Draw Media

لەتیف شێخ مستەفا  زۆرێک لە دەنگدەری ناڕازی جۆرێک لە بێھودەییان پێوە دیارە و دەڵێن بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتوو ناکەین، چونکە ھیچ لە مەوزوعەکە ناگۆڕێت ، بەڵام ئەگەر تۆ نەچیت بۆ ھەڵبژاردن کێ قازانج دەکات ؟ ئەگەر بۆ نمونە پارێزگای سلێمانی وەربگرین سلێمانی نزیکەی ملێۆنێک و کسور دەنگدەری ھەیە،١٨ کورسی لە پەرلەمانی عێراق ھەیە ھەر ملێۆنو کسورەکە بچن بۆ دەنگدان یان تەنھا ١٠٠ ھەزار بچن ١٨ کورسیەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ سلێمانی مسۆگەرە ، بەڵام ئەگەر تۆی ناڕازی نەچیت ئەوا دەنگی حیزبەکانی دەسەڵات زیاد دەکەیت و بەھێزیان دەکەیتەوەو شەرعیەتیان بۆ دەگێڕیتەوە بۆ نمونە لە سلێمانی پارتی وەردەگرین بەو پێیەی حیزبێکە دیسپلین و مەرکەزیەتی زۆرەو لە ھیچ دۆخێکدا نایەڵێت دەنگدەرانی لەدەنگدان دوا بکەون یان بەشداری نەکەن ، پارتی لە سلێمانی نزیکەی ١٠٠ ھەزار دەنگدەری ھەیە ئەگەر ملێۆنەکە یان شتێک کەمتر بەشدار بن پارتی ٢ کورسی لە سلێمانی دەھێنێت بە گوێرەی ڕێژەی ١٠٠ ھەزارەکەی خۆی .  بەڵام ئەگەر نیوەی دەنگدەرانی سلێمانی بەشداری بکەن کورسی پارتی بەرز دەبێتەوە بۆ ٤ کورسی ، ئەگەر ٢٥٠ ھەزار کەس بەشدار بن ڕێژەی کورسیەکانی پارتی دەبن بە ٨ واتە نزیکەی نیوەی کورسیەکانی سلێمانی . چونکە دیاری کردنی ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ بەدەست ھێنانی یەک کورسی بە دابەش کردنی کۆی دەنگی ڕاستی دراو لە پارێزگایەک لەسە ژمارەی کورسیەکانی ئەو پارێزگایە دەبێت ، بۆیە ئەگەر ملێۆن دەنگدەرەکە بەشداری بکات دابەشی ١٨ دەکرێت ئەو کات ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ یەک کورسی دەگاتە نزیکەی ٤٥ بۆ ٥٠ ھەزار دەنگ واتە لیستی پارتی کە خاوەنی نزیکەی ١٠٠ ھەزار دەنگەو بەگریمانەی ئەوەی کە ھەمویان بەشدار دەبن دەکاتە ٢ کورسی بەڵام ئەگەر ڕێژەی بەشداری دەنگدەارن کەم بێتەوە ئەو کات نرخی دەنگی کورسیش کەم دەبێتەوە ، بۆ نمونە ئەگەر ٥٠٠ ھەزا بەشدار بن ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ کورسیەک دادەبەزێ بۆ ٢٥ ھەزار کەواتە ١٠٠ دەنگەکەێ پارتی دەکاتە ٤ کورسی ، بەم شێوەیە تا ڕێژەی بەشداری کەم بێت نرخی کورسی یان ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ یەک کورسی کەمتر دەبێتەوە . دیارە بۆ یەکێتی پێشبینیکردن کارێکی قورسە چونکە جگە لەوەی کە خۆی وەک حیزب حاڵی زۆر خراپەو حەسودی پێ نابرێت ، پلانێکیش ھەیە دەنگەکانی ببرێن بۆ لیستێکی تر  بۆیە ئەگەر نەچیت بۆ دەنگدان بەدەستی خۆت و بەشێوەیەکی یاسایی و بێ ئەوەی تەنانەت پەناش بەرێتە بەر تەزویر و فشار ئەو دەسەڵاتە بەھێز دەکەیتەوە وڕەگەکانی پتەو دەکەیتەوە کە جەندین ساڵە تۆ ھەوڵ دەدەیت سزای بدەیت و لاوازی بکەیت بەمەبەستی گۆڕینی و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات ، ئەوەش بزانە کە ئەوانەی دەڵێن لە کوردستان دەسەڵات بە ھەڵبژاردن ناگۆڕێت ، بە زانین بێت یان نەزانین کەوتونەتە داوی پڕوپاگەندەکانی دەسەڵات ، ھیچ گۆڕانکاریەکیش لە ھیچ سیستەمێک یان دەسەڵاتێک لە دنیابە ھەڵبژاردنێک یان دوان و تەنانەت سیانیش نەکراوە ، بۆیە دەبێ پشو درێژ بین و کۆڵ نەدەین


مەریوان وریا قانع  بۆ ڕۆژی سێھەم خەڵکی توڕە و بێزاری شاری ھەولێر لەسەر شەقامە گەمارۆدراوەکانی شارەکەیانن. دەچنە ئەو گۆڕەپانانەوە کە بە ژمارەیەکی زۆر لە ھێزی سەربازیی و چەکداری مەدەنیی تەنراون. ھەولێری ژێر دەسەڵاتی پارتی یەکێکە لە شارە پڕ لە شەقاوە و بەڵتەجییە گەورەکانی دونیا، پڕە لەو مرۆڤە ڕۆبۆتیانەی کە حیزب و بنەماڵە چەند دەیەیەکە گەورەیان دەکەن بۆئەوەی وەک کۆیلەیەکی تۆتاڵ بۆ خێزانە سیاسییە باڵادەستەکان و بۆ وەلی ئەمرە سیاسییە ڕاستەوخۆکانیان ھەڵسوکەوتبکەن، ئامادەبن بە ئەمری ئەوان شەق لە ھەموو شتێک ھەڵبدەن، لە شەقھەڵدان لە کۆمەڵگا وەک گشتێی گەورەوە بیگرە و بۆ شەقھەڵدان لە تاک بەتاکی ژنان و گەنجان و پیران، بەتێپەڕین بەناو شەقھەڵدان لە ھەموو بەھایەکی مرۆیی و ئەخلاقیدا. پارتی لەشکرێک لە بەڵتەجیی بەدئەخلاقی لەناو ژیانی گشتیی ئەو کۆمەڵگایەدا چاندوە.  مۆدێلی ئەم حیزبە لە حوکمڕانیکردندا یەکێکە لە مۆدێلە ھەرە ناشیرین و خراپەکانی ناوچەکە. بنەماکانی ئەم دەسەڵاتە سێ کۆڵەکەی سەرەکیی ھەیە: یەکەم، ھاریکارییەکی پڕ شەرمیی دەرەکیی، لە ٣١ ئابەوە بۆ ئامادەگیی گەورەی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئەم ھێزەدا. دووھەم، تەزویرکردنێکی گەورە و سیستماتیک لە ھەڵبژاردنەکاندا. سێھەم، دەستگرتن بەسەر داھاتی نیشتیمانیدا و خراپبەکارھێنانێکی کەم نموونەی ئەم داھاتە بۆ مەبەستی شەخسیی و خێزانیی و حیزبی. دروستکردنی چەندان دەزگای سەربازیی و ئەمنیی و میدیایی گەورە بەو پارەیە و بەکارھێنانیان بەپێی خواست و ویست و تەماحی دەسەڵتدارانی ناو ئەو پارتە. لەزۆر ڕووەوە ئەم ھێزە بەلۆژیکی ڕژێمەکەی سەدام حسێن و دەسەڵاتی خێزانە تکریتییەکان حوکمڕانیدەکات. ترس و تۆقاندن، کڕین و ئیغراکردن، ڕاونان و بزرکردن، تێکەڵ بە بەکارھێنانێکی سیستماتیکی تودنوتیژیی، ئامرازە سەرەکییەکانی حوکمڕانیی ئەم ھێزەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا.  ئەم ھێزە بەم ئاکار و لۆژیکەوە کۆمەڵگای ئێمە لە کارەساتێکەوە بۆ کارەساتێکی دیکە دەبات. ئابوریی وڵاتەکەی وێران کردوە، پێگەی ناوخۆیی و ئیقلیمی ھەرێمی وێران کردوە، دەزگا ناوەکییەکانی حوکمڕانیی وێران کردوە، پەیوەندیی نێوان ھێزە سیاسییەکانی وێرانکردوە، ھاودیدی و ھاوخەمی نێوان شارەکانی کوردستانی وێرانکردوە. ئەم ھێزە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا حاکمی موتڵەقی کوردستان بووە و ھەموو ھێزەکانی تری ئەم ھەرێمە ھێزی پلە دو و پلە سێ و چروک و بچووکی بەردەمی ئەوبوون. بکەری سەرەکیی، بکەری ھەرە سەرەکیی، ناو کارەساتە ئابورییەکان و کارەساتە سیاسییەکان و کارەساتە ناوخۆییەکان ئەم ھێزەیە. بێگومان ھێزەکانی تری ناو کایەی سیاسیی کوردیی بێبەش نین لە تاوانەکان و کارەساتەکان، بەڵام ھیچیان تاوانباری ژمارە یەک و ژمارە دوو و ژمارە سێش نین. لە پازدە ساڵی ڕابردوودا پارتی ھەموویانی کردوە بە بەشێک لە دیکۆرێکی سیاسیی کە خۆی ئەندازیارە سەرەکییەکەی بوو. ئەوەی لەھەولێر و دھۆکدا ڕووئەدات تەحەداکردنێکی ئاشکرا و بەرچاوی ئەم ھێزەیە کە ھەموو تواناکانی بۆئەوە تەرخانکردوە کەس نەتوانێت تەحەدای بکات.


ئاراس فەتاح لەدوای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دوێنێی شارەکانی ھەرێم و کەرکوک و ئەو کەرامەتشکاندن و توندوتیژییەی دژ بە مامۆستایانی ژن و پیاوی ھەولێر و دھۆک کرا، دەبێت ھەموو ئەو ڕاستییەمان بۆ دواجار لەلا ڕوونبێت کە ئەم سیستەمە کرۆکخێزانییەی ھەرێمی کوردستان قابیلی ریفۆرم نییە. تاوەکو دەزگای پەرلەمانتارییش لەژێر سیناریۆ و دەرھێنانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەدا بمێنێتەوە، ھیچ مانایەکی سیاسیی بۆ خەباتی پەرلەمانیی نامێنێتەوە. ئەرکی پلە یەکی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەموو ھێزە سیاسییەکان و سیاسەتمەدارەکانی دەرەوەی خێزانە حوکمڕانەکانە کە لەمڕۆوە دەستبەرداری تەعزییەی سیاسیی و باوێشکی سیاسیی و پۆپۆلیزمی سیاسیی و ماراسۆنی بانگەشەی ھەڵبژاردن بن. پێویستە بۆیەکەمینجار نەک تەنھا چالاکانە بەشداربن لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیی وسیاسییەکانی وڵاتەکەیان کە بە گوتارەکانیان لە میدیاکانیانەوە پشتیوانییان دەکەن، بەڵکو دەبێت دیدگایەکی سەرووی بەرژەوەندیی حیزبیی و نێرجسییەتی سیاسیی بۆ دواڕۆژی ئەم ھەرێمە گەڵاڵەبکەن. سەردان و بەسەرکردنەوەی خۆپیشاندەران ھیچ بەھایەکی سیاسیی و واقیعیی نییە گەر تەنھا قەرزێکی ئەخلاقیی و خۆنماییشکردنێکی ڕەمزیی ئەم سەرۆک و ئەو ئەندام پەرلەمان و فڵان کاندیدی داھاتووی ھەڵبژاردنەکان بێت، بەڵکو دەبێت وێنەکە گەورەتر ببینرێت و بیری عەقلانیی لە دروستکردنی دەرچەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بۆ ئەم ھەرێمە بکرێتەوە. خێوەتی خۆپیشاندەران خێوەتی پرسەی کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکو دەبێت بکرێت بە خێوەتێکی سیاسیی فاتیحەخوێندن بۆ ئەم دەسەڵاتە. کوردستانی دوای ریفراندۆم پێویستی بەوە نییە مەینەتی خەڵک بکرێت بە کەرەسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن و وەھم و خەونی عەوامفەریبیی ئەوەیان لادروستبکەن گەر دەنگ بە فڵان ھێز بدەن، ئیتر ئەوان لە ھەموو زوڵمێک ڕزگاریان دەبێت. بەڵکو دەبێت بە قووڵیی و بەرپرسانە بیر لە پەیوەندیی کۆمەڵگای ئێمە بە دەسەڵاتی خۆی و بە بەغداوە بکرێتەوە و پێکڕا ڕێگە لەوەبگرن کە چیدی ئاساییشی کۆمەڵایەتیی و نیشتیمانییمان لەوە زیاتر وێراننەکرێت کە ئەم دوو حیزبە لەماوەی ئەم نیوسەدەیەدا بەسەر ھەرێمدا ھێناویانە. بۆئەوەی خەڵکی مەدەنیی ئێمە جارێکی تر بەرامبەر بەم دەسەڵاتە ستۆک و شەڕانگیزە تەنھانەخرێت و ھەرکەس و لایەنە شۆربای سیاسیی خۆی لە ناڕەزایەتییەکانیاندا نەکوڵێنێت، دەبێت ھەمووان پێکڕا پەیامێکی ڕوون و جەریئانە بە کاربەدەستە بێئیشەکانی دەسەڵات بدەن کە چیدی بێنرخ تەماشاکردنی داواکانی خۆپیشاندەرانی ئەم ھەرێمە و شکاندنی بەردەوامی کەرامەتی ئینسانی ئێمە ھێڵی سوورە و دەبێت مافەکانی پارێزراوبێت و رێگەنەدرێت بەڵتەجییەکانی دەسەڵات بکەونە گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و پزیشکان و خەڵکی ناڕازیی و بە ئارەزووی خۆیان ئەشکەنجەیان بدەن و کەرامەتی ئینسانییان لەوە زیاتر بشکێنن کە تاوەکو ئەمڕۆ بەرامبەریان کراوە. ئەرکی ئەخلاقیی و سیاسیی ھەمووانە پێکڕا لە بەرەیەکدا ڕێگریی لەوەبکەن کە جەنگی پڕوکێنەری دەستەویەخە لەنێوان خەڵکی مەدەنیی و مۆب و شەقاوەکانی دەسەڵاتدا دروستنەبێت و بە دیزاینەرەکانی ئیفلاسی سیاسیی و موفلیسە ئابوورییەکانی رژێمەکەی ھەولێر بڵێن کاتی ئێوە تەواو بوو، چونکە ئاشکرایە ئەمجۆرە دەسەڵاتدارانە لە کۆتایی تەمەنی شەرعییەتی سیاسییاندا تەنھا ھێزێکی دڵسۆز کە لەدەوریان دەمێنێتەوە بۆ بەرگریی لێکردنیان، بەڵتەجییەکانیانە.


 سەردار قادر  ‎لە هە رێمی كوردستان هاوڵاتی لە داواكارییەكانی ژیانی چی بۆ هاتۆتە دی ؟ هاوڵاتی چی ئەوێت؟ ژیانێك كە هە ست بە ئە مین و ئومان بكات، ترسی وەیشوومەی شەڕی نەبێت ، دڵەڕاوكێی نەبێت ، ترسی لە ڕەو و ئا وارەبوونی نەبێت ..لە كولتوور و زهنیە تی تاكی كورددا گەر جاران ساڵی لافاوەكە هەبووبێت ئەوە ئێستا ساڵی ڕەوەكە و ئاوارە بوونەكە بوەتە یادەوەری گشتی ....شەڕ هەمیشە بوونی هەیە  جا شەڕی داگیركەران بێت یان شەڕی براكان بێت، لەم باشوورەدا لە سەرەتاوە شەڕی نێوان براكان زەمەنەكەی زۆر زیاترە لە زەمەنی شەڕ دژی داگیركەران ، جاران ئە وترا لە سەر چەكەكانمان نوسراوە بەكارهێنانی بۆ شەڕی نێوان براكانە ! ‎هاوڵاتی خزمەتگوزای گشتی ئەوێت ، كارەبا و ئاو و ڕێگەوبانی ئەوێت، لەم هەرێمەی ئێمەدا دەسەڵاتی كوردی خزمەتگوزاری گشتی نەبوەتە خەمی ، خەمی حیزب گەورەترە لەلایان، خەمی سەركردەی یەكەم گەورەترە لە خەمی نەبوونی ئاوی خواردنەوەی كۆمەڵگەی شۆڕش، ‎كارەبا بوەتە میوانێك كە غەریبی ئەكەین ، ‎كام لە خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست بوونیان هەیە، ‎هاوڵاتی لەم هەرێمەدا ئەیەوێت كەرامەتی پارێزراو بێت، لەسەر رەنگ و ناوچە و شار مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت، هاوڵاتی بژێوی خۆی ئەوێت ، بەرامبەر ئەو كارەی ئەیكات مووچەی خۆی ئەوێت، قوربانی بۆ هاوڵاتی بێت بۆ قەیرانێك كە دەسەڵات دروستیكردووە؟ ‎سەرۆكی ماوەبەسەرچوو دێت میللەتێك توشی قەیرانێك ئەكات ، كە سەراپای ژیانی تاكەكانی تێكئەدات ، سەرئەنجامیش قوربانیەكە ئەبێت هاوڵاتیان بیدەن ؟ ‎هاوڵاتی ئازادییە سەرەتاییەكانی ئەوێت، مافی مانگرتن و خۆپیشاندانی هەبێت بە تێكدەر و تابووری پێنج سەیرنەكرێت ! ‎تاكی كورد ئەیەوێت زەوی و خاكەكەی پارێزراوبێت، بە هەڵەی سەركردەی یەكەم لەناونەچێت، بە ناكۆكی حیزبەكان و بەرژەوەندی جیاواز لەناونەچێت، ئەو خاكە بە قوربانی گەورە پارێزاوە، ‎تاكی كورد ئەیەوێت سامانی سروشتی وڵاتەكەی ببێتە خۆشگوزەرانی بۆی نەك ببێتە دەردەسەری بۆی، تاڵان نەكرێت، نەدزرێت، خەڵكانێك وەك پاشا بژین و زۆرینەیەك لە هەژار هەژار تر بژین، ‎تاكی كورد ئاسمانەكەی رەحمەت بێت بۆی نەك لە ئاسمانیشەوە سزا بدریت ! ‎هاوڵاتی پێشمەرگە بووە، مووچەخۆر بووە بەڵام لە قۆناغیكدا سەری بەرزیان بۆ مووچە دانەواندبوو، بەرگەی ئەنفالیان گرت، ‎دەسەڵات ئێستا لە داواكاری هاوڵاتی تێ ناگات یان نایەوێت تێ بگات، گەر داواكاریت هەبێت ئەوا جارێ سەیرت ئەكەن ئایا تۆ سەر بە چ حیزبێكی؟ ئەی خەڵكی چ شارێكی؟ كام تەكەتولی؟ ئیتر ناوەرۆكی داواكاری ون ئەكەن ! ‎هاوڵاتی هەیەتی و نیەتی دەنگەكەیەتی؟ ‎ئەوەش گەر تەزویر بهێڵێت ‎گەر مردووەكان نەیەنەوە كاتی هەڵبژاردن ‎ئەمە حاڵمانە لە هەرێم، ‎بەغدا بۆ ئێمە چیە ؟ ‎بۆ ستوونی داهاتوو.


ئاسۆ جەبار بەر لە ١١ سێپتەمبەر واتە بەر لە هێرشە ترسناكە جیهانهەژێنەكەی سەر تاوەرەكانی نیۆرك و ئەمریكا هەندێك لەبیرمەندانی ئەمریكی باسیان لە ئایدۆلۆژیاییەكی نوێ دەكرد كە توانستی رەنگڕێژكردن و بەرجەستكردنی گۆڕانكارییە جیهانییەكانی هەبێت، یان بە ئەندازەیەك توانستی كاریگەریی و هەژمونگەری هەبێت پاش داروخانی ئایدۆلۆژیای ماركسیزم و برەوی جەبەرووتی لیبرالیزمی خۆرئاوایی و سەمایەداریی بازاڕ و كۆمپانیا گەورەكان. بەڵام هەر دوابەدوای ١١ ی سێپتەمبەر ئەم روانین و دنیابینییە نەك هەر دەنگی نەما بەڵكە بە ئەندازەیەك قڵپ بۆوە كە تا ئەوڕۆكە لەدوای ئەو كارەساتەوە تێكڕای دنیابینی و راڤەكارییەكان بۆ دنیا و دابەشكارییە سادەوساكارەكانی وەك جیهانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا، لیبرالیزم و نیولیبرالیزم و جیهانی سێیەم و تادوایی كەوتنە بەردەم گومان و ژێر پرسیاری گەورەوە. وەهمی جیهانێكی پڕ ئاشتی دواجار دوایەمین راچەڵكین؛ راچڵەكینی داعش و تیرۆریزمی جیهانی بوو لەفۆرمێكی جیاواز و كارەسەتئامێزی ترسناكدا...  بەڵام جان بۆدریار دوابەدوای ١١ ی سێپتەمبەر لە نوسینێكدا لە لۆمۆنددا دەڵێت "كردەوە خۆكوژییە تیرۆریستییەكان تێرۆریزمی ھەژارەكان بوو، بەڵام ئەم تێرۆرە تێرۆری دەوڵەمەندەكانە. كە ئەمە زۆر بە تایبەتی دەمانترسێنێت؛ لەبەرئەوەی دەوڵەمەندبوون و خاوەنی چەندین شێواز و كەرەستەن، و دەستبەرداری وێرانكردنمان نابن." ئایا دەتوانین لەڕێی كەرەستە و راڤەكارییە كۆنەكانمانەوە راڤەو شیكاریی بۆ جیھاد و ئەو گەنجینە ئاینی و سەلەفی و وەحشیگەریی و یۆتۆپیا زەبەلاحەكان بكەین؟  یان ئەو گاڵتەجارییە دەمانخاتە نێو مەتاھەیەكی گەورەی گەمژەییەوە بۆ تێنەگەشتن لە سیحری ئەو پەلھاوێشتنە زەبەلاحانەی جیھاد لەوپەڕی رۆژھەڵاتەوە تا ئەوپەڕی رۆژئاواو قوڵایی پایتەختە رۆمانسییەكانی دنیا؟ ئایا رووداوە كوشندەكەی پاریس بچوكتریت روداوە بەڵام لەدەنگداوەنەوەیەكی گەورەدا یان شۆكێكی گەورەو شەپازڵەیەكی گەورەبوو بۆ زرگانەوەی گوێی ئەوروپا ؟ ئایا روودانی كوشتنی ئەو پۆلە رۆژنامەنوس و كاریكاتێریستە لەپاریس تەنھا كردەیەكی تیرۆریستانە بوو وەك سەرلەبەری ئەو كردەوە وەحشیگەر و ھەمەجیانەی تیرۆری ئیسلامی جیھادی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھاندا، یان شكاندنی ئەو خەیاڵ و یۆتۆپیا گەورەیە بوو كە لەدەوری خۆرئاوا وەك شەبەنگێكی فەلەسەفی و فیكریی و ھونەری و شارستانی بۆ ئازادییەكانی مرۆڤ دەدرەوشایەوە؟    ئەوەی ئەورۆكە راماندەگرێت لەبەردەم دنیای مۆدێرن و مێژووەیەكی دێرینی ئازادی و شەڕو مشتمومڕی گەورەی فەلسەفی و فیكریی و شارستانی ئەوروپا و جیھان، پێكڕا قوڵبوونەوە لە بناغە ھەرە بنچینەییەكانی ئاین لەدەوڵت و ئاینی لە فەزای گشتی، ئاین لەفەسەفە، ئاین لە ھونەر و ئەدەب و كولتور و فەرھەنگی شارستانی و سەرەنجام قوڵبوونەوەی گاڵتەجاریی تا سنوری ئەو شۆكە گەورەیەی كە ئەوروپای گەورە ئیمپراتۆریەتی ئازادییەكانی مرۆڤ و قبوڵكردنی جیاوازییەكان و ئاشتیخواز كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و كاریكاتێریستی لە پاریس بەدەستی رەشی جیھادییەكانی خودی فەرەنسا دەكوژرێن و هاوكات چەندین كردەوەی تیرۆریستی ترسناكتر وڵاتانی ئەوروپا دەهەژەێنێت. تیرۆر ئا لێرەدە كۆتایی نایەت، وەكچۆن تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە رزگاركردنی شارێك و كاولكردنی زۆرێك لەشارستانییەكان و ناوچە زیندووەكانی ژیان كۆتایی نایەت. بەڵام من لێرەدا دەمەوێت بگەم پێی ئەو ستراتیژە ترسناكانەیە كە لەسەروەختی جەنگی تیرۆر و ئەو راچەڵكانە گەورەیەی جیهان و ناوچە گەرمەكانی ململانێكان بە راشكاویی دەیبینین و بە قوڵی هەستی پێدەكەیەن. گەڕانەوەی ستراتیژی بەرژەوەندییە ترسناكەكانی ورچە سپییەكەی روسیا و مەرگی ئیمپراتۆرییەتی ئەوروپی و ستراتیژی بەرژەوەندییە ترسناكەكانی ئەمریكا و ستراتیژی مەزهەبگەرایی سونیزم كە لەچەندین ئاستی جیاواز و بەریەككەوتندا بەسەر زیاد لەكایەكی ترسناكدا دابەشدەبن. هاوكات پەلهاوێژی و هەژموونی شیعەگەرایی ئێران و هاوپەیمانییە ترسناكەكانی نێوان مۆدێرنە و مەزهەبگەرایی ئاینی؛ وەك هاوپەیمانی لیبرالیزمی ئەمریكی لەگەڵ كوشندەگەرایی سونەگەرایی عەرەبستانی سعودی و هێزە ئیسلامییە میانڕەوەكانی دنیادا، وەك هاوپەیمانی ترسناكی روسیای زلهێز و ئیرانی شیعەگەراو پێشلكارو كوشندی مافەكانی مرۆڤ و مافە هەرە سەرەتاییەكانی ژیانی هاوڵاتیان و تاكەكەس و پێكڕا هاوپەیمان لەگەڵ سوڵتانیزمی توركیای ستەمكاریی ئازادی و دیكتاتۆرییەتی ئاوێتە بە فاشیزم و ئیسلامیزم.  دەرئەنجام لەناو كۆی ئەم ستەمكاریی ستراتیژییە نوێیانەدا مەرگی رێكخراوە گەورەكانی مافەكانی مرۆڤ و مافی نەتەوەو تاكەكەس و گروپە جیاوازەكان و ململانێ شارستانی فەرهەنگی بەرجەستە دەبن. بۆنمونە بێدەنگی جیهان و هەڵوێستەی كرداری بە پەلەو بەرگریكردن و رزگاركردنی مرۆڤ لە سوریا و یەمەن و عەفرین دەبێتە درۆیەكی گەورە. كاتێك ئەم ستراتیژو بەرژەوەندییە هاوبەش و ناكۆكانە دەكەونە جەنگ و ململانێوە ئیتر كوشتنی زیاد لە نیو ملیۆن مرۆڤ لە سوریا دەبێتە ئاوخواردنەوە، گلدانەوەی زیاد لە ٣ ملیۆن ئاوارەی سوری لە توركیا و كردنیان بە هەڕەشە بۆ ئەورپا دەبێتە هەڕەشەیەكی بەلەنگاز و ترسناك و بێ چارەسەر، دواجار داگیركردنی عەفرین لەڕێی هەمەجییەتی لەشكركێشی ئیمپراتۆریتە نوێكەی ئەردۆغانەوە كە تێكەڵەیەكە لە فاشیزم و ئیسلامیزم و هەماهەنگ لەگەڵ هێزە ئیسلامییە تیرۆریست و وەحشیگەرەكانی سوریادا گەورەترین بێدەنگی لەجیهاندا دروست دەكات...دواجار مافەكانی مرۆڤ و رێكخراوەكانی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان نەك هەر بوونەتە گاڵتەجار بەڵكە بوونەتە زوڕناژەنێكی ترسناك بۆ چەواشەكاریی و بەردەوامیدان بە جەمسەرگەرایی و هەژمونگەرایی ستراتیژ و هاوپەیمانییە كوشندەكانی زلهێز و كارئەكتەرە وەحشیگەرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی.  


عادل عەبدولمەهدی  دەبێت پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغداد لە شێوازی ئێستای دەربچێت، بەدڵنییاییەوە بەرژەوەندی هاوبەش لە رێككەوتندایە، زیانی هاوبەشیش لە ناكۆكی، ئەمە بەبێ لەبەرچاوگرتنی سروشتی پرسەكان، ئایا هەردوولا لەسەر حەقن، یان هەڵەن، یان لەنێوان هەردووكیاندان، ئەگەر لە زمان و رۆشنبیری و خواست و بیروباوەڕو هەڵوێستەكاندا لەیەكتر جیاواز بین، بەڵام لەناو فارگۆنێكداین، یاخود فارگۆنێك یان دوو فارگۆنین لەسەر یەك رێگا، ئەوەی هاوڕایە لەگەڵ ئەم بۆچونەدا ناكۆكییەكان دەخاتە چوارچێوەی راستەقینەی خۆیەوە وەكو فارگۆنێك یان رێڕەوێك، ئەوەشی ناكۆكە لەگەڵیدا بنیادی لەسەردەنێت، رۆژگاریش بۆی دەیسەلمێنێت كە ئەو خۆی ماندوو دەكات بەرلەوەی ئەوانی تر ماندوو بكات، شیعە لە بیستەكاندا "ئەنجومەنی دامەزراندنی" بایكۆت كرد و هەڵەی كرد، سوننە دەستوری بایكۆت كردو هەڵەی كرد، بانگەشەی هەندێك كوردیش بۆ بایكۆت هەڵە دەبێت، بمانەوێت یان نا چارەنوسمان لە یەك فارگۆن یان یەك رێگادایە، ئەوە بنەماكانی سیاسەت و ستراتیژیەتمان پێكدەهێنێ و ناكۆكی و كرۆكی چارەسەرەكانیشمان دیاری دەكات. 1-    راوەستانی هەردوكیان كاتێك دوژمنێكی هاوبەش هەڕەشەی لێكردن ا- لە قۆناغی دیكتاتۆریەتدا كەموكورتی و تێڕوانینی هەڵەی زۆر رویدا لەبارەی ئەوەی دەكرێت دەستكەوت لەسەر حسابی لایەنێكی تر بەدەستبهێنرێت، بەڵام ئەنجامەكەی بەوە شكایەوە كە دەبێت دەستكەوت بۆ هەموان بێت ئەگەرنا زیانەكەی بۆ هەموان دەبێت.. بیرۆكەی "برایەتی" و "هاوسێیەتی" و قوربانیدان و هەڵوێستی هاوبەش لە خۆشی و ناخۆشیدا سەركەوت.. هەموان زەرەرمەند بون لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، تواندنەوەی بارزانییەكان بە تێزاب و ترشی نتریك و هەڵمەتەكانی ئەنفال،.. هەروەك هەموان زەرەرمەند بون لە تیرۆركردنی ئال سەدر و ئال حەكیم و ئال بەدری و عاسی، لە كوشتنی زانایان و لە سێدارەدانی لاوان و وشككردنەوەی زەوی و ئاوەكان و راگواستنی سەدان هەزار كەس و لێسەندنەوەی ناسنامە، لە هەردوو حاڵەتەكەدا بەسرەو بەغداد و موسڵ گریان چۆن هەولێر و سلێمانی و دهۆك گریان. ب-  كاتێك داعش وڵاتی راماڵی، هەموان لەگەڵ خۆیان و براكانیان راوەستان، سازش و قوربانی زۆر درا بەبێ هیچ حساباتێكی تر، جگە لە سەركەوتنی كۆتایی، كە سەركەوتنی تێدا بوو بۆ هەموان. ج- تەنانەت ئەم هەڵوێستە دەركەوت كاتێك بابەتی راپرسی خرایەڕوو، ئەوەی نەیارێتیی دەكرد دەیوت ئەوە پێچەوانەی دەستورە و هەڕەشە لە یەكێتی وڵات دەكات.. ئەوەشی پشتیوانی دەكرد دەیوت بەپێی دەستور مامەڵە دەكات و دەبێت هەموو بابەتەكان لەگەڵ بەغداد گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئەوە بژاردەی ستراتیژیمانە، تەنانەت ئەگەر هەستكردن نەبوایە بەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لە بەرژەوەندییە كاتیی و خۆپەرەستییەكان بەهێزترن، كشانەوە لە چەندین ناوچەی ناكۆكی لەسەر روینەدەدا بەبێ رودانی هیچ جەنگێكی راستەقینە.. كە بەغداد باوەڕیوایە دەبێت ئەو ناوچانە بەپێی دەستور لەژێر دەسەڵاتیدا بێت، هەرێمیش وای دەبینێت حكومەت دواكەوتووە لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكە بەپێی دەستور. هەموان بە راشكاوی بێت یان لە ناوەڕۆكدا دان بەوەدا دەنێن كە خاڵێكی هاوبەشیان لەگەڵ ئەوی تردا هەیە و هیچ چارەسەرێك بۆ ناكۆكییەكان نییە جگە لە كاراكردنی خاڵە هاوبەشەكان نەك بازدان بەسەریاندا. 2-    هەندێك موچە خەرجكرا، فڕۆكەخانەكان كرانەوە، وەفدەكان لە هەرێمەوە هاتن بۆ بەغداد، بەپێچەوانەشەوە.. بەڵام هەمویان لە دەرەوەی بازنەی جۆری پەیوەندی برایانە و هاوسێیەتی و چارەنوسی هاوبەش مانەوە، لە باشترین حاڵەدا هەردوولا هەوڵ بۆ چارەسەری كێشەكان دەدەن، نەك كاراكردنی خاڵە هاوبەشەكان، كە قورسایی و دەستكەوتە جۆریی و مادییەكانی چەندین هێندە زیاترە لەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێن، نەك هەر ئەمە بەڵكو بەبێ كاراكردنی خاڵە هاوبەشەكان چارەسەركردنی ناكۆكییەكان نامومكینەو زیاتر و قوڵتر دەبنەوە و دەمارگیری هەردولاش زیاتر دەكەن،. بەغداد دابەشبون و جیابونەوە رەتدەكاتەوە، بەڵام هاوكات بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات وەكو وڵاتێكی تر بێت.. هەرێمیش دەڵێ بەغداد بژاردەی ستراتیژییە، بەڵام بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ بەغداد دەكات وەكو پایتەختی وڵات و گەلێكی تر بێت. كامیان هەڵەتر بوون یان ناكۆكییەكان، بەڵكو لەبەرئەوەی هەڵە و ناكۆكییەكان كەم نین، لەوانە لەبارەی پرسی نەوت و بودجە و ناوچە جێناكۆكەكان و هتد، ئەوە دەخوازێت هەموو خاڵە هاوبەشەكان كارا بكرێن بەمەبەستی فەراهەمكردنی زەمینەیەكی پتەوی وەها كە رێخۆشبكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناكۆكییەكان و خستنەڕوی چارەسەری باشتر بۆ بنیاتنانی ئایندەیەكی هاوبەش.. چ ئەوەی لەناو یەك كەشیتدا پێكەوە بمێنینەوە یان ئەوەی بەیەك رێگادا رۆشتین. پێویستە واز لە سیاسەت بهێنین قازانج و بەرژەوەندی بەدی بهێنێت، كە لایەكەوە كە دەبێت لەسەر حسابی شكست و لەدەستدانی بەرژەوەندی بێت لەلایەكی ترەوە.. ئەم لۆژیكە نە پارێزگاری لە یەكێتی وڵات و نەپارێزگاری لە یەكخستنی رێڕەوەكە دەكات.. دادپەروەرانەش نییە بۆ هیچ یەكێك لە ئێمە، هیچ ماف و چاوتێبڕینێكی تایبەتی و گشتیش بەدی ناهێنێ. وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت 


لە هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە بۆ بابەتەكە زیاد لە مەبەستێكم هەبوو. یەكەم پەیوەندی كورد لەگەڵ فەرەنسایە پەیوەندیەكە دەبێت لە گۆشەنیگای كێشەی كەمینەكانە‌وە لێبڕوانین، واتە فەرەنسا وەك كەمینەیەكی ژێردەستە‌ مامەڵە لەگەڵ ‌ كورد دەكات. ئەم مامەڵەكردنەش لە چوارچێوەی كەمینەدا پەیوەندی بەو بەها و ڕێسا و ئایدیانەوە هەیە كە فەرەنسا دەیەوێت نوێنەرایەتیان بكات وەك وڵاتێكی پێشەنگ و دانەری جاڕنامەی مافی مرۆڤ. بۆیە هەماهەنگی فەرەنسا لەگەڵ كورددا‌ پەیوەندیەكی قوڵی بە كۆنەواری(ترادیسیۆنی) سیاسی فەرەنساوە هەیە وەك وڵاتێكی پشتیوانیكەر لە بەها مرۆییەكان‌. پاشان لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوی دی وەك كەمینە فەرەنسا دەیەوێت لە رووی دیپلۆماسیەوە بیانویەكی شەرعی هەم بەو‌ بەرگریە بدات كە لە كەمینەكانی دەكات لە كایەی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان، هەمیش بە تەداخول و هاتنەپێشەوەی لە چارەسەركردنی كێشەكان. چونكە لە بیرمان نەچێت سەنگ و بەرچاوی زلهێزەكان لە سەر شانوی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان وابەستەی ئامادەبوونیانە لە هاوكێشە و ململانێ سیاسیەكان. بۆیە كورد بۆ فەرەنسا دەبێتە دەلاقەیەك كە بێتە ناو ململانێكان و رۆڵێك بۆ خۆی دابتاشێت.  پاڵپشتی فەرەنسا بۆ كورد هاوكات زادە و بەرهەمی دیپلۆماسی حزبییە. بەشێك لە سەركردەكانی وەك عەبدولڕەحمان قاسملۆ،جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی ڕۆڵێكی گرنگیان لە دروستكردنی پەیوەندی و ڕایەڵ‌ لەگەڵ بەشێك لە سەركردەی حزبە چەپەكانی فەرەنسا بینییوە، دواجار هەر ئەم پەیوەندیە نافەرمی و حزبیانە دەبنە بنەما بۆ پەرەپێدان و بونیادنانی پەیوندیگەلێكی نیمچە دەستگایی و نیمچە فەرمی. بۆ نمونە، جگە لە كۆنسڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر، كردنەوەی نوسینگەیەكی پەیمانگای فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی ناوین (IFPO) لە ساڵی ٢٠١١لە سەروبەندی بێرنارد كۆشنەر، كە ئەو كات وەزیری دەرەوەی فەرەنسابوو، خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكی هەرە گرنگی بە فەرمیبوونی ئەم پەیوەندیەیە.  پاڵشتی فەرەنسا بۆ كورد بە تایبەتی كوردی عێراق كە زیاتر جێ مەبەستی ئەم نوسینەیە لە فەرەنسا بۆتە كۆنەوارێكی سیاسی، بۆ نمونە فەرەنسا رۆڵێكی گرنگی لە‌ دەركردنی بڕیاری ژمارە  ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاساییشی نێوەدەوڵەتیدا بینی، لە دانانی ناوچەی دژەفڕین. كە لەمەشدا رۆڵی بێرنارد كۆشنەر، كە ئەو كات وەزیری تەندروستی بوو لە ساتەوەختی دەسەڵاتی پارتی سۆسیالیست و فەرانسۆا مێتەران، پاشان،  فەرەنسا لە سەردەمی فەرانسۆا هۆڵەند ڕۆڵێكی گرنگی لە بەگەڕخستن و هێنانەپێشەوەی هەم یەكێتی ئەوروپا و هەم كۆمە‌ڵگای نێودەوڵتی بینی لە بەهانەوەهاتنی كورد و پشتگیریكردنیان لە بەرامبەر هێرش و پێشكەوتنەكانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). بۆیە دەشێت بڵێین پەیوەندی فەرەنسا لەگەڵ كورددا ئەوەندەی زادەی ڕوانگە و بەرژەوەندی دەوڵەتی فەرەنسایە، ئەوەندەش پەیوەندی بە مێژوو و ڕوانگە و دونیا بینی هەندێك لە سەركردە چەپە فەرەنسیەكانەوە هەیە.  ئەم خاڵە زۆر بە گرنگ دەزانم، چونكە بە پێچەوانەی ئەو بیرۆكەیەی كە بۆتە حاشاهەڵنەگر و هەقیقەت لە لای هەندێك كە پێیان وایە تەنها بەرژەوەندیی، بزوێنەری‌ كۆی رەفتار و پەیوەندیەكانی ناو‌ كایەی پەیوندیە نێودەوڵەتیەكانە، پێم وایە دونیابینی و پەروەردە سیاسی و ئامادەگی (disposition) ئەكتەرەكانیش رۆڵێكی بەرچاویان لە ئاڕستەكردنی ئەم پەیوەندیانەدا هەیە. بۆیە لەم گۆشەنیگایەوە دەتوانم بڵێم پەیوەندی كورد و فەرەنسا زادەی بڕوای بەشێك لە سەركردەكانی ئەم وڵاتەیە بە مافی كورد هاوكات دونیابینی و پەروەردەی سیاسیان كە وایان لێدەكات بەرگری لە بەها مرۆییەكان و مافی كەمینەكان و ئازادی گەلان بكەن. بە مانایەكی دی، بە پێچەوانەی ئەو دیدە ئابوریە‌ی كە كۆی سیستەمی نێو دەوڵەتی بە دەوری گەڕان و بە دەستهێنانی قازانجدا كورت دەكاتەوە، من پێموایە دەبێت رۆڵی پەروەردە و بڕوای ئەكتەرەكان بە هەند بگرین نەك تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندی كورد و فەرەنسا، بەڵكو بە شێوەیكی گشتی بۆ تێگەشتن و شەنوكەوكردنی بەریەككەوتن (Interaction)ی وڵاتانی لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی. لە كۆتاییدا، دەشێت بڵێین پاڵپشتی فەرەنسا لە كوردانی عێراق لەم دوایانە و زیاتر هاتنە پێشەوەی، لەوانەیە پەیوەندی بە ئەگەر و تێگەشتنی فەرنساوە هەبێت بۆ  ئێستای رۆژهەڵاتی ناوین و داكشانی نفوز و ئامادەیی ئەمریكا. فەرەنسا پێیوایە كە‌ ئەمریكا لە سەردەمی ئۆباماوە سیاسەتی تاڕادەیەك بەجێهێشتنی رۆژهەڵاتی ناوین جێبەجێ دەكات. كشانەوەیان تا ڕادەیەك لە عێراق و لە ئەفغانستان و كەمكردنەوەی خەرجییە سەربازییەكان هەموویان ئاماژەن بەم ئاقارەدا. بۆیە فەرەنسا بە دوای پێگەیەكی نوێی دەسەڵاتیدا دەگەرێت لە رۆژهەڵاتی ناوین كە لە مێژەوە  یەكێك بووە لە جێینفوزی ئەم وڵاتە. كوردیش یان كوردستان بە گشتی دەشێت یەكێك بێت لەو دەلاقانەی لێوەی زیاتر بێتەژوورە و پێگەی خۆت لێوە بسەلمێنێت.   مامۆستای زانستە سیاسیەكان لە زانكۆی پاریس-دۆفین


ئەمیر تاهیری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و لایەنگرەكانی هەستیان بە نەشوە و حەماسێكی زۆر كرد كاتێك  ئاڵای توركیایان بینی لەسەر باڵاخانەی شارەوانی عەفرین دەشەكایەوە، دەتوانرێت ئەوە وا لێكبدرێتەوە كە لە ماوەی 100 ساڵدا ئەوە یەكەمجارە توركیا سەركەوتنێكی سەربازی بەسەر دوژمنێكی ئامادە بۆ جەنگ بەدی بهێنێت ( توركیا ساڵی 1974 توانی بەبێ‌ شەڕێكی راستەقینە بەشێك لە قوبرس داگیربكات) ، بەڵام لە واقیعدا لەسەر خاك پێویستە ئەردۆغان كەمێك ئەو حەماسەی لە ناخیدایە كەمبكاتەوە لەگەڵ ئەوەشی كە بە " سەركەوتنی مێژوویی" وەسفیكرد، ئەوەی مەبەستە لێرەدا ئەوەیە كە گەورەترین سوپای هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" و ئەوروپا سەركەوتن بەسەر سوپایەكی بچوكی كورد و لاواز لە رووی چەكەوە موفاجەئە نییە، ئەو نە ئەڵپ ئەرسەلانە كە شارۆچكەی مەلازگردی گرتبێت، نە سوڵتان محەمەد فاتیحە دوای گرتنی بیزەنتە و كۆنترۆڵكردنی عەفرین  یەكێكە لە چارەسەرەكانی چاخەكانی ناوەڕاست و بەسەر یەكێك لە و كێشانەی سەدەی 21دا پیادەەدەكرێت كە توركیا روبەڕووی دەبێتەوە. بە حكومی لێدوانە رەسمییەكانی كە لە ئەنكەرەوە بڵاودەكرێنەوە دەتوانین بڵێین ئەردۆغان هەوڵدەدات  ئەو كارە بكات كە پسپۆرە ستراتیژییەكانی سەدەی 19 ناویان لێناوە " كردون" یان گەمارۆی سەپێنراو كە توركیا لە  داگیركەرانی لە ناوچە كوردییەكان دەپارێزێت، بەڵام مێژووی سەربازی  لانیكەم لەو كارەساتەوەی كە بە سەركێشی ماجینۆلاینی ساڵی 1939 دەناسرێت، دەركەوت كە ئەو جۆرە زاراوانە لە جەنگە نوێكاندا بوونی نەماوە، بە تایبەتی لەو جۆرە جەنگە ناهاوسەنگەی كە توركیا بەڕێوەیدەبات. زاراوەی " كردون " یان " گەمارۆ" بوونە هۆی ئۆپەراسیۆنی پاوانخوازی زیاتر و بونیادنانی ئیپمراتۆرییەكان، ئەوە پێویستی بەوە بوو كە بۆ پارێزگاریكردن لە شارێك، شارێكی تر و چەندین شاری تر گەمارۆبدەیت، لەبەرئەوە ئەو گەمارۆیەی كە ئەردۆغان بەسەر ناوچە كوردییەكانی سوریایدا سەپاند، پێویستی بەوە هەیە بیپارێزیت لە ناوچە دراوسێكانی لە سوریا و لە كوردستانی عێراقیش ،  بێجگە لە ئێرانیش كە رەنگە پەناگەیەكی ئارام پێشكەشی پارتی كرێكارانی كوردستان بكات ، یان هەتا بنكەی ئۆپەراسیۆن دژی توركیای بداتێت كە پێشووتر و لە ساڵانی رابردوودا كردی، وە ئەگەر تا ئاستێكی كەمتر بڕۆین " تیرۆریستە" كوردەكان كە مایەی هەڕەشەن بۆ توركیا دەتوانن بە زەحمەتێكی  كەم لە سنورەكان تێبپەڕێنن، ئەوەش كارێكە كە هەموو تیرۆریستان لە سەرتاسەری  جیهاندا بە جیاوازی  بیروبۆچون و ویستیان باش لێیدەزانن.. بە پێچەوانەشەوە تەنها پشتبەستن بە هێز و هەوڵی زۆر خێرا بۆ شكاندنی دوژمن، لەوانەیە جارێكی تر  هاوكاری پارتی كرێكارانی كوردستان بكات بۆئەوەی مەزڵومیەت بكاتە پاساوێك بۆ توندوتیژی و تیرۆر، ئەوەش خۆی لە خۆیدا مایەی نیگەرانییە چونكە كوردەكان لە سەردەمی ئەردۆغاندا  ژیانێكی باشتریان بەسەر بردووە. ئەوانەی كە راهاتوون بە ژیان لەسەر ئەرزی واقیع لە توركیا لە سەردەمی ئەردۆغاندا  درك بەوەدەكەن كە چاودێری ئەردۆغان بۆ ناوچە كوردییەكان  لە هەژاری و نەداری رزگاریكردن و كەمێك خۆشگوزەرانی پێ بەخشین كە پێشتر نەیانبینبوو،  چەندین بەڵگەی بونیاتنراو لەسەر تێبینی و ئەزمون ئاماژە بەوەدەدەن كە ئایدۆلۆژیای  ماركسی- لینینی پارتی كرێكارانی كوردستان و وەهمی بونیادنانی دەوڵەتی پرۆلیتاریا بۆئەوەی جێگەی كۆماری توركیا بگرێتەوە لای ژمارەیەكی كەم و سنوردار لە توركەكان قبوڵكرا، بەڵام سەركەوتنی پارتی كرێكاراتی كوردستان لە راكێشانی هەست و سۆزیاندا كرۆكەكەی  خۆی لە " پرسی ناسنامە" یان بنەمای " ئەوان روبەڕومان بونەتەوە" دا خۆیدەبینێتەوە كە بیری جوداخوازی  گەشەپێدەدات هەتا لە هەرێمێكی وەك سكۆتلەندا  یان كەتەلۆنیا. بە رزگاربوون لە ژمارەیەكی زۆر لە " پرسی ناسنامە" ئەردۆغان لە ماوەی خولی یەكەمیدا سەركەوتوو بوو لەوەی پارتی كرێكاران لەو خۆراكە رۆحییە ئایدۆلۆژییەی بێبەشبكات، ئەوە دەستكەوتە گەورەیەش لەو گۆڕانكارییە گشتییەدا دەركەوت كە بەسەر سەركردایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان و بە دیاریكراویش دامەزرێنەرەكەی عەبدوڵا  ئۆجەلاندا هات. كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی عەفرین ، هەتا ئەگەر واش دایبنێت كە دۆخەكە بەردەوام دەبێت، كێشەی توركیا و كورد چارەسەرناكات و لە كۆتاییدا لەوانەیە توركیا روبەڕووی كێشەی  نوێ‌ بكاتەوە ، ژمارەیەكی زۆر لە هێزە بژاردەكانی توركیا ئێستا لە قوبرسن و  ئاسۆی كۆتاییهاتنی بونیشیان روون نییە و ئەو گەمارۆیەی كە ئەردۆغان دەیەوێت لە سوریا بیسەپێنێت، لەوانەیە بگاتە ئەوەی لە كۆتاییدا  ژمارەیەكی زۆر هێزی بژاردەی توركیا لەوێ‌ جێگیربكات، ئەوەش دەبێتە هۆی كێشەی ستراتیژی لە هاوسەنگی لە بیری بەرگری دەوڵەت و رێگا پێویستەكانی مانەوە تێیدا، جگە لە تێچووی ئابوری بۆ دەستوەردان لەو ناوچەیەدا. هەروەها گەمارۆی سەر سوریا لەوانەیە توركیا هاوبەش بكات لەهەر پرۆژەیەكدا كە ئەمانج لێی بونیادنانی سوریایەكی نوێ‌ بێی لەسەر پاشماوەی سوریای پارچەپارچەكراو،  ئەو دەوڵەتانەی تریش كە لە زۆنگاوی سوریا تێوەگلاون وەك روسیا و ئێران و ئەمریكا دەتوانن زۆر بە ئاسانی خۆیانی لێ‌ بەدووربگرن، چونكە بونیان هیچ سودێكی جوگرافی نابێت لەسەر زەویی، هەتا ئەگەر روسیا بڕیاریدا دەست بە بنكە سەربازییەكەوە بگرێت لە سوریا، ئەوا دەتوانێت بەرگری لەو ناوچە گەمارۆدراوەی سەر دەریای ناوەڕاست بكات بەبێ‌ ئەوەی خاكەكەی روبەڕووی هیچ هەڕەشەیەك یان داگیركارییەكی بیانی ببێتەوە، ئێرانیش دەتوانێت چەكدارە لوبنانییەكانی و ئەوانی تریش پاشەكشێ‌ پێبكات بەبێ‌ ئەوەی تیرۆریستان دزە بكەنە ناو خاكەكەیەوە، هەروەها توركیاش دەتوانێت بەهۆی دۆخی سوریاوە پاشەكشێ بكات، هەروەك چۆن بەسەر رواندا هات لە كێشەی كۆنگۆدا. تێوەگلان لە ناوچەی كوردستانی سوریا ئەو پەیوەندییە لەرزۆكەش تێكدەدات كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە نێوان توركیا و كوردەكانی عێراقدا بونیادنراوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە توانای پیاوەكە بەهێزەكەی توركیا لاوازدەكات لەوەی كە رۆڵی سەركردایەتی بگێڕێت لە پلانەكانی عێراق بۆ ئاوەدانكردنەوە. لە ماوەی ئەم دە ساڵەی دواییدا كۆمپانیا كانی توركیا چەند بازاڕێكی سەرەكیان لە تونس و لیبیا و میسر و سوریا لەدەستداوە، داهاتووی عێراقیش وەك بازاڕێكی نوێی بەدەركەوتوو یەكێكە لەو هەواڵانەی كە كۆمپانیا كانی توركیا دڵیان پێی خۆشە و ئەوەش لە ئیمزاكردنی گرێبەستێكدا بەبەهای زیاتر لە 20 ملیار دۆلار دەركەوت، بەڵام وێنەی نوێی ئەرۆدغان وەك دوژمنی كوردەكان وادەكات توركیا هاوپەیمانە نزیكەكانی لە كوردستانی عێراق لەدەستبدات، ئەوەش لە كاتێكدایە ئێران بە كارتی شیعە یاری دەكات بۆ كەمكردنەوەی هەژمونی كورد، لەوانەشە سەركێشی ئەردۆغان لەگەڵ كورددا ببێتە هۆی فشار بۆسەر پەیوەندییەكانی ئەنكەرە لەگەڵ ناتۆ كە چاوپۆشیان لەسەر ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆسەر كوردەكانی سوریا كرد، بەڵام پێشبینی ناكرێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە تەواوەتی هاوپەیمانە كوردەكانی پشتگوێ بخات كە لە لەناوبردنی داعشدا هاوكاریان كردووە، لەبەرئەوە لەوانەیە ئەردۆغان بۆی ئاشكراببێت كە سەركەوتنی لە عفەرین بەو شێوەیە نەبووە كە ویستی یان بڕوای پێی بوو، هەروەها ئاشكراشە كە كەس ناتوانێت بە هێز وەلای بنێت، لانیكەم بەمزوانە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكان و لایەنی تر لەتوانایاندا هاوكاریی بكەن لە بەرزكردنەوەی تێچووی " سەركەوتنە گەورەكەی".  نزیكەی بیست ساڵێك دەبێت  ئەردۆغانمان ئاگاداركردەوە كە كێشەی كورد كێشەیەكی سیاسییە و كێشەی سەربازیی نیە، لە خولی یەكەمیدا وەك سەرۆك وەزیران ئەردۆغان نیشانیدا كە دەتوانێت بە كەمێك سەبر و ئارامی ئەو دیدە جێبەجێ بكات، بەڵام ئێستا وادەردەكەوێت كە ئەو سەبر و تەحەمولە بووە بە هەڵم، ئەوەشی ئێستا پێشكەشی دەكات جگە لە ژەمێكی خێرای پوچ بۆ سەركەوتنێكی بەتاڵ هیچی تر نییە و دیمەنی بەرزكردنەوەی ئاڵای توركیا لە عەفرین كۆپیكراوی دیمەنێكی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكایە كە ئاڵای ئەمریكایان لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی " ئەیوجیما" لە ژاپۆن هەڵكرد و وەك هەموو كارێكی هۆڵیودیش وێنەی كۆپیكراو ناتوانێت لە كوالێتیدا بگاتەوە بە وێنە ئۆرجیناڵەكە، زۆربەی جاریش كارەكە بە مایپوچبوونی ئەو ستۆدیۆیە كۆتایی دێت كە وێنەكەی لێگیراوە.   وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand