هونهر حاجی جاسم ئهفغانستان تاکه ولاتی کیشوهری ئاسیایه، که ڕۆژههلاتی ناوهڕاست و باشووری ئاسیا و ولاتانی ئاسیای ناوهڕاست به یهکهوه دهبهستێتهوه. له دیدی جیۆپۆلۆتیک ناسهکانیش ئهم جۆره تایبهتیهمهندی دهولهت به پردی گۆڕانی هاوکێشه سیاسیهکان و ئابووری و سهربازهکانی جوگرافیهی سیاسی ئهم سێ ههرێمه دادهنرێت. ههرچهنده ئهفغانستان ولاتێکی داخراوه landlocked country بێ بهشه له سنووری ئاوی دهریا و زهریاکان، ئهمهش بۆته خالێکی نهرێنی بۆ هێزی ئهم ولاته. ههرچی تایبهتیشه به سنووری جوگرافی ئهفغانستان له بهشی باکووری رۆژههلات به درێژایی 91 کم هاوسنووره لهگهل چین. له بهشی رۆژههلات و باشورریش به درێژایی 2670 کم هاوسنووره لهگهل ولاتی پاکستان. ههروهها له بهشی ڕۆژئاواش هاوسنووره لهگهل کۆماری ئیسلامی ئێران به درێژایی 921 کم. ههرچی بهشی باکووریشه هاوسنووره لهگهل ولاتانی ئاسیای ناوهڕاست، وهک تاجیکستان و ئۆزبهکستان و تورکمهنستان به درێژایی 2295کم. دوای ئهوهی هێزی عهسکهری سۆڤیهتی سالی 1979 ئهفغانستانیان تاکو سالی 1989 به زهبری هێزی سهربازی ئهم ولاتهیان گرت، دواتر به شکهستێکی گهوره لێی دهرچوون، دواتر بووه فاکتهرێکی سهرهکی ههلوهشانهوهی یهکێتی سۆڤیهت بوو له سهرهتایی نۆههدهکانی سهدهی ڕابردوو. ئێستاش ڕوسهکان پێیان وایه شکهستی عهسکهریان له ئهفغانستان بووه هۆی ئهوهی بلۆکی رۆژههلات ههلوهشێتهوه و ئهمریکا به تهوای زال بێت بهسهر ئاسیای ناوهڕاست و باشووری ئاسیا. ههر ئهمهش وایکردووه ئهفغانستان خالێکی گرینگی یهکلاکردنهوهی ململانێ سیاسی و سهربازیهکان بووه له ئاستی جیهاندا، بهتایبهت یهکلاکردنهوهی ململانێی نێوان بلۆکی ڕۆژههلات و ڕۆژئاوا!. له 40 سالی ڕابردوو ئهوه دووهم جاره ئهفغانستان دوو هێزی گهورهی جیهانی لێی دهکشێنهوه وهکو "یهکێتی سۆڤیهتی جاران" و ئهمریکا. ئهمهش وامان لێ دهکات ئهفگانستان بهسهر "سێ قۆناغی گۆڕانکاری گهورهی جیۆپۆلۆتیکی دابهش بکهین". قۆناغی یهکهم بریتیه له دوای کشانهوهی سۆڤیهت (( ڕوسهکان )) له ئهفغانستان کۆمهلێك لێکهوتهی گهورهی به دوای خۆی داهێنا. وهك ههلوهشانهوهی یهکێتی سۆڤیهتی جاران له سالی 1991 و جیابوونهوهی چوارده دهولهت لێی له" ئاسیای ناوهراست و بهلقان و ئهوڕوپای ڕۆژههلات". ههروهها جهنگی ههشت سالهی ئێران و عێراق له 1980 تاکو 1988!. "هێرشی صدام حسێن بۆ سهر کوێت و لێدان و دهرپهڕاندنی صدام له کوێت و کهوتنی و بهرپابوونی ڕاپهرینی 5 ئازاری سالی 1991 کوردستانی عێراق"!. لاوزکردنی صدام تاکو ئاستی کهوتنی. قوناغی دووهم هێرشی ئهمریکایه له 7 ئۆکتۆبهری سالی 2001 بۆ سهر تالیبان له ئهفغانستان و ڕودانی 11 سپتێمبهری سالی 2001. دوای ئهم قۆناغه کۆمهلێك گۆڕانکاری سیاسی و عهسکهری و ئابووری له ناوچهکه هاتنه کایهوه. که لێره به کورتی ئاماژه به ههندێکیان دهکهین. وهك کهوتنی حوکمی تالیبان و قاعیده له ئهفغانستان له سالی 2001، کهوتنی ڕژێمی صدام حێسن له عێراق له نیسانی سالی 2003، دروستبوونی حکومهتێکی ئیخوانی به سهرکردایهتی رهجهب طیب ئهردۆگان له تورکیا، دروستبوونی شهڕی ناوهخۆی له عێراق له نێوان شیعه و سونه، ههلگیرسانی شۆرشی بههاری عهرهبی، لە بەهاری سالی 2011 و روخانی حوکمی زین بن عابدین له تونس، روخانی حوکمی حسنی مبارهک له مصر، روخانی قهزافی له لیبیا، روخانی علی عبدالله صالح له یهمهن و دروستبوونی شهری ناوهخۆی له سوریا و دروستببونی کانتۆنەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان و لاوزکردنی ئابووری تورکیا و ئێران و دروستبوونی داعش لە نیسانی 2014 و کۆنتڕۆلکردنی زیاد لە % 30 خاکی عێراق و جولهی گؤرانی سیاسی له ئاستی ناوچهکه به گشتی!. به هۆکاری ئهوهی ئهفغانستان پڕدی جیۆپۆلۆتیکی و جیۆستراتیژیه له نێوان رۆژههلاتی ناوهڕاست به سهرکردایهتی ئێران و تورکیا له لایێك و باشووری ئاسیا به سهرکردایهتی و چین و هیند و پاکستان له لایێک ترهوه، وه ئاسیا و ناوهڕاست به سهرکردایهتی روسیا له لاییکی ترهوه. وایکردووه قۆناغی سێیهم له کشانهوهی ئهمریکا له ئهفغانستان و ڕادهستکردنی حوکمی ئهم ولاته، به دهسهلاتی تالیبان له ئابی سالی 2021. ناوچهکه بخاته بهردهم سیناریۆی جیاواز، که نهخشه و سوکانی یاریکه زیاتر له دهست ئهمریکیهکانه. بۆیه پرسیارهکه لێره دایه که ئایه دوای کشانهوهی ئهمریکا له خاکی ئهفغانستان چی ڕوودهدات؟. وه ههروهها سیناریۆکان چی دهبن له ئاستی نێودهولهتی و ههرێمی و ولاتانی دهوروبهری ئهفغانستان؟. ئایه کام سیناریۆ زۆرتر ئهگهری وه ڕاست گهڕانی ههیه، وهکو ئهمانهی خوارهوه: سیناریۆی یهکهم: دامهزراندنی حکومهتێکی ئیسلامی به فۆرمێکی نوێ، لهسهر دهستی تالیبان که جیاواز بێت له حوکمی نۆههدهکانی سهدهی ڕابردوو. سیناریۆی دووهم: یهکلاکردنهوهی ململانێ سیاسی، ئابووری و سهربازیهکانی ولاتانی ناوچهکه له ئهفغانستان، وهك چین و روسیا و ئێران له لایێك، ئهمریکا و هاوپهیمانهکانی له لایێکی ترهوه!. سیناریۆی سێیهم: لێدان له پڕۆژهی ئاوریشمی چینی که ناسراوه به یهک پشتێن و یهك ڕێگا. سیناریۆی چوارهم: لێدان و لاوازکردنی قوتبهکانی رۆژههلاتی ناوهڕاست و ڕۆل و کاریگەری و پێگەی کورد چی دەبێت لە ناوچەکە؟!. ......................... ماویهتی
(درەو): فەریق روکن (ئهنور حهمه ئهمین) فهرماندهیی پێشووی هێزی ئاسمانی عێراق كه كورده، لهكاتی دادگایكردنیدا لهسهر تۆمهتی گهندهڵی، له دادگا تاوانهكانی (كهرخ)ی بەغداد ههڵات. ئیستا هێزه ئهمنییهكان ناوچهی (حوڕییه)یان گهمارۆداوهو دهیانهوێت دهستگیری بكهنهوه. سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن، دادگا سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر ئەنوەر حەمەئەمیندا سەپاندووە، دادوەر داوای لە مەفرەزەیەکی پۆلیسی (ساڵحیە) کردووە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بیگوازنەوە بۆ زیندان، لەم کاتەدا فەریق روکن ئەنوەر حەمە ئەمین داوای کردووە ھەندێک پۆشاک و پێداویستی لەناو ئۆتۆمبیلەکەی لە دەرەوەی دادگا بھێنێت. کاتێک چوەتە دەرەوەی بینای دادگا، فەریق روکن ئەنوەر حەمەئەمین لەگەڵ شۆفێرەکەدا کە برازای خۆیەتی و عەمیدە لە وەزارەتی بەرگریی، دەمانچەیان خستوەتە سەر سەری ئەفسەرێکی پۆلیسی ساڵحیەو بە ئۆتۆمبیلەکەیانەوە بەرەو ناوچەی (عەدل) ھەڵاتوون. ھێز ئەمنییەکان ئۆتۆمبیلەیان دۆزیوەتەوەو برازاکەیان دەستگیر کردووە، بەڵام فریق ئەنوەر بەرەو شوێنێکی نادیار ھەڵاتووەو تائێستا دەستگیر نەکراوە. ئەنوەر حەمەئەمین كێیە ؟ ئەم پیاوە كە ئێستا لە دادگا هەڵاتووە، حوزەیرانی 2019 كاندیدی هاوبەشی پارتیو یەكێتی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام دواتر گفتوگۆكەی نێوان پارتیو یەكێتی تێكچوو، لە پۆستەكەدا دانەنرا. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین لە ساڵی 2008وە فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە، وەكو كاندیدی یەكێتی ئەو پۆستەی پێدراوە تا ئەوكاتەی خانەنشین بووە. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2017 تۆمەتباركرا بە گەندەڵیكردن لە گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی چیكی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق، بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، لەوكاتەوە رووی لە هەولێر كردو لەوێ دەمایەوە. دەوترێت لەوكاتەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە، بەڵام پێدەچێت مێژووی پەیوەندییەكەی لەگەڵ پارتی كۆنتر بێت، چونكە ساڵی 2015 كاتێك بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق خانەنشین كرا، دەنگۆی دانانی فەریق روكن ئەنور حەمەئەمین لە شوێنەكەی بڵاوبوەوە، بەڵام كاتێك دۆسیەی ئەنفالی بۆ هەڵدرایەوە، پارتی لە كاندیدكردنی ئەنوەر حەمەئەمین بۆ پۆستی سوپاسالار كشایەوە. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین ساڵی 1978 كۆلیژی سەربازی بە پلەی مولازم تەواوكردووە، ساڵی 1980 بووە بە فڕۆكەوان لە پۆلی چوارەمی هێزی ئاسمانی عێراقو لەماوەی جەنگی عێراق- ئێرانو جەنگی رژێمی بەعس دژ بە كورد، بەشداری زۆربەی شەڕەكانی كردووەو فڕۆكەوان بووەو فڕۆكەی هێلیكۆپتەری پێبووە. ئەم پیاوە تۆمەتبارە بەوەی بە هێلیكۆپتەرەكەیەوە بەشداری شاڵاوەكانی ئەنفالی كردووە لەدژی گەلی كوردو ناوی لە ریزبەندی ژمارەی (21)ی ئەو لیستەدایە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوەو داوای دەستگیركردنو سزادانیان دەكات. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن، ساڵی 2015 لە لێدوانێكدا وتی"من ئەگەر تاوانبار بم چۆن لەدوای روخانی رژێمەوە دوو پۆستی گرنگم لە وەزارەتی بەرگری پێدراوە، یەكێكیان پشكنەری گشتیو ئەوی تر فەرماندەی هێزی ئاسمانی". ساڵی 1992 كە كوردستان دوای رزگاربوون لە دەستی رژێمی بەعس سەرقاڵی بنیادنانی پەرلەمانو حكومەت بووە، فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لە بەغداد بووەو كۆلیژی فەرمانبەرانی عێراقی تەواوكردووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە، هەمان ساڵ وەكو فەرمانبەری تایبەت بە كاروباری پلاندانان لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای عێراق دامەزرێندراوە. ساڵی 1996 پلەكەی بۆ (عەمید) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 1999 كۆلیژی جەنگیی عێراقی تەواوكردووە، ساڵی 2000 كراوە بە بەڕێوەبەری سەلامەتی فڕۆكەوانی لە هێزی ئاسمانی عێراق. پاشان پلەكەی بۆ (لیوا) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 2003 كە رژێمی سەددام حسێن روخا، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بووە لە بێجی، واتە تا دواین سات كە رژێمی عێراق لەدەسەڵاتدا بووە، لە سوپای عێراق كاریكردووە. دوای روخانی رژێمی پێشووی لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە وەكو فەرماندەیەكی سوپای عێراق داوای هاوكاری لێكراوە، بەتایبەتیش لە پرسی چۆنیەتی دروستكردنی یەكەی ئاسایشی سەربازییەوە لە كەركوكو سلێمانیو تكریت، یارمەتی هاوپەیمانانی داوە لە دروستكردنی ئەنجومەنە سەربازییەكانی دوای روخانی رژێمی پێشوودا، لەچەندین كاری تردا هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان كردووە، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لەدایكبووی پارێزگای كەركوكە.
هەورامان فەریق - سەنتەری لێكۆڵینەوەیی ئاییندەیی شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ هاتنەوەسەردەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەكرێت. لە رووی كۆمەڵناسیی سیاسییەوە ئەگەر بڕوانینە دۆخی ئەو وڵاتە و رووداوەكانی ئەم چەن رۆژە، دەبێت بە ناچاری لە گۆشەنیگای پرۆژەی نەتەوەسازیی ئەمریكاییەوە لێی بڕوانین، چونكە هیچنا یەكێك لەو هۆكارانەی كە رێگەیان بۆ كەوتنی كابول خۆشكرد، كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە و دواجار شكستی پرۆژەكەی بوو كە ناوی نابوو دەوڵەت ـ نەتەوەسازیی ئەمریكایی. پرۆژەی نەتەوەسازی (Nation-Building) پێناسە و تایبەتمەندی جۆراوجۆری هەیە. گشتگیرترینیان بریتییە لەوەی كە نەتەوەسازی پرۆژەیەكە كە دەسەڵاتێك یان دەستەبژێرێك لەناو حكومەت، دەوڵەت یان لە چوارچێوەی وڵاتێكدا بڕیار دەدەن جێبەجێی بكەن بە ئامانجی دروستكردنی گونجان و یەكڕیزی نەتەوەیی و نەهێشتنی پەرتبوون و لەتبوونی كۆمەڵگە. بۆ ئەمەش گروپ و كۆمەڵ و ئیتنیكەكان لە دەوری یەك كۆبكەنەوە و شوناسێكی نەتەوەیی هاوبەش دروست بكەن. ئەم پرۆسەیە مەرج تەنیا لە وڵاتێكدا پیادە بكرێت كە خاوەنی دەوڵەت بێت، بە پێچەوانەوە هەندێك جار نەتەوەسازی پێش دەوڵەت دەكەوێت. بەڵام بۆ هەر كۆمەڵگەیەكی خاوەن دەوڵەتی مۆدێرن، مەرجە كە پرۆسە و پرۆژەی نەتەوسازی تێدا جێبەجێ بكرێت. پرۆژەی نەتەوەسازی ئەگەر بە دستوەردانی راستەوخۆی زلهێزەكانیش نەكرێت، بەڵام دەكرێت لە لایەن زلهێزەكانەوە پشتیوانی بكرێت. لە پرۆژەی نەتەوەسازیی ئەمریكاییدا هەر سیستم و دەوڵەت و حكومەتێك لە رووی مۆدێلی حكومەتیی، ئایدیۆلۆجیای حكومەتداری و میكانیزمە مێژووییەكانی ئەو وڵاتەوە هاوتەریب نەبێت لەتەك ئەو بەها مەزنانەی كە ئەمریكا باوەڕی پێی هەیە، یان ناتەبا بێت لەتەك بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەمریكادا، دەبێ ئەو سیستمە لەناوبچێت و پاشان هەنگاوەكانیتر جێبەجێ بكرێن. چونكە ئەم وڵاتانە دواجار بۆ خەڵكی خۆیان و بۆ ئاسایشی دنیا دەبنە مەترسی. بۆ ئەمەش ئەمریكا زۆرجار بە هێزی سەربازی دەستبەكار دەبێت و دواتر پرۆژەكەی خۆی جێبەجێ دەكات. هاوكات لە رووی چەمكسازییەوە ئەگەر سەرنجی نەتەوەسازی بدەین، لەبەر ئەو تایبەتمەندیانەی كە هەر دیاردەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیەتی، كۆنتێكست و مۆدێلەكانی ئەو دیاردەیەش بە گوێرەی دۆخ، سەردەم، جیهانبینی و سیستمی سیاسی وڵاتەكان ـ ئەو وڵاتانەی كە پرۆژەكەیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت ـ گۆڕانكاری بەسەردادێت. هەر لەبەرئەمەیە كە مۆدێلەكانی پرۆژەی نەتەوەسازی (Nation-Building) فرەچەشن دێنە پێش چاو. هاوكات لەتەك جۆراوجۆریی مۆدێلەكانی نەتەوەسازیدا، لە زۆر رووەوە ئەم مۆدێلانە خاڵی هاوبەشیشیان هەیە. یەكێك لە مۆدێلەكانی پرۆژەی نەتەوەسازی، نەتەوەسازیی ئەمریكاییە، كە بە دیاریكرداوی لە ئەفغانستان و عێراقدا جێبەجێكرا كە جیاوازە لە مۆدێلە ئەوروپییەكەی كە جەخت لەسەر نەتەوەسازی دەكاتەوە ئەگەر دەوڵەتسازیشی لەتەك نەبێت. جەیمز دۆبینز كە یەكێكە لە تیۆریستەكانی بواری نەتەوەسازی ئاوا پێناسەی پرۆژەی نەتەوەسازی دەكات كە بریتییە لە دەستوەردانی سەربازیی كە ئامانجی گۆڕینی كۆمەڵگەی دەستلەملانێی جەنگە بەرەو كۆمەڵگەی ئاشتیئامێز. هەر ئەو پرۆژەیەی كە حەفتا ساڵ لەمەوبەر ئەمریكا لە ئەڵمانیا، ژاپۆن و كۆریای باشوردا جێبەجێی كرد و دەستەبژێرەكانی ئەو وڵاتانە هەستان بە وەرگرتنی ئەو پرۆژەیە و خۆماڵیكردنی وەك پرۆسەیەك كە خۆیان بەڕێوەی ببەن و لەم پێناوەشدا سەركەوتنیان بەدەستهێنا. پرۆژەی نەتەوەسازی لە زۆربەی دۆخەكاندا چەند رەگەزێكی سەرەكی هەیە. كە ئەگەر لە هەر وڵاتێك، كۆمەڵگە و نەتەوەیەكدا بەرجەستە نەكران، ئەوە پرۆژەی نەتەوەسازیش لەو شوێنە جێبەجێ ناكرێت و شكست دەهێنێت. كە شكستی هێنا هەر ساتێك ـ وەك لە ئەفغانستان بینیمان و لە عێراقیش ئەگەری روودانی هەیە ـ مەترسی هەڵوەشانی ئەو كۆمەڵگەیە لە ئارادا دەبێت. نەتەوە و نەتەوەسازی دوو دیاردەی مۆدێرنن، بۆیە رەگەزەكانی پرۆسەی نەتەوەسازیش، كۆڵەكەی دروستكردنی دەوڵەتی مۆدێرنن كە خۆیان لە دەوری یەكڕیزی نیشتیمانی و هەستی وابەستەبوون بە خاك، هاوڵاتیبوون، شوناسی هاوبەش، دەرفەتی یەكسان بۆ هەمووان، ئاسایش و زمانی یەكگرتووی نەتەوەییدا دەبیننەوە. دەوڵەت و حكومەتی نوێی ئەفغانستان كە دەستیشانكراوی ئەمریكا بوون، نەیانتوانی هیچكام لەم رەگەزانەی نەتەوەسازی بهێننەدی. گەلێك هۆكاریش ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش لەم نێوەندەدا رۆڵی نەرێنیان گێڕا. هەر لە دەستوەردانی ئێران و پاكستان و روسیاوە تا ترسی هەنووكەیی ئەمریكا لە بەهێزتربوونی چین لە كاتی ئێستادا. جیا لە مەترسییەكانی هاتنەسەردەسەڵاتی تاڵیبان لەو وڵاتە، لە كەوتنەژێرپرسیاری زیاتری بەرپرسیارییەتی ئەخلاقیی ئەمریكا وەك جەمسەری دیموكراسی و لیبرالیزم، دەستەوەستانیی وڵاتانی ئەوروپی و رێكخراوە جیهانییەكان و كۆمپانیا فرەنەتەوەییەكان كە هەردەم باسی بەها جیهانی و گەردوونییەكان دەكەن، ئەوەی جێی نیگەرانی یان مەترسییە، خاڵە هاوبەشەكانی دۆخ و وڵاتی ئەفغانستانە لەتەك عێراق و هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێك لەو وڵاتە. توێژینەوەگەلی جۆراوجۆر وەك (نەتەوەسازیی ئەمریكایی، بەراوردی نێوان عێراق و ئەفغانستاندا) ئاماژە بە زۆرێك خاڵی لێكچوونی نێوان عێراق و ئەفغانستان دەكەن. بۆ نمونە لە رووی جوگرافیای سیاسی، جوگرافیای كۆمەڵایەتی، جوگرافیای كولتوری و هەروەها جیوپۆلەتیكەوە عێراق و ئەفغانستان زۆر لێك نزیكن. هەروەها لە روانگەی مێژووی ململانێ نێوخۆییەكان، شەڕەكان و جینۆسیدەكانەوە و تەنانەت هەندێك توێژەری ئەفغانی وەك میروەیس بەڵخی باس لە نزیكی و هاوشێوەبوونی تاك و كۆمەڵگەی عێراقی و ئەففانی دەكەن لەرووی روخسار، رەفتار و زمانیشەوە. بە بەڵگەی ئەوەیكە یەكێك لە خەسڵەتە سەرەكییەكانی كۆمەڵگەی ئەفغانستان، فرەكولتوری و فرەزمانی و ململانێی ئیتنیكی و ئاینییە كە هیچ وڵاتێكی دیكە هێندەی عێراق لەو وڵاتە ناچێت. لە رووی پرۆژەی نەتەوەسازیشەوە، روخاندنی دوو رژێم لە ماوەیەكی نزیك لە یەكتر 2001 و 2003، یەك جۆر سیاسەت بۆ روخاندنیان و لێكچوونی هەنگاوەكانی پرۆژەكە لە هەردوو وڵاتدا. هەروەها ئەنجامە پێچەوانەكەی پرۆژەكە لە هەر دوو وڵات. گومان لەوە ناكرێت كە لە عێراقدا ململانێی ئیتنیكی و ئاینیی لە لوتكەدایە. كورد و عەرەب و توركمەن، عەرەبی سونە و عەرەبی شیعە. لە ئەفغانستانیش بە هەمانشێوە، ململانێی ئیتنیكی و ئاینیی تاجیك، پەشتوو، هەزار و ئۆزبەكییەكان، كە هەریەكەیان ـ وەك عێراقییەكان ـ بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەفغانستان هی ئەوانە. ئەمە جگە لە نزیكی تاڵیبان لەوێ و حەشدی شەعبی لێرە لە ئێرانەوە كە خۆی بۆ خۆی یەكێكە لە خاڵە هاوبەشەكانیتر. بۆیە ئەم خاڵە لێكچووانەی هەر دوو وڵاتم كردە دەستكەلا بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بكەم كە ئەگەر ئامانجی نەتەوەسازی بریتی بێت لە كاڵكردنەوە و سڕینەوەی كەلێن و جیاوازییەكان لە پێناو شوناسی نەتەوەیی هاوبەش، نەزۆككردنی دوبەرەكی و وشككردنی حەكایەتە بچوكەكان لە پێناو حەكایەتێكی گەورەتردا كە نەتەوەی هاوبەشە، چەسپاندنی دیموكراسی و بەشداری هەمەلایەنە لە دەسەڵات، چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش و سوپای نیشتیمانی، دروستكردنی زمانی یەكگرتوو، بەرجەستەكردنی هاوڵاتیبوون، ئەوا لە عێراقیشدا نەتەوەسازیی ئەمریكایی كە بە پێكهێنانی ئەنجومەنی حوكم و نووسینەوەی دەستوری عێراق و دانانی حاكمی مەدەنی دەستی پێكرد، بەڵام ساڵ دوو ساڵێك زیاتر بڕی نەكرد و جیاوازییە مەزهەبی و ئیتنیكی و خێڵەكییەكان بەسەر مەوطنیدا سەركەوتن و پەلامارەكان بۆ سەر كوردستان ئەم پەرتبوونەی تۆختر كردەوە، شكستی خۆی راگەیاندووە. لێرەوە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و كوردستان و دنەدانی هێزی دەرەكی راستەوخۆ دەتوانێت ببێتە دەستپێكی دۆخی نەخوازراوی دیكە كە ئەوكات نەك نەتەوەسازی، شتێك بەناوی عێراق وەك دەوڵەتیش بوونی نەمێنێت.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە سەرەتاکانی سەدەی ھەڤدەھەمەوە تۆماس ھۆبز کاتێک باس لە ھێز و دەسەڵات ئەکات لەو ڕاستییە سادەیە ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەسەڵات لە سەروەت و سامان دەچێت. سەروەت و سامان چەند زیادبێت ھێشتا دەیەوێت زۆرتر و زیاتربێت. لای ھۆبز لۆژیکی ناوەکیی دەسەڵات وەک لۆژیکی پارە لۆژیکێکە بەردەوام دەیەوێت بەھێزتر و گەورەتر بێت، مەگەر ڕووی بە دەسەڵاتێکی تردا بتەقێتەوە لە خۆی بەھێزتر بۆئەوەی سنوورێک بۆ حەزی ئاوسان و گەورەبوونی دابنێت. لە سەدەی نۆزدەھەمیشدا کارل مارکس باس لە لۆژیکی ناوەکیی سەرمایە دەکات و لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە سەرمایە چەند زیاتربێت و زیاتر کەڵەکە بکرێت، ئەوەندە زیاتر و زیاتر دەیەوێت زۆرتر و گەورەتربێت. بەمجۆرە ھەم لۆژیکی ھێز و ھەم لۆژیکی سەرمایە دوو لۆژیکی تەواو ترسناکن. مێژووی فیکر و فەلسەفە و بیرکردنەوەی سیاسیی ناو دونیای مۆدێرنیش ھەوڵدانێکی بەردەوامە بۆ سنووردارکردن و گەمارۆدانی ئەو دو لۆژیکە و بە عەقڵانیی و بەئینسانیکردنیانن. ئەمڕۆ ئەم دوو لۆژیکە لە ھەرێمدا بە توندی ئامادەن و بەبێ ھیچ ڕێگر و چاودێریی و میکانیزمێک بۆ لێرسینەوە دەستبەکارن و دونیای ئێمە ڕووبەڕووی مەترسیی ھێجگار گەورە دەکەنەوە. لەم ھەرێمەدا، لەسەرێکەوە، کەڵەکەبوونێکی بەردەوام و چاودێرینەکراوی سەرمایە و دەسەڵات لە ئارادایە، کە دەرەنجامەکەی، لەسەرێکی دیکەوە، کەڵەکەبوونێکی زۆر و بەردەوامی پەژارە و ئازار و نەھامەتیی ئینسانییە. کەڵەکەبوونی سەرمایە و دەسەڵات لە دروستکردنی چەندان گەڕەکی فیرعەونیانە و چەندان کۆشکی شاھانەی ھاوشێوەی کۆشکی ئیمپراتۆرە مەستەکانی مێژوودا بەرجەستەیە، کەڵەکەبوونی پەژارە و ئازار و نەھامەتیش. لە دروستبوونی چەندان گەڕەکی بێئاو و بێخزمەتگوزاریی و بێئایندەدا ئامادەیە، کە ژمارەیەکی گەورە لە دانیشتوانەکانیان لە سادەترین مافی مرۆڤبوون و لە سەرەتایترین فۆرمی پاراستنی کەرامەت، بێبەشدەکرێن. ئەوەی ڕووئەدات دروستبوونی گەڕەکی ئیمپایەر و گەڕەکی باداوانە بەیەکەوە و لەپاڵیەکدا. پێدەچێت لۆژیکی ئیشکردنی ئەم دوو جۆرە ناکۆکە لە کەڵەکەبوون بەدۆخێک گەیشتبێت نزیک لە لێواری تەقینەوە. ئەوانەی ڕۆژانە لەناو کارەساتەکاندا دەژین و پەژارە بە دوای پەژارەدا کەڵەکە دەکەن، خەریکە ھێدی ھێدی لە وردەکارییەکانی ئەو جیھانە ناشیرینە تێدەگەن کە بە دەوروبەریاندا دروستکراوە، ھۆشیاردەبن بەوەی لە چ ژینگەیەکی نائینسانیدا جێگیرکراون وبە چ جۆرە پەژارە و ئەگەرێکی فەوتانی سەرتاسەری، گەمارۆدراون. لەوە تێدەگەن لە ژینگەیەکدا نیشتەجێکراون بەردەوام بەرەو دواوە دەڕوات و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا تا دێت زیاتر و زیاتر جێدەمێنێت. ئەوەی دەیبینین ڕووتبوونەوە و دەرکەوتنی چۆنیەتی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکەی سەرەوە و نەبوونی ھیچ ئەگەرێکی ڕاستەقینەی دەسکاریکردن و گۆڕانکاریشە لەناو ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستەدا، مەبەستم لۆژیکی کەڵەکەبوونی ھێز و کەڵەکەبوونی سەرمایەیە. پێدەچێت ئەم ساتە ساتەوەختی ھۆشیاربوونەوەبێت بەو دۆخە نائینسانییە خنکێنەرە و گواستنەوەی ئەو ھۆشیاریەش بێت بۆ ئاستی ناڕەزاییدەربڕین. بەڵام ڕەنگە ھەستکردن بە تەنھایی، تەنھاییەکی ڕادیکاڵ، ئەو ھەستە سەرەکییە بێت لەم ساتەدا ئەو ھۆشیارییە یاخیبووە لە چوارچێوەبدات. ئەو خانمە توڕەیە کە لەبەردەمی کامێرەکاندا بینیمان بە ئاشکرا ھاواریکرد: ”با بێن و بمکوژن و بمگرن". ئەو خانمە وەک بکەرێکی ناڕازیی لەوە ئاگادارە کە ئەگەری گرتن و کوشتن لە ئەگەرە نزیکەکانی بەردەمیەتی. گرتن و کوشتن بەشێکی ناوەکیی لۆژیکی کەڵەکەکردنی ھێز و لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایەن لە ھەرێمدا. بەڵام ئەم ھەستکردنە بە تەنھایی دەشێت وێستگەیەکی مێژوویی کاتیی بێت. دەشێت ساتەوەختی بەر لەدایکبوونی سەرەتایەکی تەواو تازەبێت بۆ پەکخستنی شێوازی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستە. مرۆڤ کە ئاوی نەبوو بیخواتەوە، سنوورێک بۆ ئازارەکانی نامێنێت. یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی ئازاریش ئەوەیە کە نابینرێت، لە دەرەوەڕا نابینرێت، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا تەنھا ھەستیپێەکرێت و مرۆڤەکانی تر دەچنە پەیوەندیی جۆربەجۆرەوە لەگەڵیدا. ھەندێک ھەن ھەست بەو ئازارە دەکەن و لەگەڵیدا ھاوسۆز دەبن، ھەشە ئەو ئازارە ئینکار دەکەن و ھەموو ھەوڵێک بۆ داپۆشین و سڕینەوەی ئەدەن (وەک لە ھەڵوێستی موخاترەکەی گەڕەکەی باداوان لە ھەولێر بینیمان)، ھەشە گاڵتەی پێدەکات و پشتگوێی دەخات، وەک ئەو بەرپرسانەی ساڵانێکی درێژە لە دورەوە ئەو بێئاوییە دەیبینن و لەوەش بەئاگان کە ئەوان لە دروستبوون و گەورەبوونی ئەم کێشەیە بەرپرسیارن.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا، حاڵی حازر جیا لە ئامانج و خەونەکانی ئەو سیستەمە، دوو گرێی سەرەکی لەبەردەم سەرکۆماریی نوێدایە: یەکەم گرێی گەمارۆکان کە بەهیچ سەرکۆمارێک نەکراوەتەوە و ترەمپیش کاریگەرییەکانی دووقات کردەوە، دووەم مەسەلەی پرسی ئەتۆمی کە گرێکوێرەی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە، ئەویش دیسانەوە ئیرادەکەی لە دەسەڵاتی سەرکۆماردا نیە و ئیدارەدانی تەشریفاتی دۆسێکەی پێ سپێردراوە. گەرچی ڕەئیسی لەسەر باڵی بناژۆخوازەکان لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لە وتاری ئانی سوێندخواردنیدا لەبەردەم پەرلەماندا، بۆ سیاسەتی دەرەوە زیاتر دووبارەکردنەوەی هەڵوێستەکانی ڕۆحانی بوو لە هەشت ساڵی ڕابردوودا: ئەو لە سەرێکەوە ڕای گەیاند کە یەکەم هەنگاوی، کرانەوەیەکی دەرەکی دەست پێدەکات و کار لەسەر هەڵگرتنی سزاکان دەکات کە بەڕێبەرایەتی ئەمریکا سەپێنراون و بۆ ئەمەش پێشوازی "لە هەر پلانێکی دبلۆماسی" دەکات. ئەمەش ئاماژەیە کە دەیەوێت دانوستاندنی ٥+١(بەرنامەی کاری هاوبەش- بەرجام) دەست پێبکاتەوە و پابەندە بە بنەماکانییەوە، واتە دەیەوێت حکومەتێکی کردەگەرای واقیعی بێت و پشت ناکاتە ئەو دانوستانەی کە یارانی بناژۆخوازی لە ٨ساڵی ڕابردووی ڕۆحانیدا وەک تانە و تەشەر و سازش دانوستانەکەیان کردبوویە پەڵەیەکی ڕەش و بە لادان لە شۆڕش حسێبیان دەکرد بۆ حکومەتەکەی، وا ئەمڕۆ وای نیشان دەدات بە گڵۆپی سەوزەوە ئامادەی گفتوگۆیە و لەوەش زیاتر ئەم داوای لە واشنتۆن کرد کە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن. بەڵام ئایا زەمان و زەمینە بۆ گفتوگۆ بە ئیرادەی ئێرانی فەراهەمە؟ سیناریۆکانی بەردەم زیندووکردنەوە یان لەباربردنی دانوستاندنی ئێران و پێنج وڵاتەکە کامانەیە؟ سیاسەتێکی دووسەرە ڕەئیسیی سەرکۆمار تا هەنووکەش دەرنەکەوتووە لە نێوان دوو دروشمی ناکۆکدا (کە هەردووکیانی زۆرجار لە یەک وتاردا بەکارهێناوە)، پابەندی کامیان دەبێت: ١. هەنگاوی دووەمی شۆڕش، کە ڕێبەری باڵای ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر لە یادی چلساڵەی شۆڕشدا ناوی نا و مەبەست لێی قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئێرانە کە ئەرکی "هەناردەکردنی زیاتری شۆڕش و بەرگری ئەبەدیی لە شۆڕشە و بەرامبەر وەستانە دژی ئیستیکبار (ئەمریکا و ڕۆژئاوا)" (بڕوانە: بیانیە گام دوم انقلاب خطاب بە ملت ایران: سایتی خامنە¬ای، https://farsi.khamenei.ir/message-content?id=41673)، دیارە لەم گوتارەدا (کە ڕەئیسی دەیەوێت لە پابەندترینەکان بێت پێوەی) بێگومان ڕێگر دەبێت لە کرانەوەی پێویستی دبلۆماسی، چونکە ئەو بەیاننامەیە زیاتر ئامانجگەرا و شۆڕشخوازە و پەرەپێدەری ڕۆحی هەناردەکاریی هەژموونی ئێران و ئیسلامگەراییە کە خۆی لە پشتیوانی یارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوبنان، عیراق، یەمەن و سوریا ئامانجی تایبەتن و جیهانیش بە گشتی کراوەتە ئامانجە گشتییەکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گرفتی سەرەکیی ئێران لەگەڵ ئەمریکادا هەر ئەم سیاسەتەیە و لەبەرامبەریدا ئەمریکا و هاوپەیمانانی داوای "چاککردنی رەفتار"ی لێدەکەن، بە مانایەکی دیکە واتە کورتکردنەوەی دەستی کۆمەک بۆ میلیشیاکان و وازهێنان لە هەناردەکردنی شۆڕش و پشتیوانینەکردنی پرۆئێرانییەکان بە مووشەکی دورهاوێژ و چەکی جۆراوجۆر و درێژکردنی دەستی دبلۆماسییەتی ئاشتییخوازانە. ٢. گەڕانەوە بۆ مێزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دانوستاندن: ئەمەش ئەو هەنگاوەیە کە پێچەوانەی هەناردەکردنی شۆڕش و بەرگری ئامانجگەرایانەیە لە شۆڕش، بەڵکو زیاتر کردەیی و واقیعگەرایە، ئەم دروشمە خاوەنەکەی زیاتر باڵی ڕیفۆرمیست و بەرژەوەندییخوازەکانن، بەڵام وەک هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەک جاران نەماوون و هەم لە دەسەڵاتەکانی نێو شۆڕشیشدا کشێنراونەتەوە و هەم یەکێک لە فیگەرە کاریگەرە دبلۆماسییەکانیان لە ژیاندا نەما (ڕەفسەنجانی)، لە دوا هەڵبژاردنیشدا کەمتر لە ٥٪یان بەدەست هێنا و بەمەش گووتارەکە گەر "بیلقووە" هی ئەوان بێت ئێستا "بیلفیعل" هی وان نییە، بەڵام سەرکۆماری نوێ لە وتارەکانیدا نایشارێتەوە کە وڵاتەکەی پێویستی بەم نەرمە سیاسەتە هەیە بۆ ئەوەی لە قەیرانی ئابووریی(لاوازی و هەڵایسان)، سیاسیی(ئاسایشی ئێران و دابڕانی ئێران لە دراوسێیان و جیهان) و خزمەتگوزاریی نێوخۆیی(کێشەی بژێوی، کارەبا و ئاو و مەسکەنی هاوڵاتییان) دەربازی ببێت. ڕەفتاری ئێران بەر لە مێزی دانوستاندن واشنتۆنی سەردەمی بایدن (بە سەردەمی ترەمپ و ئۆباماشەوە)، هیچکات نەیانوویستووە و نەشیانووت کە دەیانەوێت سیستەمی سیاسیی ئێران هەرەس پێبهێنن و لەناوی ببەن، بەڵکو هەردەم داوای چاککردنی ڕەفتاریان لێ کردووە و دەکرد، بۆ جێبەجێکردنی ئەمە، سیاسەتی کوتەک و گێزەر لەبەرچاو گیراوە: یان "هەل و ئیمتیاز" دراوەتە ئێران بۆ سازان و نەرمی¬نواندن (وەک سەردەمی ئۆباما)، یاخود تەکنیکی زۆرترین فشار لەسەر تاران، کە ئەمەی دووەمیان تەکنیکی ترەمپ بوو و تا هەنووکەش پاشماوەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران بەردەوامن و هەموو هەوڵێکی ئێرانیش لە چوارساڵی دووەمی ڕۆحانییەوە تا هەنووکە بە ڕئیسیشەوە بۆ کەمکردنەوە ئەو فشارانەیە، بەڵام واشنتۆن ئەو فشارانەی وەک کارتی نوێ هێناوەتە سەرمێز و بەر لە گفتوگۆی پرسی ئەتۆمی داوای چاکسازیی ڕەفتاری لە ئێران لە عێراق و لوبنان و یەمەن دەکات. کابینەیەکی پڕ لە سوپایی و بناژۆخواز ئەوەی لە هەشت ساڵی ڕابردوودا کۆسپی بەردەم ڕۆحانی بوو بۆ دانوستاندنی واقیعی: ١. بناژۆخوازەکانی نێو سیاسەت و دامەزراوەکانی نێو دەوڵەت بوون و درێغییان نەکرد لە تێکدانی هەرچی ئەوەی ڕۆحانی سەرکۆمار و جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی کردبوویان، دواجار هەر ئەوانیش بوونە ڕێگر و نەیانهێشت ئەوەی پێویست بوو لەدوا نەفەسەکانی کابینەی دووەمی ڕۆحانیدا، لە نەمسا بێتەبەرهەم و بە هەڵواسراوی پرسەکە مایەوە. ٢. سەرکردەکانی سوپای پاسداران، کە ئەوان زۆرجار نەک ڕازی نەبوون، بەڵکوو هەم لە ئابووری وڵات و هەم لە سیاسەتی دەرەکیشدا کۆسپ بوون بۆ ڕۆحانی و بگرە زۆرکات لە بری ئەو سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی خۆیان لەبری حکومەت جێبەجێ دەکرد و نەک بەرپرسیارێتیشیان هەڵنەدەگرت بەڵکو هەڵە و کەسرییەکانیشیان خستە ئەستۆی بێتوانایی کابینەکەی ڕۆحانی کە تێکەڵەیەکی ئەجێندای ڕیفۆرمیستەکان و بەرژەوەندیگەراکان و بناژۆخوازە میانڕەوەکان بوو. ئێستا ئەوەی نوێیە لەم دۆسێیەدا ئەوەیە، کە هەم بناژۆخوازەکان و هەم سوپاییەکان ئیدی خۆیان حکومەتن، چونکە لە کابینەی پێشنیارکراوی رەئیسیدا سەرجەم وەزیرەکان لەم دوو باڵە هەڵبژێردراون. بەڵام ئایا دەتوانن وەک جاران هەر ڕەتکەرەوە و ڕێگر بن؟ لەو کابینە ١٩ وەزیرییەی کە ڕەئیسی پێشکەشی کردووە، زۆرینەیان لەوانەن کە هەمیشە هەڵوێستی دژە ئەمریکا و دانوستاندنیان هەبووە و سیانیشیان لە لیستی سزاکانی واشنتۆندان، لەوەش زیاتر هەرچی وەزیرەکانی دەرەوە و نێوخۆ و ئابووری و بگرە ڕێگاوبان و پەروەردەشە لە بناژۆخوازە توندڕەوەکان و وەک دەزگاش هەندێکیان بە ئەندامی سوپای پاسداران و کۆڵەکەی فەیلەقی قودسی دەرەوەی ئێران هەژمار دەکرێن! سیناریۆکان رەئیسی ئێستا لەبەردەم سێ سیناریۆی سەختدایە: ١. بەرگریکردن و ئامانجگەراییخوازی کە پابەندبوونە بە دروشمی بناژۆخوازەکان، ئەمەش ڕەنگە سیستەمی ئێران بە بەهێزی و سازشنەکردن نمایش بکات و لە نێو جیهانی شیعەی دەرەوە بەهێز بنوێنێت، بەڵام بەهۆی سزاکان و کەمتوانایی خزمەتگوزاریی لە خەڵک دوورتر دەکەوێتەوە و ناڕەزایەتییەکان زیاتر گەشە بکەن. ٢. چاوشارکێی دبلۆماسی: کە بریتییە لە هێشتنەوەی ئێران وەک دۆخی ئێستای نیمچەدانوستاندن و نیمچە بەرگریکردن، گەر ئەمە بچێتە پێشەوە باشترین سیناریۆیە بۆ حاڵی حازر (کەمترین زیان)، بەڵام ئایا زەمان و زەمینەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەروا دەمێنێتەوە کە ئێران ئەم چاوشارکێیەی تێدا بکات؟ ٣. سازش لەدەرەوە و پاکسازیی نێوخۆیی: کە بریتییە لەوەی وەک تەکنیک و ناچاری لە سیاسەتی دەرەوەدا کرانەوە ئەنجام بدات و سازش لە درووشمدا بۆ واقیع بکات. بەمشێوەیە هەلێک وەردەگرێتەوە بۆ بوژانەوە و لادانی سزاکان و لەبەرامبەردا هەم بە گێزەر و هەم بە کوتەک ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵک دامرکێنێتەوە و خۆی ئامادە بکات بۆ گەڕێکی نوێ (بەڵام سەختە بەدیهاتنی). بۆیە لەم سێ سیناریۆیە زیاتر دانەنرا، چونکە سیستەمی سیاسیی و دەوڵەت و دەستوورەکەی ئێران تەنها ڕێگەی یەکێک لەمانە دەدات و بەم دۆخەی ئێستا و بەم کابینە و گوتار و بەم ستوونانەی دەسەڵاتەوە، هەر ئەم سیناریۆیانە ئەگەری جێبەجێبوونیان هەیە، نەک چاکسازیی ڕیشەیی و گۆڕینی دەستوور و ئاشتبوونەوەی تەواوەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا و هاوسێیاندا. بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران
شێكاری: درەو بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کەوا بڕیارە ڕۆژی 10/10/2021 هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت. - (3249) کاندید کە (2298) پیاو و (951)یان ئافرەت کێبڕکێ لەسەر (329) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن لە (83) بازنەی هەڵبژاردن، بەشداری هەڵبژاردنەکەی 10/10/2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن. - کاندیدەکان (789) یان بە شێوەی سەربەخۆ و (959) یان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی پارتە سیاسییەکان و (1501) کەسیان کاندیدی پارتە سیاسییەکانن. - هەروەها (167) پارتی سیاسی کە (58) پارتیان لە چواچێوەی (21) هاوپەیمانی کۆبوونەتەوە بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن. لە نێو هاوپەیمانێتییەکانیدا، هاوپەیمانی (فەتح) بە سەرۆکایەتی (هادی عامری) و هاوپەیمانی (دەوڵەتی یاسا) و هەروەها هاوپەیمانی (هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی) بە سەرۆکایەتی (عەمار حەکیم) دیارترین هاوپەیمانێتییەکانی نێو ماڵی شیعەن، لە هەرێمی كوردستانیش كورد بە چەندین لیست و كاندیدی سەربەخۆ بەشدارە، لەگەڵ تەنیا هاوپەيمانێتیەك ( هاوپەیمانی كوردستان)ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرۆكایەتی (قوباد تاڵەبانی) لەدوای ئەوەی (موقتەدا سەدر) سەرۆکی رەوتی سەدر ڕایگەیاند بەشداری هەڵبژاردن ناکات و دوای ئەویش (سەکۆی عێراقی) بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی و بە دوایشیدا (بەرەی حیواری نیشتمانی) بە سەرۆکایەتی (ساڵح موتلەگ) کە سەرکردەیەکی سونی دیاری عێراقە کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنەکە ڕاگەیاند. دیارترین هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەم؛ بەهێزتریین هاوپەیمانێتییەکانی شیعە 1. هاوپەیمانێتی (عەقدی وەتەنی) بە سەرۆکایەتی (فالح فەیاز) گەورەترین و هاوپەیمانێتی شیعەکانە کە لە (6) حیزب پێکهاتووەو (80) کانیدیان هەیە. 2. هاوپەیمانێتی (هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمان) بە سەرۆکایەتی (عەمار حەکیم) دووەم گەورەترین هاوپەیمانێتی شیعەیە لە (6) حیزب پێکهاتووەو (78) کانیدیان هەیە. 3. هاوپەیمانێتی (فەتح) بە سەرۆکایەتی (هادی عامری) سێیەم گەورەترین هاوپەیمانێتی شیعەیە لە (6) حیزب پێکهاتووەو (73) کانیدیان هەیە. 4. هاوپەیمانێتی (دەوڵەتی یاسا) بە سەرۆکایەتی (نوری مالیکی) چوارەم گەورەترین هاوپەیمانێتی شیعەیە لە (6) حیزب پێکهاتووەو (72) کانیدیان هەیە. دووەم؛ بەهێزتریین هاوپەیمانێتییەکانی سونە 1. هاوپەیمانێتی (تەقەدوم) بە سەرۆکایەتی (محەمەد حەلبوسی) گەورەترین و هاوپەیمانێتی عێراق و سوننەکانە کە لە (7) حیزب پێکهاتووەو (124) کانیدیان هەیە. 2. هاوپەیمانێتی (عەزم) بە سەرۆکایەتی (خەمیس خەنجەر) دووەم گەورەترین و هاوپەیمانێتی عێراق و سوننەکانە کە لە (7) حیزب پێکهاتووەو (123) کانیدیان هەیە. سێیەم؛ هاوپەیمانێتییەکانی کورد - لەسەر ئاستی پێکهاتەی کوردو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تەنها (1) هاوپەیمانێتی بەستراوە، کە ئەویش هاوپەیمانێتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گوڕانە نە ناوی (هاوپەیمانی کوردستان) بە سەرۆکایەتی (قوباد تاڵەبانی) لە (33) کاندیدیان هەیە. گرنگرترین هاوپەیمانێتییەکان (بە گرافیک)
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) چەندە سیاسەت وەک چالاکییەکی گرنگیی مرۆڤ دەبێتە هۆکاری بنیاتنانی ژیان و ئاشتیی، هێندەش دەتوانێت ببێت بە مەترسیی و هەڕەشە بۆ کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤەکان. گەورەترین مەترسیی بۆسەر سیاسەت و لەکارخستنی وەک کردەیەکی مەدەنیی، بریتییە لە دیکتاتۆرییەت و جەنگ. لە هەردوکیاندا فەزای سیاسیی بە ئایدیۆلۆژیی دەکرێت و ماشێنێکی گەورەی دوژمنسازیی دەخرێتەگەڕ بۆئەوەی ژیانی مەدەنیی لەناوببرێت. بەم چەشنە یەکێک لە گرنگترین کردەی سیاسەت کە بەرهەمهێنانی ئازادیی و رێکخستنی ژیانی گشتییە، وەک کردەیەکی ئینسانیی کۆتاییپێدێت. لەدونیای ئێمەشدا جگە لە جەنگی نێوان وڵاتان و جەنگی ناوخۆیی، ساڵانێکە زۆرینەی دوڵەتان گیرۆدەی جەنگی دژ بە تیرۆرن. جەنگێک کە تەنها رەهەندێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو رەهەندێکی ئیقلیمیی و نێونەتەوەیی گەورەشی هەیە. لەناوچەکەی ئێمەدا زیاد لە بکەرێک و زیاد لە گروپ و زیاد لە هێزێکی ئیقلیمیی بەریەک دەکەون. ساڵانێکی زۆرە سیاسەت لە ناوچەکە و هەرێمەکەی ئێمەدا موبادەرەی لەدەستداوە و کارە سەرەکییەکەی بووە بە ڕاکردن بەدوای ئەو کێشانەدا کە جەنگ و شەڕی ناوخۆیی و گروپە چەکدارەکان و نوخبەی سیاسیی بۆ کۆمەڵگاکان بەرهەمیدەهێنن. نەوەی یەکەمی نوخبەی کوردیی ناو حیزبەکان ئەزموونێکی دوورودرێژی جەنگ و ماڵوێرانییان لەگەڵ یەکتردا هەیە. کاتێکیش ئاشتی کەوتە نێوانیانەوە ئەزموونێکی دوورودرێژیان لە سەرکوتکردنی ئازادیی و بیروڕای جیاوازی ناو کۆمەڵگاکەیان پیادەکرد. نەوەی دووهەمی ئەم نوخبە جەنگاوەرەش، کەمتر شەڕانگیزتر نین لەنەوەی یەکەم، بەڵام ئەزموونێکی نوێیان لە بەنماییشکردنی سیاسەت و گۆڕینی لە خەمێکی گشتییەوە بۆ خەمی تایبەت و شەخسییدا هەیە. بەپێچەوانەی نەوەی یەکەمەوە، ئەم نەوە نوێیەی ناو سیاسەتی کوردیی نە گەمەکەرێکی ئیقلیمییە لەدەرەوە و نە خاوەن کاریزما و هەیبەتێکی سیاسییە لە ناوەوە. ئەم نەوەیە ئەزموونێکی سیاسیی تەمەنکورتی هەیە، تاکە ئەزموونێک هەیبێت لەبواری ئەمنییدایە. ئێستاش کە فەرمانڕەوای ئەم دەڤەرەن، تەنها لە ناوبڕەکاندا سیاسەت دەکەن. خودئەڤینییەکی قووڵ ژیانی سیاسیی ئەم کارەکتەرانەی تەنیوە و بێخەمیی و لاموبالاتییەکی گەورەش عەقڵی ئیدارییان ئاراستەدەکات. بەشێوەیەکی گشتیی، گەر چاوەڕوانییەکان لەلایەن سیاسەتەوە تێرنەکرێن، کۆمەڵگا دوو هەڵاوێردی (ئیختیار) لەبەردەستدایە. یەکەم داوا لە سیاسەت دەکات ریفۆرم پیادەبکات، بۆئەوەی بتوانێت ڕوبەڕوی ئەو تەحەدا و کێشانە ببێتەوە کە دەبێت ئەمڕۆ چارەسەریان بکات و نەیانخاتە سبەی. گەر ئەمەش نەکرا، چارەسەری دووهەمیان دەبێت بە ئەڵتەرناتیڤ و چاوەروانییەکانی کۆمەڵگا لە سیاسەت گۆڕانی رادیکاڵیان بەسەردا دێت. یەکێک لە خراپترین و مەترسییدارترین شێوەی ئەو گۆڕانکارییەش بریتییە لەوەی کە کۆمەڵگا هیچ چاوەڕوانییەکی لە نوخبەی دەسەڵاتدارانی نامێنێت. ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا تیای دەژی، بریتییە لە خاڵی دووەم. کۆمەڵگای کوردیی هیچ چاوەروانییەکی باشی لە سیاسەتی نەوەی دووهەمی ناو خێزانە سیاسییەکان نەماوە. ئەم نەوە نوێیەی دەسەڵاتداران نە وەک باوانیان بەشداربوون لە دروستکردنی رابردوو و دوێنێی ئەم کۆمەڵگایە، نە بیر لە بژێوی ئێستای هاونیشتیمانیانی دەکەنەوە و نە پڕۆژە و خەونی سیاسییشیان بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان هەیە. لە کۆمەڵگای ئێمەی دوای قۆناغی جەنگی ناوخۆیی و قۆناغی دوای ئۆپۆزیسیۆندا، وێنەی دوژمنی سیاسیی کاڵبووەتەوە، بەڵام قۆناغی دوژمنایەتییەکی نوێی هەمەلایەنی دژبەیەکتر سەریهەڵداوە. دوژمنایەتییەک کە تەنها رەهەندێکی ئاسۆیی نییە لەنێوان ناوچە و جوگرافیا سیاسییەکاندا وەک لە ڕابردوودا هەبوو، بەڵکو رەهەندێکی شاقووڵیی هەیە و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو جەستەی سیاسیی خودی حیزبەکان و ناو خێزانە سیاسییەکان.
راپۆرت: درەو پرسی ژەهرخواردنەكە هێشتا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەو ماددەیەی كە بافڵ تاڵەبانی دەڵێ لە پرۆسەی ژەهرخواردكردنیدا بەكارهێنراوە، هەمان ئەو ماددەیە كە ساڵی 2004 بۆ لەناوبردنی ڤیكتۆر یۆشینكۆ سەرۆكی پێشووی ئۆكرانیا بەكارهێنراوە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێ ئەم بابەتە لەبەردەم دادگاكانی دەرەوەی وڵاتیش دەسەلمێنم، لاهور شێخ جەنگیش بابەتی ژەهرەكە بە "یارییەكی منداڵانە" ناو دەباتو لە دادگا سكاڵای تۆماركردووە، دیار نییە چارەنوسی ئەم كەیسە لە دادگا یەكلادەكرێتەوە یان لەناو یەكێتی یاخود لە چوارچێوەی ماڵی تاڵەبانیەكاندا، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری كەیسی ژەهرخواردنەكە بڵاودەكاتەوە. مانگێك دوای 8ی تەموز مانگێك تێپەڕی بەسەر رووداوەكانی (8)ی تەموزی ناو یەكێتیدا، روداوگەلێك كە ناونیشانە گەورەكەی پرسی "رەهژخواردكردن"ە، بەڵام لەژێریدا چەندین ململانێو كێشمەكێشی تر هەن. بەهانەی رووداوەكانی ئەمدواییەی یەكێتی پرسی ژەهرخواركردنی (بافڵ تاڵەبانی) هاوسەرۆكی یەكێتییە، ئەم بابەتە كە وەكو سەرچاوەی سەرەكی ناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی) ئەژماردەكرێت، تائێستا لەناو كۆبونەوە تایبەتەكاندا باس دەكرێتو میدیای فەرمیو بەرپرسانی یەكێتی وردەكارییەكەیان بۆ رایگشتی نەخستوەتەڕوو. ئەمە لەكاتێكدایە، لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە، بافڵ تاڵەبانی بەردەوام خەڵكو كەسایەتییەكان بانگهێشتی "دەباشان" دەكاتو چیرۆكی ژەهرخواردنەكەیان بۆ دەگیڕێتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە سەرەتای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە لە ژمارەیەك لەو كەسانەوە دەستیكەوتووە كە سەردانی "دەباشان"یان كردووە، بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە چیرۆكی ژەهرخواردنەكەی بۆیان گێراوەتەوە بەمش شێوەیە. چیرۆكەكە لەزاری بافڵ تاڵەبانییەوە رۆژی 24ی حوزەیران بوو (واتە دوو هەفتە بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز)، ئەو رۆژە پێنج شەممە بوو، من رۆژانی هەموو پێنج شەممەیەك تەرخان دەكەم بۆ كاتبەسەربردن لەگەڵ منداڵەكانم (هێرۆ- كۆبان). ئێوارەی ئەو رۆژە میواندارییەكم رێكخست لە باخەكەم لە "مێرگەپان"، ئەم میواندارییە بۆ ئاشتەوایكردن بوو لەنێوان (پۆلۆ شاڵاو عەلی عەسكەری)و (پۆڵاد شێخ جەنگی)، ماوەیەك بوو كێشە لەنێوانیان هەبوو. (پۆلۆ راوێژكاری بافڵ تاڵەبانییە، پۆڵاد برای لاهور شێخ جەنگییەو تا ساتی روداوەكە بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی بووە). بۆ ئەم میواندارییە، (لاهور شێخ جەنگی)و (دەرباز كۆسرەت رەسوڵو شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ)م بانگهێشت كرد، پۆلۆ و پۆڵادیش لەوێ بوون. لەم دانیشتنەدا من ماددە كحولییەكانم نەخواردەوە، بۆیە شەربەتێكی سروشتی پرتەقاڵیان بۆ هێنام، قومێكم لە شەربەتەكە خواردەوە، پاشان رۆیشتم بۆ لای منداڵەكانم لەژوورەوە، چونكە هاوسەرم لەوێ نەبوو، منداڵەكانم داپۆشیو گەڕامەوە، قومێكی ترم لە شەربەتەكە خواردەوە، هەستم كرد تامی گۆڕاوە، پێم وتن ئەم شەربەتە زۆر ناخۆشە، دیارە شتێكتان تێكردووە، خەیاڵم بۆ ژەهر نەچوو، پێموابوو كحولیان تێكردووە، پێكەنینو پێیان وتم هیچ نییە بیخۆرەوە، پاش ماوەیەك هەستم بەوە كرد سەرمامە، توشی لەرز بووم، قەمسەڵەیەكم لەبەركرد، دۆخم خراپتر دەبوو، بە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵم وت من وەزعم باش نییە، شاڵاو وتی با بڕۆین، لەم كاتەدا لاهور باوەشی پێدا كردم، بە زمانی ئینگلیزی پێی وتم"بای بای ئامۆزا"، ئەم شێوازە خواحافیزیكردنەی لاهور گومانی لای دروستكردم، چونكە چەندجارێك باوەشی پێداكردم، وەكو ئەوەی بیەوێت بەیەكجاری ماڵئاوایم لێ بكات ! ژەهری "دایۆكسین" دوای كۆتایهاتنی میواندارییەكە، چەندجارێك توشی رشانەوە هاتم، نامەم بۆ هاوسەرەكەم ناردو پێم وت" من دۆخم خراپە، ناتوانم ئاگام لە منداڵەكان بێت" نامەشم بۆ پزیشك نارد، پاشان چومە گەرماو، لەوێ ئاگام لەخۆم نەما، بێهۆش كەوتم، كاتێك بەئاگاهاتمەوە، لە نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە) بووم، فاخر شێخ تەیبو برایەكی كە خاوەنی كۆمپانیای قەیوانو نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە)ن، لەوێ ئامادەبوونو بارودۆخی منیان بینی، (هەندێك لە گێڕانەوەكان دەڵێن ئەژی ئەمین بەرپرسی ئێستای دەزگای زانیاریش لە نەخۆشخانە بووە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی)، دەركەوت من ژەهرخوارد كراوم بە ماددەیەك بەناوی "دایۆكسین"، ژەهرەكە كاریگەری لەسەر دڵم دروستكردبوو، (12) بوتڵ ئاویان بۆ هەڵواسیم، پزیشكەكە پێی وتم بەهیچ جۆرێك نابێت بخەوێت، دەبێت بەپێوە رابوەستی، چونكە بارودۆخی دڵت زۆر خراپە، هەندێك چارەسەریان بۆ كردم، پاشان سامپلی خۆم نارد بۆ روسیاو بەریتانیاو ئەمریكاو سوید، ئەنجامی هەموو پشكنینەكان دەریاخست ژەهرخوارد كراوم، ئیتر كە ئەم دۆخە رویدا، تەلەفۆنم بۆ قوبادی برام كرد لە هەولێر بگەڕێتەوە، كە گەڕایەوە باسی بارودۆخەكەم بۆ كرد، هاوكات لەگەڵ ئەمەدا كەسێكمان لە "دەباشان" گرت كە سیخوڕی كردبوو بە سەرمانەوە، ئەو كەسە كوڕە شەهیدێك بوو كە ماوەی (18 ساڵ) بوو لەگەڵ ئێمەدا بوو، دوای ئەوەی كە بانگمان كرد، دانی بەوەدا نا سیخوڕی بۆ دەزگای زانیاری كردووە. ئیتر دوای ئەم روداوانە بڕیارماندا گۆڕانكاری لە دەزگای زانیاریدا بكەین، كاتێك رۆیشتین بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە دەزگادا بكەین، (محەمەد تەحسین تاڵەبانی)مان هێنا كە بەرپرسی دەزگا بوو، ئەو رۆژە (رەنج شێخ عەلی) جێگری سەرۆكی دەزگا لەوێ نەبوو، لە بارەگای دژەتیرۆر بوو، رۆشتن لەوێ هێنایان (محەمەد تەحسین برای ئاڵا تاڵەبانییە، رەنج شێخ عەلی خوشكەزای لاهور شێخ جەنگییە). كە قسەمان لەگەڵ (محەمەد تەحسین)و (رەنج شێخ عەلی)دا كرد، یەكسەر وتیان" ئێمە تەنیا ئەمرمان جێبەجێ كردووە"، پاش ئەوەی لێكۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵدا كرا، رەنج وتی" ژورەكەم لە دەزگا كلیل دراوە، بڕۆن كلیلەكە ببەنو بیكەنەوە، لەناو سەلاجەكەمدا شتێكی تێدایە بیهێنن"، ئەژی ئەمین بەرپرسی ئێستای دەزگا چوەتە ژورەكەی رەنج شێخ عەلی، ژەهرەكەی لەناو سەلاجەكەدا دۆزیوەتەوە، هەموو ئەم دیمەنانەشی بە كامێرا وێنەگرتووە (تا ئەم ساتە ئەژی ئەمین كە برای موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامییە، ماوەی چەند مانگێك بووە بەهۆی كێشەی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاو كەسانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دورخراوەتەوە). دوای هێنانی ژەهرەكەی دەزگا، بۆمان دەركەوت هەمان ئەو ماددەیە كە دەرخواردی من دراوە، رەنج ناوی دوو كەسی ئاشكراكرد كە ئەوان ئەو دەرمانەیان لە دەرەوەی وڵات هێناوەو رادەستی ئەویان كردووە، رەنجو محەمەد تەحسین بە نوسینو لەبەردەم كامێراشدا دانیان پێدا ناوە. ئێستا هێشتا كاریگەری ژەهرەكە لەسەر جەستەم ماوە، ناتوانم وەرزش بكەم، ئەو ژەهرەی كە بە من دراوە، جۆرێكە لە هندستان ئەو خەڵكانە دەیخۆن كە دەیانەوێت خۆیان بكوژن. من ئامادەم بابەتی ژەهرخواردكردنم نەك لە دادگاكانی كوردستان، لە دادگاكانی دەرەوەی وڵات (بەریتانیا) بسەلمێنم، بۆ ئەوەی نەوترێت دادگاكانی سلێمانی لەژێر هەژمونی مندایە. ئێستا من ناتوانم بیسەلمێنم لاهور شێخ جەنگی خۆی ژەهرەكەی كردوەتە ناو شەربەتەكەوە بۆم، بەڵام دەزانم هێنانی ئەو ژەهرە لەژێر چەتری ئەودا بووە. لاهور شێخ جەنگی چی دەڵێ ؟ لاهور شێخ جەنگی كە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی لەژێر چەتری ئەودا ژەهرخوارد كراوە، بەتەواوەتی چیرۆكەكەی بافڵ تاڵەبانی رەتدەكاتەوە، تا ئەو رادەیەی بە "گاڵتەجاڕی"و "یارییەكی منداڵانە" ناوی دەبات. لاهور شێخ جەنگی بەفەرمیو لەبەردەم رایگشتیدا داوای لێكۆڵینەوەی لەو تۆمەتانە دەكات، لە دادگاش لەسەر ناوزڕاندنی لەسەر ئەم بابەتە سكاڵای تۆماركردووە، سەرباری ئەمەش بەمەرجی ئەوە دەسەڵاتەكانی رادەستی هاوسەرۆكەكەی تر كردووە، تا لیژنە پێك بێت لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ یەكلاكردنەوەی تۆمەتی ژەهر خواردنەكە. سەرباری ئەمە، بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، رەنج شێخ عەلی كە دوای ئازادكردنی گەڕاوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، لە بەریتانیا سكاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووەو تۆمەتباری كردووە بەوەی لەژێر فشارو هەڕەشەدا دانپێدانانی لێوەرگیراوە. كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، باس لەوە دەكەن، بەر لە دانیشتنەكەی "مێرگەپان" بافڵ تاڵەبانی ئامادەكاری كردووە بۆ گۆڕانكاری ئەمنیو (وەهاب هەڵەبجەیی) بەرپرسی ئۆپراسیۆنەكانی دەزگای دژە تیرۆری بەلای خۆیدا راكێشاوەو تەنیا دەزگای زانیاری ماوە كە كۆنترۆڵی بكات، لەرێگەی بانگەشەی ژەهرخواردكردنەكەشەوە ئەو دەزگایەی كۆنترۆڵ كردووە، بۆیە پرسی ژەهرخواردنەكە بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو "كودەتا"یە كەبەسەر دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگیدا كراوە. لەنێوان دادگاو حزبو خێزاندا سەرەتا بڕیاربوو هەردوو هاوسەرۆك كێشەكانیان لەبارەی پرسی ژەهرخواردكردنەوە ببەنە بەردەم دادگا حكومییەكان، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای حزبەكەیان (سەركردایەتی) نەیتوانی كۆببێتەوەو بڕیار لەسەر كێشەكە بدات، بەمدواییە قسەوباس لەبارەی ئەوە دەكرێت ئەوەی رویداوە كێشەیەكی خێزانییەو كوڕانی مام جەلالو شێخ جەنگی (ئامۆزاكان) لەچوارچێوەی خێزانەكەیاندا دەیانەوێت چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، بەتایبەتیش كە هەرێمی كوردستانو عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدانو ئێستا كەمپەینی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. ژەهرەكەی بافڵ تاڵەبانیو ڤیكتۆر یوشینكۆ ! ئەو ماددەیەی كە بافڵ تاڵەبانی ناوی هێناوە گوایە لە پرۆسەی ژەهرخواردكرنیدا بەكارهێنراوە، ماددەی (دایۆكسین- dioxin)ە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەكارهێنانی ئەم ماددەیە بۆ مەبەستی ژەهرخواردكردن لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە كەوتوەتە ناو بواری پزیشكییەوەو پێشتر بۆ ئەم مەبەستە بەكارنەهێنراوە. ساڵی 2004 (ڤیكتۆر یوشینكۆ) خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئۆكرانیا كاندید كرد، ئەم پیاوە سەرۆكایەتی هەوڵێكی دەكرد دژی هەژموونی روسیا لە ئۆكرانیا، پێگەی جەماوەری زۆر بەهێز بوو، ئەوكات (ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ) سەرۆكایەتی ئۆكرانیای دەكرد كە لایەنگری روسیا بوو. ركابەرییە سیاسییەكە لەو سەردەمەدا زۆر بەهێز بوو، هەردوولا هەموو هێزی خۆیان بۆ خستنی یەكتر بەكارهێنا، لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دۆخی تەندروستی (یوشینكۆ) تێكچوو، كاریگەریی نەخۆشییەكە لەسەر دەموچاوی دەركەوت، رەوانەی نەخۆشخانەیەك كرا لە (ڤیەننا)ی پایتەختی نەمسا، لەوێ پزیشكەكان رایانگەیاند یوشینكۆ بە مادەی "دایۆكسین" ژەهرخوارد كراوە. یوشینكۆ ئەوكات باسی لەوەكرد، بانگهێشتی ئێوارەخوانێك كراوە بەمەبەستی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی سیاسی نوێ لەماڵی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ئۆكرانیا، ئەو بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاكی تەنانەت پاسەوانەكانی لەگەڵ خۆیدا نەبردووە بۆ ئێوارە خوانەكە، بەڵام دوای ئەو نانخواردنە دۆخی تەندروستی تێكچووە، پزیشكە نەمساوییەكان باسیان لەوە دەكرد ئاستی ماددەی (دایۆكسین) لە خوێنی یوشینكۆدا هەزار هێندە لە بڕی ئاسایی ئەو ماددەیە لە جەستەی مرۆڤدا زیاترە. دوای ئەم رووداوانە، سەرۆك یانۆكۆڤیچ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردەوە، لایەنگرانی یوشینكۆ بانگەشەی ئەوەیان دەكرد پرۆسەیەكی ساختەكاری گەورە رویداوە، خۆپیشاندانیان دەستپێكرد، ئەمە لە مێژووی ئۆكرانیادا ناوی لێنرا "شۆڕشی پرتەقاڵی"، شۆڕشەكە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی حكومەتیان ناچاركرد ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەڵوەشێنێتەوە، هەڵبژاردن دووبارە كرایەوە، ئەمجارەیان یۆشینكۆ هەڵبژاردنەكەی بردەوەو بوو بە سەرۆكی ئۆكرانیا. دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، رەخنە لە شۆڕشەكەی یوشینكۆ دەستی پێكرد، تۆمەتباریان كرد بەوەی ئامانجەكانی شۆڕشی بەدی نەهێناوەو لەناو گەندەڵیدا نقوم بووە، ساڵی 2010 كۆتایی بە ماوەی سەرۆكایەتی یوشینكۆ هاتو سەرلەنوێ ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ دەسەڵاتی گرتەوە دەست.
درەو: رۆژبەرۆَژ بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەهێرشی چەكداریو هەندێك جاریش بە هەڵاتنی هێزە ئەمنییەكانی حكومەت ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی زیادتر دەكات و لەكۆی 34 تائێستا پایتەختی نۆ ویلایەتی كۆنترۆڵ كردووە, جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاش لە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان پەشیمان نیەو داوا لە سەركردەكانی ئەو وڵاتە دەكات لە پێناوی وڵاتەكەیاند خەبات بكەن. مەزار شەریف رۆژی هەینی بزوتنەوەی تالیبان شاری فایز ئابادی كۆنترۆڵكردو شەڕیش لە سێ پایتەختی ویلایەتەكانی تر بەردەوامەو دوای كۆنترۆڵكردنی زۆرینەی ناوچەكانی باكور, ئێستا بزوتنەوەی تالیبان چاوی بڕیوەتە كۆنترۆڵكردنی شاری مەزار شەریف كە گەورەترین شاری باكورەو تالیبان چەندین ناوچەی لە خۆرهەڵاتو خۆرئاوایەوە كۆنترۆڵكردووە. جگە لەبەرەی باكور لە باشوریش شەڕو پێكدادان لە نێوان هێزەكانی تالیبانو هێزە حكومییەكانی ویلایەتەكانی قەنەدەهارو هڵمەند بەردەوامە. كەوتنی مەزار شەریف گورزێكی كەمەرشێن دەبێت بۆ حكومەتی ئەفغانستان چونكە بەتەواوەتی كۆنترۆڵی باكور لەدەستدەداتو شارەكەش بەوە ناسراوە كە پێگەی سەرەكی ئەو چەكدارانەیە كە دژی بزوتنەوەی تالیبانن. هەر بۆئەوەش ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان گەیشتە شارەكەو بئەوەی لەگەڵ محەمەد عەتا نور یەكێك لە كەسایەتییە بەهێزەكانی مەزار شەریفو عەبدولڕەشید دۆستم كە یەكێكە لە ئەمیرەكانی جەنگ كۆببێتەوە. بە گوێرەی چەند ڤیدیۆیەكیش كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوە دۆستم بەیاوەری كەتیبەیەك چەكدار لە فڕۆكەخانەی كابوڵەوە بەرەو مەزار شەریف كەوتەڕێ. بایدن پەشیمان نیە سەرەڕای بەردەوامیی پێشڕەویی هێزەكانی تالیبان, جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەمریكا پەشیمان نیەو داوا لە سەركردە ئەفغانییەكان دەكات خەبات بكەن لە پێناوی وڵاتەكەیاندا. بایدن لە وتەیەكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لە كۆشكی سپی وتی ئەمریكا پابەندی ئەو ئەركانەیە كە لە ئەفغانستان لەئەستۆیدایە كە بریتین لە پاڵپشتیكردن لە ڕێگەی هێزی ئاسمانییەوەو پێدانی موچە بە سەربازانی سوپای ئەفغانستانو دابینكردنی خۆراكو كەلوپەلی سەربازی بۆ سوپای ئەفغانستان. بایدن هانی سەركردەكانی ئەفغانستانیشی دا كە لە پێناوی خۆیانو نەتەوەكەیاندا شەڕبكەنو وتی " زیاتر لە هەزار ملیار دۆلارمان لە ماوەی 20 ساڵدا خەرجكردووەو مەشق و راهێنانمان بەزیاتر لە 300 هەزار سەربازی ئەفغانی كردووەو چەكو تەقەمەنیمان بۆ دابینكردون". دانوستان لەبری شەڕ لەكاتێكدا رۆژە بەڕۆژ شەڕ لەئەفغانستان گەرمتر دەبێت دیپلۆماتكارانی ئەمریكا لە هەوڵدان دانوستەكانی نێوان حكومەتی ئەفغانستانو بزوتنەوەی تالیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەگەڕ بخەنەوە كە چەقی بەستووە, زەڵمای خەلیلزاد نوێنەری ئەمریكا لەو دانوستانانە فشاردەكات بۆئەوەی تالیبان بە بڕیاری ئاگربەست قایل بكات.
شیكاری: درەو پاڵپشت بە ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناوی بردوون (پرۆژەکان، پرۆژە جۆراوجۆرەکانی وەزارەتەکان، پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان) پێکەوە (558) پرۆژەن و (868 ملیار و 738 ملیۆن) دیناریان بۆ خەرجکراوە دابەشبوون بەسەر؛ (216) پرۆژە لە پارێزگای هەولێر بە گوژەمەی (283 ملیار) دینار. پارێزگای دهۆک (78) پرۆژە بە گوژەمەی (173 ملیار) دینار. (232) پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی بە گوژەمەی (386 ملیار) دینار. پارێزگای هەڵەبجە کەمترین پرۆژە و خەرجی بۆ دابینکراوە کە (32) پرۆژەیە بە ڕێژەی (5.7%)ی کۆی پرۆژەکان و بە گوژمەی بە (25 ملیار و 98 ملیۆن) دینار کە دەکاتە ڕێژەی (2.8%) کۆی خەرجییەکان. یەکەم؛ پرۆژە خزمەتکوزارییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی مانگی ئایاری 2021، حکومەتی هەرێم بڕی (434 ملیار و 369 ملیۆن) دیناری بۆ (279) پرۆژەی جیاواز لە بواری وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، لە بوارەکانی (رێگاوبان، سایلۆ، بەنداو، ئاوو ئاوەڕۆ، کارەبا، یەکەی نیشتەجێبوون ...هتد)، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی پرۆژەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێم کوردستان، لە پارێزگای هەولێر (108) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (39) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (116) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (16) پرۆژە بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) پرۆژەکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (1) پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، گۆڕانکاری بە دروست دەبێت و لە کۆی (279) پرۆژە (147) پرۆژەیان بە ڕێژەی (53%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (132) پرۆژەیان بە ڕێژەی (47%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە. بە هەمان شێوە کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (434 ملیار و 369 ملیۆن)دینارە، (228 ملیار 517 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (53%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (205 ملیار و 852 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (47%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (1)) دووەم: پرۆژە جۆراو جۆرەکان هەر بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی مانگی ئایاری 2021، حکومەتی هەرێم بڕی (413 ملیار و 712 ملیۆن) دیناری بۆ (167) پرۆژەی وەزارەتەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی ئەو پرۆژەکان بەسەر پارێزگان، لە پارێزگای هەولێر (58) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (25) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (73) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (11) پرۆژە بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) پرۆژەکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (2) پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، تا ڕادەیەک جۆرێک لە هاوسەنگی بە دروست دەبێت و لە کۆی (167) پرۆژە (83) پرۆژەیان بە ڕێژەی (49.7%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (84) پرۆژەیان بە ڕێژەی (50.3%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە. بەڵام کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (413 ملیار و 712 ملیۆن)دینارە، بەڵام (219 ملیار 979 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (53%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (193 ملیار و 733 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (47%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) سێیەم: پەرەپێدانی پارێزگاکان بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە پەرەپێدانی پارێزگاکان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی (20 ملیار و 657 ملیۆن) دیناری بۆ (112) پرۆژەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی ئەو پرۆژانە بەسەر پارێزگان، لە پارێزگای هەولێر (50) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (14) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (43) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (5) پرۆژە هەبووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (3) پارێزگای هەولێر بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، ئەو ڕاستییە بەدیدەکرێت کە زۆرترین پرۆژەیان لە زۆنی زەرد و زۆرترین خەرجیشی لە زۆنی سەوز بوو، بە جۆرێک لە کۆی (112) پرۆژە (64) پرۆژەیان بە ڕێژەی (57.14%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (48) پرۆژەیان بە ڕێژەی (42.86%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە. کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (413 ملیار و 712 ملیۆن)دینارە، (8 ملیار 538 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (41.33%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (12 ملیار و 119 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (58.67%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چوارەم: کۆی گشتی پرۆژەکان پاڵپشت بەو ئامارانەی سەرەوەو بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانان بێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناوی بردوون (پرۆژەکان، پرۆژە جۆراوجۆرەکانی وەزارەتەکان، پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان) پێکەوە (558) پرۆژەن و (868 ملیار و 738 ملیۆن) دیناریان بۆ خەرجکراوە. دابەشبوون بەسەر (216) پرۆژە لە پارێزگای هەولێر بە گوژەمەی (283 ملیار و 336 ملیۆن) دینار. پارێزگای دهۆک (78) پرۆژە بە گوژەمەی (173 ملیار و 698 ملیۆن) دینار. (232) پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی بە گوژەمەی (386 ملیار و 606 ملیۆن) دینار. پارێزگای هەڵەبجە کەمترین پرۆژە و خەرجی بۆ دابینکراوە کە (32) پرۆژەیە بە گوژمەی بە (25 ملیار و 98 ملیۆن) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) و (چارتی ژمارە (4))
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) دوێنی، ڕۆژی شەمە، ڕێکەوتی ٧ ی ئابی ٢٠٢١، تیمی پارێزهرانی زیندانیکراونی بادینان لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی ئاشکرایانکرد کە ڕۆژنامەنوس و چالاکەوانە دهستگیركراوهكانی بادینان ھەم ”ئهزیهتی زۆر“ دهدرێن و ھەم ”فشاریێکی زۆریان خراوەتەسەر“. ھاوکات مامەڵەیەکی نامرۆڤانەیان بەرامبەر دەکرێت و مافە ھەرە سەرەتاییەکانیان پێشێلدەکرێت. بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ” بارودۆخی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و مامەڵەی کارمەندانی ئیدارەی زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێر لەگەڵ سزادراوانی بادینان لەو پەڕی خراپیدایە و دورە لە هەمو بەها ئینسانییەکان و هیچ رەچاوی مافەکانی زیندانیانیان لەگەڵ ناکرێت“. بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوەش دادەگرێت ”هیچ بیانوویەک نییە بۆ هێشتنەوەیان لە زیندانی ئاسایش“ لە ھەولێر و ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ ئەو زیندانیانەدا دەکرێت، بە پێی یاساکانی ھەرێم خۆشی تەواو نایاسایی و نائینسانییە. تیمی پارێزەرەکان داوای بەپیرەوەچونیی بەیاننامەکەیان دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بەیاننامەکەیان ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەڕلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، فراكسیونه جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەستەی مافی مرۆڤ و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە. یاداوەریی دانیشتوانی ئەم ھەرێمە لەگەڵ ئەم سیستمە سوڵتانییە حوکمڕانەدا یاداوەرییەکی بریندارە. پڕیەتی لە تاوان و بێڕێزیی فرەجۆر، لە پێشێلکردنی ڕۆژانەی مافە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، لە شکاندنێکی سیستماتیک و بەردەوامی کەرامەتی ئینسانی ئەم دەڤەرە. دەیان و سەدان نموونە ھەن نیشانی ئەدەن ئەم کۆمەڵگایە لەبەردەم جۆرێک لە حوکمڕانییدایە کە سەرجەمی کۆمەڵگاکە وەک موڵکی شەخسیی خۆی دەبینێت و ھەموو دانیشتوانەکەشی بە بارمتە گرتوە، ھەرچیەکیشی لە توانادابێت بۆ بەردەوامیدان بەم موڵکایەتییە تایبەتە و بەم توانای بە بارمتەگرتنە، ئەنجامیئەدات. ئەوەی بەرامبەر بە دەستگیراوەکانی بادینان دەکرێت ھەڵقەیەکی تازەی ئەم سیاسەتی بەردەوامیدانەیە. ئەوەی دەیبینین نمایشی دەسەڵاتە بۆ تواناکانی زەلیلکردن و ئیھانەکردنی کۆمەڵێک لە ھاوڵاتییەکانی. ھاوڵاتیانێک، ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەزایانی بواری یاسایی، لەناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا، باس لە بێتاوانیی ئەوان و نەبوونی بەڵگە بۆ سزادانیان دەکەن. خودی گرتنەکەیشیان وەک کردەیەکی بە مەبەست و وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوەی شەخسیی دەناسێنن. ئەم نمایشە نوێیە بۆ نیشاندانی تواناکانی ئیھانەکردن، نمایشێکە ھەم بە بەرچاوی سەرجەمی ھێزە سیاسییەکانی ناو کوردستان و ھەم بە بەرچاوی دونیای دەرەوەی کوردەوە ئەنجامئەدرێت. چەندین ڕێکخراوی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ و چەندین گروپی بەرگریکردن لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانی جیھانی، چەندان ھێزی سیاسیی گەورەی دونیا، لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم نمایشکارییە ترسناک و وێرانکەرن. بەڵام ئەوەی دەیبینین بێباکیی تەواوی سیستمە سوڵتانیەکەیە بەرامبەر بە سەرجەمی ئەم ناڕەزایاتییانە و مامەڵەکردنیانە وەک نەبوویەک. ھەمووشی لەژێر ناوی دروشمێکی کۆمیدیی و ساختەدا کە ناوی ”سەربەخۆیی دادگا“ و ”بێلایەنی دەزگاکانی حوکمڕانیی“ لێنراوە. لە پشتی ئەم بێباکییە نابەرپرسیار و ئەم فۆرمە لە کەلەڕەقیی سیاسیی و نەفسیی خۆکوژانەوە، عەقڵیەتێک ئامادەیە باکی بە وێرانبوونی وڵاتەکە و وێرانبوونی ژیانی سەرجەمی دانیشتیوانەکەی، نییە. ئەوەشی لە ھەرێمدا حوکمڕانە تەنھا فۆرمێکی ترسناک لە کۆنترۆکردنی دەزگایی و سەربازیی و ئەمنیی و حیزبیی وڵاتەکە نییە، بەڵکو جۆرێکی تایبەت لە سایکۆلۆژیای نارسیستیی تەواو نەخۆشیشە، کە جگە لە خواستە سەرەتایی و مەیلە سادیستییەکانی خۆی، شتێکی تری پێنییە، ئاراستەی فۆرمی حوکمڕانییەکە بکات. درێژەدان بەم ئیھانەکردنە ئاشکرا و بەردەوامەی ئەمڕۆکە و پێشێلکردنی مافە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، تێکەڵ بە کەڕبوونێکی سەرتاسەریی بەرامبەر بە سەرجەمی ناڕەزایاتییە ناوەکیی و دەرەکییەکان، ئەو مەترسیی و ستراتیژە ترسناکەیە یەخەی ئەم ھەرێمە و مرۆڤەکانی ناوی گرتوە. چۆنیەتی مامەڵەکردنی کەیسی دەستگیراوەکانی بادینان نموونەیەکی بەرجەستەی چۆنیەتی مامەڵەکردنێکی تەواو نابەرپرسیارانەیە، کە مەترسییەکانی بەزۆر مانا لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمتر نییە. مێژووی سەدەی بیستەم نیشانیداین کە زۆرجار ڤایرۆسی سیاسیی زۆر لە ڤایرۆسی بایۆلۆژیی ترسناکتر و کوشندەترە.
درەو: د. كارزان محەمەد - گۆڤاری ئایندەناسی بەرایی گەشەسەندنی تەكنەلۆجیای پەیوەندی و هاتنەئارای میدیای ئەلیكترۆنی، گۆڕانكارییەكی گرنگی لە بواری ڕۆژنامەگەریدا دروست كرد كە هەنگاونانە بەرەو فراوانكردنی سنووری بڵاوبوونەوە و پانتایی ناوەرۆك و ئاسانكاریی پڕۆسەی ناردنی پەیام و وەرگرتنەوەی فیدباكی جەماوەر. ئەم خەسڵەتە نوێیانەی میدیای ئەلیكترۆنی و بەكارهێنانی لە بواری ڕۆژنامەگەری وەك مۆدێلێكی نوێ، وێڕای سەرجەم لایەنە پۆزەتیڤەكانی، كۆمەڵێك گرفت و ئاریشەی بۆ پیشەی ڕۆژنامەگەری دروست كردووە. بایەخی شەنوكەوی ئەم گۆڕانكارییە لە ڕۆژنامەگەریدا، پەیوەندیدارە بە وەڵامدانەوەی كۆمەڵێك پرسیاری گرنگ كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم مۆدیلە نوێیەدا بكەین؟ چۆنیەتیی برەودان بە لایەنە پۆزەتیڤەكان، پێویستی بە كام ڕێكاری زانستی هەیە؟ چارەسەری لێكەوتە خراپەكانیشی لەسەر پیشەكە و جەماوەریش چین؟ هەڵشكان و زیادبوونی ڕێژەی میدیای ئەلیكترۆنیی كوردستانی و كەمبوونەوەی بەرچاوی ڕۆژنامە و گۆڤارە چاپكراوەكان لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی یەك دەیەی ڕابردوودا، لە دەرەنجامە گرنگەكانی گۆڕانی تەكنەلۆجیای بڵاوكردنەوەن، لەم ڕوانگەیەوە بۆ پاراستنی سیما و خەسڵەتە باشەكانی میدیای چاپكراو و خستنەڕووی چەند ڕێكارێك بۆ مامەڵە لەگەڵ ئێستا و ئایندەی میدیای ئەلیكترۆنیی كوردی، ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات لە ڕوانگەیەكی ئەكادیمی و بەپێی سەرنجدانی زانستیانە لە هەلومەرجی واقیعی ڕۆژنامەگەری شەنوكەوی بابەتەكە بكات و ڕێوشوێنی زانستی بۆ ئایندەی میدیا لە هەرێمی كوردستان بخاتە ڕوو. تەوەرەی یەكەم: میدیای ئەلیكترۆنی، چەمك و خەسڵەتەكانی ڕیشەی میدیای ئەلیكترۆنی وەك چەمكێكی تەكنەلۆژی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای داهێنانی تۆڕی جیهانیی ئینتەرنێت، لە هەنگاوێكی نوێی زانستیی هەردوو زانكۆی ستانفۆرد و زانكۆی كالیفۆڕنیا لە ساڵی (1969)دا، لە پێناو ئەنجامدانی توێژینەوەی سەربازیی بەئەلیكترۆنی پێكەوە بەسترانەوە[1]. بایەخی ئەم داهێنانە بۆ ئەوە دەگەڕایەوە تا ئەو ساتەوەختە كۆمپیوتەرە تاكەكەسییەكان (personal computers-PC) هێشتا دانەهێنرابوون، پاشان كۆمپیوتەر لەدوای دەیەی (1970) لە زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمی و فێركارییەكانی ئەمەریكا بۆ پڕۆسەی پەیوەندی خرانە كار. لە هەوڵێكی تریشدا، ئاژانسی پڕۆژەی توێژینەوە پێشكەوتووەكان (Advanced Research Project Agency) كە بە “ARPA” ناسراوە، لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكادا ئەنجامدانی ئەم كارەی لە ئەستۆدا بوو، هەر بۆیە یەكەمین تۆڕی زانیاریی بە ناوی “ئەرپانێت” (Arpanet) ناوزەد كرا. “ئەرپانێت” لە پێناو ئەم مەبەستەدا داهێنرا كە بتوانێ ئەو كۆمپیوتەرانەی لەلایەن سوپا، بەڵێندەران و زانكۆكانەوە بە یەكترەوە ببەستێتەوە، تا توێژینەوە و ئاڵوگۆڕی زانیاری بەئەنجام بگەیەنێت[2]. بەم شێوەیە لە ساڵی 1990دا ئینتەرنێت چالاكییەكانی خۆی بە شێوەی تۆڕێكی جیهانی (World Wide Web) دەست پێ كرد كە نموونەیەكە لە شاڕێ زانیارییەكان بۆ چوونە نێو “كۆمەڵگەی زانیاری” (Information Society). بواری میدیا وەك دەسەڵاتی چوارەم و چەكێكی كاریگەری وڵاتە زلهێزەكان بۆ ئاراستەكردنی پەیامەكانیان لە پێناو كۆنترۆڵی ڕای گشتی و ململانێ لەگەڵ ڕكابەرەكانیاندا، سیمایەكی نوێی بە ڕۆژنامەگەری بەخشی كە ئەویش هاتنەئارای ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنییە. لە سەرەتادا بە بەكارهێنانی ئینتەرنێت بۆ ڕۆژنامەگەری دەستی پێ كرد، واتە ناردنی ڕۆژنامە و گۆڤاری چاپكراو لە ڕێگەی ئەلیكترۆنییەوە. پاش ئاوێتەبوونی ئینتەرنێت و ڕۆژنامەگەرییش، مۆدێلێكی نوێ هاتە گۆڕەپانەكەوە كە میدیای ئەلیكترۆنییە. مەبەست لەم چەمكەش، بریتییە لە پەخش و بڵاوكردنەوەی ڕۆژنامە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت كە لە شێوەی ڕۆژنامەی چاپكراودا لەسەر شاشەكان دەردەكەوێت، بەڵام دەق و وێنە و هێڵكاری و دەنگ و گرتەی ڤیدیۆیی لەخۆ گرتووە[3]. لە هەنگاوی یەكەمدا، بە بڕوای پڕۆفیسۆر د. نەعیم بەدیعی، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا سێ جۆر شێوازی ڕۆژنامەگەری بە هۆی ئینتەرنێتەوە بڵاو دەكرانەوە كە بریتی بوون لە: ڕۆژنامەی چاپكراو بە شێوەی وێنەیی (Portable Document Format – PDF): لەم شێوازەدا دەقی ڕۆژنامەی چاپكراو، بە شێوەی سكان (scan) یاخود “PDF” لەسەر سایتی ئینتەرنێت دادەنرێت و دەرفەتی گەڕان (search) بۆ بابەتەكانی تێدا نییە. ڕۆژنامە ئەلیكترۆنییەكان كە شیاوی بەدواداگەڕانن: ئەم ڕۆژنامانە لە سایتەكانی ئینتەرنێتدا جیاوازییان لەگەڵ ڕۆژنامەی چاپكراودا هەیە، بەبەردەوامی بابەتەكانی نوێ دەكرێنەوە. ئاوێتەی هەردوو شێوازی ناوبراو: هەندێ لە ڕۆژنامەكان نیوەلاپەڕەی یەكەمی ڕۆژنامە چاپكراوەكەی خۆیان بە شێوەی وێنەیی و پاشماوەی لاپەڕەكانی تری بە نووسراو یا بە شێوەیەك كە شیاوی بەدواداگەڕان بێت، دەخەنە ڕوو[4]. گەشەسەندنی تەكنەلۆجیای پەیوەندی و سوودوەرگرتنی بۆ كاری ڕۆژنامەگەری، ڕۆژبەڕۆژ بووەتە مایەی هەڵكشانی ڕێژەی ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی، ئەم گەشەیە پەیوەستە بە تایبەتمەندی و خەسڵەتەكانی ئەم مۆدێلە نوێیەوە كە هەم بۆ دامەزراوەكانی میدیا و بۆ جەماوەریش كارئاسانی و دەرفەتی زۆری بۆ ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوانیاندا ڕەخساندووە. لەم ڕوانگەیەوە دیارترین خەسڵەت و تایبەتمەندییەكانی ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی بریتین لە: – خێرایی لە گەیاندنی هەواڵی بەپەلە و بڵاوكردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی بۆ پشتڕاستیی هەواڵ. – خێرایی و ئاسانی لە ئاڵوگۆڕی داتا و زانیاری لە ئینتەرنێتدا، ئەمەش جیاوازییەكی گەورەی لەگەڵ ڕۆژنامەگەریی كاغەزدا هەیە كە ئەگەر ڕۆژانەش بێ؛ تا ڕۆژی ئایندە دەبێ چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی بین. – ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی دەرفەت بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆی خوێنەر دەڕەخسێنێ لە پڕۆسەی نووسیندا (بەتایبەتی لە كۆمێنت نووسیندا). – سیمایەكی گڵۆباڵیی هەیە، وابەستە نییە بە سنووری جیۆگرافی. – بازاڕ و بزنس دەتوانن بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بازاڕگەری لە ئینتەرنێتدا بكەن. – بەئاسانی ئەرشیف دەكرێت و دەتوانرێ بەئاسانییش زانیارییەكان بخرێنەوە بەردەست. – ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی بە بەراورد لەگەڵ چاپكراو، بڕی تێچووی كەمترە. – ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی پێویستی بە ناوەند و بارەگا نییە بۆ ڕۆژنامەنووسان، لە سەرتاسەری جیهانەوە دەتوانن لە پەیوەندیدا بن[5]. بەپێی بۆچوونێكی تر، تایبەتمەندییەكانی بریتین لە: – خێرایی لە خوێندنەوەدا. – ئاسانكاری لە لابردن و زیادكردن و چاكسازی و گۆڕانكاری لە ناوەرۆك لە هەموو ساتێكدا. – دەرفەتی گواستنەوەی بەشێكی بژاردە لە دەقێكی ئەلیكترۆنی، بەبێ ئەوەی پێویست بە تاپیكردنەوەی بكات. – ئاسانكاری لە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە و ژێدەرەكان[6]. پێشكەوتوویی و زۆریی تایبەتمەندییەكانی میدیای ئەلیكترۆنی بە بەراورد لەگەڵ مۆدێلەكانی پێشووی ڕۆژنامەگەری، بەتایبەتی كە جیهان بووە گوندێك (Global village) و سنوورە سروشتی و دەستكردە مرۆییەكان تێك شكێنرا، لە هەر كوێیەك هێڵی ئینتەرنێت هەبێ، ئەوا جیهانیش هێندەی ماوسی كۆمپیوتەر بچووك دەبێتەوە و دەتوانرێ بەئاسانی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ دروست بكرێت. شەپۆلێكی نوێی گۆڕانكاری لە بواری پڕۆسەی پەیوەندی و ئامرازەكانی ڕاگەیاندن بەتایبەت “ڕۆژنامە و بڵاوكراوە چاپكراوەكان”دا هاتە ئارا، گۆڕانكارییەكەش تەنها ئاسانكاری لە پڕۆسەی گەیاندن نەبوو، بەڵكوو ئەو ئاڵوگۆڕەیە كە لەسەر بنەمای مەرگی مۆدێلی باوی ڕاگەیاندنی چاپكراو ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵكشاندایە. بە مانایەكی تر: میدیای ئەلیكترۆنی بە كۆمەڵێك سیفاتی نایابەوە هاتە مەیدان، گرنگترین ئەو سیفاتانەش بریتین لە: چارەسەری گرفتی تیراژ و شوێن و پانتایی (بە بەراورد لەگەڵ مۆدێلی چاپكراو)، تێكشكاندنی سانسۆر، بەزاندنی سنوورەكان، هەرزانی لە نرخدا، ئاسانی لە پەیوەندیدا كە سەرجەم ئەو بابەتانەی ئاماژەیان پێ داوە، پێشتر بە گەورەترین كەموكوڕیی میدیایی چاپكراو دادەنران، بەڵام میدیای ئەلیكترۆنی بەخێرایی لە ڕێگەی ئەم تایبەتمەندییانەی خۆیەوە كەموكوڕییەكانی ڕۆژنامەگەریی كاغەزی چارەسەر كرد. لە هەمان كاتدا گەشەی میدیای ئەلیكترۆنی لەسەر بنەمای مەرگی كاغەز، كۆمەڵێك گرفتی مەترسیداری بۆ بوارەكە لەگەڵ خۆیدا هێناوە كە لە تەوەرەی دووەمدا ئاماژەیان پێ دەدەین. تەوەرەی دووەم: ئاستەنگەكانی بەردەم میدیای ئەلیكترۆنی و ململانێی ڕۆژنامەگەریی كاغەز ئەمڕۆ میدیای ئەلیكترۆنی توانیویەتی سەرجەم لایەنەكانی (بینراو، بیستراو، خوێنراو) لەخۆ بگرێت و پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ بە خێراترین شێواز بڕەخسێنێ. وێڕای ئەم تایبەتمەندییانە، ئەگەر بە بەراورد لەگەڵ مۆدێلەكانی پێشوودا بە هۆی تەكنەلۆجیاوە پێشكەوتووتر بێ، ئەوا كۆمەڵێك ئاستەنگی لە بەردەمدایە كە بۆ خودی مۆدێلەكە و جەماوەریش جۆرەها گرفتی خوڵقاندووە، لە ڕەهەندێكی تریشەوە گەشەی ئەم میدیا مۆدێرنە لەسەر بنەمای ململانێ و مەرگی كاغەز؛ چەندین لێكەوتەی خراپی هەیە، لێرەدا بە شێوەیەكی پۆلێنكراو بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەسەر ئاماژەیان پێ دەدەین: ڕەهەندە تەكنەلۆژییەكان: چەندین وڵات لەسەر ئاستی جیهان هێشتا بە هۆی دواكەوتوویی تەكنەلۆجیا یاخود سانسۆرەوە، هاوڵاتیان ناتوانن بەتەواوەتی دەستیان بە تەكنەلۆجیای ئینتەرنێت ڕابگات. بە مانایەكی تر: كۆمەڵێك گرفتی تەكنەلۆجی لەبەردەم میدیای ئەلیكترۆنیدان، وەك: سەختیی خوێندنەوە بە شێوەی ئۆنلاین، وابەستەبوون بە تەكنەلۆجیای مۆدێرن، بودجەی پسپۆڕی لە بوارەكە و ئامرازە نوێیەكان، كوالێتی و بودجەی پەیوەندیی ئینتەرنێتی…؛ كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر میدیای ئەلیكترۆنی هەیە و ڕەنگە بڵاوبوونەوەی بۆ ماوەیەكیش ڕابوەستێ[7]. ڕەهەندە یاسایی و ئێتیكییەكان: لایەنێكی گەشی میدیای ئەلیكترۆنی، تێكشكاندنی ئەو سانسۆر و سنوورانەیە كە چەندین دەوڵەتی دیكتاتۆر و تاكڕەو بەسەر میدیای كلاسیكدا سەپاندوویانە، بەتایبەتی لە بەخشینی مۆڵەتدا، ئێستاش پەنا بۆ پڕۆسەی فلتەرینگی ئینتەرنێت دەبەن بۆ سانسۆری پەیام و ئاڵوگۆڕی زانیاری. لە هەمان كاتدا میدیای ئەلیكترۆنی بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژنامەگەریی كاغەز، كەمتر پابەندی پرەنسیپە یاسایی و ئیتیكییەكانە، فاكتەرەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ لۆكاڵیبوونی یاساكان و بەجیهانیبوونی ئینتەرنێت، واتا زۆر جار خاوەن سایت و پەیجە ئەلیكترۆنییەكان خاوەنەكانیان بزرە و دەمامكدارن یاخود لە دەرەوەی وڵاتن. هەروەها خۆقوتاركردنی میدیای ئەلیكترۆنی لە مەرج و پێوەرە یاساییەكان، بەتایبەتی مەسەلەی وەرگرتنی مۆڵەت، گرفتێكی تری ئەو بوارەیە. لە ڕۆژنامەگەریی كاغەزدا، هەر وڵاتێك كۆمەڵێك ڕێوشوێن و مەرجی زانستی و ئەكادیمیی بۆ بەخشینی مۆڵەت هەیە. بە مانایەكی تر: دەوڵەتان لە ڕێگەی دامەزراندنی لیژنەی چاودێری، سانسۆری كارگێڕی دەخاتە سەر ڕۆژنامە و گۆڤارەكان، لەلایەن وەزارەتەكانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانەوە ڕادەسپێردرێن كە بەپێی فەرمانێكی ئیداری كار بە بنچینە و پرەنسیپەكانی یاساكانی چاپەمەنی دەكەن[8]. لە ڕۆژنامەگەریی كاغەزدا، لایەنی باشی ئەم ڕێوشوێنە لە سیستمی دیموكراسیدا لێپرسینەوە و بەدواداچوونە لە تاوانی بڵاوكردنەوە، بەڵام لە وڵاتە دیكتاتۆرەكان چەكێكە بۆ سەركوتی ئازادیی ڕادەربڕین. بە بڕوای پسپۆڕێكی یاساكانی میدیا، لە وڵاتە سەركوتكەرەكاندا بە هۆی ڕۆڵی ڕۆژنامەگەریی ئازاد لە دروستكردن و كاریگەرییەكانی لەسەر ڕای گشتی، حوكمڕانە دیكتاتۆرەكان هەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەخەنە ژێر ڕكێفی خۆیان، دەركردنی ڕۆژنامەش دەبەستنەوە بە مۆڵەتوەرگرتن و سانسۆری بەر لە بڵاوكردنەوەوە[9]. لە هەمان كاتدا لە ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی، لایەنی باشی بریتییە لە خۆدەربازكردن لە سانسۆر، بەڵام خۆحەشاردانیشی لە سزا لە كاتی تاواندا، گرفت بۆ سەروەریی یاسا دەخوڵقێنێ. هەندێ مەسەلەی تر هەن كە تەنها بە یاسا مامەڵەیان لەتەكدا ناكرێ، بەڵكوو دەكەونە بازنەی ئیتیكی پیشەییەوە، بۆ نموونە متمانە و ڕاستگۆیی و ڕەسەنایەتی لە میدیای ئەلكیترۆنی لەبەردەم قەیراندایە، بەتایبەتی فشار لە پێناو گەیاندنی خێرای هەواڵەكان، دەشێ ببێتە مایەی ئەوەی دامەزراوەیەكی مەزنی هەواڵ، بەبێ لێوردبوونەوە هەواڵ بڵاو بكاتەوە[10]. ڕەهەندە كۆمەڵایەتی و نەتەوەییەكان: گۆڕانكاری لە دیاردە و كولتوورە ناباوەكانی كۆمەڵگا، هەمیشە ئەركی سەرەكیی میدیایە لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی بۆچوونی دەستەبژێر و پسپۆڕ و خاوەن ئەزموونەكان، ئەم مامەڵەكردنەش زۆر هەستیارە و دەبێ بە ڕێوشوێن و میتۆدی زانستییانە ئەنجام بدرێت. ڕۆژنامەگەریی كوردی بەپێی پۆلێنی قۆناغ و سەردەمەكانی، ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە پێشخستنی كۆمەڵگای كوردی، بۆ نموونە چەندین دیاردەی ناباوی كۆمەڵایەتی كە لە چەند دەیەی ڕابردوودا هەبوون و لە ڕۆژنامەگەریدا ڕەخنە و بابەتی لەسەر بڵاو كراوەتەوە، ئێستا بەرەو نەمان و لاوازی چوون. هاتنەئارای میدیای ئەلیكترۆنی گرفتێكی گەورەی بۆ ڕێزگرتن لە ئادابی گشتی و نەتەوەیی هێناوەتە ئارا، ئێستا سەدان ئەكاونت و پەیج لە تۆڕی كۆمەڵایەتی و یوتوبدا هەن كە زۆر جار خاوەنەكانیان دیار نین، بابەت و وێنە و ڤیدیۆ و پەیامی ئەوتۆ بڵاو دەكەنەوە كە بوونەتە مایەی دووبەرەكی و لاوازكردنی ڕەوشتە جوانەكان و زیانگەیاندن بە ئادابی گشتی، لاوازیی سیستمی یاسایی و كەمیی كوالێتیی تەكنەلۆجیا بۆ دۆزینەوەی بكەران و تاوانباران بووەتە هۆی تەشەنەسەندنیان. لە ماوەی جەنگی دژ بە تیرۆریشدا، زۆر جار بابەت و ڤیدیۆ و وێنە لە میدیای ئەلیكترۆنیدا بڵاو كراونەتەوە كە زیانیان بە ئاسایشی نەتەوەیی گەیاندووە، یاخود دنەدان و هاندانی بۆ تیرۆر و توندوتیژیی تێدا بووە. لە ڕوانگەی ئەم ڕەهەندە گرنگانەی ئاماژەمان پێ دان، بۆ چارەسەری گیروگرفتەكانی میدیای ئەلیكترۆنی بە ئاقاری برەودان بە لایەنە پۆزەتیڤەكان و كەمكردنەوەی لێكەوتە نێگەتیڤەكانی، هەروەها لە پێناو پاراستنی ڕۆژنامەگەریی كاغەزیش لە مەرگ، لە تەوەرەی سێیەمدا چەند ڕێوشوێن و سیناریۆیەك بۆ ئایندە دەخەینە ڕوو. تەوەرەی سێیەم: ڕێکار ئایندەییەکان و سیناریۆکان بەگشتی لەم تەوەرەدا دوو ڕێكاری تایبەت بە هەر كام لە بوارەكانی میدیای ئەلیكترۆنی و ڕۆژنامەگەریی كاغەز دەخەینە ڕوو، كە هەردووكیان تەواوكەری میدیایەكی گشتگیر و پێویستن بۆ هەر كۆمەڵگایەك. سەبارەت بە گەشەپێدانی میدیای ئەلیكترۆنی و خۆپارێزی لە لێكەوتە نێگەتیڤەكانی، بە لەبەرچاوگرتنی شرۆڤەی دوو دەیەی میدیای ئەلیكترۆنی لە كوردستان و ئەو گرفتانەی لەسەر كۆمەڵگای كوردی خوڵقاندوویەتی، بۆ گەشەپێدانی زیاتر بە مۆدیلی میدیا مۆدێرنەكە و چارەسەر یاخود كەمكردنەوەی لێكەوتە نێگەتیڤەكانی، چەند سیناریۆیەك بۆ ئێستا و ئایندەی میدیا پێشنیاز دەكەم: یەكەم: هەژموونی میدیای ئەلیكترۆنی بەرەو بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی ئێستا میدیای ئەلیكترۆنی هەژموونی بەسەر كۆی پڕۆسەی گەیاندن و ئاڵوگۆڕی زانیاریدا هەیە و تا ئەندازەیەك كۆنترۆڵیشی كردووە، ئەمەش وێڕای ئەو خەسڵەتە گرنگانەی ئاماژەمان پێ دا، چەندین لێكەوتەی نێگەتیڤیشی هەیە بۆ سەر كۆمەڵگا و بەها و مافە مرۆییەكان و دامودەزگا یاساییەكان، بۆ ئەو مەبەستەش لە سیناریۆی یەكەمدا ئەم پێشنیازانە دەخەینە ڕوو: لەسەر ئاستی جەماوەر بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی جەماوەر لە متمانەكردن بەو پەیام و بابەتانەی لە میدیای ئەلیكترۆنیدا بڵاو دەكرێنەوە. ئەگەر لە فەلسەفەدا گومان یەكەمین قۆناغی بیركردنەوە بێ بۆ گەیشتن بە ڕاستی، لە میدیاشدا ئاستی متمانە بە سەرچاوە و شێوازی گەیاندنی زانیاری و وێنە، ئەركی سەرشانی وەرگرە تا دووچاری هەڵە نەبێت و تیۆری بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی (Media Responsibility) ببێتە ستراتیژی میدیای ئەلیكترۆنی. لەسەر ئاستی دامودەزگا یاساییەكان هەڵمەتی هۆشیاریی یاسایی سەرشانی میدیاكاران و هەڵگرانی پەیام لە میدیای ئەلیكترۆنیدا بۆ خۆپارێزی لە تاوانەكانی بڵاوكردنەوە، لە هەمان كاتدا ئەركی یاسایی داواكاری گشتییشە لە كاتی خراپ بەكارهێنانی میدیای ئەلیكترۆنیدا لێپێچینەوە بگرنە بەر تا نەبێتە مینبەرێك بۆ تەشەنەسەندنی تاوانی بڵاوكردنەوە. – ئەركی كۆمپانیاكانی پەیوەندی كۆمەڵێك دامەزراوەی پەیوەندی لە هەرێمی كوردستاندا هەن كە هێڵی ئینتەرنێت دابین دەكەن، پێویستە ستافێكی یاسایی بە هاریكاریی ئەو كۆمپانیایانە سەرجەم ئەو سایتانە فلتەر بكەن كە بابەتی ورووژاندنی سێكسی و دنەدان بۆ تاوانیان لەخۆ گرتووە. بەكورتی: یەكێك لە گرنگترین فلتەرەكان كە ڕۆڵی چاودێریی میدیایی دەبینێ، بریتییە لە دەرگاوانەكان (Gatekeepers)، بۆ یەكەمین جار لەلایەن كورت لوین (Kurt Lewin)ەوە بەكار هێنرا. بە تێڕوانینی ناوبراو، كۆمەڵێك فلتەر هەن كە هەواڵەكانی پیادا تێدەپەڕن و ئەم فلتەرانەش دەروازەیەكی چوونەژوورەوەن و تەنها بۆ هەندێك لە هەواڵەكان دەكرێنەوە و هەندێكیشیان دوور دەخاتەوە و بە نەشیاو ناوزەدیان دەكات[11]. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە هەرسێ لایەنی ئاماژەپێدراو ببنە دەرگاوان بۆ چارەسەری گیروگرفتەكانی میدیای ئەلیكترۆنی. دووەم: پارێزگاری لە مانەوەی ڕۆژنامەگەریی كاغەز و برەوپێدانی ڕۆژنامەگەریی كاغەز سەرەڕای دواكەوتنی لە ململانێی میدیای مۆدێرن لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و پێشكەشكردنی دەنگ و ڕەنگدا، كۆمەڵێك خەسڵەت هاندەرن بۆ پارێزگاری لە مانەوەی ئەم مۆدێلە، چەند ڕێوشوێنێ بۆ ئێستا و ئایندە دەخەینە ڕوو: – لەسەر ئاستی ئەكادیمی برەودان بە هونەرەكانی نووسین، بەتایبەتی بایەخدان بە ڕاپۆرتی بنكۆڵكاری (Investigation Report) و بەدواداچوون، واتە گەڕان بەدوای زانیاری و وەڵام بۆ ئەو پرسیارانەی كە لای جەماوەر گرنگن. -لەسەر ئاستی جەماوەری ڕۆژنامەگەریی كاغەز پتر پێویستی بە تێكەڵاوبوونە لەگەڵ جەماوەر، لە ڕێگەی ورووژاندن و بایەخدان بەو بابەتانەی كە جێگەی بایەخی وەرگرن، بە مانایەكی تر: شكاندنی ئەو سانسۆر و هێڵە سوورانەی كە دامودەزگا حكومی و حیزبییەكان سەپاندوویانە. هەنگاونانیش بەرەو میدیای جەماوەری و لیبراڵ، ڕێكارێكە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێنەر و برەودان بە فرۆش. -لەسەر ئاستی ئابووری گرفتێكی گەورەی ڕۆژنامەگەریی كاغەز، بریتییە لە كەمیی بودجە و داهات و زۆریی مەسرەف، بۆ چارەسەریش پێویستە بایەخی زیاتر بە ڕیكلام و شێوازی فرۆشتن بدرێت. لە هەمان كاتدا حكومەت لە ڕێگەی بەخشینی ڕیكلام و ئاگاداری و ئاگانامە و كەمكردنەوەی گومرگی كاغەزەوە، هاریكاریی ڕۆژنامەگەریی كاغەز بكات. سێیەم: برەودان بە میدیای ئاوێتە (ئەلیكترۆنی و كاغەز) میدیای ئەلیكترۆنی زۆر جار بە هۆی داخران و وەستانی كاری میدیایی یاخود پەلامارە ئەلیكترۆنی و ڤایرۆسییەكانەوە، سەرجەم ئەو هەواڵ و بەدواداچوون و وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوی كردوونەتەوە؛ ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە، بە مانایەكی تر: ئەرشیف لەدەست دەدات. هەندێك جاریش دەستكاریی دەق و گرفتەكانی كۆپیڕایتیش لە میدیای ئەلیكترۆنی، كێشەی یاسایی و ئێتیكی پیشەی خوڵقاندووە. لەم ڕوانگەیەوە بە مەبەستی چارەسەر، دەشێ پشت بە میدیای ئاوێتە ببەسترێت، واتە میدیا ئەلیكترۆنییەكان بۆ خزمەت بە ئەرشیفی داتا و زانیاری و هەواڵ و بابەتەكانیان، هەم بۆ ڕاستگۆیی لە پەیام و ڕەچاویی پرەنسیپەكانی یاسا و ئێتیكی پیشە، بە تیراژێكی كەمیش بێ لەبەر گرفتی بودجە، بە هەفتانە یاخود مانگانە و بە شێوەی كاغەز چاپ بكرێن. هەروەها سەرجەم بەدواداچوونە ڤیدیۆییەكانیش بە شێوەی خولەكی (هەفتانە یاخود مانگانە) لەسەر سیدی پێشكەش بە ناوەندە زانستی و ئەرشیفییەكان بكرێت. ئەنجام بونیادنانەوەی میدیای كوردی و ڕێكخستنەوەی شێوازی مامەڵە و ئاراستەكردنی پەیامەكانی، لەسەر هەردوو ئاستی میدیای ئەلیكترۆنی و ڕۆژنامەگەریی كاغەز، پێویستی بە هەماهەنگی و هاریكاریی دامودەزگا حكومی و یاساییەكان و خودی دامەزراوەكانی میدیا و ڕۆژنامەنووسانیشە، لەم ڕوانگەیەوە پێشنیازی كۆنفرانسێك دەكەم بە ئامادەبوونی دەستەبژێرانی میدیا و داواكاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت، بۆ سەرلەنوێ برەودان بە ڕۆژنامەگەریی كاغەز و ڕێكخستنەوەی میدیای ئەلیكترۆنی بەپێی ڕێكارەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان. ——————————————————————————— سەرچاوەكان: [1] Ronald De Wolk, Introduction to Online Journalism: Publishing News and Information, Boston: Allyn and Bacon, 2001, p, 6. [2] Barry M. Leiner, et al., “A Brief History of the Internet,” Internet Society, retrieved from World Wide Web, June 6, 2003. ياخود: دکتر کاظم معتمدنژاد، «يونسکو و مسائل حقوقي بينالمللي ارتباطات الکتروني»، گزارش شرکت و ارائه مقاله در دومين کنگره بينالمللي يونسکو درباره «اخلاق اطلاعات: چالشهاي اخلاقي، حقوقي و اجتماعي فضاي سيبرنتيک»، مونتکارلو: يکم تا سوم اکتبر 1998 (9 تا 11 مهرماه 1377)، تهران: انتشارات يونسکو، خرداد 1378. [3] الدكتور رضا عبدالواجد أمين: الصحافة الاكترونية، دار الفجر للنشرو التوزیع، الطبعە الاولی، 2007م، ص93. [4] نەعیم بەدیعی: ڕۆژنامەوانیی ئەلیكترۆنی، وەرگێڕانی: كارزان محەمەد، زنجیرەی كتێبی گیرفان، ژ(100)، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2009، لا19. [5] د. علاء الدین ناطوریة: مدخل الي الصحافة الاكترونیة، دار زهران للنشر و التوزیع، الطبعة الاولی، 2015م، صص(33-34). [6] الدكتور محمود علم الدين: الصحافە الاكترونیة، الحرية للطبع و النشرو التوزیع، الطبعة الاولی، 2018م، ص51. [7] حمید رضا اكرمی: ردپای روزنامەنگاری الكترونیك در مطبوعات ایران، مجله رسانە، سال سیزدهم، شمارە 49، 1381، ص(101-102). [8] ابراهیم داقوقی: قانون الاعلام، وزارە التعلیم العالی و البحث العلمی، جامعە بغداد بدون سنە طبع، ص115. [9] د. عبدلله اسماعيل البستاني: حرية الصحافة، القاهرة، 1951، ل43. [10] دكتر علیرضا دهقان: روزنامهنگاری الکترونیک: فرصتها و محدودیتها، مجلە جهانی رسانە، شمارە 2، پاییز و زمستان 1385، ص10. [11] ژان كازنو: جامعەشناسی وسایل ارتباط جمعی، ترجمە: باقر ساروخانی و منوچهر محسنی، تهران 1365، ص61. بۆ بینینی بابهتهكه به PDF كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە (8)ی تهمووزی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی
د. هەردی مەهدی سەعات پێنجی نیوەڕۆی (بەکاتی تاران) ڕۆژی ٥/٨/٢٠٢١، لە بینای ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران(پەرلەمان)، مەراسیمی سوێندخواردنی ئیبراهیمی ڕەئیسی وەک سەرکۆماری نوێی ئێران بەڕێوەدەچێت، کە لە دواهەڵبژاردنی ئێراندا، وەک براوەی هەڵبژاردنەکان دەستنیشان کرا و لەم ڕۆژەدا سوێندی یاسایی دەخوات و لەسەر کورسی سەرکۆماریی دەستبەکار دەبێت. ئەو لە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی سارد و کەشێکی گەرم و بایکۆتێکی زۆر و دنیایەکی ئاڵۆز و چەندین یەخانگیرییی سیاسیی و ئابووریی نێوخۆیی و دەرەکییدا، وەک دواسەرۆکی وڵاتەکەی دەچێتە سەر کورسیی سەرکۆماریی. لە پرۆسەی کاندیدبوونەوە تا سەرکۆمار بە پێی دەستوور و یاسابەرکارەکانی پەیوەست بە پۆستی سەرکۆمارەوە، بە شەش قۆناغ ئەوسا دەتوانێت بەتەواوی دەسەڵاتەکانی وەربگرێت و دەست بەکاربێت: ١. خۆکاندیدکردن وەک هەر هاوڵاتییەک بەمەرجێک شیعەمەزهەبی دوانزە ئیمامی بێت. ٢. قۆناغی فیلتەرینگی شورای پاسەوان، کە مەرج نییە هەرکەس کاندید بوو ئیتر بەشداری کێبەرکێ بێت تا ئەوکاتەی ئەم شورایە پەسەندی نەکات. ٣. قۆناغی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دیاریکردنی براوە. ٤. قۆناغی دەرکردنی مەرسومی ڕێبەری (تنفیذ): کە پاش سەرکەوتنی کاندیدێک، پێویستە ڕێبەر مەرسومێکی ڕێبەری بۆ دەربکات و وەک سەرکۆمار ئەو کاندیدە پەسەندکراوە دابنێت، دیارە ئەمە ڕۆژی سێشەممە ٣/٨/٢٠٢١ ئەم مەراسیمە بەڕێوەچوو و تێیدا خامینەیی ڕێبەر فەرمانی ڕێبەری دایە دەست ئیبراهیم ڕەئیسیی کاندیدی براوە. ٥. قۆناغی سوێندخواردن (تحلیف): کە تێیدا سەرکۆمار لە بینای پەرلەمانی وڵاتەکەیدا، سوێندی یاسایی دەخوات و وەک سەرکۆمار بەرپرسیار دەبێت، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکانی پێویستی بە بڕینی قۆناغێ شەشەمە. ٦. قۆناغی پێشکەشکردنی کابینەی وەزارییە بە پەرلەمان و پەسەندکردنی لانیکەم زۆرینەی وەزیرەکانی خولەکەی. کە ئەمە لە هەفتەی پاش سوێندخواردەنەوە تا مانگێک مۆڵەتی لەبەردەستە. بۆ ئیبراهیمی ڕەئیسی کە دەبێتە سێنزەیەمین سەرکۆماری ئێران، ئەمڕۆ قۆناغی پێش کۆتاییە تا پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی بەپێ دەستووری وڵاتەکەی. کە قۆناغی جێبەجێکردنی مەراسیمی سوێندخواردنە و ئەم مەراسیمە هەرسێ ڕەهەندی تەشریفاتی، یاساییی و سیاسیی لە خۆدەگرێت. لەڕووی دەستوورییەوە، بەپێی مادەی ١٢١ی دەستوور، پێویستە مەراسیمی سوێندخواردن بە ئاشکرا و لە پەرلەماندا ئەنجام بدرێت و هەریەک لە سەرکۆی دەسەڵاتی دادوەریی و ئەندامانی شورای پاسەوان لەو مەراسیمەدا ئامادەییان هەبێت. وا چاوەڕی دەکرێت، ١١٥ کەسایەتی لە ٧٣ وڵاتەوە بەشداریی ئەم مەراسیمە بکەن، لەنێویاندا: ١٠ سەرۆک وڵات، ٢٠ سەرۆکی پەرلەمان، ١١ وەزیری دەرەوە، ١٠ لە وەزیرانی وڵاتانی دیکە و ئەوانی دیکە بریتین لە نوێنەرانی تایبەتی سەرۆک پەرلەمانەکان و لیژنە پەرلەمانیەکانی وڵاتان و ... تاد. هاوتا لەگەڵ ئەوانەدا سەرۆکی ١١ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و هەرێمی و نوێنەرانی سکرتێری ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ئۆپیک و ئۆراسیا و ئەنجومەنی وڵاتانی ئیسلامی و ئاسیایی و ...تاد ئامادە دەبن. لە هەرێمی کوردستانیشەوە، جیا لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح کە کوردە، هەریەک لە سەرۆکی هەرێم (نێچیرەڤان بارزانی) و سەرۆکی پەرلەمان (ڕێواز فایەق) و هەرسێ وەزیر (حەمەی حەمەسەعید-ڕۆشنبیری، کوێستان محەمەد -کاروباری کۆمەڵایەتی و پشتیوان سادق- ئەوقاف)ی کابینەی حکومەتی هەرێم بەشداری ڕێوڕەسمەکە دەکەن. لەبارەی پێگە و دەسەڵات و مێژووی سەرکۆمار لە ئێراندا و هەروەها کەسێتی و پێگە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم سەرکۆماریی نوێ، بڕوانە ئەم سێ لینەکەی ئێراننامەکانی پێشتر (٢) و (٩) و (١٤) کە پێشتر و لە ڕووماڵی هەڵبژاردنەکانی ئێراندا تایبەت بە درەو میدیا نووسراون: ١. سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی: https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8220 ٢. سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران: https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8536 ٣. ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران: https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8695
هونهر حاجی جاسم (1) دارستان وهك کانزای ستراتیژی! دارستانهکان 31% روبهری گۆی زهویان داپۆشیوه، که دهکاته زیاد له "4 ملیار هێکتار کیلۆمهتر دوجا چوارگۆشه". ئهم روبهره گهورهیهش دابهشبووه بهسهر "کیشوهرهکان و ههرێمه جوگرافیهکان و ولاتانی سهر گۆی زهوی". بهجۆرێك ههندێک ناوچه ههیه روبهری دارستانهکانی زۆر چڕه، وه ههندێکیشیان زۆر کهمه، ئهم هۆکارهش بۆ دابهشبونی "نهخشهی جوگرافی سروشتی و دابهشبونی بازنهکانی پانی و هێلهکانی درێژی دهگهرێتهوه". له روانگهی "لێکۆلینهوهی بنهماکانی جیۆپۆلۆتیکی"، Forests "دارستانهکان" به بنهمایێکی گرینگی هێز دهژمێردرێت، بهتایبهتش بۆ ئهو ولاتانهی که روبهری دارستانهکانیان یهکجار گهورهیه. چونکه ولاته زلهێزهکان دونیا لهپال"بنهما جیۆپۆلۆتیکیهکانی تردا، دارستانهکانیان بۆته بنهمایێکی بههێزی جیۆپۆلۆتیکی. له ناو دارستانهکانیش دارهکان جۆراو جۆرن ههر یهکهی سودێکی تایبهتی ههیه، بهتایبهتیش ههندێك جۆری دار ههیه به strategy mineral "کانزای ستراتیژی" ههژماردهکرێت، بهجۆرێك "دار ههیه یهك مهتری به نزیکهی 4000$ له بازاڕ دهفرۆشێت". ئهمهش وایکردووه که دارستانهکان به کانزایی ستراتیژی ههژمار بکرێت!. (2) دارستان و فاکتهری جیۆستراتیژی! ههندێك له ولاتان دارستانهکان به "ژێرخانی ئابووری و جیۆستراتیژی" خۆیان دادهنێن، چونکه وهک "قولایی ستراتیژی" تهماشای دهکات. ئهگهر نمونهیVietnam War "جهنگی ڤێتنام "وهربگرین ئهوه بۆمان روون دهبێتهوه که یهکێك له هۆکاره سهرهکیهکانی "سهرنهکهوتنی ئهمریکا" بریتیی بوو له چڕی دراستانهکانی ئهم ولاته. ههر ئهمهش وای له ئهمریکا کرد،"لهماوهی جهنگدا 20 ههزار هێکتار روبهڕی دارستانی ڤێتنام لهناوببات"، ئهمهش به "کارهساتێکی گهورهی سروشتی و ژینگهی بۆ ڤێتنامیهکان" له دوای کۆتای هاتنی جهنگدا. ئهگهر دارستانهکان بۆ "ڤێتنامیهکان" وهکو بنهمایێکی بهرگری دابندرێت، ئهوه بۆ تورکهکانیش دارستانهکانی وهک " بنهمای جیۆستراتیژی" دادهنرێت، بهتایبهتیش بۆ پشخستنی نهخشهی ئابووری تورکی. ههروهها دهولهتانی "خاوهن هێز "لهپال گرینگدان به بنهماکانی تری "جیۆپۆلۆتیکی، دارستانهکانیش" وهکو "بنهمای جیۆپۆلۆتیکی" بۆخۆیان ههژمار دهکهن، که لێره چهند دهولهتێك وهك نمونه وهردهگرین. 1. رووسیا: یهکێكیه لهم ولاتانهی که 49.40% روبهری ئهم ولاته دارستانه!. 2. بهڕازیڵ: له 61.90% روبهری ئهم ولاته دارستانه. 3. کهندا: له 34.1% روبهری ئهم ولاته دارستانه. 4.ولایهته یهکگرتوهکانی ئهمریکا: له 33.34% روبهری ئهم ولاته دارستانه. 5. هیندستان: له 24.56% ڕوبهری ئهم ولاته دارستانه. 6. چین: له 22.3% ڕوبهری ئهم ولاته دارستانه. 7. ئوستوڕالیا: له 16.00% ڕوبهری ئهم ولاته دارستانه. 8. تورکیا: له 14.9% ڕوبهری ئهم ولاته دارستانه. (3) گرینگی دارستانهکان بۆ تورکیا تورکیا گهورهترین ڕووبهری دارستانی ههیه له ڕۆژههلاتی ناوهڕاست، که پێكدێت له 14.9% خاکی تورکیا، که دهکاته 11,334,000 هێکتاری زهوهی، ئهمهش له زۆر لایهنهوه به بنهمای هێز بۆ تورکیا دادهنرێت، ئهمهش وایکردوه چهندین لایهنی گرینگی بۆ تورکیا ههبێت. لهوانیه له نوسینێکی ئهوها کورتدا ئاسان نهبێت بتوانین ههموو لایهنه گرینگهکانی دارستان بۆ ولاتی تورکیا باس بکهین. بهلام به کورتی چهند لایهنێکی گرینگ باس دهکهین، که پێکدێن لهمانهی خوارهوه: * گرینگی ئابووری: دارستانهکانی تورکیا بنهمایێکی سهرهکی پێشخستنی ئابووری تورکین، به تایبهتیش له دروستکردنی کهل و پهلی ناومال. چونکه کهل و پهلی تورکی تهنیا لهناوهخۆی تورکیا نا، بهلکو له بازارهکانی ئهوروپا و ئاسیاشی پڕ کردووه. جگله لهوهی بهرههمی دار له تورکیا ژێرخانی دارایی و ئابووری تورکیا له چهند سێکتهرێکی دیکهشدا. * گرینگی ژینگهی: دارستانهکان یهکێك له بنهما سهرهکیهکانی پارستنی ژینگهین، که رێگری دهکهن له جۆرهکانی پیسبوونی ههوا، پیسبونی خاك و پیسبوونی ئاو!. گرینگی گهشت و گوزار: لهپال بنهماکانی تری سروشتی و مرۆیی بۆ گهشهپێدانی کهرتی گهشت و گوزار، بریتیه له چڕی دارستانهکان، ئهم هۆکارهش هۆکاری سهرهکیه له زیندوی کهرتی گهشتیاری تورکیا.گرینگیهکان یهکجار زۆرن که دارستانهکانی تورکیا فاکتهری پێشخستنی کهرته جیاوازهکانی تورکیان! (4) شکستی "سوتاندنی دارستانهکان" بهر کێ دهکهوێت؟ رهجهب تهیب ئهردۆغان سهرۆك کۆماری تورکیا سوتانی دارستانهکانی به کارهساتێکی یهکجار گهوره بۆ تورکیا وهسف دهکات. چونکه دوای گرتنه دهسهلاتی سیاسی و حکومی حیزبی دادو گهشهپێدان له تورکیا، ئهو یهکهم جاره ئهم هێزه توشی وهها کارهساتێکی سروشتی گهوره ببێتهوه که نهتوانێت به ئاسانی کۆنتڕۆلی بکات!.ههروهها یهکهمین جاریشه له سهد سالی دروستبوونی دهولهتی تورکیا که ئاگرێکی وا گهوره له دارستانهکانی سهرهتاسهری تورکیا بکهوێتهوه که بهشی زۆری جوگرافیهی تورکیای بسوتێنێت!. دوای درێژه کێشانی ئاگرهکه و بهربلاوی ئاگرهکه له 21 پارێزگای تورکیا و سوتانی چهندین ناوچهی گهشتیاری له کهنارهوهکانی سهر دهریایی ناوهڕاست. حکومهتی تورکیا به نارستهوخۆ ئهیهوێت هێزی تر تۆمهتبار بکات، بهوهی که ههلساون به سوتاندنی دارستانهکانی تورکیا، له بهرامبهریشدا هێزه ئۆپۆزسیۆنهکان حکومهت به کهم تهرخهم تۆمهتبار دهکهن، پێیان وایه ئهم حکومهته نهك نهیتوانیه ڕۆلی ههبێت له ئیدارهدانی کارهساتی سروشتی Natural Disaster Management بهلکو نهیتوانیشه چهندین ساله "فرۆکهی ئاگر کوژێنهوه" بۆ وهها کارهساتێك دابین بکات. هێزه ئۆپۆزسیۆنهکانی حکومهتی تورکیا پێیان وایه شهرمێکی گهورهیه بۆ تورکیا داوای "فرۆکهی ئاگر کوژێنهوه" له "روسیا و ئۆکرانیا و ئێران" بکهی تاکو بێن ئاگرهکانی دارستانهکانت بۆ بکوژێنهوه!. تاکو ئهم ساته وهخته جگه لهوهی کارهساتی سروشتی کۆنتڕۆلی له ماوهیێکی کهم زهحمهته، حکومهت پشکی شیری بهر دهکهوێت له شکهست هێناندا!. عادهتهن دوو هۆکاری سهرهکی ههیه بۆ ئاگرگرتنی دارستانهکان، که پێکدێن له هۆکاری سروشتی و مرۆیی بهلام ئهوهی تێبینی دهکرێت حکومهتی ئاکهپه دهیهوێت ئهو شکهسته له مل لایهنی دیکه ڕابکات، تاکو بتوانێت لهم دۆخهی تێدایه خۆی لێ رزگار بکات!. دورنیه لهم شکهسته ئهردۆغان پهکهکه به تۆمهتباری و ههلگیسێنهری ئاگرهکه تۆمهتبار بکات!.
شیكاری:درەو تۆماركردنی كۆمپانیاكان لەهەرێمی كوردستان بەردەوام رووی لەدابەزینە، ساڵی (2020) (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، كە(هەزارو 232) کۆمپانیای خۆماڵی بووە بەرێژەی (%98) و (28)یان لقی کۆمپانیای بیانی بووە بە ڕێژەی (%2)، ئەو (28) كۆمپانیا بیانیە (100%)یان لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆك بوونەو هیچیان لە پارێزگای سلێمانی و زۆنی سەوز تۆمار نەكراون، واتا رێژەی تۆماركردنی لقی كۆمپانیا بیانیەكان لە پارێزگای سلێمانی (%0) بووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پیشەسازی بازرگانی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی کۆمپانیا خۆماڵییەکان و لقی کۆمپانیا بیانییەکان لە وەزارەتی ناوبراو، بەردەوام و ساڵ لە دوای ساڵ روی لە دابەزین کردووە. پێش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (24 هەزار و 704) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%88)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (21 هەزارو 658) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (3 هەزار و 36) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لە ساڵی (2020) (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 232) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. پارێزگای سلێمانی و زۆنی و سەوز هەیشە لە دواوەی زۆنی زەردەو لە ساڵی (2020) تەنها (374) کۆمپانیای تێدا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%100)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو لقی هیچ کۆمپانیایەکی بیانی لە سلێمانی تۆمار نەکراوە. ژمارە و ڕێژەی کۆمپانیا تۆمارەکراوەکان (خۆماڵی و لقی بیانی) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (2017-2020) بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پیشەسازی بازرگانی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی کۆمپانیا خۆماڵییەکان و لقی کۆمپانیا بیانییەکان لە وەزارەتی ناوبراو، بەردەوام و ساڵ لە دوای روی لە دابەزین کردووە. بە جۆرێک لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (29 هەزارو 947) کۆمپانیا تۆمار کراون، (26 هەزارو 757)یان کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (89%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%11) و (3 هەزار و 190)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. (بڕوانە چارتی ژمارە(1))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (24 هەزار و 704) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%88)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (21 هەزارو 658) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (3 هەزار و 36) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (هەزار و 188) کۆمپانیا، بە شێوەیەک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 166) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و تەنها (22) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2018) جارێکی تر تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ڕووی لە دابەزین کردووە بەراورد بە ساڵێک پێشتر تەنها (887) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (853) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (34) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2019) بوژانەوەیەکی کەم بەدی دەکرێت لە سێکتەرەدا، بەراورد بە دوو ساڵی پێش خۆی و کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (هەزار و 908) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 848) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (60) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە بەدیدەکرێت لەو ساڵەدا (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 232) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. ژمارە و ڕێژەی کۆمپانیا تۆمارەکراوەکان (خۆماڵی و لقی بیانی) لەسەر ئاستی پارێزگاکان (2017-2020) یەکەم: لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (19 هەزارو 683) کۆمپانیا تۆمار کراون، (17 هەزارو 297)یان کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (88%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (2 هەزار و 386)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لەو پارێزگایە. (بڕوانە چارتی ژمارە(2))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای هەولێر (16 هەزار و 259) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%86)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (14 هەزارو 2) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%14) و (2 هەزار و 257) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای هەولێر. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای هەولێر لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (729) کۆمپانیا، بە شێوەیەک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (710) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و تەنها (19) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای هەولێر. ساڵی (2018) جارێکی تر تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ڕووی لە دابەزین کردووە بەراورد بە ساڵێک پێشتر تەنها (644) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (616) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای هەولێر. ساڵی (2019) بوژانەوەیەک بەدی دەکرێت، بەراورد بە دوو ساڵی پێش خۆی و کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای هەولێر (هەزار و 231) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 176) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (50) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە ڕوودەدات و لەو ساڵەدا (820) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (793) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (27) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای هەولێر. دووەم: لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (6 هەزارو 587) کۆمپانیا تۆمار کراون، (6 هەزارو 49)یان کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (92%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%8) و (538)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لەو پارێزگایە. (بڕوانە چارتی ژمارە(3))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی (5 هەزار و 96) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%90)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (4 هەزارو 568) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%10) و (528) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای سلێمانی. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (351) کۆمپانیا، بە شێوەیەک نزیک لە (%100)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (350) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی کەمتر لە (%1) و تەنها (1) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای سلێمانی. ساڵی (2018) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی (174) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (169) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (5) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای سلێمانی. ساڵی (2019) بوژانەوەیەک بەدی دەکرێت، بەراورد بە دوو ساڵی پێش خۆی و کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی (592) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (588) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (4) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە ڕوودەدات و لەو ساڵەدا (374) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%100)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو لقی هیچ کۆمپانیایەکی بیانی لە سلێمانی تۆمار نەکراوە. سێیەم: لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (3 هەزارو 677) کۆمپانیا تۆمار کراون، (3 هەزارو 411)یان کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (93%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%7) و (266)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لەو پارێزگایە. (بڕوانە چارتی ژمارە(4))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای دهۆک (3 هەزار و 349) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%92)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (3 هەزارو 88) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%8) و (261) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای دهۆک. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای دهۆک لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (108) کۆمپانیا، بە شێوەیەک نزیک لە (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (106) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی کەمتر لە (%2) و تەنها (2) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای دهۆک. ساڵی (2018) جارێکی تر ئاستی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لەو پارێزگایە ڕووی لە دابەزین کردووەو کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو (69) کۆمپانیا بوو، کە (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (68) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (1) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای دهۆک. ساڵی (2019) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای دهۆک (85) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (84) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (1) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە ڕوودەدات و لە ساڵی (2020)دا کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لەو پارێزگایە (66) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (65) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (1)کۆمپانیایان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە. بەراوردکردنی ژمارە و ڕێژەی کۆمپانیا تۆمارەکراوەکان (خۆماڵی و لقی بیانی) (2017-2020) لە زۆنی سەوز و زۆنی زەرد یەکەم: پێش ساڵی 2017 کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (24 هەزار و 704) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%88)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (21 هەزارو 658) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (3 هەزار و 36) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (17 هەزار و 90) کۆمپانیایان بەڕێژەی (79%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (4 هەزار 568) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (21%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. سەبارەی بە لقی کۆمپانیا بیانییەکان (2 هەزار و 518)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (83%) تۆمارکراون و (528) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (17%) تۆمار کراون. (بڕوانە چارتی ژمارە (5)). دووەم: ساڵی 2017 کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا (هەزار و 188) کۆمپانیا بووە، بە شێوەیەک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 166) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و تەنها (22) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. بەشێوەیەک ئەو ژمارەیەی کۆمپانیا خۆماڵییەکان (816) کۆمپانیایان بەڕێژەی (70%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (350) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (30%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. سەبارەی بە لقی کۆمپانیا بیانییەکان (21)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (95%) تۆمارکراون و (1) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (5%) تۆمار کراوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (6)). سێیەم: ساڵی 2018 تەنها (887) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (853) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (34) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (684) کۆمپانیایان بەڕێژەی (80%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (169) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (20%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. سەبارەی بە لقی کۆمپانیا بیانییەکان (29)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (85%) تۆمارکراون و (5) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (15%) تۆمار کراون. (بڕوانە چارتی ژمارە (7)). چوارەم: ساڵی 2019 ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (هەزار و 908) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 848) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (60) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (هەزار و 260) کۆمپانیایان بەڕێژەی (68%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (588) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (32%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. لقی کۆمپانیا بیانییەکان (56)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (93%) تۆمارکراون و (4) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (7%) تۆمار کراون. (بڕوانە چارتی ژمارە (8)). پێنجەم: ساڵی 2020 لەساڵی (2020)دا (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 232) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (858) کۆمپانیایان بەڕێژەی (68%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (374) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (32%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. لقی کۆمپانیا بیانییەکان (28)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (100%) تۆمارکراون لقی هیچ کۆمپانیایەکی بیانیش لە زۆنی سەوز تۆمار نەکراوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (9)). تێبینی: سەرجەم ئامارەکان لەم خشتەیەی خوارەوە وەرگیراوە، کە لە لایەن وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی 7ی 2021 بڵاوکراوەتەوە.