■ فرمان عەبدولڕەحمان سی و یەکی ئاب رووداوێک نیە لە دوامانەوەو لە رابردوودا روویدا بێ بەڵکو رووداوێکە لەبەردەمانداو ئەگەرێکە دەشێ ئایندە لێوانلێو بێ لەو بەروارانە مەگەر شازدەی ئۆکتۆبەر چی بوو.. سی و یەکی ئاب تەنها خیانەتێک نیە پارتی ئەنجامی دابێت بەڵکو بەشێکە لەو وێنە شێواوەی کە لە دونیابینی هەردوو حیزب پارتی و یەکێتیدا ئامادەیی هەیە دونیابینیەک لەسادەترین مانایدا پێمان دەڵێن ئەم دوو هێزە ئێستاشی لەگەڵدا بێ هەموو شتێک دەکەن بۆ پاراستنی نفوس و دەسەڵاتی خۆیان هەموو سنورێک دەبەزێنن بۆ مسۆگەر کردنی بەرژەوەندیە حیزبیەکانیان سی و یەکی ئاب و رووداوە هاوشێوەکانی پێمان دەڵێن کە پارتی و یەکێتی لە رابردووش و ئێستاشی لەگەڵدا بێ شتێکیان نەهێشتۆتەوە بە ناوی پرەنسیپی نەتەوەیی هەر یەکێکیان چی بۆ حیزبەکەی باش بوبێ رووپۆشی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریان بۆ دووریوە.. ئاخر هەر هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ چی بوو جگە لە شکستی ئەو دوو پرۆژە سیاسیەی ناویان یەکێتی و پارتی بوو. تۆ تەماشا بکە لە مێژووی چ میللەت و لە ئەدەبیاتی سیاسی چ گەلێکدا شتی وا هەیە کە نەتەوەیەک تەنها شەش ساڵ پێش هەڵگیرسانوەی شەڕی ناوخۆ رووبەڕووی گەورەترین جینۆساید بوبێتەوە لەلایەن بەعسەوە لە رێگەی پەلامارەکانی ئەنفالەوە بەڵام دوو هێز کە دەبوو سارێژکەری برین و زامە نەتەوەییەکانمان بن دێن لەسەر دەسەڵات و داهاتی گومرگ براو باوک و ئامۆزاو دراوسێ دەکەن بە گژ یەکدیداو لەپێناو سڕینەوەی یەکتری دەستی دوژمن و بێگانە نامێنێ ماچی نەکەن.. ئەزانم پارتیەکان پاساوی ئەوە دێننەوە کە یەکێتیش پەنای بردە بەر ئێران بو لەناوبردنی پارتی کە بە فیعلیش یەکێتی ئەمەی کرد لێرەدا مەسەلەکە بەم خورشیدو خاوەرە تەواو نابێ ئێمە قسەمان لە هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆیە کە لەدوای ئەنفالەکانەوەو لە دوای کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستانەوە دەبوو پارتی و یەکێتی هەرگیز بیریان لە بژاردەی لەو شێوەیە نەکردایەتەوە چونکە سی و یەکی ئاب و خیانەتەکانی دیکەش بەشێک بوون لە دەرەنجامە دۆزەخیەکانی ئەو جەنگە خوێناویە کە بەرهەمە ماڵوێرانکەرەکەی دابەشکردنی کوردستان بوو بۆ دوو ئیدارەو دوو جوگرافیاو بە ئێستاشەوە کەلێنێکی وایکردە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەیی کوردەوە هەتا چەندین نەوەی داهاتووش باجەکەی دەدەین.. هەر بۆ زانیاری لە ئەم نەوەیە لە ساڵانی دوای ۱۹۹۸ەوە کە شەڕی ناوخۆ بە فشاری ئەمریکا وەستێنرا لە نێوان هەولێرو سلێمانی ۱٤ سەیتەرە هەبوو من خۆم ئەوەم یاداشتکردووەو بە چاوی خۆم بینیومن جا ئەگەر روخانی سەدام و پرۆسەی ئازادی عێراق نەدەبوو ئێستاش ئەبوایە هاواری یەکخستنەوەی ئیدارەکانمان بکردایە ئێمە دەمانوت تکایە نەتەوە پێویستی بە بیناکردن هەیە ئەمەش پرۆسەیەکە دەبێت هوشیاری سیاسی لە پشتەوە بێ یەکێتی و پارتی لەبری ئەوەو بەهۆی تێکەڵبونی بەرژەوەندیە ئابوری و حیزبیەکانیانەوە رێککەوتننامەی ستراتیژیان ئیمزاکردو هەموو شتێکیان قۆرخ و دابەشکردەوە جارێکی دی.. واتە دابەشبونەکە و دوو ێیدارەکە هەر مایەوە بەڵام ئەمجارە نفوزو دەسەڵات و پارە لەبری ئەوی لە رێگەی بەرەکانی جەنگەوە دابەش بکەن لە رێگەی کۆبونەوەکانی دوکان و سەری رەشەوە دابەشکران ئای هاوڕێیان مەگەر ئێوە بیرتان نایە چەند کۆبونەوە لەو دوو شوێنە ئەنجامدرا.. ئێستا ۲۲ ساڵ تێپەڕ دەبێ بەسر خیانەتی سی و یەکی ئابدا دابەش بون و جیاوازیەکان لە ئاستێکی ترسناکترو کوشندەتردایە پارتی و یەکێتی لە بری دروستکردنی نەتەوە بە مانا سیاسیەکەی هێندەی نەماوە نەتەوەیەک تا سەر ئێسقان داغان بکەن. ئەو پرۆژە حوکمڕانیەی بریاروو جێگەی شانازی چل ملیۆن کورد بێ ئێستا ناتوانێ موچی موچەخۆرەکانی دابین بکات جومگە سەرەکیەکای تا بنا گوێی نوقمی گەندەڵی و فەسادە نائومێدی و شەوەزەنگێکە هەتا خوا حەز بکات ئاسۆیەک دیار نیە لە هەموو ئەمانە کارەساتتر ئەوەیە پارتی و یەکێتی هیچ وانەیەکیان لە رابردوو وەرنەگرت و نەوەی دووەم سێیەمی سەرانی ئەو دوو هێزە ئامادەن دەستی هەموو بێگانەیەک ماچ بکەن بەڵام ئامادە نین لە پێناو دروستکردنی نەتەوەدا بچوکترین سازش بۆ یەکتر بکەن پارتی و یەکێتی ئێستا پەتایەکی کوشندەن بۆ کورد
■ هێرش عەبدولڕەحمان کێشەی گەورەی کورد ئەوەیە کەبیەوێت کەسێک بشکێنێت وا بچوک باسی دەکات ، دایئەمالێت لەھەموو بەهایەک ، یان بیەوێت کەسێک گەورەبکات شوێن نیە بیگرێت . دوو ھاورێی ئەمریکم ھەیە کاتی خۆی ڕاھێنانیان بەپێشمەرگاکانی یەکێتی و ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دەکرد ، زۆر دۆستی مام جەلال و بارزانی بوون ، لێرە خانەنیشین بوون ، لەکوردستان لەمام جەلال و بارزانی دەسەڵاتیان فراوانتربوو ! نەڤیزەیان ھەبوو ، نەھیچ ، دۆکیومەنتێک لەخۆشەویستی بارزانی و مام جەلال . ھەردووکیان خاوەنی پاسپۆرتی ئێس ی عێراقی بوون ، ھیچ بازگەیەک لەشەڕی ناوخۆش نەیئەتوانی ڕایانبگرێت ، کەی بیانویستایە ئێوارە خوانیان بۆ ئامادە دەکرا ، ئەوان ناویان ( M و G )یکە ، ئێستا لەئەمریکا خەریکی ژیانی خۆیانن ، ھەموو موسئولە کوردەکان ئەناسن ، وەعدی بیرە نەوتیان لەھەموویان وەرگرتوە ، کەکورد ببێت بەشت ، بیرە نەوتێک لەپاداشتی ئەو ھاوکارییەی بۆ ئەوانی وەردەگرن ، ئێستا کەتەلەفۆن بۆ من دەکەن ، یان ئیمێڵ ، بە بێ سفەتی سەرکردەکان و کورددا دێنە خوارەوە . مەبەستم لەو پەڕەگرافەی سەرەوە ئەوەیە ، کەئەوان خاوەنی ھیچ پۆستێک نەبوون ، بەڵام بارزانی و تاڵەبانی وەک سەرۆکی ئەمریکا تەعمولیان لەگەلدا دەکردن ! لەکاتی ڕیفراندۆمەکە و ئێستاش ، بەردەوام ناوی مەککۆرگ لە میدیاکان بەشێوازی سەیر باس دەکرێت ، بێ ئەوەی سەرکردایەتی کوردی لەپێگەی ئەو پیاوە گەیشتبێت ، مناڵوتواڵیان ڕاسپاردووە سوکایەتی بەمەکگۆرگ دەکەن ، لەکاتی ڕیفراندۆمەکە ، لەئۆفیسی بارزانی کارمەندێکی سەرۆکایەتیەکەی نامەی بۆ ناردم ، کە بارزانی ڕێگای بدات ، مەکگۆرک ئەداتە بەر شەق و ، ڤیدۆی دەگرێت و بۆ منی دەنێرێت ! من داوام لێکرد بیکات ، نەیکرد ! ئێستاش بابەتێک سەرتاپای میدیای کوردی داگیرکردوە ، گوایە بارزانیە لە مەکگۆرگ توڕە بووە و ، ووتوێتی لێت قبوڵ ناکەم ! شت بەسەر ئێمەدا پسەپێنی ! ، من دڵنیام شتی وا ڕووینەداوە ئەگەر شتی وا روویدابێت دڵنیام مەکگۆرک ڕوو دەکاتە هێزەکانی ترو پارتی بێ بەش دەکات لەحکومەتی داھاتووی عیراق ، دواتر ھەرچی مەلەفی بازرگانی لەگەڵ داعش و فرۆشتنی نەوتی بۆ زیندو دەکاتەوە . سەردەمی ڕیفراندۆمیش ئەو پێداگریەی بارزانی وایکرد ، بە ئۆکەیەکی مەکگۆرگ حەشد گەیشتە پردێ ، ئەیانتوانی تا زاخۆ نەوەستن ، بەس ھەر خۆی وەستاندی . مەکگۆرک وەک ترامپ گیری خواردەوە بەدەستی فەیک نیوزی کوردی ، لەداخا لەو دوو ڕۆژەی ڕابردوودا لە تویتەر ، بەزمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی تەوای ئەو ھەواڵانەی بەدرۆ خستەوە . بڵاوکردنەوەی ئەو قسانە بەمەبەست بێت یان بە درۆ ، زیانی زۆری بۆ کورد ھەیە ، نەبوونی ئەتەکێت و ، زمانی دیبلۆماسی ، وای کردوە کورد ھەر لە شوێنی خۆی بێت ، بۆیە نەوکەونە ھەڵەو قسەی مناڵانە . پێگەی مەکگۆرک زۆر لەوە گەورەترە کە لای حزب وێنا دەکرێت ، مەکگۆرک ، سەرپەرشتی ھەردوو مەلەفی عیراق و سوریا دەکات ، کەپێکھاتوە لەوەزارەتی دەرەوە و پەنتاگۆن و دەزگاکانی زانیاری ، مەکگۆرک ، لەھەموو ئەو کاربەدەستە ئەمریکی و ئەوروپیانە دەسەڵاتی زیاترە کە لەناوچەکەن ، ئەو ئەتوانێت بە یەک تەلەفۆن ھێزە ئەمریکیەکان ئاراستە بکات ، ئەگەر بیەوێت ئەتوانێت ھەر بارەگایەکی حزبیت بۆ بداتە بەر سارۆغ و ، ھەرچی سەرکردەیە تورەکە بکاتە سەری ، کام ھێزە عیراقیەی بەربەستی بۆ دروست دەکات تڕۆی بکات . مەکگۆرک لەچاو بێ ئەقڵێکی حزبی نەزان و لوسکەیە ، ئەگینا ئەو باوەڕەی لەپشت مەکگۆرگە ، ھیچ سەرکردەیەکی کارتۆنی و دز لە عیراقی و کوردستان لەئاستیا خۆی ناگرێت .
■ دانا حەمەعەزیز ساواك و میت ڕۆڵی هاوبەشیان بینی لەدروستکردنەوەی پارتی و، یەکەم گورزیشیان لە شۆڕش، دوای لەناوبردنی برایم عەزۆ گەرگەری و هاوڕێکانی، کوشتن و بەدیلگرتنی سەدان پێشمەرگە بوو لەهەکاری لە بەهاری ١٩٧٨دا. ئەوترێ لە پایزی ١٩٧٨ دا، بارزانی ئامادە بووە پشتیوانی لە پۆلیس و سوپای شا بکا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران، هەرچەندە بەڵگەنامەکانی ئەم هەڵوێستە تەنها لە ئەرشیفی ئیتلاعاتدا هەڵگیراوە، بەڵام دوای کەوتنی شا و ڕوخانی حکومەتەکەی شاپور بەختیار، قیادەی مۆقەتە بای دایەوە، ئەوکاتە بارزانی ڕەحمەتی هێشتا لە ژیاندا بووکاتێ لە ژێر ناوی (ڕەزمەندگانی موسلمانی عێراقیدا) چوە سەنگەری سوپای پاسداران لە شەڕ لە دژی (کۆمەڵە و دیمۆکرات و هێزەکانی شێخ عزەدینی حوسەینی) کە زۆربەی شارو ناوچەکانی کوردوستانی ئێرانیان لە پاوە وە هەتا شنۆ و خانێ، بەدەستەوە بوو. پەیوەندی نێوان ئێران و پارتی بەو شێوەیە نیە کە دەزگا ڕاگەیاندنە (سێبەرەکان)ی پارتی دیعایەی بۆ ئەکەن، ڕاستیەکەی ئەوەیە کە تائێستا هیچ دەزگایەکی (فەرمی) پارتی یان (کەسایەتیەکی بارزانی) زاتی ئەوەی نەکردوە بە ڕێکەوتیش یەك وشەی خراپ لەسەر ئێران بڵێ. بەدرێژایی ساڵانی هەشتا، پارتی بە پشتیوانی ئێران و سوپای پاسداران لە سنورەکانەوە شەڕی لەگەڵ یەکێتی کردوە چ بە تەنیا چ لەگەڵ بەرەی جود. بەدرێژایی ٢٧ ساڵی ڕابردوو و بە ئێستاشەوە، پارتی ڕێگەی نەداوە هیچ بارەگایەکی هیچ حزبێکی کوردودستانی ئێران لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بن بە هەولێریشەوە. پارتی لە شەڕی ناوخۆدا لە ساڵی ١٩٩٤ قوڕگی کوردوستان(برایم خلیل) ی کۆنتڕل کرد و یەکێتی لە نێوان تەسلیم بوون بە پارتی و بەعس یان دۆستایەتی ئێراندا هێشتەوە، ئەوکاتە یەکێتی بەهۆی هەڵوێستی توندی دژی ئێران لەسەر تیرۆرکردنی سادقی شەرەفکەندی، پەیوەندی لەگەڵ ئێران بەتەواوی پچڕاندبوو. بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، پارتی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێراندا پتەوتر کرد و ئێران بەئاشکرا حاجی ئۆمەران و چۆمان و قەسرێ و پشتی قەڵادزێ و پێنجوێن و هەڵەبجەی تەسلیم بە پارتی کرد، ئەدهەم بارزانی بە پشتیوانی سوپای پاسداران، حەسن کوێستانی و هاوڕێکانی کوشت و، پارتی بە تۆپخانەی ئێران لە (کێلێ) وە قەڵادزەی خەڵتانی خوێنکرد. ساڵی ١٩٩٤، کاتێ یەکێتی ناچار بوو ڕادیۆکەی حزبی دیمۆکرات بگوازرێتەوە بۆ کەرکوك، ئێران بێمنەتی ڕاگەیاند و بە ئاشکرا بە یەکێتی وت "ئەوەی کردوتانە لە چاو ئەوەی پارتی بۆمانی ئەکا هیچ نیە، ئێوە ڕادیۆکەیان دا ئەخەن پارتی کادر و پێشەمەرگەکانیانمان بەمردوویی و زیندووی تەسلیم ئەکاتەوە"! بەدرێژایی مێژووی دووروو نزیك و بە ئێستاشەوە، دۆستایەتی پارتی لەگەڵ ئێران، لە هەموو حزبەکانی تری کوردوستانی عێراق باشتر بووە.
■ گوڵاڵە سدیق ئەوەی دەگوزەرێ لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن نیه، بەڵکو شانۆگەرییەکە، کە لە پێشدا دەق و سیناریۆ و ئەکتەرەکان و کۆتایی شانۆگەریەکەش ئامادەکراوە. لە ساڵی ١٩٩٢ کە بۆ یەکەم جار هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا، بە شاهیدی خودی مام جەلال و زۆربەی هەرە زۆری چاودێران و ڕەخنەگران، هەڵبژاردنێکی پڕ تەزویر بوە، بەتایبەت لەژێر قەڵەمڕەوی پارتی دیموکراتی کوردستاندا. بەجۆرێک لە دهۆک و زاخۆ بەڕێژەی زیاتر %110 خەڵکی دەنگیان داوە. لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقیشەوە هەمیشە باسی تەزویر لە هەڵبژاردنەکانی عیراق کراوە، بەجۆرێک کەهەمیشە ناکۆکی خستۆتە نێوان هێزە ڕکەبەرەکانەوە. لەسەرەتادا هێزەکان بەسەر کورد و عەرەبی سونە و عەرەبی شیعە دابەشکرابو، ئەمەش وایکردبو کە هەندێک جار چاوپۆشی لە تەزویراتی هەڵبژاردنەکان بکرێت، چونکە هەمو کورد بەلیستی کوردستانی یان هاوپەیمانی کوردستانی دەچوە ناو هەڵبژاردنی عێراقەوە. بەڵام لە دوای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئەم کلتورە شکا و هەر حزبەو بەجیا دەچوە ناو پرۆسەکەوە، ئەمەش کاری تەزویرکردنی قورستر کرد بەتایبەت لەناو بنەکانی دەنگداندا. چونکە پێش دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان هەمو بەڕێوەبەری بنکە و وێستەگانی دەنگدان لەگەڵ چاودێری لایەنە سیاسیەکان ڕێکدەکەوتن کە سندوقەکان بە دەنگی کورد پڕ بکەنەوە. لیستی نیمچەکراوە و لیستی جیای حزبەکان وایکرد کە نەتوانرێ ئەم تەزویراتە ڕاستەوخۆ لەناو بنکەکانی دەنگدان بکرێ، بەڵکو بو بەهۆی ئەوەی هێزە دەسەڵات بەدەستەکان، لەڕێگەی جۆراوجۆر و هانا بردن بۆ ناوی وەهمی و مردو و دەستێوەردانی کۆمسیۆنی پارێزگاکان و هەندێ جاریش کارەساتی وەک شەوی ئەلبیسەکە لە سلێمانی باری لاری حزبەکانیان ڕاست بکەنەوە و تەزویر بکەن. ئەوانەی کە لە نزیکەوە ئاگاداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانن باش دەزانن کە لە ساڵی ٢٠١٤ بزوتنەوەی گۆڕان ١٧ کورسی بەدەست هێنا، بەڵام بەهۆی تەزویرکردن لە حزوری کاک نەوشیروان لە ژیاندا، ٥ کورسی تەزویر کرا، هەر ئەوکاتە لەبەر هەڵنەگیرساندنی شەڕ لە سلێمانی ئەنجامەکان قبوڵ کرا. وە لە کۆتا هەڵبژاردنی عێراق ٢٠١٨ ئەو فەزاحەتە تەزویرەی ڕویدا لە عێراق، هیچ هۆکارێکی نەهێشتوەتەوە بۆ ئەوەی هێزە عێراقی و کوردییەکان باوەڕیان بە هەڵبژاردن بمێنێ. چونکە ئەو هەمو بەڵگە کۆنکرێتی و ڤیدیۆییانە خرانە ڕو، کافی بو بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە هەڵبوەشێتەوە. بۆ یەکەمجار بو لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بەرپرسانی کۆمسیۆن، خودی خۆیان، لە بەرنامە تەلەفزیۆنەکانەوە بەڵگەکانی تەزویان بڵاو دەکردەوە. وە بۆ یەکەمجار بو لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە ئەندام پەرلەمانەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان بکەن. بەڵام بەداخەوە وەک هەمو جارەکانی پێشو ئەنجامەکان قبوڵکرا. کەواتە کردن و نەکردنی هەڵبژاردن وەک یەکی لێهاتوە، پێویستە لەسەر هێزە دەنگ دزراوەکان بە دەنگێکی دلێر داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکەن، لەحاڵەتی کردنی هەڵبژاردنیش ئەمان زۆر بە بوێری بایکۆتی پرۆسەکە بکەن. چونکە خەڵک لە دوای ١٢ ی ئایارەوە زۆر نائومێد بوە لە هەڵبژاردن بە هەمو پێوەرێک بۆ هەڵبژاردنی ٣٠ ی ئەیلول %70 ی خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات، هەر لەبەرئەوە پێویستە هێزە دەنگ دزراوەکان هیچ ڕەوایەتیەک نەدەن بەم شانۆگەرییە، چونکە سیناریۆ و دەق و ئەکتەرەکان و کۆتاییەکەی هەر لە ئێستاوە لای جوت هێزی دەسەڵات نوسراوە. پێویستە هێزە دەنگ دزراوەکان بگەڕێنەوە بۆ ناو خەڵک، لەگەڵ %70 خەڵک بەدەنگێکی بەرز بڕیاری دواخستن یان بایکۆت بدەن. عەیبەیەکی گەورەیە بۆ تەنها جارێک دژی تەوژمەکانی دەسەڵات نەتوانن بڕیار بدەن، با بەدەردەکەی ڕیفراندۆم نەچین!
■ پەیكار عوسمان (٣١ی ئاب و هاوشێوەکانی، لە شەڕی ناوخۆوە هاتوون، شەڕی ناخۆ لە حیزبی چەکدارەوە هاتووە، حیزبی چەکدار لە فیکرەی شۆڕشی چەکدارییەوە هاتووە، شۆڕشی چەکدارییش لە بڕوابوون بە توندوتیژییەوە هاتووە) ئەمە هەمووی یەك پاکێجەو خیانەتی عوزماش پاکێجەکەیە، نەك تەنیا بەشێکی. عەمالەت لەو ساتەوە دەسپێئەکا کە چەك ئەکەینە شانمان، خیانەت لەو کاتەوە دەسپێئەکا کە شۆڕش هەڵئەگیرسێنین، ناپاکی سیاسیمان وا بەسەر نوکی شمشێرەوە! چونکە بێ پشتیوانی ئەملاولا شۆڕشی چەکداری ناکرێت، بە حوکمی جوگرافیاش، ئێمە لە شۆڕشدا هەمیشە پشتمان بە یەکێ لەو چوارلایە بەستووە، کە هەر خۆمان پێیان ئەڵێین دوژمن!! یەعنی لە ڕاستیدا، ئێمە لە چەکەوە یاخی نەبووین، ئێمە لە چەکەوە تەسلیمبووین. ئێمە لە شۆڕشەوە بەرگریمان دەست پێنەکردوە، ئێمە لە شۆڕشەوە جاشێتیمان دەستپێکردوە. ئێمە لە شەڕەوە نەبووین بە پارێزەری ماف، بووین بە فرۆشیارو هەڕاجکەری ماف! ئاخر جاشەکان تەنیا ئەوانە نین کە چەکیان بۆ ڕژێمی (ئەلف) هەڵگرتووە دژی شۆڕش، بەڵکو شۆڕشگێڕەکانیش بە جۆرێك لە جۆرەکان چەکداری ڕژێمی (بێ) بوون و ئەوانیش بە دیوێکا هەر جاش بوون، ئەسڵەن ئەم جاشەی دووەمە کە هۆکارو پاڵنەری دروستبوونی جاشی یەکەمیشە! شەڕەکانی ناوخۆ کە خیانەتی هەرە گەورەیە، کێ کردویەتی و ئەیکا؟ هەر حیزبی چەکدار، هەر (پارتی و یەکێتی و پەکەکەو کۆمەڵەو دیموکرات..) هەر ئەوانە کە پێیان ئەڵێین پێشمەرگەو گەریلاو قارەمان و شۆڕشگێڕ! شۆڕش شەرعەیەتی شۆڕشگێڕیت بۆ ئەهێنێ و شەرعیەتی شۆڕشگێڕیش عەبایەکە دزی و خیانەت و شەڕو پیاوکوشتن و تیرۆر و مافیایی و تاڵانی و هەموو شتێك دائەپۆشێ، هەموو شتێکی لە پاڵا ئەکرێ، جگە لە دیموکراسی! تۆ ئەگەر بتەوێ ئەزموونێکی دیموکراسی دەستپێبکەیت، ئەبێ شەرعەیەتی شۆڕشگێڕی کۆتایی پێبێنیت. چەكی شۆڕشگێڕەکان ئەگەر نەکرێ بە چەکێکی نیزامی، ئەزمونێکی تری ستەمکاری دروست ئەکاتەوە نەك ئەزمونی ڕزگاری. نەوشیروانیش بە حوکمی پاشخانە مەعریفییەکەی، پێش هەمووان عەقڵی بەمە ئەشکێ و ئەگەرچی خۆی قائیدی ڕاپەڕین و شۆڕش و شەڕو شۆڕە، کەچێ هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ڕاپەڕینەوە، دێ باسی هێزی نیزامی و حکومەتی دامەزراوەو کۆتایی هێنان بە شەڕعیەتی شۆڕشگێڕی ئەکات. (هەر ئەوەی کە ئەڵێ من بەو هەموو مواسەفاتەوە لە خۆم ڕانابینم ببم بە محافزی سلێمانی..) ئەتوانین بڵێین ئەو پیاوە تاکە سەرکردەی دیموکراسی ئێمەیە، چونکە لە مەترسی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی تێگەیشتووە! ئەگەرچی کەس شەرعیەتی شۆڕشی بەقەت ئەو نیە، کەچی نەك لەسەر ئەو وەتەرە یاری ناکات، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە ئەیەوێ ئەو وەتەرە بپچڕێنێ، چونکە ئەزانێ وەتەری خیانەت و ستەمکاریشە! کاتێ ئاپۆش لە پرۆسەی ئاشیتیدا داوای چەکدانان لە قەندیل ئەکات، لەڕاستییا داوای تەسلیمبوونیان لێناکات، بەڵکو ئەیەوێ تەسلیمبوون کۆتایی پێبێنێت! چونکە لە وێنە گەورەکەداو لە نەتیجەدا، چەك هەمیشە فاکتەری تەسلیمبوونمانە نەك یاخیبوونمان. ئەمەوێ بڵێم ئێمە لەگەڵ چەکا کەسایەتییەکی تێکشکاومان هەیە، کە مەشروعی خیانەت و عەمالەت و جاشێتییە. بۆ ئەوەی بگەین بە کەسایەتییەکی ترو پەروەردەیەکی تر، ئەبێ چەك لە شانمان و توندوتیژی لە عەقڵمان داکەنین. ئێمە بە چەکەوە بمانەوێ و نەمانەوێ هەمیشە لەسەر هێڵی خیانەتین، تەنیا بە فڕێدانی چەك ئەتوانین بکەوینە سەر هێڵی نیشتمان.
■ عەلی كەریمی لای من ڕۆژێکی پیرۆز و مهزن و وهرچهرخانهو دهستی پیلانی بڕی و تا بهئهمڕۆ دهگهین سوودهکانی ٣١ی ئاب ههر له زیادبوونن. ئهگهر ٣١ئاب نهبا، ئێستا شتێک نهبوو بهناوی قهوارهی سیاسی ههرێمی کوردستان و دهستکهوتی خهباتی گهلی کوردستان. ئهگهر ٣١ ئاب نهبا ئێستا جڕو جامشتهکانی وهک حسن پلایس و اغای مهتهڕی و ڕاکان سعید حاکم بوون. ئهگهر ٣١ ئاب نهبا ئێستا ههولێر ههر گونده گهورهکهی جاران دهبوو،نهک شار شهکری ئێستا. ئیتر دهسکهوتهکانی ٣١ی ئابی شهکره شار دهیان و سهدان دهسکهوتن،بهڵام کێ ههیه یهک دهسکهوتی ٦٤و٦٦و٨٣و١٦ی ئۆکتۆبری خیانهتکارم پێ بڵی ئهی خهڵکینه.... ئەمانە رێک قسەکانی پارتی و سەرۆکی فراکسیونەکەیانە لە یادی ٣١ی ئاب ئەمڕۆ بڵاوی کردۆتەوە! من هەمووی و لەوەش زیاتر موتەفیقی دەبم گەر تەنیا وڵامی ئەم پرسیارەم بداتەوە: ئەگەر ئەو هەموو سەروەری و شانازیی لە ٣١ی ئاب بە بەرهەم هاتوە کە وای دادەنێین وا بێت، خۆ لە کەس شاراوە نییە ئەم شانازیی و سەرکەوتنە بە دەست و یارمەتی سەدام کرا و گەر ئەو نەبایە هەرگیز بە "شەکرە شار" شاد و شوکور نەدەبوون، ئەمە قسەی خۆتانە! دەڵێم مرۆڤێک ئەم ئیشە گەورە و پڕ لە شانازییەی بۆ ئێوە کردبێ ئەدی لە رۆژی لێقەومان و دەربەدەری و سەر بە پەتەوەی ئەم مرۆڤە جەنابتان لە کوێ بوون؟! پیاوی مەرد و رەند و بە وەفا و ناسپڵە، دڵنییام بۆ مرۆڤێک کە ئەو هەموو چاکەیەی بۆ بووبێت لە رۆژی تەنگانەدا نە تەنیا بە جێی ناهێڵێت بەڵکو سەری کوڕانیشی بۆ بە قوربانی دەکا، ئەگەر من وەک ئێوەم بیر کردباوە و سەدام ئەم چاکە گەورەیەی بۆ کردبام بە دڵنییایی دەیان مەفرەزەم بۆ دەکرد و لە کوشتن رزگارم دەکرد و تا بە ئەبەد لەناو شوشە و بەخواردنی هەنگوین وەک تۆوی چاو دەمپاراست. ئیتر هەموو بێوەفایی و سپلە بوونتان بۆ شۆڕشگێران و خەباتکارانی پارچەکانی تری کوردستان سەلماند و زۆر بە روونی پێمان دەڵێن هەمووتان و هەموو خاکی کوردستان بە قوربانی بەرژەوەندێکی تەسک و بچوکی وەک رزگاری هەولێر لە چنگ "جەلالییەکان" دەکەین و هەمووتان بڕۆن بۆ جەهەنەم و بۆ دەرەک موهیم خۆمم! ئەوجار زۆرم پێ سەیرە ئێوە کە خۆتان بە نوێنەری کێشەی نەتەوەیی دەزانن و سینگی کوردایەتی دەدڕن وادیارە کوردستان بە هەموویەوە تەنیا "شەکرە شارەکەیە". واتا بە شار کردنی گوندی هەولێر هەمو ستراتیژ و خەباتی کوردایەتی ئێوە بوو؟! ئەدی کە ئێوە ئاوا بە رق و کینە باسی ٦٦ و ٦٤ و ٨٣ و ١٦ و چی و چی دەکەن، خێرە رۆژانە خۆل بە چاوی خەڵک دادەکەن و باسی ئیتفاق و نزیکی و هاوپەیمانی لە گەڵ یەکێتی دەکەن، بەراستی حەقە تەنیا جارێک لە مێژوودا لە گەڵ گەلی خۆتان سەراست و راستگۆ بن!
■ رەزا جەبار ئهگهر ههڵبژاردن پێوهری یهکهم و کۆتایی دیموکراسی بێ، ئهوا ئێران سویدی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاسته. ههموان ئهزانین چوار ساڵ جارێک له بهشێکی زۆری ئهو وڵاتانهی حوکمیان دیکتاتۆرییه ههڵبژاردن له کات و ساتی خۆیدا ئهکرێ، بهڵام ئهم جۆره ههڵبژاردنه نهک ناتوانن ناسنامهی دیموکراسی به سیستمی حوکم بدهن، بهڵکو ههندێ جاریش ئهکرێ به شهرعیهت بۆ چهسپاندنی زیاتری پایهکانی دیکتاتۆریهت. حوکمی بهعس لهعیراق تا دوا سنور دیکتاتۆر بو، ههڵبژاردنیشی ئهنجام ئهدا.! کهواته کورتکردنهوهی دیموکراسی به تهنها له قاڵبی ههڵبژاردندا جگه لهوهی ههژاری مهعریفییه، ههندێجاریش دهسهڵاتی دژه دیموکراسی له ڕێگهی نوسهرانی دهربار و دهزگا ڕاگهیاندنهکانیهوه له پرۆسهیهکی تۆزاویدا ئهیخاتهوه خزمهت خۆیهوهو ههڵبژاردن یهکسان ئهکا به دیموکراسی و هاوار ئهکا من بڕوام به دیموکراسی ههیهو ئهمهوێ ههڵبژاردن له کاتی خۆیدا بکرێ. بێ ئاگا لهوهی دیموکراسی لهسهر کۆمهڵێک پایه وهستاوه که ههمویان پێکهوه ناسنامه بهدیموکراسی ئهبهخشن، خۆ ئهگهر یهکێک له پایهکان بونی نهبێ ئهوا ناتهواو و لاسهنگ ئهبێ و ناویشی دیموکراسی نابێ.. ئهگهر سهیری ئهو دیموکراسیه بکهین که دهسهڵاتی کوردی بانگهشهی بۆ ئهکا، جگه له یارییهکی ناشرین بۆ جوانکاری له سوڵتهیهکی فاشیل و فاسیدا هیچی دیکه نهبوه. با لێرهوه بهراوردێ بکهین لهنێوان یهکێک له پایهکانی دیموکراسی حهقیقی و دیموکراسی دهسهڵاتی کوردی که ههڵبژاردنه؛ لهوهتهی ههڵبژاردن له کوردستان ئهکرێ پاک و بێ غهش نهبوه. له یهکهم ههڵبژاردنهوه تاکۆتا ههڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق که دوا نمایشی شانۆگهری ههڵبژاردنی کوردی بو. بۆ ههڵبژاردنی کوردستانیش ئهوهتا کۆمیسیۆنی ههڵبژاردن به دهمی خۆی ئهڵێ؛ له زیاتر له سهد ههزار ناوی مردو کهمتر له دو ههزاری سڕاوهتهوه. ئهمه جگه له ناوی دوبارهو وههمی و ناوی ئاوارهکان که خۆی له سهدان ههزار کهس ئهدات. ئێ به قهبری ههرچی فهیلهسوفی یۆنانه ههڵبژاردن کاتێ ئهبێ به بنهمای دیموکراسی که تهزویری تیا نهکرێ. ناکرێ له نوسینێکی وههادا کۆی پایهو بنهماکانی دیموکراسی بهراورد بکهین به ژینگهی دهسهڵاتی کوردی، تهنها ئهمهوێ یهک بنهمای دیکه باس بکهم که سهروهری یاسایه. بۆ ئهوانیتر تۆش ئهتوانی بهراوردی دیموکراسی ڕاستهقینه لهگهڵ دیموکراسییه ساختهکهی دهسهڵاتی کوردی بکهی. کاتێ ئهڵێین سهروهری یاسا واتا یهکسانی ههموان لهبهردهم دهسهڵاتی یاسا، بۆ ئهمهش ڕوداوێکتان بیر ئهخهمهوه، ڕوداوی ئهوکهسهی له یهکێک له شارهکانی کوردستان شیرو دایبی دزیبو، له ئهنجامدا حوکمدرا به یانزه ساڵ و چهند مانگێک، ههر لهسهر ئهو ڕوداوه یهکێک له کهناڵهکانی دهسهڵات بهدواداچونێکی کردو کابرایهکی ئهو ناوچهی دواند و به ئاشکرا و لهبهردهم چاوو گوێی دهسهڵاتدا بهبێ هیچ ترسێک وتی؛ تهڵاقم کهوتبێ دهسهڵات ناتوانێ کوڕی من بگرێ.. کۆتا قسه: پێداگری لهسهر پاکردنهوهی تۆماری دهنگدان و ڕوبهڕوبونهوهی ڕێگاکانی تهزویر لهپێش ههڵبژاردن ئهرکی گهورهی ئهو حزبانهیه که ههڵبژاردنی پاک له خزمهتیانه. جا ههرچهندی پێ ئهچێ گرنگ نییه، گرنگ ئهوهیه ههڵبژاردن کاتێ بکرێ که ئهنجامهکهی بڕیاری راستهقینهی خهڵک بێ بۆ جۆری ئهو دهسهڵاتهی حوکمی ئهکا.
■ عەلی مەحمود محەمەد رێزدار شاسوار عەبدالواحد, سەرۆكی بزوتنەوەی نەوەی نوێ, لەزۆر بۆنەو كاتدا, بانگەشەی ئەوە دەكات, كە كار دەكات لە داهاتوودا, هەموو لاوانی هەرێمی كوردستان وەك ئەویان لێبێت لە هەموو بوارەكانەوە,گوایا ئەو خەبات دەكات بۆ ئەوەی 3 ملیۆن نەوەی نوێكەی هەرێمی كوردستان بەرز كاتەوە بۆ ئاستی خۆی, ئەگەر جارێ واز لە نەوەی نوێكانی دەرەوەی هەرێم بهێنین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق, یاخود لەم خولەی پەرلەمانی عێراق شتێكیان بۆ بكات, لە كەمترین حالەتدا بیانكاتە سەرو خاوەند ئۆتۆمۆبیلێكی كارەبایی, ئەو زۆر سەختی تەبیعەتە لە گەڵ خەونی سەرخستنی ئەواندایە بۆ ئاستی خۆی نەك هاتنە خوارەوەی خۆی بۆ ئاستی ئەوان, ئیتر نازانم سەرخستنی لەشكرێكی 3 ملیۆن كەسی ئاسانە یان هاتنە خوارەوەی تاقە سوارێك؟, ئەمە وتەو بەرنامەی بۆرجوازی جیهانە, كە لە سێ سەدەی رابردوو بانگەشەی بۆ دەكەن, لەیەك حالەتی بچوكیش جێبەجێیان نەكرد, بگرە رۆژ لە دوای رۆژ سەروەت و سامانی جیهان زیاتر دەچێتە گیرفانیانەوە, ژمارەو رێژەیان نەك لە زیاد بوندا نییە بگرە لە كەمبونەوەدایە, نەك كەسیان نەهێنایە ریزی خۆیانەوە, بگرە خۆیان بەربنەتە گیانی یەكترو خۆ دەخۆن, تا ئێستا نەمانبینی تاقە سوارێكیشیان بە ئارەزووی خۆی بێتە ریزی گەلەوە, ئەوانەشی دەچنە ریزیانەوەو بە بەرنامەی پارتەكانیان لە خشتە دەبردرێن, دەبنە ئامرازێك بۆ پاراستنی سستەمی چینایەتی و پارێزەری سەروەت و سامانی شاسوارەكان, نەك گەیشتن بە یەكسانی و سەركەوتن بۆ ریزەكانیان, رۆژ بە رۆژ ئەوانەی خوارەوە زیاتر دەچنە خوارترەوە, تەنانەت ئەوانەشی گەیشتونەتە نیوە رێگا, ماری سەرمایەداری لە نیوەی رێ قوتیان دەداو دەیان هێنێتە ناو دۆزەخی وەیلەوە, رێگا بە سەركەوتن لە پێپلیكانەكانیان نادرێت , سەركەوتن لە پردی سەرمایەداری گرانترە لە پردی سیرات. كاك شاسوار بوێرە لەم بڕیارەی, ترسی لەوە نییە موشتەری چاڤی لاندەكە و كڕیاری شوقەكانی گوندە ئەڵمانیەكانی نەمێنێت, چونك 3 ملیۆن سەرمایەداری وەك ئەو پەیدا دەبێت, دەكەونە شەڕی بەدەستخستنی زێدەبایی و بازاڕەوە لە گەڵی, پاش نەوەیەكی دیكە, هێندەی دی بە زیاترەوە دێتە سەری, خۆ ناكرێت نەوە نوێكان دی لە بیر بكات و سەریان نەخات لە ترافیكەكەی,گرنگ لای ئەو ئەوەیە ئەوان سەركەون و ببنە خاوەند چاڤی لاندەكان و گوندە ئەڵمانیەكان و دەزگای راگەیاندنەكان, یان هەر كارێكی دیكە وەلێ بە هاوتای سەرمایەكەوە,ئایا بەڕاستی شاسوار ئەمەی دەوێت و دەشتوانێت بیكات؟, ئایا دەكرێت 50 بۆ 60%ی كۆمەڵگا ببنە خاوەند چاڤی لاند و گوندی ئەڵمانی و كەناڵی راگەیاندن و هەموو ئەو شتانەی بەڕێزیان هەیانە؟, دەكرێت لە كوردستان لەم هەرێمە بچوكە 3 ملیۆن گەنجی خاوەند 660 ملیۆن دۆلاری بوونیان هەبێت؟, كە بووە سەرەك وەزیران وەك خەونی پێوە دەبینێت , ئەوانیش وەك ئەو سەركەون و تامی بكەن و پۆستەكە تاقیبكەنەوە, باشە 3 ملیۆن كەس بە چەند ساڵ دەتوانن پۆستەكە تاقی بكەنەوە ئەگەر جەنابی دوای خولێكیش جێی هێشت؟, ئەگەر باوەڕی بە یەكسانی وایە بۆ نەوەیەكی نوێی كاندید نەكرد بۆ وەرگرتنی پۆستەكە؟, ئەگەر وایە ئێمە خیانەتێكی گەورەی چینایەتی دەكەین, كە نابینە هاوسەنگەری بۆ یەكسانی, كە ئەو دەیەوێت بەدی بێنێت لە كوردستان. ئایا ئەو سستەمە سیاسیەی ئەو خوازیارە دایمەزرێنێت لە داهاتووی كوردستاندا , پاش ئەوەی دەبێتە سەرۆكی حكومەت, دەتوانێت بودجەی 3 ملیوێن" ژمارەی گەنجان" 660 ملیۆن دۆلاری " نرخی سەرمایەی شاسوار" دابین بكات؟, تەنانەت لە مەودای نەك سەدەیەك بگرە هەزارەیەكیشدا, بۆئەوەی هەموو نەوەی نوێكانی كوردستان سەرخات بۆ ئاستی خۆی, پاش نەك نەوەیەك 33 نەوەی تریش, ژمارەكە هێندە زۆر عەقڵ لە ئاست خوێندنەوەی نییە نەك دابینكردنی 1980000000000000دۆلار, كە لە ئێستادا نرخی هەموو سەروەت و سامانی جیهان 280 ترلیۆن دۆلارە, بۆ ئەوەی نەوەی نوێكانی كوردستان وەك كاك شاسواریان لێبێت پێویستمان بە سەروەت و سامانی 7 ئەستێرەی وەك زەوی و مانگێكی قشتی تر هەیە, ئیتر نازانم كاكە شاسوار چۆن بودجەی ئەو حكومەتە دابین دەكات كە خۆی كاندیدی سەرۆكایەتیەتی و هەموو گەنجانی كوردستان دەگەێنێتە ئاستی خۆی , ئەمە جگە لەوەی ئەگەر ئاو و ئارد و خوێ و پاراستیمۆل و مەچەو ئۆكسجینیش بۆ نەوە كۆنەكەی وەك ئێمە مانان دابین نەكات و لێمانی ببڕێت, رێگاكانی مەرگیش دەستیان لێنەدرێت ,جێبەجێكردنی وێنەی ریكلامی شارە پڕ بریقەو باقەكانی ریكلامەكانیش واز لێبهێنرێت كە بڕیار وایە جێبەجێیان بكات وەك لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیدا هاتوونە, باسی ئۆتۆمۆبیلە كارەبایەكانیش ناكەم, خۆیان وێستگەی شەحنكردنی پاتریەكانیان, لەوەیا هەواداریم ئەگەر بتوانێت چەند هەزارێك وەك قۆناغی یەكەم هاوردە بكات. ئەگەر بڕیار وایە هەموو وەك خۆی لێبكات ئیتر چ پێویست دەكات پارت و بزووتنەوەی سیاسی دی بوونی هەبێت لە كوردستان, بە تایبەتیش ئەوانەی كار دەكەن بۆ یەكسانی ئابووری, ئەركیشە ماركس لە گۆڕەكەی رابپەڕێت داوای لێبوردن بكات كە نەیزانی رێگایەكی وەك كاكە شاسوار بدۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە یەكسانی, هەر نەبێت ئەنگلز حەقی لە سێدارە دانی هەیە چونكە هەوڵی نەدا نەگبەتەكانی وەك ماركس وەك خۆی لێبكات, بۆ ئەوەی هەر نەبوایا 3 منداڵەكەی لە برسان نەمردبانایان. گەنجان وەك هەر توێژێكی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا دابەش بوونە بەسەر چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان, لە بێكارەوە بۆ كرێكار و سەرمایەدار و وردە بۆرژوازی و جوتیار و ئاغا و كرێكاری كشت و كاڵی و كوڕی ملیاردێر و ئۆلیگارشی و منداڵی سەرۆكی گەورەو بچوك و مام ناوەند و, ملیۆنێری وەك كاك شاسوارو....., حەشاماتی بێكارانی گەرمیانیشمان هەیە, گەنجانی وەك ئەوانەشمان بە ملیۆنان هەیە پارەی كرێ خانویان نییەو رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی خۆكوژییەكانیان زیاد دەكات , كە كاكە شاسوار سەدان شوقەی بەتاڵە ناهێڵێت لەبەردەم باڵەخانەكەی چادرێكیش هەڵدەن و بحەوێنەوە, لە روی تەمەنەوە بەشێك لە كۆمەڵگا لە تەمەنێكی دیاریكراودا گەنجن یان نەوەی نوێن وەك جەنابی ناوی لێ ناون , لێ لە روی پێك هاتەی كۆمەڵایەتییەوە, ئەمانە خاوەند شێوە ژیانی هاوبەش و رۆشنبیری هاوبەش و كاری هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش و خەونی هاوبەش و خاوەنداری یەك جۆر نین, تەنانەت لە روی جوانی و درێژی تەمەن و باڵا و ئاستی خوێندن و پلەی زیرەكی و نەخۆشی و میراتی بەجێ ماو و بڕوانامەو .... جیاوازن , چینە باڵاكان تەندروست , پۆشتە , باڵا بەرز , زیرەك و خاوەند بڕوانامەی باشترین زانكۆكانی جیهانن, تەنانەت تەمەن زۆر زیاترو بە تەندروستی باشتر دەژێن, لە روی چینایەتیەوە یەك چینی كۆمەڵایەتی نین, لە روی سیاسیەوە بەرژەوەند و خەون و حەزی جیان, بۆیە پێویستە لەناو پارت و رێكخراوی سیاسی جیا جیا لە پاڵ چین و توێژەكانی كۆمەڵگا خۆیان رێك بخەن,چونكە بەرژەوەندی و خواستیان جیایە لە یەكتر, گەنجێكی كرێكار بەرژەوەندی لە گەڵ كرێكارێكی پیر یان بێكارێك یەك دەگرێتەوە, یاخود دەستفرۆشێكی سەرجادە , كەچی منداڵێكی سەركردە یەكیان بە سەرۆكی نەبێت رازی نابێت, خەونی وەك شاسوارە, ئەوی دیكەیان لە ناوچەوانی نوسراوە تا هەتا هەتایە جێگیر بێت, سێیەمیان وەزیرو خاوەند پڕۆژە بێت ....., كاك شاسواری گەنجیش بەهۆی سەرمایەو كەناڵە راگەیاندنەكەیەوە هەرچەندە دەیەوێت هەموتان وەك خۆی لێبكات لێ زەمەنێكی نادیاردا, نازانین ئێستایە یان دوای زیندوبونەوەی محەمەدی مەهدییە, یان لە جیهانی كۆمۆنیستی یاخود كۆمۆنەی سەرەتاییە,یان خەیاڵ وەك جیهانی دیلمۆن , نازانین ئەگەر ملی شەیتان شكاو كورسییەكەی بە جنگ هێنا, ئەوا سەروەت و دەسەڵات لە هەموو وەك نەوە نوێیە دەسەڵاتدارەكانی هەنووكە لە چنگی خۆی كۆدەكاتەوە, یان هەمووی بە یەكسانی دابەش دەكات؟, گەنجە دەنگدەرەكانی وەك رۆژنامەنووسە بێكار كراوەكانی كەناڵەكانی بێكار دەبن؟, یان وەك خاوەند پشكەكانی چاڤی لاند هەر دەبێت لێ لێ بانگ كەن, لۆ لۆی پاش دەسەڵاتداریش بەڕێوەیە, كارەبامان فولە كات, یان بە خۆڕایی وەك هەنووكە بۆ ترافیكەكانی سەرە خات, ئەوكاتە لە بری ئەوەی ببنە خاوەند 660 ملیۆن دۆلار, بیتاقەی ترافیكیان بەدیاری دەداتێ تا لەسەر گۆیژەوە سەیری شار بكەن. لە چركە ساتێكی مێژوییدا دەژێین بە خێرایی سەروەت سامانی جیهان لە دەست كەمایەتییەك رۆژ بە رۆژ ژمارە كەمتر كەڵەكە دەبێت, سەرمایەكەشیان بە ملمی چركە لە هەڵكشاندایە , لە سەردەمی كۆمپانیای ئەپل داین كە نرخەكەی ترلیۆنێكی تێپەڕاند و جیف بۆزیس خاوەندی ئەمازۆن سەرمایەكەی 159 ملیار دۆلاری رەتدا, كە تەنها لەم ساڵدا زیاتر لە 60 ملیار قازانجی كردووە , هێشتا 4 مانگیش ماوە بۆ كۆتایی ساڵ, لە سەردەمێكداین 1%ی كۆمەڵگا خاوەند 82%ی سەروەت و سامانی جیهانە و 99%یش خاوەند تەنها 18% ەكەی دیكەیە, 8ی هەرە دەوڵەمەندی جیهان سەروەت سامانەكەیان بە ئەندازەی نیوەی هەژاری جیهانە كە 3650 ملیۆن كەسە, چاوەڕوانی ئامارە ترسناكەكانی سەری ساڵی داهاتوو دەكەین, كە بە خێرایی نرخی كۆمپانیاكان و سەرمایەی خاوەنەكانیان دەچنە سەر و هەژارانیش رۆژ لە دوای رۆژ هەژارر دەبن, كاك شاسوار لەم ژینگەیە بە ئایدۆلۆجیای وڵاتی ئەپڵ و ئەمازۆنەوە خوازیارە هەموو گەنجان وەك خۆی لێبكات, ئەمە چ دیماگۆگیەتێكە كە هیچ سیاسی و حوكمڕانێك نەیان توانیوە شەكری وا بشكێنن, بۆیە لەم سەردەمە باوەڕ هێنان بە مەقولەی هەمووتان وەك خۆم لێدەكەم گەمژەییەكی ئەحمەقانە زیاتر نییە. لە كۆتاییدا داوا لە گەنجان دەكەم رستە بەناو بانگەكەی تۆبامارۆسە رۆبن هودەكانی ئۆرۆگوای بە پراتیك بكەن " هەموو یان پێكەوە سەما دەكەین یان كەس نایكات" چاوەڕوانی شاسوارەكان مەكەن بۆ ئەوەی ئیعازی سەماتان بداتێ وەك خۆیتان لێبكات, ئەوە خەونێكی مردووەو دەكرێت چەند دانەیەك لە ترافیكەكەی سەركەون لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو, لێ ملیۆنانتان ئەگەر ئەوان نەهێننە خوارەوە ئەوا رۆژ لە دوای رۆژ ژیانتان خراپتر دەبێت و لە ناوی زێرابی شوقە بهادارەكانیشی ناژێن, با خۆمان رێك بخەین هەموو سەما بكەین نەك تەنها ئەوان و ئێمەش تەماشاكەرێكی رەزا گرانی جانتا هەڵگر بین, با شاسوارەكان بهێنینەخوارەوە بۆ ریزی خۆمان نەك لە چاوەڕوانی گۆدۆی سەرخستنی ئەودا بین, یان هەموو ملیۆنێر بین یان كەس, گوڵ لە كوێیە لەوێ سەما بكەین.
■ كاروان حەمە ساڵح زۆر دوور نیە...یەک دوو مانگ بەر لە ئێستا بوو، هەموومان کۆمیدیا و لە هەمانکاتدا تراژیدیای هەڵبژاڕدنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقمان بینی. بینیمان چی بە دەنگ و ئیرادەی هاوڵاتیان کرا... چۆن هەڵبژاردن لە میکانیزمی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە و چاکسازییەوە کرا بە ئامزازێک بۆ شەرعیەتدانەوە بە دەستەڵاتی گەندەڵ و پاوانخواز و شکستخواردوو... بینیمان چۆن هەڵبژاردن کرایە تیغێک بۆ کوشتنی ئومێدی هاونیشتیمانیان، چۆن دیموکراسیەت و ڕای ئازادانەی هاوڵاتیانی پێ لەکەدار کرا. ئێستاش کە لەسەر و بەندی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانداین، دەبێت سوود لە ئەزموون وەربگرین. داتاکانی کۆمسیۆن و بۆشایی فراوان بۆ تەزویر ( نزیک بە ٩٠٠ هەزار دەنگ، ئەگەری زۆری تەزویر کردنی هەیە جگە لە هەوڵە زانراوەکانی تریش!) وە هەوڵ و ساختەکاری هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ، پێمان دەڵێت کە; بەژداری کردن لە هەڵبژاردن لە دۆخێکی وادا شەرعیەتدانەوەیە بە دەستەڵاتی شکستخواردوو... ڕێخۆشکردنە بۆ سەپاندنی کلتوری ساختەکاریی... جارێکی تر کوشتنی ئومێدی گۆڕانکانی و چاکسازیە... بێ ئەرزش کردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و لەکەدارکردنەوەی ئیرادەی بەهێزی هاوڵاتیانە. بۆیە; ئەرکی لایە سیاسیەکانی دەرەوەی دەستەڵاتە، بە جەریئانە بریار دروست بکەن، ووردتر لە داوەکە بگەن، باشتر دۆخی هەڵبژاردن هەڵبسەنگێنن. بایکۆت ئەگەرێکی بەهێزیان بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ساختەکاری. چوونکە کاتێک دەوایەک ژەهراویی دەکرێت، ئامانجی خۆی لە دەست دەدات، بۆیە ناکرێت ناچاربکرێن بە خواردنی. بیریشمان نەچێت; بایکۆتی هەڵبژاردن، بایکۆتی پڕۆسەی دیموکراسی نیە، بایکۆتی ئازادی دەنگدان نیە، بەڵکو; بایکۆتە بۆ لەکەدارنەکردن و بێ بەهانەکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، بایکۆتە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی ئومێدی خەڵک. بایکۆت جوڵەیەک و هەنگاوێکی نوێی سیاسیە، بۆ لە باربردنی ئەو هەر هەوڵێک کە بیەوێت لە ڕێی هەڵبژاردنی ساختەوە، شکست بەدەستاو دەستکردنی دەستەڵات بهێنن.
■ چیا عەباس یەکێتی و دۆخەکە لە سەروبەندی نزیکبونەوەی یەکێتی و هێزە نارازییەکان لە یەکتر تارمایی ئەختەبوتە سیاسیە بێ سەمەرەکانی رابوردو بە پاساوی یەکریزی زیندو بۆتەوە، وەک کۆبونەوە زۆر و بۆرەکان، سەردانە مەکۆکیەکان، باسکردنی یەکگرتنەوە، رێکەوتن، هاوپەیمانیەتی و پرۆژەی هەمە رەنگ و تەرەف. لەم رەوشە وروژاوەدا پێدەچیت هاوپەیمانی سەری بۆ جۆرێک لە " یەکگرتنەوە" یاخود رێکەوتن لە گەڵ یەکێتیدا بخورێت، ئەوەش پابەندە بەوەی هاوپەیمانی لەو پرۆسەیدا چی دەست دەکەوێت. سەبارەت بە باسکردنی بابەتە سواو و بەسەرچوەکان لە گەڵ گۆڕان لەم کاتەدا کۆپیکردنی خوڵانەوەکانە لە بازنە ناسراو و داخراوەکاندا، چونکە زەمینەی ئەو جۆرە هەڵلایە بەردەوام پرسەکەی بۆ خاڵی سەرەتا گەراندۆتەوە. ناکرێت زەمینەی پەرۆشی و گرجوگۆڵی کتوپری دەسەڵاتدارانی یەکێتی بۆ نزیکبونەوە لە گۆڕان و هێزەکانی تر بە هەند وەرنەگیرێت. ئەم هەڵمەتەی یەکێتی لە چەند ئیعتباراتێکی تەکتیکیەوە سەرچاوەی کردوە: یەکێتی ترسێکی بەرچاوی لێنیشتوە کە پارتی دوای هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان ببێتە هێزێکی گەورەتر لە ئێستا، بە واتایەکی تر بۆ حوکمرانی و بە رێکردنی سیاسەت ئەوەندە منەتی بە یەکێتی نەبێت و ناز و نوزی قبوڵ نەکات. لەو تێرامانەوە ماوەیەکە یەکێتی دەستی بە کامپینێکی بەهێز بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان کردوە، پاساوەکانی بۆ خواستەکەی بەیان کردوە، کاتێک گەیشتە ئەو قەناعەتەی پارتی بە ئاسانی نایەتە ژێر باری خواستەکەی پەنای بۆ هێزەکانی نارەزا برد کە زۆربەیان هەمان خواستی یەکێتییان هەیە. ناشێت پەیوەندی توند و تۆڵی یەکێتی لە گەڵ ئێران بۆ ئەم دۆخەی ئێستا بە هەند وەرنەگیرێت، ئاماژەکان باس لەوە دەکەن ئەو وڵاتەش بە گۆرانکاریە چاوەروانکراوەکانی نەخشەی سیاسی باشور مورتاح نین. بەلای یەکێتییەکانەوە ئێستا بۆ پاراستنی پێگەی خۆی کاتیەتی بەرامبەر بە کێرڤی هەڵکشاوی پارتی لە گۆڕان نزیک بێتەوە. ئەم هەنگاو و جموجۆڵانەی یەکێتی دوبارە دارشتنەوەی ئەو ئەختەبوتە سیاسیانەیە کە پرسی کوردایەتی لە باشور پێیان ئاشنان. یەکێتی هەمو هێلکەکانی نەخستۆتە یەک سەبەتەوە، بەڵکو گەمەیەکی ئەکرۆباتیکی سیاسی دەکات کە منداڵێکیش دەیخوێنێتەوە، پێیەکی لە هەولێر و بەغدایە و پێکەی تریشی لەم گرد و ئەو بارەگای نارازییە. لە لایەک لە گەڵ پارتی دەڵێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت و لەم دیو دێگەڵەوە کار بۆ دواخستنی دەکات. پارتی و دۆخەکە ناشێت لێرەدا ئەوە بەرچاو نەگرین کە لوتکەی دەسەڵاتی پارتی لەو باوەرەدان کە مامەڵەکردن لە گەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای یەکێتی کارێکی ئاڵۆز و پر لە موجازەفەیە، ئەمەش بە تایبەت دوای ئەوەی ئاراستەیەکی نوێی دەسەڵاتداری ناو یەکێتی لە پشت کارەساتەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە بون. پارتی لە ماوەیەکی کورتدا دوچاری چەندین پاشەکشە و داکشانی هەستیار بو: - پاش تێکشکاندی داعش ئەمریکا و حکومەتی عێراق حکومەتی هەرێمیان ناچارکرد هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچە دابرێنراوانە بکشێنێتەوە کە بە قوربانی و خوێنێکی زۆر رزگار کرابون. - گەلەکۆمەیەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە پرۆسەی ریفراندۆم کرا و پارتی ناچار کرا کار بە ئەنجامەکەی نەکات و لە دەرگای بەغدا بداتەوە. - تاقمێکی ناو یەکێتی بە هەماهەنگی لە گەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق و موبارەکەی ئەمریکا کەرکوک یان لە دەستی کورد سەندەوە و داگیریان کردەوە، ئەو پێگە ئیداری و سەربازی و ئابوریە بەهێزەی پارتی لەوێ هەیبو لە چەند رۆژێکدا زۆر لاواز بو. - قەیرانە موزمن و خەستەکانی حوکمرانی هەرێم زیاتر ئاڵۆزتر بون، یەکێتی خۆی ناکات بە خاوەنیان و دەیانخاتە ئەستۆی پارتیەوە. لە گەڵ ئەوانەشدا پارتی توانی ئەنجامێکی بەهێز لە هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەست بهێنێت، ئەمە ئەو ( سیف ژو الحدین) ەیە کە بە دەست پارتیەوەیە. بۆ خۆی پێداگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکات و دڵنیایە کە پێگەی پەرڵەمانی لە هەرێم بەهێزتر دەبێت، پێویستیشی بەم بەهێزبونە هەیە. لە لایەکەوە دەتوانێت بە دڵنیاییەوە بە عێراق و ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە بڵێت هێشتا گەورەترین هێزی کوردستانین و پێویستتان بە مامەڵەکردن لە گەڵمانداهەیە، ئەو کەلێن و درزانەی لە ئاکامی ریفراندۆم لە نێوانماندا دروستبون بەشێکن لە رابورد و ئێمەش بەهێزتر بوین، لە لاکەی ترەوە ئەم پێگەیە هێزەکانی تر، تایبەت یەکێتی، وروژاندوە و بە گەرمی کەوتونەتە خۆیان بۆ رێگریکردن لە گۆرانکاریە چاوەروانکراوەکان. کێشەی بنەرەتی لە بەردەم پارتیدا بۆ ئایندە نائارامی سیاسی و ئیداری زۆنی کەسک و نیللیە، پارتی پێویستی بە سەنتەرێکی چەسپاوی خاوەن بریار و ئیرادە لەو زۆنە هەیە. یەکێتی کەرەستەکانی بۆ ئەو خواستەی پارتی لە دەست داون، گۆڕانیش بەرامبەر هەوڵێکی جدی بۆ سازدانی ئەو هاوکێشەیە ئامادە نەبو لە گەڵ پارتی جێبەجێی بکات. ئەوەی ماوەتەوە یەکێتییە، ئەم راستیەش دەستی یەکێتی کراوەتر کردوە. گۆڕان و دۆخەکە سەرۆكی جڤاتی گشتی بزووتنەوی گۆڕان دەرباری کۆبونەوە و نزیکبونەوە لە گەڵ یەکێتی لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ دەنگی ئەمریکا دەڵێت: " ئێمەو یەكێتی هەمان بۆچوونمان هەیە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، چونكە: گومانی ئەنجامدانی ساختەكارییەكی گەورە دەكەین بەجۆرێك پارتی دەیەوێت (٥٠+١) ڕێژەی دەنگەكان بهێنێت تا خۆی بتوانێت حكومەتی داهاتووی هەرێم بەتەنیا پێكبهێنێت و دەستوور بنوسێتەوە"- دەرباری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی گۆڕانو یەكێتی دەڵێت: "هەرچەندە داوای لێبوردنەكەی یەكێتی بەناوی ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی بوو پێمان باشبوو بەناوی مەكتەبی سیاسی بێت، بەڵام هەرباش بوو گرنگ ئاسایی كردنەوەیە". بێگومانم ئەم بەرپرسە باڵایەی گۆڕان باسی بۆچون و ترسەکانی خودی خۆی و هاوراکانی ناو گۆڕان و یەکێتی دەکات، پێشدەچێت تەعەدا و هێرشەکانی یەکێتی بۆ سەر گۆڕان بە گەمەکانی پلەی ستەیشیۆن بشوبهێنێت. پاش چەندین ئەزمونی تفت و تاڵی گۆڕان لە گەڵ دەسەڵاتدارانی یەکێتیدا بیرکردنەوە لە " یەکگرتن" یاخود " رێکەوتنێکی" لاسەنگ و بێ زەماناتی کۆنکرێت لە گەڵ یەکێتیدا دەچێتە چوارچێوەی زیندە بەچاڵکردنی گۆڕان. شاردراوە نیە لە نێو بەرپرسە باڵاکانی گۆڕاندا حەنینێکی گەرم بۆ یەکێتی هەر زیندو ماوەتەوە، هەر کەسێک بوێری ئەوە بکات هەنگاو بۆ یەکگرتن یاخود رێکەوتنی لاسەنگ بنێت بێگومان لە ناوگۆڕاندا ئینتیحاری سیاسی دەکات. ئەمە بە مانای ئەوە نایەت گۆڕان مامەڵەی سیاسی هاوسەنگ لە گەڵ هێزەکانی تر نەکات، ئەوەی گرنگە هەر هێزە و ناسنامەی خۆی بپارێزێت و نەبنە دەسکەلای ئەم تەکتیک و ئەو خواستی سیاسی و مادی، بە تایبەت مەسیری رێکەوتنەکەی گۆڕان لە گەڵ یەکێتی لامان رون و ئاشکرایە، وەک کاک نەوشیروان گوتی: عیبرەت لە جێبەجێکردندایە، سەلمێندرا دەسەڵاتدارانی یەکێتی چەند بەو رێکەوتنەوە پابەند بون. ئایا گۆڕان عیبرەتی لێ وەرگرتوە؟ رۆتەردام ٢٩ ی ئگۆستی ٢٠١٨
■ كەمال چۆمانی - حیزبی کوردیی زۆر لێهاتوە لە داتاشینی چەمکی بێمانا، بۆ نمونە، دوایین چەمک کە گۆڕان، یەکگرتو، کۆمەڵ و هاوپەیمانیی دایانتاشی، "لایەنە ناڕازییەکان" بو. لە کاتێکدا ئێمە داوادەکەین ئەو چوار لایەنە چوار حیزبیی جدیی ئۆپۆزسیۆن بن، ئەوان ناو لە خۆیان دەنێن ناڕازیی. کۆی ناڕەزایەتییەکەشیان لە ناڕەزایەتیی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کورتکردۆتەوە. ئۆپۆزسیۆنبون سەختە، چونکە پێویستی بە هەبونی پڕۆژەی بەدیلە. گۆڕان تەنها لەژێر سەرکردایەتیی کاک نەوشیروان مستەفادا لە چوار ساڵی یەکەم توانی ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنبون تا رادەیەک بەرجەستە بکات. ئەو چەمکە نوێیە بە راستی هەر قابیلی ئەو چوار هێزەیە کە تەنها لە بەرانبەر روداوەکان ناڕەزایەتیی نیشاندەدەن نەک کردەی سیاسیی. قسەدەکەن نەک کار. هێزێک خۆی بە ئۆپۆزسیۆن نەبینێت، ناتوانێت رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینێت. - بەشێک لە بەرپرسەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ گلەیی ئەوە لە رەخنەگرانی سیستەمی سیاسیی و رۆشنبیران و رۆژنامەنوسانی سەربەخۆ دەکەن لە بەرانبەر ئەو پشتیوانییەی بە گۆڕانیان بەخشی لە ٢٠٠٩ کەچی هیچ پشتیوانییەکی ئەوتۆیانە بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەبەخشیوە. نەوەی نوێ چونکە حیزبێکی کوردییە و هەڵقوڵاوی کەلتوری کوردییە، دەیەوێت رۆڵی قوربانیی ببینێت، لە کاتێکدا ئەو هێزە نوێیە دەبێت لە خۆی بپرسێت بۆچی هەمان پشتیوانیی بە نەوەی نوێ نابەخشرێت. دەبێت هۆکار چی بێت؟ ئایا خەلەلەکە لە نەوەی نوێیە یان لەو رۆشنبیر و رەخنەگر و رۆژنامەنوسە سەربەخۆیانە؟ نەوەی نوێ دەبێت بزانێت بەو پۆپیولیزمە بێتامە و بەو هەرزەکارییە سیاسەت ناکرێت. نابێت سیاسەتکردن تەنها لەوەدا ببیننەوە کە لە هەڵبژاردندا لە کۆمەڵ و یەکگرتو و هاوپەیمانیی کورسییان زیاتر هێناوە. هێنانی کورسیی زیاتر هەرگیز بە مانای هەبونی سیاسەت و ستراتیجیی باشتر و دونیابینیی مۆدێرنتر و دیموکراتتر نییە.
■ گەشە دارا حەفید دوای پێنج ساڵ كاركردن لەسەر تۆماری دەنگدەران لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك، كەتیایدا ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەر بگیرێ، پێشتر پێمان وابوو كۆمسێۆنی عێراقە و خۆماڵی نییە، بۆیە بێباكن لەهەرێم، هەرچەندە نوێنەری كوردستانیشی تیابوو، بەڵام لەدوای ۲٠۱٥ كەبووینە خاوەنی دامەزراوەیەكی وەك كۆمسیۆنی (سەربەخۆی) هەڵبژاردنەكان، مایەی دڵخۆشی هەموومان بوو كەنوێنەری لایەنەكانی تری تیایە كەپێشتر ناڕازی بوون لەسەر ئەنجامدانی گزی و ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان، بەڵام بەداخەوە زۆر زیاتر لەماوەی كاركردنیان بێباكیمان بینی، لەوەڵامدانەوەی ئێمەی پەرلەمانتاران لەناردنی داتاو زانیاری لەسەر تۆمارەكەو دوای ئەو هەموو هەوڵە لە رۆژی (9-7-2018) كۆمسیاران هاتنە پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە یەك وەڵامیان بڕوا پێهێنەر نەبوو بۆ ئێمەو خەڵكی كوردستان، كە ئەو تۆمارەیان بەجۆرێك ئامادە كردبێ تا بەرامبەر بەو ئەركە مێژووییەی لەئەستۆیانە پەرێزیان بێ گومان و شك بهێڵنەوە، هەموویان وەك یەك قسەیان كرد هەروەك ئەوەی قورمیشكرابن!! بێ لەوەی كەدوای سەردان كردنی ئێمە وەك چەند پەرلەمانتارێ بۆ كۆمسیۆن دواتر هاتنی كۆمسیاران بۆ لیژنەی كاروباری پەرلەمان، بەڵێنی ئەوەیان داینێ كە هەر پەرلەمانتارێ یەك نوسخە لە داتای تۆمارەكەی بۆ بنێرن، لەكاتێكدا ئێمە جەختمان كردەوە لەسەر ئەوەی تۆمارەكە لەسەر سیدی بەبەرنامەیەك بنێرن وەك (Excel) تا بتوانین كاری لەسەر بكەین و بەدواداچوونی بۆ بكەین، كەچی تا ئیستاش كە بڕیارە رۆژی (30-9-2018) هەڵبژاردن بكرێ، هیچ شتێك بەدەست ئێمەی پەرلەمانتاران نەگەیشتووە. من هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووم و لەگەڵ ئەوەدام كە هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بكرێن و لەپێناو بەرژەوەندی و لاسەنگی نفوز و كورسی حزبەكاندا ئەو مافە لەخەڵك نەسەنرێتەوە كە چوار ساڵ جارێك بەئازادی دەنگی خۆی بدات، ئەو رەخنانەش كە لەتۆماری دەنگدەرانی دەگرم نە قسەی ئەمڕۆمەو نە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنە، چونكە ماوەی پێنج ساڵە یاداشت و راپۆرت و داواكاری پێشكەش بە پەرلەمان و حكومەت و حزبەكان و كۆمسیۆن دەكەم، بەلام بەداخەوە لەكاتی خۆیدا هیچ كامیان گوێیان نەگرت! دوای چەندین یاداشت بۆ پەرلەمان و حكومەت، ئەمەش بەشێك لەووتەكانی ئێمەیە لە دانیشتنی رۆژی (9-7-2018) ی پەرلەمانی كوردستان كە كۆمسیۆنی تیا بانگهێشت كرابوو.
■سەلام عەبدولڵا ئەگەرچی بەپێی دەستووری نوێی عێراقی كە بەزۆرینەی دەنگ لە (2005) بڕیاری لەسەردرا و ئەو ناوچانانەی كە بەجێ ناكۆكەكان ناوزەندكرا بەپێی مادەی (140) دەبوو دۆخەكەی تێدا ئاسایی بكرێتەوە و پاشان سەرژمێرییەكی پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە بكرێ و لەدواین قۆناغیشدا راپرسییەك بۆ بڕیاردان لە سەر چارە نووسی ئەو ناوچانە بكرێ كە بەكردار هیچی نەكرا حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقیش بەهەموو شێوەیەك خۆی لە جێبەجێكردنی دەدزییە و و هیچ لەوەش نەدەپرینگانەوە كە بڵێن ئەوان هۆكاری مانەوەی ئەو دۆخەن تا لە شازدەی ئۆكتۆبەر لە ئەنجامی رێككەوتنێكی پیلانگێرانەی ژێربەژێری بێوێنە حكومەت و میلیشیاكانی عێراقی بەزەبری هێز دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا وەبەتایبەتیش كەركووك گرت و دۆخێكی تازە هاتە ئاراوە كە ئێستا دەیانەوێ بیكەنە ئەمری واقیع و مۆڵەت بە باسكردنی چارەسەری ئەو كێشەیە بەهیچ شێوەیەك وەك خۆیان دەڵێن نەدەن ئەوەتا سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدر عەبادی كە لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی بەكوردە بۆ گەیشتنەوەی بەپۆستی سەرۆك وەزیاران پەیتا پەیتا بەتاك و بەكۆ شاند دەنێرێ بۆ ئەوەی كورد رازی بكات، كەچی زۆر بەڕاشكاوانە لە دوا ئاخاوتنیدا دەڵێت كە مەسەڵەی كەركووك جێی باس و مشتومڕ نییە، كە ئەمە لەڕاستیدا پێشێڵ كردنی دەستووری عێراقیەو كوردیش بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر باری سەپاندنی ئەم واقیعە كە بەزەبری هێز و یارمەتی دەرەكی و پیلانگێڕی ناوەخۆ هاتبێتەكایەوە. یەكێك لەگرفتە سەرەكیەكانی كورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوەیە كە ئەوان هەمیشە لە جێبەجێكردنی ماددەكانی دەستوور خۆیان دەدزنەوەو تەنها بەو ماددانەوە پەیوەستن كە لەبەرژەوەندی خۆیانە بۆیە وا بۆ سێزدە ساڵ دەچی ئەم گرفتانە هەر بەردەوامن و كێشە خوڵقێنن. ئێستا كە بارودۆخێك هاتۆتە كایەوە چارەسەری هەموو ئەو گرفتانە بەپێی دەستوور بكرێ دەسەڵاتدارانی بەغداش هەمیشە جەخت لەسەر جێبەجێكردنی دەستوور دەكەنەوە دەبێت مەرجی گران كە لەراستیدا پێچەوانەی دەستووریشە نەخەنە بەردەم گفتووگۆ لەگەڵ كورد دا ئەگەر دەیانەوێت دۆخێكی سیاسی سەقامگیر باڵ بەسەر عێراقدا بكێشێت و حكومەتێكی نیشتیمانی كە هەموو پێكهاتەكان بەشدار بن تێیدا دروست بێت.
■ كەمال چۆمانی ماوەی رابردو، لە دەستپێشخەرییەکی شۆڕشگێڕانەدا، لە پێناو چاکسازییەکی ریشەیی و بەخۆداچونەوەیەکی شۆڕشگێڕانە، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان، پڕۆژەیەکی بردە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی. لەوێدا داوای کرد کۆمەڵێك چاکسازیی بکرێت لە حیزبدا، گرنگترینیان، هەڵپەساردنی حیزب بۆ ماوەیەک تا ئەو حیزبە گۆڕانکاریی و ریفۆرمێکی ریشەیی لە کار و سیاسەت و ستراتیژی دەکات چونکە بەو پێدراو و سەرکردایەتیی و فیکر و ئایدیۆلۆژیا و دونیابینییەی رابردوی یەکگرتو ناتوانن ململانێی مافیاکانی کوردستان بکەن و هیوا بە گۆڕانکاریی لای خەڵک بەزیندویی بهێڵنەوە. ئەو داوای ئەوەی کردبو کە حیزب خۆی یەکلایی بکاتەوە کە کێ سیاسەت دەکات و کێ کاری بانگخوازیی و کێ رێکخستن دەکات. داوای ئەوەی کردبو کە چوار ساڵی داهاتو حیزب هەوڵبدات کادیری نوێ لەسەر بنەمای نوێ و بۆ رۆژی نوێ و ئایندە پەروەردەبکات و ئەو سەرکردایەتییە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. بە کورتیی، داوایکردبو تەواوی حیزب گۆڕانکاریی بکات و جۆرێکی تر سیاسەت بکەن. بەڵام لەناو سەرکردایەتیی حیزبدا، دژایەتیی ئەو پڕۆژەیە کرا چونکە هەر گۆڕانکارییەک و ریفۆرمێک لە حیزبدا، پاسەوانانی سیستەمی کۆنی یەکگرتو دەبێت پاشەکشە بکەن. ئەوانیش لەناو یەکگرتودا، هاوپەیمانێتییەکیان هەیە بۆ پاراستنی دۆخی هەبو چونکە ئەوان یەکگرتو وەک دوکانێکی سیاسیی تەماشادەکەن نەک وەک رێکخراوێکی سیاسیی بۆ گۆڕانکاریی و ریفۆرم لە سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵگەی کوردستاندا. دوای هەڵبژاردنی پارلەمانیی کوردستان، یەکگرتو، کۆمەڵ، گۆڕان، هاوپەیمانیی دەبێت بە ستراتیژ و سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و سەرلەبەری دونیابینیی و سیاسەتی خۆیان بگۆڕن ئەگەر دەیانەوێت وەڵامدەرەوەی ئەو قۆناغە بن. ئەوەی لەناو یەکگرتو رویدا، لەناو کۆمەڵیش رویدا بو. پڕۆژەیەک چوبوە ناو سەرکردایەتیی، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، پڕۆژەکەی قبوڵبوبو بەڵام بەشی زۆری سەرکردایەتیی رەتیانکردبوەوە. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەر رۆژێک زیاتر پێویستی بەو گۆڕانکارییانەیە. ئەگەر هێزە بەناو ئۆپزسیۆنەکان گۆڕان و ریفۆرمی ریشەیی ئەنجامنەدەن، ئەوا رۆژ دوای رۆژ پاشەکشە دەکەن و پڕۆژەی چاکسازیی و دیموکراتیزەکردن لە هەرێمی کوردستان هێندەی تر دەچێتە دواوە.
■ وریا ئەحمەد هه روه ك باسكراوه له میژودا، له سه رده می ئیمپراتوریه تی رومان ریگایه كی ئاوریشمی بازرگانی هه بووه كه له چین ه وه بو ئه وروپا ئاوریشمی پیگواستراوه ته وه. سه رله نوی بنیاتنانه وه ی ئه م ریگایه گرنگیه كی ناوازه ی ده بیت له بوژاندنه وه ی زیاتری ئابوری چین و نزیكه ی ٦٨ وڵاتیتر به جوریك چین ده بیته یه كه م هیزی ئابوری جیهان گه ربیت و پروژه كه ته واوبیت. گومانی تیادانیه كه چین له روی سه ربازی و ئابوریه وه به رهه لستكاریكی سه رسه ختی ئه مریكا یه و هه موو هه ولیكی بو ئه وه یه كه له ریی ئه م پروژه یه وه كه به ناوی پشتینه و پلانی كاری ریگاوبانه ببیته به ربه ست له به رده م پیگه ی ئه مریكا له سه ر جیهان. چین بو ته واوكردنی ئه م پروژه یه پیویستی به بری ٤ تا ٨ ترلیون دولاره . له روژهه لاتی ناوه راستی گه وره دا پیویستی به پاكستان و ئیرا ن و توركیا و هه ندیك ولاتانیتری ناوچه كه ده بیت. گرنگی پروژه كه له وه دایه كه كاریگه ری ئابوری له سه ر له سه دا ٦٠ جیهان ده بیت و ٣ كیشوه ر ده گریته وه ئاسیا و ئه فریقاو ئه وروپا. چه ند ریگایه ك له خو ده گریت له وانه ش وشكانی كه بریتین له دروستكردنی هیلی ئاسنی خیراو پردو ریگاوبان و ریگای ئاوی. له ئیستادا مه ترسیه كه له وه دایه كه ئه م پروژه یه له بواری جیبه جیكردندایه و له سالی ٢٠١٣ ه وه له لایه ن سه روكی چین شی جین بینغ پلانریژی بوكراوه و چه ندین گریبه ست واژوو كراوه. به پیی پلانه توكمه كه ی چین ته واوی ئه و ولاتانه ی كه ئه م كوریده ره بازرگانیه ی پیا تیپه ر ده بیت سودمه ند ده بن و ژیرخانی ئابوریان به هیز ده بیت به مه ش پالپشتی زوربه ی ئه و ولاتانه به ئاسانی به ده ستدینیت. كومپانیا چینیه كان چه ند سالیكه ده ستیانكردووه به پروژه كه و له گه ل چه ندین ولات گریبه ستیان واژوو كردوه بو نمونه پاكستان و كازاخستان، میانمار، ئه سیوبیا، كینیا، لاوس ، تایلند و به م دواییانه دا سه روكی توركیا ره جه ب ته یب ئه ردوغان باسی واژوكردنی گریبه ستی دروستكردنی هیلی شه مه نده فه ری خیرای تاوتویكرد وه له گه ل سه روكی چین به بری ٣٠ ملیار دولار له نیوان ئه درنه و كالاس. ئه م گرژیانه ی ئه م دوادواییانه كه په یوه سته به ده ستگیركردنی قه شه ئه مریكیه كه هیچ نیه ته نها تیوه گلانی توركیا نه بیت له شه ریكی ئابوری ئالوز كه تیایدا توركیا ناچاربكات ملكه چبكات بو پاراستنی به رژه وه ندیه كانی ئه مریكا. توركیا له پیش روخانی رژیمی به عس سیاسه تی پیچوانه ی دژی ئه مریكا جیبه جیكرد به وه ی كه رینه دا ئه مریكا بنكه ی ئه نچه رلیك به كار بهینیت له دژی روخانی رژیمی به عس. ئه گه ربیت و توركیا ملكه چ نه كات زور دور نیه ئه مریكا كارتی كورد له توركیاو سوریا به كار نه هینیت له دژی ئه ردوغان. بیانووه كان زورن بو توركیا بو نمونه پالپشتكردنی راسته وخوی گروپه تیروریستیه كان و مامه له ی بازرگانی نه وت له گه ل داعش . هه ر زوو ئه مریكا له پیناو به رگرتن به پیشه وه چونی ئه م پروژه یه ستراتژیه تی خوی له ناوچه كه به شیوه یه كی به رچاو گوری و هه ندیك دوستی كرد به نه یارو هه ندیك نه یاری كرده دوست له پیناو پاراستنی به رژه وه ندی خوی. گرنگترینیان ریكه وتننامه ی سنگافوری نیوان كوریای باكور و ئه مریكا، نزیكردنه وه ی كوریای باكور و باشور، به رپاكردنی جه نگی ئابوری له دژی چین و توركیا و ئیران. ئامانج له به رپاكردنی جه نگ له دژی توركیا و ئیران ملكه چپیكردنیانه بو هاتنه وه ژیر ركیفی ئه مریكاو دوور كه وتنه وه یه له و پروژه ی چین. سه باره ت به روسیاو ئه مریكا هه ردوولا به رژه وه ندی هاوبه شیان زوره له ناوچه كه. پیشبینیده كریت په یوه ندی نیوانی روسیاو ئه مریكا زیاتر په ره بسینیت. بیگومان له ئیستادا ئه مریكا فوكه سی زیاتر له سه ر توركیاو ئیرانه و ماوه ی ٥ سال زیاتره هه ولیداوه هه ردوو ولات توشی شه ریكی ده ره كی بكات له سوریا و عیراق له ریگای هیزه بریكاره كانیان. تیچونی ئه و شه رانه ی كه له لایه ن هیزه شه ركه ره كانی سه ر به هه ردوو ولاته كیرڤی ئابوری هه ردوو ولاتی تا ئاستیكی زور دا به زاندووه به جوریك ئیران چیتر توانای نیه یارمه تی هیزه كانی بدات له یه مه ن و عیراق و سوریا. ئه مریكا هه میشه بو ئه وه ی بیانوی هه بیت بو لیدانی ولاتیك كه نه یاریبیت ریخوشده كات كه ولاتی نه یار سه ركیشی بكات و ده ست له كاروباری ولاتان وه ربدات. بونمونه ده رگای كرده وه بو ئیران و توركیا تا ده ست وه ربده نه عیراق و گلوپی سه وزی هه لكرد بو توركیا هیرش بكاته سه ر شاری عه فرین و داگیریبكات. ئیران زوربه ی ئه وكارو چالاكیانه ی كه له ناوچه كه دا كردویه تی زور دژی به رژه وه ندی ئه مریكا نه بووه به لكو سودیشی هه بووه. بونی دوو به ره ی به هیزی سونی و شیعه له ناوچه كه له به رژه وه ندی هه ردوو بلوكی ئه مریكاو روسیایه چونكه دواجار ئه م دوو به ره یه پیویستیان به كرینی چه ك و جبه خانه یه. سه رچاوه كان: 1. https://www.dw.com/tr/modern-ipek-yolu-projesi-beklentiler-ve-ku%C5%9Fkular/a-38832963 2. https://www.weforum.org/agenda/2017/06/china-new-silk-road-explainer/ 3. https://www.weforum.org/agenda/2015/11/5-things-to-know-about-the-new-silk-road 4. https://www.scmp.com/week-asia/politics/article/2013133/why-tensions-are-inevitable-chinas-new-silk-road * خوێندكاری دكتۆرا لە كارگێڕی گشتی دەوڵەت لە ئەمریكا