دواخستن یان بایكۆت!

Draw Media

2018-08-08 13:20:05



■  كەمال رەئوف..

حیزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان، بەدەم خەریكی پاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانن و بەدەستیان خەریكی سیخناخ كردنی دەنگی ساختەی ترن. دیارە ئەوان چیتر بۆ حوكمرانی شەری شەرعیەت لەگەڵ هیچ لایەك ناكەن، بەڵكو ئەوان شەری ئەوە دەكەن دەسەڵات و هێزیان بەدەستەوە بێت بۆ حوكمرانی، هەربۆیە نزیكەی 240 هەزار دەنگی ساختەو مردو لە تۆماری دەنگدەران هەیە و بە ئەنقەست پاك ناكرێتەوە، جیاوازی تۆماری دەنگدەرانی بەغداد و هەرێم 275 هەزار ناوە، ئەمە جگە لەو دەنگ و ناوانەی كە بەناوی ئاوارەوكوردانی دەرەوەی هەرێم خزێنراونەتە ناو تۆمارەكەوە، ئەمە جگە لەو هەموو پێناسە ساختەیەی ئامادە كراوە لە رۆژی هەڵبژاردن دەنگیان پێبدرێت، ئەمانە جگە لەو هەموو گزی و ساختانەی لەكاتی هەڵبژاردن بەناوی دەنگی تایبەت و بەرێگای تر بۆمانەوەی خۆیان بەكاری دەهێنن. باشە هەڵبژاردنێك بەم شێوەیە بەرێوە بچێت كە هێزەكانی دەسەڵات تەنها هەر بەگەزی بەرژەوەندیەكانی خۆیان دۆخەكە بیپێون، ئەبێت بۆچی ئەم هێزانەی تر غیرەتی ئەوەیان نەبێت بەمەبەستی هێنانە پێشەوەی دۆخێكی لەبار بۆ هەڵبژاردنێكی باشتر لەوەی ئێستا، داوایی دواخستن و چاككردنی دۆخی هەڵبژاردن بكەن، هەڵبژاردنێك كە هەموو كەس بزانێت سەری گوریسەكە تاكۆتاییەكەی بەدەست كێوەیە، ئەبێت هونەر و حیكمەتی ئەم تاقیكردنەوە تاڵە بەناوی هەڵبژاردن چی بێت و بۆچی بێت؟. 
هەردوو حزبی خاوەن دەسەڵات شەرم ناكەن و شانازیش بەوەوە ئەكەن، كە خواستی خۆیان بسەپێنن و كەی مەبەستیان بوو هەڵبژاردن بكەن، كەی نەیانویست دوایبخەن، چۆن ویستیان یاسای بۆ دەربكەن، كە نەشیان ویست دەرگای پەرلەمان بەتەواوەتی دابخەن، ئاخۆ ئەبێت ئەو لایەنانەی كە خۆ بەئۆپۆزیسۆن دەزانن، ئیتر شەرم لەچی بكەن گەر مەرجی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن، چاككردن و دروستكردنی دۆخێكی گونجاوتر و پاكتری بێ‌ ساختە بێت، بەپێچەوانەوە دەبوایە حزبە زیان لێكەوتوەكانی هەڵبژاردنی 12/ 5 خاوەن پرۆژەو بەرنامەیەكی هاوبەشی تۆكمەو رۆشن بوونایەو تائاستی بایكۆت و تاكە مەرجیان بۆ بەشداریكردن لەم هەڵبژاردنە، دورخستنەوەی كاری ساختەكاری بوایەو بۆ ئەمەش ئەركی گەورەیان بۆ حكومەت دیاریبكردایەو بەرپرسیارێتیەكەیان بخستایەتە سەر شانی حكومەت و لەبەرامبەر ئەنجام نەدانیشیدا، داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و دروستكردنی حكومەتی كاربەرێكاریان مەترح بكردایە، دەبوایە ئەوان بۆ سەرپەریشتی ئەم هەڵبژاردنە، لەپێش هەر شتێكیشەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانیان بكردایە بە دورخستنەوەی ئەندامەكانی خۆشیانەوە، چونكە ئێستا ئەوەی گرفتە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاكی بێ‌ ساختە هەر بێ‌ باكی ئەندامانی دەسەڵات نییە لەكۆمیسۆن، بەڵكو شەرم و بێ‌ ئیرادەی ئەندامەكانی خۆشیانە. ئێستا مادام هەڵبژاردن پرنسیپەكانی خۆی لەدەستداوەو خاڵی كراوەتەوە لەبەهای دیموكراتیەت و گەرانەوەی شەعیەت بۆ حوكمرانی، ئیتر ئەبێت ململانێ بۆ وەرگرتنی حوكمرانی ململانێی وەرگرتنی گۆرینی هاوسەنگی هێز بێت، نەك جوانكردن و رەنگ كردنی شەرعیەتی حوكمرانی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand