فەیسبوك پەیجی پەرلەمانتارێك و ڕۆژنامەنووسێكی كورد دادەخات

Draw Media

2022-01-20 19:12:40



درەو:
راپۆرتی/ دەنگی ئەمریكا

دوای بەدواداچونێکی ڕۆژنامەوانی دەنگی ئەمەریکا، کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبوک پەیجی پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان سیروان بابان و ڕۆژنامەنووس ڕەنج پشدەری داخست بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست سەبارەت بە قەیرانی کۆچبەران لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا.

وتەبێژێکی فەیسبووک لە واشنتن کە نەیویست ناوی بهێندرێت بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "مێتا بڕیاریداوە کە هەردوو پەیجەکە پێشێلی یاساکانی ئێمەیان کردووە، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، و داخراون لە ژێر سایەی پێوەرە کۆمەڵایەتیـیەکانی مێتا دژ بە توندوتیژی و هاندان."

دەنگی ئەمەریکا لە لێکۆڵینەوەیەکی بنکۆڵکاری بۆی دەرکەوت چەند کەسێک لە ناوڕەاستی مانگی یازدەی 2021 لە ڕێگەی بانگەشەی هەڵەوە کە گوایە "یەکێتی ئەوروپا سنوور بۆ پەنابەران دەکاتەوە"، بوونە هۆی دروستکردنی ' لێشاوێکی' گەورەی پەنابەران لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسیا کە سەرەنجام بە توندوتیژی کۆتایی هات.

ڕەنج مستەفا ئەحمەد

ڕەنج مستەفا ئەحمەد

ڕەنج مستەفا ئەحمەد، یەکێک لە بڵاوکەرەوە سەرەکیەکانی بانگەشەکە، ڕۆژی 13ی مانگی یازدەی 2021 لە پەخشێکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی فەیسبووک بە ناوی "هەواڵی خۆشم پێیە" مژدەی ئەوەی بە پەنابەرانی کورد لە بێلاڕووس دا کە حکومەتی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا بڕیاریانداوە لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراو سنوورەکانی پۆڵەندا بکەنەوە.

سێ رۆژ دواتر، ڕەنج لە پەخشێکی تر بە ناوی 'دانی پێدادەنێم شکستمان ھێنا' وردەکاری ئەم بانگەشەیەی بەم شێوەیە باسکرد: "من لێتان نەشارمەوە ڕێکخەری ئەو لێشاوە بووم... ڕۆژی هەینی [12 ی یازدەی 2021] ئێمە لەگەڵ نوێنەرەکانی پەنابەران دانیشتین، وە لە کاتی گفتوگۆکانمان بینیمان کە پۆلیسی بێلاڕووس گەنجێکی زۆریان دەبرد و لێیان دەدان و ئازاریان دەدان.... هیچ دەرفەتێکی تێدا نەبوو دەبوو ئەو خەڵکە هانبدرێت بۆ ئەوەی سیمەکە ببڕدرێت بۆ ئەوەی کوردەکان، ئەو گەنجانەی لەوێن، وەکو تاوانبار ئەشکەنجە بدرێن... وتیان ڕەنجە تۆ پەیجێکت هەیە، وەکو ڕێکخەری لێشاوەکە پۆستێک بکە بڵێ کە ئەڵمانیا ئەو کۆچبەرانە وەردەگرێت. وە دووبارە یەکشەممەش هەمان پۆست بکەرەوە بۆ ئەوەی خەڵکەکە پشتسارد نەبێتەوە."

ڕەنجی تەمەن 32 ساڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر بە ڕەنج پشدەری ناسراوە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری قەڵادزێ یە لە هەرێمی کوردستان و ماوەی 10 ساڵە لە وڵاتی یۆنان نیشتەجێیە. ئەو لە ڕێگەی چالاکیەکانی سەبارەت بە پەنابەرانی کورد هەزاران بینەری هەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و لە چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی کوردی وەکو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی پەنابەران چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە.

سەبارەت بە هۆکاری دروستکردنی بانگەشەکە، ڕەنج ڕایگەیاند کە ئەو لەگەڵ 'نوێنەرانی پەنابەران' پێشبینیان دەکرد کە بارودۆخی سەختی پەنابەران، بە تایبەتی منداڵ و ژن و بە تەمەن، وە لە هەمان کاتدا سەرنجی میدیا جیهانیەکان ببێتە هۆی ناچارکردنی یەکێتی ئەوروپا بە کردنەوەی سنوورەکانی. ئەو ئاماژەی دا کە هێزە سنووریـیەکانی بێلاڕووس هاوکاری پلانەکە بوون لە ڕێگەی کردنەوەی خاڵە سنووریـیەکانیان و بەڵێنیان دا کە یارمەتی پەنابەران بدەن بە پچڕاندنی بەربەستە تەلەکانی پۆڵەندا.

ڕەنج ڕایگەیاند، " پلانەکەمان زۆر بە تۆکمەیی داڕشت.... بەڵام ئەی هاوار گەر ئەوروپا ئەو ئینسافەی تێدانەبێت ئەو هەموو ژن و منداڵە نەبینێت ئێمە چی بکەین؟"

شکستی پلانەکە

سەرئەنجام لە ناوەڕاستی مانگی یازدەی 2021 نزیکی 5 هەزار پەنابەر کە زۆربەیان کورد بوون بەرەو سنووری پۆڵەندا ڕۆیشتن. بەڵام پێچەوانەی پێشبینیەکەی ڕەنج، هێزە سنووریەکانی پۆڵەندا سووربوون لەسەر پاراستنی سنوورەکانیان هەتا 16 ی ئەو مانگە توندوتیژی دروست بوو، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆڵەندا ئاو و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا بۆ ڕێگری لە بڕینی تەلەکان و لە وەڵامدا پەنابەران بە بەرد و دار ڕووبەڕووی هێزەکان بوونەوە. پۆلیسی پۆڵەندا ڕایگەیاند کە 7 لە ئەندامانی برینداربوون بەهۆی پێکانیان لە لایەن پەنابەرانەوە.

ئەوەی بارودۆخی پەنابەرانی بەرەو ئاڵۆزتر برد بریتی بوو لە ڕێگری هێزەکانی بێلاڕووس بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە کە بووە هۆی ئەوەی هەزاران پەنابەر لە کەشی ساردی سنووری نێوان هەردوو وڵات بۆ چەندین ڕۆژ گیربخۆن. یەکێتی ئەوروپا بێلاڕووسی بەوە تۆمەتبارکرد کە بە هاندانی وڵاتی ڕووسیا پەنابەران بەکاردەهێنێت وەک کارتێکی سیاسی و ئابوری.

ڕەنج دوای شکستهێنانی 'پیلانەکە' دەڵێت هەمان بۆچونی بۆ دروست بوو. ئەو ڕایگەیاند، " بە کوردیـیەکەی ئەو خەڵکە بوونە قوربانی ئەو سیاسەتەی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا... ئێستا دوای ئەوەی ئەو لێشاوەمان دروستکرد و خەڵکەکەمان هان دا، چارەسەر ئەوەیە کە یان ئەوەی خەڵکەکە لەوێ بمێنێتەوە بە مانگ و بە ساڵ یا ئەوەی ناوی خۆیان تۆماربکەن و بگەڕێنەوە."

لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕەنج بانگەشەکەی بە "سەرکەشیەکی گەورە" ناوبرد و پاساوی بەوە هێنایەوە کە ویستویەتی هاوکاری پەنابەران بێت. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "ئومێدێکی زۆرم هەبوو کە ئەڵمانیا ئەو دەرگایە بکاتەوە چونکە ژن و منداڵێکی زۆر هەبوو لە نێوان پەنابەران."

ئەو دوای لێکەوتەکانی بانگەشە هەڵبەستراوەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. سەدان هاوڵاتی کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئەویان تۆمەتباردەکرد بە هۆکاری ئازارگەیاندن بە پەنابەران. لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ناڕەزایی ئەو هاوڵاتیانە، ڕەنج ڕایگەیاند، "ئەوان ڕەخنە لە خوداش دەگرن. بە هیچ شتێک ڕازی نین."

تێوەگلانی بەرپرسان

ڕەنج تەنیا کەسێک نیـیە کە بانگەشەی وەرگرتنی پەنابەرانی لەلایەن ئەوروپاوە بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، گەنجێکی تری کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا بە ناوی کاروان ڕەواندزی بە هەمان شێوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان برەوی بەو دەنگۆیانە داوە کە بە فەرمی لە لایەن دەستەڵاتدارانی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا ڕەتکراونەتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیای فەیسبوک بەهۆی ئەم بانگەشانە پەیجی گەنجەکەی داخستووە.

بڵاوکردنەوەی دەنگۆکە تەنانەت بەرپرسانیشی گرتۆتەوە

سیروان بابان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکان بەردەوام ئاماژەی دەدا بە "هەواڵی خۆش" تایبەت بە وەرگرتنی کۆچبەران لەلایەن ئەڵمانیاوە.

لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووداو لە ڕێکەوتی 8 ی مانگی یازدە، سیروان بابان بە گریانەوە خۆشی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، "ئێستا نامەیەکم بۆ هات کە یەکێتی ئەوروپا داوای لە پۆڵەندا کردووە کە لەو دوو ڕۆژەدا دەبێت هەموو ئەو پەنابەرانەی لەوێن لەو تراژیدیایە ڕزگاریان بێت و بچنە ئەوروپا و تەواو."

سیروان بابان

سیروان بابان

بابان لە ڕێگەی فەیسبوکەوە چەندین بابەتی بڵاوکردۆتەوە کە جەخت لەسەر بانگەشەکە دەکەنەوە و لە هەمان کاتدا تۆماری دەنگی و ڤیدیۆی ئەو کەسانەی بڵاوکردۆتەوە کە گوایە پەنابەرن و سوپاسی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارە دەکەن بۆ هەوڵیان لە کردنەوەی سنوورەکانی ئەوروپا. لە یەکێک لە ڤیدیۆکان، منداڵێکی بچوک بە ناوی سایە دەردەکەوێت کە گوایە لە دارستانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندایە و دەڵێت، " کاک سیروان بابانی ئەندام پەرلەمان، زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو هەواڵە خۆشە.... دێم لە ئەڵمانیا ئەتبینمەوە."

لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، سیروان بابان بە توندی ڕەتیکردەوە کە بەشداربووبێت لە بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە و ڕایگەیاند، "ئەم بابەتە بە ئەنقەست لە کوردستان بەم شێوەیە بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو کەیسە بخەنە ملی من."

ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند کە ئەو تەنیا ئاماژەی بەوەداوە کە "ڕاسپاردە هەیە نەک بڕیار" بۆ کردنەوەی سنووری یەکێتی ئەوروپا بە ڕووی پەنابەرانەوە. لە هەمان کاتدا ئەو بێ ئاگایی خۆی دەربڕی لە دروستکردنی بانگەشەکە بە مەبەستی کۆکردنەوەی پەنابەران بۆ فشارخستنە سەر هێزە سنووریـیەکانی پۆڵەندا.

سیروان بابان گوتیشی "دوایی کە بڕیارەکە دەگۆڕێت، حکومەتی پۆڵەندا دەچێتە ژێر کاریگەری یەکێتی ئەوروپا و ئەویش سنووری لە مرۆڤ پێ گرنگترە و مافی مرۆڤ دەچێتە ژێر پۆستاڵی بێلاڕووس و پۆڵەندییەوە، ئیتر ئەوە لە دەستەڵاتی من نامێنێت."

سیروان بابان پێشتر ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی بوو لە پەرلەمانی کوردستان. 8 ی مانگی دوازدە لە لایەن پەرلەمانەوە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەو لە ئەندامێتی لیژنەکە پەسەندکرا.

لیژنەکە پێشتر و لە 2021/11/10 لە ڕاگەیەندراوێکیدا سیروان بابانی بەوە تۆمەتبارد کە "بێ‌گوێدان بە هەست و سۆزی کەسوکاری پەنابەران و دوور لە ئیتیکی پەرلەمانتاری هەواڵێکی دوور لە ڕاستی بڵاوکردەوە." لیژنەکە ڕایگەیاند، "وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو لێدوانەی سیروان بابان کە دوور و نزیک گوزارشت لە ڕای لیژنەکە و پەرلەمان ناکات، پێشمانوایە ئەم هەواڵە بە شێوەیەکی خراپ هانی گەنجان دەدات کە ڕێگەی هاتونەهات بگرنەبەر و تووشی نەهامەتی و مەرگەسات بن".

نەهامەتی بۆ کۆچبەرانی کورد

ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەکە، لە لێدوانێک دا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە سیروان بابان لە ژێر گوشاری ڕێوشوێنە پەرلەمانیەکان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کراوە لە لیژنەکە. دەستەلەکار کێشانەوەکە، بە وتەی سەرۆکی لیژنەکە بۆ ئەوەیە کە "ببێتە پەند بۆ هەر پەرلەمانتارێک هەواڵی ناڕاست بڵاوبکاتەوە و خەڵکێک تووشی ئازار بکات."

ڕێبوار بابکەیی

ڕێبوار بابکەیی

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "من وەکو سەرۆکی ئەو لیژنەیە، کەسوکاری هەندێک لەو گەنجانەی کە نیازیان هەبوو بچن بۆ بێلاڕووس، دوای ئەوەی کە ئەو هەواڵە نادروستەیان پێگەیشت و هاندران، پەیوەندیان پێوەکردم و گوتیان، 'ئەرێ باشە ئێوە لەبری ئەوەی هۆکاری چاکە بن بۆ گەنجانی ئێمە و باوەڕیان پێبهێنن کە بێلاڕووس بریتییە لە مەرگەسات، پەرلەمانتار و ئەندامێکی لیژنەی ئێوە بە ناوی سیروان بابان گەنجەکانی ئێمە هاندەدات.'"

شایەنی باسە، پێشتر لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەنگۆی وەرگرتنی کۆچبەرانی لە زاری وەزیرێکی ئەڵمانیا بە فەرمی ڕەتدکردەو و ڕایگەیاند" ئەو وەزیرە پێی وتین ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە."

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمەش ببینە

سەفین دزەیی: وەزیرێکی ئەڵمانی بەفەرمی پێی وتین وەرگرتنی 2000 کۆچبەر لەلایەن ئەڵمانیەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە

لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا لە چەندین بۆنەدا ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردۆتەوە کە ئاماژەدەکەن بە کردنەوەی سنوورەکانیان بۆ پەنابەران.

هۆرست زیگوفەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی 18ی مانگی یازدە لە شاری وارسۆی پایتەختی پۆڵەندا، ڕایگەیاند، "ئێمە پەنابەران وەرناگرین و ملکەچی ئەو فشارانە نابین بۆ سەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا."

دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا پەیوەندی بە چەند کەسێکەوە بکات کە بە نوێنەری پەنابەران ناسرابوون. یەکێک لەو کەسانەی کە گومان‌دەکرێت ڕۆڵی لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەکە گێڕابێت کۆتایی مانگی 11 لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیانی لەدەستدا و پاشان تەرمەکەی گەڕیەندرایەوە بۆ شارەزوور.

بەهادین موحسن قادر، کە ناسراوە بە بەهادینی سەرای ئازادی، یەکێکی ترە لەو پەنابەرانەی کە لە ڕێگەی وەرگێڕان ڕۆڵی چالاکی هەبووە لە گەیاندنی پەیام لە نێوان هێزە سنووریەکانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا. لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، بەهادین بێ ئاگایی خۆی لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەکە دەربڕی و ڕەتیکردەوە کە هاوکار بووبێت لە هاندانی پەنابەران بۆ توندوتیژی.

بەهادین ئاماژەی بەوەدا کە سەرەتا لەنێو پەنابەران دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە هێزە سنووریەکانی پۆڵەندا لە ڕێی بڵندگۆوە مژدەی ئەوەیان داوە کە "15ی مانگ سنوورەکان دەکرێنەوە."

بەهادین ڕایگەیاند، "یەکێک وتی 'وەڵا کاکە ئەڵێن 15ی مانگ دەرگاتان بۆ ئەکرێتەوە.' منیش پرسیم، ' کێ وای وت؟' .... ڕۆیشتمە خوارەوە، یەک بە یەک، دانە بە دانە، پرسیم کاکە ئێوە خۆتان گوێتان لە بڵدگۆکەبوو؟ گشتیان وتیان نەوەڵا. دواتر سێ بۆ چوار کەس لە نزیک بڵنگۆکە وتیان گوێمان لێبووە."

ئەو جەختی کردەوە کە هاوکار بووە لە ئاڕاستەکردنی پەنابەران بۆ یەکێک لە ڕێگا سەرەکیەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام دژی بەکارهێنانی توندوتیژی بوو بەرامبەر بە هێزە سنووریـیەکانی پۆڵەندا. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای وت، "من بە خەڵکەکەم وت، 'خەڵکینە لەگەڵ بێلاڕووس ڕێککەوتوین ئەچینە سەر جادەکە. ئەگەر خوا کردی ئەڵمانیا بۆی کردینەوە ئەوە زۆر باشە. ئەگەر نەشیان کردەوە لەوێ دائەنیشین و کامێرا و ڕۆژنامەوان دەمانبینن.'... بەڵام خەڵکەکە ئارامی نەگرت. من لە سەرەتاوە تا کۆتایی دژی توندوتیژی بووم. من شاعیرم، شاعیر بەرد دەهاوێت؟"

بەشێک لە کۆچبەرانی کورد تا ئێستا لە بێلاڕووس ماونەتەوە

هەتا ئێستا ئامارێکی فەرمی لەبەردەست نیـیە بۆ زانینی زیانەکانی پەنابەران لە پشێویـیەکەی سەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا. نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا لە 21 ی مانگی دوازدە ڕایگەیاند کە تیمێکی ناردبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی پەنابەران بەڵام هەردوو وڵات ڕێگرییان کردووە لە چوونی تیمەکە بۆ سەر سنووری نێوانیان.

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە دەزگاکەیان هەتا ئێستا ناوی دوو کەسی کوردی تۆمارکردووە کە لەسەر سنوورەکە گیانیان لەدەستداوە. ئەو ڕایگەیاند کە نزیکی 4 هەزار پەنابەری کورد گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و نزیکی 1100 هاووڵاتی تر لە کەمپی پەنابەرانی بێلاڕووس ماونەتەوە.

ئاری جەلال

ئاری جەلال

سەبارەت بە هۆکاری خێرایی بڵاوبوونەوەی بانگەشەکەی مانگی یازدە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئاری جەلال ڕایگەیاند، "ئەو کەسانەی کە ئەو دەنگۆیانەیان بڵاوکردەوە خەڵکانی دەستی گروپی قاچاخچیەکانن و چۆن بیانەوێت هەڵیاندەسوڕێنن. بە داخەوە گەنجی کوردیش ساویلکەیە دوای پەخشی ڕاستەوخۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان دەکەوێت. ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی فەرمی حکومەتی عێراق و وڵاتانی ترمان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەمە دەستێکە بۆ بازرگانی بە مرۆڤەوە."

ئەو ڕایگەیاند کە پەنابەرانی کورد لە بێلاڕووس جگە لە زیانی جەستەیی و ماددی، " لە ڕووی دەرونیشەوە تەواو تێکشکاون."

هێرش سەعید ئەحمەد دانیشتوی سلێمانی‌یە و یەکێكە لە کوردەکان کە هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەگەڵ خێزانەکەی و منداڵە چوار ساڵەکەی لە بێلاڕووس ماوەتەوە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای وت، " کاروان ڕەواندزی ئێمەی هەڵخەڵەتاند و لە خشتەی بردین بەوەی وتی دوای لێشاو بکەون. ئێمەش کە چوین هیچ ئەنجامێکی نەبوو جگە لە قوڕبەسەری و ماڵوێرانی بۆ ئەو خەڵکە ڕەشوڕووتە.

ئەو ڕایگەیاند، "بارودۆخمان دوای لێشاوەکە خراپتر و خراپتر و خراپتر بووە. وەرگرتنمان لە لایەن ئەڵمانیاوە لە لایەن فەیسبوک و درۆ و دەلەسەی ئەم و ئەو بوو ئەگینا هیچ ڕاستیەکی تێدا نەبوو."

بۆچونی شارەزایان

هەندێک لە شارەزایانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست پێویستی بە هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەیە سەرەڕای چاکسازی لە کاری کۆمپانیاکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی.

دڵشاد عوسمان، شارەزایەکی سایبەرسکیوریتی لە واشنتن، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "جێگەی داخە کە کۆمەڵگە هەتا ئێستا توانای ئەوەی نیـیە هەواڵی ڕاست لە هەواڵی ناڕاست جیابکاتەوە و گومان بخاتە سەر دروستی ئەو زانیاریانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پێیدەگات."

ئەو شارەزایە ڕایگەیاند کە کۆمپانیای فەیسبوک کەمتر گرنگی دەدات بەو زمانانەی کەمتر بەکاردەهێنرێن بەراورد بە زمانەکانی دیکە، وەکو زمانی کوردی بەراورد بە زمانی عەرەبی . ئەو پێداگری کرد لەوەی کۆمپانیای فەیسبوک پێویستە کارمەندانی شارەزای زمانی کوردی زیاتری هەبێت بۆ چاودێری و ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی هەواڵی ناڕاست.

لە هەمان کاتدا، دڵشاد عوسمان ڕایگەیاند کە پێویستە بەکارهێنەرانی کورد زیاتر بە زمانی کوردی بنووسن و نووسینی کوردی ڕێکبخەن بۆ ئەوەی خوارزمیـیەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و زیرەکی دەستکرد Artificial Intelligence کاریگەری زیاتریان هەبێت.

سەبارەت بە ڕۆڵی دەزگا دەوڵەتیـیەکان، ئەو شارەزایە ڕایگەیاند، " لێرەدا من پێموانیـیە تەنیا فەیسبوک بەرپرسیاربێت. ئەو کەسانەی کە هاووڵاتیانیان چەواشەکردووە و بە ناڕاستەوخۆ بوونەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکانێکی زۆر بمرن لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا دەبێت لە کوردستان دادگایی بکرێن."

بەڵام هەندێک لە شارەزایان هۆشیاری دەدەن کە زیادبوونی دەستێوەردانی دەزگا حکومیـیەکان لە کاری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان مەترسی دەخاتە سەر ئازادی بیروڕا.

موستەفا ئەیاد، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئاسیا لە ڕێکخراوی گفتوگۆی ستراتیژی لە وڵاتی بەریتانیا، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بەداخەوە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەو ناوچەیە حکومەت خۆی یەکێکە لە دەزگا سەرەکیـیەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست."

ئەو شارەزایە ڕایگەیاند، "پێویستە کۆمپانیاکانی وەکو فەیسبوک لە نزیکەوە کار لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی قۆڵتر دروستبکەن لەسەر کلتور و جیاوازی سیاسی و ناوچەیی ئەو هەرێمە."

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand