تەسلیمبوون بە تەزویر

Draw Media

2018-08-09 21:06:35



■ پەیكار عوسمان .....

هەڵبژاردنی پێشوو ئەوترا خەڵکینە بڕۆن بۆ دەنگدان، ئەمجارە جیهازەکە نایەڵی تەزویر بکرێ. دوای سێ مانگ ئەڵێن خەڵکینە بڕۆن بۆ دەنگدان، ئەمجارە جیهازەکە لابراوەو شتەکە وەك پێشتری لێدێتەوە!

ئەم هاتوچۆیە لەنێوان دوو تەزویردا، ئەم گەڕانەوەیە بە مەمنونی بۆ تەزویری پێشوو، هەڵبژاردن وەکو دوو ئەگەری تەزویر کە سێیەمی نیە، ئەم دارە کە هەردو سەری تەزویرەو هەموو جارێکیش دەستی پێوەئەگرین، زۆر بە کورتی یەعنی (تەسلیمبوون بە تەزویر).

تەسلیمبون بە تەزویریش یەعنی تەسلیمبوون بە دۆخی مەوجود. تەسلیمبوون بە دۆخی مەوجودیش یەعنی لەدەستدانی هێزی گۆڕانکاری!

سەیرکە ئەو هەڵبژاردنی کردوە بە شاڕێ ی تەزویر لەپێناو نەگۆڕانی دۆخەکە. تۆش هەڵبژاردنت کردوە بە شاڕێ ی خەبات لەپێناو گۆڕینی دۆخەکە.
دەی ئەو لەکارەکەی خۆیدا سەرکەوتوبووە. تۆش فەشەلت هێناوە لەوەدا کە ڕێگری لێبکەیت. هەر بەمەش هەڵبژاردن بووە بە ڕێگای نەگۆڕان. ئێ کە شتەکە ڕێگای نەگۆڕان بێت، چۆن لەهەمان کاتا ڕێگای گۆڕانیشە دەماغ ؟

بەڵێ هەڵبژاردن باشترین ڕێگای گۆڕانکارییەو پێویستی بە نەفەس درێژی و بەردەوامی ئێمە هەیە، بەڵام تا کەی؟ بێگومان تا ئەو کاتەی کە نەبووبێت بە ڕێگای نەگۆڕان. 
کە بووبە ڕێگای نەگۆڕان ئیتر ئەبێ هەڵبژاردن خۆی بگۆڕین، نەك ئەوەی هێشتا بەتەمابین لەڕێی ئەوەوە شتەکان بگۆڕین. 
ئاخر هەڵبژاردن وەسیلەیەو گۆڕین ئامانجەکەیە. تۆ ئەبێ لەسەر گۆڕین سورو بەردەوام بیت نەك لەسەر هەڵبژاردن، چونکە هەنێجار خودی هەڵبژاردن پێویستی بە گۆڕینە.

دواتر بۆ هەڵبژاردنت لێبووە بە موقەدەس و پێتوایە فەرزە پەرستشەکەت ئەنجام بدەی لەڕێی بەشدارییەوە؟
بۆ بایکۆتت لێبووە بە کفرو بە دژی هەڵبژاردن؟ لە کاتێکا بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە، پێش هەر شت لەپێناوی خودی هەڵبژاردنە، هەر بۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردن توانای گۆڕانکاری بەدەست بهێنێتەوە.

بۆ پێتوایە بایکۆت یەعنی توندوتیژی، لەکاتێکا بایکۆتی هەڵبژاردن هەر وەکو بەشداری هەڵبژاردن، خەباتێکی تری مەدەنییە!

کە باسی بایکۆت ئەکرێ، یەکسەر ئەڵێی ئەی دوای بایکۆت چی؟ وەك ئەوەی خودی بایکۆت خۆی لە خۆیدا کارێك نەبێت!
جا ئەگەر وابێ عەکسەکەشی ڕاستە، ئەی دوای هەڵبژاردن چی؟ یان بەشداری حکومەتە یان موعارەزەی پەرلەمانی خۆ لەمە زیاتر نیە. دەی ئەم دووانە هەردوکیمان بینی بە چەقبەستویی، بۆ ئەمجارە موعارەزەی دەرەوەی پەرلەمان تاقینەکەینەوە؟

دواجار 'شەڕی ئازادی' شەڕی گۆڕانکاریی و تەسلیمنەبوونە بە نەگۆڕان. هەرشتێك تەسلیمت بکا بە نەگۆڕان ئەبێ لێی یاخی ببیت. هەر ڕێگایەك بتبا بەرەو نەگۆڕان ئەبێ پیای نەڕۆیت. هەر شتێك ببێتە چوارچێوەی نەگۆڕان ئەبێ لێ ی بێتە دەرەوە.

کاری تۆ ئەوەیە کە وەسیلەکانی نەگۆڕانیش تەرجەمە بکەیت بۆ وەسیلەی گۆڕان، نەك ئەوەی کڵاوی سیاسیت بۆ بدورن و وەسیلەکانی گۆڕانت بۆ بکەن بە وەسیلەی نەگۆڕان و تۆش مێش میوانت نەبێ.

لە ئێستایا ئازادیخوازیی یاخیبوونە لە هەڵبژاردن، چونکە هەڵبژاردن سجنت ئەکاتەوە لە دۆخی هەییدا.
لە ئێستادا گۆڕانخوازیی وەستانەوەیە بە ڕووی هەڵبژاردندا، چونکە هەڵبژاردن لەسایەی تەزویردا بۆتە چەقی نەگۆڕانی سیاسیی.
لە ئێستادا 'ئیرادە' نایەکی گەوەیە کە بە هەڵبژاردن بوترێ، چونکە دواجار هەڵبژاردن هەموو ناکانی ناوی ئەکاتەوە بە بەڵێ بۆ دۆخی مەوجود.

کە نەگۆڕی ناو هەڵبژاردن تەزویربێت، هەڵبژاردن توانای گۆڕینی نامێنێ.
بۆیە لە ئێستادا شاڕێ ی گۆڕانکاری بایکۆتە، چونکە هەڵبژاردن بووە بە شاڕێ ی 
نەگۆڕان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand