Draw Media

هونەر تۆفیق دامەزرێنەرە سەرەکیەکانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان هیچیان لەژیاندا نەماون . هاوکات سەردەمی سەرکردەی ڕابەریش لە هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ مەرگی ئەواندا ڕوو لەتەواوبوونە ، نەوەیەکی تر لە دەرەوەی سەردەمی ڕابەرایەتی دروست بووە . نەوەی ڕابەری حیزب و شۆڕش لەگەڵ کاریگەریەکانی شۆڕشی چەپ و سۆسیالیزم و مارکسیەوە ، بەرهەمی ناکۆکیەکانی هەردوو بلۆکی خۆرهەڵات و خۆرئاوابوون . بەڵام ئەم نەوەیەیان بەرهەمی کۆمەڵێک ناکۆکی ئەم سەردەمەن کە بەرژەوەندیەکانی نەوت و دابەشبوونەکانی شیعەگەرایی و سونەگەرایی لەناوچەکەدا لەنێوان دەوڵەتانی تورکیا - ئێران و سعودیەدا فێری سیاسەتی کردوون . ئەم نەوەیەیان ، نەوەی ئایدۆلۆژیا و مەزهەبە شۆرشگێریەکان نین ، بەڵکە نەوەی چۆنیەتی ئیدارەدانی ناکۆکیەکانن لەناو بەرژەوەندیە ئیقلیمی و نێوخۆیەکاندا . لەم ئەجوائەدا یەکێتی نیشتمانی لەناو دوو جۆر قەیراندا بەنیازی کۆنگریە ( هەرچەندە لەباشترین حاڵی گونجاندا ڕەنگە دوابخرێت بۆ مانگی شەشی ساڵی داهاتوو و لەیادی دامەزراندنی یەکێتی دا ئەنجام بدرێت ) قەیرانی یەکەم : نەمانی دەستەی دامەزرێنەرە کە ئەوان شارەزای هەموو قۆناغە فیکری و سیاسیەکانی ئەو حیزبەبوون و دەیانتوانی دەرچەی سیاسی بۆ بنەبەست بوونی فیکر لەناو حیزبەکەیاندا بدۆزنەوە . قەیرانی دووەم : کێشەی شوێنگرەوەکانی نەوەی دامەزرێنەرە . لەنێوان بەرەی کوڕانی دامەزرێنەر و کوڕانی دامەزرێنراودا ، پرسی کێ خاوەنداریەتی حیزبەکە بکات لەپێشترە لە قەیرانی یەکەم . نەوەی دامەزرێنەر کە لە کۆنگرەدا بە فیعلی قۆناغی دوای تاڵەبانی دەستپێدەکەن وەها دەردەکەون تێڕوانینیان تاڵەبانیانە ( هێڵی گشتی ) بێت لەناو حیزبەکەدا . هێڵی گشتیش وەک تەنیا کوتلەی بەمیرات ماوە لەو حیزبەدا کە لە نێوان کۆمەڵە و شۆڕشگێڕاندا تاڵەبانی باوک خۆی پێ دەپاراست لە کۆتلەکاریەکانی ناو یەکێتی ، ئەمڕۆ نەوەکانیشی بەزیندووکردنەوەی ئەو هێڵە هەم خۆیان لە کوتلەکان دەپارێزن و هەم واریسکردنی تاڵەبانیزمە بۆناو خۆیان . لە فەزای ئامادەکاریەکانی ئەو کۆنگریەدا داهاتووی ئەو حیزبە بە بوژانەوەبێت یان پوکانەوە لە ئێستاوە دەردەکەوێت . لەگەڵ ئەوەدا فرسەتێکی لەباریان بۆڕەخساوە بە نەمانی بکەرە کاریگەرەکانی حیزب کە ئاڕاستەیان بگۆڕێت ، بەڵام مەترسی حیزبە نەیارە مێژوویەکەشیان لەسەرە کە نایەوێت بەو ئاستەش بوژانەوەیان ڕووبدات کە ببنەوە بە ڕکابەری سەرەکی بەردەمیان . بۆیە لەچاو کۆنگرەکانی دیکەی ئەو حیزبەدا ئەمەیان قورسترین کۆنگرەیان دەبێت کە مان و نەمانیانی پێوەبەندە .


مەریوان وریا قانع عێراق بەرەو دۆخێکی سیاسیی تەواو ناجێگیر و ترسناک دەڕوات و ڕووی لە نادیار و تاریکیەکی گەورەیە. پێدەچێت پەنابردن بۆ توندتویژیی ببێتە ئامرازی ژمارە یەک و ھەرە سەرەکیی ئەو پەیوەندییەی کە خۆپیشاندەرانە ناڕازییەکان بەو نوخبە حوکمڕانەوە گرێئەدات، کە لە قۆناغی دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەیندا دەسەڵاتی گرتۆتەدەست. عێراق ئەمڕۆ سەرزەمینی دەیان قەیرانیی گەورە و ھەمەجۆرە لە پێشە ھەمووانیشەوە : یەکەم: گۆڕانی دەوڵەتە بۆ موڵکی شەخسیی ئەو نوخبەیەی کە زیاد لە پازدە ساڵە حوکمڕانە. ئەم بە موڵکایەتیکردنەی دەوڵەت ھاوشانە بەدروستبوونی چەندەھا ھێز و میلیشیای چەکداریی، کە ھەندێکیان سەر بە کەسایەتیی و پارتی سیاسیی و دینییە ناوخۆکانە، ھەدنێکی تریان لەدەرەوەڕا دروستکراون دەست و پەنجەی وڵاتانی ئیقلیمی ئاراستەیان دەکات. ئەم میلیشیایانە وەک سوپای تەریب و خاوەن ھێزی گەورە ئامادەن و بەمەش یەکێک لە سەرەکیترین ئەو پرنسیپانەی دەوڵەتان دەکات بە دەوڵەت وێرانکردوە: پرنسیپی مۆنۆپۆڵیکردنی مافی بەکارھێنانی توندوتیژیی شەرعیی و کۆکردنەوەی ئامرازەکانی توندوتیژیی لە دەستی دەوڵەتدا بە تەنھا. لە عێراقدا نەک تەنھا میلیشیای چەکدار ھەیە، بەڵکو دەیەھا خێڵ و عەشیرەتی چەکداریش ھەیە، کە ھەریەکێکیان دەسەڵاتێکی تەریبیی بە دەسەڵاتی دەوڵەت دروستکردوە. دووھەم: ئەو نوخبە حوکمڕانە لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە سەرقاڵی بە خێزانیکردنی فرەلایەنی دەسەڵاتەکان بووە لەو وڵاتەدا. واتە بە کردەوە خەریکی بونیادنانی سوڵتانیزمێکی خێزانییە تیایدا دەسەڵات بە ویراسیی لەناو کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی دینیی و سیاسیدا سنوورداربکرێت و زۆرینەی زۆری ھێزە کۆمەڵایەتیی و مەدەنیی و سیاسییەکانی تر لە دەرەوەی بازنە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا بن. سێھەم: بۆ پاراستنی ھەیمەنەی ئەم نوخبە سوڵتانیی و خێزانیی و بنەماڵەیی و دینییە، ئابوریی وڵاتەکە بەشێوەیەکی سیستماتیک بە تاڵان دەبرێت و لە ھەموو جومگەی گرنگەکانیشیدا چەندان میکانیزمی گەورەی گەندەلیی و دزیی و جەردەیی فرەشێوە چێنراوە. بەمەش ئابوریی عێراق و خودی دەوڵەتی عێراقی خۆشی گۆڕاون بۆ بۆ ئابوریی و دەوڵەتی غەینمە. لۆژیکی غەنیمە ھەم بڕێکی گەورەی ئابوریی وڵاتەکە ئاراستە دەکات، ھەم لۆژیکی کارکردن بە دەوڵەت خۆشی. چوارھەم: لە ١٦ ساڵی ڕابردوودا نەوەیەک لە کوڕ و کچی گەنج لەو وڵاتەدا دروستبوون کە جگە لەم سیاسیی و دەسەڵاتدارە گەندەڵانە، جگە لە سیاسەتێکی تائیفیی و دینیی، جگە لە مۆنۆپۆڵکردنی دەزگاکان و سەرجەمی پێگە سەرەکیی و ناسەرەکییەکانی ناو جیھازی بیرۆکراسیی دەوڵەت، شتێکی تریان نەدیوە. ئەم نەوەیە سەرجەمی نەھامەتییە تاکەکەسیی و دەستەجەمعییەکانی خۆیان و چۆنیەتی تێکچونی ژیانیان و ھۆکاریی نائومێدبوونیان ڕاستەوخۆ بە دەسەڵاتی ئەم نوخبە سیاسییە گەندەل و دەسەڵاتدارەوە گرێئەدەن. بۆیە جگە لە توڕەبوون شتێکی تریان نییە بەو دەسەڵاتدارانەی نیشانبدان. پێنجەم: ھەموو ئەو خاڵانەی لە سەرەوە باسمانکرد وایکردوە کێشەیەکی ھێجگار گەورە لە وڵاتەدا دروستبووبێت، کە بە بۆچوونی من لە ھەموو کێشەکانی تر ترسناکترە، ئەویش کێشەی نەمانی متمانەیە لە نێوان کۆمەڵگا و حوکمڕانەکانیدا. ئەم متمانەیە لە ھەموو ئاستێکدا وردوخاش بووە و ھێزێک و کەسایەتییەک نەماوە لەناو ئەو نوخبە حوکمڕانەدا قابیلی متمانە پێکردن بێت. ئەم نەمانی متمانەیەش وادەکاتادا ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەئارادا نەبێت. شەشەم: کە متمانە نەما و دڕدۆنگیی و ڕق و لە کۆتاییدا توندوتیژیی بوو بە ئارازی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان ئەو خەڵکە نائومێد و توڕەیە و دەسەڵاتداران، ئەودەم ھیچ مانایەک بۆ کردەی سیاسیی نامێنێتەوە. ئەوەی لە عێراقدا دەیبینین کۆتایی کردەی سیاسییە وەک کردەیەک بە ھۆیەوە خەڵک ژیانی گشتیی خۆیان بە شێوەیەکی ناتوندتیژ ڕێکبخەن. لە کوێشدا سیاسەت پەکیکەوت و وەک یەکێک لە چالاکییە ھەرە سەرەکییەکانی ئینسان سڕایەوە، لەوێدا دەگەڕێینەوە بۆ قۆناغی بەر لە دروستبوونی سیاسەت، قۆناغی جەنگی گشت دژ بە گشت.


هادی حەمەرەشید 1⃣ لێرە کۆنگرە خاوەنی حیزب ڕێکیئەخات چونکە هەستئەکات ئینتیمای ئەندامەکانی پێویستی بە ئەپدەیت هەیە و دەروێش و موریدان ئەبێت بەیعەت نوێ بکەنەوە، بۆ ئەوەی کە بشزانیت کێ خاوەنی ڕاستەقینەی حیزبە سەیرێکی ماڵ، میوانخانە، باخ و بارەگاکانی کوڕانی بنەماڵە بکە بزانە چۆن جمەی دێت لەکادیر، بزانە چ حەشامەتێك لە بەرپرسی سمۆڵ و میدیەم و لارج و ئێكس و دەبڵ ئێکس و سێ ئێکس لارجیان لەگەڵە! لێرە بنەماڵە گەڕ بە هەمووان ئەکات بۆ ئەوەی کۆنگرە نەبەستن کاتێك کە زانی هێشتا گومانی لەخاوەندارێتی حیزب هەیە، کاتێکیش هەستی کرد دۆخی باشە بەزوویی کۆنفرانسەکانی خوارەوە تێئەپەڕێنێت و خێرا دەرگای کۆنگرە واڵا ئەکات، هەموو کەلێن و کەموکورتییەکان چارە و پینەئەکەن و نەیاران پاکتاو ئەکەن و بە دەروونی ئارامەوە دێنە دەرەوە! لێرە بنەماڵە ئەگەر نەیارەکانی دەرەوەیان تەمبێ کرد، ئیتر بەر ئەبنە خۆیان و کوڕی سەرۆك هۆشیاری توند ئاراستەی ئامۆزاکانیان ئەکەن، سنووریان بۆ دائەنێن و پێ بەپێ ئەیانخەنەوە چوارچێوەی ڕاستەقینەی خۆیانەوە! لێرە بنەماڵە دوا قۆناغی هەژموونیان لەناو کۆنگرەدا نمایش ئەکەن، کاتێك ئەرخەیان بوون لە هەموو شتێك، ئیتر کۆنگرە ئەکەن بە کۆنسێرت و هەر ئێوارەیەك تەرخان ئەکەن بۆ گۆرانیبێژێك! 2⃣ یەکێتی دەمێکە تەماداری بەستنی کۆنگرەی چوارەمە، ئەمجارەیان پرۆسەکە قۆناغی مانۆڕ و عەرزی عەزەڵاتی تێپەڕاندووە و بواری پاشەکشێ نەماوە، کۆنفرانسی کۆمیتەکان تەواو بووە و هەینی بەردەممان حەشری مەڵبەندەکانیش کۆتاییان دێت و دەموچاوی براوەی کۆنگرە بەدەرئەکەوێت کە ڕەنگە بواری هیچ سوپڕایزێك نەمابێت و پێش ئەوەی شۆکی ئەنجامی هەڵبژاردنی کۆمیتەکان بەریان بدات تاڵاوی مەڵبەندەکانیشی بەدوادا بێت! کۆنگرەی چوارەم(تا ئێستا، ئەگەر ئیرادەیەك لەسەروی کوڕ و برازاکانی "مام"ـەوە بڕیارەکان نەگۆڕێت) کۆنگرەی پۆست مام جەلالە(بەخۆی و سروشتی کارییەوە) ئەمە واتە قۆناغی مام جەلال بۆ زۆر کەس کۆتایی دێت، ئەوانەی کە تەنیا خۆیان و بۆینباخەکەیانن و بە تەزکیە و پاکانەی ئەو ئەبوون بە ئەندامی سەرکردایەتی و میم سین! قۆناغی ڕێککردنەوەی کارتەکانە لەلایەن خاوەنی ئێستای یەکێتییەوە، یان ڕاستتر بڵێین چنینەوە بەرهەمی چەند ساڵێکی هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی کارتەکانە لە غیابی مامدا. زیاتر لەساڵێکە کوڕانی بنەماڵە بۆ ڕاستکردنەوەی باری گلاوی یەکێتی کۆمەڵێك هەنگاوی چاوەڕوان نەکراویان هەڵگرت، دیارترینیان هێنانەوەی د.بەرهەم بوو لە هاوپەیمانییەوە و پێدانی گرنگترین بەرکەوتەی حیزبەکەیان بەو کە سەرۆك کۆماری عێراق بوو، هەروەها گەڕانەوەی زیاتر لەهەزار کادیری ئەو هاوپەیمانییە و دانانیان بە واژۆی کۆسرەت ڕەسوڵ لە پلە و پێگەی ئەوتۆدا. جگە لە دانانی بەرکەوتەی یەکێتی لە وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ڕاوێژکار و نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لەوڵاتان...تاد موعانات و چەرمەسەری زۆریان بەدەست باڵی بەرامبەرەوە چەشت، ڕەنگە خاڵی کۆتاییان دانابێت! دوای مام پاشاگەردانییەکی بێ پێشینە ڕووی لە یەکێتی کرد، بەگشتیی دوو ئاراستەی سەرەکی لەیەکێتیدا شێوەی گرت; دەوروبەری ماڵی مام جەلال(بە جیاوازیی سروشتیانەوە). لەبەرامبەر ڕکابەرەکانیان(بە جیاوازیی خەون خولیای ئەوانیشەوە). خاڵی هاوبەشی هەردوو باڵەکە بەکارهێنانی سەرمایەی نیشتیمانیی بوو بۆ بەهێزکردنی خۆیان و حیزبەکەیان، ئەمەش لەڕێگای کۆمەڵەیەك لە(گروپی کۆمپانیاکان)ـەوە کە هەردوو باڵەکە دەستیان خستووەتە قوڕگی زۆنەکەوە و هەموو بوارێکیان بە چرای سەوزی حیزبە چاولەبەرەکانیان قۆرخ کردووە! بەڵام خاڵی جیاوازیان بریتی بوو لەوەی کە ماڵی مام بەشی خەڵکیتریان ئەدا و بە بەرنامە دوو ساڵ زیاترە کار بۆ ئەم مانگە ئەکەن و شاباش ئەبارێنن بەسەر کەسانی بە ئامانج گیراودا، لەبەرامبەردا ئەوانیتر هەرخۆم خۆمیانە و هەموو خەمێکیان هەوڵدانە بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەی مناڵ و زاواکانیان، تەنانەت با لەلای پارتی و ماڵی بارزانییش بێت! 3⃣ پرسیاری جدیی ئەمەیە; یەکێتی بنەمای دامەزراندن و یەکێك لە پاساوە سەرەکییەکانی شەقهەڵدان بوو لە تایپی بنەماڵەیی لە حیزبایەتیدا، ئێستا بۆچی کادیر و ئەندامەکانیان بەو جۆرە ئامێزیان بۆ واڵا کردووە؟! بەگشتیی دوو هۆکاری سەرەکیی پاڵنەرن; ۱ـ قەڵەمڕەو و بنکەی سەرەکیی جەماوەرییان ئیدارەی کۆنی سلێمانییە کە زۆرینە یەکێتی و گۆڕان بوون لەم ساڵانەی دواییدا، ئەم دەڤەرە لە سەرهەڵدانی گۆڕاندا جارێکیتر پەیامی دژ بە بنەماڵەییان دایەوە بە گوێی دەسەڵاتدا، بەڵام سەرئەنجام گۆڕان خۆی لە بنەماڵەییبوونی بزووتنەوەکەدا چەند فرسەخ هەموو حیزبەکانیان جێهێشت و ڕووی ئەوانیتریان سپی کردەوە، بەداخەوە جورئەتی زیاتریان دا بە پارتی و یەکێتی تا باشتر بیر لە بەخێزانیی کردنی هەموو شتێك بکەنەوە. چەندین شێرەبەفرینە و پڵنگی باغە و هەڵۆی لە تەپەدۆر دروستکراو کڕنووشیان بۆ دوو مناڵی بێ بەهرە برد! چەندین میرابۆی شۆڕشگێڕی دەم پڕ لە هاوار بێدەنگ بێدەنگ لە تەکیەکەی شێخ چیادا خزمەتکارن! ڕەنگە باشترین بژاردە دوای باڵادەستی ماڵی تاڵەبانیی لە کۆنگرەدا، ئەوەبێت کە یەکەم کەس و لایەن سوپاسی(نما و چیا) بکەن کە بە دەستەمۆکردنی گۆڕان، ڕێگای دەستەمۆکردنی یەکێتییان بۆ ئەوان تەختتر کرد! ۲ـ بەڕاستیی ڕکابەرەکانیان توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانیان نیە، چونکە هەر بۆ خۆیان بنەماڵەن و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی پێگە و پۆستە هەستیارەکانن بۆ کوڕ و کاڵەکانیان! ئەوەی ئەچێتە ناو وەها یارییەکەوە، وەك گۆڕینەوەی کشمیشە بە مێوژ!


عەدالەت عەبدوڵڵا   یەكێتی و پارتی، لە گەوهەردا، لەهەڵەو رەفتاری سیاسیی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و یەكڕیزیی گەلی كورد نەكەوتوون و، لە سەریشەوە، بۆ ئیستهلاكی مەحەلی، بانگەواز بۆ یەكڕیزی دەكەن!. با لەم بارەیەوە، نموونەیەكی تری وێرانكەری ئەو ئەخلاق و پەروەردە سیاسییە بهێنمەوە كە، لانیكەم، بەشێكی دەستڕۆیشتووی ناو هەردوو هێزەكە سەركردەو كادیرانی خۆیانی پێ پەروەردە دەكەن.   ئەوان، هەردوولا، وەك بڵێی تێریان لە ناكۆكی و ململانێی ناشەریفانەو دووبەرەكی و شەڕی ناوخۆیی نەخواردبێت، پێوەرێكیان بۆ دڵسۆزیی بۆ حزب گرێداوەتەوە بە كولتوری جنێودان و سوكایەتیكردن بە هێزی بەرامبەر، بەتایبەتی لەهەلومەرجی چەلەحانێی حزبیی نێوانیان و گرژییە ناو بەناوەكانیان. ئێستا لەناو پارتی و یەكێتیدا، ئەو سەركردەو كادیرانە پیاوی دڵسۆزو كوری چاك و سەر ڕاستن كە لە رابردوو و بۆ ئێستا بەوە ناسراو و بەناوبانگ بن كە هێزی بەرامبەریان سووك كردبێت و شكاند ببێت!. لە پارتیدا، ئەوانە ماف و ئیمتیازی زۆر وەردەگرن كە داهێنان دەكەن لە جنێودان بە یەكێتی و بەرپرسەكانی، لە یەكێتیشدا ئەو كاربەدەست و كادیرانە چانسی وەرگرتنی ئیمتیازو پلەو پۆستیان هەیە كە بە دژە پارتی ناودەبرێن.   ئەم ئەخلاق و پەروەردە سیاسییە سەقەتە، بە ئاشكرا فیتنەمان بۆ دەكاتە نەریت و دەچێتە خوێنی ئینسانی ئێمەوە، دروستكردنی بێ متمانەیی و رق و تۆڵەمان بۆ دەكاتە بەشێك لە سیستمی بیركردنەوەو رەفتار. لەرووی سیاسی و كۆمەڵایەتیشەوە، بونەوەرێكمان بۆ پێدەگەیەنێت كە گەورەبوونی خۆی لە بچووككردنەوەی ئەو پرەنسیپ و بەها سیاسی و نەتەواییانەدا ببینێتەوە كە ئارامی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سەقامگیریی بەرپا دەكەن. ئەوانە سوور دەزانن كە لە هەلومەرجی ئاساییدا هیچیان پێ ناكرێ، هەر زوو مەعدەنی نابوتیان بۆ رایگشتی ڕووت دەبێتەوەو هیچیان بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی سەری شوومیان بەناو گەڵیاندا بكەن..!   یەكێتی و پارتی، بەم مۆراڵە دواكەوتووە، هەر تاوانی گەورە بەرامبەر بە یەكتر ناكەن، بەڵكو پێش خۆیان بەرامبەر بە سەرلەبەری نەتەوەی كوردی دەكەن، ئەوان هەتا بەم لۆژیكە سیاسەت بكەن و هەر وەرزەو  دەیان و سەدان كادرو سەركردەی فیتنەمان بۆ بەرهەم بهێنن، ئەوا حەتمەن چارەنووس و چارەی كوردیش لەم بەشەی كوردستاندا رەشتر دەبێت.     لەچەند ساڵی رابردوودا، بەم پەروەردە سیاسییە سەقەتە، چەندان كەسی هیچ لەبارا نەبوو لە هەردوولا بوون بە پەرلەمانتار، بەرپرسی حزبی، حكومی، بگرە (ئەستێرە)ی سەر شاشەو ناو میدیاكان!. هەندێجار، پارتی، بە حوكمی پێگەی بەهێزی خۆی لەناو دەزگاكانی هەرێمدا، هەوڵیداوە كە رێگری لە هەندێ خەڵكی یەكێتی بكات كە بێنە ناو حكومەتەوەو هەندێكیشیان بكڕێت!، بەتایبەتی لە پۆستە باڵاو هەستیارەكاندا، بەڵام بە گشتی، نەیتوانیوە رێگیری لەدیاردەكە بكات. هەرچی یەكێتییە، ئەوا ئەوەندە لاوازە بەهیچ جۆرێك نەیتوانیوە ڤیتۆی لەسەر هیچ پارتییەك لەحكومەت و دەوڵەتدا هەبێت و رەتیان بكاتەوە كە دژە یەكێتی بووبن!.   وەلحاڵ، كێشە ئەوەیە ئێستا كۆنگرەی هەردوو حزبەكە، كە هی یەكێتی لە رێگەدایە و هی پارتیش لە داهاتوودا، جارێكی تر، بەناو فلتەری ئەم پەروەردە سیاسییە سەقەتەدا گوزەر دەگات. لەم كۆنگرەیەی یەكێتیدا، ئەوەی جنێوی زیاتری بە پارتی دابێت، چانسی زۆرتر دەبێ و پلەو پایەی حزبی باشتر وەردەگرێت، دڵنیاشین كەوا لە كۆنگرەی پارتیشدا هەمان هاوكێشە رەواجی زۆری دەبێت!، بەمەش لە ئایندەی وڵاتدا، بەبێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، دەچینەوە بەردەم نەوەیەكی تر لە دەموچاوی سیاسی و دەمڕاست و بڕیار بەدەست كە پەروەردەی كولتوری فیتنەو شەڕی كوردكوژی و تۆوی شێواندنی یەكڕیزی و سەقامگیرین لە وڵاتدا..  


ھێمن کەریم زیاتر له‌ هۆكارێك هه‌یه‌ بۆ راڤه‌كردنی چۆنێتی گۆڕانی ناوچه‌كه‌، هه‌م له‌ڕووی فۆڕمی سیاسی و هه‌م له‌ڕووی ده‌رهاویشته‌ی سیاسییه‌وه‌، به‌و هۆكاره‌ش هه‌رێمی كوردستان كه‌وتۆته‌ قووڵایی نێوان ده‌رهاویشته‌كانه‌وه‌، نه‌ك خواستی گۆڕانی سیاسی هه‌رێمی، ھەروەھا خواستی ئه‌م یان ئه‌و ده‌وڵه‌ت نییه‌ كه‌ باشووری كوردستان به‌ره‌و كوێ بڕوات، به‌ڵكو ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌ قووڵی له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌رهاویشته‌یه‌ك بهێنێته‌ كایه‌وه‌ هه‌م تائیفی بمێنێت و هه‌م یاساش رواڵه‌ته‌كه‌ی بێت. ئیدی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو «عیراقێكی بێ سیاده‌دا» هه‌ر وێنه‌یه‌كی لێده‌رچێت، ئه‌مریكا سیاسه‌تی دیفاكتۆی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، ته‌نها كێشه‌ی رواڵه‌تی ئه‌مریكا، ئێرانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌داو ته‌نها كێشه‌ی ئێرانیش، ئه‌مریكایه‌ ئه‌گه‌ر به‌قووڵیی بێته‌ پێشه‌وه‌. یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی نزیكبوونه‌وه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنی سیاسی ئه‌مریكا و ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌و خاڵه‌یه‌ كه‌ گۆڕانی سیاسی رێخۆشكه‌ره‌ بۆ ته‌وژمێكی دووباره‌ی ململانێی تائیفی له‌ عیراقدا، چونكه‌ هه‌رچی ئه‌مریكایه‌ له‌رێگه‌ی هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی هێزێكی نیزامی راستڕه‌وی خۆیه‌تی له‌ عیراقدا به‌بیانووی كێشه‌ تائیفییه‌كان و رواڵه‌تی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شی وه‌ك پشتیوانییه‌ك بۆ عیراق و مانه‌وه‌ی وه‌ك عیراقێكی فیدراڵ پیشان ده‌دات، ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی ئه‌و دیفاكتۆیه‌یه‌ كه‌ له‌منداڵدانی عیراقدا فۆرمه‌ڵه‌ی ده‌كات. له‌دوای ململانێی ئایدۆلۆژیی سۆڤێت و ئه‌مریكا ده‌ره‌نجامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی و پێشكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مریكا ، ئه‌و جووڵه‌یه‌ بوو كه‌ بریتییه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ململانێی ئیتنیكییه‌كان و شه‌ڕه‌ تائیفییه‌كان، ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی گۆڕانی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانیی چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی فره‌ نه‌ته‌وه‌ی هه‌ژاردا هاته‌ ئاراوه‌ و ئه‌مریكای بۆ ماوه‌یه‌ك هێشته‌وه‌ و كردییه‌ پاڵه‌ونی ده‌ره‌كیی هه‌میشه‌یی، رێك به‌ هه‌مان چه‌شنی عیراق ئێستا كه‌ گرووپی جوداخواز له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادان و چه‌ندین ساڵه‌ له‌ دوای رووخانی رژێمی سه‌دام و به‌هاری عه‌ره‌بی دروست بوون، ئه‌م گروپانه‌ وه‌ك ئیتنیكی –سیاسی كۆبوونه‌وه‌ و میلیشیایی ئه‌و ئیتنیكه‌ هاورده‌یه‌ تائێستا وجودی هه‌یه‌، به‌چه‌شنێك هه‌م حكومڕانه‌ هه‌م ئۆپۆزسێۆنه‌، هه‌م رازییه‌ هه‌م ناڕازی ، ئێستاش هیچ ئۆپۆزسێۆنێك له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادییه‌كان له‌ عیراق كۆشش ناكات، به‌ده‌ر له‌ كێشه‌ مه‌زهه‌بی و تائیفییه‌كان له‌ هه‌ركاتێك به‌ده‌ستێكی ده‌ره‌كی داده‌مركێته‌وه‌. خواستی هاووڵاتیبوونی تاكی عیراقی به‌ده‌ست ئه‌و ده‌سته‌ ده‌ره‌كییانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، بۆیه‌ كه‌م تازۆر ناڕه‌زاییه‌كانیش له‌ده‌ست ده‌رده‌چن، به‌ڵام هه‌تا كێشه‌ مه‌زهه‌بی و تائیفییه‌كان جاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وا كۆششكردنی چه‌مكی هاووڵاتیبوون له‌ژێر پرسیاردایه‌.بۆیە لە زۆرێک ‌‌‌ وڵاتانی به‌هاری عه‌ره‌بی ئه‌م فۆڕمه‌ له‌ حوكمڕانیی میلیشیا هه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، هه‌م ئۆپۆزسێۆنه‌ كه‌ ده‌بینرێت.  ئه‌م فۆڕمه‌ ده‌رهاویشته‌یه‌ كه‌ هاورده‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمییه‌، یان ده‌بێت چاره‌سه‌ربكرێت یان ده‌بێت به‌گۆڕانی سیاسی خاوبكربێته‌وه‌، ئالێره‌وه‌ ململانێی نێوان دژه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌مریكا وه‌ك ده‌رهاویشته‌ی سیاسی هه‌وڵده‌دات، كه‌ ئه‌مه‌ش بێ كێشه‌ تێپه‌ڕ نابێت و هه‌رچی ئێرانیشه‌ ده‌یه‌وێت ناوچه‌كه‌ به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، كه‌ مانه‌وه‌یه‌تی له‌و تێكه‌ڵه‌ مه‌زهه‌بی و میلیشیاگه‌رییه‌دا. ئه‌م گۆڕانه‌ سیاسییه‌، ئه‌گه‌ر به‌كرده‌یی ده‌ستی بۆ ببرێت، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان له‌ قووڵایی گۆڕانكارییه‌كه‌دایه‌، ئیدی یان ده‌بێت ململانێی ناوخۆییه‌كانیان وه‌ڵابنێن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌رده‌می كۆششكردنی سیاسی نه‌ك كۆشكی سیاسی، وه‌ك له‌سه‌رده‌می «جه‌لال تاڵه‌بانی» سه‌ركرده‌ی كۆچكردووی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌و كاته‌ی سه‌رۆك كۆماربوو به‌دی ده‌كرا، كه‌ به‌خوانێك دژه‌كانی كۆده‌كرده‌وه‌ و هه‌ر به‌خوانێكیش په‌یامی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیی رێكده‌خست، ئێستا كه‌ كه‌سێكی وا نییه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ بێكه‌سترین كاریزمایی سیاسیدا ده‌ژی، ده‌بێت ھەرێم بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عیراق تا هه‌رێم له‌و ده‌رهاویشته‌ سیاسییه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری كاولكاریی گه‌وره‌ی تێدا به‌دیده‌كرێت، بخرێته‌ بازنه‌ی عیراقه‌وه‌، تا له‌وێوه‌ هاوپه‌یمانه‌كان یان دژه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك ناوچه‌ نه‌كه‌ونه‌ ته‌واوی كێشه‌كانیانه‌وه‌. ره‌نگه‌ تا ئه‌م كاته‌ گره‌نتیی مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ عیراقێكی بێ كێشه‌ و به‌هێزه‌وه‌ بێت وه‌ك هه‌رێمێك، چونكه‌ ته‌نیا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێت سه‌روه‌رییه‌كان و ترس و مه‌ترسییه‌كانی بشاردرێته‌وه‌ و ده‌ستی بۆ نه‌برێت، ئه‌گه‌رنا خواستی كۆششی سیاسی به‌م ده‌ستوبرده‌ ناكرێت و هێنده‌ ململانێی ناو حكومڕانانی هه‌رێم له‌ بڕیاردانی تاكلایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و هه‌م ململانێی ناو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌ناو خۆیاندا، رێگرن له‌و كۆششه‌ سیاسییه‌. زۆرێك له‌ شرۆڤه‌كارانی سیاسی ئه‌مریكاش، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مریكا به‌چاوی بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ هه‌رێمی كوردستان، ره‌نگه‌ هۆكاری نه‌بوونی كێشه‌ی تائیفی بێت، به‌ڵام به‌یه‌ك هه‌ڵه‌ی سیاسی ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت، سیاسه‌تی هاوسه‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی له‌نێوان هێزه‌كانی هه‌رێمی باشووری كوردستان، راگرتنی ئه‌و باڵانسه‌یه‌ كه‌ تائێستا ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌م گۆڕانه‌ سیاسییه‌ له‌ ئیقلیمی و عیراقیدا به‌یه‌ك جووڵه‌ی هه‌ڵه‌ ده‌چێته‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تا، واته‌ هه‌مان ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ به‌چاوی شه‌ڕی ناوخۆ له‌لایه‌نی ئیقلیمییه‌وه‌ ته‌ماشای هه‌رێمی كوردستان ده‌كرا، واته‌ دابه‌شكار، نه‌ك ناوچه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك كورد.


ئاسۆ حاجی دلنیام بۆ زۆربەی كوردستانیان بە تایبەتی بۆ ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی و گۆڕان و تەنانەت پارتیەكانیش سەردانیەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەر گلكۆی نەوشیروان مستەفا و مام جەلال جێگای تێڕامان و پرسیارە،یەكێتی و گۆڕانەكان رەنگە وێنەیەكی نوێ و مۆدێلێكی تازەیان لە سیاسیەكی كورد هەست پێ كردبێ كە جورئەت و توانای تەجاوزكردنی هەستیارترین قۆناغ و سارێژكردنی قوڵترین برینی هەبێت لە جستەی بزووتنەوەی كوردایەتی كە نەك تەنها باشور بەڵكو پارچەكانی دیكەی كوردستانیش باجەكەی دەدەن. ئەوەی نێچیرڤان بارزانی كردی و دەیكا دەبوایە نەوەی پێشوتر بیكەن لە تەجاوزكردنی عەقلیەتی یەكتر نەخوێندنەوە و دەربازكردنی قۆناغی عینادی سیاسی و بەرچاوتەنگی حیزبی كە زادەی ئەو ئینشیقاقە بوو كە لە سەرتای ساڵانی شۆڕشی ئەیلول روویدا و باڵی مەكتەبی سیاسی كە دواتر بە جەلالی ناسران لە دژی مستەفا بارزانی رابەری شۆڕشەكە ئەنجامیاندا. لە ژیانی سیاسی نێچیرڤان بارزانی ئەوە كارێكی نوێ نیە و رەنگە كاریگەری كەسایەتی و دونیابینی ئیدریس بارزانی باوكی بێت كە لە زۆر رووەوە لە سیاسیەكانی دیكەی جیا بكاتەوە كە زیاتر وەك پیاوی چارەسەر بناسرێ نەك گرفت دروستكەر. لە دوای كارەستای شازدەی ئۆكتۆبەر كە كورد لە شكەست بوو و عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێڕاقیش بە خۆشاوی داگیركردنەوەی كەركوك و هەولدانی بۆ لەناوبردنی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان سەرخۆش ببوو و وەك پاڵەوان لە وڵاتان دەگەڕا و رۆژ نەبوو هەڕەشەی نوێتر و زیاتر لە كوردستان و مافە دەستوریەكانی نەكات،نێچیرڤان بارزانی جیاواز لەو سیاسەتە تقلیدیەی سیاسیە شەڕقیەكانی پێ دەناسرێنەوە بە سیاسەتێكی نەرم و حەكیمانە و كاریگەر لە سەر ناوەندە بڕیار بەدەستەكانی دونیا نەك هەر توانی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان بپارێزی بەڵكو عەبادی و حكومەتەكەشی ناچاری دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ كرد بەبێ ئەوەی گچكەترین سازیش لەسەر مافە دەستوریەكانی گەلی كوردستان بكات،ئەو كات ئەو هەڵوێست و جولە و سیاسەتانەی نێچیرڤان بارزانی بووە جێی سەرنجی زۆر لە ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و زۆر نووسەر دەربارەیان نووسی و سیاسەتڤانی ئەوروپی قسەیان دەربارە كرد بەوەی كە ئەوان كەسایەتی و عەقڵیەتێكی نوێ دەبینن كە لە سیاسیەكانی شەڕقی جیاوازە. بەهێزبوونەوەی سیاسیانەی هەرێمی كوردستان كە چاوەڕوان دەكرێ لە رووی ئابوریشەوە بەهێز بؽتەوە بە پێچەوانەی بەشەكانی دیكەی عێراق بەرهەمی ئەو عەقلیەتە و دونیابینیەیە،ئەوەش هۆكارە كە جارێكی دیكە هەولێر وەك ناوەندێكی گوؽ لێگیراو و حیساب بۆكراو بگەڕێتەوە ناو هاوكێشەی داڕشتنەوەی سیاسەتەكانی ناوچەكە،ئەوەش بە تەواوی لە سەردانەكەی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا مایك پێنس بۆ هەولێر دیار بوو بە تایبەتی كە بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاند كە ئەوان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەك مەرجەعیەتی كوردانی ناوچەكە تەماشا دەكەن و مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. بۆ ئەو قۆناغە قوڵكردنەوەی ئەو مۆدێلە لە سیاسەت كردن بۆ بە كلتور بوون خزمەتێكی گەورە بە هەرێمی كوردستان و دۆزی گەلی كوردستان لە پارچەكانی دیكە كوردستان دەكات بە تەجاوزكردنی عینادی سیاسی و بەرژەوەندی تەنگی حیزبایەتی و گۆڕینی ئەو چەمكانە بە چەمكی كرانەوە بەسەر یەكتردا و قوڵكردنەوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی،كە بەرهەمی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و دونیابینی نێچیرڤان بارزانیە. تەجاوزكردنی قۆناغی دووبەرەكی و دابەش بوون بەسەر بەرژەوەندی وڵاتان و لەبیركردنی بەرژەوەندیەكانی خۆمان. ئەو پرسیارانەی لە دوای ئەو سەردانیە مێژوویەی نێچیرڤان بارزانی بۆ شاری سلێمانی لە پێناو ئاشتكردنەوەی دوو هێزی سەرەكی و ركابەری ئەو شارە دروست بوون پێویستیان بە وەڵامی هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان هەیە چونكە ئەوانەی پرسیار و داوای خەڵكن،پرسیاری ئەوەی ئایا لایەنەكان شوێن پێی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵدەگرن یان لە سەر عینادی خۆیان بەردەوام دەبن،داوای خەلكیش لەوەتەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان هەیە ئەوەیە كە پێویستە هەموو یەكگرتووبن و بەرژەوەندی نیشتیمان لە سەرووی بەرژەوەندی حیزب دابنێن.  


 مەلا فرمان رۆژئاوا، ئەو بەشەی کوردستانە کە بەر شاڵاوی لەشکری تورک کەوتوە. سیاسەتی پشت و پێشی ئەم شاڵاوە دیارە، کە: 1-    پەیامێکە بۆ کوردستانیان " لە هەرکوێی دونیا کوردێک هەبێت نابێت خاوەن ناسنامەی خۆی بێت". 2-    نەک کیان و دەوڵەتی کوردی بەڵکە بونیشیان خەون و خەیاڵە. 3-    پاکتاوی نەژادی کوردی لە سەرێکانی و گوندەکانیەوە دەستی پێکردوە. سوکایەتی: 1-    سوکایەتی ئەردۆگان بە گەلی کوردستان لە سەرۆکی پارتیەوە دەستی پێکرد، کاتێ گوتی " تۆ سەرۆکی خێڵ و عەشیرەتی نەک پیاوی دەوڵەت داری". بۆ منی کورد کارم بەوە نیە مەسعود بارزانی سەرۆکی حیزبە یان هەرچیەکە، خۆی لێی بێدەنگە یان نا، لای من ئەمە سوکایەتیە بە من. 2-    بەدەرکردن و زیندانیکردنی  نوێنەرانی کوردی باکور لە شارەوانیەکان، ئەوانەی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکی باکورن. پەرلەمانی کوردستان راستە وتویانە " هەرچی لەسەر ساختەکاری بونیاد بنرێت فشۆڵە". هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان راستودروستی ئەو گوتە کۆنە دەسەلمێنێ. دەیانەوێ لەم تەمەڵە فشۆڵەوە بناغەی باڵەخانەی بەرز دابنێن و هەڵوێست و بریارەکان  تێدا بدەن،  مومکن نیە! بە نمونە:  1-    ژمارەی ئەو گەندەڵیانەی پەرلەمانتارانی کوردستان باسی دەکەن و کەوتۆتە سەر میدیا لە ژمارە نایەن. دوایینیان گەندەڵیەکانی ئەنجومەنی خانمانە. بەڵام بە کردار یەک هەنگاویان نەناوە. لە قاموسی سیاسیدا بەم جۆرە کەسانە دوترێ " هەڵەوەڕی سیاسی". لە بواری ئایینیشدا " مەلای بێ عەمەل"  2-    لە ١٥/١٠/٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان لە بارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان ١٢ راسپاردەی دەرکرد. لە کاتی خۆی زۆرێک لە نوسەران توانجیان لێدا، بە شەرمنۆکانە وەسفیان کرد. 3-    جێبەجێنەکردنی بریاری پەرلەمان بە دەرکردنی سوپای تورکیا لە هەرێم. هەڵمەتی نیشتمانی بۆ رۆژئاوا ئەم پەرلەمانە  بەم بانگەشەیە دەیەوێ خەڵک بگەوجێنی و چاوبەستەکێی لەگەڵ بکات، وەک ئەوەی جەماوەر نەزانێت  رۆژئاوا چ پشتیوانیەکی دەوێت، ئەو پشتیوانیەی کە جەماوەر زۆر لە مێژدایە پێشکەشی کردوە: 1-    پشتیوانی سیاسی. بە داخەوە دوای سەردانی خاتو ئیلهام ئەحمەد بۆ ئەمریکا و بەدەستهینانی پشتیوانی باش بۆ دۆزی کورد لە سوریا، هەندێ لە بەرپرسە باڵاکانی ئەم هەرێمە سەردانی دەرەوەیان کرد و زۆر نابەرپرسانە دژ بە رۆژئاوا قسەیان کرد. لەوانە سەقین دزەیی توتی ئاسا لاسایی گەورەکانی کردەوە. کەچی ئەم پەرلەمانە ورتەی لێوە نەهات. 2-    دەبو بەراشکاوی ئیدانەی هێرشی تورکیا بکرایا، کەچی ئەم پەرلەمانە لە ١٢ راسپاردەدا بە وشەیەکیش بوێری ئەوەی نەبو باس لە تورکیا بکات. 3-    لەم هەرێمە بۆ دژایەتی رۆژئاوا و نانەوەی دوبەرەکی هاوشێوەی باشور هەوڵی کەم نەدراوە لە دروستکردنی گروپی چەکداری جیاجیا و دابەستا ئاسا دەیەوێ بەریداتە گیان رۆژئاوا. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان پێی هەڵدەستێ ناکرێت ناوی هەڵمەتی نیشتمانی لێبنرێت، بە تایبەتی کاتێ زۆر راشکاوانە هەڵمەتەکەی بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوایە لە هەرێمی کوردستان نەک لە رۆژئاوا خۆی.، ئەمەش زیاتر کاری رێکخراوێکی خێرخوازە نەک پەرلەمان. ئەم هەنگاوە بە ناڕاستەوخۆ بە قازانجی بەرنامەکەی تورکیایە، چونکە بەم هەنگاوە هانی کوردانی رۆژئاوا دەدرێت زیاتر کۆچبکەن و وڵات چۆڵ بکەن. دەبو پەرلەمان لەجیاتی ئەم هەڵمەتە بیری لەوە بکردایاتەوە هاوکاریەکان بنێرێت بۆ رۆژئاوا و لەوێ خزمەتیان بکات. لەم هەڵمەتەوە واپپێدەچێت ئەم پەرلەمانە لە پرسی کەرکوکەوە هیچ فێرنەبوبێت و ئەزمونی وەرنەگرتبێ، کە چۆن کۆجی کورد لە ژێر ئیمتیازاتی حیزبی کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کورد کردوە لە کەرکوک. بۆیە ئەم هەنگاوەی پەرلەمان جگە لە هەوڵێک بۆ دەرخستنی خۆی وەک روسپیەکی ساختە لای هاوڵاتیان هیچیتر نیە، هەوڵێکیشە بۆ شاردنەوەی دیوە راستەقینەکەی: بێدەسەڵاتی، وابەستەیی، بێکردار، بێهەڵوێست...هتد. زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی لاوازی پەرلەمان و تەواوی دامەزراوەکانی هەرێم وەک رەنگدانەوەی حیزب و سەرکردەکانیان دەبینن، لە هەرێمیش لەبەر نەبونی ئۆپۆزسیۆنێکی بە هێز بریارەکان کەوتۆتە دەست یەک حیزب  و چەند کەسێک، حیزب و کەسەکانی تر تەنها رۆڵی گوێگر و تەماشەکەر دەبینن و ژیانی رۆژانە بەڕێ دەکەن. گەر ئەم هەرێمە بەم شێوەیە  بەردەوامبێت لە بەڕێوەبردن. بەدڵنیاییەوە  چاوەڕوان دەکرێت هەڵە کوشندەکانی رابردو دوبارە ببنەوە، نەک هەر لە کاروانی گۆڕانکاریەکان بەجێدەمێنێت بەڵکە  توشی شکستی گەورەتر لە شکستەکانی رابردو دەبێت. 


سەردار قادر  بڕۆن ئیتر قەڵەم بەدەستان لە حزوری سیاسەتمەداری ووڵاتدا بەشەرمەوە خۆتان حەشاربدەن !! بڕۆن ساحێب قەڵەمەكان ئیتر لە سەر چی ئەنوسن، ئاخر لەم مەملەكەتەدا چی ماوە قسەی لەسەر بكەن ؟؟ بڕۆن خۆتان حەشاردەن لەبەردەم پێكەنینی سەركردەكان ؟؟ نوسینەكانی ئێوە چ برسیەكی ووڵاتی تێر كرد، نوسینەكانتان گەر خزمەتی دەربار نەكا، ئێوە شار بەدەر ئەكرێن. ئێوە لای بەپرسی ووڵات لە بوونەوەرێكی ئیزعاج زیاتر هیچی تر نین ؟؟ چیتان نوسی لە سەر خەمی ووڵات كێ گوێ ی لێ گرتن ؟ چیتان باس كرد لەسەر خەمی تاك، كێ باكی بە تاكی كوردی هەیە، ئەوان هەموو تاكی شكاو پێ ئەگەیەنن. لە ئێوارەخوانی ئەواندا نوسینەكانی ئێوە تەنها سفرەی بەردەستیانە لەگەڵ پاشماوەی خۆراكدا فڕێ ئەدرێت. ئەوان، ئێوە تەنها بۆ كاتی ململانێ ئەبینن دواتر وەڵامی تەلەفونیشتان نادرێتەوە. ئێوە تەنها بۆ كۆكردنەوەی دەنگ ئەبینن. كام سەركردە، كام بەرپرسی حیزبی یان حكومی جارێك لە جاران نوسینێكی ئێوە، پرۆژەیەكی ئێوەی بە جدی وەرگرت‌و دەیەها كۆبوونەوەی لەگەڵ كردن. سەركردەكان، كوڕەكانی دوای باوك، بنەماڵە، ئێوە بە بەشێك لە بەرژەوەندی ئەبینن. تەلەفزێۆنەكان، سایتەكان، رۆژنامەكان تەنها بۆ خزمەتی خۆیان ئەبینن نەك بەشێك لە خەمی خەڵك، لێتان تێك نەچێت كە باوەش ئەگرنەوە بۆتان وا تێ بگەن ئەوە رێز لە نوسینەكانتان ئەگرن. ئەوەی لەم ووڵاتە ئەبینرێت گەنجی تێك شكاو بەرهەم ئەێنن لەشكرێك لە خاوەن قەڵەم كە خزمەتی دەربار بكات جا دەرباری كوڕان بێت یان كۆشكی حیزب بێت. ئەوان كەی كاتیان ئەدەن بە خوێندنەوەی نوسینەكانتان، زۆرینەیان شەوان بە بادەنۆشین‌و كۆنكەن كردنەوە خەریكن. بە رۆژیش خەریكی بەهێز كردنی تەكەتول‌و باڵ باڵێنی خۆیانن. قەڵەم بەدەستان، خەمی ووڵات ئێوە خەمبار تر ئەكات‌و بۆ ئەوانیش مانەوەی ئەبەدیە لە پۆست‌و سیاستدا.


سەلام عەبدوڵا یەكێك لەو هۆكارە سەرەكییانەی دواكەوتنی دامەزراندنی سوپایەكی یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا، لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵانەی دراون، دەگەڕێتەوە بۆ هەیمەنەتی حزبی لەنێو هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا كە لەمپەری جەوهەریی بووە لە پڕۆسەی یەكگرتنەوەدا و دروستكردنی سوپایەكی نیشتمانی كە بڕیار و فەرمان تەنیا لەو حكوومەتەوە وەربگرێ، نەك لەلایەن حزبەوە، هەروەك فاكتەرێكی كاریگەریش بووە لە ململانێی حزبیدا كە زۆرجار گۆڕاوە بۆ شەڕی یەكدی یان بەواتایەكی دروستتر، شەڕی خۆكوژی كە هەم پڕۆسەی بەدەوڵەت بوونی ئیفلیج دەكرد و هەم ئابڕووی نەتەوەكەشمانی لە بەرامبەر جیهان لەكەدار دەكرد، چونكە زۆر سەخت بوو بۆ جیهانی دەرەوە لەو شەڕە بێ مانایە بگات، بەتایبەتی لە گەلێك، كە دووچاری قڕكردن و ئەنفال و كیمیاباران كرابوو. بۆیە ئەو بڕیارەی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان كە ڕۆژی 2009/11/5 بۆ ئەمینداری گشتی (ئەلف/7/ 18112) سەبارەت بە قەدەغەكردنی كاری سیاسی لەنێو هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان نێردرابوو، كە بریتی بوو لە چوار خاڵ زۆر لەجێی خۆی و مایەی دەستخۆشییە، چونكە ئەمە درزی ئەو كەلێنە پڕ دەكاتەوە كە هەمیشەو بە ئاسانی دەبووە هۆی لێكترازانی هێزی پێشمەرگە و ناسەقامگیری وەزعی سیاسی و دڵەڕاوكێی هاووڵاتیانی كوردستان و خۆشحاڵی نەیاران و دوژمنانی گەلەكەمان لەهەرێمی كوردستاندا. گەر ئەم خاڵانەی دەستنیشان كراون لەو فەرمانەدا وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەنگاوێكی گەلێك ئەرێنی دەبێت لە پڕۆسەی یەكگرتنەوەی یەكجارەكی هێزی پێشمەرگەدا- بەكردار-دەگیرێت و سەرەتای دامەزراندنی سوپایەكی نیشتمانیش بۆ هەرێم دەستەبەردەكات، ئیدی ئەوسا خەڵكانی تریش نەك تەنیا كەسانی حزبی، ئەوا بە ئاسانی دەتوانن لەو سوپا نیشتمانیەدا بەشداربن و توانا و وزەیان بخەنەگەڕ، چونكە مەرج نییە هەموو ئەوانەی لەلایەن حزبەكانەوە دەستنیشان دەكران خەڵكانی لێوەشاوە و بەتوانابن، بەڵكو پێوەر تەنیا حزبی بوونیان بوو كە ئەویش بەتەنیا بڕیارێكی دروست نەبوو. ئێستا ئیدی دوای ئەم فەرمانە كە پێویستە سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم پشتیوانییەكی زۆر بەهێزی بكەن كە دڵنیاین دەیكەن، دەبێ حزبەكانیش، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی بەهەموو توانایەكیانەوە پشتگیری لەو فەرمانە بكەن و هەوڵی جێبەجێكردنی بدەن. گەر سوپا و هێزی پێشمەرگە لەسەر ئەو بنەمایە دروستبێت كە ئینتیمای بۆ نیشتمان پێش حزب دەبێت ئەوە بەدڵنیاییەوە دەڵێین كە دەرگای ئاسۆیەكی گەش بەڕووی داهاتووی ئەم هەرێمە كۆڵنەدەرە واڵا دەكات، كە مایەی دەستخۆشی هەموو دڵسۆزانی گەلەكەمان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەبێت.


دانا مەنمی  ئه‌و بارودۆخه‌ی ئیستا كابینه‌ی نۆیه‌م و حكومه‌تی هه‌رێمی پێدا تێده‌په‌رێت پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردن و ڕاوه‌ستان و ڕه‌خنه‌ی جدی هه‌یه‌ و به‌ڕاشكاوی په‌نجه‌ بخرێته‌ سه‌رگه‌وهه‌ری كێشه‌كان، به‌واتایه‌كی تر له‌ نێو بۆچوونه‌ جیاوازه‌كاندا پێویستی به‌ سیاسه‌تێكی عه‌قلانی هه‌یه‌ تا سیمای حوكمڕانیه‌تی كوردی به‌ره‌و باشتر هه‌نگاو بنێت و بتوانێت چاكسازی ئه‌نجام بدات ،مەبەست لە چاکسازی "باشترکردنی بارودۆخ، ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، نەهێشتنی گەندەڵیەکان"ە، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌نگی پێدراوه‌ ، په‌رله‌مانیش له‌لایه‌ن له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ متمانه‌ی پێبه‌خشراوه‌ ،به‌ڵام كه‌ سه‌یری واقیعه‌كه‌ ده‌كه‌ین سه‌رباری زۆری به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوكانی كابینه‌ی نۆیه‌م خه‌ڵك دووچاری بێ متمانه‌یی بووه‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم .   له‌كاتێكدا كه‌ خه‌ڵك خۆی ڕاده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ ،حكومه‌تی هه‌رێمیش خه‌ڵكی ڕاده‌ستی مه‌رگ و مه‌حكوم به‌ مردنی كردوون ، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵك خه‌می بارودۆخی سیاسی و ئابووری وته‌ندروستی وكۆمه‌ڵایه‌تیشی نییه‌ ،ئه‌م دۆخه‌ ئاكامی هه‌ڵسوڕانی خراپی ئیداره‌دان و به‌رئه‌نجامی ئه‌و ژینگه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ چاودێری و لێپرسینه‌وه‌و سزادانی تێدا نییه‌ بۆ كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت ،ئه‌وه‌ش وونبوونی زەمینەی ئەخلاقه‌ بۆ سیاسەت ئەوەی ئەخلاقی نوێ بە سیاسەت دەبەخشێت چاودێریكردنی عه‌قڵه‌ ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا هه‌ره‌س ومردنی ئه‌خلاقی سیاسییه‌ چونكه‌ موراڵی سیاسی ڕیشه‌یی له‌سه‌ر خێڵ داكوتیووه‌و كه‌ زۆر به‌ زه‌حمه‌ت ڕاستده‌كرێته‌وه‌ ، سیاسه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی عه‌قلانی پشت ده‌به‌ستێت به‌ بیركردنه‌وه‌ی واقیع و خه‌سڵه‌ت و بارودۆخه‌كان ، یورگان هابرماس بیرۆكه‌ی چاره‌سه‌ری عه‌قڵانی بۆ دیارده‌ سیاسییه‌كان خستووه‌ته‌ ڕوو كه‌ ڕێگاچاره‌ی ئه‌و ته‌نگه‌ژانه‌ی داناوه‌ .   ئه‌گه‌رقینی تایفه‌گه‌ری‌و ناكۆكی سیاسی‌ كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بووی سیاسی و ئابوری بارودۆخی عێراقیان تێكو پێكدابێت ،ئه‌وا له‌ كوردستانیش لێكترازانی نێوماڵی كوردی و ناكۆكی ناو حیزبه‌كان و حكومه‌ت و نه‌بوونی یه‌كڕیزی كه‌مترنین له‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی عێراق و پێوه‌ری مه‌حه‌كن! داواكاری خۆپیشانده‌رانی پارێزگاكانی باشور و ناوه‌ڕاستی عێراق دژ به‌ نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری وگه‌نده‌ڵی و بێكاری  داخوازییه‌كی هه‌ق و پیرۆزه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵ ئه‌درێت به‌لاڕێدا ببردریت و جارێكی دیكه‌ ئازارو مه‌ینه‌تییه‌كانی هاوڵاتیان له‌به‌رگێكی سیاسی دا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ڕه‌وتیكی سیاسی - مه‌زهه‌بی بپێچرێته‌وه‌ ،هه‌رچه‌نده‌ مه‌رامی گه‌وره‌ له‌ پشت خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ خۆی مه‌ڵاس داوه‌ ، به‌ڵام توانای گه‌ل له‌ هه‌مووان به‌هێزتره‌ و هیچ ده‌زگایه‌كی داپڵۆسێنه‌رناتوانێت سه‌ركوتی بكات و به‌ری پێبگرێت ، ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌سته‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ په‌ند له‌ خۆپیشاندانه‌كانی عێراق وه‌ربگرێت و ڕێڕه‌وی حوكمڕانیه‌تی سیاسی و ئابوری ڕاستبكاته‌وه‌ وژینگه‌و زه‌مینه‌یه‌كی له‌باردروست بكات بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان و پرۆسه‌ی چاكسازی سیاسی و ئابوری ئه‌نجام بدات ، كوردستان له‌ڕووی سیاسی و ئابوری و سه‌ربازییه‌وه‌ به‌هێزتر نییه‌ له‌ عێراق ، ئه‌وه‌ی له‌ عێراق ده‌گوزه‌رێت ئه‌گه‌ر له‌ كوردستان بێت زیانه‌كان زۆر زیاتر ده‌بێت و ده‌رفه‌تی زیاتریش بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی ده‌ڕه‌خسێت ،بۆیه‌ پێشینان جوانیان فه‌رمووه‌ كه‌ ده‌ڵێن: كه‌ زۆر هات قه‌واڵه‌ به‌تاڵه‌ ، ئه‌م ده‌ربڕینه‌ له‌ژیانی ڕۆژانه‌ی كوردیدا كاتێك به‌كارده‌هێنرێت كه‌جامی دان به‌خۆداگرتن‌و قبوڵكردنی زوڵم و سته‌م له‌ توانایی گه‌ل دا نامێنێت .


ئەکرەم گولی دەما نێچیرڤان بارزانی بیە سەروکێ حکومەتێ د دوو کابینێن پێشتر دا بانگەشا وێ چەندێ کر کو هەرێمێ پێدڤیە سەربەخویا ئابوری هەبیت ، ئێدی چاڤێ وێ ل دەستێ بەغدا ومیزانیا بەغدایێ نەبیت ، بێ منەت بیت ، ب بەهانا هندێ بەغدا دوژمنە و هەمی دەما هەرێما کوردستانێ لبن مەترسیێ دایە ، هەر دەما دەستهەلاتدارێن بەغدایێ بڤێن دشێن هەرێما کوردستانێ برسی بکن ، هەرەشا ل هەرێمێ بکن ئەگەر ب دلێ وان کار نەکن ، هەر وەختێ بڤێت دێ هەرێمێ توشی کیشەکا مەزنا ئابوری کن. سەربەخویا ئابوری یان ئابورەکێ سەربەخو ، مەزنترین و گرانترین بانگەشا نێچیرڤان بازرانی بی وەکو سەروکێ حکومەتێ د وی دەمی دا ، ب هاریکارییا تورکیا بوریەکا نەفتێ کێشا بو بەندەرێ جەیهان و رێکەفتنەکا ڤەشارتی تانوکە ژی کەس ناڤەروکێ نزانیت دگەل تورکیایێ کر ، ل جهێ بەغدا ببیت وێستگەهێ هاتن وچونا نێچیرڤان بارزانی سەروکێ حکومەتا وی دەمی ، ئەنقەرە کرە شوینگرا بەغدایێ ، هوسا خەیال ئاڤاکر ب رێکا ئەنقەرە دێ سەربەخوییا ئابورییا هەرێمێ ژ دایک بیت ، دناڤا هولا نشتەرگەرییا تورکیایێ دا دێ جاڤێن خوە ڤەکەت ! لێ ژ دەرئەنجامێ ڤێ سیاسەتا بێ پلان ، بێ بەرنامە ، بێ شەفافیەت ، ب خرابترین و شکەستی ترین سیاسەتا کارکرنێ ، لبن ڤێ سیاسەتا کارکرنا نێچیرڤان بارزانی هەرێما کوردستانێ کەتە ژێر قەرزێن کەمەرشکێن یێن کومپانیێن نەفتێ ، دەما چوارسالان ب دەهان ملیار دینارێن فەرمانبەران کو مووچە وتاکە ژێدەرێ ژیانا وان بی ، بییە نیڤە و روبع مووچە ، جاران ژی ئەو روبع مووچە چەند هەیڤان نەدا و پاش دئێخست ، ب هزاران کومپانیێن بیانی ژبەر خرابیا رەوشا ئابوری ژ هەرێمێ دەرکەتن ، ب سەدان کومپانیێن ناڤخوە توشی هەرفینێ وئیفلاس بوونێ بین ، وەبەرهێنان گەهشتە نزمترین رێژە ، کار لسەر پروژان ڕاوەستییا ژبەر نەدانا پارێن بەلێندەران ، هەمی کەرت ب تمامی توشی هەرفینێ هاتن ، رێژا بێ کاریێ ئاستەکێ هند مەترسیدار و بلند تومارکر ئێدی حکومەتێ داتایێن رەسمی یێن رێژا بێ کاریێ بەڵاڤ نەدکرن . . تا ڕیفراندوومێ ژی هێشا ڤێ خەوێ پارتی ونێچیرڤان بارزانی بەرنەدابی ، وان هزردکر تورکیا ئەو دەرگەهە یێ تێرا دەربازببن و خەونا خوە کو ئابورییەکا سەربەخویە بگەهنێ ، لێ پشتی ڕیفراندوومێ ، رەوش هاتە گوهارتن مەترسیەکا مەزن لسەر پێگەهێ پارتی دروست بی ، دەما مەسرور بارزانی وەکو سەروکێ حکومەتێ دەست بکاربی ، دەستپێکا پەیام وگوتنێت وی زڤرین بی بەرەڤ بەغدایێ ، تێگەهشت ئەو ئابورییا سەربەخو یا کو نێچیرڤانی بانگەشە بو دکر بتنێ گوتنەک بێ هەبونا چ ناڤەروکێ بی ، ژبلی دروستکرنا مەترسیێ لسەر پێگەهێ پارتی ، چ ژێ بەرهەم نەهات ، بەرهەمێ وێ بتنێ قەرزداربین بی ب دەهان ملیار دولاران ، دەست برن بو برینا بێ وژدانانە یا مووچێ فەرمانبەران و دروستکرنا کارەساتان و مەزنترین شکەستن. لەوا ب نەچاری بەروڤاژی پسمامێ خوە وێستگەهێ هاتن و چوونا خوە کرە بەغدا و پشت ل ئەنقەرە کر، باش دزانی گەر بەغدا دهەوارا وی نەهێت ، وی ژ حکومەتەکا شکەستن خاری و قەرزدارا دەهان ملیارا دولارا رزگارنەکت ، ئەو سیاسیەتا بناڤێ سەربەخوییا ئابورییا نێچیرڤانی هاژوتی دێ وی لاواز کت ، دێ حکومرانیەکا ژ جورێ خرابترین نمونە پێشکێش کەت ، ئەڤەژی ئێکەم ئەزمونا وییە وەکو سەروکێ حكومەتێ وی نەڤێت ب چ رەنگان ئەو توشی ڤێ ببیت ودێ هەمی ڕێکان گریت نمونەکا باشتر پێشکێشکەت ، مەسرو بارزانی تێگەهشت گەر رێکا بەغدایێ نەگریت جارەکا دیتر دڤێت مووچی فەرمانبەران ببریت و هەرێما کوردستانێ بکەت د قەیرانەکا دژوارتردا ژوێ یا پسمامێ وی برێڤەبری و هەرێم کرییە تێدا، ئەڤەژی دێ بیت ئەگەرێ دروست بونا خونیشاندانان ، هاتنا خەلکی لسەر جادان ، بلندبونا دەنگێ نەرازی ، توڕەبونا خەلکی ، ب ئارمانج گرتنا کەساتییا وی ژلایێ ڕاگەهاندنا بەرامبەرونەیارا سیاسی ، و دەرئەنجامێ وێ  دروست بونا بەرەیەکێ مەزنێ ئوپزسیونێ ژ لایێ پارتێن دیتر ڤە ، و ئێکەم بەیانناما وان ژی بێگومان داخازا دەست ژکارکێشانا وی یە ژ سەروکاتییا حکومەتێ ، ل دوماهیێ ژی یان دڤێت گورەپانا هەرێمێ بکەت گەرێن خوینێ ب هێزا خوە یا چەکداری و خوینا خەلکێ ب رێژیت ، یان ب نەچاری دەستا ژ کار بکێشیت ، ئەڤە هەردوو بژاردە ژی دێ دوماهیێ ب دەستهەلاتا پارتی دیموکراتی کوردستان ئینن ، ئەو دێ بیت ئەگەرێ نەمانا ڤێ دەستهەلاتێ کو زێدەتری ٧٠ سالانە دەسهەلاتا ئێکجاری هەی، یان دێ گەلەک لاواز کت. ژبەر ڤێ مەترسیێ مەسرور بارزانی وەکو سەروکێ حکومەتێ ب نەچاری رێکا بەغدا گرت ، شاند ل دیڤ شاندی رەوانەی دەڤەرا کەسکا بەغدایێ کرن ، بشێوەکێ گەلەکێ روهن و ئاشکرا ئنیەتا خوە بو بەغدایێ ئاشکرا کر کو یانێچیرڤان بارزانی کری ئەو ناکت ، ل جهێ ئەنقەرە ئەو بەغدایێ ب مالا مەزن دزانت ، دوماهیک ب وێ سیاسەتا سەربەخوییا ئابوری ئینا یا نێچیرڤان بارزانی ڕاگەهاندنی و ب سالان بانگەشە بوکری ، ئەوژی ب ئیمزاکرنا رێکەفتنا دگەل بەغدا و ڕادەستکرنا نەفتا هەرێمێ ب بەغدا ، کو چ جاران نێچیرڤان بارزانی ئامادەنەبی ڤێ بکت د حوکمرانیکرنا خوە دا وەکو سەروکێ حکومەتێ.  


د.محەمەد عەلی زیاتر لە دوو مانگە کاک عەدنان بوە بە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان و لەم ماوەیەدا، زۆرترین چاوپێکەوتن و نوسین و لێدوانی ھەبوە (گومانم نیە ئەگەر دەرنەچوایە بەپێچەوانەوە قسەی دەکرد!). عەدنان عوسمان بوەتە ڕەمزی ئینکاریکردن لە واقیع و نماییشكردنی ساختانه‌ی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی گۆڕان ناکۆک بەوەی ھەیە و دەگوزەرێت. لەم ڕوەشەوە ده‌ركه‌وتن و گوتاره‌كانی بەتەواوەتی لە سیاسه‌تی میدیایی محمد سەعید سەحافی کاتی شەڕی عێراقی 2003 دەچێت: زۆرترین لێدوان و کەمترین کردار، به‌خشینه‌وه‌ی زۆرترین مژده‌ و چنینه‌وه‌ی كه‌مترین ده‌ستكه‌وت. بۆ سەلماندنی ئەم ڕایەشمان:  ١.کاک عەدنان وتویەتی: “ئەگەر پاش شەش مانگ چاکسازیی نەکرێت، دەکشێینەوە!”. بەڵام شەش مانگەکە چوار و نیوی تەواوبوە! ئایا لەم ماوەیەدا چاکسازییەکان کامانەن و با یه‌ك نموونه‌مان بۆ بهێنێته‌وه‌؟ ئەی ئەگەر پاش شەش مانگەکە چاکسازیی نەکرا، دەکشێنەوە؟ یاخود ئەم قسەیەشت وەکو ئەوەی سەرۆکی فراسیۆنەکەتانه‌ كه‌ گوتی: “لەماوەی دومانگدا پرۆژەی چاکسازیی تێنەپەڕێت، ڕێکەوتنی گۆڕان و پارتی درۆیەکی گەورەیە“. پڕۆژه‌كه‌ تێنەپەڕی و ڕێکەوتنەکەش نەبوە درۆیەکی گەورە!. ئێوە نەک هه‌ر ناکشێنەوە، بەڵکو داوای پۆستی زیاتریشتان کردوە و حاڵی حازر خاڵی ناکۆکی نێوان ئێوە و پارتی چاکسازیی نیە، بەڵکو وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازاتی حیزبیی زیاترە. شەش مانگەکە مانگ و نیوێکی ماوەو ئێوە ھەفتەی پێشوتر پۆستی وەکیل وەزیرەکانتان یەکلاکردەوە. ھەمان قسەش بۆ نیگەرانییەکانت لە یەکێتی ڕاستە و دڵنیابە خیلافتان لەگەڵ یەکێتییدا مەسەلەی دواکەوتنی پرۆژەی سەدمەتری و دارایی ئەم زۆنە و کەمیی پرۆژە و خراپیی خزمەتگوزارییەکان نیە.  ٢.عەدنان عوسمان ده‌ڵێت: “لیژنە دروستدەکەین لەسەرئەوانەی بەھۆی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەوڵەمەندبون“. دەمێکە وتراوە: ھەرشتێک ویستت شکست بهێنێت، لیژنەی بۆ دروستبکە. پێویست بە لیژنە ناکات: بە نامەیەک داوای دۆسییەی وەزیری پێشوی کۆچ و کۆچبەران (دەرباز محمد) بکە لە سەرۆکایەتی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و عالیە نوسێفی. ٣.ئەرێ بەڕاست ئەم “لیژنەیە!“ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاش دەگرێتەوە کە گۆڕان بە عەمەلی بوەتە بارمتە و کرێچی موڵک و ماڵ و دارایی و میدیای کۆمپانیاکەیان (وشە)؟ یاخود وەکو پارتی و یەکێتی نەوەکانی کەسی یەکەمی حیزب لە سەرو یاسا و دامەزراوەکانەوەن؟! ٤.لەیەکەم ھەفتەی بوون بەسکرتێری جڤات، عەدنان عوسمان وتی: “ھیچ دامەزراوەیەکی گۆڕان کێشەی شەرعی و یاسایی نیە“. بەڵام: یه‌كه‌م، دوساڵ زیاتر تێپەڕیوە بەسەر وادەی ئەنجامداندانی ھەڵبژاردنی باژێروان و مەکۆکان . دووهه‌م، دوساڵ لەمەوپێشیش دەبوایە کۆنفرانسی گشتیی ببەسترایە. سێهه‌م، نزیکی پێنج مەکۆ باژێروانیان نیە. چواره‌م، لەکۆی یانزە ژور، چوار ژور ڕێکخەریان نیە و لەساتی ئەو لێدوانەشدا (٢٠١٩/٩/١٤) حەوت ژور بێڕێکخەربون!.  ٥.لە مەسەلەی شەفافیەت و بەگژاچونەوەی گەندەڵیدا، ھێنانی پرۆژەی یاسای بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان گرنگترین و سەرەکیترین مەسەلەیە. بەڵام بۆئەوەی (براگەورە!) عاجزنەبێت، کاک عەدنان و ھیچکام لە وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان، بەیەک وشەش باسی بودجە ناکەن؟!


چیا عەباس لە گەڵ ئاگربەستی شەری ناوخۆ، دیقەتتر دوای روخاندنی سەدام، دابەشکردنی دەسەڵات و دەسکەوت و خێر و بەرەکەتی نەوت و بەخشیشی دەرەوە  نێوان هێزەکانی دەسەڵات سەرهەڵدانی گەندەڵیەکی زەقی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوکات  ستەمکاری دەسەڵات بەرامبەر دەنگی نارازی و خۆپیشاندەران گەیشتە ئاستێک چاوەروانی زۆر روداو و کاردانەوەی توند و تیژی لێدەکرا.   بزوتنەوەی گۆڕان توانی ئەو هەڵچون و تورەبونە  تا رادەیەکی باش کۆنترۆڵ و هێوریان بکاتەوە. ئەم کارەی گۆڕان دیدگایەکی ستراتیژی قوڵی کاک نەوشیروانی لە پشتەوە بو. چۆن و بۆچی؟ خوالێخۆشبو لەو باوەرەدا بو دیموکراسی پەرلەمانی دیاردەیەکی تازە و نەگەییوە و هەژمونی کەسایەتی و حزبی بەسەریدا زاڵە، پەرلەمان تا ماوەیەکی درێژ کاریگەری ئەوتۆی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا نابێت، بونی سودمەندە و دەبێت کار لە سەر گەشەکردنی بکرێت. لەو سەردەمەدا گۆڕان، وەک هێزی سەرەکی ئۆپزسیۆن، بەرەنگاربونەوەکانی لە گەڵ دەسەڵات بە بارۆمێتری بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانی و کۆمەڵایەتیەکان ئاراستە دەکرد.  گۆڕان بە رێگای ئۆپزسیۆنبونی پەرڵەمانیەوە ئومێد و چاوەروانیەکی زۆری لای هاوڵاتیان وروژاند، راستە کار و چالاکیەکانی یەکەم فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان چەندین چەمکی هەستیاریان وروژاند، وەک پرسەکانی گەندەڵی و بودجە و شەفافیەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتتی و داهاتی نەوت و بەنیشتیمانیکردنی پرسە گرنگەکان، بەڵام نەتوانرا ئەو چەمکانە لە پاکێجێکی گشتگیری یەگرتو جەماوەر بۆ گۆرانکاری ریشەیی ببزوێنێ و ئاراستەی بکات.   زیادە بۆ بێباکی دەسەڵات غیابی دیدگایەکی رونی یەکلاکەرەوە لای گۆڕان و هەروەها توندرەوی و خۆپەرستی و بەرژەوەندخوازی جەمسەرەکانی یەکێتی ئەو هۆکارانە بون لە پشت کاڵبونەوەی دەنگی شەقام و ئۆپزسێونی دەرەوەی پەرلەمان.  پەرلەمانەکەش وەک حوجرەی مزگەوت بو کە وەعزە حزبیەکانیان تێدا دەچریەوە، ناشێت قسەکانی ئەرسەلان بایز کە لە مەنەسەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بە گوێی کەمال کەرکوکیدا چرپاندی: فرسەتە، لە یاد بکرێت. لە گەڵ نەخۆشکەوتنی خوالێخۆشبو مام جلال و دوای ئەویش نەخۆشکەوتن و دورکەوتنەوەی خوالێخۆشبو کاک نەوشیروان ئیتر رادعە گرنگەکانی بەردەم بەرپرس و کادر و نوێنەرانی ئەو دو هێزە زۆر کاڵبونەوە. کاک نەوشیروان هەوڵی زۆری دا ئەو بۆشاییە بە رێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی پر بکاتەوە بەڵام چەند تاقمێکی بەرژەوەندخوازی یەکێتی رێگربون کار بۆ ئەو ئامانجە بکرێت. لەو سەردەمەدا کاتێک سێ هێزەکەی تری پشت یاسای هەموارکردنەوە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم  پاشگەزبونەوە و دوفاقەییان  پێرەوکرد، تایبەت دوای دەرکردنی گۆڕان لە حکومەت، پێکهاتە و پەیامەکانی ئۆپزسیۆن تێکەڵ و پێکەڵ بون، قاچێکی یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵ لە ناو دەسەڵات و ئەوی تریشیان لە دەرەوەی بو، چەند باڵادەستێکی گۆڕانیش لە دوری کاک نەوشیروان کەوتبونە چاوبازی لە گەڵ هێزەکانی دەسەڵات، کۆی گشتی ئەم روداوانە رۆحی ئۆپزسیۆن و پەیامەکەی شێواند و کەمتر بەهای کرد.  هێزە دەسەڵاتدارەکان زۆر سودیان لەو روداوانە کرد، ئەمجارە هاتن لەشکرێک لە گەنج و روخساری تازەیان لە حوکمرانی و پەرلەمان و دەزگا و رێکخراوەکان لە کوردستان و بەغدا هێنایە پێشەوە، مەبەستیان بو بە خەڵک بڵێن گۆرانکاری و چاکسازیمان کردوە و روخسارە دێرینە ناسراوەکان رۆڵیان کەمبۆتەوە. لە واقیعدا بەرپرس و سەرانی جەمسەرەکان بریاردەری پشت پەردە مانەوە و تەغزیە و ئاراستەی تازەکانیان دەکرد. ئەم دیاردەیە زۆرجار بەرچاو کەوتوە، تایبەت کاتی دابەشکردنی پۆست و پلەی حکومی و پەرلەمانی، لە ناو پارتیدا کەمتر رویداوە، چونکە دەسەڵاتی ناو پارتی بە شێوەیەکی هەرەمی دارێژراوە و پێرەو دەکرێت.  هەرچۆنێک بێت ئێستا ئەم گروپانەی سێبەر، بێگومان تێیاندایە بە دڵسۆزی و نەفەسی پاکەوە کاریان کردوە و دەیکەن، بونەتە واجهە و نوخبەیەکی چەواشەکەر بۆ گەندەڵکار و لادەر و پێشێلکارەکانی یاسا، خۆیان بادەدەن و چاوەروانی موزەیەف بۆ چارەی دۆخی ئاڵۆز و دژواری هەرێم لای هاوڵاتیان دەچێنن. بەشێکی بەرچاوی ئەم روخسارە تازانە پەروەردەکراو و گۆشەکراوی  دەزگا حزبی و تایبەتەکانن، زمان لوسن و فێرکراون بە زمانی رکابەرەکان قسە بکەن، ئینتباعێک دەچێنن کە ئەوان بە پرۆژە و یاسا و رێساکانی پەرلەمان و حکومەت کەلاوەکەی  عێراق و دۆخە تێکچوەکەی کوردستان دەکەن بە شامی شەریف، ئەمانە بونەتە تابوری پێنجەم بۆ پاراستنی پێگە و دەسەڵاتی ئاغاکانیان و خۆیان.  ئەم تاقمانە بە زمانێک قسەدەکەن گەر کەسێک نەیان ناسێت چاوەروانی لا دروست دەبێت کە ئەمانە فریادرەسی نەتەوە و نیشتمانن، لە کاتێکدا لەو ژیانەی بۆ ئەوان رەخسێنراوە هەست بە برسیەتی و ئازاری ساوا و منداڵ و بە تەمەنچویەکی کورد ناکەن، خۆیان بە قەتماغە بژاردەکراوەکەی ( النخبە المختارە) میللەت دەناسێنن لە کاتێکدا خۆیان لە دەریای نیعمەتی گەندەڵی و بێسەروبەری یاسادا غەرق بون.     بۆ زیاتر لە دە ساڵ دەچێت هەزاران وتار و دیمانە و مێزگرد و لێکۆڵینەوە و راپۆرت و پرۆژە و ژوری ئەلکترۆنی و کۆر و سیمینار و ماڵپەر و ....تاد، کەوتونەتە گەر بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ، بەڵام لە دوا مەتافدا ئێستا هەمو لە بازنەیەکی داخراودا دەسورێنەوە، بازنەیەک بێ ئومێدیەکی کوشندەی بەرهەم هێناوە کە مەترسی لێکترازانی نەتەوەیی و نیشتمانی لێدەکرێت.     گەندەڵچیەکانی کوردستان وەستای عەیارە ٢٤ ن، باشترین دەرفەرتیش بۆیان پەنابردنە بەر ئەوەی بە گەشەکردنی ئابوری و چاکسازی ناوزەدی دەکەن. تەنمیەی ئابوری ئەو چەمکە جادوگەریەیە کە گەندەڵچیەکان لە سایەیدا گەندەڵی و کارە نایاسییەکانی خۆیان دەشارنەوە و پەردەپۆشیان دەکەن. دەبینین ئەوەی ئەوان بە تەنمیە ناوی دەبەن لە بورای هۆرێکا( هۆتێل و رێستۆرانت و گەشتیاری و تەرفیهی هەمە چەشن و میدیای چەواشەکار و هەرزان بەها) لە هەرێم بە زەقی بەرچاو دەکەون. زۆربەی ئەم دیاردانە لە سایەی کەسایەتی دەسەڵاتدار و حزبیدا جێبەجێ کراون و بەرێوەدەبرێن، سنوربەزاندنێکی زەقی یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانیشە. جەنابی حەزرەتی پارێزگاری سلێمانی، کە ساتێک لە ساتەکان دەیگوت گۆڕانم و چەند سەعاتێک بە پایسکل بانگەشەی هەڵبژاردنی دەکرد ( لێرەدا هەقم بەسەر ئەوانی ترەوە نیە، چونکە لە یەکەم دیداری ئەو لە گەڵ کاک نەوشیروان بۆ پۆستەکەی بەندەش ئامادە بو) با بفەرموێت و ئامارێکی فەرمی راستگۆیانەی ئەو دیاردە شەرمنانەی سنوری پارێزگاکەیمان بۆ ئاشکرا بکات، ئەوسات قسەیەکیشمان دەبێت.   تابوری پێنجی دەسەڵاتدارە گەندەڵ و لادەرەکان لە ناو دەزگاکانی حکومەت و لە پارێزگاکان بونەتە جێبەجێکەری پلان و کارنامەکانیان و شەرعیەت دانیش پێیان.  ئەرکی بەرەی نارازیە دەنگی خۆی لە دەرەوەی پەرلەمان بەرزکاتەوە، چونکە هێزەکانی ئۆپزسیۆن، تایبەت گۆڕانەکەی گردەکە، لە پاشکۆیەکی لاوازی دەسەڵات زیاتر تڵپی تەریان تێدا نەماوە، زیادەش بۆ ئەمە بەشێکیان تا بیناقاقایان لە گەندەڵی و دیاردەی قێزەوەن  تێوەگلاون، بۆیە هیچ دەرفەتێک نەماوە بێجگە لە ئۆپزسیۆنێکی رێکخراوەیی دەرەوەی پەرلەمان کە بۆتە پێویستیەکی ژیان و نەمان بۆ ئێستا و ئایندەی نەتەوە و نیشتمان. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٢٥ نۆڤەمبەر ٢٠١٩      


ئاکۆ محەممەد      هاتنی مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ هەولێر و نەچوونی بۆ بەغدا، خەڵك و بەرپرسان لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە زۆریان لەسەر گوت و شرۆڤەكارانیش لە داهاتوودا زیاتری لەسەر دەڵێن، بەڵام بەشێكی ئەو سەردانە لە لێدوانی "بەرپرسێكی پلەبەرز"ی ئەمریكادا بۆ ئاژانسی (ئەسۆشێیتد پرێس) پوخت دەبێتەوە كە گوتوویەتی سەردانی جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ هەولێر " ئامانجەكەی دڵنیاكردنەوەی كوردە هاوپەیمانەكانی ئەمریكای دژی داعشە، هەروەها دڵنیاییدانە بەو ئەمریكیانەی ماوەیەكی درێژە پشتیوانی لە كێشەی كورد دەكەن".   بەشەكەی دیكە ئەوەیە، ئەمریكا لە دۆخی عێراق و شێوەی بەڕێوەبردنی عێراق رازی نییە. لەبەرئەوەش پەیامەكانی جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەعێراق و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق زیاتر داواكاری بوون و كەمتر پشتیوانی بوون. بەڵام پەیامەكانی لە كوردستان تەواو پێچەوانە بوون.    ئەمریكا زۆر خوێن و پارەی بۆ عێراق خەرجكرد، بەڵام عێراق بووە نموونەیەكی شكستخواردوو، بەرهەمهێنەری مەترسیدارترین رێكخراوی تیرۆریستی بۆ جیهان. دۆخی عێراقیش بە مۆدێل و بەڕێوەبردنێكی زۆر خراپەوە بووە مایەی ئەوەی كە تەنانەت بە پێداگیری زۆری حكومەتی ئەمریكاش، كۆمپانیا نەوتی و كۆمپانیا جۆراوجۆرە ئەمریكییەكان ئەو متمانەیەیان بۆ دروست نەبوو كە عێراق ئەو شوێنەیە بتوانن تێیدا كاربكەن و عێراقی ئێستا بكەنە هاوبەشی ئابووریی خۆیان، چونكە وڵاتێكی شڵەژاو و نائارامە و نەبووەتە هاوبەشی سیاسی ئەمریكا و رۆژئاوا.    كورد لەم ناچەیەدا بۆ خۆپاراستن لە دەست كۆمەڵكوژی و چەوساندنەوەی دەوڵەتانی ناوچەكە پەنای بۆ دەرەوە بردووە و چاوی لە پاراستنی دەرەوەیە. لەوانەیە زۆرجار سەرۆكەكانی ناوچەكە و سیاسییەكانیان ئەوەیان وا لێكدابێتەوە كە كورد بووەتە داردەستی بێگانە و كارتی دەستی وڵاتان لە دژی دەوڵەتانی ناوچەكە. بەڵام بەر لەو قسەیە، دەبێ ئەو پرسیارە بكرێت بۆچی كۆنترین نەتەوەی ئەم ناوچەیە چاوی لە پاراستنی دەرەوەیە؟. لە باشووری كوردستان چوار هەزار گوند وێرانكران بە مزگەوتەكانیانەوە، بەڵام بە پاراستن و پشتیوانی وڵاتانی رۆژاوایی ئەو گوندانە بە مزگەوتەكانیانەوە ئاوەدان كرانەوە، ئەوانەی ئاوەدانیش نەكراونەتەوە بەهۆی قبوڵنەكردنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و چارەسەركردنێكی سیاسیانەی كێشەی كوردە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەكەوە.    لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بە ستراتیژێكی هاوبەش، دەسەڵات و هەیبەتی كورد تێكدەشكێنرا، دەست بە گۆڕینێكی دیمۆگرافی لە دژی كورد كرا، بەمەبەستی نەهێشتنی دەسەڵاتدارێتی و گۆڕینی ناسنامەی جوگرافی و لەهەموویشی مەترسیدارتر بۆ شكاندنی هەیبەتی كورد.    ئەو ستراتیژە رەنگدانەوەیەكی زۆر خراپی بەسەر دۆخی كەمینەكانی كوردستانیشەوە هەبووە، چونكە ئەو ناوچەیە كە لەمێژوودا مۆزایكێكی هەمەڕەنگی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان بوو، هەمووی لەنێوبرا، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا لە ناوچە كوردییەكاندایە، ئەویش بەهۆی ئەو ستراتیژە ناوچەییەوە لەژێر هەڕەشەیەكی زۆر گەورەدایە و، لە دواڕۆژدا مەترسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر ئاسایشی جیهان زۆر زیاتر دەكات.    كە كۆشكی سپی دەیەوێت دڵنیایی بداتە ئەو " ئەمریكیانەی ماوەیەكی درێژە پشتیوانی لە كێشەی كورد دەكەن"، نیشانەی ئەوەیە پشتیوانی كورد ئەوەندە فراوان بووە، گەیشتووەتە رادەی كاریگەرییەكی زۆر بە دەسەڵات و تاڕادەیەكیش دەكرێ ببێتە مژارێكی دیاری ململانێی نێو هەڵبژاردنی سەرۆكەكان، كە ئەوە پێشكەوتنێكی زۆر گەورەیە. بەڵام دیسانەوە دەبێ ئەوە وانەكات كورد هێوریی خۆی لەدەستبدات و لەخۆبایی ببێت، چونكە هێشتاش لەو جیهانەدا ئەوانەی رێكدەكەون دەوڵەتەكانن نەك نەتەوەكان. لەبەرئەوەش دەبێ كورد بەهێزبوونەوەی پێگەی سیاسی خۆی بۆ رێككەوتن لەگەڵ پایتەختی ئەو دەوڵەتانە بەكاربێنێت كە كوردستانیان پێوە لكێنراوە. لەهەمانكاتدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتان و گەلانی جیهان بەهێزتر بكات.     قسەكانی مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا دوای سەردانەكەی بۆ هەولێر، زۆر جێگەی سەرنج بوون لە زۆر رووەوە، بەڵام ئەوەی كە دڵنیاییەكەی لە هەولێر و لە "رێگەی سەرۆك بارزانییەوە" بۆ هەموو كورد و، ئەو " ئەمریكیانەی ماوەیەكی درێژە پشتیوانی لە كێشەی كورد دەكەن" و جیهان نارد، خاوەن گرنگی و واتایەكی زۆر گەورەیە. ئەوە بۆ هەولێر و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، بەبیرهێنانەوەیەكی تازەی ئەركێكی گەورەیە. ئاستێكی زۆری ئاوەدانی و سەقامگیری سیاسی و رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، هەولێری لە بەغدا جیاكردووەتەوە. ئەوە دەبێ بۆ رۆژاوای كوردستانیش پەیامێك بێت كە دەبێ لایەنە سەرەكییەكانی بە ناسنامە و بەبڕیاری خۆیان و بەبێ دەستێوەردانی دەرەوەی كورد، رێككەوتنێكی سیاسییان هەبێت، بۆ ئەوەی كاركردن لەگەڵیان بپەڕێتەوە بۆ كاركردنێكی سیاسی نەك تەنیا سەربازی. هاوپەیمانیی دژی داعش، ئێستا پەیامەكانی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا بە كوردی بڵاودەكاتەوە، بەڵام پەیامی سیاسی ئەمریكا بۆ كورد لە رۆژئاوای كوردستان هێشتا بە ئاشكرا نییە.


نەوزادی موهەندیس    لەبەردەم چوارەمین كۆنگرەی گشتیدا..   یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چۆن كۆنگرەیەكی پێویستە ؟       •    لەم ساتە وەختەوە تا 7/كانونی یەكەمی 2019 كەمتر لە 15 ڕۆژ ماوە بۆ وادەی ڕاگەیەنراوی بەستنی كۆنگرەی چوارهەمی گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، خۆشبەختانە كۆمەڵ گەلێك هەنگاو بەكردارەكی پیادەكراوە بە نیەتی بەستنی كۆنگرە لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆیدا،لەهەڵبژاردنی نوێنەری كۆمیتە و مەكتەبەكان و دواتریش بەستنی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی كۆنگرە،كە وا بڕیارە 1000 نوێنەر ببنە ئەندامی كۆنگرە.هەموو ئەم هەنگاوانە مایەی دڵخۆشین چونكە بەسەركەوتویی و تاڕٍادەیەكی باشیش بێكێشە و كەموكوڕی و ئاژاوە و پشێوی بەڕێوەچوون لە 14 مەڵبەند و دوو بازنە و 207 كۆمیتەدا.لەماوەی تەنها نێوان 16 تا كۆتایی مانگی 11/2019دا،كە بەهەموو پێوانەیەك و بە بەراوورد بە گەورەیی و فراوانی و ئاڵۆزی پڕۆسەكە سەركەوتنی وەدیهێناوە.لەكاتێكدا كە ماوەی زیاد لە 10 ساڵە پڕۆسەیەكی ئاوها جێبەجێنەكراوە. كە بۆ خۆی ئەم كارە گەواهیدەری زیندویەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و ئۆرگانەكانێتی و پەرۆشی ئەندام و لایەنگران و ئاستەكانی خوارەوەی پێكهاتەكەیەتی، و ئەو ڕاستیەش دووپاتدەكاتە كە هەركاتێك سەركردایەتی یەكێتی ویستبێتی بە جدی كارێك یان پڕۆسەیەك چێ بكات چەندە گەورە و سەخت و ئاڵۆزیش بێت دەتوانێت بیكات و ڕێگەنادات هیچ بەربەستێك ڕێگەی بەرەو پێشچوون و نوێبونەوەی لێبگرێت،كەواتە كە 10 ساڵە كۆنگرە نەگیراوە بەمانای ئەوەدێت ئەوە سەركردایەتی یەكێتی بۆخۆی ویستی ڕاستەقینەی نەبوە بۆ ئەو كارە. •    بەڵام ئەوەی دەخوێنرێتەوە لەم پڕۆسەیە وگەرموگوڕەیەی ئەم قۆناغە سەرەتاییانە و كەمی ماوەی بەردەم خۆئامادەكردن بۆ بەستنی كۆنگرەە لەكاتی خۆیدا،گومان دەكرێت كە كۆنگرە لە 7/12دا سازبكرێت ،بەهۆی لەلایەك ئامادەسازیەكان لەماوەی تەنها 6 ڕۆژی سەرەتای مانگی 12/2019دا ناتوانرێت تەواوبكرێت نە لەڕووی لۆجستی و نەلەڕووی مادی لە جێگەی مانەوە و خواردن و و بانگهێشتنامەی میوانانی دەرەكی وپێداویستیەكانی تری  هەڵبژاردن و لیست و نە لەڕووی ئەمنیشەوە،و تا ئێستاش لەناوەندی دەرەوەدا هیچ هەڵبژاردنێك نەكراوە،كەواتە گومان دەكرێت كە كۆنگرە لەو وادەیەدا ببەسرێت،بەڵام دەبێت هەر ئەنجامبدرێت و ڕەنگە بكەوێتە كۆتایی ساڵی 2019 و سەرەتای ساڵی 2020وە،چونكە ئیدی ئەم سەركردایەتیەی ئێستا ناتوانێت دوای بڕینی ئەو قۆناغانە و ئەو خەرجیە زۆرە  كۆنگرە چیدیكە دوابخات بەپێچەوانەوە دەكەوێتە بەر فشار و ناڕەزایەتیەكی گەورەی بنكە و ئۆرگان و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی كۆنگرەوە. •    پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كە چۆن كۆنگرەیەك پێویستە بۆ یەكێتی لەم قۆناغەدا ؟ئەی كۆنگرەی چی پێدەكرێت؟ئایا كۆنگرەش دەبێتە فریادڕەسی هەموو كێشە كەڵەكەبوەكانی 10 ساڵی ڕابووردوو؟ئایا یەكێتی بەهێز و یەكگرتوو دەمێنێتەوە یان بە پێچەوانەوە بەرەوە لێكترازانی ڕیزەكان و  دڕدۆنگی ناوخۆیی زیاتر دەڕوات؟ و دەیان پرسیار و گومان و ترس و دڵەڕاوكێی تر .. سەرەتا دەبێت هەموان و بەهەموو ئاڕاستە و باڵ و تەكەتولەكانی ناو یەكێتیەوە كە بەداخەوە هەر لە ئێستاوە سەریان هەڵداوەتەوە و بەتوندیش دژایەتی یەكتر دەكەن و هەریەكەیان گەرەكێتی بەرامبەرەكەی بشكێنێت و بچوك و نابوتی بكات و خۆشی زاڵ و دەستەڕۆ بێت لەكۆنگرەدا،دەبێت هەموان سەرەڕای ئەو پێشبڕكێیە یان ململانێ‌ ناڕەوایانەی نێوانیان دەبێت لە مەترسی و گەورەیی ئاڵنگاریەكانی دەوروبەری و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و عێراقیش لەبەرچاوبگرن،بۆئەوەی هەنگاو و بڕیارێك نەدەن لەكۆنگرەدا كە یەكێتی لە حیزبێكی گەورە و كاریگەر و خاوەن نفوزی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و جەماوەری و سەرتاسەری عێراق و كوردستانی گەورەشەوە بەرەو حیزبێكی بچوكی لۆكاڵی قەتیسكراو و بێ بایەخ و كاریگەر هەنگاو بنێت،بۆیە پێویستە هەرچیدەكرێت هەموان لەسەر: •    میكانیزمێكی تەواو دیموكراسی و موتوربەكراو بە نەرمی نواندن لەبەرامبەر یەكتر و دووركەوتنەوە لەگیانی تۆڵە و نەمان و دەرپەڕاندنی یەكتری بكەنەوە. •    پێویستە كۆنگرەیەكی تەواو ئامادەسازیكراو بۆی لەهەموو ڕوەكانەوە ئەنجامبدرێت كە لەگەڵ ئەوەی ببێتە هۆكاری نوێبونەوەی ڕوخسار و ڕەفتار و كردار و عەقڵی سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی ،لەهەمانكاتیشدا نەبێتە هۆی لێكترازانی ڕیزەكانی و دووركەوتنەوە و وازهێنانی ژمارەیەكی گەورەی ئەندامانی. •    كۆنگرەیەك پێویستە كە بەسەر هەموو گوتار و كردار و هەڵوێست و ئایدیا و فكری یەكێتیدا بچێتەوە كە لە 10 ساڵی ڕابووردوودا تەواو بەرەو پاشەكشەچوون بۆتەوە نەك پێشكەوتن و گەشەكردن. •    كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی لەڕووی ئۆرگان و پەیكەرو پێكهاتەوە بكرێتەوە حیزبێكی ڕەشیق و چوست و چالاك كە بتوانێت سەختی و قورسایی قۆناغی ئایندە هەڵبگرێت و ڕووبەڕووی ببێتەوە. •    كۆنگرەیەك پێویستە كە بنەما حیزبی و مەركەزیەتی بڕیار و پڕەنسیپە حیزبیەكان لەخۆبگرێتەوە و تۆخیشیان بكاتەوە. •     كۆنگرەیەك پێویستە كە سەرچاوەی داهاتەكانی یەكێتی شەفاف و ڕوونبكرێت و لەدەستێكی ئەمیندا بێت و بەهەمان شێوەش خەرجیەكانیش بەپێی ڕێنمایی و یاساو لەدەسەڵاتی دیاریكراودا بێت. •    كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی بكاتەوە بە حیزبی پلە یەكی كوردستان و ئەمەش بەنزیكبونەوەی لە جەماوەر و خاكیبوون و گەڕانەوە دەبێت بۆ سەرەتا شۆڕشگێڕیەكان و بەدەمەوە چوونی داواكاریە ڕەواكانی جەماوەری پانوپۆڕی گەلەكەمان دەبێت. •    كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی بكاتە حیزبێك كە ڕابەرایەتی پڕۆسە و قۆناغی نوێی دژە گەندەڵی و بێكاری و ناعەداڵەتی بكات و هەوڵی دۆزینەوەی هەلی كار و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و پاراستنی ئەمن و ئاسایش و ڕێزیش لەدیموكراسیەت و ئازادیەكان ویاسا و مافەكانی مرۆڤ و ڕاگەیاندن و میدیا و هاوڵاتیان بگرێت. •    كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی بدروشێنێتەوە و متمانەی جەماوەری بۆ بگەڕێنێتەوە و بیكاتەوە حیزبی داموودەزگایی و دووربكەوێتەوە لە حیزبێكی قەتیسی ناوچەگەری و بنەماڵەیی و دەوڵەمەندان و بازرگانانی سیاسی. •    گەرەكیشە كە ئەندامانی كۆنگرە كەسانی بوێر و چاونەترس و ڕۆشنبیر و بەتوانا و لێهاتوو بن بۆ ئەوەی گفتوگۆی گەرموگوڕ و جدی بكەن و پێشنیاز و ڕەخنەی جدی پێشكەشبكەن و تەنها وەك ژمارە و بۆ دەستبەرزكردنەوە و بەڵێ‌ ی ناڕەوا جێگە نەگرن و گرنگیشە دەستەمۆی تەنها بەرژەوەندی و بەرنامە و ڕێبازی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و شاڕێگەكەی بن نەك تولە ڕێگە كورت و كوێرەكانی تەكەتولە ناڕەواكان. بۆیە تەنها بە كۆنگرەیەكی ئاوها دەتوانرێت یەكێتیەكی بەهێز و پتەوی دوای مام بەهێزبكەینەوە.بەپێچەوانەوە ئەوا یەكێتی دەبێتە خەبەرێك لە زەمەنی ڕابووردوودا. •    ئاشكراشە ئەم كۆنگرەیەش ناتوانێت تەواوی خەوش و كێشە كەڵەكەبوەكانی چەندین ساڵە چارەسەربكات و ببێتە عەسایەكی ئەفسوناوی،بەڵام دەكرێت لانی كەمی ئەو كێشانە چارەسەر بكات وبە هەنگاوێكی ئەرینیش لە قەڵەم دەدرێت و یەكێتی تاڕادەیەكی باش دەگێڕێتەوە بۆ سەر شارێگەكەی یەكێتی دوور لە باڵباڵێن و تەكەتولاتی ناڕەوای بەرژەوەندچێتی گروپ و دەستە و چەند سەركردەیەكی پاوانخواز و قۆرخكاری پلەو پۆست و ئیمتیازاتەكانی حیزب و حكومەت بۆ خۆیان و ماڵ ومنداڵ و خزم و كەسوكار و عەشرەت و تەكەتولەكانیان. هەروەها دەشبێتە هۆی ئەوەی كە هەر لایەك و سەركردەیەك قورسایی ڕاستەقینەی خۆشی بۆ دەربكەوێت ،كەهەر ئەم كارانە بونەتە هۆی ڕاز و گەلەیی زۆرینەی ئۆرگان و ئەندامەكانی یەكێتی خۆی و جەماوەری گەلەكەشمان.كەناكرێت چیدی درێژەیان پێبدرێت بەبیانوی جیاوازەوە.هەربۆیە كۆنگرە نابێتە فریادڕەسی هەموو كێشەكان. جاهەركات كۆنگرەیەك كە هەموان بەخەمخۆری و دڵسۆزی و ئەمانەتەوە كاریان بۆ سەرخستنی كرد و دروشم و ناوەڕۆكیان پێكەوەگرێداو ئامانجی ڕوونیان هەبوو بۆ ئایندە و هەموان پەرۆشی پاراستنی یەك و یەكگرتوویی ڕیزەكانی بوون و بەرژەوەندی و بازرگانی و دەسكەوتە كەسیەكانیان خستە ژێر بەرژەوەندی باڵای یەكێتی و گەل و نەتەوەوە، ئەوا بەدڵنیایی ئەم كۆنگرەیە دەبێتە مایەی زیاتر پتەوكردن و بەهێزبوونی یەكێتی و هەستانەوە و بوژانەوە و گەشەكردنیشی بۆ قۆناغی ئایندە،بەڵام گەر بەپێچەوانەوە كاریان كرد ئەوا ئەوەی كە لە یەكێتیش ماوەتەوە لەدەستدەچێت و بەرەو پوكانەوەی زیاتر و بچوكبونەوە و لێكترازان و دڕدۆنگی زیاتر هەنگاو دەنێت.وئەوكاتیش هەموان دەڵێین خۆزیا كۆنگرەیەكی ئاوهامان نەبەستایە و ئەو زیانە گەورەیەشمان بە یەكێتیەكەمان و تەواوی مەسەلەی كوردایەتیش نەگەیاندایە،چونكە یەكێتی بەهەموو هەڵە و كەموكوڕیەكانیشیەوە تائێستا هەر بەو تروسكایە ئۆمێدبەخشە ماوەتەوە بۆ تەواوی كوردایەتی لەهەرچوار پارچەكەی كوردستاندا كە هەموان چاوەڕوانی كاری گەورەتری لێدەكەن،بۆیە ئەم كۆنگرەیە هەم چارەنووساز و گرنگ و هەمیش مەترسیدارە،جا سەركردەی ژیر و حەكیم و دووربین لە ڕۆژە تەنگانەكاندا دەردەكەوێت نەك لەكاتی ئاشتی و ئارامیدا. بەهیوای ئەوەی كە كۆنگرەی چوارهەمی گشتی ببێتە وێسگەیەكی ڕۆشن بۆ نوێبونەوە و بەخۆداچوونەوە و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان و پەندوەرگرتنیش لە ڕابووردوو و خۆسازدانەوەش بۆ ئایندە و بوژاندنەوە و گەشەكردنی زیاتر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand