نیاز عه‌بدوڵڵا هه‌موو ساڵێك ده‌ستێكی زبری پڕ له چرچ و لۆچ تووند باوه‌ش به وێنه‌یه‌كی ره‌ش و سپی یان چه‌ند وێنه‌یه‌كی بچوكراو له چوارچێوه‌یه‌ك ده‌كات و تووند له باوه‌شی ده‌گرێت و پڕ به چاوه‌كانی ده‌گریێت و به ده‌نگه خه‌مناكه‌كه‌ی ده‌لاوێنه‌ته‌وه. ئه‌وان به هه‌مان شێوه‌ی وه‌ك یه‌ك ژماره‌یان سه‌دان تێده‌په‌ڕێنێت. له پێش خۆره‌تاوی به‌هار له سه‌ر زه‌وییه‌كی بێ سه‌وزایی به جله ره‌شه‌كانیان كه خه‌م له‌گه‌ل یه‌كتری كۆیانده‌كاته‌وه، زه‌وییه‌كه وه‌ك ناخه پڕ له ئازاره‌كه‌یان به دیمه‌نی ئه‌وان له دووره‌وه ره‌ش ده‌چێته‌وه. به‌رپرسێكی پرچ و سمێل بۆیاغكراو به ره‌نگی ره‌ش كه پێشتر خێرایی تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌یان پڕ كردووه له ته‌پ و تۆز، به زمانه كوردییه ناپاراوه‌كه‌ی پرۆژه‌ی نوێی حكومه‌ت بۆ زیادكردنی مووچه و زیادكردنی دوو ریزه بلۆكی تر له پرۆژه‌ی خانووه ته‌واو نه‌كراوه‌كان بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفال ده‌خاته روو. هه‌شت شاڵاوه‌كانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال هێشتا خوینیان لێده‌تكیت و بۆنی خۆڵی بیابانه‌كان هه‌ناسه‌ی ژیانی له كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفال ته‌نگ كردووه. حوكمڕانی 27 ساڵی خۆماڵی له هه‌رێمی كوردستانیش ته‌نیا له كاتی مه‌زادخانه‌ی پرۆژه سیاسییه‌كانیدا ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆی كۆمه‌ڵكوژی گه‌لی كورد و گه‌لانی كوردستان ده‌كاته كه‌رسته‌یه‌كی بازاڕی سیاسی و ئابووری. ئه‌و ژن و پیاو و منداڵانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستڕێژی گوله و هاواری كاتی زینده به چاڵكردنیان تائێستا به گه‌رووی پڕ له خۆڵیانه‌وه له بیابانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ماونه‌ته‌وه. مه‌رگی 182 هه‌زار مرۆڤ له شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال نه‌یتوانی یه‌كسان بێت به نرخی ده‌ستگیركردنی یه‌ك كه‌س له‌و 433 كه‌سه‌ی به فه‌رمی له 20/5/2007 به بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچوو. پارێزبه‌ندی پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نیشتیمانی به به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له تۆمه‌تبارانی تێوه‌گلاو، له جاش و مو‌سته‌شاره‌كان و وه‌زیر و به‌رپرسه پله باڵاكانی سوپای زه‌مینی و ئاسمانی و ده‌زگای ئیستخبارات و ئه‌منییه‌كانی عێراق به ته‌نیا هه‌رێمی كوردستانی نه‌گرتۆته‌وه به‌ڵكو به‌هۆی خۆ به‌خاوه‌ندارێتی نه‌كردنی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی گه‌لانی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی حكومه‌تی عێراقیش داواكراوانی به ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب-ی راده‌ستی دادگا نه‌كرد. دكتۆر كه‌نداڵ نزان سه‌رۆكی ئه‌نیستیتۆی كورد له پاریس، نووسیویه‌تی "له شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال بنه‌ماكانی ژیان له كوردستان هه‌ڵته‌كێندران، 90%ی گونده‌كانی كوردستان و زیاتر له 20 شار و شارۆچكه له‌سه‌ر نه‌خشه سڕانه‌وه، ناوچه گوندنشینه‌كان به 15ملیۆن مین- مینڕێژكران، به‌م جۆره‌ش چالاكی كشتوكاڵی له‌و ناوچانه‌دا كارێكی ئه‌سته‌م بوو و یه‌ك ملیۆن و نیو كوردی گوندنشین بۆ ئۆردوگا زۆره ملێكان گوێزرانه‌وه و نزیكه‌ی 10%ی كوردی دانیشوانی عێراق له‌ناوبران". به‌پێی به‌دواداچوونی رێكخراوه تایبه‌تمه‌نده‌كانی بواری ئه‌نفال له كوردستان، نزیكه‌ی 4قه‌زا و 30ناحییه و 4500 گوند وێرانكراون و نزیكه‌ی دوو ملیۆن سه‌ر مه‌ڕ و ئاژه‌ڵ تاڵانكراون. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی رووبه‌ڕێكی گه‌وره‌ی سه‌وزایی و ره‌ز و باخ له‌ناوبران و سه‌رچاوه‌كانی ئاو پڕ له چیمه‌نتۆ كران. سه‌ره‌ڕای ئه‌و تراژیدیا و كاره‌ساته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌ی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال له‌سه‌ر هه‌ست و ژیان و مێژووی ئێمه له كوردستان دروستی كردووه، له دوای تێپه‌ڕینی 30 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه به‌ڵام مه‌رگی ده‌یان هه‌زار مرۆڤ ته‌نیا ژماره‌یه‌كه له لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌گه‌ر گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان هه‌مان نرخی ماددی و دارایی نه‌وتیان هه‌بوایه ئێستا گه‌وره كۆمپانیاكانی جیهان ده‌یان گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كرابوو. حكومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌كانی دیكه له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی كه جاش و موسته‌شاره داواكراوه‌كانیان له ریزه‌كانی خۆیان پاراستووه، تاوانبارن به له ده‌ستدانی هه‌زاران به‌ڵگه كه ده‌كرێت له رێگای ئه‌و شایه‌تحاڵ و تێوه‌گلاوانه له دادگا كۆبكرێنه‌وه و به بڕیاری دادگا به به‌ڵگه‌یی بكرێن و له ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه ببینن له دادگایی كردنی تاوانباران و ناساندنی كۆمه‌ڵكوژی گه‌لانی كوردستان. له‌لای حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌كی كۆتایی پێهاتووه نه‌ك به‌رده‌وام له ژیانی نیشتیمانی ئێمه. لای ئه‌و ریزێك خانوو و مووچه‌یه‌كی بازرگانیپێكراو له هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ كه‌س و كاری قوربانیان كڕۆكی مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ساته. به داڵده‌دانی تاوانباره گه‌وره و بچووكه‌كانی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و مردنی هه‌ندێك له‌و تۆمه‌تبارانه، له‌ناوچوونی به‌ڵگه‌كانی تاوان و نه‌دۆزینه‌وه‌ی یه‌كجاری گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و نه‌هێنانه‌وه‌ی هه‌تایی رووفاتی ئه‌نفالكراوان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێـت و هیچ به‌هایه‌ك بۆ مه‌رگی ده‌یان هه‌زار مرۆڤ ناهێڵێته‌وه. به‌و جۆره‌ش تاوانبارنی رژێمی به‌عسی پێشوو ئازاد و كه‌س و كاری قوربانیانی ئه‌نفالیش دیلی ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانیان ده‌بن.
كامیار سابیر ئەوانەی دەڵێن هەڵبژاردن هیچ نییە و باشترە بایکۆت بکرێ، لە مێنتاڵیتیی ئەوانەی دوای هەڵای ریفراندۆم کەوتبوون، مەترسییدارترە. خۆشبەختانە بایکۆتی هەڵبژاردن چەند گەورەیش بێت کاریگەریی نابێت و وەکو ریفراندۆمە ناعەقڵانییەکە، کاریگەریی نابێت، بەڵام ئەگەر بایکۆتی سەرتاسەریی وەکو بێعەقڵیی چەند ساڵ لەمەوبەری عەرەبە سوننەکان بکرێ، ئەوە لە ریفراندۆم، مەترسییدار تر دەبێت. ئەوانەی داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن، لە توڕەهاتی ئایدیۆلۆژیی و باوبژی خورافیی زیاتر، شتێکی تریان پێ نییە و وەکو کاتەگۆرییش ئەمانەن:_ - ئەو ئایدیۆلۆژیا و حیزبانەن کە جورئەتی ئەوە ناکەن بەشداریی بکەن و بەهەموو قیادە و قاعیدەیان، چەند صەد دەنگێک ناهێنن. ئەمانە زۆرتریینیان تاراوگەنشینن، لە تەڕ دەخۆن و لە وشک دەخەون، یان غیرەی ئایدیۆلۆژیی گرتوونی، یاخود غیرەی نەژادیی و رقبوونەوە لە عێراق، لە مێنتاڵیتیاندایە. - ئەوانەی خۆیان یان هاوسەرەکانیان، رۆژێ لە رۆژان خۆیان کاندید کردووە یان ویستویانە و دەرنەچوونە یان بەربژێر نەکراون، وەکو عوقدەی ئۆدیبی هەڵبژاردن، پێوەی دەتلێنەوە. لە کۆتاییشدا، جەخت لەوە دەکەمەوە، ئەگەر هەر کەسێک بۆ کوردەنامووسیی و نەعرەتەی نەژادیی و طائیفیی دەنگ بە کاندیدەکانی کوردایەتیی لیستەکانی دەرەوەی پارتیی و یەکێتیی دەدات، ئەوە زۆر باشترە بە دەستی یەک و دوو بیدات بە پارتیی و یەكێتیی، نەک بە دەستی سێ و چوار بیدات بە کاندیدە نەژادیی و طائیفییەکانی تر لە لیستەکانی تر. ئەم هەڵبژاردنە بۆ عێراقە، بۆ ئەوەیە کە تۆی هاووڵاتیی عێراقیی وەکو کورد بەشداریی بکەیت، نەک کاندیدەکان بچن چەقەچەقی کوردایەتیی و خۆڕنیینەوەی نەژادیی و خۆخۆاردنەوەی طائیفیی و فەتەڕۆ بۆ ریفراندۆم و جەهەننەمی سەربەخۆیی ئابووریی بکەن، یان بچن جوێنی ئایدیۆلۆژیی و طائیفیی بە عەرەب و بە عێراق و بە شیعە و بە کێ و کێ بدەن و جووتەی کوردایەتیی بوەشێنن.
كەمال چۆمانی کاندید و لیستە کێیڕکێکارەکان پێویستە لەو راستییە تێبگەن کە ئەوان کێبڕكێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسیی لە پارلەمانی عێڕاق و گۆڕینی واقیعی سیاسیی و ئابوریی و کەلتوریی و حوکمڕانیی عێڕاق نەک هەرێمی کوردستان. گەورەترین درۆ و کارەساتی ئەو هەڵبژاردنە ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە کاندیدەکان و لیستەکان بە عەقڵییەتی کێبڕكێ و سیاسەتکردن بۆ پارلەمانی کوردستان هاتونەتە ناو سیاسەتکردن و کێیڕكێ بۆ پارلەمانی عێڕاق. کاندید و لیستە بەڕێزەکان، ئێوە پێم مەڵێن چ کوردستانێکتان دەوێت، بەڵکو پێم بڵێن چ عێڕاقێکتان دەوێت. من دەنگتان پێنادەم کوردستانم بۆ بگۆڕن، دەنگتان پێدەدەم عێڕاقم بۆ بگۆڕن تا هەرێمی کوردستان تێیدا ئاسودە بێت، جینۆساید نەکرێت، گەندەڵیی نەبێت، میلیشیا نەبێت و داعش سەرهەڵنەداتەوە. ئەو هەڵبژاردنە دەبێت لە پێناو عێڕاق بێت نەک لە پێناو هەرێمی کوردستان. ئەوە سیاسەت و دونیابینیی ئێوەیە کە وادەکات لەڕێی عێڕاقەوە هەرێمی کوردستان باش بێت. ئێوە دەبێت خەباتتان بۆ ئەوە بێت عێڕاقێکی سەرکەوتو و سەرفراز و دیموکراتیک بنەمای هەرە سەرەکیی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە. دەبێت هەوڵبدەن لە پێناو عێڕاقدا سیاسەت بکەن کە تێیدا هەرێمی کوردستان و سەرفراز و بەهێز و دیموکراتیک و خۆشگوزەران دەبێت. ئێوە دەبێت لەوە تێبگەین کە جینۆسایدێکی تر لە سەدەی ٢١ەم بە هۆی لاوازیی و نادیموکراتیبونی عێڕاقەوە رویدا، ئێوە دەبێت بزانن بێهێزبون و خراپیی حوکمڕانیی عێڕاق بو وای کرد داعش دروستبێت و ئیزیدییەکان جینۆساید بکرێن و هەمو گەلانی عێڕاق جارێکی تر توشی شەڕ و نەهامەتیی ببنەوە. دەبێت بزانن بەهێزیی ئابوریی عێڕاق واتا بەهێزیی ئابوریی هەرێمی کوردستان. دەبێت ئێوە داوای عەدالەتی کۆمەڵایەتیی بۆ هەمو عێڕاقییەکان بکەن نەک هەر بۆ هەرێمی کوردستان. ئێوە ئەو قانونانە دەربکەن کە خزمەتی تەواوی عێڕاق و عێڕاقییەکان دەکات، ئاخر ئەوە ئیشتانە ئازیزان. دەبێت کار بۆ ئەوە بکەن عێڕاق سەقامگیر بێت تا گەشتیارانی بەسڕە و بەغداد و نەجەف رو لە سلێمانیی و دهۆک و هەولێر بکەن، نەک ترسیان لێیان هەبێت تاد... من لە پێناو عێڕاقێکی بەهێز و دیموکراتیکدا دەنگدەدەم. دەنگ بەوانە دەدەم کە دەزانن بۆچی دەچنە عێڕاق.
ئاراس فەتاح ساڵانێکە یادكردنەوەی ئەنفال و ھەڵەبجە بووە بە بارێك بەسەر سیاسەتەوە. ساڵانێکە یادکردنەوەکانی ئەنفال وەکو برینێکی گەورەی نیشتیمانیی، نە شوێنی رێزگرتنە لە قوربانییان و دەربازبووان و نە جێگای داوەریكردنی یاسایی و ویژدانیی و ئەخلاقییانەی تاوانبارەكانیشە. ساڵانێکە لەم کۆستە نیشتیمانییەدا شەرم و كارەسات نییە كە سەرۆكەكان و سیاسەتمەدارەكان لە یادەوەرییە نەتەوەییە گەورەكانی ئێمەدا دەرناكەون، نەک لەبەرئەوەی یادەوەرییان نەماوە، بەڵکو لەبەرئەوەی چیدی ھیچ قسەیەکیان نەماوە بە کۆمەڵگای ئێمەی بڵێن و ھیچ حیکایەتێکی سیاسییشیان نەماوە بۆ نەوەی دوای ئەنفالی بگێڕنەوە. ساڵانێکە سەرکردە و سیاسییەکان یادی ئەنفال ناکانەوە و كەسیش بیریان ناكات. ئەمساڵیش دوای شەنگال و ریفراندۆم و کەرکوک دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە ئینسانی ئێمە بەچەشنێک بێزراو و بیرازکراوە کە نەک ھەر بیری سیاسییەکان ناکات، بەڵکو بەرامبەر بە یادە گەورە نیشتیمانییەکانی خۆیشی وێژدانی کول بووە. گەر لەناو ھەر میللەتێكدا سیاسەت و کۆمەڵگا غائب بوون بۆئەوەی یادی زامە نیشتیمانییەکانی خۆیان بکەنەوە، ئەو گەلە زۆری ماوە ببێت بە نەتەوە. یادكردنەوەی ئەنفال چیدی شوێنی كۆبوونەوەمان نییە لە دەوری برین و پرسێكی گەورەی نیشتیمانیی، بەڵكو بووە بە شوێنی دابەشبوون و لەتلەتبوون و پاچەبوونمان. ئەنفال بووە بە شوێنێك بۆ قووڵبوونەوەی جیاوازیی و ناکۆکیی برین و دیدەكانمان بۆ رابردوو و ئێستا و داھاتوو. ئەنفال بووە بە جوگرافیایەک بۆ دابەشبوونی ماڵی نیشتیمانییمان لەنێوان خاوەنماڵە درۆزنەکانی ئەمڕۆ و خاوەن یادەوەرییە ڕاستەقینەکانی دوێنێدا.
خەبات عەبدوڵڵا ئه‌نفال چ له رووی زاراوه و چ وه‌كو چه‌مكێكی عه‌ره‌بی – ئیسلامی، پێش مانا سیاسییه‌كه‌ی مانای قووڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره و دانه‌بڕاوی به كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه هه‌یه. له راستیدا ئه‌نفال له رووه كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یه‌وه پێوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به كولتوری تاڵانوبڕۆ و به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وته‌وه هه‌یه، ئەویش له ڕێی غافڵگیری و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر و حه‌ڵاڵكردنی سه‌ر و ماڵی لایه‌نی په‌لاماردراوه‌وه. هه‌ر بۆیه باشترین كایه كه لێیه‌وه بتوانین له ره‌گوڕیشه كولتورییه‌كه‌ی ئه‌نفال له هه‌ردوو ره‌هه‌نده عه‌ره‌بی/ ئیسلامییه‌كه‌یه‌وه بكۆڵینه‌وه، كایه‌ی سۆسیۆلۆژیایه. ئه‌ڵبه‌ته پێش بێگانه، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو كۆمه‌ڵناس و مێژوونووسی عه‌ره‌ب خۆیان، له كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بییان كۆڵیوه‌ته‌وه، به‌ڵام ره‌نگه كه‌م لێكۆڵه‌ر به چه‌شنی كۆمه‌ڵناسی عه‌ره‌بی عێراقی دكتۆر عه‌لی ئه‌لوه‌ردی ئه‌م بابه‌ته‌ی ته‌ی كردبێت. ئه‌لوه‌ردی سه‌ره‌ڕای هێنانه‌وه‌ی هه‌ندێ پاساوی نابەجێ بۆ دۆخی پریمیتیڤی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی كه پێده‌چێت له سه‌رێكه‌وه بۆ خه‌فه‌كردنی تووڕه‌یی ئیسلامییه‌كان و له سه‌رێكی تریشه‌وه له ترسی قه‌ومییه عه‌ره‌به‌كان بووبێت، به‌ڵام توێژینه‌وه‌كانی ئه‌و له‌سه‌ر دوالیزمی ژیانی ده‌شته‌كی(به‌ده‌وی) و ژیانی شارستانی، تێزێكی گرنگ و رستێك راستی حاشاهه‌ڵنه‌گری سه‌باره‌ت به پایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی و هۆكاره بنچینه‌ییه‌كانی مه‌یلی شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی خستۆته روو. ئه‌گه‌رچی ژیانی ده‌شته‌كی ستایڵێكی ژیانی تایبه‌ت نییه هه‌ر ته‌نها به عه‌ره‌ب، بۆ نموونە مه‌غۆله‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی عه‌ره‌ب ده‌شته‌كی بوون، به‌ڵام به بڕوای زانایەکی تری عەرەب کە ئیبن خه‌لدونە، عه‌ره‌ب به‌ده‌ویترین گه‌لانی جیهانن. به‌هه‌مان شێوه‌ی ئیبن خه‌لدون، ئه‌لوه‌ردیش كۆكه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه تاڵانوبڕۆ له رێی هێرش و په‌لاماردانه‌وه پایه‌یه‌كی گرنگی ژیانی ئێله عه‌ره‌به خێوه‌تنشینه‌كانی بیابان (به‌دو) بووه. ئه‌لوه‌ردی هه‌ر به‌مه‌وه ناوه‌ستێت، به‌ڵكو پێی وایه هیچ گه‌لێك له گه‌لانی جیهان هێنده‌ی ده‌شته‌كییه‌كان مه‌یلیان بۆ كێشمه‌كێش و شه‌ڕ نییه، به‌قسه‌ی ناوبراو ئه‌م شه‌ڕانگێزییه‌ی ده‌شته‌كییه‌كان پێوه‌ندی به ژیانی قاتوقڕی بیابانه‌وه هه‌یه. ئه‌لوه‌ردی له كتێبه‌كه‌یدا:(توێژینه‌وه‌یه‌ك له سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق)، نووسیویه ده‌ڵێت: "مه‌زنترین شتێك كه پیاوی ده‌شته‌كی پێوه‌ی ده‌نازێت، زۆروزه‌وه‌ندی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یه كه له‌ڕێگه‌ی شه‌ڕه‌وه چنگی ده‌كه‌ون. ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه به حه‌ڵاڵترین موڵكی خۆی ده‌زانێت". له قۆناغی جیاجیادا تاڵانوبڕۆ، كاولكاریی و كوشتوكوشتاری گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه. به قسه‌ی نووسه‌ری عه‌ره‌ب محه‌ممه‌د فه‌همی عه‌بدولله‌تیف له كتێبی (ئه‌بو زه‌ید ئه‌لهیلالی)دا، هۆزه عه‌ره‌به‌كان له فتوحاتی وڵاتانی مه‌غریبدا، ئه‌و وڵاتانه‌یان به شێوه‌یه‌كی قێزه‌ون كاولكردووه. ئێله عه‌ره‌به‌كان ته‌نانه‌ت پێش هاتنی ئیسلامیش له‌گه‌ڵ خۆیان و دژ به‌وانی دی له شه‌ڕێكی بێ بڕانه‌وه‌دا بوون. (غه‌زو) كه پاشتر له سه‌رده‌می ئیسلامدا ده‌گۆڕێت بۆ (فه‌تح)، پایه‌ی سه‌ره‌كی مانه‌وه و فراوانخوازی ئه‌م ئێلانه بووه. پیاوی ده‌شته‌كی له بژێوی خۆیدا باوه‌ڕی به پیشه نییه و به چاوی سوك ته‌ماشای پیشه‌وه‌ر ده‌كات. (پیشه‌وه‌ر) لای ده‌شته‌كییه‌كان جنێوێكی یه‌كجار پیسه. ئه‌وان باوه‌ڕیان به (غه‌زو)ه. به بۆچوونی عه‌لی ئه‌لوه‌ردی عه‌ره‌ب ته‌نها ئه‌و ده‌مه پۆل به پۆل ملیان دا ببنه موسڵمان كه پێغه‌مبه‌ر و یارانی، فه‌تحی مه‌ككه‌یان كرد و كه‌عبه‌یان گرت. به بڕوای ئه‌لوه‌ردی مۆتیڤی سه‌ره‌كی ئه‌و له‌شكركێشیانه‌ی كه پاش مردنی پێغه‌مبه‌ر له ژێر ناوی فتوحاتدا وه‌كو جیهاد سه‌ر زه‌مینێكی فراوانی گرته‌وه هه‌ر به‌ته‌نها بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامی ئیسلام نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌ستكه‌وته‌كانی شه‌ڕ‌و شانازی كردن بووه به فه‌تح/ غه‌زوی وڵاتانی تره‌وه. ئه‌نفال كه مه‌به‌ست لێی له رووی ماناوه غه‌نیمه/ ده‌ستكه‌وته، ره‌گوڕیشه‌ی له‌ناو هه‌مان كولتوری تاڵانوبڕۆ و غەزوی ئێله عه‌ره‌به خێوه‌تنشینه‌كانی پێش ئیسلامدایه. * * * پشتبه‌ستوو به هه‌مان كولتوری عەرەبی به‌ده‌وی، فاشیزمی به‌عسی جگه له‌وه‌ی تاڵانكردنی نه‌یاره‌كانی به كارێكی حه‌ڵاڵ ده‌زانی، چێژێكی زۆریشی لە تاڵانی ده‌بینی و ده‌یكرده مادده‌یه‌كی سیمبوڵیك ( بۆ نموونە پیشاندانی یەکبینەی ده‌ستكه‌وتی به‌ره‌كانی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی له دژی ئێران، شانازی‌کردن بە تاڵانكردنی میرنشینی كوه‌یتەوە). له راستیدا ناوزه‌دكردنی شاڵاوی قڕكردنی كورد به ئه‌نفال، هیچ گومانێك له‌وه‌دا ناهێڵێته‌وه كه به‌عسییه‌كان خاوه‌نی كۆنه‌ستێكی به‌ده‌وی بوون. به‌ڵام ئه‌م كۆنه‌سته به‌ده‌وییه، هیچ له‌وه ناشارێته‌وه كه فاشیزمی به‌عسی سیستمێكی تۆتالیتێر بوو. ئه‌وه دروسته كه فاشیزم وه‌كو سیستمێكی تۆتالیتێر پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی به مۆدێرنه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێرنه‌وه هه‌یه، كه‌چی عێراقی به‌عس ده‌وڵه‌تی پێش پیشه‌سازی و راستییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تێكی كشتوكاڵی بوو. ده‌وڵه‌تی به‌عسی مۆدێلێك بوو نه‌ده‌كرا له‌رووی په‌ره‌سه‌ندنه‌وه به ئاسانی له‌گه‌ڵ بۆ نموونە ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیای نازی و سۆڤییه‌تی سه‌رده‌می ستالین‌دا وه‌كو دوو ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن دوو سیستمی تۆتالیتێر له مێژوودا به‌راورد بكرێت. به‌ڵام سیستمی حوكمڕانی له عێراقی به‌عسیشدا سیستمێكی تاكحیزبی و تۆتالیتێر بوو، فاشیزمی به‌عسیش به‌هه‌مان شێوه‌ی تۆتالیتاریزمی مێژوویی، كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی تێكه‌ڵ به یه‌كدی كرد و هه‌ردووكیانی له رێی ئایدۆلۆژیای به‌عسییه‌وه كۆنترۆڵ كرد. به‌پێچه‌وانه‌ی تۆتالیتاریزمی مێژوویی، به‌عسییه‌كان له غیابی داموده‌زگای ده‌وڵه‌تداری و مه‌ده‌نی به‌هێزدا په‌نایان بۆ دامه‌زراندنی سیستمێك له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن و خزمایه‌تی برد. ره‌نگه هیچ كه‌سێك هێنده‌ی نووسه‌ری عه‌ره‌بی عێراق شه‌مران ئه‌لیاسری جوانی نه‌پێكابێت كاتێك كه دێته سه‌ر به‌راوردكردنی تۆتالیتاریزمی به‌عسی و تۆتالیتاریزمی فاشی، ئه‌وه‌كه‌ی عێراق به (فاشیزمی به‌ده‌وی) ناوده‌بات. لە هەمان سۆنگەوە ده‌كرێت بڵێین؛ ئه‌نفال پرۆسه‌ی سیستمێكی تۆتالیتێر بوو، به‌ڵام به كۆنه‌ستێكی عه‌ره‌بی به‌ده‌وییه‌وه. * * * بێگومان بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌نفال، خوێندنه‌وه‌ی به‌عس رۆڵێكی سێنتراڵی هه‌یه. له راستیدا ئه‌سته‌مه بێ تێگه‌یشتن له به‌عس وه‌كو سیستمێكی تۆتالیتێری عه‌ره‌بی، له ئه‌نفال و ته‌نانه‌ت له پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تی عێراق و كورد به ئێستاشه‌وه تێبگه‌ین. چونكه ئه‌گه‌رچی به‌عس وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌ره‌سی هێنا و روخا، به‌ڵام هێشتا كولتوری به‌عس له عێراقی پاش سه‌دام حوسێن‌دا، كولتورێكی زیندووه و رۆژانه له‌م یان ئه‌و كایه‌دا رووبه‌ڕوومان ده‌وه‌ستێته‌وه. خوێندنه‌وه‌ی به‌عس، خوێندنه‌وه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند و به گرێوگۆڵه. چونكه به‌عس چ وه‌ك حیزب یان وه‌ك سیستم، پێكهاته‌یه‌كی یه‌كجار ئاڵۆزه، ئاخر ئاڵۆزبوون له بنه‌ڕه‌تدا یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته دیاره‌كانی تۆتالیتاریزم. بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌نفال لای فاشیزمی به‌عسی، هیچ شتێك هێنده‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ نه‌ته‌وه و ئاین گرنگ نییه. له راستیدا نه‌ته‌وه و ئاین ئه‌و دوو كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌ن كه هه‌موو جیهانبینی و ئایدۆلۆژیای به‌عسی له‌سه‌ر بنیاتنراوه. ئایدۆلۆژیای به‌عسی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و له‌سه‌ر ده‌ستی دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی میشێل عه‌فله‌ق، (نه‌ته‌وه/عه‌ره‌ب) و (ئاین/ئیسلام) ده‌كاته جمكێك و له یه‌كتریدا ده‌یانتوێنێته‌وه. به‌عس حیزبێكی ئیسلامی نه‌بوو، به‌هه‌مان شێوه‌ش به‌عسییه‌كان موسڵمانی به‌ر قاپی خودا نه‌بوون، به‌ڵام به‌عس وه‌كو ئایدۆلۆژیا له ئیسلامی ده‌ڕوانی و به گرێدانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عروبه‌دا له پرۆسه‌یه‌كی یه‌كجار دیماگۆگیدا ده‌یویست خودی عروبه بكاته ئاین و بیكاته مه‌زهه‌بێك كه شایانی په‌رستن بێت. عه‌فله‌ق له وتارێكیدا به ناونیشانی (یادی پێغه‌مبه‌ری عه‌ره‌ب) ده‌نووسێت و ده‌ڵێت:" ئیسلام بزووتنه‌وه‌یه‌كی عه‌ره‌بی بوو، ماناكه‌شی: نوێبوونه‌وه‌ی عروبه و كامڵبوونی بوو". به بڕوای ئه‌و، خوداوه‌ند ده‌یتوانی سه‌دان ساڵ پێش ده‌ركه‌وتنی ئیسلام و له‌ناو نه‌ته‌وه‌یه‌كی دی، په‌یامه‌كه‌ی خۆی بگه‌یاندایه، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ی له كاتێكی دیاریكراو و له ناو گه‌لێكی دیاریكراودا كرد، خوداوه‌ند نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و پاڵه‌وانێكی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌ڵبژارد؛ پێغه‌مبه‌ری عه‌ره‌ب. ئه‌مه‌ش هه‌مووی حیكمه‌ته. كه‌وابێت هه‌ڵبژاردنی عه‌ره‌ب بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئیسلام هۆیه‌كه‌ی ئه‌و خه‌سڵه‌ت و جیاكه‌ره‌وه بنه‌ڕه‌تییانه‌ن كه له‌ماندا هه‌ن. ئه‌و ده‌بێژێت: "داستانی ئیسلامیی له پێگه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی جودا ناكرێته‌وه كه خاكی عه‌ره‌به و پاڵه‌وان و كاراكته‌ره‌كانی كه سه‌رجه‌میان عه‌ره‌ب بوون". دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی به‌عس هه‌ر به‌مه‌نده‌وه ناوه‌ستێت و ده‌ڵێت:"ئیسلام باشترین گوزاره‌یه له مه‌یلی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب بۆ نه‌مری و یه‌كانگیریی"، هه‌ر بۆیه یه‌كه‌مین ئه‌ركێك كه مرۆڤدۆستیی ئیسلام ده‌یسه‌پێنێت به ڕای عه‌فله‌ق ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت عه‌ره‌ب به‌هێز و خودانی نیشتمانی خۆیان بن. به‌ڵام ئاخۆ به‌عس مه‌به‌ستی كام نیشتمانه؟ لای به‌عسییه‌كان نیشتمانی عه‌ره‌ب ته‌نها یه‌ك نیشتمانه و سه‌رزه‌مینه‌كانی ده‌كه‌وێته نێوان چیاكانی تۆڕۆس و پشتكێو و روباری شه‌تولعه‌ره‌ب و ده‌ریای عه‌ره‌بی و چیاكانی حه‌به‌شه و ئۆقیانوسی ئه‌تڵه‌سی و ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه. به‌عسییه‌كان نه‌ك هه‌ر وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز له خۆیان ته‌ماشای كوردیان نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو گاڵته‌شیان به مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی ده‌هات و پێیان وابوو كه ده‌بێت كورد له خزمه‌تی عروبه‌دا بێت، به‌عس كوردی به ده‌سنده‌خۆری خۆی ده‌زانی. عه‌فله‌ق بۆچوونی خۆی به‌رامبه‌ر به كورد ناشارێته‌وه و له وتارێكیدا به‌ناونیشانی (نه‌ته‌وایه‌تی ئازادیخوازانه‌مان له به‌رده‌م جیاكاری ئاینی و نه‌ژادیدا) ده‌پرسێت: "بۆچی كورد یان به‌شێكی ئه‌وان له عروبه ده‌ترسن؟ كورد سه‌دان ساڵه شانبه‌شانی عه‌ره‌ب ده‌ژین و به‌رگری جوامێرانه له سه‌رزه‌مینه‌كانی عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن. گه‌لی كورد چی تریان ده‌وێت جگه له هیواخواستن به ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر و ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه بۆ هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر كراوه و ئه‌وه‌شیان له‌سه‌ر بێت كه له‌سه‌ر هه‌مووانه. ئێستا ئیتر كه‌مایه‌تی و گروپی چه‌وساوه نییه (مه‌به‌ستی كه‌مایه‌تی‌و گروپه ئیتنی و ئاینییه‌كانی ناو نیشتمانی عه‌ره‌به)، به‌ڵكو زۆرایه‌تییه‌كی گه‌ل چه‌وساوه‌یه كه ئه‌ویش گه‌لی عه‌ره‌به." به‌عس هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستێت كه نیشتمانێكی پانوپۆڕ به ناوی نیشتمانی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ ئایدۆلۆژیاكه‌ی دابتاشێت، به‌ڵكو جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه دانیشتوانی ئه‌م نیشتمانه ته‌نها نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بن. هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وه و نه‌ژاد و ئایین و ئایینزایانه‌ی كه عه‌ره‌ب نین، میوانی نیشتمانی عه‌ره‌بن و پێویسته ملكه‌چی ئه‌و قانونانه بكرێن كه ماف و ئه‌ركیان ده‌ستنیشان ده‌كات تا زیان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب نه‌گه‌یه‌نن. له‌م سۆنگه‌یه‌وه به‌عس له هه‌وڵی یه‌كبینه‌دا بوو تا كورد له عێراق و سوریا، مارۆنی و ئۆرتۆدۆكسه‌كانی لوبنان، قیبتییه‌كانی میسر، ئه‌مازیغی و به‌ربه‌ره‌كانی جه‌زائیر و تونس و مه‌غریب، فه‌ڵە‌كانی سوریا و سۆدان و ئوردون و عێراق ته‌عریب و ئه‌گه‌ریش نه‌كرا ریشه‌كێشیان بكات. * * * سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌و هۆكارانه‌ی كه له لایه‌ن به‌عسه‌وه ئه‌نجامدانی تاوانی ئه‌نفالی بۆ كرایه بیانو، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی تاوانێكی له‌و جۆره و هه‌روه‌كو پێشانیش ئاماژه‌مان بۆ كرد، ئایدۆلۆژیا و جیهانبینی به‌عسی بوو. ئه‌نفال پڕۆسه‌یه‌ك بوو به‌مه‌به‌ستی قڕكردنی كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیا له عه‌ره‌ب و وه‌كو مه‌ترسییه‌كی ناوخۆیی له‌سه‌ر عێراق. به درێژایی مێژوو، پێش دامه‌زراندن و پاش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق، هیچ رژێمێك هێنده‌ی به‌عس حسابی بۆ (مه‌ترسی كورد) له‌سه‌ر پاشه‌ڕۆژی عێراق و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی نه‌كردووه. له سۆنگه‌ی ئاسایشی ناوخۆیی عێراقی به‌عسه‌وه، كورد یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بووە له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌وه. بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه، به‌عس پلانی جه‌نگێكی بێ بڕانه‌وه‌ی بۆ ته‌فروتوناكردنی هێزی مرۆیی كورد پیاده كردووه. به‌عس به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیكی و قۆناغ به قۆناغ كه‌وته ده‌ستنیشانكردن و سنوور بۆكێشانی ژماره‌ی كورد، ئه‌ویش به‌سێ رێگه‌ی جیاواز، یه‌كه‌میان ته‌عریبكردن، دووه‌میان راگواستن و سێیه‌میشیان قڕكردن بوو. له تێڕوانینی به‌عسه‌وه، كورد كه‌مینه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و كوردستان به‌شێكی خاكی عێراقه، كورد میوانی خاكی عه‌ره‌به و به‌و پێیه‌ش جگه له كۆمه‌ڵێك مافی كولتوری و پێكه‌وه‌ژیانی هه‌میشه‌یی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا، هیچ مافێكی تریان نییه. ئه‌وه دروسته كه ئه‌نفال ترۆپكی جینۆسایدی كورد بوو، به‌ڵام به‌عس پێش ئه‌و پرۆسه‌یه و به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی جیاجیاوه كاری له‌سه‌ر قڕكردنی كورد كردووه. ئه‌نفال پراكتیزه‌كردنی ئایدیای عروبه‌ی به‌عسی بوو دژ به كورد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه به‌عسییه‌كان تیۆریزه‌ی ئیسلامیان وه‌كو (رۆحی عروبه) ده‌كرد، ده‌بوا بۆ پاساوی قڕكردنی كورد په‌نا بۆ ئیسلام به‌رنه‌وه. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی فاشیزمی به‌عسی بۆ ئیسلام له ئه‌نفالدا سەرەڕای کۆنەستە بەدەوییە عەرەبییەکەی، هیچ نییه جگه له هه‌وڵی گرێدانه‌وه‌ی عروبه وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كی قه‌ومی فاشی به ئیسلامه‌وه و ره‌وایی دانێكی ئایینی به پرۆسه‌ی قڕكردنه‌كه. ئاخر به‌رامبه‌ر به كورد، سه‌دام حسێن خۆی به پێغه‌مبه‌ر و حیزبی به‌عس به ئیسلام و جه‌یشه‌كه‌شی به له‌شكری سه‌رده‌می فتوحات ده‌چواند. هه‌ر بۆیه به گه‌ڕانه‌وه بۆ یه‌كێك له سوره‌ته‌كانی قورئان، به‌عسییه‌كان قڕكردنی كوردیان له ساڵی ١٩٨٨دا، به ئه‌نفال ناوزه‌د كرد. * * * ئاخۆ ئه‌نفال رووداوێكه سه‌ر به رابردوو یاخود سه‌ر به ئێستا و داهاتوومان، ئایا ئه‌نفال چۆته مێژووه‌وه و پێویسته له بیری بكه‌ین یاخود رووداوێكه هێشتا له پێشمانه‌وه وه‌ستاوه؟ له راستیدا بێ تێگه‌یشتن له‌م پرسه گه‌وهه‌رییه، مه‌حاڵه له ئێستا و ئاینده‌مان تێبگه‌ین. به واتایه‌كی تر، بێ تێگه‌یشتن له ره‌هه‌نده قووڵه‌كانی ئه‌نفال، ئه‌سته‌مه باس له چاره‌نووسی خۆمان وه‌كو نه‌ته‌وه بكه‌ین. چونكه ئه‌نفال نه‌ك هه‌ر تاوانێكی راگوزه‌ر نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌شه كه ته‌نها وه‌كو تاوان له ئه‌نفال بڕوانین. ئه‌نفال هه‌ر به ته‌نها بریتی نیه له كه‌یسی كۆمه‌ڵێك تاوانبار و قوربانییه‌كانی، ئه‌نفال هه‌ر ته‌نها به په‌لكێشكردنی تاوانباران بۆ به‌رده‌م دادگا و به‌سزاگه‌یاندن و ته‌نانه‌ت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانیش كۆتایی نایه‌ت. ئه‌نفال ده‌رئه‌نجامی پێوه‌ندی ناجۆری نێوان نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌ست و ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ره كه پاش ده‌یان ساڵ درۆی پێكه‌وه‌ژیان، دواجار هه‌وڵی قڕكردنی به‌شێكی گه‌وره‌ی درا. له هه‌مووشی مه‌ترسیدارتر، ئه‌نفال ده‌رئه‌نجامی عه‌قڵیه‌تێكه كه تا ئێستا له‌ناوماندا ده‌ژی و به‌ناوی عێراقی نوێوه تا دێت ئه‌نفال ده‌كاته تاوانی چه‌ند تاوانبارێكی سه‌ر به سیستمێك و ده‌یه‌وێت له رێی سزادانیان و قه‌ره‌بووی مادیی كه‌سوكاری قوربانیانه‌وه هه‌تا زووه به رابردووی بسپێرێت. راستییه‌كه‌ی بۆ ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌نفال هیچ شتێك هێنده‌ی پرسیاركردن له كو‌لتور و مێنتا‌ڵیتی نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌رده‌ستی عێراق گرنگ نییه. ئه‌وه دروسته به‌عس وه‌كو حیزب و وه‌كو ده‌سه‌ڵات له ٢٠٠٣دا كۆتایی پێهات، به‌ڵام وه‌كو كو‌لتور و وه‌كو مێنتا‌ڵیتی، به‌عس هێشتا له‌گه‌ڵماندا ده‌ژی. ئه‌نفال پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی به‌و قه‌واره‌یه‌وه هه‌یه كه پێی ده‌وترێت عێراق و واوه‌تریش پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی به عه‌قڵییه‌تی نه‌ته‌وه‌ی به‌رامبه‌ر و ده‌وڵه‌تداریی ئه‌م قه‌واره‌یه‌وه هه‌یه كه عه‌ره‌به. عه‌ره‌به‌كانی عێراق تا ئێستا ده‌وڵه‌تداریی هه‌ر به ته‌نها له هه‌ردوو چه‌مكی زۆرینه و كه‌مینه‌دا ده‌بیننه‌وه، له هه‌مان سۆنگه‌وه دیموكراسی عێراقی به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك هه‌ر ته‌نها له ده‌نگداندا به‌رجه‌سته كراوه. ئه‌وه قسه‌ی پێناوێت به‌عسییه‌كان وه‌كو سیستمێكی حوكمی كه‌مایه‌تی كه گوزاره بوون له تایه‌فه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ی عێراق، هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه كاری شێلگیرانه‌یان له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی جیاوازی له‌نێوان گروپه ئیتنی و ئایینیه‌كاندا كردووه. له دیدی به‌عسه‌وه عه‌ره‌بی سوننه با كه‌مینه‌ش بن به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی پارێزه‌ری په‌یامی عروبه و ئیسلامن، پێویسته حوكمی ئه‌وانی دی؛ كورد و شیعه بكه‌ن. هه‌ر به‌و پێیه و به درێژایی مێژووی ده‌وڵه‌تی عێراق، عه‌ره‌بی سوننه تاكه نوخبه‌ی ئیداریی و سیاسیی ئه‌م وڵاته و داهێنه‌ری مۆدێلی حوكمی كه‌مینه بوون. هه‌ر پاش رمانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كان، شیعه‌كان به‌هه‌مان پره‌نسیپی ده‌وڵه‌تداریی به‌عسی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به گه‌ڕانه‌وه بۆ پره‌نسیپی زۆرینه، هه‌وڵیاندا عێراق دابمه‌زرێننه‌وه. له راستیدا سیاسه‌تمه‌دارانی عه‌ره‌بی عێراق خاوه‌نی ئه‌نگێزه و خه‌یاڵدانێكی پانعه‌ره‌بی ئیسلامین و زۆربه‌یان نه‌ك هه‌ر ئاماده نین كار بۆ بیناكردنی ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن بكه‌ن، به‌ڵكو تا ئێستا خه‌ون به ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ته‌وه ده‌بینن. رازی نه‌بوون و ره‌تكردنه‌وه‌ی سەربەخۆیی کوردستان و تەنانەت خودی فیدراڵیش وەکو شێوەیەک بۆ پێکەوەژیان، زیندوێتی ئه‌م باكگراونده‌مان پیشان ده‌دات له تێڕوانینی ئه‌وان بۆ ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تداریی. مانه‌وه‌ی كورد له‌م مۆدێله‌ی ده‌وڵه‌تدا، مانه‌وه‌یه‌كی یه‌كجار تراژیدییه. مانه‌وه له‌م ده‌وڵه‌ته ترسناكه‌دا، قایلبوونه به قه‌ده‌رێكی شووم. راستییه‌كه‌ی ئه‌نفال پێش ئه‌وه‌ی تاوانێك بێت كه له ده‌ستی ئه‌م یان ئه‌و تاوانبار قه‌وما بێت، ده‌رئه‌نجامێكی بێ چه‌ندوچونی ئه‌م مۆدێله شكستخواردووه‌ی ده‌وڵه‌ته. ئه‌نفال خۆی له‌خۆیدا به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی كورد بۆ هه‌تاهه‌تایه پشت له‌عێراقیبوونی خۆی بكات و نه‌فره‌ت له‌و ده‌وڵه‌ته بكات كه له‌سه‌رده‌ستی ئه‌ودا رووبه‌رووی جینۆساید بۆوه. * * * ئه‌نفال وه‌كو زۆرێك له جومگه جیاكه‌ره‌وه‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، كایه‌یه‌كی بێ ناز و راستیه‌كه‌ی زۆر به خه‌مساردی و نه‌زانییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه. مامه‌ڵه‌ی ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ كۆستێكی گه‌وره‌ی وه‌هادا هێشتا سنووری بۆنه و یادكردنه‌وه‌ی تێنه‌په‌ڕاندووه و گوتاری كوردیی له‌مه‌ڕ ئه‌نفال، گوتارێكی ئینشایی یه‌كجار هه‌ژار و خاڵی له گشت ره‌هه‌نده ترسناكه‌كانی كاره‌ساتێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌و جۆره‌یه. سەرکردایەتی سیاسی كوردستان جگه له‌وه‌ی نه‌یتوانیوە پرسێكی گه‌وره‌ی وه‌كو ئه‌نفال بكا‌تە پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی و گوتارێكی یه‌كگرتوو، پرسه‌كه‌شی وه‌كو هه‌موو كایه‌كانی تر دابه‌ش كردووە و كردوویەتە بۆنه‌یه‌ك بۆ وتنه‌وه‌ی ئه‌و وتاره ئینشاییانه‌ی كه ساڵانه له یادی ئه‌نفالدا به گوێماندا ده‌درێت. ئه‌م فره وتارییه‌ی ئه‌نفال سته‌مێكی گه‌وره‌یه پێش هه‌ر كه‌سێكی دی ده‌رهه‌ق به خودی قوربانیانی ئه‌نفالكراو. ئه‌ڵبه‌ته ده‌كرا له ده‌ره‌وه‌ی کایەی سیاسی، دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت به پرسی ئه‌نفال به‌مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و دروستكردنی یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی و كاركردن بۆ ناساندنی نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی دابمه‌زرایه تا ئه‌نفال وه‌كو پرسێكی زیندو هه‌میشه به‌رده‌وام بوایه. راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره، ئێمه تا ئێستا له ئه‌نفال نه‌گه‌یشتوین. چونكه تێگه‌یشتن له ئه‌نفال پێش هه‌ر شتێكی دیكه، تێگه‌یشتن و كاركردنه به‌ئاڕاسته‌ی ئاینده و بڕیاردانی چاره‌نووس. قسه‌كردن له ئه‌نفال ده‌بێت قسه‌كردن بێت له ئێستا و ئاینده‌مان، له مانه‌وه‌مان وه‌كو نه‌ته‌وه و وه‌كو ئینسان. چونكه ئه‌نفال پرسی مانه‌وه‌مانی وه‌كو نه‌ته‌وه خسته ژێر پرسیارێكی گه‌وره‌وه، به‌تایبه‌تیش مانه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی: عه‌ره‌ب و ده‌وڵه‌تی عێراقدا. بۆ كاركردن له‌سه‌ر كاره‌ساتێكی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌نفال، هیچ شتێك هێنده‌ی خوڵقاندنی (یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی) گرنگ نییه، هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره له دنیادا نییه خاوه‌نی یاده‌وه‌ری ده‌سته‌جه‌معی نه‌بێت. له‌ڕێی یاده‌وه‌رییه‌كی له‌و جۆره‌وه ده‌كرێت نه‌ك هه‌ر له رووه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی، به‌ڵكو به ئاقاری سیاسیش گوتاری نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت و له پڕۆسه‌ی به ناسیۆنبووندا بكرێته پاڵپشتێكی مه‌عنه‌ویی گه‌وره. گوتاری سیاسیی كورد گوتارێكی یه‌كجار شه‌رمنه، زۆر به‌ئاسانی دوێنێ له‌یاد ده‌كات. راستییه‌كه‌ی گوتاری سیاسی ئێمه به‌رامبه‌ر به عه‌ره‌ب نه‌ك هه‌ر له ئاستی گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌ماندا نییه، به‌ڵكو زۆربه‌ی جاران بریتییه له موجامه‌له‌یه‌كی ته‌واو بێتام و بێناوه‌ڕۆك. له دوای روخانی ده‌سه‌ڵاتی فاشیزمی به‌عسییه‌وه، ئه‌م گوتاره هه‌وڵی داوه له ده‌ره‌وه‌ی كۆنسێپتێكی كاری نه‌ته‌وه‌ییدا و به بیانووی ساڕێژكردنه‌وه‌ی برینه‌كان و سپاردنی سه‌رجه‌م سته‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه به سه‌رده‌مێك له سه‌رده‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵات له عێراقدا و له‌نێو ئه‌وانیشدا به ده‌سته‌یه‌كی كه‌می فه‌رمانڕه‌وایان، كاره‌ساته‌كه به رابردوو بسپێرێت و شاییلۆغانی كۆتاییهاتن به‌و رابردووه‌ش بگێڕێت. گوتاری سیاسیی كورد كه گوتاری حیزبیی كوردییه، نازانێت یان نایه‌وێت بزانێت كه له پشتی فاشیزمی به‌عسی و دیكتاتۆرێكی وه‌ك سه‌دام حسێنه‌وه، كام ناسیۆنالیزمی شۆڤێنیست ئه‌كتیڤ بووه و چه‌ند سه‌دام حسێنیشی له پاش خۆی به میرات جێیهێشتووه. گوتاری سیاسیی كورد چه‌ند ده‌كات خۆی له‌و شه‌ڕه بدزێته‌وه، دواجار له‌م هه‌ڵوێست یان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌دا یه‌خه‌ی پێده‌گرنه‌وه. راستیه‌كه‌ی مه‌حاڵه عێراق ببێتە دەوڵەتێک بۆ پێکەوە ژیان تا ئه‌و شه‌ڕه یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه، واته شه‌ڕی وردوخاشكردنی یه‌كجاره‌كی ناسیونالیزمی كۆنه‌په‌رستی عه‌ره‌ب كه پێشتر به‌عس نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرد. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌بێت لایه‌نی به‌رامبه‌ر و مرۆڤایه‌تیش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ر به‌ته‌نها له‌میانه‌ی (ژماره)وه كاره‌ساته‌كه‌مان نه‌ناسن، به‌ڵكو له‌وه گرنگتر دروستكردنی (هه‌ستكردن به‌گوناه)ـه لای نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست وه‌كو ئه‌نجامده‌ری تاوانه‌كه و لای مرۆڤایه‌تیش، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌نفال جینۆسایده و جینۆسایدیش به‌پێی بڕیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نه‌ك هه‌ر دژ به‌و كه‌سانه‌یه كه تاوانه‌كه ده‌یانگرێته‌وه، به‌ڵكو تاوانێكه دژ به مرۆڤایه‌تی. ئه‌گه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه و سزادانی تاوانباران داوای سه‌ره‌كی قوربانیانی ئه‌نفال بن كه مافێكی سروشتی و ئاسایی خۆیانه، ده‌بێت داوای كورد وه‌كو نه‌ته‌وه، قه‌ره‌بووكردنه‌وه تێپه‌ڕێنێت و هه‌وڵی به‌زیندوویی هێشتنه‌وه و به‌هه‌نوكه‌ییكردن و كردنی ئه‌نفال به یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی بێت كه له ئێستاوه و بۆ داهاتوویه‌كی دوورتر ببێته پاڵپشتێكی به‌هێزی وتاری نه‌ته‌وه‌یی كورد. لە كوردستانی نوێ‌دا بڵاوكراوەتەوە
پەیكار عوسمان - هەڵبژاردنەکە بۆ عێراقە، کەچی وەهمی گۆڕینی 'دەسەڵاتی هەرێم' لای دەنگدەر دروست ئەکرێ! ئەوانەی ئەمڕو بەو بانگەشەیە دەنگ کۆئەکەنەوە، سبەی دۆڕاوی هەڵبژاردنەکانی کوردستان ئەبن، چونکە ئەو کارتەی کە پێویستە ئەوکات ڕابکێشرێ، لە ئێستاوە ڕایئەکێشن و ئەیسوتێنن. هێزی سەرکەوتوو بانگەشەو بەرنامەی هەردو هەڵبژاردنەکە جیائەکاتەوەو تێکەڵی ناکات، ئەیکا بە دوو کارت و ئێستا یەکێکیان ڕائەکێشێ. - هەڵبژاردنەکە هی عێراقە، کەچی ئەڵێ ی هی محافەزاتەو شەڕەکە لەسەر محافزی سلێمانییە! وەکچۆن هاوکیشەی 'خۆپیشاندان' هەولێرو دهۆك یەکلای ئەکەنەوە، هاوکێشەی 'دەنگدانیش' هەر ئەوان یەکلای ئەکەنەوە نەك سلێمانی. یەکێتی بە ئەندازەی پێویست بچوککراوەتەو بچوکتریش ئەبێتەوە، ئەبوو هێزی کۆن و نوێ، قورسایی بخەنە سەر ئەولاو بە هەمووان خەریکی بچوكکردنەوەی پارتی بن، نەك لێدان و بچوککردنەوەی خۆیان. - نەك هەڵبژاردنی گشتی، لە هی گەڕەك و گوندێکیشا پارتی و یەکێتی پاشەکشێ بکەن هەر دەسکەوتە، گرنگە هێزەکانی تر لەوە تێبگەن کە بچوکبوونەوەی پارتی یەکێتی گرنگترە لە گەورەبوونی ئەوان!! یەعنی گەورەبوونی ئەوان لەسەر حسابی پارتی و یەکێتی گرنگە، نەك لەسەر حسابی یەکتر. - (هاوپەیمانی و نەوەی نوێ) هێزی مونافسن بەڵام هێزی نوێ نین، چونکە نەیانتوانیوە گۆڕان تێپەڕێنن، بەهەمان کەرەستەکانی گۆڕان ململانێ ئەکەن و هاتوونەتە مەیدان، هێزی نوێ ئەوەیە کە گۆران تێپەرێنێ نەك ئەوەی کە لاسایی گۆڕان بکاتەوەو چێشتە ساردەکانی ئەو گەرم بکاتەوە.. هێزی نوێ هێشتا هەر گۆڕان خۆیەتی، چونکە ئەخیر پەیام هێشتا هەر ئەوەی ئەوەو پەیامی نوێتر نەهاتووە، ئەوەی دێ هەمان پەیامی ئەو دووپات ئەکاتەوە. ئەشێ نەوەی نەوێ ڕاگەیاندنی بەهێزتربێ، ئەشێ کەسی یەکەمی هاوپەیمانی وەجهتربێ، بەڵام بە هەموو کەموکوڕیەکانیەوە هێشتا هەر گۆڕان خۆی، نزیکترە لە پەیامەکانی خۆی. - هێزەکانی تر بۆ ئەوەی نوێ بن ئەبێ گۆڕان تێپەڕێنن، بەڵام گۆڕان بۆ ئەوەی کۆن نەبێ، ئەبێ خۆی تێپەڕێنێ! ئەبێ قسەی نوێ ی هەبێت، مەسەلەن دوای عەفرین و کەرکوك، ئیتر تەنیا خیاتبی چاکسازیی کافی نیەو ئەبێ قسەی نەتەوەیی و نیشتمانیش هەبێ!! ئێستا قەزییەی کورد لەنێوان پارتی و پەکەکە چەقی بەستووەو لەپاشەکشێ دایە، کۆنگرەی نەتەوەیی لەنێوان ئەم دوو هێزەدا مرداربۆتەوە، پێویستە هێزی سێیەم و بەرەی سێیەم بێتە مەیدان و قسەی خۆی بکاو دووانەکەی تریش گرێ بداتەوە. تاکە شت کە گۆران لە لۆکاڵییبوون ڕزگاربکات، هەروەها لە خۆی ڕزگاری بکاو خۆی تێپەڕێنێ، خیتابێکی نەتەوەیی نیشتمانییە. - هاوپەیمانی نوێ نیە، بەڵام مونافسێکی ئیجابییە، چونکە ڕووی تیرەکانی لە بازنەی پارتی و یەکێتییە. هاوپەیمانی و گۆڕان و ئیسلامییەکان ئەگەرچی مونافەسەش ئەکەن، بەڵام بە تەنکی لە یەك ئەدەن و تا سەر ئێسقانی نابەن، چونکە تێگەیشتوون کە شەڕی گەورەی ئەوان لەگەڵ بازنەکەی ترە، ئەمەش سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی دواتر کاری پێکەوەیی بکەن و بازنەیەکی تۆکمە دروست بکەن. بەڵام نەوەی نوێ مونافسێکی سلبیە، چونکە تیرەکانی ڕووکردۆتە ناوەوەی بازنەی ئۆپۆزسیۆن و تا ناو گۆشت و ئێسكیشی بردوە! ئەگەر بە کات حسابی بکەیت، نەوەی نوێ نەك پێشکەوتنێك نیە، بەڵکو ڕێك نۆ ساڵ گەڕانەوەیە بۆ دواوە، بۆ ٢٥ی ٧ی ٢٠٠٩ ئەو کاتەی گۆران وتی من هەر خۆم ئێوە هەمووتان. - بەڵام هێشتاش پێموانیە کە نەوەی نوێ هیچ سودێکی نەبێت، بەڵکو عادەتەن خەڵکی ڕەشبین کەیفیان بە خیتابی توند‌و هێزی ڕادیکاڵ دێت! هەر بۆیە خەڵکێکی ڕەشبین کە هیوایان بە هەڵبژاردن نەماوەو بە تەمان دەنگ نەدەن، هیوادارم نەوەی نوێ هیوایەك بۆ ئەمانە بگەڕێنێتەوەو ئەم دەنگانە هەمووی بەرێ بۆ خۆی. بەڵام ئەوانەی کە دەنگ ئەدەن و ئومێدیان بە هەڵبژاردن ماوە، هیوادارم زۆرترین دەنگ بە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بدەن بە تایبەت بە گۆڕان! چونکە گۆڕان تەنیا حیزب نیەو مۆدێلیشە، حیزب و قەوارەی تر دروستبوون و هەن، بەڵام هێشتا هەر گۆران مۆدێلە بەرامبەر مۆدێلی پارتی و یەکێتی. تا گۆڕان چەقی مۆدێلەکەی خۆی بێت، یان تا مۆدێلێکی تر پەیا ئەبێت، تا ئەو کاتە گۆڕان لە هەمووان زیاتر شایستەی دەنگ پێدانە.
ڤیان فه‌ره‌ج ئێمه هیچكات ناتوانین هه‌ڵسه‌نگاندنیكى گونجاو بۆ گرفتى كه‌سه‌كانى ده‌وروبه‌رمان بكه‌ین و هه‌مان ئه‌و ئازاره بچێژین كه ئه‌وان هه‌یانه...، كاتێكیش كه پێیان ده‌ڵێین هاوخه‌متانین، ئه‌وا درۆیه‌كى گه‌وره‌یه‌و خۆمان و ئه‌وانى پێ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنین.. درۆ ده‌كه‌ین گه‌ر بڵێین له هه‌نسكى رۆژانى جه‌ژنى مناڵێك ده‌گه‌ین كه به‌یانى جه‌ژن چاوه‌روان بوه باوك جه‌ژنانه‌ى بداتێ و ئه‌مێستا بۆخۆی پیاوێكه‌و ده‌یه‌وێ به‌ر له‌هه‌مو شت و كه‌سێك به‌یانیان مناڵه‌كانی به‌سه‌ر بكاته‌وه..له نوزه‌ڵه‌ى قه‌یره‌كیژیێك ده‌گه‌ین كه ده‌ستگیران عه‌یامیكه بیێچاره فه‌رامۆشى كردووه‌و له هه‌نیسكه بیێده‌نگه‌كانى مه‌رده ژنیێكیش ده‌گه‌ین كه ٣٠ ساڵه كۆرپه‌كانى ده‌كاته ژن و پیاوو ده‌یه‌ویێت له‌و رێگایه‌وه گریانه‌كانى بكاته هیوا.. ئێمه درۆ ئه‌كه‌ین كه ده‌مانه‌ویێت هاوخه‌مى ئه‌و دایكانه بین كه ته‌نانه‌ت ئێسك و پروسكى گه‌ڕاوه‌و دۆزراوه‌ش سه‌بورى دڵیانه........... تكایه من هاوخه‌مى هیچكامێكتان نیم..چونكه ئیتر درۆم بى ناكرێت...من هه‌ست به‌ئازار ده‌كه‌م، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و ئازاره‌م نیه كه‌ئێوه هه‌تانه..، بۆیه بمبورن كه راستگۆیانه ناتوانم هه‌مان ئه‌و ئازاره بچێژم كه ئێوه هه‌مو ساڵێك له‌مرۆژه‌دا ده‌یچێژن و برینه‌كانتانی تیا ده‌كولێته‌وه.. تاكه شتێك له‌م رۆژه‌دا ده‌توانم بیڵێم ئه‌وه‌یه كه راستگۆیانه پێتان بڵێم ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئێوه كرا هه‌رگیز نه‌نه‌وه‌كانتان و نه هی هیچ قه‌وم و گروپێكی تری مرۆڤایه‌تی نه‌یبینێته‌وه...
د. نیاز نەجمەدین پرسیاری "چی بکەین؟" لە سەدەی بیستدا و تا ئەمڕۆش پرسیارێکی رۆژئاواییە، پتر روسیا و ئەمریکا وەڵامیانداوەتەوە و لە سایەیدا بەشێک لە چارەنوسی نەتەوەکانیان دیاریی کردووە، بە باش یان بە خراپ. ئەم باسە زۆری دەوێت و زیاتری لەسەر ناڕۆم، بەڵام با بپرسین: کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاشان جیهاندا دەبێت چۆن نەتەوەیەک بێت؟ یەکێک لەو شتانەی دەکرێت بیری لێ بکەینەوە ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچی تر نەبێت بە بازاڕ و گۆڕەپانی جەنگ، نەبێت بە دەستکەلای دەوڵەتانی ناوچەکە، ناهاوسەنگییەکانی ئابورییەکەی چاکبکاتەوە، بەڵام ئەمەش سەختە و بە رۆژ و دوو رۆژ ناکرێت و قسەش زۆر هەڵدەگرێت. دادەبەزمە ئاستێکی خوارتر: کورد لە عێراقدا چی بکات؟ لە عێراقدا پێویستە ستراتیجی سەرکردایەتیی و نوێنەرانی کورد ئەوەبێت دەستی ئاژاوە نەبن، ترسی عێراق بەرامبەر بە گەشەکردنی هەرێم کەمبکەنەوە، گەشەی هەرێم ببێت بە خێر بۆ عێراقیش (رۆژێک لە رۆژانیش کورد جیاببێتەوە، هەردەبێت لەڕێی عێراقەوە و بە ئاشتیی روبدات). ئایا هەڵبژاردنەکانی عێراق دەتوانن ئەم ئامانجانە بهێننەدی؟ چی‌یان پێدەکرێت؟ وەرچەرخان پرۆسەیە، ئەوە تەنیا خەیاڵە بتوانین بەلابردنی ئەم حزب و هێنانی ئەویتر مێژوو لە بەرژەوەندیی خەڵک پێچەوانە بکەینەوە. بۆچی؟ (کاریگەریی راستەوخۆی قەیرانی ئابوریی جيهان، رۆڵی دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەمریکا و روسیا، کاریگەریی سوپا و میلیشیا و موخابەرات، ساختەکاریی و داهێنان تیایدا، قوڵیی لاسەنگییەکانی ئابوریی عێراق و هەرێم، هەر قەوارەیەک یان چەند قەوارەیەک رۆڵێکی بچوک دەبینێت، خزمایەتیی و کەسایەتیی لە دەنگداندا رۆڵی گرنگ دەبینێت). لەگەڵ ئەمانەشدا، ئەگەر ئەنجامبدرێت، هێشتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی عێراق دوو ئیشی گرنگی پێدەکرێت. یەکەميان، دروستکردنەوەی پردی متمانەیە لەگەڵ عێراق. دووەمیان بریتییە لە: (بچوککردنەوەی دەستەڵاتی یەکێتیی و پارتیی). لەگەڵ بچوککردنەوەی دەستەڵاتی دوو بنەماڵە و حزبەکانیان، کۆمەڵێک مافیاش دەکەون، ئومێدی لەدایکبونی قۆناغێک بە ئاراستەی تێپەڕاندنی مێژووی پڕ لە شکستی حوکمڕانیی و سیاسەت لە هەرێمدا سەرهەڵدەدات، بە مێژووی شەڕنانەوە و هەڵهاتنیشەوە. دوای ئەم هەنگاوە ئینجا دەکرێت بیر لە راستکردنەوەی لاسەنگییەکانی نێوان عێراق و هەرێم , هەرێم و دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهانیش بکرێتەوە. لە بەرامبەردا، کشانەوە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق تەنیا ئاژاوەنانەوەیەکی تر دەبێت و هیچی تری لێ سەوزنابێت. دەنگنەدان بە دوو حزبە حاکمەکە مانای سڕینەوەیان نییە، بەڵکو سزایەکە تا ناچار ببن چاکسازیی بکەن. ئەگەر دەنگدەر ئەمجارە دەستەڵاتی یەکێتیی و پارتیی بچوک نەکاتەوە، ئەوا پەنجەرەیەک بۆ رزگاربون لە قەیران , دیکتاتۆرەکان دادەخات، رەنگە خەڵکی هەرێمیش ناچاربکات لەرێی خۆپیشاندان و راپەڕینەوە لە ئایندەدا دۆخی سیاسیی هەرێم بگۆڕن (ئەمەش بۆ خۆی لاوازییەکی تری هەڵبژاردنە بەوپێیەی گەندەڵ و دیکتاتۆريش بەختی سەرکەوتنیان بۆ سەر کورسی دەستەڵات هەیە). دەنگدەر رۆڵی هەیە و بەشێک لە بەرپرسیارێتی چارەنوسی خۆی و وڵاتەکەی لە هەڵبژاردندا دەکەوێتە ئەستۆ. ئەگەر هیچ قەوارەیەکیش قەناعەتت پێناکات، ئەوا بایکۆت و دەنگسوتاندن زۆر باشترە لە دەنگدان بە حاکمەکانی پێشوو. بێگومان دەشێت کەلتوری سیاسیی یەکێتیی و پارتیی و پۆخڵەواتەکانی لیستەکانی تری عێراق لە قەوارەکانی دیکەدا بدۆزینەوە و سەرهەڵبدەنەوە. بەڵام سەرخستنی گەشەسەندن پرۆسەیە و چەندین جاری تر دەوەستێتەوە، بۆیە پێویستە بە چەندین میکانیزم هەوڵ بدەین بیخەینەوە سەر رێی خۆی، کە یەکێکیان ئەوەیە تاک نەبێت بە جەنگاوەری ئەبەدیی هیچ قەوارە و حزب و ئایدیۆلۆجیایەک و لە هەر حزبێکیشدا بێت، خاوەنی شەخسیەتی سیاسیی خۆی بێت. ........................................................................................
د. زافر عانی لەم ماوەیەدا پرسیاری زۆر دەكرێت دەربارەی ئەوەی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كێیە؟ ئەم پرسیارە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و پاشان پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ. بەشێكی زۆر گرەو لەسەر ویلایەتی دووەمی حەیدەر عەبادی دەكەن و چەند ناوێكی تریش خراونەتە بەرباس كە هەندێك بڕوای وایە شیاون بۆ پۆستی سەرك وەزیران لەوانە تارق نەجم، محەمەد شیاع، هادی عامری، عەبدولحسێن عەبتان، قاسم ئەعرەجی و قوسەی سوهێل و ... هتد، هەروەها هەندێكیش ناوی مالیكی دووبارە دەكەنەوە. كەواتە لەنێوان ئەو ناوانە و كەسانی تریشدا كێ سەرۆك وەزیرانی داهاتووە؟ گومانی تێدا نیە ئەم بیركردنەوەیە لە خستەڕووی ئەم ناوانە لە چیرۆكی " قات و قۆپچەكە" دەچێت، دەگێڕنەوە پیاوكێك قۆپچەیەكی هەبووەو ویستویەت قاتێك لە هەمان رەنگ و قەبارەی قۆپچەكە بكڕێت، بە واتایەكی تر كەسێكمان هەیە و تایبەتمەندی دیاریكراوی تێدایە و لەسەرمان پێویستە حكومەت و نیشتمانەكەمان لەسەر پێوانەی ئەو كاندیدە دروستبكەین. ئەی بنچینەی ئەمە چۆنە؟! لە بنەڕەتدا دەبێت ئێمە سەرەتا كارە لە پێشینەكانی قۆناغی داهاتوو دیاریبكەین، و ئەو پرۆگرامەی هەڵبژاردن كامەیە كە ئەو پێدوایستییانە دابیندەكات؟ بە واتای ئەوەی كارە لە پێشینەكانمان لە داهاتوودا ئەمنییە، یان ئابووری یان گەشەپێدان، یان ئیداری ، یان كارگێڕی یان فێركردنە یان هی ترە؟ ئایا كاری لە پێشینەمان رێكخستنەوەی ماڵی ناوخۆ و پەرەپێدانی پێكەوەژیانی ئاشتیانەیە یان باشتركردنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی عێراقە؟ رێگای كرانەوە بە رووی جیهاندا هەڵدەبژێرین یان گۆشەگیری؟ ئایا گرنگترین دۆسیە چارەسەركردنی گەندەڵی و كەمكردنەوەی هەژارییە یان نەهێشتنی تیرۆر یان باشكردنی دۆخی كشتوكاڵ و پیشەسازی عێراقە؟ پاشان دێین و پرۆگرامی حكومەت دادەنێن كە ئەو كارە لەپێشینانە لەسەر بنەمای پێویستییە هەنوكەییەكانمان دابینبكات و پاشان رێوشوێن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆگرامە دادەنێن لە ماوەیەكدا كە چوار ساڵ تێپەڕنەكات، و رێككەوتنێكیش هەبێت بۆ چاودێریكردنی رۆڵ و گەرەنتیكردنی جێبەجێكردنی پرۆگرامی حكومەت، دوای ئەوە لەبەر رۆشنایی دەستور و ئەنجامی هەڵبژژاردنەكان و شارەزایی ناوخۆ و نوێنەرایەتی نیشتمانی گفتوگۆی سیاسی بكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانێكی لێهاتوو و شیاو. لە جاری داهاتوودا دید و بۆچونی هاوپەیمانێتی قەراری عێراقیتان بۆ دەخەمەڕوو دەربارەی نمونەیترین پرۆگرامی حكومەت لە قۆناغی داهاتوودا لەگەڵ رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران و ئەو كەسەشی كە بڕوامان وایە باشترین بۆ ئەو رۆڵە. گرنگ ئەوەیە ئێمە لە هاوپەیمانی قەرار باوەڕمان بە تیۆری " قات و قۆپچە" نییە و دەمانەوێت هەموو هاوبەشە سیاسییەكان ئەمجارە بە راستی دابنێن. وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
د. تەیسیر مشارقە لێهاتوویی پەیوەندیكردن پەیوەستە بە هونەرەكانی باوەڕپێهێنان و بە بازاڕكردن و ریكلامی بانگەشەی هەڵبژاردن و رێوشوێنەكانی بەدەستهێنانی رای گشتی، ئەم لایەنە گرنگە پێویستی بە ژمارەیەك تایبەتمەندی هەیە كە پێویستە لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنەكاندا هەبن. كاندیدی سەركەوتوو ئەوەیە كە خاوەنی ژمارەیەك لەم تایبەتمەندییانەی خوارەوە بێت: - توانای ئەوەی هەبێت بە زوویی و خێرا ئاشنای خەڵك و جەماوەر بێت و جەماوەرەكەی بناسێت. - كاندیدی هەڵبژاردن پێویستە سەرنجەكانی چڕبكاتەوە لە بیرۆكە و شارەزایی هاوبەش لەگەڵ دەنگدەران و بایەخدان بە خاڵی بەیەكگەیشتن و دووركەوتنەوە لە خاڵە ناكۆكەكان. - توانای دیاریكردنی ئامانجەكانی هەبێت لە گەیشتن بە پەرلەمان، یان ئەنجومەنی پارێزگا، یان ئەنجومەنی شارەوانی. پێویستە كۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ جەماوەر بكات بۆئەوەی ئەو ئامانجانە ئاشنایان بكات كە دەیەوێت بەدیانبهێنێت. - پێویستە چاوپێكەوتنە تایبەتەكانی لەگەڵ ئەو جەماوەرەدا بێت كە دەیەوێت دەنگیان بەدەستبهێنێت بۆئەوەی بزانێت چیان دەوێت؟ و داواكارییان چییە؟ - كاندید دڵنیابێت كە هەموو ئامانجەكانی واقعین و مایەی جێبەجێكردنن و لە كۆبوونەوەكاندا جەختبكاتەوە كە ئامانجەكانی واقعین و جێبەجێ دەكرێن. - كاندید توانای ئەوەی هەبێت پەیامەكانی بە باشی بگەیەنێت و بە زمانێك بدوێ كە گونجاو بێت بۆ جەماوەرەكەی. - كاندید توانای ئەوەی هەبێت ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنی ئەو جەماوەرە بزانێت كە قسەیان بۆدەكات. - پێویستە لەسەر كاندید وتاری باوەەڕپێكەر بۆ جەماوەر هەڵبژێرێت و راستی و زانیاری دروست بەكاربهێنێت و حەز و ئارەزووی پێداویستییەكانی دەنگدەران لە خۆبگرێت. - كاندید توانای ئەوەی هەبێت ئەو خاڵە بنەرەتییانە دیاریبكات كە دەیەوێت قسەیان لەسەر بكات. - كاندید توانای ئەوەی هەبێت هێزی عەقلی ئەو خەڵكانە بزانێت كە بە ئامانجیان دەگرێت و پێویستە توانا و پلەی خۆڕاگری دەنگدەران و نەریت و كلتوریان بزانێت و تا چ ئاستێك دەتوانرێت گۆڕانكاری بكرێت. هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی سەرەوە راستی و بابەتیی و بەهێزی ئەوە رەتناكاتەوە كە پێویستە كاندید توانای وتاردان و قسەكردنی باش و نوسینی هەبێت و توانای گوێگرتنی هەبێت و جگە لە مانەش توانای باوەڕپێهێنان و كاریگەری و توانای پێشكەشكردن و نمایشكردنیشی بەهێز بێت. وەرگێڕانی/ نامیق ر‌سوڵ د. تەیسیر مشارقە، دكتۆرا لە راگەیاندندا و مامۆستا بەشی راگەیاندنی زانكۆی بەترا لە ئەردەن
پەیكار عوسمان ....... ئەزانم کەمپەین و شت باوی نەماوەو ئەویش بێتام کرا، بەڵام لەم ڕۆژانەیا خراپترین شت لە ژیانی سیاسیی ئێمەدا ڕووئەدا کە 'هەڵمەتی هەڵژاردنە'، پێموایە موبادەرەیەکی دڵسۆزانە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەم دەعبایە خراپ نەبێت. هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ ئێمە شتێکی زیادەیە لەبەر ئەم هۆکارانەو زیاتریش: - مەسەلەن ئێمە هەموو کاتەکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنداین، چ پێویست ئەکا مانگێكیش بەتایبەت تیایبین؟ - مەسەلەن ئێمە هێشتا نەگەیشتووین بە قۆناغی 'سیاسەت' کە چاکەی گشتی و ڕێکخسینی ژیانە، ئێمە هێشتا لە قۆناغی بانگەشەو باسی سیاسەتداین و لەپاڵیشیا خەریکی خراپەی گشتی و تێکدانی ژیانین. دەی ئێمە کە لەبری سیاسەت بەردەوام 'بانگەشەی سیاسەت' ئەکەین، چ پێویست ئەکا مانگێکیش بەتایبەت بانگەشە بکەین؟ - مەسەلەن دەرونی خەڵك خۆی هیلاکەو ئاسایشی کۆمەڵایەتی خۆی بە طڕ بەنە، هەڵمەتی هەڵبژاردن جگە لە هیلاککردنی ئەو دەرونەی کە خۆی هیلاکە، جگە لە گرژکردنی ئەو دەمارەی کە خۆی گرژە، جگە لە پەرتکردنی ئەو خەڵکەی کە خۆیان پەرتن.. چی ترت بۆ ئەکات؟ - مەسەلەن ئاشی سیاسەتی ئێمە، لەبری ئەوەی تێکەڵەیەك لە فکرو ئەخلاق و بەرپرسیارێتی.. بیگێڕێ، تێکەڵەیەك لە ڕق و دەمارگیری و یەکترشکادن.. ئەیگێڕێ، دەی تێکەڵەی دووەم کە هەموو مانگێك هەیە، چ پێویست ئەکا مانگێکی تریشی بۆ تەرخان بکەین؟ - مەسەلەن هەموو ژینگەناسان کۆکن لەسەر ئەوەی کە (ژاوەژاو) یەکێکە لە هۆکارەکانی تێکدانی ژینگە، دەی ژینگەی ئێمە کە خۆی پیسەو کە ژاوەژاویش لە هەموو شت زیاتر پیسی کردوە، چ پێویست ئەکا مانگێك تەرخان بکەین بۆ ژاوەژاو؟ - مەسەلەن سێ ساڵ و یانزە مانگی پێشوو حزبەکان چیبوون مانگی ئەخیریش هەر ئەوەن، لەو مانگەدا هیچ موعجیزەیەك ڕوو نادا، تەنانەت درۆی تازەش ناکرێ، چونکە درۆش هەمووی کرا. قسەی خێری تازەش ناکرێ، چونکە ئەسڵەن ئێمە موشکیلەی پرۆژەو پاکیچ و قسەی باشمان نیە، تەنانەت پیاوخراپەکانیش بەردەوام قسەی باش ئەکەن.. دەی ئەم قەوانە کە خۆی بەردەوام ئیش ئەکا، چ پێویست ئەکا مانگێكیش بەتایبەت ئیش بکات؟ لەڕاستییا هیچ هێزێك قسەی تازەی نیە بۆ وتن، هەمووی وتران و هەمووی دووبارەن، تەنانەت نوێترین هێزی ساحەکە کە مەفروزە لە هەمووان زیاتر پێویستی بە بانگەشەبێت، ئەونە هیلاکی بانگەشەیە، پێوستی بە مانگێك پشووە نەك بە مانگێك بانگەشە!! .................................. جا ئەڵێم پێش ئەوەی هێزەکان دەستبکەن بە وتنی ئەو قسانەی کە پێویست نین، گرنگە ئێمە جوملەیەکی پێویست بڵێین! بڵێین (ئێمە دەنگ ئەدەین بەو هێزەی کە لەبەر خاتری ئێمە بانگەشە نەکات، یان بە هێمنترین شێوە بیکات.) ئەمە باشترین بانگەشەیە کە ئێمە پێش ئەوان دەستی پێ بکەین.
ئاسۆس هەردی چەند رۆژێکی تر هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێدەکات. ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدا دێت کە کوردستان لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە خراپترین دۆخی خۆیدایە. بەڕوی عێراقداو پاش ریفراندوم، توشی گەورەترین شکست بوەو نیوەی خاکەکەی لەدەست داوە. بەڕوی دەرەوەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەنزمترین ئاستی خۆیدایە. دەوڵەتانی دراوسێ بەئاشکرا هەڕەشە دەکەن‌و سنورەکانمان دەبەزێنن، کەسیش نە لەعێراق‌و نە لەجیهان هیچ ناڵێت. بەڕوی ناوەوەشدا، پەرتەوازەیی‌و ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان گەیشتۆتە ئاستی ئێسک شکاندن، دانیشتوانی هەرێم لەژێر باری سەنگینی قەیرانی داراییدا دەناڵێنن، حکومەتی هەرێم کە لەراستیدا تەنها وەک ناو و پەیکەرێکی سڕکراو ماوەتەوە، توانای چارەسەرکردنی هیچ قەیرانێک‌و روبەڕوبونەوەی هێچ یەکێک لە هەڕەشەکانی نیە… هتد. لەم دۆخەدا هەمو لایەنەکان ئەم هەڵبژاردنە وەک کێشانەیەک بۆ سەنگی سیاسیی خۆیان دەبینن. دو حیزبە دەسەڵاتدارەکە، کە بەرپرسی یەکەمن لە گەیشتن بەم وێرانەیەی ئەمڕۆ، بە هەمو هێزو توانایەکیان دەیانەوێ لەم هەڵبژاردنەدا ئەنجامێک بەدەست بێنن کە نیشانی بدات سەرباری هەمو شکستەکانیان، هێشتا هەر ئەوان خاوەنی پێگەی جەماوەریی یەکەمن‌و مافی ئەوەیان هەیە حوکم بکەن‌و بەناوی خەڵکەوە لەگەڵ دەرەوەی هەرێم قسە بکەن. گوتاری سەرەکیشیان لەسەر ئەوە بنیاد ناوە کە “نەک هەر ئێمە، بەڵکو هەمو هێزەکان بەرپرسیارن لەو دۆخەی ئێستا هەیە، هەر کەس بەپێی قەبارەو رۆڵی خۆی!”. بەمەش دەیانەوێ حیزبەکانی تر بکەنە شەریکی شکستەکانیان. بەپێچەوانەشەوە، لایەنەکانی تر کە دەزانن ئەمڕۆ پارتی‌و یەکێتی لە لاوازترین پێگەی سیاسی‌و جەماوەری خۆیاندان، بە هەمو توانایەک دەیانەوێ ئەم دەرفەتە بقۆزنەوەو بناغەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن ئەو دو حیزبەوە داڕیژن. بە هەمو پێوانەیەک، ململانێی ئەمجارە سەخت‌و رەنگە توندیش بێت، بەجۆرێک خەڵکێکی زۆر ترسیان لەوە هەیە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارە بەسەلامەتی تێنەپەڕێت. بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەو ئاستە نزمەیە کە لە گوتاری میدیایی لایەنەکاندا هەستی پێدەکرێت. هەڵمەتێک کە دەبێت مەیدانی ململانێی پلان‌و بەرنامەی سیاسی‌و… هتد بێت، خەریکە دەبێتە کایەیەک بۆ سوککردنی یەکتری. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانیشە، ئەو لایەنانەی دروشمی گۆڕانکارییان بەرزکردۆتەوە، ئەوەندە سەرقاڵی یەکتر شکاندنن، خەریکە رکەبەرە سەرەکییەکانیان بیر دەچێتەوە. ئەمەش رێک وەکو بڕینەوەی ئەو دارە وایە کە خۆیان لەسەرەی وەستاون‌و جگە لە رکەبەرەکانیان، کەس سودی لێ نابینێت. لە هەمو هەڵبژاردنێکدا گوێمان لەو قسەیە دەبێ کە دەڵێت “هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنوسسازەو دەبێ هاوڵاتیان بە گوڕوتینەوە بەشداریی تێدا بکەن”. لەراستیدا هەمو هەڵبژاردنەکان گرنگن (دیارە بەو مەرجەی بە پاکی‌و بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێن)، چونکە دەرفەتێکن بۆ خەڵک تا لێپێچینەوە لە نوێنەرانی پێشوی خۆیان بکەن‌و متمانە بەو کەس‌و لایەنانە نەبەخشنەوە کە جگە لە خۆیان‌و حیزبەکانیان، خزمەتیان بە کەس نەکردوە. بەڵام گومان لەوەدا نیە لەم هەلومەرجە سەختەی ناوچەکەو لەم دۆخە ناسکەی کوردستاندا، هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگییەکی چەند ئەوەندەی هەیە. بۆیە دەبێ لایەنەکان‌و بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن‌و ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات دەزانن، هەمیشە وێنە گەورەکەیان لەبەرچاو بێت، لەهەمان کاتیش‌دا ئەگەر بەڕاستی وەک خۆیان دەڵێن خاوەنی بەرنامەو پلانی ستراتیجین، رێگە نەدەن ململانێکە دابەزێتە ئاستێک کە تەنها دروشمبازەکانی رکەبەریان تێیدا سەرکەوتو دەبن. رۆژنامەی ئاوێنە
د.كامه‌ران مه‌نتك خه‌ریكه هه‌ڕیمی كوردستان به‌سه‌ر دوو به‌ره دابه‌ش ده‌كرێت، به‌ره‌یه‌ك پێی ده‌ڵێن به‌ره‌ی گه‌نده‌ڵی، یه‌كێتی وپارتی و ئه‌و حزبه بچووكانه‌ی ، كه له ناو حكومه‌تدان و به‌ره‌ی گه‌لیش، ئه‌و كه‌سانه ئه‌و ناوه‌یان له خۆیان ناوه، كه له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی یه‌كه‌م نین! له راستیدا ده‌رباره‌ی به‌ره‌ی یه‌كه‌م هیچ كێشه‌یه‌ك له ئارادا نییه، زۆریان له‌سه‌ر نووسراوه‌و ته‌نانه‌ت من پێم وایه شایسته‌ی ئه‌وه نین هیچی تریان له‌سه‌ر بنووسرێت، هه‌ر نووسینێكی تر ده‌رباره‌ی ئه‌و به‌ره‌یه، له دوو ره‌هه‌ند زیاتر له خۆیه‌وه ناگرێت: 1- به‌سه‌نته‌ركردنی ئه‌و دووحیزبه(یه‌كێتی و پارتی)، كه ئه‌مه زیاتر به‌هێزیان ده‌كات و هه‌یشه وه‌ك هێزی سه‌ره‌كی له‌ناو میدیاكاندا ده‌خرێنه روو! 2- ئه‌وانه‌ی به ته‌نیا كار له‌سه‌ر ناشیرینكردنی ئه‌و به‌ره‌یه ده‌كه‌ن، خۆیان هیچ په‌یامێكی نوێیان پێ نییه‌و ئه‌و دوو حیزبه‌یان لێ بسه‌نرێته‌وه وتاره‌كانیان پووچه‌ڵ ده‌بێته‌وه‌و هیچ به هایه‌كی نامێنێت. له راستیدا كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی باشووری كوردستان له كاتی ئێستادا له‌به‌ره‌ی یه‌كه‌م، واته ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن به‌ره‌ی گه‌نده‌ڵی نیه! چونكه ئه‌وانه بۆ ماوه‌ی زیاتر له بیست و حه‌وت ساڵه حوكمی ئه‌و هه‌رێمه ده‌كه‌ن و له هه‌موو رووێكه‌وه له‌به‌رچاوی خه‌ڵك روون و ئاشكران!، به‌ڵكو كێشه‌ی هه‌ره‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و هه‌رێمه له‌كاتی ئێستادا به‌ره‌ی دووه‌مه، ئه‌وانه‌ی ناویان له خۆیان ناوه به‌ره‌ی گه‌ل، كه تاوه‌كو ئێستا نه‌یانتوانیوه خۆیان پێناسه بكه‌ن و هیچ پڕۆژه‌یه‌كی نوێیان پێ نیه، راسته‌قینه‌ی تاڵ له‌و به‌ره‌یه ئه‌وه‌یه، كه به‌شێكی زۆریان به هۆی ناشیرین بوونی به‌ره‌ی گه‌نده‌ڵی خۆیان جوان كردووه، واته له‌سه‌ر ناشیرینیه‌كانی یه‌كێتی و پارتی كاوێژیان كردووه، به‌هۆی ئه‌و ناشیرینیانه‌وه، ناشیرینیه‌كانی خۆیان شاردۆته‌وه، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر رووی راسته‌قینه‌یان بۆ خه‌ڵك ده‌ركه‌وێت ئه‌وا بێگومان ره‌نگ بێت زۆر له‌وان دزێو و قێزه‌ونتربن! ناكارامه‌یی و هه‌لپه‌رستی ئه‌و به‌ره‌یه، هۆی سه‌ره‌كیه بۆ درێژبوونه‌وه ته‌مه‌نی به‌ره‌ی گه‌نده‌ڵی و رۆژانه خه‌ونه‌كانی كورد بۆ ده‌یان ساڵ به‌رێته دوواوه، به‌هێزبوونی پارتی و یه‌كێتی له ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌و ماوه‌یه زۆره ، به هۆی ناكارامه‌یی و بێ هێزی و هه‌لپه‌رستی ئه‌و به‌ره‌یه‌وه بووه!، پێویسته خه‌ڵكی كوردستان چیتر به‌و كه‌سانه باوه‌ڕ نه‌كات، كه دێنه سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان و به هۆی ناشیرینی خه‌ڵكانی تره‌وه خۆیان جوان ده‌كه‌ن، ده‌بێت ئه‌و قۆناغه تێبپه‌ڕێت و گوزه‌ر بكات، شتێك نیه به‌ناوی به‌ره‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌ره‌ی گه‌ل، به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی له كوردستان سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، یا له‌به‌ره‌ی گه‌نده‌ڵین، یاخود له پێناو هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان نۆره‌یان گرتووه بۆ ئه‌و بچنه ناو به‌ره‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه!، جێگای داخه، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی تاوه‌كو ئێستا خۆیان به به‌ره‌ی گه‌لیش نیشان داوه، هه‌موو خه‌باتێكیان بۆ ئه‌وه بووه تا به‌ره‌ی گه‌نده‌ڵی ئاوڕێكیان لێ بداته‌وه‌و پۆست و پاره‌یه‌كیان پێ ببه‌خشێت، ئه‌و بێ هیوایی و پاشا گه‌ردانییه‌ی له هه‌رێی كوردستان هه‌یه، هۆی سه‌ره‌كی هه‌لپه‌رستی و دووروویی ئه‌وانه بووه!، كه‌سێك نیه له كوردستان هه‌ست به‌و دۆخه پڕ شه‌رمه‌زراییه‌ی ئه‌وانه نه‌كات، كه دوو روانه خۆیان له‌به‌ره‌ی گه‌ل نیشان ده‌ده‌ن، ده‌بێت ئه‌و قۆناغه ناشیرینه به هه‌ردوو به‌ره دیماگۆكیه‌كه تێبه‌ڕێنرێن، ده‌بێت گه‌نج و رۆشنبیری كورد، چیتر چاكسازیه‌كان له نێو ئه‌و دوو به‌ره‌یه پڕ له گه‌نده‌ڵیه نه‌دۆزێته‌وه، به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان بازرگانی به چاكسازی ده‌كرێـت، بازرگانی به خه‌ونی ره‌وای میلله‌ته‌وه ده‌كرێت، بارزگانی به به‌ها نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه ده‌كرێت، كاتی ئه‌وه هاتووه قۆناغی ئه‌و بازرگانه چاوچنۆك و بێبه‌هایانه تێتپه‌ڕنرێت تاوه‌كو گوڵشه‌نیش به ده‌ردی گوڵخه‌ن نه‌چووه!.
د. سەردار عەزیز زۆر دەبیستیت کە سیاسیەکی کورد دەڵێت تەسەوەری ئەوەمان نەدەکرد. ئەمە تایبەت نیە بە حیزب و لایەنێکی تایبەت یان بە بەشێک لە کوردستان بەڵکو گشتگیریە. قەیرانی تەسەور لەهەر دوو کەرکوک و عەفرین وەک یەک ئامادەیی هەبوو. زۆربەی جار ئەم تەسەور نەکردنە دەکەوێتە قەیرانەوە کاتێک کورد هەوڵ ئەدات بزانێت کە ئەویتر چی ئەکات یان چی ناکات. بۆچی ئێمە ناتوانین درک بە رەفتاری ئەویتر بکەین، یان بۆچی ئێمە بە هەڵە وێنای رەفتاری ئەویتر دەکەین. تەسەورنەکردن بە مانای ئەوەدێت کە توانای ئەوەم نەبوو وێنای بکەن، یان چاوەڕوانی بکەم، یان بە خەیاڵمدا بێت. ئەم دیاردەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ووردە لە ئاستی تاکی سیاسی و هەروەها کۆدا. بۆچی ئێمە هەڵە دەکەین یان کورت دەهێنین لەوەی بزانین ئەویتر چی دەکات؟ ڕەنگە بەشێکی زۆری وەڵامەکە لە قەیرانی وێناکردنی خۆمان بێت بۆ دونیا، کاتێک خۆت بە هەڵە بینی لە دونیادا ئەوا دونیاش بە هەڵە دەبینیت. کەواتە تەسەورنەکردن بەشێکی نەناسینی خۆمانە و بەشێکی تری نەناسینی ئەویتر. ئەم پرسە پەیوەستە بە ئاستی ئاگایی لە هەناو سیاسەتی ئێمەدا. مرۆڤی کورد بە گشتی دژ بە کەسی ڕۆشنبیرە، بە زۆری عاشقی سادەیی و ساویلکەیی و گەوجاندنە. ئەمەش دیسانەوە رەگی هەیە لە دۆخی کەلتوری و مەعریفی ئێمەدا. بۆچی ئێمە لە ئاڵۆزی، لە نادڵنیایی، لە هەبوونی زیاتر لە ڕەهەند و ئەگەرێک دەترسین، بۆچی دەبێت هەموو شتێک تاک ڕەهەند و سادە و ئاسایی بێت. لە بەرامبەر ئەمەدا ئێمە لە ئاڵۆزترین و پڕ قەیرانترین و خێرا گۆڕاوترین جێگاکانی دونیادا دەژین. توانای تەسەور نەکردنی ئێمە، یان بە هەڵە تەسەورکردن هەمیشە باجێکی گەورەی دەبێت، کەرکوک و عەفرین هەردوو نمونەی تراژیدین. ئەوەی زیاتر ئەمە ئاڵۆزدەکات بە شەعبی بوونی سیاسەت و زاڵبوونی پڕوپاگەندەیە بە سەر ڕا و بۆچۆن و مەعریفە و لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفیە لە دونیای سیاسەتی ئێمەدا. لە سەردەمێک وجێگایەکدا کە توانای ئەوەت نەبێت کە تەسەوری تەسەورنەکراو بکەیت ئەوا هەمیشە لە پاشاوەیت و پاش روداو تێدەگەیت لە روداو، ئەو کاتەش درەنگە.
د. نیاز نەجمەدین بەشی یەكەم رۆژانی بەر لە دەنگدان، تەرزەی خەونی گەورە و زەبەلاح بەسەر خەڵکدا دەبارێت، وەک بڵێی چارەنوسی تاکەکان لەسەر پەنجەمۆرێک وەستابێت. باسی لاوازییەکانی میکانیزمی هەڵبژاردن لە گۆڕینی چارەنوسماندا جێدەهێڵێم بۆ رۆژانی داهاتو، ئەم ماوەیە دوو شت بە گرنگ دەزانم. یەکەم سود لە دەرفەتەکە ببینین بۆ گفتوگۆی جدیی لەسەر حاڵی خۆمان، لەناویشیدا دەوڵەمەندکردنی هۆشیاریی ئابوریی. دووەم، گفتوگۆی دیکە بخەمە بەرچاو بە ئومێدی ئەوەی بەشداربێت لە دروستکردنی سپەیسی بیرکردنەوە لە دەرەوەی دونیابینیی و هەژمونی سیاسییەکان، سەرۆکی لیستەکان و کاندیدەکانیان. لە چیرۆکە سواوەکەوە دەستپێدەکەمەوە: ئابوریی نەوتیی. سەیری خشتەکە بکە، دەبینیت بەرهەمی نەوت لە عێراقدا لە نێوان 2003-2011 گەشەکردنێکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە. بەو هەمو هەوڵەوە، تازە بە تازە لە 2009 و 2010 توانیویەتی بگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەر لە جەنگ. بەڵام لە نێوان 2006 بۆ 2011، داهاتی نەوت لە 40 ملیارد بۆ 86 ملیارد بەرزبۆتەوە. هۆی ئەم زیادبونە نرخ بوو. نرخی نەوتی بەسرە لە 23 دۆلار لە 2000 بەرزبوەوە بۆ 106 دۆلار لە 2011. ئەم بەرزبونەوەیە هیچ ئازایەتییەکی بڕیاربەدەستان و کاندیدەکانی کورد و عەرەبی لە عێراقدا تێدانەبوە. لەمەش گرنگتر، ئابوری‌ناسان تەنیا گەشەیەک بە گەشەی راستەقینە دەزانن کە بەرهەمهێنان زیادبکات(نەک بەهۆی نرخەوە بێت)، بەڵام لە یەک سێکتەر(کەرتی ئابوریی) نا، بەڵکو لەسەر ئاستی کۆی ئابورییەکە. ئەگەر ئەمە رویدا، ئەوا ئابوری‌ناسان دەڵێن: کۆی بەرهەمی ناوخۆ (لە کورتکردنەوەدا: جی دی پی) راستەقینە گەشەی کردووە، کە هەم رێژەی بەرزبونەوەی نرخی لێدەردەکرێت و هەم پێویستیشە رێژەی گەشەی دانیشتوانی لێدەربکرێت. ئەو گەشەیەی لە خشتەکەدا دەیبینیت سەرسوڕهێنەر نییە، بەتایبەت ئەگەر رێژەی گەشەی دانیشتوانی لێدەربکەیت، کە لە نێوان 2-3% بووە لە هەمان ماوەدا. وروژمی داهاتی نەوت دەرفەتێکی زێڕینی لەکیسچوو بوو، لەولاشەوە لاسەنگیی ئابوریی بۆ ماوەیەک پەردەپۆش کرد. لەگەڵ هەرەسی نرخی نەوتدا، سەرلەنوێ بەشدارییە لاوازەکەی کشتوکاڵ و پیشەسازیی لە دروستکردنی دەرفەتی کار و داهات دەرکەوتەوە. لەبەر دوو هۆکاری سەرەکیی، نەوت وەک دورگەیەکی دابڕاو لە ئابوریی مایەوە. یەکەم، گەشەی کەرتی نەوت خۆی پشت بە جیهانی دەرەکیی دەبەستێت، چونکە نە تەکنۆلۆجیاکەی و نە بەهرەمەندییەکانی لەناوخۆدا دەستناکەون. دووەم، داهاتی نەوت بە جومگە و دەمارەکانی ئابوریی ناوخۆدا تێنەپەڕی. سروشتی نەوت وایە کە زۆر بە کەمیی ئیشی بە دەستی کارە و دەیخاتەگەڕ، ناچێتەوە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنان لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازییدا (لەبەرئەوەی بەرهەمهێنان لەم بوارانەدا کاتی دەوێت)، بەڵکو وەک لە ئەزمونی عێراق و هەرێمدا چەشتمان، بە ئاشکرا و نائاشکرا خۆی دەکاتەوە بە ئابوریی دەوڵەتانی چواردەور و جیهاندا پاش ئەوەی بەشێوەیەکی کاتیی لای فەرمانبەران و هەندێک لە کارمەندانی کەرتی تایبەت دەمێنێتەوە. لە عێراق و هەرێمدا، لە سەردەمی بەرزبونەوەی نرخی نەوتدا، داهات لە حکومەتەوە پەڕییەوە بۆ خێزانەکان. پاشەکەوت لای حکومەت لاوازبوو، لای تاک و خێزانەکان زیادی کرد، بەڵام تەنیا بەشێوەیەکی کاتیی. سەقامگیرییەکی ریژەیی هەبوو، لاوازیی پاشەکەوت بە هێنانی وەبەرهێنانی بیانیی پڕکرایەوە. ئەمیش تەنیا میوانێک بوو و بەس. لە هەرێمی کوردستاندا، نەوت و گاز زۆر کەتنی تریشیان نایەوە، وەک ئەوەی کابینەکەی نێچیرڤان و قوباد کردیان بە ستراتیجی خۆیان و بەشێک لە داهاتی نەوتیان خستەوە ناو ئەم سێکتەرە و وڵاتەکەیان خستە ژێر شاخێک قەرزەوە گوایە سەربەخۆییمان بە دیاریی بۆ دەهێنن. ئیدی هەموو شت لە وڵات‌دا کاتیی بوو، تا لەناکاودا پەردەی سەر پەیکەرە ساختەکە لاچو، حکومەت و سەرکردەی کاریزمی و هەمو شتی دیکە پێکەوە هاڕڕەیان کرد. لە قۆناغی داهاتودا کە گەشەی ئابوریی رودەداتەوە، بەهیچ شێوەیەک مەرج نییە بەهۆی پلانی لیستێکی هەڵبژاردنەوە بێت، بەڵکو سیستمەکە دەستدەکاتەوە بە دەرکردنی هێزی کار لە ئابورییەکە و وێرانکردنی سەرمایەی کەڵەکەکراو تا خودی سەرمایە بخاتەوە گەڕ. یان رەنگیشە گەشە لە دەرەوەی جیهانەوە بێت. دەچمەوە خاڵی سەرەتا: کێشەی ئابوریی لە عێراق و هەریَمدا زۆر قوڵبوەتەوە. ئەگەر لە قوڵایی کێشەی ئابوریی لە عێراق و هەرێم تێگەیشتیت، لەوەش تێدەگەیت "دەنگمپێبدە، لە قەیران رزگارت دەکەم" درۆیەکی گەورەی تێدایە. ................................................................ بەشی دووەم خەونەکانی دوای قەیران: سوپا و ئابوریی (2) کێشەی سەرەکیی نەوت هەر ئەوە نەبوو ناهاوسەنگیی دەرەکیی (هاوردەی زۆر و هەناردەی کەم) و ناهاوسەنگیی ناوخۆیی (حکومەتی زەبەلاح و کەرتی تایبەتی بچوک، سێکتەری نەوت لەلایەک و هەمو سێکتەرەکانی تر لەلایەک، هتد) خستەوە، داهاتەکەش چوەتەوە دەرەوە، بەڵکو دوو شتی تریشە (بۆ سەرچاوەی باسەکە بڕوانە خشتەکە). یەکەم، داهاتی دابەشکراو رویکردوەتە کوێ؟ بەتایبەت لە دوای 1970کانەوە، کاتێک نرخی نەوت هەڵکشا، دیاردەی بەرچاو لە زۆرینەی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەیە لەگەڵ زیادبونی داهاتدا بواری سەربازیی پتر لە سەرمایەی مرۆیی لە کۆی داهاتی نەتەوەیی یان نیشتمانیی(GDP) پشکی بەرکەوتووە(بڕوانە خشتەکە)، ئیدی ئەو دەوڵەتانە کۆمۆنیست، شیعەمەزهەب، سوننەمەزهەب، جولەکە، کۆماریی، پادشانشین بووبن، تەنانەت ئەگەر دەوڵەمەندیش نەبوبن بە نەوت (تونس ئەزمونێکی جیاوازترە). لەناو ئەم دەوڵەتانەدا، سعودیە و ئیسرائیل پێشەنگن: نزیکەی 7%-9%ی لە جی دی پی لە 2000 بۆ 2012. بەدوایاندا، تورکیا هاوردەکارێکی چڵێسی چەکە. ئێرانیش یەکێک بوو لە داخوازیکارە زەبەلاحەکان لە 1970کاندا، بەڵام عێراق لە 1980کاندا جێی گرتەوە و گەمارۆی ئابورییش تواناکانی سنوردارکردوە. لەئاکامدا، دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە توانیان هەندێک جۆری چەک خۆیان دروستی بکەن و بەشێکیشی هەناردەبکەن. سیستمی بەرگریی ئاسمانیی قەڵغانی ئاشتیی سعودیە ملیاردەها دۆلاری تێچوە. هەناردەی سەربازیی میسر لە 1989 و لە سایەی بەعسی سەددامدا گەیشتە 4 ملیار. ئیسرائیل پسپۆڕی پێویستیان هەیە بۆ دروستکردنی فڕۆکەی جەنگیی (jet fighter)، کە بە لاڤی (Lavi) ناسراوە و تواناکانی لە ئاست (F16)ی ئەمریکییدایە. لە 2004دا بایی 2 تا 3 ملیار دۆلار هەناردەی چەکی هەبوە. بنچینەی سەربازیی زۆرجار بۆ چاوترساندن و بازاڕکردنەوە بە زۆرداریی بەکاردەهێنرێت. هێرشی تورکیا بۆ عەفرین لەرویەکەوە ساغکردنەوەی کاڵای سەربازیی و تاقیکردنەوەی چەکەکانیانی لە پشتە. لات سەیرنەبێت کاتێک سەرۆکی ئیسرائیل ناتانیاهۆ دەڵێت پشتیوانی سەربەخۆیی کورد دەکەین، بۆ ئەوە بێت خواست لەسەر بەرهەمی سەربازیی زیادبکات. خەرجیی لەسەر سوپا بووە بەهۆی پاراستنی دیکتاتۆرەکان. لە زۆربەی دەولەتانی رۆژهەڵاتدا، سوپا و فەرمانڕەوایان هاوپەیمانی مانەوەی یەکتر بون. لە شوێنێکیشدا سوپا پشتی کردبێتە سەرۆکی وڵات (وەک میسری موبارەک)، ئەوا لەبەرئەوەبووە پشکی خۆیان لە قازانجی بواری سەربازیی و ئابوریی زیادبکەن. لەزۆربەیاندا سوپا پرۆفیشناڵ نییە، لە هەندێکیاندا چواردەوریشی بە میلیشیا گیراوە (وەک عێراق). لە هەرێمی کوردستاندا پەیوەندیی ئاسایش و سوپا و حوکمڕانان فۆرمێکی تریشی وەرگرتوە. هەمان گروپی فەرمانڕەوا دوو ئەرکی تەواوکاری یەکتریان پێدەسپێردرێت. بەشێکیان قات و بۆینباخ دەبەستن و نەرمونیان و مەدەنیی دەردەکەون، بەشێکی تریان دەزگاکانی سوپا و ئاسایش دەگرنەدەست، لە پرۆسەی کەڵەکەکردنی ساماندا پشتیوانی یەکتردەبن. لە کۆنتڕۆڵکردنی بزنسەکانی دەرەوەی حکومەتیش، هاوکاری یەکتر دەبن. دووەم، سوپا و دەزگاکانی زانیاریی خۆیان دەبن بە بار بەسەر ئابورییەکەوە. سەرەتا سوپا و دەزگاکانی زانیاریی دەبن بە خاوەنکار. لە دە وڵات‌دا کە هێزی کاریان گەورەترین پشکی هەیە لە بواری سەربازیی و ئاسایش‌دا، نیوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. لە تورکیا، دەزگای (TSKGV) لە 1987وە سەرپەرشتیی کۆمپانیاکانی سوپا دەکات و 20 هەزار کەس کاری تیادا دەکات. پاسداران لە ئێران نزیکەی 125 هەزار سەربازیان هەیە. جگە لەمەش، هێزەکانی ئاسایش و زانیاریی و سوپا پشکی خۆیان لە ئابوریی مەدەنیی پێدەدرێت و ئاسانیش نییە ملکەچی لێپرسینەوە بکرێن. لە تورکیا، ئویاک(OYAK)، واتە The Armed Forces Mutual Assistance Fund، باج نایگرێتەوە، پشکی هەیە لە 60 کۆمپانیادا – کە بە تەواوی خاوەنی بەشی زۆری 29 کۆمپانیایانە- لە بواری پیشەسازیی، کشتوکاڵ، بانک، خزمەتگوزاریی هەناردە-هاوردە، تەکنۆلۆجیا و گەشتوگوزار. لە ئێران، پاسداران لە بواری نەوت، بینا، خستنەگەڕی میناکان و سێکتەری تێلیکۆمیونیکەیشن و میدیا زاڵن. لە سوریاش، بۆ چەندین ساڵ، ئۆرگەنایزەیشنی خانوبەرەی سەربازیی (MHO) لە بازاڕی خانوبەرەدا رکابەری یەکەم بوو. دەوترێت رامی مەخلوفی پورزای ئەسەد نزیکەی 60%ی ئابوریی سوریای بەدەستەوە بووە. لێرەوە، کەرتی تایبەت مانایەکی ئەوتۆی نامێنێت مادام دەکەوێتەوە بندەستی دەزگاکانی سوپا و ئاسایش و هەواڵگریی. نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیزم لە هەرێمدا، بەتایبەت سەرکردایەتیی یەکێتیی و پارتیی، لەم ژینگە ئابڵۆقەدراوە بە دەزگای هەواڵگریی و زانیاریی و سوپا چاوی کردوەتەوە، پێی گرتوە و ماوەتەوە. لەلایەک، جێی بەزەیین کە هیچ شوێنپێیەکی تریان بۆ نەدۆزراوەتەوە پیایدا بڕۆن. رەنگە ئەوانیش حەزیان کردبێت خۆیان و منداڵیان ئارامتر بژین و هێندە سوک و رسوا نەبن لەلای خەڵکەکەیان. لەلایەکەی ترەوە ئەوان شایەنی سزان، بەتایبەت لەبەرئەوەی هەمان مۆدێلی سیاسی‌یان دوبارەکردەوە، بە پلەیەکی زۆر نزمتر و زڕ لە هەمو بەرهەمێکدا. لە کۆتاییدا، لەبەردەم دەوڵەتانی ناوچەکەدا جاش-جەنگاوەرێکی بەزیوی راکردو بون و بەدەستی بەتاڵ هاتنەوە ناو میللەتەکەیان و خۆیان کرد بە جەنەڕاڵ و پاڵەوان لێیان. بگەڕێمەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی 2018ی عێراق، جێی داخە ئێمە دوو گەنجمان نییە بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرقاڵبن، بەلاَم پێم ناڵێیت کاندیدێک (تەنانەت ئەگەر پسپۆڕیش بێت چجای ئەوەی قورئانخوێن بێت) لەناو ئەم هەمو گەمە سیحریانەی دەزگا هەواڵگریی و سەربازییەکاندا چی بۆ کورد پێدەکرێت؟ چۆن دەگونجێت ئەم یان ئەو لیست هەروا بەئاسانیی مژدەی رۆژگارێکی قەشەنگ ببەخشنەوە وەک ئەوەی تەنیا ئەوان لە گۆڕەپانەکەدا هەبن و دابڕاوبن لە دونیا؟ لای کەم، تۆزێک واقعیی بن، هەڵبژاردن ئەو عەسا سیحرییە نییە ئێوە باسی دەکەن، لە پێناوی وەرگرتنی دەستەڵاتدا گەشبینیی گەمژانە دروستمەکەنەوە، وردبن لە دیاریکردنی کێشەکانی ناوچەکە و بیخەنەپێشچاو، هتد. هاوکات، پلانتان چییە بۆ تێکشکانی هاوپەیمانیی سوپا و ئاسایش و زانیاریی لەگەڵ حوکمڕانان؟