ترمپ: لە عەین ئەسەد ترسم لە میلانیا بوو

Draw Media

2020-01-08 17:30:36



درەو:

بنكەی ئاسمانی (عەین ئەلئەسەد) یەكەم ناوچەی جەنگە كە (دۆناڵد ترەمپ) وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا قاچی خستبێتە ناوی، ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" لە ڕاپۆرتێكدا لەگەڵ گێڕانەوەی ڕووداوی هێرشەكەی سەر بنكە ئەمریكییەكە لە عێراق، چیرۆكی سەردانەكەی ئەو كاتی (دۆناڵد ترەمپ) بۆ بنكەی (عەین ئەلئەسەد) لە ڕاپۆرتەكەیدا داناوەتەوە "كە لەترس و دڵەڕاوكێیەكی گەورەدا ژیاوەو، گەشتەكەی بەشێوەیەك  وەسفدەكات كە لەژیاندا شتی وای نەبینیوە".
 
رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ڕاپۆرتێكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر بنكەی (عەین ئەلئەسەد)  لەپارێزگای ئەنبار و بنكەی (هەریر) لەپارێزگای هەولێر بڵاوكردۆتەوە، تێیدا دەڵێت: هێرشەكە دوای ڕۆژێك بووە لە هەڕەشەكانی (دۆناڵد ترەمپ) بە كردنە ئامانجی شوێنە فەرهەنگییەكانی  ئێران.
ڕۆژنامەكە ئاماژە بەوەكات: بنكەی (عەین ئەلئەسەد) بنكەیەكی ئاسمانی بەربڵاوە لە خۆرئاوای عێراق و، میوانداری سەرۆك ترەمپی كردووە لە یەكەم سەردانیدا بۆ ناوچەیەكی شەڕ وەك فەرماندەی گشتی، كە یەكێكە لەو دوو دامەزراوە سەربازییەی سوپای ئەمریكایی تێدا نیشتەجێییەو، ڕووبەڕووی هێرشێكی مووشەكی ئێران بوەوە لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە.
دەشڵێت: بنكەی ئاسمانی (عەین ئەلئەسەد) كراوەتە ئامانج، لەگەڵ بنكەیەكی تر لە نزیك شاری هەولێر لە باكوری عێراق، لەوەڵامی ئەو هێرشەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی لەڕیی فرۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامیداو  (قاسم سولەیمانی) كوشت، كە فەرماندەیەكی ئێرانی پلە باڵابوو، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی دەكرد، پلانی هەبووە بۆ هێرشێكی زۆر گەورە و خراپ دژی بەرژوەندییەكانی ئەمریكا.
"نیویۆرك تایمز" لە ڕاپۆرتەكەیدا باسی ئەوەدەكات: هێرشەكە دوای ڕۆژێك هاتووە لە هەڕەشەكانی ترەمپ بە هێرشكردنە سەر شوێنە فەرهەنگییەكانی ئێران، لەوەڵامی هەر كارێكی تۆڵەسەندنەوەی كوژرانی جەنەڕاڵ سولەیمانی، بەڵام ترەمپ لەو هەڕەشەیەی پاشگەزبوەوە ڕۆژی سێ‌ شەممە، دوای ئەوەی پێی ڕاگەیەندرا كە ئەوە كارێكی نایاساییە.
لەبەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا هاتووە: پنتاگۆن ڕایگەیاندووە ئێران زیاتر لە 10 موشەكی بالیستی هەڵداوە بۆ هەردوو بنكەكە، بەڵام زیانەكانی نەخەمڵێنراون.
سەرنوسەری پێگەی "مەشرق" كە پێگەی سەرەكی سوپای پاسدارانی ئێرانە، دەڵێت: زیاتر لە 30 مووشەكی بالستی گیراوەتە بنكەی (عەین ئەلئەسەد) بەگوێرەی ڕۆژنامەكە.
ڕۆژنامەكە باسی لە بەیاننامەكەی كۆشكی سپیش كردووە كە ڕایگەیاندبوو: سەرۆك ئاگاداركراوەتەوەو لەنزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكات و لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی سەرقاڵی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیە.

ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق 
"نیویۆرك تایمز" دەڵێت: لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2019دا، نزیكەی 6000 هەزار سەربازی ئەمریكی لە عێراق بوون، ئەوەش بەشێكی بچوكن لەو 150 هەزار سەربازەی ئەمریكا كە لەعێراق بوون لەكاتی پرۆسەی ئازادیدا، كە لەساڵی 2003 تا 2011 بەردەوامبوو. دوای كوژرانی جەنەڕاڵ سولەیمانی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بەدەركردنی سوپای ئەمریكا لە وڵاتەكەی، كە ترەمپ دواتر وتی ئەو هەنگاوە بە سزا وەڵامدەرێتەوە.

گرنگیی بنكەی ئاسمانی (عەین ئەلئەسەد)
ڕۆژنامەكە دەڵێت: لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا، هەریەك لە ترەمپ و مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا سەردانی چاوەڕواننەكراویان كردووە بۆ بنكەی ( عەیت ئەسەد)،  كە دەكەوێتە پارێزگای ئەنبار و بەدووری 135 میل لە سنوری سوریا، لەكاتی سەردانەكەیدا كە شەوی ساڵی تازەی 2018 بەجێیهێشت، ترەمپ گەشتەكەی بە ترسناك و لەناو تاریكدا وەسفكردووە. 
"نیۆرك تایمز"  قسەكانی ئەوكاتی ترەمپی داناوەتەوە كە چیرۆكی سەردانەكەی بۆ (عەین ئەلئەسەد) بۆ باسكردوون: "ترسم لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەبوو نەك شەخسی خۆم، ترسم لە (میلانیا) خانمی یەكەم هەبوو، بۆت ئەگێڕمەوە، بەڵام ئەگەر دەتبینی كە دەبوو بەناو چیدا بڕۆین بە فرۆكەیەكی تاریك كە سەرجەم پەنجەرەكانی داخراون، هیچ ڕووناكییەكی تیانییە، تاریكی لەهەموو جێگایەكە، من هەرگیز شتی وام نەبینیوە. لەناو چەندین فرۆكەدابووم-سەرجەم جۆر و شێوە و قەبارە، تائێستا شتێكی لەوشێوەیەم نەبینیوە". 
لەساڵی 2015دا، هێزە ئەمنییەكانی عێراق هێرشێكی ڕێكخراوی داعشیان بۆ سەر بنكەی (عەین ئەلئەسەد) تێكشكاند، ئەو هێزانەی ئەمریكا لە بنكەكەدا ماون ڕاهێنان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەن.
گرنگیی بنكەكە سەربازییەكەی نزیك شاری هەولێر
لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2019، هێزێكی "كۆماندۆز دەلتا"ی تایبەت لەو بنكەیە نیشتەجێكرا بۆ ئەوەی لەوێوە ئەو پرۆسە سەربازییە ئەنجامبدات كە بەهۆیەوە (ئەبوبەكر بەغدادی) سەرۆكی ڕێكخراوی داعش لە باكوری سوریا كوژرا، كە هەشت كۆپتەری جۆری (سی ئێچ-47 چینكۆكس) لەو بنكەیەوە فڕین وكارەكەیان ئەنجامدا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand