■ هەژار کاکەیی.. زۆر جار حزب و سەرکردەی حزبەکان کە دێنە گۆ ڕاستەوخۆ باسی پێشمەرگە دەکەن گوایە ئەوان خاوەنی هێزی پێشمەرگەن و ئەگەر ئەوان نەبن لە ئێستا دا شتێک نەبو بەناوی هەرێمی کوردستانەوە . لێرەدا چەند ڕاستیەک باسی لێوە دەکەین : پارتی کە خاوەنی هێزی چەکدارەو هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوانن پارێزەری ئەم هەرێمە . لە سەروی هەموشیانەوە مەسعود بارزانی و کەس و کارەکەی . ئەوانە خویان بە خاوەنی پێشمەرگە دەزانن . مەسعود بارزانی زۆر جار وتویەتی من پێشمەرگەم بەڵام ئایا ژیان و گوزەرانی پێشمەرگەیەک و مەسعود بارزانی دەکرێت بەراورد بکرێت ؟ ئایا موچەکەی مەسعود بارزانی کە تا ئێستا کەس نازانێت چەندە لەگەل موچەی پێشمەرگەیەکی داماو کە بە ۳ مانگ جارێک پێنج سەد هەزار وەردەگرێت بەراورد دەکرێت ؟ پێشمەرگەیەک کە لەبەر نەبونی و کەم دەرامەتی ناتوانێت کرێ خانوەکەی بدات و خاوەن خانو کەل وپەلەکانی فرێدەداتە سەر شەقام و لەولاشەوە مەسعود بارزانی خاوەنی ٤۸ ملیار دولای نقدی بێت لە بانکەکانی ئەوروپا دەکرێت بەراورد بکرێت؟ بە درێژای شۆرشی نوێ یک کەس پێمان بلێت چەند لە کەس وکاری مەسعود بارزانی لە بەرەکانی شەر شەهید بونە ؟ دیارە انفال کردنی بارزانیەکان بەدەرن چونکە ژیانی بەشێک لە کەس وکاری ئەنفالکراوانی بارزانیەکان زۆر خراپە. هەرچی کور و کوڕەزاو و براو برارزاو ئاموزای مەسعود بارزانی هەیە هەمویان بێ شومار داڵ و نەجمەیان لە سەر شان داناوە هەمویان جەنەڕاڵن بەڵام تا ئێستا کەسیان گەرما و سەرمای سەنگەرەکانیان نەدیوە تەنیا مەگەر بۆ وێنەگرتن و بەردەم کامیرا نەبێت بۆ ئەوەی ببنە پاڵەوان . بە درێژای شەڕی ڕاپەڕین و خیانەتی شەڕەکانی ناو خۆی ئەو حزبە لەگەل (یەکێتی ـ پەکەکە ) و شەڕی دژ بە داعش یەک کەسێکی بنەمالەکەی مەسعود بارزانی خوێن لە پەنجەیان نەهاتوە ئیتر دەبێت چون پێشمەرگەیەک بن! هەمو ئەوانەی لە سەرەوە باسکران بۆ بنەمالەی تالەبانیش هەمن شتە . ئەو دو بنەمالەیە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەردەوام خەریکی موزایەدەن بە ناوی پێشمەرگەوە . بۆیە باشترین شتێک کە لە ئێستادا بکرێت هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگەیە و دامەزراندنی سوپای ڕزگاری کوردستانە . بە دیاریکردنی کومەڵێک مەرج بۆ ئەو کەسانەی پەیوەندی بەو سوپایە دەکەن و تەواوی ئەو کەسانەی لە سەر مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و حزبی بون پلەیان پێدراوە هەموی هەلبوەشێتەوە . چونکە ئەگەر هەر حزب و لایەنێک لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی پێی وابێت ئەو هێزەی پارتی و یەکێتی بکرێتە هێزی نیشتیمانی جگە لە خۆل لە چاوکردنی خەلک و کوتینی ئاسنی سارد زیاتر هیچی تر نیە
■ئێڤار ئیبراھیم.. بڕیاری گەمارۆی قورسی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گوزارشت لە نزیکبونەوەی راگەیاندنی رەسمی ودەستپێکردنی شەڕی چاوەڕوانکراوی نێوان ئەمریکاو ئێرانە لە ناوچەکەدا. بە حوکمی ئەوەی ئەو شەڕە کەم تا زۆر کاریگەری دەبێت لەسەر ھەرێمی کوردستان، ئایا باشوری کوردستان لە کوێی ھاوکێشەکەدایە ؟ بەتایبەتی چونکە ھاوسنورە لەگەڵ ئەو دەوڵەتی ئێران و پەیوەندی جۆربەجۆری راستەوخۆو ناراستەوخۆ لەمێژینە پێکەوەیان ھەیە، ئەوەی گرنگە سەرکردایەتی کوردی ئەو بەشە تا چەند خۆیان بۆ ھەموو ئالنگاریەکی حەتمی ساز و ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی سبەی رۆژ بە کەمترین زیان لەو جەنگەدا بێتە دەرەوە کە ھیچ پێناچێت زیانی کەم بن بەڵکو بە پێچەوانەوە، چونکە رەنگە ببێتە بەشێک لە مەیدانی یەکلای کردنەوەی جەنگەکە زۆرترین پرشکی ئاگر بەر عێراق و کوردستان بکەوێت و ئەنجام ببێتە کاولکاریەکی زۆر لە ناوچەکەدا دور نیە کارەساتی مرۆی گەورە بخولقێنێت، بەتایبەتی ھەرێم کە ھێشتا دەوڵەت نیە دەوڵەتە زلھێزەکان دەتوانن بە ئاسانی بیخزێنە ناو یاریەکە و ئاسمان و زەویەکەی بکەنە مەیدانی جەنگ ، دەوڵەتی ئێرانیش ھەموو ھەوڵێکدەدات ئاگرەکە لە ناو خاکی خۆی دوربخاتەوە و بیگوازێتەوە بۆ ناوچەکانیتر، بەڵام ئەوەی بۆ ناچێتەسەر ئەمریکا لەگەڵ دەستپێکی کۆتای سەعاتی سفر بنکە ئەتۆمیەکان دەکاتە ئامانج و بۆردومانیان دەکات کە لەناو خاکی ئێراندان. دەبێت سەرکردایەتی کورد کەمتەرخەم نەبن لەئاست ئەو رووداوە گەورەو جیھانیە و تا ئێستا بیری لە چارەنوسی کوردانی باشور بکەنەوە و ھەموو ئەو مەترسیانەی لە پێش و لە دوای جەنگەکە بۆ سەر کورد دروست دەبێت بڕەوێننەوە، ئاقڵمەندانە بە کەمترین زیان بێنەدەرەوە، کورد وتەنی( پێش باران فەرەنجی)، دووربکەونەوە لە بڕیاری چەوت و ھیچ گرەوێک نەکەن لەسەر خاک و خەڵکی خۆیان. چونکە بە ئاوڕدانەوەیەکی سادە بە مێژوودا دەردەکەوێت ھیچ یەکێک لەو دەوڵەتانە جێگەی باوەڕ پێکردن نین و ھەمیشە کوردیان بۆ بەرژەوەندییەکانیان بەکارھێناوە کاتێکیش کورد کەوتۆتە لێژی ئەوان بەجێیان ھێشتووە بەتەنگیەوە نەھاتون، کە بەتەنگیشیەوە ھاتبن سنورداربووە و لە چوارچێوەی تەسکی بەرژەوەندی خۆیان دەرنەچووە. تارمای شەڕ ؛ تارماییەکانی شەڕی ئەمریکاو ئێران بەڕونی دیارە، پاڵپشتیکردنی ئاشکرای ئێران لە رژێمی بەعسی سوریا، پشتیوانی لە بزوتنەوەی حەماس و جیھادی فەلەستینی دژ بە ئیسرائیل، دوژمنایەتی لەگەڵ سعودیە، دەستێوەردان لە عێراق لە ھەموو رویەکەوە، ھەوروەھا بەردەوامی دان بە دروستکردنی چەکی ئەتۆم یەک لە ھەرە ھۆکارە بەھێزەکانە. لە ئێستادا لەناوخۆی ئێران مەترسی زۆر پەیدابووە لەوەی ئەمریکا بنکە و چالاکییە ئەتۆمیەکان بۆردومان بکات، بەڵام زۆرێک پێیان وانییە ئەمریکا ئەوەبکات، چونکە ئایا ئەمریکا ئەو قەیرانەی کە سوپاکەی لەدوای داگیرکردنی عیراق توشی هات دووبارە توشی خۆی دەکاتەوە، جگەلەوەش ئایا ئەو وڵاتە گورزێکی وا کوشندە لە ئابوریی بەتایبەتی و ئابووری هەموو جیهان دەدات بەهۆی بەرزبونەوەی نەوت؟؟ یان ھەر نیشاندانی بەچکە رێویەو ھیچی تر تا ببێتە دەرسێک ئیدی نەتوانێت مەترسی بخاتە سەر ئیسرائیل وسعودیە و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی لەناوچەکە، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئێران دەمێکە خەریکی خۆئامادەکردن و جۆشدانی ئەو وڵات و حیزب و رێکخراوانەیە کە خستونیەتە ژێر هەژمونی خۆیی و دەیەوێت وەک کارتی فشار نیشانی ئەمریکای دەدات و نیەتی وایە بەکاریان بێنێت لەو شەڕەدا، بەکاریاندن بێنێت و کە بەسێبەری ئێران ناودەبرێن، لەوانەش حیزبواللەی لوبنانی و حکومەتی عیراق و حوسیەکانی یەمەن و هێزەچەکدارەکانی لە سوریا. جگە لەوانەش ئەو وڵاتە پشت بەچەند ھێزێکیتر دەبەستێت تا لەتەنگانەدا لەدژی سوپای ئەمریکا بەکاریان بێنێ و بچێتە مەیدانی شەڕێکەوە بەسەرکەوتوی لێی بێتەدەر. لە ماوەی رابردوو خۆپیشاندانی برسییەتی لە ئیران دەستی پێکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر لێواری داڕوخانی تەواوەتی ئابووریدایە ئەوەش ئەگەری نزیکبونەوەی جەنگەکە زیاترکردووە. با چاوەڕێبکەین بزانین لە ماوەی داھاتوودا چی روودەدا. دەخوازم کوردستان پارێزراو سەلامەت بێت
■ پەیكار عوسمان ..... هەڵبژاردنی پێشوو ئەوترا خەڵکینە بڕۆن بۆ دەنگدان، ئەمجارە جیهازەکە نایەڵی تەزویر بکرێ. دوای سێ مانگ ئەڵێن خەڵکینە بڕۆن بۆ دەنگدان، ئەمجارە جیهازەکە لابراوەو شتەکە وەك پێشتری لێدێتەوە! ئەم هاتوچۆیە لەنێوان دوو تەزویردا، ئەم گەڕانەوەیە بە مەمنونی بۆ تەزویری پێشوو، هەڵبژاردن وەکو دوو ئەگەری تەزویر کە سێیەمی نیە، ئەم دارە کە هەردو سەری تەزویرەو هەموو جارێکیش دەستی پێوەئەگرین، زۆر بە کورتی یەعنی (تەسلیمبوون بە تەزویر). تەسلیمبون بە تەزویریش یەعنی تەسلیمبوون بە دۆخی مەوجود. تەسلیمبوون بە دۆخی مەوجودیش یەعنی لەدەستدانی هێزی گۆڕانکاری! سەیرکە ئەو هەڵبژاردنی کردوە بە شاڕێ ی تەزویر لەپێناو نەگۆڕانی دۆخەکە. تۆش هەڵبژاردنت کردوە بە شاڕێ ی خەبات لەپێناو گۆڕینی دۆخەکە. دەی ئەو لەکارەکەی خۆیدا سەرکەوتوبووە. تۆش فەشەلت هێناوە لەوەدا کە ڕێگری لێبکەیت. هەر بەمەش هەڵبژاردن بووە بە ڕێگای نەگۆڕان. ئێ کە شتەکە ڕێگای نەگۆڕان بێت، چۆن لەهەمان کاتا ڕێگای گۆڕانیشە دەماغ ؟ بەڵێ هەڵبژاردن باشترین ڕێگای گۆڕانکارییەو پێویستی بە نەفەس درێژی و بەردەوامی ئێمە هەیە، بەڵام تا کەی؟ بێگومان تا ئەو کاتەی کە نەبووبێت بە ڕێگای نەگۆڕان. کە بووبە ڕێگای نەگۆڕان ئیتر ئەبێ هەڵبژاردن خۆی بگۆڕین، نەك ئەوەی هێشتا بەتەمابین لەڕێی ئەوەوە شتەکان بگۆڕین. ئاخر هەڵبژاردن وەسیلەیەو گۆڕین ئامانجەکەیە. تۆ ئەبێ لەسەر گۆڕین سورو بەردەوام بیت نەك لەسەر هەڵبژاردن، چونکە هەنێجار خودی هەڵبژاردن پێویستی بە گۆڕینە. دواتر بۆ هەڵبژاردنت لێبووە بە موقەدەس و پێتوایە فەرزە پەرستشەکەت ئەنجام بدەی لەڕێی بەشدارییەوە؟ بۆ بایکۆتت لێبووە بە کفرو بە دژی هەڵبژاردن؟ لە کاتێکا بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە، پێش هەر شت لەپێناوی خودی هەڵبژاردنە، هەر بۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردن توانای گۆڕانکاری بەدەست بهێنێتەوە. بۆ پێتوایە بایکۆت یەعنی توندوتیژی، لەکاتێکا بایکۆتی هەڵبژاردن هەر وەکو بەشداری هەڵبژاردن، خەباتێکی تری مەدەنییە! کە باسی بایکۆت ئەکرێ، یەکسەر ئەڵێی ئەی دوای بایکۆت چی؟ وەك ئەوەی خودی بایکۆت خۆی لە خۆیدا کارێك نەبێت! جا ئەگەر وابێ عەکسەکەشی ڕاستە، ئەی دوای هەڵبژاردن چی؟ یان بەشداری حکومەتە یان موعارەزەی پەرلەمانی خۆ لەمە زیاتر نیە. دەی ئەم دووانە هەردوکیمان بینی بە چەقبەستویی، بۆ ئەمجارە موعارەزەی دەرەوەی پەرلەمان تاقینەکەینەوە؟ دواجار 'شەڕی ئازادی' شەڕی گۆڕانکاریی و تەسلیمنەبوونە بە نەگۆڕان. هەرشتێك تەسلیمت بکا بە نەگۆڕان ئەبێ لێی یاخی ببیت. هەر ڕێگایەك بتبا بەرەو نەگۆڕان ئەبێ پیای نەڕۆیت. هەر شتێك ببێتە چوارچێوەی نەگۆڕان ئەبێ لێ ی بێتە دەرەوە. کاری تۆ ئەوەیە کە وەسیلەکانی نەگۆڕانیش تەرجەمە بکەیت بۆ وەسیلەی گۆڕان، نەك ئەوەی کڵاوی سیاسیت بۆ بدورن و وەسیلەکانی گۆڕانت بۆ بکەن بە وەسیلەی نەگۆڕان و تۆش مێش میوانت نەبێ. لە ئێستایا ئازادیخوازیی یاخیبوونە لە هەڵبژاردن، چونکە هەڵبژاردن سجنت ئەکاتەوە لە دۆخی هەییدا. لە ئێستادا گۆڕانخوازیی وەستانەوەیە بە ڕووی هەڵبژاردندا، چونکە هەڵبژاردن لەسایەی تەزویردا بۆتە چەقی نەگۆڕانی سیاسیی. لە ئێستادا 'ئیرادە' نایەکی گەوەیە کە بە هەڵبژاردن بوترێ، چونکە دواجار هەڵبژاردن هەموو ناکانی ناوی ئەکاتەوە بە بەڵێ بۆ دۆخی مەوجود. کە نەگۆڕی ناو هەڵبژاردن تەزویربێت، هەڵبژاردن توانای گۆڕینی نامێنێ. بۆیە لە ئێستادا شاڕێ ی گۆڕانکاری بایکۆتە، چونکە هەڵبژاردن بووە بە شاڕێ ی نەگۆڕان.
■ د. نیاز نەجمەدین .. نەوەی نوێ زۆر باسی تەقلیدیيبون دەکات. بەپێی سەرنج و تێگەیشتنی خۆم، چەند بەڵگەیەک ئەخەمەڕوو کە دەریدەخات ئەم حزبەش زۆر هێڵی هاوبەشی هەیە لەگەڵ حزبی تەقلیدییدا. تەقلیدییبون چییە؟ - نەرجسییەتی سیاسیی: تەقلیدییبون ئەوەیە حزبێک توشی نەرجسییەتی سیاسیی ببێت، تەنیا سەرۆکەکەی خۆی یان حزبەکەی خۆی بە باشترین بزانێت، خۆی وەک فریشتە و ئەوانی تر وەک شەیتان سەیربکات. ئەوەی لە نەوەی نوێم بینیوە، رایان وایە کە تەنیا خۆیان تەقلیدیی نین، تەنیا خۆیان باشترینن و تەنیا ئەوانیش گۆڕانکارییان پێئەکرێت. - ئەخلاقی سیاسیی: تەقلیدییبون ئەوەیە لە پێناوی سەرکەوتندا دەست بۆ هەموو میکانیزمێک بەریت و باز بەسەر هەموو ئەخلاقێکی سیاسییدا بدەیت. نابێت ئامانجەکەت سەرکەوتن بێت بەو مانایەی لە حزبێکی ببةیتەوە. مەسەلەکە بردنەوە نییە لە حزبێک، بەڵکو توانای گۆڕانکارییە لە ژیانی خەڵکدا. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم، ئەمەشم لە نەوەی نوێ نەبینیوە. - داخراویی حزب: تەقلیدییبون ئەوەیە حزبەکەت داخراو بێت، تەنیا لە ئەندام و لایەنگران و ئەکادیمیی و رۆشنبیرانی حزب قسە وەربگرێت و وزەی ئەمانیش بخاتەوە پارێزگاریکردن لە خۆی، لە بری مەسەلەی نیشتمانیی و ئینسانیی. ئەوەی تێبینییم کردووە، ئەگەر بە شان و باڵیاندا هەڵبەیت، یان بۆچونهکهت رهخنهی ئهوان نهبیَ و دهعمیان بکات، ئەوا دەتخەنە سەر شاشەکانیان و ماڵپەڕەکانیان. بەپێچەوانەوە، فەرامۆشت ئەکەن. - دوا خاڵ، تەقلیدییبون ئەوەیە هەڵبژاردنی پاک و دادپەوەرانە لەناو حزبەکەتدا رونەدات و باسی ئەوەش بکەیت کە دەبێت "هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاک و بێگەرد بێت"، حزبەکەی خۆی بەدەزگایینەکردووە و باسی بەدەزگاییکردنی پەرلەمان و حکومەت دەکات، هەر بەو شێوەیە. کوا دەزگا و هەڵبژاردنی پاک و دادپەروەر و موشارەکەی بڕیاردان لەم حزبەدا؟ لەم چەند مانگەدا زۆر کەس وازیان لێ هێنان لەسەر ئەم تەقلیدییبونە. ئەمانەی سەرەوەش بۆ ئەوە نەموتون تا بڵێم: ئەم حزبە بسڕنەوە، دەنگی پێ مەدەن و چی و چی تر. هەم رونکردنەوەیەکی سادەیە بۆ رای گشتیی، رەخنەی ناڕاستەوخۆشە لە حزبەکانی تر، هەم بەڵکو برادەرێک لەو برادەرانەی نەوەی نوێ کە لە فەیسبوکدا هاوڕێمن گوێی بیستنی رەخنەیان بەهێزبێت و خۆیان راست بکەنەوە ئەگەر سەرنج و تێبینییەک شیاو و راست بوو.
■نەبەز گۆران... هیچ لەسەر ئەوە ناوەستم، كە دەبێت هەڵبژاردن بكرێت، بروابوون بە هەڵبژاردن، بڕوابوونە بە یەكێك لە بنەما گرنگەكانی دیموكراسییەت. هەر هێز و لایەنێك هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدات، ئەو هێز و لایەنە لە بونیاددا بروای بە دیموكراسییەت نییە. ئێستا كە لە میدیاكاندا دەنگێك دەبیستین باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەكات، ئەو دەنگە دوو دیوی هەیە، دیوێكیان بەشێكی ئەو لایەنانەن ترسیان لە پرۆسەكە هەیە، دیوێكی تری یارییەكی زمانەوانییە لە لایەن پارتەكانی دەسەڵاتەوە بۆ دروستكردنی گومان و، بێبڕوایی لەناو دەنگدەردا. ئەو دیوی یاریییەكی زمانەوانی دەكات لە ئێستاوە لەناو هەڵمەتی هەڵبژاردندایەو بە شێوازێكی ژیرانە كار لەسەر دەنگدەر دەكات. بەڵام ئەوەی دیكە، كە بڕوای وایە پێویستە هەڵبژاردن دوابخرێت، دۆخە شێواوەكەی خۆی دەبینێت و پێیوایە پرۆسەیەكی گەورەی دیموكراسی پێویستە لەسەر دۆخی ئەو بەرێوە بچێت. من قسە لەسەر دواخستن ناكەم، چونكە بە هیچ جۆرێك ناتوانم دژی برواكانی خۆم بوەستمەوە بۆ چەمكی دیموكراسی، ئەما لەم زنجیرە وتارەدا قسە لەسەر بەژداریكردن، یان بایكۆت كردن دەكەم. رووی وتارەكەم لە چوار لایەنەكەیە، نەك دوو لایەنەكەی ناو سیستەمی دەسەڵات. ئەو دوولایەنەی كە دەسەڵاتن، روونە گوتار و كردەكانیان چۆنە و، روونیشە چۆن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات دەڕوانن. وەلێ چوار لایەنەكە بە هەموو ئەو رەخنە و سەرنجانەوە لەسەرمان هەیانە، بە هەموو شێواوییە ناوخۆیییەكانیان، بەو نەتوانینەیان بۆ جێبەجێكردنی گوتارەكانیان، هێشتا وزەیەكیان تێدا ماوە بتوانن جارێكی كە، بە مۆدێلێكی جیاوازتر ببنە بەرگریكاری ئەو گوتارەی بەرزیانكردوەتەوە و، بەرگری لە ماف و داخوازی هاوڵاتیان بكەن. هەر لەبەر ئەمەشە گرنگە لە ئێستادا قسە بۆ ئەوان بكرێت. (خوێنەری بەرێز بۆیە قسە لەسەر نەوەی نوێ ناكەم و دەیانكەمە دەرەوەی ئەم وتارە، چونكە هێشتا ئەم جوڵانەوەیە روون نییە بەرەو كوێ دەچێت و چۆن دەبێت. پێویستە هەڵبژاردنێك بكرێت و بەژداربن، پاشان دەزانین بەشێك دەبن لە دەسەڵات، یان بەشێك دەبن لەو گوتارە گەورەیەی ئێستا بەرزیانكردەوە و، رۆژگارێك بزوتنەوەی گۆڕان ئەو گوتارەی بەرزدەكردەوە و پاشان بۆی جێبەجێنەكرا و گیرۆدەبوو بە دەستییەوە، ئەمانیش ئەشێت لە قۆناغێكی تردا هەمان ئەزموون بێتەوە رێگایان و ئەو گیرۆدەبوونە ببینن، دەوەستین تا ئەو كاتە وێنە راستەقینەكەیان دەبینن، ئەوكات قسەی رژدیان لەسەر دەكەین، هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەسەر ئەوان.) چوار لایەنەكە نەیانتوانی لیستێكی هاوپەیانی دروستبكەن و جۆرێكی تر لە وزە و، جۆرێكی تر لە تێگەیشتنی سیاسیی بخەنەوە ناو خەڵك. هەوڵەكان بۆ دروستكردنی ئەم لیستە، كە هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوو بۆ ئێستای رووبەری سیاسیی، شكستی هێنا. كەوایە ئێستا هەر چوار لایەنەكە لەبەردەم دۆخێكی ئاڵۆزدان. بەپێی راپرسییە نهێنییەكانی دوو پارتی دەسەڵات (زانیاریی راپرسییەكانیان گەیشتووەتە ناو رۆژنامەنووسان و نووسەران) ئەم هەڵبژاردنە لە شانسی ئەواندایە، لە كۆبوونەوە تایبەتییەكانی نێوانیاندا، بە هەمان شێوە قسە لەسەر ئەو دۆخەكراوە، كە دۆخێكی لەبارە بۆ هەردوو پارتی دەسەڵات. بۆ وەڵامی ئەم بانگەشەیەی لەناو خەڵكدا دەیبیستین، پێویستمان بە ئارگۆمێنتە تا روونیكەینەوە بزانین ئەم بانگەشەیە راستە یان نا. بزانین دۆخی چوار لایەنەكە چۆنە لەناو خەڵكدا؟ بشزانین دۆخی دوو پارتەكە لە ئێستادا چۆنە؟ یەكەم: هەڵبژاردنەكانی عێراق گورزێكی كوشندەبوو لە چوار لایەنەكە. دۆخێك دروستیوو هیچ لایەك سەنگی خۆی نەزانی. نە دادگای فیدڕاڵ، نە پەرلەمانی عێراق، نە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان نەیانتوانی دۆخە شێواوەكە رونبكەنەوە. سەرەرایی ئەوەی بەشێكی زۆری خەڵكی بەژداری هەڵبژارندەكانیان نەكرد، ئەو بەشەش بەشداریانكرد بە تەواوەتی توشی نائومێدی بوون. بەشە بەژداربووەكە دەنگەكانی خۆی دەوێت، چوار لایەنەكەش ناتوانن ئەو دەنگانە بگەڕێننەوە و دۆخەكە چۆن تێپەڕیوە بەهەمان شێوە تێدە پەڕێت. تێكدانی سیستەمی دەنگدانەكە، تێكدانی سیستەمی ئومێدی خەڵكیش بوو. دەنگدەرانیان گەیاندە ئەو بڕوایەی هەم داوای دەنگە ونبووەكانیان بكەن كە بۆیان ناگەڕێتەوە، هەم رێگە لە هەنگاوەكانیان بگرن جارێكی كە زۆرینەیان نەچنەوە سەر سندوقی دەنگدان. ئەمەش بۆ چوار لایەنەكە گورزی گوشندەیە و چاوەرێدەكرێت لەم هەڵبژاردنەدا ئەو گوزرە كاری خۆی بكات. بە دیوێكی دیكەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەرگایەكی گەورەبوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. ئەم دەرگایە بەرووی پارتی و یەكێتیدا كرایەوە و، بەرووی چوار لایەنەكەدا داخرا. رەنگە لەكاتی هەڵمەتی ئەم جارەدا خەڵك پێیان بڵێت: ئێوە كە ناتوانن بەرگری لە دەنگەكانمان بكەن، چۆن دەتوانن داوای دەنگمان لێبكەن؟! بێگومان چوار لایەنەكەش دەستە وەستاندەبن لەبەردەم ئەم پرسیارە گرنگەدا. دووهەم: هیچ كەس ناتوانێت دڵنیایی بدات دوو هێزەكەی دەسەڵات ساختەكاری ناكەن. مێژووی هەڵبژاردن لەم هەرێمە، لەگەڵ مێژووی ساختەكاریدا، پێكەوە یەك مێژوویان هەیە و لەیەك ساتدا لەدایك بوون. هیچ هەڵبژاردنێك نەكراوە، چ لەناو حیزب، چ لەدەرەوەی حیزب، بەبێ ساختەكاری تێپەریبێت. بۆیە لەم هەڵبژاردنەشدا ئەگەر هەموو رێگاكانیشان لێبگیرێت_كە كەس نییە ئەو رێگایانەیان لێبگرێت_ لە گۆشەیەكی بچوكیشەوە بێت كاری خۆیان دەكەن. راپرسییە تایبەتییەكانی دوو پارتەكە دەریدەخەن ئەمجارە بە هێزی یەكەم و دووهەم دەمێننەوە! ئەمەش بۆ خۆی دوو رێگای هەیە، رێگای دەنگدانی ئاسایی، رێگای ساختە. بێگومان هەردوو رێگاكە بەروونی چاوەروانكراون و دەیانبینین. لەم رووەوە خاڵێكی تر چوار لایەنەكە، سەرلەنوێ گورزێكی دیكەیان بەردەكەوێت. بەبروای بەشێكی رۆشنبیران كە چاودێری دۆخەكە دەكەن، ئەم هەڵبژاردنە بە تەڵەیەكی مەترسیدار دەبینن، بۆ بچوككردنەوە و لاوازكردنی سەرجەم هێزەكان و پارچە پارچە كردنیان بۆ قەبارەی بچوكی ناو پەرلەمانی. بۆ رونكردنەوەی ئەم بڕوایە، پێویستمان بە ئارگۆمێنت هەیە تا بزانین چۆن؟ چوار لایەنەكە و لەناو كەوانەدا (ئۆپۆزسیۆن) لە دۆخێكی خراپدان. دۆخەكە بەشێكی پەیوەندی بە چوارچێوەی هەرێمەوە هەیە و، بەشێكیشی پەیوەندی بە ناوخۆی هێزەكانەوە هەیە. بزوتنەوەی گۆڕان لەرووی گوتارەوە بەتەواوەتی گوتارەكەی لاواز بووە خەریكی هاژەهاژێكی دەنگدەر لەو هیچ لەو هاژەهاژە تێناگات. لەرووی ناوخۆیشەوە كەس بەخیلی بەناوخۆی نابات. هاوپەیمانی دوای گورزەكەی عێراق، نەیتوانیوە سەر دەربێنێتەوە و متمانە چ بۆخۆی، چ بۆ دەنگدەران دروست بكات. لەناوخۆشدا دۆخی ئەو هیچ لە دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان باشتر نییە. یەكگرتووی ئیسلامی، پاش ریفراندۆم بەتەواوەتی بەرەو لاوازی چوو، رەنگە قۆناغێكی زۆری بووێت تا جارێكی دیكە هەڵسێتەوە، چاوەروانیش ناكرێت ئەم هەڵبژاردنەی هەرێم ئەو قۆناغەبێت ئەو تێیدا هەڵسێتەوە. كۆمەڵی ئیسلامی بەهۆی ئەو فایلەوە بۆی نەخشێنرا، ئەمجارە لەو سنوورە توشی شكستی زۆر دەبێت و، لە سنووری ئەملاش دۆخەكەی هیچ باشتر نییە لە دۆخی هێزەكانی دیكە. ئەم چوار لایەنە یەكێك لە ئومێدە گەورەكەیان سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە. سروشتی ئەم دوو پارێزگایە لەگەڵ پارێزگای هەولێر و دهۆك زۆر جیاوازە. دەنگە نارازییەكانی دەسەڵات بەشێكی زۆری لەم دوو پارێزاییە، بەڵام ئەم دەنگە نارازییانە پێناچێت لەم هەڵبژاردنەدا بەو ئاسانییە بەژداری بكەن، بەژداری نەكردنی ئەو دەنگە نارازییە كە ئومێدی ئەو چوار لایەنەیە، راستەوخۆ گۆرینی تەواوی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانە. خەڵكی نارازی مافی خۆیەتی لەم چوار لایەنە نیگەران بێت، ئەم چوار لایەنە گوتاریان نەماوە، جوڵەیان نەماوە، زۆربەی كاتەكانیشیان بۆ كێشە ناوخۆیەكانی خۆیان تەرخاندەكەن و، توانای ئەوەیان نییە ببنە هێزێك بتوانن شوێنی دوو هێزەكە بگرنەوە. نیگەرانی دەنگدەرانیش لەم چوار لایەنە، لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا دەردەكەوێت. پێناچێت هێزێكیش لە رووبەرەكەدا مابێت جەسارەت بكات خۆی بە (ئۆپۆزسیۆن) پیشان بدات. تەواوی هەوڵەكان بۆ بەژداریكردنە لە دەسەڵاتەكە نەك دروستكردنی ئۆپۆزسیۆنێك بە گوتار و دونیابینیەكی نوێوە. ئەو دۆخەش تێپەڕی بە گوتارێكی كۆنەكەوە جارێكی كە نمایشی ئۆپۆزسیۆن بكەیت، چونكە ئەو گوتارە هێندە وترایەوە و شوێنی نەگرت، خودی گوتارەكە و خودی ئۆپۆزسیۆنە كۆنەكەش، لەناو رووبەری سیاسیدا كاریگەرییەكی نەما. پێناچێت ئەم چوار لایەنە بەم دۆخەی ئێستایانەوە بتوانن ئاڵوگۆرێك بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردندا بهێنن.(ئەمە جگە لەوەی بەشێكیان لیستی كاندیدەكانیان نیشانەی لاوازی هوشیاری سیاسییان و جێگەی پێكەنینێكی زۆرە.) گەر ئەم هەڵبژاردنە وێستگەیەك نییە بۆ تێكشكاندنی چوار لایەنەكە و وزەی ئۆپۆسیۆن بوون، ئەی چییە؟ ئەو كۆمەڵە سەرنجەی لەسەرەوە خستمنە روو، دیمەنێكن بۆ ترس لەم هەڵبژاردنە. گومانم نییە دەنگدەران و ئەندامانی دوو پارتەكەی دەسەڵات دەچن بۆ دەنگدان، گومانیشم نییە ئامادەكارییەكی تەمیز كراوە بۆ ساختەكاریی، گومانیشم لەوەنییە بەشێكی دەنگی نارازی لە ماڵەكانیان نایەتە دەرەوە، بەشێكی دەنگدەرانیش نیگەرانن لە دۆخی چوار لایەنەكە و ئەوانیش روونییە دێنە دەرەوە یان نایەنە دەرەوە. بەڵام ئەو دەنگەی لەناو هێزی هاوپەیمانیدا هەیە و باس لە بایكۆت دەكات لەلایەن چوار لایەنەكەوە، دەنگێكی ژیرانەیە. بۆئەوەی بزانین ئەم دەنگە چۆن دەنگێكی ژیرانەیە دەبێت بەشوێن وەڵامێكی دروستدا بگەڕێین. بایكۆتی گروپ، یان تاقە هێزێك، یان تاكە كەس و كەسایەتی، هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت و ئاڵوگۆرێكی گەورە دروست ناكات. بەڵام بایكۆتی چوار لایەن، بۆ خۆی گۆڕینی تەواوی پرۆسەكە و سەرلەنوێ دروستكردنەوەی وزەیەكی گرنگە لە رووبەری سیاسیی و كۆمەڵایەتی ئەم هەرێمە. (لەم دۆخەدا نابێت گوێ لە كۆمەڵێك كەسی بەرژەوەندی خوازبگیرێت كە شەیدای دەسەڵات و، لە ژیانیاندا هیچ فرسەتێكیان نەبووە بۆ ئەوەی بگەن بەو سفرەی دەسەڵاتە، ئێستا تولە رێكیان دەستكەوتوە بۆگەیشتن پێی، ئیتر شیوەنی هەڵبژاردن دەكەن و ناشزانن دەرناچن.) هەرچۆن بەژداریكردن لە هەڵبژاردن كردەیەكی دیموكراسیانەیە، ئاواش بایكۆتكردنی كردەیەكی دیموكراسیانەیە. چوونی چوار هێز بەلاوازی بۆ ناو پەرلەمان گرنگە، یان مانەوەیان لە دەرەوەی پەرلەمان؟ رەنگە هەندێك كەس بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بڵێن: گەر ئێمە لەناو پەرلەمان نەبین، دوو پارتەكە چیان بوێت دەیكەن؟ لەوەڵامی ئەم بیانوە لاوازەدا دەبێت پێیان بڵێین: بێزەحمەت كەی ئەوان ویستویانە شتێك بكەن و ئێوە توانیبێتان بیوەستێنن؟ ئەو یاسایانەی ویستویانە تێپەڕن هەمیشە تێپەڕیون، ئەو پیسخۆرییەی دەستیانداوەتێ بەردەوامە و لەگەڵ بەردەوام بوونیشی بەشێكی هێزەكانی تریش تێوەی گلان، لەكاتێكدا بۆ بنبركردنی چوون، كەچی بەشێكیان كەوتنە ناوی! پەرلەمانێك گرنگە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزی تیابێت، یان پەرلەمانێك هێزێكی لاوازی ئۆپۆزسیۆنی تیابێت؟ ئۆپۆزسیۆن بوون مەرج نییە هەر لەناو پەرلەمان بێت، ئۆپۆزسیۆنبوون گوتارە، ئەم گوتارە لە هەرشوێنێكدا تەحقیقی بكەین، كاریگەری خۆی دەبێت و پەیوەندی بە تەنها شوێنێكەوە نیە. پاشان چ كام لەو چوار هێزە جەسارەت ئەكەن بڵێن: لەم هەڵبژاردنەدا بەهێز دەبین و دەتوانین كورسییەكانمان زیاد بكەین؟ بایكۆتكردنی چوار لایەنەكە تەسلیم بوون نییە، بە پێچەوانەوە گەر ئیرادەیەك هەبێت، گەر بروایەكی راستەقینە هەبێت، گەر گوتارێكی هەبێت، دەتوانرێت لەدەرەوەی ئەو بەژداریكردنە فریودەران و نمایشییەوە، كاری زۆر گەورە بكرێت. دەپرسین چ كارێك؟ ئەوە بۆ سێ ساڵ دەچێت چوار لایەنەكە یان بەلاوازی لەناو دەسەڵاتەكەن، یان لە دەرەوەی دەسەڵاتەكەن. گوتاری پەرلەمانیش بەتەواوەتی پەكخراوە. هەموو هێزی چوار لایەنەكە لەناو شاشەكاندایە و، بەشەرمیشەوە جار بەجار لە سەر شەقامن. كەوایە وزەی ئەم چوار لایەنە لەناو هۆڵی پەرلەمان نەبووە، لەناو دەسەڵاتیشدا نەبووە، بەڵكو لەسەر شاشەكان و شەقامبووە بەشەرمەوە. ئێستا ئەگەر ئەم وزەیە جارێكی كە بەشوێوەیەكی راستەقینە بگوازیتەوە بۆ شەقام و شاشەكان، چی روودەدا؟ كاریگەری دەبێت؟ ئایا دەسەڵات چی دەكات؟ ئەی گەر دەست لەم دوو شوێنە هەڵگریت و بچیتەوە ناو پەرلەمان بەو دۆخەی باسدەكرێت و بەروونی دیارە، چی دەبێت؟ ئایا ئەو رۆحە نامرێت كە كار بۆ دروستكردنی سیستەمێكی دروستدەكات؟ ئەو وزەیە كاڵنابێتەوە هێشتا جوڵەی تیاییە بۆ چاككردن؟ (من گومانم نییە هەرچی كاندیدی چوار لایەنەكەیە بەم وتارە خۆشحاڵ نین، چونكە زۆرینەیان خەونی تایبەتیان هەیە، بەڵام ئەوانەی خەونی گەورەیان هەیە بۆ كۆمەڵگەیە، بەم تێگەشیتنە ئاسودە دەبن.) رێگای دروستی چوار لایەنەكە لەم هەڵبژاردنە: داكۆكیكردنە لەوەی دەبێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت. یاشان بایكۆتكردنییەتی و كارەكردنە بۆ بەرزكردنەوەی گوتاری بایكۆتكردن. بایكۆت لە پێناو حورمەتگرتنی دەنگدەردا، لە پێناو بەرگریكردن و گەرانەوەی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنی عێراق. بایكۆتكردن رێگیركردنە لە دووبارە ساختەكاری. بایكۆتكردن هاتنە بۆناو خەڵك و پشتكردنە لەو دەسەڵاتەی هەرگیز ئامادە نییە لەپێناو خەڵكدا بیربكاتەوە و سیستەمێكی تەندروست دروست بكات. بایكۆتكردن سەرلەنوێ دورستكردنەوەی بلۆكێكی ئۆپۆزسیۆنە لە دەرەوەی هۆڵی ئەو پەرلەمانەی كە خەریكە نەخشەی دادانەكەی لەم هەڵبژاردنەدا لە ئێستاوە دیارە. بایكۆتكردنی ئەو چوار لایەنە بەرهەم هێنانەوەی گوتارێكی نوێیە، خۆ ئامادەكردنە بۆ هەڵبژاردنێكی نوێ، هەڵبژارنێكی كەمترین ساختەی تیابكرێت، هەڵبژاردنێكی هەرلایەنە و قورسایی خۆی بزانێت، بە پێچەوانەوە بەژداریكردنی ئەو چوار لایەنە لەم هەڵبژاردنە بچوككردنەوەی چیرۆكە گەورەكەیە. لاوازكردنی ئەو وزەیەیە چەندین ساڵە كاری بۆ دەكرێت. نائومێدكردنی خەڵكە لە تەواوی دیدگای ئۆپۆزسیۆنبوون. كێشەی گەورەی ئەم چوار لایەنە لە ئێستادا ئەوەیە خەونی گەورەیان نەماوە، خەونی گەورە ئەوەیە هەوڵبدەی خۆت ببیتە دەسەڵات، كەچی خەونی ئەم چوار لایەنە بەژداریكردنی دەسەڵاتە! بەژداریكردن و خۆبوون بە دەسەڵات دوو خەونی زۆر جیاوازن. بەشێكی زۆری خەڵك نیگەرانە لەم چوار لایەیەنە پەیوەندی بەوە هەیە تێدەگەن خەونی گەورەیان نەماوە. ئەگەر چوار لایەنەكە چوونە ناو پرۆسەی هەڵبژدارنەوە و بەژداریانكرد، لە مانگەكانی داهاتوودا دەیانبینین بە چ قەبارەیەكی بچوكەوە دەچنە پەرلەمان، گەر بایكۆتیشیانكرد و بلۆكێكی سیاسیی نوێیان دروستكرد و، پشتیان لە هۆڵی پەرلەمانكرد و گەرانەوە بۆ سەر شەقام و، گوتارێكی نوێیان بەرزكردەوە. ئەوكات دەكرێت قسەی دیكە لەسەر ئەو رووبەرە نوێیەی خەیاتی مەدەنی بكەین و، قسە لەسەر ئەو بلۆكە نوێیە بكەین. گەر نەشیانكرد بێگومان بە قەبارەی بچوكەوە دەیانبینینەوە.
■ كەمال رەئوف.. حیزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان، بەدەم خەریكی پاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانن و بەدەستیان خەریكی سیخناخ كردنی دەنگی ساختەی ترن. دیارە ئەوان چیتر بۆ حوكمرانی شەری شەرعیەت لەگەڵ هیچ لایەك ناكەن، بەڵكو ئەوان شەری ئەوە دەكەن دەسەڵات و هێزیان بەدەستەوە بێت بۆ حوكمرانی، هەربۆیە نزیكەی 240 هەزار دەنگی ساختەو مردو لە تۆماری دەنگدەران هەیە و بە ئەنقەست پاك ناكرێتەوە، جیاوازی تۆماری دەنگدەرانی بەغداد و هەرێم 275 هەزار ناوە، ئەمە جگە لەو دەنگ و ناوانەی كە بەناوی ئاوارەوكوردانی دەرەوەی هەرێم خزێنراونەتە ناو تۆمارەكەوە، ئەمە جگە لەو هەموو پێناسە ساختەیەی ئامادە كراوە لە رۆژی هەڵبژاردن دەنگیان پێبدرێت، ئەمانە جگە لەو هەموو گزی و ساختانەی لەكاتی هەڵبژاردن بەناوی دەنگی تایبەت و بەرێگای تر بۆمانەوەی خۆیان بەكاری دەهێنن. باشە هەڵبژاردنێك بەم شێوەیە بەرێوە بچێت كە هێزەكانی دەسەڵات تەنها هەر بەگەزی بەرژەوەندیەكانی خۆیان دۆخەكە بیپێون، ئەبێت بۆچی ئەم هێزانەی تر غیرەتی ئەوەیان نەبێت بەمەبەستی هێنانە پێشەوەی دۆخێكی لەبار بۆ هەڵبژاردنێكی باشتر لەوەی ئێستا، داوایی دواخستن و چاككردنی دۆخی هەڵبژاردن بكەن، هەڵبژاردنێك كە هەموو كەس بزانێت سەری گوریسەكە تاكۆتاییەكەی بەدەست كێوەیە، ئەبێت هونەر و حیكمەتی ئەم تاقیكردنەوە تاڵە بەناوی هەڵبژاردن چی بێت و بۆچی بێت؟. هەردوو حزبی خاوەن دەسەڵات شەرم ناكەن و شانازیش بەوەوە ئەكەن، كە خواستی خۆیان بسەپێنن و كەی مەبەستیان بوو هەڵبژاردن بكەن، كەی نەیانویست دوایبخەن، چۆن ویستیان یاسای بۆ دەربكەن، كە نەشیان ویست دەرگای پەرلەمان بەتەواوەتی دابخەن، ئاخۆ ئەبێت ئەو لایەنانەی كە خۆ بەئۆپۆزیسۆن دەزانن، ئیتر شەرم لەچی بكەن گەر مەرجی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن، چاككردن و دروستكردنی دۆخێكی گونجاوتر و پاكتری بێ ساختە بێت، بەپێچەوانەوە دەبوایە حزبە زیان لێكەوتوەكانی هەڵبژاردنی 12/ 5 خاوەن پرۆژەو بەرنامەیەكی هاوبەشی تۆكمەو رۆشن بوونایەو تائاستی بایكۆت و تاكە مەرجیان بۆ بەشداریكردن لەم هەڵبژاردنە، دورخستنەوەی كاری ساختەكاری بوایەو بۆ ئەمەش ئەركی گەورەیان بۆ حكومەت دیاریبكردایەو بەرپرسیارێتیەكەیان بخستایەتە سەر شانی حكومەت و لەبەرامبەر ئەنجام نەدانیشیدا، داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و دروستكردنی حكومەتی كاربەرێكاریان مەترح بكردایە، دەبوایە ئەوان بۆ سەرپەریشتی ئەم هەڵبژاردنە، لەپێش هەر شتێكیشەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانیان بكردایە بە دورخستنەوەی ئەندامەكانی خۆشیانەوە، چونكە ئێستا ئەوەی گرفتە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاكی بێ ساختە هەر بێ باكی ئەندامانی دەسەڵات نییە لەكۆمیسۆن، بەڵكو شەرم و بێ ئیرادەی ئەندامەكانی خۆشیانە. ئێستا مادام هەڵبژاردن پرنسیپەكانی خۆی لەدەستداوەو خاڵی كراوەتەوە لەبەهای دیموكراتیەت و گەرانەوەی شەعیەت بۆ حوكمرانی، ئیتر ئەبێت ململانێ بۆ وەرگرتنی حوكمرانی ململانێی وەرگرتنی گۆرینی هاوسەنگی هێز بێت، نەك جوانكردن و رەنگ كردنی شەرعیەتی حوكمرانی.
■ سامانـی وەستا بەکـر.. هەڵبەتە هەڵبژاردنەکانـی ١٢ی ئایار و ئاکامەکانـی درێژەی هەیە و ئەشیبـێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو، سەیر ئەوەیە کە هەندێ کەس پێیان وابـێ ساختەکاری و گزی و دزینـی دەنگەکان تەنها لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانـی پەرلەمانـی عێراقا قەتیس ئەمێنێتەوە! جیاکردنەوەی سنورداری بەشێک لە سنوقەکانـی هەڵبـژاردن و گوێ ڕایەڵ نەبوون بە بڕیارو یاسا دەرکراوەکانـی پەرلەمانـی عێـراقەوە تەواوکەر و جێگیـرکەری ئەو گزی و دزی دەنگانەیە کە لە ١٢ی ئایارا بە پلان و نەخشە ئەنجامدرا و ڕاگەیاندنـی ئەنجامی نەگۆڕاوی چاوەڕوانکراوی دوای بژاردنەوەی سنورداری دەنگەکانـی هەڵبـژاردنەکە ئاسانکاری بۆ چەند بارە کردنەوەی ئەو کارە ئەکا لە داهاتووا ئەگەر لایەنە دەنگ دزراوەکان لە ئێستاوە سەرکەوتوو نەبن بە بەرگرتن لێـی. ئەم پلانە بە ڕێکەوتنـی کۆی ئەو پارتانەیە کە لە دوای ساڵـی ٢٠٠٣وە دوورو نزیک دەستیان لە حوکمداری عێـراقا هەبووە بە هەرێمـی کوردستانیشەوە بۆیە چاوەڕوانـی کردن لە حیـزبە عێـراقییەکان بۆ بەهاناوە هاتنـی هەرێمـی کوردستان هیچـی لـێ سەوز نابـێ. لە باشوری عێـراق ئەنجامـی هەڵبـژاردنەکان هێندە هیوا کوژ بوون ئەوەتا ئەبینیـن پێش ڕاگەیاندنـی ئەنجامـی هەڵبژاردنەکان پاش ئەژمارکردنەوەی سنورداری دەستـی دەنگەکان خەڵکـی ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای نەک ڕوخانـی حکومەتێکـی دیاری کراو بەڵکو هەڵوەشانەوەی پرۆسەی سیاسـی کۆی عێـراق ئەکەن، ئەوان باش تێگەشتوون کەمـی خزمەتگوزاری و نەبوونـی هەلـی کارو داڕوخانـی زۆربەی سێکتەرەکانـی بەڕێوەبردنـی وڵات پەیوەندی بە شکستـی حوکمڕانییەکـی گەندەڵ و ئەزموونێکـی تاڵ لە بەڕێوەبردنەوە هەیە. ئاخـر ئەوان دوای ١٥ ساڵ تێـر بوون لە درۆی تیـرەو مەزهەب و ئاین و نەتەوە کە لە دوای ڕوخانـی ڕژێمی بەعسەوە لە ساڵـی ٢٠٠٣وە تەنها و تەنها بۆ گیـرفان پڕ کردنـی چەند حیـزبێک و چەند بەرپرسێک وەک کاڵایەکـی بازرگانـی بەکارهێنـراون. ئێستا پرسیارە سەختەکە ئەوەیە کە ئایا تاکـی کورد پاش ٢٧ ساڵ لە حکومڕانـی خۆماڵـی ماڵوێرانکەر واتە دوو هێندە زوڵم و کەمـی خزمەتگوزاری و بەرتەسک کردنەوەی سنورەکانـی ئازادی و درۆی نەتەوایەتـی و خیانەت کردن لە کوردایەتـی هەر تێـر نەبوون؟ ئاخر ئەبـێ چ نەهامەتییەکـی دیکە بەسەر ئەم خەڵکەدابێت لەوەی کە بێبەش کراون لە سەرەتایـی ترین پێوسیتییەکانـی ژیان؟ وەڵامـی ئەم پرسیارە کاتـێ وەرەگرینەوە کە هیچ یەکـێ لە ئێمە نایخوازێ کە ئەویش ڕژانـی خوێنـی گەنجانـی خێـرنەدیووی باشوری کوردستانە بە دەست بەڵتەجییەکانـی پارێزەری بارزگانانـی سیاسـی بۆ گۆڕیـنـی سیستمـی حوکمڕانـی شکستخواردووی هەرێم چونکە ئەمان نییەتیان لێهێناوە کە بەدەردی دیکتاتۆرەکانـی بەهاری عەرەبـی بچن و تا میلەت لەسەر کورسـی دەسەڵات هەڵیان نەیاتە خوارەوە خۆیان جوڵەی بۆ نەکەن. ئەو کردە ناشـرینە بۆ تەنها بۆ یەک هەڵبـژاردن نەبوو بەڵکو مەبەست لێـی داکوتانـی دواین بزماربوو بە تابووتـی دیموکراسـی و پرۆسەی هەڵبـژادندا، کە ئەو پرۆسە گرنگە بەجۆرێک بـێ ئەرزشکرێ کە تاکـی دەنگدەر هیچ هیوایەک بەبەرۆکـی سندوقەکانـی هەڵبـژادنا هەڵنەواسـێ بۆ گۆڕانکاری کە ئەمەش تاکە ئامانجـی فیرعەونەکانـی دەسەڵاتە. ئەوەی ئێستاش ئەگوزەرێ لە هەوڵدان بۆ دواخستنـی هەڵبـژاردنـی پەرلەمانـی کوردستان لە ٣٠ی ئەیلول بۆ ناشتنـی هەر هیوایەکە کە تاکـی کورد بە یەخەی گۆڕانکاریا هەڵـیواسیووە لەڕێـی هەڵبـژاردنەوە لە کاتێکا ئەم خولە پێش وەخت ساڵێکـی بۆ دەێژکراوەتەوانـێ، هەر بۆیە گرنگە ڕێگە نەدرێ بەدواخستنـی هەڵبـژاردن و ئەو پرۆسە گرنگە چورا ساڵ جارێک لەکاتـی خۆیا بە ئەنجام بگەیەنرێ چونکە وڵاتانـی پێشکەوتوو تەنانەت لە جەنگ و کارەساتیشا پەنا بۆ ئەو کارو کردارە بەدفەڕە نابەن لەبەر ئەوەی دڵنیان بەرەوپاش چوونـی دیموکراسـی لـێ لە دایک ئەبـێ، هەر بۆیە گرنگە بە وروژم چوون بەرەو هەلبـژردنەکانـی داهاتوو وەڵام بدرێتەوە و جارێکـی تر گوڵـی گۆڕانکاری لە بەرۆکـی سندوقەکانەوە چـرۆبکەنەوە. هەڵبـژاردن لە ئێستای ژیانـی سیاسـی هەرێمـی کوردستانا بە کۆرپەی ژیانـی حیـزبایەتـی ئەژمـێـرێ چونکە تا ئێستاش ئەم پرۆسەیە بەترسەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە "ترس لەوەی گۆڕنکاری لە دەسەلاتا بێنێتە کایەوە کە ئەم کارە مەغزای کارو فرمانـی پرۆسەی هەڵبژاردنە"، هیچ هەڵبـژاردنێک نییە بێ کەم و کوڕی بێت تەنانەت جاری وا هەیە هەڵەیەکـی هونەری لە ئالییەتـی هەڵبـژاردنا ئاڕاستەی هەڵبـژاردن بە پێچەوانەوە دەسوڕێنـێ ئەگەر ئەو وڵاتە لە لوتکەی پێشکەوتنیشابـێ. نەک هەڵبـژاردن بـێ کەم و کوڕی نابـێ بەڵکو زۆر جار ڕووداوی ناخۆشیش ڕوئەیا بەڵام ئەم ڕووداوانە بەهیچ جۆرێک گەورەتر نابن لەو ئامانجەی کە لە پشتـی پرۆسەی هەڵبژاردنەوەیە. لە ڕاستییا هیچ ڕێکخراوێکـی سیاسـی یان هیچ دەوڵەتێک ناتوانـێ پەسەندکردن و پیادەکردنـی بنەماکانـی دیموکراسـی لە ژیانـی ڕێکخراوەیـی خۆیا بانگەشە یان کارا بکات بۆ چەسپاندنـی ماناکانـی دیموکراسـی لە سیستمـی سیاسـی لە وڵاتا ئەگەر خودی ئەو ڕێکخراوە یان ئەو حیزبە خۆی جێبەجێـی نەکا، بە واتایەکـی تر پێوانەی دیموکراســی بوونـی سیستمـی سیاسـی هەر وڵاتێک بە پێوەری دیموکراسـی بوونـی ژیانـی ناوخۆی حیزب و ڕێکخراوەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانەوە دەپێورێ. دابڕانـی حیـزب لە میکانیـزم و بنەما دیموکراسییەکان دووربوون و دابڕان ئەگەیەنـێ لە سیستمـی دیموکراسـی وڵاتا. کەوابـێ وەرچەرخان و جێگـێـر بوونـی بنەماکانـی سیستمـی دیموکراسـی لەو حیـزب و ڕێکخـراوانەوە دەست پێئەکات کە کەرەستەی پلورالیـزمـی سیاسـی لە سیستـمـی دیموکراسـییا پێک ئەهێنـن. دیموکراتیـزەکردنـی ئۆرگانەکانـی حیزب و ڕێکخـراوە سیاسـی و پیشەییەکان سیستمـی سیاسـی لە وڵاتا بە بنەماکانـی دیموکراسـی ئاوس ئەکات. سەرکەوتنـی سیستمـی دیموکراسـی لە وڵاتا پەیوەستە بە پێگەیشتنـی زەمینە کۆمەڵایەتـی و سیاسـی و ئابوری و کلتوریەکانـی کۆمەڵگاوە، بەهەمان شێوە لەناو پارتە سیاسیەکانیشیا ئەو فاکتەرانەی زەمینەی سیستمـی دیموکراسـی ئەسازێنـن، هەمان گرنگیشیان بۆ تاودانبـی ژیانـی دیموکراسیانەی حیزب و ڕێکخراوەکان ئەبـێ. لێـرەوە هەڵبـژاردنەکان ئەو نائومێدیانە ئەڕەوێنێتەوە کە بەهۆی نەکردن و پاشخستنـی ئەو پرۆسەیەوە دروست ئەبن چونکێکم ئەگەر بڕیاری هەلبـژاردن ببێتە بڕیارێکـی سیستماتیک و ئاوەهاش ماوەی نێوان وێستگەکانـی هەڵبژاردن دیاری بکرێت و لێبـڕاوانە هەڵبژاردن لەکاتـی خۆیا ئەنجام بیـرێت و ئەم بابەتە ببێتە قەناعەتـی زۆرینەی دەسەڵاتاداران و بڕیار بەدەستانـی حیـزبەکان ئەوا لە ڕێگەی خۆ حەواڵەکردنەوە بۆ وێستگەی داهاتووی هەڵبـژاردن هیچ حیزبێک پاسیـڤ و دابڕاو لە ژیانـی سیاسـی وڵاتا نامێنێتەوانـێ. هەمیشە پایە ئەبنە ئامانج و ئامرازی وەرگرتنـی پۆست، پایەکانیش لە غیابـی ئامرازەکانـی هەڵبژاردنا ژیانـی حیزبـی دەشێـوێنـێ و لە کاتـی بڕیار نەدانیش لەسەر هەڵبژاردن ئەوا ئامرازی کەسێتـی و مەحسوبییەت جێـی ئەگرێتەوە. لە عێـراق بە گشتـی و لە کوردستان بە تایبەتـی دوو هۆکار بوونەتە گرفتـی بەردەم گۆڕانکاری کە ئەوانیش: ١.گرفتـی بابەتـی: لە ڕاستییا بەشێکـی گرفتەکە پەیوەستە بە نەڕەخسانـی هەلومەرجـی بابەتیـی لە عێـراق و لە کوردستانیشا تا حیزبـی سیاسـی وەک حیـزبێکـی پەرلەمانـی و هاوچەرخ خۆی نمایشبکا، ئەویش ئەوەیە حیـزبـی پەرلەمانـی پێویستـی بەوەیە سیستمێکـی تەواو عەیار دیموکرات بەرقەراربـێ تا پارتە سیاسییەکان لە قاڵبـی دەستوری بدرێن. بەڵام لە کوردستانا سیستمی سیاسـی دوو پرەنسیپـی سەرەکـی نوقسانە کە بریتیـن لە دەستور و پرنسیپـی دەستاو دەست کردنـی دەسەڵات، هەڵبەتە لە مەشا پشکـی شێـر بەر پارتـی و یەکێتـی ئەکەوێ کە تا ئەم ساتەش ڕێگە بە نوسینەوەی دەستورێکـی مۆدێرن و سەردەمییانە نادەن. بوونـی دەستور هەموو ئەو بۆشاییە یاساییانە پـڕئەکاتەوە کە سیستمـی حوکمڕان و پرۆسەی دیموکراسـی ئاڕاستە ئەکات و پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات ئەخاتە سەر شاڕێـی خۆی، وە دواجار پرۆسەی دەستاو دەست کردنـی دەسەڵاتیش زۆرینە ئەباتە دەسەڵات و کەمینەش ئەکا بە ئۆپۆزسیۆن. ٢.گرفتـی خۆیـی: گرفتـی ناوخۆیـی یان کوشندە، ئەمە خراپتـرین هۆکارە بۆ پاشەکشـێ و بـێ هێـزبوونـی حیـزب. ئێستا زۆر بە ڕوونـی گرفتە ناوخۆییەکانـی ناو حیـزبەکان کەم تا زۆر لە ناو خەڵکا باسـی لیوەئەکرێ بۆیە چاونووقانـی سەرکردایەتـی حیـزبەکان لێـی بچوک بوونەوەی لێئەکەوێتەوەو بە پێچەوانەشەوە گەشە کردن. گۆشکردنـی کادێری سیاسـی هیچ جیاوازییەکـی لەگەڵ گۆشکردنـی مناڵێک نیە لەناو خێـزانا بۆیە زۆر گرنگە ئەو کادێرانەی ناو حیـزبێکـی دیاری کراو بەباشتـریـن شێوە پەروەردە بکرێن و لەسەر دەستبەردان لە پۆستە حیـزبییەکانیان ڕابهێنـرێن و ڕێگە بەمانەوەی هیچ ئەندام حـیزبێک نەدرێت لە پۆستێکـی دیاری کراوا بەجۆرێک هێندە بمێنێتەوە کە خۆی لـێ لێببـێ بە خاوەن و خودای کارەکەی هەڵبەتە ئەمە بۆ مەکتەب سیاسـی و سەرکردەی حیـزبەکانیش ڕاستە، تا کادێرێکـی سوودبەخش و تەندروست پێشکەشـی کۆمەڵگە بکرێ چ جای ئەگەر خودی ئەو حیـزبە لە بەرەنجامـی بێ دادی کۆمەڵایەتـی و گەندەڵـی ئیداری و سیاسـی لەدایک بووبـێ. هەڵبەتە کاتـێ ستاندەری جیهانـی چوار ساڵ بۆ تەمەنـی حکومەتێک دانراوە و پاشان چوار ساڵـی تریش ئەمە بەشێوەیەکـی وابەستەو پەیوەستـی دوو هۆکاری جەوهەریـن ئەوانیش: یەکەمیان بۆ ئەوەیە کە مرۆڤ لەو ماوە دیاری کراوەیا زۆرترین و باشترین بیـرو هۆشیاری خۆی ئەبەخشـێ و پاش ئەوکاتە گیـرۆدەی دووبارە کردنەوە ئەبێت و داهێنانێکـی جۆری پێناکرێ لە ئاست خواستـی گشتییا بێت. دووەمیان بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە مرۆڤەکان پاش ئەو ماوە دیاری کراوە ئیـتـر زیاتـر بیـر لە خود ئەکەنەوەو لە هەوڵـی شوێـن پێقایم کردنا ئەبن و بەرژوەندی تایبەت پێش گشتـی ئەخەن و سەرەتای لەدایک بوونـی کۆرپەلەی بیـری دیکتاتۆری و مانەوە لە دەسەڵات سەرهەڵئەیات. حیـزب واتە سیاسەت سیاسەتیـش هونەرە، تاکتیکە، زانستە، کارگێـڕییە، یارییە و نهێنـی پاراستنـیشـی خاڵـی هەرە بەهێـزە بۆ سەرکەوتنـی، بۆیە ئاشکرا کردنـی ئەو موئامەرەیەی لە هەڵبـژاردن ئەکرێ و تێگەیاندنـی شەقام لێـی خاڵـی هەرە بەهێـزی هێـزە ئۆپۆزسیۆنەکانە بۆ تێکشاندنـی کۆدی نهێنـی ئەو پلانگێـڕیەی لە هەڵبـژاردن ئەکرێ لەلایەن هەردوو لایەنـی دەسەڵات، بەجۆرێک تێکشاندنـی ئەو کۆدە ئەبێتە خاڵـی وەرچەرخان و دەستاودەستکردنـی دەسەڵات.
■بهاء الدین نوری.. پارتی لە ڕوانگەی حیزبایەتی تەسكەوە ، واتە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خودی حیزبەكەوە ، نەك لەڕوانگەی بەرژەوەندی گشتیەوە ، كات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستنیشان دەكات . ئەگەر پێیوابوو لەو رۆژەدا هەمووشت ئامادەكراوە بۆ بەڕێوبردنی هەڵبژاردنەكان بەو شێوەیە كە خۆی دەیەوێ ئەنجامی بەدڵی خۆی دەبێ ئەوە هەموو توانای دەخاتە كار بۆ جێبەجێكردنی ، وەئەگەر نا بەپێچەوانەوە دەكات . ئەو پەرلەمانەی كە مەسعود بەرزانی لە كاری خست بۆ دووساڵ وسەرۆكەكەی لە پردێوە گێڕایەوە بۆ سلێمانی و و چوونە ناو هەولێری لێ قەدەغەكرد تائێستەش هەرماوە ، بپرسن كێ لەكاری خست و دواییش كێ تەمەنی درێژكردەوە !! ئێستەش زۆر لە حیزبەكان داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن ، بەڵام پارتی دەیەوێ دوانەخرێ ! لەم ساڵانەی دواییدا ، لە دۆخی نەبوونی دیموكراسیدا و پاش كزبوون و ئاوابوونی ئەستێرەی جەلال تاڵەبانی كە ئەوسا مونافسێكی بەهێزی بەرزانی بوو لە گۆڕەپاندا ، پارتی توانیویەتی دەست بەسەر جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵێتدا بگرێ لە هەرێمدا ، ئەمەش سەركردایەتی پارتی گومڕاكردووە تا ئەو ڕادەیە كە ئەمیش ، وەكو حیزبی بەعسی جاران ، بیر لەوە دەكاتەوە كە دەبێ ببێتە " حیزبی قائد " لە كوردستاندا . فەرموون ، گوێ لە " عەتا شێخ حەسەن " بگرن ، كە یەكێكە لە بەرپرسانی پارتی ، چی نووسیوە لە فەیسبووكدا : ( پارتی مافی خۆیەتی ئەوە دیاری بكات كەكێ سەرۆكی لیستەكانی ترە ، لەبەر ئەوە پارتی بۆ خۆی هێزی یەكەمی كوردستانە ) فەرموو بڵێن ئەم قسانە چ مانایەك دەبەخشن جگە لەوەی كە پارتی " حیزبی قائدە لە هەرێمدا " لە وڵاتێكدا بۆنی دیموكراسی لێبێت قەت قسەی وەها ناكرێ . فرە حیزبی ( تعددیەت ) ئەوەیە كە ئەو حیزبانەی هەن سەربەخۆبن و هیچ حیزبێ " قائد " ی حیزبەكانیتر نەبێ . لەم هەرێمەدا ئەوە دیارە كە كامەیە حیزبی یەكەم لە گەندەڵكاری و قۆرخكردنی دەسەڵات و ئەنتی دیموكراسی ، بەڵام ئەوە دیارنیە كە كێ حیزبی یەكەمە چونكە لەم وڵاتەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی خاوێن نەبووە تا ئەنجامی راستەقینەی خاوێن دەركەوێ . تەزویر لە هەڵبژاردندا هەر ئەنجامی ناڕاست نیشاندەدات . لەباتی بەرەنگاربوونەوەی كەڵەگایی پارتی حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن سەرگەرمی ململانێی دژ بەیەكدین ، هیچ دەرسێكیان لە ڕابردوویان وەرنەگرت . حیزبی سەرەكی ئۆپۆسزیۆن ، بەداخەوە ، بەدەست كۆمەڵێ كێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێ . ی ن ك یش لەباتی ئەوەی خەیكی ئاییندەی خۆی بخوات و لەو ڕاستیە بگات كەیەكێ لە هۆكارەكانی ئەو قەیرانە چڕەی تێیدا دەژی دەگەڕێتەوە بۆ خۆ بەستنەوەی بە پارتیەوە . ئەم خۆ بەستنەوەش ڕیسكێكە دەیكەن ، كەسانێ بۆ پاراستنی بەشە هەریسە و كەسانێ بۆ پاراستنی پۆست و پێگە و كەسانێ بۆ پاراستنی ئیمتیازات و سامان ... هتد . سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كە مشتومڕی لەسەرە من لەگەڵ دواخستنیم بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكرێ . ئەمە بۆچی ؟ چونكە كە پارتی خۆی سەرۆكی دەسەڵاتبێ و بەگیرفانی پڕەوە و بەئەزموونی چەندین هەڵبژاردنی پێشووەوە .. هتد . ترسی تەزویری گەورەتریش هەیە . بەڵام لە هەڵبژاردنی هەموو عێراقدا ( بۆ پارێزگاكان ) رەنگە حكومەتی بەغدا ئەمجارە بتوانێ كاروباری دژ بە تەزویر جێبەجێبكات كە رێگە لە تەزویر بگرێ یان كەمی بكاتەوە ، ئەمە و ئۆپۆزسیۆنی هەرێم توانای رێگرتنی نیە لەتەزویر . لەبەر ئەوە دواخستنی باشترە .
■ ئاسۆس ههردی .. پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی راگرتنی رۆژنامەی ئاوێنە، قسەیەکی زۆر لەسەر پاشەکشەی میدیای ئازاد لەکوردستاندا کرا کە زۆربەیان شایانی خوێندنەوەو تێڕامانن. لەم دوا دەرفەتەدا منیش دەمەوێ چەند سەرەقەڵەمێک بنووسم، چونکە ئەستەمە لەوتارێکی ئاوا کورتدا بتوانین هەموو لایەنەکانی بابەتەکە شی بکەینەوە. گەلێک هۆکار هەن بۆ پاشەکشەی میدیای ئازاد لەکوردستاندا، کە رەنگە زۆربەیان لای خەڵکو ئەو کەسانەی گرنگی بە بوارەکە دەدەن، زانراو بن. لەوانە: دۆخی سیاسی هەرێمو گوشارەکان، قەیرانی دارایی، پەتای بەربڵاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانو بەسەرچوونی سەردەمی میدیای چاپکراو (ئەمانەی دوایی دیاردەی جیهانین)و …هتد. بەڵام پێموایە لەکوردستاندا، لەهەموو ئەوانە گرنگترو کاریگەرتر ئەو هەلومەرجە نایەکسانەیە کە بۆ پێشبڕکێ لەنێوان میدیای ئازاد لەلایەکو میدیای حیزبیو سێبەر لەلایەکی تر لەئارادایە. لەم قەیرانی داراییەدا، لەکاتێکدا میدیای ئازاد چنگەکڕێیەتی بۆ بەردەوام بوونو بەزەحمەت دەتوانێ کەمترین مووچە بۆ کارمەندەکانی پەیدا بکات، بەرەکەی ئەوبەر لەسایەی بانکی حیزب یان سیاسەتمەدارە باڵاکاندا بێخەم کاری خۆیان دەکەن. نەک هەر لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان، بەڵکو لەپایتەختە گرنگەکانی جیهانیش ئۆفیسو پەیامنێریان هەیە، رۆژانە لەشوێنی رووداوە جیهانییەکانەوە پەخشی راستەوخۆ دەکەن، باشترین ئامرازو ئامێرەکانی پەخشو بڵاوکردنەوەیان بۆ دابین کراوە. لەم سەردەمی قەیرانی داراییەدا، کۆمپانیا گەورەکانیش ریکلامەکانیان هەر بۆ ئەوان دەنێرن، وەک موجامەلەیەکی ئەو حیزب یان سیاسەتمەدارەی لەپشتیانەوە وەستاوە. بۆیە مووچەی کارمەندەکانیشیان بەپێوەری کاری کوردستان خەیاڵییە. لەوانەش زیاتر، هەمیشە لەبابەتە گرنگو حەسساسەکاندا، زانیاری (کە بە زۆریی لەلای حکومەتو دەزگا ئەمنییەکانە)، راستەوخۆ بەوان دەدرێو کەناڵەکانی تر دەبێ لەوانی وەربگرنەوە. یاسای دەستکەوتنی زانیاریش کە بڕیاربوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، جگە لە مەرەکەبی سەر کاغەز هیچی تر نیە. ئەمە دۆخێکە پەیوەندیی راستەوخۆی بە گەندەڵیو نەبوونی سیستمەوە هەیە. هەتا حیزبو سیاسەتمەداری ئێمە بواری ئەوەیان هەبێ دەست بەسەر داهاتی گشتیدا بگرنو بە ئارەزووی خۆیان بەکاری بێنن بێ ئەوەی هیچ کەس یان دەزگایەک هەبێت لێیان بپرسێتەوە، هەتا حکومەتو دامودەزگاکانی ئەم وڵاتە بە ویستو میزاجی حیزبو سیاسەتمەداران بەڕێوەبچن نەک بەپێی یاساو رێساکان، ئەم ناعەدالەتییە بەردەوام دەبێت. لەبازاڕی ئازاددا ئەوەی بەرهەمی باشترو بیرۆکەی جوانترو سەرجڕاکێشتر پێشکەش بکاتو (وەرگر) بەلای خۆیدا راکێشێت، براوەی پێشبڕکێکە دەبێت، بەڵام ئەمەی کوردستان پێشبڕکێیەک نیە لەسەر بنەمای چۆنییەتی. براوەو دۆڕاو لەسەر بنەمای بەرهەمی باشو خراپ دەستنیشان ناکرێن، بەڵکو براوە ئەوەیە کە پارەی بێشوماری لەبەردەستە بێ ئەوەی پێوەی ماندوو بووبێت. بەرهەمەکەیشی هەرچییەکو هەرچۆنێک بێت، بەردەوامبوونی مسۆگەرە. ئەگەرچی گومانم لەوە نیە ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە باسم کردن رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبووە لەگەیشتن بەم دۆخەدا، بەڵام با منیش وەک خەڵکی تر هەموو ئۆباڵێکی شکستەکان بە عەللاگەی هۆکاری دەرەکیدا هەڵنەواسمو کەمێکیش قسە لەسەر خۆمان بکەم. وەکو هاوڕێیەکی هاوپیشەم لەنووسینێکدا باسی کردبوو، رەنگە یەکێک لەکێشەکانی ئێمە پەیوەندی بە ئیدارەوە هەبووبێت. بیرمە ئەو ستافەی کە لەدامەزراندنی ئاوێنەدا بەشداربووین، هەر هەموومان سەروکارمان لەگەڵ بەشی نووسیندا هەبوو، کەسێکمان تێدا نەبوو لەئیدارەو بەتایبەت ئیدارەی میدیایەکی سەربەخۆدا کە ناچار بێت بۆ بەردەوام بوونی خۆی تەنها پشت بە خۆی ببەستێت، هیچ ئەزموونێکی هەبێت. بۆیە هەر لەسەرتاوە ناچار بووین داوا لەو هاوڕێیانەمان بکەین کە پسپۆڕی ئیدارەو بازاڕکردن بوون، بێنو هاوکارمان بن، سیستمێکی ئیداریو مالیمان بۆ دانێن کە لەگەڵ کارەکەماندا بگونجێ. کێشەکەش هەر لەم سەرەتایەوە دەستی پێکرد. لەسەرەتادا ئاسان نەبوو سیستمەکە قبووڵ بکەین. بۆ نموونە رووی دەدا هاوکارێکمان کە بۆ کاری رۆژنامەوانی تەکسییەکی گرتبوو، ئیدارە داوای لێدەکرد بۆ وەرگرتنەوەی خەرجییەکەی چەند دێڕێک بنووسێ بۆ ئەوەی پاش ئیمزاکردنی لەلایەن بەرپرسە راستەوخۆکەیەوە بۆی سەرف بکرێتەوە، تووڕە دەبوو، دەیوت دیارە متمانەتان بە من نیە! با نموونەیەکیش لەسەر خۆم بێنمەوە: بیرمە کاک کاوان فەرەج کە یەکەمین بەڕێوەبەری ئاوێنە بوو، رۆژێک هات بۆ لامو وتی: “ئێمە لەسەرەتای کارەکەمانداین. هێشتا رۆژنامەکە لەبازاڕدا جێگەی خۆی نەکردۆتەوە، مەسرەفمان زۆرەو داهاتمان کەم. بۆیە من بەباشی دەزانم جارێ کارمەندی تازە وەرنەگرین، تا کەمێک دۆخی ماددیمان باشتر دەبێت”. منیش قسەکەیم بە مەنتیقی زانیو وتم زۆر باشە هەر وا دەکەین. چەند رۆژێکی نەبرد، هاوڕێکانم هاتن وتیان کوڕێکی زۆر باش هەیە دۆخی ژیانی زۆر خراپەو شوێنیشی نیە، با وەکو پاسەوان لای خۆمان دایمەزرێنین، شەوانیش لەنووسینگە بخەوێ. منیش بێ بیرکردنەوە رازی بووم! رۆژی دوایی کاک کاوان هات بۆ لامو بەسەرسوڕمانو کەمێکیش تووڕەییەوە کە لەجێی خۆیدا بوو، وتی باشە ئێمە دوێنێ چیمان وت؟! جگە لەوەش کۆنترۆڵکردنی سیستمی دابەشکردنی رۆژنامەکەو کۆکردنەوەی داهاتەکەی گێژاوێکی تر بوو کە تا ماوەیەکی دوورودرێژ وزەیەکی زۆری لێبردین. بێگومان تووشی خەڵکی هەلپەرستو بەرژەوەندخوازیش بووین لە بەشی نووسینو ئیدارەشدا، کە ئاوێنەیان بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان بەکارهێنا، بەڵام ئەمەیان بابەتێکی ترە. بەکورتییەکەی ئێمە لەئیدارەو مامەڵەی بازاڕمان نەدەزانی، ئامادەش نەبووین گوێ لەخەڵکێک بگرین کە لێیان دەزانی. بۆیە بەردەوام کێشە لەنێوان بەشی ئیدارەو بەشی نووسیندا هەبوو. سەرەنجام لەساڵی ٢٠٠٨دا کاتێک هاوڕێم کاک ئەحمەد موفتی دەستی لەپۆستی بەڕێوەبەر کێشایەوە، هاوڕێکانم داوایان لەمن کرد ئەو ئەرکە لەئەستۆ بگرم. داواکەیان لەبەر ئەوە نەبوو کە من لێزانو شارەزای ئیدارەو بازاڕم چونکە ئێستاشی لەگەڵ بێت من بەکەڵکی ئەو کارە نایەم، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو من وەکو خۆیان بوومو ئەگەری لێک تێگەیشتنو پێکەوە گونجانمان زیاتر بوو. وەک هاوڕێیەکی خۆیان هەم متمانەیان پێم بوو، هەم قسەشیان زیاتر لێوەردەگرتم، کە دیارە جێگەی سوپاسو پێزانینی منە. لەماوەی یەک دوو ساڵدا هەرچۆنێک بوو بەهاوکاریی هەموو هاوڕێیان بەتایبەت کاک کەمال مەعرووف، توانیمان هەندێ شت رێک بکەینەوە، بۆنموونە کۆنترۆڵکردنی دابەشکردنو کۆکردنەوەی داهات. جگەلەوەش ئەو سەردەمە، سەردەمی گەشەی ئابووریی هەرێمو تەقینەوەی بازاڕی کوردستان بوو، رۆژ بە رۆژ کۆمپانیای نوێ دروست دەبوونو کۆمپانیا جیهانییەکانیش روویان لە کوردستان دەکرد. هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠ی پەرلەمانی عێراقیش درفەتێکی گەورە بوو بۆ بازاڕی ریکلامو ئێمەش لەم بوارەدا ستافێکی چالاکمان هەبوو. بیرمە ئەو ساڵە نەک کورتهێنانمان نەبوو، بەڵکو قازانجێکی باشیشمان کرد. بەڵام ئەمەیش بۆخۆی بوو بە کێشەیەک! چونکە راشکاوانە بڵێم نەمانتوانی ئەم دۆخە بەباشی بەکاربێنینو بناغەیەک بۆ سەرچاوەیەکی داهاتی بەردەوام بۆ خۆمان داڕێژین، یا هیچ نەبێ سیستمێکی عادیلانە بۆ سوودمەندبوونی هەموو ستافەکە دابنێین. ئەو داهاتەمان لەکڕینی ئامێری نوێی چاپدا سەرفکرد، کە دواجار لەبەر بێبازاڕیو نەشارەزایی خۆمان لەبازاڕی چاپدا، سوودێکی ئەوتۆی پێ نەگەیاندینو لەقەیرانەکەدا ناچار بووین هەمووی بە زەرەر بفرۆشینەوە. دیارە لەمەشدا بەرپرسیارێتیی یەکەم بەر من دەکەوێ، منیش هەر ئەوەندەم لێدەزانی! ئەم دۆخە دووبارە کێشەی بەشی ئیدارەو نووسینی زیندوو کردەوە. هەندێک جار کێشەکان دەگەیشتنە ئاستێکی زۆر ناخۆشو بێتام کە خەریک بوو دەبووە هۆی لێکترازان. بەداخەوە زۆریش بەدوور نەبوون لەهۆکاری شەخسی. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دەگەڕێمەوە بۆ سەرەتاو دەڵێم ئەگەر ئەو کێشانەی ناوخۆیشمان نەبووایە، قەیرانی دارایی کوردستان ئەوەندە قووڵەو ئەوەندە درێژەی کێشاوە، مەگەر هەر بانکی حیزبو بانکی سیاسەتمەدارەکان دەرەقەتی بێت. ئێستا کە دوا ژمارەی چاپکراوی “ئاوێنەی هەڵبژاردن” بڵاودەکرێتەوە، دانی پێدا دەنێم کە لەدۆخی سەختو قەیراناویی کوردستاندا وەک بەڕێوەبەرێک دەرەقەتی کێشەکان نەهاتمو نەمتوانی رێگە لەم کۆتاییە ناخۆشە بگرم. لەگەڵ ئەوەشدا ویژدانم ئاسوودەیە کە تا ئەوپەڕی توانای خۆم دڵسۆزانەو بێنیازانە کارم کردووەو هەوڵم داوە لەهەر پۆستێکدا بم، سنووری ئەرکو دەسەڵاتەکانم نەبەزێنم. پێم وایە هەردوو هاوڕێم کاک شوان محەمەدو کاک سەردار محەمەدیش شایەتیی ئەوەم بۆ دەدەن لەو رۆژەوە کە پۆستی سەرنووسەرم رادەستیان کردووە، جگە لە سەرنجی دۆستانە، هەرگیز دەستم نەخستۆتە کارەکانیانەوە. بگرە تەنانەت لەم دوو ساڵەی دواییدا کە ناچاربووین ژمارەی رۆژنامەنووسەکانمان کەم بکەینەوە، بە شانازییەوە وەک هەواڵسازێک هاوکاریی کاک سەردارم کردووە. هەمیشەش ئەو سەرنووسەرو بەرپرسی منو منیش هەواڵسازێکی بەردەستی ئەو بووم. ئێستاش ئەگەرچی هیچ پۆستێکی رەسمیم لەئاوێنەدا نامێنێت، بەڵام تا ناوی ئاوێنە زیندوو بێت، من بە کردەوەو بەردەوام خۆم بە کارمەندی دەزانم. لەم دەرفەتەدا هەر ئەوەندەم پێ دەکرێ سوپاسی هەموو خوێنەران، هاوکارەکانم، خاوەن پشکە بێنیازەکانی ئاوێنە، هەموو ئەو نووسەرو رۆشنبیرو هاوڕێو دۆستانە بکەم کە بەهەرشێوەیەک بۆیان کرابێ هاوکارییان کردووین. سوپاسی تایبەتیشم بۆ خاوەنو کارمەندانی چاپخانەی کوردستان کە هەمیشە ئاوێنەیان بە رۆژنامەی خۆیان زانیوەو بەردەوام تەحەممولی دواکەوتنو بێ پارەییان کردووین. هیواداریشم هەموان لە هەڵەو کەموکوڕییەکانم ببوورنو لەسەر بنەمای نییەتو نیازم موحاسەبەم بکەن. ئەمڕۆ “دوا ژمارەی چاپکراو”ی ئاوێنەی هەڵبژاردن بڵاو دەبێتەوە، بەڵام نە کۆتایی ئاوێنەیە نە کۆتایی میدیای ئازاد. ئەمە تەنها قەیرانێکە، چەند درێژەش بکێشێ هەر تێدەپەڕێ. چونکە گومانم لەوە نیە داهاتوو هەر بۆ ئازادیو میدیای ئازادە. لەکۆتاییدا دەمەوێ ئەو راستییەش بە خوێنەرانی ئازیز بڵێم، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی راگرتنی رۆژنامەکە، چەند لایەنێک لە”ئۆپۆزسیۆنو دەسەڵاتدار” پێشنیاریان بۆ کردین هاوکاریمان بکەن بۆ بەردەوام بوونی، کە سوپاسیان دەکەین. بەڵام قەناعەتی ئێمە وابوو و وایە: باشترە بە جوانییەکانییەوە بینێژین وەک لەوەی بە ناشرینی بیهێڵینەوە.
■ عەبدوڵاى کوێخا موبارەک.. ئەم دەرکەوتنەوەیە جگە لە ڕو قایمی و دەست بەرنەدان لە سیاسەتی شکستخواردویی پەیامی تەسلیم بون و بەرەو بەغداشی تێدا بو، تەسلیم بونەوەی بارزانیش لەھیچ کات و زەمەنێکدا ئاسایی نەبوە٠٠! خەسڵەتی ئەو وایە کە حەدی مامناوەندی نیە یان تا سەر ئێسک دژایەتیە یان تا ژێر پێ کۆیلایەتیە٠٠! تەبعەن ڕازی کردنی بەغدا و تەسلیم بونیشی لەسەر حسابی مافەکانی گەلی کورد ئەبێت و بۆ مل شکاندنی ڕکابەرەکانی دەبێت. لە مێژودا نەریتی سەرکردە سیاسیەکان وابوە کە لە کۆتایدا توشی ھەڵە یان شکستێک بوبن ئیتر دەرنەکەوتونەتەوە لەو بوارەدا، ئەو حاڵەتە لە نێو سەرکردەکانی کوردیشدا ڕویداوە، بەنمونە کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند بەمەستی خەباتی پەرلەمانی، بەڵام کاتێک بینیتی ئەو ڕێگایە شکستی ھێناوە بۆ چاکسازی ئیتر بەھۆی ھەڵەی خۆی بوبێت لە دیاری کردنی کارەکتەر بۆ سەرخستنی ئامانجەکە یان بەھۆی ستەمکاری ڕکابەرەکانی بوبێت، لەوە بەدواوە کاک نەوشیروان بە ئاشکرا ئاماژەی بەوە کرد کە خەباتی پەرلەمانی نیشانەی پرسیاری لەسەر دروست بوە، ئیتر تەقریبەن وازی لە کاری سیاسی ھێنا و چی تر دەرنەکەوتەوە تا کۆچی دوای کرد.
■ سەرتیپ جەوهەر .... هێدی هێدی دەنگوباسی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان دەبێتە باسی میدیاو ناوەندەكانی بڕیار لە كوردستان، لەوەدەچێت زۆربەی لایەنەكان بێنەسەر ئەو بڕوایەی بۆماوەیەكی دیاریكراو دوای بخەن، بەڵام خۆكردنە خاوەنی بڕیاری دواخستنەكە، كەمێك زەحمەتە، بەتایبەت خودی پرسەكە پەیوەندی بەهەڵبژاردنەوە هەیە، بەشێك لە لایەنەكان دەیانەوێ وەك موزایەدە لەدژی بەرامبەرەكانیان بەكاریبێنن. هۆكارگەلێكی زۆر هەن بۆ خواستی دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە، بەشێكیان پەیوەندی بەبەرژەوەندی حزبەكانەوە هەیەو بەشێكیشی پێدەچێت زۆربەی لایەنەكان لەسەری كۆك بن. ئەوەی پەیوەندی بەبەرژەوەندی حزبەكانەوە هەیە، ئەوەیە بەشێك لەحزبەكان بارودۆخی ناوخۆیان لەبار نییە بۆ چونە نێو هەڵبژاردن، دامەزراوەی بڕیاردانی حزبیان لەم كاتەدا كۆك نییەو پەیامی هەڵبژاردنیشیان روون نییە، رەنگە هەڵبژاردن ببێتە قوڵكردنەوەی زیاتری ململانێكانی ناو حزب و سەرەنجام جیابونەوەو پەرتبونی لێبكەوێتەوە، بۆیە دەخوازن بۆماوەیەك دوابخرێت بەئومێدی چارەسەركردنی بەشێك لەو گرفتانە. هۆكاری دیكەش هەن كە بەشێك حزبەكان لەسەری كۆكن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەیان پەیوەندی بەو دۆخەوە هەیە كە لەعیراق و ناوچەكە هەستی پێدەكرێت و ئەگەری ئاڵۆزیی زۆری لێدەكرێت. ئەوەی پەیوەندی بەعیراقەوە هەیە، پێدەچێت پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق زۆر ئاڵۆز بوبێت، جارێ ئەوە سێ مانگ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردن هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردن بەڕەسمیی رانەگەیەنراوە، لەلایەكی دیكە ئاڵۆزیی و ناكۆكیی جددی بۆ دیاركردنی سەرۆك وەزیران نوێ و شێوەی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی عیراق. ئەمریكا دەیەوێت حكومەتێك پێكبهێنرێت دوربێت لەدەستوەردانی ئیقلیمی و هەندێ گروپ دوربخاتەوە، كەچی دەبینین ئەو گروپانەی لەژێر كاریگەری ئیقلیمیدان، بەهۆی بونی هێزی چەكداریان (حەشدی شەعبی) كەبەشێكن لەئەجێندای ئیقلیمی، هەژمونیان زیاتربووەو ئاسان نییە دورخستنەوەیان لەبڕیاردان و شێوەی حكومەتی نوێی عیراق (ئەگەر پێكهێنرا). ناوماڵی كوردیش باشتر نییە لەناو ماڵی شیعە یان سوننە، تائێستا نەتوانراوە وەفدێكی هاوبەش، یان تەنانەت كۆبونەوەیەكی حزبەكانی كوردستان لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بكرێت، بۆیە بەم پەرتەوازەییەی ئێستا بچینە هەڵبژاردنی كوردستان، بەدڵنیاییەوە زۆر ئەستەم دەبێت بەیەك وەفد چونە بەغدا، چونكە هەڵبژاردنی كوردستان راستەوخۆ كاریگەری لەسەر یەك هەڵوێستی كورد دەبێت. ئەوەی پەیوەندی بەناوچەكەیشیەوە هەیە، دەبینین لیرەی توركی و تومەنی ئێرانی بەتەواوی روو لەلێژییەو ئەگەرێكی بەهێز هەیە ئابوری هەردوو وڵات ئێران و توركیا، لەماوەیەكی زۆر كورتدا ئەگەر (ئەگەر بەردەوام بوو) روبەڕوی داڕمانێكی لەناكاوی ئابوری ببن و راستەوخوا كاریگەری لەسەر گۆڕانی ناوخۆی هەردوو وڵات دروستبكات، ئەمەش بێگومان رەنگدانەوەو كاریگەری راستەوخۆی بەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت! لەپاڵ ئەو هۆكارانەی سەرەوە رەنگە خواستێكی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریكا هەبێت، ئەمەش ئەوەندەی دیكە ئەو ئەگەرانە بەهێزتر دەكات كە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا. ئەوەی گرنگە لەم دۆخەدا كە لیست و قەوارە سیاسییەكان ئەندامانیان بۆ كۆمسیۆن دەستنیشانكردووەو بەشێوەیەكی شاراوە لەڕێی بەربژێرەكانیان دەستیان بەبانگەشە كردووە، دەتوانن بەئاشكرا یان رەسمیی باس لەدواخستنی هەڵبژاردن بكەن؟ بێگومان زەحمەتە! لێرەدا پرسی دواخستن پێویستی بەكۆدەنگی لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە، پێویستە ئەو پرسە بەجددی وەرگیرێت و بڕیاری لێبدرێت، ئەگەر لایەنەكان ناتوانن لەدەرەوەی پەرلەمان كۆببنەوە، ئەوا دەتوانن بەكڕی لەناو پەرلەمان ئەو پرسە چارەسەر بكەن.
■ مێگان كانهڵی... وەرگێرانی بۆ کوردی: شیڤان فازیل و كهمال چۆمانی.... لە تویتێكدا بۆ گەنجانی توڕە لە ئەنجامی کەمی دەرفەت لە بازاڕی کار قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرایەکی گەورەی لەناو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد دوای ئەوەی گوتی "ئەگەر ئامادەبن، خۆتان بگونجێنن لهگهڵ بارودۆخ و کارێك بکەن کە كهمێك خوارووی تمووحتان بێت". دواتر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە ئەکاونتەکەی خۆی لە فەیسبووك بڵاویکردۆتەوە گوتی " ئهگهر به ههر هۆكارێك بێت، ههلێكی كار نهرهخسا بۆ ئهو خوێندكاره كه له مهجاڵێكدا خوێندویهتی، ئاساییه و عایبیش نییه به دوای دهرفهتێكیتردا بگهڕێت له مهجاڵهكه كه پهیوهندی نهبێت به بڕوانامهكهی یان ئهوهی كه ئهیخوێنێت." قوباد تاڵەبانی، چیڕۆکی خۆی وەك نموونە هێنایەوە: "من بە شەو و ڕۆژێك نەگەیشتم بەو پۆستە. من بەچەندین قۆناخم بڕی، بە قۆناخ و تاقیکردنەوەی سەختیش…ئەگەر سبەینێش لەم پۆستە نەمام، بایی ئەوەندە تەجروبەم لە ژیان و کاری جیاواز هەیە کەبوانم لە شوێنێك خۆم جێگیر بکەم". جگە لەو ڕاستییەی کە جێگری سەرۆك وەزیران چەندین دەرفەتی هەبووە کە هەرگیز بەردەست نین بۆ قوتابی و دەرچوانی ئاسایی، بەڵام ئەوە باشە کە دان بەوە دادەنێت کە حکومەت ڕۆڵی هەبووە لە بێکاریی لاوان. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ کەسێک کە ئاگاداری رەوشی بازاڕی کار لە کوردستان نەبێت، پیشنیارەکەی تاڵەبانیی بۆ گەنجان مانای ئەوە دەگەیەنێت کە بازاڕێکی کار هەیە کە ئەو گەنجانە لەخۆبگرێت. بەڵام ڕاستیەکە لەوەدایە کە هەرچەندە ئەگەر بێتوو بیانەوێت، زۆرینەی دەرچووان ناتوانن کار بدۆزنەوە، تەنانەت هەرجۆرە کارێکیش بێت - لە کەرت تایبەت. بەگوێرەی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، عێراق ۷۵٠ هەزار دەرفەتی کاری لەنێوان ساڵانی ۲٠٠۵ - ۲٠۱٤ دروستکردووە، ۸٠٪ ئەو دەرفەتانە لە کەرتی گشتیی بووە. لەڕاستیدا هەڵئاوسانی کەرتی گشتیی لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی ناوەندی سەرانسەری عێراقی تێپەڕکرد بە زیادبوونی لە ٤۱.۹٪ بۆ ٤٤.۲٪ بۆ تەواوی دەرفەتەکانی کار لە ماوەی ساڵانی ۲٠٠۷ بۆ ۲٠۱۲، ئەم ڕێژەیە زۆر زیاترە لە گەشەی کەرتی تایبەت. لە هەمان کاتدا، ژمارەی دەرچووان بەڕێژەی ۹۸٪ زیادیکردووە لە نێوان ساڵانی ۲٠٠۳ بۆ ۲٠۱۳، کە زۆرینەی ئەم دەرچووانەش لە کەرتەکانی کارگێڕیی گشتی، پەروەردە و تەندروستی خراونەتەگەڕ. لەوکاتەی کە زۆربەی وڵاتانی پەرەسەندوو هەوڵی پەرەپێدانی خزمەتگوزاریی لەڕێگەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی دەدەن، بەشی زۆری ئەم دەرفەت دروستکردن و دامەزراندانە لەڕێگەی مەحسووبیەت بووە نەوەك هەوڵی ڕاستەقینە بۆ پەرەسەندنی دابینکردنی خزمەتگووزاریی لە کەرتی گشتی هەڕێمی کوردستان. بە دەستپێکردنی قەیرانی ئابووری، کەرتی گشتی بەهەمان شێوە تووشی قەیران دارایی بوو، وە حکومەتی هەرێم ناچاربوو بە کەمکردنەوەی مووچە و ڕاگرتنی دەمەزراندن. کەرتی تایبەت (کە بە شێوەیەکی سەرەکیی لەلایەن حکومەتەوە تەمویل دەکرا و کۆمپانیا هەرە گەورەکانی لە لایەن کەسانی سیاسیی باڵای پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن) بەشێوەیەکی خێرا پووکایەوە بەهۆی بردنە دەرەوەی سەرمایە و دابەزینی وەبەرهێنان و شکستی کەرتی بنیاتنان. بەشی زۆری کرێکارانی کەرتی بنیاتنان، کە نزیکەی ۳٠٪ ڕێژەی دامەزراندن لە کەرتی تایبەت پێکدەهێنن، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئینستیتیوتی مێری، کارەکانیان لەدەستدا لەدەرئەنجامی ڕاوەستانی پڕۆژەکان. پرسی جێندەر ڕوویەکی تری ئەم کێشەیەیە. ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنیان هەیە لە هێزی کار لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، لەگەڵ ئەمەش ۹٠٪ ئافرەتان لە هێزی کاری هەرێمی کوردستان لە کەرتی گشتی دامەزرێندراون لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و کارگێریی، هەمان ئەو کار و پیشانەی کە زۆر بەقووڵی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ڕێکارە داراییەکان. لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژەی بێکاری لە نێوان ڕەگەزی نێرینە زۆر خێراتر گەشەی کردووە بەبەراورد لەگەڵ ڕەگەزی مێینە، دەرچووانی زانکۆ لە ڕەگەزی مێینە - کە نزیکەی نیوەی ژمارەی دەرچووانی قۆناخی دوای ئامادەیی لەکۆی ۱۱۵ هەزار دەرچووی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲٠۱۳، پێکدەهێنن - لەگەڵ ئەوەی کە ناتوانن دەرفەتی کار لە بوەرەکانی خۆیان لە کەرتی گشتی بدۆزنەوە، بەهەمان شێوە دووچاری بەربەستی کۆمەڵایەتیی بۆ دامەزراندن لە خزمەتگوزاری کەرتی تایبەت وەك کۆفرۆشی، خواردنگەکان، گواستنەوە و بنیاتنان، دەبنەوە. کاریگەری ئەمەش، بەشێوەیەکی گشتی، دەبێتە هۆی ئەوە کە دەرچووانی ڕەگەزی مێیینە لەدەرەوەی وڵات بەدوای دەرفەتی کار بگەڕێن یاخوود بەشێوەیەکی سەرەکی لە هێزی کار دووربکەونەوە. بێگوومان چاوەڕوانییەکی گشتیی کۆمەڵایەتیی هەیە لە هەرێمی کوردستان، کە حکومەت بەرپرسیارە لە دابینکردنی کار و پێدانی مووچە و گواستنەوە بۆ کەرتی تایبەت کە تێیدا مووچە نزمترە، کارکردن قوڕسترە و کاژێرەکانی کارکردن زیاترە. بەڵام ئەوە جۆرێکە لە چاوەڕوانیی کە چینی سیاسی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چەندین دەیە هەوڵیانداوە بۆ هێنانەدی بۆ دڵنیایی بوون لە وەفاداریی هاوسۆزان و دەنگدەرانیان. بۆیە، هەردەبڕێنێکی بێمتمانەیی و بێباوەڕی لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە دوورە لە ڕاستگۆیی، لەوکاتەی کە خەڵك بەڵێنی کار و سوودمەندبوونیان پێدراوە بەرامبەر بە پاڵپشتی یاخوود بێدەنگبوونیان وە دواتر هەڵدەستن بە دەربڕینی ناڕەزایەتی دوای ئەوەی کە چیتر ئەو کار و سوودانەی کە بەڵێنیان پێدرابوو، چیتر دابین ناکرێن. هەمان کەلتووری سیاسی ڕێگەی نەداوە بەکەرتی تایبەت، لەو کاتەی کە پێشتریش لاوازبووە، بگاتە ئاستێك کە دەرچووانی ئایندە لەخۆبگرێت. لە ساڵی ۲٠۱٦، لەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قووڵی داراییدا بوو، بانکی نێودەوڵەتی هۆشدار یدا لەبەرامبەر پەرەسەندنی قەیرانی بێکاریی لاوان. بە هەمان شێوە، پێشبینی پێویستی گەشەکردنی کەرتی تایبەتیان کردووە بە ڕێژەی ۱٠٪ بۆ هەر ساڵێك تاوەكو کەرتی تایبەت بتوانێت دەرچووانی ئایندە لەخۆبگرێت. لە ئابووریەکدا کە بەخێرایی بەرەو پووکانەوە چووە، بەشێوەیەکی سەرەکی بەهۆی هەڵەی بەڕێوەبردن و گەندەڵی، ڕێگەی تێناچێت کە بتوانرێت ڕێژەی بێکاری لەنێوان دەرچووان و قوتابیان چارەسەربکرێت بە هاندانیان بۆ دۆزینەوەی کاری دەستی لە کەرتی تایبەت. سهرچاوهكان: MERI Report - http://www.meri-k.org/…/MERI-Economic-Report-January-2016-2… WB Report - http://documents.worldbank.org/…/106109-WP-P159972-KRG-Econ…
■هیمداد شاهین .. بارزانیی وەكو ھەمیشە بێدەنگە، ئەم پیاوە ھەركاتێ كەتنێك بنێتەوە بێدەنگ دەبێ و ھیچ ناڵێت، بۆ من مایەی سەرسوڕمان نییە كە بێدەنگە، چونكە بێدەنگی بۆ ئەم پیاوە یەكێكە لە ھونەرە بەھێزەكانی مانەوەی وەكو دەسەڵاتی یەكەم لە زۆنی ھەولێر و دھۆك، ھەروەھا شەریكی دەسەڵاتدارانی زۆنی سلێمانیی و ھەڵەبجە لەھەمانكاتدا، ئەم پیاوە كاتێ سەرۆكایەتییەكەی بۆ درێژكرایەوە بێدەنگ بوو، كاتی یەزیدییەكانی شەنگال جینۆساید كران ھەر بێدەنگ بوو، كاتێ ریفراندۆمی كرد و كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكانی پێ لەدەست داین ھەر بێدەنگ بوو، ھەر بێدەنگ بوو كاتێ ڕێژوان شەھید كرا، ھەر بێدەنگە كاتێ بكوژەكەی ڕێژوان ئازادكراوە.. من دەمێكە دەزانم دادگا نەك سەربەخۆ نییە، بەڵكو حەمامێكە و سیاسییەكان خۆیانی تێدا پاك دەكەنەوە، بەڵام كاتێ دادوەرەكانم بینی لەپشت سیاسییەكانەوە دەوەستن، ئەو یەقینەم زیاتر لا تۆخ دەبێتەوە كە بەڵێ دادگا ئەو حەمامەیە سیاسییەكان بەجلەوە خۆیانی تێدا پاك دەكەنەوە. ئەمرۆ دوو شەمە، دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر بریاری دەستگیرکردنی هیوا ئەحمەد، بەرپرسی پێشوی لقی چوار پارتی و هەڵهاتو لە یاسا، هەڵوەشاندنەوە بێ ئەوەی تۆمەتبار هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵ بکرێت. ئەم بریارەی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر ئاماژەیەکی ھێجگار ترسناكە کە جمكە حیزبی دەسەڵاتدار و ھاوكارەكانیان، ئەوانەی یاساكانیان بۆ مۆر دەكەن و لەسەرەوەش خۆیان بە نوێنەری مەعاناتی خەڵك دەزانن، جگە لەوەی داڵدەدەری تۆمەتباران وهەڵهاتوانن لە یاسا، دەستوەردانی راستەخۆش دەکەن لە کاری دادگا، تەماشای ئەم مەھزەلەیە بكەن، ئەم كارەساتە ببینن، شوێنی تاوانەکە سلێمانیەو سکاڵاکاران لە سلێمانین كەچی بە بێ ھەبوونی ھیچ هۆکاری یاسایی کەیسەکە گواستراوەتەوە بۆ هەولێر بەبی ئەنجامدانی هیچ لێکۆلینەوەیەکی یاسایی تۆمەتبار تۆمەتەکەی لەسەر لابراوە. شۆك مەبن، وەك ھەمیشە بارزانیی بێدەنگە، ھەر بەبێدەنگیی لەنێوان بكوژ و كوژراوێكدا، بكوژەكە ھەڵدەبژێت..
■ هێرش عەبدولڕەحمان.. جارێکی تر ئەمریکا سزای ئابوری خستەوە سەر ئیران ، بەئومێدی ئەوەی ئەم سزایە ببێتە ھۆی لاوازی دەسەڵات و ، لەناخۆدا گۆرانکاری بکرێت ، بەڵام ترسیشیان ھەیە لەگەڵ ڕوخانی ڕژیم شەڕی ناوخۆ ، خراپتر لەوەی سوریا ، بەرۆکی ئیران بگرێت . زۆرینەی کۆنگرێس بۆچونیان وایە ئەبێت وانەیەک لەعیراق ئەفغانستانەوە وەربگرن ، بڕیاری ھەڵەشەو پەلە نەدرێت ،ھاوشیوەی ئەم دوو ووڵاتە ، کەملیاران دۆلارو ھەزار سەربازی کردۆتە قوربانی . خەڵکێکی زۆری ڕۆژھەڵاتیش پێی وایە ئەمریکا و سعودیە و ئیسرائیل دێن گۆرانکاری لەئیراندا دەکەن ! ئەوەی ئێستا باس دەکرێت ، تەنھا ھەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی مێدیاکانی جیھانیە و گەمەیەکی تری گەمارۆیی ئابوریە ، بۆ ھێنانی ئێرانیەکان بەلاوازی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و ھیچیتر . ئەمریکا ھەمان سینارێۆی عیراق دووبارە ناکاتەوە و ھیچ شتێک بەرامبەر ئێران ناکات ، وەک کردنەوەی بەرەی شەڕ یان لێدانی دوور ھاوێژ . تەنھا دوو کەسایەتی لۆبی بۆ ئەو دروشمەی ڕوخانی ئیران ئەکەن و ، ئومیدیان لەسەر موجاھیدنی خەڵق ھەڵچنیەوە ، ئەویش ، "جولیانی " و " پەمپیۆ " یە ، پێیان وایە ئاسانە ، بەڵام ئیدارەدانی دوای گۆڕینەکەی رژێم سەختەو ، لەدەست دەردەچێت وەک عیراق . ئەمریکا تەنھا سزاکان زیاتر دەکات ، بەهەمان شێوەی کۆریا ، تا ئیران دەستبەردار دەبێت ، کۆنگرێسی ئەمریکی پێی وایە سزاکان وا دەکات ئیرانیەکان بیرێک لەخۆیان بکەنەوەو زیاتر ھەوڵی گۆرانکاری لەناوخۆدا بدەن . ئەم جارە ھەموو ئۆپۆزسێۆنی ئیرانی داوای پارەیان کردبوو ، جیاواز لەئیدارەکانی پیشوو ، ترامپ ئامادە نیە سەنتێک لەگۆڕانکاری ئیراندا سەرف بکات وەک چۆن لە رابردوودا ئۆپۆزسێۆنی عیراقی ١٠٠ ملێۆن دۆلاری وەرگرت و ئەوەی بە ئەمریکیەکانیان ووتبوو درۆ دەرچوو کە لادانی سەدامەو دوای ھەفتەیک ھەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە. ترامپ نایەوێت ئەم دوو ساڵە ھیچ بەرەیەکی شەڕ بکاتەوەو ، ببێت بەکارتێکی دۆڕاو لەھەڵبژاردنەکانی نیوەی کۆتایی بەڕێوەیە ، کەکورسییەکی زۆر لەدەست ئەدات لەکۆنگرێس ، بەرامبەر دیموکراتەکان و ، پلانی چوار ساڵی داھاتووی ھەیە ، دوای کۆتایی تێرمی یەکەمی سەرۆکایەتی . ھەر وەک چۆن لەعیراقدا حزبێک نیە نوێنەرایەتی تەواوی عیراقیەکان بکات لەئیرانیشدا بەھەمان شیوە ، ھیچ یەکێک لەھێزە ئۆپۆزسێۆنەکان نوینەرایەتی سەرتاسەری ئیرانیەکان ناکەن و زۆر لە ئێمە پەرتەوازەترن . ئەمریکا چاوەڕێیە خەڵکی ئیران گۆڕانکاری بکات و ، ئەوان دەست خۆشیان لێ بکەن ، ئەوەش ئاسان نیە ، چونکە زۆرینەی خەڵکی ئیران ھێشتا ھەر ئەو جۆرەی حوکمڕانیان قبوڵە ، ترسیان ھەیە ئەوەی دێت لەمەی ئێستا خراپتربێت ، لەسەردەمی کۆتایی ئیمپراتۆڕی قاجار و ھێنانی پەھلەوی و مەلاکانیش ، ھەڵبژاردەی خۆیانە ، ھەر خۆشیان ئەبێت ھەوڵی ئەو گۆڕانکاریە بدەن .
■ محهمهد حسێن ... له یهكهم حهفتهی خۆپیشاندانهكانی بهسرهو شارهكانی تری باشوری عێراقدا، وهزیری نهوت بڕیاریدا ١٠ ههزار كهس له كێڵگهو پرۆژه نهوتیهكانی بهسره دابمهزرێنێت. به ههمانشێوه له پارێزگای زیقاریش بهڵێنی دامهزراندنی ٧ ههزار كهسی تریان داوه. ئهمه جگه لهوهی نوسینگهكهی عهبادی بهردهوام بهڵێنی تر بڵاودهكاتهوه بۆ دامهزراندنی خهڵكی شارانهی خۆپیشاندانی تیاكرا، ههر له نهجهف و دیوانیهوه تا دهگاته پارێزگای واست و بهغدای پایتهخت. كێشهی ئهم جۆره دامهزراندنه، كه پێش عهبادی پارتی و یهكێتی برهویان پێداوه، لهوهدایه نه بۆ كارمهندهكه كارو موچهیهكی شایسته دابیندهكات نه بۆ حكومهتیش كارمهندێكی بهرههمهێنهر. زۆربهی كارمهندهكان به موچهیهكی كهمهوه له بازنهی ههژاریهكهیاندا دهمێننهوه، لیستی موچهخۆرانی كهرتی گشتیش هێندهی تر قهبه دهكرێت و بێ بهرههم دهمێنێتهوه. ئهم جۆره دامهزراندنه دروستكردنی ههلی كارنیه هێندهی كه بهرتیلێكی سیاسیه بۆ پاراستنی رژێمهكان. ئهمه نابێته هۆی دروستكردنی كارێكی بهبهرههم ئهوهندهی كه بڕو رادهی بێكاریه روپۆشكراوهكهی كهرتی گشتی فراوانتردهكات. لهئێستادا، كهرتی گشتی عێراق و كوردستانیش سیخناخ بووه له كارمهندی بێ بهرههم. ئهوانهی سیاسیهكان له ترسی خۆپیشاندان دایانمهزراندوون. بهڵام هیچ كارێكی به بهرههم ناكهن. ئهمانه هیچ لۆجیكێكی ئابوری و بازاڕ بهكارنههێنراوه له دامهزراندنیان. زۆربهیان لهشوێنی ههڵهو دور له بههرهو تواناكانیان دامهزراون به موچهی نزمهوه، كه ههندێكجار ناگاته ئاستی كڕێخانووی مانگێك له گهڕهكێكی مامناوهندی شارهكاندا. ئهم گرفته گهیشتۆته ئاستێك كه ههوڵی چاكسازی و چارهسهریشی زۆر قورس بووه ههرچهنده دام و دهزگا جیهانیهكانی وهك سندوقی دراوی نێودهوڵهتی (IMF) و بانكی جیهانی ههمیشه بچوك كردنهوهی كهرتی گشی و كهمكردنهوهی خهرجیه حكومیهكانی عێراقی وهك پێشمهرجێك بهكاردههێنن بۆ ههر یارمهتی وقهرزێك كه وڵاتهكه داوای بكات. ئهوهی حكومهتهكهی عهبادی دهیكات بهرتیلێكی ماڵوێرانكهره بۆ ههموو عێراق، به خهڵك و حكومهتیشهوه. رازیكردنی خۆپیشاندهران لهسهر حسابی كهرتی گشتی سیاسهتێكی تاقیكراوهی پێشتری پارتی و یهكێتیه و ئێستا ههرێمی كوردستان باجهكهی دهدات. له ناوهڕاستی ٢٠٠٠هكاندا ئهم دوو حیزبه سهدان ههزاركهسیان له كهرتی گشتی كوردستاندا دامهزراند بهس بۆ ئهوهی ژمارهی لایهنگرانی خۆیانی پێ زیاد بكهن. ئهم كارمهندانه بهزۆری له كهرته خزمهتگوزاریهكاندا دهستبهكاربوون، یان ههر دهستبهكارنهبوون و كرانه بندیوار". له ههردوو حاڵهتهكهدا باری سهرشانی حكومهت قورستر بوو، ههرگیز مووچهو ژیانێكی شایستهش بۆ كارمهندهكان دابین نهكرا. ههموومان بینیمان چۆن له سێ ساڵی رابردوودا خهڵك و حكومهتیش گیرۆدهی ئهم بهرتیله سیاسیه بوون. كرۆكی كێشهكان ئهوهیه كه كهرتی تایبهت له عێراق و كوردستانیشدا ناتوانێت بهخێرایی گهشهی دانیشتوان ههلی كار دروست بكات. بههۆی گهندهڵی، قۆرغكردنی بازاڕ، دواكهوتوویی سیستهمی دارایی، ناسهقامگیری و لاوازی دامودهزگا ئیداری و یاساییهكان ئهم كهرتهش ( بهههڵاوێردی ههندێك له كۆمپانیا نهوتیهكان) تهنها بهو پارهیه دهژی كه حكومهت له ڕێگای بوجهی گشتیهوه دهیخاته بازاڕهوه. بازاڕی كاری عێراق و كوردستان-یش هێنده دابڕاوو دواكهوتووه كه ههستناكهیت بهشێك بن لهو تۆڕه ئابوریه جیهانیهی ئهمڕۆ ههمووانی پێكهوه گرێداوه، ههر له بازاڕی ئاژهلداری و بزن به خێوكردنهوه تا ئهگاته كۆمپانیاكانی دروستكردنی سمارتفۆن و بۆرسه گهورهكان. كاریگهری سهرهتانیانهی ئهم بهرتیله سیاسیه ههر لهوێدا ناوهستێ كه لهشكرێك كارمهندی ههژاری بێ بهرههم و حكومهتێكی ئفلیج دروست دهكات، بهڵكو ههمووان دهگهیهنێته بنبهستێك كه ههر ریفۆرم و چارهسهرێكی ئابوری راستهقینه بهئاژاوهی سیاسی كۆتایی پێبێت. تهنانهت مهحاڵه چارهسهریه ئابوریه تهقلیدیهكانیشی بهسهردا جێبهجێبكرێت. بۆنمونه (IMF) و بانكی جیهانی رستێك میكانیزمی دارایی و ئابورییان ههیه بۆ یارمهتی ئهو وڵاتانهی بهم كێشانهوه دهناڵێنن. چونكه سهرهتای ههموو چارهسهریهكانیان به ڕاگرتنی ئهم بهرتیله دهستپێدهكات، له ئێستادا ههندێك كهس وهك هۆكاری خۆپیشاندانهكانی بهسره دهیانبینن. ههندێك چالاكوان و میدیاكاری عێراقی حكومهتهكهی عهبادی تۆمهتباردهكهن بهوهی كه له سێ ساڵی رابردوودا سیاسهتی زكههڵگوشینی پیادهكردووهو خهڵكی وهك پێویست له كهرتی گشتیدا دانهمهزراندووه. ههندێك راستهوخۆتر دهڵێن مهرجهكانی (IMF) و بانكی جیهانی وای كرد خهڵك بێنه سهرشهقامهكان. رۆژنامهنوسی عێراقی مازن زهیدی پێی وایه ''باج و كرێی خزمهتگوزاریهكان كه حكومهتهكهی عهبادی له ساڵانی رابردوودا سهپاندویهتی یهكێكه له هۆكارهكانی نههامهتیهكانی خهڵك، سهیره خۆپیشاندهران ئهمهیان له بیربچێت و ههندێك دروشمی ناواقعی بهرزكهنهوه.'' ئهوهی ئهم رۆژنامهنوسه دهیهوێت خۆپیشاندهرانی لهدژ هانبدات بهشێكن لهو چارهسهریانهی كه (IMF) و بانكی جیهانی بۆ زیادكردنی داهاته نا نهوتیهكانی عێراق پێشنیاریان كردووه. لێرهدا پرسیاری جهوههری ئهوهیه بۆچی ئهم دام و دهزگا جیهانیانه ناتوانن هاوكاری عێراق بكهن له كاتێكدا رۆڵیان ههبووه له ئاوهدانكردنهوهو گهشهپێدانی زۆر وڵاتی تر كه جهنگ وێرانی كردن، وهك وڵاتانی ئهوروپای خۆرئاوا. كێشهكه ههر دیسانهوه پهیوهندی بهم بهرتیله سیاسیهوه ههیه. یهكێك لهو دهرده كاریگهرانهی سیاسهتی بهكارهێنانی كهرتی گشتی بۆ بهرتیل دروستی كردووه بریتیه له هاوكێشهی سهقامگیری بهرامبهر دامهزراندن. بهپێی ئهم تێگهیشتنه، مهرجهكانی بانكی جیهانی و سندوقی دراوی نێودهوڵهتی، ههرچهنده راستیش بن له روی ئابوریهوه، له روی سیاسیهوه ههلهن. ئهم مهرجانه (وهك زیادكردنی داهاته نانهوتیهكان، زیادكردنی باج، گرانكردنی كرێی ههندێ خزمهتگوزاری حكومی) قورسه جێبهجێبكرێن له كاتێكدا وڵاتهكه له دۆخی داڕوخانی ئهمنی و ئابوریدایه. یان له شوێنێكدا كه كهرتی تایبهت رۆڵێكی ئهوتۆی نیه له بازاڕی كارو ئابوری وڵاتهكهدا. ئهوهی عهبادی له وهڵامی خۆپیشاندهراندا تا ئێستا كردویهتی هێندهی تر باری سهرشانی حكومهتی قورسكردووه و دۆخهكهی لهچارهسهری راستهقینه دورخستۆتهوه. ئهمه ههمان ئهو ههڵهیه بوو كهپارتی و یهكێتی له كوردستان كردیان. له ههموو حاڵهتهكاندا، ئهم بهرتیله تهنها تهقینهوهی ناڕهزایی و كێشهكان بۆ ماوهیهكی كورت دوائهخات، نهك چارهسهر. تهمهنی رژێمه سیاسیهكان بۆ ماوهیهكی كورت درێژدهكاتهوه، بهڵام دۆخی ئابوری و بازاڕ خراپتر دهكات و رێژهی ههژاری بهرزتر دهكاتهوه. داتاكانی بانكی جیهانی ئهوهمان نیشاندهدهن كهسهرهڕای دامهزراندنه بهردهوامهكانی كهرتی گشتی رێژهی ههژاری لهعێراقدا له ١٨.٩% ساڵی ٢٠١٢هوه زیادیكردووه بۆ ٢٢.٥% له ساڵی ٢٠١٤دا (١). ههلی كاری كهرتی گشتی دهكرێت به كاربهێنرێت بۆ كۆمهڵێك هۆكاری ئابوری و سیاسی؛ وهك سهرلهنوێ دابهشكردنهوهو دروستكردنی دهستهات، یان رێگایهك بۆ گرانتی سهرچاوهی داهات و دهستهبهری كۆمهلایهتی. (٢) بهڵام له كوردستان و عێراقیشدا هیچ كام لهم ئامانجانه به دینههاتوون؛ چونكه ئهوهی ههیه ههلی كار نیه بهقهدهر ئهوهی بهخشینهوهی كاره وهك بهرتیل. ههموومان بینیمان چۆن حكومهتی ههرێم توانای دابینكردنی موچهی كارمهندهكانی خۆی لهدهستدا ئهوكاتهی نرخی نهوت دابهزی. ههرچهنده حكومهتی عێراق تا ئێستا موچهی دابینكردووه له كاتی خۆیدا بههۆی فرۆشتنی نزیكهی ٣.٥ ملیۆن بهرمیل نهوتی رۆژانهوه، بهڵام ههر رۆژێك نرخی ئهم نهوته له بازاڕه جیهانیهكاندا دابهزی، هیچ گرانتیهك نیه ئهویش وهك ههرێم دهستنهكات به بڕین و دواخستنی موچهی كارمهندهكانی. دهبێت سیاسیهكان لێگهڕێن كهرتی تایبهت ههلی كار دروست بكات، بهڵام ئهمهش بهو ئاسانیه نیهو تهنها به بڕیار ناكرێت، بهڵكو زهمینهی دهوێت. سهقامگیری ئهمنی و سیاسی دهوێت، كاتێك دهكرێت كه دهستی مافیاكانی گهندهڵی له سیاسهت و كهرته جیاجیاكانی حكومهتداكورتبكرێتهوه. سنورێك دابنرێت بۆ ئهو بهرپرسانهی كه ناهێلن كهس پرۆژهو كاری ههبێت گهر پشكێكی ئهوانی تیا نهبێت. ١- بڕوانه سایتی بانكی جیهانی https://www.worldbank.org/en/country/iraq/publication/economic-outlook-april-2018 ٢- Pirttilä, Jukka, and Matti Tuomala. "Public Versus Private Production Decisions: Redistribution and the Size of the Public Sector." FinanzArchiv / Public Finance Analysis 61, no. 1 (2005): 120-37. http://www.jstor.org/stable/40913068.