەكەم چونكە ئەركێكی زەحمەتە بەڵام ئەگەر هاتنی من ببێتە هۆی خزمەتی كەركووك و چارەسەركردنی كێشەكان مانعم نییە. سێیەم: بەهۆی بارودۆخی نائاسایی كەركووك و پێویستیی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەكە و خزمەتكردنی خەڵكی كەركووك پێویستە پارێزگارێكی بەهێز دابنرێت كە جگە لە پارتی و یەكێتی، جێی ڕەزامەندیی لایەنەكان و كورد و توركمان و عەرەب و پێكهاتەكان بێت و ڕێككەوتنیش لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا هەبێت. چونكە ئەوەی ببێتە پارێزگار و دەستەڵاتی پێویستی نەبێت و ڕەزامەندی لایەنەكانی لەسەر نەبێت، ناتوانێ خزمەتی خەڵكی كەركووك بكات و دۆخی كەركووكیش ئاسایی بكاتەوە. نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی 4ـی 6ـی 2019
درەو میدیا: نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا بەرهەم ساڵح بانگهێشت دەكات بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی كە بڕیارە رۆژی 10ی حوزەیرانی داهاتوو لە شاری هەولێر بەرێوەبچێت. سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عیراق ئەنجامدا و تیایدا وێڕای بە فەرمی بانگهێشتكردنی سەرۆككۆمار بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەردوولا دۆخی سیاسیی عیراق و ناوچەكە و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێكرد. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بایەخی پاراستنی یەكڕیزی و هەماهەنگی لەم هەلومەرجە هەستیارەی كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕدەبێ، جەختیشیان كردەوە كە پێویستە هەوڵەكان یەكبخرێن لەپێناو تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و بەدوورگرتنی عیراق و هەرێمی كوردستان لە ئاڵۆزییەكان. هاوكات نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح پیرۆزباییی جەژنی رەمەزانیان لە یەكدیكرد و هیوایان خواست كە ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی ئۆقرەیی و ئارامی و كۆتاییهاتنی قەیرانەكان.