Draw Media

دانا هەڵەبجەیی ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن و ئیختیارکردن زۆر کورت و ئاسان بکەینەوە بۆ دیاردە و مامەڵەیەکی کۆمەڵایەتی و بازرگانی کۆمەڵگەیەکی  تازە سەرهەڵدراوی وەک کورد، ئەوا دوو بەرە یا لایەنمان بۆ قوت ئەبێتەوە: کڕیار و فرۆشیار، هەڵبژێرەر و کاڵا، وە بەمانا هەنوکییە سیاسییەکەی؛ دەنگدەر ە و کاندید. لەم پرۆسەیەدا هەمیشە مافی دەستنیشانکردن و بڕیاردان و هەڵبژاردن، ئەکەوێتە سەر کڕیار و هەڵبژێرەر و دەنگدەر، کە بریتین لە (هاوڵاتی). لە بەرامبەریشیدا ئەوانی تر چڕ ئەبنەوە لە شتێکدا پێی ئەوترێت (حیزب).  فرۆشیارێکی تەماتە هاوار ئەکات؛ هەڵبژێرە بە ئارەزوی خۆت، هاوڵاتییان ئازادن کە چ جۆرێک هەڵئەبژێرن و ماف ئەدرێتە دەست هاوڵاتی کە بڕیار بدات و خاڵ سەری دێڕ. یەکێکی تر ڕێگای ساختە ئەگرێتەبەر و فرۆشیار ئەخەڵەتینێت. ئەوی تریان فرۆشیار ناچار ئەکات کە تەنیا لای ئەو بیکڕن، جونکە تاکە دوکانیکە لەو گوندەدا کە تەماتە بفرۆشێت. بهێنەرە بەرچاوت کە چ گەمەیەک و سەروسەودا و فرت وفێڵێت لەم تەماتە فرۆشتنەدا ئەکرێت،،،. لەم بێنەوبەردەدا، ڕۆڵی دوو کاراکتەری زۆر نەرێنی و ماڵوێرانکەر  ئەبینرێت، کە ئەوانیش بریتیین لە  یەکەم:کەسی بەناو بێلایەن، کە زۆربەیان خۆیان بە ڕۆشنبیر و ئازاد و ناحیزبی خۆیان لەقەڵەم ئەدەن، داوای ئەوە ئەکەن کە کەس بەشداری هەڵبژاردن نەکات.  دووەم؛ ئەو سیاسییە زۆربڵێ و شکستخواردوانەی، کە هەمیشە خۆیان بەڕاست و ئەوانی تر بە هەڵە ناوزەند ئەکەن. لە هەر زەمان و زەمینەیەکدا بن. سەرەتا با بێمە سەر ئەو چەند کەسەی کە ئەڵێن بەشداری هەڵبژاردن مەکەن. ئەم فەرمان دەرکردنەی کە ئەمانە ماف بە خۆیان ئەدەن،  تاکە مافی هاوڵاتی کە هەڵبژاردنە، زەوت بکەن و ڕێ بە خۆیان ئەدەن، کە ڕێ لە دەنگدانی هاوڵاتی بگرن، کە زۆر بائاسنی ئەڵێن؛ دەنگ مەدەن بە هیچ کەس و حیزبێک!. ئەمە خۆی لە خۆیدا لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتیانە، کە بریتییە لە دەنگدان. ئەمانە ئەم مافەشیان لێ ئەسەنن و نایەڵێن تاکە ڕێچکەیەکی دیموکراسی کە هەڵبژاردنە،  کە هاوڵاتی مافییەتی کە بەشدار بێت. ئەم جۆرە کەسانە، لە دنیای کاردانەوە و زیادڕەوەی لە بیروڕا و چەقبەستووی لە ئایدیۆلۆژێکی ناسەردەمیانە و تاکڕەوەی و خەیاڵپڵاوی بۆ دونیاکانیتر و سفراندنی ئەوانی تردا ئەژین،،،. ئەمانە نەک ئەلتەرناتیف و چارەیان پێ نییە بۆ ئێستا و داهاتوو، بەڵکو هەمیشە ئەیانەوێت، کۆمەڵگە وەک ئەو بیربکاتەوە و دونیا ببینێت، وە خودی ئەویش دونیا لە کۆمەڵێک دەق و تێۆری وشکی ناو کتێبە بەساڵاچووەکاندا ئەبێنێت. کاری ئەمانە تەنیا، دژایەتی بەرامبەر و سڕینەوە و سفرکردنی دژەئایدیاکانی خۆیانن  و هیچ کاتێک کۆمەڵگەیەکی تۆلەرانس و ئازاد لە بیروڕا و فرکولتورییان پێ هەرس ناکرێت. بێ دینە دژی ئایندارە، دیندارە دژی بێ دینە. ئایدیالیستە دژی لیبراڵە، دۆگمایە دژی ئازادییە، چەپە دژی ڕاستە، سوسیالیستە دژی نەتەوەپەرستە، نەتەوەییە دژی چینایەتییە، و هتد. ئەمانە هەر ئەبێت، دژێک بۆ خۆیان وێنا کەن و بە ڕوخاندن و قەلاچۆکردنی دژەکەیان ئینجا دڵیان ئاوئەخواتەوە و دنیایان لێ ئەبێتە شامی شەکر،. ئیتر دوای ئەوە چی ئەبیت، نە هیچ دیارە نە بەرنامەشیان پێیە، گرنگە بەلایانەوە کە تۆ ئەبێت لەگەڵ ئەودا بیت و هیچی تر، ئەگینا سفریت و مافی ژیانت نییە و تۆ هەڵەیەت و من ڕاستم. بە کوردییەکەی وەک داعشاندنی کۆمەڵگە وایە، ئیتربە تێکستی کۆن بێت و یاخو نوێ، گرنگ وەک  دەنگ و ڕەنگی ئەو نەبیت، شایانی ژیان و گیان نیت. ئەم جۆرە لە ئایدیا و بیرکردنەوە لەملا و ئەولا، بۆ ماویەکی کورت تاقیکراونەتەوە، بەڵام شکستی هێناوە. هەر بۆیە ئیتر ناتوانێت لە سەدەی 21 دا جێی خۆی  لە ناو کۆمەلگە مرۆییەکاندا بکاتەوە و بە مانا گشتییەکەی، ناگونجێن لەگەڵ خواستە هەنوکییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە. هەربۆیە، ئەمانە جگە لە خۆ پەراوێزکردن و سەندنەوەی مافی هەڵبژاردن لە هاوڵاتی کورد، هیچ ڕێگە چارە و ئەڵتەرناتیفێکی واقیعیانەیان پێ نییە. لە وڵاتانیکی وەک ئەوروپا، ئاساییە بەشداری نەکەیت لە هەڵبژاردندا، چونکە هەموو دام و دەزگا و دامەزراوە حکومیی و خزمەتگوزارییەکان دەیان ساڵە جێگیر و پاگیر بوون، ئیتر کێشە نییە کام حیزب دێتە سەر دەسەڵات، چونکە هاوڵاتی مافەکانی خۆی لە حکومەتدا مسەوگەر کردووە. نەک هەرێمێکی وەک کوردستان کە لە قۆناغی خۆ دۆزینەوە و خۆدروستکردن و خۆئاوەدانکردنەوەدایە، کە پێویستی بە هەر تاکێکی هەیە، بەشداری تێدا بکات. ئەوانەی ئەلێن بەشداری هەڵبژاردن مەکەن، مەبەستیانە کە دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و وەک ئەوەی کە هەیە، چۆن بووە با وابێت. خۆشییان بیت یا ترشی؛ پەیامەکەیان ئەچیتە خزمەتی گیرفانی ئەو دەسەلاتەی کە ئێستا لە سەر حوکمە و ئاو بە ئاشی دوو حیزبە پیرە پاوانکارەکەی کوردستان ئەکەن. یا هەمووی یا هیچ، سڕینەوەی بەرامبەر، سفراندنی ئەوی تر و هەڵتەکاندنی ئەوەی کە هەیە  و نەبوونی ڕێگەچارەی واقیعی سەردەمیانە؛ ناشێت بۆ کومەڵگەیەک کە ئەیەوێت بەرەو دیموکراسی بڕوات.  


خه‌ڵات عومه‌ر ئه‌وه‌ى له‌سه‌رزه‌وى نمونه‌ى به‌هه‌شتێكى باشترله‌ دۆزه‌خى پێ دروست نه‌ كرێت ، شایه‌نى ئه‌وه‌نیه‌ له‌ئاسمان پێ یببه خشرێت ! یه‌كێك له‌جوانیه‌كانى شۆرش ئه‌وه‌یه‌ خه‌یاڵپه‌رێزه‌و میتافیزیكاى خۆی هه‌یه‌ ،به‌ڵام له‌باسى شۆرش دا نابێت بكه‌وینه‌ ناوئه‌وداوه‌ى كه‌ خه‌یاڵ ووه‌هم تێكه‌ڵ به‌یه‌كترده‌كات . ((وه‌لید فارس)) ئه‌مریكاییه‌كى به‌ڕه‌گه‌زلوبنانیه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ساڵى 2012ى ئه‌مریكادا ڕاوێژكارى بوارى ئاسایش نیشتمانى وبه‌رگرى ((میت رۆمنى)) به‌ربژێرى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌ووڵاته‌بوو.  به‌حسابى خۆى له‌كتێبه‌كه‌ى دا ((شۆرش به‌ڕێوه‌یه‌ ...تێكۆشان له‌پێناوى ئازادى له‌خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست دا))تاكه‌كه‌س بووه‌ پێشبینى ڕوداوه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى كردووه‌ ! فارس له‌دواى به‌هارى عه‌ره‌بى كتێبێكى داناوه‌ به‌ناوى ((له‌به‌هارى عه‌ره‌بیه‌وه‌ ،بۆزستانى ئیسلامى))له‌كتێبه‌كه‌ى سه‌ركۆنه‌ى ئیسلامیه‌كان ده‌كات كه‌گوایا ،به‌هارى عه‌ره‌بیان له‌ خه‌ڵكى مه‌ده‌نى لیبراڵ دزیوه‌ وسه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌ڕێگه‌ى سندوقى هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ زۆرینه‌یان به‌ده‌ست هێناوه‌ ،به‌ڵام ده‌بێت ڕێیان پێبگیرێت ،له‌به‌رئه‌وه‌ى ئارابوونى ئه‌وان ناوچه‌كه‌و جیهانیان ڕوبه‌ڕوى كاره‌سات كردۆته‌وه‌ .  ئه‌وپێى وایه‌ هه‌مووئه‌وئیسلامیانه‌ى كه‌خوازیارى دامه‌زراندنه‌وه‌ى خه‌لافه‌تى ئیسلامین ده‌بێت رێیان لێبگیرێت ، ئه‌گه‌ر له‌وئیخوانیانه‌شبن كه‌ سه‌رۆك(( ئۆباما))یان ته‌فره‌داوه‌.  من بۆیه‌ باسى ئه‌م كتێبه‌م كرد نبۆئه‌وه‌ى بڵێم بۆچوونه‌كه‌ى من پیچه‌وانه‌یه‌ وڕاستیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، زۆرینه‌ى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ وله‌وڵاتانى عه‌ره‌بدا لایه‌نگرى ئه‌وه‌ن ،كه‌ئیسلام باڵاداستبێت وسایه‌یان بۆژێرده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌ ! دروست به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌وده‌سته‌واژه‌ى ئه‌م نووسینه‌م پێده‌ستپێكردووه‌.ئه‌وان لایه‌نگرى به‌هه‌شته‌كه‌ى ئاسمانن ،نه‌ك ئه‌وه‌ى خۆیان له‌سه‌رزه‌وى دروستى بكه‌ن ! له‌مه‌شدا ناهه‌قیان نیه‌ ،ئه‌وان ده‌خوازن له‌سه‌رزه‌وى به‌هه‌شت هه‌بێت ! دهخوازن گوزه‌رانیان باشبێت ودادوه‌رى هه‌بێت ،تۆزێك ئارام بن وبسره‌ون ونه‌هامه‌تیه‌كانیان ،كه متربێت ،به‌ڵام كه‌سانێكى زۆرهه‌ن حیزب وده‌سته‌وتاقم ورێكخراوه‌وخێڵى ئایدۆلۆجى وسیاسى ،ئه‌م خه‌ونه‌ به‌به‌هه‌شته‌كه‌ى ئاسمانه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كه‌ن.  حوكمڕانه‌كانى ده‌سه‌ڵات له‌ئه‌زموونى ئه‌م ناوچه‌یه‌داشكستیانهێنا له‌وه‌ى ((گه‌ل)) دروست بكه‌ن . ئۆپزسیونه‌كانیش كه‌له‌به‌ره‌بابى حوكمڕانه‌كان بوون،به‌هه‌مان شێوه‌شكستیان هێناوه‌ ! له‌نێوان هه‌ردوولادا ئه‌وه‌ى بووه‌ قوربانى ،ده‌وڵه‌ت ودامه‌زراوه‌كانى بوون ،كه‌هه‌رگیزوه‌ك خۆیان دروست نه‌بوون وئارانه‌بوون .  له‌م كایه‌و بواره‌دا سه‌رنجتان بۆگفتووگۆیه‌كى گه‌رم وگورَى عه‌ره‌بى ڕاده‌كێشم كه‌له‌نێوان((بورهان غلیون ))و((جۆرج ته‌رابیشى)) دروستبووه‌ .  غلیون كتێبێكى داناوه‌ به‌ناونیشانى ((ده‌وڵه‌ت دژى نه‌ته‌وه‌ )) ،ته‌رابیشیش كتێبێكى داناوه‌ به‌ناوى ((هه‌رته‌قات)) وه‌ . كورت وپوخت ته‌رابیشى داكۆكى له‌ده‌وڵه‌ت ده‌كات وه‌ك پرۆژه‌یه‌كى نوێگه‌رى وپێى وایه‌ ده‌وڵه‌ت قوربانى نه‌زانى وبێسه‌روبه‌رى ده‌سه‌ڵاته‌ و،بگره‌ ده‌وڵه‌ت نه‌ك هه‌رڕۆڵى خۆى نه‌بینیوه‌ به‌ڵكوده‌سه‌ڵات قووتى داوه‌ !  جاله‌به‌ره‌وه‌ى قسه‌كه‌ له‌سه‌رنه‌زانینه‌ ،كه‌خۆى گه‌وجى وگێلیه‌تیه‌ ،باده‌رفه‌ت له‌ده‌ست نه‌ده‌م وباسى كتێبَك بكه‌م كه‌زۆرم خۆش ده‌وێت وناونیشانه‌كه‌ ى له‌مه‌ بریتیه‌ : ((رۆڵى رێكه‌وت وگێلیه‌تى له‌گۆرینى ڕه‌وتى مێژوودا))دانه‌رى ئه‌م كتێبه‌ كه‌((ئه‌ریك دۆرشمیت)) سه‌راسیمه‌ى كردوم .به‌وپێیه‌ى پێش ناسینى ئه‌م كتێبه‌ من خۆم باوه‌ڕم وابوونه‌زانین وگێلیه‌تى مایه‌ى به‌دبه‌ختى مرۆڤایه‌تیه‌ !  باچه‌ند دێڕێك بنووسمه‌وه‌ كه‌له‌مه‌وبه‌رله‌نووسینێكدا هۆنیومه‌ته‌وه‌ : له‌ئه‌ده‌بیاتی گه‌لانی ناوچه‌كه‌دا تائه‌م ساته‌ش ((سایكس بیكۆ)) وه‌كو ئه‌ومۆته‌كه‌یه‌ وێناده‌كرێت كه‌،سه‌ردڵی هه‌مووانی گرتوه‌ و،به‌بێ ویست وئیراده‌ی خۆیان ،نیشتمانی له‌خاوه‌نه‌كانی زه‌وتكردوه‌. بۆیه‌ له‌لای زۆربه‌ی زۆری دانیشتوانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ،جوگرافیای سیاسی، نه‌خشه‌وسنورو،دروستكردن ودابه‌شكردنی زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كان ،سیمبولی قه‌هروچه‌وساندنه‌وه‌و بێ دادیه‌كی گه‌وره‌یه‌.  چ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هێزی باڵاده‌ستی بێگانه‌ ،وه‌ك قه‌ده‌رێك سه‌پاندویه‌تی و،چ له‌ به‌رئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌وسیستمانه‌ی بونه‌ته‌ خاوه‌نی نه‌خشه‌وده‌وڵه‌ته‌كان ،به‌ئاگروئاسن حوكمیان كردوه.‌ به‌باشترین شێوه‌ى دیمه‌نه‌ كه‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك له‌م دواییه‌دا ((هنری كیسنجه‌ر)) باسی لێوه‌ده‌كات له‌وه‌بریتیه‌ ،كه‌ ((سیستمی ده‌وڵه‌ت ،له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ گومانێك زۆرله‌سه‌رشه‌رعیه‌تی دروستبووه‌))  ده‌ره‌نجام له‌نێوان مۆدێلی ده‌وڵه‌تی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وهه‌سته‌وه‌ری گه‌لان دا ،دابڕانێكی گه‌وره‌ ئارا بووه‌.  نامۆبون ونیگه‌رانی وده‌ره‌نجام دژایه‌تی وتوڕه‌بونێكی گه‌وره‌ كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌. ئه‌گه‌رله‌ئه‌وروپا ده‌وڵه‌ت به‌ڕاده‌یه‌ك ئینتمای هاووڵاتیبونی په‌ره‌پێدابێت ،كه‌ڕوله‌وه‌بێت شوناسێكی باڵاترپه‌یداببێت و،خودی ده‌وڵه‌ت بایه‌خی كاڵ ببێته‌وه‌ ،ئه‌واله‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ،ده‌وڵه‌ت ،به‌ڕاده‌یه‌ك هاووڵاتیبونی بێ بایه‌خ كردوه‌ و،به‌ڕاده‌یه‌ك هاوڵاتی نامۆكردوه‌،كاربه‌وه‌گه‌یشتوه‌ زوربه‌ی هاوڵاتیان دژی ده‌وڵه‌ت بن و ،به‌شوێن شوناسی ئه‌ڵته‌رناتیف دابگه‌ڕێن.  بێگومان له‌وبارودۆخانه‌ شدا ،هیچ شوناسێك هێنده‌ی ئاین ونه‌ته‌وه‌ ته‌لیسمی نیه‌. كاتێك له‌سه‌دا نه‌وه‌دی ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی باس له‌یه‌كێتی خاكی عه‌ره‌ب وسه‌ره‌وه‌ری ئیسلام ودامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ تی ئیسلامی بكات ،ئیتر جێگای سه‌رسوڕمان نیه‌ كه‌،ببنین پرۆژه‌كه‌ی داعش لایه‌نگروهاوسۆزیه‌كی زۆرپه‌یداده‌كات.  ئه مه كۆتایى نووسینه كۆنه كه یه .ئه وه ى نوێیه وله م باره یه وه ده مه وێت بیڵیم سه باره ت ده وله ته كه له ولاتانى به هارى عه ره بى دا، بۆته قوربانى خێله كانى ده سه لات وئۆپزسیون! خه‌ڵك ده‌وڵه‌تیان بۆیه‌ له‌به‌رچاوكه‌وتووه‌ چونكه‌ ده‌وڵه‌تى خێڵ وئایدۆلۆژیابووه‌ ،ده‌وڵه‌تى ده‌سته‌و تاقم بووه‌ ،ئه‌وانه‌ش كه‌ئۆپزسیون بوون ،جارێكى دژى ده‌وڵه‌ت بوون ،له‌به‌رئه‌وه‌ى نه‌یانتوانیه‌وه‌ جیاكارى بكه‌ن له‌نێوان ده‌وڵه‌ت خۆى وه‌ك ودامه‌زراوه‌یه‌كى نوێگه‌رى وده‌سه‌ڵات وحوكمڕانه‌كاندا  .ده‌ره‌نجام له‌ژێرهه‌رناونیشانێكدابێت ،له‌كۆنه‌ستى هه‌موواندا ،ده‌وڵه‌ت تاوانباروگه‌لیش ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ئارانه‌بووه‌ .  پرۆژه‌ خۆرئاواییه‌كه‌ كه‌ ئه‌گه‌رتروسكاى تێدابێت لاى ئێمه‌ومانان ،كه‌ئومێدمان به‌تروسكاییه‌ ،ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ‌بازارى گه‌رمى خێڵایه‌تى پێش مۆدرێنه‌ تێده په رێنرێت ،هاوسه‌نگى له‌نێوان ده‌وڵه‌ت وتاكه‌س دا دروست ده‌بێت و،ئه وساش ((گه‌ل))له دایك ده بێت . چونكه له دایكبوونى گه‌ل، جگه‌ له دایكبوونى تاكه كه س ‌، هیچى ترنی !  ئێستا تۆوچانێك بده‌ وبزانه‌ ،ئه‌وه‌ى ناوى به‌هارى عه‌ره‌بیه‌ ،چۆن وبه‌چ قه‌باره‌یه‌كى خراپترله‌ده‌سه‌ڵاته‌كانى ،پێش ئه‌و به‌هاره‌ ،تاكه‌كه‌سى نامۆو ،گه‌لى دووچارى قه‌ده‌رى خێڵ كردووه‌ !  ((فریدرێك جێمسون))ى ئه‌مریكایى ده‌یوت :داڕمانى یه‌كێتى شوره‌وى به‌هۆى سه‌ركه‌وتنیه‌وه‌ بووه‌ ! به‌وواتایه‌ى نمونیه‌كى نوێكردنه‌وه‌ ى جیاوازى له‌ وه‌ى خۆرئاواى پێڕه‌وكردووه‌ !  منیش ده‌ڵێم ،به‌هارى عه‌ره‌بى شكستى نه‌هێناوه‌ و،به‌ڵكوسه‌ركه‌وتووه‌ ،له‌وه‌داكه‌ له‌وه‌رزێكى نوێدا درێژه‌ى به‌ خه‌ونى ده‌سه‌ڵاتدارانداونئه‌وه‌ى ئه‌وان به‌نه‌زانى خۆیان بونیادیان نابوو،ئه‌م ڕوخاندى ! و ه‌ك ئه‌وه‌ى زمانى حاڵى بڵێت ،به‌هه‌شتێك له‌ئاسمان دروست نه‌بێت ،باله‌سه‌رزه‌مینیش وێنه‌ى نه‌بێت !


سەرتیپ جەوهەر  ئەمریكا ناكشێتەوە بەڵكو گـوشاری زیاتر دروستدەكات لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا بارودۆخێكی نوێی لەناوچەكە دروستكرد، لێكدانەوەی قسەی زۆر لەبارەی ئەو لێدوانە دەكرێت و هاوكات جموجۆڵێكی نائاسایی هێزی سەربازیی لەدەریای ناوەڕاست و ناو سوریا دەستی پێكردووەو فەرەنسییەكان لەماوەی چەند رۆژی رابردوو هێزێكی ئێجگار زۆریان هێناوەتە رۆژئاوای كوردستان، لێدوان و دڵنیاكردنەوەكانیش لەپێناو هێوركردنەوەی ئەو مەترسیەیە كە لەرۆژئاوای كوردستان دروستبوە. بەهۆی ئەو لێدوانەی سەرۆكی ئەمریكا بارودۆخێكی دەروونیی زۆر خراپ بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردو دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان دروستبوە، لەوە دەترسی هەمان ئەزمونی عەفرین و كەركوك دوبارە ببێنەوەو روبەڕووی واقعێكی خراپ ببنەوە، چونكە لەو بڕوایەدان ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان بكشێتەوە ئەوا زەمینە لەبار دەبێت بۆ هێرش و پەلاماری توركیاو هاوپەیمانەکانی. هەر بەهۆی ئەوهەڵسوكەوتەی ئەمریكا كە ماوەیەكە هەستی پێدەكرێت، هێزەكانی سوریای دیموكرات هێرشەكانیان بۆسەر چەكدارانی داعش لەخواروی سوریا ماوەیەكە راگرتووە، ئەمەش وەك گوشارێك هەم بۆسەر ئەمریكاو هەمیش بۆسەر ئەوروپا تاوەكو رێگری لەپەلامارو هێرشەكانی توركیاو هاوپەیمانەکانی بكەن. بەپێی زانیارییەكانیش تیرۆرستانی داعش لەناوچەكانی خوارووی دێرزۆرو ئەلبوكەمال، ژیاونەتەوەو هێشتا ژمارەیەك گوندو چەند شارۆچكەیەكیان بەدەستەوەیە، ئەوەش ئەگەری دوبارە ژیانەوەو پەلاماردانیان زیاتر كردووە. هەر لەبارەی ئەو لێدوانەی سەرۆكی ئەمریكا قسەو باسی زۆر لەمیدیای جیهانیی و ناوچەكە دەكرێت، هەریەكەو لەسوچێكەوەو لەلایەكەوە لێكدانەوەو تەفسیری جیاوازی بۆ دەكات، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجەو پێویستە قسەی لێبكرێت، ئەوەیە دوای لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، هیچ لێدوانێكی تەئكیدكردنەوە یان شیكردنەوە لەلایەن هیچ كەسێكی ئیدارەی ئەمریكاو وەزارەتی دەرەوەو پێنتاگۆنەوە دەرنەچووە، ئەمەش ئەو گومانەی زیاتر كردووە كە پێناچێت ئەو لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ ئەگەری زۆر لەپشتەو پێویستی بەشیكردنەوەی زیاتر دەبێت. كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا لەسەر زاری سەرۆكی ئەو وڵاتە ناوچەكەو چاودێرانی سیاسی توشی جۆرێك لەڕامان كردووە، لەلایەك لێدوانێك بەو شێوەیە لەسەر زاری سەرۆكی ئەمریكا، جیاوازە لە لێدوانێك لەزاری هەر بەرپرسێكی دیكەی واشنتۆن، لەلایەكی دیكە مەنتقی سیاسی و سەربازیی ئەوە رەتدەكاتەوە ئەمریكا دوای ئەو هەموو خەرجیی و دڵنیاكردنەوەیە، لەپڕ بەلێدوانێك و بەبێ‌ بڕیاردانی دامەزراوەكانی بڕیاردان بەتایبەت كۆنگرس، هێزەكانی لەسوریا بكشێتەوە. هەرچۆنێك بێت قسەی زۆر لەسەر ئەو لێدوانە هەڵدەچنرێت، بەڵام دیارترین ئەو ئەگەرانەی لەپشت لێدوانەكەی سەرۆكی ئەمریكادان بریتین لەمانەی خوارەوە: یەكەم: یەكێك لەئەگەرە بەهێزەكان ئەوەیە، ئەمریكا دەیەوێت خۆی لەئیحراجیی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا دەربازبكات و فەرەنسا بێنێتە ناو بارودۆخەكەو رێگەی پێبدات هێزی سەربازی بێنێتە مەنبەج و رۆژئاوای كوردستان و ئەگەری روبەڕوبونەوەی هێزەكانی ئەمریكاو توركیا دوربخاتەوە، بەوپێیەی توركیا هەم هاوپەیمانی ئەمریكایە و هەمیش بەرژەوەندیی گەورەی ئەمریكا لە توركیا هەیە. دووەم: ئەمریكا بیەوێت بەم لێدوانە وڵاتانی كەنداو بەتایبەت سعودیەو ئیمارات ناچار بكات سازشی زیاترو پارەی زیاتر بدەنە ئەمریكا، لەبەرامبەر نەكشانەوەیان لە سوریا، لێدوانی جێنشینی سعودیە لەوبارەیەوە كە وتی پێویستە ئەمریكا بمێنێتەوە، ئاماژەیەكی روون بوو كە سعودییەكان ئامادەن گفتوگۆ لەبارەی مانەوەی ئەو هێزەی ئەمریكا لەسوریا بكەن. سێیەم: یەكێكی دیكە لەئەگەرە بەهێزەكان ئەوەیە، ئەمریكا دەیەوێت بەبەشداریپێكردنی زیاتری ئەوروپا بۆ ئەو وڵاتەو هێنانی هێزی ئەوروپییەكان بۆ سوریا، پەیوەندییەكانی نێوان روسیاو ئەوروپا ئاڵۆزتر بكات، نەخاسمە بەهۆی ژەهرخواردكردنی جاسوسە دووسەرەكەی لەبەریتانیا گیانی لەدەستدا، هاوكات پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو ئەوروپا-ش زیاتر ئاڵۆز دەبێت، نەخاسمە هێزی فەرەنساو ئەوروپییەكان لەمەنبەج بەئاشكرا روبەڕووی هێزەكانی توركیاو تیرۆرستانی ئیسلامیی دەوەستنەوە، بەئاڵۆزبونی پەیوەندییەكانی ئەوروپاو ئەمریكا ئەوەندەی دیكە ئابوری توركیا خراپتر دەبێت، ئەو ئەگەرەش لەرۆژانی داهاتوو زیاتر دەردەكەوێت، نەخاسمە ئەگەر توركیا هێزی زیاترو ئاڵۆزی زیاتر لەناوچەكە دروستبكات. چوارەم: باكوری سوریا، یان رۆژئاوای كوردستان بەپێی دابەشكردنی رێككەوتننامەی سایكس بیكۆ، ناوچەیەكی فرەنسیی بووە، دروستكردنی شاری قامیشلۆ لەسەر دەستی فرەنسییەكان لە 1926 باشترین بەڵگەیە كە رۆژئاوای كوردستان ناوچەی نفوزی فرەنسایە، ئێستا ئەمریكا دەیەوێت بەبەشداری پێكردنی ئەوروپییەكان لەنفوزو دەستكەوتەكان لەناوچەكە، گوشاری زیاتر هەم بۆسەر روسیاو هەمیش بۆسەر توركیا زیاتربكات و جۆرێك لەسەقامگیریش بۆ بەرژەوەندی و نفوزی خۆی دروستبكات، نەخاسمە. هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن ئەو لێدوانەی دۆناڵد ترامپ لێكەوتەی دیكەی بەدواوەیە، دیارترینیان روبەڕوكردنەوەی وڵاتانی ئەوروپا وەك بەرەیەك و هەریەكە لەتوركیاو روسیایە لەبەرەیەكی دیكەدا، ئەمەش وادەكات هەردوو وڵات ئەوەندەی دیكە تەنها و بێ‌ پشتیوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی. ئەو زانیارییانەی ئێستا بەردەستن لەبارەی بونی هێزەكانی ئەمریكا لەرۆژئاوای كوردستان و قەبارەی ئەو هاوكارییانەی بەردەوام رەوانەی ئەوێ‌ دەكرێن، ئەوە دەخەنە روو كە ئەمریكا بەئاسانی و بەمزوانە لە سوریا ناكشێتەوە، بەڵكو ئەو دابەشبونەی سوریا بۆ بەری رۆژهەڵاتی فورات و رۆژئاوای فورات، لەلایەن ئەمریكاو روسیا جۆرێك لە رێككەوتنی لەسەركراوە، ئەمریكیەكان خەرجییەكی ئێجگار گەورەیان لەرۆژئاوای كوردستان كردووە، ئاسان نییە، ئێستا بەبێ‌ هیچ بیانوو یان ئامادەییەك هێزەكانیان بكێشنەوەو ئەو ناوچەیە بۆ روسیا و توركیا جێبهێلن! هەرچۆنێك بێت سوریا بۆتە مەیدانی بەیەكدادانی ئەوانەی خاوەنی بەرژەوەندی گەورەن لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قۆناغێكی نوێ‌ لەململانێی ئەوروپاو ئەمریكا لەلایەك و روسیا لەلایەكی دیكە دەستی پێكردووە، ئەوەی جێی سەرنجە هەڵسوكەوت و سیاسەتی توركیا لەو نێوانەدا، كە ئەگەری زۆر هەیە ئەنجامەكەی بارودۆخێكی خراپ بێت بۆ ئەو وڵاتە.


سەردار عەزیز  موچە وەک دیاردەیەک، چەمكێک، جۆرێک لە ژیان، تەنانەت جۆرێک لە مرۆڤ (موچەخۆر)، لە دڵێ ئەزمونی حکومداری کوردستاندایە، بە تایبەتی لە پانزەساڵی ڕابوردودا. موچە سەرەتا وەک چارەسەرێک، رێگایەک بۆ خۆشژیانی، پاشان وەک تراژیدیایەک، یان وەک دیستۆپیایەک. فەلسەفەی موچە لە ڕوانگەیەکەوە سەرهەڵدەگرێت کە مرۆڤی کورد، دەکرێت بڵێین مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها بایەخ بە ئەوە ئەدات کە دەچێتە گیرفانی، ئەگەر هەر شتێکی تری بۆ بکەیت ڕاستەوخۆ نەچێتە گیرفانی، ئەوا پێی نازانێت یان نرخی ناگرێت. ئەمە باوەڕی باوە لە نوخبەی سیاسی حاکم لە کوردستان. لەم دیدە فەلسەفیە دەکڕێت زۆر شت، زۆر بوار، زۆر نهێنی ببینین. یەکەم، لە کاتێکدا مرۆڤی کورد تاک نیە، بەو مانا تاکیەی کە لە ئەدەبیاتی ڕۆشنگەریدا هەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی نیە، بەو مانایە کەسێکی سۆشیال بێت، بەڵکو کەسێکە خەمی خۆی دەخوات بەبێ لە بەرچاوگرتنی خەمی ئەوانی تر یان خەمی گشتی. نمونە بۆ ئەمە زۆرە، بۆ نمونە مرۆڤی کورد کە دەچێتە سەیران، ئەو جێگایە هێندە پیس دەکات کە ئاسان نیە بۆ کەسێکی تر پاش ئەو بە چێژەوە سودی لێببینێت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو هەموو شتێک وەها دەبینێت کە بەکاری بهێنە، بیر لە ئەویتر و جارێکی تر و داهاتوو مەکەرەوە. ئەمە جۆرێکە لە هەڵسوکەوتی کۆندۆمیانە لە گەڵ دونیادا، یان ئەوەی پێی دەڵێن دیسپۆسیبڵ. لە لایەکی ترەوە دەبینین کە لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا زۆر بە دەگمەن ناڕەزاییەک یان خۆپێشاندانێک دەبینیت دژ بە نەمانی ئازادی، یانی جۆری سیستەمی سیاسی، یان کەلتور.  دووەم، ئەم دیدەی نوخبەی دەسەڵات و وەڵامدانەوەی خەڵك بۆی، دۆخێکی وەهای هێنایە ئاراوە کە دەتوانرێت لە ڕێگای موچەوە، تاکە کەسەکان لە یەکتر داببڕێنرێت، ڕاستەوخۆی پەیوەندیان بە سیستەمەوە بۆ دروست بکرێت، لە ئەنجامی ئەمەدا دیوار و بەربەست دروست دەبێت لە نێوان تاکەکاندا و جارێکی تر بە ئاسانی کۆ-کۆبونەوە-هاوبەشی-یان هەر شتێکی لەو شێوەیە دروست نابێت. ئەم بڕ بوونی تاکانە و دابرانیان لە گەڵ یەکدا و دروستکردنی بەرژەوەندی تایبەت بۆیان وەها بیری لێدەکرایەوە کە بنەمایەکی پتەوە بۆ نەهێشتنی کۆمەڵگا یان سۆشیال. ئەمە دەرئەنجامی زۆری هەبوو، دەبینین لە کوردستان بوارەکانی وەک تەندروستی، خوێندن، خزمەتگوزاریەکانی تر پەکیان کەوتوە، بەڵام لای کەس جێگای بایەخ نەبوو. ئەمە لە کاتێکدا کە بڕی زۆری داهات بۆ موچەیە. دیارە موچە چەمکێکی هێندە ئاسان نیە کە بتوانین بڵێین بریتیە لە پێدانی پارە لە بەرامبەر کار بۆ حکومەت یان کەرتی گشتی، بەڵکو چەمکێکی زۆر ئاڵۆزترە. سێ، سیستەمی موچە، نەک هەر تەنها کۆمەڵگا و خەمی گشتی کوشت، بەڵکو سەربەخۆیی ئابوری تاکی کوشت. تاکێک کە خاوەن داهاتی سەربەخۆیی خۆیەتی و ئەو داهاتەی بەرهەمی کار و ڕەنجیەتی، ئەوا بۆ ئەو کارەکەی جێگای شانازیە و لە هەمانکاتدا لەو ڕوانگەیەوە سیاسەت دەکات. ئەمە کرۆکی چینی ناوەندە، مرۆڤێک کە خاوەن داهاتی ناسیاسیە، بەڵام سیاسەت دەکات لە سەر بنەمای ئەو داهاتە ناسیاسیە، بەمانایەکی تر لە ڕوانگەی خۆی و سەربەخۆییانە و ئۆتۆنۆمیستانە لە بواری گشتیدا چالاک دەبێت. سیستەمی موچەی ئەمەی کوشت لە کوردستان. کە چینی ناوەند نەبوو چەند چینێکی تر هاتە ئاراوە، (دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە چین وەک چەمکێکی مارکسیانە بەکارناهێنین، بەڵکو بەمانای توێژ: خەڵكێک کە دەکەونە پۆلێنێکەوە بەبێ ئەوەی هیچ ئاگاییەک و ئایدەلۆژیایەک و هاوبەشییەکی راستەقینە لە نێوانیاندا هەبێت). بۆ نموونە دەکرێت بوترێت لە کوردستان چینێکی نوخبە هەیە لە گەڵ دارو دەستەکانیاندا، هەروەها چینی موچەخۆر، لە گەڵ چینی دەرەوەی ئەم دوو توێژە. چینی دەرەوە لە دەرەوەی سیاسەتن، چینی موچەخۆر لە بوارێکی تەسکی پلان بۆ داڕێژراودا سیاسەت دەکەن، چینی نوخبەی باڵا و دارودەستەکانی خاوەنی هەموو سیاسەتن: پارە، میدیا، چەک، دیپلۆماسی. دەرئەنجامی ئەمە نەک تەنها قۆرغکردنی سیاسەت بوو، بەڵکو قۆرغکردنی ژیانیش بوو. ئەمە جۆرێک بوو لە یوتوپیا. ئەگەر تەنانەت مارکسیانەش پێناسەی یوتوپیا بکەین، ئەوا یوتوپیا ئەو دۆخەیە کە شۆرش تیایدا کۆتایی هاتوە، یان بیرکردنەوە لە شۆڕش هیچ بەها و نرخێکی نەماوە. لە یوتوپیای کوردیدا سیاسی بوون، کۆمەڵایەتی بوون، خەمی گشتی، نەتەوە، نیشتمان، سیستەم، یاسا، کەلتور، ژینگە، و زۆر بواری تر هەموو لە هەموو جۆرە بەهایەک بەتاڵ بوبونەوە. دیارە نەوت پاڵنەری نەمانی شۆڕشگێڕیە.  ماوەیەک لە مەوپێش لە قاوەخانەیەک لە پایتەختێکی ئەوروپی دوو ڕۆشنبیری شیوعی میسری: ئەندازیار ئەحمەد بهاالدین و رجائی فایدم دی، سەرگوزشتەی مونەزەمەی تەحریری فەلەستینیان بەراوردکرد بە کورد لە عێراق، لای ئەوان فەلەستینیەکان کە پارەی نەوتی کەنداویان بە دەست گەیشت ئیتر وازیان لە هەموو جۆرە خەباتێک هێنا. لە هێزێک چەپەوە وەرچەرخان بۆ هێزێکی ئاینی و پاشان گەندەڵ. ئەمە هەتا ئاستێک دەکرێت بوترێت کە چیرۆکی کوردیشە لە باشوری کوردستان.  بەڵام ئەگەر ئەمە یوتوپیاکەبێت ئەوا لە هەناوی هەموو یوتوپیایەکدا دیستۆپیایەک هەیە، لە هەناوی هەموو خەیاڵی بەهەشتێکدا، دۆزەخێک هەیە، وەک رۆبیرۆ باسی ئەکات. ئەم دۆزەخی هەناو ئەم بەهەشتە ووردە ووردە گەورە دەبێت هەتا لە ئەنجامدا بەرفراونتر دەبێت لە بەهەشتەکە. بەڵام کاتێک کە دۆزەخەکە باڵادەست دەبێت ئیتر دۆزەخێکی کوشندیە، چونکە هیچ لە ئامرازەکانی بەرگری نەماوە، وەک کەلتور، بەها، ئاگایی قوڵ، خەمی هاوبەش، مرۆڤ بوون، سنگفراوانی، و زۆری تر.  ئەمڕۆ کوردستان جێگای توندوتیژی و جنێو و بێهیوابوون و برسێتی و بێزاری و پەرتەوازەییە. بونیادنانی بەهەشت لە دۆزەخدا کارێکی ئاسان نیە، چونکە لە دۆزەخدا هیچ بنەماکانی بەهەشت نەماون. خەڵکی کوردستان دەبێت فراوانتر بیربکەنەوە لە دۆخەکە، بیر لەوە بکەنەوە کە ئەو هەموو شتانە چین کە لە دەستیان چوو، چۆن هەموو شتێکیان گۆڕیوە بە موچە و کە موچە نەما ئیتر هیچ شتێکیان نەما بۆ بەرگری.  ئەوەی ئێستا هیوا بەخشە کە بێ موچەیی هاوسۆزییەکی گشتی دروستکردوە، کە خەریکە بەربەستە تاکی و شاری و حیزبیەکان دەبڕێت، هەتا جارێکیتر ئێمە هاوبەشی گشتی دروست بکەینەوە. ئەمە بنەمای گۆڕانکارییەکە کە بە سودی هەموان بێت.


لەتیف شێخ مستەفا  دوای ئەوەی پەرلەمان یاسای بودجەی پەسەند کرد ، سەرۆک کۆمار گێڕایەوە بۆ پەرلەمان ،ئێمە وتمان ئەو دەسەڵاتەی نیە ، تەنھا دەتوانێ پەنا بەرێتە بەر دادگای فیدراڵ ، ئێستا یاساکە لە وەقایعی عێراقی بڵاو کرایەوەو چوە بواری جێ بە جێ کردنەوە و ئیعترازەکەی سەرۆک کۆمار پشتگوێ خرا، بۆیە سەرۆک کۆماریش داوایەکی لەسەر یاساکە لەدادگای فیدراڵ تۆمار کردوە و١٤ خاڵی وروژاندوە لە یاساکەدا کە پێچەوانەی دەستورن،من وەک ئەرکێکی یاسایی خۆم بە پێویستی دەزانم ڕونکردنەوەیەکی یاسای و دەستوری لەسەر سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار پێشکەش بکەم بۆ بەرچاو ڕونی خەڵک و ڕای گشتی و بۆ ئەوەی بزانن تا چەند ئەو خاڵانە ی سەرۆک کۆمار وروژاندونی پێچەوانەی دەستورن یان نا ؟ وە کامیان پەیوەندی بە خەلکی کوردستان ھەیە ، وە بەتەمای چی بن وە بەتەمای چی نەبن ، بەڵام لەبەر ئەوەی وەڵامەکە درێژە ھەوڵ ئەدەم بە سێ بەش یان چوار بەش بڵاوی کەمەوە بۆ ئەوەی خوێنەر حەوسەڵەی خوێندنەوەی ھەبێت .  بەڵام لەم پێشەکیەدا بە پێویستی دەزانم ئەوە ڕون بکەمەوە کە سەرۆک کۆمار تانەی لە بڕگە ئەساسی و گرنگەکە نەداوە کە ئەویش کەمکردنەوەی ڕێژەی لەسەدا ١٧ ەکەیە بۆیە لە ھەموو حاڵەتێکدا ڕێژەکەی ھەرێم واتە لەسەدا دوانزەکە بەرامبەر تەسلیم کردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە ھەرێمەوە بۆ بەغدا وەک خۆی دەمێنیتەوە، لە کاتێکدا پێشێل کاریەکی دەستوری زەق ھەیە لە دیاری کردنی ڕێژەی بودجەی ھەرێم لەیاسای بودجەدا کە دەبوە بناغەیەکی بە ھێز بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بەڵام ڕاوێژکارانی سەرۆک کۆمار و پارێزەرکەی لە سکاڵاکەدا بەلایدا نەچون یان خۆیان لێ لاداوە. بەشی یەکەم : ١- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە تانەی لە بەندی سێیەم/ب مادەی ١١ داوە کە دەسەڵاتی داوە بە وەزیری دارایی فیدراڵ فەرمانبەری زیادە لە وەزارەتە دەمج کراوو ھەڵوەشاوەکان بگوازێتەوە بۆ وەزارەتەکانی ، دەڵێ ئەم بەندە پیچەوانەی مادەی ٨٦ ە لەدەستور ، مافەی ٨٦ ی دەستور دەڵێت وەزارەتەکان و دەسەڵاتەکانیان بە یاسا ڕێک دەخرێن ، بۆیە ئەم تانەیە لە لایەن دادگاوە ڕەت دەکرێتەوە ، چونکە بەندی سێیەم / ب لە مادەی ١١ لە یاسای بودجە ھیچ پێچەوانەی ئەو مادەیەی دەستور نیەو ئەسڵەن شتێکی ترە ٢- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە تانەی لە برگەی ج لە ھەمان مادەی یاسای بودجە داوە کە پێچەوانەی مادەی ٦١ لەیاسای بودجەیە ئەویش ڕەت دەبێتەوە چونکە ئەوە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە ، واتە دژ بەیەک بونی دوو دەقی یاسایەک . ٣- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە  تانەی لە بڕگەکانی یەکەم و دوەم و سێیەم لە مادەی ١٣ ی یاساکە داوە کە گوایا ئەو بابەتانە ھەمواری یاساکانی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی گرتوە نابێ لە یاسای بودجەدا ئەوە بکرێ ، ئەمەش ڕەت دەکرێتەوە چونکە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە ٤- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە  تانەی لە بڕگەی ٤ لە مادەی ١٣ لە یاساکەداوە کەوا مخسەسات و دەرماڵەی بەردەستی سێ سەرۆکایەتی و وەزیرەکان و پارێزگارەکانی وەستاندوە ، ئەمەش ڕەت دەبێتەوە چونکە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە بەشی دوەم ٥- ئەمیش پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە  تانەی لە بەندی پێنجەم ی مادەی ١٣ داوە ، چونکە زاراوەی غەرامەی بەکارھێناوە ، لەسەر ھاوردەکردنی خواردنەوە کحولیەکان ، بە گوێرەی سکاڵاكەی سەرۆک غەرامە سزایە ،دەبوایە زاراوەی تری بەکار بھێنایە، ئەمیش ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت ، دەشێ دادگای فیدراڵی رەتی بکاتەوە ، چونکە غەرامە بەڵێ سزایە ، سزاش بە یاسا دەسەپێنرێ ، ئەم یاسای بودجەیەش یاسایە ، سزاش بەتایبەتی سزای غەرامە یان تەنانەت سزاکانی تریش مەرج نیە ھەر دادگا بیسەپێنێ ، بەڵکو دەیەھا یاسای تایبەتمان ھەیە دەسەڵاتی سەپاندنی سزا بەتایبەتی سزای غەرامەی داوە بە فەرمانبەرانی دەسەلاتی جێبەجێکردن ، وە دەشێت دادگا ھەمان قەناعەتی سەرۆکی کۆماری ھەبێ و بڕیار بدات بەوەی بەکار ھێنانی زاراوەکە نەگونجاوە ، بەڵام ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت ، حەسەن کەچەڵ ، کەچەڵ حەسەن ٦ - پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە ، دوبارە شتێکی شەکلیشە ، دەرەنجامەکەی ھەرچیەک بێت ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت تانەی لە بڕگەی شەشەمی مادەی ١٧ داوە بەوەی کە زاراوەی سەپاندنی باجی لەسەر شیرینی و بەرھەمەکانی شیرەمەنی و خواردنەوە غازیەکان داناوە بە ڕێژەی لەسەدا بیست و پینج ، بەڕای سەرۆک کۆمار زاراوەی باج ڕاست نیە دەبوایە پەرلەمان زاراوەی« ڕەسم » ی بەکار بھێنایە ، بەڕای من بەکارھێنانی زاراوەی باج نا دەستوری نیە ، بەڵام دەشی دادگا بەڕەئی سەرۆک کۆمار وەربگرێ یان ڕەتی کاتەوە ، بەڵام وەک وتم ھیچ لە بابەتەکە بۆ خەلک ناگۆڕێت ٧-ئەمیش پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە  تانەی لە بڕگەی ١ ی مادەی ١٨ داوە کە ئەو بڕگەیە دەسەڵاتی داوە بە وەزیرو پارێزگارەکان ڕەسم بسەپێنن ، ئەمەش پێچەوانەی مادەی ٢٨ ە لە دەستوری عێراق کە دەڵێت باج و ڕەسم بە یاسا دەسەپێنرێن ،  ئەمەیان تا ڕادەیەکی زۆر ئیحتیمالی ئەوەی ھەیە دادگای فیدراڵ وەری بگرێت و بڕگەکە ھەڵوەشێنێتەوە ، چونکە فیعلەن بە گوێرەی دەستور سەپاندنی ھەموو باج و ڕەسم و زیادکردنی و کەم کردنی و لێخۆشبونیش لەوەی لەسەریەتی ھەموی دەبێ بە یاسا بێت ، بەڵام دوبارە ھیچ کاریگەری ڕاستەوخۆ ی لەسەر خەلک نیە . ٨- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە  تانەی لە مادەی ٣٣ لە یاساکە داوە کە دەسەلاتی داوە بە ئەنجومەنی وەزیران داوە دوبارەھەیکەلەی وەزارەتەکان بکاتەوە و بەشەکانیان بخاتە سەر وەزارەتەکانی تر ، بە گوێرەی بۆچونی سەرۆک کۆمار ئەم بڕگەیە سەرپێچی مادەی ٨٦ ە لەدەستور کە دەلێت دروست کردنی وەزارەتەکان و دەسەلاتەکانیان بە یاسا دەبێت ، ھەرچەندە من پێم وایە ئەم بڕگەیە پێچەوانەی دەستور نیە چونکە دوبارە ھەیکەلەی وەزارەکان و لکاندنی بەشەکانیان بە وەزارەتی ترەوە جیایە لەوەی لەمادەی ٨٦ ی دەستوردا ھاتوە ، بەڵام دەشێ دادگا بە بۆچونەکەی سەرۆک کۆمار وەربگرێت دەشێت ڕەتیشی بکاتەوە، بەلام دوبارە بۆ خەلک کاریگەری ڕاستەوخۆت نابێت.   بەشی سێیەم  خاڵەکانی ژمارە ٩ و ١٠ و١١ و١٢ و ١٣ باس ناکەم چونکە یەکەم پەیوەندیان بەھەرێمەوە نیە ، دوەمیش تانەی گرنگ و گاریگەر نین وھاوشێوەی نمونەکانی خاڵەكانی پێشوون بۆیە بڕیاری دادگا ھەرچیەک بێت ھیچ کاریگەری نابێت بۆ ماف و ژیانی خەڵک ، ھەرچەندە پێشم وایە زۆربەی ئەو پێنج خاڵەش سەرپێچی دەستوریان تێدا نیەو دادگا ڕەتیان دەکاتەوە یان دەڵێت ئیختیساسی من نیە بۆیە پێم باش نەبوو وردەکاریەکانیان بڵاو بکەمەوە با خوێنەر ماندوو نەبێت بە شتێکەوە کە گرنگی ئەووتۆی نەبێت  ئێستا تەھا خاڵی كۆتایی ماوە ئەویش خاڵی ژمارە ١٤ یە ، پەیوەندی بەھەرێمەوە ھەیە ، ئەویش ھەڵدەگرم بۆ نوسینی کۆتایی و بەیانی ئەگەر مقەدەر نەبێت بڵاوی دەکەمەوە


پەیكار عوسمان چوار مامۆستا بایکۆت بۆ مافی پیشەیی و مەعیشیی خۆیان بکەن، من لەگەڵ ئەو چوارەم، نەك لەگەڵ ئەو چوار هەزارەی کە بە ئیعاز ئەچنە پاڵیان و بە ئیعاز بەجێیان ئەهێڵن. من لەگەڵ خودی ناڕەزاییم، لەگەڵ فووتێکردنی ناڕەزایی نیم، 'ناڕەزایی فووتێکراو' یان دەسەلات ئەیتەقێنێ بە توندوتیژی، یان ئۆپۆزسیۆن فشی ئەکاتەوە لەبەر شتێکی تر، وەك ئەوەی ناڕەزاییەکە خۆی شت نەبێ! ئەو ناڕەزاییەی فووی بڕوخێ و ارحلی تێئەکرێ، دەسەڵاتێك فش ناکاتەوە، خودی ناڕەزاییەکە فش ئەکاتەوە، فشبوونەوەی نارەزاییەکەش دەسەڵاتەکە ئەهێڵێتەوە. ئەمە چونکە بەردەوام دووبارەئەبێتەوە، ئەبوو تێگەیشتنی ئاسان بێ، کەچی ئێمە تا کۆمەڵێ گەنج بەکوشت نەدەین لەمە تێناگەین! ئەو دەسەڵاتەی کە هیچی پێنەماوە، هێشتا چەکی پێیە بۆیە موفلیسە، ئەو دەسەڵاتەی کە لە هەموو شتێکا فەشەلی هێناوە، لە توندوتیژیدا سەرکەوتووە بۆیە فاشلە، تۆش بە شیعاری بڕوخێ خۆت ئەخەیتە بەردەم ئەو تاقە شتەی کە ئەو تیای سەرکەوتووە، ئیتر ئەو تۆ ئەڕوخێنێ! واز لە بڕوخێ بێنە تۆ دنیایەك کێشەو کەموکوڕیت هەیە، هەر ڕۆژەی شەڕی یەکێکیانی لەگەڵ بکە، ئەو بەم شەڕە درێژخایەنە ئاسۆییە ئەڕوخێ، ئەگەر بە تەمای بە یەك ژەم بیخۆیت، ئەو ژەمە تۆیت و ئەو ئەتخوا. من لەگەڵ پاراستنی خۆپیشاندەرانم لە توندوتیژی، نابێ ڕانەکە بخرێتە بەردەمی گورگەکان، بەڵام پاراستنی خۆپیشاندەران نابێ ببێتە بیانوی کۆتایی هێنانی ناڕەزاییەکان!! ناڕەزایی مەدەنی ئەبێ فرە ڕێگا بێت، کە یەکێکیان گیرا ئەوانی تر کراوەبن، ئاو چۆن بە ئاسانی بڵاو ئەبێتەوەو بە ناڕەحەت کۆئەکرێتەوە، خەباتی مەدەنیش ئەبێ وابێت، ئەبێ بە ڕێگای جۆراوجۆر بە هەموو لایەکدا بڵاوببێتەوەو کۆنترۆڵکردنی قورسبێ، نابێ کورت بکرێتەوە لە خێمەیەکدا، کە ئەسڵەن خێمەش نیەو کڵاوی حیزبە خراوەتە سەر خۆپیشاندەران. ئەو خێمەیەی کە جارێك دەسەڵات ئەیسوتێنێ و جارێك موعارەزە ئەیپێچێتەوە، پێش ئەوەی ئەوان بیسوتێنن و بیپێچنەوە تۆ مەچۆ ژێری. بۆ بیناکردنەوەی کەسایەتی تێکشکاوی ئێمە، هەستکردن بە سەرکەوتن زۆر گرنگە، پێویستە هەنگاوی بچوك بنێین و تیای سەرکەوین، بەم سەرکەوتنە بچوکانەش ئیرادەو کەسایەتی و متمانەبەخۆبوون وردە وردە دروست بکەینەوە، نەك ئەوەی هەنگاوی گەورە بنێین و شکستی گەورە تۆماربکەین!! سەرکەوتنی گەورە لە هەنگاوێکی گەورەوە نایەت، لە کۆی هەنگاوە بچوکەکانەوە دێ، تۆ بە یەك شەقاو ناگەیتە سەربان، بەڵکو یەك یەك هەموو پلیکانەکان ئەبڕیت. من کارم بە ئیعازو حیساباتی حیزب نیە، ئێستا خۆپیشاندەری ئەزیز موچەخۆری خۆشەویست  ئەم گۆڕانەی خشتەی مووچە، ئەگەر هەستی سەرکەوتنی لا دروست کردویت، ئەوە بە سەرکەوتوویی بڕۆرەوە سەر کارو ژیانی خۆت و گوێ بە هاشوهوشی حیزب مەدە کە ئەیانەوێ بەردەوام بیت. ئەگەریش هەست بەسەرکەوتن ناکەیت، ئەوە بەردەوامبەو گوێ بە حیزب مەدە کە ئەیەوێ بوەستیت، گرنگ هەستی تۆیە نەك تای هەڵبژاردن.


سەركۆ عوسمان  پێ دەچێت لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لیێان تێک چوبێت کە ئەم هەلبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوردستان نییە بۆ پەرلەمانی عێراقە، ئەم هەلبژاردنە گۆرانکاریەکی ئەوتۆ لە خاریتەی سیاسی کوردستان ناکات، ئەم هەلبژاردنە کۆتایی بەدەسەلاتی کوردی ناهێنێت، بگرە پێ دەچێت گۆرانکاری زۆر ترسناک لە خاریتەی سیاسی عیراق ئەنجام بدات کە کاریگەریەکی نەرینی لەسەر دۆزی کورد بهینیتە کایەوە کە سەرجەم لایەنە کوردیەکان بێ جیاواززەرەرمەند دەبن. زۆر جیگای سەرنجە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کەوتونەتە دژایەتی و یەکتر شکاندن و تەشهیر کردن بە یەکتر بێ ئەوەی یەک وشەش باسی عیراق بکەن کە ئەو هەموو پێشیلکاریە دەستوریانە دەکات بەرامبەر بە کورد وە هەرچی لەناو گیرافانیاندا بوو بەرامبەربەر بەیەکتر هەلیان رشت پێش ئەوەی بانگەشەی هەلبژاردن بە فەرمی دەست پێ بکات. لە هەموی سەیر و سەمەر تر لایەنەکانی دەرەوەی دەسەلاتی کوردی کە خۆیان بە ئۆپۆزئسیون دەزانن ئەوەندەی خەریکی ناو زراندنی یەکترن ئاگایان نە لە ململانێی عێراق ونە لە لە دەسەلاتی کوردی نەماوە لە هەوڵی ئەوەدان بە یەکتر شکاندن و موزایدە کردن پێگەی خۆیان زیاتر قایم بکەن بۆ بەدەست هێنانی کورسیەک لەسەر حیسابی یەکتر. هەموومان ئەو راستییە دەزانین دوای گۆرانکاریەکانی سالی رابردو و ئەنجام دانی ریفراندۆم لە کوردستانی عێراق و کارەساتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە بووە هۆی لەدەست دانی بەشیکی زۆری خاکی کوردستان بەتایبەتی کەرکوک و ناوچە دابراوەکانی تری کوردستان وای کردووە پێگەو هەلویستی کوردی زۆر لاوازبێت بەرامبەر بە عیراق بە جۆریک کاریگەری زۆر نەرینی دەبیت لەسەر ریژەی دەنگەکانی کورد لەو ناوچانە، ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە بیدەنگی و پشت تێکردنی بەشیک لە دۆستانی کورد و ئەمریکا و هاوپەیمانان و سەرکەوتنەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بوەتە مایەی بەهێز کردنی هەلویستی سەرانی عیراق و حکومەتەکەی عەبادی ئەمە سەرەتایەکە بۆ گۆرانکاری هاوکیشە ساسیەکان بە جۆریک کە چیتر مەبدەئی تەوافق کە پێشتر عیراقی لەسەر بنیادنرابوو کاری پێ نەکریت و مەبدەئی زۆرینە و کەمینە پەسند بکرێت کە ئەوەش لە بەرژەوندی کوردا نییە وەک کەمیینەیەک بەرامبەر بە عەرەبی شیعە و سونە. هەروەها لە ڕوی ئیقلیمی و نیودەولەتییەوە لە ئێستادا پلانیکی گشتگیری گەورە ڕۆڵ دەبینیت کە دڵخۆشکەر نییە بۆ کورد ریکەوتنی روسیا و تورکیا و ئیران و هیرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەرعفرین دورخستنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی کوردی لەو ناوچانە بەبەرچاوی دۆستەکانمانەوە بی ئەوەی هەڵویستیکی ئەوتۆ بنوێنن ئەوەمان بۆ دەردەخات کە مەخابن سەرانی حیزبە سیاسیەکانی کورد ئەوەندەی لە خەمی دەسەلاتی تەسکی حیزبیدان ئەوەندە لە ئاستی ئەو مەترسیە گەورەیەدا نیین کە روبەروی میللەتەکەمان دەبیتەوە ئەوەی ئیستا بەدی دەکریت کورد نە پلانیکی ستراتیجی و نە پەیامیکی یەکگرتوی هەیە بۆبەرنگار بونەوەی ئەو هەموو ئاستەنگانەی ڕوبەری دەبیتەوە بۆیە جاوەروان دەکرێت دوچاری شکستیکی سیاسی زۆر گەورە ببیت کە لە دوای روخانی رژیمەکەی سەدام حوسینەوە ساڵی٢٠٠٣ وە دۆخی وا سەختی بەخۆیەوە نەدیبیت.


شەماڵ عەبدولوەفا ئەفڵاتون وا دەبینێت كە فەرمانڕەوا و پاشاكان دەبێت فەیلەسوف و دانابن تا بتوانن دادپەروەری بهێننەدی و بیپارێزن, ئەرستۆی قوتابیش بە پێچەوانەی ئەوەوە دەیوت, گەر فەرمانڕەواكان دانا نەبوون دەبێت دامەزراوەكان هەبێت, تا دادپەروەری بهێننەدی،  ئاخر كاراكتەری دەسەڵاتی هەرێمەكەی ئێوە نەك دانانین بەڵكو كۆمەڵێك پیاوی نەفام و بێ مەعریفەن, لە ڕووی دامەزراوەكانیشتانەوە كە شەرعیترینیان پەرلەمانە سوك و ڕسواتان كردوە. ئیتر بە چیتانەوە دەنازن, بە ئیدارە جوانەكەتان لە عەدالەت, لە پەیوەندییەكانتان, لە 31 ئاب و 16 ئۆكتۆبەرتان, بە برسیكردنی خەڵك, لە زۆری ئاو و كارەبا و مووچە, لە شەفافییەت, لە پاراستنی خاك و خەڵك! یەك شت باس بكەن كە جێگەی شانازیتان بێت, بەڵكو هەمووی شەرمەزارییە, لە فرۆشتنی نەوت, لە دروستكردنی مافیای دەسەڵات و بازاڕ، هەرچی خراپبوو كردتان ئەوەی ئێستا دەتانەوێ بیكەن دوای ڕیفراندۆم فرۆشتنی ئینتیمایە بۆ خاك و نیشتمان و قەزییە, ئێوە ئێستا بە بەرنامە كار بۆ ئەوە دەكەن كە ئینتیما نەمێنێت, بۆئەوەی ئێران و عێراق و توركیا لێتان ڕازی بێت,  ڕیفراندۆمیشتان بۆئەوە كرد كە ئەوە بكەن كەس هیوای بە قەزییە نەمێنێت, چیتان كرد كردتان بیر لە فرۆشتنی ئینتیما مەكەنەوە, ئێستا بە هەموو هاوكێشەكان دەركەوتووە كە ئێوە پیاوی حوكم و ئیدارەدان نین چونكە ئێوە پیاوی بێ مەعریفەن.  سوقرات دەڵێت كەس بێ ئەخلاق نییە, بەڵام كە كەسێك بە بێ ئاكار دێتە بەرچاوی خەڵك ئەوە لە بێ مەعریفیەوەیە لە چاوی هەردوولادا, لە چاوی دووەەمی سوقراتیشەوە ئێوە لەبەرئەوەی بێ مەعریفەی سیاسی و ئیداری و.... هتدن،  بۆیە ئێوە نابووت بوون لەڕووی ئەخلاقی سیاسییەوە, تۆزقاڵێك ئاكاری سیاسیتان نەماوە هەتا وەكو مافیاش دەسەڵاتان بەدەستەوە بێت،  كە كۆمەڵە كەسێك لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی ئیدارەی وڵات دەگرنە دەست, لە كاتێكدا كە لە هەموو ڕوویەكەوە نوشست دەهێنێت شكستدەخوات, ئەوە ئەو گرێبەستە هەڵوەشاوە دەبێت, ئێوە لەو هاوكێشەیەش تێناگەن, گەر هەڵبژاردنیش بدۆڕێنن دەسەڵات تەسلیم ناكەن, دەزانن بۆچی؟ گەر خۆشتان نەزانن ئەوا خەڵك پێتان دەڵێت, هەركەسێك دوای ئێوە بێتە سەر حوكم لێشاوێك, تۆفانێك  لە گومان لە نهێنی خوارو خێچ لە گەندەڵی لە گرێبەستی خەیاڵی لە...هتدتان كردوە, لەسەر هەر یەكێكیان دەبێت دەیان جار دادگایی بكرێن, بۆیە گەر دۆڕاشن بەلاتانەوە زۆر سروشتییە سوپای ئێران و توركیا دەهێننە قەڵا و قەڵاچوالان بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتی ئێوەی مافیا, ئەوانیش ئێوەیان پێباشترە لە خەڵكی چونكە ئێوە شكستخوارد و  ملكەچ و سەرشۆڕن!!  بەڵام كە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە, چونكە ئێوە لە چاو دیكتاتۆرە زەبەلاحەكانی دنیا زەڕنەقوتەش نین. لینین باسی جەندرمەكانی قەیسەری دەكرد لە خۆپیشاندانەكاندا, دەیوت قامچی دەستی ئەسپسوارەكان كە لە ملی خۆپیشاندەرانیان دەسرەواند ڕەقی خۆپیشاندەرانی ئەستور تر دەكرد و تەمەنی زۆردار و ستەمكار كورت تر، دەمانچە و چەقۆی ئێوەش تەمەنتان درێژ ناكات بەڵكو خێراتر كورتی دەكاتەوە حەقە ئەو چەقۆ و دەمانچەیەی دژی خۆپیشاندەران ڕایدەپسكێنن لە پێش 16 ئۆكتۆبەر ئامادەتان بكردایە تا نیشتمان نەدۆڕینن،  ئێستا هاوكێشەكە بەم شێًوەیەیە, خەڵكی بایكۆتی ئێوەیان كردووە, ئێوەش بایكۆتی مەعریفە, ویژدان, ئەخلاقتان كردووە لەپێناو مانەوەی هەردوو بنەماڵەدا هەموو شتێك دەفرۆشن. 


مەریوان وریا قانع  (٢) لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا دوو پرسیارەم کرد و بەڵێنم بە خوێنەران دا وەڵامیان بدەمەوە. پرسیارەکان ئەمانەبوون: ئایا ئەم سیستمە سوڵتانییە چۆن و بەچی دەژیی؟ دەرەنجامە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی کامانەن؟ بەبۆچوونی من ئەوەندە بەس نییە بڵێین ئابوریی ھەرێم ئابورییەکی سەرمایەدارییە و ئەوەی ئەم ھێزە سوڵتانییە دەژیەنێت ”سیستمی سەرمایەداریی“ە. ئەم شێوازە لە قسەکردن و نووسین ھێندە گشتگیر و نامێژووییە، ھیچ شتێک لەسەر ھیچ دۆخێکی مێژوویی کۆنکریت ناڵێت. ماقوڵ نییە سیستمی ئابوریی سوید و دانیمارک و نەرویج و ھۆڵەندا بە سەرمایەداریی ناوبنێین و بەوەی ھەرێمیش ھەمان ناو ببەخشین. یان لە باشترین حاڵەتدا پاشگرێکی خراپ و گشتگیریی لە بابەتی ”خۆرھەڵاتیی“ پێوەبنێن و بڵێین سەرمایەداریەکەی ھەرێم ”سەرمایەدارییەکی خۆرھەڵاتیی“ە، بەمەش جیاوازییەک لەنێوان ئابوریی ھیندستان و تونس و مالیزیا و ھەرێمدا نەکەین. بەبۆچوونی من ئەو مۆدێلە ئابورییەی سیستمە سوڵتانییەکەی ھەرێمی لەسەر دروستبووە تێکەڵێکی تایبەتە لە ئابوریی ڕێنت و جەنگ. ڕێنتی فرۆشتنی نەوت و ھاریکاریی دەرەکیی و خاڵە گومرکییەکان، لە ھەلومەرجێکی ناجێگیریی پڕ لە شەڕ و شۆڕ و جەنگیی کورت و درێژخایەنی فرەجۆردا. ئەمەش بەسەریەکەوە ئابورییەکی دروستکردوە کە دەشێت بە ”ئابووریی زوڵم“ ناویببەین. ئابوریی زوڵم چەمکێکی ئینشایی نییە، بەڵکو ناونانێکی کۆنکریتیی ئەو سیستەمە ئابوریەیە کە لە ھەرێمدا دروستکراوە کە مێژوویەکی تایبەتەی ھەیە کە ئەمە کورتەکەیەتی: کاتێک ھەرێم لە دوای ڕاپەڕینەوە ئازادبوو، ئەو بنکە ئابورییەی کە دروستبوو، بە پلەی یەکەم، رێنتی خاڵە گومرکییەکان بوو کە بەھۆی گەمارۆدانی ئابوریی نێودەوڵەتیی لەسەر ڕژێمەکەی سەدام حوسەین گرنگییەکی گەورەیان پەیداکردبوو. ئینجا ئاودیوکردن و فرۆشتنی بەشێکی گەورەی ئەو ئامێر و کارگە و ئامرازانەی لە کوردستاندا ھەبوون و دەستگرتن بەسەر پارەکانیاندا. دوای ئەوە دەستگرتن بەسەر ئەو بڕە کارگە و کارخانە کەمانەی لە ھەرێمدا ھەبوون و بەکارھێنانیان لەلایەن دوو پارتە باڵادەستەکەوە و دواتریش فرۆشتنەوەیان بە کەسانی ناو ئەو پارتانە، یان بە کەسانی زۆر نزیک لەوانەوە. ئەم ڕێنتخۆرییە وایکرد لەسەر دابەشکردنی داھاتی گومرکەکان، بەتایبەتی گومرکی ئیبراھیم خەلیل، جەنگێکی چەند ساڵە لەنێوان پارتیی و یەکێتیدا دروستببێت. لە گەرمەی ئەم جەنگەشدا فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی یاساغ و زۆرجار لەڕێگای دەستتێکەڵکردن لەگەڵ بەعسدا ھاتەکایەوە. ئەم دۆخە تا بەرپابوونی جەنگی خستنی سەدام حوسەین و دروستبوونی دۆخێکی نوێ کە تیایدا سەرجەمی ئەو بونیادە ئابورییە تاڵانکارەی دروستکرابوو چەندانجار گەورەتر و بەھێزتر دەبێت، بەردەوام بوو، بەبێ ئەوەی لۆژیکی دابەشکردنی داھات گۆڕانی بەسەردا بێت. دوای کەوتنی سەدامیش جەنگ دژ بە تێرۆر و جەنگ دژ بە ئەمریکا و جەنگی نێوان لایەنە جیاوازەکان لە عێراقدا بەرپابوو، کە ڕەھەندێکی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی گەورەی وەرگرت و لەناویشیدا بازرگانی نەوت گەورەتر و چالاکتربوو. لەگەڵ ئەم گەورەبوونەشدا بڕی ئەو تاریکیی و نھێنییانەی کە لەسەرەتاوە لە دەوری ئابوریی ھەرێم لە ئارادابوو، بە دەیان و سەدان جار گەورەتر بوو. ھاوکات بڕی خراپبەکارھێنان و بردن و دزین و گەندەڵیکردن بە ڕێنتی نەوت و خاڵە گومرکییەکانەوە چەندەھا جار گەورەتر و ترسناکتر بوو. لەگەڵ ھاتن و بەرپابوونی جەنگی داعشیشدا ئابوریی نەوت بەتەواوی دەگۆڕێت بۆ ئابورییەکی مافییایی و مەسەلەی دزین و شاردنەوە دەچێتە ئاستێکی ئەفسانەییەوە. وەک دەبینین جەنگ بەشێکی دانەبڕاویی ئەم ئابورییەیە، لەڕاستیدا جەنگ لەزۆر ساتەوەختدا وەک لۆژیکی ناوەکیی ئیشکردنی ئەم سیستمە ئابورییە ئامادەبووە و کاریکردوە. ئەوەی بەدەستھاتوە بە زۆر و بە فشار و بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی و کوشتن و بڕین بەدەستھێنراوە.  خاڵێکی گرنگ ئەوەیە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا جێگۆڕکێیەکی کۆمەڵایەتیی بەرچاو دەبینین. پێشمەرگە و پیاوە چەکدارەکانی سەردەمی شاخ و سەردەمی بەعس دەبن بە سەرمایەدارە گەورەکانی دونیای دوای ڕاپەین. بەمەش ئەو شێواز و مۆدێلەی خاوەنپارە و سەرمایەدار کە پێشتر لە دونیای ئێمەدا لەئارادابوو گۆڕانێکی گەورەی بەسەرداھات. زۆرێک لە نوخبە سەرمایەدارە کۆنەکە پێگە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکی خۆیان لەدەستئەدەن و لەپاڵیاندا نوخبەیەکی نوێ دروستدەبێت کە لەناو سیاسەتەوە دێنە ناو ئابوریی. وەک وتیشمان ئەم نوخبە تازەیە ڕێنتی نەوت و ڕێنتی خاڵە گومرکییەکان و بازرگانی قاچاغ دروستیاندەکات. ڕەنگە ھیچ شتێک ھێندەی کوشتنی عەلی بۆسکانی، پارەدار و سەرمایەداری قۆناغی بەر لە ڕاپەڕین، ھێما بۆ ئەم جێگۆڕکێ کۆمەڵایەتییە نەکات. کوشتنی عەلی بۆسکانی و دروستبوونی کەسانی وەک ئاشتی ھەورامیی ھێما بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەێییە گەورەیە دەکات کە ئابوری زوڵم لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستیدەکات. ئابوریی زوڵم کورتدەبێتەوە بۆ ئابوریی ناو جانتە داخراوەکەی ئاشتی ھەورامیی، ئابورییەکە لەناو ئەو جانتایەوە ئیدارەئەدرێت نەک لەسەر ئەرزی واقیع و لەڕێگەی کردەی بەرھەمھێنان و ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی یاسایی و ئاشکراوە. ئەمە وادەکت گرنگ نەبێت ئاشتی ھەورامی لە ھەولێر دانیشێت یان لە شوێنی تر، لە تەنیشتی سەرە گەورەکانی ناو ھەرێمەوە بێت، یاخود بەخۆی و جانتاکەیەوە لە لەندەن یان ئەستنەبوڵ یان لە نەمسا نیشتەجبێت. ئەو فۆرمە لە سەرمایەداریی کە ئەم پیاوە نوێنەرایەتیی دەکات، سەرمایەداریی دزیی و جەردەیی و گەندەڵییەکی کەم وێنەیە، کە لەناو جانتایەکی بچووک و بەھۆی لەپتۆپێکەوە تێکەڵ بە دونیایەکی گلۆبالی بووە.  لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەم ئابورییە نوخبەیەکی سیاسیی دروستکرد کە سیستمەکەیان بەرەو بە سوڵتانیکردنێکی سیاسیی تەواو برد، پێگە ئابورییە بەھێزەکانی وڵاتەکەیان بە پێگە سیاسییەکانەوە گرێداو و پێگە سیاسییە گرنگەکانیشیان لەدەستی چەند کەسایەتیی و خێزانێکی کەمدا کۆکردەوە. ئەم نوخبە سوڵتانییە دەستی خستە ناو نەخشەی کۆمەڵایەتیی دونیای ئێمە و چەندەھا گروپی ”موفەزەل“ و ”باوەڕپێکراو“ و خاوەن ”وەلای ڕەھا“ی دروستکرد. ئەم ئابورییە کە ڕێنت و جەنگ دروستیکردوە، ئابورییەک نییە دەوڵەت یان حیزب بەڕێوەیببات، یان تەعبیر لە جیھانبینیی یان عەقڵیەتێکی دەوڵەتیی و تەنانەت حیزبیش بکات، بەڵکو ئابورییەکە نوخبەیەکی سوڵتانیی بچووک بەڕێوەیدەبات کە گرێدراوە بە چەندان تۆڕی ئابوریی قاچاغ و ھێزی ئیقلیمیی و بەشە یاساغ و گەندەڵەکەی ئابوریی جیھانییەوە. بە لۆژیکێکی مۆنۆپۆڵخواز و لە غیابی ھەر لێپرسینەوەیەکی یاسایی و سیاسیشدا کاردەکات. لەناو ئەم تاریکاییە گەورەدایەدا ئەم نوخبە سوڵتانییە چەندان دەزگای سەرکوتکرنی دروستکردوە، چەندان دەزگای میدیایی مێشکشۆر و پڕۆپاگەندیستی دروستکردوە، کۆمەڵگاشی بە کردەوە بێئیش و بێکار و بێئایندە کردوە. ئەم ئابورییە ئابوریی جەنگە و لەدۆخی ئاشتیی و ئارامیی کۆمەڵایەتیدا ناتوانێت بە ھەمان لۆژیک بەردەوام بێت. ئەم ئابورییە بۆ مانەوەی پێویستیی بە نائارامیی و جەنگ و پشێویی بەردەوام ھەیە، ھەروەھا پێویستی بە کۆمەڵگایەکی بێدەنگ و ترساو و نائومێد ھەیە.


ئاراس فەتاح دوای ماوەیەکی کورت لە ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام، لەگەڵ کاک مەریوان وریا قانعی ھاوڕێم بڕیارماندا پێکەوە سەردانێکی بەغدای دوای بەعس بکەین. ئەو بەغدایەی لە ھەشتاکاندا بۆ من تەنھا شاری کتێبکڕین بوو. واڕێککەوتین لە رێگای ئەردەنەوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوین و لەوێشەوە سەفەری سلێمانی بکەین. من لە ئەڵمانیاوە سەفەری عەمانی پایتەختی ئەردەنم کرد و لەو ھوتێلە دابەزیم کە بڕیار وابوو لەوێ یەکبگرینەوە. کاک مەریوانیش بە ھاوەڵیی ناسیاوێکی لە ئەمستردامەوە گەیشتنە ھوتێلەکە، کە کوڕێکی لاوازی پێستئەسمەری باشوور و بە فیکر کۆمۆنیستێکی عێراقیی بوو. بەیانییەکەی پێکەوە ئۆتۆمبیلێکی GMCمان بە کرێ گرت، بۆئەوەی بمانگەیەنێتە بەغدا. پێشئەوەی بەڕێبکەوین، شۆڤێرەکە پێیگوتین تکایە فەرموون سەردانی ئاودەست بکەن، چونکە من لەڕێگا ناوەستم و دەببێت بەخێراییەکی زۆر بڕۆین تا دەگەیەنە ناوچەیەکی پارێزراو، لەبەرئەوەی مەترسیی گەورە ھەیە چەتەکان رێگرییمان لێبکەن، یان چەکدارانی پاشماوەی بەعس پێشگرییمان لێبکەن. شۆڤێرەکە دۆخەکەی بەچەشنێکی وا مەترسیدار نماییشکرد کە بووە جێگای پێکەنینمان و سەیرێکی یەکترمان کرد و بەخۆمان گوت، پێدەچێت ھەڵھاتنمان بۆ ھەندەران ئاسانتر بووبێت وەک لە گەڕانەوەمان بۆ عێراقی دوای سەدام... بیرمان لەوەدەکردەوە چ دۆخێکی کۆمیدییە کاتێک ئێمە لە کوردستانەوە لەدەستی دەوڵەتی بەعس خۆمان ڕزگارکرد و ھەڵھاتین بۆ ھەندەران، ئێستا دوای روخاندنی بگەڕێینەوە بۆ عێراق و بکەوینە بەردەست پاشماوەکانیان لەناو گروپی ئەلقاعیدە! بەدرێژایی ڕێگای گەڕانەوەمان بەرەو بەغدا ئەو کوڕە کۆمۆنیستە شاگەشکە گرتبووی و لەخۆشییدا نەیدەزانیی چیبکات. بۆ ئەم کۆمۆنیستە گەڕانەوەکەمان بۆ شاری بەغدا رووداوێکی گەورە بوو. ھەرچەندی دەکرد تەسەوری نەدەکرد کە گەڕانەوە بۆ بەغدایەکی بێ سەدام و بێ بەعس، بووە بە ھەقیقەت و چیدی خەیاڵ نییە. لە ئۆتۆمبیلەکەدا بەچەشنێک دڵخۆش بوو کە جێی بەخۆی نەدەگرت، بەگەشکەوە پێیگوتین ھەر کە گەیشتینە بەغدا و خۆپیشاندانێکم بینی، بە سەماوە خۆمی پێدادەکەم، چونکە ئەوە دەبێت بە یەکەمین بەشدارییم لە خۆپیشانداندا لە مێژووی عێراق. بۆیە ھیچ بەلامەوە گرنگ نییە ئەو خۆپیشاندانە کێ رێکیخستووە، ھی عەلمانییەکانە یان ئیسلامییەکان! گرنگ ئەوەیە لەکوێ خۆپیشاندان ھەیە؟ من خۆپیشاندەرم. ئەوەی بۆ من لە ڕۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکانی شاری ھەولێر جێگای تێڕامان بوو، شاگەشکەی ئەو خۆپیشاندەرە بوو کە بە ڕاکردن خۆی دەکات بە خۆپیشاندانەکەدا و دێوانەئاسا ھەڵدەپەڕێت. دۆخی سایکۆلۆژیی ئەم پیاوە رێک ھەمان ئەو چیرۆکە و ھەمان ئەو موعاناتەی بیرخستمەوە کە ئەو کوڕە عەرەبە کۆمۆنیستە لەگەڵ کردەی خۆپیشانداندا لە عێراقی سەردەمی بەعسدا ھەیبوو. خۆپیشاندان بۆخودی خۆی خەمێکی دەستەجەمعییە، بەڵام بۆ ئەم خۆپیشاندەرە ھەولێرییە بووبوو بە شادییەکی دەستەجەمعی، چونکە ئەوە یەکەمین جارە فرسەتی خۆپیشاندانێکی لەوچەشنە بۆ مرۆڤە ترسێنراو و چەپێنراوەکان لە شاری ھەولێردا ھەڵدەکەوێت. چرکەساتی ھەڵپەڕکێی ئەو خۆپیشاندەرەی شاری ھەولێر گەرچی لەڕووکەشدا کۆمیدیی دەردەکەوێت، بەڵام بەدیوە نادیار و چەپێنراوەکەیدا تەعبیر لە تراژیدیترین دۆخی ئینسانەکانی ئەو شارە زەلیلکراوە دەکات. شارێک کە ساڵانێکی دوورودرێژە بە ھێزی ئەمنیی و گروپی شەقوەشێن و بەڵتجیی پارتی گەمارۆدراوە و دانیشتوانەکەشی لەناو فەزایەکی پڕترس و دڵەڕاوکێدا دەژین. لەو ھەولێرەی کە خوێندکارانی زانکۆ لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووی سەردەمی سەدامدا خۆپیشاندانیان تێدا کرد و ئەوکات من و کاک مەریوان و چەندین ھاوڕێی تریشمان تیایدا بەشداربووین، رۆژانە روبەڕووی جەبەروتی ئەمن و ئیستیخبارات دەبوینەوە. لە سەردەمی بەعسدا کەس بۆی نەبوو نەک ھەر خۆپیشاندان بکات، بەڵکو ھەر بیریشی لێبکاتەوە. لە ھەولێری دوای سەدامیش ساڵانێکە ئەو دۆخی بێدەگکردن و چەپاندنەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی پارتی بەرھەمیانھێناوە، وەک خۆشەویستیی و ڕازیبوونی خەڵکەکەی لە دەسەڵاتی پارتی و خێزانی بارزانیی لە میدیا زەبەلاحەلانیانەوە نماییشدەکرێت. قەبارەی ئەو چەوساندنەوەی مرۆڤ رێگەی پێدەدات بەرامبەری بکرێت، قەبارەی ئەو تەعەسوفییەتەش دەستنیشاندەکات کە بەرامبەری دەکرێت. ساڵانێکە خەڵکی ھەولێر لەژێر فەزایەکی پڕترس و تۆقێنەری دەسەڵاتی پارتییدا دەژین، بێدەنگبوونی خەڵکی ھەولێر و دھۆکیش قەبارەی ئەو تەعەسوفییەتە دەردەخات کە دەزگا ئەمنییەکانی تاوەکو ئەمڕۆ بەرامبەر بە خەڵکی ئەم دەڤەرە پیادەیانکردووە. لەدوای خۆپیشاندانەکانی ھەولێر و دھۆک بۆ یەکەمینجار لە مێژووی نوێی ئەم ھەرێمەدا داخوازییە مەدەنییەکان دەبن بە خواستێکی گشتیی بۆ ھەموو کۆمەڵگای ھەرێم و کردەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان تەنھا لەناوچەی سلێمانییدا گیرناخوات. بۆیە پێویستە خۆپیشاندەرانی سلێمانیی و شارەکانی تر، پشتیوانیی و ستاییشی گەورە و بەردەوامیی ئەو ژن و پیاوە ئازا و پڕئیرادانە بکەن کە خشتی یەکەمی ستەمیان لە ھەولێر و دھوک و شارەکانی تری ژێر دەسەڵاتی پارتیی شکاند و دیواری یەکەمی ترسیان لە نێوان جوگرافیا سیاسییە دروستکراوەکەی یەکێتیی و پارتی لە ھەرێمدا ڕوخاند. گەر پارتی بە زەبری ھێز و تێرۆر و ئەشکەنجە و گرتن بتوانێت خۆپیشاندانەکانیش بچەپێنێت و شەقام بێدەنگ بکات، ئەوە بایکۆتی سەرتاسەریی دەبێت بە باشترین بژاردەی تەعبیرکردن لە ناڕەزایی، بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەدەنییەکانی موچەخۆرانی ھەرێم. قەدەری ئێمە ئەوەیە کە کوردین، کوردبوونیش شوناسێکە کە ھەردوو خێزانە سیاسییەکەی ناو پارتی و یەکێتی ٢٧ساڵە وێرانیدەکەن، بۆیە دەشێت ئەم خۆپیشاندان و مانگرتنە سەرتاسەرییە مەدەنییانە بەھایەکی نوێی پێببەخشێت و شوناسێکی نوێ بۆ کوردبوونمان دروستبکات.


د. ئەیاد عەنبەر دكتۆرا لە فیكری سیاسی و مامۆستای زانكۆی كوفە     بە گوێرەی رێكخراوی نێودەوڵەتییەكان گەندەڵی بەوە پێناسەدەكرێت كە بریتیە لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتێك یان پۆستێكی گشتی لە پێناوی  سودی تایبەتدا،  Vineeta Yadav لە توێژینەوەكەیدا " حزبە سیاسییەكان و گروپەكانی كار و گەندەڵی لە وڵاتە تازە پێشگەیشتووەكاندا" بڕوای وایە كە ئەو پێناسەیە كێماسی تێدایە ، چونكە گروپە سیاسییەكان مەرج نییە كە تەنها لە پۆستە حكومەییەكاندا بن هەتا بۆ بەرژەوەندی تایبەت بیقۆزنەوە، چونكە چەندین حزب هەن كە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و دەتوانن گەندەڵی بكەن، جگە لەوە هەندێك سودی بەدەستهاتوو لە گەندەڵیی راستەوخۆ نابێتە سودی كەسیی بەڵو دەڕوات بۆ بەرژەوەندی حزبی بە شێوەیەكی گشتی نەك بەدیاریكراوە بۆ بەرژەوەندی تاكێكی دیاریكراو. لەسەر ئەم بنچینەیە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی پێناسەی خۆی بۆ گەندەڵی خستەڕوو كە بریتیە لە " هخراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی سپێدراو لە سەركردە سیاسییەكان بە ئامانجی زیادتركردنی سودی تایبەت بۆ زیاتربوونی دەسەڵات یان سامان، لێرەوە گەندەڵی سیاسیی پەیوەست نییە تەنها بە پارەوە بەڵكو بۆ نمونە بازرگانیكردن بە پۆستە سیاسییەكان یان هەژمونی سیاسییەوە دەگرێتەوە، یان گۆڕینی یا دەركردنی چەند یاسایەك لە بەرژەوەندی گروپێك یان كۆمپانیایەكی دیاریكراو كە ئەوەش هەڕەشە لە دیموكراتیەت دەكات." راسترین وەسف بۆ دروشمی دژایەتیكردنی گەندەڵی لە عێراقدا، ئەوەشە كە دەسەڵاتداران دژی گەندەڵی دەجەنگن – ئەگەر بانگەوازەكەیان راست بێت- چونكە لە قۆزتنەوەی پۆستە حكومییەكاندا بۆ بەرژەوەندی كەسی یان حزبی هاوبەش و شەریكیان ناوێت، بە تایبەت لە دەوڵەتێكدا كە بە گوێرەی راپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە پلەكانی پێشەوەی ریزبەندی دەوڵەتە گەندەڵەكاندایە. دیاریكردنی گەندەڵی لە عێراقدا خۆی لەخۆیدا بابەتێكی گرفت ئامێزە، دەوڵەت فرۆشتنی دراو بە بانكی ناوەندی عێراق بە گەندەڵی دانانێت، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر لە سیاسییەكان و پسپۆرانی ئابوری بە یەكێك لە مەترسیدارترین ئاڵنگاری ئابوری عێراقی دادەنێن، جگە لەوەش دەوڵەت كۆنتر‌وڵكردنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتی لەلایەن كەسانی نزیك لە یەكەوە بە گەندەڵی دانانێت، كەواتە بابەتی گەندەڵی پەیوەستە بەبێ‌ توانایی و لاوازی دەوڵەتەوە ، دەوڵەتێكی لەم شێوەیە ژینگەیەكی بەپیت دەبێت بۆ مافیاكانی گەندەڵی ، ئەم مافیایانەش پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ هێزی حزبی كارای ناو سیستمی سیاسی عێراقەوە هەیە و بە ناونیشانی نوسینگەكان یان دەستەكانی ئابوری حزبە سیاسییەكان كاردەكەن، هەروەها هێزی نادەوڵەتیش دەروازی ئابوری گرنگیان كۆنترۆڵكردووە. لۆژیكی مافیاكانی گەندەڵی وەك زانای كۆمەڵناسی عێراقی فالح عەبدولەجەبار، وەسفیدەكات لۆژیكێكی دیوە " دەزگایەكە بۆ راوكردنی سامان و بەردەوامیدان بە پشێوی، كە ئەمەش دیوە وێرانكەرەكەیەتی، بەڵام دیوەكەی تری كە بەراستی سەرنجڕاكێشە، دیوە یاساییەكەیەتی و مافیاكان دوای ئەوەی بڕێكی زۆر سەروەت و زێڕ كۆدەكەنەوە روبەڕووی هەڕەشەی مافیای تر دەبنەوە كە ئەوی هەوڵدەدات بەشی خۆی دەستكەوت بەدەستبهێنێت، لێرەدا ترسی لە بەدەرخستنی سامانەكەی، یان هەوڵدان بۆ چێژوەرگرتنی ئاشكرایانەی دەستكەوتی حەرامەكانی، وا لە مافیاكە دەكات دۆخەكە هێوربكاتەوە و یاسا بەدەستبهێنێتەوە بۆئەوەی بە زوویی پارەكانی سپی بكاتەوە و بە ئاشكرا چێژی لێوەبگرێت، ئەم گۆڕانكارییە نزیكە لەوەی كە بەسەر زۆرینەی مافیاكاندا پیادەببێت" و ئایا  بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت رووبەڕووی مافیاكانی گەندەڵی ببێتەوە بە ناونیشانە جیاوازەكانیانەوە؟ كە ئێستا دزەیان كردوەتە دامەزراوە سیاسییەكان و هێزێكی هاوتای دەوڵەتیان پێكهێناوە و لاوازی و كەمتواناییەكی ئاشكراش بە كاری دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە لێكۆڵینەوە بەدواداچوونی دۆسیەكانی گەندەڵی دیارە، كە دەستەوەستان لە راپەڕاندنی ئەركەكانیان،چونكە دەسەڵاتی تەواوەتییان نییە و توانای راوەدونانی و لێپرسینەوە لە گەندەڵەكانیان نییە، جگە لەوەش دۆسیەكانی گەندەڵی بە ئامانجی " خستنی سیاسی  " بە سیاسی كراون وەك چۆن حكومەتی پێشوودا ئەنجامیدا. لەلایەكی ترەوە كێشەیەك لە بناعەی سیستمی سیاسیدا هەیەن كە خۆی لە لاوازی رۆڵی چاودێری دەسەڵاتی یاساداناندا دەبینێتەوە، كە پێویست بوو باڵاترین دەسەڵات بێت، دۆسیەكانی لێكۆڵینەوە لێپرسینەوەكان ئێستا كەوتونەتە ژێر رێككەوتنی سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان و سەركردەی حزبەكانەوە، زیاتر لەوەی كە پشت بە پێوەرێكی چاودێری بابەتیانە ببەسترێت، رۆڵی چاودێری بووەتە رێگایەك بۆ پاكتاوی سیاسیی نێوان نەیارە سیاسییەكان و لە زۆر لە حاڵەتەكانیدا دەبێتە سەكۆیەكی راگەیاندن بۆ ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانەی كە دەگەڕێن بەدوای ئامادەبوون لە پرۆگرامی دیالۆگی سیاسیی  لە هەندێك لە كەناڵە حزبییەكاندا كە رۆڵ دەبین لە شێواندنی رای گشتی زیاتر لەوەی كاربكەن بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان ، لە چەند حاڵەتێكی زۆر سادەدا رۆڵی چاودێری پیشەییانە و بابەتیانە دەبێت و گەندەڵەكان ئاشكرادەكات، بەڵام كاریگەری نابێت و ناگاتە ئاستی لەكارلادانن بەهۆی پاسەوانانی مافیاكانی گەندەڵی و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكانەوە. لەسەر ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی خاڵێكی بەهێز هەیە دروشمی دژایەتیكردنی گەندەڵی پووچەڵدەكاتەوە ئەویش ئەوەیەكە دەستوری عێراق حكومەت پابەند دەككات كە حساباتی خیتامی هەموو سالێكی دارایی پێش پێكەشكردنی پرۆژە بودجەی گشتی ساڵی داهاتوو پێشكەش بكات، ئەوەش لە كاتێكدایە كە ئەنجومەنی نوێنەران لە تشرینی یەكەمی 2015دا حساباتی خیتمای هەردوو ساڵی 2005 و 2006ی پەسەندكرد دوای رەوانەكردنی لەلایەن حكومەتەوە، هەروەها لە تشرینی دووەمی 2016دا بە شێوەی بڕیار دەنگیدا لەسەر سفركردنەوەی بودجەی ساڵەكانی 2008- 2009- 2010- 2011 و هەموو سەرپێچییەكانی ناو حساباتی خیتامی ئەو ساڵانەی ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری كرد و سەرەڕای بوونی سەرپێچی زۆری بەناونیشانی پێشینە یان خەرجكردن بەبێ‌ تەرخانكردن كە بەهاكەی نزیكدەبوەوە لە 142 ترلیۆن دیناری عێراقی ( نزیكەی 100 ملیار دۆلار)، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە حكومەتی ئێستا بەشداربووە لە پەردەپۆشكردنی گەندەڵی یان خراپ قۆزتنەوەی دارایی گشتی حكومەتەكانی پێشوون بەهۆی ئەوەی كارینەكردوووە بۆ بەرزكردنەوەی سەرپێچییەكان بۆ دادگای عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی پێش رەوانەی پەرلەمانی بكات بۆ سفركردنەوەی، یان لانیكەم وردبینیكردن و روونكردنەوەی سەرپێچییەكان كە دەچنە چوارچێوەی گەندەڵی داراییەوە. بابەتەكە گومانكردن نییە لە نیەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیراندا لە بانگەوازیدا بۆ دژایەتی و جەنگ دژی گەندەڵی كە بەدوای دەستكەوتێكی ترەوەیە بۆئەوەی بخرێتە سەر سەنگ و قورسایی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، بەڵكو گومانەكە لەسەر ئیرادەیی سیاسی پێویستە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و لەگەڵ ئاماژەدانمان بە نەبوونی توانی دژایەتیكردن و نەهێشتنی گەندەڵی بە دروشت و گوتاری سیاسی لە مینبەرەكانی راگەیاندنەوە، چونكە لە دەوڵەتێكی وەك عێراقدا پێویستمان بەوەیە دژایەتیكردنی گەندەڵی بگۆڕین بۆ پرسی كۆدەنگی نیشتمانی، ئەوەش دیدێكی رون و ئاشكرا دەخوازێت كە خۆی لە پرۆژەی یاسا و دامەزراوەی كارادا بەرجەستە دەبێت. لە كۆتاییدا عێراق  پێویستی بە دۆزینەوەی ئەزمونێكی تایبەتە بۆ خوڵقاندنی نمونەیەك لە دژایەتیكردنی گەندەڵی كە بگونجێت لەگەڵ شێوازی ئابوری رەیعی ( ئەو ئابورییەی بە تەنها پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت). وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ سەرچاوە: ماڵپەڕی " ئەلحوڕە"


پەیكار عوسمان  ئێمە بەردەوام خۆمان دووبارە ئەکەینەوە، چونکە سود لە مێژوو وەرناگرین، بۆیەش سود لە مێژوو وەرناگرین، چونکە هەمیشە لە دەرەوەی مێژوودا ئەمێنینەوەو قەت ناچینە ناوەوە. 'ناچینە ناوەوە' بەو مانایەی کە پەیوەندی ئێمە بە مێژووەوە بڕیارێکی پێشوەختە یەکلای ئەکاتەوە، نەك دراسەو لێکۆڵینەوەو بیرکردنەوە. مێژوو پاکەتێکە ئێمە یان بە داخراوی ئەیپەرستین، یان بە داخراوی ئەیخەینە تەنەکەی خۆڵەوەکەوە. نایکەینەوە بزانین چی تێدایە بڕیار ئەدەین کە چی تێدایە، سەیری ناوەکەی ناکەین تەسەوری ناوەکەی ئەکەین، ئەمانەش نامانگەیەنن بەوەی کە لە پاکەتەدایە، ئەمانگەیەنن بەو حەزەی کە لە خۆماندایە. بەم پرۆسەیە ناتوانین حەقیقەتێك لە پاکەتەکە بهێنینە دەرەوە، بەڵکو وەهمێكی خۆمانی بۆ ئەبەینە ژوورەوە. ئیتر بەر شتێکی نوێ ناکەوین، بیرێکی کۆن ئەدەین بە شتەکەدا. ئیتر بەهرەمەند نابین لە ناوەڕۆکی شتەکان، بەڵکو سواغیان ئەدەین بە ناوەڕۆکی خۆمان. ئیتر شتەکان جوڵەیەك نادەن بە ئێمە، ئێمە وەستانێك ئەدەین بەوان. ئیتر مەوزوع کۆمان ناکاتەوە نامەوزعیەت دابەشمان ئەکات.. سەیرکە تەجروبەی ١٧ی شوبات، بەرەیەك تەخوین و ناشرینی ئەکاو بەرەیەك بەرزو پیرۆزی ئەکا، ئەم دوو ئاڕاستەیەش هیچی وامان نادەنێ بە کەڵکی ئەمڕۆ بێت، بۆیە خۆمان دووبارە ئەکەینەوەو خەریکە سەرای مەحکەمە بکەینەوە بە سەرای ئازادی! ئاخر سەرای ئازادی بە هەموو جوانییەکانیەوە تەجروبەیەك نیە بۆ دووبارەکردنەوە، چونکە جوڵانەوەیەکی وەستاو بوو، ئێمەش بۆ دەرچوون لەم هەموو چەقبەستنە پێویستمان بە جوڵانەوەیەکی جوڵاوە، کردەیەك کە خۆی وەستاوبێ ناتوانێ هیچ لە دۆخی چەقبەستوو بگۆڕێ! (خۆ باشە سەکۆیەك هەبێ، بەڵام سەکۆیەك بۆ جوڵە نەك بۆ وەستان، ئەم وەستانەبوو پێشتر سەرای کرد بە قەوانێکی سواو.) هیچ هونەری تیانیە کۆمەڵێ پۆلیس بچنە ئەوێ کە ئەسڵەن خۆیان گۆڕانن، ئەمە شتێکی دووبارەیەو پێشتر لە سەرا کرا، هونەر ئەوەیە لە مەحکەمەوە جوڵە بکرێ بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و لەوێ گوڵ بدەن بە هەموو پۆلیسەکان.. ڕۆژێك بۆ ژینگەو دەرچوون بۆ دار ڕواندن. ڕۆژێك بۆ وەرزش و دەرچوون بۆ ماراسۆن. ڕۆژێك بۆ هونەرو دەرچوون بەرەو شوێنێك بۆ شانۆ کاریکاتێر مۆسیقا.. لە هەولێرو شوێنەکانی تریش بە هەمان شێوە. ڕۆژێك پەیمانی شەڕەف بە حیزبەکان ئیمزابکرێ، یەکەم بۆ ناتوندوتیژیی دووەم بۆ کۆتاییهێنان بە موهاتەرات..  ڕۆژانی وەستانیش بکرێتە ڕۆژی جوڵەی عەقڵ، لەبری قسەی حەماسی و هاتوهاوار، موحازەرەو گفتوگۆی فیکری ئەنجامبدرێ. ناڕەزایی مەدەنی ئەبێ ببێتە مەیدانی خستنەوەگەڕی ئینسان، نەك ئیزافەکردنی وەستانێك بۆ ئینسانێکی خۆی وەستاو. ناڕەزایی مەدەنی تەنیا هاتنە دەرەوە نیە، چوونە ماڵەوەشە، ئەسڵەن بایکۆت لە چوونە ژوورەوەدا زیاتر بەرجەستە ئەبێ وەك لە هاتنە سەر جادەدا. هیوام بەردوامی و فراوانبوون و سەرکەوتنە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی بەڵتەجی شاری کرد بە معەسکەر، یان ئەگەر سەکۆکە بووە مەیدانی ئیستهلاکی حیزب و ڕاگەیاندن و کاندید، یان ئەگەر لەبری جوڵە هەستت بە دووبارەبوونەوەو وەستان کرد.. ئەوکات مەچۆرەوە بۆ دەوام، بەڵام مەشچۆرەوە بۆ مەحکەمە، پۆرتی هەموویان بشکێنەو بایکۆتی خۆت ببەرە ماڵەوە! بەوە هەم ناڕەزایی خۆتت درێژەپێداوە، هەم ئاوت کردوە بە توندوتیژی دەسەڵاتدا، هەم میزت کردوە بە هەلپەرستی ئۆپۆزسیۆندا. - هەتا یەك ناڕازی لە هەولێرو دهۆك لەسەر جادەبن، ناڕەزایی سلێمانی و چواردەوری گرنگ و وزەبەخشە. بەڵام 'خوانەخواستە' ئەگەر شتەکە لە هەموو شوێنەکان کۆتایی هات و بەس مەحکەمە مایەوە، ئەویش لەبری جوڵان و چالاکی جۆراوجۆر، خەریکی وەستان و خۆدوبارەکردنەوەبوو، ئەوکات بەزمی بەزم چەنێك وەزعەکەت بۆ ئەگۆڕێ، بەزمی مەحکەمەش هەر ئەونە.


  مەریوان وریا قانع ھەڵقەی یەکەم یەکێک لەو ڕەخنانەی کە زۆرجار گوێمان لێیدەبێت ئەوەیە کە خواستی ناڕەزاییدەربڕین و خۆپیشاندانەکان نابێت کورتببێتەوە بۆ دابینکردنی موچە، نابێت لە سنووری خواستێکی ئابورییدا گیربخوات. ھەندێک زیاتر دەڕۆن و ئەم خواستە بە گەمژەیی گریمانکراویی میلەتی ئێمەوە گرێئەدەن و پێیانوایە ئێمە میلەتێکمان ھەیە ھەر بە پڕکردنی ورگیانەوە سەرقاڵە. ھەندێکی تر چاوەڕوانی ئەوەن ئینسانە سادەکانی کۆمەڵگای ئێمە ببنە ئەفلاتون و ھایدگەر و ژیژێک بۆئەوەی بتوانرێت شتێک لەو کۆمەڵگایەدا بگۆڕێت و ڕووداوێکی قابیلی باسکردنی تیا ڕووبدات. بەبۆچوونی من ھەموو ئەم ڕوانینانە لەسەر تێگەیشتنێکی زۆر ھەڵە بۆ ئەو سیستمە سیاسییەی لەھەرێمدا دروستکراوە، دروستبوون. ئەم سیستمە ھەر ناوێکی لێبنێین ناکرێت ئاکارە سەرەکییەکانی نەبینین کە تایبەتمەندییەکانی ئەم سیستمە دەستنیشاندەکات و لەوانیتری جیادەکاتەوە. خاڵی سەرەکیی لێرەدا ئەوەیە دەسەڵات لە ھەرێمدا دەسەڵاتی نوخبەیەکی سوڵتانییە کە کرۆکەکەی چەند خێزانێکی سیاسییە و ئەندامانی ئەو خێزانە، باوک و دایک و منداڵەکان، بە لۆژیکی دەسەڵاتی ڕەھای سوڵتانەکان، کاردەکەن، یان دەیانەوێت کاربکەن. بەڵام ئەم خێزانە سوڵتانییانە ھاوشێوەی سوڵتانە کۆنەکانی مێژوو نین و ھەموو بەراوردکردنێکیان بەیەکتری ھەڵەیە. ئەم خێزانە تازانە خاوەنی جیھازێکی بیرۆکراسیی گەورەن، لە فۆرمی سوپا و ئاسایش و پۆلیس و دەزگاکانی تری حوکمڕانییدا، ھەروەھا خاوەنی دەزگا ئاساییەکانی تری دەوڵەتن دەزگا ئیدارییەکان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و ھتد... ھاوکات خاوەنی پارتێکی جەماوەری ساسییی مۆدێرنن کە ھەم لەناو گشتێتی جەستەی کۆمەڵایەتیدا ئامادەیە و ھەم چاودێرییەکی بەردەوامی ڕوداوەکانی ناو ئەو جەستەیە دەکات، ئینجا خاوەنی چەندەھا دەزگای میدیایی گەورەیە کە ئەرک و ئامانجی ئەوەیە وێنەیەکی دونیا بەرھەمبھێنێت کە لەگەڵ قازانج و خواستی خێزانە سوڵتانییەکاندا بگونجێت. ئەوەی ئاکاری ئەم ماشێنە بیرۆکراسییە گەورانە دەستنیشاندەکات ئەوەیە کە بەتاڵکراونەتەوە لە بەھا و نرخە ناوەکییەکانی کارکردنی خۆیان و لە شوێنی ئەواندا خواست و ویست و تەماحی خێزانە سوڵتانییەکانیان بەسەردا سەپێنراوە.  بە کورتییەکەی ئەوەی ھەیە تێکەڵبوونێکیی بەرفراوانی ھەندێک دەرکەوتی دەسەڵاتی شەخسیی و تاکەکەسیی و خێزانیی، کاریزمیی و ناکاریزمییە، بە توانای گەورەی دەزگا بیرۆکراسییە مۆدێرنەکان بۆ کۆنترۆڵ و چاودێریکردن و سزادان. ئەرکی ئەم گشتە گەورەیەش ئەوەیە دەسەڵاتێکی پاتریارکیی خێزانیی سوڵتانی بسەپێنێت و بپارێزێت. لەم مۆدێلەدا خێزانە سوڵتانییەکان مامەڵەی دەزگاکانی دەوڵەت و حیزب و جیھازی بیرۆکراسیی و شتەکانی تریش وەک موڵکی شەخسیی و خێزانی دەکەن و بەکاردەھێنن، جگە لە خۆشیان کەسیتر بە شایستەی ئەو خاوەندارێتییە نازانن. ئەرکی سیستمە بیرۆکراسییەکەش ئەوە نییە کە دەسەڵاتی خێزانە سوڵتانییەکان سنوورداربکات و نەھێڵێت دەستبخەنە ناو چۆنیەتی ئیشکردنی دەزگا بیرۆکراسییەکانەوە، واتە خەریکی ئەوەبێت بیرۆکراسیەت وەک بیرۆکراسیەت کاربکات و وەک بیرۆکرسیەت بەرگریی لەخۆی بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، سەرجەمی دەزگا بیرۆرکاسییەکان، لەڕێگای کۆنترۆڵکردنێکی حیزبیی گەورەوە، خراونەتە بەر ڕەحمەت و ویست و خواستیی نوخبە سوڵتانییەکەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم سیستمە سوڵتانییە چۆن و بەچی دەژیی؟ دەرەنجامە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی کامانەن؟ لە بەشی دووھەمەدا وەڵامی ئەم دوو پرسیارە ئەدەمەوە.


 د. ئیسماعیل نامیق هەتا كەی تێناگەن هاوار ودەنگ هەڵبڕینی مامۆستا وپزیشك فەرمانبەرو كۆی هاووڵاتیان تەنها لەپێناو موچە وناندا نیە، راستە ناونیشانی سەرەكی ئەم ناڕەزایەتیانە بێ‌ موچەییە، هەر ئەو بێ‌ موچەییەشە وایكردوە خەڵك خۆی بخاتە بەردەم شەقی بەڵتەجیەكانتانەوە، لەئاست زەبرو زەنگی دەزگا سەركوتكەرەكانتاندا چۆك دانەدا، بەڵام دەبیـَت لەوە تێبگەن كێشەكە تەنها موچە نیە، تا بەبەڵینێكی درۆ چارەسەر بكرێت. بەڵكو جەوهەری ناڕەزایەتیەكان بریتیە لەهاوای خەڵك بۆ دادپەروەری كۆمەڵایەتی، بۆ ئازادی، بۆ ژیانێكی شایستەو پڕ لەكەرامەت. دەبێت باش لەوە تێبگەن هاواری خەڵك ئەوەندەی لەدەست ئێوەیە بۆ لای ئێوە نیە. لە ساڵی 2011 خەڵك كێشەی موچەی نەبو، كاتێك دەنگی ناڕەزایەتی لەدەست بێدادی ئێوە بەرز كردەوە، دژ بەحوكمڕانی خراپ ونادروستی ئێوە راوەستا، ئێوە ئەوكاتیش تێنەگەیشتن یان نەتانویست تێبگەن، بۆیە مەبەستی ناڕەزایەتیەكانتان بەلاڕێدا برد ولەچەند داوایەكی روكەشی پوچی مادیدا قەتیستان كردو كەچی ئەوانەشتان جێ‌ بەجێ‌ نەكرد. كەی تێئەگەن چیتر خەڵك ئومێدی بەئێوە نەماوە، كە تاوەكو ئێستاش وەكو ئێوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكردون، هۆكارەكەی هەستكردن بوە بەبەرپرسیارێتی نیشتمانی، لەپەرۆشی وخەمی خۆی بوە بۆ ئەو خەونەی سەد ساڵە هەمو كوردێكی لەبەیانیاندا راچەڵەكاندوەو بەخەبەر هێناوە. هاوڵاتی بۆیە تا ئێستا هەمو شتێكی لێ‌ قبوڵكردون چونكە چاوی لەو تروسكایە ئومێدە بو كە ئێوە لە25/ 9 / 2017 خامۆشتانكرد.      بۆیە چاوەڕێی ئەوە مەكەن كاتی دیكەتان پێ‌ بدرێت، كات درەنگە زوو نیە، پێویستە ئیتر تێبگەن وبڕیار بدەن، ئایا ملكەچ ئەبن بۆ ئامراز ورێگە دیموكراسیەكان و رێز لەویستی گەل دەگرن وبەرێزەوە دەسەڵات رادەست دەكەن؟ تا گەل كەسانێكی لەئێوە باشتر وشایستەتر رابسپێرێت بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات، لەهەمان كاتدا پشو وفرسەتێكیش بێت بۆ ئێوە بەمەبەستی بەخۆداچونەوەو خۆباشكردن بۆ ئەوەی  لەئایندەدا چانسی ترتان پێ‌ بدرێتەوە. یان وەكو رەندولی بێفەڕ لەخوڵك وخولی خۆتان بەردەوام دەبن، ئەوكاتیش خەڵك بەبێزاری وبێزراویەوە توڕتان ئەداتە كەنارەوە وقەدەغەشتان لەسەر دائەنێت، وە نابێت چاوەڕێی هیچ رێزێكیش بن بۆتان دەرببڕدرێت. لەكۆتاییدا پێویستە باش ئەو راستیە بزانن، مامۆستا وپزیشك وفەرمانبەر وكۆی خۆپیشاندەران زۆر لەوە وشیارترن بەهەڕەشەیەكی نابەجێی ئێوە چەقۆو دەمانچە هەڵبگرن، خۆئەگەر كار گەیشتە ئەوەی چەقۆو دەمانچە هەڵبگرن، ئەوا ئەو چەقۆو دەمانچانەی ئێوە شانازی پێوە ئەكەن وخەڵكی پێ‌ ئەترسێنن، یەكەم كەس روبەڕوی گەردن وملی خۆتان ئەبێتەوە، ئەی نابینن ئەوانەی چەقۆو دەمانچەكانیان بۆ هەڵگرتون، راستە بەناچاری روی چەقۆو دەمانچەكانیان كردۆتە خەڵك، بەڵام حسابێكیش بۆ ئەوە بكەن ئەوان پشتیان لەئێوەیە ورویان لەخەڵكە، رەنگە لەهەر چركە وساتێكدا ئەمانیش خۆیان وچەقۆو دەمانچەكانیان بێنە ناو خەڵك وببنە موڵكی خەڵك، ئەوسا ئێوە پشتتان ئەشكێ‌ وروتان رەش ئەبێ‌.      


کارا فاتیح نزیکەی ٢٧ساڵە بە هۆی معادەلەیەکی نێودەوڵەتی و لە بەرژەوەندیی زلهێزانی دونیا قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست کراوە، کە هەر زوو لە ژێر پەردەی هەڵبژاردنێکی گاڵتەجاڕانەدا، کرا بە خاوەنی پەرلەمان و حکوومەت، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەکتەر و بەرپرسانی ئەم حکوومەت و ئەنجوومەنی تاڵانچییانە، وایان لە خەڵک دەگەیاند و بە زۆر دەیانخستە مێشکی هەموانەوە، کە ئەو حکوومەتە خەونی لە مێژینەی کوردە و ڕووبارێک قوربانی و خوێنی بۆ دراوە، ئەوەیش ئەگەر شتێک لە ڕاستیی تێدا بێت، ئەوا شتێکی تریان وەک حەقیقەتێکی ڕەها لە ناخی هەموو تاکێکدا دەچەسپاند، گوایە دەوڵەتانی داگیرکەری کورد، بە تایبەت ئێران و تورکیا دژی ئەم ئەزموونەن و نایانەوێ کورد خاوەنی هیچ شتێک بێت، لە هەر دوو بانگەشەکەدا خۆیان و خەڵکیان بە تەواوکەری یەک دادەنا و بۆ چەواشەکاری ئەو قەناعەتەیان دەچەسپاند، گوایە ئەمە حکوومەت و پەرلەمانی خەڵکە. ئەمانە کە سەرەتا بە تاڵانی و فەرهوود و ئاودیوکردنی کەلوپەلی ئەم وڵاتە دەستیان پێ کرد و پاشان بە ژنکوژ خۆیان ناساند، دواتر شەڕەپەڕۆ و شەڕی ناوخۆیان کرد بە قەدەری ئەم خەڵکە، لە کوشتن و دەرکردن و دەستدرێژیکردن و ئاوارەکردنی خەڵک ژمارەی پێوانەیییان تۆمار کرد، سەرەڕای دوو زۆنی و حکومی دوو بنەماڵەیی و دوو ئیدارەیی لە هەموو بستێکی ئەم وڵاتەدا، کەوتنە تاڵانکردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی و دەرەنجام بە دۆخێک گەییشتین سەرەتاییترن سیمای ژیانی شارستانی کە خوێندن و تەندروستییە لەم وڵاتەدا لە ژێر سایەی ئەم حکوومەت و پەرلەمانەدا تەفروتوونا بوو، هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ و ژیان لە سایەیاندا نەما، کەچی ناوبەناو گوێمان لەوە دەبێت، کە دەبێت سەرەڕای ئەو ئەزموونە تاڵە بێهاوتا و نموونەیە لە مێژوودا، قەوارەی هەرێم و حکوومەت بپارێزرێت و هەر وەک دەستکەوتێک چاوی لێ بکرێت... پێویستە لە سەر ئەو قسانەی سەرەوە ئەم پرسیارانە بکرێت: 1- لە چ زەمەنێکی مێژوو و لە ژێر سایەی کامە حکوم و لە چ سەردەمێکدا کەرتی خوێندن و تەندروستی و هەموو جووڵە و کار و کاسپیی خەڵک بەو شێوەیە پەکی کەوتوە؟ 2- لە چ زەمەنێکی مێژوو و لە ژێر سایەی کامە حکوم و لە چ سەردەمێکدا دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بە تایبەت ئێران و تورکیا وەک ئێستا توانیویانە سیاسەت و پیلان و خەونی خۆیان لەو ناوچەیەی کە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان ناو دەبرێت، جێبەجێ بکەن؟ 3- لە چ زەمەنێکی مێژوو و لە ژێر سایەی کامە حکوم و لە چ سەردەمێکدا مرۆڤی کوردی ناو ئەم چوارچێوەیە هێندەی ئێستا هەستی بە بێبەهایی، بێ هیوایی و داڕمانی خەون و ئومێد کردوە؟ دوای وەڵامی ئەم سێ پرسیارە، ئاسانە ئەو دوو موتڵەقەی سەرەوە وەک چەواشەکارییەکی ٢٧ ساڵە ناو بەرین، کە خەڵکی ئەم هەرێمەی پێ لە خشتە دەبرێت و بە هۆیەوە هەموو ستەم و نادادپەروەرییەک لە سەری تاقی دەکرێتەوە، کەواتە: 1- ڕاست نییە داگیرکەرانی کورد بە تایبەت تورکیا و ئێران دوژمنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بن، چونکە وەک گوتمان لە هیچ سەردەمێک هێندەی ئێستا نەیانتوانیوە سیاسەت و خەونەکانیان لەم شوێنەی پێی دەڵێن هەرێمی کوردستان بهێننە دی، بەدڵنیایی دەیانەوێت ئەم قەوارەیە هەر بمێنێ، بۆ ئەوەی هەر تێیدا دەست ئاوەڵا بن و نایانەوێ دەسەڵاتی حکومی ناوەندیی بۆ بگەڕێتەوە. 2- ئەوە بە واقیعی و پراکتیکی بینرا کە قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەوە نەبوە، یان ئەگەر ئەوەیش بێت ئەوەی نەدەهێنا ڕووبارێک خوێن و قوربانیی بۆ بدرێت و خەونی کورد بێت، چونکە وا دەبینین خۆی هەموو خەونەکانی تاکی کورد هەڵ دەتەکێنێت... ئەوەی گرینگە لەم شیکارییە ئاسانە هەڵبگیرێتەوە، ئەوەیە: 1- لە کاتی هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایییەک دژ بەو دەسەڵاتە ملهوڕ و گەندەڵ و نادادپەروەرەی ئەو ڕۆژە ڕەشەی کردوەتە چارەنووسی خەڵک، پێویستە ئەو وەهمە وەلا بنرێت، گوایە بە کەوتنی قەوارەی هەرێم دڵی داگیرکەرانی کورد خۆش دەبێت و خەونی ئەوان دێتە دی، نەخێر بەپێچەوانەوە ئەوان دەیانەوێت ئەم قەوارەیە بەم حکومڕانانەیەوە تا ئەبەد بمێنێ، بۆ ئەوەی چۆنیان پێ خۆش بێت وا بە کاری بهێنن، کە ئەمەیان هیچ کاتێک بۆ نەکراوە. 2- بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان تەنانەت دژ بە خەونی نەتەوەییی کوردیشە، چونکە: ‌أ- ئەم قەوارەیە نزیکە ٢٧ ساڵە تەنها تەعبیر لە کەمتر لە نیوەی خاکی کوردستان لە دەوڵەتی عێراقدا دەکات، حکومڕانانی ٢٧ ساڵی هەرێم نە بە سیاسەت و دیبلۆماسیەت، نە بە هێز و شەڕ، نە بە یاسا و دەستوور، نەیانتوانیوە ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەیش مەترسیی تەعریب و سڕینەوەی یەکجارییان لە نەخشەی کوردستان لە سەر زیاد دەکات، بوونی قەوارەیەک بە ناوی هەرێمی کوردستان ئومێدی گەڕانەوەی ئەم ناوچانە نادات، بەڵکوو دابڕینی یەکجارییان مسۆگەر دەکات، بۆیە لە حاڵەتی وادا، کەوتنی قەوارەی هەرێم و بە ناچاری گەڕانەوەی ئەو نیوەیە بۆ لای نیوە دابڕاوەکەی، خەباتێکی واقیعیتر دژ بە ستەمی میللی و تەعریب و سڕینەوە دەستەبەر دەکات و ڕیزەکانی تێکۆشان و هاوپشتی پتەوتر دەکات. ب- بە واقیعی و پراکتیکی قەوارەی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی نەک پتەو تەنانەت لەرزۆکی نەتەوەیییش نییە، لە زێڕینترین و گەشاوەترین و بەهێزترین ساتی ئەم ٢٧ساڵەیدا هەر بریتی بوە لە دوو ئیدارە و حکومی دوو بنەماڵە و دۆخی دوو ئەمارەتی بە سەریدا زاڵ بوە و گۆڕستانی خەونی نەتەوەیییش بوە. 3- ئەگەری نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەڵەیە وا تەفسیر بکرێت گوایە کوژاندنەوەی دوا ئومێدی تاکی کوردە و وەک تیاچوون وێنا بکرێت، بەڵکوو ئەم هەرێمە ئەگەر وەک بالةخانە بچوێنرێت کە بەهای مرۆڤ و ئەخلاق و هونەر و زانست و توانایییە مەعنەوییەکانی سفر و ژێر سفر بێت، بۆیە ڕووخاندنی ڕەنگە ئومێدبەخش بێت تا کارەسات، چونکە هاتنەوە سەر خاڵی سفر، سفر بۆ دامەزراندنی بنەمایەکی بەهێز، زۆر باشترە لە باڵەخانەیەکی لار کە بنەمای فشۆڵی هەبێت و نەتوانیت و کاری نەکردە بێت ڕاست بکرێتەوە و نەزانیت دەست بۆ کوێی بەریت تا چاکی بکەیت... کەواتە پرسیاری ناونیشان دەکەینەوە: كێن ئەوانەی کەوتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە مەترسی دەزانن؟ وەڵام: هەر کەس دەبێت با ببێت، گرینگ ئەوەیە ئێمە بە مەترسیی نەزانین و مەزاییدەی ئەو پەرلەمانتارانەی بەغدایش لامان پولێکی قەڵب بێت، کە دەڵێن شەڕی مانەوەی قەوارەی هەرێم دەکەین..



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand