سەردەمی شەڕی بەوەكالەت كۆتایهات 

Draw Media

2020-01-10 19:00:14



راپۆرتی: درەو

كۆتایهێنان بە ڕۆڵی  "قاسم سولەیمانی" لەسەر شانۆی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە بۆ ئەمركییەكان تەنها كۆتایهێنان نییە بەڕۆڵی جەنگاوەڕێكی گەڕیدە كە ساڵانێكی دورودرێژ ببوەمایەی سەرئێشەو كۆسپ و بەربەست لەبەردەم سیاسەتەكانی "واشنتۆن"، بەڵكو پەیامی پشت كوشتی "سولەیمانی" ئاماژە بەهاتنە كایەی قۆناغێكی نوێ‌ دەكات. ئەویش قۆناغی گەڕانەوەی ئەمریكایە بەهێزەوە بۆ عێراق و نینۆككردنی "ئێران"ە لەناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، لەڕێی بەكارهێنانی هێز و لێدانی ڕاستەوخۆ لەتەواوی ئەو گروپ و هێزانەی "تاران" شەڕی بەوەكالەتیان پێدەكات. 
"محمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران دوای كوژرانی "سولەیمانی"و دوای موشەك بارانكردنی بنكە ئاسمانییەكانی ئەمریكاش لە عێراق، لە زیاد لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پێویستی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كردووە لە عێراق. "عەلی خامنەئی" رابەڕی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەمباریەوە دەڵێت: "تۆڵەی گەورەی قاسم سولەیمانی ئەوەیە ئەمریكا ناوچەكە چۆڵبكات".
پێدەچێت "ئێران"ییەكان لەپەیوەندییە ژێر بەژێرەكانیاندا لەگەڵ "واشتنۆن" ئەم پەیامەیان بەڕوونی پێگەیشتبێت، هەر بۆیە داواكاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق داواكارییەكی سەرپێیی نییە، تەنها كاردانەوەی كوشتنی "قاسم سولەیمانی" نییە، بەڵكو سیمایەكی دیاری ململانێی ئەم قۆناغە تازەیەی نێوان "واشنتۆن و تاران"ە.

پرۆژە ئێرانییەكە لەعێراق كرا بەیاسا
دووڕۆژ دوای كوژرانی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەیەكی نائاسایی گرێداو، بڕیاڕی كۆتایهێنانی بەبوونی هێزی بیانی لەسەرخاكی وڵاتەكەی پەسەندكرد. بڕیارەكە وێڕایی ئەوەی هەژموونی پێكهاتەی شیعەو هێزەكانی نزیك لە ئێرانی بەسەردا زاڵبوو، زیاد لەگروپێكی شیعە لەڕێی پەیامی ئاشكراو نهێنییەوە فشار و هەڕشەی جدییان لەسەر پەرلەمانی عێراق دروستكرد، "موقتەدا سەدر" ڕابەڕی ڕەوتی سەدر لەپەیامێكدا بۆ پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی ئەوەی كرد "ئەگەر بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان نەدەن گەل قسەیەكی تری دەبێت".
مەكتەبی سیاسی "كەتائیبی حزبوڵا"ش لەنامەیەكدا كە بۆ پەرلەمانتارانی كورد و سوننیەیان نارد هەڕەشەیەكی توندیان لێكردن.
ئەمریكییەكان هەر لەسەرەتاوە دركیان بەم هەوڵە ئێرانییە كرد، ئەوانیش لەڕێی بەرپرسانی هەرێم و سەركردەكانی سوونەوە جموجۆڵەكانیان دەستپێكرد، سەرەنجام توانیان قەناعەت بە كورد و زۆرینە سوننەكان بكەن كە بەشداری ئەو كۆبونەوەیەی پەرلەمان نەكەن، تا ئەو وێنەیە زەق بكەنەوە كە ئەم داوایە لەباشترین حاڵەتدا، داوای یەكێك پێكهاتەكانی عێراقە نەك تەواوی گەلانی عێراق، لەمەشدا سەركەوتووبون.
"عادل عەبدولمەهدی" سەۆك وەزیرانی عێراقی كاربەڕێكەر، كە یەكێكە لەوانەی پێداگری دەكات لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاڕی پەرلەمانی عێراق بۆ كشانەوەی هێزە بیانییەكان، بڕیاری كۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراقیش لەسەر داوای ئەو ئەنجامدرا، ئەمڕۆ لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ "مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لەناوبراو كردووە وڵاتەكەی تیم ڕەوانەی عێراق بكات بۆ دانانی میكانیزمی كشانەوەی هێزەكانیان لە عێراق.
"پۆمپیۆ" پێشتر لە لێدوانێكدا لەبارەی "عەبدولمەهدی"یەوە وتی: "ئەو تەنیا سەرۆك وەزیرانێكی دەستلەكاركێشاوەیەو فشارێكی زۆریشی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەسەرە".  
عەبدولمەهدی كە لەشەقامی عێراقی بەگشتی و ناوماڵی شیعە بەتایبەتی ڕوبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆربۆتەوە بەوەی كەسێكی لاوازەو توانای پاراستنی سەروەری خاكی عێراقە نییە. دوای هێرشەكەی ئاسمانییەكەی ئەمریكا  بۆ سەر بنكەكانی "كەتائیبی حزبوڵا"ی عێراق لە"قائیم" وتی: پێشتر ئەمركییەكان ئاگاداریان كردومەتەوە، دوای موشەكبارانكردنی بنكە ئاسمانییەكانی ئەمریكاش لە عێراق، "مەحەد جەواد زەریف"وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:"عێراقییان لە هێرشەكە ئاگاداركردۆتەوە"، عەبدولمەهدی لای خۆیەوە تەئكیدی كرد كە ئێرانییەكان لە هێرشەكە ئاگاداریان كردۆتەوە، هەندێك لەوانەشی ڕەخنەی لێدەگرن، پرسیاری ئەوەی لێدەكەن  ئەو سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، ڕۆڵ و قسەی چییە لەم پێشهات و هێرشانەی لەسەر خاكی عێراق ئەنجامدەدرێن؟.  
  
گەڕانەوەی دووەمی ئەمریكا بۆ عێراق
بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، یەكێك بوو لەو بڕیارانەی بەردەوام لەلایەن كۆمارییەكانەوە وەك بڕیارێكی كارەساتاویی و هەڵەیەكی ستراتیجی لەلایەن "باراك ئۆباما" سەرۆكی ئەوكاتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە لێكدەدرایەوەو، بەوە تۆمەتباریان دەكرد كە عێراقی لەسەر سینیەكی ئاڵتون پێشكەش بە ئێران كردووە، لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی پاریشدا (دۆناڵد ترەمپ) بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای دا لە باكوری سوریا بڕیارەكەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی دیموكراتەكان بوەوە.
بڕیارەكە وەك جۆرێك لەهەڵهاتن و جێهێشتنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ "ڕوسیا و ئێران و توركیا" لێكدرایەوە، جگە لەبەجێهێشتنی هاوپەیمانەكەیان"كورد" لەژێر ڕەحمی جبەخانەی سوپای توركیا. تا بەناچاری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێك لە هێزەكانی ڕەوانەی باكوری سوریا كردەوە بە پاساوی پاراستنی بیرە نەوتەكان. 
قایلبوون بە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق ڕەنگە بۆ "ترەمپ" لەمكاتەدا جۆرێك بێت لە خۆكوژی، بەتایبەت كە كۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنێكی چارەنوسازی لەپێشە، ڕەنگە ئەمجارە"ترەمپ" سودی لەهەڵەكەی خۆی و پێشخۆی وەرگرتبێت، بۆیە پێناچێت عێراق هەروا بە ئاسانی جێبهێڵێت. سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەكۆشكی سپی لەبارەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقەوە وتی: "وڵاتەكەی بەنیاز نییە بۆ هەتاهەتایە لە عێراق بمێنێتەوە، ئەگەر لە عێراق بكشێینەوە مانای وایە ئێران شوێنپێیەكی گەورەتری دەبێت لە عێراق".   
"ترەمپ":هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابوریشی كرد بەسەر عێراقدا، ئەگەر بەرپرسانی ئەو وڵاتە بیانەوێت سوپای ئەمریكا بەشێوەیەكی نادۆستانە دەربكەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەتازەترین پەیامیدا لەوڕوەوە دەڵێت:" ئامادەنین پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێبكەین، هەر وەفدێكیش بنێرین بۆ عێراق تەنها لەچوارچێوەی بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكاندایە". 

ئەمریكا بەنیازی چییە؟
بەگوێرەی هەندێك زانیاری ورد بەرپرسانی "ئەمریكاو ڕوسیا" لەسەر پێشهاتە نوێكانی ناوچەكە جۆرێك لەنزیكبونەوەو ڕێككەوتن هەیە لەنێوانیاندا، ڕۆلێكی زیاتر بدرێت بە ڕوسیا لە دۆسییەی سوریادا لەسەر حسابی ئێران، لەبەرامبەر بێدەنگبوونی ڕوسیا لەدۆسیەی عێراق و ئەو هەنگاوانەی واشنتۆن لە ئایندەدا لە عێراق دەیگرێتەبەر.
بەشێك لەهەنگاوەكانی تری  "واشنتۆن" ڕێگا خۆشكردنە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە عێراق و دورخستنەوەی بەپەلەی "عادل عەبدولمەهدی" كە پێیوایە لەم پێشهاتانەی دوایدا بەتەواوی پاڵیداوە بە ئێرانەوە. ئەمریكا لەگەڵ ئەوەی بەو دۆخەی لە بۆردومانكردنی بارەگاكانی "كەتائیبی حزبوڵا" لەكۆتا ڕۆژەكانی ساڵی پارەوە تا كوشتنی (قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس) لەسێیەم ڕۆژی ساڵی نوێدا لە عێراق دروستیكرد، گورزێكی گەورەی لە خۆپیشاندانەكانی عێراق دا ، بەڵام لەخواست و داواكارییدا هاوتەریبە لەگەڵیان و خوازیاری دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانێكە بۆ قۆناغی ڕاگوزەر كە نەچێتە ژێر باری فشارەكانی "ئێران"ەوە.
هەڵوەشاندنەوەی یان سنورداركردنی ڕۆڵی حەشدی و توانەوەیان لەناو سوپای عێراقدا یەكێكی ترە لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەمریكا لە قۆناغی ئایندەو، بەنیازە لەڕێی حكومەتی داهاتووەوە جێبەجێبكات، ئەگەر بۆشی نەچێتەسەر دورنییە لەڕێی وەشاندنی گورزی ئاسمانیەوە بەتەواوی جموجۆڵەكانیان پەكبخات. 
پێناچێت بژاردەكاری بەردەم "تاران" لەم قۆناغە نوێیەدا زۆربن، بەوپێیەی ئەمریكا بەتەواوەتی دەستی ناوەتە ناو بینەقاقای ئابوری ئێران، بەپێیی تازەترین زانیارییەكانیش وەزارەتی گەنجینەو دەرەوەی ئەمریكا (17) كارگەی ئاسن و پۆڵا و (8)كەسایەتی تری خستە چوارچێوەی سزاكانیەوە.
"تاران" لەگەڵ "واشنتۆن" ڕێككەوتنێكی نوێ ئیمزادەكات لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و دەستبەردابون لە هێز و لایەن و گروپەكان چەكدارەكان لە (عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان) لەبەرامبەر  هەڵگرتنی سزاكان لەسەری، یان خۆی بۆ گەڕێكی تر لەڕووبەڕووبونەوەی "ئەمریكا" ئامادە دەكات كە ڕەنگە ئەمجارە پێكدادانان لەدەرەوەی سنورەكانی نەمێنێتەوە، ئەوەش ئەگەرێكی دوورە، بەوپێودانگەی دەسەڵاتدارانی "ئێران" لەم قۆناغە هەستیارەدا كە گەلەكەیان ماندووی دەستی سزاكانە، ڕووبەڕووی شەڕێكی ماڵوێنكەری ناكەنەوە، كە ئەنجامەكەی پێش ڕوودانی ڕوونە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand