قەیرانی غاز لە دۆخی سەرمادا

Draw Media

2022-01-19 15:18:55




 (درەو): 
خەڵكی لەبەر سەرما لەسەرەی وەرگرتنی بوتڵی غازدان، لەم وەرزەدا پێویستی رۆژانەی هەولێر(17 هەزار)  و سلێمانی (18 هەزار) و دهۆك (12 هەزار) بوتڵ غازە ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەڵێ" كێشەی كەمی غاز بوونی نیە"، كۆمپانیای گواستنەوەی غاز دەڵێت "دابەشكردنی غاز زیاد كراوە"، کەواتە کێشەکە لە کوێدایە؟
غاز لە سلێمانی 
رۆژانە سنوری پارێزگای سلێمانی پێویستی بە (12) تەنكەر غازی شڵی ماڵان ھەیە، بەپێی زانیارییەکان (درەو)، ئێستا ئەم بڕە بۆ (15) تەنكەر زیادكراوە، بەھۆی ئەوەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی غاز زیادیكردووە، كەواتا هۆكاری كەمی غاز چیە؟ 
غازی هەموو هەرێمی كوردستان لە کێڵگەی (كۆرمۆر) لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بەرهەم دێت، رۆژانە (هەزار) تەن غاز دەخرێتە بازاڕەوە، بەپێی گرێبەستێكی نێوان كۆمپانیای (دانەغاز)و كۆمپانیای (ساوس كوردستان)، ئەو ( هەزار) تەن غازە (700 تەن)ی بۆ ناوخۆ و (300) تەنی بۆ دەرەوە دەنێردرێت.
غاز بە ژمارە 
رۆژانە بۆ غازی ماڵان بڕی (700) تەن دابین دەكرێت، لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر غاز زۆر كەمدەبێتەوە، بەڵام لە وەرزی سەرماو سۆڵە خواست زیاد دەبێت بۆ سەرو (700) تەن.
تەنێك غاز (هەزار) كیلۆیە، بوتڵێك غازی ماڵان (16) كیلۆیە، واتا تەنێك غاز (62) بوتڵ غازی ماڵان دابین دەکات.
تەنكەرێك غاز (20) تەن غاز هەڵدەگرێت، واتا (20 هەزار) كیلۆ غاز، بوتڵێك غازی ماڵان (LPG) نزیكەی (16) كیلۆ غاز دەگرێت، واتا تەنكەرێك غاز (1250) بوتڵ غاز دەبێت.
دابەشبوونی غاز لە ھەرێمی کوردستان 
ئێستادا رۆژانە بەمشێوەیە غاز بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت:
* بۆ پارێزگای هەولێر (14) تەنكەر واتا (17 هەزارو 500) بوتڵ
* بۆ پارێزگای سلێمانی (12) تەنكەر و ئێستا زیادكراوە بۆ (15) تەنكەر واتا ( 18هەزارو 750) بوتڵ غاز
* بۆ پارێزگای دهۆك(8) تەنكەر و ئێستا زیادكراوە بۆ (10) تەنكەر واتا (12 هەزارو 500) بوتڵ
بەڵام ئەم رێژەیە كەم و  زیاد دەكات، رۆژی 14ی ئەم مانگە (40) تەنكەر بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دابەشكراوە، رۆژی 15ی مانگ بڕەکە كەمبووەتەوە بۆ (35) تەنكەر. 
لەمانگی (12)ی ساڵی رابردوو تەنكەری غاز بەمشێوەیە دابەشكراوە:
* هەولێر: 460 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (15) تەنكەر
* سلێمانی : 401 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (13) تەنكەر
* دهۆك: 240 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (8) تەنكەر
کێشەکە لە کوێدایە ؟
ئێستا لەسەرجەم ناوچەكانی سنوری سلێمانی  كێشەی كەمی غازی ماڵان هەیەو هاوڵاتیان لەسەری وەرگرتنی غازدان. 
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەسلێمانی كێشەی كەمی ‌غاز بونی نیە و كێشەی غازمان چارەسەركردووە، چونكە پشكی پارێزگاكە بەراورد بە چەند مانگی رابردو لە 13 بەشەوە بۆ 15 بەش زیادكراوە، بەڵام هۆكاری كێشەی غاز پەیوەندی هەیە بە زۆری خواست لەسەر بەكارهێنانی غاز لەهەردو مانگی 1 و 2ی هەمو ساڵێكدا كە هاوكاتە لەگەڵ وەرزی زستان، چونكە هاوڵاتیان وەك هۆكارێكی سەرەكی خۆگەرمكردنەوەی سودی لێوەردەگرن".
(درەو) پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی كۆمپانیای (ساوس كوردستان)ەوە، ئەوان رایانگەیاند" هیچ شتێك رووی نەداوە كە ببێتە هۆی درووستبونی كێشەی غاز، بەرهەمهێنان و دابەشكردنی غاز نەك كەمی نەكردووەو بەڵكو زیادیش كراوە بۆ نمونە رۆژانی پێشوو (12) تەنكەر غاز بۆ سلێمانی دابین دەكرا، ئێستا كردوومانە بە (15) تەنكەر".
بەرپرسانی کۆمپانیاکە ھۆکاری کێشەکە دەگەڕێننەوە بۆ:
*  زیادبوونی خواستی زۆر لەسەر غاز بەهۆی وەرزی سەرماو سۆڵەوە.
*  خاوەن كارگەكان نەیانتوانیوە بەهۆی بەفر و سەرماوە وەك پێویست غاز دابەشبكەن.
*  نەبوونی چاودێری وورد و لێپرسینەوە لەسەر كارگەكان و دابەشكردنی غاز، كە هەندێكیان هەلەكە بە قازانجی خۆیان دەقۆزنەوە.
ئەوەی ئێستا هەیە لە كێشەی كەمی غازی ماڵان و دەستنەكەوتن و سەرەگرتنی هاولاتیان لەم وەرزەدا بۆ بوتڵێك غاز بەشێكی تری پەیوەندی بە فرۆشتنی غازە لەلایەن كارگەكانەوە بە شوێنە بازرگانیەكان و چونكە ئەوان بە نرخێكی گرانتر دەیكڕن و لە شوێنە بازرگانیەكان دەیفرۆشنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand