(درەو میدیا): ئەمڕۆ ژمارەیەك لە نوێنەری گەنجانی خۆپیشاندەری شارە جیاجیاكان چونە ناو پەرلەمانی عێراقو لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كۆبونەوە. كۆبونەوەكە لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی پەرلەمان بوو، تێیدا هەردوولا لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن: • دیاریكردنی موچەیەكی مانگانە بۆ هەموو خێزانێك، ئەمەش بۆ نزیكەی (ملیۆنێكو 250 هەزار) خێزان كە ناویان تۆماركراوە بەوەی هیچ داهاتێكی مانگانەیان نییە، ئەم رێژەیەش ئەگەری زیادبوونی دەبێت بەپێی ئامارو ئەپدەیتی بەردەوامی تۆمارەكان. • هەمواكردنی موچەی خانەنشینیو دانانی پلەبەندی موچە بەجۆرێك دادپەروەرانە بێت بۆ هەموو خانەنشینان بەبێ جیاوازی. • دروستكردنی سندوقی پاڵپشتی خوێندكاران، دەبێت دارایی ئەم سندوقە لەو پارەیە دابین بكرێت كە لە موچەی پلە تایبەتەكان دەبڕێتو بەشداریپێكردنی خوێندكاران لە پرۆگرامی گەشەپێدانو فەراهەمكردنی پرۆژە بۆ رەخساندنی داهات. • كردنەوەی دەرگای دامەزراندن بەڕووی گەنجاندا لەناو سوپاو پۆلیس. • گەڕاندنەوەی فەسڵكراوانی سوپاو پۆلیس تاوەكو بەر لە كۆتایی ئەمساڵ. • راگرتنی پرۆسەی لابردنی زیادەڕۆییەكان، هیچ جۆرە زیادەڕۆییەك لانابرێت تاوەكو سەرەتا بەدیلەكەی دانەنرێت. • دروستكردنی 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە هەموو پارێزگاكانی عێراقو پارەكەی لەناو بودجەی 2020دا بۆ تەرخاندەكرێت. • دابەشكردنی زەوی بەسەر شەهیدانو بریندارانی روداوەكانی ئەمدواییەو قەرەبوكردنەوەی كەسوكارەكەیان. • دامەزراندنی بەشێك لە وانەبێژان لەمساڵدا بەگوێرەی جوڵەی راژە، ئەمە بەڵێنی تایبەتی سەرۆكی پەرلەمانە. • سەبارەت بە دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان ئەنجومەنی فیدراڵی خزمەت كارا دەكرێتو دامەزراندن لە هەردوو كەرتی گشتیو تایبەتدا دەبێتو كارمەندی كەرتی تایبەت موچەی خانەنشینی دەیگرێتەوە. • بەمزوانە كۆبونەوەی سەرۆكی كوتلەكانی پەرلەمان دەكرێت بۆ چارەسەركردن یاخود سڕكردنی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەجۆرێك پەرلەمانتاران بەشێوەی راستەوخۆ چاودێری كاری پارێزگارەكان بكەن. • لە یەكی ئازاری ساڵی 2020ەوە كاركردنی ئەنجومەنی قەزاو ناحییەكان سڕدەكرێت. • بەشێوەیەكی خێرا فەرمان بە هەموو لایەنە ئەمنییەكان دەدرێت كردەوەی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران رابگرنو بەبێ دواخستن دەستگیركراوان ئازادبكەن.
راپۆرتی: درەو میدیا خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە لە عێراق توێژی سیاسی بە جارێك توشی ترس و شڵەژانێكی بێوێنەكرد، لانی كەم بێباكانە هاوشێوەی 16 ساڵی ڕابردو هەوڵی توڕە كردنی خەڵك و سوكایەتیكردن بە عەقڵیان ناكەن لەژێر ناوی تائیفە و نەتەوەدا، ئیتر ئەمانە بون بە بەشێك لەمێژو و زۆرینە باوەڕی پێناكات، ئەمە ڕای زۆرێكە لەو كەسانەی لەنزیكەوە چاودێری دۆخی عێراق دەكەن. لە خۆپیشاندانەكانی تر ناچێت ڕەنگە دیارترین خاڵێك كە خۆپیشاندانەكانی ئێستای بەغداد و شارەكانی باشوری عێراق لە خۆپیشاندانەكانی پێشخۆی جیابكاتەوە، فەواز و نەبونی سەرێكی سیاسی بێت، خۆپیشاندانەكانی ڕابردو ڕونبون، گروپەكانی هەماهەنگی لەژێر ناونیشانی دیارو ڕاشكاودا سەركردایەتیان دەكردن، لەكاتێكدا ناڕەزایەتیەكانی ئێستا بێ سەرو پلانی پێشوەختەی خۆپیشاندانن، خۆرسكانە بەبێ دیاریكردنی شوێن و كات ڕوو دەدەن، خاڵین لە كاریزما و كەسایەتی دیار، تاكە شتێك لەبارەی ناسنامەیان بوترێت ئەوەیە، گەنجانی چینی هەژار و دەرچوانی بێكار و وێڵی ژیانێكی شەرەفمەندانەو ڕێزلێگیراون، دروشمە بەرزكراوەكانشیان زیاتر لە ناعەدالەتی و دژایەتیكردنی گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزراییە گشتیەكاندا چڕبۆتەوە. - 40%ی گەنجانی عێراق بێكارن ( بەپێی ئاماری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) - رێژەی هەژاری لە عێراقدا ( 41%) بەپێی ئاماری ( بانكی نێودەوڵەتی) ئەگەر ناڕونی و نەبونی سەركردایەتێك بەدیوێكدا وەك كەموكوڕی ئەم خۆپیشاندانانە دابنرێن، بە دیوەكەی تردا ئەو سیحریە گەورەیەیە كە لەپشتی ترس و دڵە ڕاوكێی بەرپرسە باڵاكانی عێراقەوە وەستاوە. بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا بە خۆپیشاندەران دەڵێت"پەیامەكەتان گەیشت، یەكەمەینجارە هەستدەكەم سیاسی و بەرپرسەكانی عێراق دەترسن". مێژوی خۆپیشاندان لە ساڵی 2011 وە، بەغدادی پایتەخت شوێنی سەرهەڵدانی جوڵەی ناڕەزایەتییەكان بووە لەعێراق، نوسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاكانی مەدەنی بە شێوەیەكی بچڕ بچڕ خۆپیشاندانیان ڕێكدەخست، سەرەتای داواكارییەكان بە دورخستنەوەی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق دەستیپێكرد و داوای دروستكردنی دەوڵەتێكی مەدەنیان دەكرد كە مافەكانی خەڵك دەستەبەربكات، بەڵام بەزەبری هێز سەركوتكرا و ژمارەیەك لە كەسایەتیەكانی تیرۆركران كە دیارترینیان ڕۆژنامەنوس (هادی ئەلمەهدی)بوو، بەدوایدا كۆمەڵێك خۆپیشاندانی تر لە گۆڕەپانی (تەحریر) ڕێَكخران، تا ساڵی 2015 و بەهێزبونی ڕەوتی عیلمانیەكان لەناو پایتەخت. لەساڵی 2018دا، شاری بەسرە مەڵبەندی خۆپیشاندان بو، چین و توێژە جیاوازەكانی ئەو شارە ڕژانە سەر شەقامەكان لەبەرامبەر نەبونی پێداویستیە سەرەكیییەكانی ژیان وەك ئاو و كارەبا و هەلی كار لە شارێكی دەوڵەمەند كە بەبۆری هەناسەی عێراق دادەنرێت، چارەنوسی ئەم خۆپیشاندانەش هاوشێوەی ئەوانەی پێشخۆی بەزەبری هێزو بەفەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق سەركوتكرا، لەسەرەتای ئەم مانگەشەوە جارێكی تر بەغدادی پایتەخت بوەوە مەڵبەندی خۆپیشاندانەكان و لەوێوە پەلی كێشا بۆ زۆرێك لەناوچەكانی تری عێراق. بەغداد گۆڕەپانی ناڕەزایەتیەكان ڕۆژی سێ شەممەی پێشو چەخماخەی وەرزێكی نوێ لەخۆپیشاندانەكان لەبەغدادی پایتەخت دەستیپێكرد، لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا و دوای كوژران و برینداربونی چەندین خۆپیشاندەر، ناڕەزایەتیەكە سەركوتكرا، كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران لە بەغداد بووە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكان و پارێزگای میسان بووە دووەم شار دوای بەغداد كە خۆپیشاندان تیایدا سەریهەڵداو ئاڕاستەیەكی توندوتیژی بەخۆوە ببینی و خۆپیشاندەران هێرشیان كردە سەر بارەگای ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە، دواتر خۆپیشاندان دیوانیەشی گرتەوە و خۆپیشاندەران ئەنجومەنی پارێزگای شارەكەیان سوتاند، پاشان خۆپیشاندان هەریەك لەشارەكانی نەجەف و كەربەلا و زیقاری گرتەوە. خۆپیشاندانەكان تا ئێستا لەچەندین شار و ناوچەی عێراق بە لەغدادی پایتەختیشەوە بەردەوامە، بەپێی دواین ئاماری كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لەسەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانەوە تا ئێستا 93 كوژراو و نزیكەی 4 هەزار كەس برینداربون و 560 خۆپیشاندەریش دەستگیركراون و بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەكانیشەوە، ئەم ئامارانە لەگۆڕانكاری بەردەوامدان. تائێستا پەیامی بەرپرسانی عێراق نەیتوانیوە خۆپیشاندەران بنێرێتەوە بۆ ماڵەكانیان، وەك چۆن بەكارهێنانی توندوتیژی زیاد لەسنوریش نەیتوانیوە سنورێك بۆ خۆپیشاندانەكان دابنێت، ئەوەش ئایندەی عێراقی لەبەردەم كۆمەڵێك ئەگەردا بەكراوەیی هێشتۆتەوە، كە ڕەنگە سادەترینیان كەوتنی ئەم حكومەتە و كۆمەڵێك سەری سیاسی گەورەبێت.
درەو میدیا: " لیستەكەی ئێمە دەبێتە لیستی كەركوكیەكان، چونكە تەنها لیستی كورد نابێت، لیستی كوردو عەرەبی رەسەن و نوێنەری راستەقینەی توركمانیشی تێدا دەبێت" ئەمە وتەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوكە . نەجمەدین كەریم كە بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" بەڵێ لیست بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك درووست دەكەین و راشیدەگەیەنین، هیوادارین خەڵكی تریش بێت لەگەڵمان ئەوانەی كە بەتەنهان، لایەنی تر هەن كە لە هیچ لیستێكدا نین و ماونەتەوە" پارێزگاری پێشووی كەركوك جەخت دەكاتەوە" هەمیشە وتومانە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكان سەركەوتوو بێت، هەموو كەسێك مافی ئەوەی هەبێت بە ئازادی بچێت دەنگی خۆی بدات، دەبێت چەند گۆڕانكاریەك هەبێت لە كەركوك، ئەوەی لەهەمووی گرنگترە ئەوەیە ئەو مادەیەی پەیوەستە بە یاسای هەڵبژاردنەكانەوە، پێویستە ئەو مادەیە بگۆڕدرێت، چونكە ئەو مادەیە، دەیەها جار خەڵك بێبەش دەكات كە دەنگ بدەن، ئەو كەسانەی ئاوارەن رێگرییان لێدەكات دەنگ بدەن، ئەو دەنگدەرانە لە 30% بۆ 35%ی دەنگی دەنگدەرانە لە كەركوك، ئەگەر ئەو مادەیە نەگۆڕدرێت كورد دەنگەكەی بەو شێوەیە نابێت، ئەوەش زیانێكی زۆر لە دەنگی كورد دەكات، كە بەم یاسایە زیاد لە (80 هەزار) كەس بێبەش دەكەن لە دەنگدان"
درەو میدیا: محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: یەكەم كارمان درووستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون دەبێت بۆ ئەو خێزانە هەژارانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان نیە. حەلبوسی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، هەوڵدەدەین نزیكەی 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبون لە پارێزگاكانی عێراق درووست بكەین ئەو خێزانانەی كە شوێنی نیشتەجێبونیان نیەو بۆ هەرخانویەكیش بڕی 42 ملیۆن دینار تەرخان دەكەین" سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد كە " 1 ملیۆن و 250 هەزار خێزان لە عێراقدا هیچ سەرچاوەیەكی داراییان نیە، بۆیە ئێمە هەوڵ ئەدەین بڕە پارەیەكیان بۆ دابین بكەین لەگەڵ دۆزینەوەی هەلی كار بۆیان" سەبارەت بە كوژراوو بریندارانیش حەلبوسی وتی" دەبێت سەرۆك وەزیران لێكۆڵینەوەی جدی بكات لە تەقەكەران. شەوی رابردووش عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند" "كوژراوانی خۆپیشاندانەكان بە شەهید ئەژمار دەكرێن" بەڵێنیشیدا كە بەم نزیكانە پرۆژە یاسایەك ببەنە پەرلەمانی عێراق" بۆ ئەوەی مووچەیەك ببڕنەوە بۆ ئەو خێزانانەی كە سەرچاوەی داهاتەكانیان كەمن و بەشی ژیان و گوزەرانیان ناكات" ماوەی چوار رۆژە خۆپیشاندان زۆربەی شارەكانی عێراقی گرتۆتەوەو بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق لە خۆپیشاندانەكانی سێ رۆژی رابردوودا ( 31) كەس كوژران و (1184) كەس بریندار بوون،(216) كەسیش دەستگیركراون.
درەو میدیا: ئاساییشی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتباری كوشتنی پێنج ئەندامی خێزانێكی نزیك هەولێر راگەیاند، كە تۆمەتبارەكە دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو سەرجەم ئەندامانی ئەو خێزانەی بە گولە كوشتووە، خێزانەكە كوردی رۆژئاوای كوردستانن و نیشتەجێی گوندی پیرڕەشی شاری هەولێر بوون. ناوی ئهندامانی خێزانهكه: بهسام حسێن مشۆ، باوك سۆلین نهزیر، دایك حسێن بهسام مشۆ، 13 ساڵ رۆشكا بهسام مشۆ، 10 ساڵ محهمهد بهسام مشۆ، 5 ساڵ. دەقی راگەیێندراوەکەی بهڕێوهبهرایهتیی ئاسایشی ههولێر رێککهوتی 3-10-2019 له نزیک گوندی (پیرڕهش)ی شاری ههولێر، تهرمی ژن و پیاوێک و سێ منداڵ، لهلایهن تیمهکانی بهڕێوهبهرایهتیی ئاسایشمانهوه دۆزراونهوه که به گولله کوژرابوون. دوای لێکۆڵینهوه و کۆکردنهوهی "بهڵگهی تاوان" لهلایهن تیمه تایبهتهکانی بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی ههولێر، توانرا تاوانبارهکه دهستیشان بکرێت و له ماوهیهکی کهمدا دهستگیربکرێت. بهپێی لێکۆڵینهوه سهرهتاییهکان و دانپێدانانی تاوانباری دهستگیرکراو (فەریدوون کەریم رەمەزان) ئێوارهی 2-10-2019 ههستاوه به کوشتنی تهواوی ئهندامانی خێزانێکی پێنچ کهسی، که پێکهاتوون له باوک و دایکێک و سێ له منداڵهکانیان، که ئهم خێزانه کوردی رۆژئاوای کوردستان و نیشتهجێی گوندی پیرڕهشی شاری ههولێر بوون. تاوانبار (فەریدوون کەریم رەمەزان) سهرهتا سهرۆکی خێزانهکه بهناوی (بەسام حسێن رسوول)ی به گولله کوشتووه، دواتر هاوژینهکهی بهناوی (سوالین محەممەد نەزیر) ئینجا ههر سێ منداڵهکانیان بهناوهکانی ( حسێن 11 ساڵ، روشکا 7 ساڵ و محەممەد 5 ساڵ). لێکۆڵینهوهکان لهم تاوانه بهردهوامه و له ئایندهیهکی نزیکدا، بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی ههولێر، زانیاری زیاتر دهخاتهڕوو. بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی ههولێر 4-10-2019
درەو میدیا: درەنگانی شەوی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، وتارێكی پێشكەشكردو رایگەیاند " هەندێک لە کێشەکان کەڵەکە بووی چەند ساڵی ڕابردووە بۆیە چارەسەری سیحریمان پێنیە و کاتمان دەوێت بۆ چارەسەرکردنی لەم دۆخەی ئێستادا" بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق لە خۆپیشاندانەكانی سێ رۆژی رابردوودا ( 31) كەس كوژران و (1184) كەس بریندار بوون،(216) كەسیش دەستگیركراون. عادل عەبدولمەهدی لە وتارەكەیدا جەختی كردووە كە "كوژراوانی خۆپیشاندانەكان بە شەهید ئەژمار دەكرێن" بەڵێنیشیدا كە بەم نزیكانە پرۆژە یاسایەك ببەنە پەرلەمانی عێراق" بۆ ئەوەی مووچەیەك ببڕنەوە بۆ ئەو خێزانانەی كە سەرچاوەی داهاتەكانیان كەمن و بەشی ژیان و گوزەرانیان ناكات" سەبارەت بە قەدەغەی هاتووچۆ و بڕینی هێلەكانی ئینتەرنێت، عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەكرد" ئەو رێكارە ئەمنییانەی گرتوومانەتەبەر بەتایبەتیش بڕیاری كاتیی قەدەخەی هاتووچۆ، لەڕاستیدا بڕیاری سەختن بەڵام لە هەمان كاتیشدا وەك دەرمانێكی تاڵ وایە و زەروورەتێكە و دەبێ بكرێ"
درەو میدیا: مەحمود سەنگاوی هەواڵێكی (درەو میدیا) پشتڕاست دەكاتەوەو رایدەگەیەنێت :دوو ڕۆژ پێش گێڕانەوەی من كاك مەسعود بارزانی بە بەرهەم ساڵحی ووتبوو: من پیاوێكی بچووكم ئیشی گەورەم پێ ناكرێت". رۆژی 21/9/2019 ( درەو میدیا) ناوەڕۆكی كۆبونەویەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و و بەرهەم ساڵح سەرۆك كماری عێراقی بڵاوكردەوە، كە بەرهەم ساڵح بە بارزانی وتبو: ئێوە پیاوێكی گەورەن ئەتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن، بەڵام بارزانی بە توانجەوە بە بەرهەم ساڵحی وتبوو: من گەورە نیم و پیاوێكی بچوكم "، لەبەرامبەردا نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆماری عێراق رونكردنەوەیەكی هەواڵەكەی (درەو میدیا)ی بە چەواشەكارو ناڕاست ناوبرد. ئەمڕۆ مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەوتەیەكیدا كە لە یادی كۆچی دووساڵەی مام جەلال پێشكەشیكرد، ئاماژەی بەوەكردووە" من رەخنەم لە كاك مەسعود گرتووە، پێم وابووە كاك مەسعود لەدوای كۆچی دوایی مام جەلال و كاك نەوشیروان ئەبوایە رابەرایەتی كوردی بكردایە، بەڵام رەنگە رەخنەكەم بە زمانێكی زبر بوبێت، ئەوە رەخنەیە ئەتوانم بە زمانێكی نەرم بیگرم ئەتوانم بە زمانێكی زبر بیگرم" سەنگاوی ئاماژە بەوەدەكات " كاك مەسعود دوو رۆژ پێش ئەوەی لە زاڵگەی سماقولی من بگێڕنەوە، بە كاك بەرهەم پێی وتبوو تۆ پیاوێكی گەورەی هەقوایە هەموو كێشەكان چارەسەر بكەیت، لەسەر دەستی جەنابیت چارەسەر دەبێت تۆ پیاوێكی گەروەیت،كاك مەسعود رەخنەكانی منی هەر لەبیر بوو بە كاك بەرهەمی وتبوو " من پیاوێكی بچووكم، پیاوی بچوك ئیشی گەورەی پێ ناكرێت ".بەداخەوە كاك مەسعود ئاوا بیر دەكاتەوە، بەداخەوە ئەوە منم كە گێرامیانەوە رەنگە كەسێكی تربوایە، من ئەورۆژە زۆر لەسەر خۆبووم ئەگەر كەسێكی تر بوایە شەڕ هەڵبگیرسایە رەنگە شەڕی ناوخۆ درووست بوایە، رەنگە من بكوژرامایە كوشتنی من زۆر ئاسانە، بەڵام لەدوای من رەنگە دەیان لاوی تر شەهید بوایە لەسەر ئەو مەسەلەیە"
درەو میدیا: خۆپیشاندانەكانی عێراق فراوانتربوون و تا ئێستا 12 كوژراو زیاتر لە 400كەسیدیكە برینداربوون، دوێنی سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق ( سەرۆككۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان) و سەرۆكی بەشێك لە كوتلە سیاسیەكانی عێراق كۆبونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا سێ سەرۆكایەتییەكی عێراق 12 خاڵیان بۆ چارەسەركردنی بارودۆخی عێراق دیاری كردووە، كە بریتین لە: - پێویستیی بوونی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان حكوومەت و بنوێنەرانی خۆپیشاندەران. - پاڵپشتیكردنی حكوومەت و پەرلەمان بۆ چاكسازیی ئابوریی و حكومی. - بەپەلە دەرچوواندنی یاسای ئاوەدانی و بیمەی كۆمەڵایەتی. - هەماهەنگیی زیاتری نێوان پەرلەمان، حكوومەت و دەسەڵاتی دادوەری بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. - هەوڵدان بۆ دابینكردنی هەلی كار و نەهێشتنی بێكاری. - دابینكردنی هەل بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنانەی حكوومەت لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان، واژۆی كردووە. - هەوڵدان بۆ دابینكردنی خانووی شایستە بە رەچاوكردنی داهاتی خەڵك. - كۆبوونەوەو گفتوگۆی نیشتیمانیی لایەنە سیاسییەكان. - كاركردن بە بنەمای هاووڵاتی سامانی وڵاتە و پاراستنی كەرامەت و مافەكانی. - دروستكردنی كوتلەیەكی پەرلەمانیی پاڵپشت بۆ چاكسازی. - وەرگرتنی رای رۆشنبیران و تویژەرانی عێراقی. - رێزگرتن لە خۆپیشاندانی ئاشتییانەی خەڵك.
درەو میدیا: مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا باسی لە كێشەكانی نێوان خۆی و قوباد تاڵەبانی كردووەو وتویەتی" هەڵە تێگەیشتن هەبووەو ئێستا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لێكتێگەیشتن هەیە" بەشێك لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەتكرا بە قسەكردن لە سەر ئەو نیگەرانیانەی كە لایەنەكان بەتایبەتیش یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەیەتی لەسەر جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی دیمكراتی كوردستان و پێنەدانی دەسەڵات بە قوباد تاڵەبانی. ئەزمونی رابردوو دوبارە نابێتەوە وەزیرێكی بەشداربووی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی رایگەیاند" لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی زۆر بە روونی قسەیكردووەو وتویەتی"با بۆ هەموو لایەك روون بێت كە یەك حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەو نایانەوێت ئەزمونی رابردوو دووبارە بكەنەوە كە حكومەتێك لە سلێمانی و حكومەتێكیش لە هەولێرو دهۆك بێت" سەبارەت بە پێنەدانی دەسەڵات بەقوباد تاڵەبانی مەسرور بارزانی باسی لەوە كردووە" بەپێی یاسا دەسەڵاتی قوباد تاڵەبانی دیاریكراوە، هەرگیز جارێكی تر ئەو دەسەڵاتانەی پێنادرێتەوە كە لە كابینەكانی پێشوو پێی دراوە، بەشێك لەو دەسەڵاتانەی كە لە كابینەی پێشوو دراوە بە قوباد تاڵەبانی، لەبەر خاتری مام جەلال بوەو بەشێكیشی بەهۆی بارودۆخی شەڕو دڵرازیكردنەوە بووە، بۆیە هەرگیز ئەو ئەزمونە روناداتەوە كە دەسەڵات دابەشبكرێت لە نێوان سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی" كێ حساب بۆ قسەی قادر عەزیز دەكات! سەبارەت بە قسەكانی قادر عەزیز ئەندامی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندبوو قوباد تاڵەبانی نیگەرانیەكانی گەیاندۆتە مەكتەبی سیاسی" مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی" نیگەرانی خۆم بە كاك قوباد راگەیاندووە لەسەر ئەو لێدوانە، بەڵام كاك قوباد پێی راگەیاندم كە قسەكانی قادر عەزیز قسەی فەرمی یەكێتی نیەو كەس حساب بۆ قسەی قادر عەزیز ناكات" مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا زۆرینەی قسەكانی لە زاری قوباد تاڵەبانیەوە كردووە، بەڵام قوباد تاڵەبانی هیچی رەتنەكردۆتەوە، بەسەر لەقاندن راستی قسەكانی مەسرور بارزانی سەلماندووە. مەسرور بارزانی هۆشداری پێداون! لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا مەسرور بارزانی هۆشداری داوەتە ئەندامانی كابینەكەی و جەختی كردۆتەوە كە " كە ئەمە یەكەم ئەزمونی حكومەتداریمە نامەوێ لەبەر خاترانەو حزبیانە ئەزمونی حكومەتداری خۆم ناشرین بكەم، من یاسا جێبەجێ دەكەم، بۆیە هەر گلەیی و نیگەرانیەكتان هەیە لە دەسەڵاتەكانتان، بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و یاسای وەزارەتەكانتان، پێویست ناكات بیبەنە مەكتەبی سیاسیەكانتان چونكە ئێستا ئێوە ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانن و نوێنەری حكومەتن نەك حزب" بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئەو لێكتێگەیشتنەی نێوان قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی سەرەتای رەواندنەوەی گرژی و نیگەرانیەكانی یەكێتیە لە پارتی، كە بەهۆی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكانی نێوانیان و پێنەدانی دەسەڵات بە جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی یەكێتی درووست بوبو. پێشینەیەك یەك ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و 72 رۆژ بەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی جێگیرو سەقامگیر نەبووەو (6) پۆست هەن كە پڕنەكراونەتەوە، (2) پۆست هەن كە پڕكراونەتەوەو كێشەی دەسەڵاتو ئەركیان هەیە. پۆستە پڕنەكراوەكانی یەكێتی بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) لە كابینەی نوێدا (6) پۆست هەن كە هێشتا پڕنەكراونەتەوە، كە ئەمانەن: • پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووەو (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە. • پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ئەم پۆستە بەر یەكێتی كەوتووەو (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوە. • پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین، ئەم پۆستەش بەر یەكێتی كەوتووەو (ئیسماعیل مەحمود) كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی، بەڵام رەتیكردۆتەوە. • پۆستی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو هێشتا كاندیدەكەی یەكلانەكراوەتەوە. • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو (شوان قلیاسانی ) كاندیدی بەهێزن بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام هێشتا بە فەرمی یەكلانەكراوەتەوە، ئەم پۆستە پێویستی بە دەكردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان. • پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم پۆستە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوو دورخراوەتەوەو كراوە بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێدەچێت لەم كابینەیەدا ئەم پۆستە ناوەكەی بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق هەیە، هەندێك زانیاری تر هەن باسلەوە دەكەن رەنگە بەیەكجاری پۆستەكە لاببرێتو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی ئیدارەی دۆسیەی نەوت بدات. جگە لەو (6) پۆستەی كە تائێستا پڕنەكراونەتەوە، (2) پۆستێكی تر هەن لە كابینەی نوێدا كە پڕكراونەتەوە، بەڵام كێشەیان هەیە، كە ئەوانیش بریتین لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت (قوباد تاڵەبانی) تا ئێستا دەسەڵاتەكانی دیاری نەكراوە، پۆستی وەزیری هەرێم بۆكاروباری نێوان هەرێم و بەغداد (خالید شوانی) كە تا ئێستا ناونیشانی ئەو پۆستە دیارینەكراوە قوباد تاڵەبانی كوڕی بچوكی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ جاری دووەم لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتەوە، پۆستێك كە ئێستا كێشەی دەسەڵاتی هەیە. قوباد تاڵەبانی بەدەسەڵاتی كەم رازیە؟ تاڵەبانی كوڕ لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان براوەی ژمارەی یەك بوو لەسەر ئاستی هەرێم، ئەو كە سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو، بەتەنیا خۆی (182 هەزارو 551) دەنگی هێنا. قوباد تاڵەبانی دەنگی زۆری هێنا، بەڵام دەسكەوتی كەمی چنییەوە، ئەو ئێستا جێگری سەرۆكی حكومەتە، بەڵام دەسەڵاتەكانی دیارنین، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكەوتووە، بەپێچەوانەی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایەوە كە لە كابینەی پێشوودا دەسەڵاتی زۆری بە قوباد تاڵەبانی دابوو، مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەت نایەوێت هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆ بە قوباد تاڵەبانی بدات.. لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بەروونی ئەوەی بە گوێی قوباد تاڵەبانیدا داوە كە ئەو دەسەڵاتانەی پێشووی پێناداتەوە، بۆیە دواجار رەنگە قوباد تاڵەبانی بە كۆت و بەند و دەسەڵاتە دیاریكراوەكەی مەسرور بارزانی رازی بێت و كۆتایی بە نیگەرانی و سكاڵاكانی بێنێت كە دەیخستە بەردەم مەكتەبی سیاسی حزبەكەی.
درەو میدیا: د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك و ئەبوشەهاب پارێزگاری پێشوتری كەركوك ( ئیدارەی سلێمانی) دوو لیستی جیای سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك درووست دەكەن، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گومانی هەیە لە پاڵپشتیكردنی پارتی لە لیستەكەی د. نەجمەدین كەریم و پارتیش دڵنیایی دەدات كە لیستی سێبەریان نابێت. چاوەڕەوان دەكرێت كورد بە چوار لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكات ( لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، لیستەكەی د. نەجمەدین كەریم، لیستەكەی ئەبو شەهاب، لیستی نەوەی نوێ) ترسی یەكێتی لە نەجمەدین كەریم؟ د. نەجمەدین كەریم ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارێزگاری پێشووی كەركوك ( 2011 – 2017 )، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2014 سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو لە پارێزگای كەركوك، لەكۆی ( 209 هەزارو 964 ) دەنگی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەو پارێزگایە، بەتەنها ( 150 هەزارو 84 )دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی ( 71.5%)ی دەنگەكان. بەپێی بەدواداچوونەكانی ( درەو میدیا) لەدوای پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانی كوردستانیش كە 16 پارت و لایەنی سیاسی لەخۆ دەگرێت، د. نەجمەدین كەریم جموجوڵەكانی بۆ درووستكردنی لیستی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی بە زۆرێك لە حزب و كارەكتەرە سیاسیەكانەوە كردووە. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گومانی هەیە لەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ( نەجمەدین كەریم) وەك فشار بەكار بهێنێت لەبەرامبەر یەكێتی و بۆیە وەك لیستی سێبەری پارتی ناوی دەبات. بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) لە كۆبونەوەی رۆژی 29/9/2019ی لایەنە سیاسیەكان كە لە شاری هەولێر بەرێوەچوو سەبارەت بە پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، رزگار عەلی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی چەند جارێك ئەو پرسی درووستكردنی لیستی لەلایەن ( د. نەجمەدین كەریم) ەوە وروژاندووەو بە گوێی نوێنەری پارتیدا داوە كە ئەوان پاڵپشتی دەكەن، لەبەرامبەردا خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، دڵنیایی داوە كە ئەوان كاندیدەكانی خۆیان دەخەنە ناو لیستی هاوپەیمانی كوردستانیەوەو پاڵپشتی پشتیوانی لە لیستی سێبەرناكەن وەك ئاماژەیەك بە. لیستەكەی ئەبو شەهاب ئیحسان نەجم (ئەبو شەهاب) ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بڕیاریداوە بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا بكات. بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا)، ئەبو شەهاب كە لە ساڵی ( 1994 – 1996 ) پارێزگاری كەركوك بووە لە دەربەندیخان، لە ئێستادا سەرقاڵی درووستكردنی لیستێكە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. ئەبو شەهاب لەیەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 2005، لیستێكی سەربەخۆی درووست كرد بەناوی ( لیستی قەڵا) لە كاتێكدا لایەنە كوردیەكان بە لیستی ( برایەتی كەركوك ) بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان كردوو لە كۆی ( 41 ) كورسی ئەنجومەنی پارێزگا(26) كورسی ئەو ئەنجومەنەیان بەدەستهێنا. ئەبو شەهاب كێیە؟ • ئیحسان نەجم ( ئەبو شەهاب) لە ساڵی 1948 لە كەركوك لەدایك بووە • یەكێكە لە دەستەی دامەزرینەرانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان • لەكۆنگرەی یەكی یەكێتی ( 1992 )بووەتە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی • پارێزگاری كەركوك بووە لە ساڵی ( 1994 – 1996 ) لەدەربەندیخان • دەرچووی پەیمانگای تەكنیكی نەوتە. • لەیەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لیستێكی سەربەخۆی دروستكرد بەناوی (لیستی قەڵا) • ئێستا كەسایەتیەكی بێلایەنە 22/7/2019 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكەوە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی یاساهەمواركراوەكە( 14 )كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوە كە ( 13 كورسی گشتی و 1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵ بریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو. لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لەكۆی (385 هەزارو 861) دەنگدەر لیستی برایەتی( 261 هەزارو 577) دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی ( 67.8%) دەنگەكان، واتا لە كۆی( 41 )كورسی پارێزگە (26 )كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە، لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی 8 كورسی و بەرێژەی ( 19.5% )ی كورسیەكان و گردبوونەوەی عەرەبی 5 كورسی و بەرێژەی ( 12.2% ) و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی 1 كورسی بەرێژەی ( 2.4% ) و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی 1 كورسی و بەرێژەی ( 2.4% ) كورسی واتا كورد ( 63.4% ) كورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا
درەو میدیا: شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێكدا پشتیوان لە خۆپیشاندانەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەكات و دەڵێت" پێویستە خۆپیشاندانەكانی ناوەراست و باشوری عێراق بگەنە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە" داوای راپەڕین و دەربڕینی ناڕەزایی دەكات و دەڵێت " ئەگەر ئێستا خەڵك رانەپەڕێت و نارەزایەتی دەرنەبڕێت و داوای مافی خۆی نەكات، ئەوا كەی دەیكات؟" لە پەیامەكەیدا شاسوار عەبدولواحید بە رونی جەخت دەكاتەوە : • هەمو ئەو گوزەران خراپی هاوڵاتیان و دزینی سەروەتی وڵات لە لایەن بەرپرسان و ناعەدالەتی و نەبونی خزمەتگوزاری كە لە بەغداد و باشوری عێراق هاوڵاتییان باسی لێوە دەكەن، ئەوا لە هەرێمی كوردستان زۆر بەزیادەوە بونی هەیە. • لە هەرێمی كوردستان نەك ئەوانە هەن، بەڵكو موچەی فەرمانبەرانیش نادەن و هاوڵاتییان و كاسبكارانی ناو بازار لە دۆخێكی زۆر خراپدان. • گەنجانمان بێ كارن و تەنها لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا زیاد لە نیو ملیۆن گەنجی تەمەن ١٨ سال تا ٢٥ ساڵمان هەن كە بێكارن، وە نزیكەی ٢٠٠ هەزار گەنجی دەرچوی زانكۆ و پەیمانگاكان بێ كارن و دانەمەزراون و نازانن داهاتویان بە كوێ دەگات. • ژنان و كچانمان بێ كارن و لە ماڵەوە فەرامۆش كراون و هیچ هەلێكی كار یان ستراتیژێك نییە بۆ خزمەتی ژنان. • كوردستان بێ ساحیبە و ئەوەی هەیە ئەوەیە كە هەر بەرپرسە و دەستی گرتوە بەسەر بازرگانی و بزنسێكدا و قوتی میلەتیان گرتوە و خەری خۆیان و مناڵەكانیانن دەوڵەمەندیان كەن. • سلێمانی و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە بێ ساحیبن و سەركردەی دڵسۆزیان نییە و كەسیش نازانیت كێ لە خەمی ئەم شارانە و هاولاتیانی ئەم شارانەن. • كەركوك نەك وێران كراوە و بە جێهێڵدراوە، بەلكو ئێیستاش دوو حیزنی دەسەلاتدار تەنها لە خەمی نەوتی كەركوكن و بیر لەوە دەكەنەوە كە چۆن بای حەسەن و هاڤانایان دێتەوە دەستتا نەوتەكەی بەرن.نەك بیر لەوە بكەنەوە كە چۆن خەلكی كەركوك دڵخۆش بكەن. • چەند بنەمالەیەكی سیاسی فەرمانڕەوا، تەنها ئەوە ماوە بینە ناو ماڵی هاولاتییان و ناومالەكانیان بدزن، دەنا هیچ نەماوە نەیكەن. • ئایا ئەگەر ئێستا خەلك رانەپەڕێت و نارەزایەتی دەرنەبڕێت و داوای مافی خۆی نەكات، ئەوا كەی دەیكات؟ • من بەش بە حالی خۆم لەگەڵتانم ، وە ئامادەم خۆم لەگەلتان بێمە سەر شەقام و داوای مافی خەلكی بەشخوراوی وڵاتەكەمان بكەین. • دەبێت هەمومان پێكەوە باوەڕمان بە خۆمان هەبێت و باوەڕمان بە یەكتر هەبیت و پێكەوە دەست و پشتی یەك بگرین. • دەبێت مامۆستا و كاسبكار، فەرمانبەر و دانەمزراو، چینی هەژار و مام ناوەند، رۆشنبیر و هاوڵاتی ئاسایی، هەموو پێكەوە پشتی یەك بگرن و پێكەوە هەمومان بێینە سەر شەقام. • پارتی و یەكێتی پێیان وایە میلەت هیج ناكەن و خەلك نارەزایی دەرنابڕێت. بەلام تەنها چونمان بۆ سەر شەقامەكان و دانیشتنمان لەسەر جادە، پەیامێكی زۆر رونە بۆ دەسەڵات و گۆڕانكاری گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. • منداڵەكانمان سبەی لێنان دەپرسن كە ئاخۆ چینان كردوە بۆ ئەوەی داهاتوی ئەوان خۆش بكەین؟ ئاخۆ هەلوێستمان چی بووە لە ئاست ئەوم هەموو زوڵمەی دو حیزبی فەرمانڕەوا؟
درەو میدیا: " هۆكاری دانەنانی پارێزگاری كەركوك عەرەب و توركمانە، نەك پارتی، پارتی پێشنیازی یەك لیستی كردووە، هەر سەرۆكی حكومەتێك سەڵاحیاتی خۆی هەیە، چی دەكات یا نایكات، دەسەڵات دەدات یا نادات، یاخود دەسەڵات كەم دەكاتەوە" ئەمانە بەشێكن لە بۆچونی خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی پارتیشە لەبارەی یەك لیستی كوردەوە دەڵێت" پێشنیازی یەك لیستی كورد لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی تر هی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مانگێك لەمەوبەر لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی بڕیاردارا ئەگەر كورد بەشداری هەڵبژاردنەكانی كرد لەناوچە جێ ناكۆكەكان بەیەك لیست بێت یا بەیەك دەنگ بێت ." سەبارەت بەوەی بەدەر لەبەرژەوەندی گشتی كورد، كام لایەن لەو هاوپەیمانێتیە كوردییە براوە و قازانجی یەكەم بەدەست دەهێنێت؟ خەسرۆ گۆران وتی" لەناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازە، بۆ نمونە لە نەینەوا لە 70% ی دەنگەكان بۆ پارتیە، لەكەركوك بەپێچەوانەوەیە لەوانەیە 60% - 65% ی بۆ یەكێتی بێت." وتیشی" لە كەركوك لیستە كوردییەكە بۆی هەیە 26كاندیدی هەبێت، لەموسڵ دەتوانین چل و هەشت كاندیدمان هەبێت بێگومان لەكەركوك زۆرترین كاندیدەكان بەر یەكێتی دەكەوێت لە موسڵ-یش بەر پارتی دەكەوێت وە لایەنەكانی تریش كاندیدییان دەبێت لەناو لیستەكە بەڵام هەیانە لەوانە كاندیدی نابێت." ئەو ئەندامەی سەركرادیەتی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی كردەوە 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری هەیە لەسەر دەنگی كورد، لەو ڕووەوە وتی" بێگومان 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری هەیە چۆن كاریگەری نیە، یەكەم، پارێزگاری ئەو شارە كورد نیە، ئەنجومەنی پارێزگا لەكاركەوتووە ئاسایش لەوێ نیە، پێشمەرگەی لێ نیە، پارێزگار تەعریب دەكات، عەرەبی هاوردەی هێناوە لەوانەیە ساختە بكرێت وە ئەو عەرەبانەی هێناویانن بەشداری بكەن لەهەڵبژاردن بەشێوەیەك لەشێوەكان، ئاوارەمان هەیە لەهەولێر و شارەكانی تر كەناتوانن دەنگ بدەن بۆیە دەبێت هەموو ئاسانكارییەك بكرێت تا ئەو خەڵكە بتوانن دەنگ بدات." سەبارەت بە دواكەوتنی دانانی پارێزگار بۆ كەركوك خەسرۆ گۆران ڕەتیدەكاتەوە كە ئەوان وەك پارتی رێگربووبن و دەڵێت" ئێمە ڕێگرنەبوین وە هەرگیز ڕێگریش نابین، لیژنەیەك هەیە پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی تری كەركوك سەبارەت بە ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك یەك لەوانە دەستنیشانكردنی پارێزگارێكە بۆ كەركوك بەبۆچونی من عەرەب و توركمان نایەنە پێش لەو بابەتە ئەگەرنا پارتی هەمیشە ڕێزی ڕێككەوتنی خۆی دەگرێت لەگەڵ هەر لایەنێك." بەرپرسەكەی پارتی سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات" واتای چۆن قوباد تاڵەبانی دەسەڵاتی وەك پێشتر نەدراوەتێ؟ خۆ ئەوە حكومەتی "فیفتی بە فیفتی " نیە هی ساڵانی 2005 و 2010 دوو ساڵ كاك نێچیرڤان سەرۆكی حكومەت بێت و دوو ساڵیش كاك بەرهەم سەرۆك وەزیران بێت هیچ ڕێككەوتنێكی لەو شێوەیە نەكراوە، ئەو ڕێككەوتنە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 2018 یە، سەرۆكی حكومەت سەرۆكە، جێگر جێگرە، یاریدەدەر یاریدەدەرە، هەركەس دەبێت سنوری دیاربێت، "مەهام" و دەسەڵاتەكانی دیاربێت." خەسرۆ گۆران وتیشی" ئێستا حكومەتێكی دیكە هەیە، حكومەتی پێشوو كە كاك قوباد دەسەڵاتی هەبوو لە 2013 هاتە ئاراوە، ئێستا حكومەتێكی ترە و هەر حكومەتەی سیاسەتی خۆی هەیە هەر سەرۆكی حكومەتێك سەڵاحیاتی خۆی هەیە، چی دەكات یا نایكات، دەسەڵات دەدات یا نادات، یاخود دەسەڵات كەم دەكاتەوە ئەم حكومەتە ستراتیژیەتێكی تر و پلانێكی تری هەیە سەبارەت بەدەسەڵاتی وەزیرەكان و یاریدەدەرەكان و تەنانەت جێگرەكانی سەرۆكی حكومەت، یا بەڕێوەبەرەگشتیەكان و پارێزگارەكان و ئەمە دەكرێت ئەو حكومەتە جیاوازی هەبێت لەگەڵ حكومەتەكانی تر بەڵام بەڕێز كاك قوباد هەر جێگری سەرۆكی حكومەتە."
درەو میدیا: "بزوتنەوەی گۆڕان تەسلیم بە سیاسەتی هیچ لایەنێك نەبوە و نەشبوەتە بەشێك لە ئەجێندای وڵاتان، لەماوەی رابردودا بە خۆڕاگری ئۆرگانەكانی و جەماوەرەكەی توانیویەتی بەرامبەر سزای سیاسی و شاڵاوەكان بوەستێتەوە" ئەمە بەشێكە لە وتەی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە پێشكەشیكرد. عومەر سەید عەلی لە وتەكەیدا كە میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە "جێی رێز و پێزانینە بۆ هەمو ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە دوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان سەرسەختانە بەرگرییان كردوە و خۆیان راگرتوە لەبەردەم هەمو شاڵاوێكدا، زۆر خەڵك و لایەنی سیاسی چاویان لەوەبو لە دوای كۆچی كاك نەوشیروان ئەم بزوتنەوەیە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام بە خۆڕاگریی ئۆرگانەكان و ئێوە و جەماوەرەكەمان بەرامبەر بە سزای سیاسی و لەبەردەم شاڵاوەكاندا وەستانەوە". سەبارەت بە بەشداریكردنیان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە "بزوتنەوەی گۆڕان بە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی كە بەرزترین دەسەڵاتە لە گۆڕاندا، گفتوگۆكان ئەنجامدرا و بەشداریی كابینەی نۆی حكومەتمان كرد، ئەو رێككەوتنەش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بنەمای دۆكیۆمێنتە و ئەو بەرنامەیەی داوامان كردوە و لەسەری رێككەوتوین زۆربەیان لەناو كارنامەی كابینەی نۆی حكومەتدا جێی كراوەتەوە، ئەمەش سەركەوتنێكی دیكەیە بۆ بزوتنەوەكەتان".
راپۆرتی: محەمەد رەئوف لایەنە كوردیەكان لەسەر پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش رێككەوتن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان، ئێستا كورد (63%)ی كورسیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بەدەستەوەیەو ناتوانن پارێزگارێك دابنێن، لە یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لیستی برایەتی كورد لە پارێزگای كەركوك ( 68%)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئایا كورد دەتوانێت پارێزگاری لە دەنگ و كورسیەكانی خۆی بكات لەو پارێزگایە. (درەو میدیا) لەم شیكاریەدا ئاستەنگەكانی بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كورد دەخاتە روو. لیستی هاوبەش دوای سێ كۆبونەوە 16 لایەنی كوردی هاوپەیمانێتییەكیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان رایگەیاند بەناوی ( هاوپەیمانی كوردستانی )و (عەبدولڕەحمان مستەفا) پارێزگاری پێشوی كەركوك وەك سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە دیاریكرا، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە پارێزگای كەركوك ژمارە (1 ) بۆ یەكێتی دەبێت و سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا ژمارە (1 ) بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت. 22/7/2019 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكەوە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی یاساهەمواركراوەكە( 14 )كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوە كە ( 13 كورسی گشتی و 1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵ بریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو. لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان تانەی داوە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ پێداچونەوە بە ئەژماری دەنگدەران، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن لەوناوچانە بكرێت كورد لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رووبەرووی كۆمەڵێك گرفت دەبێتەوەو ترسی لە كەمبونەوەی دەنگەكانی هەیە. ئاستەنگەكانی كورد لە هەڵبژاردندا لە ئێستادا كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەكۆی (41) كورسی (26) كورسی هەیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد زۆرن و ئەستەمە بتوانێت پارێزگاری لە پێگەكەی خۆی بكات، ئەمە لە كاتێكدایە كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ژمارەی كورسیەكانی لە ( 41 ) كورسیەوە بۆ (14) كورسی كەم دەبێتەوە، بۆیە بەپێی رێژەی كورسیەكانی كورد لە ئێستادا كە(63%) ئەگەر كورد ئەو رێژەیە بهێنێتەوە ئەوا لەكۆی (14) كورسیەكە دەبێت (9) كورسی بەدەستبهێنێت. • لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كۆتایی بەدەسەڵاتی 14 ساڵەی كورد هات لە كەركوك كە پێشتر پارێزگارو زۆرینەی پۆستە هەستیارەكانی لەدەستدابوو بەڵام هەمووی لەدەستدا و ئێستا بە 26 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاوە توانای دانانی پارێزگاری كەركوكیان نیە، كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد لە پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان: • كورد لیستی هاوبەشی پێكهێناوە بەڵام هێشتا متمانە نیە لە نێوانیاندا، بەو پێیە تائێستاش سەرەرای چەندین رێككەوتن لە نێوان یەكێتی و پارتی نەیانتوانیوە پارێزگار دابنێن. • بەپێی یاسای هەڵبژاردنی رێگە نادرێت هیچ سندوقێك لەدەرەوەی كەركوك دابنرێت، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر كە بە زیاتر لە 50 هەزار كەس ئەژمار دەكرێت لەدەرەوەی كەركوكن و لە هەولێر و چەمچەماڵ و سلێمانی نیشتەجێن و رێگە نادرێت سندوقی دەنگدان لەوناوچانە دابنرێت، بەوەش دەنگێكی زۆری كورد لەدەست دەچێت، ئاوارەیەكی زۆری پارێزگای نەینەوا كە بە نزیكەی 250 هەزار كەس ئەژمار دەكرێت لە دهۆك و هەولێرن، كە زۆرینەی زۆری دەنگی كوردە، ئەگەر سندوقی دەنگدانیان بۆ دادەنرێت، چئن دەتوانن دەنگ بدەن. • بڕیاردراوە لە رۆژانی هەڵبژاردندا قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاكاندا بكرێت، واتا ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە ناوچەكانی دەرەوەی كەركوك و موسڵن ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان. • هێنانی ژمارەیەكی زۆری عەرەب بۆ كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری كە بە واژۆی بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140، لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە (600) خێزانی پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین , دیالە, ئەنبارو بەغداد، دەگەڕێنرێنەوە بۆ پارێزگای كەركوك، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی كورد لەو پارێزگایە دەگەڕێتەوە • ئەو ناوچانەی كە بایۆمەتریان نەكردووە ئەتوانن بە یەكێك لە ناسنامەكانیان دەنگبدەن، كە ئەمەش زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوچەی حەویجەیە كە زۆرینەیان بایۆمەتریان نیە. كەركوك لە هەڵبژاردنی 2005 دا لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لەكۆی (385 هەزارو 861) دەنگدەر لیستی برایەتی( 261 هەزارو 577) دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی ( 67.8%) دەنگەكان، واتا لە كۆی( 41 )كورسی پارێزگە (26 )كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە، لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی 8 كورسی و بەرێژەی ( 19.5% )ی كورسیەكان و گردبوونەوەی عەرەبی 5 كورسی و بەرێژەی ( 12.2% ) و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی 1 كورسی بەرێژەی ( 2.4% ) و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی 1 كورسی و بەرێژەی ( 2.4% ) كورسی واتا كورد ( 63.4% ) كورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا • لیستی برایەتی ( 261577 )دەنگ بەرێژەی ( 67.8%) • بەرەی توركمانی ( 54213 ) دەنگ بەرێژەی ( 14%) • بەرەی عەرەربی بۆ دیالۆگی نیشتیمانی ( 17275 ) دەنگ بەرێژەی ( 4.5%) • بەرەی تەوافوقی عیراقی ( 14458 ) دەنگ بەرێژەی ( 3.7%) • هاوپەیمانی عێراقی یەكگرتوو (12051 ) بەرێژەی (3%) • لیستی عێراقیەی نیشتیمانی ( 9262 ) بەرێژەی (2.4%) • یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 5739) بەرێژەی ( 1.5%) كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010 دا لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی ( 557 هەزارو 37 ) دەنگدەری پارێزگای كەركوك ، لە لیستە سەركەوتووەكاندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند پارتێكی دیكە پێكهاتبوو، توانی(37%)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا. • لیستی هاوپەیمانی كوردستانی (206 هەزارو 542 ) دەنگ بەرێژەی (37% )ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بەدەستبهێنێت و 6 كورسی لە كۆی 12 كورسی پشكی ئەو پارێزگایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت، كە رێژەی كورسیەكانی ( 50%) دەكات • لیستی عێراقیە (211 هەزارو 336 ) دەنگ و بەرێژەی ( 37.9% )ی دەنگی لیستە سەركەوتوەكانی ئەو پارێزگایەو 6 كورسی بەدەستهێنا واتا (50% ) • لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78 ) دەنگ و بەرێژەی ( 5% ) و 1 كورسی لە كورسی كۆتا بەدەستهێنا. سەرەرای دەنگی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە (206 هەزارو 542 ) دەنگی بەدەستهێنابوو دەنگی سەرجەم لیستە كوردیەكان لەو پارێزگایە ( 278هەزارو 170 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەرێژەی ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە بەو پێەی لیستی گۆران ( 36هەزارو 554 ) دەنگ و یەكگرتووی ئیسلامی ( 24هەزارو 274 ) دەنگ، كۆمەڵی ئیسلامی ( 7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنابوو حیزبی شیوعی ( 3 هەزارو 397 ) دەنگی بەدەستهێنا بوو، كە نزیكەی ( 70 هەزار ) دەنگە كە ئەو دەنگانە لەبەر ئەوەی دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ كورسیەك كە بەهای كورسیەك ( 46 هەزارو 419 ) دەنگ بووە، هیچ كورسیەكیان بەدەستنەهێناو دەنگەكانیان سوتا. بەو پێیەش دەنگی كورد لە نێوان 2005 بۆ 2010 لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەوە بۆ ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە دابەزی واتا بەرێژەی ( 13.5% )ی دەنگەكانی دابەزی رێژەی كورسیەكانیشی بەهەمان شێوە( 13.4% ) دابەزی. كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی بەدەستهێنا 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی بەدەستهێنا 2 كورسی بەدەستهێنا بەهای كورسی لەو پارێزگایە ( 47566 ) دەنگ دەكات . - یەكێتی 209964 دەنگ 6 كورسی - پارتی 63076 دەنگ 2 كورسی - بەرەی توركمانی 71492 دەنگ 2 كورسی - هاوپەیمانی عەرەبی 53796 دەنگ 1 كورسی - هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 38328 دەنگ 1 كورسی كەركوك لە هەڵبژاردنی 2018 دا لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 دا لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەی نەكرد، لە كۆی ( 12) كورسی و ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر. - یەكێتی نیشتیمانی 6 كورسی و ( 177 هەزارو 920 ) دەنگی بەدەسهتهێنا - هاوپەیمانی عەرەبی لەكەركوك 3 كورسی و ( 86 هەزارو 452 ) دەنگی بەدەستهێنا - بەرەی توركمانی 3 كورسی و ( 82 هەزارو 33 ) دەنگی بەدەستهێنا - لیستی نیشتیمانی ( گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ) لە كەركوك ( 14 هەزارو 914 ) دەنگی بەدەستهێنا بەبێ كورسی - نەوەی نوێ ( 13 هەزارو 665 ) دەنگی بەدەستهێنا - حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ( 7 هەزارو 509 ) دەنگی بەدەستهێنا - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 4 هەزارو 784 ) دەنگ دەنگ و كورسیەكانی كورد كەمدەكات؟ لەیەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە كەركوك كورد زۆرینەی رەها(50+1)ی دەنگ و كورسی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێنا، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت كورد بتوانێت ئەو دەنگ و كورسیانە بەدەستبهێنێتەوە. لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی برایەتی كەركوك كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لە كۆی 41 كورسی پارێزگە 26 كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە و لە (68%)ی دەنگی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێناوە. بەڵام لەدوای ئەو هەڵبژاردنی 2005 ەوە لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا كورد نیوە یان كەمتر لە نیوەی كورسیەكانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش، رێوشوێنەكان زۆر توند بوونە بەتایبەت بەرامبەر بەو ناوچانەو شوێنانەی كە زۆرترین دەنگی كوردی تێدایە، لە رێگەكردن لە دانانی سندوق لەناوچە ئاوارە نشینەكان و قەدەغەی هاتوچۆ و بایۆمەتری و نەمانی دەسەڵاتی كورد لەو پارێزگایە. ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاكان كاریگەری لەسەر چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكان دەبێت، بەتایبەتیش پارێزگای كەركوك كە لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا ئەمە دووەم هەڵبژاردنە بكرێت، كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و چارەنوسی ئەو پارێزگایە دەبێت
(درەو میدیا): دادگای ئێران ئەمڕۆ بەتاوانی وەرگرتنی بەرتیل حوکمی (5) ساڵ زیندانی بۆ برایەکی حەسەن رۆحانی سەرۆکی وڵات دەرکرد. براکەی حەسەن رۆحانی ناوی (حسێن)ە، مانگی حوزەیرانی 2017 دوای ئەوەی ناوی لە چەند دۆسیەیەکی گەندەڵیدا هات، دادگا تۆمەتباریکرد بە تێوەگلان لە تاوانی دارایدا. پاش دەستبەسەرکردنی بۆماوەیەک، دواتر بە کەفالەتی پارەیەکی زۆر بەشێوەی کاتیی ئازادکرا تا ئەوکاتەی دۆسیەکەی یەکلادەبێتەوە. حسێن کە هاوکات رڵوێژکاری حەسەن رۆحانی برایەتی لە سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئێرانی فشاری کردووە بۆ ئەوەی عەلی سدقی بکرێت بە بەڕێوەبەری بانکی " رفاە"و دەرکەوتووە کە چەندین سەرپێچی دارایی کردووە.