ئازاد جندیانی نه مه‌به‌ستمه‌و نه‌كاری منیشه سه‌باره‌ت به جۆره‌كانی جه‌نگ و تیۆرییه‌كانی ئه‌و بابه‌ته بژمێرم، بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه داواكارم خوێنه‌ران ناونیشانی نووسینه‌كه‌م به‌ومه‌به‌سته نه‌خوێننه‌وه. ئه‌و جه‌نگه، كه ئه‌شێ به جۆره‌ها ناو ناودێربكرێ، چونكه پاشخان و ئامانجه ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانی و پاساوه‌كانی له‌لای توركیاوه، تێكه‌ڵه‌یه‌كه له‌جه‌نگێكی جیۆپۆله‌تیك، جیۆئیكۆنۆمێك، جیۆستراتیژیك، جیۆدیمۆگرافیك و جیۆكلتوری و هتد. وه‌ك چۆن جه‌نگێكی تاكتیكی و هاوكات ستراتیژیشه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جه‌نگی توركیا له‌هی وڵاتانی تر له‌سه‌ر خاكی ڕۆژاڤا یان وه‌ك ئه‌ووترێ له‌سه‌رخاكی سوریادا جیا ئه‌كاته‌وه پاشخان و پاڵنه‌ره ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌كانیه‌تی. توركیا نه‌یشاردۆته‌وه‌و ناشیشارێته‌وه، كه جه‌نگی ئه‌و جه‌نگێكه له‌دیدی ئه‌واندا دژی هێزه‌كوردییه‌كان و داعشه. ئه‌مه پاشخان و لێڤه‌گه‌ڕ و پاساوی ڕاگه‌یه‌ندراوی ئه‌و جه‌نگه‌یه كه هێشتا دیارنییه ئه‌م خوله‌شی كۆتایی دێ یان نا، چۆن چۆنیش كۆتایی دێ؟ له‌م جه‌نگه‌دا هه‌موو هێزه سیاسیه‌كانی توركیا كه له‌په‌ڕله‌ماندا نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه، هه‌ده‌په‌ی لێده‌رچێ، پشتیوانیان له‌جه‌نگه‌كه كردووه‌و نزای سه‌ركه‌وتنیشیان بۆ سوپاكه‌یان خواستووه. له‌وانه هێزه سكۆلار‌و كه‌مالیست و ئۆپۆزسیۆنه‌كانی وه‌ك جه‌هه‌په، یان هێزه نه‌ته‌وه‌ییه فاشیسته‌كانی وه‌ك مه‌هه‌په، یاخۆ پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی وه‌ك (پارتی باش). بێگومان له‌به‌رامبه‌ریشدا هێزه نه‌ته‌وه‌ییه ئیسلامییه ئیخوانیه‌كانی وه‌ك ئاكپارتی كه سه‌رۆك كۆمار و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی هه‌یه وهاوكات به‌هاوپه‌یمانی مه‌هه‌په حكومه‌ت وزۆرینه‌ی په‌رله‌مان به‌ڕێوه ئه‌بات، یان حزبه ئیسلامیه‌كانی تری وه‌ك پارتی سه‌عاده‌ت. هه‌ر له‌و پێودانگه‌دا پشتیوانی داودئۆغلۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی توركیاش زۆر جێی سه‌رنج بوو، چونكه ناوبراو تیۆریسینی (عوسمانی نوێ)یه و سه‌رگه‌رمی بونیاتنانی حزبێكی نوێی به لێڤه‌گه‌ڕی ئیخوانییه. ئێستا ئه‌مه به‌ره‌یه‌كی فراوانی هێزه سیاسیه‌كانی توركیایه، به‌لێڤه‌گه‌ڕی سكۆلاری كه‌مالیزم، پان توركیزم، ئیسلامیزمی سیاسی، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه ئیسلامیزمی ئیخوانی، كه له‌توركیادا بۆن وبه‌رامه‌ی پڕۆژه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی عوسمانی لێدێ. هه‌موو ئه‌و ناسنامانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدان له عوسمانیه‌تی نوێوه بگره تا ئه‌گاته كه‌مالیزم و پان توركیزم و ئیخوانی و وورده ناسنامه‌ی تریش، ناسنامه‌ی ئایدۆلۆژیین، كه دوو ناسنامه تیایدا سه‌ره‌كین و له‌یه‌كگرتن و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كی توندوتۆڵدان، لانی كه‌م له‌م هه‌ل ومه‌رج و دۆخه‌دا، ئه‌ویش هه‌ردوو ئایدۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌یی تورك و ئایدۆلۆژیای خه‌لافه‌تی ئیسلامییه به كۆپیه ئیخوانیه‌كه‌ی. چه‌ند سه‌رنجێك هه‌ردوو ئاراسته ئایدۆلۆژییه‌كه‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ی توركیامان بۆ ڕوونتر ئه‌كاته‌وه‌و ڕه‌نگی سنووربه‌زێنی توركچیه‌تی و ئیخوانچیه‌تیمان نیشان ئه‌دا. له‌لایێكه‌وه له‌ڕۆژانی ده‌سپێكی هێڕشه‌كه‌ی توركیادا، كۆنگره‌ی ئه‌و وڵاتانه له‌باكۆی پایته‌ختی ئازربایجاندا كرا، كه زمانی ڕه‌سمیان توركیه‌و به وڵاتانی (توركفۆن)یش ناوئه‌برێن، سه‌رۆك كۆماری توركیاش، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌باری جه‌نگ دابوو، به‌ڵام له‌كۆنگره‌كه‌دا ئاماده‌بوو و وڵاتانی به‌شدار له كۆتایی كۆنگره‌كه‌دا پشتیوانی خۆیانیان بۆ توركیا له‌جه‌نگه نوێكه‌ی له‌سوریا كه له‌دژی ڕۆژاڤای كوردستان بوو ڕاگه‌یاند. ئه‌و پشتیوانییه ڕه‌هه‌نده ئایدۆلۆژییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی نیشاندا. له‌لایێكی تریشه‌وه، ده‌وڵه‌تی وه‌ك قه‌ته‌ر كه هاوپه‌یمانی توركیایه‌و له‌پاشخانه ئیخوانیه‌كه‌ش هاویه‌كن، هه‌روه‌ها سۆماڵیش پشتیوانیان له توركیاكرد. وه‌ك چۆن قه‌واره ناده‌وڵه‌تیه‌كانی وه‌ك حه‌ماس و گرووپه ئیسلامیه جیهادییه‌كانی سوریا پشتیوان و گرووپه جیهادییه‌كانی سووریا به‌شداری جه‌نگه‌كه‌ن. هاوكات ئیخوان موسلمینه‌كانی سوریا به ڕه‌سمی پشتیوانیان له توركیا كرد و له‌وه‌ش پتر له به‌یاننامه‌ی پشتیوانیاندا بابه‌تی جیابوونه‌وه‌شیان ئیدانه‌كردبوو. پشتیوانی به‌رفراوانی له‌م جۆره‌ی ئیخوانیه‌كان بۆ توركیا نیشانه‌ی ڕوون و حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌و مۆركه ئایدۆلۆژییه ئیخوانیه‌یه كه له‌توركیا و له جه‌نگه‌كه‌ی له ڕۆژاڤادا ئه‌كرێ. له‌و پێودانگه ئیخوانیه‌وه جێی خۆیه‌تی لایه‌ك له‌ئیخوانیه‌كانی ناوخۆی كوردستانیش بكه‌ینه‌وه. پارته ئیسلامیه‌كانی باشوور، كه سه‌ره‌ڕای ناكۆكی و ململانێ و جیاوازیه‌كانیان له‌بواری سیاسه‌ت و هه‌روه‌ها وورده جیاوازی عه‌قیده‌تیشیان، به‌ڵام لێڤه‌گه‌ڕی عه‌قیده‌تی (ئایدۆلۆژییان) ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر قوتابخانه‌ی ئیسلامی سیاسی ئیخوانی جیهانی، بۆیه هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه، كه ئه‌و حزبانه (یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی) له‌ئاستی حزبی یان له‌ئاستی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانیدا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و جه‌نگه، كه ڕاسته‌وخۆ كوردستانی ڕۆژاڤای كردۆته ئامانج هیچ جۆره كاردانه‌وه‌یه‌ك نیشان نه‌ده‌ن، ته‌نها له ئاستی شه‌خسیدا هێندێك له‌نووسه‌ر و كادره‌كانیان هه‌ندێ سه‌رنج و ڕای خۆیان بڵاوكرده‌وه. له لایه‌كی تره‌وه له باكووریشدا پارته ئیسلامیه‌كه‌ی كوردستانی باكوور (هوداپار)یش به پێچه‌وانه‌ی پارته‌كانی تری باكوور هه‌ڵوێستی ناڕازی بوونی خۆی به‌رامبه‌ر به جه‌نگه‌كه نیشان نه‌داوه. له‌باره‌ی ناودێركردن و ناساندن و شوناسدان به‌م جه‌نگه، به خوێندنه‌وه‌ی من ئه‌وه‌یه كه جه‌نگێكی ئایدۆلۆژی دووسه‌ره‌یه و ده‌ربڕی هاوپه‌یمانی ستراتیژی نێوان ڕه‌وتی پان وپۆڕی پان توركیزم و كه‌مالیزم و عوسمانی نوێ و پڕۆژه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی عوسمانیه به كۆپیه ئیخوانیه‌كه‌ی له‌م قۆناخه‌دا. ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تیه له‌هێڵه گشتییه‌كه‌دا كه نه‌ته‌وه- ئیخوانیه‌كه‌یه به‌رهه‌می هاوپه‌یمانی و بگره ئاوێته‌بوونی چه‌ند سه‌دساڵه‌ی نه‌ته‌وه- ئیسلامیه‌كه‌یه له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا. هه‌رچه‌نده دواجار ئیخوانیه غه‌یره توركه‌كان، به‌تایبه‌ت عه‌ره‌به‌كان ئه‌بێ له‌و هاوپه‌یمانیه‌ته لاسه‌نگه‌ی دیفاكتۆی ئه‌م قۆناخه‌ی ئیخوانی جیهانیه‌وه بێنه‌ده‌ره‌وه. چونكه ئیخوانی موسلمین له‌سه‌رده‌ستی عه‌ره‌ب دروستكراوه‌و په‌ره‌ی پێدراوه‌و به‌جیهانی كراوه. به‌ڵام له دواشكستی ئیخوانیه‌كانی میسر، ڕێبه‌رایه‌تی عه‌ره‌بی بۆ ئیخوانی جیهانی سست و كاڵ بۆته‌وه‌و ناوه‌نده‌كه‌ی، گه‌ر به‌ناره‌سمیش بێت گواستراوه‌ته‌وه بۆئیخوانه‌كانی توركیا‌و بۆ ژێرسایه‌ی ئه‌ردۆگانی سه‌رۆكی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، كه له‌چاو هاوشێوه‌كانی تری له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ستایلێكی جیاوازی پارته ئیخوانییه‌كانه، به‌ڵام وه‌ك پارته ئیخوانیه‌كانی تر هه‌ڵگری هه‌مان پڕۆژه‌ی (حسن البنا)ی دامه‌زرێنه‌ریه‌تی. سەرەباسێکی تر له‌و باره‌وه پێشنیاركردنە تا تێز‌ی ئاماژه پێدراوی سەرەوە ببێتە باس و خواسێكی هه‌مه‌لایه‌نه، چونكه بڕوام وایه ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ته‌ی ئێستا له‌جه‌نگی توركیادا به‌رجه‌سته‌بووه، له‌ساڵانی داهاتووشدا، له‌ڕووداوی تری نه‌رم یان توند به‌رجه‌سته ئه‌بێته‌وه‌و، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه نه‌خشه‌ی دابه‌شبوونی ئیخوانه‌كان به ئاقاری فراوانبوون یان به‌رته‌سكبوونه‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردابێ. هه‌رچه‌نده ئه‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌مجۆره هاوپه‌یمانیه‌تیانه‌ی وه‌ك هی ئێستای ئیخوان و توركیا له‌به‌رده‌م زه‌بری ئه‌گه‌ری پاشه‌كشه‌ی تائیفیه‌تدا به قازانجی ناسیۆنالیزمێكی عه‌ره‌بی، یان توركی نوێ چه‌شن پاشه‌كشه بكا. ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌و ناسیۆنالیزمه نوێ چه‌شنه‌ی عه‌ره‌ب ئێستا له‌عیراق، لوبنان، به كۆپیێكی جیاواز له‌خۆئارایش و خۆنمایشكردن دایه، ئه‌مه باسێكی تره‌و وه‌ختێكی تر قسه‌ی لێ ئه‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ست به كوردستان و كوردایه‌تی، كه ڕه‌نگه وورده وورده ئاماژه‌كانی ئه‌وه له‌عیراقدا ده‌ربكه‌وێ، كه كۆپی نوێ چه‌شنی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی به تارای عیراقی بوون بپۆشێ.
مەریوان وریا قانع لە دوای ناڕەزاییدەربڕینە گەورەکانی ”بەھاری عەرەبیی“ و ”بزوتنەوەی ئۆکیوپای“ ەوە لە ساڵی ٢٠١١ دا، ئەم ساڵ، ساڵی ٢٠١٩ ، ئەو ساڵەیە کە زۆرترین ناڕەزاییدەربڕینی بە خۆیەوە دیوە. ھەندێک کەس باس لە ”شەپۆلی دووھەمی“ بەھاری عەرەبی و بەھاری میلەتان دەکەن. لەم ساڵەدا دەیان ملیۆن مرۆڤ لە چوار کیشوەری جیاوازدا چونەتە سەر شەقامەکان. ملیۆنان مرۆڤ لە ئەمریکای لاتین و لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپادا داوای گۆڕانکاریی گەورە و ھەمەلایەن لە ژیانی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا دەکەن و خەون بە ژیانێکی ئینسانییەوە دەبینن کە ڕێز لە کەرامەتی ئەوان وەک مرۆڤ بگرێت. لەم چەند ھەفتەیەی دواییدا ملیۆنان مرۆڤ لە بەرشلۆنە و ھۆنگ کۆنگ و لوبنان و عێراق و ئەندەنوسیا و بۆلیڤیا و ھایتی و لە سەرەتای ئەم ساڵیش‌دا لە زۆرشوێنی تری وەک میسر و سودان و جەزائیر و زیمبابۆی و ڕوسیا و فەرەنسا و بریتانیا و سێربیا و بەرازیل و ڤەنزوێلا و ئەکوادۆر، ڕژانە سەر شەقامەکان و بەگژ ئەو ژینگە سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیدا چوونەوە کە لە ئێستادا باڵادەستکراوە. ئەم ناڕەزاییدەربڕین و ئەم پەنابردنە بۆ شەقام لەم دەیەی دواییدا بەڕادەیەک گەورە و ھەمەلایەن بووە، دەکرێت بڵێین ئەم دەیەی گۆڕیوە بۆ دەیەی گواستنەوەی سیاسەت لە دەزگا ڕەسمییەکانی سیاسەتکردنەوە بۆ ناو شەقام و گۆڕەپان و ڕووبەرە گشتییەکان، دەیەی تەحەداکردنی دەزگا سیاسییە رەسمییەکان و گۆڕینی شەقام و گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکان بۆ ڕووبەری سیاسیی تازە و ڕادیکاڵ. ژمارەی ئەوانەی لەسەر شەقامەکانن کەم وێنەیە. لە لوبنان یەک لەسەر چواری دانیشتوانی وڵاتەکە لەسەر شەقامن..لە بەرشلۆنە نزیکەی یەک ملیۆن و لە جەزائیر و سودان و جاکارتاش بەھامن شێوە. ھۆکاری سەرەکیی ئەم ناڕەزایەتییە جیھانییە درستبوونی ئەو فشارە مادیی و مالییە گەورەیەیە کە لەسەر بەشێکی گەورەی دانیشتوانی ئەو دروستبووە. ژمارەیەکی گەورەی خەڵک توانای دابینکردنی ئەو لانیکەمی ژیانەیان نەماوە کە مرۆڤ بەھۆیەوە ھەست بە بوونی ماف و کەرامەتی خۆی بکات. ھۆکارێکی دیکە بریتییە لە مەسەلەی گەورەبوون و فراوانبوونی نایەکسانییە کۆمەڵایەتیی و مادییەکان لە نێو یەک کۆمەڵگادا، کەسانێک دروستبوون خاوەنی ملیارەھا دۆلارن و کەسانێکی دیکەش ھەن داھاتی ڕۆژانەیان دۆلارێک یان چەند دۆلارێکە. وڵاتانی وەکو عێراق و شیلی و لوبنان لەو وڵاتانەن کە ئەم جیاوازییە لە داھاتدا زۆر بە ئاشکرا و بە بەرفراوانی ھەستیپێدەکرێت. لە لوبناندا پاڵنەرە سەرەتاییەکە بۆ چوونە سەر شەقام سادەبوو، حکومەت باجێکی تازەی داھێنا، باج لەسەر واتسئەپ، WhatsApp، و خەڵک دەبوایە ئەم باجە تازەیە بە دەوڵەت بدەن. لە شیلی بەھۆی بەرزکردنەوی نرخی بلیتی میترۆوە ڕوویدا و ملیۆنێک مرۆڤ چوونە سەر شەقامەکان، گەندەڵیی و دزیی و بەفێڕۆدانی داھاتی دەوڵەت سەرچاوەیەکی سەرەکیی تری دەربڕینیی ناڕەزاییەتییەکانە. بڕ و ڕادەی گەندەڵیی لە ھەندێک وڵات‌دا کەم وێنەیە، لەوانەش بۆ نموونە عێراق، ئەم گەندەڵییە وادەکات کەمینیەک لە وڵاتەکەدا بەشێوەیەکی ئەفسانەیی دەوڵەمەند ببن و زۆرینەش لە دۆزی ھەژاریدا بژین، یان لەھەندێک دۆخدا لە ژێر ھێڵی ھەژاریشەوە بژین. دیسانەوە عێراق نموونەیەکی زیندووی ئەم دۆخەیە. بەڵام لەناو ئەم دۆخە گشتییەدا ھەندێک جیاوازیی گرنگ ھەیە کە نابێت لەبەرچاو نەگیرێت و ھەموویان لەژێر پەنابردن بۆ چەمکێک یان دەستەواژەیەکدا نیشتەجێبکرێن. ئەوەی میسریەک یان سودانیەک یان لوبنانیی و عێراقیەک دەباتە سەر شەقام ھەمان ئەو ھۆکارە نییە کە پاریسیەک و ھۆنگ کۆنگیەک و جاکارتیەک دەجوڵێنێت. یەکەمیان ھەژاریی و بێکاریی و نەداریی بە مانا ڕەھاکەی دەیجوڵێنێت، نەبوونی لانی ھەرەکەمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و گیرخوردن بەدەست دابینکردنی پێداویستییە ھەرە سەرەتاییەکانی ژیانەوە دەیجوڵێنێت، لەکاتێکدا دووھەمیان ئەو فۆرمە لە ھەژاریی ناناسێت و ئەوەی دەیجوڵێنێت ھەوڵدانە بۆ بەرگریکردن لە ژیانێک لەودیوی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە بێت. ئەوەی کەسێک لە پاریس‌دا دەجوڵێنێت ھەستکردنە بە بێتوانایی لەوەدا ئەو ژیانەی دەیەوێت ھەیبێت و چاوڕێیی دەکات نەتوانێت دابینیبکات.. ئەگەر لە یەکەمیاندا بێئیشیی و ھەژاریی و نەدارییەکی گەورە و بنەڕەتیی ھۆکاری سەرەکیی تووڕەبوونە کۆمەڵایەتییەکان بێت، لە دووھەمیاندا فەشەل لەوەدا مرۆڤ خۆی ژیانی خۆی دابڕێژێت و بەو شێوەیە بژیی کە چاوەڕوانە و دەخوازێت بژیی، ھۆکارەکەیەتیی. ئەگەر لە پاریس‌دا دەرەنجامە وێرانکەرەکانی نیولیبرالیزم خەڵک بباتە سەر شەقامەکان، لە عێراقدا ئەوەی خەڵک دەجوڵێنێت دزیی و جەردەیی و گەندەڵییەکی ھەمەلایەن و کەم وێنە و گۆڕانی ئابووریی دەوڵەت و ئابوریی وڵاتەکەیە بۆ دەغیلەیەکی شەخسیی ئەوانەی حوکمڕانن. تا ئێستا ئەم پانەبردنە بۆ ناڕەزاییدەربڕین و ئەم ”سیاسەتی شەقام“ە لە ھەندێک شوێندا سەرکەوتنێکی سیاسیی بەرچاوی بەدەستھێناوە. لە جەەزائیردا ھەم سەرۆکی وڵاتەکە، بۆتفلیقە و ھەم سەرۆکەکەی دوای ئەویشی ناچار بە وازھێنان کرد. لە سوداندا کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی سەربازیی عومەر بەشیر ھێنا. لە ھەندێک وڵاتی تردا ئەو بڕیارانەی دراوبوون، ھەڵوەشێندرانەوە، بەڵام لەھەندێک شوێنی تردا، تا ئەم ساتە، ئەم شەپۆلە تازەیە لە ناڕەزاییدەربڕین ئەنجامێکی بەرچاوی نەبووە. ڕاستییە سادەکەی ئەم ساتەوەختە مێژووییە ئەوەیە کە چیتر ناکرێت درێژە بەو بێدادیی و دزیی و جەردەیی و گەندەڵییە بدرێت کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، گۆڕانی ھەمەلایەن و قووڵ پێویستە، پرنسیپە سەرەکییەکانی ئەم گۆڕانەش دابینکردنی دادپەروەریی و ڕێز و ئازادیی و کەرامەتە بۆ مرۆڤ.
كاردۆ محەمەد لەرەوشێكداین دەورو بەرمان لە شەقامدا، لە دژایەتی گەندەڵی و داوای دادپەروەری دەكوڵێ . روداوەكان پەرەسەندنیان بەرەو ئاڵۆزی زیاتردەروات، لایەنە سیاسیەكانی هەرێم چاوەڕێی چی دەكەن ،بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك باشتر بكەن و دادگاكان سەربەخۆ بن و ئەو یاسایەی خۆیان دەری دەكەن جێ بەجێ بكرێت وزانكۆكان بكەنە ناوەندی زانست و توێژینەوە لەبازرگانی پێكردن جیابكرێتەوە،خەڵكی شیاو لەسەر لێوەشاوەیی وتوانا دابنێن، دامەزراوەكان لەژێر سایەی حزب دەربێنن. ساڵانە ئەوەی دێتە دەستیان ،بە ئاشكرا و ڕوونی لە بودجەدا بەیانی بكەن و بە دادپەروەرانە دابەشی بكەن. و سیستەمێكی پەروەدەیی هاوچەرخ بۆ پەروەردەی مناڵەكان بێننە ئارا ،بۆئەوەی ژیانی نەوەی ئایندە بپارێزین، دڵنییایی كۆمەڵایەتی بو كەمدەرامەت و بێ نەوایان دەستەبەربكەن و دەرفەتی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنن، دامەزراوەكان كارا بكرێت لەجیاتی كردنیان بە بار بەسەر ژیانی خەڵك ،كەسی شیاو بەهۆی لێهاتویی و توانا لە شوێنی شیاو دابنرێت . لەسەروی كەس و خێزان و بنەماڵە حكومەتی هاوڵاتی دروست بكەین. وڵات ، وڵاتی هەمومان بێت و رایەڵەیەك بە خاكیان ببەستێتەوە. نەك كاستێكی حوكمداری مۆنۆپۆلی، ئەگەربۆیان بلوێ باجی هەناسەش وەردەگرن ،هاوشانی ئەو ڕاستیانە بونی ڕوئیا و وتارێكی یەكگرتوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەكانی دەرەكی و هەڵوێست و گوتاری یەكگرتوو بەتایبەت لە پرسی ڕەوای گەلەكەمان لە هەر بەشێكی بێت لەوەش پێویست‌تر هەستكردن بەهەستیاری قۆناغەكە، كەبەبێ ئیرادەی چاكسازی دەبێ چاوەڕێی چی بكەن؟. ئەمرۆ بە سبەی كردن بەبێ هەنگاوی كرداریی .. دادتان نادا. وەكو نەعامە سەری خۆتان لەنا لم دەنێن وبۆ ئەوەی دوژمنەكانتان نەتان بینین. یا چاوەرێی قەیران و ئاڵۆزی زیاتر‌و هەڵدێرانی گەورە دەكەن، پێتان باشە تاكەی خەڵك چاوڕێ بێت. لە راستیدا بۆگۆرانكاری بروامان بە ئینقلاب نیە، بڕوامان بە چاكسازی بنەڕەتی وخەباتی مەدەنی و هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد هەیە، دڵنیابن گەلان وستەمدیدەكان دەستبەرداری مافەكانیان نابن. رێگری لەم شێوازی ئاشتیانەو مەدەنی بگیرێت، رێگای تری گۆرانكاری دەگرنە بەر،ئەگەر خەڵك دەرفەتی ئازادی بیروڕای هەبێت هەرلەوڕێگەوە دەتوانین ژیانێكی باشتر بۆ خەڵكەكەمان دابین بكەین. سەبرگرتن سنووری هەیە، ئاگرێك هەڵگیرساوە پەرژینەكان توند‌و وماڵمان ڕێكنەخینەوە. چۆن شاهیدی ڕوخان و لە ناوچونی دەسەڵاتە ستەمكارەكان، تۆتالیتار‌و مشەخۆرەكانین ، سەڕەرای بونی پرسێكی نیشتمانی چارەنووسی هاوبەشمان شاهیدی ئێوەش دەبین. چاوەڕێی چی دەكەن ؟ وەڵامەكە خۆتان بیدەنەوە
فارس نەورۆڵی لەسەردەمی دوو جەمسەریدا ئەوکاتەی ڕوسیا و ئەمەریکا لە ململانێ دابوون، سۆڤیەت بەرەی سۆشیالیستی و ئەمەریکا بەرەی سەرمایەداری، کورد لە نێوان ئەم دوو بەرەدا ھاڕاو جەستەی ھەلا ھەلا بوو، ھەمووکات ئەم دوو ھێزە یان ئەم دووبەرەیە وەک ئەڵقەی قوربانی کوردیان بەکارھێناوە، بۆیە کورد بەردەوام لە جەنگی تاقەت پڕوکێنەردا بوووە. دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی سارد وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرکەوتنی خۆیان ڕاگەیاند و وایان نیشاندا کۆتایی مێژووە، ئەو مافەیان بەخۆیاندا کە سەر کەوتووبوون، لەدوای جەنگی سارددەوە سیاسەتی نێودەوڵەتییان بە جۆرێکی دیکە پێناسە کردووە دەست وەردانیان لەھەموو ڕوویەکەوە لە جیھان دەکرد. سیستەمی نوێی جیھان کە ڕۆژئاوا دامەزرێنەرییەتی تائێستا خۆی بەزاڵ دەزانێ، بەڵام ڕووداوەکانی دوای بەھاری عەرەبی، ئێستا شتێکی دیمان پێ دەڵێت کە جوڵەی مێژوو بەشێوازێکی دیکە ڕێ دەکات و ئەم جوڵە و گۆڕانکارییانە وانیشان دەدەن کە ڕێگەی دەرکەوتنی جەمسەری نوێ دەردەکەوێ لەڕووی ئابوری و سیاسیەوە نمونە (چین، مالیزیا، ھند، ڕوسیا، ئێران، تورکیا). ئێستا وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک جاران ھێزگەلێکی تۆکمە نین، بەتایبەتی دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا. بۆیە ئێستا ناوچەکە بەزنجیرەیەک شەڕی ناوخۆدا گوزەردەکات بەرژەوەندی دەوڵەتانی ناوچەکە وەک ( ئێران و تورکیا و سعودیە) وای کردووە لە پشتی ئەم شەڕانەوەبن و ئەم شەڕانە زنجیرەکی پەیوەستن بەیەکەوە بۆیە، گۆڕانکاری لەھەر جێگایەک ڕوبدات کاریگەری لەسەر ناوچەکان و جێگاکانی دیکە ھەیە. واتە کۆپی دەکرێ لە ناو ئەم پانتاییەدا، ڕوسیا وەک یاریچییەکی سەرەکی دەردەکەوێت، کەواتە ناوچەکە چاوەڕوانی شەڕی قورس‌تر دەکات و ھیچ دوور نییە لە عێراق شەڕی ناوخۆ ھەڵبگیرسێت وەک (یەمەن و سوریا). ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت جیھان بەرەو فرە جەمسەری ئابوری سیاسی دەڕوات، بۆیە پێ دەچێ سەر لەنوێ ناوچەکە دابەش کەنەوە وەک جێ نفوزی خۆیان کورد‌و کوردستان بەشێکی دیاری ناو ئەم ڕوداوانەن، چونکە کورد لەسەر چوار دەوڵەت دابەشکراوە، کە ھەرچواریان ئێستا بەشێکن لە ڕوداوەکان و لە جەنگەکان، ھیچ نەتەوەیەکی ژێر دەستیش وەک کورد ئەزموونی کەوتن و ھەستانەوەی نییە. لەسەدەکانی ڕابردوودا دوو جەنگی گەورەی جیھانی ڕویاندا دەرەنجام و لێکەوتەکانی دوای ئەو دوو جەنگە جیھانییە کورد کراوەتە قوربانی. ئێستا جیھان بەشێوازی جیا جیا لە جەنگێکی جیھانیدایە دەبێ کورد چی بکات؟ پێویستە ئەوە بزانین لە دابەش کردنەوەی ناوچەکەدا ئێمە چۆن لەگەڵ جەمسەرەکاندا مامەڵە دەکەین، بەتایبەتی ئەمەریکاو ڕوسیا، ڕاستە ئێستا ڕوسیا گەمەکەرێکی سەرەکی یە، بەڵام ئەمەریکا لە ناوچەکەدا سیاسەتی نەگۆڕی ھەیە، ھەموو گۆڕاوەکانی لە خزمەتی ئەو نەگۆڕانەدایە. ھەموو وڵاتانی ناوچەکەش ئەو شەڕانەی لە فەلەکی ڕوسیا‌و ئەمەریکا دەیکەن دژی یەکن ( ئەوشەڕانەی نێوان ھەریەک دژی ئەوی دیکە، تەنھا بۆ ژیان نییە تەنھا بۆ ئەوە نییە ھەریەکە بژی بەڵکو ئەو شەڕە بۆ ددانپێدانانە لەنەخشەی سیاسی داھاتوودا). بۆیە دەبێ کورد ڕێگاکان بۆ گەیشتن بە ددانپێدانان بگرێتە بەر، ئەویش دەبێ بگەڕێتەوە بۆ جەوھەری یەکێتی ڕۆحی کوردان. لێرەوە بۆ گفتوگۆ ھەنگاو ھەڵگرێت بۆ شەڕ، بۆھەرئەگەرێک بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەم جەوھەرە ھەموو سەرمایەکەمان بێ مایە دەبێ، وەک ئەوەی لە مێژوودا دەیخوێنینەوە، کەواتە پێویستە لەمەودوا دەست لە پیاھەڵدان و شکاندن ھەڵبگرین، چون ھەردووکیان وەک یەک ناشرینن. بۆیە ئەوەی گرنگە دەبێ سەرەڕای جیاوازییەکان، لەم قۆناغەدا یەکێتییەکی سیاسی ھاوبەش پێکبھێنین بۆ ئەوەی لەم دۆخەدا بەیەک گوتاری سیاسی واقع بخوێنینەوەو ئەم گوتارە سیاسیە بتوانێ یەکێتییەک لە نێوان ڕاگەیاندنەکاندا بۆ پرسە ستراتیجییەکان دروست بکات، بۆ ئامادەکاری ھەرپێشھاتێک، چونکە ئێمەلە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەداین، تاقیکردنەوەیەک خولی دووھەمی نییە. بۆیە لەسەر ھەموو ھێزە سیاسیەکان پێویستە دان بەوەدا بنێن ئێمە لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە تا ئێستا ٩٠%ی وزەی کوردستان‌مان لە دژایەتی یەکتر بەکارھێناوە، بۆیە دەبێت ئێستا لەم قۆناغەدا ھەڵوێستەیەک بکەین، جیاوازییەکان و ڕقەکانمان سڕبکەین، بۆ ئەوەی لە گۆڕانکارییەکاندا جێگامان ھەبێت. ئەمەش دەکرێت لە چوارچێوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا، کە دامەزراوەیەکی شەرعییە، وزەو تواناکان کۆبکەینەوەو رێکی بخەین و لێرەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی کورد و دەرچوون لەم تاقیکردنەوە دژوارەدا ئاڕاستە بکرێن.
ئاری محەمەد ھەرسین وەزعی دەوڵەتە دەستکردەکەی غەرب «عێراق» زۆر باش نیە. دەڵێن مەبەست و ئارەزوی «ئینقاز»ی ئەم دەوڵتە فاشیلەتان ھەیە. ئێوە کە بە ڕوکەش خۆتان بە دوژمنی سەرەکی غەربیەکان لە قەڵەم ئەدەن و، لە ژێرەوە ھاوکار و برادەری غەربن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆتان، لای ئێمەی کورد شارراوە نیە. ئێمە بینیمان کە لە لای ئێوە خوێنی شەڕڤانانی ڕۆژاوا، پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان و دیموکرات و کۆمەڵە وەک یەکە و، لای ئێوە ئێمە «من احفاد الجن» ین. لێرەدا پێویستە ڕاستیەک ھەیە باش لێی حاڵی ببیت، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە لە سوپا قارەمان و مۆدێرنەکەی ئێوە و تورک و کەس و کەس ناترسین. ھەر مەرامێکت ھەیە کەیفی خۆتە. بەڵام ھەرگیز بیر لە شێواندنی ژیانی ھاوڵاتیانی جینۆسایدکراو ی ھەرێمی کوردستان نەکەیتەوە. چونکە ئەوکات ئێمەش ئێرانتان بۆ ئەکەینە ئێرانستان. ئەوکات ھەر کوردێکی خۆفرۆشیشتان لەگەڵ بێت قیمەتی نیە. چونکە ھەمو تاکێکی ڕەسەنی ئەم خاکە پیۆزە، لە ڕۆڵە نیشتیمانپەروەرەکانی نەوەی نوێ، کۆمەڵی ئیسلامی، پارتی، یەکگرتوو، یەکێتی، سۆسیالیست و بزوتنەوە و کەمایەتیەکان ئەبنە خەنجەری ناو چاوی باوک و باپیرت. قسەم لەوە نیە نامەرد لە نێوماندا ھەیە.... بەڵام ئەوانە ڕەفیقی داگیرکەرن، بۆیە ئەوەی بە تۆی ئەڵێین، شمولی ئەوانەش ئەکات. ئاغای سلێمانی... لە ئازایەتی ئێوەنیە کە ئێمە ھەتا ئێستا خاوەنی دەوڵەت نین، بەڵکو لە بێ‌موبالاتی خۆمانە. ئێمەی کورد ئەوەندەی حەزمان لێبوە پیاوی بێگانە بین و پەرتەوازەبین لەناو یەکا، چارەکی ئەوەندە یەکڕیز و یەکگرتوو نەبوین. بەڵام ئاغا ئەمجارەیان جیاوازە. ئەگەر نیازی وێرانکردن و نەھێشتنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانتان بێت. ئەوا وەعد ئەدەین شەڕەکەتان بۆ ئەھێنینە تاران، قوم، مەشھەد، تەبرێز و کرمان. ئێمە دەوڵەتمان نیە ھەتا لەکیسمان بچێت، ئەوەی دەیکەین بە مەبەستی پاراستنی کەرامەتی میلەتەکەمانە و بەس... بۆیە سلێمانی ھەرجی ئەکەی توخنی کوردستان نەکەویت.
د.حلمی رەسول رەزا داواکاری بۆ هەمواری دەستور لەم قۆناغەدا زادەی ئەو واقیعەیە کە هاتۆتە ئاراوە، واقیعێک کە بەهۆی شکستی جۆری حوکمڕانی و بلاوبونەوەی گەندەڵی و بێ توانایی حکومەت لە خزمەتکردنی خەڵک و دابینکردنی دیموکراسیەکی راستەقینە، کە زاتی ئەوەناکات بەرگری لێ بکات. بەشێکی زۆری لایەنە سیاسیەکانی عیراق بە عەرەب و کوردەوە، هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێ جیاوازی تێبینی و رەخنەی خۆیان لە سەر دەستور هەیە، پێشتریش بە ئاشکرا باسیان لێوە کردوە و ئێستاش بووەتە خواستێکی فراوانی شەقام وجەماوەری. کاتێک چوە بابی رەسمیەوە لیژنەی تایبەتی بۆ پێکهێندراوە و بۆ نوێنەرانی کوردیشی تێدابووە، دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لیژنەی تایبەت بۆ هەمواری دەستور پێکهاتووە کە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی و گۆڕانی تێدا ئەندامن، لەهەندێک لەمیدیاکان موغریزانە دەیانەوێت، ئەم پرسە بەکاڵ و کوڵاوییەوە بیخە ئەستۆی سەرۆککۆمار، لەکاتێکدا بەرپرسیاری هاتنە پێشەوەی هەمورای دەستور هەر ئەوانە بوون کە ریفراندۆمێکی فاشلیان ئەنجامداو بەهانەی گەورەیان خستە بەردەست نەیارەکانی کورد لەناوخۆو دەرەوەی عێراقیش. لەکاتێکدا باس لە هەمواركردنی دەستور لەلای سەرۆککۆمار لەچوار چێوەی ئەو واقیعە تازەیەدا بووە کە لەعیراق بەهۆی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و داواکاری خۆپیشاندەران هاتۆتە کایەوە، نەک وەک شتێکی تازە پێشنیار کرابێت، خۆ گەر دەوترێت، سەرۆک کۆمار یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی پارێزگاری دەستورە، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم سەروەرییە لەوشوێنەوە پێشیلکراوە، کە لەدەوامەیەکی داخراوی سیاسی بەقازانجی هەندێک دەستەبژێری سیاسی باڵادەست دروسست بووە، کە رێگەنادات دەستور وەک خۆی جێبەجێبکرێت و لەولاشەوە بەناوی کوردایەتیەوە شەری پارێزگاری لەو دەستورە دەکەن کە پارێزگاری لەو دەوامە داخراوە سیاسیە دەکات، کە زۆرینەی خەڵکی عێراق بەکوردستانیشەوە لێی نارازییە، بەپێچەوانەوە سەرۆککۆمار پێی وایە و تەئکیدیش دەکاتەوە کە هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی هەموارکردنی دەستور ئەبێ بە میکانیزمی دەستوری و دیموکراسی و لەبەرچاوگرتنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان بێت و جەماوەریش لێ رازی بێت نەک نەتەنها دەستەبژێرێکی سیاسی قازانج پەرست. ئەمە جگە لەوەی کەیەکێک لەو میکانیزمە بنەڕەتیانەی هەمواری دەستور ئەوەیە کە 3 پارێزگا دەتوانن فیتۆ بكەن‌و رێگری بکەن لەهەر گۆڕانکاری یان هەموارکردنێک لە دەستور، بۆیە ئەو هەڵمەتەی لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە بەرێوە دەچێت ئەوەندەی بۆ موزایەدەی سیاسی و بازارگەرمییە ئەوەندە بەقازانجی ئەوەنییە کە دەستورێکمان هەبێت بەرژەوەندیەکانی کورد‌و کوردستانی تیاپارێزراوبێت، چونکە لەئاکامدا بەو میکانیزمەی باسکرا بە بێ ڕەزامەندی كورد هیچ گۆرانكاریك ناكرێ. لەهەموو ئەوانەش سەیرتر ئەوەیە، ئەوانەی کەلە کاتی ریفراندۆم زۆرترین رەخنەیان لەم دەستورە هەبوو، ئێستا هەر ئەوانەن شین و واوەیلا بۆ هەمان دەستور دەکەن، بۆیە ناهەقمان نییە بلێن ئەوان شینیان بۆ هەریسەکەیە نەک حسێن.
سەلام عەبدوڵڵا دوا بە دوای روخانی رژێم لە بەغدا، گەلانی عێراق بە هیوایەكی زۆر دەیانڕوانییە دەسەڵاتی نوێ، بەتایبەتی كە سەراپای خەڵكی عێراق مێژوویەكی زۆر تاڵیان لە ماوەی 35 ساڵەی حوكمڕانی بەعسدا، كە كورد لەو نەهامەتیانە پشكی شێری بەركەوتبوو، گوزەراندبوو. بۆیە چاوەڕوانی گۆڕانێكی ئەوتۆیان لە ڕژێمی نوێ دەكرد كە ئەمن و ئاسایش و بژێوی ژیان و خۆشگوزەرانیان بۆ دەستەبەر بكات و سیستەمێكی دیموكراتی مرۆڤدۆستانە دابمەزرێنێ كە تێكڕای خەڵكی عێراق بە پێكهاتە جیاوازەكانیەوە ژیانێكی ئاسوودەو كامەران لە سێبەریدا بەسەربەرن، بەڵام وا شانزە ساڵ بەسەر ئەو مێژووییەدا تێپەڕی و بارودۆخی وڵات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپ و خراپتر دەبێت بە ئاستێك كە خودی عێراق یەكێكە لە هەرە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان و قەرزاری حكوومەت- لەگەڵ دەستكەوتی زەبەلاحی نەوت- گەیشتۆتە (140) ملیار دۆلار كە سەلمێنەری ڕادەی بێ وێنەی گەندەڵی و بەهەدەردانی ئەو سامان و دەستكەوتە زۆرانەیە كە خودی خەڵكی عێراق بەگشتی لێی سوودمەند نەبوون و بارودۆخی ژیانیان لە ئاستێكی زۆر مەترسیدار دایە. بۆیە زۆر ئاساییە خەڵكی ناڕازی ئەم وڵاتە بڕژێنە سەر شەقام و كۆڵانەكانی پایتەخت و زۆربەی هەرە زۆری شارەكانی خواروو و ناوەڕاست و داوای لەناوبردنی گەندەڵی و بەرپرسانی مشەخۆرو بە هەدەردانی سامان و سەروەتی وڵات بكەن. بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە ئەمە لەكاتێكدا روودەداو بەو شێوە ترسناكە پەرە دەسێنێ كە حكوومەتی نوێ تازەكی دەست بەكار بووەو دەتوانرێ بوترێت كە لە هەموو حكوومەتەكانی پێش خۆی تا ئەندازەیەكی زۆر باشتر‌و كارامەتر بووەو شەخسی سەرۆكوەزیرانیش لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی هەڵوێستی بەرامبەر خەڵك و بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەرمترو میانڕەوترو واقیعبینانەتر بووە، كەچی خۆپیشاندانەكان بەرامبەر حكوومەتەكانی پێشووتر هەرگیز وا توند نەبوو كە ئەمەش بۆ خۆی مایەی تێڕامانە. بەڵام ئەوەی كە زیاتر لەم خۆپیشاندانانەدا جێی سەرنجە كە خۆپیشاندەران داوای گۆڕینی دەستووری وڵاتیش دەكەن كە ئەوە نە كاری خۆپیشاندەرانەو نە سوودیش بەوان دەگەیەنێ. خۆ لە بڕگەكانی دەستووردا هیچ خاڵ و بەندێكی تێدا نییە بۆ نموونە، كە ئەوانەی خوێندن تەواو دەكەن، دانەمەزرێن و خەستەخانەو قوتابخانە نەكرێتەوەو حكوومەت خزمەتگوزارییە گشتییەكان پێشكەش نەكات؟ ئەمە لەكاتێكدا خودی دانیشتوانی عێراق بەڕێژەی %85 دەنگیان بەو دەستوورەی ئێستادا داوە! بۆیە پێدەچێت ئەمە بەلاڕێدابردنی هاوڵاتییانی ڕاپەڕیو بێت كە داخوازییە ڕەواكانی خۆی لەبیر بكا‌و ئەجیندای لا و لایەنی تر جێبەجێ بكات و خۆشی دوای ئەو هەموو قوربانییە بەدەستبەتاڵی لێی دەرچێت.
مەجید ساڵح (١) كابینەی هەشتەم، پێش كۆتایی ماوەكەی، لە ژێر گوشاری شەقام و هەلومەرجی گۆڕاوی عێراق و دەوروبەر، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكی تایبەت بوو بە چاكسازی لە موچە و خانەنشینی و دواجار لە ٢٠١٨/٩/٥ خرایە بەردەم پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی و رێكنەكەوتنی یەكێتی و پارتی هەر بە پرۆژەیی مایەوە و دواجار بوو بە دۆسێیەكی لەبیركراو. (٢) كبینەی نۆیەم، پێش پێكهێنانی، لە گفتوگۆی لایەنەكان (پارتی، یەكێتی و گۆڕان) زۆر باسی چاكسازی كرا، بەجۆرێك بوو بە خاڵی هاوبەشی هەرسێ لایەن و لە كارنامەكەی حكومەتیشدا كرایە دەسكەوتێكی گەورەی كابینەكە. خەڵك زۆر دڵخۆشكرا كە ئەم كابینەیە كابینەی چاكسازی و گەڕانەوەی متمانەی خەڵكە بۆ حكومەت و پەرلەمان. لە نێو هەرسێ لایەنەكەدا بزوتنەوەی گۆڕان لەوانی دیكە زیاتر بەپەرۆشەوە بوو بۆ ئەو پرۆژەیە یاسایە، چونكە بەشێك بوو لەو پاساوەی كە پێی چووە ناو كابینەكەوە و پێشتریش بەشێك بووە لە كارنامەی هەڵبژاردنەكەی. (٣) لە ٢٠١٨/١١/٦ەوە خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستبەكاربووە، وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمیش لە ٢٠١٩/٧/١٠ سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەكار بوون. هەنگاوە سەرەتاییەكانی حكومەت بەو ئاراستەدا دەچوو كە كابینەكە زۆر سورە لە جێبەجێكردنی كارنامەكەی، دیسانەوە خەڵك هیوایەكی بۆ پەیدا بوو. بەڵام وا ساڵێك بە سەر تەمەنی پەرلەمان و نزیكەی چوار مانگیش بەسەر كابینەی نۆیەمدا تێ دەپەڕێ، هەلومەرجی سیاسی و ئابوری هەرێم و عێراق و ناوچەكە تا دێت ئاڵۆزتر و مەترسیدار تر دەبێ، ئەو تروساكەیەش كە هەبوو بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە هەرێم، تین و تاوی جارانی نەماوە، عێراق لەبەردەم پێچەوانە بوونەوەی هاوكێشەكانە بەرەو ئاراستەیەك كە هیچ لەبەرژەوەندی كوردستاندا نییە.. لەم نێوەندەدا خەمساردییەكی زۆر هەیە بۆ جێبەجێكردنی بەڵینی 'پرۆژە یاسای چاكسازی موچە و خانەنشینی' ، بەرادەیەك پرۆژەكە ون بووە.. لە ناوەندە ناڕەسمیەكاندا یەكێتی تۆمەتبار دەكرێ بە دروستكردنی لەمپەر لەبەردەمیدا، لە حەقیقەتیشدا گۆڕان و پارتیش بەو بێدەنگیەیان دەریدەخەن كە ئەوانیش زۆر لە خەمی بڕیاردان نین لەسەر دەركردنی یاساكە.. كاتی ئەوە هاتووە یەكێتی وڵامی هەبێ بۆ ئەو تۆمەتە، پارتیش بەرپرسیارە لەوەی بۆ خەڵكی روون كاتەوە كە بۆچی ئەم پرۆژەیە نایەتەوە پەرلەمان و هۆكارە راستەقینەكەی دیار نەمانی روون كەنەوە!! بزوتنەوەی گۆڕان دەبێ لەم دۆخەدا لە هەمویان پەرۆشتر بێ و قسەی جیدی هەبێ، رای گشتی لە هۆكارەكانی نەهاتنە پەرلەمانی ئەو پرۆژەیە روون بكاتەوە.
چیا عەباس دوای وەفاتی کاک نەوشیروان دەرفەتێک بۆ چەند هاوکارێک و پاشکۆکانیان کە ئیستا بە ئارەزوی خۆیان پرسی گۆرانکاری و چاکسازی بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئاراستە دەکەن رەخسا تا ئیرادەی خۆیان بەسەر بزوتنەوەکەدا بسەپێنن. کاک نەوشیروان لە ماهیەت و پرۆفایلی بەشێکی زۆری هاوکارەکانی ئاگادار بو، هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ ماندوبون و خەباتیان دەکرد، بێجگە لەو هاوکارانەی کە کاتی خۆی رەخنە و تێبینی و بۆچونی واقیعی خۆیان لەمەر شێوازی بەرێوەبردنی گۆڕان هەبو، زۆربەی ئەوانی تر لە حزوری خۆیدا خاوەنی دیدگا و هەڵوێستی بوێر و ئاشکرا نەبون، لە غیابیدا بون بە رۆبن هودی پرسی گۆڕانکاری. لە نێو دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان کەسانێک هەن ئەوەندە کورتبین و سپڵەن دەڵێن سەردەمی نەوشیروان مستەفا بەسەرچو. راستیان فەرموە چونکە ئەوان لە ناخیاندا نەوشیروان مستەفایان وەک خاوەن کەنزێکی گەورەی فکر و دیدگا و پرۆژەی مەزن نەبینیوە، بەڵکو وەک سیاسەتمەدار و سەرکردەیەکی ئاسایی کە دێت و دەروات و بە رۆیشتنیشی سەردەمی بەسەردەچێت، ئەوانیش سەرپشكن چۆن مامەڵە بە ئیرسە سیاسی و فکری و مادیەکانیەوە بکەن. لە بری ئەوەی دوای وەفاتی کاری جدیان بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانی سەردەمی دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان بکردایە و کەلێنەکانیان پربکردایەوە بینیمان چۆن رەفتار و هەڵوێست و سروشتی بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتدارانی گۆڕان ئاماژەن بۆ سرینەوەی پێگە و دەسکەوتە سیاسی و رێکخراوەیی و مەعنەوەییەکانی سەردەمی کاک نەوشیروان. کاک نەوشیروان، هەرچەندە درەنگ بو، لە دوا قۆناغەکانی ژیانیدا زۆر واقیعیانەتر هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو تاقمە دەسەڵاتدارەی ئێستا دەکرد، دانی دەنا بەوەدا کە لە چەند پرسێکدا پەلەی کردوە و لە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو جۆرە کەسانە کورتی هێناوە. پرسیارە بنەرەتیەکە بۆ زۆربەی خەڵک و گۆرانخوازە رەسەنەکان ئەوەیە: بۆچی کاک نەوشیروان، سەرەرای ئەو هەڵسەنگاندن و تێبینیانەی لە سەر ئەو دەسەڵاتدارانەی ئێستای گۆڕان، ئەو دەرفەتەی رەخساند کە رێگەخۆشکەر بو دوای نەمانی خۆی جڵەوی بزوتنەوەکە بگرنە دەست؟ وێرای ئەوەی بە درێژایی ٣٠ تا ٣٥ ساڵ زۆربەیانی دەناسی، لە خەباتی نهێنی و شاخ و سەردەمی حوکمرانیدا لە نزیکەوە لە کردار و رەفتار و خواستە رەوا و نارەواکانیان بە ئاگابو، لە چەندین نوسینی خۆیدا ئاماژەی بەو واقیعەش کردوە، بەڵام بۆچی گروپی راوێژی بەو شێوە نارون و کراوەیە دروستکرد؟ بۆچی گروپێکی بێگەردی بەئەمەک و رۆشنبیر و خاوەن دیدگای دروست و گۆرانخوازانەی نەکردە پێشەنگی بەرنامە و ئەرکەکانی گۆڕان؟ بۆچی بەشێکی مومتەلەکاتی کۆمپانیای وشەی لە سەر وارسەکانی تاپۆ کرد، دوای وەفاتی ئەو پرسە قۆزرایەوە بۆ جۆشدانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە ناو گۆڕاندا؟ پاش چاوخشاندنەوەیەکی ورد بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت و نامەکانی زۆربەی وێستگەکانی کارکردنی کاک نەوشیروان لە گەڵ ئەو کاراکتەرانە لە ناو یەکێتی و باڵی ریفۆرم و گۆڕان گەیشتومەتە ئەو باوەرەی کە ئەو تاقمە لە هاوکارەکانی کە ئێستا گۆڕان بەرێوەدەبەن لە بێزاری و بێ دەسەڵاتی و پشتگوێخستنیان لە ناو یەکێتیدا پەنایان بۆ گۆڕان بردوە، بۆیە هاتنیان بۆ ناو گۆڕان لە ناچاریەوە بو، ئێستاش بەشێکیان بە توندی پەنجەی پەشیمانی دەگەزێنن و بەجێهێشتنی یەکێتی بە هەڵەی کوشندەی ژیانی سیاسیان هەڵدەسەنگێنن. نیەتی راستەقینەی ئەم تاقمە لە ساتە سەرەتاییەکانی یاداشتە یاخیبونە ناودارەکەی نەوشیروان مستەفا و چەند بەرپرسێکی ئەو سەردەمەی یەکێتی بۆ مام جلال دەرکەوت. زۆربەیان بۆ خاتری ئیمتازات و گیرڤان و دەم چەورکردن لە ناو یەکێتیدا نقەیان لێوە نەدەهات، بەشێکیشیان هەر زۆر زو لە پشتگیریکردنی یاداشتەکە پەشیمان بونەوە و کەوتنە کروزانەوە و پارانەوە لە مام جلال، تەنانەت تێیاندا بو جاسوسی بەسەر ئەو ئاراستە یاخیبوەی ناو یەکێتییەوە دەکرد و ئارەزومەندانە زانیاری و هەواڵەکانی بۆ بەرەکەی تر نەقڵ دەکرد، ئێستاش لە لوتکەی دەسەڵاتی گۆڕاندا خۆی وەک قەڵغانی چاکسازی عەرز دەکات. هەر لەو تاقمەدا تێیاندا هەبو یەکێتی بە ئیمتیازاتی چەند سەد هەزار دۆلار لە ساڵێکدا قرو قەپی پێکردبون، بە تەجاوز و پێشێلکردنی یاسا موڵکی گشتیان بە بەهای چەندین ملیۆن دۆلار داگیر کردوە. کاتێک کاک نەوشیروان لە گەڵ هاورێ دێرینەکانی، ملازم عومەر، قادری عاجی عەلی، سالار عەزیز و چەند کەسایەتیەکی تر کاری جدیان بۆ دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرد، زۆربەی تاقمی دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان بە دودڵی و نارونی و گومان و بەشێکیشیان بە پاشکۆیەکی گەندەڵەوە لە بەردەم قاپی کاک نەوشیرواندا وەستابون. پێشتر بەرێزێک کە ئەندامئ جڤاتی نیشتمانی بو لە زنجیرەیەک وتاردا بە وردی تیشکی خستۆتە سەر روداوەکانی ئەو سەردەمە. بۆچی کاک نەوشیروان قبوڵی کردن و چۆن مامەڵەی دەکردن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ناچارم، ئەوەندەی من بە ئاگابم، بۆ یەکەمجار راشکاوانە باس لە چەند کەم و کوری و هەڵە و خەسڵەتی تایبەتی کاک نەوشیروان بکەم، ئەم باسکردنە هیچ لە پێگە و بەها و کارە مەزنەکانی ئەو سەرکردەیە کەم ناکات، هاوکات سنورێکیش دادەنێت بۆ ئەوانەی لە سایەی بەرپرسیاریەتی لە ناو گۆڕانی ئێستادا ناخ و دەرونیان تەنراوە بە رق و کینە و تۆڵەکردنەوە لە کاک نەوشیروان، چونکە بە هەمو توانایەکەوە کاردەکەن ئەم دۆخە قێزەوەنەی ئێستای گۆڕان و رەفتاری نما و چیا بخەنە ئەستۆی کاک نەوشیروان، خۆشیان وەک فریشتەی گۆرانکاری و چاکسازی نمایش دەکەن. کاک نەوشیروان لە سەرەتای دروستبونی گۆڕان بۆ ململانێی سیاسی و پەرلەمانی پێویستی بە دەنگ بو، ئەو سەرکردە و کادرانەی یەکێتی و چەند لایەن و گروپی تر لەو سەردەمەدا کۆکەرەوەی باشی دەنگ بون. ئەم ستراتیژە ( گۆڕان حزبی دەنگدەرە) لە سەر حسابی بوارەکانی فکری و رێکخراوەیی گۆران کرا، دواتر بە خراپی بە سەر گۆڕاندا شکایەوە. کاک نەوشیروان لە گەڵ هەڵکشان و داکشانەکانی سیرەی ژیانی سیاسی و چەکداری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خۆیدا گەیشتبو بە وێستگەیەک، وێستگەیەک مەخابن بەهۆی نەخۆشیەکەیەوە چەقی بەستبو و دەرفەتی بەرەوپێشچونی لە لایەن خۆیەوە زۆر زۆر لاواز بو. ئەم وێستگەیە ( دڵنیایی، قەناعەتی تۆکمە، دیدگای رون و ئارامی رۆحی و فکری ) وای لێکردبو بۆ هەڵسەنگاندن و بریارەکانی ئەوەندە پێویستی ئیلزامی بە دەرەوەی خۆی نەبێت، ئەوانەی نزیک بون لێی دەرکیان بە هۆکارە تایبەت و نەبینراوەکانی ئەم جۆرە دابرانە دەکرد، هەرچۆنێک بێت دوری و دابرانەکە کاریگەری نەرێنیان لە سەر دۆخی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان کرد. ئەم جیهانە تایبەتەی کاک نەوشیروان ناکۆکی و ململانێ و پێکدادانی لە گەڵ دەرەوەی ئەو جیهانە بۆ دروست دەکرد، لە گەڵ ئەوەشدا بەردەوام بە دوای بۆچون و قەناعاتی کەسانی تردا دەچو بۆ دەوڵەمەندکردنی جیهان و تێرامانەکانی خۆی. ئەم پارادۆکسە فکری و سیاسیە ( بە دابراندن، بێ منەتی و هاوکاتیش پرسیارکردن و گوێگرتن لە دەوروبەرەکەی وەسف کراوە) یەکێک لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانی کاک نەوشیروان بوە، لە ژیانی سیاسیش‌دا راستگۆیانە و بە وردی پێرەوی کردوە و بەرێوەشی بردوە. کاک نەوشیروان پێی وابو مرۆڤ بەرد نیە و قابیلی گۆرانکاریە، باوەری توندی هەبو کە هەستکردن بە دیاردەکانی ژیان و سروشت بنەرەتیە بۆ گەشەکردن بۆ ئاستی رۆشنبیری و مەعریفە و ئاشنابون بە سنورەکانی نێوان چاک و خراپ، بە واتایەکی تر سەرپشکبونی تاکی کەس تا بژاردەی دروستی خۆی بکات. لەم دیدگایەوە هێلی سوری بەسەر زۆربەی دۆست و هاورێ و هاوکارەکانی نەکێشاوە، لەو باوەرەدا بو وێرای چەند خەسڵەتێکی نەرێنی دەوروبەرەکەی بەڵام هەڵگری نیەت و تۆوی کاری چاکەشن، تەنانەت هەڵسەنگاندنی بۆ رکابەرە سیاسیە بەهێزەکانیشی لە گۆرەپانی کوردستان لەو روانگایەوە دەکرد. ئەم تێرامان و مامەڵەکردنە پارادۆکسە چەندین جار هۆکار بوە کە بەشێکی ململانێکانی خۆی لە گەڵ بەرامبەر و رکابەر و هاورێ و هاوکارەکانیدا لە هەڵکشان و داکشاندا بون و بە کراوەیی ماونەتەوە، جاریش هەبوە بە هۆیەوە دوچاری شکست و پاشەکشە بوە. لەو روانگایەوە هەڵسەنگاندنی بۆ هاوکارەکانی دەکرد، دەرفەتی پێدەدان و دەرگاکانی بە رویاندا دانەخستبو، تا نزیکەی ساڵێک پێش ماڵئاوایی بەم شێوازە مامەڵەی لە گەڵ دەکردن، زیادە بۆ ئەم هەڵسەنگاندنەشی لە بوارەکانی هەڵسورانی سیاسی و کارگێریەوە پێویستی بەو هاوکارانەی هەبو. شێوازی گشتگیریانەی تێهەڵکێشکردنی قەناعەتی زاتی خۆی لە گەڵ پێویستی پێیان هەڵە بو، چونکە دەبوا لە گەڵ جیاوازی توانا و شارەزایی و لێهاتویی و پێگە و نیەتی نزیکەکان لێی مامەڵەیەکی واقیعیانەی بکردایە، ئەو تێکەڵاوکردنە لە ئەرزی واقیعی گۆڕان لە کوردستان بەردەوام وەک لەمپەرێک رێگربو لەوەی بزوتنەوەی گۆران ئارام و جێگیر و ئاراستە چەسپاو بێت، ئەم راستیە لە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم و مەسیری لەو کابینەیەدا و لە حکومەتە لۆکالیەکان بە زەقی بەرچاو کەوتن. خۆی بە " فەوزای مونەزەم" ناوی دەبرد، دەیگوت دەتوانم ئەو دۆخە رابگرم و بەرێوەشی ببەم، گەر وانەکەم تەکەتولچیەکان سەر بەیەکەوە دەنێن و دەکەونە تەکەتولگەری و ناوچەگەری، لەم روەوە ئەزمونی زۆر تاڵم هەیە. سەرەرای ئەم واقیعە لە بەرامبەریدا کاک نەوشیروان بایەخی پێویستی بە دامەزراوە باڵاکانی تری گۆڕان و فراکسیۆنەکان نەدەدا، تا دوا ساتەکانی ژیانیشی نەیدەویست هەڵبژاردن بۆ خانەی راپەراندن بکرێت، لە لاکەی تریشەوە جڤاتی نیشتمانی و ژورەکانی گۆران، تایبەت لە دوری خۆی لە وڵات، بوبونە پاشکۆ و ئۆرگانی بێدەسەڵات و لە فراکسیۆنەکانیش دیاردەکانی تەکەتول و لێکترازان سەریان هەڵدابو. بە کورتی ژیانی دامەزراوەیی لە ناو گۆڕاندا بە روکەشی جوان بەرچاو دەکەوت، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا لاواز و دابراو لە یەکتر و چەقبەست بو. هەستیارترین دامەزراوەکانی گۆڕان، راگەیاندن، کارگێری و دارایی و پەیوەندیەکان، پشکی شێریان لەو دیاردانە بەرکەوت. زۆر لە سەرکردە و بەرپرس و هەڵسوراوانی گۆڕان کە ماوەیەکە دورکەوتونەتەوە و ماڵئاواییان لە بزوتنەوەی گۆڕان کردوە بەردەوام بە لێدوان و نوسین و پرۆژە کاک نەوشیروان یان لە نیگەرانی و بۆچونەکانی خۆیان ئاگادار دەکردەوە، لە نەبونی دامەزراوەیەک بۆ بە دواداچون و هەماهەنگی کۆی گشتی ئەو هەوڵانە مەبەستی خۆیان نەپێکا. دوری و نەخۆشیەکەی لە لایەک و لە لاکەی ترەوە رەفتار و هەڵوێستی چەند هاوکارێکی لە ئەرزی واقیعدا گۆڕانیان بەرەو هەڵدێری زیاتر دەبرد. لەم دۆخە نالەبارەدا کاتێک یەقین بو کە ماڵئاواییەکەی نزیکە و دەشیزانی جێگرەوەیەکی گونجاو دوای خۆی وا بە پەلە ساز ناکرێت، بە مەبەستی دانانی سنورێک بۆ زیاتر تێکنەچونی دۆخەکە هەستا بە هەمان کەرەستە گروپی راوێژی دروستکرد. هەرچەندە بریارەکەی لە ناچاریەوە بو، بەڵام زیادە بۆ لاوازی دامەزراوەکانی گۆڕان، پێكهاتە و نارونی دەسەڵاتەکانی گروپەکەش هەڵەیەکی گەورە بو. گروپەکە مونسەجم نەبون، لە سەرەتادا بەشێکی گروپەکە، ئەوانەی قۆرخی دەسەڵاتیان بە سەر جڤاتی نیشتمانیدا کردبو، بریارەکەیان بە دڵ نەبو و بە بچوککردنەوە و تەحجیمکردنی دەسەڵاتەکانی خۆیان دەزانی. کاتێک تێگەیشتن کاک نەوشیروان گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی ئایندەی گۆران بداتە دەست ئەو کەسانەی لە سەرەتای دروستبونی گۆڕانەوە لە گەڵیدا بون و شوێنی متمانەی ئەون، ئەو تاقمە کەوتنە خۆیان و سنوری ئەرکی راوێژکردنیان بەشێوەیەک بەزاند کە گۆڕان یان کردە گۆرەپانی ململانێی شەخسی و پلانگێری و تەکەتولچیەتی و ناوزراندن. کاک نەوشیروان لە لەندەنەوە چاودێری دۆخەکەی دەکرد، دەیزانی ئەو تاقمە ژێر بە ژێر راسپاردە و رێنماییەکانی بە جدی وەرناگرن، ( بێگومان ئەم راستیە چەند بەڵگە و دۆکیۆمێنت پشتراسی دەکەنەوە و چەند ئەندامێکی پێشوی جڤاتی نیشتمانیش لێی بە ئاگان) بۆیە راشکاوانە دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و بەرێوەبردنی گۆڕان بە کەسایەتی و دۆستێکی نزیکی خۆی کە لە ناو گروپەکەدا بو، قادر حاجی عەلی، دا، یەکسەر دوای ئەمە تەکەتولە ناودارەکەی ناو گروپەکە کەوتنە خوێندن لێی و دروستکردنی کێشە و ئەستەنگ بۆی، کاک نەوشیروان لە حزوری دەیان هەڵسوراوی گۆران لە بەریتانیا کە سەردانیان دەکرد بێزاری خۆی لەو رەوشە دەردەبری. زیادە بۆ ئەمەش بەشێک لە بەدواداچونی دۆخەکەی لەو دوریەوە دابوە دەستی نما، ئەمەش هەنگاوێکی دروست نەبو، دەیتوانی دەستەیەکی هەماهەنگی لە وڵات دروست بکات کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لە گەڵیدا، نەک وەک رویدەدا هەر رۆژە راوێژکار و بەرپرسی ژورێک بە مزاج و هەڵسەنگاندنی خۆی پرسەکانی بە رێکخەری گشتی دەگەیاند. گرەکوێرە گەورەکەی کاک نەوشیروان لەو ساتانەدا ئەوەبو لە ئەڵتەرنەتیڤەکانی بەردەمیدا ئەوەی بەلایەوە ئاسانترینیان بو بژاردە کرد، ئەڵتەرنەتیڤەکانی تری بەلاوە نان. سەرەرای ئەوەی ئەم بژاردەیە گەلێک زەمینەی مێژویی و وەفایی و عاتیفی لە خۆ گرتبو، بەڵام بژاردەیەکی پەلە بو بێئەوەی لێکەوت و ئاکامە چاوەروانکراوەکانی ورد بکرێنەوە. لەو قەناعەتەوە نامە ناودارەکەی بۆ پێکهێنانی خانەی راپەراندن نوسی کە دوای وەفاتی بەشێکی لە جڤاتی نیشتمانی خوێنرایەوە، ئەو تاقمەش بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان بەشێکی گرنگی داواکاری کاک نەوشیروان یان لە نامەکەدا پشتگوێخست، بۆیە بە گشتی خانەیەکی راپەراندنی ئیفلیج و لێکترازاو و تەنراو بە رۆح و نیەتی تەکەتول و خۆسەپاندن دەسەڵاتی گرتە دەست. دواتر لە ئاکامی ئەم رەوشە و کاتی گەیشتن بە قەناعەتی تەواو کە راستکردنەوەی گۆڕان و هێنانەوەی بۆ سەر رێرەوە رەسەنەکەی لە سایەی ئەو عەقڵیەتە خۆسەپێنەرەدا و پاش ئاشکرابونی دەسەڵاتی رەهای پشت پەردەی نما و چیا، عوسمان حاجی محمود و زیاتر لە دە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی دەستیان لە کار کێشایەوە و هەندێکیشیان ماڵئاواییان لە گۆڕان کرد، لە سەر ئاستێکی بەرفراوانیش لە وڵات و دەرەوەی ئاراستە نارەزاکان سەریان هەڵدەدا. کاک نەوشیروان پشتگیریەکی زۆری نەوەی گەنجی ناو گۆرانی کرد، زۆربەی پێکهاتە و بەرپرسیاریەتی دامەزراوە و ژورەکان و فراکسیۆنەکانی گۆڕان و چەندین پلەی باڵای حکومی پێدان. گونجاو نیە لێرەدا ناویان ببرێت، بەڵام بۆ مێژو دەبێت دواتر هەر باسیان بکرێت. لە گەڵ یەکەم پێکدادانی نێوان ئەم توێژە و نەوە موخەزرەمەکە توانی هاوسەنگی نێوانیان راگرێت، بەرپرسیاریەتی بەشێک لە دامەزراوەکانی ناو و دەرەوەی گۆڕانی بە گەنجەکان راسپارد و بەشێک لە دێرینەکانیشی وەک بازنەکانی دەسەڵات لە دەوریان دانا. کاتێک لە وڵات دورکەوتەوە و چاودێری خۆی نەما دۆخەکە بوە بەڵایەکی بێزارکەر بە سەر گۆڕانەوە، تاقمە موخەزەرمە تەکەتولچیەکە کەوتنە تەکەتولگەری و ناوچەگەری و دەست تێوەردان لە ئەرک و کارەکانی ژور و فراکسیۆنەکان، بونیادی بزوتنەوەکەیان بەو دیاردانە هەراسان کرد. هاوکاتیش بەشێک لە گەنجەکان لە غیابی کاک نەوشیروان و لاوازی زەقی ژوری حکومەت و پەرلەمان و نەبونی لێپرسینەوە و سزادان کەوتنە داوی گەندەڵی و بێ وەفایی و لق و پۆپ هاویشتن بۆ پەیوەندیە لاوەکی و نارەواکان. رۆژ دوای رۆژ زەنگی هزری گۆرانکاری و گۆرانبونی رەسەن لە گردەکە کزتر دەبیسترا، ئێستاشی لە گەڵدا بێت مێشێک میوانی جدی دەسەڵاتدارانی گۆران نەبوە. نزیکەی چوار مانگ پێش وەفاتی لە لەندەن چاوی بە هەندێک لە هاوکار و دۆستە دێرینەکانی کەوت، لەو دانیشتنانەدا ئەوەی لە ناخ و دەرونیدا کەڵەکە بوبون راشکاوانە و راستگۆیانە پێی گوتن، ئاشکرایە یەکێک لە خاڵەکانی ئەو دانیشتنانە مومتەلەکاتی گۆڕان و کۆمپانیای وشە بوە. کاک نەوشیروان وەفاتی کرد، زۆربەی روداوەکانی ناو گۆڕان دوای ئەوە لای خەڵک ئاشکرایە، یەكێک لەو بابەتە گەرمانە ئەو میراتگیریەیە کە بۆ وارسەکانی کاک نەوشیروان ماون. بۆ خۆم قەناعەتی تەواوم هەیە کاک نەوشیروان وەسیەتی دەرباری موڵکە گشتیەکان کردوە، ئەوەی دەبوا کاک نەوشیروان بیکردایە ئاشکراکردنی خواستی خۆی بو دەرباری ئەو موڵکە گشتیانە و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان تا لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بمێننەوە، تا دوای وەفاتی خۆی کەس نان و پیازی پێوە نەخوات. یەکەم کەسەکان بەشێک لەو تاقمە دەسەڵاتدارە بون ئەوەیان کرد، نما و چیاش لە دوا مەتافدا بێدەنگیان هەڵبژارد، دەسەڵاتدارانی گۆڕانیش ئەم دۆخەیان بەدڵە چونکە لە سایەیدا تەمویلی بەردەوامبونیان لە لوتکەی گۆڕاندا بۆ کاتێکی دیاریکراویش بێت مسۆگەر کردوە. کاک نەوشیروان ترسی هەبو کۆمپانیای وشە وەک دامەزراوە بازرگانیەکانی هێزەکانی تری لێبێت و بەرپرسان کۆنترۆڵی بکەن، دەکرا بۆ رەوینەی ئەم ترسەی بە رێکاری یاسایی چارەی بکردایە. کۆی گشتی ئەم روداوانە گۆڕانیان هێنایە ئاستێکی نزمی بێ متمانەیی و دورکەوتنەوەی زۆربەی جەماوەرەکەی لێی. ئەوەی ماوەتەوە ئەو تاقم و گروپانەن کە دەیانەوێ لە سایەی ناوی گۆڕان و حوکمرانی و مەزاری کاک نەوشیرواندا پێگە و دەسەڵات و دەسکەوتی تایبەتیان دەسکەوێت. بۆ خۆم لەو باوەرەدام لە سایەی ئەم دەسەڵات و دۆخەدا تروسکاییەک ئومێد بە چاکبونی دۆخی گۆران نەماوە، هاوکاتیش باوەری توندم هەیە کە دەیان هەزار خەڵکی دڵسۆز و بەئەمەک بە هاندەری نەستۆلژیای جاران دەرواننە مەزاری کاک نەوشیروان و رێبازەکەی. کاتێک ئەو دڵسۆزانە بتوانن بەو رێگە و شێوازەی بە کاریگەر و یەکلاکەرەوەی دەزانن خزمەت بە قەناعەت و بیر و باوەری خۆیان بکەن، بێگومان دەبنە بەشێک لە ئیرادەی چاکسازی لە ژیانی سیاسی و حوکمرانی باشور، بە پێچەوانەوە بە سەریەشە و نائومێدیەوە لە بازنەیەکی داخراودا دەسورێنەوە. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ رونکردنەوەیەکی پێویست: ماوەیەکە سەرقاڵی ئەم نوسینەم، پێش ئەوەی بە وردی دایرێژمەوە ناردم بۆ سایتی درەومیدیا، لە گەڵ سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ بەریوەبەر و کارمەندانی سایتەکە کە بڵاویان کردەوە، لێرەدا ئەم دەقە بە دارشتنەوەیەکی دروستری روداوەکان دەخەمە بەرچاوی خوێنەرانی بەرێز. بە داوای لێبوردنەوە لە هەر کەسێک لە دەقی یەکەم هەستی بە ناهەقی و نادروستی دەستەواژە و دەربرینەکانی من لەو نوسینەدا کردبێت.
د.جەعفەر عەلی (٢-٢) دەوڵەتی عیراق بەرەو کوێ؟ ئەرکی گرنگی دەوڵەتی عیراق لە ئێستادا، بریتییە لە هەوڵدان بە ئاراستەی بەهێزکردنی ئەو رەگەز و بنەما سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی، کە دەچنە خزمەتی دروستکردنی شوناسی هاوبەشەوە، شوناسی عیراقیبوون. نزیک بە ١٠٠ ساڵە گەورەترین پرسیار لەسەر ئەم شوناسی عیراقیبوونە هەیە، هەموو ئەوانەی لە چوارچێوەی سنوری ئەم دەوڵەتەدا دەژین لە رووی قانوونییەوە عیراقین، بەڵام لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، لەسەر ئەرزی واقیعدا، شوناسێک بە ناوی عیراقیبوونەوە، بوونی نییە. ئەرکی دەوڵەتە لە ئێستادا ئەو سەرزەمینە دروستبکات، کە هەمووان بە جیاوازی نەتەوەیی و دینی و مەزهەبییەوە لە نێویدا هەست بە ناسنامەی هاوبەشی عیراقیبوون بکەن، ناسنامەیەک کە لە دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە، نە کورد و نە شیعە تیایدا بەشداری راستەقینە نەبوون. لە فەلسەفەی سیاسی‌دا، "گەل" دوو مانای جیاواز دەدات، یەکەم لە ئاستی کۆمەڵایەتی، دووەم لە ئاستی سیاسی. مەبەست لە یەکەم کۆمەڵێک خەڵکن، کە لە چوارچێوەی سنوری دەوڵەتێکدا دەژین، لە هەر رەگەز و پلەیەکی کۆمەڵایەتی و نەتەوە و دین و مەزهەبێک بن، بەڵام مانای سیاسی، گوزارشتە لە ماف، مافی بەشداری سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەو مانایەی "گەل" دەبێ مافی لە دەسەڵات و بەشداری سیاسی‌دا هەبێت، ئەوەش هەر ئەو شتەیە، کە پێیدەگوترێت، مافی هاوڵاتیبوون. لە مێژووی سیاسی دەوڵەتی عیراقدا تا ساڵی ٢٠٠٣ (بێگومان بە جیاوازی رۆژگاری دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم)، کورد و شیعە بەشێک بوون لە "گەل"، بەڵام تەنها بە مانای کۆمەڵایەتی، نەک سیاسی. ئەم دوو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە، هەمیشە مافی چالاکی سیاسی و بەشداری سیاسی کارا و راستەقینەیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی‌دا، رووبەڕووی سانسۆری دەسەڵاتی دەوڵەت بووەتەوە، تەنها ئەو کاتە نەبێ کە چالاکی و هەڵسوڕانی سیاسی‌یان چووبێتە خزمەت ئەجێندای عەرەبی سوننە، یان ئایدیۆلۆژیا و سیاسەتی دیسپۆتیزمی دەوڵەتەوە. ٨٠ ساڵ لە حوکمی عیراق تا کەوتنی سەدام، لە کەوتنی سەدامیشەوە تا ئێستا، بریتییە لە پرۆژەی بونیادنانی گەلانی عیراق لەسەر "هیچ". لێرەوە ئەو ململانێ و بە یەکدادانە نەبڕاوەی نێو مێژووی عیراق درێژەی دەبێت، کاتێک پێکهاتەکانی دی ئامادەنین نە خۆیان بە دەستەوە بدەن و دیسپۆتیزمی دەوڵەت قبوڵ بکەن، نە دەستبەرداری ناسنامەی تایبەت بە خۆشیان دەبن، کە تەواو جیاوازە لەو ئایدیۆلۆژیا و ناسنامە سیاسییەی، کە فەلسەفەی دەوڵەتی لەسەر دامەزراوە. لەو رۆژگارەوە تا بە ئێستا دەگات، "گەلانی عیراق" بە مانای کۆمەڵایەتی هەرچی زیاتر مەیلیان بە لای رووکردنە ناسنامەی لۆکاڵیبووندا بەهێزترە، ئەگەر ئەو ناسنامەیە ئیتنیکی، یان مەزهەبی بێت. لە دوای کەوتنی سەدامەوە، ئەم دیمەنە دەتوانرێ روونتر ببینرێت، کاتێک سوننەکان بە توندی هەوڵی گەڕانەوە بۆ ناو جوگرافیا و خەیاڵ و فەزای سیاسی سوننە دەدەن، بە هەمانشێوە کورد و شیعەش مەیلی بەهێزیان بە لای ناسنامەی تایبەتی خۆیان و جوگرافیای لۆکا‌ڵی خۆیانەوە هەیە، نەک جوگرافیای نیشتیمانی و عیراقیبوون. دەسەڵات لە هەر پێکهاتەیەک بێت، ئەوانیدی وەک مەترسی بۆ سەر ناسنامەی تایبەت و بەرژەوەندییەکانیان سەیری دەکەن، هەمووان وەکیەک گومانی گەورەیان لە دەسەڵات و هێزی دادپەروەری و پاراستنی بەرژەوەندییە جیاوازەکان لە دەسەڵات هەیە، بۆیە لە بری بەهێزکردنی دەسەڵات، خەریکی بەهێزکردنی ناسنامەی لۆکاڵیبوونن. ناسنامەیەک، کە ئەویش تا رادەیەک لە خۆپێشاندانەکانی ئێستای عیراقدا، روو لە کەرتبوون و دابەشبوونە. ئەم دابەشبوونی ناسنامە لۆکاڵییانە زیاتر لەو کاتانەدا گوزارشت لە بوونی خۆیان دەکەن، کە خودی ناسنامەکەیان لە بنەڕەتدا لەلایەن ناسنامەیەکی لۆکا‌ڵی دیکەی جیاوازدا لەبەردەم هەڕەشە و پەلامارداندا نەبێت. کۆی پرۆسەی دیموکراسی لە عیراق لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥وە تا ئێستا، گەواهیدەری ئەو راستییەن، کە سیاسی عیراقی، حیزبی عیراقی، گەلانی جیاواز و دین و مەزهەبە جیاوازە عیراقییەکان، هێزی متمانە بە یەککردنیان تا ئاستی بێمتمانەیی تەواو رۆیشتووە، ئەمەش وایکردووە توانای تێپەڕاندنی شوناسە لۆکاڵییەکانی خۆیان و بوون بە بەشێک لە شوناسی عیراقیبوونیان نەبێت، هێزی ئەوەیان نییە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە لە ناو بۆتەی ناسنامەیەکی هاوبەشدا، کە ماف و ئازادی و بەرژەوەندی و کەرامەتی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت، کۆببنەوە، کە ناسنامەی هاوڵاتیبوون و عیراقیبوونە. عیراقی بێ شوناس لە بەرامبەر ناڕەزایەتی شەقامدا عیراق ماوەیەکە لە بەشێکی گرنگ لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوریدا، رووبەڕووی ناڕەزاییەتییەکی جەماوەری بەرفراوان بووەتەوە. ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عیراقی بە پلەی یەکەم خەسڵەتی جەماوەری بەسەردا زاڵە و پێناچێ هیچ حیزب و کەسایەتییەکی سیاسی، یان ئایینی، رۆڵی راستەوخۆ و گرنگی لە دروستکردنیدا بووبێت. بەڵام وردە وردە لەگەڵ درێژەکێشانی ناڕەزایەتییەکان، ئەو هەوڵانەش روونتر دەبینرێن، کە مەبەستیانە خاوەندارێتی سیاسی لە جوڵەی شەقام بکەن، تایبەت لەلایەن رەوتی سەدرەوە. خۆپێشاندانەکان لە ئاستی ناوەوەدا، داواکارییەکانی روو لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و رەچاوکردنی لانیکەمی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە لە دابەشکردنی سامان و داهاتی عیراق بەسەر هاوڵاتیانیدا، وێڕای سزادانی گەندەڵکاران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ژیانی بە ناوچە جیا جیاکانی عیراق. لە یەکەمین بەیاننامەشیاندا لە ٢٨ی ئەم مانگەدا (ئۆکتۆبەری٢٠١٩)، خۆپێشاندەران داوای هەڵوەشانەوەی سیستەمی پەرلەمانی و دامەزراندنی ئەنجومەنی پیاوماقوڵان (مجلس شرفا‌و) و کارکردن بە سیستەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکەن، کە بە یەکێک لەو خاڵە جەوهەریانە دادەنرێت، کە لە رووی ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی سیاسی عیراق رووبەڕووی دەسەڵاتدارانی عیراق دەبێتەوە. لە بەرامبەر داوای خۆپێشاندەراندا، حکومەت و پەرلەمان چەند بڕیارێکیان بە قازانجی باشکردنی ژیانی گشتی هاوڵاتیان دەرکردووە. بەڵام دەبێ ئەو راستییە بزانین، چەندیش خۆپێشاندانەکان دوور لە رۆڵی راستەوخۆی کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان، تەنانەت حیزبەکانیش، سەریهەڵدابێت، پێناچێت لە درێژەکێشان و بەردەوامبوونی بۆ کاتێکی درێژتر، بەمجۆرە و دوور لە دەستێوەردانی پیاوانی سیاسی و ئایینی و مەرجەعی باڵای شیعەدا بمێنێتەوە، تایبەت کە وردە وردە جیاوازی هەڵوێستی ئەو کەسایەتی و لایەنە سیاسییانە دەرهەق بە کۆی گشتی دۆخەکە و چارەنوسی حکومەت روونتر دەبێتەوە، ئەوە وێڕای ئەوەی، کە گومانی گەورە لە بوون و ئامادەبوونی ئەجێندای دەرەکی و ناوچەیی هەیە لە دەستێوەردان و ئاراستەکردنی شەقامی عیراقی‌دا. هەمووان دەزانین، ئەمریکا و ئێران لە ململانێیەکی تونددان، هەر یەک لەم دوو وڵاتەش ئامادەیی سیاسی و دیپلۆماسی، تەنانەت سەبازیشیان لە عیراقدا هەیە، هەردووکیشیان بەسەر رەسمکردنی ئاراستەی بڕیاری سیاسی بەغداوە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کاریگەری گەورە و بەرچاویان هەیە. بە مانایەکی دی ململانێی نێوان ئەم دوو هێزە و هاوپەیمانەکانیان لە بری جوگرافیای وڵاتەکانیان، خەریکی درێژەپێدانی ململانێکانیانن لەسەرزەمینی وڵاتانی دیکەی وەک عیراق، سوریا، یەمەن و لوبنان، وەک دەگوترێ ئێران لە ئێستادا جگە لە تاران، ناڕاستەوخۆ حوکمی چوار پایتەختی دیکەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، کە (بەغدا و دیمەشق و بەیروت و سەنعا)ن، بۆیە هەر ململانێیەک لەگەڵ ئێران، یان هەر هەوڵدانێک بۆ بێهێزکردنی ئێران، پێوستی بە بێهێزکردنی نفوز و ئەجێندای ئێرانی لەم پایتەختانەدا دەبێت، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، هەر جوڵەیەکی سیاسی، سەربازی، جەماوەری، دژ بە دەسەڵاتی یەکێک لەم ناوەندانەی نفوزی ئێرانی، راستەوخۆ دەبێتە جوڵە بە ئاراستەی لێدانی ئەجێندای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی تاران، بۆیە جوڵەی ئێران دژ بە هەر جوڵەیەکی لەمجۆرە، بابەتێکە بۆ سەلماندنی پێویستی بە بەڵگە و گەڕان بە دوای جۆری موشەک و جل و بەرگ و کەرەستەی سەربازییەوە نییە. لە ئێستای خۆپێشاندانەکانی عیراقدا، ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکانی لە وێنەی مالکی، عەبادی، سەدر و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان... وێڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ داواکارییەکانی شەقام، داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و سڕکردنی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیش دەکەن، لە کاتێکدا بەشێک لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت و ژمارەیەک دەزگای میدیایی و بارەگای بەشێک لە حیزب و میلیشیا چەکدارەکان کەوتووەتە بەردەم شاڵاو و پەلاماری خۆپێشاندەران و زیانیان پێگەیاندوون. روونە کێشەی شەقامی عیراقی لە ئێستادا بە تەنها پەیوەندی بە نەبوونی شوناسی هاوبەشی عیراقیبوونەوە نییە، ئینتیما بۆ عیراقیبوون، هێزی چارەسەرکردنی گرفتە بونیادییەکانی هاوڵاتی عیراقی نابێت. رەنگە هەر لە بنەڕەتدا نەبوون و دروستنەبوونی ئەو ئینتیما هاوبەشە، پەیوەندی بەوەوە هەبێت، کە ئینتیمای هاوبەش، ئینتیما بۆ جوگرافیایەکی تایبەت و دەوڵەتێک، پەیوەندی بە جۆری مامەڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جۆری ئەو خزمەتگوزارییانەوە هەبێت، کە ئەم دەوڵەتە پێشکەشی هاوڵاتییەکانی خۆی دەکات، پەیوەندی بەو رێزگرتنەوە هەیە کە دەسەڵاتی سیاسی بۆ هاوڵاتییەکانی دابین دەکات و بەها و کەرامەتی مرۆییان دەپارێزێت، ئازادی و مافی بەشداری سیاسی‌یان بۆ دەڕەخسێنێ و دادی کۆمەڵایەتیان بۆ فەراهەم دەکات. ئینتیما کاتێک دروستدەبێت، کە هاوڵاتی هەست بکات، لە چوارچێوەیەکی قانوونی پارێزراودا دەژی، سامانی نیشتیمانی بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر هاوڵاتییەکانیدا دابەش دەکرێ و هەمووان لەبەردەم یاسادا یەکسانن و... . کاتێک لە عیراقدا ئەمانە بوونیان نییە، گەڕان بە دوای ئینتیمای هاوبەشی عیراقیبوون وەک راکردن بە دوای سەرابی لێدێت. لێرەوە گرفتی شوناسی سیاسی هاوبەش، هەرچی زیاتر گەورەبوونەوەی قەبارەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانییەوە، هەستکردنێکی قوڵی هاوڵاتی عیراقی بە نامۆبوون، هەروەها هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی سیاسی ئەو کاستە سیاسییە جیا جیایانەی، کە بە خواستی دڵ و گیرفانی خۆیان و کاستەکانیان عیراق بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەبەن، وێڕای بەریەککەوتنی ئەجێندا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە بەغدا، هەموو ئەوانە و زۆر هۆکاری دیکەش، وا دەکەن، ئەگەر بەشێوەیەکی عەقڵانی لەم وڵاتەدا بیر لە چارەسەری سیاسی خێرا، لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، نەکرێتەوە، دوور نییە روو بە چارەنوسێکی پڕ لە توندوتیژی و خوێن هەنگاو بنێت.
لەتیف فاتیح فەرەج 1 خۆپیشاندانەكانی عیراق گەیشتونەتە دوا قۆناغ و ئیدی بڕوا ناكەم گەڕانەوە هەبێت ، مەگەر زەبرو زەنگ شەپۆلەكە رابگرێ ، هەڵبەت لە دۆخی عیراقیشدا زەبرو زەنگ لەم ئاستەی ئێستای تێناپەڕێت ، تا ئێستا 104 كوژراو‌و 6100 بریندار هەن ، بەڵام توڕەیی خەڵك رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و بەڵێنی چاكسازیەكان لە توڕەیی و هاواری خەڵكی كەم نەكردوەتەوە ، ئیتر گەیشتوەتە ئەو شوێنەی سەندیكاكان و رێكخراوەكان و پیاوانی كۆمەڵایەتی و پارلەمانتارانیش دێنە ریزی خۆپیشاندەرانەوە ، هەرچەند دەبێت ئەو راستیە بزانرێت كە پارلەمانتارانیش بەشێكی سەرەكی ئەو گەندەاَی و نادادیەن . خۆپیشاندانەكانی عیراق بەتایبەت ناوچە شیعیەكان بە گشتی و بەغدا بە تایبەتی دەگاتە ئامانج ، ئەمە نەك لە بەر ئەوەی مەڕجەعیەتی شیعە لە گەڵیدان ئەگەر بەقسەش بێت ، یان سەنتەری خۆپیشاندانەكە بەغدایە ، كە هەردوكی خاڵی گرنگن ، لە بەر ئەوانە نا ، لەبەر ئەوەی حكومەت توانای چاكسازی ریشەیی نیەو چاكسازی ریشەیی بە كۆتای هاتنی ئەم دام و دەزگایە كۆتای دێت . 2 خۆپیشاندانەكەی بەغدا زۆر گرنگەو هۆیەكی سەرەكی دەبێت بۆ بە دیهاتنی خواستەكان ، هەمیشە پایتەخت سەنتەری گۆڕانكاریە، نا بێت ئەوەشمان بیر بچێت كە شارەكانی تریش بە تایبەت نەجەف و كەربەلا بایەخی خۆیان هەیە ، بێدەنگی ناوچە سونە نشینەكان و هەرێمی كوردستانیش هۆكاری خۆی هەیە ، هەرێمی كوردستان تەواوی خەڵكەكەی و رای گشتی هەرێم چاویان لە سەر رۆژئاوای كوردستانەو خەمی ئەو پارچەیە وای لێكردوە نەپەرژێتە سەر بینینی ئەوەی لە عیراق ڕووئەدات ، سونەش جگە لە بونی داعش لە ناوچەكەیان ، حەشدی شەعبیش وەك مڵۆزم بە سەر سەریانەوەیەو بواری هەناسەدانی ئازادانەیان نەماوە ، بەڵام بەسرەو پارێزگاكانی دیكە تا بەغدا بە لای كەمەوە 16 ساڵە چاوەڕێی چاكسازین ، لەو 16 ساڵەدا گەندەڵی بەرباد ، نادادی ، دزینی نەوت ، دزینی پارەی میلەت ، پڕۆژەی وەهمی ، تێكەڵكردنی بازرگانی و سیاسەت خەڵكی لە بن هێنا ، بەڵام كەڵەكە بوونی هەموو ئەمانە بۆ عەبدولمەهدی مایەوە ئەو پیاوەی كەمترین بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر ئەم دۆخە هەیە ، بۆیە تائێستاش دەست لە كار ناكێشێتەوە پێی وایە دەتوانێ گۆڕانكاری بكات ، كە ئەستەمە . 3 ئێستا ئیدی كاتی ئەوەیە سەرۆك كۆمار بە پێی دەستور هەنگاوی خۆی بنات ، لانی كەم بۆ ئەوەی عیراق بەرەو تاریكیەكی مەترسیدار هەنگاو نەنێت ، من بڕوام وایە دەكرێت بۆ ئەمە سەرۆك كۆمار لە تەك دوو سەرۆكایەتیەكەی تردا بە لێكتێگەیشتن عیراق لەو بار‌و دۆخە رزگار بكات ، گەر نا رەنگە سبەینێ نەتوانرێت ئەوەی ئەمڕۆ دەكرێت ، بكرێت . ئەوەشمان بیر نەچێت كە دیار نیە ئایندە چۆن دەبێت و ئەوانەی دەچنە سەر كورسیەكە چۆن دەبن .
زەبەنگ بەهادین له‌دوای گه‌رێكی خۆپیشاندان له چه‌ند مانگی رابردوودا له به‌غداد و هه‌ندێك له پارێزگاكانی باشور , له 25 مانگی ئۆكتۆبه‌ره‌وه بۆ جارێكی دی خۆپیشاندان سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه و له زۆرینه‌ی پارێزگاكانی باشوری عێراق به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان و به گوژمێكی زیاتره‌وه ده‌ستی پێكرده‌وه , زیاتر خۆپیشاندان ئه‌و پارێزگایانه‌ی گرتۆته‌وه كه شیعه نشینین , له پارێزگا سوننه‌كان هه‌ست به بوونی خۆپیشاندان ناكرێت به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو , به‌ڵكو ئه‌مجاره روو به‌روو بونه‌وه‌ی شیعه له‌گه‌ڵ شیعه‌دایه . ئه‌و پرسیاره‌ی لای زۆرینه‌ی شیكه‌ره‌وه سیاسی و چاودێره‌كان دروست بووه ئه‌م خۆپیشاندانه ئامانجی چی یه ؟ بۆ ده‌كرێ ؟ كێ له پشت ئه‌م خۆپیشاندانانه‌وه‌یه ؟ كێ سوود مه‌نده له‌م هه‌ڵا گه‌وره‌یه‌ی له عێراقدا دروست بووه ؟ ئه‌م پرسیارانه‌و چه‌نده‌ها پرسیاری دی كه شه‌قامی عێراقی خۆشی وه‌ڵامه‌كه‌ی به روونی نازانێ . به ووردبینی كردنی داخوازی خۆپیشانده‌ران ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێـته‌وه كه داواكاری خۆپیشانده‌ران زۆرتر له داواكاری كه‌سێتی نزیكتره وه‌ك ئه‌وه‌ی ستراتیژ و داواكاری كۆڵه‌كه‌ی بن بۆ بنیات نانی ده‌وڵه‌تی دیموكراسی و سیستماتیك , خۆپیشانده‌ران د‌رك به و گه‌مه‌یه ناكه‌ن كه له پشت ئه‌م یاریی یه گه‌وره‌یه‌وه ده‌كرێـت بۆیه ده‌بینی سه‌قفی داواكاری یه‌كانیان ساده‌یه و بنه‌مایه‌كی سیاسی و بنیات نه‌ری نی یه , له هه‌مان كات ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی په‌رله‌مان ناوێـتی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی دۆخه‌كه به ته‌نها دوور خستنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌یه له په‌رله‌مان خۆی و درێژ كردنه‌وه‌ی چنینه‌وه‌ی قاشه كێكی زیاتره بۆ خۆیان تا ماوه‌یه‌كی زۆرتر , ئه‌وه‌ی كێشه‌ی سه‌ره‌كی یه له عێراق په‌رله‌مان ده‌ستی بۆ نه‌بردووه كه خۆی له گه‌نده‌ڵێ و ته‌وافوقی سیاسی و به‌ش به‌شێنه‌ی حیزبی دا ده‌بینێته‌وه , هه‌م سه‌رۆك وه‌زیران هه‌م په‌رله‌مان به ته‌نها كار بۆ هێشتنه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن له پێشینه‌ی هه‌وڵه‌كانیان , له راستی دا ئه‌م دۆخه‌ی عێراقی پێدا تێده‌په‌رێت زۆرینه‌ی له خوڵقاندنی ئه‌و حیزبانه‌ن كه ئێستا نوێنه‌ریان له په‌رله‌مانه , ئه‌و حیزبانه ئه‌م دۆخه نا هه‌مواره‌یان دروستكردووه كه ئێستا خۆیان له ده‌سه‌لاتدان و سیاسه‌ت و دارایی ووڵاتیان به ده‌سته‌وه‌یه , په‌رله‌مان عێراقی نابێته واجیهه‌ی میلله‌تی عێراقی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بنه‌ماوه ته‌زویر و به‌ش به‌شێنه با وه‌رداری په‌رله‌مانه‌كه‌ی له‌ق كردووه بۆیه په‌رله‌مان به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان خۆی ده‌ستوری شكاندووه و تاكره‌وی ده‌سه‌ڵاتی گێراوه‌ته‌وه بۆ پارێزگار كه ئه‌ویش سه‌ر به هه‌مان ئه‌م حیزبانه‌یه . ئه‌وه‌ی ئێستا به دی ده‌كرێت سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لغاوی ئه‌م دۆخه‌ی بۆ راناگیرێ چونكه ئه‌وه‌ی كه روو ئه‌دات قورستره له‌وه‌ی كه به بریاری دارایی و لاوه‌كی چاره‌سه‌ر ببێت . دۆخی ناوخۆی عێراق زۆر جیاوازه له ناوچه‌كه , عێراق وه‌ك سووریا نی یه وه‌ك لوبنان و یه‌مه‌نیش نی یه , ئه‌م دۆخه‌ی له عێراق دروست بووه درێژه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه رووداوانه‌ن كه له پێشوودا روویان داوه , سه‌ره‌تا شه‌ر له نێوان سونه‌و شیعه له پاشان شه‌ر له نیوان شیعه و سوونه , ئه‌مه‌ی ئێستا روو ئه‌دات زور قورس‌تر و ترسناكتره ئه‌مه‌ی ئێستا شه‌ری نێوان شیعه‌ی عێراق و شیعه‌ی ئێرانه , به جۆریك گه‌یشتۆته راده‌یه‌ك به‌مشێوه‌یه بروا ده‌كه‌ونه ته‌سفیه‌ی یه‌كتری , ئه‌وه‌ی لێره‌دا قورسه شیعه‌ی عێراق بێ رابه‌ر و بێ رێنیشانده‌ر و ه بێ پشته له كاتێكدا شیعه‌ی ئێران پشتی به سیاسه‌ت و دارای و پالپشتی ته‌واوی ئێران به‌ستوه . ئێستا ته‌نها كه‌س كه پشتگیری خۆپیشانده‌ران بكات موقته‌دا سه‌دره , سه‌دریش له كاتێكدا له عاشورا له‌گه‌ڵ خامنه‌یی دا ئه‌نیشێ و له كاتێكیشدا پاڵپشتی شیعه‌ی عێراقی ده‌كات هیچ جیگا متمانه نی یه سه‌در ناتوانێ ئه‌م ده‌سه‌لاته سیاسی یه سه‌ر له به‌ری برروخێنێ چونكه خۆی تا ئێستاش ته‌به‌روكی ته‌واوی ئێرانی نی یه . ئه‌و شێوه به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵاتی عێراقی ده‌یكات به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران له كوشتن و راو نان و گرتن ئاوینه‌ی په‌رچه‌كرداره‌كانی ده‌سه‌لاتی ئێرانی یه ره‌نگ ده‌داته‌وه له ناو عێراق دا , ئێرانی یه‌كان ئێستا له دوو جه‌مسه‌ره‌وه توشی به‌رهه‌ڵستی بوون له لوبنان وه له عێراق , كه ئه‌مه‌ش زه‌ره‌رێكی زۆر له به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كانی ئێران ده‌دات له ناوچه‌كه , هه‌ڵبه‌ت سعودیه به‌شێكه له ده‌ستوه‌ردانی كێشه‌كانی هه‌ردوو ولات به دژی ئێران , ئه‌وه‌ی به دی ده‌كرێت كێشه‌ی سه‌ره‌كی عێراق رۆچونێتی له گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و به‌ش به‌شێنه ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی ئه‌و لایانانه‌ی كه ئێرانی یه‌كان پشتگیریان ده‌كه‌ن له ناو عێراق دا به‌رجه‌سته ده‌كرێت له ناو ده‌سه‌لاتی عێراقی , ئێرانی یه‌كان عێراقێكی سه‌قامگیری خاوه‌ن ده‌سه‌لاتی سه‌ربه‌خۆیان ناوێت بۆ عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك بۆیه هه‌میشه كار بۆ له لاواز كردنی عێراق ده‌كه‌ن له رێگه‌ی ته‌شه‌نه پێكردنی گه‌نده‌ڵی و دروست كردنی كێشه‌و ئافات بۆ ده‌وڵه‌تی عێراقی . ئه‌وه‌ی ئێستا كێشه‌یه ئه‌م چێشتخانه سیاسی یه‌ی ئێستا له عێراق دا له گه‌ردایه داهاتووی ئاماده كراوه و ئه‌مانه هه‌مووی وه‌ك سیناریو به‌كار ده‌هێنن بۆ په‌رده پۆشكردنی راستی یه‌كان به‌لام ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه رۆژانه خۆێنیان ئه‌رژێت و ئه‌كۆژرێن بێ ئاگان له‌وه‌ی كه گۆرانكاری له عێراق دا له رێگه‌ی خۆپیشاندان و مانگرتنه‌وه نایه‌ته دی عێراق تا ئێستاش له ژێر سێبه‌ری سیاسه‌تی ئێرانی و هه‌ندێكیش ئه‌مریكی دایه , هه‌ر كات خۆیان چی‌یان بوێت له عێراق دا ده‌یكه‌ن به‌ده‌ر له‌وه به ملیۆنه‌ها خه‌ڵك بكوژرێت ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی ئێرانی و ئه‌مریكی له‌سه‌ر نه‌بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سیستمی سیاسی له عێراق ناگۆرێت . لێره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێـه‌وه‌كێشه‌ی سه‌ره‌كی عێراق ته‌شه‌نه سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی یه‌كی بێ شوماره به‌ڵام ئه‌مه بۆته هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ری شیعه‌ی عێراق و شیعه‌ی ئێرانی كه كوژانه‌وی ئه‌م شه‌ره سه‌خته وه سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی هه‌ر به‌لای شیعه‌ی ئێران دا ده‌شكێته‌وه به باڵا ده‌ستبوونی زیاتری شیعه‌ی ئێرانی له عێراق , بابه‌ته‌كه له گۆرینی زه‌ید نی یه به عومه‌ر به‌ڵكو به هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ و سیستێمكی لاواز بۆ هێشتنه‌وه‌ی عێراق له ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ئێران دا بۆیه ئه‌وه‌ی ئێستا گه‌نج و هاوڵاتیانی عێراقی ده‌یكه‌ن هیچ ئامانجێك ناپێكێ و ته‌نها كوشتار و ماڵوێرانی زیاتری لێ ده‌بێـته‌وه و ئێرانیش پێگه‌ی خۆی وه‌ك خۆی ده‌هێلێته‌وه له عێراق دا .
مەریوان وریا قانع شەپۆلێکی گەورە لە ناڕەزاییی گەورە ڕووی زەویی گرتۆتەوە، لە ھایتیی و ئەکوادۆر و شیلییەوە بیگرە، بۆ بەرشلۆنە و پاریس و برۆکسل، بە تێپەڕین بە جەزائیر و لوبنان و میسر و عێراقدا. بەشێکی گەورەی ئەم ناڕازیبوونە جیھانیی و گلۆباڵییە دژ بەو سیستمە ”نیولیبرال“ەیە کە لە ساڵانی ھەشتاوە باڵادەستە و لە ئێستادا بڕێکی گەورە لە کۆمەڵگاکانی دونیا لەناو دەرەنجامە وێرانکەر و ترسناکەکانیدا دەژین. ئابوریی نیولیبرال ئەو ئابورییەیە کە تیایدا دەوڵەت واز لە کۆمەڵگا دەھێنێت و ھێزە کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە بەر ڕەحمەتی بازاڕێکی تەواو بەرەڵاوە، کۆتایی بە بەشی ھەرەزۆری ئەو لانیکەمی کۆمەک و ھاریکاریی و سیاسەتانە دەھێنێت کە لەڕێگایانەوە داھاتی نەتەوەیی سەرلەنوێ دابەشدەکردەوە و لانی ھەرەکەمی دڵنیایی و پێداویستتە ھەرەسەرەتاییەکانی ژیانی لە کۆمەڵگادا مەیسەر دەکرد. نیولیبارالیزم مانای پەکخستنی ڕۆڵی بەرپرسانەی دەوڵەت بەرامبەر بە کۆمەڵگا و پەیڕەویکردنی کۆمەڵێک سیاسەت و ستراتیژی ئابوریی کە بە قازانجی کۆمپانیا و ھێزە ئابورییە گەورە و زەبەلاحەکان کاربکات و قورسایی خەرجیییەکانی دەوڵەت خۆشی بخاتە سەر چینی ناوەڕاست و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. مانای وازھێنانی دەوڵەتە لەو ڕۆڵی چاودێرییکردن و سنووردانان و ڕێگرتنە یاسایی و دەزگایەی سەرەتاییانە، کە بەھۆیانەوە ئازادیی ئیش‌کردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەی کۆمپانیا گەورە و فرەنەتەوەییەکان و کەڵەکەکردنی سەرمایەی نوخبە ھەرە دەوڵەمەندەکەی سەرەوەی کۆمەڵگا، سنوورداردەکرد. ئەم ئابورییە لە چل ساڵی ڕابردوودا بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکانی ھەژارکردوە و دۆخێکی ھێناوەتە کایەوە چینەکانی خوارەوە و تەنانەت چینی ناوەڕاست خۆشی، توانای دابینکردنی لانی ھەرەکەمی ژیانێکی ئینسانیانەیان نەمێنێت. بەبۆچوونی من ئەو ئابورییەی لە عێراق و ھەرێمەکەی ئێمەدا ھەیە و سەروەرکراوە، نە ئابوریی نیولیبرالە، نە لیبرالە، و نە ھیچ مۆدێلێکی ئابریی ترە کە لانی ھەرەکەمی میکانیزمی ئابوریی و نائابووریی بەرپرس و بە یاسا ڕێکخراو ئاراستەی بکات. بۆ نموونە، ئەوەی لە کوردستاندا ھەیە، بەھیچ مانایەک ناچێتە قاڵبی ”ئابوریی نیولیبرال“ەوە، ئەوەی ھەیە ئابوریی دزیی و تاڵانیی و چەتەگەرییەکی ڕووتە کە ئاکارێکی مافیایی و نیمچەمافییایی لەخۆی گرتوە. بازاڕی ھەرێم یەکێکە لە بازاڕە ھەرە کۆنترۆڵکراوەکانی ناوچەکە، کەرتە ئابورییە سەرەکیی و گرنگەکانی ھەرێم لەژێر دەستی چەند خێزان و کەسایەتییەکی سیاسیی دیاریکراودان و بەشە گەورەکەی تری ئەم ئابورییە لەژێر کۆنترۆڵی حیزب و پیاوانی ڕیزی یەکەمی حیزبدان. ئەوەشی ئەم گشتە ئاراستەدەکات ھێز و یاسا و لۆژیکی دەوڵەتێکی نیولیبرال نییە، چونکە دەوڵەت بەمانا ھەرە سەرەتایی و سادەکەشی بوونی نییە، بەڵکو ھەندێک ڕێکەوتنی ژێربەژێر و پەیوەندیی پرۆکسیانەی سیاسیی و ئابورییە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا. ئەم ئابورییە ئاکارێکی تەواو مافیایی کۆنترۆڵ و ئاراستەکراوی ھەیە. ئابووریەکە لە ھیچ بەش و جومگە و کەرتێکیداا خاوەنی لانی ھەرەکەمی ئازادیی و ڕۆشنایی نییە و ئەوەی ئاراستەی دەکات پێگەی سەربازیی و ئەمنیی نوخبە حوکمڕانە بچووکەکەیە. واتە ئەوەی ئەم ئابورییە چەتەگەرییە مافیاییە دەپارێزێت بوونی ھێزی چەکداریی تایبەت و دەستگرتن بەسەر دادگا و ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و کۆنترۆڵکردنێکی تەواوی میدیایە. ئەوەی ئەم ئابورییەی ھێشتۆتەوە ھێزێکی گەورەی سەربازیی و توانای کۆنترۆڵکردنی دەزگا ھەرە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگایە. خەڵکی عێراق ڕوویان بە ڕووی سیستمێکی ئابوریی سیاسیی لەم شێوەیەدا تەقیوەتەوە، کە دابڕاوە لە لانی ھەرە کەمی ھەر عەقڵانیەتێکی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، سیستمێک وەک سیستمەکەی ھەرێم نوخبەیەکی سیاسیی و بازرگانیی مافیایی و نیمچەمافیایی دەستیان بەسەردا گرتوە و ئارستەیدەکەن. ئەم سیستمە ئابورییە سیستمێکە ھێز دروستیکردوە و ھێزیش دەیپارێزێت، ھێزی ڕووت.
سەرتیپ وەیسی مه‌سرور بارزانی هه‌موو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له خۆی و تیمه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری كۆكردۆته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا پێكهاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له خواره‌وه به ته‌واوی له ژێر كۆنتڕۆلی خۆیدا نییه، له كابینه‌كانی ڕابردوو به‌رپرسه‌كانی دانراون، هه‌ربۆیه‌ش متمانه‌ی به به‌شێك له به‌رپرسان نییه، خۆی و تیمه‌كه‌ی به ته‌واوی ده‌ستوه‌ردان له هه‌ندێ كاروباروی خواره‌وه‌ش ده‌كه‌ن و به وردی له‌كاره‌كان ده‌كۆڵنه‌وه‌و به دواداچوونی بۆده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت یه‌ك دوو فه‌رمانگه هه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی دراوه‌ته ده‌ست به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ به‌ڕێوه‌بردن، به‌هۆی نه‌بوونی متمانه به به‌رپرسه‌كانیان. وه‌زیر له كابینه‌ی نوێ‌دا به‌ر له‌وه‌ی به ده‌ستێكی واژوو له‌سه‌ر هه‌ر شتێك بكات بكات، پێویسته به ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌ی ته‌له‌فۆن بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكات بۆ وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی واژووه‌كه‌ی. تێگه‌یشتنی مه‌سرور بارزانی بۆ وه‌زیر ئه‌وه‌یه: كه وه‌زیر هه‌موو شت نییه، به‌ڵكو ته‌نها فه‌رمانبه‌ره، بۆیه پێویسته ئه‌و تێگه‌یشتن و مه‌فهومه له‌باره‌ی وه‌زیره‌كان بگۆڕدرێت كه له ڕبردوودا هه‌بووه، ئه‌مه‌ش وایكردووه له‌ماوه‌ی چوار مانگی ڕابردوو، سیاسه‌تی حكومه‌تێكی ته‌واو مه‌ركه‌زی له لایه‌ن مه‌سرور بارزانیه‌وه جێبه‌جێبكرێت. سه‌رۆكی حكومه‌تیش تاوه‌كو ئێستا ته‌ركیزی له‌سه‌ر دابینكردنی به‌گشتیی خزمه‌تگوزاریه‌كانه‌و له نێوشیان مه‌سه‌له‌ی رێگا و بان ئه‌و سێكته‌رانه‌ی په‌یوه‌ندی به خزمه‌تگوزاری هاوڵاتیانه‌وه هه‌یه، كه ئه‌و كارانه‌ش ئه‌ركی سه‌ره‌كی حكومه‌ته‌و نابێته ده‌ستكه‌وت و واجبه له‌سه‌ر حكومه‌ت بیانكات. له‌ماوه‌ی ڕابردووش‌دا، له لایه‌ن خودی خۆیه‌وه سه‌رپه‌رشتی دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێك له رێگاوبانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانكراوه. بڕی ئه‌و 500 ملیار دیناره‌شی له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوو كه ته‌رخانیكرد بۆ ژێرخانی ئابووری هه‌رێم، په‌یوه‌ندی به خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه هه‌یه له‌وانه : دروستكردنی سایلۆیه‌ك له دهۆك و قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش، له هه‌ولێریش له ناحیه‌ی قوشته‌په و له ئیداره‌ی گه‌رمیانیش له قه‌زای كه‌لار. به‌شێك له‌و پاره‌یه بۆ پێنج پڕۆژه‌ی رێگاوبانه له سنوری پارێزگای سلێمانی كه یەکەمیان ڕێگای دەربەندی ڕانیەیە کە دەستی پێکردووە، ڕێگای کەلار - دەربەندیخان، ڕێگای کەلار- کفری، کە لە ئیداره‌ی گه‌رمیان جێبەجێ دەکرێت، لە پارێزگای ھەڵەبجەش، ڕێگای نێوان ھەڵەبجە – سەیدسادق، ھەروەھا ڕێگای نێوان دووکان - چوارقوڕنەش تەواو دەکرێت. دوو پڕۆژەکەی تریش ڕێگای ھەولێر- دھۆک، پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەمیش بە دوو قۆناغی جیاواز جێبەجێ دەکرێت. قۆناغی یەکەم، ڕێگای ھەولێر- گۆپاڵە، قۆناغی دووەم، ڕێگای ڕۆڤیا بۆ گۆپاڵە. به‌پێی به‌رنامه‌كه‌ی حكومه‌ت، ئه‌و پڕۆژانه‌ی ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی ئه‌و 500 ملیار دیناره كراون به دوو به‌ش به‌شی یه‌كه‌م پڕۆژەکانی گەشەپێدانه كه له ھەرچوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كرێن كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی خۆجێی پارێزگاكان جێبەجێ ده‌كرێن ئه‌مانه‌ش به گشتی پێیان ده‌گوترێت پڕۆژەی بچووك كه له یه‌ك تا دوو ملیۆن دۆلارییان بۆ ته‌رخان كراوه. له قۆناغی یه‌كه‌مدا له 85%ی پڕۆژه‌كان بودجه‌یان بۆ ته‌رخان كراوه ده‌ست به جێبه‌جێ كردنیان كراوه كه له هه‌ر چوار پارێزگاكه 184 پڕۆژه‌ن و قۆناغی دووه‌میش ئەو پڕۆژانەن کە له 75%ی جێبەجێ کراوەو ئەو پرۆژانەش پارەیان بۆ دابین كراوه‌و تەواو دەکرێن. حكومه‌ته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، به باش و خراپیه‌وه به ئابووری سه‌ربه‌خۆ و هه‌نارده‌ی نه‌وت و یاسایی وه‌به‌رهێنان ده‌ناسرێته‌وه‌و تاوه‌كو ئێستاش شانازی پێوه‌ده‌كه‌ن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی مه‌سرور بارزانی جگه له هه‌ڵگرتنی كارنامه‌یه‌كی گشتی له نێوشیان چاكسازی، هیچ پڕۆژه‌و پلانێكی ستراتیژی گه‌وره‌ی ڕانه‌گه‌یاندووه، هه‌ویه‌و شوناسێكی دیاریكراوی نییه تا پێی بناسرێته‌وه، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی شه‌خشی خۆی و تیمه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره‌كان كۆبوونه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستی دیراسه‌كردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی له سێكته‌ره جیاوازه‌كان. جارێ زووه بڕیار له سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دای كابینه‌ی نۆیه‌م بدرێت، چونكه بارودۆخی هه‌رێمیش به‌شێكی گه‌وره‌ی په‌یوه‌سته به ژماره‌یه‌ك كێشه‌و ئاڵنگاری، له نێوشیان رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداو داهاتووی ئابووری هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه‌ڵه‌بوون له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. هه‌تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم، دروشمی چاكسازی و ده‌ستگرتن به پاره‌و بێ متمانه‌یی به خواره‌وه‌و دروستكردنی حكومه‌تێكی بچووكی په‌یڕه‌وكردوه، جێگر‌و وه‌زیره‌كانیشی پابه‌ندكردووه به خۆیه‌وه، له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غداو دۆسیه‌ی نه‌وت و یاسایی وه‌به‌رهێنان به ته‌واوی له حكومه‌ته‌كه‌ی به‌ر له خۆی جیاوازه.
ئاراس فه‌تاح لەسەر سكاڵای برازایەكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، دادگای هەولێر بڕیاری دەستگیركردنی بۆ كۆی ستافی ده‌زگای "دره‌و میدیا" و رۆژنامه‌نووسێك به تۆمه‌تی "یاسای خراپ بەکارهێنانی هۆکارەکانی پەیوەندییکردن"، ده‌ركردووه. ستافه‌كه‌ی ده‌زگای "درەو میدیا"، پێكهاتووه له هه‌ریه‌ك له هاوڕێیان كاك (محەمەد رەئوف، كاك فازل حەمەڕەفعەت، كاك نامیق رەسوڵ، خاتوو نیاز عەبدوڵا) و رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی تریش، كاك (هێمن مامەند)ه. ئه‌م بڕیاره له دوو ئاستدا بێڕێزییه‌كی بێ‌سنور و پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌یه به‌رامبه‌ر به پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی و مافی رۆژنامه‌نووسان. یه‌كه‌م ئه‌م بڕیاره پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌ی خودی یاسای كاری رێكخستنی رۆژنامه‌وانیی ژماره 35ی ساڵی 2007 ه، چونكه ئه‌و یاسایه زیندانییكردنی رۆژنامه‌نووسان قه‌ده‌غه‌ده‌كات و بۆ هه‌موو پێشێلكارییه‌كیش، سزای دیارییكراوی داناوه. كه‌چی به یاسایه‌كی تر ئه‌م رۆژنامه‌نووسانه تۆمه‌بار ده‌كرێن و بڕیاری زیندانییكردنیان ده‌رده‌كرێت. دووهه‌م، ئه‌م بڕیاره ستراتیژێكه بۆ ده‌مكوتكردنی ئه‌و ژماره كه‌مه‌ی رۆژنامه‌نووسانی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێم كه سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاستته‌نگییه‌ك و وێرانه‌یی كایه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد، بوێرانه به‌رده‌وامن له كاری میدیایی. من گومانم نییه كه ئێمه هه‌موو ئینسانین و هه‌موو پیشه‌یه‌ك هه‌ڵه‌ی تێداده‌كرێت، به‌ڵام بۆ هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌كی پیشه‌یه‌ییش گه‌ر ڕووبدات، ده‌بێت به یاسای تایبه‌ت به خۆی سزابدرێت. له ڕاستییدا ترسه‌كانی من له‌مه‌ش گه‌وره‌تره، من ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه ماوه‌یه‌كی تر هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه بایكۆتی كاڵا و سه‌فه‌ری توركیا ده‌كه‌ن، به تۆمه‌تی "تیرۆریستی ئابوریی" بدرێن به داگا، چونكه خه‌ریكه ببن به هۆكارێك بۆ تێكچوونی په‌یوه‌ندییه ئابووری و ستراتیژییه‌كانی هه‌رێم و توركیا. به‌كورتیی، تاوه‌كو پێگه و هه‌یبه‌تی داوه‌ریی و یاسایی ئه‌م دادگایانه‌ی هه‌رێم له‌ژێر ئیملای حیزب و خێزانه سیاسییه‌كاندا بێت، وه‌زیفه‌ی یه‌كه‌میان بریتییه له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه بازرگانیی و سیاسیی و سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م نوخبه سوڵتانییه‌ی خۆمان و رێگه‌گرتن له ئه‌گه‌ری تێكچوونی په‌یوه‌ندییه ستراتیژییه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوڵتانه‌كه‌ی توركیا. له‌گه‌ڵ پشتیوانی ته‌واوم بۆ ئه‌و هاوڕێیانه و ئومێده‌وارم له‌وه زیاتر ئازاریان نه‌ده‌ن و سه‌رقاڵیان نه‌كه‌ن به تاوانی داتاشراوی یاسایی تر، چونكه یاسای تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ داوه‌رییكردنیان و چیتر دادگاكانیشمان نه‌بن به "چێك پۆینتی سیاسیی" بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی زیاتری ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی له هه‌رێمی كوردستان.