پارتی: هۆشیار زێباری ناكشێنینەوە

Draw Media

2022-01-21 10:48:31



درەو:
بارزانی جدیە لە كاندیدكردنی هۆشیار زێباری و نایكشێنێتەوە، دەیانەوێت پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی بسەننەوە، لە ئێستادا قۆناغی گۆڕینی كاندید و كشانەوەی كۆتایی هاتووە، یەكێتی بەشدار نیە لە هاوپەیمانێتیە سێقۆڵیەكە (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) بۆیە یەكێتی بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێك یان دەبێت بچێتە هاوپەیمانێتیەكەوە یاخود لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار یان پۆستی وزاری و بەشداری لە حكومەتی داهاتووی عێراق، لە بری حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان، بارەگای بارزانی بڕیار لەسەر بەشداری كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق دەدات.  

پارتی نایكشێنێتەوە
مەكتەبی سیاسی پارتی  رۆژی 18ی ئەم مانگە كە لە بارەگای بارزانی كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا (نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، فازڵ میرانی ، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری) تیایدا بەشداربوون.، پارتی جدی بوونی خۆیان لەسەر كاندیدكردنی هۆشیار زێباری دوپاتكردەوەو رایانگەیاندووە: چەندین ساڵە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لای یەكێتی بووە ئێستا بارودۆخە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان وا دەخوازێت ئەو پۆستە لای پارتی بێت، بۆیە بەهیچ شێوەیە ئامادەنین هۆشیار زێباری بكشێننەوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو) راگەیاند: پارتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەم خولەدا بۆ كاندیدەكەی (هۆشیار زێباری) بێت، ئەمە لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی جەختی لەسەركراوەتەوە، كاتی ئەوەش بەسەرچوو كە یەكێتی كاندیدەكەی (بەرهەم ساڵح) بگۆڕێت و پارتی كاندیدی خۆی بكشێنێتەوە، بەڵكو پارتی ئەو قۆناغەی بەجێهێشتوو ئێستا هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت، ئێمە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ سەدرو سونەكان هەیە، دەتوانین بە ئاسانی دەنگی پێویست كۆبكەینەوە ئیتر بۆچی ئەو چانسە لەدەست بدەین و بیدەینەوە بە یەكێتی، كە لەگەڵمان نیە لە بەغداد، سەبارەت بەوەی لایەنە شیعەكان دەنگ بە هۆشیار زێباری نادەن چونكە كەیسی گەندەڵی لەسەرە، ئەو سەرچاوەیە وتی: هۆشیار زێباری خۆی لە بەغداد لەگەڵ زۆربەی لایەنە شیعەكان قسەی كردووەو پێیان راگەیاندووە هیچ كێشەیەكیان نیە، بارزانی هەر كاندیدێك دیاری بكات ئەوان دەنگ بەو كاندیدە دەدەن. 

قۆناغی گۆڕینی كاندید تەواو بوو
پێش كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان لای ئاسایی بوو رێكبكەون و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی بێت، بەمەرجێك بەرهەم ساڵح كاندید نەكەن، چونكە بارزانی ڤیتۆی لەسەر داناوە، بەڵام لەدوای كۆبونەوەكەی پەرلەمان و سەركەوتنی هاوپەیمانێتیەكەی (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) لە دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرەكانی بە دڵخوازی خۆیان، ئیتر پارتی هەڵوێستی خۆی گۆڕی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق:
•    پارتی لە هاوپەیمانێتیەكەیان لەگەڵ سەدرو حەلبوسی و خەنجەر سەركەوتووبون و بە ئاسانی دەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق سەربخەن، چونكە خاوەنی (180 بۆ 200) دەنگی پەرلەمانین، ئیتر بۆچی ئەو كارتە بەكار نەهێنن و بیدەنە یەكێتی لە كاتێكدا یەكێتی ئامادە نەبوو بەشداری كۆبونەوەكە بكات، پارلەمانتارانی سەدر و سونەكان ناچارن دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن (هۆشیار زێباری) چونكە ئەگەر پەرلەمانتارانی سەدر دەنگ بە هۆشیار زێباری نەدەن پرۆسەی دەنگدان بە سەرۆك وەزیران دوای سەرۆك كۆمارە پێویستیان بە دەنگی پارتی دەبێت، بۆیە سەدریەكان بەوە ناسراون كە لەژێر فەرمانی سەدردان و سەدر هەر بڕیارێك بدات ئەوان جێبەجێی دەكەن.
•    یەكێتی ئامادەنەبوو گوێ لە رای بارزانی بگرێت و سوربوو لەسەر پشتیوانیكردنی بەرهەم ساڵح (ئەگەرچی تا ئێستا بەرەسمی راینەگەیاندووە)، بۆیە بارزانی دەیەوێت تۆڵەی شكستەكەی بكاتەوە كە لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە 2018 روبەرووی كاندیدەكەی بووەوە (فوئاد حسێن)، تا ئێستا رووداوەكان بەو ئاراستەیە بڕۆن كە هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە، بەرهەم ساڵح و هۆشیار زێباری بكەونە بەرامبەر یەك.
•    ئێستا زۆربەی لایەنە عێراقیەكان و گوێ لە بارزانی دەگرن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو دەكەن، بۆیە پارتی ئەمجارە بە پلانێكی ووردەوە چووەتە بەغداد و دەیەوێت سەرجەم جومگە هەستیارەكانی (پشكی كورد لە بەغداد) لای خۆی بێت یان لانی كەم لەژێر فەرمان و كۆنترۆڵی خۆیدا بێت.
•    یەكێتی بەشدار نیە لەو هاوپەیمانێتیەی كە دەیەوێت حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنێت، بۆیە ناكرێت بەشدار نەبێت و پۆستی سەرۆك كۆماریشی لابێت، ئەمە كێشە بۆ هاوپەیمانێتیەكە درووست دەكات، لەو حاڵەتەدا یەكێتی ئەگەر بەشدار نەبێت لەو هاوپەیمانێتیە ناتوانێت وەزارەتیش وەربگرێت، تەنیا دەبێت لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت و وەزارەت لە پارتی وەربگرێت.
•    پارتی و هاوپەیمانەكانی دەیانەوێت پێكەوە بە سێقۆڵی سێ سەرۆكایەتیەكە پڕبكەنەوە.
-    سەرۆكی پەرلەمان سونە جێگرەكانی پارتی و سەدری 
-    سەرۆكی كۆمار كورد جێگرەكانی سونە و سەدری 
-    سەرۆكی حكومەت سەدری جێگرەكانی كورد و سونە
-    وەزارەتەكان دابەشبكەن بەسەر خۆیاندا
قۆناغی كشانەوەو گۆڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار كۆتایی هاتووە، تا یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتن نەكەن یەكێتی نەك پۆستی سەرۆك كۆمار ناتوانێت هیچ پۆستێكی دیكە لە حكومەتی داهاتووی عێراق وەربگرێت، پشكی كورد لە حكومەتی داهاتویی عێراق ( سەرۆك كۆمار، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، سێ بۆ چوار وەزارەت)، بە پێی رێككەوتن و لە هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەكە یەكلا دەكرێتەوە.
نە سەرۆكایەتی هەرێم و نە حكومەت و نە پەرلەمانی كوردستان لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق هیچ رۆڵیان نیەو بەشدار نین لە داڕشتنی بەرنامەو خواستەكانی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق، لە ئێستادا پرسی گفتوگۆ و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و بەرنامەی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی داهاتووی عێراق تەنیا لە بارەگای بارزانیەوە دەدرێت، كە پێشتر حزبەكانی بەشدار لە حكومەت پێكەوە بڕیاریان لە بەشداری كورد دەدات لە حكومەتەكانی عێراق، تا ئێستا ئەوەی باسی لێوە دەكرێت نە بەرنامەو نە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستانە، بەڵكو تەنیا رێككەوتنە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان. 

ئەگەر پارتی سەرجەم پۆستەكانی بەغداد بۆخۆی ببات كاریگەری لەسەر ناوخۆی هەرێم و بەشداری یەكێتی لە حكومەتی هەرێم نابێت؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand