Draw Media

  راپۆرتی: درەو سەرەڕای پاڵنەر و ڕێ و شوێنی زۆری ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان، بەردەوام رێژەی بەشداری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕووی لە دابەزینە. لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەروو لە (٨٧%) خەڵکی کوردستان دەنگیان داو بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد و لە دواین خولیشدا سەرەڕای ساختەکاری گەورە ئەو ڕێژەیە دابەزیوە بۆ (٥٩%)، ئەمە بۆ هەڵبژادنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ڕاستە. بەم نەفەسەی ئێستای حوکمڕانانی هەرێم، بێ ئومێدی و بێ متمانەیی هاوڵاتیان قوڵتر دەبێتەوە. خۆ دزینەوە لە چاکسازی ڕاستەقینەو جددی وهەمەلایەن، هێندەی دیکە هەڵبژاردن بە کارتۆنی تر و بێ بایەختر دەکات و لەسەر ڕێڕەوی دیموکراسی لایدەبات. هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لەدوای دروستبوونی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا هاووڵاتیانی هەرێم دەیانجار بەشداری هەڵبژاردنی گشتیان کردوو ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد، بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانی خۆیان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان و پرسە چارەنوسسازەکانی وەکو دەستور و ریفراندۆمی سەربەخۆیی، لەوانەش؛  یەکەم: هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان 1.    خولی یەکەم لە 19ی 5ی 1992   ئاستی بەشداری: 84.4% 2.    خولی دووەم لە 30ی 1ی 2005 ئاستی بەشداری: 75.6% 3.    خولی سێهەم لە 25ی7ی 2009   ئاستی بەشداری: 74.5% 4.    خولی چوارەم لە 21ی 9ی 2013 ئاستی بەشداری: 73.9% 5.    خولی پێنجه‌م لە 30ی 9ی 2018 ئاستی بەشداری: 59.8% جار لەدوای جار متمانەی هاووڵاتیان و ئاستی بەشدارییان ڕووی لە دابەزینە، ئەگەر ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نمونە وەربگرین (بڕوانە چارتی ژمارە (١))  چارتی ژمارە (١) دووەم: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان 1.    رابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لە 19ی 5ی 1992 2.    خولی دووەمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە 25ی7ی 2009 سێیەم: هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان هەرێمی کوردستان 1.    خولی یەکەم لە 30ی 1ی 2005 2.    خولی دووەم لە 30ی 4ی 2014 چوارەم: ڕیفراندۆمی گشتی 1.    دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ٣٠ی ١ی ٢٠٠٥ 2.    سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥ی ٩ی ٢٠١٧ پێنجەم: هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    خولی یەکەم لە 30ی 1ی ٢٠٠٥  ئاستی بەشداری: 79.6% 2.    خولی دووەم لە ٧ی ٣ی 20١٠ ئاستی بەشداری: 60% 3.    خولی سێهەم لە 30ی4ی 20١٤  ئاستی بەشداری: 62.4% 4.    خولی چوارەم لە ١٢ی ٥ی 20١٨  ئاستی بەشداری: 44.5% 5.    خولی پێنجه‌م (کەوا بڕیارە لە ١0ی ١٠ی 20٢١ ئەنجام بدرێت). ئەم دابەزینە لە ئاستی رێژەی بەشداری هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ڕاستە، لە راپۆرتێکی پێشووی درەو میدیادا بە وردی ئەوەمان خستووەتە ڕوو، بڕوانە (چارتی ژمارە (2)) چارتی ژمارە (2) دەنگدەران و ئامارەکانی پارێزگانی هەرێم کوردستان بۆ هەڵبژادنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران  لە ئێستاشدا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاو دەنێین و بڕیارە لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە بچێت، بەڵام سەرباری ئەوەی بەشداری هاوڵاتیان بە بەشێوەیەکی گشتی بایەخی خۆی هەیە، بەتایبەتیش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پێکهاتەی کورد گرنگە، بەڵام لای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پرسەکە نەبووە بە پرسێکی گەرم و جدی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو. هەر بۆ نمونە لە ئێستادا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق سەرقاڵی ئامادەکاری تەواو کردنی ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردنە، لە نێو ئەو ڕێوشوێنانەش نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەترییە بۆ دەنگدەران لە ١٥ی ٤ی ٢٠٢١یەوە پرۆسەکە کۆتایی پێهات، بەپێی دواین ئامارەکان، کە لە ٨ی ٤ی ٢٠٢٠ بڵاوی کردووەتەوە ئەنجامەکانی لە سێ پارێزگاکەی هەرێم بەم جۆرەیە؛ 1.    پارێزگای هەولێر: لە دوای هەردوو پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانەوەیەو (١٢٢٨٠٣٠) یەک ملیۆن و دووسەدو بیست و هەشت هەزار و سی کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٧٤١٥٣٤) حەوت سەدو چل و یەک هەزار و پێنج سەدو سی و چوار کەس و بەڕێژەی (٦٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە، لەو ژمارەیەش کە تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە (٥٩٤٧٣٥) پێنج سەدو نەوەد و چوار هەزار و حەوت سەد و سی و پێنج کەس کارتەکانیان وەرگرتووەتەوەو (٨٠٣٢٣) هەشتا هەزار و سێ سەدو بیست و سێ کەس کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.  (٤٨٦٤٩٦) چوار سەدو هەشتاو شەش هەزار و چوار سەدو نەوەد و شەش کەس و بە ڕیژەی (٤٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێ نەکردووەتەوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (٣)). چارتی ژمارە (٣) 2.    پارێزگای سلێمانی: (١٣٦١٩٧١) یەک ملیۆن سێ سەدو شەست و یەک هەزارو نۆسەدو حەفتاو یەک کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩١٣١٩٩)  نۆسەدو سیانزە هەزار و سەدو نەوەدو نۆ کەس و بە ڕیژەی (٦٧%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە، لەو ژمارەیەش کە تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە (٦٤٠٠٧٨) شەش سەدو چل هەزار و حەفتاو هەشت کەس کارتەکانیان وەرگرتووەتەوەو (٣٠١٧) سێ هەزار و حەڤدە کەس کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە. (٤٤٨٧٧٢) چوار سەدو چل و هەشت هەزار و حەوت سەدو حەفتاو دوو، بە ڕیژەی (٣٣%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (٤)). چارتی ژمارە (4) 3.    پارێزگای دهۆک: (٨٢٧٦٥٨) هەشت سەد و بیست و حەوت هەزارو شەش سەدو پەنجا و هەشت کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٥٨٣٢١٦)  پێنج سەدو هەشتاو سێ هەزار و دوو سەدو شانزە کەس و بە ڕیژەی (٧٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە،لەو ژمارەیەش کە تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە (٤٤٨٩٤٧) چوار سەد و چل و هەشت هەزارو نۆسەدو چل و حەوت کەس کارتەکانیان وەرگرتووەتەوەو (٤٦٢٨٢) چل و شەش هەزار و دوو سەدو هەشتاو دوو کەس کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە. (٢٤٤٤٤٢) دوو سەدو چل و چوار هەزار و چوار سەدو چل و دوو، بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (٥)). چارتی ژمارە (٥) بێ ئومێدبوون لە هەڵبژاردن ئەگەر چی ئەو ئامارانەی سەرەوە ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە پاشەکشەی گەورە هەیە، لە بەشداری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا ئەو ڕێژانەش جێگەی گومانن، بە چەندین هەوڵی نادیموکراتییانە ڕێژەکان بەرزکراونەتەوەو بوون بە بەشێک لە سەرچاوە نائومێدی لە دەنگدان و بەشداریکردن تێیدا، ئەوانیش؛ یەکەم: ساختەکاری لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بەشێکی گەورەی ئەو ڕێژانەی پێکهێناوە، بەردەوام بەشێک بووە لە مۆتەکەی هەڵبژاردن کە بە چەندین ڕێگە ئەنجام دراون، لەوانە؛ 1.    زیادکردنی ڕێژەی بەشداری بە شێوەی ڕاستەوخۆو یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. 2.    بەشێک لە کادری پارتە سیاسییەکان چەندە بۆیان لوابێت لە دەنگێک زیاتر و هەندێک جار بە لێشاو دەنگیان داوە. 3.    بەکارهێنانی فشار و هەڕەشەی جۆراو جۆر بۆ گۆڕینی ئاراستەی دەنگی دەنگدەر. 4.    بەکارهێنانی سزای سیاسی دەنگدەر. 5.    کڕینی دەنگ لە ڕێگەی بەخشینی پارەو چەک و پۆست و پایە. 6.    بەکارهێنانی کەل و پەل و موڵک و ماڵ و پۆست و دامەزراوە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. 7.    بەکارهێنانی هێزی چەکداری هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبی.  دووەم: چەقبەستوویی سیستمی سیاسی و ئاڵوگۆڕی کارتۆنیانەی دەسەڵاتی سیاسی. سێیەم: بێ بەڵێنی و خۆدزینەوە لە بەرنامەو دروشمی کاندید و پارتە سیاسییەکان، دەوڵەمەندبوونی پارت و کاندیدە هەڵبژێردراوەکانیان لەسەر بودجەی گشتی. چوارەم: بەکارتۆنی کردنی دامەزراوەو ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکانی هەرێمی کوردستان، زاڵبوونی دەسەڵاتی قوڵی حیزب بنەماڵە و کەسایەتییەکان بەسەر دامەزراوە فەرمییەکان. پێنجەم: لە باربردنی خەمی گشتی و ئەولەویەتدانی پارتە سیاسییەکان بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان و کادرەکانیان. شەشەم: دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک (موچە، ئاو، کارەبا، ڕێگەوبان، تەندروستی و پەروەردە ...) حەوتەم: بەرتەسکبوونەوەی ماف و ئازادییە گشتییەکان و پێشێل کردنی سەروەری یاسا. هەشتەم: بەردەوامی گەورەبوونی قەبارەی گەندەڵی و ناشەفافییەت لە داهات وخەرجی لە هەرێمی کوردستان. نۆیەم: درێژەدان بە قەیرانە بەردەوامەکان، بەجێهێشتنیان لە کەبینەیەکەوە بۆ کابینەیەکی تر و لە بۆ حکومەتێکی تر و خۆ دزینەوە لە چارەسەر و یەکتر تۆمەتبارکردن بە کەمتەرخەمی. دەیەم: ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا، هەر بۆ نمونە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا تەنها دوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام دراوە، لە ساڵی (١٩٩٢-٢٠٠٥) تەنها یەک هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە، بەشێکشیان لە کاتی خۆی ئەنجام نەدراوە، هەر لەو سی ساڵەدا هەرێمی کوردستان تەنها دوو سەرۆکی هەبووە، کەم مام و برازان، بەردەوامیش سەرۆکایەتییەکانی حکومەت لای یەکێتی و پارتی بووە، تەنها (٢) ساڵ نەبێت سەرۆکی پەرلەمان لەدەرەوەی ئەو دوو هێزە نەبووە، ئەویش بە زەبری هێز پەکخرا.  یانزەیەم: نادادپەروەری لە زۆربەی کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسایی و کارگێڕی و پەروەردەیی و وەزشی و هونەری و سەربازی شوڕبوونەوەی بۆ سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگاو دروستبوونی بۆشایی گەورە لە نێوان بەرپرسانی سیاسی و منداڵەکانیان بەراورد بە خەڵک ئاسایی و منداڵەکانیان، سەرچاوەیەکی گەورەی نا ئومێدییە لە پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی هەرێمدا دوانزەیەم: چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند لە بوارەکانی (وەزە، پێشمەرگە، دەستور، ماددەی ١٤٠...) دابەزینی ئاستی ململانێکان بۆ دەستکەوتی بچوک و کاتی وەک وەرگرتنی پشک و پۆستی حیزبی و پارەو بودجەو ...  هەموو ئەو هۆکارانە و دەکرێت دەیان هۆکاری دیکەی بچوک و گەورە لەپاڵ ئەو پاشەکشەو بێ ئومێدییەوە بێت، کەبەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی گرتووە، وایکردووە باوەڕایان بە بەشداری لە هەڵبژاردن لەق ببێت و وەک سەرچاوەیەکی گرنگی بەرپاکردنی پرۆسەی دیموکراسی لێی نەڕوانن، بەم نەفەسەی ئێستای حوکڕانانی هەرێم بێ متمانەییەکە قوڵتر دەبێتەوە، خۆ دزینەوە لە چاکسازی ڕاستەقینەو جددی هێندەی دیکە هەڵبژاردن بە کارتۆنی تر و بێ بایەختر دەکات و لەسەر ڕێڕەوی دیموکراسی لایدەبات.     


مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو)  دۆخی ئەمڕۆکەی عێراق دۆخێکی تەواو شەکەت و ماندوە، وڵاتەکە گیری بەدەست دەیان کێشەی گەورە و کوشندەی ھەمەجۆرەوە خواردوە. عێراق لە ئێستادا لە ڕووی سیاسیی و ئابووریی و ئەخلاقییەوە وڵاتێکی بیمارە، تێکەڵێکی تەواو نەخۆشە لە کۆرۆنا و گەندەڵیی وتاڵانیی و میلیشیا و گەمەی ترسناکی ھێزە ئیقلیمیەکان. نوخبەیەکی سیاسیی بەدفەڕ و دەیان بازنەی دەسەڵاتی بەهێزی نهێنیی و نادەوڵەتیی کە لە دەرەوەی هەموو میکانیزمێکی چاودێریی و لێپرسینەوەدان، حوکمی وڵاتەکە دەکەن. هاوکات ھەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا و گەشەکردنێکی بەردەوامی ژمارەی دانیشتوان و کۆچی جوتیاران و گەورەبوونی بێپلانی شارەکان و دروستبوونی کارەساتی ژینگەییی گەورە و ھەمەجۆر، کێشە بونیادییەکانی  دەوڵەتی عێراقیان قووڵتر و ئاڵۆزتر کردووە. ئەم گشتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە بیمارە پێویستیی بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ڕیشەیی و بنەڕەتیی ھەیە. تاکە کاندیدێکیش کە توانا و ئەگەری ھەندێک گۆڕانکاریی هەڵگتربوو، ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە ناڕازییە بوو کە تەنھالە خوارو و ناوەڕاستی وڵاتەکەدا دروستبوو. ئەو بزوتنەوەیە نەیتوانی بۆ بەشەکانی تری وڵاتەکە بپەڕێتەوە و لە دوو ساڵی ڕابردووداشدا بە چەندان میکانیزمی جیاواز گەمارۆدرا و بەدەیان شێوە پەلاماردرا، کەسە چالاک و بوێرەکانیان گیرانو ڕفێندران و تەنانەت تیرۆرکران. لە ئێستاشدا ئاسۆیەکی ڕاستەقینەی گەشەکردن و بەھێزبوونیان لەبەردەمدا نییە. گەندەڵیی و تاڵانیی سیستماتیک و بەکارھێنانی بەشێکی ئەو سامەنەی لە وڵاتەکەدا ھەیە بۆ دروستکردنی میلیشیای حیزبیی و ناحیزبیی لە تەحەدا سەرەکییەکانی دەوڵەتی عێراق و ناوچەکەیە. ئەگەرچی کەس بە وردیی بڕی ئەو پارەیەی لە بیست ساڵی ڕابردوودا لەو وڵاتەدا دزراوە نازانێت، بەڵام ھەموو ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان باس لە بەتاڵانبردنی سەدان ملیار دۆلار دەکەن. ئەوانەشی بەشی شێری ئەو تاڵانییەیان بەردەکەوێت ئەو نوخبە سیاسییە تائفییەیە کە لەدوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە لە وڵاتەکەدا حوکمڕانن. لە مێژە گەندەڵیی و تاڵانیی لە عێراقدا بەتەنھا ئاکاری ئەم یان ئەو کەس، ئەم یان ئەو دەزگا، یاخود ئەم یان ئەو گروپ و پارتی سیاسیی، نییە، بەڵکو سیستەمێکی سەربەخۆیەوە و چەندەھا کەسایەتی سیاسیی و پارت و گروپی سەر بە ھەموو پێکھاتە ئەتنیی و ئایینییەکانی تێدایە، لە زاخۆوە بۆ بەسرە، لە ئیبراھیم خەلیل و باشماخەوە بۆ فاو و ئوم قەسر.   عێراق لەپاڵ ئەو ھەموو کێشە سیاسیی و دەزگایی و ئەخلاقییانەدا، کێشەی گەشەکردنێکی خێرا و گەورەی دانیشتوانیشی ھەیە. ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە لە چل ملیۆن کەس نزیکدەبێتەوە، لەکاتێکدا تا ناوەڕاستی ساڵانی ھەشتا ئەم ژمارەیە سیانزە ملێۆن کەس بوو. گەرچی عێراق لەڕووی مێژووییەوە ئەو سەرزەمینەیە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتییدا کشتوکاڵیی تیادا بەرھەمھاتوە، بەڵام لەمڕۆدا توانای دابینکردنی خۆراکی بۆ دانیشتوانەکەی خۆشی نییە. ھەتاکو ئەم چرکەساتە جگە لە بۆڵەبۆڵی سیاسیی، ھیچ ئەگەرێکی ڕاستەقینەی ڕیفۆرمی سیاسیی و ئابووریی دژ بە بەهەدەردانی بەردەوامی سامانی نەتەوەیی لەڕێگای گەندەڵییەوە لە ئارادا نییە. حیکایەتەکانی گەندەڵیی لە عێراقدا ھێجگار ترسناکن و دۆخێک نیشانئەدەن کە لە مێژووی وڵاتانەدا کەموێنەیە. با بۆ نموونە حیکایەتی ”نۆژەنکردنەوەی شانۆی ڕەشید“ لە بەغدا وەربگرین. ساڵی 2013 ڕێکخراوی یۆنسکۆ بەغدای وەک ”پایتەختی کولتوریی جیھانی عەرەب“ ھەڵبژارد و بڕی 21 ملیۆن دۆلاریان بۆ نۆژەنکردنەوەی ”مسرح الرشید“ لە بەغدا، تەرخانکرد. حکومەتی عێراق بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە 21 ملیۆن دۆلارەکەی بە کۆمپانیایەکی تورکیی دا، بەناوی ڕۆتام. تەنانەت پێش ئەوەی کۆمپانیا تورکییەکە ھیچ پلانێک بۆ چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەکە پێشکەش بە حکومەت بکات. ساڵەکە تێدەپەڕێت و کۆمپانیا تورکییەکە ھیچ کارێک ئەنجامنادات، ھیچ کەسێکی سەر بە کۆمپانیاکەش بۆ جارێکیش لە شوێنی کارکردنەکە دەرناکەوێت. دواتر کۆمەڵێک لە قوتابیانی ئەکادیمیای ھونەر لە بەغدا، بە ھاوکاری ژمارەیەک خۆبەخش دەست بە ئەنجامدانی کاری نۆژەنکردنەوەی شانۆکە دەکەن. سێ ساڵ دواتر، ساڵی 2016، کۆمەڵێک ھونەرمەندی عێراقیی دەرگای شانۆکە دەکەنەوە و دەیخەنەوە کار. دوای ئەم کارەساتە گەورەیە نە وەزیری ڕۆشنبیریی عێراق، کە پێشتر و لە سەردەمی داگیرکردنی موسڵدا لەلایەن داعشەوە وەزیری بەرگریی بوو، نە ھیچ بەرپرسێکی تری حکومیی، ڕووبەڕووی ھیچ جۆرە بەرپرسیاریەتێک نەکراونەوە، بە بەرچاوی ھەموو جیهانەوە ئەو 21 ملیۆن دۆلارە لە عێراق وونبوو کە یۆنسکۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی شانۆکە تەرخانیکردبوو. بێگومان گەندەڵیی لە عێراقدا تەنھا دزینی پارەی گشتیی و سامانی نیشتیمانی نییە لەلایەن ھێزە سیاسیی و میلیشیا سەربازیی و خێزانە سوڵتانییە دەسەڵاتداراکانەوە، بەڵکو نەخۆشییەکی گەورەیە کە ھەم لەناو سەرجەمی دەزگاکانی دەوڵەتدا ئامادەیە، ھەم لەناو کۆمەڵگاکە خۆشیدا. بە حوکمی ئەوەی سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی نیشتیمانیی لە عێراقدا پارەی نەوتە، بەشی ھەرەزۆری گەندەڵییەکان لەناو دەزگاکانی دەوڵەت و پێگە سەرەکییەکانی حوکمڕانییەکەدا پیادەدەکرێت. بڕ و ڕادەی  بەتاڵانبردنی ئەم پارەیە لە ئاستێکدایە وڵاتەکەی تەواو وێرانکردوە؛ نە سیستەمی تەندروستیی وڵاتەکە، نە سیستەمی پەروەردە و فێربوون، نە کارەبا، نە ئاو، نە ھیچ خزمەتگوزارییەکی گشتیی لە ئاستی دابینکردنی ئەو لانی ھەرەکەمەدا نییە کە خەڵکی وڵاتەکە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پێویستیان پێیەتی. ھێزە سەرەکیی و سەرە گەورەکانی ناو حوکمڕانییەکەش، چونکە لە ھەمووان زیاتر لە سەرچاوەی داھاتی نەوتەوە نزیکن، بۆیە لە ھەمووان گەندەڵتر و تاڵانچیترن. ئەمانە ئەوانەن لە عێراقدا پێیان دەگوترێت ”الحیتان“، واتە نەھەنگەکان و لە کوردستانیشدا پێیان دەگوترێت ”فیرعەونەکان“. ھەریەکێک لەمانە چەندەھا کۆشک و تەلاری تایبەت و گرانبەھایان لە پایتەختەکانی ئەوروپا و وڵاتانی تری دونیادا کڕیوە، سوپەرمارکێت و بازاڕی گەورەیان لە زیاد لە شوێنێکی جیھاندا دروستکردوە، کەشتیی و فڕۆکەی تایبەتان ھەیە، پارەی زۆریان لە سەر ژمارەی بانکی نھێنیی لە زیاد لە وڵاتێکی دونیادا ھەیە. ئەمانە یان خۆیان سیاسییە گەورە و حوکمڕانەکانی وڵاتەکەن، یاخود کەسوکارەکانیانن، یان کەسانی زۆر نزیک لەوانەوە.  ئەوەی ئەم سیاسییە تاڵانچییانە لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە ئەنجامیانداوە، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەزگا و ئۆرگانە سەرەکییەکانی وڵاتەکەیە بە ئاراستەی گۆڕینیان بۆ مەقاشی دەستی خۆیان و بەکارھێنانیان بەوشێوەیە بتوانن ھەم درێژە بەو دۆخە پڕ تاڵاناکرییەبدەن و ھەم پێگە سەرەکییەکانی خۆیان لەناویدا بەھێزتر بکەن. بۆ نموونە  پارتە سیاسییەکان، کە پێویستە ئۆرگانێکی خاوەن پلان و بەرنامەی ڕیفۆرمکردنی وڵاتەکە بن، گۆڕاون بۆ موڵکی شەخسیی کەس و خێزان و بنەماڵە سیاسییەکان و ئەوانن دەستنیشانی چۆنیەتی کارکردن و ھەڵسوکەوتی ئەو پارتانە دەکەن. ئەم پارتە سیاسییانە لەوە کەوتون ئۆرگانێک بن بۆ تەعبیرکردن لە دونیابینییەکی سیاسیی و ئامرازێک بۆ دروستکردنی واقیعێکی باشتر و کەمکێشەتر. ئەوەی لە عێراق و بێگومان لە کوردستانیشدا ڕوودەدات، پرۆسەیەکی ھەمەلایەنی ”لەحیزبخستنی حیزب“ و بەتاڵکردنەوەیەتی لە ئەرک و پلانی ڕێکخستن و داڕشتنەوەی کۆمەڵگا بەرەو باشتر. دەزگای حیزب گۆڕاوە بۆ ماشێنێکی گەورەی بەرگریکردن لەو بنەماڵە و خێزانە حوکمڕانانە و سەپاندنی پێگەکانیان بەسەر ھەموواندا.  چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستاندا، حیزب بووە بە دەزگایەکی بەهێز و کاریگەری خێزانیی و بنەماڵەیی کە توانا و هەیبەتی لە پێگەی ئۆرگانە دەستوورییەکانی ناو دەزگای دەوڵەت گەورەتر و بەهێزترە. حیزب لەم مۆدێلە ترسناکەی دەسەڵاتدارێتییدا خاوەنی کۆمپانیا و میلیشیا و ئابووریی و دارایی و بانک و میدیایە، کە دەوڵەت وەک ئامراز و ئامێرێک بۆ پاراستنی ماڵە سیاسییەکەی خۆی و ئەندامانی خێزانە داخراوەکەی خۆی تەماشادەکات. دەزگای دەوڵەت لەلایەن حیزبەوە تەنها ئەو کاتە شەرعییەتی هەیە کە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و دەسکەوت و داهاتەکانی حیزب زامنبکات. لە ڕاستیدا دەوڵەت لە عێراقی دوای بەعسدا، لەسەر ھەمان مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی ھەرێمی کوردستان، بووە بە نێچیرێک کە حیزب و خێزانە سوڵتانییەکان ڕاویدەکەن.  لەناو ئەو ھاوکێشە تایبەتەی دەسەڵات لە عێراقدا یەکێک لە ئامرازە ھەرە سەرەکییەکانی ”لەحیزبخستنی حیزب“، بریتییە لە دروستکردنی لەشکری تایبەت بۆ حیزب. بڕێکی ئەو تاڵانکارییەی کە ڕوودەدات، بۆ دروستکردن و پاراستنی ئەو سوپا و میلیشیا تایبەتانە تەرخاندەکرێت، کە حیزبەکان خاوەنیانن. بوونی ئەو ھەموو میلیشیا و سوپا تایبەتانە لە باکور و باشور و ناوەڕستی وڵاتەکەدا، کە لەناو واقیعدا ھەن و پڕچەک و بەھێزن، یەکێکە لە کێشە ھەرە قووڵ و سەرەکییەکانی وڵاتەکە. لە زۆر ڕووشەوە یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەو ژێرکەوتنە ئابڕوبەرەی سوپای عێراق لەبەرامبەر داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا، کە داعش لە ماوەیەکی ھێجگار کورتدا سێ یەکی خاکی عێراقی داگیرکرد، پەیوەندیی بەم کردەی بە میلیشیاکردنەی سوپاوە ھەیە. لەسەر کاغەز سوپای عێراق سوپایەکی گەورەیە و سەدان ھەزار چەکداری ھەیە، بەڵام بەردەوام دەردەکەوێت چەندان یەکە لەو یەکە سەربازییانەی لەسەر کاغەز ھەن و پڕچەکن، لە واقیعدا بوونیان نییە. موچە و مەسروفی ئەو یەکە وەھمیانە دەچێتە گیرفانی ئەفسەرە گەورەکانی سوپاوە، کە ئەوانیش بەسەدان ڕایەڵەوە بە کەسایەتییە سیاسیی و بەحیزبە سەرەکییەکانی وڵاتەکەوە، گرێدراون.  بەبێ گۆڕینی ئەو  نەخشە سیاسییە لە وڵاتەکەدا، بەبێ لێپرسینەوەیەکی بەرفراوان لەو ھێزانەی لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە لەو وڵاتەدا حوکمڕانبوون، مانایەک بۆ ھەڵبژاردن لە عێراقدا نامێنێتەوە. ھەڵبژاردن لەناو ئەم سیستەمە وێرانەدا چاوەڕوانی شتێکی ئەوتۆی لێناکرێت. لە دۆخێکی لەو بابەتەدا ھەڵبژاردندەشێت ئەم یان ئەو ھێز و بلۆکی سیاسیی بەرپرس لەو ھەموو تاوانە، گەورە بکات، ئەمانیش چەند گەورەتربن، ئەوەندە لە قاسەکانی پارەی نەوتەوە نزیکدەبنەوە و ئەوەندەش توانای دزیکردن و تاڵانکردنیان زیاددەکات.   عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی خاوەنی کۆمەڵگایەکی گەنجە، گەنجان زۆرینەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن. ئەم گەنجانە شەری داعشیان کرد، شەڕی بێکاریی و بێمووچەیی و بێ دامەزراندنیان کرد، شەڕی خۆیان بۆ بەخشینی مانایەک بە ژیانی خۆیان کرد. گەنجانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو حیزبە تەقلیدییەکان ناڕازین، هەم لە وەهمی تائیفییەت ناڕازین و هەم لە درۆ و خورافەتەکانی ئەو ناسیۆنالیزمە ئەتنییەش کە بە لۆژیکی سوڵتانیی چەند بنەماڵەیەکی بازرگانی سیاسیی کاردەکەن. بۆیە ئەوەی ئەم نەوەیە لە ئێستادا دەجوڵێنێت، نائومێدییە؛ نائومێدییەک دابڕاو لە خەونێکی سیاسیی بەرجەستە و لە ئامادەگیی کۆمەڵێک بکەری سیاسیی کۆنکریت. بۆیە ئەم نائومێدییە دەشێت هۆکارێک بێت، هەم خۆپیشاندان و توندوتیژیی گەورتری لێبکەوێتەوە، هەم ناشتنێکی یەکجارەکی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقدا، وەک رێگایەک بۆ گۆڕانکاریی سیاسیی. بابەتی پێشتر بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟ بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن  بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس  بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی  بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو  بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون  بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل  بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی


 راپۆرت: درەو هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی نوێدایە، هەڵبژاردنێك كە پێناچێت گۆڕانكاری گەورە لەسەر ئاستی پلەی یەكەم‌و دووەم بۆ هێزەكانی هەرێمی كوردستان دروست بكات، كێبركێكە لەسەر پلەی سێیەمە لەنێوان (گۆڕان، نەوەی نوێ، كۆمەڵی دادگەریی).  كورتەیەكی مێژوویی بزوتنەوەی گۆڕان‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریی، كێبەركێ لەسەر پلەی سێیەمی دەكەن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1992ەوە واتە لەیەكەم هەڵبژاردنەوە تائێستا، جگە لە هەڵبژاردنی (2005)، لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان) لەپلەی یەكەمدا بووە.   یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جگە لە هەڵبژاردنەكانی (2005) كە پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، لە هەموو هەڵبژاردنەكانی تردا لە پلەی دووەمدا بووە لە دوای پارتییەوە، ساڵی 2009 یەكێتی دووەمی لەدەستدا بۆ بزوتنەوەی گۆڕان‌و بوو بە سێیەم گەورە حزبی هەرێمی كوردستان، لەدواین هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان‌و عێراقدا كە هەردووكیانم ساڵی 2018 بەڕێوەچوون، یەكێتی جارێكی تر گەڕایەوە بۆ پلەی دووەم‌و پێش بزوتنەوەی گۆڕان كەوتەوە.  بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبوونیەوە لە ساڵی 2009، لە یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بوو بە دووەم گەورە هێزی سیاسی هەرێمی كوردستان لەدوای پارتی، بەڵام لەدواین هەڵبژاردنەكانی كوردستان‌و عێراقدا دەنگەكانی پاشەكشێی گەورەی كردو بوو بە هێزی سێیەم لەڕووی ژمارەی كورسییەوە لە پەرلەمان.  جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریی (كۆمەڵی ئیسلامی پێشوو) لە پلەی چوارەم‌و پێنجەمدان، یەكگرتووی ئیسلامیش كە رۆژگارێك دوای پارتی‌و یەكێتی، لەڕووی ژمارەی دەنگدەرەوە سێیەمین هێزی سیاسی كوردستان بوو، ئەمساڵانەی دوایی پاشەكشێی گەورەی كردووە‌و بووە بە هێزی شەشەم.  یەكەمی كوردستان سەرباری ساختەكاری و هەموو ئەو تێبینییانەی كە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەن لە هەرێمی كوردستان، مێژووی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان دەریدەخەن پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕووی ژمارەی دەنگدەرو كورسییەكانەوە، حزبی ژمارە یەكی هەرێمی كوردستانە:  •    لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، پارتی (437 هەزارو 879) دەنگی بەدەستهێنا، بە رێژەی (45%) لە پلەی یەكەمدا بوو، یەكێتی (423 هەزارو 833) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (43.6%) لە پلەی دووەمدا بوو، بزوتنەوەی ئیسلامی (49 هەزارو 108) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (5%) لە پلەی سێیەمدا بوو. یەكێتی لە پلەی یەكەمدا ساڵی 2005 بۆ یەكەمجار گۆڕانكارییەك لە تەرازووی هێزدا دروست بوو، لەم ساڵەدا سێ هەڵبژاردن بەڕێوەچوو (هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان)، پارتی‌و یەكێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و پەرلەمانی عێراقدا بە یەك لیست بەشداربوون، بۆیە دەنگەكانیان تێكەڵ بوو، نازانرێت كامیان زیاتریان هێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە جیا بەشدارییان كرد، لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی دەنگی یەكەمی لەسەر ئاستی هەرێم بەدەستهێنا.  یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا (765 هەزارو 736) دەنگی بەدەستهێناو پلەی یەكەمی هەبوو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان (741 هەزارو 483) دەنگی بەدەستهێنا لە پلەی دووەمدا بوو، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (133 هەزارو 206) دەنگی بەدەستهێنا لە پلەی سێیەمدا بوو.  گۆڕان پلەی دووەم دەگرێت لە دوای هەڵبژاردنی 2009ی پەرلەمانی كوردستانەوە، بزوتنەوەی گۆڕان پلەی دووەمی هێزە سیاسیەكانی هەرێم دەگرێت، ئەمە گۆڕانكارییەكی تربوو كە لە هاوكێشەی هێزدا دروستبوو، لەمساڵەدا یەكێتی‌و پارتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان كرد، ئەم شەراكەكە یەكێتی كرد بە هێزی سێیەم‌و گۆڕان بوو بە هێزی دووەم دوای پارتی.  ساڵی 2010 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم ساڵەشدا گۆڕان جارێكی تر پێش یەكێتی كەوتەوە‌و بووە بە هێزی دووەم لەسەر ئاستی هەرێم لەڕووی ژمارەی دەنگدەرانەوە.  ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2010دا بەمشێوەیە بوو:  •    پارتی (670 هەزارو 965) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (34.6%)، پلەی یەكەم. •    بزوتنەوەی گۆڕان (425 هەزارو 793) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (22%)، لە پلەی دووەمدایە. •    یەكێتی (397 هەزارو 929) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (20.5%)، پلەی سێیەم. •    یەكگرتووی ئیسلامی (214 هەزارو 222) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (11.5%)، لە پلەی چوارەم. ساڵی 2013 جارێكی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، ریزبەندی هێزەكان لەم هەڵبژاردنەدا هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهات، جارێكی تر بزوتنەوەی گۆڕان بووەوە بە هێزی دووەم، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەكان بەمشێوەیە بوون:  •    پارتی (743 هەزارو 984) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (38%)، پلەی یەكەم‌و (38) كورسی. •    بزوتنەوەی گۆڕان (476 هەزارو 736) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (24.4%)، لە پلەی دووەمدایەو (24) كورسی. •    یەكێتی (350 هەزارو 500) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (18%)، پلەی سێیەم‌و (18) كورسی. •    یەكگرتووی ئیسلامی (186 هەزارو 741) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی  (10%)، لە پلەی چوارەمدایەو (10) كورسی. گۆڕان‌و یەكگرتوو پاشەكشێیان كرد لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە 2018 بەڕێوەچوو، هاوسەنگی هێز جارێكی تر گۆڕانكاری بەسەردا هاتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان پلەی دووەمی لەدەستداو یەكێتی پلەی دووەمی وەرگرتەوە، دەنگی لایەنەكان لەم هەڵبژاردنەدا بەم شێوەیە بوو: •    پارتی (686 هەزارو 70) دەنگی بەدەستهێنا، (45) كورسی پلەی یەكەم. •    یەكێتی (319 هەزارو 912) دەنگی بەدەستهێنا، (21) كورسی، لە پلەی دووەمدا. •    بزوتنەوەی گۆڕان (186 هەزارو 903) دەنگی بەدەستهێنا، (12) كورسی‌و پلەی سێیەم. •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ (127 هەزارو 115) دەنگی بەدەستهێنا، (8) كورسی‌و پلەی چوارەم. •    كۆمەڵی ئیسلامی (109 هەزارو 494) دەنگی بەدەستهێنا، (7) كورسی‌و پلەی پێنجەم. •    یەكگرتووی ئیسلامی (79 هەزارو 434) دەنگی بەدەستهێنا، (5) كورسی‌و  پلەی شەشەم. كێ دەچێتە پلەی سێیەم ؟ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بڕیارە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان ناكرێت لەسەر پلەی یەكەم‌و دووەم گۆڕانكاری لە ریزبەندی هێزە سیاسییەكاندا روبدات، واتە پارتی‌و یەكێتی لە پلەی یەكەم‌و دووەمدا دەمێننەوە، گۆڕانكاری لەسەر ئاستی پلەی سێیەم بۆ سەرەوە رودەدات. هێزی سێیەمی هەرێمی كوردستان لەڕووی ژمارەی دەنگدەرانەوە دەكەوێتە كێبركێی نێوان (بزوتنەوەی گۆڕان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كۆمەڵی دادگەریی). •    بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبونیەوە لە 2009 تا دواین هەڵبژاردن لە پلەی دووەمی هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بووە بە دەنگ‌و بە ژمارەی كورسی، بەڵام لەدواین پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، بە رێژەیەكی بەرچاو دەنگ‌و كورسیەكانی كەمیكرد، كورسییەكانی لە (24) كورسیەوە بۆ (12) كورسی بەڕێژەی (50%) دابەزی، دەنگەكانیشی لە (476 هەزار) دەنگەوە بۆ (186 هەزار) دەنگ دابەزی بەڕێژەی (61%)، ئێستا كە لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و تاقیكردنەوەیەكی نوێدایە، بزوتنەوەی گۆڕان بەدەست كۆمەڵێك كێشەو گرفتی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، بەشێك لە هەڵسوڕاوەكانی ناڕازین‌و لەماڵەوە دانیشتوون‌و كار بۆ بزوتنەوەكە ناكەن، فراكسیۆنی بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی عێراق لە كێشەو ململانێدایە لەگەڵ رێكخەری گشتی، نیوەی ئەندامانی فراكسیۆنی بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی كوردستان لە كێشەدان لەگەڵ حزبەكەیان، بزوتنەوەكە بەشدارە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم‌و روبەڕووی ناڕەزایەتی شەقام بووەتەوە لەبارەی بڕینی موچەی فەرمانبەران‌و پرسی چاكسازیی، هەموو ئەم بارودۆخانە رەنگە بەشێوەیەنی نەرێنی كاریگەرییان لەسەر پێگەی گۆڕان هەبێت لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە سەركردەكانی گۆڕان لەبری ئەوەی بیری لەوە بكەنەوە بەتەنیا بچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە، بەدوای هاوپەیمانێتیدا دەگەڕێن لەگەڵ پارتی‌و یەكێتیدا.  •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەم خولەدا (4) كورسی خۆی لە پەرلەمانی عێراق لەدەستدا‌و لە پەرلەمانی كوردستانیش (4) ئەندامی فراكسیۆنەكەی جیابونەوە، جوڵانەوەكە هۆشداری ئەم لێبونەوەیە بۆ دەستوەردانی پارتی‌و یەكێتی‌و كڕینی ئەندامەكانی ناودەبات، لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر ئەم دابەشبونە ناوخۆییەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ خراپی بەڕێوەبردنی حزبەكە لەلایەن سەرۆكەكەیەوە ناودەبەن، لەڕووی رێكخستنەوە ئەم حزبە لەم ساڵانەی دوایی گورزی گەورەی بەركەوتووە، بەڵام چەكی بەهێزی دەستی بۆ هەڵبژاردن گروپێك كەناڵی راگەیاندنە (ئێن ئاڕ تی) كە دەتوانێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەشێوەیەكی باش سودیان لێ ببینێت، سەرباری ئەمە لەكابینەی نۆیەمدا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژاردووە‌و ناكەوێتە بەر گلەیی دەنگدەران سەبارەت بە ئەدای كاری حكومەت لەم خولەدا.  •    كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئێستا خاوەنی (7) كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان‌و لە پەرلەمانی عێراقیش (2) كورسی هەیە، ئەم هێزە بەمدواییە لە كۆنگرەی خۆیدا هەندێك گۆڕانكاری كردووە، پاشگری ئیسلامی لەسەر ناوی خۆی لابردووە، ناوی خۆی لە (كۆمەڵی ئیسلامی)یەوە گۆڕیوە بۆ (كۆمەڵی دادگەریی)، بەم گۆڕانكارییانەوە هیواخوازە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، سنوری دەنگدەرانی ئیسلامی تێپەڕێنێت‌و لەناو هەموو چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگەدا دەنگ كۆبكاتەوە‌و لەدوای پارتی‌و یەكێتییەوە پلەی سێیەم بگرێت، بەتایبەتیش كە حزبەكە لەم كابینەیەدا بەشدار نییە لە حكومەت‌و پەرلەمانتارو میدیاكەی دژی هەنگاوەكانی حكومەت لەبارەی لێبڕینی موچە‌و چاكسازییەوە قسە دەكات.    •    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە سەرەتای راگەیاندنیەوە لە ساڵی 1994 بۆ 2009 پلەی سێیەمی هەڵبژاردنەكانی گرتبوو، لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پاشەكشێی گەورەی كردووە، لەدواین هەڵبژاردندا دابەزی بۆ پلەی شەشەم، ئەم حزبە ئۆپۆزسیۆنە‌و بەشدار نییە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام ئەدای كاری ئۆپۆزسیۆنبوونی لەبەردەم جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریدا دواكەوتووە‌و وەكو پێویست توانای راكێشانی سەرەنجی شەقامی دەنگدەری نییە.   بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی دادگەریی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یەكگرتووی ئیسلامی كێبركێ لەسەر پلەی سێیەم دەكەن، چانسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریی لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی بەهێزترە بۆ ئەوەی پلەی سێیەم بگرن.    


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)  ئێراننامە (2) زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو. سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی لە مێژووی ئێراندا و لە ٤٢ساڵی پاش شۆڕشی ١٩٧٩، ئەو وڵاتە حەوت سەرکۆماری بە خۆیەوە دیووە: بەنی سەدر(٨٠-١٩٨١)، ڕەجایی(٨١-١٩٨١)٢٨ڕۆژ سەرکۆماریی کرد و کوژرا، خامینەیی(٨١-١٩٨٩)، رەفسەنجانی(٨٩-١٩٩٧)، خاتەمی(١٩٩٧-٢٠٠٥)، ئەحمەدینەژاد(٢٠٠٥-٢٠١٣) و حەسەن ڕۆحانی(٢٠١٣-٢٠٢١) و واش چاوەڕێ دەکرێت دوومانگی دیکە هەشتەمین سەرۆک بچێتە پاستۆرەوە(شوێنی دەزگای سەرۆکایەتی). بەرلەوی لە دەسەڵات و پێگەی سەرکۆمار باس بکەین، گرنگە بزانرێت ئەو پۆستە کەی دانرا و مێژووی هەوڵەکانی بە کۆمارییکردنی ئێران بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ مێژووی هەوڵەکانی بەکۆمارییکردنی ئێران تا هەنووکە وا دەرکەوتووە، کە یەکەمین ئاماژەی ئێرانییەک بە سیستەمی کۆماریی بگەڕێتەوە بۆ سەفەرنامەکەی میرزا ساڵحی شیرازی لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا و لەسەردەمی دەوڵەتی قاجاردا، کە تێیدا باسی لە سیستەمێکی سیاسیی بێ پادشا  و کۆمارەکەی پاش شۆڕشی فەرەنسی کردووە، دیارە لەو سەردەمەدا پێناسەی کۆماریی، ئیلهامەکەی لە کۆماری فەرەنساوە وەرگیراوە. جیا لەمەش هاوچەرخی شیرازی و پاشتریش چەندین مونەویر و نوخبەی خوێندەواری سیاسیی کەم تا زۆر باسی سیستەمی کۆماری و چەسپاندنیان پێشنیار کردووە و هەندێکیان هەوڵیشیان بۆ داوە، وەک صەدرولمەمالیک، تاڵبوف، نازیمودەولە، ئەحمەد کرمانی و حەسەن ساحێبزەمانی، نازیمولئیسلام کرمانی، حەسەن تەباتەبایی و ..تاد. وەک جوڵەی سیاسی و بەئامانجی چەسپاندنیشی، چەندین هەوڵی ناکام بەر لە ساڵی ١٩٧٩دا دراوە، یەکەمینیان دەگەڕێتەوە بۆ صەدرولمەمالیکی ئەردەبیلی و بە هاندانی وەزیری موختاری فەرەنسا لە ئیران (دۆسێ تێرباز)، کە یەکەمین هەنگاو بووە بەمەبەستی چەسپاندنی سیستەمی کۆماریی لە ئێراندا هاوێژرابێت، جیا لەوەی سەرنەکەوت بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی قاجار و فەرەنساش لە سەردەمی ناسرەدین شادا. لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی سەردەمی قاجاردا و لە ئانی سەرۆکوەزیرانی ڕەزاخان-دا، شەپۆلێکی کۆمارییخوازیی جارێکی دیکە سەری هەڵدایەوە، کە لەژێرەوە ڕەزاخان(شای دواتر) هاندەری بوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاران لە ساڵی ١٩٢٤دا، پرۆژەی سیستەمێکی کۆماری و کۆتاییهێنان بە پادشایەتی قاجاریان پێشنیار کرد، هێندەی نەمابوو دەنگدانی بۆ بکرێت و سیستەمەکە جێگیر بکرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی کەمینەیەکەوە دەمەقاڵەیەک لەنێوان لایەنگرانی کۆماریی و نەیارانیدا، درووست بوو، یەکێک لە پەرلەمانتاران زللەیەکی لە ئاخوندێکی پەرلەمانتار(حەسەن مودەڕیس) دا و بەوشێوەیە ململانێکە لەنێو خەڵکدا وەک شەڕی سوکایەتی بە پیاوی ئاینی لەقەڵەمدرا و لەدەرەوەی پەرلەمان خەڵکیان هێنایەسەرشەقام و لەپەنای ئەو پۆپۆلیزمە ئاینییەدا، پرۆژەی کۆمارییخوازی لە پەرلەماندا سەرکپ کرا. جیا لەم هەوڵەش لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، سێ کۆماری وەک گیلان-ی میرزا کوچەک خان و هاوپەیمانە چەپەکانی(١٩٢١)، کۆماری کوردستان-ی قازی محەمەد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات(١٩٤٦) و حکومەتی نیشتمانیی ئازەربایجان(گەرچی ئەم ناوی کۆماری هەڵنەگرت) دامەزران، کە بە هەوڵەکانی کۆماریی لەقەڵەم دەدرێن، بەڵام هەر زوو لەنێوبران. لەسەردەمی حکومەتەکەی موسەدەقوسەڵتەنە ١٩٥٣شدا، حسێنی فاتیمی(وەزیری دەرەوە) بە بانگەشەکاری هەڵوەشاندنەوەی پاشایەتی دادەنرێت و لایەنگرانی بە شەهیدی کۆمارییخوازیی دەناسێنن.   بەڵام ئەزموونی درێژخایەنی کۆماریش(ئەڵبەت بەتامی مەزهەبی و ئیسلامییەوە)، دەگەڕێتەوە بۆ پاش هەرەسی سیستەمی پاشایەتی لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩دا، کە زۆری نەبرد بەهۆی ڕاپرسییەکەوە، سیستەمی سیاسیی ئێران لە پاشایەتییەوە (دەوڵەتی شاهەنشایی ئێران) گۆڕدرا بۆ کۆماریی(کۆماری ئیسلامیی ئێران) (بڕوانە: ئێراننامەی ١). هەر بەپێی جۆری سیستەمەکەش پۆستی سەرۆک کۆمار دانرا، یەکەمین سەرکۆماریش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا لە ١٥ی کانوونی دووەمی١٩٨٠دا، ئەبولحەسەن بەنی سەدر بوو. بەڵام زۆری نەخایاند و لە ٢١ی حوزەیرانی١٩٨١دا لەسەر کار لادرا و پاشتر بەرەو پاریس هەڵهات. دوایەمین سەرکۆماریش حەسەن ڕۆحانییە و تا تەمووزی دادێ دواکاتەکانی نێو شەقامی پاستۆر (سەرۆکایەتی کۆمار) بەڕێدەکات. پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەدەستوری ئێرانیدا بەپێی ماددەی ١١٣، پۆستی سەرۆک کۆمار، پاش پۆستی ڕێبەر، بە دووەمین پۆستی دەوڵەت دادەنرێت و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (بێجگە لەو کاروبارانەی ڕاستەوخۆ بە ڕێبەری باڵاوە پەیوەستن) لەدەستدایە. بەپێی ماددەی ١١٤ش، سەرکۆمار بۆ ماوەی چوار ساڵ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت و بە دوای یەکدا تەنها یەکجاری دی بۆی هەیە خۆی هەڵبژێرێتەوە. لەبارەی مەرجەکانی پاڵێوراوی بۆ سەرکۆماربوونیش ماددەی ١١٥ بەمشێوەیە ڕوونی کردووەتەوە: پێویستە بە ڕەچەڵەک و رەگەزنامە ئێرانی بێت، بەڕێوەبەر و چارەساز، خاوەن پێشینەیەکی چاک، ئەمانەتپارێز و بەتەقوا بێت، ئیماندار و باوەڕدار(مومن و معتقد) بێت بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی و مەزهەبی ڕەسمی ئێران(دوانزەئیمامی شیعە)، پێویستە بەر لە هەڵبژاردن پاڵێوراوێتی خۆی ڕابگەیەنێت(ماددەکانی ١١٥و١١٦ی دەستوور). سەرکۆماریی زۆرینەی دەنگی ڕەهای بەشداربووانی لەهەڵبژاردندا پێویستە، لە ئەگەری نەهێنانی ئەو ڕێژەیە، پێویستە هەڵبژاردن بچێتە خولی دووەمەوە ،کە لەم دەنگدانەدا تەنها دوو کاندیدی یەکەم و دووەم بەشدار دەبن و سەرکەوتوویان دەبێتە سەرکۆمار(ماددەی١١٧دەستوور). هەڵبژاردن پێویستە لانیکەم مانگێک بەر لە کۆتایی وادەی تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی سەرکۆماری پێشوو ئەنجام بدرێت(ماددەی١٢٠)، بۆ مەراسیمی دەستبەکاربوونیشی دەبێت بچێتە تەلاری پەرلەمان و بە ئامادەبوونی هەریەک لە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و ئەندامانی شورای نیگەهبان، سوێندی یاسایی بخوات، لێرەوە بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرێت و بەرپرسیار دەبێت لەبەردەم خەڵک و ڕێبەری باڵا و پەرلەماندا(ماددەکانی١٢١و١٢٢). دیارترین دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار ئەمانەن: دیاریکردنی ئەنجومەنی وەزیران و لابردنی هەر وەزیرێکی کابینەکەی هەیە، بەڵام بۆ دانانی هەر وەزیرێک پێویستە وەزیری پێشنیارکراو متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، هەروەها دەسەڵاتی دانانی سەرۆکەکانی دامەزراوەکانی بودجە، میراتی کولتووری، پیشەی دەستی و گەشتوگوزاریی، وزەی ئەتۆم، ژینگە و بانکی ناوەندی هەیە. ئیمزای پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی لە ئەستۆیدایە(پاش ئەوەی لە پەرلەمان پەسەند دەکرێن). دەتوانێت داوای دانیشتنی نهێنیی پەرلەمان بکات، مافی هەیە بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکات(بەبێ دەنگدان). سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەکات، بەڵام پێویستە بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە پەسەندنامەی ڕێبەری باڵای شۆڕش وەربگرن.(ماددەکانی ١٢٢-١٢٩، ١٣٣-١٣٦و١٣٨) لەئەگەری مردن، لادان، دەستلەکارکێشانەوە و نەخۆشییەک لە دوومانگی زیاتر دەوام نەکات، یاخود لەئەگەری هەڵنەبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێدا بە هەر هۆیەک بێت، یاریدەدەری یەکەمی سەرکۆمار کارووبارەکان لەئەستۆ دەگرێت و ئەنجومەنێک لە سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و یاریدەدەری یەکەمی سەرۆک پێکدەهێنرێت، تا لەماوەی ٥٠ ڕۆژدا(نەک زیاتر) هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئامادە بکەن و سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێردرێت.(ماددەی١٣١) بۆ لێپێچینەوە و پرساندنیشی، ئەوا بە دەنگی یەک لەسەرچواری ئەندامانی پەرلەمان پێویستە بچێتە پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان، بۆ دەستپێلەکارکێشانەوەش بە دەنگدانی سێ لەسەرچواری ئەندامان و بە ڕەزامەندیی ڕێبەری باڵا لەکاردەخرێت.(ماددەکانی١٣٠-١٣٢).   پێگە و تەگەرەی بەردەم سەرکۆمار هەڵسەنگێنەرانی سیستەمی سیاسیی و بەتایبەت پۆستی سەرۆکایەتی، لەباوەڕەدان کێشە و کۆسپی بەردەم دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار، بریتیە لە پەیوەستییەکانی ئەم پۆستە لە سێ ئاستدا: ١.هەر لە پاڵفتەی پاڵێوراوەکانییەوە تا دەگاتە سوێندخواردن و لادان یان تەواوبوونی ئەرکەکەی، کە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتێکی سەرووی خۆیەوە(ڕێبەر)، ٢.هەروەها پرۆسەی چاودێریی خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردن و پەسەندکردنی دەنگەکانی(شورای نیگەهبان)، ٣.لێپێچینەوە و بەرپرسیارێتییەتی لەبەردەم دەزگایەکدا لەکاتێکدا ئەو هەڵینەبژاردووە(پەرلەمان)، لەمەدا گەرچی سیستەم لەسەربنەمای ویلایەتی فەقیه و کۆمارییە بەڵام بۆ لادان و لێپرسینەوەی سەرکۆمار بووەتە پەرلەمانی! گرفتێکی دیکەی سەرەکی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی، لە ماددەی١١٨دایە، کە تێیدا چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری(بە پێی ماددەی٩٩) خستووەتە ئەستۆی شورای نیگەهبان (ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور) کە دەزگایەکی هەڵنبژێردراوە(لە زۆرێک وڵات ئەم پرۆسەیە کۆمسیۆن و دەسەڵاتی دادوەریی ڕێکی دەخەن). کە تێیدا لە پرۆسەی پاڵفتەکردن و پشکنینی باوەڕەکانی کاندیدەکانەوە دەستپیدەکات تا پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. دەسەڵاتێکی کاریگەری ئەم شورایە، ڕەتکردنەوەی کاندیدەکانە. لە نۆ خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییدا، هەشت خولی چاودێری کردووە(لە خولی یەکەمدا دانەمەزرابوو)، لە دووەمین خولی هەڵبژاردنەوە بەمشێوەیە خۆپاڵێوەکانی رەتکردووەتەوە و کەمینەیەکی وەک پاڵێوراو پەسەندکردووە: خولی دووەم لە ٧١ کەس سەرۆکایەتی تەنها ٤پیان پاڵیوران، خولی سێیەم لە ٤٥کەس ٤پاڵێوراو، خولی چوارەم لە٥٠کەس ٣پاڵێوراو. خولی پێنجەم لە ٨٠ کەس٢ پاڵێوراو. خولی شەشەم لە ١٢٨کەس ٤ پاڵێوراو، خولی حەوتەم لە ٢٣٨کەس ٤پاڵێوراو، خولی هەشتەم لە ٨١٤کەس ١٠ پاڵێوراو، خولی نۆیەم لە ١٠١٤کەس ٦ پاڵێوراو، لەخولی دەیەمیشدا تەنها ٤ پاڵێوراو، خولی یانزەش لە  ٦٨٦کەس ٩ پاڵێوراو و لە دوا خولیشدا(دوانزەیەم) لە ١٦٣٦کەس تەنها ٦پاڵێوراو پەسەندکران و ململانێیان کرد، لە کاتێکدا بەشێکی دیاری پاڵێوراوە ڕەتکراوەکان لە سەرانی شۆڕش و بەشداری بڕیاری سیاسیی و لە هەرەمی سەرەوەی دەسەڵاتدا بوون، وەک ڕەفسەنجانی، خاتەمی، ئەحمەدی نەژاد و تاد. گرفتێکی دیکەی دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار، بەکردەیی هەندێ دۆسێی لەدەستدا نییە، وەک وەزارەتی بەرگریی، دەرەوە، سوپا، ئەتۆم، ئیمام جومعەکان (کە لەهاندان و ئاراستەکردنی خەڵکدا کاریگەرن و ڕێبەر دایان دەنێت)، دانووستاندن و داهاتی شوێنەپیرۆزەکان و دەزگائایینەکان، کە ئەمانە ڕاستەوخۆ پەیوەستکراون بە دەسەڵات و هەژموونی ڕێبەرایەتییەوە. بۆیە وەک نەریتێکی سیاسی لێهاتووە کە زۆبەی کات لە کۆتایی خولەکانیاندا کەوتوونەتە بەر ڕەخنەی ڕێبەر و لایەنگرانی، ئەم پشتتێکردنەی ڕێبەریش لەبەنی سەدرەوە تا ڕۆحانی بەدی دەکرێت تەنها سەردەمی سەرۆکایەتی ڕەجایی و خامینەییدا نەبێت، یەکەم لەبەرئەوەی لە مانگی یەکەمیدا کوژراو و دووەمیش خومەینی مرد و خۆی بوویە رێبەری باڵا. ئەم گرفتانە کێشەی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکان و پلانەکانیشی درووستکردووە، تەنانەت بەهۆی بەرپرسیارێتی و چاودێریی شورای نیگەهبانەوە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆمار، ئاراستەی پرۆسەی سیاسیی و کاڵکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆیی و پەراوێزخستنی چەندین حزب و ئاراستەی سیاسیی لێکوتووەتەوە و بەجۆرێک بەهۆی پاڵفەتەکردنی کاندیدەکانی سەرکۆمارییەوە، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەڵاحییاتەکانیشیان تێکەڵبوون، چونکە لەڕووی ئاراستەی سیاسییەوە نزیکبوونەتەوە لەیەکتر و ناتوانن چاودێری سەر یەکتر بن و ئەگەرەکانی بەردەم خەڵک لە دەنگدان زۆر بەرتەسک و سنووردار کراوە، چونکە کاندیدەکانی سەرکۆماریی بە جۆرێک ئەندازیاریی دەکرێن ئەو کەسانە دەردەچن کە لایەنگریی نوخبەی دەسەڵات و دەوڵەتی قوڵی ئێرانن. ئەمەش لە هەڵبژاردەنەکانی ٢٠٠٩دا بەڕوونی دەرکەوت و لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣شدا نیوەی باڵی شۆڕشی ئیسلامیی(ڕیفۆرمخوازان) پاسیڤ کرا و کاندیدەکانیان ڕەتکرانەوە و بەشدارییان پێنەکرا.   ئێراننامە (١) .. هەڵبژاردن لەئێراندا


  راپۆرت: درەو بەهۆی ئەوەی قسەی شكێندراوە، ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژاردنی (ئەنجومەنی شورا)ی حزبەكەی هەڵوەشاندوەتەوە‌و هەڕەشەی سزادانی "عومەر مەلائیكە" دەكات لە حزب كە سەرۆكی ئەنجومەنەكەیە، ئەمیندار دەیەوێت ئەو لاسەنگییە راستبكاتەوە كە لە كۆنگرەی هەشتەمی حزبدا لەپێگەی هەولێرییەكاندا دروستبووە، بەڵام بۆ راستكردنەوەی ئەم لاسەنگییە، پەنای بۆ رێگەی نادەستوریی بردووە، ئەمەش یەكگرتووی لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا دوچاری كێشەیەكی گەورەی ناوخۆیی كردوەتەوە.  هەڵبژاردنی پێشوەختە‌و ناكۆكی ناوخۆیی چەند مانگێگە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوچاری كێشەیەكی ناوخۆیی نوێ بوەتەوە، كێشەكە پەیوەندی بە دانانی سەرۆكی ئەنجومەنی شورای گشتی حزبەوە هەیە.  كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2019‌و چەند رۆژێك دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی، یەكگرتووی ئیسلامی كۆنگرەی هەشتەمی خۆی گرێدا، ئەمە كۆنگرەی دوای ئەو شكستانە بوو كە یەكگرتووە لە هەڵبژاردنەكان دوچاری هات. ئێستا یەكگرتوو كە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەكات‌و دەیەوێت لە دەرەوەی خۆی هاوپەیمان بدۆزێتەوە، لەناوخۆیدا لەناو كێشەیەكی قوڵدا دەژی كە لەدوای كۆنگرەی هەشتەمەوە سەریهەڵداوە.  كێشەی ئەنجومەنی شورا ئەنجومەنی شورای گشتی یەكێك لەو ئۆرگانانەیە كە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتووی ئیسلامی ئەنجومەنێكی راوێژكارییە‌و توانای بڕیاردانی نییە‌و تەنیا دەتوانێت راسپاردە بۆ ئەنجومەنی جێبەجێكردن‌و سەركردایەتی حزب بەرزبكاتەوە، ئەوانەی لەناو ئەم ئەنجومەنەدان، سەركردە دێرینەكانی حزب‌و بەرپرسانی حكومین كە پێشتر لەسەر پشكی یەكگرتوو پۆستیان وەرگرتووە.  لەدوای كۆنگرەوە بۆ ماوەی ساڵێك ئەم ئەنجومەنە دروست نەكرا، بەگوێرەی نامەیەكی عومەر محەمەد ناوسراو بە "عومەر مەلائیكە" كە بۆ ئەندامانی یەكگرتووی نوسیوە‌و كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو "دروستكردنی ئەنجومەنی شورای بەپاساوی جیاجیا دواخستووە، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێك لە ئەندامانی شورا بێزار ببن‌و بڕیاربدەن بەشداری ئەو ئەنجومەنە نەكەن‌و بایكۆتی بكەن". دوای ئەو ناڕەزایەتییانەی پاش كۆنگرە، لەبارەی ئەنجومەنی شورای گشتییەوە لەناو یەگكرتوودا دروستبووە، دواجار لە رۆژی 16ی تشرینی یەكەمی 2020دا بڕیاردراوە بەوشێوەیەی لە "لائیحە"ی حزبدا هاتووە، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی شورا بكرێت. "ئەمیندار خۆی هەواڵەكەی نوسی" دوای مانگێك‌و 21 رۆژ لە بڕیاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا، لە رۆژی 5ی كانونی دووەمی 2020 لە هەولێر هەڵبژاردن كرا، ئەمینداری یەكگرتوو لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و دەستەی باڵای چاودێری حزب سەرپەرەشتی هەڵبژاردنەكەیان كرد، دوو كەس كاندیدبوون بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كە بریتی بوون لە (فەرهاد مەلا ساڵح)‌و (عومەر محەمەد)، بەزۆرینەی دەنگ (عومەر محەمەد) وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی شورای گشتی یەكگرتوو هەڵبژێردرا‌و بەفەرمی راگەیەندرا. تەلەفزیۆنی (سپێدە) زمانحاڵی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوكات هەواڵەكەی بەمشێوەیە بڵاوكردەوە:" پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5/12/2020 بەسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان‌و بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری ئەنجومەنی شورای گشتی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستە سەربارودۆخی هەرێم‌و ناوچەكە‌و كێشە‌و قەیرانە سەختەكانی هاوڵاتیان‌و هەڵوێستی نەگۆڕی یەكگرتوو لە پشتگیری‌و هاوخەباتی لەگەڵ شەقامی مەدەنی‌و ناڕازی‌و داكۆكی لە ماف‌و قوت‌و موچەی هاوڵاتیان. لەتەوەرەیەكی تردا دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی شورا هەڵبژێردراو وێڕای پیرۆزبایی لە بەرێزان (د. عومەر محەممەد، بەهزاد دەروێش، بەهائەدین عارف) ئاڕاستەكران بۆ بەرێوەبردنی ئەنجومەنی شورای گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان". ئەم هەواڵە هێشتا لە سایتی تەلەفزیۆنی (سپێدە)دا ماوە‌و نەسڕاوەتەوە، بەپێی ئەوەی "عومەر مەلائیكە" لەنامەكەیدا باسی كردووە، ئەم هەواڵە خودی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین نوسیویەتییەوە‌و لە میدیای فەرمی یەكگرتوودا بڵاوبوەتەوە.  ئەمیندار پەشیمان دەبێتەوە ! دوای (40) رۆژ لە هەڵبژاردنی (عومەر محەمەد) وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی شورای گشتی، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو لە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا پاشگەز بوەتەوە، ئەمیندار وتویەتی" لەم هەڵبژاردنەدا قسەی من شكاوە"، لەمەشدا مەبەستی ئەوە بووە (فەرهاد مەلا ساڵح) كاندیدی ئەو بووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی شوراو دەرنەچووە. فەرهاد مەلا ساڵح یەكێكە لە سەركردە هەولێرییەكانی ناو یەكگرتوو، بەر لە كۆنگرەی هەشتەمی حزب، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو بوو، واتە بەگوێرەی فەرهەنگە كۆنەكەی یەكگرتوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە (چونكە ئەنجومەنی جێبەجێكردن لەشوێنی مەكتەبی سیاسی كۆنی حزب دروستكراوە). فەرهاد مەلاساڵح لە كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوودا خۆی بۆ سەركردایەتی هەڵبژارد، بەڵام دەرنەچوو، كۆنگرەی هەشتەم ناڕەزایەتی هەولێرییەكانی ناو یەكگرتووی بەدوای خۆیدا هێنا، لەلای ئەمیندار سكاڵایان كرد لەبارەی ئەوەی كەمترین كەسیان بۆ سەركردایەتی سەركەتووە، ئەمیندار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو باڵانسە ناوچەییەی كە لە كۆنگرەدا تێكچوو بوو، بڕیاریدا، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا بدات بە فەرهاد مەلاساڵح، ئەمەیە كە عومەر مەلائیكە دەڵێ" ئەمیندار بۆیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای رەتكردەوە، چونكە كاندیدی دڵخوازی خۆی دەرنەچوو".  سەركردایەتی دژی ئەمیندار بڕیاریدا لەناوخۆی حزبدا، تەكلیفی زۆر لە ئەمیندار كراوە، كێشە بۆ ئەنجومەنی شورا دروست نەكات، چونكە هەڵبژاردن كراوە‌و باش نییە‌و كێشە دروست دەبێت، بەڵام ئەمیندار سوربووە لەسەر بڕیارەكەی، داوای لە سەركردایەتی كردووە، ئەنجومەنی شورا رابگرن، سەركردایەتی وەكو بەرزترین دەسەڵاتی ناو یەكگرتووی ئیسلامی رۆژی رۆژی 16ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ كۆبوەتەوە بۆ تاوتوێكردنی داوای ئەمینداری حزب سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا، سەركردایەتی داواكەی سەلاحەدین محەمەد بەهادینی رەتكردەوە. كۆبونەوەكەی مێرگەپان ! دوای بڕیارەكەی سەركردایەتی دژی ئەمیندار‌و هێشتنەوەی ئەنجوممەنی شورا وەكو خۆی، ئیتر عومەر مەلائیكە‌و ئەندامانی شورا پشتئەستور بوون، سەرباری ناڕەزایەتییەكانی ئەمیندار، بڕیاریاندا رۆژی 13ی ئازاری ئەمساڵ لە هاوینەهەواری "مێرگەپان" لە سلێمانی كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی شورا بەڕێوەبچێت، هۆڵی كۆبونەوەیان گرت، بەرنامەی كۆبونەوەیان دانا، وێنەیەكی بەرنامەی كاریان نارد بۆ ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو كە ئەمینداری گشتی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمە ئەمینداری توڕەكرد، دژی كۆبونەوەكە راوەستا، نەیهێشت كۆبونەوە بكرێت، بەگوێرەی نامەكەی (عومەر محەمەد)، كاتێك ئەمینداری بەرنامەی كۆبونەوەكەی بینیوە وتویەتی:" من رازی نیم"، بەمشێوەیە یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورای یەكگرتوو لەباربرا.  "سەددام داكۆكی لەخۆی كرد"  ئەوانەی ناڕازین لە بڕیاری ئەمیندار بۆ راگرتنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی شورا دەڵێن ئەمیندار "لائیحە"و پەیڕەوی ناوخۆی حزبی پێشێلكردووە، چونكە تەنیا سەركردایەتی بڕیاری راگرتن یان هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانێكی حزبی هەیە، سەركردایەتیش دژی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا بووە. عومەر مەلائیكە كە خۆی بەبراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا دەزانێت، دوای رێگریكردن لە كۆبونەوەی شورا لەلایەن ئەمیندارەوە، پەنا بۆ دەستەی باڵای چاودێریی حزب دەبات، دەیەوێت بەگوێرەی ماددەی (23)ی پەیڕەوی ناوخۆ كە دەڵێ "ئەندام مافی سكاڵاكردن‌و داكۆكی كردنی لەخۆی هەیە" سكاڵا لەسەر كەسی یەكەمی حزبەكەی تۆمار بكات‌و تۆمەتباری بكات بەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبی پێشێلكردووە، بەڵام بەوتەی خۆی، دەستەی باڵا سكاڵاكەی رەتكردوەتەوە، ئەمیندار وتویەتی" چۆن كەس دەتوانێت سكاڵا لەسەر من تۆمار بكات". لەنامەكەیدا بۆ ئەندامانی یەكگرتوو، عومەر مەلائیكە نوسیویەتی:" بەندە سەرۆكی شەرعی‌و هەڵبژێردراوی شورای گشتی ئەو مافەیان لێ زەوتكردم داكۆكی لەخۆم بكەم، سەددامێك بەو موجریمیەی خۆی زیاتر لە چوار مانگ داكۆكی لەخۆی كرد".   "قسەم شكاوە" سەرباری ئەوەی، سەركردیەتی بڕیاری ئەمینداری گشتی حزبی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا رەتكردوەتەوە، سەلاحەدین محەمەد بەهادین سورە لەسەر ئەوەی ئەنجومەنەكە هەڵوەشێتەوە، رۆژی 8ی ئازاری ئەمساڵ، عومەر مەلائیكە چاوی بە سەلاحەدین محەمەد بەهادین دەكەوێت، لەم دیدارەدا ئەمیندار بە سەرۆكی ئەنجومەنی شورا دەڵێ:" چیت پێدەكرێت؟! سێ جاری تریش هەر دەیبەمەوە سەركردایەتی، چونكە قسەی من شكاوە". بەوتەی خۆی، بەپێی ئەوەی لەنامەكەیدا بۆ یەكگرتوو نوسیویەتی، لەم دیدارەدا عومەر مەلائیكە بە ئەمینداری وتوە:" مامۆستا گیان تكات لێ دەكەم ئەمە مەكە، چونكە بۆ مەقامی خۆت باش نییە، شكاندنی لائیحەی تێدایە، بەڕێزت دەبێت (حامی) پارێزەری لائیحە بێت". دیدارەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی شوراو ئەمینداری یەكگرتوو بەبێ گەیشتن بە چارەسەر، كۆتایی هات، رۆژی 28ی ئازاری ئەمساڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو كە ئەمینداری گشتی سەرۆكایەتی دەكات، كۆدەبێتەوە، ئەمیندار جارێكی تر باسی كێشەی ئەنجومەنی شورا دەكاتەوە، دەیەوێت جارێكی تر پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجومەنە بباتەوە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەوتەی (عومەر محەمەد)، چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن لە كۆبونەوەكەدا وتویانە:" بەخوا ئەمجارەش عەیبدار دەبین، با نەیبەینەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی، چونكە دڵنیاین ئەمجارەش هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا لە سەركردایەتی دەنگ ناهێنێتەوە". ئەمیندار رێگەیەكی نوێ دەدۆزێنەوە ! دوای ئەوەی دڵنیا دەبێت لەوەی لەڕێگەی سەركردایەتی حزبەوە ناتوانێت ئەنجومەنی شورا هەڵوەشێنێتەوە، سەلاحەدین محەمەد بەهادین پەنا بۆ (دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتوو) دەبات، دەیەوێت لەڕێگەی ئەم دەستەیەوە ئەنجومەنی شورای حزب هەڵوەشێنێتەوە، لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتوودا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانی حزب بەم دەستەیە نەدراوە. دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتوو، دوای چوار مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا، لەژێری فشاری ئەمینداری حزبدا، رۆژی 6ی نیسانی ئەمساڵ نوسراوێك دەردەكات‌و دەڵێ:" هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا دروست نەبوو". رۆژی 11ی نیسان، ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو كە سەلاحەدین محەمەد بەهادین سەرۆكایەتی دەكات، بەپشتبەستن بە نوسراوەكەی دەستەی باڵای چاودێریی، نوسراوێك بۆ سەركردایەتی‌و هەموو مەڵبەندەكانی حزب دەكات، دەقی ئەم نوسراوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لەبەردەستی (درەو)دایە، كە تێیدا هۆشداری توند بە (عومەر محەمەد) سەرۆكی ئەنجومەنی شورا دراوە. نوسراوەكەی ئەنجومەنی جێبەجێكردن، لەبارەی ئەنجومەنی شوراوە ئەم بڕیارانەی دەركردووە: •    هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن كە لە رۆژی 5ی كانونی دووەمی 2021دا بەڕێوەچووە، بەهۆی ئەوەی (نیساب)ی كۆبونەوەكە تەواو نەبووە (ئەمینداری گشتی خۆی لەم كۆبونەوەیەدا بەشداربووەو نەیوتووە كێشەی نیساب هەیە). •    هەڵپەساردنی ئەم ئەنجومەنە كە بووەتە مایەی كێشەو ناتەبایی‌و دووبەرەكی. •    سەركردایەتی میكانیزمی تر بۆ ئەنجومەنی شورا بدۆزێتەوە.  •    ئەو بەڕێزانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، بەرێكوپێكی پابەند بن، هەموو نافەرمانی‌و پابەندنەبونێك، سەرپێچییە‌و لێپێچینەوەی لەسەر دەبێت. •    یەكڕیزی‌و ئاسایشی ناوخۆی حزب، ئەولەویەتی ئەم قۆناغەیە‌و دەرفەتی هیچ لادان‌و سەركەشی‌و تەكەتولێك نادرێت‌و هەر جوڵەیەكی لەوجۆرە سزای پەیڕەوی ئەیگرێتەوە. 


درەو: كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق پرسی بە هەرێمكردنی پارێزگاكانی ( سلیمانی ، هەڵەبجە، ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان)ی ئاراستەی  فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقكرد. لە نوسراوێكدا كە كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە، جەلیل عەدنان خەڵەف سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، نوسراوێكی ئاراستەی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كردووە تایبەت بە بە هەرێمكردنی سلێمانی.  لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوە كرا دامەزراوەی حامورابی بۆ كاری پارێزەرایەتی و كاری راوێژكاری یاسایی نوسراوێكیان ئاراستەكردوون بۆ بە هەرێمكردنی پارێزگاكانی ( سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی سەربەو پارێزگایانە)و پایتەختەكەشی سلێمانی بێت.  بە پێی ئەو تایبەتمەندیانەی هەتانە تەماشای ئەو داواكاری درووستكردنی هەرێمی سلێمانی بكەن، لە رووی یاساییەوە. دووشەمەی رابردوو بەیار عومەر عەبدوڵا سەرۆكی دەستەی بەهەرێمكردنی سلێمانی بڵاویكردەوە ئیمزاكانی بەهەرێمكردنی پارێزگاكانی (سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین) پێشكەش بە بە (كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان) لە بەغداد كردو چاوەڕوانی وەڵامین، لە ئایندەدا كۆمسیۆن وەڵاممان دەدەنەوە بۆ ئەوەی پرسی بەهەرێمكردنی ئەم دەڤەرە بخەنە ڕاپرسی گشتیەوە. دەستەی بە هەرێمكردنی سلێمانی لە ماوەی رابردوودا واژۆی (150 هەزار) كەسیان كۆكردنەوە بۆ بە هەرێمكردنی پارێزگای ( سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین، ئیدارەی گەرمیان)   


 (درەو): حزبەكان بەنهێنی سەرقاڵی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقن لە هەرێمی كوردستان، پارتی لە هەولێر و دهۆك لەكۆی (25) كورسی چاوی لەبەدەستهێنانی (20) كورسیە، یەكێتیش لە سلێمانی دەیەوێت بە رێككەوتن لەگەڵ حزبەكان كورسیەكان یەكلابكاتەوە، ( 10 بۆ یەكێتی، 4 بۆ گۆڕان، 2 بۆ كۆمەڵ). بڕیار بوو 17ی ئەم مانگە دواین وادە بێت بۆ تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتیەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەڵام  كۆمسیۆن تۆماری دەنگدەران و تۆماری هاوپەیمانێتیەكانی بۆ 1ی ئایار درێژكردەوە. یەكێتی مامەڵە بە (18) كورسی پەرلەمانی عێراقەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانیەوە دەكات، دەیەوێت لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا كورسییەكان بەمشێوەیە دابەش بكات: ٭ (10) كورسی بۆ یەكێتی ٭ (4) كورسی بۆ گۆڕا ٭ (2) كورسی بۆ كۆمەڵی دادگەریی هاوپەیمانێتی لە سلێمانی چەند رۆژێكە كۆبونەوەی پشتی پەردەی حزبەكان بۆ هاوپەیمانێتیی بەڕێوەدەچێت، بەتایبەت لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەمە بۆ هاوپەیمانێتیكردنە لەسەر (18) كورسی پارێزگای سلێمانی. یەكێتی دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بچێتە ناو هەڵبژاردنەكەوە. یەكێتی نیازی وایە، ئەگەر هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەكان بكات، (10) كورسی پارێزگای سلێمانی بۆ خۆی مسۆگەر بكات و (8) كورسی بدات بە لایەنەكانی تر.  بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، یەكێتی بەڵێنی بە بزوتنەوەی گۆڕانداوە (4) كورسی لە كۆی (18) كورسیەكەی پارێزگای سلێمانی بۆ مسۆگەر بكات، هاوكات بەڵێنی بە كۆمەڵی ئیسلامی داوە (2) كورسی بۆ مسۆگەر بكات. لەم حاڵەتەدا تەنیا (2) كورسی دەمێنێتەوە، ئەگەر یەكێتی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رێكبكەوێت، (1) كورسی پێ دەدات و (1) كورسی دەمێنێتەوە بۆ حزبەكانی ترو ئەوانەی بەشێوەی كاندیدی سەربەخۆ دەچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە. جوڵانەوەی نەوەی نوێ نایەوێت بچێتە هاوپەیمانێتیەوە لەگەڵ یەكێتی، بەڵام بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو تەنانەت بزوتنەوەی گۆڕانش رەتناكاتەوە. نەوەی نوێ چاوی لە (3 بۆ 4) كورسی پارێزگای سلێمانیە، بەڵام ئەگەر رێككەوتن و ساختەكاری بكرێت، پێدەچێت (1 بۆ 2) كورسی بەدەستبهێنێت. هەرچی هاوپەیمانی هیوا و ناڕازیەكانە، ئەگەرچی بە بێ میدیایەكی بەهێزو پشتیوانی مادی و مەعنەوی بەدەستهێنانی كورسی قورس دەبێت بۆیان، بەڵام ئەگەر پەرلەمانتارانیان خۆیان كاندید بكەن پێدەچێت لە بازنەكانی گەرمیان و رانیە، ریسی رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان بكەنەوە بە خۆری.  هاوپەیمانێتی لە هەولێر سەبارەت بە پارتی دیموكراتی كوردستان، تائێستا لەگەڵ حزبەكان لەسەر كورسیەكانی پارێزگای هەولێر كە (14) كورسییە هەروەها كورسییەكانی پارێزگای دهۆك كە (11) كورسییە، هیچ رێككەوتنێكی نەكردووە. پارتی بە نیازە ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ حزبەكان نەكات، خۆی بەتەنیا لانی كەم ( 8 بۆ 10) كورسی هەولێرو (11) كورسیەكەی پارێزگای دهۆك ببات. پارتی ئەگەر رێككەوتن بكات، لە پارێزگای هەولێر كە گفتوگۆی ژێر بەژێری لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەیە لەسەر زامنكردنی (2) كورسی بۆی لەو پارێزگایە، ئەگەر رێككەوتنیش نەكات ئەوا لە سودی یەكێتی و نەوەی نوێ تەواو دەبێت.  یەكێتی لە پارێزگای هەولێر چاوی لە بەدەستهێنانی (4) كورسییە، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 79 هەزارو 745) دەنگی بەدەستهێنابوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش (50 هەزارو 537) دەنگی، بەدەستهێنابوو، كە بە هەردوكیان دەكاتە ( 130 هەزارو 282) دەنگ، ئەگەری بەدەستهێنانی (2 بۆ 3) كورسی هەیە، بەو پێیەی لە بازنەی كۆیە – دەشتی هەولێر لە هەڵبژاردنی رابردوو، یەكێتی ( 37 هەزارو 631) دەنگی هەبووە، پارتی ( 23 هەزارو 987) دەنگی هەبووە، بۆیە لە (4) كورسیەكەی ئەو بازنەیە یەكێتی چاوی لە (2) كورسیە. لە بازنەی (1)ی هەولێر كە چۆمان و رەواندوزو شەقڵاوە دەگرێتەوە، لە هەڵبژاردنی پێشوو لەو بازنەیە دەنگی یەكێتی ( 25 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوەو پارتی (34 هەزارو 753) دەنگی بەدەستهێناوە، بۆیە ئەگەری بەدەستهێنانی كورسییەك بۆ یەكێتی زەحمەت نیە. هەرچی نەوەی نوێیە كە چاوی لە (2) كورسی پارێزگای هەولێرە، لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 70 هەزارو 833) دەنگی بەدەستهێنابوو، ( 2) كورسی مسۆگەر كردبوو، بەڵام دەنگەكانی دابەشی چوار بازنە دەبن، زۆرترین دەنگی لە بازنەی (4) ی هەولێرە كە ( 19 هەزارو 949) دەنگ بووە، دوای ئەوەیش بازنەی (2)ی كۆیەو دەشتی هەولێرە  كە (15 هەزارو 24) دەنگی بەدەستهێنابوو،  خۆ ئەگەر پارتی بە رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی نیگەران بێت، ئەوا پێناچێت گۆڕان لە پارێزگای هەولێر هیچ كورسیەك مسۆگەر بكات، هەرچی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامیە، ئەستەمە بتوانن كورسی مسۆگەر بكەن جگە لەوەی تەركیزیان لەسەر یەك كاندیدو یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت.  لە پارێزگای دهۆكیش لە كۆی (11) كورسیەكە، كە پێشتر یەكگرتوو (1) كورسیەكی بەدەستهێنا، بۆ ئەم جارە ئەویش ئەگەرێكی لاوازە، چونكە لە هەڵبژاردنی پێشوو بەكۆی دەنگەكانی لەو پارێزگایە (43 هەزارو 525) دەنگ كورسیەكی مسۆگەر كرد، ئێستا ئەو دەنگانەی بۆ (3) بازنە دابەشبووە، بۆیە ئەگەری مسۆگەركردنەوەی كورسییەكەی دهۆك بۆ یەكگرتوو لاوازە. یەكێتی كە لە هەڵبژاردنی رابردوو (25 هەزار 515) دەنگی بەدەستهێنابوو، نەیتوانی كورسی مسۆگەر بكات، بەڵام هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری سێەم دەنگی پارێزگای دهۆكی بەدەستهێنا (25 هەزار و 664) بەدەستهێنابوو، لە ئێستادا بە كۆی دەنگەكانی یەكێتی و هاوپەیمانی ( 51 هەزارو 179) دەنگ دەكات، ئەم دەنگانە دابەشی سێ بازنە دەبێت، بۆیە یەكێتی چاوی لە بەدەستهێنانی كورسیەكە لەو پارێزگایە. نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە پارێزگای دهۆك (18 هەزارو 52 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگەكانی دابەشی سێ بازنە دەبێت، بۆیە بەدەستهێنانی كورسی ئەستەم دەبێت، ئەگەر بە هەمان رێژەی پێشووی دەنگ بەدەستبهێنێت.  چانسی سەربەخۆكان ئەگەرچی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بەمەبەستی رەخساندنی چانس بۆ كەسانی سەربەخۆ و كاندیدی دەرەوەی حزبەكان، پەسەندكرا، بەڵام پێناچێت ئەم چانسە فەراهەم بكات، بەتایبەتی كە دەزگاو ژوری هەڵبژاردنی حزبەكان بە وردی سەرقاڵی خوێندنەوەو دۆزینەوەی كەلێنەكانی ناو یاساكەن و دەیانەوێت دۆخەكە لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلا بكەنەوە.  


راپۆرتی: درەو تا دێت هاووڵاتیانی عێراقی متمانەیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن نامێنێت، لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 2005 ئاستی بەشداری (79%) بووە لە دواین خول لە 2018 دا تەنیا (44%) دەنگدەران بەشداریانكردووەو (56%) بەشداریان نەكردووە، ملیۆنان هاووڵاتی عێراقی دەرەوەی وڵاتیش لە مافی دەنگدان بێبەشدەكرێن و دەیان ملیۆنیش دەستبەرداری مافی دەنگدان بوونەو ئامادەییان تێدا نییە تەنانەت كارتی بایۆمەتریش نوێ بكەنەوە، وردەكاری لەم ڕاپۆرتەی (درەو)دا بخوێنەوە... سەرەتایەکی گشتی ئەگەرچی دەیان کەرەستەو ڕێگەی جیاوازی تەقلیدی و مۆدێرن هەیە بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەی سیاسیدا لە ڕێگەی (پارتی سیاسی و گروپی فشارو ڕاگەیاندن، ڕای گشتی، خۆپیشاندان، مانگرتن ...) بە بەکارهێنانی ئامرازی جۆراوجۆر، بەڵام بەشداری کردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا وەک مافێکی بنەڕەتی بایەخێکی تایبەتی هەیە بەراورد بە سەرجەم ڕێگاکانی دیکەی بەشداری سیاسی، پایەیەکی سەرەکی بنەڕەتی پرۆسەی دیموکراسی و دیموکراتیزە کردنە لە وڵاتدا. چونکە زامنی پاراستنی پرۆسەی دیموکراتی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و تاڕادەیەکی باش ڕێگری لە سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەت و گەندەڵی و زۆر پرسی ناتەندروستی دیکە دەکات و حکومەت و حکومڕانی دەخاتە سەر ڕێڕەوێکی تەندروست. هەڵبەت ئەگەر پرۆسەکان بە ڕێوشوێنی گونجاو و لە چوارچێوەی یاسادا بەڕێوەبچن. بەڵام ئەگەر لە ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان عێراق و هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بڕوانین دەبینین هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان ڕوی لە پاشەکشەیە، بۆ نمونە (بڕوانە چارتی ژمارە (١))؛ -    یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠٠٥ بەرزترین ڕێژەی بەشداری هاووڵاتیانی عێراقی تێدا تۆمار کراوە (%79.6) دەنگدەران بەشداری پرۆسەکەیان کردووە. -    لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٠ ڕێژەکە دابەزیوە بۆ (60%)ى بەشداری هاووڵاتیان. -    لە خولی سێیەم و ساڵی ٢٠١٤ ڕێژەی بەشداری بڕێک بەرزبووەتەوەو (%62.4) ڕێژەی بەشداربووان بووە.   -    لە خولی چوارەم و ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەکە بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزیوەو هاوڵاتیان بە ڕێژەی (%44.5) بەشداری دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە.   چارتی ژمارە (١) لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان لە دەنگدان دابەزیوە، بە هۆکاری؛  1.    بێ بەڵێنی پارت و بەربژێرەکان لەگەڵ بەرنامەو دروشمەکانی هەڵبژاردن. 2.    لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن. 3.    کارتۆنیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن، ڕونەدانی گۆڕانکاری جدی لە پرۆسەی سیاسی و بەردەوامی چەقبەستوویی ژیانی بەشێکی زۆری هاووڵاتیان. 4.    بەردەوامی ساختەکردنی دەنگی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا. لەپاڵ ئەو هۆکارانەدا دەیان پاڵنەری دیکە هەیە کە وایکردووە هاووڵاتیان متمانەیان بە هەڵبژاردن لاواز ببێت. بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامارەکانی بایۆمەتری سستی پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لەلایەن هاووڵاتیانی عێراقەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی خەڵک متمانەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن تا دێت لاوازتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەشداری لە پرۆسەکەدا ڕوو لە لاوازی بکات، سەرباری ئەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕۆژی ٢٢ی ٣ی ٢٠٢١ بڕیاری بێبەش کردنی هاوڵاتیانی عێراق لە دەرەوەی وڵاتى دەرکرد، کە مەزەندە دەکرێت زیاتر لە (٥) ملیۆن عێراقی بێبەش بن لە مافی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١.    ئامارەکانی بایۆمتری ڕۆژی ٨ی ٤ی ٢٠٢١ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق دواین ئامارەکانی تایبەت بە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانى بڵاوکردەوە، ئەوە لە کاتێکدا لە سەرەتای مانگی ١ی ئەمساڵەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە، بڕیار بوو لە ١ی ٤ی ٢٠٢١ کۆتایی بێت، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری (١٥) ڕۆژو تا ١٥ی ٤ی ٢٠٢١ درێژکرایەوە. لەو ماوەیەدا لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کە ژمارەیان (25139375) بیست و پێنج ملیۆن و سەدو سی و نۆ هەزار و سێ سەدو حەفتاو پێنج دەنگدەرە، تەنها (16025909) شانزە ملیۆن و بیست و پێنج هەزارو نۆ سەدو نۆ دەنگدەر تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە کە دەکاتە ڕێژەی (٦٤%) لەو ژمارەیەش (١٧٨٣١٧٤) یەک ملیۆن و حەوت سەد و هەشتاو سێ هەزار و سەدو حەفتاو چوار کەس بە ڕێژەی (12%)یان کارتەکانی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە. (٩١١٣٤٦٦) نۆ ملیۆن و سەدو سیانزە هەزار و چوارسەدو شەست و شەش دەنگدەر و بە ڕێژەی (٣٦%) بەدەم پرۆسەکەوە نەچوون. بڕوانە چارتی ژمارە (2). ئەوە لە کاتێکدایە چەندین ڕێ و شوێنی پێویست و هەمەلایەنە گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی عێراقی تۆمارەکانیان نوێ بکەنەوە، لەوانەش؛ 1.    پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری پێشینەی هەیەو لە ساڵی 2017ەوە دەستی پێکردووە، هەوڵ هەبوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2018 تۆمارەکە نوێبکرێتەوە. 2.    ناچارکردن بە نوێکردنەوە، یەکێکی ترە لە هەوڵانەی گیراوەتەبەر، لە زۆرێک لە فەرمانگەکانی دەوڵەت لەکاتی ڕاییکردنی کاروباری هاوڵاتیان تۆماری بایۆمەتری کرابوو بە مەرج وەک لە فەرمانگەکانی (ڕەگەزنامە، پاسپۆرت، هاتووچۆ، خانووبەرە...هتد) 3.    بەشێک لە (هێزە چەکدارەکان) ناچار بە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری کراون و داوای وێنەیەک لە کارتە نوێیەکەیان لێ کراوە. 4.    بەشێکی زۆری ئەوانەی تۆمارەکان نوێکردووەتەوە کادری حیزبە سیاسییەکان و بە فشاری حیزبەکانیان بایۆمەتریان ئەنجامداوە. چارتی ژمارە (2) ئاماری نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری تا ٨ی٤ی٢٠٢١   ڕێژەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق (بڕوانە چارتی ژمارە 3) یەکەم: پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 1.    پارێزگای هەولێر: (١٢٢٨٠٣٠) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٧٤١٥٣٤) و بەڕێژەی (٦٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٨٦٤٩٦) و بە ڕیژەی (٤٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 2.    پارێزگای سلێمانی: (١٣٦١٩٧١) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩١٣١٩٩)  کەس و بە ڕیژەی (٦٧%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٤٨٧٧٢) و بە ڕیژەی (٣٣%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 3.    پارێزگای دهۆک: (٨٢٧٦٥٨) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٥٨٣٢١٦)  کەس و بە ڕیژەی (٧٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٤٤٤٤٢) و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. دووەم: ناوچە جێناکۆکەکان 1.    پارێزگای کەرکوک: (١٠٧٥٥١٠) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٧٥٧٨٢٣) کەس و بە ڕیژەی (٧٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٣١٧٦٨٧) و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 2.    پارێزگای نەینەوە(موسڵ): لەدوای سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە دێت، (٢٥٢٠٩٩٤) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (١٢٠٨٦٢٢) کەس و بە ڕیژەی (٤٨%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (١٣١٢٣٢٢) و بە ڕیژەی (٥٢%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 3.    پارێزگای دیالە: بەرزترین ئاستی سەر پارێزگاکانی عێراقی تۆمار کردووە، (1111464) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩١١٦٤٢) کەس و بە ڕیژەی (٨٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (١٩٩٨٢٢) و بە ڕیژەی (١٨%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 4.    پارێزگای سەڵاحەدین: (٩٧٢٠٠٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٦٠١٨٠٦) کەس و بە ڕیژەی (٦٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٣٧٠٢٠١)  و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. سێیەم پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق 1.    بەغدای پایتەخت: ئەگەر چی وەک دوو پارێزگا بە ناوەکانی (کەرخ و رەسافە) مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام پێکەوە(٥٥٨٦٣٤٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٣٠٦٢٩٣٥)  کەس و بە ڕیژەی (٥٥%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٥٢٣٤١٢) و بە ڕیژەی (٤٥%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 2.    پارێزگای ئەنبار: (١١٢٥٦٨٧)  کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٦٦١٧١٧) کەس و بە ڕیژەی (٥٩%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٦٣٩٧٠) و بە ڕیژەی (٤١%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 3.    پارێزگای بابل: (١٣٤١٩٩٦)  کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩٢٢١٩٧) کەس و بە ڕیژەی (٦٩%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤١٩٧٩٩) و بە ڕیژەی (٣١%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 4.    پارێزگای کەربەلا: (٧٨٤٨٨٦) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٤٩٥٦٢٥) کەس و بە ڕیژەی (٦٣%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٨٩٢٦١) و ڕیژەی (٣٧%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 5.    پارێزگای واست: (٨٨٧١٩٤) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٤٩٥٦٢٥) کەس و بە ڕیژەی (٧٧%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٠٤١٣٥) و بە ڕیژەی (٢٣%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 6.    پارێزگای بەسرە: (١٨٦٨٩٢٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (١٣٤٦٠٥٥) کەس و بە ڕیژەی (٧٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٥٢٢٨٧٢) و بە ڕیژەی (٢٨%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 7.    پارێزگای ميسان: (751427) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (518913) کەس و بە ڕیژەی (69%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (232514) و بە ڕیژەی (31%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 8.    پارێزگای زیقار: (١٣٤٢٢٨٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩٣٥٦٩٥) کەس و بە ڕیژەی (٧٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٠٦٥٩٢) و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 9.    پارێزگای نەجەف:  (966239) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (657570) کەس و بە ڕیژەی (68%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (308669) و بە ڕیژەی (32%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 10.    پارێزگای موسەنا: (536610) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (414415) کەس و بە ڕیژەی (٧7%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (122195) و بە ڕیژەی (23%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 11.    پارێزگای قادسیە: (٨٥٠١٩١) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٦٠٩٨٨٦٦) کەس و بە ڕیژەی (٧٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٤٠٣٠٥) و بە ڕیژەی (٢٨%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. چارتی ژمارە (3) نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لەسەر ئاستی پارێزگاکان تا 8ی 4ی 2021  سەرچاوەکان؛ المفو‌ضیة العلیا المستقلة للانتخابات، نـص قرار مجلس المفوضيـن رقم (1) للمحضر الاستثنائي المرقم (17) المـؤرخ فـــي 22/3/2021؛ https://ihec.iq/elementor-7691/ المفو‌ضیة العلیا المستقلة للانتخابات، الموقف العملياتي الاسبوعي لنسبة التسجيل البايومتري + توزيع البطاقة العام، 8/٤/2021؛ https://ihec.iq/%d8%a7%d9%84%d9%85%d9%88%d9%82%d9%81-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d9%85%d9%84%d9%8a%d8%a7%d8%aa%d9%8a-%d8%a7%d9%84%d8%a7%d8%b3%d8%a8%d9%88%d8%b9%d9%8a-%d9%84%d9%86%d8%b3%d8%a8%d8%a9-%d8%a7%d9%84%d8%aa%d8%b3/ العراق يسجل أعلى نسبة عزوف في أول انتخابات تشريعية بعد دحر الجهاديين؛ https://www.dw.com/ar/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D9%8A%D8%B3%D8%AC%D9%84-%D8%A3%D8%B9%D9%84%D9%89-%D9%86%D8%B3%D8%A8%D8%A9-%D8%B9%D8%B2%D9%88%D9%81-%D9%81%D9%8A-%D8%A3%D9%88%D9%84-%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%AA%D8%B4%D8%B1%D9%8A%D8%B9%D9%8A%D8%A9-%D8%A8%D8%B9%D8%AF-%D8%AF%D8%AD%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AC%D9%87%D8%A7%D8%AF%D9%8A%D9%8A%D9%86/a-43759741    


درەو: جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی (ریسپۆنسبڵ ستەیت كرافت)ی ئەمریكی رایگەیاندووە: لە رێگەی نێوەندگیرییەكانەوە نامەمان بۆ هەموو سەرۆكەكانی ئەمریكا نادرووە، لەسەر ئاستی خۆجێیش هێزەكانمان چەندین جار لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كۆبونەتەوە. پوختەی قسەكانی جەمیل بایك بۆ سایتی (Responsible Statecraft) ئەمریكی:  •    لەگەڵ ئەمریكییەكان پەیوەندیمان هەیە‌و ئامادەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا چاكبكەینەوە.  •    ئێمە پێشتر لەرێگەی رۆژاڤا‌و شەنگالەوە پەیاممان بۆ ئەمریكییەكان ناردووە‌و لەرێگەی كەسانی نێوەندگیرەوە نامەمان بۆ هەموو سەرۆكەكانی ئەمریكا ناردووە. •    لەسەر ئاستی خۆجێی هێزەكانمان چەندینجار لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كۆبونەتەوە.  •    رەنگە ئەمریكییەكان ویستبێتیان تێڕوانینی ئێمە بزانن. •    پەكەكە هیچ جۆرە پەیوەندییەكی رێكخراوەیی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتدا نییە، بەڵام هەزاران كەس لە لایەنگرانمان كە خەڵكی سوریا بوون، گەڕاوەنەتەوە بۆ بەرگریكردن لە خاكی خۆیان. •    هێزەكانمان هیچ جۆرە كارێكی سەربازی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆیان دژی ئەمریكا ئەنجام نەداوە. •    ئەگەر ئەمریكا سیاسەتەكانی بە ئاڕاستەی چارەسەری دۆزی كورد‌و پرسی بە دیموكراتیزەكردن بێت، ئێمە هەرگیز دژی نابین. •    سەرۆك بایدن دەزانێت ئێمە چوینەتە ناو گەورەترین جەنگەوە دژی داعش. •    ئێمە ئێستا لەجێی "دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریا" بانگەشە بۆ "سۆسیال دیموكراتی" دەكەین. •    لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە جوڵانەوەكەمان گۆڕانكاری گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام ئەمریكا تاڕادەیەكی زۆر هەر پاڵپشتی لە سیاسەتەكانی سەردەمی جەنگی سارد كردووە.  •    پەكەكە خوازیاری چارەسەرێكی دیموكراتیانەیە بۆ توركیا، بەڵام توركیا تەنیا دەیەوێت كورد پاكتاو بكات. •    توركیا سود لە چەكەكانی ناتۆ وەردەگرێت، ئەمریكا‌و هەندێكی وڵاتی تریش پشتیوانی لێ دەكەن، سەرباری ئەمەش ئێمە چەندینجار دەوڵەتی توركیامان تا كەناری داڕمان بردووە. •    دیموكراتیزەكردنی عێراق وادەكات دەستوەردانی وڵاتانی تر لە عێراق سەخت بێت، بەڵام مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق توانای ئەوەی نییە بەڕووی ئێران‌و توركیادا راوەستێت. •    دیموكراتیزەكردن باشترین چارەسەرە بۆ كێشەكانی ئێران، رایگشتی چ لە ناوخۆ‌و چ لە دەرەوە نابێت تەنیا چاویان لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بێت، ئێران پێویستی بە پرۆسەی دیموكراتیزەكردن هەیە.


خالد ڕەزا لەگەڵ بەڵگەنامەکاندا ئەتان بەمەوە بۆ مانگێک بەر لەدەستپێکردنی ڕاپەڕین! لێرەشەوە ئەگەڕێینەوە بۆ مێژویەکی دورتر بەڵام پڕ لە تراژیدیا ئەویش کاتی ئازادکردنی هەڵەبجە و، کاتی خنکاندنی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکانە بە گازی کیمیایی لەلایەن سەدام حسین ی جەللاد و حیزبی بەعسی فاشی یەوە! مادام قسە لە گێرانەوەی روداوە مێژوییەکان ئەکەین، ئەبێ بە ئامەنەتەوە بیانگێڕینەوە و بیان نوسینەوە، تۆمارکردنی ڕوداوە مێژوییەکانیش بۆ ئەوەیە تا دەرس و پەندی لێ وەربگرین. مادام لێرەدا باسەکەمان لەسەر هەڵەبجەیە بەپێویستی ئەزانم وەکو پێشمەرگەیەک کە لەناو ڕوداوەکان دا ژیاوم بەپێی ئاگاداری خۆم و نزیکیم لە سەرکردە و بەرنامەکانەوە بەو پەڕی ڕاستگۆیی و بە بەڵگەوە یاداشتیان بکەم. تا ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لەلایەن کەسانی ئەکادیمی و بێلایەنەوە لێکۆڵینەوە لەم روداوانە کرا، بەو هیوایەی ئەم چەند دێڕەی منیش جیگەیەک لەو شوێنەدا بگرێ! بە ماوەیەک بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەنفال سەرکردایەتی یەکێتیی بیری لە ئازادکردنی چەند ناوچەیەک کردبوەوە، بۆ ئەو مەبەستەش کاری کۆکردنەوەی زانیاری و لۆجستیک و پەیوەندیکردنی بە هەندێک لە سەرۆک جاشەکانەوە تەواو کردبو، ئەو شوێنانەش بریتی بون لە: هەڵەبجە، دوکان، رانیە و قەلادزە. لە ڕێکخراوی سلێمانی یەوە نەخشەی بەنداوی دوکان و بەشەکانی و چواردەوری بەجوانی رەسمکرابو بۆ ناوەندی کۆمەڵەیان ناردبو، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرۆک جاشەکانی ناوچەی پشدەر پەیوەندیکرابو، بۆ گرتنی فرقەی ٢٤ (قوات المعتصم)لە ناوچەی ڕانیە... هەتا ئەهات مەترسی هێرشی گەورەی بەعس بۆسەر ناوچەکانی سەرکردایەتی لە دۆڵی جافەیەتی زیاتر ئەبو، بەتایبەت کە کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندی ئەو رێکەوتنە سیاسیە نەبو کە لەگەڵ یەکێتیی لەساڵی ٨٦ دا کردبوی. ترسی گرتنی بارەگاکانی سەرکردایەتی تا ئەهات زیاترئەبو بەتایبەت کە رژێم بەرەیەکی دورو درێژی ٧٠ کیلۆمەتری لە یەکێتیی نیشتمانیی کردبوەوە و هەموو جۆرە چەکێکی دژی پێشمەرگە بەکاردەهێنا بە گازی کیمییایشەوە. بۆیە یەکێتیی ئەبو بەشێک لە نەخشە کۆنەکەی خۆی جێبەجێ بکات، کە یەکێ لەوانە ئازادکردنی هەڵەبجە بو، لەو سەروبەندەدا کاک نەوشیروان و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیی لە دۆڵی جافەتی بون، کاک دکتۆر فوئاد مەعسوم و کاک فەرەیدون عەبدولقادر کە هەردوکیان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بون لە ئێران بون، ئەرکی پرۆسەی ئازادکردنی هەڵەبجە وەک یەکێتیی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی تر بەوان سپیردرابو، دەستبردن بۆ هەڵەبجە بۆ ئەوە بو تا ئەگەر لە دۆڵی جافەتی پاشەکشە کرا، جێگەیەکی تر هەبێ بارەگاکانی لێ دابنرێ. لەچاوەڕوانی سەرکردایەتی یەکێتییش دا نەبو، هەڵەبجە بەو خێراییە ئازاد بکرێ و، وا مەزەندە کرابو، کە بەشێکی زۆر لە هێزەکانی رژیم بە هەڵەبجەوە مەشغول ئەبن و فشار لەسەر ناوچەکانی سەرکردایەتی کەم دەبێتەوە. بەلام وا دەرنەچو، ڕژیم تەرکیزی زیاتر لەسەر سەرکردایەتی بو، کە بەسەری مارەکە ناوی ئەبرد. توانی لە پرۆسەی ئەنفالی یەکدا تەواوی ناوچەکە داگیربکات. کاک نەوشیروان مستەفا لە کتێبی خولانەوە لە ناو بازنەدا باسی ئەوە دەکات کە دکتۆر فوئاد و کاک فەرەیدون عەبدولقادر سەبارەت بە ئازاد کردنی هەڵەبجە لەگەڵ لایەنەکان قسەیان کردوە و هێزەکانیان بەم جۆرە دابەشکردوە: "هێزەکانی یەکێتیی بەرپرسی گرتنی تۆپخانەی دەڵەمەڕ و ناوهەڵەبجە بێ و، هێزەکانی فەیلەقی بەدر بەرپرسی گرتنی شاخی شنروێ و بالانبۆ، هێزەکانی حسک بەرپرسی پردی زەڵم و، هێزەکانی پارتی بەرپرسی گرتنی خورماڵ بێ و، هێزەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی بەرپرسی کاروباری لۆجستی بن". # پێش نیوەڕۆی رۆژی ١٥ مارتی ساڵی ١٩٨٨ کاک شەوکەتی حاجی مشیر کە فەرماندەی مەیدانی هێزەکانی یەکێتیی بو بە بروسکە کاک نەوشیروانی لە ئازاد کردنی هەڵەبجە ئاگادار کردەوە. کاک نەوشیروان یەکسەر وەڵامی دایەوە. ئەمەی خوارەوە ناوەڕۆکی ئەو بروسکەیەیە کە کاک نەوشیروان ناردی بۆ کاک شەوکەتی حاجی مشیر: له‌/ نه‌وشیروانه‌وه‌ بۆ / کاک شه‌وکه‌ت سڵاوێکی گه‌رم سەرەتا پێرۆزبایی ئازاد کردنی هەڵەبجەتان لێ ئەکەم. تکایه‌ پێڕەوی ئەم خاڵانە بکەن: ١ - ده‌بیت خۆتان بۆ هه‌موو جۆره‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی رژیم ئاماده‌بکه‌ن. ئه‌وچە‌کانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا دابه‌شی بکه‌ن، بۆ به‌رگریکردن له‌ ناوچه‌که‌ی خۆیان. ٢ - بانگه‌واز بکه‌ن بۆ خه‌ڵک و رێگریان لی مه‌که‌ن با بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار تا وه‌زعه‌که‌ هێمن وئاسایی ده‌بیته‌وه.‌ ٣ - کتیبخانه‌ی گشتی شاره‌که‌ بپارێزن. ٤ - بانک ی شاره‌که‌ بپارێزن. هه‌ر سامانیکی هاوڵاتیان که‌ له‌بانک دایه‌، به‌پێی به‌ڵگه‌و پسوڵە‌ بیده‌نه‌وه‌ به‌ خاوه‌نه‌کانیان. ئه‌وی تری وه‌ک ماڵی شۆڕش پارێزگاری لی بکه‌ن. ٥- ده‌ستبگرن به‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌کانی ئه‌من، مخابرات ، ئیستیخبارات ومونەزەمە دا و، بیپارێزن. ٦ - سه‌روماڵی هاوڵاتیان بپاریزن. ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ناوه‌رۆکی ئه‌و بروسکه‌یه‌بوو ، که‌ کاک نه‌وشیروان بۆ فه‌رماندی هێزه‌کانی یه‌کیتی نیشتمانی کوردستانی نارد که‌ کاک شه‌وکه‌تی حاجی موشیر بو. عەدەد جیهازەکان بەتایبەت ئەوانەی لەو کاتەدا لەگەڵ کاک نەوشیروان و کاک شەوکەت دا بون خۆشبەختانە لە ژیاندا ماون لەوانە: کاک بەختیار مستەفا، مامۆستا عوسمان عومەر، کاک سەرکەوت محەمەد فەتاح و بەندە (خالید رەزا)، لەگەل کاک محەمەد رۆستەم (حەمە سیاسی) عەدەد جیهازی کاک شەوکەت. دەقی بروسکەکە لە دەفتەری بروسکەکانی ئەو ساڵەدایە کە بەداخەوە ئێستە لەبەردەستم دا نیە بەڵام پارێزراوە.  ناوەڕۆکی ئەو بروسکەکەی سەرەوەم لەساڵی ١٩٩٢ بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی هەڵەبجەوە لە گۆڤاریک کە بۆ ئەو بۆنەیە تەرخان کرابو، لیژنەی سەرپەرشتی یادکە بەڕێزان مامۆستا رەئوف عوسمان و دکتۆرە پەروین و.. بڵاوکردوەتەوە. بەداخەوە ئازادکردنی هەڵەبجە بو بە کارەساتێکی نەتەوەیی گەورە و دڕندەیی بەعسی فاشی زیاتر دەرخست. # لە دوای کشانەوە لە ئەنفالی یەک، لە نیوەی دوەمی مانگی نیسان دا، کاک نەوشیروان سەردانێکی ناوچەی هەڵەبجەی کرد و خێمەیەکمان لە نزیک گوندی جەڵیڵە هەڵدا، ماوەیەک لەوێ مایەوە و کارەسات و وێرانیەکەی بەچاوی خۆی بینی. لەگەڵ بەشێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆبونەوەیکرد و، لەسەر ئەو دەنگوباسانەی کە پێێ گەیشتبو سەرزەنشت ولێپرسینەوەی لەهەندێک بەرپرس کرد. لەو ماوەیەی لەوێ ماینەوە چەند جارێک لەگەڵ مامۆستا شاهۆ سەردانی ناو هەڵەبجەم کرد، بەچاوی خۆم زۆرکارەسات و تەرمی هاوڵاتیان و تەنانەت هەندێک ماڵ سفرەی نانخواردن یان وەکوخۆی جێ هێشتبوو بەچاوی خۆم بینی، کە بەردیان ئەکرد بە ئاو. لەو کاتەدا هەڵەبجە بەتەنها جێهێڵرابو، ویژدانی مرۆڤایەتی لەناو سەهۆڵبەندا بوو! # لەدوای کارەساتی هەڵەبجە ساڵانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان یادی ئەکرایەوە، تیپی مۆسیقای شەهید کارزان لەشارەکانی کوردستان چالاکیان ئەکرد، تیپی بالە و تۆپی پێی پیشمەرگەکان بەو بۆنەیەوە خولی یاریکردنیان لەگەل تیپی شارەکان ئەکرد، چالاکی جۆراو جۆری تر. # لەساڵی ١٩٩١دا وەک ساڵەکانی تر ئێران لە نوێنەرەکانی یەکێتی ییان پرسیوە کە ئاخۆ هیچ بۆنەیەک بۆ یادی هەڵەبجە ساز ئەکەن؟ لێرەدا بڵاوکردنەوەی ئەم دوو بروسکەیە بە پێویست ئەزانم: یەکەم: کاک بەکر فەتاح کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی بو لە تاران لە ڕۆژی ٤-٢-١٩٩١ واتە نزیکەی مانگێک بەر لە ڕاپەڕین ئەم بروسکەیە ئەنێرێ بۆ کۆمیتەی کارگێڕی سەرکردایەتی : لە/ کاک بکر فتاح بۆ/ ک.ک.س ٤/٢ سڵاوێکی گەرم خزمان هیچیان بەدەستەوە نیە بۆ ساڵڕۆژی هەڵەبجە، ئەمان ئەپرسن کە ئێمە چ بەرنامەیەکمان هەیە، ئەویش بەستراوەتەوە بە ضروف. کاک نەوشیروان لە ژیر بروسکەکەدا بەم جۆرە وەڵامی کاک بەکر ی داوەتەوە: پێ یان بڵێ: ئێمە بەتەمای هیچ نین، بە ئومێدی خوا ئەمساڵ یادی هەڵەبجە لە وڵاتی خۆمان ئەکەینەوە. بروسکەی ژمارە (١)   # هەروەها بۆ هەمان مەبەست کاک دانای ئەحمەد مەجید کە لەوکاتەدا نوێنەری یەکێتییی بو لە باختەران (کرماشان)، لە بەرواری ١٥-٣ دا ئەم بروسکەیە بۆ کاک نەوشیروان ئەنێرێ لەم کاتەدا کاک نەوشیروان لە مەسیف سەلاحەدین ئەبێ. لە/ کاک دانا بۆ/ کاک نەوشیروان ١٥-٣ سڵاو خزمان/ بە بۆنەی یادی هەڵەبجەوە داوایان لێ کردوین شتێک بکەین ئایە ئەمرتان بە چی یە. لەژێر بروسکەکەدا کاک نەوشیروان بە دەستوخەتی خۆی وەڵامی داوەتەوە و نوسیوێتی: ئێوە لە هیچ یادێکی هەڵەبجەدا بەشداری مەکەن، یادی هەڵەبجە بە ئازاد کردنی کەرکوک ئەکەینەوە. بروسکەی ژمارە (٢)   بەرنامەی ئازاد کردنی کەرکوک وابو کە شەوی ١٥/١٦/٣ کە بۆ بەیانیەکەی یادی هەڵەبجە یە، جێ بەجێ بکرێ، لەوەلامەکەی کاک نەوشیروان دا بۆ کاک دانا هەروای نوسیوە. لە بروسکەیەکی تریش دا کە وەلامی بروسکەیەکی تری مام جەلالە، دیسان باسی زەماوەندی کەرکوک دەکات. بەڵام بەداخەوە بەهۆی دواکەوتنی یەکێ لە میحوەرەکان لە کاتی دیاریکراو ئەوشەوە کارەکە جێ بەجێ نەکرا و پێنج رۆژ پرۆسەی ئازادکردنی کەرکوک دواکەوت، کە لەو کاتەدا سپای بەعس لە داتەپین و هەڵهاتن دا بو. ئەم دواکەوتنە هەلێکی زێرین بوو بۆ سپای ئیحتلالی بەعس تا خۆی ڕێکبخاتەوە و کەرکوک بەهێزتر بکات و هێزی ناوچەکانی تری بۆ بنێرێ بەتایبەت مەعەسکەر خالید بکاتە خاڵی بەرگری و دژە هێرش بۆسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان. لەم بروسکەیەی خوارەوەدا کە بەدەستوخەتی کاک نەوشیروان بۆ مام جەلال نوسراوە جەخت لە ئازاد کردنی کەرکوک ئەکاتەوە لە ١٦ ی مانگی سێ دا: بروسکەی ژمارە (٣) بۆ مام جەلال ١٥-٣ ١ – زۆرم پێ خۆش و باشە هەرچی زوتر بگەڕێنەوە. ٢ – ئەمشەو زەماوەندی ئازادی کەرکوک دەس پێ ئەکا وهیوادارم زۆر نەخایەنێ تەوابێ و بیکەین بە عاصمەی اقلیمی کوردستان. ٣ – وەزعی ژیانی خەڵک زۆرخراپە بۆ خواردن و سوتەمەنی و پارە. ٤ – لەمەولا ئەبێ بیر لە میزانیەی ادارەی کوردستان و فەوجەکانی دفاعی وطنی بکەینەوە، کە میزانیەیەکی زۆر گەورەی ئەوێ. ٥ – پاش گەڕانەوەت پێوسیت ئەکا مجلسی تنفیزی موقت دابنرێ بۆ ادارەی کوردستان تا کاتی هەڵبژاردنی گشتی بۆ پارلەمانی اقلیمی کوردستان. ٦- مقڕی خۆمان و جبهەی کوردستانی لە مصیف صلاحالدین و سەری ڕەش دا ئەنێێن. ئێستە خۆم لە مصیفم و جێگەی هەموان ئەبێتەوە. # کاک نەوشیروان بە ڵێنەکەی خۆی جێ بەجێکرد و لەناوجەرگەی کەرکوکەوە رۆژی ٢٠ مانگی ٣ مژدەی ئازادکردنی کەرکوکی ڕاگەیاند، ئەمە دەقی پیرۆزباییەکەیەتی: بروسکەی ژمارە (٤) لە کاک نەوشیروانەوە ٢٠/٣/١٩٩٠ بۆ جەماوەری گەلی کوردی قارەمان بەبۆنەی ڕزگارکردنی شاری داگیرکراوی کەرکوکەوە لەدەسەڵاتی پیسی بەعس، پیرۆزبایی لەگەلی کورد و هەمو نەتەوەی کورد ئەکەم کە ڕۆژێک بەر لە هێزی پێشمەرگەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانو چەکدارە شۆڕشگێڕەکان و جەماوەری ڕاپەڕیوی کورد، پشت ئەستور بە یارمەتی خوای گەورە و لێبڕاوی ڕۆلەکانی میلەتەکەمان توانی شاری پیرۆزی کرکوک لە دەسەڵاتی پیسی بەعس ڕزگار بکەن. بەم بۆنەیەوە کە ڕۆژێکی مێژویی و تاجی سەرکەوتنی کردە سەری ڕاپەڕینی گەلی کورد لە عیراق دا داوا لە میلەتەکەمان ئەکەین کە بەیەک گرتن و یەکێتی ڕیزەکانی و بە ووریایی و هۆشیاری پاریزگاری ئەم سەرکەوتنە بکەن. کەرکوک بۆ یەکەمین جار لە مێژوی باشوری کوردستان دا بە شەڕئازاد کرا. بە کۆڕەوی ملێۆنی کۆتایی هات. سەرکەوتن و کارەساتە نەتەوەییەکان ئەڵقەی پێکەوە گرێ دراوی یەکترن و هەریەکەیان کار لەوێ تریان دەکات و یەکتر تەواو دەکەن. ئەگەر کورد خاوەنی تێزی دەوڵەت داری بوایە، ئەیتوانی کارەساتە نەتەوەییەکان بگۆڕێ بۆ قەڵغانی مانەوە و دروستکردنی دەوڵەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەرچۆن جولەکە هۆلۆکۆست (جینۆسایدکردنی جولەکە لەلایەن نازیەکانەوە)ی کرد بە هەوێنێ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و ئێستەشی لەگەڵ دا بێ بەدوای تاوانبارانی هۆلۆکۆست دا ئەگەڕێن. هەردوو زلحیزبەکەی کوردستانیش تاوانبارانی ئەنفال داڵدە ئەدەن و ئەیان پارێزن و ساڵانە لە یادی ئەنفالەکاندا لەجیاتی سزادانی تاوانبارانی ئەنفال، بەڵێنی درۆزنانە بە کەسوکاری ئەنفالکراوان ئەدەن، بەشێکی زۆر لە تاوانبارانی ئەنفال کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی بەغداوە داواکراون، لەلای پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە، داڵدە دراون.   سەرچاوەکان: + کتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا نوسینی کاک نەوشیروان مستەفا. + کتێبی تۆڕی پەیوەندیەکانی پیشمەرگە لەشاخ. کە بەشێک لە بروسکەکانی تیا کۆکراوەتەوە. ئامادەکردنی کاک بەختیار مستەفا ئەمین و کاک خالید حسین. تێبێنی: + خزمان: مەبەست لە ئێرانیەکانە. + تۆمارکردنی بروسکەی ژمارە (١) لەدەفتەری بروسکەکاندا. خەتی کاک نەوزاد حسین عەدەد جیهازە. هی بروسکەی ژمارە (٢) دەستوخەتی کاک سەرکەوتی جیهازە. هی بروسکەی ژمارە (٤) خەتی مامۆستا عوسمان عومەر ە. + وەڵامەکان کە لە ژێر بروسکەکانی ژمارە (١) و (٢) دا نوسراون، لەگەڵ بروسکەی ژمارەی (٣) دەستوخەتی کاک نەوشیروان مستەفایە. + شوێنی وەڵام دانەوەی بروسکەکان: وەڵامی بروسکەی یەکەم قاسمەڕەش ە. هێ دوەم و سێیەم لە مەسیف سەڵاحەدین بوە. مژدەی ئازاد کردنی شاری کەرکوک یش لەناو جەرگەی شارەکەوە کاک نەوشیروان بەجیهازە ڕاکاڵەکەی ناردوێتی بۆ ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان. + مامجەلال لە قامیشلۆ ی ڕۆژئاوای کوردستان بوە.


 راپۆرت: درەو  نامەو نامەكاری بەردەوامە، ئێوارەی ئەمڕۆ وادەی مۆڵەتێكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بۆ رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە كۆتایی دێت، كە تێیدا داوای كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت‌و هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكات، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لەبەردەم چوار بژاردەدایە، هیچ یەكێك لە بژاردەكان توانانی زامنكردنی كورسییەكانی ئێستا بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی عێراق ناكات، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  مۆڵەتێكی نوێ !  فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق نامەیەكی نوێی ئاڕاستەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە‌و ماوەی دوو رۆژ مۆڵەتی پێداوە وەڵام بداتەوە.  بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەم نامە نوێیەدا كە دوو شەممەی ئەم هەفتەیە ئاڕاستە كراوە، ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان (5) كەسە، بەچەند مەرجێك ئامادەی خۆیان نیشانداوە دەست لە ئەندامێتی پەرلەمان بكێشنەوە‌و بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق خۆیان كاندید نەكەنەوە‌و دەست بە كاركردن بكەنەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا‌و لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ بزوتنەوەكەیان هەڵبدەنەوە، بەڵام ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، وەكو خۆیان دەڵێن:" جێگەی ئەوان ناو خەڵك‌و بەرەی خەڵك دەبێت"، واتە بزوتنەوەی گۆڕان بەجێدەهێڵن، ئەگەر ئەمە روبدات، گۆڕان لەسەروبەندی هەڵبژاردندا دوچارێكی لێكترازانیكی نوێ دەبێتەوە. مەرجەكانی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ رێكخەری گشتی ئەمانەن:  •    بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكشێتەوە. •    بزوتنەوەی گۆڕان بگەڕێتەوە بۆناو هاوپەیمانێتی پێشتری خۆی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی)‌و هاوپەیمانێتییەكی گەورەتر لە دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دروست بكات. ئێوارەی ئەمڕۆ وادەكەی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی دێت، فراكسیۆن دەیەوێت پێشوەختە بابەتی هاوپەیمانێتی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق یەكلابكاتەوە، چونكە ئێوارەی رۆژی 17ی ئەم مانگە، واتە رۆژی شەممەی داهاتوو، وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆتایی دێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەگەر ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەیان نەگەنە رێككەوتن، بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەشێوەی سەربەخۆ یاخود لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا لەگەڵ لایەنەكانی تر لە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، جارێكی تر خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق كاندید دەكەنەوە.  تەقینەوەی ناكۆكییەكان رۆژی 7ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا بەفەرمی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵپەسارد، ئەمە دوای ناكۆكییەك هات كە لە كۆبونەوەیەكی جڤاتی نیشتمانیدا لەنێوان (غالب محەمەد بە نوێنەرایەتی فراكسیۆن)‌و بەرپرسانی باڵای گۆڕاندا رویدا. ئەوكاتیش ئەندامانی فراكسیۆنەكە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بوو دەست لە كاری پەرلەمانتاری بكێشنەوە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، بەوپێیەی بەوتەی ئەمان، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی شكستی هێناوە‌و ئەجێنداكانی دژی خەڵك‌و فەرمانبەران‌و ئازادیخوازانە‌و ئەمەش پێچەوانەی بنەماكانی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانە.  بەڵام نەیارانی فراكسیۆنەكە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان قسەی تر دەكەن‌و دەڵێن" ئەندامانی فراكسیۆنەكە لەسەرەتاوە دژی رێككەوتنی گۆڕان‌و پارتی‌و بەشداری  گۆڕان لە حكومەت نەبوون‌و پابەند بوون بە رێككەوتنەكەوە، تا ئەو رادەیەی ئامادەییان نیشانداوە لە بەغداد دەنگ بە فوئاد حسێن كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە بەغداد هیچ پۆستێكی حكومی بەر بزوتنەوەی گۆڕان نەكەوتووە، كەوتونەتە دژایەتی رێككەوتنەكە".   لەبەرامبەردا ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان، فشارەكانی رێكخەری گشتی بۆسەریان، وەكو جێبەجێكردنی داواكاری پارتی لە بزوتنەوەی گۆڕان ناودەبەن. ناكۆكییەكان لە دوو نامەدا سەرەتای ئەم ناكۆكییە (نوێ)یەی نێوان رێكخەری گشتی‌و فراكسیۆنی گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ نامەیەكی رێكخەری گشتی كە رۆژی (4)ی ئەم مانگە بەناوی بزوتنەوەكەوە بۆ فراكسیۆنی ناردبوو، تێیدا ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی پێدابوون وەڵام بدەنەوە. لەم نامەیەدا رێكخەری گشتی چەند داواكارییەكی خستبووە بەردەم فراكسیۆنەكە كە ئەمانە بوون: •    بە راگەیەندراوێكی فەرمی، بڕیاری هەڵپەساردنی كاركردنیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبوەشێننەوە. •    فراكسیۆنەكە لە هاوپەیمانی (هیوای كوردستانی) بهێننە دەرەوە، چونكە ئەمە دژی پرەنسیپی رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕانە‌و لە پشتی بزوتنەوەكەوە چونەتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییەوە. •    بەزوترین كات لەڕێگەی ژوری پەرلەمانەوە پەیوەندی بە بزوتنەوەكەوە بكەنەوە. •    ئەركە داراییەكان بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان جێبەجێ بكەن (مەبەست لەو بڕە پارەیەیە كە دەبێت پەرلەمانتارەكان مانگانە لە موچەی خۆیان بیدەن بە بزوتنەوەكە). •    لیستی ناوی پاسەوانەكان بنێرن بۆ ژوری كارگێڕی‌و دارایی. •    چیتان كردووە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە پەرلەمانی عێراق بەبەڵگە بیخەنەڕوو. •    هەوڵدان بۆ دەركردنی یاسای نەوت‌و غاز. •    هەوڵدان بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵ. •    لە عێراق گەندەڵی، نەبوونی ئازادی، گرتن‌و كوشتن‌و تیرۆر، خۆپیشاندان هەیە، چیتان كردووە‌و چیتان وتووە ؟ •    دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بەرهەمی فشاری خۆپیشاندەران بوو، (700) كەس شەهیدبوون‌و (20 هەزار) كەس برینداربوون، ئەمە گۆڕانكاری بوو، كەچی ئێوە دەنگتان بۆ بە كابینەی مستەفا كازمی نەدا. •    چەند گەندەڵی لە هەرێم هەیە، دوو ئەوەندە گەندەڵی لە حكومەتی عێراقدا هەیە، كوا دەنگتان لەسەر ئەم مەسەلانە. •    ئایا ئێستا ناكۆكی سەرەكی ئێوە لە هەرێمی كوردستان‌و عێراقدا بووە بە بزوتنەوەی گۆڕان‌و خانەی راپەڕاندن‌و جڤاتەكانی ؟ سێ رۆژ دوای ئەم نامەیە، بەدیاریكراوی لە رۆژی (7)ی ئەم مانگەدا، فراكسیۆنەكە بە نامەیەك‌و لە (13) خاڵدا وەڵامی نوسراوەكەی رێكخەری گشتی دایەوە، دیارترین خاڵەكانی وەڵامەكە ئەمانە بوون:  •    رێكخەری گشتی بەبێ پرسی جڤاتی نیشتمانی‌و جڤاتی گشتی ئەم نامەیەی بۆ فراكسیۆن ناردووە.  •    رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی بەلاڕێدا بردووە‌و هەرزانفرۆشی كردووە. •    بزوتنەوەی گۆڕان مانگانە (25 هەزار) دۆلار لە پارتی وەردەگرێت.   •    بزوتنەوەی گۆڕان نەیاری پارتی‌و یەكێتی نییە‌و لە دەسەڵات‌و قاچاخچێتیدا شەریكی ئەو دوو حزبەیە. •    مانگانە تاوەكو ئێستا پابەندین بە پێدانی بەشێك لە موچەكانمان بە بزوتنەوەی گۆڕان.  •    بە فشاری پارتی ناتانەوێت هیچ پرۆژەیەكی چاككردنی گۆڕان سەربگرێ.  •    هەڕەشەكانی پارتیمان لەرێگەی ئێوەوە پێدەگات، تێگەیشتمان هەیە بۆ فشارەكانی پارتی لەسەرتان. •    حزبەكە بۆ ئێوە‌و فیكری گۆڕانخوازی‌و بەرنامە سیاسییەكەی بۆ ئێمە.  گۆڕان لەگەڵ كێ هاوپەیمانێتی دەكات ؟ رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو واتەی دوای شەش مانگی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەدەچێت، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم هەریەكەیان بەدوای هاوپەیمانێتی دڵخوازی خۆیدا دەگەڕێت، بەتایبەتیش كە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەیاسایەكی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت كە یەكەمینجارە لە عێراق تاقیدەكرێتەوە‌و شێوازی فرەبازنەی هەڵبژاردنە‌و دەنگێكی زۆری حزبەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردندا دەفەوتێت.  بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەبەردەم چەند بژاردەیەكدایە:  •    بژاردەی یەكەم: هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی هەندێك لە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەكە لەگەڵ ئەوەدان، گۆڕان هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی بكات، بەوپێیەی بنكەی جەماوەری هەردوو حزب لە سنوری سلێمانیدایە‌و هەردوولایان پێشتر لەچوارچێوەی یەك حزبدا پێكەوە كاریان كردووە. هاوسەرۆكەكانی یەكێتی چەندجارێك بیرۆكەی هاوپەیمانێتیكردنیان خستوەتە بەردەم بەرپرسانی گۆڕان، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەسەر ژمارەی كورسییەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتن، گۆڕان داوای (5) كورسی سنوری سلێمانی دەكات، یەكێتی تەنیا گەرەنتی (3) كورسی بۆ گۆڕان كردووە.   رەوتی دانوستانەكانی گۆڕان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە نیشانی دەدات، سەركردەكانی بزوتنەوەكە دەخوازن گۆڕان‌و پارتی‌و یەكێتی پێكەوە هاوپەیمانێتی بكەن، گۆڕان دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەوە، زامنی كورسی خۆی هەم لە سنوری یەكێتی‌و هەم لە سنوری پارتی بكات، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە یەكێتی نایەوێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی بكات، بەتایبەت كە چاوی لەوەیە، بەهۆی ناكۆكییەكانییەوە لەگەڵ پارتی، لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگەكانی لە سنوری سلێمانی زیاد بكات. •    بژاردەی دووەم: هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ پارتی هەندێك لە بەرپرسە باڵاكانی بزوتنەوەی گۆڕان پاڵپشتی ئەوە دەكەن، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پارتی هاوپەیمانێتی بكات‌و پارێزگاری لە رێككەوتنی سیاسی نێوان هەردوولا بكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم. ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە، پێیانوایە ناكرێت گۆڕان لەگەڵ پارتی لە حكومەتی هەرێم هاوبەش بێت، بەڵام بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەدژی یەكتر بكەن، كێشەی ئەم بیرۆكەیە ئەوەیە كە پارتی تائێستا زەمانەتی كورسییەكانی گۆڕانی لە پەرلەمانی عێراق نەكردووە بەو رێژەیەی كە گۆڕان دەیەوێت، واتە لانی كەم لەرێژەی كورسییەكانی ئێستای لە پەرلەمانی عێراق كەمتر نەبێت كە پێنج كورسییە.  •    بژاردەی سێیەم: هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بژاردەیەكی تریش لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، كە بژاردەی هاوپەیمانێتیكردنە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بەدیاریكراویش (كۆمەڵی دادگەریی كوردستان‌و یەكگرتووی ئیسلامی)‌و خەڵكانی ناڕازیی دەرەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان، ئەمە ئەو بژاردەیەیە كە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق داوای دەكات.  بەمدواییە لەسەردانێكدا بۆ گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ئەم بیرۆكەیەی خستە بەردەم عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام رێكخەری گشتی بەشێوەیەكی خێرا دەستپێشخەرییەكەی رەتكردەوە، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، ئەم جۆرە هاوپەیمانێتییە زیان لە رێككەوتنی سیاسی گۆڕان‌و پارتی دەدات لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا.   •    بژاردەی چوارەم: بەشداری سەربەخۆ بژاردەی بەهێز لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەوەیە، بەشێوەیەكی سەربەخۆ بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەڵام كێشەكە ئەوەیە، لەم بژاردەیەدا گۆڕان ناتوانێت پێشبینی ژمارەی كورسییەكانی بكات، بەتایبەت لەكاتێكدا هەموان پێشبینی دەكەن لەم هەڵبژاردنەدا جارێكی تر ژمارەی دەنگ‌و كورسییەكانی گۆڕان دابەزینی بەرچاو بەخۆوە ببینێت، ئەم بژاردەیە هیچ گەرەنتییەك بە گۆڕان نادات بەبێ هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەكانی تر دەتوانێت پارێزگاری لە ژمارەی كورسییەكانی بكات، بەڵام كلیك كردن لەسەر ئەم بژاردەیە، بۆ نەیارە ناوخۆییەكانی گۆڕان كارتێكی بەهێز دەبێت‌و هەندێك لە بایەخی هێرشە میدیاییەكانیان لەبارەی ئەوەی گۆڕان خۆی رادەستی پارتی كردووە، كەمدەكاتەوە. 


راپۆرت: نامیق رەسوڵ ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان پشووی فەرمییە، ئەم رۆژە بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانەوە كراوە بە پشوو. ئێزدییەكان كێن ؟ زمان‌و ئاینیان چییە ؟ چوارشەمبا سۆر چییە ؟ تاووس مەلەك كێیە ؟ مەسحەفا رەش چییە ؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامیان دەداتەوە. ئاینی ئێزدیی ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە رەسەن‌و دێرینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، باوەڕدارانی ئەم ئاینە، باسی ئاین‌و بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی تر ناكەن، بەهۆی ئەوەی لە مێژوودا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە، كە دواهەمینیان هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" بوو بۆسەر شەنگال‌و ناوچە ئێزدیی نیشنەكانی پارێزگای نەینەوا، كە بەهۆیەوە هەزاران  كەسیان لێكوژراو هەزاران ژن‌و كچ‌و منداڵیشان كرانە كۆیلەو كەنیزەك.  ئێزدییەكان سەرەڕای ئەوەی زۆر رووبەڕووی ستەم‌و چەوساندنەوەو پاكتاوكردن بوونەتەوە، بەڵام بەردەوام پابەندی ئاینەكەیانن، باوەڕیان وایە ئاینەكەیان رێگای رزگاربوونە. ئامارێكی دروستی ژمارەی ئێزدییەكان لەبەردەستدا نییە، چەند سەرچاوەیەك ژمارەیان بە (300 هەزار بۆ 750 هەزار) كەس دەخەمڵێنن، بەزۆریش لە باكوری خۆرهەڵاتی موسڵ لە عێراق‌و باكوری سوریا نیشتەجێن. ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە "لە ئەزەلەوە هەن‌و بە تەنها لە وەچەی ئادەمن"، بڕوایان وایە "ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوەو پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە، دواتر خودا حەوای خەڵقكردووەو هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە، مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە"، بەوەش خۆیان بە "وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند" دادەنێن. چیرۆكی " ئیبلیس" لە ئاینی ئێزدییدا ئاینی ئێزدیی لە چیرۆكی سوجدە نەبردنی شەیتان "ئیبلیس" بۆ ئادەم لەگەڵ ئیسلامدا هاوڕایە، لە ریوایەتی ئاینی ئیسلامدا قورئان لە ئایەتی (34)ی سورەتی "البقرە"دا ئاماژەی بەو چیرۆكە داوەو هاتووە: "ۆإِژْ قُلْنَا لِلْمَڵائِكَەِ اسْجُدُواْ ڵادَمَ فَسَجَدُواْ إِلاَّ إِبْلِیسَ أَبَی ۆاسْتَكْبَرَ ۆكَانَ مِنَ الْكَافِڕینَ". بەڵام ئێزدییەكان لەگەڵ ئەنجامی بەشی دووەمی ئەو ئایەتەدا جیاوازو ناكۆكن، ئەوان بڕوایان بەوە نییە ئیبلیس بەهۆی رەتكردنەوەی سوجدە بۆ ئادەم سزادرابێت، بەڵكو باوەڕیان وایە "خودا ئیبلیسی خەڵات كردووەو كردوویەتی بە سەرۆكی مەلائیكەتەكان، بەهۆی ئەوەی تاكە مەلائیكەت بووە لە تاقیكردنەوەی خودا دەرچووە، چونكە خودا دوای خەلقكردنی مەلائیكەتەكان داوای لێكردوون جگە لە ئەو سوجدە بۆ كەس نەبەن‌و دوای خەلقكردنی ئادەمیش كە داوای لێكردوون سوجدەی بۆ بەرن وەك جۆرێك لە تاقیكردنەوە وابووەو جگە لە ئیبلیس، كەسیان لەو تاقیكردنەوەیەدا دەرنەچوون، بەوەش شیاوی ئەوە بووە كە خودای گەورە بیكاتە سەرۆكی مەلائیكەتەكان"، كە ئێزدییەكان بە "تاووس مەلەك" ناویدەبەن‌و هەموو رۆژێك پێنجار نوێژی بۆ دەكەن. بانگەواز لە ئاینی ئێزدیدا  ئاینی ئێزدیی ئاینێكی موژدەبەر " تەبشیری " نییە، هیچ كەسێكی تازە ناتوانێت ببێت بە ئێزدیی، بەڵكو دەبێت ئەو كەسە لە لەدایكبوونییەوە ئێزدی بێت، واتە لە دایك‌و باوكێكی ئێزدیی لەدایك ببێت،  ئەوان خۆیان  بە "خواپەرست" وەسفدەكەن‌و دەڵێن ناوی ئاینەكەیان ئەو واتایە دەگەیەنێت، خواوەندی گەورەشیان بە " ئێزدان" ناسراوەو پێگەیەكی زۆر باڵای هەیە لایان، بەجۆرێك نابێت راستەوخۆ بپەرسترێت، بەڵكو بە خاوەن هێزێكی شاراوەی لەبن نەهاتووەو لەگەڵ ئەوەدا كە خوڵقێنەری گەردوونە، بەڵام پاسەوانی گەردوون نییە. مەزارو شوێنە پیرۆزەكانی ئێزدیی ئێزدییەكان خاوەنی چەندین شوێن‌و مەزاری پیرۆزن، یەكێك لەوانە مەزاری "شەرفەدینە" لە چیای شەنگال، هەروەها پەرستگای "لالش" لە قەزای شێخانی باكوری خۆرئاوای موسڵ‌و ئێزدییەكان لە حەجدا دەچنە ئەم پەرستگایەو زۆربەی مەراسیم‌و سروتە ئاینییەكانیانی تێدا ئەنجامدەدەن. زمان‌و كتێبی پیرۆز ئێزدییەكان بە زاراوەی كرمانجی ژوورووی زمانی كوردی قسەدەكەن، زمانی رەسمی مەراسیم‌و سروتە ئاینییەكانیشانە، خاوەنی سیستمێكی ئاینیی‌و ئیداریی دێرینن، كە لە كۆنەوە بۆیان ماوەتەوە، هەروەها چەند نەریت‌و كەلەپوری هاوبەشیان لەگەڵ ئاینیەكانی تردا هەیە. بەشێك لە ئێزدییەكان دەڵێن كتێبێكی پیرۆزیان هەیە بەناوی "مەسحەفا رەش"، بەڵام زۆرینەیان جەختدەكەنەوە كە ئەم كتێبەیان نەبینوە. ئایینی ئێزدی كاریگەری هەبوو بۆسەر ئاینەكانی ترو ئاینەكانی تری دراوسێشی كاریگەریان كردوەتە سەری، ئەم ئاینە لە بە پیرۆزدانانی خۆرو مانگدا لە ئایینی زەردەشتی‌و لە حەرامكردنی چەند خۆراكێكدا لە ئاینی جولەكەو  لە چەند ریتمێكی میوزیكیشدا لە ئاینی مەسیحی‌و لە نوێژو زەكات‌و حەج‌و خەتەنەكردنیشدا لە ئاینی ئیسلام دەچێت. بە گوێرەی چەند چاوپێكەتنێك لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆو چەند ئەكادیمییەك، رۆژووگرتن لای ئێزدییەكان دابەشدەبێت بۆ دوو رۆژووگرتن، یەكەمیان رۆژووگرتنی تایبەتە كە 80 رۆژە (40 رۆژ لە هاوین‌و 40 رۆژ لە زستان)، دووەمیشیان رۆژووگرتنی گشتییە، واتە (رۆژووی ئێزید) كە سێ‌ رۆژە لە ساڵێكدا (سێشەممە، چوارشەممەو پێنج شەممەی هەفتەی دووەمی مانگی 12ی هەموو ساڵێك)، دوای ئەوەش جەژنی ئێزید دێت كە یەك رۆژە. ئێزدییەكان سێ‌ رۆژی تر لە مانگی دوومی هەموو ساڵێك بە رۆژوودەبن‌و دەبێت بكەوێتە (دووشەممەو سێشەممەو چوارشەممە)و بە رۆژووی "خدر ئەلیاس" ناودەبرێت، پاشان جەژن دێت كە یەك رۆژە. چوارشەمبا سۆر چییە ؟ هاوشێوەی ئاینەكانی تر، ئێزدییەكانیش چەندین جەژنی تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێك لەو جەژنانە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییە، كە پێی دەڵێن جەژنی "چوارشەمبەی سۆر". جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكان دەكەوێتە یەكەمین چوارشەممەی مانگی نیسانی خۆرهەڵاتی هەموو ساڵێك، كە 13 رۆژ جیاوازو درەنگترە لە مانگی نیسانی زاینیی‌و بەمشێوەیە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی نیسان جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە. پلەو پایە لە ئاینی ئێزدیدا  ئێزدییەكان بەگوێرەی پێگەی ئاینی دەكرێن بە چەند چینێكەوە: یەكەم: چینی رۆحانییەكان: ئەمەش دەكرێن بە دوو گروپەوە: 1- گروپی پیر: ئەمە كۆنترین گروپی ئاینی ئێزدیین، بە تێپەڕبوونی كات كەمبونەتەوەو بەهۆی ئەو هەڵمەتانەشی كە كراوەتە سەریان ژمارەیەكی كەمیان ماوەتەوە. 2- گروپی شێخ: دوای لاوازبوونی گروپی پیر لە راپەڕاندنی ئەركە ئاینییەكاندا، لەسەر دەستی شێخ (عادی بن مسافر) ئەم گروپە دامەزرێنرا بۆئەوەی ئاینی ئێزدیی كۆبكاتەوە، ئەم گروپەش دابەش دەبەێت بۆ چەند چینێك، ئەندامەكانی هەر چینێك ناتوانن جگە لە چینەكەی خۆیان هاوسەرگیری بكەن، ئەمەش چینەكانن: • شێخ شەمش • شێخ حەسەن • شێخ بەكر • شێخ ناسرەدین‌و .. هتد 3- چینی فەقیر: ئەمانە چینی خواپەرستن‌و پۆشاكێكی سپی تایبەت بە خۆیان هەیەو قژێكی درێژیان هەیە. 4- چینی حادی یان قەواڵەكان: ئەمانە ئەو دەروێشانەن كە پلەی ئاینی وەك (خواپەرست‌و باوەڕدار)یان هەیە، قەواڵ ئەو كەسانەن كە سرودە ئاینییەكان دەڵێن‌و سەربە یەك عەشیرەتن، ناوەندی سەرەكییان دەكەوێتە نێوان ناوچەی باشیك‌و بەحزانی لە پارێزگای نەینەوا. 5- چینی كەواچك: كەواچك كۆی وشەی "كوچك"ە كە بە مانای دیوەخان دێت، چینێكن لە خەڵكی گشتی‌و پۆشاكی تایبەت بەخۆیان هەیە، ئەركەكەیان بریتییە " لە دۆزینەوەی چارەنوسی مردووان باش بێت یان خراپ لەگەڵ پەیوەندیكردن بە جیهانی غەیبەوە بۆ زانینی دۆخی ئێستاو داهاتوو"، دەتوانین بڵێین ئەركەكەیان زیاتر رۆحانییە. 6- چینی موریدەكان: نزمترین چینی ئێزدییەكانەو لە رابردوودا ئەركیان گوێڕایەڵی كوێرانە بووە، بەڵام نەوەی نوێی ئەم چینە ئێستا زۆر مەیلیان بۆ چەمكە مەدەنییەكان هەیەو زۆر ملكەچ نین‌و زەكات نادەن، مافی ئەوەشیان نیە لەگەڵ چینەكانی تردا هاوسەرگیری بكەن. هەندێك لە ئێزدییەكان خۆیان تەنها بەسەر سێ‌ چیندا دابەشدەكەن، لەسەر ئەو بنەمایەی كە چینی كوچك‌و حادی لە بنەڕەتدا لە چینی موریدەكانن‌و چینی "پیر" یش چینێكی جیاوازن لە چینی "شێخ"، بەڵام ئەوە راستییەكی پشتڕاستكراوەیە كە هاوسەرگیری لەنێوان پەیڕەوانی ئەو پێنج چینەدا رێگەی پێنادرێت، هەتا تەنانەت لە ناو یەك چینی وەكو شێخەكانیشدان بۆ نمونە كەسێكی سەر بە گروپی شێخ حەسەن ناتوانێت لەگەڵ كەسێكی سەربە شێخ ناسرەدین یان گروپێكی تر هاوسەرگیری بكات.


درەو: لە راپۆرتی ساڵانەیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێشلكارییەكانی لە وڵاتانی جیهان خستووەتە روو (59) لاپەڕەی تەرخانكردوە بۆ پێشیلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەت بەرامبەر بە رۆژنامەوانان، راپۆرتەكە نوسیویەتی : لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا، تەلەفزیۆنەکانی ڕووداو Rudaw و کوردستان24 K24دەستیان دەگات بە هەموو دامەزراوە گشتییەکان و زانیارییەکانیشدا، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی قەڵەمڕەوی یەکێتیدا تەلەفزیۆنەکانی کوردسات نیوز Kurdsat News و گەلی کوردستان GK هەمان ئەو باڵادەستییەیان هەیە. میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن دەستڕاگەیشتنێکی سنورداریان هەیە بە زانیارییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی ئازاردا ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان لە ماوەی ساڵی 2020 دا. بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا چەند بەشێکی ڕاپـۆرتەکە، ئەوانەی لە بارەی ئێران، تورکیا، سوریا، عێراق و هەرێمی کوردستانن کردووەتە کوردی.   لەبارەی ڕاپـۆرتەکەی عێراق کە لە 59 لاپەڕە پـێکهاتووە عێراق بەپێی دەستوری وڵاتەکە کۆمارێکە لەسەر بنچینەی سیستەمی پەرلەمانی. هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018 بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە؛ ناکرێت بگوترێت لە هەموو ڕوویەکەوە هەڵبژاردنێکی تەواو بووە، بەڵام بە گشتی لە سۆنگەی پێوانە نێونەتەوەییەکانەوە، هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوا بووە و ئاڵوگۆڕێکی ئاشتیانەی دەسەڵاتی بە دوای خۆیدا هێنا و دەسەڵات لە حەیدەر ئەلعەبادی گواسترایەوە بۆ عادل عەبدولمەهدی. خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی عێراق لە مانگی دەی ساڵی 2019 دەستیانپێکرد و لە ڕۆژی 1ی مانگی دوازدەی هەمان ساڵدا حکومەتەکەی عەبدولمەهدی ناچار بە دەست لە کار کێشانەوە کرد. موستەفا ئەلکازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەوکاتەی عێراق، ڕۆژی 6ی مانگی پـێنجی ساڵی 2020، توانی متمانەی پەرلەمان بەدەست بێنێت و ببێتە سەرەک وەزیری عێراق پاش ئەوەی وابەستەیی خۆی ڕاگەیاند بۆ ژمارەیەک دۆسێی گرنگ، لەوانە؛ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ساڵی 2021دا، بەرپرسیارکردنی یاسایی ئەوانەی دەستیان لە توندوتیژییەکاندا هەبووە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ساڵانی پێشوو و هەروەهاش چارەسەرکردنی دۆسێی گەندەڵی لەناو دامەزراوەکانی حکومەتدا. ژمارەیەکی زۆری هێزی ئاسایشی لە سەرانسەری عێراقدا هەن و کار دەکەن. وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و هەروەها دەزگای دژە تێرۆر "وەک وەزارەتێک وایە" هێزە ئاسایشییەکانی عێراق بەڕێوەدەبەن و سەرپەرشتیشیان دەکەن. هێزە چەکدارە ئاساییەکان و هێزەکانی سەپاندنی یاسا لە عێراقدا لە هەوڵێکی چڕ و پڕدان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتەکەدا. ئەم هێزانەهاوتەریب لەگەڵ کۆمیتەی حەشدی شەعبیدا کار دەکەن {حەشد ئەو هێزانەن کە لە نزیکەی 60 هێزی میلیشیایی پێکهاتووە و ڕێکخراوێکی چەتریە و دەوڵەت سەرپەرشتی دەکات} ئەم هێزانەی حەشد لە سەرانسەری عێراقدا کار دەکەن بەڵام زۆر جار لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتدان و هەروەهاش پێچەوانەی سیاسەتەکانی حکومەت ڕەفتار دەکەن. زۆربەی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، عەرەبی شیعە ئاینزان، لە کاتێکدا یەکەکانی عەرەبی سوننە، ئێزدییەکان کریستیانەکان و کەمایەتییەکانی تریش یان لەناو یانیش لە نزیک ناوچەکانی خۆیانەوە ئەرکەکان بەجێدەگەیەنن. هەموو یەکەکانی حەشدی شەعبی، بە فەرمی ڕاپۆرتەکانی خۆیان بەرز دەکەنەوە بۆ کۆمیتەی حەشد و بەرەنجامیش لەژێر سەرکردایەتی سەرەک وەزیردان، بەڵام ژمارەیەک لەم هێزانەی حەشدی شەعبی لە ڕووی کردەییەوە فرمان و ڕێنوماییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەجێدەگەیەنن. دوو لایەنە سەرەکییە کوردییەکەش، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش؛ هەر یەکەیان بۆ خۆی دەزگای ئاسایشی هەیە. بەپێی دەستوری عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی هەبوونی هێزی ناوخۆیی ئاسایشی هەیە، بەڵام پارتی و یەکێتی بە جیا کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەیان کردووە لە دەرەوەی ئەو هێزانەی لە دەستوردا ئاماژەیان پێکراوە. ئەمە بێ لە هێزی پۆلیس کە دەبووایە لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆدا بووایە. بەپێی دەستور ڕێگەدراوە بە دەزگایەکی ئاسایش، بەڵام لەمەشیاندا پارتی و یەکێتی هەر یەکەیان دەزگای ئاسایشی خۆیان هەیە. پارتی و یەکێتی بە هەمان شێوە هەر لایەنە و دەزگایەکی تایبەتی هەواڵگرییان هەیە، کە دەبوایە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە کاروبارەکانیان ڕێکبخرایە. دەسەڵاتی سیڤیلی فێدراڵی، کۆنترۆڵکردنێکی کارای نییە بەسەر هەندێک دەستە و تاقمی هێزەکانی ئاسایشدا، بەتایبەتیش بەسەر یەکەی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا کە هاوپەیمانی ئێران و کۆمیتەی حەشدی شەعبین. دەستنیشان نەکردنی سنورەکان و ناچە جێناکۆکەکان بوونەتە سەرچاوەیەکی تری کێشە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی نێوەندیدا و پشێوییەکی لە تایبەتمەندێتی نێوان هێزی ئاسایشی و دادگاکاندا دروستکردووە. ئەندامانی هێزە ئاسایشییەکان بە بەڵگەوە، ژمارەیەکی بەرچاو پێشێلکارییان کردووە. ژمارەیەکی بێشومار کێشەی مافەکانی مرۆڤ هەن، لەوانە؛ کوشتنی نایاسایی و ناڕەوا و دڕندانە، بێسەروشوێن کردنی زۆرە ملێیی، ئەشکەنجەدان، شێوازی ڕەفتاری نامرۆیی و دڵڕەقانە و سزای قورسی لە ڕادەبەدەر، ژیان و گوزەرانی سەخت و ناهەموار لە زیندان و گرتوخانەکاندا، دەستوەردانە ژیانی تایبەت و کۆتوبەندکردنی ئازادییەکانی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن و سنوردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و توندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەوانان و هەڕەشە لێکردن و توندوتیژی و دەستگیرکردنی ناڕەوای ڕۆژنامەوانان و دادگاییکردنیان و چاودێریکردن و داخستنی ماڵپەڕەکان، دەستێوەردان لە مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و کۆتکردنی یاساییانەی ئازادی بزووتنەوەکانی ژنان، بە زۆر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ئەو شوێنانەی پێشتر هەڕەشەی کوشتنیان لەسەر بووە و مەترسی لەسەر ئازادییەکانیان هەبووە، گەندەڵی، نەبوونی لێکۆڵینەوە و بەرپرسیارنەکردنی ئەوانەی تاوان بەرامبەر ژنان دەکەن، تاوانەکانی توندوتیژی بەرامبەر تاکەکانی کەمایەتییە نەژادییەکان، توندوتیژی بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان، سنوردارکردنی مافی کارگوزاران، وەک ڕێگەگرتن لە پێکهێنانی سەندیکا یان کۆمەڵەی سەربەخۆ ، جیاوازیکردن لە هەلی کار بۆ کۆچبەران و هەروەها خراپترین جۆری خستنە بەر کارکردنی منداڵان. داعش، بەردەوام بووە لە پێشێلکارییە دڕندانەکانیدا، لەوانە کوشتن لە ڕێی هێرشی خۆکوژی و چاندنی بۆمب و مینەوە. حکومەت لێکۆڵینەوەکانی خۆی دەکات و دادگایی گومانباران دەکات و زۆرجاریش دادگاییکردنەکان لەسەر ئەو دۆسێیانەی دەگوترێت داعشن، بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم دەکرێن. * لێسەندنەوەی مافی ژیان و کردەی کوشتنی ناڕەوا یان بەهۆی مەبەستی سیاسییەوە: ژمارەیەکی زۆر ڕاپۆرت هەن لەسەر ئەوەی حکومەت و ئەندامانی هێزە ئاسایشییەکان کردەی نایاساییانەی کوشتنیان ئەنجامداوە، بە هەمان شێوەش ئەو میلیشیایانەی سەر بە حکومەت نین و هەروەها هاوسۆزەکانی داعش دەستیان هەیە لەو کردەی کوشتنانەدا. * بێسەروشوێنکردن: ڕاپۆرتێکی زۆر دراون لەسەر بێسەروشوێن کردن لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتەوە یان لەسەر ئەو هێزانەی تری بۆ حکومەتی ئەنجام دەدەن. یونامی و ئۆفیسی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە لە مانگی دەی ساڵی 2019وە تا مانگی سێ یونامی 154 دۆسێی وەک دەگوترێت دیارنەمانی خۆپیشاندەران و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی بەدەست گەیشتووە و ئەو دۆسێیانەش وەها دانراون کە ئەو کەسانە یان گیراون یان ڕفێندراون. دەسەڵاتدارانی خۆجێیی لە شەنگال، پارێزگای نەینەوا ڕاپۆرتیان داوە 70 کەسی ئێزدی لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە دەستگیرکراون. دەسەڵاتدارانی خۆجێیی لەو ناوچەیە دەڵێن "لە ساڵی 2019ەوە پەکەکە زیاتر لە 400 ژنی دانیشتوی ئەو ناوچەیەی ڕفاندووە و هێشتا چارەنوسیان نادیارە." هێزە ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆنترۆڵی ڕاستەخۆیان لەو ناوچەیەدا نییە و ناتوانن پشتڕاستی ئەو ڕاپۆرتانە بکەنەوە. لە مانگی 7دا پەکەکە 2 هاوڵاتی لە شاری دهۆک ڕفاندووە و هێشتاش چارەنوسیان دیار نییە. * ئەشکەنجەدان و شێوازی ڕەفتارکردن و سزای قورس و نامرۆیی و ناپیشەییانە: ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتیانداوە سەبارەت بەوەی کارمەندانی سەر بە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق ئەشکەنجەی گیراوەکانیان داوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە خۆپیشاندەرە گیراوەکان ڕووبەڕووی بەدڕەفتاری جۆراوجۆر بوونەتەوە هاوکاتی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا، لەوانە، لێدانی زۆر و قورس، بەکارهێنانی وزەی ئەلیکتریک وەک بەشێک لە ئەشکەنجەدانیان، خستنە ناو ئاوی ساردەوە، هەڵواسینی گیراوەکان بە سەرەوبنیش، هەڕەشەی کوشتن و هەڕەشەکردن لە کەسوکاریان و هەروەها ڕەفتاری سوکایەتی پێکردنی گیراوەکان وەک میز پێداکردن و وێنەگرتنیان بە ڕووتوقوتی. لەو ڕاپۆرتانەدا ئاماژەش کراوە بەو وتووێژانەی لەگەڵ ژنانی گیراودا کراون و باسیان لەوە کردووە لێیان دراوە و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسییان لێکراوە و هەندێکیشیان وەک دەڵێن "دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر." ڕێکخراوێکی ناحکومی لە مانگی شەشدا دەیان دۆسێی ئەشکەنجەدانی تۆمارکردووە لە گرتوخانەکانی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و سەڵاحەدین و ئەنبار و زیقاڕ و هەروەها بەغداش. لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەدا، پەناپارێزی دراوە بە بەرپرسانی حکومەت و کارمەندانی دەزگاکانی ئاسایش لەوانە هێزە ئاسایشییەکانی عێراق و پۆلیسی فێدراڵی و هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەندێک لە یەکە تایبەتەکانی دامەزراوە ناوخۆییە ئاسایشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقیش. * ڕەوشی گرتوخانە و زیندانەکان: ڕەوشی گرتوخانە و زیندانەکان زۆر خراپن و جار جارەش مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانی گیراو و زیندانیکراوەکان بەهۆی کەمی خواردن و ژمارەی زۆری گیراوەکان و ئەشکەنجەدان و ڕەوشی نەگونجاوی تەندروستی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆی تەندروستی و هەروەهاش بەهۆی مەترسییەکانی کۆڤید 19 و نەخۆشیەکانی تریشەوە. لە زیندان و گرتوخانەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕەوشەکە باشتر نییە. ژمارەی گیراوەکان و زیندانیکراوەکان زۆر زیاترە لە توانایی ئەو 6 زیندانەی لە هەرێمەکەدا هەن. کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت، زیندانی هەولێر وەها دروستکراوە کە جێی 900 گیراوی تیادا ببێتەوە بەڵام 1957 گیراوی تیادایە. ئەم کۆمیسیۆنە سەربەخۆیە دەڵێت 3 گیراو لەو زیندانەدا بەهۆی نەخۆشییەوە مردوون بەبێ ئەوەی چارەسەرییەکی ئەوتۆی تەندروستی بۆ نەخۆشییەکانیان بکرێت بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی گیراو لە گرتوخانەکەدا دانراون. لەناو هەرێمی کوردستاندا "لێبوردنی گشتی" بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ یاساکانی سزاداندا یەکناگرنەوە و ئەو لێبوردنانەش لە وادەی گونجاودا بڕیاریان لێنەدراوە. بەپێی یونامی، زیندانەکانی شارە سەرەکییەکانی هەرێمەکە نۆژەنکراونەتەوە بەڵام هێشتاش ڕەوش لە زیندان و گرتوخانە بچوکەکانی تردا هەر خراپە کە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم سەرپەرشتییان دەکات. لە هەندێک لە گرتوخانەکانی ئاسایشی هەرێمەکەدا و ئەوانەش کە پۆلیس سەرپەرشتییان دەکەن، جار جارە گیراوی ژێر تەمەن 18 ساڵ لەگەڵ گیراوی سەرو تەمەن 18 ساڵ دادەنێن. لە مانگی نۆدا دەسەڵاتداران زیاتر لە 50 منداڵیان لە "گرتوخانەی هەولێر بۆ ژنان و منداڵان" هێشتۆتەوە لەگەڵ دایکەکانیاندا کە زیندان کراون. یونیسێف، بودجەیەکی بۆ ئەو منداڵانە بە جیا دابین کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانیوە دەستیان بە خوێندن ڕابگات. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەیەکی گونجاوی نەگرتۆتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو قسە و باسانەی هەن لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی ئەفسەرەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم یان ئاسایش دەیکەن. لە ڕاپۆرتێکی مانگی نۆی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە هەندێک لە زیندان و گرتوخانەکان نەیانتوانیوە ڕێوشوێنە سەرەکییەکانی مافەکانی مرۆڤ بپارێزن یان فەراهەم بکەن بۆ زیندانییەکان. لەو ڕاپۆرتەدا جەخت کراوەتەوە لەوەی زیندان و گرتوخانەی نوێ دروست بکرێن و یاسای مافی گیراو و زیندانیەکانیش بەجێبگەیەندرێن. * دەستگیرکردن یان دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی: ڕاپۆرتێکی زۆر هەن لەسەر دەستگیرکردنی هەڕەمەکیانەی خەڵک و زیاتر هی عەرەبی سوننە، لەوانە؛ ئاوارەکانی ناوخۆی وڵاتەکە. لە مانگی حەوتدا هێزە ئاسایشییەکان 20 کەسی سوننە ئاینزایان دەستگیرکردووە وەک دەگوترێت گومانباربوون بەوەی ئەفسەرێکی باڵای هێزە ئاسایشییەکانی عێراقیان کوشتووە هاوکاتی هێرشیکی داعش لە ناوچەی تارمییە. ئەوانەی کە گیرابوون دەستیان لەو هێرشەدا نەبووە و ڕاپۆرتیش نەبووە لەسەریان کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت. پاش ئەوەی سەرەک وەزیر ڕاستەخۆ هاتە سەر خەت، ئەوجا ئازاد کران. لە مانگی نۆدا هێزە ئاسایشییەکانی عێراق، دورغام مەجید، چالاکوانی ناوداری عێراقییان دەستگیر کرد لەگەڵ 40 خۆپیشاندەری تر لە شاری حللە پارێزگای بابل. ڕۆژی دواتر ئازادیان کردن بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنیان باس بکرێت. هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەلانیکەم 50 خۆپیشاندەر و چالاکوان و ڕۆژنامەوانیان لە شارەکانی زاخۆ و دهۆک دەستگیرکردووە. زۆرێک لە چاودێر ئەو دەستگیرکردنانەیان بە "دەستگیرکردنی هەڕەمەکی" ناودێر کردووە. ناودێرکردنی دەستگیرکردنی ئەو بەلانیکەم 50 کەسە بەوەی هەڕەمەکی بووە لەبەر دوو هۆکارە ،یان ئەوەتا مافی خۆیان بۆ گردبوونەوەی ئاشتیانە بەجێگەیاندووە یانیش بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارن مافی ئەو گیراوانەیان فەرامۆش کردووە کە دەبێت بەپێی یاسا لەماوەی 24 کاتژمێردا ببرێنە بەر دادگا. * پرۆسەکانی دەستگیرکردن و ڕەفتارکردن لەگەڵ گیراوەکاندا: ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتیان داوە کە هێزەکانی سەر بە حکومەت "هێزە ئاسایشییەکان، پۆلیسی فێدراڵی، هێزی ئاسایشی نیشتمانی حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگە و هەروەها ئاسایش" زۆر جار یاسایان فەرامۆش کردووە. میدیای خۆجێیی و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتیان داوە کە ئەم هێزانە بەبێ فرمانی دادوەر لە هەڵمەتە ئاسایشییەکانیاندا گومانبارانیان دەستگیرکردووە و یاسای دژە تێرۆریان بەکارهێناوە. زۆر جار ئەم گیراوانە بۆ ماوەیەکی زۆر لە گرتوخانە هێڵراونەتەوە بەبێ ئەوەی گوناهبار بکرێن یان ناونوس بکرێن. لە مانگی پـێنجدا، ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ ڕاپۆرتیداوە کە چەکدارەکانی ئاسایش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی "بەدەل عەبدولباقی ئەبوبەکر" مامۆستا و چالاکوان لە شاری دهۆک و بەبێ فرمانی دادوەر دەستگیریان کردووە. دواتر "بەدەل" بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان گوناهبار کراوە بەهۆی ئەو ڕۆڵەی هەیبووە لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەدا لەڕێی تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە. ژمارەیەکی بەرچاوی راپۆرت هەن لەسەر دەستگیرکردنی هەڕەمەکیانە و نایاسایی لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە "هێزە ئاسایشییەکان و پۆلیسی فێدراڵی، ئاسایشی نیشتمانی و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و هەروەها ئاسایش. ئامارێکی متمانە پێکراو لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە ژمارەی ئەو جۆرە ڕەفتارانە یان ئەو ماوەیەی گیراوەکان لە گرتوخانە دەهێڵدرێنەوە. زۆربەی جار دەسەڵاتداران کەسوکاری گیراوەکانیان ئاگادار نەکردۆتەوە لەوەی کە کەسێکیان گیراوە یان ئەوەی لە چ گرتوخانەیەک هێڵراونەتەوە، ئەمەش وەهای کردووە گیراوەکان لە جیهانی دەرەوە داببڕێن. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتیان داوە و دەڵێن لە زۆر دۆسێدا دەسەڵاتداران بە گیراوەکانیش ناڵێن بۆچی دەستگیرکراون یان گوناهبارکردنەکەیان چییە، گیراوەکانیش نەیانتوانیوە لەگەڵ پارێزەرەکانیاندا دابنیشن تا ڕۆژی دادگاییکردنیان. ڕاپۆرتیش هەن کە هێزەکانی سەر بە ئێران لە حەشدی شەعبیدا، هەڕەمەکیانە و نایاساییانە، کورد و تورکمان و کریستیان و کەمایەتییەکانی تری ڕۆژئاوای نەینەوا و دەشتی نەینەوا دەستگیر دەکەن. دەسەڵاتداران ژمارەیەکی زۆری گیراوەکان بۆ چەندان مانگ یان ساڵ بەبێ دادگاییکردن دەهێڵنەوە، بە تایبەتیش ئەوانەی بە یاسای دژە تێرۆر دەستگیر دەکرێن. دەسەڵاتداران لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژەیان پێکراوە، گیراوەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە گرتوخانەدا دەهێڵنەوە؛ هەرچۆنێک بێت زانیارییەک نییە لەسەر ئەوەی ژمارەی گیراوەکان لەو گرتوخانە تایبەتانەدا چەندن و ماوەی چەندیان تیادا بەسەربردووە. سەرنجیش دراوە، کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەگەرە و گرفت دەخەنە بەردەم کاری دادپارێزان و پارێزەرانەوە یانیش دادگاییکردنەکان بەبێ ئەوەی پێویست بکات دوا دەخرێن. ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا بوونەتە زیادکردنی تەگەرە لەبەردەم پرۆسە دادوەرییەکاندا لە ساڵی 2020دا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هەندێک لە گیراوەکان لە گرتوخانەکانی هێزە ئاسایشییەکاندا بۆ ماوەی زۆر زیاتر هێڵدراونەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە فرمانی دادگاش هەبووە بۆ ئازادکردنیان. * نەبوونی دادگاییەکی ڕەوای ئاشکرایانە: دەستوری عێراق، جەخت لە هەبوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی دادوەری دەکاتەوە، بەڵام هەندێک بەندی یاسایی، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی کۆتوبەند کردووە. ڕەوشی ئاسایشی و مێژووی سیاسی عێراق وەهایان کردووە دەسەڵاتی دادوەری لاواز بێت و پشت ببەستێت بە بەشەکانی تری حکومەت. گەندەڵی و تۆقاندن و هەڕەشەکردن وەک ڕاپۆرتی لەسەر دراون کاریگەرییان هەبووە لەسەر هەندێک دادوەر لە دۆسێکانی تایبەت بە تاوان لە کاتی دادگاییکردن و لەکاتی پێداچوونەوەشدا بە بڕیارەکانی دادگادا. لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، ئەنجومەنی دادوەریی کوردستان لە ڕووی یاسایی و دارایی و بەڕێوەبردنەوە، ئەنجومەنێکی سەربەخۆیە و نەبەستراوەتەوە بە وەزارەتی دادەوە، بەڵام وەک ڕاپۆرتەکان ئاماژەی پێدەکەن، گەورە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەری سیاسییان هەیە بەسەر دۆسێ هەستیارەکانەوە. دەستنیشانکردنی دادوەرەکان و بڕیارەکانیش، بەپێی ڕاپۆرتەکان لەژێر کاریگەری بەهێزترین لایەنە سیاسییەکانی هەرێمەکەدان. * زیندانیان و گیراوە سیاسییەکان: حکومەتی عێراق هیچ کەسێکی گیراو، بە "زیندانیکراوی سیاسی" ناودێر ناکات و وەهایان دەناسێنێت کە تاوانبارن و سەرپێچی یاسایان کردووە. پشتڕاستکردنەوەی ئەم جۆرە پێناسەکردنەی حکومەت ئاسان نییە و کارێکی قورسە بەهۆی نەبوونی ڕوونی و ئاشکرایی و گەندەڵییەکانی هێشتنەوەی گیراوەکان لە بەندیخانەکاندا و خاووخلیچکی لە ڕێوشوێنە دادوەرییەکاندا و هەروەهاش دەستڕاگەیشتنێکی سنوردار بە گیراوەکان، بە تایبەتیش لە نێوەندەکانی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم و هەواڵگری و هەروەها لەشکر. دژەبەرانی سیاسی حکومەت وەک دەڵێن "حکومەت خەڵک لەسەر بیروباوەڕی سیاسی زیندان دەکات لەسەربنچینەی گوناهبارکردنیان بە تاوانەکانی گەندەڵی و تێرۆریزم و کوشتن." ڕاوێژکارێکی یاسایی ڕێکخراوێکی ناحکومی مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بە بێسەروشوێنکردنی بەلانیکەم 75 چالاکوانی مافەکان و چالاکوانی سیاسی کردووە کە لە مەیدانەکانی خۆپیشاندانەکانەوە ڕفێندراون لەلایەن ئەو لایەنانەنەی کە مەزەندە دەکرێت سەر بە ئێران بن. یاسای لێبوردنی گشتی لە ساڵی 2016دا پەسەند کرا و لە ساڵی 2017دا چاکسازی تیادا کرا تا لێبوردنەکان ئەوانەش بگرێتەوە کە لەسەر گەندەڵی دارایی دەستگیرکراون، بەو مەرجەی پارە دزراوەکان بگێڕدرێنەوە. ڕێکخراوە ناحکومییەکان و سیاسییەکانیش گازەندەیانە لەوەی دەسەڵاتداران ئامانجی ئەم یاسایەیان جێبەجێنەکردووە کە بریتیە لە ئازادکردنی ئەوانەی بەهۆکاری تایفەیی یان بە گوناهبارکردنی هەڵە لە زیندان و گرتوخانەکاندا هێڵدراونەتەوە. * پێشێلکارییەکان لە قەیرانە ناوخۆییەکاندا: ڕێکخراوێکی ناحکومی ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی ڕابردوودا 828 کەسی سیڤیل بەهۆی قەیران و کێشە ناوخۆییەکانەوە کوژراون لە کاتێکدا لە ساڵی 2019دا ژمارەی کوژراوەکان 2392 کەس بوون. بەپێی ڕای ڕێکخراوی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەشێت ئەم کەمبوونەوەیە بگەڕێتەوە بۆ سنورداربوونی خۆپیشاندانەکان بەهۆی ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە کۆڤید 19. هەرێمی کوردستانی عێراق لە مانگی نۆدا ڕایگەیاند هێشتاش 2880 ئێزدی بێسەروشوێنن لەسەرجەم ئەو 6417 ئێزدییەی لە ساڵی 2014دا داعش ڕفاندبوونی. هێزەکانی سەر بە حکومەت "پۆلیسی فێدرالی، ئاسایشی نیشتمانی، حەشدی شەعبی، هەروەها ئاسایش لە هەرێمی کوردستان" ئەشکەنجە و سزادان و دەستدرێژیی جەستەییان بەکارهێناوە دژ بە زیندانی و گیراوەکان و بەتایبەتیش عەرەبە سوننەکان، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ. * ئازادی ڕادەربڕین: توانراوە ڕەخنە لە حکومەت بگیرێت بە ئاشکرایی یان بە شێوەی تری تایبەت، بەڵام لە هەمانکاتیشدا مەترسی تۆڵە لێکردنەوەش هەبووە. بەهۆی سزا نەدانی ئەوانەی توندوتیژی و دەستدرێژی دەکەنە سەر ڕۆژنامەوانی و نەبوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی دادوەریی و نەبوونی دەستەیەکی ڕێکخستنی کاروباری ڕۆژنامەوانی، وەهایان کردووە چالاکی ڕۆژنامەوانی سنورداربێت. هێزەکانی حکومەتی نێوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، خۆپیشاندەران و چالاکوانانی ڕەخنەیان لێگرتوون دەستگیرکردووە و لە گرتوخانە و زیندانەکاندا هێڵدراونەتەوە. * ئازادی ڕاگەیاندن و میدیا و میدیای ئەلیکترۆنی: وێڕای ئەوەی بەپێی دەستور ئازادییەکانی ڕادەربڕین پارێزراوە، بەڵام حکومەتی نێوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقیش چاودێری و سانسۆر و هەندێک جاریش دەستێوەردان دەکەن لە کاروباری میدیاکاندا. ئەم دەستێوەردان و سانسۆرە، چەند جارێک بوونەتە هۆکارێک بۆ داخستنی هەندێک لە میدیاکان و سنوردارکردنی ڕاپۆرتەکان و ڕێگەگرتنیش لە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە گشتییەکاندا. هەردوو حکومەتی نێوەندی و هەرێمیش دەستێوەردان دەکەن لە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتدا. لە هەرێمی کوردستانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانیان تایبەت کردووە بە میدیاکانی خۆیان. لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا، تەلەفزیۆنەکانی ڕووداو Rudaw و کوردستان24 K24دەستیان دەگات بە هەموو دامەزراوە گشتییەکان و زانیارییەکانیشدا، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی قەڵەمڕەوی یەکێتیدا تەلەفزیۆنەکانی کوردسات نیوز Kurdsat News و گەلی کوردستان GK هەمان ئەو باڵادەستییەیان هەیە. میدیاکانی ئۆپزسیۆن دەستڕاگەیشتنێکی سنورداریان هەیە بە زانیارییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا. یاسای ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، دەسەڵاتی نەداوە بە حکومەت تا دامەزراوە میدیاییەکان دابخات، بەڵام لە مانگی هەشتدا حکومەتی هەرێمەکە ئۆفیسەکانی کەناڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نالیایNRT داخست لە شارەکانی هەولێر و دهۆک، بەهۆی ڕووماڵکردنی شەپۆلی ناڕەزاییەکانەوە. لە مانگی نۆدا، دیندار زێباری ڕێکخەری کاروباری نێونەتەوەیی لە حکومەتی هەرێم، داکۆکی لەو بڕیارەی حکومەت کرد و ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئێن ئاڕ تی، پێچەوانەی بەندی 2ی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2010 کردووە. ئەم بەندە تایبەتە بە قەدەغەکردنی هاندانی پشێوی نانەوەی گشتی و زیانلێدانی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی بەپێی یاساکەی هەرێمی کوردستان. هێزەکانی حکومەت، هەندێک جار ڕێگەیان لە ڕۆژنامەوانانیش گرتووە لەوەی ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەن لەبەر هۆکاری ئاسایشی. هەندێک لە میدیاکان ڕاپۆرتیان داوە لەسەر هەراسان کردن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان و هەروەهاش لەسەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕێگەگرتن لە ڕووماڵکردنی ڕووداوە سیاسییە هەستیارەکان، لەوانە دۆسێکانی تایبەتن بە ئاسایش و گەندەڵی و دۆسێکانی شکستی حکومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان. * توندوتیژی و هەراسان کردن: ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و هەروەها ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ ئاماژە بە ژمارەیەکی بێشوماری پێشێلکاری دەکەن لەسەر ئازادی ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین هاوکاتی شەپۆلە بەرفراوانەکانی ناڕەزایی دەربڕین لە وڵاتەکەدا. میدیاکاران ڕاپۆرتیان داوە کە سیاسەتمەداران و کاربەدەستانی حکومەت و هێزە ئاسایشییەکان و گەورەکانی عەشرەت و تیرەکان و کاردارەکانیش، فشاریان خستۆتە سەر ڕۆژنامەوانان تا ڕاپۆرتی ڕەخنە ئامێز لەسەریان بڵاونەکرێتەوە. ڕۆژنامەوانان ڕاپۆرتیان داوە لەسەر توندوتیژییەکانی حکومەت و لایەنی سیاسی و تۆقاندن و هەڕەشەی کوشتن و هەراسان کردن، دەشڵێن تەنانەت هەڕەشەشیان لێکراوە ئەگەر بێتوو قسە لەسەر دۆسێکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ بکەن و پێیان گوتراوە ئەگەر بەردەوام بن ئەوا ناویان زیادەکرێتە سەر ئەو لیستە ڕەشەی دەزگاکانی هەواڵگری لە وڵاتەکەدا ئامادەی دەکەن. لە هەرێمی کوردستانیش ڕاپۆرت هەن لەسەر لێدان و دەستگیرکردن و هەڕەشەی کوشتن لەسەر میدیاکاران. لە هەندێک دۆسێدا ئەوانەی هێرشیان کردۆتە سەر میدیاکاران بەرگی لەشکر یان پۆلیسی حکومەتی هەرێمیان پۆشیوە. بە تایبەتی ڕۆژنامەوانەکانی کار بۆ NRT دەکەن، زیاتر دەستگیر دەکرێن. ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوبەری ئۆفیسی NRT لە شاری هەولێر دەڵێت "دەسەڵاتدارانی هەرێم بەبێ هیچ گوناهبارکردنێک ڕۆژنامەوانان دەستگیر دەکەن و دەستدەگرن بەسەر ئامێرەکان و ناسنامەکان و تەلەفونە مۆبایلەکانیاندا." هەندێک لە داگاکانی هەرێمی کوردستان یاسای سزادانی عیراقی بەکاردەهێنن لەو دۆسێیانەی تایبەتن بە ڕۆژنامەوانان لەبری ئەوەی یاسای یاسای ڕۆژنامەوانی هەرێم بەکاربهێنن. لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی پاردا، کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتدا 8 داوای یاساییان دژی ڕۆژنامەوان هێمن مامەند تۆمارکردووە، پاش ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک وتارێکی ڕەخنە ئامێزی نوسی سەبارەت بە ڕێکارەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا. هێمن مامەند، 2 جار دەستگیر دەکرێت لە مانگی سێ و لە مانگی چواریشدا. ئەم ڕۆژنامەوانە 34 ڕۆژ لە گرتوخانە هێڵدراوەتەوە بە تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پەیوەندیکردنەوە. ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان لەو ناوچانەی لە داعش ڕزگار کراون هێشتاش جێی مەترسییە. ڕۆژنامەوانانی ڕووماڵی قەیرانە چەکدارییەکان دەکەن هێشتاش ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆری پارێزراوی ژیانیان دەبنەوە. * سانسۆر و کۆتوبەندکردن: نێوەندی داکۆکیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن لە عێراق لە مانگی حەوتدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و وردەکاری کۆتوبەندەکانی سەپێندراونەتە سەر دامەزراوە میدیاییەکان لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا خراونەتە ڕوو. لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە داخستنی 128 میدیا کراوە و هەروەهاش ڕاگرتنی مۆڵەتەکانی کارکردنی ژمارەیەک لە دەزگا میدیاییەکان و سزادانی میدیاکان و لەکار دەرکردنی ژمارەیەک میدیاکارانی تایبەت. لەهەرێمی کوردستان، ڕۆژی 22ی مانگی نۆ، پۆلیس لە شاری سلێمانی، ڕۆژنامەوان بەهرۆز جەعفەر دەستگیر دەکات، دوای ئەو داوا یاساییەی بەرهەم ساڵح، سەرۆکی عێراق لەسەری تۆمار کردبوو بە تاوانی ناوبانگ زڕاندن. * ئازادی ئەکادیمیایی و بۆنە کلتورییەکان: حکومەت کۆتوبەندی هەیە لەسەر ئازادی ئەکادیمیایی و هەروەها بۆنە کلتورییەکان. فشاری سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتیش لەسەر ئازادی بژارە هەیە بۆ ئەو دۆسێیانەی تایبەتن بە کاروباری ئەکادیمیایی و کلتوریشەوە. ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستانیش ڕاپۆرتیان داوە لەسەر ئەوەی، سەرۆکی زانکۆکان و ڕاگری کۆلیژەکان و پۆستە باڵاکانی زانکۆ بۆ ئەوانە ئاسانترە بە دەستی بێنن کە پەیوەندییان بە پارتی و یەکێتییەوە هەیە. ئەوانەش کە لەگەڵ یەکێک لەو دوو لایەنەدان لە پێشترن بۆ خوێندنی باڵا و بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا. * ئازادی هاتوچۆکردن: نمونە هەن لەسەر پێشێلکردنی ئازادی هاتوچۆکردنی ئاوارەکان، دەسەڵاتداران ڕێگەیان گرتووە لەوەی ئاوارەکان لە ئۆردوگاکاندا بەبێ مۆڵەت وەرگرتن بچنە دەرەوەی ئۆردوگاکە، ئەمەش یانی سنوردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە بژێوی ژیان و خوێندن و هەروەها خزمەتگوزارییەکانیش. زۆرێک لەو ناوچانەی لە داعش ڕزگارکراون دووچاری کێشەی کۆتوبەندکردنی هاتوچۆ هاتوونەتەوە بەهۆی ئەو بنکەی پشکنینانەی حەشدی شەعبی و هێزەکانی تری حکومەت دایاندەنێن. لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕەوشی هەندێک ناوچە، ڕوو لە باشییە، بەڵام ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە، چوونەتەوە سەر خانوی داڕماو و نەبوونی خزمەتگوزاری و بژێوی ژیان، ئەمانە بێ لەوەی هێشتاش مەترسی ئاسایشییان هەر ماوە بەهۆی بوونی یەکەکانی حەشدی شەعبییەوە و لە ناوچەیەکی وەک شەنگال بەهۆی ئەو هێزە چەکدارانەی، وەک دەگوترێت هاوپەیمانی پارتی کرێکارانی کوردستانن. ژمارەیەک ڕێکخراوی ناحکومی ڕاپۆرتیان داوە، یەکەکانی حەشدی شەعبی و هەروەها هێزی پێشمەرگەش ڕێگەیان لە خەڵکی سیڤیل گرتووە بەتایبەتی عەرەبی سوننە و کەمایەتییە نەژادەکانی تر لەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان پاش ئەوەی حکومەت شکستپێهێنانی داعشی ڕاگەیاندووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆتوبەندی خستۆتە سەر هاتوچۆی ئەوانەی دانیشتووی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی نین. دەسەڵاتدارانی هەرێم داوادەکەن ئەوانەی دانیشتووی هەرێم نین خۆیان لە ئۆفیسەکانی ئاسایش ناونوس بکەن و مۆڵەتی مانەوە وەربگرن. هاوڵاتیانی پاشخانێکی نەژادی و تایفەیی جیاوازیان هەیە بە کوردیشەوە، کە لە ناوچەکانی تری عێراقەوە سەردانی هەرێم دەکەن دەبێت پشکنینی وردیان بۆ بکرێت. حکومەت هەمان جۆری کۆتوبەندی لەسەر ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا و ناوچە جێناکۆکەکانیش داناوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەندێک ناوچەدا کۆتوبەندی زیاتری داناوە بە بەراورد بە هەندێک ناوچەی تر. ڕەوشی ئاوارەکان و گوزەرانیشیان لەم ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا بە درێژی و وردی باسکراوە و تیایدا هاتووە کە سەدان هەزار ئاوارە لە عێراقدا هەن، بێ لەوەی دەیان هەزار پەنابەر و ئاوارەی تریش لە وڵاتانەوە لە عێراقدا دەژین و ژیان و گوزەرانیشیان مایەی سەرنجە وەک لە ڕاپۆرتەکانی یونامی و یو ئێن ئێچ سی ئاڕدا ئاماژەیان پێکراوە. * ئازادی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی یازدەدا یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەسەند کرد، بەپێی ڕای شیکەرەوە، ئەم یاسا نوێیە سەربەخۆییەکی زیاتر و دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ سەرکەوتنی کاندیدەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا. ئاوارەکانی ناوخۆ لەم یاسا نوێیەی هەڵبژاردندا، دوورخراونەتەوە لەسەر بنچینەی ئەوەی دەبێت کارتی دەنگدەرانیان هەبێت بەپێی سیستەمی بایۆمیتری. ڕێکخراوە ناحکومییەکان نیگەرانی خۆیانیان دەربڕیوە لەوەی دەشێت ئەمە ببێتە مایەی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا مافی دەنگدانیان نەبێت. لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018ی پەرلەمانی بەڕێوەبرد. زۆربەی چاودێران کەموکوڕییەکی کەمیان لەو هەڵبژاردنەدا تۆمار کردبوو، بەڵام لایەنەکانی ئۆپزسیۆن وەک دەڵێن دەنگدەران ترسێندراون و فێڵ و تەڵەکەی بە بەرنامە کراوە وەک پڕکردنەوەی سندوقەکانی دەنگدان. دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018ڕێکخراوی قەیرانە نێونەتەوەییەکان ڕاپۆرتی داوە لەسەر ئەو قسە و باسانەی لە هەڵبژاردنی کەرکوکدا کرا و ئاماژەی بەوە کردووە " یەکێتی" هەڵبژاردنی لە هەندێک ناوچەی ئەو پارێزگایەدا بردۆتەوە کە لە ڕووی مێژووییەوە پشتیوانی تیادا زۆر کەمە بۆ یەکێتی لەکاتێکدا بەشداری لە ناوچە کورد نشینەکاندا کەم بووە بە بەراورد لەگەڵ ناوچە عەرەب و تورکمان نشینەکاندا. * گەندەڵی و نەبوونی ڕوونی و ئاشکرایی لە حکومەتدا: گەندەڵی، تەگەرەی سەرەکییە لەبەردەم فەرمانڕەوایەتییەکی باش و گونجاودا لە عێراق. بوونی میلیشیا چەکدارەکان کە ڕاستەوخۆ دەستیان لە گەندەڵیدا هەیە، ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی کاربەدەستانی گەندەڵدا، ئەمەش وەهای کردووە درێژەدان بە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئێجگار قورس بێت. "ڕۆژنامەی ئیندپێندەنت"ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە بڕی 300 ملیار دۆلار لەو پڕۆژانەدا بەکارهاتووە کە بوونیان نییە لەسەر زەوی. لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکان ئازاد نەبوون و لەژێر کاریگەری سیاسیدان. گەندەڵی بنکەکانی سەر سنور، کێشەیەکی ترە. لە مانگی حەوتدا سەرەک وەزیری عێراق هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی سنورەکانی ئێران و هەروەها وڵاتانی تری دراوسێی عێراق. * هەڵوێستی حکومەت سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ: ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە عێراقدا کێشەی گەیشتنیان هەیە بە کاربەدەستان، وەک بەرەنجامێکیش نەتوانراوە پارێزراوبن، نەتوانراوە داراییەکی ئەوتۆیان بۆ دابین بکرێت و زۆر بە دەگمەن (ئەگەر هەبووبێت) حکومەت پڕۆژەی داونەتێ و تەنانەت لە هەندێک ناوچەی وڵاتەکەشدا بۆیان نەبووە کاری ڕۆژانەی خۆیان بکەن. لە هەرێمی کوردستانیش، ڕێکخراوە ناحکومییەکان زۆربەیان کوردین و زۆربەشیان پەیوەندییان بە لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە و ئەو لایەنە سیاسیانە بودجەیان دەدەنێ. وەک لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژەیان پێکراوە، لە ساڵی 2013وە حکومەت هیچ پارەیەکی بۆ ئەو ڕێکخراوانە دابین نەکردووە. * دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی خێزانی: بەپێی ڕاپۆرتی یونامی، لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، دەستدرێژیکردنی سێکسی و توندوتیژی خێزانی و ئازاردانی جەستەیی خود و هەراسان کردنی ئەوانەی تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵیەوەیە زیادیان کردووە، هۆکارێکی تریش خراپ بوونی ڕەوشی ئابورییە. ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا هەیە و بەپێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی ئەو ڕەوشەوە خەڵکانیک هەن بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە. * هەڵوێستە زیانبەخشەکانی تر بەهۆی نەریتەوە: کوشتن بە ناوی شەرەفەوە، هێشتاش کێشەیەکی سەرەکی و مەترسیدارە لە عێراقدا. بەپێی بەندەکانی یاسا، ئەوەی لەسەر دۆسێی کوشتن لە پەیوەندی بە شەرەفەوە دەگیرێت، سزای هەتا 3 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەدرێت. بەپێی ڕاپۆرتەکانی یونامی، ساڵانە سەدان ژن دەکوژرێن لەسەر شەرەف. هەندێک لە خێزانەکانیش وەک ئاماژەی پێدەکرێت ئەو جۆرە کوشتنە وەها نیشان دەدەن کە کارێکی خۆ کوشتن بووە. بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، تا مانگی نۆی ساڵی پار 3 دۆسێی کوشتن لەسەر شەرەفی پشتڕاست کردۆتەوە لە نێو 26 دۆسێی کوشتنی ژناندا لە هەرێمەکەدا، بەڵام سەرچاوەیەک لە یو ئێن ئاماژەی کردووە بەوەی کوشتنەکان بەناوی شەرەفەوە زۆر زیاترە لەوەی باس دەکرێت. ڕاپۆرتیش هەن لەسەر بەکارهێنانی ژنان و کچان بۆ کاری سێکسی لە ڕێی پرۆسەی هاوسەرگیری کاتییەوە و لەبەرامبەردا پارە دەدرێتە ماڵی کچەکە یان ژنەکە.ڕاپۆرت لەسەر هەراسانکردنی سێکسیش هەن و بە هەمان شێوەش لە سەر جیاوازییەکانی نێوان نێر و مێ لە کۆمەڵگەدا. بۆ نمونە لە داگاکاندا گەواهیدانی ژنان بە نیوەی گەواهیدانی پیاوان دادەنرێت لە هەندێک لە دۆسێ یاساییەکاندا و لە هەندێکی تریشدا یەکسانە. لە هەرێمی کوردستانیش هەندێک پارێزراوی زیاتری ژنان هەیە، بەڵام ئەم پارێزراویە بە شێوەیەکی ڕێکخراو نییە. هەندێک لە یاساکان لەو هەرێمەدا ڕەنگدانەوەی یاساکانی حکومەتی فێدراڵە. لە هەرێمی کوردستان ژن مافی هەیە داوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی بکات، بەو مەرجەی پێش هاوسەرگیرییان ئەو مەرجەیان دانابێت. * مافی منداڵان: ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتیان داوە سەبارەت بە کێشەی فرە لایەنەی منداڵەکانی داعش و ئەو منداڵانەی لە ناوچەکانی داعش داگیریان کردبوو، لەوانە پێنەدانی دۆکیۆمێنتی لەدایک بوون. وەها مەزەندە دەکرێت 45 هەزار منداڵ لە ئۆردوگاکاندا دەژین و هیچ دۆکیۆمێنتێکیان نییە، ئەم کێشەیەش منداڵە ئاوارەکانیشی گرتۆتەوە، ئەوانەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکاندا دەژین. بەپێی ڕاپۆرتی یونسێف، بەلانیکەم؛ یەک ملیۆن و 640 هەزار منداڵ لە عێراقدا کە نیوەیان کچن، هەر هیچ نەبێت پێویستیان بە جۆرێک لە جۆرەکانی پارێزراوی هەیە. هاوسەرگیری بە زۆرەملێیی کچان بە هاوسەرگیریی کاتییشەوە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا هەیە. لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش نابێت هاوسەرگیریی منداڵان هەبێت، بەڵام یاساکانی هەرێم ڕێگەیان بە دادوەر داوە، تا مێردمنداڵی تەمەن 16 ساڵیش مارەبڕ بکەن ئەگەر بڕیاری خۆیان بێت و ڕەزامەندی باوانیشیان وەرگیرابێت. * دژایەتی ئاینی جوو: ئەندامانی پێکهاتەی جوو ناتوانن بە ئاشکرایی سروتە ئاینییەکانی خۆیان بکەن بەهۆی سزادان و جیاوازیکردن و هەروەهاش توندوتیژی کاراکتەرە توندڕەوەکانەوە. بەڵام لە ساڵی پاردا، ڕاپۆرت نەدراوە لەسەر ڕەفتاری دژە جوو لە عێراقدا. * ئەندامانی پێکهاتە نەژادی و ئاینییەکان: پێکهاتەی عێراق بریتییە لە عەرەب و کورد و تورکومان و شەبەک و کلدان و ئاشوری و ئەرمینیایی و ئێزدی و سابیئەی مەندانی و بەهایی و کاکەیی و ژمارەیەکی کەمی جوو. لە عێراق ژمارەیەکی کەمی ڕۆمانیش هەن کە بە "دۆم" ناسراون، وەهاش مەزەندە کراوە، یەک ملیۆن و نیو بۆ دوو ملیۆن هاوڵاتی بە ڕەگەز ئافریکایی لە پارێزگای بەسرە و ناوچەکانی دەوروبەری نیشتەجێن. قورسە بزانرێت ڕووداوەکان و ژیانیان چۆن بووە بە تایبەتیش لە ڕووی جیاوازیکردنی ئاینی و نەژادییەوە. لە مانگی حەوتدا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات حکومەتی هەرێم ڕێگەی گرتووە لە خێزانە عەرەبەکان تا بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە پارێزگای دهۆک، هەروەهاش ڕێگر بووە لە گەڕانەوەی خێزانەکان بۆ شارۆچکەی ڕەبیعە لە پارێزگای نەینەوا. ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت حکومەتی هەرێم تەنها ڕێگەی داوە خێزانە کوردەکان بگەڕێنەوە. * پێشیلکارییەکان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە مانگی پێنجدا ناڕەزاییەکی توندی دەربڕی لەسەر ئەوەی بە "دابونەریت و بەهای کۆمەڵگە" ناودێری دەکات، پاش ئەوەی باڵیۆزخانەی یەکێتی ئەوروپا، ئاڵای پەلکە ڕەنگینەی هەڵکرد (سیمبۆلی هاوڕەگەزخوازان) لە ڕۆژی نێونەتەوەیی بەرەنگاربوونەوەی دژایەتی کردنی هاوڕەگەزخوازان بە هەموو جۆرەکانیەوە. چەند ڕۆژێک دواتر ڕاپۆرتەکانی میدیا باسیان لە کوژرانی کوڕێکی هاوڕەگەزخواز دەکرد لە شاری سەدر لە بەغدا و هەروەهاش لەسەر کوژرانی کەسێکی تر لە پارێزگای بابل. لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە، هاوڕەگەزخوازان لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین و هەڕەشەیان لەسەرە و توندوتیژی و جیاوزیشیان بەرامبەر دەکرێت. هاوڕەگەزخوازان دەڵێن ناتوانن خۆیان ئاشکرا بکەن لە ترسی خێزانەکانیان و ناسیاوەکانیان و خەڵکی تری نەناسراویش. ........................   لەبارەی ڕاپـۆرتەکەی تورکیا کە لە 84 لاپەڕە پـێکهاتووە تورکیا کۆمارێکی دەستوورییە و سیستمی سەرۆکایەتی جێبەجێکاری هەیە و پەرلەمانێکی 600 کورسی (ئەنجومەنی نیشتمانی مەزن) ی هەیە. لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ساڵی 2018دا، ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا، نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە سنووردارکردنی راپۆرتی میدیا و ژینگەی هەڵمەتی هەڵبژاردن، لەوانە زیندانیکردنی کاندیدێکی سەرۆکایەتی کە توانای کاندیدەکانی ئۆپۆزسیۆنی سنووردارکرد بۆ کێبڕکێ کردن بە شێوەیەکی ئازادانە و یەکسانانە. پۆلیسی نیشتمانی و جەندرمە، لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ناوخۆ،بەرپرسیارن لە ئاسایشی ناو شارو ناوچە دووردەستەکان و ناوچە سنووریەکان. بە شێوەیەکی گشتی لەشکر بەرپرسیارە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی سنوور و ئاسایشی دەرەوەیی. دەسەڵاتدارانی مەدەنی کۆنترۆڵی کاریگەریان لەسەر بەرپرسانی جێبەجێکردنی یاسا هەیە، بەڵام میکانیزمەکانی لێکۆڵینەوە و سزادانی خراپ و خراپە کاری وەک پێویست نییە. ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش چەندین پێشێڵکارییان ئەنجام داوە. لە ژێر یاسای دژە تیرۆری فراوان کە لە ساڵی 2018 دا پەسەندکرا حکومەت بەردەوام بوو لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییە بنەڕەتییەکان و پێشێلکردنی فەرمانی یاسا. لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016وە، دەسەڵاتداران زیاتر لە 60 هەزار پۆلیس و سەربازیان لە کار دوورخستەوە و نزیکەی 125 هەزار فەرمانبەری مەدەنییان دەرکرد، یەک لەسەر سێی دەسەڵاتی دادوەریان لە کارەکانیان لادازیاتر لە 90 هەزار هاووڵاتیان دەستگیرکرد وە زیاتر لە 1500 ڕێکخراوی ناحکومییان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر داخست، بە تایبەتی بە تۆمەتی پەیوەندی بە بزوتنەوەی فەتحوڵا گولەن کە حکومەت تۆمەتباری کرد بە پالانداڕێژەری سەرەکی کودەتاکە. کێشە گرنگی تری مافەکانی مرۆڤ بریتی بوون لە: ڕاپۆرتەکان لەسەر کوشتنی هەڕەمەکی؛ کوشتنی گوماناوی خەڵکی لە زینداندا؛ بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجەدان؛ دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و زیندانی کردنی بەردەوامی دەیان هەزار کەس، لە ناویاندا سیاسەتمەدارانی ئۆپزسیۆن و ئەندامانی پێشوی پەرلەمان، پارێزەران، ڕۆژنامەوانان، چالاکوانانی سڤیل، و کارمەندانی ئەرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئەوەی گوایە پەیوەندییان بە گروپی " تیرۆرستی" یان وتارێکی ڕێگەپێدراوی ئاشتیانەوە هەیەبووە. بوونی زیندانی سیاسی، لە ناویاندا کاربەدەستە هەڵبژێردراوەکان؛ تۆڵەکردنەوەی سیاسیانە دژی ئەو کەسایەتییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین؛ کێشەی بەرچاو لەگەڵ سەربەخۆیی دادوەری؛ سنووردارکردنی توند لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری و ئینتەرنێت، لەوانە توندوتیژی و هەڕەشەی توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان، داخستنی دەزگای ڕاگەیاندن، و دەستگیرکردنەکان بەبێ شیکردنەوەی هۆکار یان دادگاییکردنی ڕۆژنامەوانان وەکو تاوانبار و یان ئەوانەی کە ڕەخنە لە سیاستەکانی حکومەت یان کاربەدەستان دەگرن، سانسۆرکرن و بلۆککردنی ماڵپەرەکان؛ چەندین کۆت و بەند بۆ سەر ئازادی کۆڕو کۆبونەوە، ڕێکخراو، بزوتنەوە؛ هەندێک حاڵەتی دووبارە ئاوارەکردنەوەی پەنابەران و توندوتیژی دژ بە ژنان و هاوڕەگەزخوازەکان و ئەندامانی کۆمەڵگە کەمینەکان. حکومەت هەنگاوی سنوورداری ناوە بۆ لێکۆڵیەنەوەکردن، دادگایی کردن و سزادانی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و کاربەدەستانی تری کە تۆمەتبارکراون بە ئەنجامدانی سەرپێچیکردن لە مافەکانی مرۆڤ. لێخۆشبوون کێشەیەکی گەورەیە. پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایش و ڕێکخراوی تیرۆرستی پارتی کرێکارانی کوردستان و دارودەستەکەی بەردەوامە، هەرچەندە ئاستەکەی کەمتربووەتەوە بەبەراورد لەگەڵ ساڵێک پێشتر، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوون یان کوشتنی هێزەکانی ئاسایش، تیرۆرستان و خەڵکی سڤیل. حکومەت زانیاری بڵاونەکردەوە دەربارەی هەوڵەکان بۆ لێکۆڵینەوە یان دادگایی کردنی کارمەندان بۆ کوشتنی بێمەبەست یان بە مەبەستی ئەو هاووڵاتیە سڤیلیانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆردا کوژراون. * کوشتنی بە ئەنقەست یان بە مەبەستی سیاسی: دەنگۆی باوەڕپێکراو هەبوو کە حکومەت بەشداری کردووە لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە پەیوەندی بە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆرستی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، هەرچەندە لە ئاستێکی کەمتردا بوو بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر. پەکەکەش بەردەوام بوو لە بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لە هێرشەکانیدا؛ حکومەتیش بەردەوام بوو لە کارکردنی بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکان. بە گوێرەی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، لە 1ی مانگی یەکەوە هەتا 10ی مانگی دوانزە ، لە شەڕ و پێکدادانەکانی پەیوەندیداربە پەکەکەوە، 35 هاووڵاتی سیڤیل، 41 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 235 چەکداری پەکەکە لە هەرێمەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات کوژراون. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، حکومەت لە شەڕی لەگەڵ پەکەکەدا، ڕێوشوێنێکی کەمی گرتەبەر بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی. پەکەکەش بەردەوام بوو لە هەڵمەتە سەرتاسەرییەکانی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی حکومەت و لە هەندێک حاڵەتدا هاووڵاتیانی مەدەنیش. بۆ نموونە لە 14 ی مانگی 5 تیرۆریستانی پەکەکە هێرشیان کردە سەر کارمەندانی فریاگوزاری لە شاری وان دوو کەسیان کوشت و کەسێکیشیان بریندار کرد. لە 18ی مانگی شەش بە پێی ڕاپۆرتان پەکەکە هێرشی کردە سەر بارهەڵگەرێکی سووتەمەنی بۆ کاری رێگاوبان لە پارێزگای شەرناخ بە چاندنی بۆمب. بەهۆی تەقینەوەی ئەو بۆمبە چوار سەرنشینی نێو بارهەڵگرێک کوژران. چەند راپۆرتێکی باوەڕپێکراو هەبوو کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە دەرەوەی سنوورەکانی، بووەتە هۆی مردنی هاووڵاتیانی مەدەنی. ڕۆژی 25ی شەش، هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر گروپی تیرۆریستی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، بەلانیکەمەوە شەش هاووڵاتی مەدەنی لە عێراق بریندار کرد.بە گوێرەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە، ڕۆژی 19ی شەش، هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە، سێ هاوڵاتی مەدەنی لە هەمان هەرێمی عێراقدا کوشت. شایەتحاڵەکان، چاودێرێکی ناوخۆیی مافەکانی مرۆڤ و میدیا ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند، هێرشێکی کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە یان گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، ئەنجام دراوە لە 16ی مانگی 10 لە ناوچەیەکی دووردەستی عەین عیسای سوریا گەنجێکی کوشتووە و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون، هەلومەرجی ئەو ڕووداوە مشتومڕلەسەرە. سەرچاوەکانی فەرمی حکومەتی تورکیا دەڵێن وەڵامی هێرشی دوژمنیان داوەتەوە لەو ڕۆژەدا لەو ناوچەیەی کە ڕووداوەکە لێی ڕوویداوە، کە چوار بۆ شەش شەڕڤانی یەپەگە بە پێی ڕاپۆرتان کوژرابوون. حکومەتی تورکیا یەپەگە بە بەشێکی جیانەبۆوە لە ڕێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە دەزانێت. دوابەدوای هێرشەکەی هێزە چەکدارییەکانی تورکیا لە باکوری سوریا لە مانگی 10 ی ساڵی 2019 کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بەردەوامن لە ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی چالاکوانانی خۆجێهی و میدیاکاران کە دەڵێن هێزەکانی ئۆپزسیۆنی سوریای سەر بە تورکیا بەردەوامن لە ئەنجامدانی سەرپێچیکردنی لە مافەکانی مرۆڤ، بە پێی ڕاپۆرتان دانیشتوانی کورد و ئێزیدی و خەڵکی دیکەی سڤیل دەکەن بە ئامانج، لە ناویاندا دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردنی خەڵکی سڤیل، ئەشکەنجەو توندوتیژی سێکسی، بە زۆر دەرکردن لە ماڵەکانی خۆیاندا، تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی خەڵکی لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە. * بـێسەروشوێن‌کردن: گروپە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیان لەسەر بێسەروشوێن کردن لەماوەی ساڵەکەدا بڵاو کردووەتەوە کە گوایە مەبەستی سیاسی لەپشت بووە. لە مانگی دووداباڕۆی ئانکەرە (سەندیکای پارێزەران) ، سکاڵایەکی لەسەر داواکاری گشتی ئانکەرە تۆمار کرد، بە ناوی حەوت پیاوەوە کە بەپێی راپۆرتەکان لەلایەن حکومەتەوە بێسەوشوێن کرابوون، کە لە ساڵی 2019دا لە زیندانی پۆلیسدا ڕوویداوە. یەکێک لەو پیاوانە، گۆخان تورکمان، کە فەرمانبەرێک بوو لەژێر باری نائاسایی دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 لە کار دوورخرایەوە، گوایە لە دانیشتنی پێش دادگاییکردندا کە بەرپرسانی هەواڵگری سەردانیان کردووە لە زیندان، هەڕەشەیان لە خۆی و خانەوادەکەی کردووە، داوایان لێکردووە لە بانگەشەکانی خۆی کە گوایە ڕفێنراوە و ئەشکەنجە دراوە لە کاتی گرتندا پاشگەزببێتەوە. شەش لەو حەوت پیاوە بە تاوانی تیرۆرسم زیندانی کرابوون. چارەنوسی ئەو حەوت کەسە نادیارە. لە مانگی پێنجدا ئەندامی پێشووی هەدەپە توما چەلیک، بێسەروشوێن بوونی ژن و پیاوێکی کاسۆلیکی کلدانی ئاشوری لە گوندی کۆڤانکایا ڕاگەیاند، کە لە مانگی یەکەوە دیار نەماوەن و دەڵێنلەلایەن کەسانێکەوە ڕفێندراونکە خۆیان بە دەوڵەت یان گروپەکانی ناو دەوڵەت ناساندووە، کە رەنگە لەگەڵ ئەو گروپەچەکدارانەی سەر بە حکومەت بن. خەڵکانی تر لە ناویاندا گەواهدەران گوتیان پەکەکە بەرپرسیار بووە. پیاوەکە بە ناویو هورموز دریل تا کۆتایی ساڵیش هەر بێ سەوشوێن بوو بەڵام مانگی سێدا کەسوکارەکەی تەرمی ژنەکەیان بە ناوی سیمۆنی دیرل لە ڕووبارێکی نزیک گوندەکە دۆزییەوە. حکومەت ڕەتیکردەوە زانیاری لەسەر هەوڵەکانی ڕێگریکردن، لێکۆڵینەوە و سزادانی ئەو جۆرە کارانە بدات. * ئەشکەنجەدان و ڕەفتار و سزای توندی نامرۆڤانە: دەستور و یاسا ئەشکەنجە و شێوازی تری دڕندانە و نامرۆڤانە و سوکایەتیکردن قەدەغە دەکات، بەڵام گروپە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیانداوە کە هەندێک لە ئەفسەرانی پۆلیس و دەسەڵاتدارانی زیندان و یەکەی سەربازی و هەواڵگری ئەو کارانەیان کردووە. ڕێکخراوەکانی خۆجێی مافەکانی مرۆڤ، بارۆی ئانکەرە، کەسایەتییە ناودارە سیاسییەکانی ئۆپزسیۆن، گروپە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و لایەنەکانی تر ڕایانگەیاندووە کە نوێنەرانی حکومەت دەستیان لە هەڕەشە، مامەڵەی خراپ و شیانی ئەشکەنجەدانی هەندێک کەس هەبووە کاتێک دەستبەسەر بوون. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن زۆربەی جار ئەو کەسانەی بوون بە ئامانجی ئەم جۆرە ڕەفتارانە زیاتر ئەندامانی پەکەکە یان بزوتنەوەی گولەن بوون. لە مانگی شەشدا ئیمر سۆیلو، ڕاوێژکاری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی سەر بە هاوپەیمانی دەسەڵات (MHP) پەرلەمانتاری مێرسن ئۆلکای کیلاڤوز، لە ئەکاونتی تویتەرەکەیدا چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە پیاوێک گوایە لەلایەن پۆلیسەوە لە یەکەی دژەتیرۆری دیاربەکرد ئەشکەنجە دراوە.کورتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی زۆر بڵاوبۆوە کە بریتی بوو لە هاواری پیاوێک لە هەمان بنکەی دیاربەکرد. سیاسەتمەدارە کوردەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە ناویاندا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا ئەو ڕووداوەیان شەرمەزار کرد و داوای لێکۆڵینەوەیان لە حکومەت کرد. لە مانگی حەوتدا، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند بەڵگەی باوەڕپێکراو هەن کە پۆلیس و چاودێری شەوانەی کۆمەڵگای (بێکیس) پێشێلکاری ڕژدیان دژ بە 14 کەس ئەنجام داوە، کە بریتین لە دەستگیرکردن و لێدانێکی توند، لە شەش رووداودا لە دیاربەکر و ئەستەنبوڵ. لە چوار لەو دۆسێیانەدا، حکومەت تۆمەتەکانی ڕەتکردەوەو سەرکەوتووش نەبوو لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە. لە یەکێک لە دۆسێکانی 26 ی مانگی شەش دا، گوایە پۆلیسی دەمامکپێچراو داویەتی بەسەر ماڵی شارەوانی پێشوو و ئەندامی هەدەپە سەڤیل جەتین لە شاری دیاربەکرد، سەگی هێرشبەریان پێبووە و لێیان داوە. لە 28 ی مانگی شەش ئۆفیسی پارێزگاری دیاربەکرد بەیاننامەیەکی دەرکرد و ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە و گوتی کاربەدەستان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە ناکەن. لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی مانگی 9 دا ڕاگەیاندرا کە هێزەکانی جەندرمە دوو جوتیاریان لە پارێزگای وان دەستگیرکردووە پاشان لە هەلیکۆپتەر بەریانداونەتەوە لە بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا دژ بە پەکەکە. یەکێک لەو پیاوانە بەهۆی برینداربوونی گیانی لەدەستدا. ئۆفیسی پارێزگاری وان نکوڵی لەو تۆمەتە کرد و گوتی برینداربوونەکەیان لە ئەنجامی ئەوە بووە کە "ئەو پیاوانە لە ناوچەیەکی شاخاوی کەوتونەتە خوارەوە کاتێک کە هەوڵیان دا بوولە دەستی پۆلیس هەڵبێن." دادگایەک بە گوێرەی داواکاری گشتیی وان، هەموو ڕاپۆرتەکانی هەواڵی تایبەت بەو دۆسیەی، قەدەغەکرد. لە ڕۆژی 27ی مانگی 11 سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، کە یەکێک لە گوندنشینان بە ناوی عوسمان شیبان، هاوکاریی تیرۆریستانی پەکەکەی دەکرد و هەر بۆیە دەسەڵاتداران ئەویان دەستگیر کردووە. لە مانگی نۆ دا سەربازێکی کورد لە ئەدرنە بە پێی ڕاپۆرتان بەهۆی ناسنامەی نژادییەوە لەلایەن سەربازەکانی ترەوە لێی دراوە. فه مانداری هێزه کانی سوپای تورکیا لێکۆڵێنەوەیەکی له سه ر ڕووداوه ئەنجام دا. حکومەت هیچ زانیارییەکی لەسەر هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کردارانە ڕانەگەیاندووە. * بارودۆخی زیندانەکان: بە شێوەیەکی گشتی زیندانەکان دەگەن بە ئاستی ئاسایی لە ڕووی بینا و کەرەستەی پێویستی بنچینەیی، بەڵام کێشەی بەرچاویان هەیە لە ڕووی قەرەباڵغییەکی زۆر و ڕەشی زیندانیان. * دەستگیرکردنی هەڕەمەکی: بە پێی یاسا دەسگیرکردنی هەڕەمەکی و بەبێ هۆکار قەدەغەیە و مافی هەر کەسێک دابین دەکات کە بەرەنگاری یاساو یاسای گرتن یان دەستبەسەرکردن لە دادگا دا ببێتەوە، بەڵام چەندین ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو دەریدەخەن کە حکومەت هەمیشە چاودێری ئەم داواکاریانەی نەکردووە. گروپەکانی مافی مرۆڤ، ڕادەگەیەنن، کە لە دوای هەوڵی کودەتای 2016، دەسەڵاتداران بەردەوام بوون لە دەستگیرکدن و دادگایی کردنی سەدان هەزار کەس بە هۆی ئەوەی گوایە پەیوەندی بە بزووتنەوەی گولەن یان پەکەکەوە هەیەکە زۆربەی جاریش بە بیانوی گوماناوی بەبێ ئەوەی بە پرۆسەیەکی قانونیدا تێپەڕببێت. * دادگاییکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراواندا: بە پێی یاسا پێویستە داواکاری گشتی داوای فەرمانی دەستگیرکردن دەربکات، مەگەر گومانبارکە لە دەمی ئەنجامدانی تاوانەکەدا گیرابێت. ماوەی دادگاییکردن پێویستە بۆ چوار ڕۆژ درێژ بکرێتەوە. لە کاتێکدا بە شێوەیەکی گشتی یاسا مافی ئەوەی داوە بە زیندانیان کە دەستیان بە پارێزەر ڕابگات، ڕێگە دەدات داواکاری گشتی تەنها بۆ 24 کاتژمێر ڕێگری بکات. لە دۆسێ تاوانکارییەکاندا بە پێی یاسا دەبێت حکومەت پارێزەر بۆ تۆمەتبارەکە دابین بکات ئەگەر داوا بکەن. چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کاربەدەستان پارێزەریان دابین کردووە کاتێک تۆمەتبارەکە نەیتوانیوە پارێزەر بۆ خۆی دابین بکات. هەندێک لە پارێزەران گوتویانە ئەوان دوودڵن لەوەی هەندێک دۆسێ وەربگرن بە تایبەتی دۆسێکانی ئەوانەی بە تۆمەتی پەکەکە گومانبارن یان پەیوەندییان بە بزوتەنەوەی گولەنەوە هەیە، چونکە لەوە دەترسن حکومەت تۆڵەیان لێبکاتەوە. لە مانگی 9 هەدەپە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەڵێت گوایە پۆلیس لە چەند ڕووداوی جیاجیا لە دیاربەکر، ئەستەنبوڵ و پارێزگای ئاگری شەش ئەندامی ئەنجومەنی گەنجی هەدەپەی ڕفاندووە، ئازاری جەستەیی داون پاشان ئازادیان کردوون. هەدەپە ڕایشی گەیاند لە 4 ی مانگی 5 دا پۆلیس ئەندامێکی ئەنجومەنی هەدەپە هەتیجە بوسرا کویونی لە پارێزگای وان ڕفاندووە، بە زۆر بردوویانەتە نێو ئۆتۆمبێلەکە و هەڕەشەیان لێکردووە. پۆلیس لە هەمان ڕۆژدا کویونی ئازاد کردووە. * زیندانیانی سیاسی: ژمارەی زیندانیانی سیاسی لە کۆتایی ساڵدا بابەتێکی مشتومڕ لەسەر بوو. لە مانگی حەوتدا وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند حکومەت لەوەتای هەوڵی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 وە 282 هەزار و 790 کەسی لە پەیوەندی بەو ڕووداوە دەستگیرکردووە. 25 هەزارو 912 کەس لەوانە لە زینداندا ماونەتەوەو چاوەڕوانی دادگاییکردن دەکەن. ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەو بڕوایەدان 50 هەزار کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانی تیرۆر لە زینداندان. هەندێک لە چاودێران لەوبڕوایەدان بەشێکی ئەمانە زیندانی سیاسین، ئەو تۆمەتی حکومەت ڕەتی دەکاتەوە. داواکارانی گشتی پێناسەیەکی فراوانیان بۆ تیرۆر و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بەکارهێناوە و لە هەندێک حاڵەتدا بە وتەی پارێزەرانی بەرگری و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان، هەندێک شت بەکارهاتووە کە وەکو بەڵگە گومانیان لەسەرە لە ڕووی یاساییەوە لەوانەشدا لە دۆسێی ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن (بە شێوەیەکی سەرەکی هەدەپە) چالاکوانان و هەندێکی تر کە رەخنەلە حکومەت دەگرێن. لە کۆتایی ساڵدا هەشت پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و 17 هاوسەرۆک شارەوانیی هەدەپە لە زینداندا بوون. بە پێی ڕاگەیاندنی هەدەپە لەوەتای ساڵی 2015 وە بەلایەنی کەم 5 هەزار ئەندام پەرلەمان، بەڕێوەبەر، و ئەندامی پارتەکە بە کۆمەڵێک بیانوی پەیوەست بە تیرۆرم و وتاری سیاسییەوە زیندانی کراون. حکومەت لەسەر بنچینەی ئاسایشی نیشتمانی 48 سیاسەتمەداری هەڵبژێردراوی خۆجێهی لە ناوچە زۆرینە کوردەکاندا لەکار لاداوە و بە گشتی 37 لەوانەی دەسگیر کردووە. حکومەت لە مانگی پێنجدا سەرۆک گوندی هەڵبژێردراوی 10 گوندی باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی لەکار دوورخستەوە. تا مانگی هەشتی 2019 حکومەت زۆربەی ئەو سەرۆک شارەوانیانەی لە باشوری ڕۆژهەڵات هەڵبژێردرابوون لە کار دوورخستبۆوە، لە ناویاندا سەرۆک شارەوانیەکانی هەدەپەی شارە گەورەکانی دیاربەکر و ماردین و وان. لە مانگی 9 دەسەڵاتداران هەردوو هاوسەرۆکی کارس ئایهان بلگەن و سەڤین ئالجای دەستگیر کرد وەکو بەشێک لە فەرمانی دەستگیرکردنی 101 کەس لە سەرانسەری حەوت پارێزگا لە ناویاندا، ئەندامانی پەرلەمانی پێشوی هەدەپە و کاربەدەستە باڵاکانی هەدەپە بەهۆی ئەوەی گوایە تێوەگلانیان لەخۆپیشاندانی کۆبانێ ی ساڵی 2014 لەو وڵاتە لە دژی بێ هەڵوێستی حکومەت لە وەڵامی هێرشەکانی داعش دژ بە شاری کۆبانێی زۆرینە کورد لە سوریا. هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و کاندیدی پێشووی سەرۆک کۆماریی سەلاحەتین دمیرتاش لە ساڵی 2016ەوە بە تۆمەتی تیرۆر لە زینداندا هێڵراوەتەوە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2018 و 2020 دا کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنی داوە. لە مانگی شەشدا دادگای دەستووری بڕیاری دا کە دەستبەسەرکردنی درێژی پێش دادگاییکردنی دەمیرتاش پشێلکاری بووە لە مافەکانی، بەڵام حکومەت بەهۆی فەرمانی دووهەمی دەستبەسەرکردن لە زیندان ئازادی نەکردەوە کە بریتییە لە لێکۆڵینەوەی جیا و سەرچاوەی بۆ خۆپیشاندانی کۆبانێی دژە حکومەتی 2014 دەگەڕێتەوە. لە مانگی نۆدا ئۆفیسی داواکاری گشتی ئانکەرەتاوانێکی نوێی لەژێر یاسای دژە تیرۆردا خستە پاڵ دەمیرتاش بۆ ڕەخنەکانی لە سەرۆکی داواکاری گشتی ئانکەرە لە دانیشتنێکی مانگی 1 دا. لە هەمان ڕۆژدا دادگایەکی ئانکەرەش فەرمانی دا دەستگیرکردنی دەمیرتاش بەردەوامبێت بەهۆی لێکۆڵینەوەکان لە خۆپیشاندانەکانی کۆبانێی دژ بە حکومەت. لە 22 ی مانگی 12 کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا فەرمانی دا تورکیا سەرپێچی لە مافەکانی دمیرتاش کردووە، لە ناویاندا ئازادی ڕادەربڕین، سەربەخۆیی و ئاسایش و داوای کرد دەستبەجێ ئازاد بکرێت. دوابەدوای ئەو بڕیارە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای تاوانبارکرد بە " بەرگری کردن لە تیرۆرسم." کاربەدەستان یاسای دژە تیرۆریان بە شێوەیەکی فراوان دژ بە ئەندامانی پارتە سیاسییە ئۆپزسیۆنەکان، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، گومانبارانی پشتیوانانی پەکەکە و گوایە ئەندامانی بزوتنەوەی گولەن بەکارهێناوە. گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، کە چەندین کەس لە دەستبەسەرکراوان هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە تیرۆرەوە نەبووە و ئەمانە بە مەبەستی بێدەنگکردنی ڕەخنەگران یان لاوازکردنی ئۆپزسیۆنی دژ بە ئاکەپە دەسگیرکراون، بە تایبەتی ئەندامانی هەدەپە. ...............................................    لەبارەی ڕاپـۆرتەکەی سوریا کە لە 70 لاپەڕە پـێکهاتووە سەرەتای ڕاپـۆرتەکە پـێناسەی وڵاتی سوریا دەکات، دەڵێت لەوەتای ساڵی 2000 وە بەشار ئەسەد حوکمڕانی سوریا دەکات و بەپـێی دەستور ڕێبەرانی پارتی بەعس لە دەزگاکانی دەوڵەت و کومەڵگە لە پـێشەنگدان و ئەسەد و ڕێبەرانی بەعس وەک ڕژێمێکی زۆردار کۆنترۆڵی هەرسێ دەسەڵاتی جێبەجێکار و تەشریعی و دادوەری وڵاتەکە دەکەن. ڕاپەڕینی دژی ڕژێم کە لە ساڵی 2011 وە دەستیپـێکردووە بە درێژایی ساڵی ڕابردووش بەردەوامبوو. هەڵبژاردنەکانی لە ساڵی 2014 ئەنجام‌دران، بوونە مایەی هەڵبژاردنەوەی ئەسەد. لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی ساڵی 2020 بەرەی نیشتمانی پـێشکەوتوو بە ڕێبەرایەتی پارتی بەعس 177 کورسی بەدەستهێنا لە کۆی 250 کورسیـیەکەی پەرلەمان. لەم هەڵبژاردنانە بەشێکی زۆری خەڵک بە زۆرەملێ دەنگیان داوە، وە زۆرێک لەو خەڵکەشی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپـۆزسیۆندان بەشداریـیان لەو هەڵبژاردنانە نەکرد. بۆیە چاودێران ئەو هەڵبژاردنانەیان بە ئازاد و بێگەرد ناودێرنەکرد. دەزگا ئاسایشیـیە جیاوازەکانی ڕژێم بە شێوەیەکی ئازادانە کاردەکەن و هیچ سنوورێکی یاسایی بۆ چوارچێوەی کارەکانیان نیـیە. هەروەها میلیشیاکانی سەر بە ڕژێم، وەکو هێزەکانی بەرگری نیشتمانی (قوات الدفاع الوطني) لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ڕژێم یەکیانگرتووە و ئەوانیش بە هەمان شێوە کاردەکەن و هیچ سنوورێکی یاسایی بۆ کارەکانیان نیـیە. دەسەڵاتی سیڤیلی ڕژێم هەر بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی لەشکر و پـۆلیس و هێزە ئاسایشیـیەکانی وڵاتەکەی، بەڵام دەسەڵاتێکی سنوورداری هەیە بەسەر ڕێکخراوە لەشکری و نیمچە لەشکریـیە بیانیـیەکانی لە وڵاتەکەی کاردەکەن، لەوانە هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، حزبوڵڵای سەر بە ئێران و پاسدارانی ئێران. هێزەکانی ڕژێم و هێزەکانی لایەنگری بەردەوامبوون لە هێرشی زەمینی و ئاسمانی گەورە کە لە ساڵی 2019 وە دەستیانپـێکردبوو بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا، ئەمەش بووە مایەی کوژرانی هەزاران کەسی سیڤیل و ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن کەس. هێرشەکان کە بە چەکی قورس ئەنجام دەدران، زیانی بە ژێرخانی ناوچەکە گەیاند و هێندەی دیکە ڕەوشی مرۆیی خراپـترکرد. بۆردومانە ئاسمانیـیەکانی سوریا و ڕووسیا بەردەوام شوێنی سیڤیلیان دەگرتەوە، لەوانە نەخۆشخانەکان، بازاڕەکان، قوتابخانەکان و کەمپی ئاوارەکانی ناوخۆی وڵاتەکە و کێڵگە و باخەکان. زۆربەی ئەو بۆردومانانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراون. هەتا مانگی هەشتی ڕابردوو، کۆمسیاری کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند 6.6 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ لە سوریادا هەن، لەوانە 2.6 ملیۆن کەسیان منداڵن. زیاتر لە 5.5 ملیۆن پەنابەری سوریایی تۆمارکراو لە دەرەوەی وڵاتەکەدا هەن. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI بۆی دەرکەوتووە ڕژێم و هاوپەیمانە ڕووسیایـیەکەی و هێزەکانی سەر بە ڕژێم هێرشیان ئەنجامداوە و بە تاوانی جەنگ دانراون کە ڕەنگە بگەنە ئاستی تاوانی دژی مرۆڤایەتی. پـێشێلکاریـیە گەورەکانی بەرامبەر مافی مرۆڤ کراون، لەوانە کوشتنی خەڵکی بە شێوەیەکی هەڕەمەکیـیانە یان بەبێ تۆمەتێکی یاسایی و دادگایـیکردن، بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی، زیندانیکردن لە شوێنی خراپ لەگەڵ مامەڵەی ڕەق و خراپ و نەبوونی خزمەتی تەندروستی بە ئاستێک کە ژیانی کەسەکان دەکەونە مەترسیـیەوە، دەستگیرکردنی هەڕەمەکیـیانە بۆ ماوەی درێژ، پـێشێلکردنی زانیاری کەسێتی بە شێوەیەکی نایاسایـیانە، بوونی بەربەستی مەترسیدار لە بەردەم ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەری و ئنتەرنێت، وەکو چاودێری و بلۆککردنی ماڵپەڕەکان، ڕێگە نەدان بە گردبوونەوەی و خۆپـیشاندانی ئاشتیـیانە و پـێکهێنانی ڕێکخراو، دانانی بەربەست بەبێ هیچ هۆیەک لە بەردەم گەشتکردنی خەڵکی، ڕێگە نەدان بە خەڵکی لەوەی بتوانن بە ڕێگەی ئاشتیانە و هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد حکومەتی وڵاتەکەیان بگۆڕن، بوونی گەندەڵیـیەکی بەربڵاو لەسەر ئاستێکی باڵادا، نەبوونی هیچ لێکۆڵینەوە و لێپـرسینەوەیەک بۆ ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێن، بە چەکدارکردنی منداڵان و بەکارهێنانیان وەک سەرباز لەلایەن ڕژێم یان لایەنە چەکدارەکانی دیکە، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بوونی توندوتیژی و جوداکاری بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان و ئەو کەسانەی خەسڵەتی هەردوو ڕەگەزەکەیان تێدایە، بەربەستی گەورە لە بەردەم مافی کرێکاران. ڕژێم هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ دەستنیشانکردن، لێکۆڵینەوە، دادگایـیکردن، سزادانی ئەو کاربەدەستانەی مافەکانی مرۆڤیان پـێشێلکردووە. دەربازبوون لە سزادان لە نێو هێزەکانی ئاسایش و هەواڵگری و دەزگاکانی دیکەی ڕژێم شتێکی بڵاو و باو و چەسپاوە. ڕاپـۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن گروپە نیمچە لەشکریـیەکانی سەر بە ڕژێم بەردەوام پـێشلکاریـیان کردووە، لەوانە ئەنجامدانی کوشتنکاری، کوشتنی هەڕەمەکیـیانە، ڕفاندنی خەڵکی سیڤیل، لێدانی بێ ئەندازە، دەستدرێژی سێکسی، دەستگیرکردنی نایاسایی. میلیشیاکانی سەر بە ڕژێم، لەوانە حزبوڵڵا چەندان جار لە هێرشەکانیاندا خەڵکی سیڤیلیان کوشتووە و بریندارکردووە. هێزەکانی ڕووسیاش خەڵکی سیڤیلیان کوشتووە بە هێرشە ئاسمانیـیەکانیان و کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا ئاماژەی بەو هێرشانە کردووە، دەڵێت بۆردومانەکان هەڕەمەکیـیانە کراون و زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ناوچەکان گەیاندووە، بە تایبەتی ئەو هێرشانەی لە میانەی هەڵمەتە لەشکریـیەکەی ڕژێم بۆ سەر باکوری ڕۆژئاوای سوریا ئەنجام دراون. بۆردومانەکان زیانیان گەیاندووە بە نەخۆشخانە و پەناگە و بازاڕ و ماڵان و شوێنی دیکەی سیڤیل. بارودۆخی ئاسایشی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن هەر ناسەقامگیرە و بە شێوەیەکە تیایاندا مافەکانی مرۆڤ پـێشێلدەکرێن، بە کوشتن و لێدان و دەستگیرکردن. بەپـێی کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا، گروپە چەکدارە تێرۆرستیـیەکانی وەکو هەیئەت تەحریر ئەلشامی سەر بە ئەلقاعدە ژمارەیەک پـێشێلکاری زۆریان ئەنجامداوە، لەوانە کوشتن و ڕفاندن و دەستگیرکردن و لێدان و هەروەها بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی خەڵکی سیڤیل لە میانەی هێرشەکانیاندا و خەڵکیان لە ماڵەکانیان دەرکردووە لەسەر بنەمای نەژادی و ئاینی. هەرچەندە داعش لە ساڵی 2019 وە لە ناوچەکە شکستی پـێهێنراوە، بەڵام بەردەوامبووە لە کوشتن و ئەنجامدانی تەقینەوە و ڕفاندنی خەڵکی و هەندێک جار خەڵکی سیڤیلیشی کردووەتە ئامانج. دەزگای گارنیگی دەڵێت داعش سوودی لەو بۆشایـیە ئاسایشیـیە وەرگرتبوو کە بەهۆی پەتای کۆڤید- 19 هێزە سەربازیـیە جیاجیاکان چالاکیـیەکانیان کەمکردەوە. گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات لە باکوری سوریا مافەکانی مرۆڤیان پـێشێلکردووە. بەپـێی ڕاپـۆرتەکان دانیشتوانی کورد و ئێزیدی و خەڵکی دیکەی سیڤیلیان کرووەتە ئامانج و خەڵکیان هەڕەمەکیـیانە دەستگیرکردووە، بێ سەروشوێنکردووە، ئەشکەنجە داوە، توندوتیژی سێکسیان بەرامبەر کردوون، لە ماڵەکانیان دەریانکردوون، موڵک و ماڵی خەڵکیان تاڵانکردووە و دەستیان بەسەردا گرتوون، خەڵکی سیڤیلیان دەستگیرکردووە و گواستویانەتەنەوە بۆ ناو تورکیا، ئاویان لە خەڵکی سیڤیل بڕیوە، منداڵانیان کردووە بە چەکدار، بێ ڕێزیان بە شوێنی ئاینی کردووە و تاڵانیانکردوون. هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بریتین لە هاوپەیمانێتیـیەکی کوردی سوریا و عەرەب و تورکمان و کەمینەکانی دیکە و ئەندامانی یەکینەکانی پاراستنی گەڵی کوردی تێدایە، بەپـێی ڕاپـۆرتەکان ئەوانیش مافەکانی مرۆڤیان پـێشێلکردووە، لەوانە هەڕەمەکیـیانە خەڵکیان دەستگیرکردووە و کاری گەندەڵیـیان کردووە و بەبێ هۆکار خەڵکیان دەستگیرکردووە و بەربەستیان خستووەتە بەردەم کۆبوونەوە و گردبوونەوە و خۆپیشاندان. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا دەڵێت ئەوانەی لەو وڵاتە مافی مرۆڤ پـێشێلدەکەن زۆر جار بە شێوەیەک ڕەفتاردەکەن کە لە سزادان دەربازیان دەبێت. دەشڵێت زۆربەی زۆری ئەو پـێشێلکاریـیانەی لەوەتای ساڵی 2011 وە کراون هەتا ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراون. * لێسەندنەوەی مافی ژیان و کردەی کوشتنی ناڕەوا یان بەهۆی مەبەستی سیاسییەوە بەپـێی توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR ، لەوەتای مانگی دوازدەی ساڵی 2011 وە شەڕی ناو ئەو وڵاتە دەستیپـێکردووە زیاتر لە 227180 ی سیڤیل کوژراون. گروپی دیکە مەزەندەدەکەن 550 هەزار کوژرابن. ئەم جیاوازیـیە گەورەیەی لە نێوان هەردوو ژمارەکەدا هەیە دەگڕێننەوە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی کە هێشتا بێ سەروشوێنن. بەپـێی SNHR لە ماوەی ساڵی ڕابردوو 1462 کەسی سیڤیل کوژراون، لە نێویاندا بە لایەنی کەم 218 منداڵ و 200 ژن. زۆربەیان لە سەرەتای ئەمساڵدا کوژران لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری بە ڕێبەرایەتی ڕژێم و هاوپەیمانە ڕووس و ئێرانیـیەکانی لە ناوچەکانی ئیدلیب و دەوروبەری. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا و زۆرێک لە گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئەشکەنجەدان و کوشتن لە شوێنەکانی دەستگیرکردن بەردەوامبوون. بەپـێی SNHR لەوەتای ساڵی 2011 وە هەتا مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 14500 کەس بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە گیانیان لەدەستداوە، لە نێویاندا 179 منداڵ و 91 ژن. توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا دەڵێت 99% ی ئەو کەسانە بە دەستی هێزەکانی ڕژێم کوژراون، لەوانە115 کەسیان لە ماوەی ئەمساڵدا. سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی لە مانگی سێ ڕاگەیەندرا، ڕژێم هەر بەردەوامبوو لە بەکارهێنانی هەلیکۆپتەر و فڕۆکە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی، ئەو بۆردومانانە بوونە هۆی کوژرانی سەدان کەسی سیڤیل لە ماوەی ئەمساڵدا. لە ساڵی 2019 سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستەیەکی لێکۆڵینەوەی پـێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشانەی کرابوونە سەر شوێنی سیڤیلی هاوبەشی ڕێکخراوە مرۆیـیەکان و لایەنە لەشکریـیەکان بە ئامانجی ڕاگرتنی پـێکدادانەکان لە مانگی نۆی 2018 هەتا 2019 لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا. لە مانگی چوار دەستەی لێکۆڵینەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی چوار لەو حەوت ڕووداوەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردن، زۆر شیانی هەیە ڕژێمی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی بەرپـرس بن لەو هێرشانەی کرابوونە سەر نەخۆشخانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. دەستەکە لە مانگی سێ ڕاپـۆرتی خۆی سەبارەت بە ئیدلیب بڵاوکردەوە، دەڵێت هۆکاری گونجاو هەن کە دەتهێنێتە سەر ئەو بڕوایەی هێزە ڕووسیایـیەکان تاوانبارن بە تاوانی جەنگ، وەکو هێرشی هەڕەمەکیـیانە بۆ سەر ناوچەی خەڵکی سیڤیل. هێزەکانی سەر بە حکومەتیش بەردەوام تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، وەکو هێرشی بە مەبەست بۆ سەر شوێنی پارێزراو و کارمەندانی تەندروستی. هێزەکانی سەر بە حکومەت یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیـیان پـێشێلکردووە کاتێک نەخۆش و برینداریان چارەسەر نەکردووە. * بێسەروشوێنکردن: هەروەها SNHR دەڵێت لە ماوەی ساڵی 2020 نزیکەی 1185 کەس بێ سەروشوێنکراون و بە گشتی لەوەتای ساڵی 2011 وە هەتا مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو 149360 کەس دەستگیرکراون یان بێ سەروشوێنکراون و بە لایەنی کەم 88% ی حاڵەتەکانی دەستگیرکردن ڕژێم لێیان بەرپـرسیارە. لە مانگی حەوت، ڕۆژنامەوانی سوریایی وەفا عەلی مستەفا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوت ژمارەی دەستگیرکراوان و خەڵکی بێ سەروشوێن هێشتا ڕوو لە زیادبوونە و هێشتا ڕژێم دەستگیرکردن "وەک چەکێک بۆ تۆقاندنی خەڵکی سیڤیل بەکاردەهێنێت." هەتا مانگی دوازدە، ڕژێم نزیکەی 17 بڕیاری لێبوردنی دەرکردووە کە دواینیان لە مانگی سێدا بوو، بەڵام تەنیا ژمارەیەکی کەمی خەڵکیان گرتووەتەوە. تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ حاڵەتەکانی بێ سەروشوێنکردن لە مانگی هەشت داوای لە ڕژێم کرد زانیاری بداتێ سەبارەت بە 113 کەس کە بەپـێی ڕاپـۆرتەکان لە نێوان مانگی پـێنجی 2019 هەتا مانگی پـێنجی 2020 بێسەروشوێنکراون لەلایەن ڕژێمەوە، بەڵام تیمەکە هیچ وەڵامێکی لە ڕژێمەوە پـێنەگەیشت. هەروەها تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپـۆرتی پـێگەیشتووە لەمەڕ بێ‌سەروشوێنکردنی خەڵکی بە ژن و منداڵیشەوە، لەلایەن گروپە چەکدارە جیاوازەکانەوە، لەوانە ئەو گروپانەی سەر بە هێزەکانی تورکیان. * ئەشکەنجەدان و شێوازی ڕەفتارکردن و سزای قورس و نامرۆیی و ناپیشەییانە: بەپـێی یاسا ئەشکەنجەدان و لێدان و سووکایەتیپـێکردن قەدەغەیە، وە پـێشێلکردنی ئەم یاسایە سزاکەی دەگاتە هەتا 3 ساڵ زیندانی. بەڵام چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کۆمیتەکانی لێکۆڵینەوە و ڕێکخراوە ناحکومیـیە خۆجێـیەکان ڕاپـۆرتیان لەسەر هەزاران حاڵەتی بڕواپـێکراو کردووە کە ڕژێم بە بەرنامە خەڵکی ئەشکەنجە دەدات و مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە بە بەرهەڵستکاریان دادەنێت. ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لەلایەن ڕژێمەوە بە درێژایی شەڕی ناو وڵاتەکە دۆکۆمێنتکراون، تەنانەت پـێش ساڵی 2011 ش. سەنتەری ئەوروپا بۆ مافە دەستوریـیەکان و مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هەرچەندە زۆربەیان ئەوانەی ئەشکەنجە دەدرێن بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی زانیاریـیە، بەڵام مەبەستی سەرەکی ڕژێم لە ئەشکەنجەدان تۆقاندن و سەرشۆڕکردنی دەستگیرکراوانە. لە کاتێکدا زۆربەی باسەکان لە بارەی دەستگیرکراوانی نێرنەن، بەڵام هەتا دێت و ڕاپـۆرتی زیاتر دێن لە بارەی ئازاردانی مێینە بە دەستی ڕژێمەوە. چالاکوانان جەخت لەوە دەکەن زۆربەی حاڵەتەکان باس ناکرێن، چونکە هەندێک لەو دەستگیرکراوانە ڕازی نین ناویان بهێنرێت یان باس لە کەیسەکانیان بکرێت، ئەمەش لە ترسی تۆڵەکردنەوەی ڕژێم. بەپـێی ڕاپـۆرتەکان زۆرێک لەوانەی لە کاتی دەستگیرکردندا ئەشکەنجەدراون گیانیان لەدەستداوە. کەسێکی لەشکری کە لە ڕژێم جیابووەتەوە و بە "قەیسەر" ناودەبرێت، لە مانگی چوار لە دەرەوەی وڵات گەواهی دا و گوتی فەرمانی پـێکرابوو وێنەی تەرمی ئەو کەسانە بگرێت کە لە ژێر ئەشکەنجەدان گیانیان لەدەستدابوو لە زیندانەکانی ڕژێم لە نێوان ساڵانی 2011 هەتا 2013 . قەیسەر کە هەزاران لەو وێنانەی گەیاندە دەرەوەی وڵات، دەڵێت تەرمەکان ئاسەواری سووتاندن و خنکاندن و شوێن لێدانی کێبڵیان لەسەر بووە. ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان ڕاپـۆرتیان لەسەر شێوازەکانی ئەشکەنجەدانەکان کردووە، لەوانە شتکردن بە ناو کۆم و زێ و پشت چەمانەوەی لە ڕادەبەدەر. * ڕەوشی گرتوخانە و زیندانەکان: بارودۆخی زیندان و ناوەندەکانی دەستگیرکردن زۆر خراپن و لە زۆر حاڵەتدا جێی مەترسین بۆ سەر ژیانی دەستگیرکراوان بەهۆی کەمی خۆراک و قەرەباڵغی زۆر و مامەڵەی خراپی جەستەیی و دەروونی و نەبوونی مەرجەکانی تەندروستی لەگەڵ خزمەتگوزاریـیە تەندروستیـیەکان. لە مانگی چوار، کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هوشداری دا سەبارەت بە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە نێو زیندانەکان، وەکو کۆڤید- 19 . توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR مەزەندەکات بە لایەنی کەم 149360 کەس لە زیندانەکاندا بن یان بێ سەروشوێنکرابن و بە لایەنی کەم 88% ی حاڵەتەکانی دەستگیرکردن ڕژێم لێیان بەرپـرسیارە. زیندانەکان زۆر قەرەباڵغن و گەورە و مێرمنداڵ و دەستگیرکراو و مەحکومدراو هەموویان پـێکەوە لە یەک ژوری زیندان دانراون و بەپـێی کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ هێشتا ڕژێم منداڵان لەگەڵ گەورە لە زیندانەکاندا دادەنێت. ڕاپـۆرتەکانی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ دادوەری ICTJ ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا شوێنی دەستگیرکردنی نافەرمی هەن و دەسەڵاتداران هەزاران کەس لە بنکەی لەشکری و قوتابخانە و یاریگا و شوێنی نهێنی دەستگیردەکەن. چالاکوانان دەڵێن ڕژێم کاتێک لە خۆپـیشاندانەکان خەڵکی دەستگیرکردووە بردوونی بۆ کارگە و عەمباری چۆڵ و لەوێ زیندانیکردوون کە هیچ مەرجێکی تەندروستیان تێدا نیـیە. لە هەندێک حاڵەتدا دەسەڵاتداران دەستگیرکراوەکانیان لە شوێنی دەستگیرکردنی نافەرمی گواستووەتەوە بۆ شوێنەکانی دەزگای هەواڵگری. بارودۆخی دەستگیرکراوان لە شوێنەکانی ئاسایش و هەواڵگری لە هەمووی خراپـترە، بە تایبەتی بۆ زیندانیانی سیاسی و ئەوانەی بە تۆمەتی ئاسایشی نەتەوەیی دەستگیرکراون. هەوای ئەو شوێنانە ناگۆڕێت و پاک نین، ڕووناکیان تێدا نیـیە، ئاو و خۆراکی پـێویست بە دەستگیرکراوان نادرێن، نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی، نەبوونی جێی نووستن. ڕێکخراوە ناحکومیـیە خۆجێـیەکان و شارەزایانی تەندروستی دەڵێن دەسەڵاتداران ڕەتیانکردووەتەوە خزمەتی تەندروستی پـێشکەشی ئەو زیندانیکراوانە بکرێت کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، وەکو شەکرە و ڕەبو و شێرە پەنجەی مەمک، تەنانەت زۆر جاریش ژنی دوو گیانیش هیچ خزمەتگوزاریـیەکی تەندروستی پـێشکەش نەکراوە. بەپـێی کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا، لە بنکەکانی دەستگیرکردنی لایەنە ناحکومیـیەکانی وەکو هەیئەت تەحریر ئەلشامی سەر بە ئەلقاعیدە یاسای نێودەوڵەتی پـێشێلدەکرێت. مانگی سوور و خاچی سوور بەردەوامن لە دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بە شوێنەکانی دەستگیرکردن لە تەواوی وڵاتەکە، بەڵام لە ماوەی ساڵەکەدا نەیانتوانیوە بگەنە هیچ کام لە شوێنەکانی دەستگیرکردنی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم. هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ماوەی ساڵەکەدا ڕێگەیان داوە بە ڕێکخراوە ناحکومیـیەکانی، ئەوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان پـێشتیوانیان لێدەکات، لەوەی بچنە ناو زیندانەکانیانەوە. ڕاپـۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن زۆر جار ڕژێم حکومەتە بیانیـیەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە لەوەی هەستاوە بە دەستگیرکردن یان ئازادکردن یان دەرکردنی هاوڵاتیانیان، بە تایبەتی کاتێک کەیسەکانیان پەیوەندی بە سیاسەت یان ئاسایشی نەتەوەیـیەوە هەبووبێت. هەروەها ڕژێم ڕێگەی نەداوە کونسوڵخانەکان بگەنە لای ئەو هاوڵاتیـیە بیانیانەی زانراوە زیندانیکراون، وە لە چەندین بۆنەدا ڕژێم ئیدیعای کردبوو ئەو کەسانە لای ئەوان دەستگیرنەکراون یان تەنانەت نکوڵی کردبوو لە وڵاتەکەیاندا بن. * دەستگیرکردن یان دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی: دەستور دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی قەدەغەکردووە، بەڵام بڕیارێکی ساڵی 2011 ڕێگە دەدات ڕژێم گومانباران بە "تێرۆرزم" یان تاوانەکانی پەیوندیان بە تێرۆرزمەوە هەیە بۆ هەتا 60 ڕۆژی دەستبەسەربکرێن بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیان ئاڕاستەبکرێت. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI و ڕێکخراوە ناحکومیـیە جیاجیاکان و چالاکوانان و دەستگیرکراوە سیاسیـیەکانی پـێشوو دەڵێن پـۆلیس زۆر کەس بۆ ماوەی زۆر درێژتر یان بۆ کاتی نادیار خەڵک دەستگیردەکات. یاسا دەڵێت هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە بەردەم دادگاکاندا تانە لە دەستگیرکردن یان دەستبەسەرکردنەکەی بگرێت و بڵێت نایاسایـیە، بەڵام ڕژێم ڕێزی لەم خاڵە نەگرتووە. بەپـێی COI و سەرچاوە هەواڵیـیەکانی خۆجێـی و ڕێکخراوە جیاوازەکانی مافی مرۆڤ دەستگیرکردنی هەڕەمەکی لە ماوەی ساڵەکەدا بەردەوامبوو. * پرۆسەکانی دەستگیرکردن و ڕەفتارکردن لەگەڵ گیراوەکاندا: توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەڵێت هێزەکانی ڕژێم و میلیشیاکانی سەر بە ڕژێم بەرپـرس بوون لە دەستگیرکردنی 500 کەس لە شەش مانگی یەکەمی ساڵەکەدا، لە نێو دەستگیرکراوەکان 8 کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ هەن لەگەڵ 11 ژن. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI ئەویش دەڵێت هێزەکانی ڕژێم و میلیشیاکانی هێشتا دەیان هەزار کەسیان لە نێو زیندانەکان هێشتووەتەوە کە بە شێوەی هەڕەمەکیانە یان نایاسایـیانە دەستگیرکراون. دەشڵێت ئەو ژنانەی پەیوەندی خێزانیـیان بە چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن هەیە یان ئەوانەی لێیان جیابوونەتەوە، دەستگیریان دەکەن بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری یان بۆ تۆڵەسەندنەوە. هەروەها ڕاپـۆرت هەن باس لەوە دەکەن گروپی چەکداری دەرەوەی ڕژێم ئەوانیش بە شێوەیەکی هەڕەمەکیـیانە خەڵکیان دەستگیرکردووە یان بە شێوەیەکی نایاسایی خەڵکیان دەستبەسەرکردووە. ڕێکخراوی سوریایـیەکان لە پـێناو ڕاستی و دادپەروەری (سوريون من أجل الحقيقة والعدالة) STJ دەڵێت گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان دەکات دانیشتوانیان دەستگیرکردووە لەسەر ئەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی باکوری سوریایان. بۆ نمونە STJ دەڵێت پـۆلیسی سەر بە لەشکری نیشتمانی سوریا SNA کە هاوبەندیـیەکە لە گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا و حکومەتی تورکیا پـشتیوانیان دەکات، لە 8 ی مانگی چوار هەڕەمەکیانە ژمارەیەک کوردی سیڤیلیان دەستگیرکردووە (سامیە عەلۆ، عەبدولحەمید شێخۆ ، مستەفا ئەحمەد ئیبراهیم ، عەبدولڕەحمان مستەفا عەلۆ ، ڕەشید مستەفا ئیبۆ)، وە بۆ ئازادکردنیان داوای پارەیان لە کەسوکاریان کردووە. * نەبوونی دادگاییەکی ڕەوای ئاشکرایانە: بەپێی دەستور سیستەمی دادوەری سەربەخۆیە، بەڵام هەمیشە لە ژێر هەژمونی سیاسیدا بووە. داواکارانی گشتی و پارێزەران ڕووبەڕووی تۆقاندن و مامەڵەی خراپ دەبنەوە. کەیسەکانی کە تیایاندا تۆمەتبارەکان لە ئۆپـۆزسیۆنن، ئەوا پـێشتر بڕیاریان لەسەردراوە، وە هەندێک جار تۆمەتبارەکان بەرتیلیان داوە بە کاربەدەستانی دادوەری و داواکارانی گشتی. بەپـێی توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەسەڵاتدرانی ڕژێم لە ماوەی ساڵەکەدا بە لایەنی کەم 1730 کەسیان دەستگیرکردووە کە تیایاندایە لە ڕێکخراوە ناحکومیـیەکانە ، چالاکوانی سیڤیلە ، ڕۆژنامەوانە ، کەسایەتی ئاینیە ، کارمەندی فریاگوزاریە ، کارمەندانی تەندروستی. * زیندانیان و گیراوە سیاسییەکان: ڕاپـۆرتی زۆر کراون لە بارەی زیندانیان و دەستگیراوانی سیاسی. ناوەندی سوریایی بۆ ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین (المركز السوري للإعلام وحرية التعبير) دەڵێت ڕژێم بەردەوامبووە لەوەی بە بەرنامە خەڵکی سیڤیل دەستگیردەکات. ئەو کەسانەی زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە ئەوانە بوون کە وەک بەرهەڵستکاری ڕژێم لێـیان دەڕوانن، لەوانە خۆپـیشاندەرانی ئاشتیخواز و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و جودابیرە سیاسیـیەکان و خێزانەکانیان. چوار دەزگا هەواڵگریـیەکەی ڕژێم (هێزی ئاسمانی، لەشکری، ئاسایشی سیاسی، ئاسایشی گشتی) لە زۆربەی حاڵەتەکانی دەستگیرکرن و دەستبەسەرکردن بەرپـرسبوون. دەسەڵاتداران بەردەوامبوون لە ئاشکرانەکردنی زانیاری سەبارەت بە ژمارە یان ناوی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی سیاسی یان ئاسایشی دەستگیرکراون. گروپەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پـزیشک و کارمەندانی مرۆیی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانان لە نێو دەستگیرکراوەکاندان. ڕاپـۆرتەکان دەڵێن بارودۆخی زیندانیانی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی، بە تایبەتی ئەوانەی بە ئەندامێتی لە ئۆپـۆزسیۆن تۆمەتبارکراون، هێشتا زۆر خراپترە لە تاوانبارانی ئاسایی. بەپـێی ڕێکخراوە ناحکومیـیە خۆجێـیەکان، دەسەڵاتداران بە مەبەست زیندانیانی سیاسی دەخەنە نێو ئەو زیندانانەی پـڕن لە تاوانبارانی ئاسایی، وە بە مەبەست ئازاری دەروونی و جەستەیی دەدرێن و لەسەر ئاستێکی فراوان ئەشکەنجە دەدرێن. زیندانیـیە سیاسیـیەکان وتویانە زۆر جار بەهۆی کەمی جێگای نووستن لەسەر زەوی خەوتوون، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام دەیانپشکنن. بەپـێی ڕاپـۆرتی کەسوکاری زیندانیان، بە تایبەتی "خێزانەکان لە پـێناو ئازادی" ، دەسەڵاتداران ڕێگەیان نەداوە بە زۆرێک لە زیندانی سیاسی کەسوکاریان یان پارێزەرەکانیان ببینن. هەندێک لە دەستگیرکراوەکان و چاودێرانی مافی مرۆڤ دەڵێن ڕژێم ڕێگەی بە زیندانی سیاسی نەداوە بخوێنەوە، لەوانە خوێندنەوەی قورئان، وە ڕێگەی لێگرتوون نوێژ بکەن. * گەڕاندنەوەی موڵک هێزەکانی ئاسایشی سەر بە ڕژێم بە شێوەیەکی ڕۆتینی دەستدەگرن بەسەر موڵک و شت‌ومەک و ئامێرە ئەلیکترۆنیـیەکانی ئەو کەسانەی دەستگیریان دەکەن. بەپـێی یاسا موڵکی گواستراو و نەگواستراوی کەسانی تاوانبار بە تێرۆرزم دەستیانبەسەردادەگیرێت، ئەمەش یاسایەکە لەوەتای ساڵی 2012 وە بۆ نەیارانی سیاسی و دەستگیراوانی دیکە بەکاردەهێنرێت. بەپـێی یاسا دەبێت هێزە ئاسایشیـیەکان ئەو شت‌ومەکانە بنووسن کە لە دەستگیراوەکانی دەسێنن، ئەمەش بۆ ئەوەی کە ئازاددەکرێن بیاندەنەوە، بەڵام زۆر جار دەسەڵاتداران شت‌ومەکەکانیان نادنەوە. بەپـێی ڕاپـۆرتە میدیایـیەکان و چالاکوانان، هێزەکانی ڕژێم دەستیانگرتووە بەسەر موڵک و ماڵی ئەو خەڵکەی ئاوارەبوون. دادگا لەشکریـیەکانیش دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەو موڵکانە بدەن کە کەس ئیدیعای خاوەندارێتیان نەکات، بۆیە ڕێگەیەکی یاسایـیان هەیە بۆ بردنی موڵکی ئەو خەڵکەی ئاوارە و پەنابەر بووە. دۆخەکە هێندەی دیکە ئاڵۆزبووە بەهۆی لەناوچوونی تاپـۆی زۆرێک لەو موڵکانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپـۆزسیۆن بوون لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی 2011 . هەروەها ڕاپـۆرت کراوە گروپە چەکدارەکانیش دەستیانگرتووە بەسەر موڵک و ماڵی دانیشتوان. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI لە مانگی نۆ ڕاپـۆرتی کردووە و تیایدا دەڵێت لە عەفرین و سەری کانی بە بەرنامە موڵک و ماڵی خەڵکی تاڵانکراون و دەستیانبەسەرداگیراوە لە لایەن لەشکری نیشتمانی سوریا SNA . دەشڵێت چەکدارانی ئۆپـۆزسییۆنی سوریا و خێزانەکانیان دەستیانگرتووە بەسەر ماڵی ئەو خەڵکە سیڤیلەی کە بە پلەی یەک کوردن و هەڵهاتن یان لە ڕێگەی هەڕەشە و زۆرداری و کوشتن و ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردن لە کۆتایـیدا ناچارکران ماڵەکانیان جێبهێڵن. کۆمیتەکە باس لەوەش دەکات قوتابخانە و کۆمپانیا و ئامێرە کشتوکاڵیـیەکانیش بە تاڵان براون. * پـێشێلکارییەکان لە قەیرانە ناوخۆییەکاندا ڕژێم و میلیشیاکانی لایەنگری وەکو هێزەکانی بەرگری نیشتمانی و گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن و هێزەکانی سوریای دیموکرات و گروپە توندەڕەوەکانی وەکو هەیئەت تەحریر ئەلشام و داعش و گروپە تێرۆرستیـیە بیانیـیەکانی وەکو حزبوڵڵا، هەموویان بە درێژایی ساڵەکە بەردەوامبوون لە شەڕکردن. حکومەتەکانی ڕووسیا و تورکیا و ئێران، ئەوانیش بەشداریـیان لە شەڕەکاندا کردووە و پشتیوانیان لەو گروپە چەکداریانە کردووە کە لە وڵاتەکەدا شەڕدەکەن. خراپـترین پـێشێلکاری و دەستدرێژیکردنە سەر مافەکانی مرۆڤ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕژێم بە بەرنامە سەلامەتی و خوشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی پشتگوێ خستووە. هەتا مانگی نۆ، زیاتر لە 5.5 ملیۆن پەنابەری سوریایی لەلایەن کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە وڵاتانی دراوسێ تۆمارکراون، و زیاتر لە 6.6 ملیۆن کەسیش لە ناوخۆی وڵاتەکە ئاوارەبوون، لەگەڵ ئەوەدا مەزەندەی کردووە 11.1 ملیۆن کەس پـێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەبێت، لەوانە 1.1 ملیۆن کەس لەو ناوچانەی گەمارۆدراون و قورسە یارمەتیان بۆ ڕەوانەبکرێت. ڕووسیا و ئێران و تورکیا لە ماوەی ساڵەکەدا بەشداربوون لە شەڕی سوریا. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI ، ڕووسیا بە بەرپـرسیار دادەنێت لەو هێرشە ئاسمانیـیانەی بە درێژایی ساڵەکە کرانە سەر باکوری ڕۆژئاوای سوریا. هەروەها شایەتحاڵان و چاودێرانی مافی مرۆڤی خۆجێی ڕاپـۆرتیان کردووە کە لە 16 ی مانگی دە لە عەین عیسا و لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانی تورکیا یان گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات کوڕێکی مێرمنداڵ کوژراوە و یەکێکی دیکە برینداربووە. ئەم ڕووداوە ناکۆکی لەسەرە. سەرچاوە فەرمیـیەکانی حکومەتی تورکیا دەڵێن لەو کات و شوێنەدا وەڵامی تەقەی دوژمنیان داوەتەوە کە ئەمەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەوەی تورکیا وتویەتی چوار هەتا شەش چەکداری یەپەگەی لە "جوڵە خستووە" ، ئەمەش دەستەواژەیەکە دەسەڵاتدارانی تورکیا بەکاریدەهێنن بۆ کوشتن یان بەدیلگرتن یان نەهێشتن چەکداری بەرامبەر لە مەیدانی شەڕدا. تورکیا یەپەگە بە لقی سوریای پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنێت کە لەلایەن ئەمەریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بیانی دانراوە. بەپـێی میدیاکان ، هێزەکانی یەپەگە تەقەیان لە هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن کردووە لە پاش ئەوەی تورکیا لە مانگی دەی ساڵی 2019 چووە ناو باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەروەها لە مانگی یازدە و دوازدەی ساڵی 2020 یش تەقەیان کردووە لە میانەی شەڕ لە دەوروبەری عەین عیسا، لەوانە لە نزیک شوێنی سیڤیل. لە ماوەی ساڵەکەدا باس لەوە کراوە گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات لە دەرەوەی یاسا خەڵکیان کوشتووە. بۆ نمونە ڕێکخراوی سوریایـیەکان لە پـێناو ڕاستی و دادپەروەری (سوريون من أجل الحقيقة والعدالة) STJ دەڵێت گروپی سوڵتان موراد لە مانگی پـێنج ئیبراهیم ئەلیوسفیان دەستگیرکردووە و کوشتوویانە پاش هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ وەرگرتنی سەرانە. لە مانگی هەشت، ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی و عەفرین پـۆست گوتیان چەکدارانی فەیلەق ئەلشام پـیاوێکی سیڤیلی ئێزیدی تەمەن 63 ساڵیان کوشتووە بە ناوی نوری جمۆ عومەر شەرەف پاش هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ وەرگرتنی سەرانە. هەروەها چاودێرانی مافی مرۆڤ باسیان لە مردنی چەند کەسێک کردووە لە ژێر ئەشکەنجەدان لە شوێنەکانی دەستگیرکردنی سەر بە فیرقەی ئەلحەمزە و پـۆلیسی لەشکری گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن SNA. لە ماوەی ساڵەکەدا حکومەتی کاتی سوریا، ئەوەی ئۆپـۆزسیۆن، ڕایگەیاند لیژنەیەکی لە ناو وەزارەتی بەرگری پـێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو پـێشێلکارینانەی دەڵێن کراون. حکومەتی کاتی بڕیاری دا یەکێک لە چەکدارانیSNA سزای زیندانی هەتاهەتایی بدات لەسەر کوشتنی هەڤرین خەلەف کەسایەتی سیاسی کوردی و سکرتێری گشتی پارتی ئایندەی سیاسی سوریا لە ساڵی 2019 ، وە کۆمەڵێک پـێشێلکاری دیکەی SNA لە میانەی ئۆپەراسیۆنی"کانی ئاشتی" . لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی کاتی سوریا بڕیاری حوکمەکەی ڕانەگەیاند و پاشان بۆ 10 ساڵ زیندانی کەمی کردەوە. گروپەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی ڕووداوەکان دۆکۆمێنت دەکەن دەڵێن بڕوایان بە حکومەتی کاتی نیـیە لەوەی دەڵێت لێپـرسینەوە لە پێشێلکاریـیەکان دەکات. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI و توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR و گروپی دیکەی مافەکانی مرۆڤ، ڕاپـۆرتیانکردووە چەند ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێنراو تەقێندراونەتەوە لە باکوری سوریا لە ناوچەکانی ژێر دەستی گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO، لە ئەنجامدا دەیان کەسی سیڤیل کوژراون. ئاماژە بەوە دەکەن لە ماوەی ساڵەکەدا هێرشەکان زیادیانکردووە. هاوکات بە شێوەیەکی گشتی کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕاناگەیەنێت، بەڵام کاربەدەستانی حکومەتی تورکیا دەڵێن زۆربەی ئەو هێرشانە گروپەکانی سەر بە پەکەکە ئەنجامیانداون. بەپـێی توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR، هەرچەندە داعش چیتر هیچ ناوچەیەکی گەورەی لە ژێر دەست نەماوە، بەڵام هێشتا چارەنووسی 8143 کەس نازانرێت کە لەوەتای ساڵی 2014 وە بە دەستی داعش دیارنەماون. مەزەندەدەکرێت 6 هەزار ژن و منداڵ لە نێو ئەو کەسانەدابن کە لە باکوری عێراق ڕفێندران، زۆربەیان ئێزیدین کە داعش بەرەو سوریای بردن و وەک کۆیلەی سێکسی فرۆشتنی یان ناچاری کردوون شوو بە چەکدارانی داعش بکەن یان وەکو دیاری دراون بە ڕێبەرانی داعش. ڕێکخراوی یەزدای ئێزیدیـیەکان دەڵێت زیاتر لە 3 هەزار ژن و منداڵی ئێزیدی لە دەستی داعش هەڵهاتوون یان لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا ڕزگارکراون یان لە دیلی ئازادکراون، بەڵام هێشتا نزیکەی 2800 کەسیان بێ سەروشوێنن. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI ڕاپـۆرتی کردووە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامن لە دەستگیرکردنی خەڵکی سیڤیل، لەوانە ژن و منداڵ، کە بەبێ هیچ تۆمەتێک دەستگیریانکردوون. توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەڵێت لەوەتای قەیرانی سوریا دەستیپـێکردووە لە ساڵی 2011 ، زیاتر لە 3 هەزار سوریایی کە 169 ژن و 602 منداڵیان لە نێودایە بێ سەروشوێنن پاش ئەوەی بە دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکران.تۆڕی SNHR و ڕێکخراوی سوریایـیەکان لە پـێناو ڕاستی و دادپەروەریSTJ ، دەڵێن ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی پارتەکانی ئۆپـۆزسیۆن و کەسانی سەر بە گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا SNA لە نێو ئەو کەسە سیڤیلانەدان کە دەستگیرکراون. لە هەندێک حاڵەت شوێنی دەستگیرکردنی ئەو خەڵکە نازانرێت. بۆ نمونە تۆڕی SNHR دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات لە مانگی سێی 2019 محەمەد موحسن ئیبراهیمیان لە ماڵەکەی لە دێرزور دەستگیرکرد، هێزەکانی سوریای دیموکرات هەتا مانگی نۆ هیچیان لە بارەیەوە ڕانەگەیاند هەتا ئەو کاتەی کەسوکاری زانیان لە زینداندا گیانی لەدەستداوە. هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامبوون لە ڕێگەدان بە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ICRC لەوەی بچنە ناو شوێنەکانی دەستگیرکردن هەتا چاودێری دۆخەکە بکەن و ڕاپـۆرتی خۆیان لە بارەیانەوە پـێشکەش بکەن. لە مانگی نۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هێزەکانیان کرابوون لە ڕاپـۆرتی کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI . کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ HRW و لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty International و چاودێرانی مافەکانی مرۆڤی سوریایی ڕاپـۆرتیان کردووە لەسەر ڕفاندن و دەستگیرکردنی خەڵکی بە دەستی گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO، لەوانە گروپەکانی (سوڵتان موراد، فەیلەق ئەلشامیە، فرقەت حەمزە، ئەلجەبهە ئەلشامیە، پـۆلیسی لەشکری SNA). توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەڵێت لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا چەکدارانی سەر بە ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات 185 کەسیان ڕفاندووە و دەستگیرکردووە. هەریەک لە کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI و ڕێکخراوی سوریایـیەکان لە پـێناو ڕاستی و دادپەروەری STJ و سەنتەری تۆمارکردنی پـێشێلکاریـیەکان VDC حاڵەتەکانی ڕفاندنی ژنانیان تۆمارکردووە کە لە عەفرین لەلایەن گروپەکانی TSO کراون، وە هەندێک لەو ژنانە ئەوا چەند ساڵە بێ سەروشوێنن. بەپـێی کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI ، ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO ، ڕەوشەکە ناسەقامگیربوون بەهۆی زیادبوونی شەڕی نێوان گروپەکان. زۆر جار ئەو کەسانەی لەلایەن گروپەکانی TSO ڕفێندراون، کوردن یان ئێزیدین یان چالاکوانن کە بە ئاشکرا ڕەخنە لە گروپەکانی TSO دەگرن یان کەسانێکن وەها لێـیان دەڕوانن سەر بە یەپەگە یان بەڕێوەبەرایەتی پـێشووی کوردی عەفرین بن.ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین و سەنتەری تۆمارکردنی پـێشێلکاریـیەکان VDC و میدیای عێراقی ڕووداو ڕاپـۆرتیان کردووە لە 27 ی مانگی دوو ئارین دیلێ حەسەن کە ژنێکی ئێزیدیە لە شاری عەفرین ڕفێندراوە. لەو بڕوایەدان لە زیندانی قەڵا لە ناوچەی باسوتەی عەفرین دەستگیرکرابێت. لە مانگی شەش "خێزانەکان لە پـێناو ئازادی" و هاوبەندیـیەک کە لە 11 گروپی دیکەی مافی مرۆڤ پـێکهاتووە ڕاپـۆرتیان کرد کە لە ئەنجامی شەڕێکی نێوان جەیش ئەلئیسلام و فرقەت ئەلحەمزە کە 3 کەسی سیڤیل کوژران، بە لایەنی کەم 8 ژن کە دەستگیرکرابوون و بێ سەروشوێنکرابوون لە بارەگایەکی فرقەت ئەلحەمزە دۆزرانەوە. هەروەها ڕاپـۆرتیش کراون کە گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن بە شێوەی ئەشکەنجەدان ئازاری جەستەیی خەڵکیان داوە. بە پـلەی یەکەم ئەوانەیان کردووەتەوە ئامانج کە بەکرێگیراو و هاوکاری ڕژێم بوون لەگەڵ ئەوانەشی لە میلیشیاکانی ڕژێم بوون یان لە گروپە چەکدارەکانی ڕکابەریان بوون. توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەڵێت لە نێوان 2011 وە هەتا مانگی شەش، زیاتر لە 43 حاڵەتی مردنی ئاکامی ئەشکەنجەدان بە دەستی گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن ڕوویانداوە، زیاتر لە 26 حاڵەت بە دەستی گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام (یەکێکیان منداڵ بووە)، زیاتر لە 33 حاڵەت بە دەستی داعش (منداڵێک و 13 ژن لە نێوانیاندا بوون)، 52 حاڵەت بە دەستی هێزە کوردیـیەکان. هێزەکانی سوریای دیموکراتیش دەستیان هەبووە لە چەندین حاڵەتی ئەشکەنجەدان. توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەڵێت هەسەدە ئەشکەنجەی بەکارهێناوە وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لە کاتی لێکۆڵینەوەدا. توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا لە 29 ی مانگی یەک ڕاپـۆرتی کردووە کە ئاگادارکراوەتەوە لەوەی فەجر ئیبراهیم لە پاش ئەوەی لە مانگی دووی 2020 لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکرابوو لە ئەنجامی پشتگوێخستنی باری تەندروستی گیانی لەدەستداوە. هەروەها توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا دەڵێت کەسێک بە ناوی مەعاز محەمەد ئەلکال کە خەڵکی ڕەققەیە، لە مانگی دوو دەستگیرکرابوو لەسەر ناردنی پارە بۆ خێزانەکانی سەر بە داعش. دەڵێن لە زینداندا لە ژوری تاکە کەسی دانرابوو و خواردنیان نەداوەتێ و بۆ چەند ڕۆژێک لێـیدراوە و ئەشکەنجە دراوە. توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا باسی لەوەش کردووە لە مانگی سێ ڤیدیۆیەکی کامێرای چاودێری زیندانی غویرانی حەسەکەی دەستکەوتووە کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیکراوان خراونەتە ژورەکانەوە. لە مانگی نۆ کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI، ڕاپـۆرتی کردووە چەند حاڵەتێکی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕوویانداوە. هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پـرۆتۆکۆلەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەشکەنجەدان بەکارناهێنرێت وەک تەکنیکێک بۆ لێپـرسینەوە، وە دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە لەو حاڵەتی ئەشکەنجەدانانەی کۆمیتەی COI ئاماژەیان پـێکردبوون. لە مانگی نۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات گوتیان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو تۆمەتانەی لە ڕاپـۆرتی کۆمیتەکە ئاڕاستەی هێزەکانیان کراون. بەپـێی توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR ، لە ڕاپـۆرتی مانگی شەش لە بارەی ئەشکەنجەدان لە سوریا دەڵێت گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام HTS بەردەوامە لەسەر دەستگیرکردن و ڕفاندنی ڕۆژنامەوان و جودابیرە سیاسیـیەکانی، لەوانە عومەر ئەلعیس کە چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤە لە زیندانی عوقاب بۆ ماوەی 126 ڕۆژ دەستگیریان کردبوو و لە زیندانی تاکە کەسی هێشتبوویانەوە. عومەر پاش ئازادکردنی گوتویەتی هەموو ڕۆژێک گوێی لە دەنگی ئەشکەنجەدان بووە. لە مانگی چوار چەکدارانی هەیئەت تەحریر ئەلشام لە شارۆچکەی سەرمینی ڕۆژهەڵاتی شاری ئیدلیب کەسێک بە ناوی حەسەن ساڵح عەباس دەڕفێنن، خێزانەکەی گوتویانە لە 20 ی مانگی چوار زانیاریان پـێگەیشتووە کە ئەشکەنجەیان داوە هەتا گیانی لەدەستداوە. گروپەکانی مافی مرۆڤ بەردەوامن لە ڕاپـۆرتکردن لە بارەی هەیئەت تەحریر ئەلشام کە بە فەرمی ئیدانەی علمانیەت دەکات و بە شێوەیەکی ڕۆتینی لەو ناوچانەی لە ژێر دەستیدان ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان و خەڵکی دیکەی سیڤیل دەستگیردەکات کە پـێی پـێچەوانەی شەریعەت و ڕێساکانی ڕەفتاریان کردووە. هەروەها لە دادگاکانیان ڕێگەیان لە تۆمەتبارەکان گرتووە داکۆکی لە خۆیان بکەن و تانە لە بڕیارەکانیان بگرن. لە هەمان کاتدا ڕێگەیان داوە لە ژێر ئەشکەنجەدان دانپـیادانان (ئیعتراف) بە خەڵکی بکەن، کەسانی جودابیری سیاسی و خێزانەکانیان بێ سەروشوێن بکرێن و لەسێدارە بدرێن، بە زۆر خەڵکی سیڤیلی عەلەوی و دروزی ناچاربکرێن ئاینی خۆیان بگۆڕن، وە ئەوەی ڕەتیبکاتەوە ئەوا دووچاری دەستگیرکردن و بێ سەروشوێنکردن دەبێت. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI و ئۆفیسی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ OHCHR و گروپەکانی مافی مرۆڤ ڕاپـۆرتیان کردووە کە لەوەتای مانگی یەکی ساڵی 2018 وە، گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO هەستاون بە ئەشکەنجەدان و کوشتنی خەڵکی سیڤیل لە عەفرین و لەوەتای مانگی دەی ساڵی 2019 وە هەمان تاوانیان کردووە لەو ناوچانەی لە میانەی ئۆپەراسیۆنی"کانی ئاشتی" تورکیا دەستیان بەسەریانداگرتوون. کۆمیتەی COI لە مانگی سێ ڕاپـۆرتی کردووە هۆکاری گونجاو هەن بۆ ئەوەی بڕوابکرێت گروپە چەکدارەکانی لە ژێر ناوی لەشکری نیشتمانی سوریادان تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە لە عەفرین و ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" ، ئەویش بە گرتنی بارمتە و مامەڵەی رەق و خراپ و ئەشکەنجەدان. کۆمیتەی COI لە مانگی نۆ ڕاپـۆرتی کردووە، گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO ، مێرمنداڵانیان ئەشکەنجەداوە و لاقەیانکردوون لەو شوێنانەی خەڵکی تیایدا دەستگیردەکەن، لەگەڵ ئەوانەشدا ئازادیـیانە لە ناوچەکانی عەفرین و سەری کانی نەهێشتووە. سەنتەری تۆمارکردنی پـێشێلکاریـیەکانVDCو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆجێی لە مانگی حەوت ڕاپـۆرتیان کردووە گروپی فیرقەت حەمزەی سەر بە لەشکری نیشتمانی سوریا لە مانگی یازدەی 2019 کەسێکیان دەستگیرکردووە بە ناوی مەحمود حەسەن عومەر تەمەن 27 ساڵ کە خاوەن پـێداویستی تایبەتە. ئەم کەسە هەوڵی دابوو بگەڕێتەوە ماڵەکەی بەڵام بێ سەروشوێنیان کرد و ئەشکەنجەیان دا هەتا مرد. کۆمیتەی COI و ڕێکخراوە ناحکومیـیە نێودەوڵەتیـیەکان و سوریایـیەکانی وەک ڕێکخراوی سوریایـیەکان لە پـێناو ڕاستی و دادپەروەری (سوريون من أجل الحقيقة والعدالة) STJ ، بە درێژایی ساڵەکە ڕاپـۆرتیان کردووە گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO ، تاڵانیانکردووە و ماڵی خەڵکی سیڤیل و شوێنی ئاینیـیان تێکداوە، بە تایبەتی ماڵی کورد و ئێزیدیـیەکان، ئەمەش بووە مایەی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆریخەڵکی سیڤیل. هەروەها ڕاپـۆرت کراوە گروپە چەکدارەکانی TSO بەردەوامبوون لەوەی ڕێگە نەدەن بەو خەڵکە سیڤیلەی گڕاونەتەوە ماڵ و موڵکیان وەربگرنەوە و پـێیان وتوون بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە یەپەگە بۆیان نیـیە لە ناوچەکەدا بژین. دەستیانگرتووە بەسەر ماڵاندا و لەسەر دیواری دەرەوەی ماڵەکان نیشانە و ناوی گروپەکانیان نووسیوە و پاشان بەکارهێنراون وەک شوێنکی چەکداری بۆخۆیان یان داویانن بە چەکدار و خێزانەکانیان. زۆرێک لە ڕێکخراوەکان، لەوانە STJ و VCD و al-Monitor ، دەڵێن گروپەکانی TSO وەکو فیرقەت ئەلحەمزە و سوڵتان موراد دەستیانگرتووە بەسەر ئامێری کشتوکاڵی و تانکەری ئاو و شتی دیکەی خەڵکی لە سەری کانی، پاشان شتەکانیان بە خاوەنەکانیان فرۆشتووەتەوە. هەروەها ڕاپـۆرت کراوە فرقەت ئەلحەمزە و ئەحرار ئەلشەرقیـیە دەستیانگرتووە بەسەر ماڵ و عیادەی خەڵکی، پاشان بە کرێ داویانەتەوە بە خاوەنەکانیان. کۆمیتەی COI و ڕێکخراوی میدیایی The Syria Report و ڕێکخراوی STJ ، لە مانگی هەشت و نۆ ڕاپـۆرتیان کردووە ئەنجومەنی بەڕێوەبەردنی سەری کانی، ئەوەی ئۆپـۆزسیۆن، دەستیگرتووە بەسەر 2 موڵک کە خاوەنەکانیان کوردن، وە ڕێکخراوێکی ناحکومی تورکی بە ناوی "دامەزراوەی بەهاناچوونی مرۆیی" هەردوو موڵکەکەی کردووە بە سەنتەرێکی ئاینی. خاوەنی هەردوو موڵکەکە داوایان لە ئەنجومەنەکە کردبوو قەرەبوویان بکاتەوە، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە. پاشان لە مانگی شەش فەرمانڕەوای پارێزگای سانلی‌ئورفەی تورکیا لە مەراسیمێکدا قردێلەی کردنەوەی یەکێک لەو دوو سەنتەرەکەی بڕی. گروپەکانی TSO بەردەوامبوون لەوەی ڕێگە نەدەن ئاو بگاتە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرەڕای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا. ئۆفیسی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ OHCHR لە مانگی نۆ ڕاپـۆرتی کرد گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کە لە سەری کانی کۆنترۆڵی وێستگەی ئاوی عەلۆک دەکەن بە بەردەوامی ئاوەکە دەگرنەوە، ئەمەش کاری کردووەتە سەر نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە شاری حەسەکە و ناوچەکانی دەوروبەری، بە ئاوارە لێقەوماوەکانیشەوە. بەپـێی ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان لە مانگی دەی 2019 هەتا مانگی هەشتی 2020 وێستگەی ئاوی عەلۆک بە ڕێژەی 55% ی کات ئاوەکەی بڕابوو بەهۆی ئەوەی گروپەکانی TSO ڕێگەیان نەداوە چاکبکرێتەوە یان بە مەبەست ئاوەکەیان گرتووەتەوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا ئیدیعای ئەوەیان کردووە هۆکاری کارنەکردنی وێستگەکە لە ئەنجامی نەبوونی وزەی پـێویستی کارەبا بووە کە لە وێستگەیەکی کارەبای ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆی دێت، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان ئەو ئیدیعایە ڕەتدەکەنەوە. کۆمیتەی COI لە مانگی نۆ ڕاپـۆرتی کردووە ئەندامانی SNA لە ناوچەی عەفرین شوێنی ئاینی و ئاسەواری مێژوویـیان وێرانکردووە و تاڵانکردووە، لەوانە مەزار و گۆڕستانی ئێزیدیـیەکان و ئەو شوێنانەی لەلایەن یونیسکۆوە داوای پاراستنیان کراوە. لە مانگی چوار ڕێکخراوی ناحکومی ئێزدینا دۆکۆمێنتی کردووە مەزارە ئێزیدیـیەکان لە عەفرین بە دەستی TSO وێرانکراون، لەوانە مەزاری شێخ جونەید و شێخ حسێن و گلخان و شێخ ڕکاب. ڕێکخراوی ناحکومی Bellingcat ، لە مانگی حەوت ڕاپـۆرتی کردووە چەند مەزارێکی ئێزیدی لە عەفرین وێرانکراون، لەوانە گۆڕی قیبار. هەروەها ئەو ڕێکخراوانە ڕاپـۆرتیان کردووە گروپەکانی TSO ڕێگەیان بە ئازادی ئاینی نەداوە و ئێزیدیـیەکانیان هەراسانکردووە. * ئازادی ئەنجامدانی گردبوونەوە و خۆپـیشاندان دەستور ئازادی گردبوونەوە و خۆپـیشاندانی ئاشتیانەی دەستەبەرکردووە، بەڵام یاسا دەسەڵاتێکی زۆری بە حکومەت داوە بۆ سنووردارکردنی ئەم ئازادیـیە. بەپـێی یاسا دەبێت بۆ هەر گردبوونەوەیەک کە لە 3 کەس زیاتربێت دەبێت پـێشتر مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ وەربگیرێت. بەڵام ئەم وەزارەتە تەنیا مۆڵەتی بەو خۆپـیشاندانانە داوە کە ڕژێم یان گروپەکانی لایەنگری و پارتی بەعس داوای ئەنجامدانیان کردبوون. فریدم هاوس دەڵێت دانیشتوانی سوەیدای باشوری وڵاتەکە لە مانگی یەک لە ڕێگەی فەیسبوکەوە لە ژێر دروشمی "دەمانەوێت بژین" داوای ئەنجامدانی ناڕەزایـیان کردبوو لە دژی گەندەڵی و خراپی باری ئابوری ناوچەکەیان کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدایە. زیادبوونی ناڕەزایـیەکان لە سوەیدا وەهای لە ڕژێم کرد لە مانگی شەش دەستبکات بە هەڵمەتێکی سەرکەوتکردن. هێزەکانی ئاسایشی ڕژێم و میلیشیاکانی کەوتنە لێدان و دەستگیرکردنی هەڕەمەکیانەی خۆپـیشاندەران. بەپـێی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و ڕاپـۆرتە هەواڵیـیەکان، پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD و یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG چەند جارێک لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵیاندایە ڕێگەیان نەداوە گردبوونەوە و خۆپـیشاندان ئەنجام بدرێن. بە درێژایی ساڵەکە دانیشتوانی دێرزور ناڕەزایـیان دەربڕیوە لەسەر ئەوەی گوایە کاربەدەستانی هەسەدە SDF گەندەڵیان کردووە و هەروەها نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەکی، وە بە زۆرملێ گەنجان کراون بە چەکداری هەسەدە SDF ، نەدانی زانیاری لە بارەی ئەو کەسانەی بە گومانی پەیوەندی بە داعش دەستگیردەکرێن. بە شێوەیەکی گشتی ناڕەزایی لە هەموو ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدراون لە بارەی کۆمەڵێک بابەتی جیاجیا بەبێ دەستێوەردانی دەسەڵاتدارانی خۆجێی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR ڕاپـۆرتی کردووە ژمارەیەک لە ئەندامانی SDF تەقەیان لە خۆپـیشاندەران کردووە لە گوندی محێمیدە لە دێرزور و کەسێکیان کوشتووە بە ناوی نەجم حسێن ئەلعەتوان، وە لە ئەلشحێل و ئەلحوایج 28 کەسی سیڤیلیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکیانە دەستگیرکردووە لە پاش ئەنجامدانی خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لەو دوو ناوچەیە. هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاپـۆرتی کردووە ئەو کەسەی تەقەی کردبوو و خۆپـیشاندەرێکی کوشتبوو، دەستگیریانکردووە و دادگایـیانکردووە. * گرفتی بێ ڕەگەزنامە لە پاش سەرژمێری ساڵی 1962، نزیکەی 150 هەزار کورد ڕەگەزنامەی خۆیان لەدەست دا. بەپـێی بڕیارێکی تەشریعی لە ڕۆژێکی ساڵی 1962 و بەبێ ئەوەی پـێشتر خەڵکی ئاگاداربکرێنەوە سەرژمێری بۆ دانیشتوانی پارێزگای حەسەکە کرا. هەر کەسێک بەڵگەنامەی نەبووایە بیسەلمێنێت خۆی یان باوکی بەر لە ساڵی 1945 لە سوریا بووە ئەوا ڕەگەزنامەی خۆی لەدەست دەدا. حکومەتی ئەو کاتە دەیگوت بڕیارەکەی لەسەر بنەمای ئەوەیە کۆچبەری نایاسایی کورد لە وڵاتانی دراوسێ، لەوانە لە تورکیاوە لە ساڵی 1945 هاتوونەتە حەسەکە و بە ساختەکاری خۆیان وەک هاوڵاتی سوریایی تۆمارکردووە. بەهۆی ئەمەوە ئەو کوردانە و نەوەکانیان ڕەگەزنامەیان لەدەست دا و لە خزمەتگوزاریـیەکانی حکومەت بێ‌بەش کران، لەوانە خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن، وە لەگەڵیدا ڕووبەڕووی مامەڵەی جیاوازی کۆمەڵایەتی و ئابوری بوونەوە، لەوانە بۆیان نیـیە ببنە خاوەن موڵک، وە بەهۆی نەبوونی ڕەگەزنامە پاسپـۆرتیشیان نادرێتێ هەتا گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن. لە ساڵی 2011 ، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بڕیارێکی دەرکرد کە ڕێگە دەدات ئەو کوردانەی لە حەسەکەن و ڕەگەزنامەیان نیـیە و ئەوانەشی وەک بیانی تۆمارکراون، دەتوانن داوای ڕەگەزنامەی سوری بکەن. ڕوون نیـیە ژمارەی ئەو کوردانە چەندە کە سوودیان لەو بڕیارە وەرگرتووە. کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR ڕاپـۆرتی کردووە نزیکەی 40 هەزار کەس لەو کوردانە هێشتا ناتوانن ڕەگەزنامەیان دەستبکەوێت. بە هەمان شێوە بڕیارەکە نزیکەی 160 هەزار کوردی تۆمارنەکراوی بێ ڕەگەزنامەی نەگرتەوە. ......................................   لەبارەی ڕاپـۆرتەکەی ئێران کە لە 66 لاپەڕە پـێکهاتووە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتی ساڵی 2020 دا سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمارێکی تیۆکراتیکی دەسەڵاتخوازە بە سیستەمێکی سیاسی ئیسلامی- شیعە کە لەسەر بنەمای ''ولایەتی فەقی'' دامەزراوە. مەلاکانی ئێران و بە تایبەت ڕێبەری ئێران بەسەر هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتەدا زاڵن. هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە لە ساڵی 2017 ئەنجامدران و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانیش کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا ئەنجامدرا، بە شێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوەنەچوون. ڕێبەری باڵای ئێران دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەموو دامەزراوەکانی ئاسایش و ئەمنیدا هەیە. چەندین دەزگا بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیان لە ئەستۆدایە، لەوانە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و هێزەکانی ئینتیزامی کە لە ژێر وەزارەتی ناوخۆدان و ڕاپۆرتی خۆیان دەدەنە سەرۆک کۆمار و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە ڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەری ئێراندایە، هەروەها ڕێکخراوی بەسیج کە گروپێکی خۆبەخشی سەربازین و لە سەرانسەری وڵاتدا هەندێک جار وەک یەکەیەکی جێبەجێکردنی یاسا یارمەتی ‌هێزەکانی سوپای پاسداران دەدەن. ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە درێژایی ساڵ بەشدارن لە پـێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤدا. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر لە ئێران پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام دەدەن، بەڵکو لە سوریا لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی سەربازی هێزەکانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا و هێزەکانی حیزبوڵای لوبنان و هەروەها لە عێراق لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و لە یەمەنیش لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی لە حوسیەکانەوە، لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتانەشدا دەست هەیە. * پرسە گرنگەکانی مافی مرۆڤ کە لە ئێران پێشێل‌دەکرێن بریتین لە: • کوشتنی نایاسایی و لەسێدارەدانەکان بە بیانووی هەندێک تاوان کە بە پێی ستاندارد و پێناسەی یاسای نێودەوڵەتی بەشێک نین لە "تاوانە مەترسیدارەکان" ، وە تۆمەتباران بەبێ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە لە سێدارە دراون، بە تایبەتی لە سێدارەدانی نەوجەوانان. • دەستبەسەرکردنی بە زۆر و ئەشکەنجەدان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، بە تایبەتی بەکارهێنانی سیستماتیکی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و دروستکردنی بارودۆخی سەخت بۆ زیندانیان و هەڕەشە لە ژیانی سەدان زیندانی سیاسی دەستبەسەرکراو. • کێشەی سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی دادوەری، بە تایبەتی دادگاکانی شۆڕش ئێسلامی. • دەستێوەردانی نایاسایی لە ژیانی تایبەتی هاوڵاتیان و سنووردارکردنیان. • چاودێری قورس لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنی و ئینتەرنێت لە ڕێگای توندوتیژی، دەستگیرکردن و دادگایـیکردنی بێ هۆکاری ڕۆژنامەنووسان و داخستنی ماڵپەڕەکان و دروستکردنی بوختان بۆیان. • دەستێوەردان و سنووردارکردنی کۆبوونەوەی ئاشتیانە و ئەنجومەنەکان. • سنوردارکردنی ئازادی ئایین و سنوردارکردنی بەشداری سیاسی. • بوونی گەندەڵییەکی بەربڵاو لە هەموو ئاست و کەرتێکی حکومەتدا. • لەبەرچاونەگرتن و پشتگوێخستنی توندوتیژییەکان لە دژی ژنان. • وەرگرتنی نایاسایی منداڵانی سەرباز لە لایەن بەڕێوەبەرانی حکومەتەوە بۆ پشتگیری لە ڕژێمی ئەسەد لە سوریا و بازرگانیکردن بە مرۆڤەکانەوە. • توندوتیژی بەرامبەر کەمایەتییە نەتەوەییەکان( ئەتنیکیەکان) و کەمایەتییە ڕەگەزییەکان(LGBTQ+) حکومەت تاکو ئێستا بە شێوەیەکی کاریگەر هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و سزادانی ئەو بەرپرسانەی کە ئەم پێشێلکارییانەیان ئەنجامداوە. زۆربەی پێشێلکارییەکان وەک بەشێک لە سیاسەتی حکومەت ئەنجامدراون، وەک کوشتنی لانی‌کەم 304 کەس لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی مانگی یازدەی ساڵی 2019 دا. * لە سێدارەدانی ناڕەوا: دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیانداوەتە کوشتنەگەلێکی ناڕەوا و نایاسایی کە مەبەستی سیاسی لە پشتەوە بووە. بە وتەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ئێراندا، حکومەت ژمارەی تەواوی لەسێدارەدانەکانی ئاشکرا نەکردووه و نزیکەی 60 لە سەدی لەسێدارەدانەکانی باس نەکردووە. بەپـێی ئامار و ڕێژەی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی ساڵی 2020 دا نزیکەی 200 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، بەڵام حکومەت بە فەرمی تەنیا 36 دانە لە سێدارەدانەکانی ڕاگەیاندووە. ڕوحوڵا زەم، بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی ئامەد نیوز یەکێک لەو کەسانە بوو کە بە فریودان و لە کاتی گەشتکردنی بۆ عێراق لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دواتر برایەوە ئێران و لەسێدارەدرا. هەروەها بەپـێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، پاڵەوانی زۆرانبازی ئێران نەوید ئەفکاری و 35 زیندانی دیکە لە ماوەی ئەو ساڵەدا لەسێدارەدراون. هەروەها لە مانگی چواری ساڵی 2020 دا ڕێکخراوە ناحکوومییەکان باسیان لەوە کرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران موستەفا سەلیمی، زیندانی سیاسی کوردیان دوای هەڵهاتنی ناوبراو لە زیندان و ڕادەستکردنەوەی لە عێراق لەسێدارە داوە. هێزە ئەمنییەکان سەرەتا لە ساڵی 2003 دا سەلیمیان بە تۆمەتی " دژایەتی کردنی خودا " و بە هۆی ئەندامێتی لە حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی کورددا دەستگیر کردبوو. ڕۆژی 27 ی مانگی سێ سەلیمی لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایـیەکان کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە زیندانەکانی ئێراندا سەریانهەڵدابوو، لە زیندانی شاری سەقزدا هەڵهات و لە ڕێگای بەزاندنی سنووری ئێرانەوە دەڕواتە هەرێمی کوردستانی عێراق و لەوێ پێش ئەوەی دەرفەتی داواکردنی مافی پەنابەری بۆ بڕەخسێت، ڕادەستی ئێران دەکرێتەوە و دواتریش لەسێدارە دەدرێت. هەروەها حکومەت بەردەوام بووە لە جێبەجێکردنی لە سێدارەدانی ئەو تاکانەی کە پێش تەمەنی 18 ساڵ تاوانەکەیان ئەنجام دابوو. لە مانگی چواردا پسپۆڕانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو 90 کەسەی کە لە ڕیزی مەرگدان و دەوترێت تاوانەکەیان لە تەمەنی پێش 18 ساڵییەوە ئەنجامدابوو. شایان سەعیدپور، زیندانی کورد یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە سێدارەدرا. سەعیدپور لە مانگی سێدا بە هۆی ناڕەزایـیەکانی ناو زیندانی ئێران کە بە هۆی کۆڤیدی نوزدە سەریانهەڵدابوو، توانی هەڵبێت، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک ناوبراو دەستگیر دەکرێتەوە و بە تاوانی کوشتنی کەسێک لە ساڵی 2015دا کە لەو کاتەدا ناوبراو تەمەنی 17 ساڵ بوو، لە سێدارە دەدرێت. جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە مانگی حەوتدا لە بارەی ڕەوشی مافی مرۆڤی ئێرانەوە، نیگەرانی خۆی بە قووڵی دەربڕیوە لە بارەی "نەبوونی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف و خێرا لە ڕووداوەکانی مانگی یازدەی ساڵی 2019دا. بەپـێی بەراوردەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕۆیتەرز، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نێوان 300 بۆ 1500 کەسیان لە سەرانسەری وڵاتدا کوشتوە لە دوای ئەو خۆپیشاندانانەی دژی بەرزبوونی نرخی سووتەمەنی ئەنجام دران. بەردەوام ڕاپۆرت کراوە حکومەتی ئێران ڕاستەوخۆ پشتیوانی ڕژێمی ئەسەدی کردووە لە سوریا ، بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و دواتریش لە ڕێگای بەکرێگیراوانی شیعەی عێراقی و ئەفغانی و پاکستانی کە هۆکاربوون لە درێژکردنەوەی شەڕی ناوخۆ و مردنی هەزاران هاوڵاتی سیڤیل سوریایی لە ماوەی ساڵی 2020دا. هەروەها حکومەت ڕاستەوخۆ پشتگیری هەندێک میلیشیای سەر بە ئێرانی کردووە کە لە ناو عێراقدا کاردەکەن ، لەوانە ڕێکخراوی تێرۆریستی کەتائیبی حزبوڵا کە بەپـێی ڕاپۆرتەکان دەستی هەبووە لە لەسێدارەدان و بێسەروشوێنکردنی خەڵکێکی زۆر و هەروەها پێشێلکاریـیەکانی تری مافی مرۆڤ بەرامبەر بە خەڵکی سیڤیلی عێراق. لە ساڵی 2015 وە حکومەتی ئێران سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ پشتگیری لە حوسیەکانی یەمەن تەرخانکردووە و چەکی زۆر و زەوەندی پێ بەخشیون کە ئەوەش ناکۆکییەکانی زیاتر و درێژتر کردووەتەوە و حوسیەکان چەکی ئێرانییان بەکارهێناوە لە هێرشەکان لە دژی خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی سیڤیلی لە ناو یەمەن و هەم لە عەرەبستانی سعودیە. * بێسەروشوێنکردن: ڕاپۆرت کراوە لەسەر ڕفاندن بە مەبەستی سیاسی لە لایەن بەرپرسانی حکومەتەوە. هێزە ئەمنییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، پارێزەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانیان ڕفاندوە و دەستبەسەریانکردوون. لە مانگی پێنجدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتی کردووە لەسەر دیارنەمانی چوار زیندانیکراو کە سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، زیندانکراوەکانیش بریتین لە حوسەین سیلاوی، عەلی خەسرجی و ناسر خەفاجیان کە سێ زیندانی عەرەبی ئەهوازی بوون و هەروەها هیدایەت عەبدوڵاپور زیندانی کوردی ئێران. خێزانی ئەم زیندانیکراوانە مەترسیان هەیە لەوەی حکومەت بە نهێنی لەسێدارەی دابن. لە 31 ی مانگی سێدا، سیلاوی، خەسەرجی و خەفاجیان لە زیندانێکی شاری ئەهوازدا گواسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لە ڕۆژی 9ی مانگی پێنجیشدا، هیدایەت عەبدوڵاپور لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لەو کاتەوە بێسەروشوێنن. * ئەشکەنجە و کردەوەی تری دڕندانە و سزای نامرۆڤانە: هەرچەندە لە دەستووری ئێراندا ئەشکەنجە بۆ دانپێدانان قەدەغەکراوە، بەڵام ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە ئێران شتێکی باوە. حوسەین سێپەنتا لە زیندانی عادێڵ ئابادی شیراز لە کاتێکدا زۆر نەخۆش بووە لەلایەنئەو کەسەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کردووە بە توندی هێرشی کراوەتە سەر و دوای ئەوە ئەژنۆی تووشی نەخۆشی بووە. بە گشتی توندوتیژی سێکسی، لەسێدارەدانی درۆینە، بەکارهێنانی شۆکی کارەبایی، کێشانی نینۆکی دەست و پێ و لێدانی زۆر، حاڵەتە باوەکانی ئەشکەنجەدانن لە ئێراندا. * ڕەوشی گرتوخانە و زیندانەکان: دۆخی زیندانەکان بە هۆی کەمیی خۆراک، قەرەباڵغی زۆر و خراپی باری جەستەیی و کەمیی کەرەستە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان زۆر خراپە و ژیانی زیندانیانی خستووەتە مەترسییەوە. دۆخی زیندانەکان لە دوای سەرهەڵدانی کۆڤید-19 خراپتر بووە. بۆ نموونە سێ دەروێشی ژنی گۆنابادی کە لە ساڵی 2018وە لە زیندانی شاری ڕەی دەستبەسەرن، بە بەردەوامی لە دەستگەیشتن بە چاودێری پزیشکی دوورخراونەتەوە و لە دۆخێکی نامرۆڤانەدا هێڵراونەتەوە. ڕێکخراوە ناحکومیەکان چەندین جار راپۆرتیانداوە کە ئاو و خۆراک لە زیندانەکاندا پیسن و کەم و کورتیان تێدایە، زیندانەکان مشک و قالونچەی زۆری تێدایە و هەروەها پلەی گەرمای ناو زیندانەکان تاقەت پڕووکێنە و شوێنی نووستنیش زۆر کەمە. * دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و ناڕەوا: هەرچەندە دەستوری ئێران، گرتن و دەستبەسەرکردنی ناڕەوا و هەڕەمەکی قەدەغە دەکات، بەڵام لە ماوەی ساڵی2020دا زۆر جار ئەم کردەوەیە ڕوویداوە. پەیماننامەی مافەکانی هاوڵاتی سەرۆک حەسەن ڕۆحانی لە ساڵی 2016دا ئاماژە بە پاراستنی ئازادییە جۆراوجۆرەکان دەکات کە بریتین لە پاراستنی"ئاسایشی تاکەکان، موڵک، کەرامەت، دامەزراندن، پرۆسەی یاسایی و دادوەریی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هتد"، بەڵام حکومەت بڕگەکانی ئەم پەیماننامەیە جێبەجێ نەکردووە. * پرۆسەکانی دەستگیر و دەستبەرکردن و شێوەی ڕەفتارکردن لەگەڵ گیراوەکاندا: بە پێی دەستور و یاسای ئێران بۆ دەستگیرکردنی کەسێک پێویستە داوای فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسەکە دەربچێت و هەروەها دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا، دەستگیرکراو لەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی ئاگادار بکرێتەوە. بەڵام زۆر جار بەبێ ئاگادارکردنەوە و فەرمانی دەستگیرکردن خەڵک دەستگیرکراون و بۆ ماوەیەکی زۆر لە گرتووخانەکاندا هێڵراونەتەوە بەبێ ئەوەی تاوانبار بکرێن یان ناونووس بکرێن و تەنانەت مافی پەیوەندیکردن بە خێزانەکانیان و ئاگادارکردنەوەیان لێ قەدەغەکراوە. میرحوسەین مووسەوی و زەهرا ڕەهنەوەرد و مەهدی کەڕووبی لەو کەسانەن کە ڕژێمی ئێران بەبێ ئەنجامدانی پرۆسەی دادوەری بەردەوامە لە دەستبەسەرکردنیان لە ماڵەوە. هەروەها ئێران بەردەوام بووە لە دەستبەسەرکردنی دوو لەو کەسانە کە هاوڵاتی ئێران و وڵاتێکی دیکەن، واتە سیامەک نەمازی و عێماد شەرقی. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی نۆدا لە ئێران بە لایەنی کەم 7 هەزار کەس لە پەیوەندی بە خۆپێشاندانەکانی مانگی یازدەی 2019 دەستگیرکراون و هەتا مانگی هەشت لانی‌کەم 500 کەس لە ژێر لێکۆڵینەوەی تاواندابوون. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاترن لەو ژمارانە. * نەبوونی دادگاییەکی ڕەوای ئاشکرایانە: بەپـێی دەستوری ئێران دەسەڵاتی دادوەری دەبێت " دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بێت لە دەرەوەی هەموو جۆرە پەیوەندییەکی ناتەندروستەوە بێت. بەڵام سیستمی دادگای ئێران لە ژێرکاریگەری سیاسییە و دادوەرەکان "بەپـێی پـێوەرە ئایینیەکان" دەستنیشانکراون. وەلی فەقی سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران دەستنیشان دەکات، سەرۆکی دەزگای دادوەری و ئەندامانی دادگای باڵا و داواکاری گشتی پیاوانی ئاینین. چاودێرانی نێودەوڵەتی بە بەردەوامی ڕەخنەیان گرتووە لە سەربەخۆنەبوونی سیستمی دادوەری و دادوەرانی ئەو وڵاتە و پێیان وابووە کە دادگاکانی ئەو وڵاتە پێوانە نێودەوڵەتییەکانی دادپەروەرییان لەبەرچاو نەگرتووە. * پرۆسە و شێوەی دادگاییکردنەکان: بەپـێی دەستور و یاسا، تۆمەتبار مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەی هەیە و هەتا ئەو کاتەی تاوانباربوونی دەسەلمێت مافی ئەوەی هەیە دەستی بگات بە پارێزەری هەڵبژاردەی خۆی و هەروەها لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەدا کە سزاکەی گەورەیە مافی ئەوەشی هەیە داوای پێداچوونەوە بکات بۆ سزاکەی، بەڵام ئەم مافانە لە دادگاکانی ئێراندا ڕچاو نەکراون. چالاکوانانی مافی مرۆڤ راپـۆرتیان‌داوە لەسەر دادگاییکردنەکان کە تیایدا دەسەڵاتداران پێشوەخت حوکمەکانیان بۆ تۆمەتباران دیاریکردووە و تۆمەتباران دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە قبووڵی تۆمەتەکەی خۆیان بکەن یان ڕتی بکەنەوە یان پارێزەرەکانیان ببینن. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بە تاوانی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی تۆمەتبارکراون، یاسا هەڵبژاردنی پارێزەری بۆ سنووردار کردوون بۆ لیستێکی پەسەندکراوی حکومەت. هەروەها ڕاپۆرتکراوە کە وەزارەتی ئیتلاعات بڕیاردەرە لە سەر زۆرێک لە دۆسـیەکانی دادگای شۆڕش. زۆرێک لە دۆسیە گرنگە سیاسییەکان دەنرێننە ژمارەیەکی کەم لە لقەکانی دادگای شۆڕش کە زۆرجار دادوەرەکانی بێ ئەزموونن و سەربەخۆش نین. * دەستبەسەرکراوان و زیندانیانی سیاسی: ئاماری فەرمی سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لەسەر بیروباوەڕی سیاسی خۆیان زیندانی کراون لە بەردەستدا نییە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی یەکگرتنەوە بۆ ئێران، هەتا 18ی مانگی دە، 500 زیندانی بە هۆی بیروباوەڕیانەوە لە زیندانەکانی ئێراندا زیندانیکراون. وەک ڕەزا خەندان مەهابادی ، بەکتاش ئابتین ، ئاتێنا دائێمی کە لە زیندانەکانی ئێراندا زیندانین. بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام ئەو پارێزەرانەی دەستگیرکردووە کە بەرگرییان لە زیندانیانی سیاسی کردووە و بە هۆی کارەکەیانەوە سزای قورس دراون. * تۆڵەسەندنەوە بە مەبەستی سیاسی لە خەڵکی دەرەوەی وڵات: ئێران بە سوودوەرگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان لە دەرەوەی وڵات ڕەخنەگران و نەیارانی خۆی کردووەتە ئامانج. بۆ نموونە جەمشید شارمەد و حەبیب ئەسییود و ڕوحوڵا زەم لەو کەسانە بوون کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندران و برانەوە ناو ئێران. * ڕێکاری دادوەری مەدەنی بۆ قەرەبووکردنەوە: توانای هاوڵاتیان بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دادگاکان لە دژی حکومەت سەبارەت بە پـێشێلکاریـیە سیڤیلیەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ سنووردارە. * گەڕاندنەوەی موڵک: دەستوری ئێران ڕێگە بە حکومەت دەدات موڵک و ماڵێک کە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامیدا ناگونجێت دەستی بەسەردابگرێت و پێدەچێت حکومەت لە ڕێگای ئەم یاسایەوە کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکانی کردبێتە ئامانج. * دەستێوەردانی نایاسایی لە تایبەتمەندی، خێزان، ماڵ و نامە و پەیوەندییەکان: هێزە ئەمنییەکان چاودێری چالاکی هاوڵاتیانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردووە. چوونەتە ناو ماڵ و ئۆفیس و شوێنی عیبادەتکردنیان. چاودێری پەیوەندی تەلەفۆنی و پەیوەندییەکانی ئینتەرنێتیان کردووە. بەبێ مۆڵەتی دادگا نامەکانیان کردوونەتەوە. لە مانگی سێدا راپۆرت کراوە کە داتا و زانیارییەکانی 42 ملیۆن هەژماری تێلێگرامی ئێرانی دزەیان کردووە. تێلێگرام بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە داتاکان لە دوو بەرنامەی نافەرمی تێلێگرام دزەیان کردووە کە دوای قەدەغەی پلاتفۆرمی فەرمی تێلێگرام لەو ئێراندا بەناوبانگ بوون. هەروەها ڕاپۆرت کراوە کە هەردوو ئاپەکان پەیوەندییان بە حکومەت و گروپی هاکەرە ئێرانییەکانەوە هەبووە. * ئازادی ڕادەربڕین: دەسەڵاتداران ڕێگەیان بە تاکەکان نادەن ڕەخنە بگرن لە ڕژێمی ئێران، ڕێبەر، یان ئایینی فەرمی. هێزە ئەمنییەکان سزای ئەو کەسانەیان داوە کە ئەو سنوورانەیان بەزاندوە. ڕاپۆرتێکی مانگی حەوتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە بەردەوامی هەوڵەکانی حکومەت کردووە بۆ " سەرکوتکردنی " ئازادی ڕادەربڕین لەو وڵاتەدا. بەپـێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی "ڕۆژنامەگەری تاوان نییە" بەلایەنی کەمەوە 78 ڕۆژنامەنووس هەتا مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو لە زینداندابوون کە ئەم ڕێژەیەش زیاتر لەوەی ساڵی 2019 . * ئازادی ئینتەرنێت: حکومەت کێشەی لە هێڵەکانی ئێنتەرنێت دروستکردوە، بۆ نموونە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2019 دا نزیکەی هەفتەیەک ڕێگەی چوونە ناو ئینتەرنێتی پچڕاند و سنوورداری کرد. جارێکی تریش دووبارە لە کاتی نزیک بوونەوە لە یادێک بۆ ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا لە مانگی یازدەدا کوژران، ڕێگەی چوونە ناو ئینتەرنێتی خاو کردەوە. دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگەیشتنیان بە دەیان هەزار ماڵپەڕ، بە تایبەت ماڵپەڕە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان سنووردار کردووە و زۆر کەسیشیان بە هۆی چالاکی ئینتەرنێتیەوە دەستبەسەر کردووە. حکومەت پڕوپاگەندەیەکی فراوانی دیجیتاڵی هەیە کە لە ڕێگایەوە پشتگیری لە لایەنگرانی دەکات. پاش مردنی فەرماندەی هێزی سوپای قودس قاسم سولەیمانی، ژمارەیەک ئەکاونتی تویتەر کە لە ئێران جێگیرن، دەستیان کرد بە تویتکردن و بەکارهێنانی هاشتاگی وەک #توڵەسەندنەوەی قورس و هەروەها دانانی وێنەکانی سولەیمانی. * ئازادی ئەکادیمی و کۆنترۆڵکردنی بۆنە کولتورییەکان: ئێران ئازادی ئەکادیمی بە توندی سنووردار کردووە و ناهێڵێت بەهاییەکان لە قۆناغی باڵادا بخوێنن و ئەوانەش کە لە زانکۆ نافەرمییەکانی بەهاییەکان بە شێوەی ئۆنلاین دەخوێنن، هەراسانی کردوون. کونترۆڵی تەواوی بەشەکانی کولتوری و میدیایی دەکات. بەپـێی میدیا و ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان، بۆ نمونە دەسەڵاتداران فیلمساز موحەمەد رەسول ئۆف‌یان بانگکردووە بۆ تێپەڕاندنی ساڵێک سزای زیندان کە بەسەریدا سەپێندراوە. ناوبراو بە هۆی ناوەرۆکی فیلمەکانیەوە سزای ساڵێک زیندانی بۆ دەرکراوە. لە بواری مۆسیقادا دەسەڵاتداران هەروەها دژایەتی پەروەردە و فێرکردنی مۆسیقایان کردووە لە قوتابخانەکاندا . * ئازادی گردبوونەوە و خۆپـیشاندان: بەپـێی قسەی چالاکوانان حکومەت ڕێگری دەکات لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئەو کەسانەی بە دژی خۆیانی دەزانن، لە کاتێکدا کە لایەنگرانیان بە دەگمەن کێشەیان دەبێت بۆ گردبوونەوە و خۆپێشاندان. * ڕەوشی پەنابەران: بە گوێرەی گروپە جیاوازەکان و قسەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ سیستەمی ئێران بەردەوام بووە لە مامەڵەی خراپ لەگەڵ زۆرێک لە ئەفغانییەکان و ئازاری جەستەیی داون و هەندێکیانی ناچاری کردووە کە لە سوریا شەڕ بکەن. لە مانگی پـێنجدا باس لەوە کراوە کە پاسەوانانی سنووری ئێران دوای ئەوەی 57 کۆچبەری ئەفغانییان دەستبەسەرکردووە، دواتر بە زۆری چەک فڕەیانداونەتە ناو ڕووبارێکی سەر سنوور. بەڵام تاکو ئێستاش ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی ئەفغانستان و ئێران دیار نییە لەسەر ئەم بابەتە. * ئازادی بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا: مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ هەموو کەسێک یەکسان نییە، بۆ نمونە هەڵبژاردنەکانی مانگی دووی پەرلەمان گونجاو نەبووە لەگەڵ پێوانەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەدا. بە تایبەتی بە هۆی ڕۆڵی شورای نێگەهبانەوە کە کاندیدەکانی هەڵبژاردن دیاری دەکات. بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی ئەتڵانتیک، شورای نێگەهبان تەنیا 7296 کەسی هەڵبژاردووە لە کۆی 14500 کەس کە ناوی خۆیان تۆمارکردبوو بۆ هەڵبژاردنەکان. هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران لە بەردەم بەشداری سیاسی کەمینەکان و ژناندا، ئاستەنگی زۆری ئایینی و یاسایی و کولتوریان دروستکردوە. * گەندەڵی و نەبوونی ڕوونی و ئاشکرایی : بۆ نمونە کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران یەکێک لەو بەشانەن کە دەستیان لە گەندەڵییەکی زۆردا هەیە و چالاکیەکانیان زۆر جار نایاساییە. ئەو کۆمپانیایانە لە کەرتەکانی وەک پەیوەندی و کانگە و بیناسازیدا کار دەکەن. هەروەها هەندێک لەو کۆمپانیانە دەستیان لە قاچاخ و مامەڵەی نایاسایی بە دەرمان و ماددە هۆشبەرەکان و کەرەستەی خاودا هەیە . ڕۆژنامەوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نووسیویانە ئەو کەسانەی پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ حکومەتدا هەیە بە نرخێکی باشتر و هەرزانتر دراوی بیانی دەکڕن و بەمەش سوود لە جیاوازی نرخەکان وەردەگرن کە لە بازاڕی ڕەشدا مامەڵەی پـێدەکرێت. * هەڵوێستی حکومەت سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ: ئێران هاوکاری ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی نەکردووە کە لێکۆڵینەوە لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بکەن. کاری چالاکوانانی ناوخۆی سنووردارکراوە و کاردانەوە لە بەرامبەر داواکارییەکانیان دەستگیرکراون یان کۆمپیوتەر و ئەکاونت و حسابەکانیان هاککراون. * جیاکاری، پێشێلکارییە کۆمەڵایەتییەکان : ژنان: • دەستدرێژی سێکسی نایاساییە و سزای توندی بەسەردا دەسەپێنرێت، لەوانە سزای مەرگ، بەڵام هێشتا وەک کێشە ماوەتەوە. زۆربەی قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی لە ترسی توڵەی فەرمی و سزا قورسەکان، تاوانەکە ڕاناگەیەنن، هەروەها قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی ترسیان لە تۆڵەکردنەوە و سەرزەنشتکردنی کۆمەڵگا هەیە. ڕاپۆرت هەبووە دەڵێت نزیکەی لە سەدا هەشتای حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی ڕاپۆرت نەکراون. ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە مانگی چواردا ڕایگەیاند پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بە ژمارەیەکەوە کە بۆ توندوتیژیی خێزانی دابینکراوە، زۆر زیادیانکردووە. لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێک کەس بە ئەسید هێرشیان کراوەتە سەر، بە تایبەتی ئەو ژنانەی گوایە بەپـێی نەریتەکانی کۆمەڵگە هەڵسوکەوتیان نەکردووە. هەرچەندە بەپێی راپۆرتەکان شورای نیگەهبان یاسای زیادکردنی سزا بۆ بکەرانی ئەو هێرشانەی دەرکردووە، بەڵام حکومەت بەردەوام بووە لە دادگایکردنی ئەو چالاکوانانە کە بەدوای لێپرسینەوەی زیاتری حکومەتەوە بوون لەبارەی ئەو هێرشانەوە. ڕاپۆرت هەبووە لەسەر کوشتنی ژنان لەسەر "شەرەف" یان نەریتە زیانبەخشەکانی تر لە ماوەی ئەو ساڵەدا. هیچ ئامارێکی فەرمی لە وڵاتدا نییە سەبارەت بە کوشتنی ژنان لەسەر ناموس، بەڵام بەپـێی وتاری ئەکادیمی و لێکۆڵینەوەکانی زانکۆ کە ڕۆژنامەی ئیبتیکار وەک سەرچاوە بەکاری هێناون، هەموو ساڵێک لە نێوان 375 بۆ 450 کوشتنی لەو شێوەیە لەسەر پرسی شەرف ڕوودەدەن، کە بە زۆری ژنان بە دەستی پیاوانی خزم و کەسوکاریانەوە وەک هاوسەر و باوک و براکانی خۆیان لە ژێر ناوی پاراستنی "شەرەفی خێزان " دەکوژرێن. دژایەتی جووەکان: • لە کاتێکدا یاسای ئێران بە فەرمی جووکان بە کەمینەیەکی ئایینی دەناسێنێت، بەڵام بەپـێی ڕاپۆرتەکان کۆمەڵگەی جووەکان، ئەوان ڕووبەڕووی جیاکاری و بەربەستی زۆر دەبنەوە لە لایەن حکومەتەوە. هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران دۆسیەی مێژوویی هۆلۆکۆست دەخەنە شوێنی پرسیار و گۆمانی لێدەکەن. دژایەتی جووەکان لەو وڵاتەدا وەک کێشەیەک درێژەی هەیە. ئەندامانی پێکهاتە نەژادی و ئاینییەکان: • کەمینەکان مافی یەکسانیان نەبووە و حکومەت بە بەردەوامی زمانەکەیانی بۆ فێربوون لە قوتابخانەکان قەدەغە کردوە. حکومەت بە شێوەیەکی خراپ گروپە کەمایەتییەکانی وەک کورد، ئەهوازییەکان، ئازەرییەکان و بەلوچییەکان، لە ڕێگای دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و دەستبەسەرکردن و ئازاردانی جەستەیی و بێسەروشوێنکردنیان کردووەتە ئامانج. گروپە کەمایەتییە نەتەوەییەکان ڕاپۆرتیان داوە لەسەر جیاکاری و نادادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، بە تایبەتی لە دەستگەیشتنیان بە یارمەتییە ئابوریـیەکان، مۆڵەتی بازرگانی، وەرگرتنیان لە زانکۆ، هەلی کار، مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی کتێب، مافی خانووبەرە و زەوی. لە مانگی حەوتدا جاوید ڕەحمان وەک نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافی مرۆڤی ئێران نیگەرانی خۆی بە قوڵی دەربڕیووە لە بارەی ئەو ژمارە زۆرە لە زیندانیانی سیاسی و ئایینی کەمایەتییەکانی ئێران وەک کورد و تورکی ئازەری و عەرەبی ئەهواز. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تێبینیانکردووە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن حکوومەتەوە بە شێوەیەکی ناڕێک و نادادپەروەرانە کاریگەری هەبووە لەسەر کەمایەتییە نەتەوەییەکان.بەپـێی راپۆرتەکان، دەسەڵاتداران ئەندامانی کەمایەتییە نەتەوەیی و گروپە ئاینییەکانیان زیاتر لە زیندانییەکانی دیکە لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا و پێش دادگاییکردن خستوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی قورس بەبێ گوێدانە جۆری تاوانەکەیان. نزیکەی هەشت ملیۆن کورد لەو وڵاتە بە بەردەوامی چالاکی دەکەن بۆ مافی خۆبەڕێوبەری. حکومەتیش بەردەوام بووە لە گرتن و دادگایکردنی کوردەکان بە هۆی بەکارهێنانی مافی ئازادی ڕادەربڕین و دروستکردنی ئەنجومەنەکان. بە گوێرەی راپۆرتەکان حکومەت رۆژنامە و کتێبی بە زمانی کوردی قەدەغەکردووە و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و بنکەکانی بڵاوکردنەوەیان بە هۆی رەخنەگرتنیان لە سیاسەتەکانی حکومەت ڕووبەڕووی سزا کردووەتەوە. ڕاپۆرتەکەی جاوید ڕەحمان لە نەتەوە یەکگرتوەکان هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان، کۆڵبەرانی کورد بەردەوام ڕووبەڕووی هێزێکی لە ڕادەبەدەر و کوشندەی بەرپرسانی سنووری ئێران بوونەتەوە. لە ساڵی 2019دا 84 کۆڵبەر کوژراون و 192 کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. ئەم ڕەوتە تاکو ئێستا بەردەوامە و بەهۆی کردەوەی بەرپرسان و هیزەکانی سەر سنوورەوە لە ساڵی 2014وە تاکو ئێستا زیاتر لە هەزار کۆڵبەر کوژراون یان برینداربوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆرجار حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی کۆڵبەران لە دادگاکانی ئەو وڵاتەدا بێ سەپاندنی سزایەک بۆ تاوانبار و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان ڕەتکراوەتەوە. پێشیلکارییەکان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان: • بەپـێی یاسای ئێران چالاکی و پەیوەندی سێکسی لە نێوان هاوڕەگەزەکاندا تاوانە و سزاکەشی بریتیە لە مردن، لێدان یان سزای کەمتر لەوانە. یاسا جیاکاری و نادادپەروەری لەسەر بنەمای سێکسواڵیتە و شوناسی جێندەری قەدەغە ناکات. لە مانگی شەشی ساڵی 2019دا وەزیری دەرەوەی ئێران بەرگری کرد لەسێدارەدانی هاوڕەگەزخوازەکان و کۆمەڵگەی (LGBTI) دوای ئەوەی لە ئەڵمانیا لە لایەن ڕۆژنامەوانێک پرسیار لە وەزیری دەرەوەی ئیران کرا کە بۆچی ئەو وڵاتە «هاوڕەگەزخوازەکان» لەسێدارە دەدات، ، وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند، "کۆمەڵگەی ئێمە بنەمای ئەخلاقی هەیە و ئێمەش بەپـێی ئەم بنەمایانە دەژین و ئەمانە پرەنسیپی ئەخلاقی گشتی خەڵکن و ئەمەش بەو مانەیە کە یاسا رێزی لێگیراوە و دەبێت جێبەجێ بکرێت." * مافی کرێکاران: • دەستوور و یاساکانی ئێران مافی سەندیکاکانی دیاری نەکردووە. لە هەموو سێکتەرەکاندا مانگرتن نایاساییە، هەرچەندە کارمەندانی کەرتی تایبەت دەتوانن خوپیشاندانی "ئاشتیخوازانە" لە ناو شوێنی کارەکەیاندا بکەن. ڕاپۆرتکراوە کە دەسەڵاتداران ڕێزیان لە ئازادی کۆبوونەوەکان نەگرتوە و بە توندی سنوورداریان کردووە و هەروەها بەریان بە هەوڵی کرێکارن گرتووە بۆ ڕێکخستنی خۆیان. بۆ نمونە یوسف بەهمەنی و حەمید مۆبینی و مەسعود حەیدری و ئیبراهیم عەباسی کرێکارانی هەفت تەپە بوون کە لە مانگی دەدا بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی دەستگیرکراون و بەبێ بوونی پارێزەر خراونەتە بەر لێپرسینەوە.


درەو: سەلام عەلی- تایبەت بە رۆژنامەی پرس نەوشیروان مستەفا - لەدیدارێکدا کە ڕۆژنامەنووس (سەلام عەلى ) ئەنجامى داوەو بۆ یەکەمجار لە رێگەى ڕۆژنامەى (پرس)ەوە بڵاو دەکرێتەوە باس لە هەڕەشەکانى بەعس دەکات پێش پرۆسەى ئەنفال و دەڵێت «پێش پرۆسەى ئەنفال زانیاری ئەوەمان بۆ هات عێراق هێرشێكی  زۆر گه‌وره‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئێمه‌ ئه‌مانزانی هێرشده‌كه‌ن و هێرشێكی دڕندانه‌ش ده‌كه‌ن بۆ سه‌رمان»‌ لێرەدا بەشێک لە چاوپێکەوتنە بڵاودەکەینەوە : - كاك نه‌وشیروان پێش ئه‌نفال سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی دركی به‌وه‌كردبوو كه‌ رژێم به‌نیازی هێرشیکردنە له‌به‌رامبه‌ردا ئێوه‌ چ ئاماده‌كارییه‌كتان هه‌بوو؟وه‌كو خۆشت له‌كتێبه‌كه‌تدا (‌خولانه‌وه‌ به‌ناو بازنه‌دا)، نووسیوته‌، له‌دانیشتنه‌كاندا عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید چه‌ند هه‌ڕه‌شه‌كی ئاڕاسته‌ی ئێوه‌ كردووه‌، ئه‌گه‌ر له‌هه‌ندێ خاڵدا رێكنه‌كه‌ون؟ نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه‌  پێش ئه‌نفال زانیارى  ئه‌وه‌مان بۆهات عێراق هێرشێكی  زۆر گه‌وره‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، پێشتریش چه‌ند جارێك بۆردومانی كیمیاییان كردبووین ، به‌ڵی ئێمه‌ ئه‌مانزانی هێرشده‌كه‌ن و هێرشێكی دڕندانه‌ش ده‌كه‌ن بۆ سه‌رمان، ئه‌مانزانی ئه‌وانه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، به‌ڵام دوو رێگه‌ له‌به‌رده‌ممان بوو، یان ئه‌بوایه‌ بەرگرى  بكه‌ین یان ئه‌بێت ته‌سلیم بین، ئێمه‌ به‌هیچ جۆرێك ته‌سلیم بوونمان پێ باش نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بڕیارماندا بەرگرى بكه‌ین. - ئه‌گه‌ر بكرێت  باسێكی ئه‌وه‌ بكه‌یت كه‌ له‌كتێبی (خولانه‌وه‌ له‌ناو بازنه‌دا)  باسی مفاوه‌زات و هه‌ڕه‌شه‌کانى عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید کراوە  چ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی كردبوو؟ نه‌وشیروان مسته‌فا: عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید نه‌بوو له‌راستیدا (تارق عه‌زیز) هه‌ڕه‌شەی كردبوو، له‌كاتی مفاوه‌زاته‌كه‌ی( 1984) دا باسی ئه‌وه‌ی كردبوو باشتر وایه‌ ئێستا له‌گه‌ڵمان رێكبكه‌ون چونكه‌ ئێستا پێویستیمان به‌ئێوه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئێستا له‌گه‌ڵمان رێكنه‌كه‌ون دوای (شه‌ڕی ئێران – عێراق) ئه‌و هێزە گه‌وره‌ییه‌ی دروستمان كردووه‌ بۆ شه‌ڕی ئێران، ئه‌یهێنین شه‌ڕی ئێوه‌ی پێئه‌كه‌ین سەد   هه‌زار كه‌سشمان لێبكوژرێت گرنگ نیه‌ به‌ڵام كۆتایی به‌مه‌سه‌له‌كه‌ی ئێوه‌ ئه‌هێنین، به‌ڵام من نازانم ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌ له‌ئێمه‌ ئه‌گرن گوایه‌ بیرێكی ترمان بكردایه‌ته‌وه‌، چیمان بكردایه‌ ته‌سلیم بوینایه‌، بەمەرجەکانى ئه‌وان ڕازی بووینایه‌، بچووبایەین بۆ ئێران؟ یه‌عنی چیمان بكردایه‌؟، ئه‌گه‌ر به‌رگری ناكه‌یت چی ئه‌كه‌یت. - مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌  وه‌ك پێشتر زانیاریتان هه‌بوو ، نه‌ئه‌كرا رێگه‌ی چاره‌ی تر بگرنه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌رباز بكه‌ن و ئه‌و هه‌موو خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌یه‌ ئه‌نفال و شه‌هید نه‌كرابان؟ نه‌وشیروان مسته‌فا: زۆرترین ژماره‌ی قوربانیه‌كانی ئه‌نفال لەناوچەى  گه‌رمیاندا هه‌بوو، وه‌ك بۆم باسكردیت ئه‌نفال چه‌ند قۆناغێكی هه‌بوو ، هه‌موو رۆژێك زیاترمان لێئه‌كوژراو عێراق زیاتر ئه‌هاته‌ پێشه‌وه‌، گەمارۆکانى سەرمان زیاتر ئەبوون‌، ئێمه‌ كه‌ كشاینه‌وه‌ جگه‌ له‌چه‌ند كه‌سێك نه‌بێت یه‌كێك له‌وانه‌ شێتێك بوو له‌گه‌ڵمان نه‌هات، ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ به‌ره‌و ژووری 100 هه‌زار كه‌سێك تێدابوو، پێش خۆمان به‌ڕێمان كردن، واته‌ پێش ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ناوچه‌كه‌ چۆڵبكات و بكشێته‌وه‌ سه‌رتاپای ناوچه‌كه‌مان چۆڵكرد، پێش ئه‌وه‌ی چۆڵیشی بكه‌ین، ئه‌و زه‌مانه‌ هه‌موو دێیه‌ك ئه‌نجومه‌نی ئاواییان هه‌بوو، رۆژێك نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی ئاواییه‌كان هاتن بۆ باره‌گاكه‌ی من، له‌منیان پرسی وتیان به‌ته‌مای چین؟، وه‌هه‌موویان له‌ماڵه‌كانی خۆیان رایانكردبوو، له‌شاخدا خۆیان شاردبووه‌وه‌، چونكه‌ هیچ  خه‌ڵكی دێیه‌ك نه‌یانتوانی له‌ناو دێیه‌كانی خۆیان بژین، منیش پێم وتن» هه‌تاكو بتوانین به‌رگری ئه‌كه‌ین، به‌ڵام له‌وه‌ ناچێت بتوانین تاكو سه‌ر به‌رگری بكه‌ین ،ئێوه‌ ژماره‌یه‌ك ژن و مناڵ و پیرو په‌ككه‌وته‌تان هه‌یه‌، وتم خۆتان  سەر پشك بن   بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌و دوورێگایه‌ هه‌ڵبژێرنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌چنه‌وه‌ بۆ عێراق ئێمه‌ هیچ رێگایه‌كتان لێناگرین، له‌چ رێگایه‌كه‌وه‌ بڕۆن رێگه‌كه‌تان بۆ چۆڵ ئه‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌چنه‌ ئێران کارئاسانیتان  بۆ ئه‌كه‌ین و رێگه‌تان بۆ ئاسان ئه‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆن بۆ ئێران ، به‌ڵام له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌ بزانن، ئێمه‌ دوژمنێكمان هه‌یه‌ له‌دڕندایه‌تییه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری دنیایه‌  نموونه‌ی نییه‌،وه‌ دۆستێكشمان هه‌یه‌ كه‌ئێرانه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری دنیا نموونه‌ی نیه‌ بۆ بێ وه‌فای، وتم له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌ بەهەند وه‌ربگرن، ئه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كان ماون ئه‌توانن بڕۆن قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، كه‌چوونه‌وه‌ به‌جیا كۆبونه‌وه‌یان كرد، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی خۆیاندا بڕیاریاندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئێران، رێگه‌مان بۆ كردنه‌وه‌ .... - دا له‌رۆژنامه‌یه‌كدا بینیم به‌نزار خه‌زره‌جی  پرسیاری ئه‌وەى لێكراوە لەكیمیا بارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا ئه‌و خۆی به‌وه‌ داده‌نا كه‌ ئه‌سڵه‌ن ئاگای لێنه‌بووه‌؟ نه‌وشیروان مسته‌فا: دوورنیه‌ ئاگای له‌كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌بووبێت،چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌ئه‌مری سه‌دام حسێن كراوه‌، لە کردە سەربازییەکە  به‌شداری كردووه‌، به‌ڵام له‌ قه‌سفی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌دام بڕیاره‌كه‌ی ده‌ركردووه‌، واتا فه‌رمانی بۆردومانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ به كیمیایی شه‌خسی سه‌دام حسێن ده‌ریكردوه‌.


(درەو): ئەمریکا دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بکات بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، باڵیۆز یەکێتی ئاگادارکردووە واشنتۆن دژی  سەرهەڵدانەوەی دوو ئیدارەییە لە هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لەگەڵ رۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانیان کرد.  باڵیۆزو کونسوڵی ئەمریکا دوو دیداریان لەگەڵ یەکێتی کرد، دیداری یەکەم لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی، دیداری دووەم لەگەڵ مەلا بەختیارو حاکم قادر حەمەجان ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتییە، بەڵام ماوەیەکە لە دەرەوەی وڵاتە، بەپێی زانیارییەکانی (درەو) رۆژی پێنج شەممە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بەم دوو دیدارە جیاوازە، ئەمریکییەکان جارێکی تر یەکێتییان دابەشکردەوە بەسەر دوو ئاڕاستەدا، ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی نوێی حزب و ئاڕاستەی بەرپرسانی پێشووی حزبەکە. سەردانی باڵیۆزو کونسوڵی ئەمریکا بۆ سلێمانی، دوای کۆبونەوەی ئەمدواییەی لایەنە سیاسییەکان دێت لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەیەک کە تێیدا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کردووە، ئەگەر پارتی وەڵامی داواکارییەکانی یەکێتی نەداوتەوە. بە پێی زانیاریەكانی (درەو) رۆژی پێنجشەممە  سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوەو دواین قسەی خۆی دەکات سەبارەت بە پیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی و کشانەوە یاخود مانەوە لەناو حکومەت. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، سەردانی ئەمڕۆی باڵیۆزو کونسوڵی ئەمریکا بۆ سلێمانی بەمەبەستی گەیاندنی چەند پەیامێک بووە بە یەکێتی کە ئەمانەن: 🔹 ئەمریکا دەیەوێت یەکێتی و پارتی کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. 🔹 ئەمریکا ئامادەیە نێوەندگیری لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بکات بۆ گەیشتن بە چارەسەر. 🔹 ئەمریکا دژی دابەشبوونی هەرێم و دروستبوونی دوو ئیدارییە لە هەرێمی کوردستان. بەیاننامەی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی لەبارەی دیدارەکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەم بابەتە کردووەو دەڵێ:" لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ویستی یەکێتییمان بۆ یەکڕیزیی و یەکدەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکان دووپاتکردەوە.. جەختمان لە جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە کردەوە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەمانە بۆ بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی حکومەت، کە دەبێتە مایەی زیاتر سەقامگیریی هەرێم". بەیاننامەی مەلا بەختیارو حاکم قادریش لەبارەی دیدارەکەوە باسلەوە دەکات" باڵیۆزی ئەمریکا جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کردوەتەوە".



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand