سیناریۆكەی 2018ی سەرۆك كۆمار دووبارە دەبێتەوە ؟

Draw Media

2022-01-22 21:02:02



راپۆرت: درەو
ژمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن، سیناریۆكەی 2018 دووبارە نابێتەوە، ئەمجارەیان بارزانی لە بافڵ تاڵەبانی دەباتەوە، ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆمار لەدەستبدات، پرسیاری گەورە لەسەر پرسی بەشداربوونی لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست دەبێت، گفتوگۆكانی بارزانی و تاڵەبانی بە بنبەست گەیشت لە كاندیدی سەرۆك كۆماردا، یەكێتی بە بەرهەم ساڵح و پارتی بە هۆشیار زێباریەوە دەچنە بەردەم پەرلەمان،  وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

لە هەموو حاڵێكدا بارزانی سەرۆك كۆماری دەوێت ! 
پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نەگەیشتنە رێككەوتن‌و هەردوولا كاندیدی خۆیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمە لە دیداری ئەمڕۆی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیدا بەدی كرا. 
یەكێتی سورە لەسەر كاندیدكردنەوەی (بەرهەم ساڵح) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پارتیش (هۆشیار زێباری) كاندید كردووە.
سەرەتا وا دەركەوت پارتی بۆ دورخستنەوەی (بەرهەم ساڵح) لە ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتی عێراق، (هۆشیار زێباری) كاندید كردووە، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو پارتی‌و یەكێتی دەست (درەو) كەوتوون، قۆناغی كشانەوەو گۆڕینی كاندید بەسەرچوو، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆخۆی بەرێت و تەنانەت ئەگەر یەكێتی بەرهەم ساڵحیش لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكێشێتەوە.
لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، وەكو عورفێك سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكاندا دابەشكراون، پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە، سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە، سەرۆك كۆماریش بۆ كورد. 
بەگوێرەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی كە بەشێكی زۆری رێككەوتنەكە تایبەت كرابوو بە دابەشكردنی پۆستە باڵاكات، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بردو لەبەرامبەر ئەمەدا یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا لە ساڵی 2005وە تاوەكو 2018 پۆستی سەرۆك كۆمار لای یەكێتی بوو، دوو ویلایەتی سەرۆكایەتی مام جەلال‌و ویلایەتێكی فوئاد مەعسوم‌و ویلایەتێكی بەرهەم ساڵح، بەڵام ساڵی 2018 درزێكی گەورە كەوتە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی، ئەوكات مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بوو بوو، بۆیە دەیویست پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەش لەبەرامبەر كاندیدی یەكێتیدا كە (بەرهەم ساڵح) بوو، پارتی‌و بەدیاریكراویش مەسعود بارزانی (فوئاد حسێن)ی وەكو كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خستە بەردەم پەرلەمانی عێراقەوە. 

سیناریۆكەی 2018 دووبارە دەبێتەوە ؟ 
ئێستا دۆخی كورد لە بەغداد لەبەردەم دوبارەبونەوەی سیناریۆكەی 2018دایە، پارتی‌و یەكێتی كۆك نین لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارو هەریەكەیان بەجیا كاندیدی خۆی هەیە، تا ئێرە دوبارە بونەوەی سیناریۆكەیە وەكو خۆی، بەڵام دەرەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەم دۆخەی ئێستاوە دەریدەخات، ئەمجارەیان بارزانی لە بافڵ تاڵەبانی دەباتەوە‌و تۆڵەی رووداوەكانی 2018ی لێدەكاتەوە. 
رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی یەكلادەكاتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو یاساییە یاخود نا. 
ئەگەر دادگا بڕیار بدات دانیشتنەكە بەپێچەوانەی یاسا‌و دەستورەوە بەڕێوەچوو، ئەوا دەستەی هەڵبژێردراوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێتەوە‌و دەبێت سەرلەنوێ دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان دووبارە بكرێتەوە‌و دەستەیەكی سەرۆكایەتی نوێ هەڵبژێردرێت، ئەم سیناریۆیە تاڕادەیەك چاوەڕوان نەكراوە. 
خۆ ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاربدات لەسەر دەستوریبوونی دانیشتنی یەكەم، ئەوان رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار وەكو خۆی بەردەوام دەبێت‌و دەبێت تاوەكو رۆژی 8ی شوبات پەرلەمان سەرۆك كۆماری نوێی عێراق هەڵبژێرێت.
لەم نێوەندەدا ئەگەر هەیە بۆ ماوەی چەند رۆژێك دادگای فیدراڵی عێراق ماوەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار درێژبكاتەوە، ئەمە دەرفەتی ئەوە دەدات بە پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستەكە بگەنە رێككەوتن، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن لە هەموو حاڵێكدا پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە (هۆشیار زێباری)یە، ناكێشێتەوە. 
ساڵی 2018 بافڵ تاڵەبانی توانی پۆستی سەرۆك كۆمار لە مەسعود بارزانی بباتەوە، كاندیدی بافڵ تاڵەبانی كە ئەوكات هاوشێوەی ئێستا (بەرهەم ساڵح) بوو، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا بەجیاوازی (219) دەنگ بەرامبەر بە (22) دەنگ بەسەر كاندیدی بارزانیدا كە (فوئاد حسێن) بوو، سەركەوت، بەڵام دووبارەبونەوەی ئەم سیناریۆیە لە 2022دا هەندێك ئەستەمە، چونكە ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە، ئەوكات بارزانی كە پۆستی سەرۆك كۆماری بە بافڵ تاڵەبانی دۆڕاند، هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان نەكردبوو، تازە لە دەرەنجامەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هاتبووە دەرەوە، لایەنە عێراقییەكان بە توندی دژایەتی بارزانیان دەكرد، پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان‌و وڵاتانی ناوچەكە‌و تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش كێشەی تێكەوتبوو، بارزانی سەرپێچی بڕیاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردبوو لەبارەی سازدانی ریفراندۆمەوە، بۆیە بە ئاسانی پۆستی سەرۆك كۆماری بە بافڵ تاڵەبانی دۆڕاند، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، پارتی‌و بارزانی بەهێزێكی زیاترەوە گەڕاونەتەوە بۆ بەغداد، لێكەوتەكانی ریفراندۆم كۆتاییان هاتووە، بارزانی بەر لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021، لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەدردا ئیمزا كردووە، سەدر ئێستا براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە‌و ئەو كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست دەكات، سەرباری ئەمە بارزانی پەیوەندی بەهێزتری لەگەڵ سوننەكان دروستكردووە. 

بارزانی چۆن سەرۆك كۆمار دەباتەوە ؟
رۆژی 9ی ئەم مانگە لە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا پارتی هێزی خۆی نیشاندا، ئەم دانیشتنە سیمای هاوپەیمانێتییەكی نوێی سیاسی لە عێراق نیشاندا كە هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)یە‌و لانی كەم ئەم هاوپەیمانێتییە لە كۆی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق، خاوەنی (180) كورسییە.
لەبەرامبەردا بەرەی نەیارانی هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) كە بریتین لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (واتە ئەو لایەنە شیعانەی كە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر بوون‌و بریتین لە مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی، حەكیم)، ژمارەی كورسییەكانیان دەگاتە نزیكەی (70) كورسی. 
ئەگەر بارزانی‌و حەلبوسی لەسەر هاوپەیمانێتییەكەیان لەگەڵ سەدر بەردەوام بن، هیچ چانسێك لەبەردەم لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ناهێڵنەوە. 
یەكێتی وەكو لایەنێكی سیاسی كە لە هەڵبژاردنی 10لا ئۆكتۆبەردا (18) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردوەتەوە، هێشتا چاوی لەوەیە بەگوێرەی نەریتی باو، پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، بەڵام بەكردار هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆی بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەم پۆستە نەناوە، یەكێتی لەنێوان موقتەدا سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا خۆی یەكلا نەكردوەتەوە، سەرباری ئەمەش لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا دەنگی بە محەمەد حەلبوسی نەداوە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەمە سوننەكانی لە یەكێتی نیگەران كردووە، بەڵام رەنگە بەم خۆ بەدورگرتنە لە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە، یەكێتی هەندێك ئێرانییەكانی لەخۆی قایلتر كردبێت. 
ئێستا ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، هاوپەیمانێتی (سەدر+ حەلبوسی) لە دانیشتنی دووەمی پەرلەماندا، بەزۆرینەی دەنگ كاندیدی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە (هۆشیار زێباری)یە، سەردەخەن، بەڵام چۆن ؟
بەپێی دەستوری عێراق، سەرۆك كۆماری بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت، دوو لەسەر سێ بەگوێرەی ژمارەی كورسیییەكانی ئێستا پەرلەمانی عێراق كە (329) كورسییە، دەكاتە (220) دەنگ، بەڵام ئەگەر لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا بۆ سەرۆك كۆمار هیچ یەكێك لە كاندیدەكان ئەم (220) دەنگەی بەدەست نەهێنا، ئەو دوو كاندیدەی كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، دەچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەوە، ئەمجارەیان سەرۆك كۆمار بە دەنگی زۆرینەی سادە هەڵدەبژێردرێت، لەمەشدا كاندیدی بارزانی بەسەر كاندیدەكەی بافڵ تاڵەبانیدا سەردەكەوێت، چونكە لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا دەركەوت، هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)‌و هاوپەیمانەكانیان خاوەنی لانی كەم (180) دەنگی پەرلەمانن، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی ئەگەر لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش بچێتە رێككەوتنەوە، بە (18) كورسییەكەی خۆیەوە هێشتا كۆی ژمارەی دەنگەكانیان لە (100) دەنگ تێناپەرێت، لە دۆخێكی وەهادا، دەنگی لایەنەكانی تر، ئەوانەی كە خۆیان لەنێوان سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی یەكلانەكردوەتەوە بایەخی گەورەی دەبێت، لەوانە دەنگی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و دەنگی پەرلەمانتارانی سەربەخۆی عێراق.
سەرباری ئەوەی سەدریەكان ناچارن پەیوەستبن بە رێككەوانیان لەگەڵ پارتی و دەنگ بە هۆشیار زێباری بدەن، چونكە پرۆسەی دەنگدان بە سەرۆك وەزیران كە لە پشكی سەدریەكان دەبێت دەكەوێتە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، بۆیە ئەگەر سەدریەكان دەنگ بە كاندیدەكەی بارزانی نەدەن، پارتیش دەنگ بە كاندیدی سەرۆك وەزیران نادات. 
یەكێتی بەشداری حكومەت دەكات ؟
ئەگەر كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر كاندیدی پارتیدا شكست بهێنێت، پرۆسەی بەشداریكردنی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دەكەوێتە بەردەم پرسیاری گەورەوە، چونكە دوای لە دەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار، یەكێتی دەبێت ئەوە روون بكاتەوە ئایا قایلە لەبەرامبەر لەدەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی وزاری باڵا لە حكومەتی عێراق وەربگرێت یاخود نا ؟ سەرباری ئەمە، لە هەموو حاڵەكاندا ئەگەر كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق هاوپەیمانێتییەكەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) دروستی بكات، یەكێتی دەبێت لەرێگەی پارتییەوە بەشداری حكومەتی نوێی عێراق بكات، چونكە یەكێتی هیچ رێككەوتن‌و لێكتێگەیشتنێكی لەگەڵ سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردندا نییە‌و هەرجۆرە بەشدارییەكی دەبێت لەرێگەی رێككەوتنەكەی پارتییەوە بێت. 
پرسیارێكی تر ئەوەیە، ئەگەر یەكێتی دوای لەدەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار، لە بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق كشایەوە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی لەناوخۆی هەرێمی كوردستان چی بەسەر دێت، ئایا یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەكشێتەوە كە بە هاوبەشی لەگەڵ (پارتی+ گۆڕان) دروستی كردووە، ئایا كاردانەوەی ئێران چی دەبێت كە بۆ جاری یەكەم لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەوێتە دەست پارتی، ئەمانە چەند پرسیارێكن كە رۆژانی داهاتوو ئاسۆی وەڵامەكانیان دەردەكەوێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand