سێکوچکەی عێراق و سوریا و سینا، جوڵەكانی داعش

Draw Media

2022-01-23 15:07:53



درەو:

داعش لە (2021) دا بە تێکڕایی مانگانە لە عێراق (87) هێرشی ئەنجامداوە و مانگانە (149) قوربانی لێکەوتووەتەوە، لە سوریا بە تێکڕایی مانگانە (31) هێرشی ئەنجامداوە و (74) قوربانی لێکەوتووەتەوە، لە سینا (9) هێرشی ئەنجامداوە و (17) قوربانی مانگانەی لێکەوتووەتەوە.

هێشتا "داعش" ‌هێزێکی چالاکی ترسناک و هەڕەشە ئامێزە بۆ سەر ناوچەکە، بە تایبەت لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق و سوریا، کە بە "ویلایەتی عێراق" و "ویلایەتی شام" ناودەبرێن. ئەم ناوبردنە بەو مانایە نییە کە هێزەکانی داعش کۆنتڕۆڵی شوێنێک یان ناوچەیەکی دیاریکراویان لە ژێر دەستدا بێت، بەتایبەت لەدوای شکستهێنانیان لە ناوچەی باغۆزی پارێزگای دێرەزوو لە ساڵی (2019) و تێکشکاندیان وەک دواین ناوچەی ژێر کۆنترۆڵێ ڕێکخراوەکە، بەڵکو بەشی زۆری هێزەکانیان بەشێوەی شانەی نوستوو لەم دوو وڵاتەدا هەن و چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەن.
ئەمە لە کاتێکدایە "داعش" لە باکوری ئەفریقا چالاکییەکی ئەوتۆی نەماوە تەنها لە ناوچەی (جەزیرەی سینا) کە بە "ویلایەتی سینا" ناسراوە. هەرچۆنێک بێت لەگەڵ ئەوەی "داعش" لە عێراق و سوریا هیچ ناوچەیەکی جوگرافییان بەدەستەوە نییە، بەڵام بە ئاستێکی تا ڕادەک نزم جموجۆلێیان هەیە و چالاکی ئەنجام دەدەن. لە هەوڵی بونیادنانەوەی دەوڵەتی ئیسلامیدان، لە ناوچەکانی (عێراق، سوریا و سینا) کە سێ ناوچەی گەرمی داعشن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، سەرباری بوونی هێرشی و چالاکی زۆر کەم و لاواز لە یەمەن و  سۆماڵ و لیبیا.

چالاکییەکانی داعش لە ساڵی (2021)؛ عێراق
پاڵپشت بە داتاکانی هەفتەنامەی (ئەلنەبەئ)ی زمان حاڵی ڕێکخراوەکە هێرش و پەلامارەکانی لە ساڵی (2021) کەمترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تر (2020)، ڕێکخراوەکە لە ساڵی (2020) دا بەتێکڕا (110) هێرشی لە ئەستۆ گرتووەو مانگانە (207) قوربانی کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2021)دا (87) هێرشی ئەنجامداوە و بە تێکڕای مانگانە (149) قوربانی لە هێرشەکان کەوتووەتەوە، ئەگەر چی ئەمە پاشەکشیەکی گرنگە لە چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە، بەڵام هێشتا ژمارەکان گەورەن و هەڕەشەکان جدی و مەترسیدارن، وەکو ئەوەی ئاژانسی بەرگری و هەواڵگری (DIA)  ئەمریکی تێبێنی کردووە، ڕێکراوەکە تەرکیزیان کردووەتە سەر هێرشی پەنای سەلامەت (Safe Havens)، وەکو نمونەی تەقینەوە خۆکوژییەکەی 21ی کانونی دووەمی 2021 لە ناوەڕاستی شاری بەغداد دوو خۆکوژ ئەنجامیاندا، یان تەقینەوە خۆکوژییەکەی مەدینە سدر لە 19ی تەموزی 2021، لە هەریەک لە تەقینەوانەدا زیاتر لە (30) هاوڵاتی کوژران.
چالاکییەکانی داعش لە ساڵی (2021)؛ سوریا
بەهان شێوەی عێراق چالاکییەکانی "داعش" لە سوریا لە ساڵی (2021) پاشەکشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2020)، پاڵپشت بە داتاکانی هەفتەنامەی (ئەلنەبەئ)ی زمان حاڵی ڕێکخراوەکە هێرش و پەلامارەکانی لە ساڵی (2021) کەمترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تر (2020)، ڕێکخراوەکە بەتێکڕا لە ساڵی (2020) دا (45) هێرشی لە ئەستۆ گرتووەو مانگانە (95) قوربانی کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2021)دا بە تێکڕا (31) هێرشی ئەنجامداوە و مانگانە (74) قوربانی لە هێرشەکان کەوتووەتەوە.

چالاکییەکانی داعش لە ساڵی (2021)؛ سینا
هەروەک چۆن لە عێراق و سوریا چالاکییەکانی "داعش" لە ساڵی (2021) پاشەکشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2020)م بە هەمان شێوە ئەمە بۆ ناوچەی (سینا)ش ڕاستە، چونکە وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بۆ کردووە ئەم لقەی ڕێکراوەکە جۆرێک نەرمتر مامەڵە دەکەن سەرباری ئەوەی لایەنگریان کەمەوە لە (500) بۆ (1200) چەکدار تێپەڕ ناکەن.
 پاڵپشت بە داتاکانی هەفتەنامەی (ئەلنەبەئ)ی زمان حاڵی ڕێکخراوەکە هێرش و پەلامارەکانی لە ساڵی (2021) کەمترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تر (2020)، ڕێکخراوەکە بەتێکڕا لە ساڵی (2020) دا (16) هێرشی لە ئەستۆ گرتووەو مانگانە (40) قوربانی کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2021)دا بە تێکڕا (9) هێرشی ئەنجامداوە و بە تێکڕای مانگانە (17) قوربانی لە هێرشەکان کەوتووەتەوە.

سەرچاوە:
COLE BUNZEL, Explainer: The Islamic State in 2021, Wilson center, at the site; 
https://www.wilsoncenter.org/article/explainer-islamic-state-2021

دا
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand