Draw Media

رۆژنامەی " The National " :

رۆژنامەی " The National " :

2025-08-01 16:13:19


درەو: 
رۆژنامەی "زە ناشناڵ"، لە راپۆرتێكی بنكۆڵكاریدا، وردەکارییەکانی چۆنیەتی تێکەڵکردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراق لە بەندەرەکانی باشورو بە قاچاعبردنی ئاشکرا دەکات، بە سود وەرگرتن لە بەڵگەنامەی ساختە بەوەی كە نەوتی عێراقە، بۆ ئەوەی لە بازاڕە جیهانییەکاندا بفرۆشرێت.
رۆژنامەکە، بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی رۆژنامەوانی یۆنانی، دەستیکردووە بە شوێن پێهەڵگرتنی "سەلیم ئەحمەد سەعید" (ئومێد) خاوەنكاری عێراقی-بەریتانی، کە لە سەرەتای مانگی تەمموزدا، بەهۆی تێوەگلانی لە چالاکییە گوماناوییەکان بە ئاسانکاریكردن بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێران، لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنرا.
رۆژنامەکە بەدواداچوونی بۆ هۆتێلەكانی سەعید كردووە لە لەندەن، تێیدا هاتووە، دوای رۆشتن ماوەیەكی کورت لە وێستگەی میترۆی "ساوس کێنسنگتۆن"، لە گۆشەی بەرەو "کوینزبێری پلەیس"، لە کۆتایی شەقامەکەدا تاوەرە سەرنجڕاکێشەکانی مۆزەخانەی مێژووی سروشتی دەردەکەون، لەلای راستی رێگاكە هۆتێلی "زە گەینزبۆرۆیە"، راستەوخۆ بەرامبەر هۆتێل "زە ئەكزیبیشنیست" راستەوخۆ هۆتێلی تەنیشتنی، هەردووکیان لەلایەن یەك کۆمپانیاوە کە بنکەکەی لە "دبلن"ە بەڕێوەدەبرێن.
رۆژنامەکە دەڵێت: بینای "گەینزبۆرۆ" لەلایەن کۆمپانیای رۆبنبست خاوەندارێتی دەكرێت ، کە لە ساڵی 2018 بە بڕی (8.6) ملیۆن دۆلار کڕیویەتی، کۆمپانیای رۆبنبست خاوەنی هۆتێل "ویلێت"یشە، كە سەعید خاوەندارێتی دەكات، سامانی کۆمپانیاکە بە (27) ملیۆن پاوەند مەزەندە دەکرێت. 
رۆژنامەکە لەگەڵ یەکێک لە کارمەندانی "ئومێد" لە یەکێک لە هۆتێلەکانی قسەی کردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، هۆتێلەکە بەشێکە لە ئیمپراتۆریەتەكەی ئومێدو، زۆر سەری سوڕماوە کاتێک ئاگادارکراوە لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو دوو کۆمپانیایە، وتوشەیەتی: ئاگاداری تێوەگلانی ئەو نەبووین لە کەرتی نەوت، ئاگاداری هیچ سزایەک نین.
ئەو کارمەندە راشیگەیاندووە:  کۆمپانیاکە تەنها مامەڵەی لەگەڵ کارمەندانی سەعیددا کردووەو، هەرگیز مامەڵەی لەگەڵ ئەو نەکردووە، هەموو بەڵگەنامەیەکی پێویستیان ناردووە بۆ پێشکەشکردنی حسابەکان، هیچ كێشەك لە ئارادنیەو کۆمپانیاکان باج دەدەن.
رۆژنامەی "سەندەی تایمز"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، سەعید خەڵکی شارۆچکەی رانیە لە هەرێمی کوردستانی نیمچە سەربەخۆی عێراق و، بۆ یەکەمجار لە ساڵی (2002)هاتۆتە بەریتانیا، دوای ئەوە مافی پەنابەری پێدراوە، یەکەم کاری بازرگانی فرۆشگایەک بووە بە ناوی "راین" لە شاری لیستەر، کە لە ساڵی ٢٠١٤ داخراوە، تا ئێستا نازانرێت کەی دەستی بە بازرگانی نەوت کردووە.
پێشتر وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بە وردی باسی ئەو پرۆسە ئاڵۆزو پڕ لە نهێنیەی کرد، کە سەلیم ئەحمەد سەعید ئیدارەی داوە، لەڕێی یەکێک لە سەكۆ نەوتییەکانی بەندەری خۆر زوبەیر کاریكردووە، کە کۆمپانیایەک لەلایەن سەعیدەوە خاوەندارێتی كراوە شەش عەمباری نەوتی هەبووە. 
بەندەرەکە دەکەوێتە سەر رێڕەوێکی ئاوی نزیکەی (٤٠) کیلۆمەتر لە بەسرەوە دوورە، بەڵام ئێران دەکەوێتە دیوەکەی تری روباری شەتولعەرەبی دراوسێی، بەهۆی نزیکی شوێنی سەعید لە ئێران کارئاسانی كردووە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێران ب  نهێنی بۆ خۆر زوبەیر بۆ تێکەڵکردن.
رۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە بۆ پێدانی تێچووی گەیاندنی ئەو بارانە، بە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر، دراوی قورسى بە قاچاغ بردووتە ناو ئێرانەوە، كە هەندێکیان ملیۆنان دۆلاریان هەڵگرتووە. 
بەپێی ئەو تۆمەتانە، نەوتی ئێران دوای بەتاڵكردنی لە خۆر زوبەیر لەگەڵ نەوتی عێراق تێکەڵ دەکرێت، کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە نەوتی ئێرانیشیان هەڵگرتووە، لە کەشتیەكەوە بۆ کەشتییەکی تر دەیگۆزێنەوە كە نەوتی عێراقی هەڵگرتووە، لە دامەزراوەکانی وێستگەی "ڤی ئێس ئۆیل".
بەدواداچوون بۆ کەشتیەکان دەریدەخات، کە کۆمپانیای ڤی ئێس ئۆیل لەلایەن چەند نەوتهەڵگرێكەوە سەردانی کراوە، کە بەرهەمە نەوتییەکانی ئێراني لەبری کۆمپانیای (Triliance Petrochemical) ئێرانی دەگوازێتەوەو لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.
 هەروەها کەشتییەکانی سەر بە کۆمپانیای "سەحاری ساندەر" کە کۆمپانیایەکی رووكەشی سوپای ئێرانە، سەردانی کۆمپانیای ڤی ئێس ئۆیلیان کردووە، كۆمپانیای "سەحاری ساندەر" كە کۆمپانیای سەرەکییە لە پشتیوانیكردنی سوپای پاسداران بۆ شەڕی روسیا لە ئۆکرانیا، بە دیزاین و پەرەپێدان و دروستکردن و فرۆشتنی هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەیشەوە.
دەوترێت ئەم چالاکییە لەسەر بنەمای بەرتیلدانی بەربڵاوە كە دراوە بە بەرپرسانی عێراق بەڕێوەبراوە، گوایە سەعید بە ملیۆنان دۆلار بەرتیلی داوە بە چەند ئەندامێکی دەستە سەرەکییەکانی حکومەتی عێراق، لەوانەش پەرلەمان، لەبەرامبەر فاكتۆری ساختە، كە رێگەی پێداوە نەوتی ئێران بفرۆشێت وەک ئەوەی سەرچاوەکەی لە عێراقەوە بێت.
شارەزایەک بە رۆژنامەی (The National)ی راگەیاندووە:  ئەو کەشتیانەی نەوتی ئێرانیان هەڵگرتبوو، پێشتر وا خۆیان نیشانداوە کە لە بەندەرەکانی عێراق جێگیر دەبن بۆ دەربازبوون لە سزاکان، ئەمەش بە خۆدزینەوەو ساختەکردن ناسراوە، لەڕێی دەستکاریکردنی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی کەشتییەکان، ئەو پسپۆڕە دەڵێت: بۆیە ئەو بەشەی پەویوەستە  بە تێکەڵکردن شتێک بوو کە پێشتر نەمانبینیبوو.
لە کاتێکدا ئەمریکا پۆلێنكردنی ئەو کەشتییانەى بەهێزتر کردووە کە گومان دەکرێت نەوتی ئێران بە قاچاع بەرن، كارپێكەرانی نەوت هەڵگرەكان زۆر خێرا خۆیان  دەگونجێنن، سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەوان خێرا شتەکان بە ناوی نوێ و کۆمپانیای نوێ و کەشتی نوێ و دەگوازنەوەو کەشتی دەکڕنەوە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە کەشتییە دەستنیشانكراوەكان دروستی دەكەن.
ئێران لە هەوڵێک بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر هەناردەکردنی نەوتی خۆی، کەڵک لە تۆڕێک نەوتهەڵگر وەردەگرێت کە بە ئەنقەست خاوەندارێتییان تەمومژاوی کراوە، كە بە كەشتیگەلی سێبەر ناسراوە.
ئێران پشت بە کەشتییە سزانەدراوەکان دەبەستێت بۆ وەرگرتنی نەوتی ئێران لە کەشتییە سزادراوەکان، بە بەکارهێنانی پرۆسەی گواستنەوەی کەشتی بۆ کەشتی، پێش ئەوەی بارەکە بگوازێتەوە بۆ کڕیارانی ئاسیا بەتایبەت چین.
دەوترێت کەشتییەکانی ئەم كەشتیگەلە نهێنیە لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە خاوەندارێتی دەكرێن، كە سەلیم ئەحمەد سەعید بەڕێوەیان دەبات.
بەگوێرەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ئەو كۆنتڕۆڵی کۆمپانیایەکی كردووە بارەگاكەی لە ئیماراتە بە ناوی "ڤی ئێس تانکەرز"، هەرچەندە خۆی لە پەیوەندی فەرمی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بەدوور گرتووە، کە نەوتی قاچاغ بۆ حکومەتی ئێران و سوپای پاسدارانی ئێران دەگوازێتەوە.
پێشتر کۆمپانیای "ڤی ئێس تانکەرز" تەنها بەناوی کۆمپانیای کەشتیوانی و بازرگانی نەوتی عێراقی ناسرابوو، بەپێی زانیارییەکان، کۆمپانیاکە لە ساڵی 2020دا نێوەنگیری گرێبەستێکی گواستنەوەی نەوتی ئێرانی کردووە لە ڕێگەی بۆری عێراقییەوە، بە تێکەڵکردن و فرۆشتنی وەک نەوتی عێراق. 
سەعید بە خاوەنی کۆمپانیای "رەین شیپینگ" دادەنرێت، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٢دا تێوەگلاوە لە تێکەڵکردنی نەوتی ئێران بۆ فرۆشتنی وەک نەوتی عێراقی.
پێشتر ئاشکراكرا، کە کۆمپانیای "رەین شیپینگ" ئیدارەی کەشتیی نەوتهەڵگری "مولیکیول"ە، کە نەوتی لە کەنداوی عەرەبی لە تانکەرێکی ئێرانیەوە بارکردبوو، بۆ شاردنەوەی مامەڵەکە، ئامێری دیاریكردنی شوێنەكەی کوژاندبووەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand