Draw Media

راپۆرتی: یادگار سدیق گەڵاڵی كێڵگەی شیخان كە دەكەوێتە پارێزگای دهۆكەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ حكومەتی هەرێم بڕی (٦ ملیۆن و ٨٤١ هەزار) بەرمیل نەوتی وەرگرتووە لەوكێڵگەیەو بڕی (١٥٢ ملیۆن و ٢٧٨ هەزار) دۆلار پشکی هەرێم بووە،تێكڕای بەرهەمی ڕۆژانەی ئەم کێڵگەیە بریتیە بووە لە (٣٦ هەزار و ٦٢٥ ) بەرمیل بووە و بەڵام لە ئێستادا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە رۆژانە بەرزبووەتەوە بۆ (٤٣ هەزارو ١٩٠ ) بەرمیل. شیکردنەوەی داهاتی کێڵگەی شێخان و پشکی حکومەتی هەرێم و کۆمپاکان لە داهاتی کێڵگەکە لەسەر بنەمای (ڕاپۆرتەکانی چالاکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و گرێبەستە نەوتییەکان و دوا ڕاپۆرتی  کۆمپانیاکە) کە ڕۆژی سێ شەممە بەرواری  ١٨/٥/٢٠٢١  بڵاوی کردووەتەوە. لەم شیکردنەوەیەدا بڕی ئەو پارەیەی کۆمپانیاکان داویانە بە حکومەت و ئەو بڕەشی کە بۆ خۆیان ماوەتەوە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا لە کێڵگەی شێخان ئاشکرا دەکەین. سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە:  ڕاپۆرتی کۆمپانیاکی گۆڵف کیستۆن سەبارەت بەو پارانەی کۆمپانیاکەیە کە لە داهاتی فرۆشی نەوت داوێتی بە حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٠ دا و لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت: ئەم ڕاپۆرتە وردەکاری ئەو پارانە ڕوون دەکاتەوە کە دراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و ئەو کۆمپانیایانەی سەر بەون بۆ ساڵێ ٢٠٢٠، کە بەپێی بنەما(قاعدە) ئاشکراکردن و ڕوونی  ٤،٣ A کە لەلایەن دەزگای مامەڵەی دارایی لە شانشینی یەکگرتوو دەرچووە( DTR 4.3A) وە بە پێی لائیحەی راپۆرتی دانی پارە بەحکومەت ٢٠١٤ (Reports on Payments to Governments Regulations ( هەموارکراو لە ٢٠١٥) ( یاسای شانشینی یەکگرتوو ) وە تەفسیری ئێمە بۆ ڕێنماییەکانی پیشەسازی لە بەریتانیا کە دەرچووە لە لایەن دەزگای نێودەوڵەتی بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز. بە پێی یاسای (DTR 4.3A) داواکراوە لەو کۆمپانیایانەی کە تۆمارکراون لە بازاڕە داراییەکان و لە شانشینی یەکگرتوو کار دەکەن لە پیشەسازییە دەرهاتووەکاندا ، دەبێت کۆمپانیاکان ئەو پارانەی دەیدەن  بە حکومەتەکان لەو وڵاتانەی کە گەڕان و پشکنین، دۆزینە و پەرەپێدانی نەوت و گازی تێدا دەکەن ئاشکرابکەن و ڕایبگەیەنن. واتە بەپێی یاسا ناچارن کە داهاتاکانیان ئاشکرابکەن. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە دەرکردنی ئاوها یاسایەک هەیە تاوەکو کۆمپانیاکان ناچاربکات هەموو داهات و قازانجیان ئاشکرابکەن،یاسایەکی لەو شێوە خزمەتی روونی و شەفافییەت دەکات. هەروەها کۆمپانیاکە بنەمای ئامادەکاریی ئەم ڕاپۆرتەی دیاری کردووە بەوەی: لەم ڕاپۆرتەدا ئەو بڕە پارانەی کە ڕێژەکەی لە ٨٦ هەزار پاوەندی ستەرلینی کەمتر بێت داخڵ نەکراوە ، بەپێی ڕێنماییەکانی شانشینی یەکگرتوو ڕێگە پێدراوە. هەموو ئەو پارانای پەیوەستە بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم بۆ کێڵگەی شیخان لە لایەن گۆڵف  کیستۆنەوە دراوە بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم. -    پێناسە و ڕوونکردنەوە بۆ هەندێ پێکهاتە و عنصری  ڕاپۆرتەکە کە لەهەمانکاتدا بەشێکی گرنگی هەر گرێبەستێکی نەوتین: شایستەی بەرهەم هێنان: بریتییە لە پشکی حکومەتی خانەخوێ  لە بەرهەم لەو ماوەی کە ڕاپۆرتەکە دەیگرێتەوە ،لە کێڵگەی شێخان کە لەلایەن گۆڵف کیستۆنەوە بەڕێوە دەبرێت.  ژمارەکان لە سەر بنەمای پشکە.  پشکی بەرهەمی نەوت دراوە بەشێوەی عەینی( بە نەوت) وە بەهای نرخەکەش ئاشکرا دەکەین  وەرگیرەاوە لە سەربنەمای حساباتی خەمڵاندنی داهات. خەرجی بەڕیوەبردنی لێدەرکراوە. موڵکانە: مۆڵکانە بەشێوەی عەینی دەدرێت (بە نەوت) بە حکومەت لەماوەی ساڵەکەدا لەبری دەرهێنانی نەوت.  بڕی مۆڵکانە بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەمی کێڵگەی شیخان دەدرێت. موڵکانەش بەهەمان شیوەی  شایستەی بەرهەم حساب کراوە. ڕێژەی موڵکانە بریتییە لە  ١٠٪ی کۆی بەرهەمی کێڵگەکە.  کرێی مۆڵەت و پەرەپێدان و بونیادنانی تواناکان: بریتین لە کرێی مۆڵەت، کرێی زەوی،بەکرێگرتن و ئاسایش و پارێزگاری و پێدانی خەرجی پەرەپێدانی تواناکان و خەرجی تر پەیوەست بە مۆڵەت یان ئیمتیاز دەگرێتەوە. پارەدان بۆ چاککردنی ژێرخان: بریتیە لە پێدان بۆ باشکردنی  ژێرخان چ  بەپێی گرێبەست یان بەشێوەی تر وەک چاککردنی رێگاکان. چاوەڕی دەکرێت  تایبەتبێت بە چاککردنی ژێرخانی ناوچەی گرێبەستەکە لە ماوەی گرێبەستەکەدا.  لە ڕاپۆرتەکەدا کۆمپانیا باسی ئەوە دەکات کە بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەمدا، حکومەت بەرهەمی کێڵگەکە وەردەگرێت وە لەلایەن یان لەبری حکومەت  دەفرۆشرێت و داهاتەکەی وەردەگرێت، وە لە و داهاتە پشکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لە خەرجی و قازانج دەدرێت . واتە لە بری ئەوەی کۆمپانیا پارە بدات بە حکومەت، حکومەتی هەرێم لە دوای فرۆشی نەوتەکە پارەی پشکی کۆمپانیاکە دەدات. (ئەمە بۆ هەموو کۆمپانیاکانی نەوت ڕاستە). بۆیە کۆمپانیاکە دەڵێت لە بەرئەوەی داواکاری ڕاپۆرتەکەیە بەپێی یاسای بەریتانی بۆیە لەسەرمانە پشکی بەرهەمی هەرێم دیاری بکەین و ئاشکرای بکەین (ئەو پارەیەی کە حکومەتی هەرێم لە بازاڕ وەری دەگرێت). گرنگی یاسایەکی هاوشێوەی “یاسای ئاشکراکردن و روونی بەریتانیا” لەوەدایە رێڕەوی دارایی کۆمپانیاکان ئاشکرادەکات و  داهات و قازانجی کۆمپانیاکان ئاشکرا دەکات بۆ حکومەت و هاووڵاتی. ئاشکراکردنی سەرچاوەکانی داهات و شێوازی خەرجکردنی لە پێداویستییە سەرەکییەکانی حوکومڕانی دروستە و یەکێکە لەبنەماکانی لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتی، جگە لەوەی یەکێکە لە داخوازییە هەنوکەییەکانی هاوڵاتیش. دەستکەوتنی زانیاری بۆ هاووڵاتی بشێکە لە مافی  مرۆڤ و پێشێلکردنی یان شاردنەوەی زانیاری پێشێلکردنی مافی مرۆڤە . بە پێی بنەمای ئازادی دەستخستنی زانیاری کە هەر لە سەرەتای دروست بوونی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لەساڵی ١٩٤٨دا دانی پیادا نراوە  بە بڕیار ١/٥٩ کە دەڵێ ” ئازادی گەشتن بە زانیاری مافێکی سەرەکی مرۆڤە” هەروەها مادەی ١٩ لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤیش دا جەختی لەسەر کراوەتەوە. پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش یاسای ژمارە ١١ ی ساڵی ٢٠١٣  دەرکردووە  یاسای “یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری” وە بەتایبەت لە مادەی پێنج دا دەڵێت: ” هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە داوا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری پێشکەشبکات،ئەگەر ئەو بەڵگە نامەیەی کە زانیارییە داواکراوەکانی تێدایە لای ئەمدامو دەزگایەبێتکە داواکەی ئاراستە کراوە ئەوا پێویستە دانەیەک لەو بەڵگە نامەیەی پێ بدرێت” شایانی باسە تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ٨ ساڵ بەسەریدا هێشتا ئەو یاسایە کارا نییە. لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای کۆڵف کیستۆنی بەریتانی پشکی ٨٠٪ ی هەیە لە کێڵگەکە و کۆمپانیای MOL ی هەنگاری ٢٠٪ ی پشکەکان وە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەپێی گرێبەستەکان سەرەتا ١٠٪ ی کۆی بەرهەمی کێڵگەکە وەکو موڵکانە وەردەگرێت و پاشان کۆمپانیاکان رێژەیەک لە خەرجییەکانیان وەردەگرنەوە و ئەو نەوتەی دەمێنێتەوە قازانجی نەوتەکەیە، دوای لێ دەرکردنی خارجی و بەپێی هاوکێشەیەک لە نێوان هەرێم و هەردوو  کۆمپانیاکەدا دابەش دەکرێت، پاشان لە قازانجی کۆمپانیاکان بڕێک پارە دەدرێت بۆ پەرەرپێدانی تواناکان و چاککردنی ژێرخانی ناوچەی گرێبەستەکە.  لێرەدا ئێمە لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتەو ڕاپۆرتەکانی تری کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و گرێبەستە نەوتییەکان بەرهەمی ڕۆژانە و کۆی بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٠ و نرخی فرۆشی نەوتی شێخان و کۆی داهاتی فرۆشی کێڵگەکە لەماوەی ساڵەکەدا  لەگەڵ   پشکی هەر دوو کۆمپانیاکە (گۆڵف کیستۆن و ئێم ئۆ ئێڵ MOL) و حکومەتی هەرێم لە داهاتی کێڵگەکە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا  بڵاو دەکەینەوە.    تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەی شێخان بریتی بووە لە ٣٦,٦٢٥ بەرمیل نەوت کە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا کۆی ١٣,٤٠٤,٧٥٠ بەرمیل بووە.  لە بەر ئەوەی جۆری نەوتی شێخان بریتییە لە نەوتێکی قورس و بە داشکاندنی ٢١ دۆلار لە ژێر نەوتی برێنتەوە دەفرۆشرێت  بۆیە تێکڕا نرخی بەرمیلێک نەوتی کێڵگەکە بە ٢٠.٨٧٩ دۆلار فرۆشراوە کە تێکڕای داهاتی کێڵگەکە بریتی بووە لە ٢٧٩ ملیۆن و ٨٧٤ هەزار دۆلار و ئەم داهاتەش بەم شێوەیە دابەشکراوە: حکومەتی هەرێم: چوار جۆر شایستەی وەرگرتووە کە بریتین لە :  ١- موڵکانە: ڕێژەی موڵکانە بەپێێ گرێبەستەکان ١٠% کۆی بەرهەمی هەرکێڵگەیەکە، حکومەت کۆی ١ ملیۆن  و ٣٤٠ هەزار و ٤٨٠ بەرمیل نەوتی وەکو مۆڵکانە وەرگرتووە کە کردویەتییە ٢٧ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار دۆلار و هەریەک لە کۆمپانیاکان بەم شێوەیە موڵکانەیان داوە: ێ‌- گۆڵف کیستۆن:  ١ ملیۆن و ٦١ هەزار بەرمیل نەوت کردویەتییە ٢٢ ملیۆن و ١٥١ هەزار دۆلار. ب- ئێم ئۆ ئێڵ MOL::  ٢٧٩ هەزار و ٤٨٠ بەرمیل نەوت کردویەتییە ٥ ملیۆن و ٨٣٥ هەزار دۆلار. ٢- پشکی حکومەت لەبەرهەم: هەرێم بڕی ٥ ملیۆن و ٥٠١ هەزار بەرمیل نەوتی لە کۆمپانیا نەوتییەکان وەکو پشکی هەرێم وەرگرتووە کە کردوویەتییە ١١٤ ملیۆن و ٨٥٤ هەزار دۆلار. هەریەک لە کۆمپانیاکان بەم شێوەیە بەشداربوون لە پێدانی پشکی نەوت بە هەرێم لە کێڵگەکە:  ێ‌- گۆڵف کیستۆن: بڕی   ٤ ملیۆن و ٣٥٤هەزار بەرمیل  نەوت کە کردویەتییە ٩٠ ملیۆن و ٩٠٦ هەزار دۆلار. ب- ئێم ئۆ ئێڵ MOL : بڕی  ١ ملیۆن و ١٤٧ هەزار بەرمی کە کردوویەتییە  ٢٣ ملیۆن و ٩٤٨ هەزار دۆلار. ٣- کرێی مۆڵەت و پەرەپێدان و بونیادنانی تواناکان: هەرێم تێکڕا ٩ ملیۆن و ١٩٦ هەزار دۆلاری وەرکرتووە بۆ کرێی مۆڵەت، کرێی زەوی،بەکرێگرتن و ئاسایش و پارێزگاری پێدانی خەرجی پەرەپێدانی تواناکان بەم شێوەیە :  ێ‌- گۆڵف کیستۆن: بڕی ٧ ملیۆن و ٣٥٧ هەزار دۆلار.      ب- ئێم ئۆ ئێڵ MOL: بڕی ١ملیۆن و ٨٣٩ هەزار دۆلار. ٤- پارەدان بۆ باشککردنی ژێرخان: بریتیە لە پێدان بۆ باشکردنی  ژێرخان چ  بەپێی گرێبەست یان بەشێوەی تر کە خۆی لە لێدانی بیری ئاو، بنیادنانی دابینکردنی تۆڕی ئاو و دروستکردنی ڕێگای گوندەکان دا دەبینێتەوە، بۆ ئەومەبەستە  حکومەت بڕی ٢٥٣ ملیۆنی وەرگرتووە بەم شێوەیە:  ێ‌- گۆڵف کیستۆن:  ٢٠٢ هەزار دۆلار              ب- ئێـم ئۆ ئێڵ MOL: ٥١ هەزار دۆلار تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ هەرێم بڕی ٦ ملیۆن و ٨٤١ هەزار بەرمیل نەوتی وەرگرتووە لە کێڵگەی شێخان و بڕی  ١٥٢ ملیۆن و ٢٧٨ هەزار دۆلار پشکی هەرێم بووە.     داهاتی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی شیخان: هەریەک لە کۆمپانیای  گۆڵف کیستۆن بە خەرجی و قازانجەوە بڕی ١٠٠ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلاری وەرگرتووە و کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ بڕی ٢٦ ملیۆن و ٦٨٠ دۆلار. بەمانایەکی تر هەرێم لە داهاتی کێڵگەکە ٥٤٪ ی بۆ ماوەتەوە و هەردوو کۆمپانیاکەش ٤٦٪. ئەم داهاتە خەرجی گواستنەوەی بۆری هەرێم و تورکیای تیا نییە.  کێڵگەی شێخان دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، ٦٠ کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای هەولێر. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە پشکی ٨٠% کێڵگەکەی هەیە و کۆمپانیای MOL هەنگاری ٢٠% پشکەکانی هەیە. نەوت لەم کێڵگەیەدا سالی ٢٠٠٩ دۆزرایەوە ، لەساڵێ ٢٠١٣ وە بەرهەم هێنان دەستی پێکردووە. تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لەم کێڵگەیە بەرهەم هاتووە. جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتی قورسە و بە کەمترلە ٢١ دۆلار لەژێر نرخی برێنتەوە دەفرۆشرێت. تێچوی بەرهەمهێنان Opex بۆبەرمیلێک نەوت لەم کێڵگەیە، بەپێی زانیاریەکانی گۆڵف کیستۆن بریتییە لە ٢.٦ دۆلار  . تێكڕای بەرهەمی ڕۆژانەی ئەم کێڵگەیە بریتیە لە ٣٦ هەزار و ٦٢٥ بەرمیل بووە و لە ئێستادا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە رۆژانە بریتییە لە ٤٣ هەزارو ١٩٠ بەرمیل.


(درەو): مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، لەسەر داوای یەكێتی، یەكەمین بڕیاری بۆ جێبەجێكردنی "لامەركەزی" ئیمزاكرد، لامەركەزییەت و رێككەوتنەكەی گۆڕان لە كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا تاوتوێ كراوە.  سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوە دوێنێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا دوو تەوەری سەرەكی قسەوباسيان لەسەر كراوە، تەوەری یەكەم، پرسی لامەركەزیەتی ئیداریی‌و دارایی، تەوەری دووەمیش بابەتی رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان بووە.  لامەركەزیەتەكەی مەسرور بارزانی (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتیدا، لەبارەی پرسی لامەركەزیەتی ئیداریی‌و داراییەوە كە خواستی یەكێتییە لە حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت فەرمانێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی خستووەتەڕوو كە تیایدا ئیمزای كردووە لەسەر شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ (وەزارەت‌و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان‌و پارێزگاكان‌و ئیدارە سەربەخۆكان).  بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەم نوسراوەدا، مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپاردووە بۆ جێبەجێكردنی فەرمانی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان.  ماوەی مانگێكە ئەم بڕیارە دەرچووە و هەندێك لەدەسەڵاتە ئیدارییەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتەكان شۆڕكراوەتەوە بەڵام هێشتا بڕیارەكە بەتەواوی جێبەجێ نەكراوەو نەگەیشتووەتە ئاستی پارێزگاكان. لەحاڵەتی جێبەجێكردنی تەواوەتی بڕیارەكەی مەسرور بارزانیدا هێشتا خواستەكانی یەكێتی لە حكومەت كۆتایی نایەت چونكە ئەو لامەركەزیەتەی كە مەسرور بارزانی لە نوسراوەكەیدا ئاماژەی بۆ كردووە، ئەو جۆرە لامەركەزیەتەیە كە لەكارنامەی حكومەتدا هاتووە‌و تەنیا لامەركەزیەتی كارگێڕیی دەگرێتەوە نەك لامەركەزیەتی دارایی كە یەكێتی داوای دەكات. یەكێتی زیاتر لە لامەركەزیەتی كارگێڕی، خواستی لەوەیە حكومەت دەسەڵاتی لامەركەزیەتی دارایی بەپارێزگای سلێمانی بدات، بەڵام ئەوەی زیاتر چاوی لەسەریەتی ئەوەیە حكومەت دەسەڵات لە بوارەكانی وەبەرهێنان و زەوی و زارو شارەوانی بدات بە بەرێوەبەرایەتیەكان لەسلێمانی.  كۆبونەوەكەی قوباد تاڵەبانی‌و مەسرور بارزانی رۆژی 8ی نیسانی رابردوو، لەبارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، سەركردەی حزبە سیاسییەكان كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی وتبووی" ئێمە لە حكومەتدا هاوبەش نین، هەر داواكارییەكمان هەبێت جێ بەجێ ناكرێت، ئێمە جێگەمان لەم حكومەتەدا نابێتەوە، بۆیە یەكێتی بڕیاری خۆی دەدات‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی دەنێرێتە لای مەسرور بارزانی‌و پەیامی كۆتایی خۆیان بە سەرۆك وەزیران دەگەیەنن". لەسەر بنەمای ئەم قسانەی بافڵ تاڵەبانی، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، رۆژی 13ی نیسانی رابردوو، قوباد تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی كردووە‌و گلەییەكانی یەكێتی پێگەیاندووە.  دوای ئەم دیدارە، بە كەمتر لە هەفتەیەك، مەسرور بارزانی ئیمزای لەسەر بڕیاری شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەت‌و پارێزگاكان كردووە، شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی حكومەت بۆ پارێزگاكان یەكێكە لە خواستە سەرەكییەكانی یەكێتی لە پارتی، مەسرور بارزانی لەچوارچێوەی بەرنامەی حكومەتدا رەزامەندی لەسەر شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان‌و لامەركەزیەت نیشانداوە، واتە تەنیا لامەركەزیەتی ئیداری بە پارێزگاكان داوە، نەك لامەركەزیەتی دارایی. رێككەوتنەكەی یەكێتی‌و گۆڕان رێككەوتنی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق تەوەرێكی تری كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بوو، ئەم رێككەوتنە لەناو یەكێتی هەندێك نیگەرانی دروستكردووە، بەتایبەتی لەلای ماڵی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی‌و دەڵێن ئاگاداری رێككەوتنەكە‌و دانانی كاندیدەكان نین.  لە كۆبونەوەی دوێنێی سەركردایەتیدا، لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی قسەیان لەبارەی رێككەوتنەكەوە كردووە‌و باسیان لەوە كردووە، ئەوان لەلایەن سەركردایەتییەوە راسپێدراون رێككەوتن بكەن‌و رێككەوتنەكەشیان لەگەڵ گۆڕان‌و لایەنەكانی تر، بۆ تێپەڕاندنی هەڵبژاردنە لە سلێمانی بەشێوەیەكی هێمنانە‌و دور لەگرژی. هاوسەرۆكەكان باسیان لەوەكردووە، دوای هەڵبژاردن سودی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ گۆڕان دەردەكەوێت‌و ئەو لایەنانەی كە لەناو ئەم رێككەوتنەدان، لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا دەبن بە گەورەترین هاوپەیمانی كوردی كە دەكرێت لەسەر ئەو بنەمایە لایەنە براوەكانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن.  سەبارەت بە ناڕەزایەتییەكانی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ لە كشاندنەوەی كاندیدێك لە هەولێر، باس لەوەكراوە، یەكێتی لە هەولێر كاندیدێكی بۆ گۆڕان كشاندوەتەوە، بەڵام ئەمە بێ بەرامبەر نییە‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش لە چەندین بازنە كاندیدی نییە‌و گۆڕەپانەكەی بۆ یەكێتی چۆڵ كردووە‌و ئەمە لەچوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هەردوولادایە. هاوسەرۆكەكان پێشبینی دەكەن، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، یەكێتی لە سنوری پارێزگای هەولێر (4) كورسی مسۆگەر بكات، سەرباری ئەمە، خوازیارن بەهۆی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی كردویانە، ئەمجارە ململانێی هەڵبژاردن لە سلێمانییەوە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر.


راپۆرت: درەو هەوڵەكان بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان چڕبونەتەوە، یەكێتی دەیەوێت رەشنوس‌و لیژنەی دەستورەكەی ساڵی 2017 زیندوو بكاتەوە، نێچیرڤان بارزانی بەنیازە كارەكە بداتە دەست راوێژكارانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و كارەكە بە زوویی كۆتایی بێت، زیاتر لە خەڵك نێچیرڤان بارزانی پێویستی بە تێپەڕاندنی دەستور هەیە، دەیەوێت لەبەر رۆشنایی دەستوری هەرێمدا بڕیار بدات لەسەر ئەوەی ئایا لە پۆستی سەرۆكی هەرێم دەمێنێتەوە یان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەردەگرێت، لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا ئەمە شەشەمین هەوڵە كە بۆ نوسینەوەی دەستور دەخرێتەگەڕ، پێنج هەوڵی پێشتر شكستیان هێناوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دەستور لەسەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەوڵێكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، دوێنێ زانكۆی (كوردستان) كە ئیدرسی كوڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خاوەندارێتی دەكات، لە كۆنفرانسێكدا سەرۆكی زۆرینەی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی كۆكردەوە، بۆ قسەكردن لەسەر نوسینەوەی دەستوری هەرێم.  ئەم هەوڵە نوێیە بۆ نوسینەوەی دەستور، بەر لە نزیكەی پێنج مانگ دێت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، هەڵبژاردنێك كە پێشبینی دەكرێت گۆڕانكاری لە چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی عێراقدا بكات لەنێوان پێكهاتەكاندا، بەدیاریكراویش پۆستی سەرۆك كۆمار. بۆچی ئێستا ؟ هەڵبژاردنی كاتێك بۆ نوسینەوەی دەستور كە دەكەوێتە پێش هەڵبژاردن، رەنگە كێشمەكێش بۆ پرۆژەكە دروست بكات، بەتایبەتی كە لایەنە سیاسییەكان لەناو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندان‌و هەرلایەكیان ئەگەر بۆ بانگەشەش بێت، دەیانەوێت بەرگری سەرسەختانە لەو بنەمایانە بكەن كە دەیانەوێت لەناو دەستوردا بچەسپێندرێت. نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكایەتی ئەم هەوڵە نوێیەی نوسینەوەی دەستور دەكات، خۆشی تێگەیشتووە لەوەی ئێستا كاتەكە زۆر گونجاو نییە، لە كۆنفرانسەكەی دوێنێدا ئاماژەی بەوە كرد، هەندێك قسە كە لەبارەی دەستورەوە دەكرێت، لەناو كەشوهەوای هەڵبژاردندان‌و بۆ موزایەدەی سیاسین. سەرباری ئەمە، دۆخی گشتی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەبار نییە بۆ دروستبوونی كۆدەنگی لەسەر دەستور، پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی سەرەكی دەسەڵات لە كوردستان كە خاوەنی هێزی سەربازین‌و جڵەوی ئابورییان بە دەستەوەیە، لەناو حوكمەتدا هاوبەشی یەكترن، بەڵام ناكۆكن‌و دوای چەندین دانیشتن‌و گفتوگۆ هێشتا ناكۆكییەكانیان بەتەواوەتی چارەسەر نەكردووە، ئێستا یەكێتی لەناو حكومەتدایە‌و وەكو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكات، بزوتنەوەی گۆڕانیش نیگەرانە لە پێگە‌و دەسەڵاتی خۆی لەناو حكومەتدا، لەگەڵ پارتی رێككەوتنی سیاسی هەیە‌و بەمدواییەش لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنێكی نوێی كردووە، پارتیش گلەیی كە هەردوو هاوبەشەكەی (یەكێتی‌و گۆڕان) هەیە كە بەرپرسیارێتی كابینە حكومییەكە هەڵناگرن. وا دەردەكەوێت لایەنەكان، پاڵپشتیكردنیان لە نوسینەوەی دەستور پابەند بكەن بە جێبەجێكردنی هەندێك مەرجی پێشوەختەی خۆیان، ئەگەر ئەمە روبدات، رەنگە ئەمجارەش پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری هەرێم لەبارببرێت.    دەستور بۆ كێ ؟ هەڵبژاردنی ئێستا بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان، كە لایەنەكان ناكۆكن‌و وڵات لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیدایە، پێدەچێت زیاتر لەوەی پێویستیی خەڵك بێت، پێویستیی لایەنە سیاسییەكان بێت، بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەرۆكایەتی ئەم هەوڵە نوێیەی نوسینەوەی دەستور دەكات.  ماوەیەكە پارتی چاوی كەوتوەتە سەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، دەیەوێت گۆڕانكاری لە هاوكێشەی دابەشكردنی پۆستەكانی كورددا بكات، كە لەدوای ساڵی 2003‌و روخانی سەددامەوە قاڵبی گرتووە، قاڵبێك كە تێیدا‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتیدا، بەردەوام پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لای یەكێتی بووە‌و پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لای پارتی بووە.  بەر لە زیاتر لە دوو ساڵ، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی ناوخۆیی بنەماڵەدا، مەسعود بارزانی دوای (12) ساڵ مانەوەی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەستبەداری پۆستەكە بوو بۆ نێچیرڤان بارزانی برازای، لەبەرامبەر ئەمەدا، نێچیرڤان بارزانی دوای (17) ساڵ مانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، پۆستەكەی بۆ مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی مامی بەجێهێشت. نزیكەی دوو ساڵە نێچیرڤان بەفەرمی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەو رۆڵ‌و پێگەیەی نییە كە پێشتر مەسعود بارزانی مامی لەم پۆستەدا هەیبووە، بەگشتی لەناو پارتیدا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لەدوای رۆشتنی مەسعود بارزانییەوە، پۆستی سەرۆكی هەرێم بێ بایەخ‌و دەسەڵات بكرێت، بەجۆرێك ئێستا میدیاكانی پارتی بەبێ پشتبەستن بە هیچ یاسایەكی كارپێكراو لە هەرێم، پێشگری "سەرۆك" بۆ مەسعود بارزانی بەكاردەهێنن، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا نێچیرڤان بارزانی بەفەرمی سەرۆكی هەرێمە. نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لەرێگەی نوسینەوەی دەستوری هەرێمەوە، جارێكی تر پێگەو دەسەڵاتی یاسایی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بگەڕێنێتەوە، ئەگەر ئەمەی بۆ نەكراو پۆستەكە هەروەكو تەشریفاتی مایەوە، ئەوكات پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقیش بەهەمان شێوە تەشریفاتییە، بەڵام لەنێوان كۆشكی سەلام‌و باڵەخانەی سەرۆكایەتی هەرێمدا لە هەولێر، رەنگە كۆشكی سەلام بۆ نێچیرڤان بارزانی باشتر بێت، لانی كەم لەڕووی پرۆتۆكۆڵییەوە حەزەكانی نێچیرڤان بارزانی تێردەكات. سەرباری ئەمە، پارتی لەبەردەم كۆنگرەیەكی چارەنوسسازدایە كە كۆنگرەی (14)یە، ئەم كۆنگرە بڕیاربوو رۆژی 26ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەبەهانەی كۆرۆناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، پارتی جارێكی تر كۆنگرەكەی بۆ ساڵی داهاتوو دواخستنەوە. هەرچۆنێك بێت، كۆنگرەی (14)ی پارتی، كۆنگرەی دابەشكردنی دەسەڵاتی پارتی دەبێت لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانیدا، چونكە مەسعود بارزانی سەرۆك‌و رابەرو راگری بنەماڵە، تەمەنی هەڵكشاوە‌و بەهەر هۆكارێك بێت دوركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی ئەگەرێكی كراوەیە، ناردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد، رەنگە ئەگەری بەریەككەوتن لەنێوان ئامۆزاكاندا لە داهاتوویەكی نزیكدا كەمتر بكاتەوە. هەموو ئەمانە نیشاندەری ئەوەن، هێنانە پێشەوەی پرسی نوسینەوەی دەستوری هەرێم لەم كاتەدا، هێندەی پێویستی پارتییە، هێندە پێویستییەكی گشتیی هەنوكەیی نییە‌و دەكرێت ئەم پرۆسەیە بۆ دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و ئاسایبوونەوەی دۆخی گشتی‌و پەیوەندی نێوان لایەنەكان دوابخرێت. لەبەرامبەردا، هەندێك لەوانەی پاڵپشتی نوسینەوەی دەستور دەكەن، دەڵێن هیچ كاتێك نەبووە، پرسە سیاسییەكان تێكەڵ بەدەستور نەكرابن، بۆیە بەم حاڵەشەوە دەستورەكە بنوسرێتەوە‌و كۆتایی بە مشتومڕی چۆنیەتی دابەشبوونی دەسەڵاتەكان لە هەرێم بهێنرێت باشترە لەوەی جارێكی تر بەهانە بۆ دواخستنی پرۆسەكە بهێنرێتەوە.  كوردو دەستور  قەوارەی هەرێمی كوردستان تەمەنی (29) ساڵە، تاوەكو ساڵی 2005 كە دەستوری عێراق پەسەندكرا، هەرێم بەفەرمی پێگەی لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیار نەبوو، وەكو بەشێكی دابڕاوی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەكرا، واتە مافی ئەوەی نەبوو بەفەرمی دەستورێك بۆخۆی بنوسێتەوە، سەرباری ئەمەش، لەڕوانگەی سۆزدارییەوە بەر لە روخانی رژێم، چەند هەوڵێك هەبوون بۆ ئەوەی كورد ببێت بە خاوەنی دەستوری خۆی. هەوڵی یەكەم:  ساڵی 1992 لەكاتی بەڕێوەچوونی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە كوردستان، هەوڵێك درا بۆ ئەوەی كورد دەستورێكی خۆی هەبێت، بەگوێرەی قسەی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان" ئەوكات سێ پڕۆژەی دەستور خراوەتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام ئەو زەمانە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەدەستی پارتیەوە بووەو نەیانهێشتووە گفتوگۆ لەسەر ئەو پڕۆژانە بكرێت، بۆ ئەوەی سەدام حوسێن لێیان عاجز نەبێت". هەوڵی دووەم: بەپێی گیڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، لەدوای شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی (1994- 1998)، جارێكی تر دەرفەت هەڵكەوتووە بۆ ئەوەی كورد ببێت بە خاوەنی دەستوری خۆی، ئەمەش كاتێك بووە كە پارتی‌و یەكێتی لە فەرەنسا رێككەوتنی ئاشتی‌و راگرتنی شەڕیان ئیمزا كردووە. وەكو نەوشیروان مستەفا دەڵێ، (میسیۆ دۆران) راوێژكاری دیپلۆماسی سەرۆك میتران (سەرۆكی كۆچكردووی فەرەنسا) كە سەرپەرەشتی كۆبونەوەی ئاشتی نێوان پارتی‌و یەكێتی كردووە لە پاریس، پێشنیاری بۆ وەفدی دانوستانكاری هەردوولا كردووە، دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستان بنوسنەوە‌و ئەوان وەكو فەڕەنسا باشترین مامۆستاكانی یاسای دەستورییان بۆ كۆدەكەنەوە، بەڵام ئەم هەوڵەش شكستی هێناوە، چونكە بەوتەی نەوشیروان مستەفا "وەفدی پارتی رازی نەبون بۆ ئەوەی دڵی سەدام حوسێنیان لێ نەهێشێت". هەوڵی سێیەم:  ساڵی 2003، رژێمی سەددام حسێن رووخا، سەركردە سیاسییەكانی كورد چونە بەغداد، بەشدارییان كرد لە نوسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ عێراق، ئەم دەستورە لە ساڵی 2005دا لە راپرسییەكی گشتیدا پەسەندكرا، دەستورەكە هەرێمی كوردستانی وەكو ناوچەیەكی فیدراڵی ناساند كە مافی ئەوەی هەیە دەستورێكی خۆی هەبێت، واتە لە ساڵی 2005وە بەفەرمی دەرفەت لەبەردەم هەرێمی كوردستان دروستبووە دەستوری خۆی بنوسێتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە تائێستا دەستوری نییە. بەر لە روخانی رژێم‌و بە دیاریكراوی لە 7ی تشرینی دووەمی 2002، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (26)ی دەكرد بۆ نوسینەوەی دەستور، ئەمە دەستپێكی بنیاتنانی پرۆژەی دەستوری هەرێم بوو، (36) حزبی كوردستان لەشاری كۆیە رەزامەندییان دەربڕی لەسەر نوسینی دەستور، بەڵام داوایان كرد دەستورەكە لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانكارییانە ئامادە بكرێت كە لە عێراق روودەدات، ئەم هەوڵەش شكستی هێنا.  هەوڵی چوارەم: دوای روخانی رژێمی سەددام‌و مانگێك بەر لە پەسەندكردنی دەستوری عێراق، پارتی‌و یەكێتی هەوڵێكی تریان بۆ نوسینەوەی دەستور خستەگەڕ، پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 8ی ئەیلولی 2005دا، بڕیاری ژمارە (5)ی دەركرد بۆ پێكهێنانی لیژنەی پێداچوونەوەی دەستور، رۆژی 24ی ئەیلول لیژنەكە دەستبەكاربوو، رۆژی 8ی ئابی 2006 كاری لیژنە كۆتایی هات، وەكو ئەندامانی ئەم لیژنەیە خۆیان دەیانوت، زیاتر لە (40) دەستوری وڵاتانیان تەماشاكردووە‌و سودیان لێ بینیوە بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان، ئەندامانی ئەم لیژنەیە ئەمانەن بوون:  ئەم پرۆژە دەستورە لە كۆتایی خولی دووەمی پەرلەماندا‌و بەدیاریكراوی لە 24ی ئابی 2009دا پەسەندكرا‌و لەڕێگەی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكەوە، دەقی پرۆژە دەستورەكە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرا. ئەم پرۆژەیە لە (122) ماددە پێكهاتبوو، لەكۆی (97) ئەندامی ئامادەبووی دانیشتنی پەرلەمان، (96) دەنگی هێنا. دوای پەسەندكردنی پرۆژەی دەستورەكە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا، پرۆژەكە بخرێتە راپرسیی گشتییەوە، ئەم بڕیارە لەكاتێكدا بوو ماوەی یاسایی خولی دووەمی پەرلەمان كۆتایی هاتبوو، بەوپێیەی لە تەموزی 2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو بوو، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارە نوێیەكان دەستبەكار نەبووبوون. خولی سێیەم سەرەتای دەركەوتنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزبوو لەناو پەرلەمان بە سەرۆكایەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەكۆی (111) كورسی (25) كورسی هەبوو، لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی، لەم خولەدا تێكڕای ژمارەی كورسییەكانی ئۆپۆزسیۆن (35) كورسی بوو، ئەم بەرە نوێیە كە لەناو پەرلەماندا هاتە كایەوە، ناڕەزایەتی لەسەر دەستورەكەی پارتی‌و یەكێتی دەربڕی‌و رێگری كرد لە تێپەڕاندنی پرۆژەكە بۆ راپرسی گشتی.  17ی شوباتی 2011 لەژێر كاریگەریی خۆپیشاندانەكانی "بەهاری عەرەبی"دا، شەپۆلێك خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، یەكێك لەداواكارییەكانی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات، گەڕاندنەوەی دەستور بوو بۆ پەرلەمان، مانگێك دوای ئەم خۆپیشاندانانە‌و بە دیاریكراوی لە 17ی ئازاردا، لەژێر فشاری شەقام‌و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (2)ی پەسەندكرد، یەكێك لە خاڵەكانی ئەم زنجیرە بڕیارە ئەوە بوو، دەستورە پەسەندكراوەكە نەخرێتە راپرسی گشتی‌و جارێكی تر بگەڕێندرێتەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی هەمواركردن‌و دروستكردنی كۆدەنگیی‌و سازانی نیشتمانیی لەسەری، بەڵام ئەم بڕیارە لە رۆژنامەی "وەقایعی كوردستان"دا بڵاونەكرایەوە‌و دواجار دەستور نەگەڕێندرایەوە پەرلەمان‌و پرۆژەكە پشتگوێخرا. هەوڵی پێنجەم:  لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كە بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكرد، لیژنەیەكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستور پێكهێنرا. لیژنەی نوسینەوەی دەستور بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2015 پێكهێنراو ماوەی (3) مانگی هەبوو بۆ كاركردن، لەو ماوەیەدا لیژنەكە توانی سێ‌ دەروازەو (74) ماددە بنوسێتەوە، بەڵام دواجار لە پرسی دەسەڵاتەكان‌و جیاكردنەوەیان لە یەكتر‌، لە 20ی ئابی 2017دا بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە پرۆژەی دەستور پەكیكەوت‌و دوای پەكخستنی پەرلەمان‌و دەركردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، كاری ئەو لیژنەیە راگیراو دەستورەكە پەكی كەوت. ئەندامانی لیژنەی نوسینەوەی ئەم دەستورە، ئەمانە بوون:  .................. هەوڵی شەشەم:  رۆژی 4ی نیسانی ئەمساڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا سەرۆكایەتی داوای لە فراكسیۆنەكان كرد بەراوێژ لەگەڵ حزبەكانیان، سەرەنج‌و تێبینی حزبەكانیان لەسەر پرسی دەستور گەڵاڵە بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن كۆدەنگیی دروست بكەن.  ئەمە دواین هەوڵە بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێم، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان پشتیوانی پەسەندكردنی دەستور دەكات، خولی پێنجەمی پەرلەمان رەخنەی زۆر لەسەر ئەدای كاركردنی هەیە، رێواز فایەق دەیەوێت دەستور بكات بە یەكێك لە دەستكەوتە گرنگەكانی ئەم خولە.  لەسەر بنەمای هەوڵەكەی پەرلەمان، سەرەتای ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی گەڕێكی دانوستانی لەبارەی دەستورەوە دەستپێكردو سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كرد.  رەشنوسێكی نوێ یان دەقە كۆنەكە ؟ گفتوگۆ لەنێوان سەرۆكایەتی هەرێم‌و لایەنە سیاسییەكان لەبارەی پرۆژەی دەستورەوە بەردەوامە، بەڵام تائێستا یەكلانەبووەتەوە ئایا كار لەسەر ئەو رەشنوسە دەكرێت كە 2017 كارەكانی راگیرا، یاخود سەرلەنوێ رەسنوشێكی نوێی دەستور ئامادە دەكرێت. لەبارەی لیژنەی نوسینەوە یاخود تەواوكردنی دەستوریشەوە، قسەوباسی جیاواز هەیە، هەندێك خوازیارن لیژنە كۆنەكە زیندوو بكرێتەوە‌و ئەوان كارەكە تەواو بكەن، ئەو ئەندامانەی لیژنەكە كە لە ژیاندا نەماون یاخود وازیان لە حزبەكانیان هێناوە، شوێنەكانیان پڕبكرێتەوە، لەبەرامبەردا بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت راوێژكارانی سەرۆكایەتی هەرێم رەشنوسی دواین پرۆژەی دەستور تەواو بكەن‌و بیخەنە بەردەم پەرلەمان، یەكێتی ئەمە رەتدەكاتەوە چونكە زۆرینەی راوێژكارانی یاسایی لە سەرۆكایەتی هەرێم سەربە پارتین، سەرباری ئەمە نوێنەری لایەنە ئیسلامییەكان‌و لایەنەكانی تری تێدا نیە.  یەكێتی خوازیارە كار لەسەر رەشنوسی پێشووی دەستور بكرێت‌و هەموار بكرێتەوە نەك رەشنوسێكی نوێ بنوسرێت. یەكێتی دەیەوێت لیژنە كۆنەكەی نوسینەوەی دەستور زیندوبكرێتەوەو ئەوانە كارەكە تەواو بكەن، لەبەرامبەردا سیناریۆیەكی تر هەیە، كە سەرلەنوێ لیژنەیەكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستور لە هەموو لایەنەكان‌و خەڵكانی ئەكادیمی دروستبكرێت. هێشتا هەندێك بابەت هەن لەنێوان پارتە سیاسییەكاندا لەبارەی دەستورەوە كێشەیان لەسەرە، لەوانە: •    كێشەی سەرۆكی هەرێم: ئایا لە دەستورەكەدا سەرۆك لە كوێ هەڵدەبژێردرێت ؟ پەرلەمان یاخود ناو خەڵك ؟ ئەگەر لە پەرلەمان هەڵبژێرێت سیستمی حوكمڕانی هەرێم دەبێت بە پەرلەمانیی، ئەگەر لەناو خەڵك‌و بەشێوەی راستەوخۆ هەڵبژێردرێت، سیستمی هەرێم دەبێت بە سەرۆكایەتی، ئەمە هەمان ئەو كێشە كە لە خولی چوارەمدا روبەڕووی پرۆژەی دەستور بووەوە، ئەم بابەتە بەدیاریكراوی بەلای نێچیرڤان بارزانییەوە گرنگە، چونكە دەسەڵاتەكانی سەرۆك دیاری دەكات.  •    دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم: ئەمە بۆ پارتی‌و بەدیاریكراوی بۆ نێچیرڤان بارزانی بابەتێكی جێگە بایەخە، رەنگە ئەمجارە زیاتر لەوەی ناكۆكی لەنێوان پارتە سیاسییەكان هەبێت، لەناو پارتیدا ناكۆكی لەبارەی دەستورەكەوە دروست ببێت.   •    سنوری ئیداری هەرێمی كوردستان: ئەمەش بابەتێكە كە كێشە بۆ دەستوری هەرێم دروست دەكات، ئایا لە دەستورەكەدا چۆن پرسی ناوچە جێناكۆكەكان چارەسەر دەكرێت ؟ •     شوناسی هەرێمی كوردستان: ئەمەش یەكێكە لە كێشەكانی تری دەستور، ئایا دەستورەكە  عەلمانییە یاخود ئاینی ئیسلام یەكێك دەبێت لەسەرچاوەكانی یاسادانان، لایەنە ئیسلامییەكان‌و چەپەكان لەسەر ئەم بابەتە كێشەیان دەبێت.  •    سامانە سروشتییەكان: نەوت‌و غاز یەكێكی ترە لەو بابەتانەی كە دەبێت لە دەستوردا چۆنیەتی مامەڵەپێوەكردنیان یەكلابكرێتەوە، بەجۆرێك كە گونجاو بێت لەگەڵ دەستوری عێراقیدا.   


 راپۆرتی: درەو كێشە  لە نێوان هاوبەشەكانی پرۆژەی نیشتەجێبونی ( قەڵای شێروانە) لەكەلار درووست دەبێت، خاوەنی پرۆژەكە دوو سكاڵا لەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە تۆمار دەكات و هاوبەشمان نیە، چونكە پارەی پێ نیە، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە كە هاوبەشی پرۆژەكەیە دەڵێت: خاوەنی پرۆژەكە ئیفلاسی كردووەو رێكەوتنەكەمان بەرێژەی (49%) بە (51%)ی رەتدەكاتەوە، بۆیە بەشێوەی كۆمەڵایەتی كێشەكە یەكلا دەكەینەوە .  لەبارەی پرۆژەكەوە پرۆژەی نیشتەجێبوونی (قەڵای شێروانە)  🔹 پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونەو لە 22/2/2012 مۆڵەتی دەستبەكاربوونی لە دەستەی وەبەرهێنان بۆ وەرگیراوە 🔹بە پێی تابلۆی دەستبەكاربوونی لە 5/8/2020 دەستبەكاكردن كراوە لە پرۆژەكە 🔹تێچووی پرۆژەكە ( 91 ملیۆن و 818 هەزارو 106) دۆلارە، 🔹ماوەی جێبەجێكردنیشی (4) ساڵە 🔹 لە لایەن كۆمپانیای ( گاردینیا)وە جێبەجێ دەكرێت كە خاوەنەكەی ( عەباس محەمەد)ە. 🔹لەروبەری (284) دۆنم زەویدا درووست دەكرێت. 🔹لە  پرۆژەكەدا ( هەزارو 122) خانوو درووست دەكرێت 🔹( 646) خانووی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانە بە قیستی (9) مانگ. 🔹پرۆژەی ( قەڵای شێروانە) لەسەر شەقامی گشتی كەلار – رزگاریە 🔹 پرۆژەكە ( 112 هەزار) مەتر بەرێژەی (15.88%)ی سەوزایی لە خۆ دەگرێت. 🔹لە پرۆژەكەدا ( 3) قوتابخانەو ( 2) باخچەی ساوایان و (2) دایەنگەو بنكەی پۆلیس لە خۆ دەگرێت.  🔹 بە وتەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە كاتی پرۆژەكە 20%ی تێپەڕیوە بەڵام 4% پرۆژەكە تەواو بووە.     كێشەی خاوەندارێتی پرۆژەكە پرۆژەی ( قەڵای شێروانە) كە لە ئێستادا كاری تێدا دەكرێت ماوەی نزیكەی (6) مانگە كێشەی هاوپشكی لە نێوان خاوەنی پرۆژەكە ( عەباس محەمەد) و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە ( كامەران ئەنوەر) بۆ درووست بووە. (كامەران ئەنوەر) بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای (همس الخلیج) لە هەمانكاتدا بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی (قەڵای شێروانە)و ئەندازیاری پرۆژەكەشەبە (درەو)ی راگەیاند: لەساڵی 2018 كە دەستمانكردەوە بە كاركردن لە پرۆژەكە من بوومە هاوبەشی ( عەباس محەمەد) كە خاوەنی پرۆژەكەیە بەڕێژەی ( 49%) بەرامبەر بە(51%). لەبەرامبەردا ( عەباس محەمەد) كە (درەو) قسەی لەگەڵ كرد ئاماژەی بەوەدا كە" ئەم پیاوە ( كامەران ئەنوەر) بەڕێوەبەری پرۆژەكەمان ( قەڵای شێروانە) بووەو رەغبەتی هەبووە ببێتە هاوبەشمان بەڵام ئەو پارەی پێ نەبووە، بۆیە هاوبەشی چۆن لەگەڵ كەسێك دەكرێت پارەی پێنەبێت. (درەو) دەقی لێكتێگەیشتنەكەی دەستكەووتوە كە لە  نێوان هەردوولادا كراوە، رێككەوتنەكە لە 24/7/2018 كراوەو هەردوولان لایەنی یەكەم ( عەباس محەمەد عەبدوڵا) لایەنی دووەم ( كامەران ئەنوەر حەسەن) بە شاهیدی ( دلۆڤان سلێمان و تەها محەمەد)، بەڵام  بە پێی نوسراوەكە گرێبەستەكە  تەنیا لەنێوان كۆمپانیای ( گاردینیا) و كۆمپانیای ( همس الخلیج) كراوەو لایەنی سێیەم كە دادگا و دامەزراوە فەرمیەكانە تەسدیقی نەكردووە.  بەپێی لێكتێگەیشتنەكە: بەمەبەستی بەستنی گرێبەستی پشكداریكردن ( شراكە) لە پرۆژەی ( قەڵای شێروان) لە سنوری ئیدارەی گەرمیان كە بەناوی كۆمپانیای ( گاردینیا) مۆڵەتی پێدەدرێت، پاش گفتوگۆكردن لەسەر پشكداری كردن لە پرۆژەكە كە لە ئێستادا لایەنی یەكەم لەمامەڵەی بەدەستهێنانی مۆڵەتەو ئەنجامدانی رێكارە یاساییەكانە، هەردوولامان پابەندی ئەم لێكتێگەیشتنەی لای خوارەوەین: 1-    هەردوولا ریزی بوون لەسەر خاوەندارێتی جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە بەرێژەی (51%) بۆ لایەنی یەكەم، لە زیان و قازانج پاش هەر گۆڕانكارییەك لەبەرامبەر (49%) لە پشكەكانی كۆمپانیای گاردینیا ( تەنیا پرۆژەی قەڵای شێروانە) بۆ ئەو پرۆژەیە بەیاسایی دەكرێت ناوی لایەنی دووەمەوە دوای تەواوكردنی (20%)ی پرۆژەكە. 2-    پێدانی ( 2 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار بەهای خاوەندارێتی پشكەكانە بەرێژەی (49%)ی گشت پرۆژەكە كە لە ئێستادا گوژمەی گشتی بەووردی دیارنیە، لەلایەنی دووەمەوە لەبەرامبەر هەموو خەرجیەكانی و بەدواداچوونەكانی لایەنی یەكەم تاوەكو بەدەستهێنانی رەزامەندی دەستبەكاربوون.  3-    لایەنی دووەم بڕی ( 500 هەزار ) دۆلار دەداتە لایەنی یەكەم، بە دوو پێشینە. 4-    بڕی ( 200 هەزار) دۆلار لەگەڵ واژۆكردنی ئەم لێكتێگەیشتنە. 5-    بڕی (300 هەزار) دۆلار لەماوەی یەك هەفتەی لەدوای وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی لە بەرێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی گەرمیان.  6-    لایەنی دووەم بڕی ( 2 ملیۆن ) دۆلار لەپشكی لایەنی یەكەم و (2 ملیۆن) دۆلار لە پشكی خۆی كە دەكاتە ( 4 ملیۆن) دۆلار خەرج دەكات لە پرۆژەكەدا.   كامەران ئەنوەر ئەوەی بۆ (درەو) رونكردەوە كە "خاوەنی كۆمپانیای ( گاردینیا) موفلیس بووەو لە هەولیرەوە پارەی ئەوەی پێ نیە بگەڕێتەوە بۆ كەلار، پێی راگەیاندم من ناتوانم كارەكان بكەم تۆ خەڵكی ناوچەكەی بۆیە تۆ ئیشوكارەكان بكە ساڵێك بۆ ساڵ و نیوێك من سەرقاڵی كارەكان و رەزامەندی فەرمانگەكان بووم، كە گەیشتینە رۆژی دەستبەكار بوون، دواتر بەبرادەرێكی خۆمی وتبوو ئەو كەسە ( كامەران ئەنوەر) هاوبەشی من نیەو تەنیا ئیشو كارەكانمان بۆ دەكات، دوای ئەوەی بۆی دەركەوت كارەكانی كەوتوونەتە سەر سكە كەوتە بیانوو گرتن و وتی فڵان بەرپرسم لەپشتە، كە من تا ئێستا ( ملیۆن و 330 هەزار) دۆلار تەمویلی پرۆژەكەم كردووە.  لەبەرامبەر ئەم قسانەی ( كامەران ئەنوەر) دا ( عەباس محەمەد) ئەوەی بۆ (درەو) رونكردەوە" ئێمە بەو پیاوەمان ووت چیت خەرجكردووە ئەتدەینەوە وتمان خێرت دەدەینێ هەر رازی نەبوو ئەو وتی رازی نیم و ئەبێت پرۆژەكەجێبهێڵێن، شەڕیان پێفرۆشتین و تەقەیان لێكردین، ئێمە نە كەسمان لە پشتەو نە هیچ". ئێمە دوو سكاڵامان لەسەر ( كامەران ئەنوەر) هەیە لە دادگای رزگاری: 1-    سكاڵایەكیان لەسەر ئەوەیە كە بەچەكەوە هاتونەتە سەر پرۆژەكەمان و ویستویانە پرۆژەكەمان پێ رابگرن. 2-     (192) جار بەبێ رەزامەندی خۆم ئیمزای كردووە، پاشان مۆری بەناوی ئێمەوە درووستكردووە. (كامەران ئەنوەر) ئینكاری لەوە ناكات و دان بەوەدا دەنێت كە " خزمو كەسوكارەكەیان چونەتە سەر پرۆژەكە،ئەو دەڵێت ئەگەر بەیاسایی چارەسەر نەبوو، ئەوا بەعەشایەری چارەسەری دەكەین، چونكە ئەم خاوەن پرۆژەیە بە پشتی بەرپرسەكانی ناوچەكە كاردەكات و بەرپرسان ئەمیان كردووەتە واجیهە  بۆ غەدركردن لە ئێمە، ئێمەش ئەمە قبوڵ ناكەین.  دەستەی وەبەرهێنانی گەرمیان چی دەڵێت؟ پرۆژەی نیشتەجێبونی قەڵای شێروانە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی پێدراوەو سەرپەرشتی و چاودێری دەكرێت، نایانەوێت بچنە ناو كێشەی نێوان خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكەوە،  ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسە دەكەن كە بەپێی یاسا خاوەنی پرۆژەكەیە   هونەر مەحمود بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان بە (درەو)ی راگەیاند: لەئێستادا پرۆژەكە بەردەوامەوكاری تێدا دەكرێت پرۆژەكە بەناوی وەبەرهێنەر (عەباس محەمەد)ەوەیەو ئێمە هەموو مامەڵەیەكی لەگەڵ دەكەین و بەردەوام كار لەپرۆژەكەدا دەكرێت و هیچ كێشەیەكی یاسایی نیە، ئەگەر كێشەیەكیش هەبێت لەبەینی خۆیاندایەو پەیوەندی بە ئێمەوەنیە. سەبارەت بە گرێبەستی خانووەكانیش ( هونەر مەحمود) دەڵێت، گرێبەستی خانووەكان لە رێگەی ئێمەوە پەسەندكراوەن و هیچ كێشەیەكیان نیە.  بەڵام كامەران ئەنوەر لە بارەی گرێبەستەكانەوە دەڵێت: خاوەنی پرۆژەكە هەربۆی نیە خانووە دووقاتەكان بفرۆشێت بە بێ رەزامەندی دەستەی وەبەرهێنان، بەڵام هەردوێنێ گرێبەستی فرۆشتنی كردووە.   


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دۆسیەی پشكی كێڵگەكانی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر)ی ناوچەی گەرمیان، لە دادگای لەندەن یەكلاكرایەوە، دادوەر كەیسەكەی رەوانەی دادگاكانی عێراق كردەوە، ئەمە پەیوەندی بە سكاڵایەكەوە هەیە كە كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی تۆماركردووە‌و داوای (ملیارێك‌و 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو دەكات، بابەتەكە تەنیا پارە نەبوو، سەروەری هەرێمی كوردستانیشی لەسەر پرسی نەوت خستبووە ژێر پرسیارەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە.  دادگا بڕیاریدا  دوای ساڵێك‌و شەش مانگ لێكۆڵینەوە‌و دانیشتن، دواجار رۆژی 23ی مانگی رابردوو، دادگای (ئاربیترەیشن)ی لەندەن، حوكمی كۆتایی خۆی دەركرد لەبارەی ئەو سكاڵایەی كە كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان تۆماریكردبوو.  لەم ماوەیەدا، دادگاكە تەماشای هەزاران لاپەڕە دیكۆمێنتی پارێزەرانی ئاشتی هەورامی‌و دایناستی كرد، ململانێكە لەسەر ئەوە بوو ئایا ئاشتی هەورامی پارێزبەندی یاسایی هەیە ؟ ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان سەروەریی ئەوەی هەیە نەوت‌و غازی خۆی بفرۆشێت‌و مامەڵەی پێوە بكات ؟ پارێزەرانی دایناسیتی هەوڵی ئەوەیاندا بیسەلمێنن هەرێمی كوردستان سەروەریی نییە‌و ئاشتی هەورامیش پارێزبەندی یاسایی نییە، سەرباری ئەوەی هەردوو لایەنی سكاڵاكارو سكاڵالێكراو چەندین ملیۆن دۆلاریان لە گرتنی پارێزەرو بەڕێوچوونی دادگادا بەخەرجدا، بەڵام دادگای لەندەن لەبەرژەوەندی هیچ لایەكیان حوكمی نەداو دۆسیەكەی رەوانەی دادگاكانی عێراق كردەوە، ئەمەش خواستی پارێزەرەكانی ئاشتی هەورامی بوو كە دۆسیەكە بگەڕێندرێتەوە بۆ عێراق.  لەم كەیسەدا ئاشتی هەورامی دوو پارێزەری هەبوو بەناوەكانی (گراهام دەنینگ)‌و (كاسرین جەنگ)، لەبەرامبەردا (كۆمپانیای دایناستی)ش بەهەمان شێوە دوو پارێزەری هەبوو بەناوەكانی (ریچار والەر)‌و (دانیاڵ بێنێدیگ). دادگای لەندەن چی دەڵێ ؟ دوای سێ دانیشتن‌و گوێگرتن لە قسەی پارێزەرانی هەردوولا، دادگای لەندەن رۆژی 23ی مانگی رابردوو، بە (54) لاپەڕە حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە دەركرد كە كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان تۆماریكرد بوو.  دادوەری دادگای لەندەن كە ناوی (بوچەر)ە، دەڵێ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەغدادەوە سەروەری هەیە‌و دەتوانێت مامەڵە بە نەوت‌و غازەوە بكات، دادگای فیدراڵی یاخود حكومەتی عێراق دەتوانن ئەوە یەكلابكەنەوە ئایا سەروەری مامەڵەكردنیان بەنەوت‌و غازەوە بە هەرێمی كوردستان داوە یاخود نا.  واتە حوكمی دادگای لەندەن سەروەری مامەڵەكردنی بە نەوتی هەرێمی كوردستان داوەتە دەست عێراق‌و حكومەتی بەغداد دەتوانێت ئەم سەروەرییە لە هەركاتێكدا لە هەرێم بسەنێتەوە یاخود بەردەوامی پێبدات. دادوەر دەڵێ ئەمە ئیشی دادگای لەندەن نییە یەكلای بكاتەوە كێ سەروەریی هەیە لەوەی مامەڵە بە نەوت‌و غازەوە بكات یاخود نەیكات، دەبێت دادگای فیدراڵی عێراق ئەم بابەتە یەكلابكاتەوە، ئێستا كە دۆسیەكە لە دادگای لەندەنەوە رەوانەی عێراق كراوەتەوە، كۆمپانیای دایناستی دەبێت لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان یاخود عێراق سەرلەنوێ سكاڵاكەی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماربكاتەوە، ئەگەر دایناستی دۆسیەكە بباتە بەغداد، رەنگە كێشە بۆ دۆسیەی نەوتی هەرێم دروست بكاتەوەو دەرگای مامەڵەكردنی راستەوخۆی بەغداد لەگەڵ پاریچزگای سلێمانی لەبواری وزەدا بكاتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هێشتا دۆسیەیەك لەسەر نەوتی هەرێم لە بەغداد بە كراوەیی ماوەتەوە‌و دۆسیەكە سكاڵایەكە كە وەزیری پێشووی نەوتی عێراق لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماریكردووە لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ.  لەبەرامبەردا دەكرێت كۆمپانیای دایناستی بەتەواوەتی دۆسیەكە بدۆڕێنێت، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا لەگەڵ حكومەتی بەغداد، كۆتایی بەم مشتومڕانە لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە بهێنێت. لەبارەی دۆسیەكەوە ئەم كەیسەی كە دادگای لەندەن بڕیاری لەسەرداوە، پەیوەندی بە سكاڵایەكی یاساییەوە هەیە كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە شاری سلێمانی بەناوی (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان تۆماری كردووە. كۆمپانیای (دایناستی) كە خاوەنەكەی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە بەناوی (هیوا ئاوات عەلی)، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا لە لەندەن سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە‌و داوای بڕی (ملیارێك‌و 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكات‌و دەڵێ بەهۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە زیانی بەركەوتووە. (دایناستی پترلیۆم) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانە‌و سنوردارە لە بواری نەوت‌و غازدا، رۆژی 1ی ئازاری 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پشكەكانی كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كڕییەوە كە بریتی بوون لە: •    بلۆكی نەوتی (K 39) كە دەكەوێتە كێڵگەی نەوتی (تۆپخانە) لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قادركەرەم‌و ناوچەی جەبارە. •    بلۆكی نەوتی (K 44) لە كێڵگەی نەوت‌و غازی (كوردەمیر) كە دەكەوێتە خوارو ناحیەی سەنگاو و باكوری قەزای كەلار. كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانیی بەرلەوەی پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای (داینا ستی) بفرۆشێت، لە كێڵگەی (تۆپخانە) خاوەنی 60%ی پشكەكان بوو، لە كێڵگەی (كوردەمیر)یش 40%ی پشكەكانی هەبوو. ئەو دوو بلۆكە نەوتییەكەی كە كۆمپانیا ئیسپانییەكە فرۆشتبووی بە كۆمپانیای (داینا ستی)، پێشتر پشكی كۆمپانیایەكی كەنەدی بوون بەناوی كۆمپانیای (تالیسمان)، واتا كۆمپانیا ئیسپانییەكە پشكی بلۆكە نەوتییانەی لە كۆمپانیایەكی كەنەدی كڕیوەتەوە‌و دواتر فرۆشتویەتییەوە بە كۆمپانیای (داینا ستی) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بووە. بەپێی لێكۆڵینەوەكان، یەدەگی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) دەگاتە (2 ملیارو 600 ملیۆن) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتیش لەو دوو كێڵگەیەدا بە (7 ترلیۆن‌و 200 ملیار) پێ سێجا خەمڵێندراوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەكە رۆژانە دەگاتە (25 هەزار) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتی بەرهەمهێنراویش لەم كێلگانەدا رۆژانە دەگاتە (600 ملیۆن) پێ سێجا. كۆمپانیای (داینا ستی) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانیدا كرد‌و پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) كڕیەوە، بەهای گرێبەستەكە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت بەهاكەی ملیۆنان دۆلار بووە. كۆمپانیای (داینا ستی) بوو بە خاوەنی پشكەكان لەو دوو كێڵگەیە، بەڵام هەرگیز دەستبەكار نەبوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم كاروباری یاسایی گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكەوە بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی) جێبەجێ نەكرد. پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) سەرباری ئەوەی پێیانوایە ئاشتی هەورامی یاساو مەرجەكانی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت پێشێلكردووە، تۆمەتباریشی دەكەن بەوەی هەڵمەتێكی بەردەوام‌و نایاسایی ئەنجامداوە بۆ لێدان لەناوبانگی كۆمپانیاكەیان‌و هەڕەشەكردن لە خاوەنی هەردوو كۆمپانیای (ریپسۆڵ)و (دایناستی)، كە گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنیان لەنێوان خۆیاندا كردووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە دواجار گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنی پشكەكانی هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) راوەستاوە‌و سەرباری ئەمە ئاشتی هەورامی تۆمەتباركراوە بەوەی داوای "بەرتیل"ی لەو دوو كۆمپانیایە كردووە، لەم كەیسەدا ناوی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەتیش دێت كە هەڕەشەی لە خاوەنی كۆمپانیای (دایناستی) كردووە. دوای ئەم گرێبەستە‌و كێشەكانی، ئاشتی هەورامی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر)ی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكە وەرگرتەوە‌و دای بە هەردوو كۆمپانیای (روزنەفتی) روسی‌و (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی، بڕیارە لەچەند مانگی داهاتوودا ئەم دوو كۆمپانیایە لەو كێڵگانە دەستبەكاربن. بەگوێرە زانیاییەك كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو حكومەت دەست (درەو) كەوتووە، لە كابینەی پێشوودا، نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەرییەكی كردووە بۆ ئەوەی كۆمپانیای (دایناستی) سكاڵاكەی لەسەر ئاشتی هەورامی بكێشێتەوە لە دادگای لەندەن، بۆ ئەمەش بەڵێنیداوە خزمەتگوزارییەكانی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) بدات بە (دایناستی) كە بەهاكەی بە (نیو ملیار) دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام (دایناستی) بەم پێشنیازە قایل نەبووە‌و سكاڵاكەی نەكشاندوەتەوە.   دەقی بڕیارەكەی دادگای لەندەن   


شیكاری: درەو بەشی چوارەم: پارێزگای كەركوك   لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک (١٤٢) كاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٢) کورسی دەکەن، (١١٣) كاندیدیان پیاوو (٢٩)یان ئافرەتن، لەم شیکارییەی (درەو)دا چانسی سەرکەوتنی كاندیدی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەبازنەكانی پارێزگای کەرکوک خراوەتەروو کە بە (١٥) کاندید بەشداری دەکەن (١١) كاندیدیان پیاوو (٤)یان ئافرەتن. زانیاری گشتی 1.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای کەرکوک (١٢) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٣) بازنەی هەڵبژاردن و پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا). 2.    لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک (١٤٢) كاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٢) کورسی دەکەن، (١١٣) كاندیدیان پیاوو (٢٩)یان ئافرەتن. 3.    کاندیدە کوردەکانی لایەنە سیاسییەکان پێکدێن لە (١٥) کاندید و (١١) كاندیدیان پیاوو (٤)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە؛ -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٦) بەربژێر کە (٤) پیاوو (٢) ئافرەتن.  -    پارتی دیموکراتی کوردستان (٢) بەربژێر کە (١) پیاوو (١) ئافرەتن.  -    نەوەی نوێ (٣) بەربژێر، (٢) پیاوو (١) ئافرەتن. -    بزوتنەوەی گۆڕان (١) بەربژێری پیاو. -    حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (٢) بەربژێری پیاو. -    حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان (١) بەربژێری پیاو. -    کۆمەڵی دادگەری هیچ بەربژێرێکی نیە. -    یەکگرتووی ئیسلامی هیچ بەربژێرێکی نیە. 4.    ڕێژەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان، لە سەر ئاستی گشتی پاێزگای کەرکوک لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018، کاتێک پارێزگاکە (١) بازنەی هەڵبژاردن بووە؛ -    یەكێتی نیشتیمانی؛ ( 177 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێنا و (6) کورسی پارێزگاکەی بردەوە. -    هاوپەیمانی عەرەبی: (86 هەزارو 452) دەنگی بەدەستهێنا و (3) کورسی پارێزگاکەی بردەوە. -    بەرەی توركمانی: (82 هەزارو 33) دەنگی بەدەستهێنا و (3) کورسی پارێزگاکەی بردەوە. -    لیستی نیشتیمانی كە پێكهاتبوو لە (بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریی، كۆمەڵی ئیسلامی): (14 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە. -    جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە. -    حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە. -    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: (4 هەزارو 784) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە. -    پارتی دیموکراتی کوردستان: بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی کرد.  5.    ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی (درەو) تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای كاندید و پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای کەرکوک لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان. 6.    هاوپەیمانی ئاشکرا هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، جۆرێك لە ڕێککەوتن و تەنسیقیش هەیە لە نێوان یەکێتی و لایەنە ئیسلامییەکان (لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان)، هەریەک لە کۆمەڵ و یەکگرتوو لە کەرکوک هیچ کاندیدێکیان پێشکەش نەکردووە، بەڵام دیار نییە دەنگدەرانی ئەو دوو پارتە ئامادەن دەنگ بە کاندیدەکانی یەکێتی بدەن؟  7.    ئەگەری ساختەکاری ئەگەر جارێک چاوەڕوانکراوبێت لە پارێزگانی هەرێمی کوردستان، ئەوا لە پارێزگای کەرکوک ئەگەرەکە دەبێتە دوو هێندە. چونکە پارێزگای کەرکوک ناوچەیەکی هەستیارە بۆ کورد و عەرەب لەلایەک، هەوڵی لایەنە کوردییەکانیش بۆ بەدەستهێنانی کورسی و هەوڵەکانی یەکێتی بۆ هێشتنەوەی پێگەی ئێستای لە لایەکی تر. ئەنجامدانی ساختەکاری ئەگەرێکی بەهێز دەبێت. بازنەی (١)ی پارێزگای کەرکوک بازنەی (١): رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی كەركوك، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (دوبز، رەحیماوە، عەرەفە، قۆریە ئەڵماس، موسەڵا، ئسکان، قادسیە، شۆریجە، حوریە، ئاڵتون کۆپری، لەیلان و چەند ناوەندێکی دیکەی بازنەکە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی یەک؛ 1.    بازنەی (١)ی پارێزگای کەرکوک گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکەیە، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (5) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (4) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بۆ کۆتای ئافرەتان. 2.    (٤١) بەربژێر لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (٥) کورسی بازنەکە دەکەن کە (٣١) پیاو و (١٠) ئافرەتن. 3.    زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە لە پێکهاتەی کوردن، كورد چاوی لەوەیە هەر پێنج كورسیەكەی بازنەیەکە بباتەوە، لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٤، پێکهاتەی کورد (٢١٥ هەزار) دەنگ و پێکهاتەی عەرەب (١٦) هەزار دەنگ و پێکهاتەی تورکمان (١٠) هەزار دەنگی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ کورد (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) زۆرینەی دەنگەکانی ئەم زۆنەی بردەوە. 4.    لایەنە سیاسییە کوردیەکان بە (٩) کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (١)) کە (٨) یان پیاوو (١) ئافرەتن. 5.    لەم بازنەیە لایەنە كوردیەكان زیاتر تەركیزیان لەسەر هەڵبژاردنی 2014 ەو پێیان وایە هەڵبژاردنی 2018 نارونی و ساختەكاری زۆری تێدابوو، بۆیە دەنگی لایەنەكان لەم بازنەیەبەم شێوەیە بوو -    كورد: (215 هەزار) دەنگ -    عەرەب: (16 هەزار) دەنگ -    توركمان: ( 10 هەزار) دەنگ خشتەی ژمارە (١) بەربژێری لایەنەکان سیاسییە کوردییەکان بۆ بازنەی (١) چانسی بەربژێری لایەنە سیاسییە کوردییەکانی بازنەی (١)ی پارێزگای کەرکوک یەکێتی نیشتمانی کوردستان -    ئەگەر هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشوو (٢٠١٨) دووبارە ببێتەوە، ئەوا یەکێتی سەرجەم کوردسییەکانی ئەم بازنەیە دەباتەوە. -    (ئاڵا تاڵەبانی) کە تاکە کاندیدی نێو هێزە سیاسییە کوردییەکانە چانسێکی بەهێزی هەیە کە بەبێ سیستمی کۆتا سەربکەوێت، بەمەش چانسی سەرجەم کاندیدە ئافرەتەکانی بازنەکە لەباردەبات کە جگە لە خۆی (٩) ئافرەتن، بۆ جاری پێنجەم دەبێتەوە بە پەرلەمانتار.  -    لەم بازنەیەدا یەكێتی چاوی لە دەرچونی (4) كاندیدەكەیەتی هەرچەندە هاوپەیمانی لەگەڵ گۆڕأن هەیە، بۆیە ئەگەر یەكێتی لەم بازنەیە (49 چوار كاندیدەكەی خۆی دەربچێنێت و كاندیدەكەی گۆڕانیش ئەوا هیچ كورسیەك بۆ كاندیدەكەی پارتی و نەوەی نوێ نامێنێتەوەن كە هەردووكیان بەهێزن. پارتی دیموکراتی کوردستان -    پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی چوارەمی ساڵی ٢٠١٨ بایکۆتی هەڵبژاردنی کردبوو لە کەرکوک، بەڵام خولی پێشتر دوو كورسی هەبوو لەوپارێزگایەن بۆیە دوور نییە لەم خولەدا خۆی بۆ بردنەوەی کورسییەک ئامادە کردبێت کاندیدێکی بەهێزی پێشکەش کردووە کە (شاخەوان عەبدوڵا)یەو تاکە کاندیدی ئەو حیزبەیە، ئەگەری سەرکەوتنی زۆری هەیە، چونکە سەرجەم دەنگەکانی پارتی لە بازنەکە کۆ دەکاتەوە. نەوەی نوێ لەم بازنەیەدا نەوەی نوێ كاندیدێكی پێشكەشكردووە بەناوی (ئومێد محەمەد) لەهەڵبژاردنی رابردوو نەوەی نوێ لەكەركوك ( 13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێنابوو كە زۆرینەی زۆری لەم بازنەیە بوو، بۆیەئەم كاندیدەی نەوەی نوێ چانسی سەركەوتنی هەیە.  بزوتنەوەی گۆڕان: لەم هەڵبژاردنەدا بزوتنەوەی گۆڕان بە كاندیدك بەشداری كردووە بەناوی ( محەمەد نەسرەدین) گۆڕان لەگەڵ یەكێتی هاوپەیمانی هەیە، لە هەڵبژاردنی رابردووش لەچوارچێوەی  لیستی نیشتیمانیدا بوو  كە پێكهاتبوو لە (بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریی، كۆمەڵی ئیسلامی): (14 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە. ئەگەر رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی نەكردبێت بۆ سەركەوتنی كاندیدەكەی دەنگەكانی بەشی بەدەستهێنانی كورسیەك ناكات. سۆسیالست  لەم بازنەیەدا حزبی سۆسیالیست كاندیدێكی هەیە، بەناوی ( رێباز محەمەد) لەهەڵبژاردنی رابردوو ( 7 هەزارو 509) بەدەستهێناوە، بەشی زۆری دەنگەكانی لەم بازنەیە بووەن بەڵام ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكەی سۆسیالیست لاوازە. بازنەی (٢)ی پارێزگای کەرکوک بازنەی (٢): قەزای ناوەندی كەركوك، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (واست، تسعین، داقوق، قۆریە، رێگای بەغدا، قادسیەی، تازە- رشاد، چەند ناوەندێكی موسەڵا، حەی عەسكەری، خاسە، سەورە، ریاز، حەی نور، یایچی و چەند ناوەندێکی دیکەی بازنەکە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی دوو؛ 1.     بازنەی (٢)ی پارێزگای کەرکوک، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (٤) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (٣) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بۆ کۆتای ئافرەتان. 2.    (٦٠) بەربژێر لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (٤) کورسی بازنەکە دەکەن کە (٤٩) پیاو و (١١) ئافرەتن. 3.    ململانێیەکی زۆر لەم بازنەیەدا دەبێت، ژمارەی دەنگدەرانی پێکهاتەکان لە یەکترەوە نزیکن و بە جۆرێک، لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٤، پێکهاتەی تورکمان (٧٩) هەزار دەنگ و پێکهاتەی کورد (٧١ هەزار) دەنگ و پێکهاتەی عەرەب (٤٧) هەزار دەنگ بەدەستهێناوە. 4.    پێکهاتەی کورد لەم بازنەیەدا لە باشترین حاڵەتدا (٢) کورسی دەباتەوە. 5.    لایەنە سیاسییە کوردسییەکان بە (٥) کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢)) کە (٢) یان پیاوو (٣) ئافرەتن. خشتەی ژمارە (٢) بەربژێری لایەنەکان سیاسییە کوردییەکان بۆ بازنەی (٢) چانسی بەربژێری لایەنە سیاسییە کوردییەکانی بازنەی (٢)ی پارێزگای کەرکوک یەکێتی نیشتمانی کوردستان -    یەکێتی ئەگەر بتوانێت نزیک لە سەرجەم دەنگی پێکهاتەی کورد لەم بازنەیە کۆ بکاتەوە، نزیک دەبێتەوە لەوەی هەردوو کاندیدەکەی سەربخات. -    دوور نیە تموحی یەکێتی بۆ بردنەوەی (٢) کورسی، هیچ چانسێکی نەمێنێت، ئەویش کاتێک کاندیدە ئافرەتەکەی دەنگێکی زۆر کۆبکاتەوە لەسەر حیسابی کاندیدە پیاوەکەو سەرنەکەوێت و کاندیدێکی ئافرەتی تورکمان یان عەرەب بە دەنگی خۆی و بەبێ کۆتا سەربکەوێت، سەرکەوتنی کاندیدە پیاوەکەش بکەوێتە مەترسییەوە. -    دوور نیە یەکێتی یەکێک لە کاندیدەکانی نەکشێنێتەوە بۆ مسۆگەر کردنی سەکەوتنی کاندیدەکەی تری. پارتی دیموکراتی کوردستان -    پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەر نەڵێین هیچ چانسێکی نیە (چونکە نفوزی زۆر لاوازە)لەم بازنەیە، ئەوا دەتوانین بڵێین چانسێکی کەمی هەیە، ئەویش ئەوەیە کاندەکەی ئافرەتە. -    ئەگەر یەکێتی کاندیدە ئافرەتەکەی بکشێنێتەوە بۆ مسۆگەرکردنی کاندیدە پیاوەکە، ئەوا کاندیدەکەی پارتی ئەگەرێکی لاوازی بۆ دروست دەبێت بە دەنگی کۆتا سەربکەوێت، ئەویش ئەگەر کاندیدێکی ئافرەتی پێکهاتەی تورکمان یان عەرەب بە دەنگی خۆی سەرنەکەوێت.  نەوەی نوێ -    ئەو سیناریۆیەی بۆ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی هەیە، بەهەمان شێوە بۆ کاندیدە ئافرەتەکەی نەوەی نوێش ڕاستە، چونکە یەکێتی و پارتیش چاویان لە کۆتای ئافرەتەو ئەمەش ڕکابەرییەکی زۆر دەخاتە نێوان لایەنە کوردییەکان لە لایەک و کوردو پێکهاتەکانی دیکە لەلایەک. سۆسیالست  -    چانسێکی ئەوتۆی بۆ نامێنێت، چونکە کورد لە باشترین دۆخدا دەتوانێت یەک کاندید پیاو سەربخات ئەویش ڕەنگە کاندیدەکەی یەکێتی بێت، چونکە لەناو لایەنە سیاسییە کوردییەکان، یەکێتی نفوزی لە سەرجەمیان زیاترە لەم بازنەیە. بازنەی (٣)ی پارێزگای کەرکوک بازنەی (٣): حەویجەو ریاز، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (ناوەندی حەویجە، تەواوی هەردوو ناحیەی عەباسی‌و زاب، لەگەڵ زۆرینەی ناحیەی رەشادو تازە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی یەک؛ 1.    بازنەی (٣)ی پارێزگای کەرکوک بچوکترین بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکەیە، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (٣) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (١) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە کۆتای ئافرەتان. 2.    (٤١) بەربژێر لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (٥) کورسی بازنەکە دەکەن کە (٣٣) پیاو و (٨) ئافرەتن. 3.    زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە لە پێکهاتەی عەرەبن، لایەنە سیاسییە كوردییەکان دەستیان لەم بازنەیە هەڵگرتووە، تەنها جوڵانەوەی نەوی نوێ نەبێت بە تەنها کاندیدێکی ژن بەشیداری کردووە بەناوی (مەروە عەلی حەمید)، چانسێکی لاوازی هەیە، چونکە پێکهاتەی عەرەب ئەو ناوچەیە بە جێنفوزی خۆیان دەزانن و دوور نیە ئەگەر بە ساختەکاریش بێت نەهێڵن لە دەستی خۆیان دەربچێت، چونکە بەشێکە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی پێکهاتەکان لە پارێزگای کەرکوک.       پێشبینی كۆتایی بەپێی لێكدانەوەكانی سەرەوە دابەشكردنی كورسیەكان بەم شێوەیە دەبێت: -    یەکێتی ٤-٥ کورسی                         پێشتر (٦) كورسی هەبووە لەپارێزگای کەرکوک -    پارتی ١ کورسی                             پێشتر كورسی نەبووە لەپارێزگای کەرکوک -    نەوەی نوێ ٠-١ کورسی                   پێشتر كورسی نەبووە لەپارێزگای کەرکوک -    گۆڕان ٠-١ کورسی                        پێشتر كورسی نەبووە لەپارێزگای کەرکوک   راپۆرتی پەیوەندیدار بەشی سێیەم: چانسی كاندیدەكانی پارێزگای دهۆك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشی دووەم: چانسی كاندیدەكانی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشی یەكەم:  چانسی كاندیدەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق    


 شوان سدیق: ئیاڵیا گروپە چەتەکان سەلیو و هاورێکانیان دەستبەسەرکردبوو ئەوان بەنیازی گەیشتن بوون بە ئیتاڵیا بەڵام لە لیبیا دەستبەسەرکرابوون. دواتر داوای پارەیان لێ کردبوون لە بەر ئەوەی بێ پارەبوون بۆ ماوەیەکی زۆر کاریان پێ کردبوون. ئەو کۆچبەرانە لە غاناو کینیاو چەند وڵاتێکی دیکەی ئەفریقای کۆچکردن ناچاریکردبوون یەک بگرنەوە، بەهیوای گەیشتن بە ئیتاڵیا و ئەوروپا بەڵام لە لیبیا دەستگیرکرابوون تاکە داوا کاری چەتەو و گووپە یاخییەکان پارەبووە لەو کۆچبەرانە کەچی ئەوان هەر زوو وتوویان پارەمان پێ نییە. ئەم چیرۆکە دروستکراونیە، مەینەتیەکانی کۆچبەرانی ئەفریقایە تا دەگەنە ئیتاڵیا ئەگەر رزگاریان ببێ لە مەرگ بەڵام دەربازیان نابێ لە ئازار و ناخۆشیەکانی رێگاو تا دەگانە ئیتاڵیا چەند جارێک دەمرن و زیندو دەبنەوە. کۆچکردن لە کیشوەری ئەفریقاوە بەردەوامە جەنگ و باران و کۆرۆنایش خەڵکی ئەم کیشەوەرە گەورەیە راناگرێ و بیانووی ئەوانیش هەژاری و برسێتی و نەخۆشی و جەنگە وایکردوە دانیشتوانی کیشوەری ئەفریقا بیر لە کۆچکردن بکەنەوە. دیارە وڵاتانی سەر دەیای نێوەڕاست بۆتە هێڵی پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیاو ئیسپانیا بەڵام زۆربەی کۆچبەرەکان گەر بیانەوێ خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا زیاتر بەڕێگەی لیبیاو تونس دەپەڕنەوە بۆ ئیتاڵیا.  کۆچی ئەفریقاییەکان و هاتنی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا بەردەوام جێگەی نیقاش و گفتووگۆی دەسەڵآتدارانی ئیتاڵیاو و بە پلەی یەکەم وڵاتانی وەک و لیبیاو تونس و مەخریبە. هەروەها لەنێو ئیتاڵییەکانیش هەمیشە بۆتەوە بابەتێکی سیاسی و ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە، تەنانەت کۆچکردن لە ئەفریقاوە هەندێ جار دەبێتە مایەی دەمەقاڵێی نێوان سیاسیە ئیتاڵی فەرەنسیەکانیش. هەر دوو پارتی لێگا بەسەرۆکایەتی ماتێۆ سالڤینی و پارتی فرەتێلی ئیتاڵی جیۆرجیا مێلۆنی ئەم دوو پارتە بە دژە بێگانەو کۆچبەران ناسراون. هەردوولا بەردەوام پێشنیار دەکەن ئەگەر ئیتاڵیا بەربەستێکی گەورە لەبەردەم کۆچبەران دروست نەکات، بەتایبەتی کۆچبەرانی ئەفریقا لە داهاتووی ئیتاڵیاو ئەوروپا تووشی کارەسات و کێشەی ئابووری و کومەڵایەتی دەبنەوە. سەرۆکی پارتی لێگا ماتیۆ سالڤینی دەڵێت "ساڵی (٢٠١٧) ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە ئیتاڵیا ژمارەیان (١٨٣،٦٨١) کۆچبەر بوونە. هەروەها ساڵی (٢٠١٨) ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە ئیتاڵیا ژمارەیان (١٣٥،٨٥٨) کۆچبەرن. بەبۆچوونی سالڤینی کۆچبەران گەورەترین کێشەن لە ئێستەدا چوونکە ئیتاڵیا خۆی پێویستی بەچاکسازی و دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشترە بۆ دانیشتوانەکەی بەتایبەتی گەنجان. قوربانیەکانی کۆچ بەردەوامە زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی گیانیان لە دەستداوە لە پێناو ژیانێکی باشتر هۆکارەکەی خنکان بووە لە نێو دەریاکاندا زۆرینەیان کۆچبەرانی کیشوەری ئەفریقا بووە. رێکخراوی (ئایوئێم) ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گیانیان لە دەستداوە. لە ساڵی (٢٠٢٠) ژمارەیان (٣،١٧٤) کۆچبەر بووە، هەروەها لە ساڵی (٢٠١٩) ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گیانیان لە دەستداوە ژمارەیان (٥،٣٢٧) کەسن. مردنی کۆچبەران چەند جارێک ئیتاڵیای رووبەرروی رەخنە کردوەتەوە، گوایە ئەم وڵاتە زۆر جار رێگری لە کۆچبەران کردوە و لە دەریای نێوەڕاست بێنە وڵاتەکەیەوە، لە لایەکی دیکەیش ئۆپۆزیسیۆن رەخنە لە دەسەڵاتدارانی ئیتاڵی دەگرن کەرێگرنین لەو کۆچە بەلێشاوەی روو لە ئیتاڵیا دەکەن. لەبەرامبەردا ماریۆ دراگی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند "ئێمە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرین، پابەندین بە بنەمای رێکەتنامەکانی تایبەت بەکۆچبەران، نابێ کۆچبەران لە ئاوی ئیتاڵیا بە تەنیا جێبهێڵدرێن". کۆچبەران گوێ بە کۆرۆنا و کوارێنتینە نادەن، ئەوان بەردەوام بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا. دواین کاروانی کۆچبەران ڕۆژی سێ شەممە (١١)ی ئایار بوو ئەوان لە ئەفریقاوە دوای چەندین رۆژ لە رێگا خۆیان گەیاندە دوورگەی لامپێدوسیا لە ھەرێمی سیچیلیای ئیتاڵیا پێشتر تیمە فریاگوزاریە ئیتاڵییەکان بە هانایانەوە چووبوون تا گەیاندنیانە سیچیلیا چونکە نێوان ئیتاڵیاو وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا زۆر ئاڵۆزو پڕ مەترسیە ھەر بەتەنیا خنکان نیە بەڵکو ھەندێ جار کۆچبەران بەبارمەتە دەگیرێن لە ڵایەن چەتە دەریاییەکانی ئەفریقاوە، زۆرجاریش دەریاوانە ئیتاڵیەکانیش ژیانیان کەوتۆتە مەترسی لە ڕفاندن و دزی لێ کردن. بەڵام پاش ئەو ناخۆشی و ئازارانەی ڕێگاو ترس لە شەپۆلی دەریاکان و مردن، هاوڵاتیەکی ئیتاڵی چووبووە بەردەم قافڵەی کۆچبەرەکان و بە دەنگ بەرزبکەنەوە دەیگوت "بۆچی ھاتوون ئێوە؟ ئەمە شەرمەزاریە بۆ حکوومەت و دەوڵەت کۆچبەر وەر دەگرێ! سەرۆکی پارتی فرەتێلی ئیتاڵی جیۆرجیا مێلۆنی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی ئیتاڵی دەڵێت "لەم کاتەدا ئێمەی ئیتاڵی ناتوانین هاتووچۆ بکەین، ناتوانین لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی دیکە بڕۆین، کەچی کۆچبەران دێن و دەچن ئیتاڵیا ئەمڕۆ بۆخۆی بەهۆی کۆرۆناوە ملیۆنان بێ کاری هەیە".


شیكاری: درەو بەشی سێیەم: پارێزگای دهۆك    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (٣٤) كاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١١) کورسی دەکەن، (٢٦) كاندیدیان پیاوو (٨)یان ئافرەتن، کە پێکدێن (٧) كاندیدی سەربەخۆ و (٢٧) كاندیدی پارتە سیاسییەکان، لەم شیکارییەی (درەو)دا چانسی سەرکەوتنی كاندیدی لایەنەكان لەبازنەكانی پارێزگای دهۆک خراوەتە روو کە چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی هاوپەیمانێتی و رێككنەكەوتنی تەواوەتی لایەنەكانی تر لەو پارێزگایە، پارتی دیموکراتی کوردستان بەشی زۆرینەی کورسییەکانی ئەم پارێزگایە بچنێتەوە. زانیاری گشتی 1.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای دهۆک (١١) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٣) بازنەی هەڵبژاردن و پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا). 2.    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (٣٤) كاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١١) کورسی دەکەن، (٢٦) كاندیدیان پیاوو (٨)یان ئافرەتن، کە پێکدێن (٧) كاندیدی سەربەخۆ و (٢٧) كاندیدی پارتە سیاسییەکان، بەجۆرێک؛ -    پارتی دیموکراتی کوردستان (١١) بەربژێر کە (٨) پیاوو (٣) ئافرەتن.  -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٢) بەربژێری ئافرەت.  -    نەوەی نوێ (٣) بەربژێر، (٢) پیاوو (١) ئافرەتن. -    بزوتنەوەی گۆڕان هیچ بەربژێرێکی تایبەت بە پارتەکەی نیە لە هاوپەیمانیدایە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان. -    کۆمەڵی دادگەری هیچ بەربژێرێکی نیە. -    یەکگرتووی ئیسلامی (٢) بەربژێری پیاون. -    حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (٣) بەربژێر کە (٢) پیاوو (١) ئافرەتن. -    حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان (١) بەربژێری پیاو. -    حەركەی بابلیون (١) بەربژێری ئافرەت. -    حەركەی دیموکراتی ئاشوری (١) بەربژێری پیاو. -    حیزبی وەتەنی ئاشوری (١) بەربژێری پیاو. -    ئیئتلافی حامورابی (١) بەربژێری پیاو. -    مەجلسی شەعبی کلدانی و سریانی و ئاشوری (١) بەربژێری پیاو. -    سەربەخۆ (٧) بەربژێری پیاون. 3.    بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەستین، چونکە دواین هەڵبژاردنە کە لە 30/9/2018 لەم سێ پارێزگایە ئەنجام درابێت. 4.    ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی (درەو) تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای كاندید و پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان و هەڵسەنگاندنی پێگەی ئێستایان . 5.    هاوپەیمانی ئاشکرا هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، جۆرێك لە ڕێککەوتن و تەنسیقیش هەیە لە نێوان یەکێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەری، باس لە تەنسیقی نێوان پارتی و نەوەی نوێش دەكرێت بەڵام بەرپرسانی ئەو جوڵانەوەیە رەتی دەكەنەوە هیچ جۆرە تەنسیق و لێكتێگەیشتنێكیان هەبێت، بەڵام ئەوە ڕون نییە ئایا ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان بڕی پارێزگای دهۆک دەکات؟ لایەنەکان دەتوانن وا لە دەنگدەرەکانی خۆیان بکەن دەنگ بە لایەنێکی سیاسی دیکە بدەن؟  6.    ساختەکاری هەمیشە ئەگەرێکی دور نیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک پارتی دیموکراتی کوردستان، چاوی لەوەیە سەرجەم کورسییەکانی پارێزگاکە بباتەوە، بەشێک لە لایەنەکانی دیکەش کە سەرەکی تترینیان یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامین لەهەوڵی بردنی کورسی دەدەن، کە ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی توندبوونەوەی ململانێی هەڵبژاردن دوو نیە هەوڵی ساختەکاری نەخرێتەگەڕ. چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (١)ی پارێزگای دهۆک بازنەی (١): کە ناسێنراوە بە بازنەی (دهۆک + ئامێدی)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١)) چارتی ژمارە (١) ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بازنەی (١) بەم شێوەیەن؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان -    ئەڤین سەلیم نوری -    خەلیل غازی حەسەن -    فەهمی سەلمان حەسەن -    خالد سەلیم ئەمین جاسم ریكانی 2.    (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) (بزوتنەوەی گۆڕان) (کۆمەڵی دادگەری) -    کاندیدیان نیە 3.    نەوەی نوێ -    ریمان زهیر زبیر سعید ئامیدی 4.    یەکگرتووی ئیسلامی -    جەمال ئەحمد محەمەد (جەمال کۆچەر) 5.    حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان -    پەروین بایەزید ساڵح 6.    بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشوری -    یەعقوب كوركیس یاقو 7.    حركەی بابلیون -    بیدا‌و خزر بهنام 8.    حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان  -    ریزكار عەونی محەمەد سەلیم 9.    حیزبی وەتەنی ئاشوری -    سەركون سەلیم بنیامین بترس 10.    مەجلسی شەعبی کلدانی و سریانی و ئاشوری  -    فارس یوخنا بالیوس 11.    ئیئتلافی حامورابی  -    سامی اوشانه كوركیس 12.    سەربەخۆکان -    سەباح عەبدولعەزیز محەمەدسالح -    جمعه محەمەد عەلی -    سەباح نەمرود ججو نەمرود -    كورئیل بتو شمعون بترس -    برهان ئەلدین ئسحق ئیبراهیم پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (١): لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. پارتی دیموکراتی کوردستان -    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٨٠%)ی دەنگەکانی هەیە كە (١٢٨ هەزارو ٣٢٣) دەنگە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە دەکاتە زیاتر لە (٣٠ هەزار) دەنگ، هێشتا هێزی دووەم کە یەکگرتووی ئیسلامییە ناگات پێی و نیوەی ئەو دەنگانەی هەیە. -    ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (١)ی دهۆک، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت. یەکگرتووی ئیسلامی -    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەم بازنەیە چانسی زۆرە، لە هەڵبژاردنی رابردوودا ( 15 هەزارو 104) دەنگی هەبووە، كاندیدی یەكگرتوو (د. جەمال كۆچەر)ە كاندیدەکەی یەکگرتووی ئیسلامی چانسی هەیە کورسییەکی ئەم بازنەیە بباتەوە، چونکە (یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە،لەم بازنەیەو ئەگەر دەنگەکانی ئەو لایەنانە بۆخۆی مسۆگەر بکات کە لێکتێگەیشتنێکی پێشوەختە لە نێوانیان هەیە (بەتایبەت لە نێوان یەكگرتوو یەكێتی یەكێتی پشتیوانی كاندیدەكەی یەكگرتوو بكات لەم بازنەیەو یەكگرتوو پشتیوانی كاندیدەكەی یەكێتی بكات لەبازنەی ئاكرێ) ژمارەی دەنگەکانی یەكێتی لەم بازنەیە (6 هەزار 679) دەنگەوگۆڕان (3 هەزارو 139) دەنگ و كۆمەڵ (هەزارو 298) دەنگیان هەیە بە هەموویان دەكاتە نزیكەی (٢٥ هەزار) دەنگ . نەوەی نوێ -    ئەگەر چی نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی وەک پێویست نین لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ (٥هەزار و ٥٦٢) دەنگی هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی (یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەمەش تاکە کاندیدەکەی کە ئافرەتە دەکەوێتە ڕکابەرییەوە لەگەڵ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای بازنەکە و چانسێکی دەبێت بۆ بردنەوەی کورسییەک. چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (٢)ی پارێزگای دهۆک بازنەی (٢): کە ناسێنراوە بە بازنەی (زاخۆ + سمێل)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٢)) چارتی ژمارە (٢) ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بازنەی (١) بەم شێوەیەن؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان -    زوزان عەلی سالح -    سەكفان یوسف بەشار سالح -    عەبدولواحد ئەحمد رەشید  2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان -    سەوسەن شاهین مەحمود -    (بزوتنەوەی گۆڕان) و (کۆمەڵی دادگەری) -    کاندیدیان نیە 3.    نەوەی نوێ -    فاروق عمر محەمەد دەرویش 4.    یەکگرتووی ئیسلامی -    عومەر سالح عومەر فارس 5.    حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان -    جاسم هاشم محەمەد سلو 6.    سەربەخۆ -    سالم علی شاباز محەمەد پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (٢): لەم بازنەیەدا (٣) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. پارتی دیموکراتی کوردستان -    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٨٣.٩%)ی دەنگەکانی هەیە كە (١٠٤ هەزارو ٥٦٤) دەنگە، سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٣) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە دەنگەکانی ناگاتە چارەکی ئەو دەنگەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیەتی کە دەکاتە (٣٤ هەزار و ٨٥٥) دەنگ. -     لەم بازنەیە پارتی بە (٣) بەربژێر بەشداری کردووە کە یەکێکیان ئافرەتە، بۆ ئەوەی هەرسێ کورسییەکە مسۆگەر بکات، بەڵام کاندیدەکەی یەکێتی بە لاوازییەوە دەبێتە ركابەری كاندیدە ئافرەتەکەی پارتی. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان   -    لەگەڵ ئەوەی یەکگرتوی ئیسلامی هێزی دووەمی بازنەکەیە بە (٨ هەزار و ٧٤٧) دەنگ، بە تاکە کاندیدێکش بەشداری کردووە، ئەگەر نەڵێین هیچ چانسێکی نیە بۆ بردنی کورسی ئەوا چانسێکی زۆرلاوازی هەیە، ئەوەی زیاتریش چانسە کە لاواز دەکات یەکێتی کاندیدی خۆی هەیە لەبازنەکەدا (کەپێکەوە لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان هەیە) بەمەش چاوەڕوان ناکرێت دەنگەکانی یەکگرتوو زیاد بکات لەسەرحسابی یەکێتی، تەنانەت دەنگاکانی کۆمەڵ وگۆڕانیش بدرێت بە یەکگرتوو کە هیچ کاندیدێکان نیە لەوبازنەیە (کە ئەمەش مەحاڵە) هێشتا بەشی ئەوە ناکات ژمارەی دەنگەکان  بگاتە بەهای بردنەوەی کورسیەک. یەکێتی نیشتمانی کوردستان -    یەکێتی رێژەی دەنگەکانی بە پلەی سێیەم دێت لە دوای پارتی و یەکگرتووەوە كە (٥ هەزارو ٣١٣) دەنگە بە ڕێژەی (٤.٣%)، بۆیە بەو ڕێژەیەش دۆخی لە یەکگرتوو باشتر نابێت، ئەوەی تەنها چانسێکی بچوک بهێڵێتەوە بۆی پێشکەشکردنی کاندیدی ئافرەتە بۆ ڕکابەری لەگەڵ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای ئافرەتان، ئەویش ئەگەر بتوانێت دەنگەکانی کۆمەڵ و گۆڕان لەو بازنەیە بچنێتەوە. -    ئەگەر پارتی بتوانێت لەم بازنەیە کاندیدە ئافرەتەکەی بەبێ سیستمی کۆتا و بە دەنگی خۆی سەریبخات، ئەو چانسە کەمەشی یەکێتی هەیەتی بۆ بردنی کورسی کۆتای ئافرەتان لەباردەچێت. نەوەی نوێ -    لەم بازنەیە نەوەی نوێ هێزی چوارەمە بە ( ٤ هەزارو ١٩٢) دەنگ و ڕێژەی (٣.٤%) بەم ژمارەیە هەرچەندە بڕێک لە ڕێژەی دەنگەکانی بەرز ببێتەوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت کورسی بباتەوە. چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (٣)ی پارێزگای دهۆک بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (ئاکرێ + شێخان + بەردەڕەش)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چارتی ژمارە (٣) ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بازنەی (٣) بەم شێوەیەن؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان -    خەسرەو عەبدوڵا ئیسماعیل مەعروف گۆران -    ڤیان سەبری عبدولخالق عبدولقادر -    موفەق شەهاب پاشا شەهاب -    جیای تەیمور عەبدال عبدولقادر 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان -    ئیمان عەبدولرەزاق محەمەد عارف  3.    (بزوتنەوەی گۆڕان) ( کۆمەڵی دادگەری) (یەکگرتووی ئیسلامی) -    کاندیدیان نیە 4.    نەوەی نوێ -    ئارام حسین محەمەدسالح عبدولرەحمان ملكو 5.    حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان -    وەلید خالد تەیب خالد  6.    سەربەخۆ -    تەیمور حەسەن مراد قادر پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (٣): لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.    پارتی دیموکراتی کوردستان -    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٧٤.٨%)ی دەنگەکانی هەیە كە (٩٧ هەزارو ٤٥٥) دەنگە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە دەکاتە زیاتر لە (٢٤ هەزار) دەنگ، کە هیچ هێزێکی دیکە بەتەنها خاوەنی ئەو ژمارە دەنگە نیە. -    ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (٣)ی دهۆک، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت. یەکێتی نیشتمانی کوردستان  -    لەگەڵ ئەوەی یەکێتی هێزی دووەمی بازنەکەیە بە (١٣ هەزار و ٦٩٧) دەنگ بە ڕێژەی (١٠.٥%)ی دەنگەکان، بەڵام ئەوەی چانسێک دەدات بە یەکێتی بۆ بردنەوەی کورسی پێشکەشکردنی (١) کاندیدی ئافرەتە کە دەبێتە ڕکابەری کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنی کورسی کۆتای ئافرەتان لە بازنەکە. -    خاڵێكی تر یەكێتی و یەكگرتوو لەم بازنەیە لێكتێگەیشتنیان هەیەولەبازنەی (1) یەكێتی دەنگ بە كاندیدەكەی یەكگرتوو دەدات و لەم بازنەیەش یەگرتوو دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی دەدەن و بەپێی زانیارییەكان یەكێتی و یەكگرتوو لەو دووبازنەیە تەنسیق و لێكتێگەیشتنیان كردووەن لە بازنەی یەك یەكگرتوو ( جەمال كۆچەر)یان كاندید كردووەو یەكێتی كاندیدی نیە، لە بازنەی (3) یەكێتی ( ئیمان عەبدولڕەزاق)ی كاندید كردووەو یەكگرتوو كاندیدی نیە.   -    ئەوەی چانسی یەکێتی بەهێزتر دەکات بۆ بردنەوەی کورسی کۆتا، نەبوونی کاندیدی (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو)ە لە بازنەکە، کە پێکەوە (ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ یەکێتی)، بە مەرجێک بتوانێت دەنگی ئەو لایەنانە بەدەستبهێنیت، کە هەرچواریان پێکەوە (٢٦ هەزار و ٧٧٢) دەنگیان هەیە.   نەوەی نوێ -    نەوەی نوێ وەک هێزی چوارەمی بازنەکە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ خاوەنی (٥هەزار و ٩٨٩) دەنگ بوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی (یەکگرتوو وگۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەڵام بەو خوێندنەوەو ئەنجامە بێت کە لە پێشتر ئاماژەمان پێکردووە، ئاسان نییە کاندیدەکەی نەوەی نوێ کورسی بباتەوەن لەلایەكیش یەكگرتوو و كۆمەڵ و گۆڕان هاوپەیمانی و لێكتێگەیشتنیان هەیە لەوبازنەیە.    پێشبینی كۆتایی بەپێی لێكدانەوەكانی سەرەوە دابەشكردنی كورسیەكان بەم شێوەیە دەبێت: -    پارتی ٩-١١ کورسی                        پێشتر (١٠) كورسی هەبووە لەپارێزگای دهۆک -    یەکگرتووی ئیسلامی ٠-١ کورسی       پێشتر (١) كورسی هەبووە لەپارێزگای دهۆک -    یەکێتی ٠-١ کورسی                         پێشتر كورسی نەبووە لەپارێزگای دهۆک -    نەوەی نوێ ٠-١ کورسی                   پێشتر كورسی نەبووە لەپارێزگای دهۆک   راپۆرتی پەیوەندیدار بەشی دووەم: چانسی كاندیدەكانی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشی یەكەم:  چانسی كاندیدەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق  


مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو)    ڕووداوە سیاسییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لەم ناوچەیەی ئێمەدا سێ کارەساتی گەورەیان لێکەوتەوە. یەکەمیان جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لەسەر دەستی لەشکری عوسمانیی لە ساڵی ١٩١٥دا. دووھەمیان بەکەمینەبوونی کوردە وەک گەلێک لەناو چوار دەوڵەتی کۆلۆنیالیی تازەدروستکراو لەناوچەکەدا. سێھەمیشیان لەدەستدانی فەڵەستینییەکانە بۆ خاکەکەیان و بوونیان بە ئاوارە و خێمەنشین لە چەندان وڵاتانی تردا. ھەر سێ ڕووداوەکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە مەسەلەی دروستبوونی ئەو فۆرمە تازەوە لە چوارچێوەی سیاسیی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە، کە چوارچێوەی”دەوڵەتی نەتەوەیە“.  لە پەیوەندییدا بە فەڵەستینییەکانەوە ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم دەوڵەتێکی بۆ جولەکەکان لە فەڵەستیندا دروستکرد و فەڵەستینییەکانی ڕووبەڕووی دۆخێک کردەوە، ھەشتا لە سەدیان ناچاربن وڵاتەکەیان بەجێبھێڵن و وەک پەناھەندە ئاوارەی شوێنانی تر، ببن. بەم مانایە کرۆکی مەسەلەی فەڵەستین و کێشەی سەرەکیی فەڵەستینییەکان لەدەستدان و داگیرکردنی خاکەکەیان و بوونیانە بە پەناھەندە لە دەرەوەی نیشتیمانەکەی خۆیاندا. مەسەلەکە نە مەسەلەی دینە، نە مەسەلەی بوونی ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای تایبەتە، نە مەسەلەی بوون یان نەبوونی ڕقێکی مێژوویی و دێرینە،بەڵکو مەسەلەی داگیرکردن و کۆلۆنیالیزمە. فەڵەستینییەکان گەلێکن خاکەکەیان داگیرکراوە و خۆشیان بە زۆر لە نیشتیمانەکەی خۆیان دەرکراون. ئەمەش ئەو تاوانە گەورەیەیە کە بەرامبەر بەوان کراوە. وەکچۆن جینۆسایدی ئەرمەنییەکان و بەکەمینەبوونی کورد مێژووی خۆیان ھەیە، بەھەمانشێوە داگیرکردنی خاکی فەڵەستینییەکان و بوونیان بە پەناھەندە لە وڵاتانی تردا، مێژووی تایبەتی خۆی ھەیە.  تا دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨دا، ژمارەی جولەکەکان لە فەڵەستیندا ژمارەیەکی کەم بووە و لەڕووی چەندایەتییەوە کەمینەی ناو ئەو وڵاتە بوون. لە ڕۆژگاری دوای جەنگی جیھانی یەکەمدا و سەرەڕای ئەنجامدانی دوو شەپۆل لە کۆچی جولەکە بۆ فەڵەستین، کەچی ڕێژەی جولەکە لە فەڵەستیندا تا ساڵی ١٩٢٢ تەنھا ١٢،٥% دانیشتوانی فەڵەستین بووە. لە نێوان ساڵی ١٩١٩ بۆ ١٩٢٣دا ٣٠ ھەزار جولەکە لەئەوروپای خۆرھەڵاتەوە کۆچدەکەن بۆ فەڵەستین. لەنێوان ساڵانی١٩٢٤بۆ ١٩٢٦دا ٥٠ ھەزار جولەکە لە پۆڵەنداوە ھەمان کۆچ ئەنجامدەدەن. لە نێوان ساڵانی ١٩٣٣ بۆ ١٩٣٦دا ١٧٠ ھەزار جولەکە لە ئەڵمانیاوە بۆ فەڵەستین کۆچدەکەن. سەرەڕای ئەم شەپۆلە گەورانە لە کۆچکردن ھێشتا زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەکە ھەر عەرەب بوون. لە ساڵی ١٩٣١ دا ڕێژەی عەرەب لە فەڵەستیندا ٨٢% بوو بەرامبەر بە ١٦% جولەکە. لە ساڵی ١٩٤٦دا، واتە دوو ساڵ بەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێژەی عەرەب ٦٧% و ڕێژەی جولەکە ٣١% بووە. ئەوەی ئەم ژمارانە ئاشکرای دەکەن ئەوەیە کە جولەکەکان لە فەلەستیندا کەمینەیەکی دینیی بوون لەناو زۆرینەیەک لە عەرەبی دانیشتوانی ئەو وڵاتەدا.  کاتێک لە ساڵی ١٩٤٧یشدا پلانی دابەشکردنی فەڵەستین بۆ دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بە بڕیاری ١٨١ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دەردەکرێت، جولەکەکان بە پلانەکە ڕازییدەبن و عەرەبەکانیش ڕەفزی دەکەن. ھۆکاری سەرەکیی ئەم ڕەتکردنەوەیە ئەوەبوو فەڵەستینییە عەرەبەکان بڕیارەکەیان بە خراپ و ناھەق لە قەڵەمدەدا. بەڵام ئایا بەڕاست پلانەکە ناھەقییەکی گەورەی تێدابوو، یاخود، وەک زۆرێک دەڵێن، عەرەب میللەتێکە حەزی لە شەڕ و شۆڕ و خوێنڕشتنە و کولتوریی ئاشتیی و ڕێکەوتن ناناسن؟ دۆکۆمێنتە مێژووییەکان نیشانیدەدەن لە ساتەوەختی بڕیاری دابەشکردنەکەدا، جولەکەکان لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە تەنھا یەک لەسەر سێی دانیشتوانی فەڵەستین بوون و لە ڕووی خاکیشەوە تەنھا ٧% خاکی فەڵەستینیان لەژێر دەستدا بوو. کەچی پلانی دابەشکردنەکە ٥٧% خاکی فەڵەستینی پێدەبەخشین، واتە گەرچی ژمارەی دانیشتونی عەرەب دوو جار لە دانیشتوانی جولەکە زیاتر بوو، کەچی بڕی ئەو خاکەی بە جولەکەکان بەخشرابوو، گەورەتربوو لەوەی بە عەرەبە فەڵەستینییەکان درابوو. ھەروەھا دابەشکردنی بەروبومی ئابوریی وڵاتەکە بەجۆرێک بوو دەوڵەتە جولەکەکە سێجار زیاتر بەروبومی ھەبێت بە بەراورد بە ئابوریی فەڵەستینییەکان. بەم جۆرە پلانی دابەشکردنەکە ناھەقییەکی گەورەی بەرامبەر بە دانیشتوانە عەرەبەکەی وڵاتەکە تێدابوو. ئەم ناڕازیبوونە بوو بە ھۆی ھەڵگیرسانی جەنگی ساڵی ١٩٤٨. عەرەبەکان جەنگەکەیان دۆڕاند و ئیسرائیل بە ڕەسمی وەک دەوڵەت دادەمەزرێت. بەم چەشنە جەنگی ساڵی ١٩٤٨ بۆ عەرەب نەکبەیە و بۆ جولەکە جەنگی سەربەخۆیی. دەرەنجامی جەنگەکەش ئەوەیە ئیسرائیل خاکی زیاتر داگیردەکات و زیاد لە ٩٠٠ ھەزار فەڵەستینیش دەردەکرێن و دەبن بە پەناھەندە و بێماڵ. مێژوونووسی ئیسرائیلیی و جولەکە ئیلیان پاپێ دەڵێت عەرەبەکان بەھەڵە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٤٨ بە نەکبە ناودەبەن، ئەوەی ڕوویدا پاکتاوی ئەتنیی و نەتەوەیی بوو .لە دوای جەنگی ساڵی ١٩٤٨ەوە ئیتر ململانێکە لەوەدەردەچێت تەنھا ململانێی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ ململانێی نێوان ئیسرائیل و ھەموو جیھانی عەرەبیی.  لەسەرەتای دروستبوونی کێشەکەوە، لەبیستەکان وسییەکانی سەدەی بیستەمدا، فەڵەستینییەکان بەبێ ڕێکخراو و پارتی سیاسیی و کەسایەتیی و ئایدیۆلۆژیایەک بوون بتوانێت ھەموویان بەیەکەوە کۆبکاتەوە. لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر جوگرافیایەکی گەورەدا دابەشبوون کە تیایدا پەیوەندیی نێوان شارەکان و گوندەکانیان تەواو لاوازبوو، لەڕووی دارایی و توانای مالیشەوە زۆر لە جولەکەکان لاوازتر بوون. لە بەرامبەردا جولەکەکان گروپی چەکداریی ڕێکخراوی تایبەتیان ھەبوو، توانای مادی زۆر و ئایدیۆلۆژیایەکیان ھەبوو، کۆیدەکردنەوە و یەکیدەخستن. پێکدادانی نێوان جولەکەکان و فەڵەستینییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی بیست و بۆ کۆچی بە کۆمەڵی جولەکە ئەوروپاییەکان بۆ فەڵەستین. لە ساڵی ١٩٢٠، ١٩٢٩دا کۆمەڵێک پێکدادانی پچڕپچڕ و ناوچەیی ڕوودەدات، لە نێوان ساڵانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٩دا پێکدادانەکان گەورەتر و خوێناویتر دەبن.  لە دوای کۆچە بە کۆمەڵ و پرۆسەی نیشتەجێبوونی ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەی ئەوروپا لە فەڵەستیندا، ئیتر وڵاتەکە بە کردەوە دابەشدەبێت بەسەر دوو کۆمەڵە مرۆڤی جیاوازدا: جولەکەکان و فەڵەستینییەکان. ھەردووکیان لە ڕووی ئابوریی و نیشتەجێبوون و کۆمەڵایەتییبوونەوە بەجیا لەیەکتری و دوور لەیەکتری، دروستدەبن و دەژین. ئەوەی بەردەوامیش ڕوودەدات خۆبەھێزکردن و خۆڕێکخستنی جولەکەکانی ناو فەڵەستین و ھاندانی جولەکەکانی تری جیھانە بۆ کۆچکردن بۆ فەڵەستین. بەھێزبوونی بەردەوامی دژایەتیکردنی جولەکە لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا، بە تایبەتی تاوانی کوشتنی بە کۆمەڵی جولەکەکان لەسەر دەستی نازییەکان بڕ و ڕادی کۆچ ی جولەکەکان و پشتیوانی نێودەوڵەتیان بۆ زیادەکات. لە بەرامبەردا عەرەبەکانیش دەکەونە خۆڕێکخستن، تا وایلێدێت لە ساڵانی پەنجا و شەستدا فەڵەستینیەکانیش ڕێکخراوی سیاسیی و ھێزی چەکداری تایبەت بەخۆیان دروستدەکەن و دەکەونە جەنگەوە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا. لە ساڵی ١٩٦٤دا ڕێکخراوی ئازادیخوازیی فەڵەستین لە قاھیرە دروستدەبێت و لە ساڵی ١٩٦٩ عەرەفات دەبێت بە سەرۆکی بزوتنەوەکە. یەکەم پەلاماری چەکدارانەی ڕێکخراوی فەتحیش بۆسەر ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٥دا ڕوودەدات. لە ئەردەن و لوبنان و سوریاوە چالاکی سەربازیی دژ بە ئیسرائیل دەستپێدەکات. ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل پەلاماری میسر و سوریا و ئەردەن ئەدات و لە ماوەی شەش ڕۆژدا ئەو وڵاتانە وێراندەکات. ئیسرائیل لەو جەنگەدا چەندان شوێنی تازە داگیردەکات کە بریتین لە ناوچەی غەزە، بەرزاییەکانی گۆلان، بیابانی سینا، زیفەی غەربیی و قودسی خۆرھەڵات. ھاوکات ئیسرائیل ٤٠٠ فڕۆکە و ٥٠٠ دەبابەی سێ وڵاتە عەرەبییەکە تێکدەشکێنێت، کە دەکاتە نزیکەی ٧٠% ھێزی سەربازییی ئەو سێ وڵاتە. ١١ ھەزار میسری و ٦ ھەزار ئەردەنی و ھەزار سوری دەکوژرێن. ئیسرائیل خۆی تەنھا ٢٠ فڕۆکە و ٦٠ دەبابەی تێکدەشکێت و ٧٠٠ سەربازیشی دەکوژرێن. لە دوای جەنگی ١٩٦٧ەوە ملیۆنێک و سێسەد ھەزار پەناھەندەی فەڵەستینی تازە دروستدەبن و بەرەو غەزە، لوبنان، سوریا و ئەردەن ھەڵدێن. ژمارەی پەناھەندەی فەڵەستینی لە جیھاندا نزیکەی ٦ ملیۆن پەناھەندەیە کە بەشێکی گەورەیان تا ئەم ساتەش لەناو کەمپەکاندا دەژین. لە ئێستادا سێ نەوە لە پەناھەندەی فەڵەستینیی لەدەرەوەی نیشتیمانەکەیاندا بوونیان ھەیە. نەوەی دوای ساڵی ١٩٤٨، نەوەی دوای جەنگی ١٩٦٧، نەوەیەکیش کە لە کەمپەکاندا لەدایکبووە و فەڵەستینی نەبینیوە. تا ئەم ساتەش لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبییدا فەڵەستینییەکان وەک پەناھەندە ماونەتەوە و مافی بوون بە ھاوڵاتییان نییە.  گرنگترین ھەوڵێک بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەی فەڵەستین و چارەسەرکردنی ”ڕێکەوتنەکانی ئۆسلۆ“ بوو کە لە ساڵی ١٩٩٣دا، لە نەرویج ئیمزاکرا. بەڵام ئەم ڕێکەوتنانە نەیتوانی کۆتایی بەو گرێ سیاسیی و مێژوویی و بە نایەکسانی ھێز و بە قورساییە نەفسیی و ویژدانیی و ئینسانییەکانی ئەو کێشەیە بھێنێت. نووسەری فەڵەستینی ئێدوارد سەعید یەکێک بوو لەو کەسانەی ھەر لەسەرەتاوە ڕەخنەی لە ڕێکەوتنەکانی ئۆسلۆ گرت. ئەو پێیوابوو ئەو ڕێکەوتنە بە لۆژیکی چارەسەرکردنێکی ئینسانیی و دادپەروەرانەی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان دروستنەبووە و کارناکات، بەڵکو ئەوەی دایڕشتوە لۆژیکی ھێز و توانا و باڵادەستیی ھەمەلایەنەی ئیسرائیلە بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان. سەعید پێیوابوو چارەسەری ئەم کێشەیە بە چەک و لەڕێگای ھێزی سەربازیی ڕووتەوە ناکرێت، ئەوەی پێویستە لێکتێگەیشتن و ھەوڵدانی دۆزینەوەی ڕێگایەکی ھاوبەشە لەلایەن ھەردوو لاوە کە بە لۆژیکی ھێز مامەڵە لەگەڵ یەکدا نەکەن، بەڵکو یەکتری وەک دوو ڕکابەری ھاوسەنگ و خاوەن ماف ببینن و مامەڵەبکەن. سەعید پێیوابوو ناکرێت ئاشتی بە مەرجەکانی ئیسرائیل ڕووبدات، بەوە دروستنابێت ئەوەی لایەنێک دەیەوێت بەسەر ئەویتردا بیسەپێنێت. ڕەخنەی سەعید چەندە ڕووبەڕووی ئیسرائیل بوو وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر، ئەوەندەش ڕووبەڕووی عەرەب و فەڵەستینییەکان بوو، بە تایبەتی ڕووبەڕووی سەرکردایەتی ھێزە سیاسییەکانی فەڵەستین کە لەباتی بەرگریکردن لە مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکی فەڵەستین، لەناو فەساد و گەندەڵیی و دزیی و جەردەییدا نووقمبوون.  ئەوەی ئێستاش دەیبینین ھەڵقەیەکی نوێیە لەم ململانێ و داگیرکاریی و بێمافکردنە درێژخایەنە کە نزیکەی سێ چارەکە سەدە مێژووی ھەیە. ئەوەی دەبینین درێژەدانە بەو حەمامی خوێنە کە دڵۆپە سەرەتاییەکانی لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا ڕژا. بەبۆچوونی ئێمە مەسەلەکە پەیوەندیی بە بوونی ئەم یان ئەو مزگەوت و ئەم یان ئەو شوێنی پیرۆزەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە ژیانی ملیۆنەھا مرۆڤەوە ھەیە کە بێوڵات و بێخاک و بێشوێن و بێماڵ کەوتون.  پێدەچێت لەناو ئەو جەنگە ئایدیۆلۆژییە شەڕانگیزەدا کە ئەمڕۆ لەناوچەکەدا دروستبووە، لەناو ئەو ھەموو درۆ و نمایشە ساختەکارانەدا کە ھەیە و بەردەوامە، بە تایبەتی لەلایەن ئەوانەوە کە خۆیان وەک بەرگریکەر لە ئیسلام و خودا و مزگەوتەکەی، نمایشدەکەن، یان ئەوانەی فەلەستین وەک دیاری خودا بۆ ئەوان وێنادەکەن، دەڵێین، لەناو ئەم دۆخە دڕدۆنگ و رادیکالیزمە ئایینیی و ئەتنییەدا کە دیوێکی ئەردۆگانەکان و دیوەکەی تری ناتانیاھۆکانە، پنتێکی بچوکیش بۆ چارەسەرکردن بوونی نەماوە. لەبەردەم بێئومێدییەکی قووڵی لەم بابەتە و خەونبینینی مرۆڤی ئاسایی بە ئاشتییەوەیە، کەسێکی وەک ئالان بادیۆ دەڵێت: ئەوەی پێویستە ئەوەیە جۆرێکی نوێ لە جولەکە و جۆرێکی نوێ لە عەرەب دروستببێت. دەکرێت ئێمەش لەم سەردەمی بە دینییکردنی ھەمووشتێکدا ئەوەشی بۆزیاد بکەین، دەبێت موسڵمانێکی نوێش دروستببێت.  لە چاوەڕوانی دروستبوونی جولەکە و عەرەب و موسڵمانێکی نوێدا ئەوەی بەڕێوەیە و ڕوودەدات، درێژەدانە بە سەرجەمی کارەساتەکانی ڕابردو و دروستکردنی کارەساتی نوێ، درێژەدانە بە سیاسەتی وێرانکردنێکی ھەمەلایەنە، بە کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەکی گەورە لە مرۆڤ، لە منداڵ و ژن و پیر و پەککەوتە، لە گەنج و تازەپێگەیشتو. بەردەوامبوونە لە سەر سیاسەتی بێنرخکردنێکی ھەمەلایەنەی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ، کە ڕۆژانە وەک بوونەوەرێکی بێنرخ ڕووبەڕووی ئاگر و ئاسن و ڕۆکێت و بۆمبارانکردن دەبنەوە. بابەتی پێشتر بابەتی بیستو شەش: سیستەمی داوەریی و پیشەسازی تەزویرکردنی واقیع لە هەرێمی کوردستاندا بابەتی بیستو پێنجەم: دینداریی و سەما و سیاسەت بابەتی بیست و چوار: غیابی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا بابەتی بیست و سێ: عێراق بەرەو کوێ؟ بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟ بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن  بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس  بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی  بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو  بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون  بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل  بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی


درەو: دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1925ەوە دەسەڵاتی یاسادانانی دامەزراندووە‌و هەتا ئەمڕۆ چەندین گۆڕانكاری تێدا كراوە, لەسەردەمی پاشایەتیدا دەسەڵاتی یاسادانان پێكهاتووە لە دوو ئەنجومەن‌و لەسەردەمی سەددام حسێنیشدا ئەنجومەنێكی رووكەش بەناوی ئەنجومەنی نیشتمانی هەبووە‌و لە ساڵی 1980 تا 2000 لەدوای رووخاندنی رژێمەكەی سەددامیشەوە جارێكی تر دەسەڵاتی یاسادانان دارێژراوەتەوە‌و لە دەستوردا بە دوو ئەنجومەن دانراوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو دەسەڵاتە لاسەنگە‌و ئەنجومەنی فیدراڵ دانەمەزێندراوە. توێژەر عادل حەسەن دەفار لە فەرمانگەی توێژینەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتێكی بەراوردكاری لەسەر ئەنجومەنی نوێنەران لە سەردەمی پاشایەتی‌و سەردەمی كۆمارییدا كردووەو (درەو) دەقی راپۆرتەكەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی بەمشێوەیە: تێبینی دەكرێت كە بەدرێژایی سەردەمی پاشایەتی لە عێراقدا لە (1925ەوە تا 1958) قانونی بنەڕەتی ساڵی 1925 ( دەستور) بە سەقامیگری ماوەتەوە, بەڵام سەردەمی كۆماریی بە دەستوری كاتی دەستیپێكرد‌و ژمارەی ئەو دەستورەە كاتیانە لە 1958ەوە تا 1970 گەیشتە شەش دەستوری كاتی‌و هەموو ئەم دەستورانەش لەلایەن دەسەڵاتەوە نوسراونەتەوە, بەڵام دوای روخاندنی رژێمی دیكتاتۆری لە ساڵی 2003 سنورێك بۆ دەستوری كاتی دانرا‌و عێراقییەكان بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 بەهۆی كۆمەڵەی نیشتمانی هەڵبژێردراوەوە دەستورێكی هەمیشەییان نوسییەوە. هەروەها تێبینی دەكرێت كە لە سەردەمی حوكمی پاشاییەتیدا سەقامگیری هەڵبژاردن نەبووە لە كۆی 16 خولی هەڵبژاردن تەنها پێنج خول ماوەی دەستوریی خۆیان تەواوكردووە كە بریتی بوون لە خولی یەكەم ( 1925- 1928), خولی نۆیەم ( 1939-1943), خولی دەیەم ( 1943- 1946)‌و خولی دوانزەیەم ( 1948-1952) , خولی پانزەیەم ( 1954-1958), لە كاتێكدا لەسەردەمی رژێمی پێشوودا لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ماوەكانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق درێژدەكرایەوە وەك ئەوەی لە خولی سێیەمدا روویدا كە لە ساڵی 1989ەوە تا 1995 بەردەوام بوو, بەڵام لە دوای 2003ەوە دۆخەكە زۆر جیاوازە هیچ خولێكی پەرلەمان درێژنەكراوەتەوە‌و هەتائێستاش هیچ پەرلەمانێك هەڵنەوەشاوەتەوە ئەگەرچی بڕیارە كە ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەبچێت ئەوا پەرلەمان پێش ئەو وادەیە بۆ یەكەمجار خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. لەسەردەمی پاشایەتییدا وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە گشتییەكانی كردووەو ئەوەش رێگەی خۆش كردووە بۆ دەستوەردانێكی بەرفراوانی حكومەت لە پرۆسەكەدا, لەگەڵ بوونی دەنگۆی ساختەكردنی هەڵبژاردنەكان‌و لەسەردەمی كۆمارییدا لە ساڵی 1958ەوە تا 1980 هیچ هەڵبژاردنێك نەكراوە لەو ساڵە بەدواوە هەڵبژاردن ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق بەڕێوەچووە كە هەڵبژاردنێكی روكەش بووەو رەنگدانەوەی بیربۆچونی رژێمی بەعس بووە لەرووی كاندیدكردن‌و دەنگدانیشەوە, بەڵام دوای گۆڕینی رژێمی عێراق لە ساڵی 2003ەوە چەند هەڵبژاردنێك لە عێراق بەڕێوەچووە كە چەندین هێزی سیاسی جیاواز بەشداریان تێداكردووە‌و بۆ یەكەمجار پرۆسەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بەڕێوەبرا. مەرجەكانی كاندید بۆ پەرلەمان لە هەر قۆناغێكدا جیاواز بووە, لەسەردەمی پاشایەتیدا بڕوانامەی خوێندن نەكراوەتە مەرج بۆ كاندیدی پەرلەمان, بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی سەردەمی بەعس‌و ئەنجومەنی نوێنەران لە دوای 2005ەوە بڕوانامەی خوێندن وەك مەرجێك بۆ خۆكاندیدكردن دانراوە. لێرەدا بەراوردكارییەك دەخەینەڕوو لە نێوان پەرلەمانەكاندا لە عێراقدا: سیستمی حوكم - 1925 تا 1985 سیستمی پاشایەتی دەستوریی پەرلەمانی پەیڕەوكراوە. - 1958 تا 2003 سیستمی كۆماری سەرۆكایەتی پەیڕەوكراوە دەستورەكانی عێراق لە ساڵی 1925ەوە قانونی بنەڕەتی ( دەستوور) كە 125 مادە بووە كاری پێكراوە‌و دەستورەكە ساڵی 1924 لەلایەن ئەنجومەنی دامەزراندنی هەڵبژێردراوە نوسراوە. - ساڵی 1958 دەستوری كاتی (30 مادە) بووە. - ساڵی 1963 دەستوری كاتی ( 106 مادە) بووە. - ساڵی 1968 دەستور كاتی ( 95 مادە) بووە. - ساڵی 1970 دەستوری كاتی ( 67 مادە) بووە. - ساڵی 2004 یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی راگوزەر ( 62 مادە) بوووە. - ساڵی 2005ەوە دەستوری هەمیشەیی كاری پێدەكرێت كە ( 144 مادە) یە. شێوازی نوسینەوەی دەستور دەستوری كاتی 1958 لەلایەن ئەنجومەنی سیادەوە دەركراوە, دەستوریی كاتی 1963 لەلایەن عەبدولسەلام عارفی سەرۆك كۆمارەوە دەركراوە, دەستوری كاتی 1968یش لەلایەن ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی بەعسەوە دەركراوە, دەستوری كاتی ساڵی 1970ش هەر لەلایەن ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی بەعسەوەی دەركراوە, یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقیش بۆ قۆناغی ئینتیقالی لە ساڵی 2004 لەلایەن ئەنجومەنی حوكمەوە دەركراوە‌و  دەستوری هەمیشەیی ساڵی 2005یش لەلایەن كۆمەڵەی نیشتمانی هەڵبژێدراوەوە نوسراوەتەوە. هەمواری دەستور قانونی بنەڕەتی سەردەمی پاشایەتی ( دەستور) دوای پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی گەل ( نوێنەران‌و ئەعیان)و پەسەندكردنی لەلایەن پادشاوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەڵام دەستوری كاتی ساڵی 1958 هیچ ئاماژەیەكی بۆ هەمواری دەستور نەداوە, لە دەستوری كاتی ساڵی 1963شدا هەمواری دەستور دراوەتە دەست سەرۆك كۆمار‌و لە دەستوری كاتی ساڵی 1968‌و 1970دا  ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی رژێمی بەعس هەمواری دەستور دەردەكات, دەستوری هەمیشەیی ساڵی 2005  دوای رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران هەموار دەكرێتەوە‌و هەموارەكە دەخرێتە راپرسی گشتییەوە. دەسەڵاتی یاسادانان لە سەردەمی پاشایەتی‌و كۆمارییدا لەسەردەمی پاشایەتیدا دەسەڵاتی یاسادانان دراوەتە دەست ئەنجومەنی گەل‌و پادشا, ئەنجومەنی گەلیش پێكدێن لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەعیان, ئەندامانی ئەنجومەنی ئەعیان لەلایەن پادشاوە دادەنرێن, بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن. لەسەردەمی كۆمارییدا بە گوێرەی دەستوری كاتی ساڵی 1958 ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی یاسادانان دەگرێتە ئەستۆ بەپەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی سیادەوە, لە دەستوری كاتی ساڵی 1963دا دەسەڵاتی یاسادانان دراوەتە دەست ئەنجومەنی نیشتمانی سەركردایەتی شۆڕش و ئەنجومەنی وەزیران , لە دەستوری كاتی ساڵی 1968‌و ساڵی 1970 دەسەڵاتی یاسادانان بە ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش سپێردراوە هەرچەندە لە دەستوری ساڵی 1970دا ئاماژە بەوەدراوە كە ئەنجومەنی نیشتمانی بە یاساكاندا دەچێتەوە, لەدەستوری هەمیشەیی ساڵی 2005یشدا دەسەڵاتی یاسادانان دراوەتە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی فیدراڵ, هەرچەندە هەتا ئێستا ئەمەی دوەمیان دانەمەزراوە. شێوازەكانی هەڵبژاردن لە سەردەمی پاشایەتیدا یاسای هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ ساڵی 1924 ئاماژە بەوەدەكات كە هەر پەرلەمانتارێكە نوێنەرایەتی 20 هەزار پیاو دەكات, یاسای ژمارە 11ی ساڵی 1946 هەڵبژاردنی لەسەر دوو پلە دیاریكردوەو ساڵی 1952ش مەرسومی هەڵبژاردنی راستەوخۆی نوێنەرانی ژمارە 6 دەركراوە, هەروەها رێگەشی بە سەركەوتن بۆ پەرلەمان داوە بە تەزكیە‌و لەو سەردەمەدا ژن مافی دەنگدان‌و خۆكاندیدكردنی نەبووە. هەڵبژاردنی دەسەڵاتی یاسادانان لە سەردەمی كۆمارییدا هەتا ساڵی 1980 ئەنجام نەدراوە‌و لەو ساڵەدا هەڵبژاردنی ئازادی راستەوخۆ بە شێوازی دەنگدانی نهێنی ئەنجامدراوە, یاسای هەڵبژاردنەكانی ژمارە ( 16)ی ساڵی 2005یش دەڵێت هەڵبژاردن بە رێگای لیستی داخراو دەبێت‌و خۆكاندیدكردنی تاكیش رێگەی پێدراوە‌و هەردوو خولی یەكەمی هەڵبژاردنی ( 2006- 2010) و  خولی دووەمی هەڵبژاردنی ( 2010- 2014) بەم یاسایە ئەنجامدراوە., لە خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا لە ساڵی ( 2014- 2018) یاسای ژمارە (45)ی ساڵی 2013 پەیڕەوكراوە كە پشتی بەستوە بە سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی‌و كاندیدكردن بە لیستی كراوە بووەو رێگەش بە خۆكاندیدكردنی تاك دراوە‌و هەڵبژاردنی خولی چوارەمیش( 2018- 2022) بە یاسای ژمارە (45)ی هەمواركراوی ساڵی 2013 ئەنجامدراوە كە بەهەمان شێوازی خولی سێییەم پشتی بە سیستمی لیستی كراوە بەستووەو كاندیدی تاكیش مافی بەشداریكردنی پێدراوە. هەموو ئەو یاسایانەی لەدوای ساڵی 2003ەوە بۆ هەڵبژاردن پەسەندكراون رێژەی كۆتای بۆ ژنان دانەوە كە بریتیە لە 25%ی كورسییەكانی پەرلەمان. هەڵبژاردنەكان لە سەردەمی پاشایەتیدا 16 جار هەڵبژاردن ئەنجامدراوە لە ساڵەكانی: ( 1925, 1928, 1930, 1933, 1935, 1937, 1937, 1939, 1943, 1947, 1948, 1953, 1954, 1954, 1958), هەڵبژاردنەكانیش لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە بەڕێوەبراون‌و بەدیاریكراویش ئەو ئەركە بە وەزارەتی ناوخۆ سپێردراوە‌و ئەوەش تا رێژەیەك رێگەی خۆشكردووە بۆ دەستوەردانی حكومیی‌و بانگەشەكردن بۆ هەبوونی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا. لە سەردەمی كۆمارییدا‌و لە ساڵی 1958 بۆ 1980 هیچ هەڵبژاردنێك بۆ دەسەڵاتی یاسادانان ئەنجامنەدراوە‌و لەسەردەمی بەعسیشدا پێنججار هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی كراوە لەە ساڵەكانی( 1980, 1984, 1989, 1996, 2000) لە دوای روخانی رژێمی بەعسیشەوە چوار جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە لە ساڵەكانی ( 2005, 2010, 2014, 2018). لە ساڵی 1958 تا 1980 هیچ لایەنێك بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكان دیارینەكراو, چونكە لەو ماوەیەدا هیچ هەڵبژاردنێك نەكراوە, لە ساڵی 1980- 2000 عزەت دووری سەرۆكایەتی دەستەی باڵای سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكانی كردووە بۆئەوەی كۆنترۆڵی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی بكرێت‌و لەدوای 2003شەوە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان وەك دەستەیەكی سەربەخۆ ئەركی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی خراوەتە ئەستۆ. مەرجەكانی خۆ كاندیدكردن لەسەردەمی پاشایەتیدا ئەم مەرجانەی خوارەوە بۆ خۆ كاندیدكردن‌و ئەندامێتی پەرلەمان دیاریكراوە: - تەمەنی لە 30 ساڵ كەمتربێت. - حكوم نەدرابێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەی كەمتر نەبێت لە ساڵێك. - حكوم نەدرابێت بە مایەپوچبوون. - ساختەكار‌و دز نەبێت. - نابێت وەزیفەی حكومیی هەبێت. - نابێت لە كەسە پلە نزیكەكانی پادشا بێت كە ئەو پلەیە بە یاسا دیاری دەكرێت.  - پەرلەمانتار تەنها دەتوانێت نوێنەرایتی یەك ناوچە بكات لە ناوچەكانی نوێنەرایەتی كە بە یاسای هەڵبژاردن دیاریدەكرێن. لەسەردەمی كۆمارییدا بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نیشتمانی 1980- 2000 ئەم مەرجانە دیاریكراوە: - كەسایەتی تەواو بێت - تەمەنی 25 ساڵی تەواو كردبێت - باوەڕی بە بنەماكانی دەستور‌و شۆڕشی 17-30 تەمموز هەبێت. -  بەشداری قادسیەی سەدام‌و ئومولمەعاركی كردبێت. - خزمەتی سەربازی كردبێت‌و لانی كەم بڕوانامەی قۆناغی ناوەندی یان هاوتای ئەوەی هەبێت. مەرجەكانی ئەندامێتی پەرلەمان لە دوای 2005ەوە: - تەمەنی لە 30 ساڵ كەمتر نەبێت. - یاسای لێپرسینەوە‌و دادپەروەری‌و هیچ یاسایەك نەیگرێتەوە كە لە بری ئەو یاسایە كاری پێدەكرێت. - لەسەر حسابی نیشتمان‌و دارایی گشتی‌و لەرێگەی ناشەرعییەوە دەوڵەمەند نەبوبێت. - بڕوانامەی ئامادەیی یان هاوتای ئەوەی هەبێت. - لەكاتی خۆ كاندیدكردنیدا ئەندامی هێزە چەكدارەكان‌و دامەزراوە ئەمنییەكان نەبێت. ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی دەسەڵاتی یاسادانان لەسەردەمی پاشایەتیدا: 1- دەسەڵاتی یاسادانان مافی دانانی یاسایی هەیە لەگەڵ هەمواركردن‌و هەڵوەشاندنەوەی‌و مافیشی هەیە پرسیار ئاراستەی وەزیرەكان بكات‌و داوای روونكردنەوەیان لێبكات. 2- پێویستە هەموو پرۆژە یاساكان بۆ یەكێك لە دوو ئەنجومەنەكە ( نوێنەران, ئەعیان) بەرزبكرێتەوە ئەگەر رەزامەندی لەسەردا ئەوا بۆ ئەنجومەنی دووەم دەنێردێت‌و نابێتە یاسا ئەگەر هەردوو ئەنجومەنەكە رەزامەندی لەسەر نەدەن‌و پادشا پەسەندی نەكات. 3- پێویستە ئەنجومەنی گەل لە كۆبوونەوەی پێش دەستپێكردنی ساڵی دارایی بودجە پەسەندبكات. 4- ئەگەر پشووی ئەنجومەن بووە هۆی خەرجكردنی بڕێك پارە لە بودجە كە رەزامەندی خەرجكردنی نەدرابێت لە بودجەدا یان یاسایەكی تایبەتدا ئەوكاتە پادشا مافی ئەوەی هەیە مەرسومی مەلەكی بۆ دەربكات بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران. لە سەردەمی كۆمارییدا: ئەنجومەنی نیشتمانی ( 1980- 2003) ئەم ئەركانەی جێبەجێكردووە: - پێشنیازكردنی پرۆژە یاسا, - سەرۆك كۆمار داوا لە ئەنجومەن دەكات گفتوگۆ بكات لەسەر بنەماكانی هەر پرۆژە یاسایەك دەنگی لەسەر بدات بە قبوڵكردنی یان رەتكردنەوەی بەبێ‌ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر بەندەكانی بكات. - ئەنجومەنی نیشتمانی پەیماننامەكان‌و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان دەبینێت بۆ قبوڵكردنی یان رەتكردنەوەی, بەبێ‌ ئەوەی ئەنجومەن مافی ئەوەی هەبێت دەنگ لەسەر بەشەكانی یان مادەكانی بدات یان گۆڕانكاریی تێدا بكات. - ئەنجومەن مافی هەیە گفتوگۆ لەسەر سیاسەتە گشتییە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكانی دەوڵەت بكات. - ئەنجومەن بۆی هەیە بانگهێشتی هەر ئەندامێك لە ئەنجومەنی وەزیران بكات بۆ روونكردنەوە یان زانیاری وەرگرتن یان لێپرسینەوە لێی بە گوێرەی حوكمەكانی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن. ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی دەسەڵاتی یاسادانان لە دوای 2005ەوە: * دانانی یاسا فیدراڵییەكان. *چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن. * هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار. * رێكخستن‌و پەسەندكردنی پەیماننامە‌و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان. * پەسەندكردنی دامەزراندنی پۆستە باڵاكانی دەوڵەت. * لێپرسینەوە‌و بەخشینی سەرۆك كۆمار. * پێدان‌و سەندنەوەی متمانە لە سەرۆك‌و ئەندامانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن. * مافی لێپرسینەوە لە بەرپرسی دەستە سەربەخۆكان. * رەزامەندی دەربڕین لەسەر راگەیاندنی جەنگ‌و باری نائاسایی. لیژنەكانی دەسەڵاتی یاسادانان لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەنجومەنی نوێنەران حەوت لیژنەی هەبووە, لە خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران ( 2006- 2010) ژمارەی لیژنەكانی پەرلەمان گەیشتە 24 لیژنە, لە خولی دووەمدا ( 2010- 2014) ژمارەی لیژنەكان گەیشتە 26 لیژنە‌و لە خولی سێیەمدا ( 2014- 2018) ژمارەی لیژنەكان گەیشتە 25 لیژنە‌و لە خولی چوارەمیشدا ( 2018- 2022) ئەنجومەنی نوێنەران 24 لیژنەی هەیە. ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی سەردەمی پاشایەتیدا لە ساڵی 1925 ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەكە (88) ئەندام بوو, لە خولی 16ی ساڵی 1958دا بۆ (148) ئەندام بەرزبووەوە. لە سەردەمی كۆمارییدا: ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی 1980- 2000 (250) ئەندام بوو, ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە خولی یەكەمدا (2006- 2010) (275) ئەندام بوو, لە خولی چوارەمدا (2018- 2022) بۆ (329) ئەندام بەرزبوەوە. كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەردەمی پاشایەتیدا خولی ئەنجومەنی نوێنەران بریتیە لە چوار كۆبوونەوە لە هەر ساڵێكدا‌و لە رۆژی یەكی مانگی كانونی یەكەم دەستپێدەكات‌و ئەنجومەن شەش مانگی هەر ساڵێك كۆبوونەوەكانی دەكات‌و شەش مانگیش پشوو وەردەگرێت, ئەگەر ئەنجومەنەكە هەڵوەشێندرایەوە, ئەنجومەنە نوێیەكە بانگهێشتدەكات بۆ كۆبوونەوە بە شێوەیەكی نائاسایی لە ماوەیەكدا كە لە چوار مانگ تێپەڕنەكات لە بەرواری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەوە‌و ئەنجومەنی نوێنەران پێویستە لەسەری بڕی خۆ هەڵوەشاندنەوە بدات‌و پادشا فەرمان دەردەكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران‌و لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی گەلدا كە خۆی سەرۆكایەتی دەكات بڕیاری دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی دەدات. لە سەردەمی كۆمارییدا, ساڵی یاسادانانی ئەنجومەنی نیشتمانی ( 1980- 2000) پێكهاتووە لە دوو وەرزی یاسادانان, ئەنجومەن دەتوانێت كارەكانی لەهەر وەرزێكدا بێت دەستپێبكات, یەكێكیان لە حەوتی نیسان دەستپێدەكات‌و كۆتایی حوەزیران كۆتایی دێت‌و ئەوی تریان 15ی تشرینی یەكەم دەستپێدەكات‌و كۆتایی كانونی یەكەم تەواودەبێت‌و ئەم خولە كۆتایی پێ ناهێنرێت هەتا بودجەی گشتی پەسەند نەكرێت. لە ئەنجومەنی نوێنەرانی دوای 2005دا خولی ئەنجومەن چوار ساڵەو بە یەكەمین دانیشتنی دەستپێدەكات‌و كۆتایی ساڵی چوارەمی كۆتایی دێت, هەر ساڵێك ئەنجومەنی نوێنەران دوو وەزری یاسادانی هەیەو ئەو وەرزەی پرۆژە یاسای بودجەی تێدا دەخرێتە گفتوگۆوە كۆتایی پێ ناهێنرێت تا بودجە پەسەند دەكرێت. هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەردەمی پاشایەتیدا ( 1925- 1958) پادشای وڵات فەرمان دەردەكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران‌و لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گەلدا كە خۆی كۆبووونەوەكە دەكاتەوەو بڕیاری دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی دەدات. لە سەردەمی كۆمارییدا سەرۆك كۆمار مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی ( 1980- 2000)ی هەبووە, لە دوای 2005ەوە ئەنجومەنی نوێنەران هەڵدەوەشێنرێتەوە بە زۆرینەی رەهای هەموو ئەندامەكانی لەسەر داواكاریی یەك لەسەر سێی ئەندامەكانی یان لەسەر داواكاریی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە رەزامەندی سەرۆك كۆمار‌و نابێت لەكاتی پرۆسەی لێپرسینەوە لە سەرۆك وەزیران ئەنجومەن هەڵبوەشێنرێتەوە. سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەردەمی كۆمارییدا ئەنجومەن هەموو ساڵێك لە یەكەم دانیشتنیدا سەرۆكێك‌و دوو جێگری سەرۆك‌و دوو نوسەر لە ئەندامەكانی ئەنجومەن هەڵدەبژێرێت‌و ئەنجومەن ئەم هەڵبژاردن پەسەند دەكات. لە سەردەمی ئەنجومەنی نیشتمانیدا ( 1980 – 2000) لە دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەندا بە دەنگدانی نهێنی سەرۆكی ئەنجومەن‌و دوو جێگر‌و ئەمینداری ئەنجومەن هەڵدەبژێدرێنئ بەهەموویان دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە پێكدەهێنن, سەبارەت بە ئەنجومەنی نوێنەرانیش لەدوای ساڵی 2005ەوە ئەنجومەنەكە لە یەكەم دانیشتنیدا سەرۆكێك‌و جێگری یەكەم‌و دووەمی سەرۆك بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانیو بە دەنگدانی نهێنی راستەوخۆ هەڵدەبژێرێت.  


راپۆرت: درەو لە هەرێمی كوردستان رێژەی 34,5%ی ئەو كەسانەی كە مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختەی عێراقدا هەیە، كارتی بایۆمەترییان نوێ نەكردوەتەوە، زەمینەی ئەنجامدانی ساختەكاری فراوان هاوشێوەی هەڵبژاردنەكەی 2018 لەبارە، چونكە سیستمی هەڵبژاردنەكە بەهەمان شێوە ئەلیكترۆنییە‌و ئەگەری هاككردن‌و گۆڕینی ئەنجامەكان لەبارە، حزبەكان چونەتە هاوپەیمانێتییەوە، ئەمە ئەگەری چاودێریكردن‌و ناڕەزایەتی لەبارەی ئەنجامەكان كەمدەكاتەوە، ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەردا چۆن دەبێت ؟ گومان‌و ساختەكاریی  كەم نین ئەو سیاسەتمەدارانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان، كە پێشبینی دەكەن هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق خراپترین هەڵبژاردن بێت لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە.  هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بڕیارە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت، گومانی ساختەكاری گەورەو دابەزینێكی نوێی ئاستی بەشداری دەنگدەرانی لێدەكرێت، ئەگەر ئەم پێشبینیانە راست دەربچن، پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق بەتەواوەتی واتای خۆی لەدەستدەدات، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، زۆربەی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان چونەتە ناو رێككەوتن لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەكان لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن، كە ئەمەش دەرفەتی كێبركێی هەڵبژاردن‌و چاودێكردنی پرۆسەكەی لەلایەن حزبەكانەوە وەكو پێویست كەمكردوەتەوە.   گومان یان راستی ؟ ئەوانەی گومانی خراپ لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەكەن، گومانەكانیان لەسەر بنەمای ئەزموونی پێشتری هەڵبژاردن‌و دۆخی ئێستای عێراق‌و ئەو پێدراوانە هەڵچنیوە كە لەبەردەستدان‌و دەكرێت لەم خاڵانەدا كورت بكرێنەوە:  •    ژمارەی ئەو كەسانەی كە لەسەرتاسەری عێراق بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە مافی دەنگدانیان هەیە (25 ملیۆن) كەسە، لەم رێژەیە نزیكەی (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) كەسیان دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانن. لەسەر ئاستی عێراق‌و لەزاری بەرپرسانی سیاسییەوە، باسلەوەدەكرێت (4 ملیۆن) كارتی دەنگدان نادیارە، یەكلانەبونەوەی چارەنوسی ئەم كارتانە لەپاڵ پێشبینی كەمی ئاستی بەشداری دەنگدەران، كاریگەری لەسەر ساختەكردنی زیاتر لە (40) كورسی پەرلەمانی داهاتووی عێراق دەبێت لەلایەن حزبە باڵادەستەكانەوە. •    شێوازی هەڵبژاردن بە هەمان میكانزمی هەڵبژاردنەكەی 2018 بەڕێوەدەچێت، كە دەنگدانی ئەلیكترۆنیە‌و نەك دەنگدانی دەستیی، جاری دووەمە لە عێراق ئەم شێوازە ئەزمون دەكرێتەوە، ئەم شێوازە لە ساڵی 2018 ناڕەزایەتی گەورەی لێكەوتەوە، ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی لە گومانەوە كرد بە راستەقینە، بەجۆرێك لە بەشێكی زۆری بنكەكانی دەنگدانیان، بەسودوەرگرتن لە كەلێنەكانی سیستمە ئەلیكترۆنییەكە، بەتەواوەتی داتاكانی هەڵبژاردن لەلایەن حزبە باڵادەستەكانەوە ساختە كرا، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی عێراق، لەبارەی دواین هەڵبژاردنەوە لە عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا باسلەوە دەكات، مستەفا كازمی كاتێك سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بووە، سەردانی ماڵەكەی كردووە‌و پێی وتووە:" كەسێكی هاكەرم لەگەڵ خۆمدا بردووە بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایی نیشتمانی، هاكەرەكە توانیویەتی لەماوەی 4 خولەكدا بچێتە ناو سیستمەكەو هەموو داتاكانی ناو ئامێری هەڵبژاردن بگۆڕێت"، كازمی كاتێك ئەم قسەیەی كردووە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بووە، ئێستا سەرۆك وەزیرانە‌و ئەو سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو دەكات، بەڵام ئامێرەكان هەمان ئەو ئامێرانەی هەڵبژاردنن كە لە دواین هەڵبژاردندا حزبە سیاسییەكان چوونە ناوی‌و داتاكانیان لە بەرژەوەندی خۆیان گۆڕی. •    ئامێرەكانی هەڵبژاردن: چوار ئامێر لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كار دەكەن كە ئەمانەن: -    ئامێری پەنجەمۆر: ئەم ئامێرە پەنجەمۆری دەنگدەر وەردەگرێت بۆ دڵنیابوون لە كارتی دەنگدانەكەی، بەپێی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زیاتر لە (70 هەزار) ئامێری لەمشێوەیە بەكاردەهێنرێت، ئەم ئامێرە بەرێژەی 100% توانای بەراوردكردنی پەنجەمۆری هەیە‌و بەبڕی پێویست شەحن دەكرێت‌و لەكاتی پچڕانی تەزووی كارەبادا كێشەی نابێت‌و كاری خۆی دەكات، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئێستا كۆمسیۆن مافی دەنگدانی بەو كەسانەش داوە كە تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان نوێ نەكردوەتەوە، ئەمەش تەنیا لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەكەدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی كوالیتی‌و خاوێنی پرۆسەی دەنگدان.  -    ئامێری ساتا: ئەم ئامێرە ئەنجامی هەڵبژاردن لە بنكەكانی دەنگدان رەوانەی سەنتەری هەڵبژاردنەكان دەكات، لە هەڵبژاردنی رابردوودا ئەم ئامێرە لەلایەن حزبە سیاسییە باڵادەستەكانەوە كرایە ئامانج‌و داتای هەڵەو ساختەكراوی پێدا رەوانە كرا بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، داتایەك كە گوزارشتی لە دابەشبوونی راستەقینەی دەنگدان لە بنكەكاندا نەدەكرد، بەڵكو رێژەیەك بوو كە لەلایەن ئەوانەوە دانرا بوو كە ئامێرەكەیان هاككردبوو لەبەرژەوەندی خۆیان، هەمان سیناریۆ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەگەری دووبارەبونەوەی هەیە.  •    ئامێری بیكۆز: ئەم ئامێرە لەسەر ئاستی هەر وێستگەیەكی هەڵبژاردن دەنگەكان جیادەكاتەوە‌و ئەژماریان دەكات‌و دەنگی پوچەڵ لە دەنگی راستەقینە جیادەكاتەوە. •    ئامێری سیكۆز: ئەمەش بەهەمان شێوە ئامێری جیاكردنەوە‌و ئەژماركردنە بەڵام لە ناوەندی تۆماركردنی دەنگدەران.  بەگشتی لە دواین هەڵبژاردنی عێراق دەنگدانی ئەلیكترۆنی سەركەوتوو نەبوو، لەكاركەوتنی ئامێرەكان‌و نەبوونی وزەی كارەبای پێویست‌و لایەنی سەرپەرەشتیاری بەهێز كە ئامێرەكان لە هاككردن بپارێزێت، لەو هۆكارانەن كە وایانكردووە زۆر كەس متمانەیان بەم سیستمەی هەڵبژاردن نەبێت‌و گومان لە راستی ئەنجامەكانی بكەن.  -    نەبوونی كۆمسیۆنێكی هەڵبژاردنی بێلایەن‌و دابەشكردنی پۆستەكانی كۆمسیۆن بەشێوەی پشكێنەی حزبی‌و تائیفی لەنێوان پێكهاتە‌و لایەنە سیاسییەكاندا، هەژموونی حزبە سیاسییەكان بەسەر كۆمسیۆن‌و ئۆفێسی كۆمسیۆنەكان لە پارێزگاكان، لە متمانەی دەنگدەرانی بە پرۆسەی هەڵبژاردن كەمكردوەتەوە. -    یاسای هەڵبژاردن: یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق سەرباری ئەوەی بۆ ئەوە نوسرایەوە، تاوەكو پرۆسەی هەڵبژاردن لەژێر دەستی ئەو حزبانە رزگاربكرێت كە لەدوای روخانی سەددامەوە كۆنترۆڵی ژیانی سیاسی عێراقیان كردووە، بەڵام وا دەردەكەوێت یاساكە رۆڵێكی ئەوتۆی نابێت لە هێنانە پێشەوەی خەڵكانی دەرەوەی حزبە نەریتییەكانی عێراق‌و توانای بەدیهێنانی گۆڕانكاری گەورەی نییە. هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە كوردستان هەڵبژاردن لەسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بە هەمان میكانیزم‌و ئامێرو بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەدەچێت، هەمان ئەو گومانانەی لەسەر ئاستی عێراق لە پرۆسەكە هەیە، لە هەرێمی كوردسانیش ئامادەیە.   بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن‌و 417 هەزارو 659) كەس مافی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیە (2 ملیۆن‌و 237 هەزارو 949) كەس بەڕێژەی (65.5%) تۆماری بایۆمەتریان كردووەو (ملیۆنێك‌و 179 هەزارو 710) كەس بەڕێژەی (34.5%) تۆماری بایۆمەتری نەكردووە.  یەكێك لەڕێگەكانی ساختەكاری‌و دەستكاریكردنی دەنگی دەنگدەران بە كارتی بایۆمەتری دەكرێت، بەوپێیەی بەرپرسی لقەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە هەولێرو دهۆك پارتین‌و لە سلێمانی‌و كەركوكیش یەكێتین.  ئەو هێزانەی لە هەرێمی كوردستان نیازی ساختەكاریان هەیە، چاویان لەسەر كارتی دەنگدانە، كە (ملیۆنێك‌و 179 هەزارو 710) كەس تۆماری بایۆمەتری نەكردووەو نزیكەی (150 هەزار) كەسیش كارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەوەتەوە، كە لە كۆی (44) كورسیەكەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەم رێژەیە لە كارتی دەنگدان بەشی نزیكەی (12) كورسی دەكات‌و دەتوانرێت یاری بەم كارتانەوە بكرێت.  پارێزگای هەولێر:  (ملیۆنێك‌و 228 هەزارو 30) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەم ژمارەیە تەنها (741 هەزارو 534) كەس تۆماری بایۆمەترییان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پڕكردوەتەوە، كە دەكاتە (60%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە سنوری پارێزگاكە.  واتە لە سنوری پارێزگای هەولێر، (486 هەزارو 496) كەس تۆماری بایۆمەترییان پڕ نەكردوەتەوە كە دەكاتە رێژەی (40%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.  پارێزگای سلێمانی: (ملیۆنێك‌و 361 هەزارو 971) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەم ژمارەیە تەنیا (913 هەزارو 199) كەس تۆماری بایۆمەترییان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نوێ كردوەتەوە كە دەكاتە رێژەی (67%) كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە سنوری پارێزگاكە.  لەبەرامبەردا (448 هەزارو 772) كەس تۆماری بایۆمەترییان نوێ نەكردوەتەوە كە دەكاتە رێژەی (33%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.  پارێزگای دهۆك: (827 هەزارو 658) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە ژمارەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق تەنیا (583 هەزارو 216) كەس كارتی بایۆمەترییان پڕكردوەتەوە كە دەكاتە رێژەی (70%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.  لەبەرامبەردا (244 هەزارو 442) كەس كارتی بایۆمەتریان پڕ نەكردوەتەوە كە دەكاتە رێژەی (30%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.  ساختەكاری لە هەرێم بەكۆی گشتی لە هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن‌و 417 هەزارو 659) كەس مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆكتۆبەری داهاتوودا. لەكۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێم، (2 ملیۆن‌و 237 هەزارو 949) كەس كارتی بایۆمەترییان نوێ كردوەتەوە، لەبەرامبەردا (ملیۆنێك‌و 179 هەزارو 710) كەس كارتەكەیان نوێ نەكردوەتەوە، واتە بەگشتی لە هەرێمی كوردستان رێژەی 34,5%ی ئەو كەسانەی كە مافی دەنگدانیان هەیە، كارتی بایۆمەترییان نوێ نەكردوەتەوە. ئەمانە ئەو توێژەن كە دەكرێت حزبە سیاسییە باڵادەستەكان یارتی بە دەنگ‌و كارتی دەنگدانەكانیانەوە بكەن، بەتایبەتیش ئەگەر خۆیان بایكۆت بكەن‌و نەچنە سەر سندوقەكانی هەڵبژاردن.  


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) ئێراننامە(٥)  ئامارە گشتییەکان ئێرانییەکان ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی٢٠٢١، لەبەردەم سێ هەڵبژاردندان(سەرۆکایەتی، نێوخولی ئەنجوومەنی شارەزایان و ئەنجوومەنە شاری و دێهاتییەکان)، کۆی گشتیی دانیشتوانی ئێران بەنزیکەیی هەشتاوچوارملیۆن و سێسەدودەهەزارە(٨٤،٣١٠،٠٠٠)، پەنجاونۆملیۆن و سێسەدودەهەزار و سێسەدحەوتهەزار(٥٩،٣١٠،٣٠٧) مافی دەنگدانییان هەیە، ملیۆنێک و  سێسەدونەوەدودووهەزار و سەدوچلوهەشت کەس(١،٣٩٢،١٤٨) یەکەمین جاریانە دەنگ دەدەن. شاری تاران بە نۆملیۆن و هەشتسەدهەزار دەنگدەر(٩،٨٠٠،٠٠٠) دەبێتە یەکەمین شاری ئێران کە زۆرترین کەس مافی دەنگدانی هەیە. (بۆ زانیاری زیاتر لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دەسەڵات و پێگەکەی بڕوانە: دۆسێی دەرەومیدیا، ئێراننامە(١)). بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، ماوەی پێنج (٥)ڕۆژ مۆڵەت دەدرێتە ئێرانییەکان (ئەڵبەت بەپێی مەرجە ئیسلامیزەکراوەکانی دەستوور و ڕێنماییەکانی شورای پاسەوان) خۆیان بپاڵێون بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، (بۆ ٢٠٢١، ١١-١٥ی ئایار بوو)، پێنج ڕۆژی دوای ئەوە (١٦تا٢٠ی ئایار) شورای پاسەوان خۆپاڵێوەکان هەڵدەسەنگێنێت و دوا کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ڕادەگەیەنێت و وەک نەریتێکی کاری ئەم شورایە زۆرینەیەیان ڕەتدەکرێنەوە(بڕوانە #ئێراننامە کانی یەک و سێ لە دۆسێی درەو میدیا)، پاش ئەوەش پێنج ڕۆژی دیکە مۆڵەت دەدرێتەوە بەو کەسانەی خۆیان کاندید کردووە و ڕەتکراونەتەوە تا پەڵپی(اعتراض) خۆیان پێشکەش بکەن و  بەدواداچوون بۆ ڕەتکردنەوەیان بکەن. ٢٦ی ئایاریش دوایین کاندیدی پەسەندکراوی شورای پاسەوان ڕادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی بچنە کێبەرکێی هەڵبژاردنەوە. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش، ٥٩٢ کەس خۆیان کاندید کردووە و چاوەڕوانی دوابڕیاری شورای پاسەوانن تا دڵنیایان بکاتەوە لەوەی پەسەندن پچنە ململانێوە یان نەخێر. لەنێو ئەمانەدا، ٢٧٢کەسیان هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بەرەوخوار بوون، ٣٢٠یان هەڵگری ماستەر و بەرەو سەر بوون. ٨٩یان تەمەنیان خوار ٤٠ ساڵ بوون و ٤٩٥یان ٤٠-٧٥ساڵ بوون و ٨ کەسیشیان لەسەروو ٧٥ ساڵەوەن. هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢١ تەنها ٢٠ ڕۆژە و لە ٢٨ی ئایار تا ١٦ی حوزەیران درێژە دەکێشێت و ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و  ٣ی ئابی٢٠٢١ سەرۆکی نوێی وڵات دەستبەکار دەبێت. بەمەش دەبێتە سێنزەیەمین خولی هەڵبژاردنی ئەم پۆستەیە لە مێژووی ئێراندا. بۆ هەڵبژاردنی نێوخولیی ئەنجومەنی شارەزایان، ٦ کورسیی پڕنەکراوە لە چوار پارێزگای ئێراندا هەیە(تاران، خۆراسان، قوم و مازندەران)، ٨٨ کەس لە شارەزایانی ئاینی خۆیان پاڵاوتووە. ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان، بە ئەندامێتیەکی گرنگی نێو سیستەمی سیاسیی ئێران دادەنرێت، چونکە ڕۆڵیان دەبێت لە هەڵبژاردنی ڕێبەری باڵای ئێراندا کە یەکەمین و باڵاترین پۆستی وڵاتە و یەکجار هەڵدەبژێردرێت و ماوەی دیاریکراوی نییە. (بڕوانە #ئێراننامە(٤)) هەرچی هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکان(شوراکان)ی شار و دێهاتەکانە سەرانسەرییە، لەسەردەمی حکومەتی خاتەمی و لە ساڵانی نەوەدەکانەوە جێبەجێکرا، بۆ هەر شارێک ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراو دادەنرێت، ئەم خولە شەشەمینیەتی و هەر خولێکی چوارساڵە، ئەنجومەنی شارەوانی و سەرۆکشارەوانییەکان بەرهەمی ئەم هەڵبژاردنەن. هەڕەشەی بایکۆت لەبەردەرگایە لە خولی دوانزەیەمی پێشوودا ١٦٣٦کەس و خولی یانزەی پێشووتردا ٦٨٦کەس، خۆیان کاندید کرد و ڕێژەی پەسەندکراوانیان لە پەنجەکانی دەست کەمتر بوون، بەراورد بە دوو هەڵبژاردنی خولەکانی پێشتر، کەمترین ڕێژەی خۆ تۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تۆمار کراوە(٥٩٢کەس). ئەمەش بۆ چەند هۆکار دەگەڕێتەوە: ١. خراپی دۆخی گوزەران، گرانی و هەڵایسان، داکشانی نرخی دراوی ئێرانی بەرابەر دۆلار، دەستەپاچەیی کابینەی پێشوو لە چارەسەر و تێپەرڕاندنی کێشەکان و نائومێدیی خەڵک لە هەڵبژاردن. ٢. لەڕووی سیاسییەوە دەنگی بایکۆتی هەڵبژاردن لە هەموو ڕوویەکەوە بەرزترە، هەم لە ئاستی خەڵکدا کە پێیان وایە، چیتر هەردوو تەوژمی توندئاژۆ و ڕیفۆرمیستەکان ناتوانن وەڵامدەرەوەی خواست و ئامانج و ئاسۆی ئێرانییەکان بن، هەروەها لەئاستی تەوژمە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ئێرانیشدا، ساڵێک زیاترە هەڵمەتێکی ڕێکخراوی توندوتۆڵیان ڕێکخستووە و بانگەوازی بایکۆتی دەنگدان دەکەن. جیا لەوەش گوماندەکرێت بەشێکی زۆری ئەو حزب و لایەنانەی کاندیدەکانیان لە لایەن شورای پاسەوانەوە ڕەت دەکرێتەوە، بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن و هەروەک پێشتریش کەسانی وەک ئەحمەدی نەژادی ئسوڵگەرای پێشین و مستەفا تاجزادەی ڕیفۆرمیست کشانەوەیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن بە ئەگەرێک داناوە، بەمەش بەرەی بایکۆت زیاتر دەبێت. ٣. لەماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی ئێران لانیکەم دوو خۆپیشاندانی گشتگیریی ئێرانییەکانی بە ئاگر و ئاسن وەڵامدایەوە و لە دوایەمینی ٢٠١٩دا زیاتر لە ١٥٠٠کەسیان لە خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەکان خەڵتانی خوێن کرد و لەنێویان بردن. ٤. توندترکردنی ڕێکارەکانی خۆ کاندیدکردن لەلایەن شورای پاسەوانەوە، کە لیستە بڕیارێکی نوێی دەرکرد هەم لە ڕووی تەمەنەوە و هەم لەڕووی ئەزموونەوە خۆ کاندیدکردنی سنووردارتر کرد. تێبینەیە گشتییەکان ١. لە دیدی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و بەتایبەت خودی ڕێبەری باڵا(خامینەیی)، بەشدارییکردنی هاوڵاتیان سەنگی مەحەکە و گرەوی لەسەر دەکات تا زۆرترین ڕێژەی بەشداری تۆمار بکرێت، ئەوان ئەم هەڵبژاردنە بە ڕیفراندۆمێکی ڕانەگەیەنراو، مەسەلەی ڕەوایەتی و نارەوایەتی کۆمار، باوەڕ و بێباوەڕی دەچوێنن، ئەمەش وەک بەرەنگاربوونەوەی ئەو یەخانگیرییەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتە کە سیستەمی سیاسیی دەوڵەت دەباتە ژێر پرسیارەوە و پێیوایە ئەم سیستەمە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک نییە و دەنگدانیش یارییەکی ئەنجامزانراویی نێو سەرانی دەسەڵاتە نەک زیاتر. بەکورتی لای یار و نەیاری ئەم هەڵبژاردنە، پرۆسەکە بەهۆی بەشداری و بایکۆتەوە، جەنگی کۆماری ئیسلامییخوازی و نەیارانییەتی و هەردوولا لە گرەوێکی ڕانەگەیەنراودان. ٢. لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢١ی ئێراندا، زۆرینەی کاندیدەکان، ئەو بەرپرسانەن کە لەچینی سەرەوەی بڕیاری سیاسییدا بوون یان لەو نوخبەیە بوون کە پۆستی باڵایان مومارەسە کردووە و بەشێک بوون لە بڕیاری سیاسیی نێودەوڵەت. سەیرتر لەوەدایە، بەشێکی زۆری کاندیدەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا، زۆرترین ڕەخنەیان لە پۆستی سەرکۆماریی گرتووە و پێیانووابووە بڕیار لای ڕێبەر و یاوەرانییەتی و سەرکۆمار بێدەسەڵاتە و نوێنەری ڕاستەقینە نییە و پۆستێکی "هیچ"ە، بەڵام ئێستا ئەوانە خۆیان بۆ پۆستێکی "هیچ" پاڵاوتووە. ٤. لە لیستی ناوی کاندیدەکانەوە دەردەکەوێت، کە ململانێی هەڵبژاردن لە نێو سەرانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە لە بازنەیەکی بچووکدا، کە دابەشبوون بەسەر سوپایی (قاسمی، سەعید و ڕەزایی)، ئسوڵگەرا (ئیبراهیم ڕەئیسی، جەلیلی)میانڕەوی ئسوڵگەرا (لاریجانی و موتەهەری)، دژەجەمسەرگیری (ئەحمەدی نەژاد)، ڕیفۆرمخواز (تاجزادە) و سیاسییەبەرژەوەندیگەراکان (موحسین هاشمی ڕەفسەنجانی و جەهانگیری)دا. ئەمانە لەو ڕوخسارە دیار و دووبارانەن کە ٤١ساڵە لە پۆستەکانی نێو کۆماردان و ململانێیان هەیە بۆ ڕاکێشانی دەنگەکانی هاوڵاتیانی بەشداربووی هەڵبژاردنەکان.  ئێراننامە: زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی  


شیكاری: درەو بەشی دووەم: پارێزگای هەولێر لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (٥٢) كاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٥) کورسی گشتی و (١) کورسی کۆتا دەکەن، (٣٤) كاندیدیان پیاوو (١٨)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە  (٥) كاندیدی سەربەخۆ و (٣٥) كاندیدی پارتە سیاسییەکان و (٧) كاندیدی هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان) و (٥) بەربژێری کۆتای مەسیحین، لەم شیکارییەی (درەو)دا چانسی سەرکەوتنی كاندیدی لایەنەكان لەبازنەكانی پارێزگای هەولێر خراوەتە روو. زانیاری گشتی 1.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای هەولێر (١٥) كورسی گشتی و (١) کورسی کۆتای مەسیحی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٤) بازنەی هەڵبژاردن و کە پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا). 2.    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (٥٢) بەربژێر ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٥+١) کورسی دەکەن، (٣٤) بەربژێریان پیاوو (١٨)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە (٥) بەربژێری سەربەخۆ و (٣٥) بەربژێری پارتە سیاسییەکان و (٧) بەربژێری هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان) و (٥) بەربژێری کۆتای مەسیحین. بەجۆرێک؛ -    پارتی دیموکراتی کوردستان (١٢) بەربژێر کە (٨) پیاوو (٤) ئافرەتن.  -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٥) بەربژێر کە (٢) پیاوو (٣) ئافرەتن.  -    نەوەی نوێ (٤) بەربژێر کە (٢) پیاوو (٢) ئافرەت. -    بزوتنەوەی گۆڕان بە (٢) بەربژێری پیاو. -    کۆمەڵی دادگەری (٢) بەربژێر کە (١) پیاوو (١) ئافرەت. -    یەکگرتووی ئیسلامی (٢) بەربژێر کە (١) پیاوو (١) ئافرەت. -    حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (٤) بەربژێر کە (٣) پیاوو (١) ئافرەت. -    حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان (١) بەربژێری پیاو. -    بەرەی تورکمانی عێراقی (٣) بەربژێر کە(١) پیاوو (٢) ئافرەت. -    قادیمون (٥) بەربژێر کە (٤) پیاوو (١) ئافرەت. -    حركە بابلیون (١) بەربژێری ئافرەت. -    الحركە الدیمقراگیە اڵاشوریە (١) بەربژێری پیاو. -    سەربەخۆ (٥) بەربژێر کە (٤) پیاوو (١) ئافرەت. -    کۆتای مەسحی لە چوارچێوەی (٤) پارت و (١) سەربەخۆ (٥) بەربژێریان هەیە کە (٤) پیاوو (١) ئافرەتن. 3.    بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەستین، چونکە دواین هەڵبژاردنە کە لە 30/9/2018 لەم سێ پارێزگایە ئەنجام درابێت. 4.    ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی (درەو) تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای كاندید و پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان و هەڵسەنگاندنی پێگەی ئێستایان . 5.    ئەگەر چی هاوپەیمانی ئاشکرا هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، باس لە جۆرێك لە ڕێککەوتن و تەنسیق دەکرێت لە نێوان لایەنە ئیسلامییەکان  دەكەن، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە زیاتر لە پارێزگای سلێمانی کاریگەری گەورە جێدەهێڵن بەراورد بە پارێزگای هەولێر. 6.    ساختەکاری هەمیشە ئەگەرێکی دور نیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەگەر چاوێک لە ئەنجام و هەوڵەکانی ساختەکاری بدەین لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە . چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (١)ی پارێزگای هەولێر بازنەی (1): کە ناسێنراوە بە بازنەی (سۆران + مێرگەسور + رەواندز + چۆمان + شەقلاوە)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١)) چارتی ژمارە (١) ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بازنەی (١) بەم شێوەیەن؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان •    نەهرۆ مەحمود قادر سەعید •    محەمەد سدیق محەمەد یاسین •    سیپان عەزیز حدو خدر •    جوان عەبدوڵا عومەر عەبدوڵا 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان •    فەیسەڵ کەریم خان مەحمود •    شەرمین حەمەد بەگ بایز 3.    بزوتنەوەی گۆڕان •    نیەتی 4.    نەوەی نوێ •    کوردوان جەمال مەحمود 5.    کۆمەڵی دادگەری •    نیەتی 6.    یەکگرتووی ئیسلامی •    نیەتی 7.    پارتی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان •    رازان عەبدولفەتاح حەسەن 8.    بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشوری •    نادر موشی موراد 9.    حركە بابلیون •    رغد یوسف کبرو 10.    قادمون •    عەلی وادی حەسەن 11.    سەربەخۆکان •    هیلان عیسی كریم اسحق 12.    کۆتای مەسحی بۆ (١) کورسی لە چوارچێوەی (٤) پارت و (١) سەربەخۆ (٥) بەربژێر کە (٤) پیاوو (١) ئافرەت.پارتەکانی (الحزب الوگنی الاشوری)( ائتلاف حمورابی) (اتحاد بیپ نهرین الوگنی) •    سەنا یەعقوب فلو •    بیتر منیر هرمز •    رائد ئیسحەق موراد •    جۆزیف صلیوا سبی •    فاروق حنا عتو شمعون (سەربەخۆ) پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (١): لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پیویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. * پارتی دیموکراتی کوردستان -    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٧٠.٣٠%)ی دەنگەکانی هەیە كە (139 هەزارو 13) دەنگی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەم بازنەیە بە نزیکەی (١٠) هەزار لە دواوەوەیە. -    ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (١)ی هەولێر، سەرجەم هێزو لایەنە سیاسی و بەربژێرەکان ئاسنی سارد دەکوتن، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت. یەکێتی نیشتمانی کوردستان -    ئەگەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێزی دووەمە لەم بازنەیە بەڵام پێ دەچێت کەوتبێتە هەڵەی تەکنیکییەوە، چونکە لەبری ئەوەی (١) کاندید پێشکەش بکات، (٢) کاندیدی هەیە، بەمەش دەنگەکانی لەو بازنەیە پەرت دەبن كەلە هەڵبژاردنی رابردوو (25 هەزارو 2) دەنگی هەبووە، ئەو چانسە کەمەشی هەیە دەسوتێت، بۆیە ئەگەری هەیە یەکێک لە کاندیدەکانی بکشێنێتەوە. یان دەبێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ کومەڵ و یەکگرتوو دەنگەکانی ئەو هێزانە بدرێت بە یەکێتی، کە ئەمەش ئەگەرێکی قورسە ڕوبدات، بۆیە ئەگەر یەك كاندیدی هەبێت ئەوا ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیەكی دەبێت لەم بازنەیە.  نەوەی نوێ -    نەوەی نوێ لەم بازنەیەلە هەڵبژاردنی رابردوو ( 11 هەزارو 438) دەنگی هەبووە، ئەگەر یەکێتی یەکێک لە کاندیدەکانی نەکشنێتەوە، نەوەی نوێ چانسێکی دێتە پێش (١) کورسی بباتەوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو هیچ کاندیدێکیان نیە لەم بازنەیە و ئەگەری زۆرە دەنگەکانی نەوەی نوێ ڕوو لە هەڵکشان بکات.   چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (٢)ی پارێزگای هەولێر بازنەی (2): کە ناسێنراوە بە بازنەی ( دەشتی هەولێر+ كۆیە + خەبات)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٢)) چارتی ژمارە (٢) ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (بازنەی ٢)بەم شێوەیەن؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان •    خدر عەلی صادق •    ئامانج مەحمود ئەسعەد •    سومەیە کەریم خان یەحیا 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان •    کوردۆ عومەر عەبدوڵا 3.    بزوتنەوەی گۆڕان •    عەبدولسەلام محەمەد سوڵتان 4.    نەوەی نوێ •    وەزیرە ئەحمەد ئیبراهیم 5.    کۆمەڵی دادگەری •    نیەتی 6.    یەکگرتووی ئیسلامی •    نیەتی 7.    حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان •    مستەفا ئیبراهیم حەمە 8.    قادمون •    ئەبوبەکر محەمەد مەولود پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (٢): لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پیویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. پارتی دیموکراتی کوردستان -    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی(%48.9)ی دەنگەکانی هەیە، كە ( 71 هەزارو 961) دەنگ بوو، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (3) دەکەین، دەبینین تەنها دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەنە دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی، بۆیە پارتی لەم بازنەیە (2) كورسی مسۆگەرەو ئەگەری سێیەمشی هەیە، ئەگەر نەوەی نوێ سەرنەكەوێت.  یەکێتی نیشتمانی کوردستان -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم بازنەیە (37 هەزارو 631) دەنگی هەیەو  (١) بەربژێریشی هەیە لەم بازنەیە، دەبێتە خاوەنی (١) کورسی بە مسۆگەری بەو پێی بەربژێرەكەشی ئافرەتە، بۆیە ئەگەری سەركەوتنی زۆرە. نەوەی نوێ -    نەوەی نوێ لەم بازنەیە هێزی سێیەمەو لە هەڵبژاردنی رابردوو بە بەدەستهێنانی (15 هەزارو 24) دەنگ و كورسیەكی هەبووە، نەوەی نوێ لەم بازنەیە کە (١) بەربژێری ئافرەتی هەیە، لەم بازنەیە نەوەی نوێ چانسی سەركەوتنی دەبێت ئەگەر كاندیدەكەی یەكێتی كە چانسی سەركەوتنی زۆرە وقەزای كۆیە دەكەوێتە چوارچێوەی ئەم ناوچەیەو جێنقوسی یەكێتیە بەدەنگی خۆی دەربچێت و لەچوارچێوەی كۆتا نەبێت، یاخود کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی دەنگی کەمتر بەدەستبهێنێت، لەبەر ئەوەی کومەڵ و یەکگرتوو هیچ کاندیدێکیان لەم بازنەیە نییەو ئەگەری ئەوەی هەیە دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەڵام بەوپێیەی كاندیدەكەی یەكێیش ئافرەتە بۆیەئەگەری سەركەوتنی ئەم كاندیدەی نەوەی نوێ لاوازە.  بزوتنەوەی گۆڕان -    بزوتنەوەی گۆڕان کە بە (١) کاندید بەشداری کردووە، لەم بازنەیە كە هێزی چوارەمی بازنەکەیەو (10 هەزارو 654) دەنگی هەبووە، ئەگەری دەرچوونی بەهێزە بەهۆی ئەوەی لەم بازنەیەدا (3) كورسی پیاو هەیەو ( یەكێتی و نەوەی نوێ) كاندیدی پیاویان نیەو كۆمەڵ و یەكگرتووش كاندیدیان نیە، پارتیش تەنیا دووكاندیدی هەیە، بۆیەئەگەر كاندیدە ژنەكەی یەكێتی یاخود پارتی بەدەنگی خۆی سەرنەكەون و كاندیدێكی پیاو بەرن، واتا كاندیدە ژنەكانی یەكێتی یاخود پارتی دەنگیان لەكاندیدە پیاوەكەی گۆڕان زیاتر بێت ئەوا چانسی كاندیدەكەی گۆڕان نامێنێت، بەئەگەرێكی زۆر كاندیدە ژنەكەی یەكێتی دەنگی لە كاندیدە پیاوەكەی گۆڕان زیاتر دەبێت.   چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (٣)ی پارێزگای هەولێر بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (بەشی خۆرئاوای قەزای هەولێر)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٣)) چارتی ژمارە (٣) ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨   بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (بازنەی ٣)بەم شێوەیەن؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان •    رێبوار هادی عەبدولرەحمان •    لەیلە ئەکرەم سەعید 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان •    هەرێم کەمال خورشید 3.    بزوتنەوەی گۆڕان •    نیەتی 4.    نەوەی نوێ •    ڤیان عەبدولعەزیز عەبدولرەحمان 5.    کۆمەڵی دادگەری •    قومریە محەمەد نەجیب 6.    یەکگرتووی ئیسلامی •    بخشان رشید سیان 7.    پارتی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان •    عومەر رەسوڵ حەمەد 8.    حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان •    نەوزاد جەلال ئیبراهیم 9.    بەرەی تورکمانی عێراقی •    بەناز نەوزاد حاجی 10.    قادمون •    نایف لەتیف خالید پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (٣): لەم بازنەیەدا (3) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. پارتی دیموکراتی کوردستان -    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (56.6%)ی دەنگەکانی هەیە كە (54 هەزارو 946) دەنگە، سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٣) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەم بازنەیە بە نزیکەی (3) هەزار لە دواوەوەیە، لەم بازنەیە پارتی بە (٢) بەربژێر بەشداری کردووە کە یەکێکیان ئافرەتە، بۆ ئەوەی هەردوو کورسییەکە مسۆگەر بکات، بۆیە بە ئەگەرێكی بەهێز دوو كورسی دەبات وبەڵام كاندیدە ژنەكەی دەبێتەركابەرەی كاندیدە ژنەكانی نەوەی نوێ و كۆمەڵ. یەکێتی نیشتمانی کوردستان -    یەکێتی رێژەی دەنگەکانی بە پلەی دووەم دێت لە دوای پارتییەوە كە  (15 هەزارو 481) دەنگە، بۆیە ئەگەری گەورە ئەوەیە کورسییەکەی کە دەمێنێتەوە بیباتەوە، بەتایبەت کە بزوتنەوەی گۆڕان کاندیدی نیەو دوور نییە بەشێک لە دەنگەکانی ئەو حیزبە بچێت بۆ یەکێتی. لە هەمانكاتدا پارتی یەك كاندیدی پیاوی هەیە لەكاتێكدا لەم بازنەیە دووكورسی بۆ پیاوان هەیە.  نەوەی نوێ  لەم بازنەیە نەوەی نوێ ژنێكی كاندید كردووە دەنگەكانی لەرابردوو ( 10 هەزارو 409) دەنگەو هێزی سێیەمە بۆیە كانددیدە  ژنەكەی مللانێ لەگەڵ كاندیدەكەی پارتی دەكات لەم بازنەیە.  یەكگرتوو و كۆمەڵ لەم بازنەیەدا یەكگرتوو كۆمەڵ بە كاندیدی ژن بەشداریان كردووە، لە هەڵبژاردنی رابردوو كۆمەڵ ( 8 هەزارو 134) دەنگ و یەكگرتوو ( 5 هەزارو 500) دەنگیان هەبووە، بە بەرارود بە كاندیدە ژنەكانی پارتی و نەوەی نوێ، ئەگەری دەرچونی كاندیدەكانی یەكگرتوو كۆمەڵ لاوازە.   چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (٤)ی پارێزگای هەولێر بازنەی (4): کە ناسێنراوە بە بازنەی (بەشی خۆرهەڵاتی قەزای هەولێر)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٤)) چارتی ژمارە (٤) ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨   بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (بازنەی ٤)بەم شێوەیەن؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان •    مەریوان قەرەنی عیبراهیم •    سەباح سوبحی حەیدەر •    نەهلە قادر محەمەد 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان •    مژدە ئیسماعیل عەزیز 3.    بزوتنەوەی گۆڕان •    برزۆ مەجید عەبدوڵا 4.    نەوەی نوێ •    محەمەد ئیسماعیل عومەر 5.    کۆمەڵی دادگەری •    عەبدولستار مەجید قادر 6.    یەکگرتووی ئیسلامی •    زهیر محەمەد ئەمین خوشناو 7.    پارتی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان •    فەرهرنگ حەسەن عەباس 8.    بەرەی تورکمانی عێراقی •    رحاب توفیق سەلمان •    کازم یاوەر ئەنور 9.    قادمون •    نەجات خالید حمە رەشید •    فەرەح خالید سمین 10.    سەربەخۆ •    مسعود ابراهیم اغا منتك •    نریمان خالد صدیق عپمان •    فیصل احمد خوشناو •    گارق خورشید صالح عبدالله پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (٤): لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. پارتی دیموکراتی کوردستان -    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان (85 هەزارو 133) دەنگی هەبووە ڕێژەی (52.2%)ی دەنگەکانی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (3) دەکەین، دەبینین تەنها دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەنە ئاستی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی.  -    بەم ئەنجامە پارتی دیموکراتی کوردستان چاوی لە بردنەوەی (٣) کورسیە دووپیاوو ژنێك. یەکێتی نیشتمانی کوردستان -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم بازنەیە كە (23 هەزارو 989) دەنگی هەیەو یەك ژنی كاندید كردووەو كاندیدی پیاوی بۆ گۆڕان و كۆمەڵ جێهێشتووە،بەهۆی زۆری دەنگەكانی پارتی لەم بازنەیە ئەگەری ئەوە هەیەیەكێتی تەنیا توانای دەرچوونی كاندیدەكەی خۆی هەبێت و نەتوانێت بەشی گۆڕان و كۆمەڵ بدات، خۆ ئەگەر كاندیدە ژنەكەی یەكێتی دەنگی زۆر بهێنێت و بە دەنگی خۆی دەربچێت ئەوا چانسی كاندیدە پیاوەكانی گۆڕان و كۆمەڵیش دەسوتێت. نەوەی نوێ -    نەوەی نوێ ‌هێزی سێیەمی بازنەکەیە لە دوای یەکێتی و پارتی كە لەهەڵبژاردنی رابردوو (19 هەزارو 949) دەنگی هەبووە لە حاڵەتی ئەوەی یەکێک لە کاندیدە ئافرەتەکانی (پارتی) یان (یەکێتی بە تایبەتی) دەنگەکانی کۆتا تێپەڕێنێت، ئەگەرنا چانسی دەرچونی كاندیدەكەی نەوەی نوێ لەم بازنەیە لە كاندیدەكەی كۆمەڵ و گۆڕانیش زیاترە بەلەبەرچاوگرتنی دەنگی رابردوو.  -    ئاستی بەهێزی ناسراوی کاندیدەکەی نەوەی نوێ لە بازنەکەدا، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر سەرکەوتنی، چونکە کاندیدەکانی گۆڕان و کۆمەڵ بەهێز و ناسراون، یەکگرتووش هیچ کاندیدێکی نیە. بزوتنەوەی گۆڕان  بزوتنەوەی گۆڕان لەم بازنەیە بە كاندیدێكی خانەی راپەڕاندن بەشداری كردووە كە ئەویش ( برزۆ مەجید)ە لەم بازنەیە لە هەڵبژاردنی رابردوو گۆڕان بەڕێژەیەكی زۆر لەدوای كۆمەڵ و نەوەی نوێوەیە كە ( 13 هەزارو 236) دەنگی هەیە، ئەگەر یەكێتی هەوڵی جدی بۆ نەدات، ئەگەری دەرچونی كاندیدەكەی گۆڕان لاوازە لەبەرامبەر كاندیدەكانی نەوەی نوێ و  كۆمەڵی دادگەری چونكە گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوو لەم بازنەیە هێزی پێنجەم بووە. زۆر لە دوای نەوەی نوێ و گۆڕانەوەیە.   كۆمەڵی دادگەری كۆمەڵی دادگەری بەئەندامێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن كەهاوكات سەرۆكی فراكسیۆنەكەشیەتی لەپەرلەمانی كوردستان بەشداری كردووە كە ئەویش ( عەبدولستار مەجید)ە لە هەڵبژاردنی ربردوو كۆمەڵ لەم بازنەیە ( 18 هەزارو 17 ) دەنگی بەدەستهێناوە، جگەلە  دوو پیاوەكەی پارتی كە ئەگەری دەرچونیان بەهێزە، كێبەركێ دەكەوێتە نێوان كاندیدەكەی نەوەی نوێ كۆمەڵ و گۆڕانەوە، كە بە پێی دەنگی پێشوو و بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا كۆمەڵ و نەوەی نوێ و گۆڕان، كێبەركێی بەهێز دەكەوێتە نێوان كاندیدەكەی نەوەی نوێ و كۆمەڵ.  پێشبینی كۆتایی بەپێی لێكدانەوەكانی سەرەوە دابەشكردنی كورسیەكان بەم شێوەیە دەبێت: -    پارتی  8 – 10 كورسی   پێشتر ( 8) كورسی هەبووە لەپارێزگای هەولێر -    یەكێتی  1 – 3 كورسی     پێشتر ( 2) كورسی هەبووە لەپارێزگای هەولێر -    نەوەی نوێ  1- 3 كورسی   پێشتر ( 2) كورسی هەبووە لەپارێزگای هەولێر -    كۆمەڵ  0- 1 كورسی پێشتر ( 1) كورسی هەبووە لەپارێزگای هەولێر -    گۆڕان 0- 1 كورسی پێشتر ( 1) كورسی هەبووە لەپارێزگای هەولێر تێبینی:  •    ئەم شیكاریە  لەبەرچاوگرتنی (دەنگی پێشوو + خوێندنەوە بۆ هەڵوێستی لایەنەكان + ئەدایان لە سێ ساڵی رابردوو)دا وەرگیراوە. •    لەم هەڵبژاردنەدا  بەدەستهێنانی كورسی پلەبەندی حزبەكان دیاری دەكات نەك دەنگ، چونكە دەكرێت حزبێك لە كۆی هەموو بازنەكان (100 هەزار) دەنگ بهێنێت، بەڵام یەك كورسی بەدەستنەهێنێت، بەڵام حزبێك (50 هەزار) دەنگ بەدەستبهێنێت و (2) كورسی بەرێت.  •    ئەگەری ساختەكاری و رێككەوتن  و دابەشكاری ژێر بەژێری كورسیەكان، ئەگەرێكی بەهێزەو ئەوەی بەپلەی یەكەم كاریگەری راستەوخۆی لەسەر  یەكلاكردنەوەی دەنگ و كورسیەكان دەبێت ساختەكاری و رێككەوتنە نەك دەنگی دەنگدەران . •    چاوەڕوانی شەپۆلێكی زۆری بەشداری نەكردن و بایكۆت دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.    راپۆرتی پەیوەندیدار بەشی یەكەم:  چانسی كاندیدەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق


درەو: راپۆرتی: رێكخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لەپرۆسەكانی نەوت حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2021 ەوە پێدانەوەی شاییستە دواخراوەكانی كۆمپانیاكانی نەوت بەپێی میكانزمێكی نوێ دەبێت، رێژەی وەرگرتنەوەی شاییستە دواخراوەكان بەرێژەی 20% دەبێت كەپێشتر 50% بووە.  بەپێی زانیارییەکانی روونبین کە لە کۆمپانیا نەوتییەکانەوە وەری گرتووە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشنیازی بڕیارێکی کردووە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان ئەویش ئەوەیە کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ ەوە دانەوەی شایستەی دواخراوی کۆمپانیاکان  بەپێی میکانیزمێکی نوێ دەبێت و گۆڕانکاری هاتووە بەسەر ئەو میکانیزمەی کە سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا کە بەکۆمپانیاکانی نەوتی ڕاگەیاندبوو سەبارەت بە دانەوەی قەرزی چوارمانگی کۆمپانیاکانی نەوت (تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ و  کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٠).   میکانیزمە نوێکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەم شێوەیە:  ١- کاتێک نرخی نەوت لەسەروو ٥٠ دۆلارەوەیە کۆمپانیاکان رێژەی ٢٠٪ ئەوزیادەیە لەبری شایستە دواخراوەکانیان وەردەگرنەوە. بەپێی میکانیزمی پێشوو ئەوڕێژەیە ٥٠٪ بوو. ٢- لە بەرواری پێشکەشکردنی شایستەکانەوە لە لایەن کۆمپانیاکان بۆ حکومەت دوای ٦٠ رۆژ کۆمپانیا نەوتییەکان شایستەکانیان وەردەگرن. پێشتر ئەوماوەیە ٣٠ رۆژ بوو. ٣-  وەستاندنی کارکردن بە مەقاسە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا واتە پێشتر کۆمپانیا نەوتییەکان ئەگەر پارەیەکیان لای حکومەت بووایە دەیانخستە بەر قەرزەکانیان  ئێستا ئەوە رادەگیرێت. بۆنمونە لە مانگی کانوونی دووەمدا کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بڕی ١٦.٣ ملیۆن دۆلار کە دەبوایە بیدایە بەحکومەتی هەرێم خستە بەر قەرزی ئەو چوارمانگە.  کۆمپانیا نەوتییەکان دەڵێن ئەم پێشنیازە پێستر لەگەڵماندا باسنەکرواوە دەکەوینە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێم سەبارەت بام رێکارە نوێیانە بۆ وەرگرتنەوەی شایستەکانمان.  دوای ئەوەی نرخی نەوت لە ئازاری ٢٠٢٠ دا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دابەزی  بەهۆی کۆڤید ١٩ و پاشەکشەی خواست لەسەر نەوت بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری جیهان دەرئانجام داهاتی نەوتی هەرێم زۆر کەمیکرد، حکومەتی هەرێم  بڕیاری دا شایستەی دارایی چوارمانگی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ ٩ مانگ یاخود تا ئەوکاتەی نرخی نەوت دەگاتە ٥٠ دۆلار دوابخات کە بریتی بوو لە شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ و کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٠.  ئەو کات ڕوونبیین لە شیکردنەوەیەکیدا بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکان قەرزی ١٠ کۆمپانیا کە لە ٦ کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوت کاردەکەن لەکۆی ٨ کێڵگەی ئەو کاتە کەڕێژەی ٥٥٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێمیان پێکدەهێنا مەزەندەکرد بە ٧٩٤ ملیۆن دۆلار( ئەم بڕە قەرزی کۆمپانیای کار و گاز پرۆم و وێستێرن زاگرۆسی تیانییە لەبەر ئەوەی کە هیچ زانیارییەک لە لایەن ئەو سێ کۆمپانیاوە ڕانەگەیەنراوە). بە پێی میکانیزمە کۆنەکە لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢١ دا کۆمپانیاکان بڕێک لە قەرزاکانیان وەرگرتووەتەوە کە بۆ ئەو ١٠ کۆمپانیا یە مەزەندە دەکرێت بە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار. زۆرلە کۆمپانیاکان پێشبینییان دەکرد گەر نرخی نەوت لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە ئەوا تا کۆتایی ٢٠٢١ هەموو شایستەکانیان وەردەگرنەوە بەڵام ئێستا بەپێی ئەم میکانیزمە نوێ یە پێشبینی دەکەن گەر نرخی نەوت هەروا بێت لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٢ دا هەموو شایستە دواکەوتووەکانیان وەربگرنەوە واتە ٩ مانگ زیاتری پێویستە وە وەرگرتنەوەی.  چاوەڕێدەکرێت لە چەند ڕۆژی ئایندەدا کۆمپانیا نەوتییەکان شایستەی مانگی ئازاری ٢٠٢١ وەربگرن. ڕوونبین ئەم هەنگاوەی هەرێم بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنێت بەتایبەت کاتێک ئەو شایستە دواخراوانە سودی ناچێتە سەر لەگەڵ ئەوشدا  پێی وایە دەبوایە هەر لەسەرەتاوە حکومەت رێژەکەی بە ٥٠٪ دانەنایە وڕیگەی بە مەقاسە نەدایە.  بەپێی خوێندنەوەکانی ئێمە  ئامانج لەم بڕیارەی هەرێم لەپێناو دەستخستنی داهاتی زیاترە، چونکە بەپێی میکانیزمی یەکەم گەرچی لەماوەی ڕابوردوودانرخی نەوت بەرز بوو بەڵام بڕیکی زۆر لە و زیادەی داهاتەی کەدەست حکومەت دەکەوت دەدرایەوە بە کۆمپانیا نەوتییەکان. بەم هەنگاوە هەرێم دەتوانێت بڕێک داهاتی زیاتری لە بەردەست بێت، ئەمە جگە لەوەی لە سەرەتای جێبەجیکردنی بڕیارەکەدا داهاتی مانگێک لەبەردەست دەبێت کە پێشتر مانگانە و هەر ٣٠ رۆژ جارێک شایستەی کۆمپانیاکانی نەوتی دەدا بەڵام ئێستا دوومانگ جارێک  ئەمەش هاوکارە بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت مووچە بەبێ لێبڕین یاخودبەڕێژەیەکی زیاتر بدات.  سەیری خشتەی هاوپێچ بکە نوێترین زانیاری ئاستی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ی تێدایە لەگەڵ پشکی کۆمپانیاکان لە کێڵگەکاندا وشایستەی مانگی شوبات و بڕی وەرگرتنەوەی شایستە دواخراوەکان بۆ مانگی کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢١  لەگەڵ چەند قەرزی کۆمپانیاکان ماوەتەوە   


‎ ‎درەو : ‎بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی ”واشنتۆن پۆست”ی ئەمریكی شارەزایانی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرووەكان لە لێكۆڵینەوەیەكیاندا باس لەوە دەكەن كە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش چەكی كیمیاوی لەسەر بەندكراوە عێراقیەكان تاقیكردۆتەوە بۆ زانینی ئاستی كاریگەریی ئەو چەكانە. ‎لە ساڵی (2015)ەوە چەند ڕاپۆرتێك باسیان لە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی كردووە لەلایەن داعشەوە، وبەرپرسانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكی وبەرپرسە عێراقیەكانیش لەو كاتەدا مەترسی خۆیانیان لەمبارەیەوە دەربڕیوە سەبارەت بە هەوڵە چالاكەكانی ڕێكخراوی داعش بۆ پەرەپێدانی ئەم جۆرە چەكانە. ‎ئەو بەرپرسانە لەو كاتەدا ڕایانگەیاندووە كە ڕێكخراوی ناوبراو هەوڵی دەستخستنی یارمەتی دەدات لە ژمارەیەك لە زانایان لە عێراق وسوریا وچەند شوێنێكی دیكە لە ناوچەكەدا بە مەبەستی دامەزراندن وكردنەوەی ناوەندێكی توێژینەوە وتاقیكردنەوەی چەكی كیمیاوی وبایۆلۆجی. ‎ئەم توێژینەوانەش لەو كاتەوە دەستیپێكردووە كە ئەم ڕێكخراوە توندڕەوە پەڕگیرە زانكۆی موسڵی وەك ناوەندێك بۆ توێژینەوە وتاقیكردنەوەی چەندین جۆری نوێ لەو چەكانە بەكارهێناوە، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێكی لیژنەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كە ئاماژەی بەوەداوە كە هەندێك لە بەندكراوە عێراقیەكان ژیانیان لەدەستچووە لە ئەنجامی ئەو تاقیكردنەوانەدا. ‎لە ثالیۆم هەتا نیكۆتین ‎پشكنەران لەو ڕاپۆرتانەیان كۆڵیوەتەوە كە باس لەوە دەكات هەندێك لەو بەندكراوانە مادەی ثالیۆمیان پێدراوە، كە مادەیەكی كیمیاوی ژەهراویە وبەكاردێت وەك ژەهرێك بۆ لەناوبردنی جرج ومشك، هەروەكا مادەی نیكۆتینیش دراوە بەو بەندكراوانە كە ئەمیش دەبێتە ژەهرێكی كوشندە ئەگەر بە ژەمی زۆر وەربگیرێت. ‎ڕاپۆرتەكان ئامژەشیان داوە بەو هەوڵانەی داعش بۆ دروستكردنی گازی كلۆر وخەردەلی كبریت(گازی خەردەل) كە لە جەنگی جیهانی یەكەمدا بەكارهاتووە بۆ كوشتن وشێواندنی جەستەی هەزاران سەرباز، وبەڵگەی نوێش بەردەستكەوتون لە ئەنجامی پشكنینی ئامێرەكانی كۆمپیوتەر ومۆبایلی ئەو ئەندامانەی گروپەكە كە كوژراون یان دەستگیر كراون، سەبارەت بە بەكارهێنانی ئەم گروپە تیرۆرستیە بۆ چەكی كیمیاوی لەسەر هاوڵاتیانی سڤیل. ‎لەپاش كۆنترۆڵكردنی چەندین ناوچەی فراوان لە باكوری عێراق لە ساڵی 2014، چەكدارانی داعش دەستیانگرت بەسەر بڕێكی زۆر لە مادەی كلۆر لە وێستگەكانی پاكژكردنەوەی ئاوی خواردنەوەدا، دواتریش بەكاریانهێنا لە هێرشەكانیاندا بە گازی كوشندە دژی چەكدارە كوردەكان وسوپای عێراقی وهاوڵاتیانی سڤیل. ‎”میراتی سەدام” ‎پاشان داعش ژمارەیەك لە زانا وئەندازیارانی وەگەڕخستووە بۆ كاركردن لەو كارگانەی كە پێشتر ڕژێمی سەدام حسێن دایمەزراندون، ئەمەش بۆ یارمەتیدانی ڕێكخراوەكە لە بەرهەمهێنانی گازی خەردەل بە بەكارهێنانی تاقیگەكانی زانكۆی موسڵ وەك ناوەندێكی توێژینەوە. ‎لێكۆڵەرەوەكان دوپاتیانكردۆتەوە كە داعش تا ڕادەیەك سەركەوتوو بووە لە دروستكردنی جۆرێكی خراپ لە گازی خەردەل تا بەكاریبهێنێت لە ڕێگەی ئەو گوللە تۆپانەی كە لەبەردەستیدا بووە. ‎لە بەدواداچونێكیدا بۆ ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتیەكە، ڕیچارد بیلش، بەڕێوەبەری بەرنامەی چەكە كیمیاوی وبایۆلۆجیەكانی ناوەندی جیمس مارتن بۆ توێژینەوەكانی بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی ئەم چەكانە لە شاری مۆنتێری لە ویلایەتی كالیفۆرنیا، دەڵێت :”ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بە زیادبوونی تواناكانی داعش داوە بە ڕێژەیەكی كەم، وئەگەر ئەم زانیارییانەش بە تەواوی بسەلمێنرێت ئەوا پێویستە گۆڕانكاریی لە ڕێوشوێنەكانی پاراستنی هێزە ئەمریكیەكاندا بكرێت كە لەو ناوچانە بڵاوەیان پێكراوە”. ‎كەریم ئەسەد ئەحمەد خان، سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی كوشتن وهەتك كردن دژ بە ئێزدیەكان، لەمبارەیەوە دەڵێت :”لیژنەكەیان بەڵگەی ڕوون وئاشكرا وقایلكەریان دەستكەوتووە لەسەر ئەنجامدانی تاوانەكانی كۆمەڵكوژی كە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ئەنجامیداون، بە تایبەتی دژ بە كەمینەی ئێزدی لە عێراقدا. ‎ئاماژەی بەوەش كردووە كە لیستی تاوانە دۆكیومێنتكراوەكان پێكدێت لە ”كوشتن وئەشكەنجەدان ومامەڵەی توند ودەستدرێژی كردنە سەر كەرامەتی تاكەكان”.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand