سەرکەوت شەمسەدین بەشی سێیەم جێگەی نیگەرانی و بێ هیواییە کاتێک دەبینین ئێمە (ئەحمەد حاجی رەشید، هۆشیار عەبدوڵا، سەرکەوت شەمسەدین) وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی گروپێکی پەرلەمانیمان پێکهێناوە بۆ مەلەفی نەوت بۆ روبەروبونەوەی مافیاکانی نەوت لە کوردستان، هەمو جوهدی خۆمان تەرخانکردوە لە ئاستی ناخۆ و عێراقی و نێودەوڵەتی روبەرویان بوینەتەوە وە بەڵێنیشمانداوە لەکۆڵ ئەم مەلەفە نابینەوە، نە تەخوین و نە ناوزراند ساردمان ناکاتەوە، بەڵام بیانوهێنانەوە لەلایەن هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بۆ بەردەوامی ئەم تاڵانیەی نەوت خەنجەرێکی ژەهراوییە دژی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و خیانەتە لەو سوێندە دەستورییە. لە سەرەتاشەوە رونمانکردۆتەوە کە ئەم هەنگاوانەی سەرەتامان بریتیە لە "چاودێریکردن و بەدواداچون" بۆ ئەو شکایەتەی وەزارەتی نەوتی عێراق ساڵی ۲٠۱۲ دژی وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێم کە ئێستا دەعواکە گەشتۆتە دواقۆناغ و وەڵامی سەرۆک وەزیری عێراق ماوە بۆ بریاری یەکلاکەرەوە دژی هەناردەی نەوتی هەرێم. بەڵام زۆر جێگەی داخە کە هەندێ پەرلەمانتار (بەتایبەت ئەوانەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی) بێن لەبری زیاتر فشارکردن و کردنەوەی چەند دۆسیەیەکی تر بەخەمی هاوڵاتیانی هەرێم و بەرژەوەندیەکانیانەوە بن، دێن روی پارتی سپی ئەکەنەوە و لەژێر کاریگەری گوتاری نەژادی و مەزهەبی درێژەدان بە تاڵانی نەوتی هەرێم لەلایەن مافیاکانی "کورد" پێ باشترە وەک لە چرکردنەوە و زیاترکردنی فشار لەسەر حکومەتی هەرێم بۆ رادەستکردنی نەوت بە بەغداد، بەڵکو بونەتە پارێزەر بۆ سیاسەتی نەوتی هەرێم، لەبری بەهێزکردنی بەرەی دژ بە دەسەڵات کە دەستی بەسەر نەوت و داهاتی هەرێمدا گرتوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم هەوڵەی ئێمە فشار لەسەر عەبدولمەهدی زیاتر دەکات و گوایە کاریگەری لەسەر موچە ئەبێت بە سلبی، بەڵام خۆیان لەو راستیە لادەدەن کە مەلەفی نەوت هۆکاری ئەم نەهامەتیانە بوو کە لە خوارەوە ئاماژەی پێئەکەم، وە تەنانەت ئەمە قسەی ئێمە نیە بە تەنیا وەک ئەو سێ پەرلەمانتارە، بەڵکو هەردوێنێ لە نوسینێکدا وە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی دا لەگەڵ جوتیاران، پەرلەمانتاری عێراق بەختیار شاوەیس (فراکسیۆنی یەکێتی) بە ئاشکرا رایگەیاند کە بەهۆی رادەستنەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بە سۆمۆ هەرەشە لەسەر موچە هەیە و بەو هۆیەشەوە پارەی گەنمی جوتیاران نادرێت، خودی عەبدول مەهدی ئەمەی پێوتون کە ناتوانێ لەم کاتەدا پارەی جوتیاران بدات تا هەرێم نەوت رادەست نەکات. ئەمە قەناعەتی سەرجەم پەرلەمانتارانی کوردە لە عێراق بەڵام هەنێکیان بە هۆکاری حزبی، و هەنێکیشیان بە هۆکاری تر وەک خۆشیرینکردن و سپی کردنەوەی روی حکومەتی هەرێم، پێچەوانەی راستیەکان دەڵێن. بەشێک لە زیانەکانی سیاسەتی نەوتی هەرێم بۆ هاوڵاتیان: 1. زیانی (٦٠ بۆ ۷٠) ملیار دۆلار لە پشکی هەرێم لە ساڵی ۲٠۱۳ بۆ ۲٠۱۹. 2. دواکەوتنی پارەی گەنمی جوتیاران و کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە کرینی گەنم. 3. دەیان ملیۆن دۆلار لە پارەی پترۆدۆلار ساڵانە بۆ پارێزگاکان و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە پارێزگای سلێمانی و دهۆک زۆرترین زیانیا پێگەشتوە لەمرەوەوە. 4. دەیان ملیۆن دۆلار لە قەرزە نێودەوڵەتیەکان کە پشکی هەرێمبون نەنێردراون و خەرجنەکراوە کە زۆربەیان پرۆژەیستراتیژی بون، بەڵام لە دانەوەی قەرزەکان لەسەرمان حسێبە. تەنانەت حکومەتئ عێراق ئەرکەانی خۆی بەرامبەر پرۆژەکانی بەنداو لە هەرێم وەک نۆژەنکردنەوە دواخستوە بەهەمان هۆکار. 5. جوتیاران و بازرگانان و خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان توشی ئیفلاسی و رەنجبەخەساری چون چونکە بەهۆی قەیرانەکانەوە لەنێوان هەولێر و بەغداد نەتوانراوە رۆزنامەی کشتوکاڵی جێبەجێبکرێت پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆ بکرێت هەروەها بازارەکانی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ بەرهەمی جوتیارانی ئێمە. 6. بەهۆی سیاسەتی نەوت هەرێم ملیۆنان دۆلار زیان بەر کەرتی دارایی و بانکی هەرێم کوتوە وە هاوڵاتیانی کوردستان بێ بەشبون لە قەرز و سولفەی بانکەکانی عێراقی فیدراڵ. 7. لە کەرت خوێندنی باڵا و پشکی هەرێم لە زەمالەکان یان نەهێڵراوە و یان زۆر کەمکراوەتەوە ە بەمەش خوێندکارانی کورستان ئەو دەرفەتە گرنگانەی زەمالەیان لەەستچوە. 8. هەر بەهۆی سیاسەت نەوت لەسەر خاڵە سنوریەکانیش نەگەشتونەتە رێکەوتن یان رێکەوتنەکان دواخراوە بەمەش ئابوری کوردستان ملیۆنان دۆلار مانگانە زیان دەکات و پارێزگای یەی گرنگی وەک هەڵەبجە بۆنمونە نەیتوانیوە سود لە دەروازە سنوریەکانی لەگەڵ ئێران ببینێت. 9. بەهۆی سیاسەتی نەوت و عەقڵیەتی قەومچێتی بەڵام بۆ بەرژەوەندی حزبی، هێزەکان پێشمەرگە هەم لە چەکی پێشکەوتو وە پێویستی لۆجستی سوپای عێراق بێبەشکراون وە ملیۆنان دۆلار مافی پێشمەرگە لە بودجەی وەزارەتی بەرگری فەوتاوە. *لە چەندین بواری تر کە زیانەکان یەکجار گەورەن، ئێمە شلگیرانە و بێ سڵەمینەوە لە گوتاری مافیاکانی نەوت و پۆستنوسەکانیان، بەردەوامین، هیوادارین ئەوانی یریش لەبری سپیکردنەوەی روی دەسەڵات لە یەکێک لەو مەلەفە گرنگانە کاربکەن و ئێمەش پشتیوانیان. ماویەتی..
+ مەلا فرمان بۆ چونە ناو ئەم بابەتە تازەیە، پێویست بە ئاوڕدانەیەکی سیاسی و قۆناغ بەندی هەیە، ئەم قۆناغبەندیە هەمو ئەو کارەکتەر و روداوە سیاسیانە دەگرێتەوە کە بە درێژایی ٦٠ ساڵی رابردو ١٩٦١ - بۆ ئێستا بونیان هەیە و رویانداوە. 1- ١٩٦١ – ١٩٦٤ ، لەم قۆناغە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە هێزی سیاسی بوە، توانیویەتی وەک هێزی بەرهەڵستکاری چەکدار بە شێوەی کاریگەر دژ بە دەسەڵاتی بەغدا بونی هەبێ. ئەم بەرهەڵستکاریە لەسەر پرسی دیموکراتی یان پرسی ستەمی چینایەتی نەبوە، بەڵکە بە گشتی پرسی نەتەوەیی داینەموۆی هزر و ئایدای ئەم حیزبە بوە.بەڵام وروژاندنی پرسی جوتیاران و زەویوزار و یاسای چاکسازی کشتوکاڵی رۆڵی خۆی هەبوە لە بزواندنی ئەم حیزبە بە تایبەتی لای ئاغا و دەرەبەگەکان و بەشێکی سەرکردایەتی پارتی. لەم قۆناغە جگە لە پارتی، حیزبی شیوعی عێراقی ناوی هەبوە هەم لەبەرەی کورد و هەم لەبەرەی بەغدا. بەڵام بەگشتی ئەم حیزبە ئێستاشی پێوەبێ سەرەڕای مێژویەکی دورودرێژی خوێناوی کاریگەری ئەوتۆی نەبوە، بە تایبەتی لە گرتنە دەستی سەری گوریسەکان. 2- ١٩٦٤ – ١٩٧٠ پارتی دەبێت بە دو بەشەوە، ئەگەرچی هۆکاری ئەم دابەشبونە دو دیدی جیاوزبوە بۆ ژیان و سیاسەت: مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وەک نوێنەری چەپ و پێشکەوتوخواز ، بەرامبەر ویستی حوکمی تاکڕەوی و دەستەمۆ بون، ئەو دەسەڵاتەی بڕوای وایە " کەسانی تر دەتوانن هەبن بەڵام دەبێت گوێڕایەڵ و گوێ لەمشتبن". لێرەوە تۆوی ئەم عەقڵیەتە تۆ و کرا". 3- ١٩٧٠ – ١٩٧٤ پارتی وەک تاکە سوار لە گفتوگۆدا بو لە گەڵ بەغدا، دواجار شەڕ و ئاشبەتاڵ تاکە بەرهەمی ئەم کفتوگۆیە و ١٤ ساڵ تێکۆشانی میللەتێک بو لەسەر دەستی ئەو تاکە سوارە گلاوە. 4- ١٩٧٤ – ١٩٧٩ دامەزراندنی بەرەی نیشتمانی پێشکەوتوخواز لە نێوان ( بەعس، پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی سۆرشگێر و حیزبی شیوعی). ئەم دیموکرات و سۆڕشگێرە بە کارتۆنیەکان ناسراوبون. ئەم سێ حیزبەش گوێ لەمشتی بەعسیەکان بون و پێچەوانەی بریارەکانی بەعس دەمیان ناکردەوە. 5- ١٩٧٦ – ١٩٩١ کۆمەڵێ حیزب لە کوردستان بونیان هەبو، هەر یەک خاوەنی هێزی چەکداری خۆی بو، بە چەک داکۆکی لە بون و مانەوە و دەسەڵاتی خۆی دەکرد. 6- ١٩٩١-١٩٩٤ هەڵبژاردنی پەرلەمان و شەراکەتی ٥٠ بە ٥٠ پارتی و یەکێتی لە حکومەت. لە دەرەوەی ئەم دو حیزبەش چەند حیزبێکی تر دەژیا و بێئەوەی باس لە ئۆپۆزسیۆن بون بکەن. کۆسپی ٧% هەڵبژاردن ریگربو لە بەشداریکردنیان لە کێکی حکومەت. 7- ١٩٩٤ – ٢٠٠٣ دەکرێ بە قۆناغی ململانێی چەکداری توندی نێوان پارتی و یەکێتی، ململانێی خوینڕشتن، خیانەت و تەخوێنکردن، ئاشتبونەوە دابنرێت. جگە لەمەش لێرەوە قەڵەمە ناڕازیەکان وردە وردە دەرکەوتن و دەنگیان بەرز کردەوە. 8- ٢٠٠٣- ٢٠٠٩ درێژەپێدان بە حکومەتی ٥٠ بە ٥٠، رێکەوتنی ستراتیجی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامان. لەو کاتەی سکرتێر و سەرۆکی پارتی و یەکێتی پێکەوە سوکانی کۆمپانیای نەوتیان بادا، بازرگانی و بۆماوەیی سیاسی جێی نیشتمانپەوەری و حیزباتی گرتەوە. لێرەوە پرەنسیپی لە پاڵ هەرکۆمپانیایەک، حیزبێک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لێرەوەش حیزب و چەک و پارە بون بە سێکوچکەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی بنەماڵە و نەوەکانیان. 9- ٢٠٠٩ ...١٩/٥/٢٠١٧ ، راستە پێشتر لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسیەوە نوزەیەکی کزی ناڕازای هەبو، نوزیەک زۆر لاوازتر لە دەنگی چەند رٶشنبیر و چەند رۆژنامەیەک. پەیدابونی کۆمپانیای وشە و بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزی سیاسی بێ چەک، یەکەمین دەرگای ئۆپۆزسیۆنبونی خستە سەرپشت، لێرەوە کۆمەڵانی خەڵک لە چاکە و خراپە و بەرژەوەندیەکانی بە ئاگا هاتنەوە، بودجە، شەفافیەت و دادپەروەری ئەو سێ چەمکە بون کە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەندارێتی دەکرد. سەرەڕای چاوسورکردنەوە و هەڕەشە و ساختەکاری، ئەم هێزە توانی لە هەڵبژاردنی ٢٥/٧/٢٠٠٩ ، ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێ، بەمەش بو بە دوەم هێزی هەرێمی کوردستان. لە ماوەیەکی کەم ئەم هێزە توانی: • هیوا بە دواڕۆژ بۆ شەقام بگەڕێنێتەوە. بیخاتە جوڵە. • بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن دروست بکات. • دەسەڵات ناچار بکات بە پێشکەشکردنی هەندێ کاری خزمەتگوزاری. ( ئەم قیرە رەش و جوانە.. بەرەهەمی شەقی نەوشیروانە). 10- ئەستوربونی باسکی ئەم هێزە ترسی لای پارتی و یەکێتی دروستکرد، نان بڕین و موچە بڕین و هەڕەشە و رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان لێکەوتەی ئەو ترسەبون. راستە راستەوخۆ ئەم فشارانە بەرامبەر بە گۆڕان کران، بەڵام لە راستیدا نامەیەک بو بۆ لایەنکانی دەرەوەی دەسەڵات و رۆشبیران و شەقام تێیدا ئەم پەیامەی هەبو " یان دەبێ نەبن یان گوێ ڕایەڵبن". 11- ٢٠١٧ ..... ئێستا دوای کۆجی دوایی رێکخەری گشتی گڵۆڵەی ئەم بزوتنەوەیە کەوتە لێژی، ئەمەش نەک هەر کاریگەری کردە سەر بزوتنەوەکە بەڵکە : • بە گشتی پێگە و بیری ئۆپۆزسیۆنبون و وشەی "نا و نەخێری " خستە سەر دوڕیانێکی نادیار. • ساردبونەوەی شەقامی ناڕازی و دروستبونی بێ ئومێدێ. • سەرکەوتنی بەرەی گەندەڵ و سیستەمی حوکمڕانی بنەماڵە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت. 12- ریکەوتنی پارتی - گۆڕان لێرەوە ئیدی بە تەواوی تۆوی بیئومێدی بە ئۆپۆزسیۆنبون چاندرا، زۆرێک پێیان وایە گروپی دەستڕۆیشتوی ناو ماڵی گۆڕان دوا بزماریان لە تابوتی گۆڕان و ئۆپزسیۆن داکوتا، سبەینێش دەسەڵات دەیدا لە تابوتی خۆیان. بە کورتی دەسەڵات بە تایبەتی پارتی توانی لە رێگەی کاریگەریەوە لەسەر گروپێکی دەسترۆشتوی شەکەت و ماندوی ناو سەرکردایەتی گۆڕان ئەم پەیامە " " کەسانی تر دەتوانن هەبن بەڵام دەبێت گوێڕایەڵ و گوێ لەمشتبن" بە گۆڕانخوازان و تەواوی لایەن و قەڵەمە ناڕازیەکان بدەن. بشڵێن " راستمان گوت، کاتی گوتمان گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا عاقڵ بوە". بەڵێ پێدەچێت ئەم گروپە دەستڕۆیشتوە لەو عاقڵانە بن و بە نیازی ئەوەبن زیاتر گۆڕان بەلارێدا بەرن. رونکردنەوەکەیان لەمەڕ هەوڵەکانی ئەو سێ پەرلەمانتارە رەسەنەی گۆڕان لە بەغدا نیشانەیەکی مەترسیدارە لە لادانی زیاتری ئەم گروپە لە پرەنسیپەکانی گۆڕان. لە بەرامبەردا، زۆرن ئەوانەی پێیان وایە بنکەی جەماوەری ئۆپۆزسیۆن و دەنگە ناڕازیەکانی ناو گۆڕان تادێت لە زیادبوندایە. ئەم دەنگانە دەتوانن و ئەرکیانە: 1- ببن بە خاوەنی راستەقینەی گۆڕان و گۆڕانکاری، لە هەرکات و شوێنێک بۆیان دەکرێ. 2- سەرکردایەتی دەنگی تەواوی دەنگە ناڕازیەکان بکەن. 3- پشودڕێژانە بە دەسەڵات بڵێن " ئیمە هەین و ئەبین و سیستەمی ئیدارەدانی وڵات دەگۆرین".
مەریوان وریا قانع دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر کچانی تەمەن ٧ ساڵ و تەمەن ١٠ ساڵ دیاردەیەکی بەرچاوی ئەمڕۆکەی ناو شارە گەورەکانی ھەرێمە. دوێنێ لە دھۆک و ئەمڕۆ لە ھەولێر و سبەینێ لە شوێنێکی تری ئەو وڵاتەدا گوێمان لەم جۆرە ھەواڵانە دەبێت و لە میدیاکاندا دەیانخوێنینەوە. دەستدرێژیکردنی سێکسیی بۆسەر منداڵان شتێکی تازە نییە لە مێژوودا، ئەوەی لە دونیای ئێمەدا تازەیە ئەوەیە ئەم دەستدرێژییکردنە بەشێکە لە قەیرانێکی ئەخلاقیی ھەمەلایەن کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە ھەرێمدا دروستبووە. قەیرانێک تیایدا ھەم سەرجەمی بەھا سەرەکیی و پێوانەییەکان تووشی شڵەژانێکی بونیادیی و ھەمەلایەن بوون، ھەم سەرجەمی فۆرمە جیاوازەکانی شەرمکردنی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و سیاسیی سڕاونەتەوە و بوونیان نەماوە. ئەمڕۆ لەو کۆمەڵگایەدا ھیچ حەرامێکی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی نەماوە نەشکێندرێن و ھیچ جۆرە دەسەڵاتێکی رەمزیش نەماوە، بتوانێت وەک ڕێگرێکی ویژدانی ڕێ لەو پرۆسەی بەرفراوانەی شکاندنی حەرامە ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتییەکان بگرێت. ھەموو ئەمانەش لەناو جۆرێک لە سایکۆلۆژیای گشتیدا کە بەرخۆریی و ئەنانیەتێکی کەموێنە چوارچێوەکانی دروستکردوە. بەرخۆریی سێکسیی پەیوەندار بە خودئەڤینییەکی پاسۆلۆژیەوە، چێژیش لەمانە بەرخۆرییە ڕووتەکەیدا وەک پاڵنەری سەرەکیی. پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە کێ لەم دۆخە بەرپرسە؟ لە پازدە ساڵی ڕابردوودا من بەرگریم لەو تێزە کردوە کە ئەم شڵەژانە بەھایی و ئەم قەیرانە ئەخلاقیی و ویژدانیانە دیاردەیەکن لەناو ”کایەی سیاسیی“ەوە بۆ ناو کایەی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی دادەبەزن. پرۆسەی وێرانکرنی کۆمەڵگای ئێمە پرۆسەیەکە لەسەرەوەە بۆ خوارەوە دادەبەزێت، لەناو دەسەڵاتی سیاسییەوە دێت و بۆ ناو کایەکانی تر دادەبەزێت. نوخبەکانن بۆگەن دەبن و لەگەڵخۆیاندا سەرجەمی ئەو ڕووبەرانە بۆگەندەکەن کە تیایاندا ئامادەن. ھەر ئەوەی دەستدرێژیکەرەکان بەھۆی پەیوەندییەکانیانەوە بە کەسایەتییە سیاسیی و دەسەڵاتدارەکانەوە ئازاد دەکرێن و درێژە بە ژیانیان لەناو کۆمەڵگادا ئەدەن، ھێمای ئەم پەیوەندییە پتەوەیە کە لە دونیای ئێمەدا لەنێوان بەدڕەوشتیی و پێگە سیاسییە بەھێزەکاندا ئامادەیە. سیاسەتێکی بەدڕەوشت کۆمەڵگایەکی بەدڕەوشت دروستدەکات. فۆرمە بەدڕەوشتەکانی پیاوەتیی، کە بەشی زۆریان لەناو کایەی سیاسیدا دروستدەبن، فۆرمە جیاوازەکانی تاکەکەسبوون و مرۆڤبوون لە دونیای ئێمەدا بەدڕەوشت دەکەن. ھەر ئەمەیە وادەکات تا ئەو کۆمەڵگایە لەلایەن ئەو دەسەڵات و سیاسییە بەدڕەوشتانەوە بەڕێوەببرێت، ھەتا ئەو کایە سیاسییە سەرەتانییە بوونی ھەبێت، ناتوانین چاوەڕوانی ھیچ جۆرە ڕیفۆرم و چاکسازییەک بین لەناو ھیچ کایەیەکی کۆمەڵایەتیدا. دەستی ئەو خانمە ئازایە خۆشبێت کە ئەم ڕاپۆرتە گرنگەی لەسەر ئەو تاوانە گەورەیە بڵاوکردۆتەوە.
هیوا سەید سەلیم دۆڕانی شارەوانی ئەستنبۆڵ لە هەڵبژاردنی 31 ئادار لە پاڵ چەندین شارەوانی مەزنی وەك (ئەنقەڕە ، مێرسین، ئەدەنە، ئزمیر) وچەندین شارەوانی دیكە، لە لایەن پارتی دادوگەشەپێدان بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان كە لە لایەك سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەو پارتەی دەسەلاتیشە، بەرپرسانی ئەو حزبەی تووشی شۆكێكی گەورە كرد، چونكە هیچ كات پەشبینی ئەو پاشەكشە گەورەیان نەدەكرد، وە دەتوانین بڵێین ئەو هەلبژاردنە زۆرێك لە حساباتی ئەردۆغانی تێكدا، ئەو داینابووە كە وەك چۆن لە ئەستنبۆڵەوە جلەوی دەسەڵاتی وەرگرت هەر لەوێشەوە شكست بە ڕكابەرەكەی لە پارتی گەلی كۆماری بهێنێت، بۆیە لەچەندین میتینگدا بانگەشەی ئەوەی دەكرد ( ئەوەی ئەستەنبۆل بباتەوە هەموو توركیای بردۆتەوە) لێرەدا تێدەگەین ئەردۆغان كە بۆ هەڵبژاردنی 2023 خەونی گەورەی لە مێشك دایە، وە قەبوولی نیە لە 2019 هەموو توركیا بدۆڕێنێت، بۆیە هەر چەند رۆژێك دوای ئاشكرابوونی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا، پارتی دادوگەشەپێدان، تانەی لە ئەنجامەكانی هەلبژاردنی ئەسەتنبۆل دا، وە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی توركیاش كە لە 11 ئەندام پێكدێت لە كۆی ئەو 11 ئەندامە حەوتیان لە قازانجی تانەكەی ئەكەپە دەنگیان دا، وە بڕیار درا لە رۆژی 23 حوزەیران هەڵبژاردن بۆ شارەوانی ئەستنبۆڵ دووبارە بكرێتەوە. لە ئێستادا كە لەبەردەم چەند رۆژێكی كەم دایان بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردی ئەستەنبۆل دەپرسین ئاخۆ لە 23 حوزەیراندا ئەسەتبۆلیەكان دەنگ بە كێ دەدەن؟. وە كێ دەكەنە سەرۆك شارەوانی ئەستەنبۆڵ؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێت شیكاری بۆ كارەكتەرەكانی ناو ئەو ملاملانێیە بكەین و خوێندنەوەمان بۆ پشتی پەردەی هەلبژاردنەكە هەبێت بۆیە بەجیا باس لەهەریەك لە كاركتەرەكان دەكەین. ئەكەپە و ئەستنبۆڵ: پارتی دادو گەشەپێدان، كە لە ساڵی 2002 وەوە، لە توركیا جلەوی دەسەلاتی گرتۆتە دەست، دەستپێكی سەرەهەڵدانی ئەو پارتە بۆ بردنەوەی شارەوانی ئەسەتنبۆڵ لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی 1994 تا 1997 دەگەڕێتەوە، ئەكەپە لە ماوەی حوكمڕانی خۆیاندا ئەو شارەیان وەك ناوەندێكی گرنگی ئابووری و گەشتیاری پاراست، هەر ئەوەش وایكرد كە توركیا لەسەر دەستی ئەوان قۆناغەكانی كێشەی ئابووری ببڕێت، بەڵام دوای هەمواری دەستووری توركیا و هەلبژاردنی رەجەب ئەردۆغان وەك یەكەمین سەرۆك كۆمار لە شێوازێكی ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە تەواوی سیاسەتەكانی ئەكەپە گۆرانیان بەسەرداهات، لە ئێستادا توركیا بەدەست گەورەترین كێشەی ئابووری لە ناسەقامگیری بەهای لیرەی توركی و هەڵئاوسان و بێكاری دەناڵێنێت، بۆیە درووشەمەكانی ئەكەپە بۆ شارێكی وەك ئەستنبۆڵ بێ بەها دەبن و دەنگدەری ئەو شارە لە پارتی داد و گەشەپێدان هەلدەگەرێتەوە و بە دوای ئەلتەرناتیف دەگەڕێت، وەك ئەوەی لە دوایین هەلبژاردنی شارەوانیەكان بینرا. جەهەپە و ئەستنبۆڵ: پارتی گەلی كۆماری، كە میراتگری پارتەكەی مستەفا كەمال ئەتاتوركی دامەزرێنەری كۆماری توركیایە، لە ئێستادا بە ركابەری سەرەكی پارتی داد وگەشەپێان دەژمێردرێت، ئەو پارەت كە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئەستەنبۆڵ ئەكرەم ئیمام ئۆغلوی كاندید كردبوو تا ركابەری، بن عەلی یەلدرم كۆنە سەرۆك وەزیران و دواجاریش سەرۆكی پەرلەمان لە لیستی پارتی دادوگەشەپێدان بكات، زۆر سوودی لەو قەیرانانە بینی كە توركیا بە گشتی و شارە گەورەكانی بە تایبەتی لەسەر دەستی ئەكەپە تێی كوتووە، وە بەبەرنامە ئەو كێماسیانەی قۆستەوە، جەهەپە لە كاتێكدا ركابەرەكەی خەریكی درووشمی نەتەوەپەرستانەی توندرەو بوو ئەو باسی لە قەیرانە ئابووریەكان دەكرد و پرسی بێ كاری دەوروژاند بۆیە ویرای شارە گەورەكانی دیكەی توركیا توانی لە شاری ئستەنبۆڵ بە چەند هەزار دەنگێك پێش ئەكەپە بكەوێت. هەدەپە و ئەستەنبۆڵ: پارتی دیموكراتی گەلان لە دوو هەلبژاردنی رابردووی پەرلەمانی توركیا و هەلبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار كە سەڵاحەدین دەمیراتشی بۆ ركابەری ئەردۆغان كاندین كردبوو توانی بووی خاوەنداریەتی باش لە دەنگی دەنگدەرانی كورد لەو شارە بكات كە مەزەندە دەكرێت بە ملیۆنێك و پێنجەسد هەزار دەنگ، هەر بۆیەشە وەك هەڵوێستێك بەرامبەر سیاسەتی دووژمنكارانەی ئەكەپە لەبەرامبەر پرسی كورد و ئەو هەموو فشارانەی ئەردۆغان و حزبەكەی لەو چەند ساڵەی دوایی خستویانیەتە سەر هەدەپ لە رێكەوتنێكی لەگەڵ جەهەپە تونیان پارسەنگی هێز لە شارە گەورەكان بە زیان بۆ ئەكەپە بگۆڕن، گەورەترین شكست رووبەڕووی ئەكەپە . لە 23 حوزەیران جارێكی تر سندوقەكانی دەنگدان پێشوازی لە دەنگدارانی ئەستنبۆڵ دەكاتەوە، هاوكێشەكان لە نێوانی ئەكەپە و جەهەپە گۆڕانیان بەسەرنەهاتووە ئەوەی تا ئێستا ڕوون نیە هەلوێستی هەدەپە كە پێشتر وەك هێزی پاڵپشت لە جەهەپە تەواوی هاوكێشەكانی گۆڕی بوو. لە ئێستادا ئەوەی قسەی كۆتایی سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانی مەزنی ئەستەنبۆل و هەڵوێستی هەدەپە لەوبارەیەوە دەكات زیندانە، زیندانی ئەدەرنە كە سەڵاحەدین دەمیرتاشی لێیە، هەلوێستی روونە و ئەو لەوێ داوا دەكات هەدەپەیەكان دەنگ بە كاندیدی جەهەپە بدەنەوە، وەلێ ئەوەی ڕوون نیە هەڵوێستی ئیمرالیە،بۆیە دەپرسین ئایا رێگەدان بە دیداری ئۆجالان لە ئیمڕالی لە هەمان ئەو رۆژەی كە بڕیاری دووبارە ئەنجامدانی هەلبژاردنی شارەوانی ئەستنبۆڵ رێكەوت بوو یان بەرنامە بۆ دارێژرابوو. دوو رۆژی ماوە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە وەردەگرینەوە، لەهەمووشی گرنگتر دەزانرێت كە كێ دەبێتە سەرۆك شارەوانی ئەستنبۆڵ ئەكەرەم ئیمام ئۆغلوی جەهەپە یان بن عەلی یلدرمی ئەكەپە.
کاروان عەلی شامار ئەگەر بابەتی شرۆڤەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بکرێ، یەقین دەبی لەوەی بەھۆی لێدوان و کردەوەکانی بارزانییەوە کوردستان بەگشتی و دەڤەری سلێمانی بەتایبەت دەرگیری دەیان ئافاتی جۆراو بۆتەوە، وەلێ سەرباری ئەوانەش بەشێک لە بەرپرسانی زۆنی سەوز بێدەنگیان ھەڵبژاردوە ناوبەناو بۆ سپیکردنەوەی رویان لێدوانێکی شەرمنانە دەدەن. بەڵام سەنگاویەک کە ھەموو تەمەنی خۆی کردۆتە قوربانی بۆ حیزب و گەلەکەی حەتمەن وەک ئەوان نابێ و بەو میتۆدەی ئەوانیش نادوێ. لەمێژە ئەو فاکتە سەلمێنراوە کە ھەر جۆرە سەودایەک لەگەڵ پارتی زادەی ھزرو لۆجیک بێ ئەوا باتیلە، گومانی تێدا نییە لێدوانەکەی دوێنێی سەنگاوی لە ھەمبەر پارتی و ماڵبات، جگە لە کەمینەیەک لە بزنس و بەرژەوەندخوازو پۆستخوازەکان نەبێ، کە بازاریان شێواوە! بەکامی دڵی یەکێتیە دڵسۆزەکان بوو. کەواتە ئیدیۆمەکەی تەواو کاڵا بەقەد باڵای بارزانیە! سەنگاوی بە تەنھا خۆی بارتەقای ھەموو پارتی و ماڵباتی بارزانی خەبات و بەرخودانی کردوە، تەنانەت ئەوێ رۆژێ کە بریاری ئاشبەتاڵ دراو زیاتر لە (١٥٠) ھەزار چەکدار تەسلیمبونەوە، بارزانی وتی کاری من تەواو! ئەو لەگەل ھاورێکانی لە شۆرشی نوێدا خەباتی پارتیزانیان دەستپێکردو شاخەکانی کوردستانیان کردە دوا مەنزڵیان و دروشمی کەم ژیان و کەڵژیانیان دەگوتەوە، وە بون بەچراو جارێکی تر ئومێدیان کردەوە بەبەری نائومێدیدا! خولاصە، بێرێزی بەرامبەر محمود سەنگاوی بێرێزیە بەرامبەر بە ھەموو سەروەرییەکانی یەکێتی، چلۆن پارتی بە ھەموو ئیمکانیەتیەوە بەرگریدەکا لە بێمۆرالترین کادیرەکانی و دەیان بەکرێگیراویش ھاندەدا بۆ سوکایەتی بەکاک محمودەکان، دەبێ یەکێتیەکانیش نرخاندنیان ھەبێ و ئەرزش و ستایشی یەک لە سیمبولە جوان و دیارەکانیان بکەن
بەشی دووەم سەرکەوت شەمسەدین لە پەرلەمانی عێراق بە حوکمی پێگە دەستوریەکەی پەرلەمانتار ئەتوانێ بێ ئەوەی هیچ گرفتێ بۆخۆی دروست بکات و وەک فەرمانبەر دەوامی خۆی بکات، و خۆشی لە میدیا بەدور بگرێت و حزب چی پێوت هاوکاری بکات، خۆشی بە بێدەنگی ببێتە شەریکی تاڵانکاری و زۆرینەی خەڵکیش هەر نەزانێ کێن و چی دەکەن و بایەخیان چییە. هەر ئەتوانن بزانن لەو دەیان پەرلەمانتارە چەندیان لای خەڵک زانراون و پرۆژە و ئیشەکانیان دیارە؟ چەندیان ئامادەیە بە راشکاوی روبەروی زوڵم و تاڵانکاری ببێتەوە و ژیانی خۆی بخاتە مەترسی ئەو هەموو مافیایە بکاتە دوژمنی خۆی؟ بەڵام بۆ ئێمەمانان کە پێش سیاسەت و کاری پەرلەمانتاری ئەمسەنگەری دژ بە حوکمی بنەماڵە و دژ بە چەواشەکاری و تاڵانکاری سنگمان ناوە بە لولەی تفەنگەکانی دەسەڵات، ئێستا لە پێناو ئەو ئەرکەی پێمان سپێردراوە وەک نوێنەری خەڵک، لە پێناو قوتی هاوڵاتیان، لە پێناو مافی موچەخۆران، لە پێناو پارەی خوراوی خانە نشینان نەک ئاوڕ بۆ تەخوینکردن و پەلامارەکانی چەکلەکانتان نادەینەوە، بەڵکو ئێستا ئەزانین کە لەسەر رێگەیەکی حەقو دروستین. ئێستا ئەزانین کە چەکلەکانی حزب کەوتنە گیانمان ئنجا دەزانین ئەرکێکی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتیمانمان جێبەجێکردوە وەلەسەر ئەم رێگەیەش بەردەوام ئەبین. هەنگاوەکانیشمان لە بەغداد ناوەستێ، بەڵکو شوێن کۆمپانیا و معتەمەدەکانتان ئەکەوین و ئەم چەند ساڵەی لێرەین ستراتیژمان گێڕانەوەی قوتی خەڵک و دەرهێنانیەتی لە دەستی ئێوە کە جگە لە قاچاغچییەکی بێ مۆڕاڵ هیچی تر نەبون. ئێوە وەزیر و وەکیل وەزیر وەر بگرن بۆ دەستخستنی گرێبەستی ملیۆنان دۆلاری و سەفقەی کرین فرۆشی پۆست و دەنگی پەرلەمانتارەکانتان بکەن، ئێمەش یەک بە یەک ریسەکەتان لێ ئەکەینەوە بە خوری و جێگەی موعەتەمەدەکانتان لە بەغداد دەلەرزێنین. دەبێت کارێک بکەین چیتر ئەو بێمنەتیەی کوردستان تان بیر بەینەوە. بەڵام بۆ ئەم کارە پشتیوانی خەڵک و کەسانی خاوەن ویژدانمان پێویستە، چونکە ئەوان بە هەموو هێزی خۆیان خەریکی دێواندنی ئێمەن و خەڵکی سادە و بەش مەینەت وا تێ ئەگەیەنن کە ئێمە کارێکی دژ بە ئەوان ئەکەین، بۆیە ئەم شەرە بە تەنیا ناکرێ و پێویستمان بە کۆمەکی بەرەی خەڵک و راستی یە لە بەرامبەر بەرەی چەواشە و تەخوین، چونکە ئەم هەنگاوانەی ئێمە هێشتا سەرەتایە. ئەم بەرەیە پێویستی بە کۆبونەوەی حزبی و رێکەوتنی پێنج قۆڵی و چوار قۆڵی نیە بەلکو پێویستی بە کۆبونەوە و کارکردنی هەمو ئەو دەنگانە هەیە کە دەسەڵاتی بنەماڵە، کە دژی چەتەگەری و خەونی نیشتیمانێکی هەیە کە نەوەکانمان شانازی پێوەبکەن، ئیتر ئە دەنگانە لە ناو پەرلەمانبن یان دەرەوەی پەرلان گرنگ نیە، چونکە ئەوەی نوسەرێک یان چالاکوانێکی سەربەخۆ و رۆژنامەنوسێکی ئازا ئەتوانێ بیکات زەحمەتە بە پەرلەمانتارێک بکرێت. ماویەتی...
گوڵاڵە سدیق کاتێک دەوڵەتێک (دەوڵەتە بەرخۆرەکان) پشت ببەستێت بەیەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ داهات، ئەوا بە ئابوری ئەو دەوڵەتە دەوترێت ئابوری تاک سەرچاوە، هەمیشە سەرچاوەکان سروشتین و پێویستی بە ڕەنج یان تێکۆشانێکی زۆر نیە بۆ ساغکردنەوە و گۆڕینەوەیان بەپارەی نەختینەیی، وە هەمیشە سەرچاوەکان لەدەرەوەی دەوڵەتە بەرهەمهێنەکەوە ساغ دەکرێتەوە. لەزانستی سیاسی و تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، لە دەوڵەتی تاک سەرچاوەدا دەسەڵات دەست دەگرێت بەسەر ئەو سەرچاوەدا بەشێوەیەکی قۆرغکاری مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و هەر لە موڵکداریی و دابەشکردن و فرۆشتنیشەوە. ئابوری تاک سەرچاوە لەڕوانگەی هەندێ دەوڵەتەوە (دەوڵەتە بەرهەمهێنەکان) بە سەرچاوەیەکی دارایی یەدەک تەماشادەکرێت و بە خەزێنەیەکی دارایی گرنگی دادەنێن و هەمیشە کار لەسەر پاراستنی دەکەن، نەک بەکارهێنان و فرۆشتنی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ بەرنامە. ئابوری تاک سەرچاوە بەپێی شێوازی ساغکردنەوەی بەرهەمەکە و بەدەستهێنانی داهات بە دوو شێوە پۆلێن دەکرێن: ١ـ داهاتی دەرەکی: مەبەست لەو ئابوریەیە کە بەرهەمەکە لەدەرەوەی دەوڵەتە بەرهەمهێنەکەوە ساغ دەکرێتەوە، ئەویش بەهۆی هەبونی ئەو جیاوازییە زۆرەی کە لەنێوان بڕی تێچون و داهات هەیە، وە ئەو جیاوازییە کارناکاتە سەر گرانبونی نرخ و بەدەستهێنانی سەرچاوەکە لەدەوڵەتە بەرهەمهێنەکەدا. ئەو سەرچاوانەی کە بەئابوری تاک سەرچاوەی دەرەکی هەژماردەکرێن بریتین لە: نەوت و غاز، کانزاکان، گەشتوگوزار، حەواڵە داراییە دەرەکییەکان، هاوکارییە دەرەکییەکان (کەلەڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە دەدرێت بە مەبەستی کاروچالاکی بۆ دەوڵەتی سودمەند)، هێڵی گواستنەوە ستراتیجیەکان وەک ( نۆکەندە ئاوییەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و غاز لەڕێگەی وشکانی ئەو دەوڵەتانەی بۆرییەکەی پێدا ڕۆشتوە، هێڵی ئاسنی). دەوڵەت دەتوانێت بەهەر ڕێگەیەک لەم ڕێگایانە داهاتی دەست بکەوێت و لەناوخۆی وڵاتدا خەرجی بکات. داهاتی ناوخۆیی: مەبەست لێی ئەو داهاتەیە کەلەڕێگەی ساغکردنەوەی بەرهەمەکە لەناوخۆی وڵات دەست دەکەوێت ئەو بەرهەمانەی کە بەئابوری تاک سەرچاوەی ناوخۆیی هەژماردەکرێن بریتین لە خزمەتگوزارییە حکومیەکان، خزمەتگوزارییە بانکییەکان، وەبەرهێنانی خانوبەرە، خزمەتگوزارییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان. لەناوچەکە بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دەوڵەت بۆ دابینکردنی بودجە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پشتی بە ئابوری تاک سەرچاوە بەستوە، بەتایبەت نەوت کە وەک تاکە سەرچاوەی داهات سەیردەکرێت بۆ خەمڵاندنی بودجە و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی دەوڵەت وەک داهاتی دەرەکی. وە هەرچی کۆمپانیاکانی خانوبەرە هەیە لەکەرتی تایبەتدا پشت دەبەستن بەو پارەی خزمەتگوزارییانە وەک داهاتێکی ناوخۆیی تاک سەرچاوە.
ئاراس فهتاح بهیاننامهكهی ئهمڕۆی بزوتنهوهی گۆڕان پرۆسهی "عاقڵبوون"ی كۆتایی ئهم رێكخراوه سیاسییهیه كه له دوای مردنی رێكخهره گشتییهكهیهوه به خێراییهكی ترسناك له عهقڵهوه بۆ غهفل و له ڕادیكاڵییهتهوه بۆ تهسلیبوون ههنگاو دهنێت. ئهم سیاسهته نوێیهی بزوتنهوهكه بهرجهستهكردن و بهدیهێنانی تهواوی ئهو گوتارهی پارتییه كه دهڵێت گۆڕانی دوای نهوشیروان عاقڵ دهبێت. سیاسهتی حیزبه كوردییهكان لهم چركهساته مهترسییدارهدا كه بێدهنگیی و سهركزكردن و خۆگێلكردن خهسڵهته سهرهكییهكانی پێكدههێنن، گهر نوزهیهكی تێدا مابێت، دهنگ و ماندووبوونی چهند پهرلهمانتارێكی تهرهكهوتووه له بهغدا و ههولێر. ئهم پهرلهمهنتارانهی ههندێ له هێزه سیاسییهكان كه ژمارهیان به پهنجهی دهست دهژمێردرێت، وهك جهنگاوهرێكی تهنهاكهوتوو دژ به خێزانییكردنی دهسهڵات و بهتاڵابردنی نهوت و مووچهی هاونیشتیمانیانیان له پهرلهمانی عێراق و ههرێم كاردهكهن و خهبات بۆ شهفافییهت و مافه خوراوهكانیان دهكهن. ههندێك له پهرلهمهنتارهكانی گۆڕان له بهغدا دهمێكه گۆشتێكی زیادهن به جهستهی سیاسیی بزوتنهوهكهیانهوه. ئهم بهیاننامهیهش هێمایهكی ئاشكرایه بۆ بڕینی دوا گۆشتی زیادهی سهر جهستهی سیاسیی گۆڕان له ساڵۆنی تهجمیلی پارتی دیموكراتی كوردستان و دروستكردنی كولتووری بێدهنگیی ناو گۆڕستانێكی سیاسیی. له ساڵانی ڕابردوودا لهگهڵ كاك مهریوانی هاوڕێم چهندین وتاری شیكارییمان لهسهر پرۆسهی گهشهكردنی ئهم بزوتنهوهیه و كێشهكانی نووسیوه. لێرهدا هێما به دوانیان دهكهم. له ساڵی ٢٠١٧ له وتارێكدا بهناوی (بزوتنەوەی گۆڕان: گیرخواردن لەنێوان گوتاری ڕوخاندن و ھیچنەکردندا) باسمان له بوونی ململانێكانی ناو بزوتنهوهكه كرد كه ئهوكات بهتهواوی یهكلانهبووبووهوه. ئهوكات نووسیمان: „بزوتنەوەی گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا بووە بە ھێزێکی چەقیو لە نێوان رادیکالیزم و ھیچنەکردندا. بووە بە ھێزێک کە لە نێوان ھیوایەکی موغامیرانەی بیرلێنەکراوە و بێھیواییەکی شکستپەرستدا قەتیسماوە. بزوتنەوەیەکە لە نێوان خواستی ریفۆرمی بنەڕەتیی تا ئاستی شۆڕشکردن و لە نێوان ترسان و بوون بە برابچووک و سەیرکەرێکی وەڕسبووی ڕووداوەکاندا گیریخواردووە. بەبۆچوونی ئێمە کێشەی سەرەکیی ئەم بزوتنەوەیە گریخواردنیەتی بەدەست ئەم دابەشبوونەوە؛ دۆشدامان و چەقبەستن لەنێوان بژاردە پەڕگیرەکاندا. ھەندێکیان پێیان وایە یان ئەوەتا دەبێت ھێزی ئەوەت ھەبێت بتوانیت سەری ڕەش و دەباشان بگریت، یان کە ئەوەت نییە لەسەر مۆدێلی یەکگرتوی ئیسلامیی لەبەردەم خواستەکانی دوو بنەماڵەکەی ناو پارتی و یەکێتیدا، نووچبدەیت. چەقین لەنێوان ئەم دوو دۆخە پەڕگیرەدا بنبەستیی سیاسیی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانە. ئەمەش تەواو ناکۆکە بە سیاسەتکردن وەک چالاکییەکی عەقڵانیی، سیاسەتی عەقلانیی ھەرگیز ھەڵبژاردن نییە لەنێوان دووجۆر لە بژادەی پەڕگیردا. بەڕای ئێمە لەنێوان شۆڕش و تەسلیمبووندا زۆر کردەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و میدیایی ھەیە کە پێویستە بکرێت، بەڵام ئەمە نەک ھەر نەکراوە بەڵکو بیریشی لێنەکراوەتەوە.“ لهدواوتاریشماندا بهناوی (بزوتنەوەی گۆڕان: شكستی نوخبەیەکی سیاسیی نوێ) باسمان له ساغبوونهوهی ئهم ململانێیه كرد و شیكاری ئهوهمان كرد كه „بزوتنهوهی گۆڕان بوو بە وێنەیەکی تری پرۆژەی دروستکردن و بەھێزکردنی خێزانە سوڵتانییەکانی ناو ھەرێم. نوخبە سیاسییە تازەکەی ناو گۆڕانیش بەشێوەی جیاواز لەم پرۆژەیەوە ئاڵاون“... لهدیدگای ئێمهدا „لەماوەی دە ساڵدا گۆڕان لە ھێزێکی سیاسیی تازە و ڕادیکاڵەوە گۆڕا بۆ ھێزێکی نیمچە سوڵتانیی کە تەوریسی سیاسیی بەشێکی زۆری ئاکار و جوڵە و ھەڵوێستە سیاسییەکانی دەستنیشاندەکات. بهبۆچوونی ئێمه بزوتنهوهی گۆڕان به مانا سیاسییه تهقلیدییهكهی خیانهتی له ستراتیژی ههنووكهیی و سیاسهتی ئێستای خۆی نهكردووه، بهڵكو به پێچهوانهوه زۆر ڕاستگۆیانه پهیڕهوی ئهو سیاسهته نوێیهی تهوریسی سیاسیی و بهخێزانییكردنی حیزب دهكات كه لهدوای مردنی نهوشیروان مستهفاوه بۆی ماوهتهوه. ئهم كولتووره له داهاتوودا تهنها متمانهی دهنگدهر به ئهخلاقیی سیاسیی و چهمكی ئۆپۆزیسیۆن لهقناكات، بهڵكو كۆی پرۆسهی سیاسیی و خهباتی پهرلهمانتارییش دهخاته ژێر پرسیاری گهورهوه.“
ئاریان فەرەج پاش سەردانی پارتی، مەسرور بارزانی سەردانی سلێمانی كرد، جیا لە یەكێتی و گۆڕان، چووە دیدەنیی كاكە حەمەی حاجی مەحمود و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش. سەردان و كۆبونەوەكەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەگەڵ پارتی، نە چاوەڕوانیی لای رای گشتی دروست كرد و نە نەتیجەكەشی نائاسایی بوو، ئاخر پارتی جیا لە پەرۆشیی بۆ هەرچی زووتر پێكهێنانی كابینە، لە دەستنیشانی كاندیدەكانیشیدا بێ كێشە و دەستوبرد و ئاسانكارە و بۆیەش دەكرێ بگووترێت، رۆژی یەكەمی هەنگاوەكان لە سەردانی سلێمانییەوە دەسپێكرا. ئاماژەكانی رۆژی یەكەم، بە گشتی ئومێدبەخش بوون. لایەنەكان جددییەتیان بۆ ناردنی سی ڤی كاندیدانیان لە وادەی دیاریكراودا نیشان دا، جیا لەوەی تەئكیدیان لە پابەندبونیان بە رێكەوتنەكانیان لەگەڵ پارتی كردەوە كە بەرەنجامی چەند مانگێك گفتوگۆی چڕوپڕ و لە هەندێك قۆناغیشدا بەكێشە و بێشەبوون، مەسرور بارزانی دیدارەكانی بە گرنگ ناوبرد و لەو بارەیەوە گووتی: لە دیدارەكاندا ئەو هەستەمان بەدیكرد كە هەمووان خوازیارن كابینە لە وادەی خۆیدا رابگەیەنرێت. بابەتی كەركوك كە لە یەك لە دیدارەكاندا، پێدەچێ بابەتی باس بووبێت، هەوڵ دەدرێت پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت چیتر ئاستەنگ و دوانەخات، ئەو پرۆسەیەی كە سەرۆك وەزیرانی راسپیردراو لە توێتێكدا ناویناوە( بەجێگەیاندنی ئەركی هاوبەشی هەمووان). مەسرور بارزانی لەو بارەیەوە دڵنیایی بەخشی و یەك لە ئەندامانی وەفدە هاوڕییەكەشی تەئكیدی كردەوە كە پارتی پابەندی هەموو رێكەوتنەكانە لەگەڵ یەكێتی كە یەك لەوانە تایبەتە بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بە دانانی پارێزگاریشەوە، ئەو كەركوكەی كە پارتی گەر لە خەڵكی دیكە بۆی پەرۆشتر نەبێت، لەوان كەمتر پەرۆشی نییە. كەواتە گەر ئاستەنگ نەیەنەپێش، لایەنەكان لە یەكلاییكردنەوەی كاندیدەكانیاندا پرۆسەكە مەحتەل نەكەن، رێكەوتن و تەفاهوماتی پێشتر، بایی هێندە زەمینەخۆشكەرن كە لە وادەی یاساییدا و بەر لەوەش كە پەرلەمان داخڵی پشوو بێت، كابینەی نوێ متمانە وەرگرێت و دەستبەكار بكات. ئاماژەیەكی دیكەی رۆژی یەكەم، یەكلاییكردنەوەی وەزیری شەهیدان بوو بۆ حزبی سوسیالیست، ئەو هەنگاوەی رای گشتی و هەموو كوردپەروەران و شەهیدپەروەران دەستخۆشی و ئافەرینیان لێكرد، پەیام و تەعبیرێكی پڕ مەغزاش بوو لە دید و تێڕوانینی پارتی و سەرۆكی راسپێردراوی كابینەی نوێ.
ئاری محهمهد ههرسین له ئهنجامی شهڕی ناوخۆ له ساڵهكانی نهوهد، ههرێمی كوردستان بو به دوو ئیداره. له دوای پڕۆسهی ڕزگاركردنی عێراق له ساڵی ٢٠٠٣ باس له یهكگرتنهوهی ئهم دوو ئیدارهیه دهكرێت. قهوارهیهكی جوگرافی سیاسی (ئیتر دهوڵهتكی سهربهخۆ بێت یان ههرێمێك) چوارچێوهیهكی تهعریف كراوه كه له ڕوی دهزگای ههواڵگری، سوپا، ئابوری و پهیوهندیهكانی دهرهوه مهركهزیهتی تێدا بهدیدهكرێت. ئهو مهركهزیهتهیه كه یهك ئیدارهیی لهو دهوڵهته یان لهو ههرێمهدا دهڕهخسێنێت. با بزانین له ههرێمی كوردستان یهك ئیداره ههیه یان دوان؟ دهزگای ههواڵگری: دهزگای پاراستن و زانیاری كه دوو ناوهندی ههواڵگرین له ههرێمی كوردستان ههتا ئێستا یهكیان نهگرتۆتهوه. بڕواناكهم بۆ ڕاستی و دروستی ئهم قسهیه كهس پێویستی به بهڵگه ههبێت. سوپا: ئێمه له ههرێمی كوردستان وهزارهتێكمان ههیه بهناوی وهزارهتی پێشمهرگه، بهڵام نه وهزیری پێشمهرگه و نه سهرۆكی ههرێم (كه به قانون فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكانه)، دهسهڵاتیان بهسهر ههموو هێزه چهكدارهكانی ههرێمی كوردستاندا نیه. به نموونه یهكهی ٧٠ و ٨٠ فهرمان له دوو مهرجهعی جیاواز وهردهگرن. به ههمان شێوه بهرگری و فریاكهوتن و هێزهكانی زێڕهڤانی (كه ههردوكیان سهر به وهزارهتی ناوخۆنى) دوو مهرجهعی جیاوازیان ههیه. وابزانم بۆ ئهمهشیان پێویست به بهڵگه هێنانهوه ناكات. ئابوری و ژێرخانهكهی: سهرچاوهی سهرهكی داهاتی ههرێمی كوردستان فرۆشتنی نهوت، داهاتی تری ناوخۆ (به پلهی یهك خاڵه سنوریهكان) و بهشه بوجهكهمانه كه له بهغداوه دێت و، خهرجی سهرهكی حكومهتی ههرێم به پلهی یهكهم مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمه. تهنیا ئابوریهكی هاوبهش و یهكگرتوو كه لهم ههرێمهدا ههبێت دابهشكردنی مووچهی ئهو لهشكره فهرمانبهرهیه كه له ئهنجامی نهبوونی یهك ئیدارهییهوه دروست بوه. پتهوكردن و پهرهپێدانی ژێرخانی ئابوریش لهمدیو و ئهودیوی دێگهڵه بهبهرچاوی ههموانهوه دیاره، كه نهك ههر وهك یهك نیه، بهڵكو لێكچونیان زۆر لهیهكهوه دووره. پهیوهندیهكانی دهرهوه: بهپێی قانون و ڕێساكان دهبوو ههرچی پهیوهندیهكانی ههرێمه لهگهڵ دهرهوهدا و لهگهڵ حكومهتی ناوهند له ڕێی سهرۆكایهتی ههرێم و فهرمانگهی پهیوهندیهكانی دهرهوه بێت. بهڵام هیچ ههماههنگیهك له نێوان پهیوهندیهكانی دهرهوهی ئیدارهی سلێمانی و حكومهتی ههرێمدا نیه و، یهك ئهجێندا و یهك تێگهیشتن له گۆڕێدا نیه. ئیتر پێویست ناكات هیچ كهسێك ههڕهشهی دوو ئیدارهیی بكات. چونكه له ئێستادا دوو ئیدارهیی بوونی ههیه و تهنیا ئهوهیه به فهرمی ڕانهگهیهندراوه. ئێمهمانانیش كه له ڕابوردودا باسی دوو ئیدارهیمان دهكرد، تهنیا داواكار بووین به فهرمی ڕابگهیهنرێت، بۆ ئهوهی ههر ڕۆژه و كهسێك ههڵنهسێت ههڕهشهی دوو ئیدارهیی بكات و میللهتهكهمان توشی دڵهڕاوكێ بكات.
محەمەد گەردش بانێکەو دوو هەوا، ئەمە حاڵی هەرێمەکەمانە لەزۆرێک لە ئاستەکاندا، وەک بە یاسایکردنی شتی نایاسایی یان ئاسایکردنی شتی نائاسایی، کە بۆتە دیاردەیەکی وەها، بەشێوەیەک لەبری ئەوەی بیر لە بنبڕکردنی بکرێتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە لەلایەن بەرپرسەکانەوە بیر لە برەوپێدانی ئەکرێتەوە. بەشێوەیەکی گشتی ئەو نەخۆشانەی ڕوو لە نەخۆشخانە ئەکەن حاڵەتەکانیان دووجۆرە، یەکێکیان حاڵەتی کتوپڕە کە بەحاڵەتی (گارئە) ناسراوەو دەسبەجێ پێویستی بە چارەسەرە، کە ئەگەر چارەسەرکردنی دوابکەوێ باری تەندروستی خراپتر ئەبێ. ئەوی تریان ئەوانەن کە بە حاڵەتی ئیستیشاری ناسراوە، ئەمانە دەکرێ چارەسەرکردنیان دوابکەوێ بێ ئەوەی ناساغیەکەیان زیادبکات. بەگشتی هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە کە نەخۆشخانەکان تایبەت دەکرێن بە وەرگرتنی ئەو دوو حاڵەتە، واتە نەخۆشخانەی تایبەت بەحاڵەتی کتوپڕ کە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن ئەگرێتەوە، وە نەخۆشخانە ئیستیشاریەکان بەجیا. بەڵام سەیر لەودایە ئەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە دیاردەی تێکەڵاوکردنی ئەو دووحاڵەتە جیاوازە لەیەک نەخۆشخانەدا بەدی دەکرێت کە بۆتە هۆی سەرلێشێواندنی نەخۆش لەلایەک و کارمەندانیش لەلایەکی دیکە، لەبەرئەوەی شێوازی هەڵسوکەوت و چارەسەری هەریەک لەو دووحاڵەتە تایبەتمەندیی خۆی هەیەو لەحاڵەتی تێکەڵبوونیدا مافی یەکێکیان دەدرێت بەوی تر. ئەم دیاردەیەش لەژێر ناوی کردنەوەی بەشی ئیستیشاریە لەو نەخۆشخانانەدا کە تایبەتن بەحاڵەتی کتوپڕ، لەکاتێکدا کە دەبوو (بەشێوازی ئاسایی) ئەو حاڵەتانە نەخۆشخانەی تایبەت بەخۆیان هەبێت و جیاوازبن، نەک تێکەڵبکرێت بەنەخۆشخانەکانی فریاکەوتن، دواتریش (لەبەر عەیبە) لەسەر قائیمەی مانگانەکەی بەپارەی هاوسەرگیریی ناوببرێ نەک پارەی ئیستیشاری. ئەم ئیستیشاریانەش بەهەر بەهانەیەک دروستکرابن، ئێستا بۆنچڕوکی گەندەڵیی لێ بەرزدەبێتەوەو بۆتە هۆی ئیستیغلالكردنی کەرتی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەت، بەوپێیەی نەخۆشخانە حکومیەکان بە بیناو ئامێرو کەرەستەو زۆرجاریش کارمەندەکانیشی خراونەتە خزمەت ئەو بەناو ئیستیشاریانەوە. ئەم گەندەڵیەش لەو کاتانەدا زەقتر دەبینرێ کە ئامێرو کەرەستەکان لەکار دەکەون، کەچی هیچ بودجەیەک لەبەردەستا نابێت بۆ چاکردنەوەیان، لە کاتێکدا هەر بە خودی ئەو کەرەستانە مانگانە چەندین ملیۆن دینار داهات پەیدا دەکرێ . گەندەڵیی ئەم بەناو ئیستیشاریانە هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو هەندێ جار ئەو پزیشکانەی (بۆ نمونە) کاری تێدا دەکەن، لەو پزیشکانەن کە لەپێشدا نۆرینگەی تایبەت بەخۆیان هەبووە، بەڵام لەبەر کەمیی داهات و زۆریی خەرجی، دەهێنرێتە یەکێک لەم بەناو ئیستیشاریانەو مانگانە چەند ملیۆن دینارێک (جگە لە موچەکەی) وەردەگرێ بێ ئەوەی هیچ مەسرەفێکی بکەوێتە سەرشان، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە (ڕەنگە) ئەو نەخۆشخانەیە پێویستی بەو جۆرە پسپۆڕیە نەبێ. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە نەک پزیشکی پسپۆڕ بەڵکو ئەو پزیشکانەی کە هێشتا لەقۆناغی خوێندندان و پسپۆڕیان وەرنەگرتوەو لە نەخۆشخانەکاندا (کە نەخۆشخانەی فێرکارین) ئەوانیش پارەی ئەو جۆرە ئیستیشاریانەیان بۆ بڕاوەتەوە، کە بێگومان هەمووی لەسەر حیسابی گیرفانی نەخۆش لەلایەک و موڵکی گشتی (کەخۆی لەنەخۆشخانەی حکومی و ئامێرو کەرەستەکانیدا) لەلایەکی دیکە، دەبینێتەوە. جا مەینەتی نەخۆش هەرئەوەنیە، بەڵکو مەینەتی ئەوکاتە دەسپێدەکات کە ئەوجۆرە پشکنینەی بۆ دەنوسرێ کە ناسراوە بە (ئەشیعەی تەنوریی)، چونکە ئەگەر لە بەیانیاندا بۆی ئەنجام بدەن (کە کاتی دەوامی حکومیی پزیشک و کارمەندە) ئەوا سەرەی چەند مانگێکی بۆ دائەنرێت، بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە بیەوێ زوو بۆی ئەنجام بدرێ، ئەوا هەمان نەخۆش لە هەمان نەخۆشخانە لەلایەن هەمان پزیشک و کارمەندەوەو لەمان ڕۆژدا بۆی ئەنجام ئەدەن، بەڵام پارەی وەسڵەکەی دەبێتە نزیکەی سێ ئەوەندەی بەیانیان و تائێستاش چارەنوسی ئەوپارانە وەک مانگی پشت هەور وایە. کە ئاشکرایە هەموو ئەمانە لەژێر پێناسەی گەندەڵیدا جێیان دەبێتەوە کە بریتیە لە بەکارهێنانی موڵکی گشتی و حکومی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت. لەگەڵ ئەوەشدا لەبری بنبڕکردنی ئەم گەندەڵیە، ئێستا دەنگوباسی کردنەوەی زیاتری ئەم بەناو ئیستیشاریانە لەئارادایە لە نەخۆشخانەی شارو مناڵان لە سلێمانی (بۆ نمونە)، یان تەرخانکردنی هەندێک لەبەش و کارمەندەکانیان، بەبێ ڕەزامەندیی کارمەندەکان، لەکاتێکدا کارکردن لە ئیستیشاریە فەرمیەکاندا ئیختیاریە نەک ئیجباریی. هەر بەهۆی ئەم بەڵای بەناو ئیستیشاریانەوەیە کە دەرمانێکی زۆرو هەروەها پشکنینی بێ سود بۆ نەخۆش دەنوسرێ، کە هەم دەرمانەکان بەفیڕۆ دەچن هەم ڕێژەی پشکنینی نێگەتیڤ (واتە هیچی تیا دەرنەکەوتوە) چەند هێندە زیادی کردووە، کە سەرەنجام دەبێتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی بەڕێژەی چەند هێندە. سەیر لەوەدایە بۆ دەبێ کارەکانی ئەم (حکومەتە) هەر دەبێ تێکەڵ بەگەندەڵیی بکرێ ؟! یانی نەدەکرا هەر نەخۆشخانەو ئیشی تایبەت بەخۆی بکا، یان کەسێ نەبوو بەم بەرپرسانە بڵێ ئەم ئیشەتان ڕووی حکومرانیی هەرێمەکەتان ناشرینتر ئەکات، وەک لە قورئاندا هاتووە ( أَڵیۡسَ مِنكُمۡ رَجُلٞ رَّشِیدٞ) . وەک دەوترێ: قولی ڕەش و سپی لە بواردا دەردەکەوێ، با بزانین کابینەی نوێ (کە پێکهات) لەگەڵ پارلەمانتاران ئەمجارە لایەک لەم گەندەڵیە دەکەنەوە یان ئەوانیش لەسەر بنجی خۆیان ئەڕوێنەوە !
سەرتیپ جەوهەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم گەیشتووەتە دووڕیانێكی سەخت، گەیشتووەتە رۆژی خۆی و تێپەڕیووە، ئەگەر نەتوانرێت رێكەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێبكرێت، بەدڵنیاییەوە كاریگەریی راستەوخۆ و روونی دەبێت لەسەر كۆی بارودۆخی سیاسی و حوكمڕانیی لە هەرێمی كوردستان. ئەو رێگرییەی هەیە روونە، ئەگەر كاندید بۆ پارێزگاری كەركوك دەستنیشان نەكرێت، ئەوا پێكهێنانی حكومەت بە عەمەلی رووبەڕووی گرفتی جددی دەبێتەوە، تاكە رێگریش لەبەردەم كردنەوەی ئەم گرێیە، بەلاڕێدابردن و خۆدزینەوەی لایەنی سەرەكیی راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت لە چارەسەری ئەو پرسە! هۆكارەكەیشی بێگومان روونە، بۆیە دەبێ پێشبینی كاردانەوە و ئاڵۆزبوونی دۆخەكە بكرێت. تائێستا وەك ئەوەی دەبینرێت وادەردەكەوێت ئەو لایەنە هیچ پڕۆژە یان دەریچەیەكی بۆ چارەسەری كەركوك لەدوای شكستی ریفراندۆمەوە پێ نەبێت، هیچ وەڵامێكی بۆ لێكەوتەكانی ریفراندۆم و رووداوەكانی دواتر پێ نەبێت، دوای ئەو دۆخەش كەبەسەر كوردستان بەگشتی و كەركوك بەتایبەتیدا هات، ئاساییە سێبەری ئاڵای عیراق شەقامەكانی پایتەخت تاریك بكات و لەئاست سرودی نەتەوەیی و نیشتمانیی «ئەی رەقیب» كڕو كپی ببینین! خراپتر لەمەش ئێستا كە گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەكرێت، یەكێتی مەرجی یەكلاییكردنەوەی پارێزگاری كەركوكی خستۆتەڕوو، هیچ كام لەوانەی كە پێشتر بەدروشمی نەتەوەیی و ئاڵای كوردستان و سەربەخۆییەوە كردبووە بنێشتە خۆشە، هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی چارەسەركردنی پرسی كەركوكەوە نییە! هێشتا روون نییە گرفت و گرێی دانانی پارێزگاری كەركوك تێدەپەڕێت یان نا، بەڵام كەركوك لەبەردەم بارودۆخێكی زۆر مەترسیداردایە، مەترسییەكە تەنها بوونی حاكمێكی عەرەبی بە وەكالەت نییە كە بڕیارو رەفتاری شۆڤێنیستانە دەدات و دەردەكات، بەڵكو ئەو واقیعەیە كە 18 مانگی داهاتوو رووبەڕووی ئەو شارە دەبێتەوە. یەكەمیان بەهۆی كارانەبوونی ئەنجومەنی پارێزگاكەوە بەهۆی ئامادەنەبوونی فراكسیۆنی پارتی لە لیستی برایەتی، ئەگەری سەرپشككردن و پێدانی دەسەڵات بە راكان سەعید (پارێزگاری بەوەكالەت) بە خەرجكردن و مامەڵەپێكرنی ئەو بودجە گەورەیەی پارێزگای كەركوكە كە بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزندە دەكرێت! پێشبینی دەكرێت راكان بەشێكی گەورەی ئەو بودجە گەورەیە لە خزمەتی پڕۆژەی شۆڤینزمی عەرەبیی و دووبارە تەعریبكردنەوەی ئەو شارەدا خەرج بكات و ئەو پارەیە تەخشان و پەخشان بكات و زیانێكی گەورە بە ئایندەی كورد لەكەركوك بگەینێت. دووەمیشیان، بڕیارە لە 2020 سەرژمێریی گشتیی لە عیراق بكرێت، بێگومان ئەگەر ئیدارەی شارەكە بەدەست كوردەوە نەبێت، چارەنووسی كوردستانی بوونی كەركوك دەكەوێتە دۆخێكی زۆر مەترسیدارەوە بەتایبەتی لەئێستاوە هەوڵی زۆر هەیە كە دەستكاریی تۆماری نیشتەجێبوون و گێڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ شارەكە. بەدڵنیاییەوە لەوانەیە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك لەم قۆناغەدا، كۆی گرفت و كێشەكانی كەركوك چارەسەر نەكات، بەڵام خۆ دەتوانێت بەشێك لە كێشەكانی كەركوكی روبەڕوو بكرێتەوە و هەوڵەكانی داگیركردنی زەویی كوردو گواستنەوەی فەرمانگە و گۆڕینی بەڕێوبەرانی كورد رابگرێت، هەروەك پۆلیسی شارەكە لەژێر فەرماندا دەبێت و بەشێك لە جموجۆڵی شارەكەی دەكەوێتە دەست، بەڵام ناكرێت لە دوورەوە بەبێ هیچ بیانوویەك یان پڕۆژەیەك، یان بوونی دەنگی جەماوەریی لە شارەكە! رێگریی لە دانانی پارێزگار بكرێت!
كەمال چۆمانی لەناو پارتیی و یەکێتییدا، دەستەواژەیەک لەبارەی هەردو سەرۆکەکەیان زۆر بەکاردەهێنرێت؛ هەردوکیان لەبارەی جۆری سیاسەتکردنی ئەو دو سەرۆکەیان بە 'سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک' پێناسە دەکەن. یەکێتییەکان و پارتییەکان پێیان وایە سەرۆکەکەیان سیاسەتی حەکیمانەیان پەیڕەو کردوە بۆیە ئەو دوانە بەیەکەوە باشتر کێشەکانیان چارەسەردەکردن. ئەمەش تەنانەت وای لە قوباد تاڵەبانیی کردوە بە دیار خەمی چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتیی و پارتییەوە، پەخشانە-نامەیەک بۆ باوکی کۆچکردوی بنوسێت. یان نێچیرڤان بارزانیی لە گوتاری سەرۆکایەتییدا زۆر جەخت لە 'سیاسەتی حەکیمانە'ی سەرۆکەکەی بکاتەوە. هەروەها مەسڕوڕیش پێیوایە درێژەپێدەری 'سیاسەتی حەکیمانە'ی باوکی دەبێت. زۆر بە کورتی: سیاسەتی حەکیمانەی تاڵەبانیی و بارزانیی، تەنها سیاسەتی شەڕنەکردن بوە. واتا، ئەو دو بەڕێزە، لەلایەن لایەنگرانیانەوە بونەتە خاوەنی چەمکی 'سیاسەتی حەکیمانە' تەنها لەبەرئەوەی؛ - لە ١٩٩٢ هەڵبژاردنێکی گاڵتەجاڕییانە ئەنجامدەدەن، دواتریش نەتیجەکان قبوڵناکەن. رێکدەکەون کە حکومەتی فیفتی-بە-فیفتی پێکبێنن. دواتر تێهەڵدەچنەوە و دەست بە شەڕی ناوخۆ دەکەن و هەزاران کەس لە یەک دەکوژن، دەیان هەزار کەس ماڵوێران و دەربەدەر دەکەن، دیلی شەڕ دەکوژن. - پێکەوە لە ١٩٩٨ شەڕیان راگرتوە و چیتر یەکتریان نەکوشتوە. - لە ٢٠٠٥ حکومەتی هەرێم یەکیگرتۆتەوە و بارزانی گوتویەتی دەبێت سەرۆکی هەرێم بێت وەک خۆی دەیەوێت، لە بەرانبەردا تاڵەبانییش بۆتە سەرۆک کۆمار. - دواتر رێککەوتننامەی ستراتیژییان کردوە و کوردستانیان بەتەواوی دەستەڵاتدارێتیی -هەرێم و بەغداد و دەرەوە- و سەرچاوە سروشتییەکانیان دابەشکردوە بە رێژەی پەنجا-بە-پەنجا.. ئەو دو بەڕێزە کێشەکانیان چارەسەرنەکردون، بەڵکو قەیران و کێشەکانیان بە قەیران و کێشەی تر تێپەڕاندون. سیاسەتی حەکیمانەی ئەو دو بەڕێزە ئەوەیە دۆخێکی هێند خراپیان بۆ گەلی کوردستان دروستکردوە کە بە سیاسەتی 'یەکتر نەکوشتن و شەڕنەکردن' بڵێین 'سیاسەتی حەکیمانە.' لەو پۆستەی فەیسبوکدا، تەنها ویستم چەند خاڵێکی جەوهەریی لە مێژوی سێ دەیەی رابردوماندا ئاماژە پێ بکەم کە چۆن 'سیاسەتی حەکیمانە'ی ئەو دو بەڕێزە مێژوی ئێمەیان بۆ سێ دەیەی تریش وێران کردوە، ئەگەرنا، دەتوانین تەواوی سیاسەتی ئەو دو بەڕێزە هەڵبسەنگێنین لەدوای ١٩٩٢ کە چۆن کوردستانیان توشی ئەو قەیرانانە کرد، دواترینیشیان 'سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک' لە مەسەلەی ریفراندۆمدا.
زانا تۆفیق بەگ زۆرن ئەو بۆچوون و خوێندنەوە و لێکدانەوانەی لەسەر ئاستی دونیا بۆ کاندیدکردنی کەسانی ھەواڵگری بۆ پێکھینانی کابینەی حکومەت ھەیە. بەشێکیان زۆر بە قووڵی بە ھەنگاوێکی بە ھێز و پتەوی دە زانن بۆ دروست کردنی حکومەت، بەشەکەی تریان بە پێچەوانەی ئەو بۆ چوونەوەن، بە پاساوی ئەوەی کە گوایە دە بێتە ھۆی بەرتەسک کردنەوەی مەوداکانی ئازادی رێگری لە بیروبووچوونی ئازاد و دروست کردنی سیستەمێکی (میلیتێر) واتە سەربازی. ھەوڵدەدەم لە پشت ھەردوو بۆچوونەکەوە لێکدانەوە و باری سەرنجی خۆم بۆ شێوازی دروستکردنی دەزگاکانی سیستەمی بەڕێوەبردن و ئامادەسازی بۆ دروستکردنی کابینەی نوێ ھەرێم لە لایەن بەرێز (مەسرور بارزانی ) بخەمە ڕوو. ١. ڕە نگە گرنگترین خاڵ کە نا چاربین ئاماژەی پێ بکە ین برتییە لە و پاڵنەرانەی لە کا بینەی نوێ دا پێویستە گوڕانکاری بە سەر فوڕمی کابینەی حکومەت دا بکرێت. لە شێوازی بەڕیوەبردنی دەزگاکانی ئەم کا بینە نوێ یە جیاوازتر بێت لە قۆناغی کارکردنی بەرێز (نێچرڤان بارزانی) لە ڕوو چۆنایەتییەوە نەک چەندایەتی چۆنکە کابینەی پێشوتر توانا ی ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشە سیاسیەکانی ناو خودی دەزگاکانی حکومەتی نەبوو. بە تایبەتی لە بیروکراتیەتی خزمەتگوزاری ھاووڵاتیان شێوازی سیستەمی کارکردنیدا، ئەم کێشەیە ببووە ھۆکاری بێ بڕوایی و تاقەت پڕۆکێنی ڕۆتیناتی کاری دەزگاکانی حکومەت بۆ ھاونیشتمانیان نەمانی بێ متمانەی لە بەرامبەر کابینەی ھەشت و تیمی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو. ٢.دەزگای چاودێری دارایی لە کابینەی پێشودا ڕاپۆرتەکانی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران تەنانەت پەرلەمان ھیچ نرخ و سەنگێکی وای نەبوو چۆنکە بە پێی دوا ڕاپۆرتی( ڕقابەی مالی) سەبارەت بە ھەدەردانی سامانی گشتی زیاتر لە دووھەزار کەیسی گەندەڵی رووبەڕووی دادگا کراوەتەوە نە دەزگای جێ بەجێ کردن نە پەرلەمان وەکو دەزگایەکی تەشریعی چاودێری بە دواچوون و فشاری بۆسەر دەزگاکانی حکومەت نەکردوە، پێویستە لەم کابینە دا دەزگاکانی چاودێری دارایی ھاوتەریب لەگەڵ دەزگاکانی جێبەجێ کردن مولاحەقاتی یاسایی ئەوخەڵکانە بکرێ کە تۆمەتبارن بە دوسیەی گەندەڵی. ٣. پێداگری لەسەر ئەو ڕاستییەی کە ئایا بەرێز (مەسرور بارزانی ) تا چ ئەندازەیەک دە توانێت ڕووبەڕووی ئەو تەنگەژەو ئاستەنگانە ببێتەوە کە وەکو میراتێکی کە ڵکە بووی کابینەکانی پێشوترە بۆی بەجێ ماوە . یەکێک لەو جیاکاریانەی بەرێز (مەسروربارزانی) لەگەڵ کابینەکانی پێشوودا ھەیەتی جگە لەوەی کە لە ناو پارتی خاوەن بڕیاردەرێکی موتڵەقە، ھاوکات بەرپرسی دەزگایەکی ھەستیاری وەکو ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمە. ئەم پیاوە وورد و درشت ئاگاداری ھەموو ئەو تەحەدیانەیە کە لەو دیو سنورەکانی ھەرێمی کوردستان دینە ناوەوە، ھاوکات مەلەفی زۆربەی زۆری ئەو بەرپرس و کەسایەتیانەی کە تێوەگلاون لە دزی کردن و کاری جاسوسی و بە ھەدەردانی سامانی نیشتمان لە ناو وەزارەتەکان دەزگاکانی سەربە ئەنجومەنی وەزیران چەندان کۆمپانیا و کاری بازرگانی ساختە لە ناو پڕۆژەکانی کابینەی پێشوتردا . لە دیدی منەوە بۆ ئەوەی سەرەتایەکی موفەق و متمانەدار ھەبێت لای ھاونیشتمانی دەبێت جگە لەوەی کە کاری جدی بکات بۆ دروست کردنی رێژەیەکی نیسبی لە عەدالەتی نیشتمانی و دروست کردنی ژێرخانێکی تۆکمە بۆ بەرز کردنەوەی ئیکۆنۆمی تاک لە کوردستان، چۆنکە جگە لەوەی کە خاوەنی کۆمەڵێ تایبەتمەندێتی تری ھەیە بۆ ئەوەی لە خاڵی سەرکەوتن و جێبەجێ کردنی ئەجندای کارەکانی نزیک بێتەوە وەکو ئەوەی کە خاوەن تەجرەبەیەکی زیاتر لە دەساڵ کارکردنی کاری کۆکردنەوەی زانیاریە لە ناو دەزگاکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ھەڵگری بڕوانامەی گەورەترین زانکۆکانی دونیایە لە شاری (واشنتن ستی) ئەم باکگراونەدە دەتوانێت کاری زور گرنگ و جدی بکات بۆ نزیک بوونەوە لە ئامانجی داھاتووی حکومەتی ھەرێم بە مەرجێک ئەو تیمە نزیکانەی کە لەگەل بەرێزی داکار دەکەن دیسانەوە لە تیمە کۆنەکانی ڕابووردوو نەبن، چۆنکە کاری نوێ پێویستی بە کۆمەڵی پێداویستی نەوعی نوێ ھەیە بۆ ئامانجێکی دیارکراوی سەرکەوتوو کەجیاوازتر لەوانەی پێشوو.
+ د. دیاری ئەحمەد مەجید لێكۆڵینەوە دەربارەی (نوخبەی سیاسی) ( Political elite)یەكێكە لەو مەیدانە گرنگانەی زانستی كۆمەڵناسی سیاسی، كە گرنگیەك و سەنگ و بایەخ و پێگەیەكی تایبەتی هەیە، لەبەرئەوەی نوخبەی سیاسی ڕۆڵێكی ئێجگار گەورەو كاریگەر دەبینێت لە ئاڕاستەكردن و بەڕێوەبردنی زۆر كایەی ژیانی كۆمەڵ، پێش هەموویان سیاسەت ئینجا بۆ سەرجەم بوارەكانی تر : هەر لە ئابوری و سیستەمی حوكمڕانی و دەستنیشانكردنی میكانیزمەكانی دروستكردنی بڕیار و دامەزراوەی یاسایی و دادگەری تا دەگاتە كایەی ڕۆشنبیری و ئایدیۆلۆژیا و بیرو باوەڕ و دیاریكردن و لەچوارچێوەدانی كولتوری سیاسی كۆمەڵگا. نوخبە وەك گوتمان كارەكتەرێك یان كارەكتەرگەلێكی ڕۆڵكاریگەر و جێدەست دیار و بڕیاردەری سەرجەم كایەكانی ژیانی سیاسی كۆمەڵە، جا لەبەرئەوەی هەر كایەیەكی ژیانی كۆمەڵ بگریت نوخبەی تایبەت بە خۆی هەیە; وەك نوخبەی سیاسی، نوخبەی ئایینی، نوخبەی ئەدەبی، نوخبەی وەرزشی، نوخبەی هونەری .....هتد، هەر كامێكیان لە كۆمەڵدا ڕۆڵی تایبەت بە خۆی دەبینێت لەو مەیدانەدا، كە تیایدا شارەزایە و پێیەوە خەریكە. بۆ نمونە: نوخبەی ڕۆشنبیری ڕۆڵی كاریگەر دەبینێت لە كایەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵی مەدەنیدا، دەبێت ئامانج لە كارەكانی پێشخستن و بەرگریكردن بێت لە بیروڕاو ئازادیەكانی، لە ڕۆشنبیری و برەوپێدانی. بەهەمان شێوە نوخبەكانی تر هەریەكەیان جێدەست و ئەرك و پێگەی دیاریكراوی خۆیان هەیە . بەگشتی نوخبە لەم سەردەمەدا بۆتە باسێكی گرنگ كە سەدان لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێت و دەنووسرێت، هەر لەبەر ئەو گرنگیەشە لە ئێستادا ئەم باسە چیتر تایبەت نەماوە بە زانستی كۆمەڵناسی سیاسیەوە بە تەنها، بەڵكو بۆتە جێگەی بایەخی لێكۆڵینەوەكانی بوارەكانی سیاسەت بەگشتی و ئابوریناسی و كۆمەڵناسی و زۆر مەیدانی تریش. تێڕوانین بۆ نوخبە و دروستبوونی بەپێی بیر و ئایدیۆلۆژیا و سیستەم و كولتورە سیاسیە جۆراوجۆرەكان دەگۆڕێت. لای چەپ و سۆشیال دیموكراتەكان نوخبە مانا و واتا و ئەركێكی جیاوازی هەیە وەك لەلای ڕاستڕەو و كۆنخوازەكان ونابێت بیریشمان بچێت، كە بە ڕێگەو شێواز و میكانیزمی جیاوازیش دروستدەبن. بەهەمان شێوە لای بیری ئایینگەرایی و هەندێ لە سیستەمە كۆمەڵایەتیە جیاوازەكان نوخبە ماناو شێوازی دەركەوتنی جیاوازی هەیە. ئاشكرایە فەزاو مەوداو ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و پەروەردەیی و زانستی كۆمەڵگاش زۆر گرنگن بۆ پەیدابوون و گەشەسەندنی نوخبەو چۆنێتیان و تێڕوانین بۆیان، بۆ نمونە; لە فەزای نەبوونی دیموكراسی و ئازادیدا نوخبە بە شێوازێك درووست دەبێت و ئەركی بۆ دیاری دەكرێت جیاواز لەو ئەتمۆسفێرە سیاسیانەی ئازادی و دیموكراسی تیا بەرقەرارە. یان نەبوونی ژیریاری (وعی) و ئاستی خوێندەواری و ڕۆشنبیری نزم یان بەرز ، ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە شێوازی پەیدابوون و مامڵەدا لەگەڵ نوخبە و كارەكتەرە كاریزماییەكانیدا. دیارە لەناو نوخبەشدا كەسانی خاوەن كاریزما پەیدادەبن، جا سەرۆكی ووڵاتە هی كۆمەڵێكی ئیتنی یان ئایینیە یان هێزێكی سیاسیە، توانا جۆراوجۆرەكانی ئەو سیفەتەی پێدەبەخشن، گەر ئەو توانایانە خۆڕسكبن ( زانا ولێزان و زیرەك و قسەزان و بیرمەند...)، یان لە ڕێگەی هێزەوەبن (دەسەڵات و هێزی سەربازی و پارە و میدیا ....)، لەوێشەوە كولتوری ”بە بتكردنی سەركردە” یان پەرستنی درووست دەبێت ئەوی پێیدەڵێن (Leadership cult). ئەم جۆرە كولتورە زۆرتر لەناو ڕژێمە دیكتاتۆریەكان و كولتورە باوەكاندا زاڵە و درووست دەبێت یان دەسەپێنرێت، بۆ نمونە; لەسەردەمی ڕژێمە كۆمۆنیستەكانی سۆڤیەت و چین و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕژێمەكانی ووڵاتانی عەرەبی و زۆر شوێنی تری جیهاندا، لەڕێگەی دەستگاكانی ڕاگەیاندن و كولتوری سیاسی سەپێنراو و سیستەمی پەروەردەیی ئاڕاستەكراوی ئایدیۆلۆژیەوە ”خۆشەویستی و ڕێزی سەركردە” فەرز دەكرا بەسەر هاووڵاتیاندا. بۆ ئەو مەبەستەش چەندین میتۆدی جیاجیا پەیڕەو دەكرا، وێنە هەڵواسین و پەیكەر دروستكردن و ناونانی شوێن و ووتنەوە و نووسینی ووتەكانی سەركردە و بڵاوكردنەوەی لە شوێنە گشتیەكاندا و بە مانشێتكردنی لە دەستگاكانی مێدیادا. زۆر جار تەنانەت ئەو كاتانەی كە خۆیان، واتە سەركردەكان هێشتا لە ژیاندا بوون. لەهەمان كاتدا یاساغكردنی هەموو جۆرە ڕەخنەگرتن و گاڵتەپێكردن و باسكردن بەخراپەی سەركردە و دانانی سزای گەورە لەسەر پێشێلكارانی، بۆ ئەوەی ئەو كارەكتەرانە بچوك نەكرێنەوە (ستالین، هیتلەر، ماوتسی تۆنگ، سەدام.....) لەو نموونانەن. لە هەمان كاتدا شایانی وەبیرهێنانەوەیە، كە لەگەڵ ئەو حاڵەتەی سەرەوەدا، هەندێ ساتەوەختی مێژوویی هەیە، كە تیایدا سەركردەو كەسایەتی كاریزمایی وا دەركەوتوون، كە هیچ جۆرە دەسەڵاتێك و هێزێكی ماددیان نەبوە، بەڵام لەگەڵ توانا خۆڕسكەكانیاندا لە ڕێگای ئاكار و كار و كردەوە جوانەكانیان و پەیامە مرۆڤایەتیەكانیانەوە، توانیویانە هێز و كولت و گەورەیی و ڕێز و خۆشەویستیەكی زۆر بۆ خۆیان بەدەست بێنن و هەڵسوكەوتیان ببێت بە ڕێباز و نموونە بۆ ئاكار و لاساییكردنەوەی نەوەكانی دوای خۆیان ( غاندی، جیڤارا، مارتین لوتەر كینگ، ماندێلا ......). ماوەتەوە بڵێین لە كۆمەڵە دواكەوتوەكاندا لەگەڵ خۆسەپاندنی بەزۆری نوخبەو كاریزماو ڕێباز بەسەر كۆمەڵانی خەڵكدا، لەڕێگەی دیكتاتۆریەتەوە لە لایەك و لە ئەنجامی نەبوونی ژیریاری (وعی) كۆمەڵ و بوونی بەرژەوەندی ماددی گەورەی چەند توێژێكی سەربەدەسەڵات لە لایەكی ترەوە، كولتوری بت دروستكردن و پەرستنی كەس و سەركردە و تەنانەت كەسوكاری سەركردەكەش دروست دەبێت لەژێر ناوی بەردەوامی ”ڕێباز” ەوە، یان ”ئاڵا هەڵگرەوە” یان بە ناو و نازنازی ترەوە، كە جگە لە سەپاندنی دەسەڵات و فریودان و هەڵخەڵەتاندن و بەردەوامیدان بە گەندەڵی و هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی شەخسی و خێزان، هیچ تروسكاییەكی شانازی لەو ڕێبازەدا نابینرێت، یان ئەوەی كە جوانیش بوە بەهۆی زۆر ئاكاری ناشرینەوە سڕاوەتەوە. ئاخر كاتێك كردار و ئاكاری سیاسەتمەدارێك و مێژووەكەی دەبێت بە ڕێباز و قوتابخانە بۆ نەوەی داهاتوو، كە بەلایەنی كەمەوە بەشی زۆری جێگەی شانازی زۆربە بێت، داهێنانی نوێی تیادابێت، كولتورێكی پێشكەوتووی داهێنابێت، بەهای مرۆڤانەی بەرهەم هێنابێت، پەیامێكی جیهانانەی بەخشیبێت، مێژوو پێوەی خەریك بێت، نەك لەسەر بنەمای دۆگمای عەقائدی و دواكەوتنی كوێرانە و دەروێشایەتی ناعەقلانیانە و نالۆژیكانە بۆ حیزب و سەركردە و نوخبەكەی، یان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ماددی هەوڵ بدرێت قودسیەت و شەرعیەت بە ”سەركردە” و ”ڕێبازەكەی” بدرێت. غاندی و جیڤارا و مارتین لوتەر كینگ و ماندێلا قوتابخانەیان داهێناوە و پەیامی مرۆڤانەیان هەڵگرتوە، بوونەتە ڕێباز ، نەك میللەتەكانی خۆیان لەسەری دەڕۆن، بەڵكو هەموو جیهان و مرۆڤایەتی شانازیان پێوە دەكەن و هەوڵ دەدەن لەسەر ڕێچكەی ئەوان بڕۆن و میللەتان بە ئاواتەوەن سەركردەیەكی وایان تیا هەڵكەوێت، نەك ئەوانەی ”ڕێ-باز” ئاسا (لەسەر ڕیتمی كۆترباز و مێباز ....)، بازی (یاری) بە سیاسەت و خەباتەوە بكەن و لە هەموو بەهایەك بەتاڵیكەنەوە و بیكەن بە بازرگانی تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان و كەسوكاریان و چواردەورەكەیان و دەستوپێوەندەكانیان، ئینجا بە خەبات و ڕێبازیش بە میللەتی بفرۆشنەوە. پێموایە كاتی ئەوە هاتوە بە سەرجەم ئەو درووشم و زاراوانەدا بچینەوە، كە چەندین دەیەیە میللەتێكیان بەلاڕێدابرد و پێهەڵخەڵەتاند و ئیتر بەراووردێك بكەین لە نێوان ”ڕێ-باز” و ”ڕێباز”دا.