محەمەد ئەمین پێنجوێنی هاوڕێ و دۆستی بەرێزو خۆشەویستم ( ئازادی مستەفا خۆشناو) سەردانی کردم و گوتی: لەم ڕۆژانەدا نەوە گیان دەڕوات بۆ لەندەن بۆ چارەسەری پزیشکی، چونکە ... ڕەوشی تەندروستی خراپە و لەوانەیە چاومان پێی نەکەوێتەوە، گوتی من وەکو پزیشکێک دەڵێم دەڕوات و نایبینینەوە، دەڵێی چی سەردانێکی بکەین؟ هەروەها گوتی، من پێش ماوەیەک بینیومە و هەواڵی تۆی پرسیوە، نەوەکو کارێکی پێت هەبێت ..!! منیش ئامادەییم دەربڕی، ئیتر ئازاد رۆژ و کاتی بینینەکەی ئامادە کرد و لە گردەکە لە خانووێکی سادە، کە دوو تاک قەنەفە و کورسی و مێزێکی تێدا بوو، دیداری (نەوشیروان مستەفا)مان ئەنجام دا. ئێمە وا بڕیارمان دابوو، کە ١٠ تا ١٥ خولاک لە لای بمێنینەوە بەڵام ئەو زیاتر لە یەک کاتژمێر گلی داینەوە و دەستمان کرد بە قسە کردن. ئازاد: نەوە گیان، هەتا زوو بچیت بۆ چارەسەر باشترە، من وەک هاوڕێ و پزیشک پێت دەڵێم نەوشیروان: باشە ئازاد باش، واز لەوە بێنە . نەوشیروان ڕووی کردە من و گوتی: هەڤاڵەکانت چۆنن؟ منیش گوتم: لەگەرمەی شەڕی سەربازی، سیاسیی و میدیاییدان لەگەڵ دەوڵەتی تورک و ئەم شەڕەشیان چارەنووسسازە، چونکە دەوڵەتی تورک بڕیاری داوە، ئەگەر بکارێت، رۆڵی پەکەکە لە شانۆی سیاسی ناوچەکەدا لاواز و بێ کاریگەر بکات. نەوشیروان مستەفا: ئەزانیت ئەوانیش لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک هەڵەی ستراتیژیان کرد ... منیش گوتم،بەڵی راستە کۆنگرەیان گرت و رەوشی خۆیانیان تێدا تاوتوێ کردووە. ئینجا هاتینەوە سەر باسی خۆمان و رەوشی باشوور من وتم کاک نەوشیروان کە لە ئەوروپا هاتمەوە، یەکسەر هاتمە لای جەنابت، لە ماڵی خۆتان دانیشتین، تۆ گوتت: (حەز دەکەم تۆ نەڕۆیتەوە و لێرە بمێنیتەوە، بۆ هەموومان باشە و ئەمە ڕای (مام جەلال)یشە ئێمە لەبەینی خۆماندا باسمان کردوە). هەندێک تێبینی گرنگیشت پێ دام، هەروەها گوتت .. ئەگەر منیش نەهاتمەوە ئەوا (مام جەلال) ماوە، هەرچەندە ئێستا ئێمە جیاین، بەڵام هەردووکمان یەک ڕامان هەیە لەسەر بوونی تۆ لە ناوچەکە و ئەو ناوەندگیریانەی کە کردووتە .. کاک ئازاد گوتی: نەوە ئەی پرۆژەکەت گەیشتە کوێ ؟ ( ئاخر ئازاد خۆشناو دوو جار نامەی مام جەلالی لە ڤیەنا،بردبوو بۆ نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و ئاگری شۆڕش بەرپا بکەنەوە و سەرکردایەتی کۆمەڵە بکات !!) نەوشیروان مستەفا گوتی: .. پرۆژەکەی من سێ خاڵی سەرەکی لە خۆ گرتووە ١- هێورکردنەوەی نێوان ئێمە و یەکێتی و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی یەکگرتنەوە یان ڕێکەوتنی ستراتیژی ! هەرچەندە ئەمە زەحمەتە !!. ٢- ئۆتۆنۆم کردنی (لامەرکەزی دەڤەری سەوز ) . ٣- سەربەخۆ کردنی ئابووری دەڤەرەکە لە دەرهێنانی نەوت و غازدا . بەوەی خۆمان دەری بهێنین و بیفرۆشین .. گوتم: رای (مام جەلال) لەمبارەیەوە چییە؟ نەوشیروان مستەفا: لەگەڵ ئەودا بە درێژی باسم کردووە، ئەو هەموو خاڵەکانی لە لا پەسەندە، تەنیا یەک (تەحەفوز)ی هەیە و دەڵێت (نابێت پرۆسەی فیدراڵی تێک بچێت و ریسەکەمان لێ ببێتەوە بە خووری، !! چونکە ئێمە تا ئێستا نە دەوڵەتین و نە سەربە خۆین لەم بڕیارە چارەنووسسازانەدا) نەوشیروان مستەفا: ئەوە (ئەوان) لە رێگەی تورکیاوە بە ئاشکرا، بە بۆری و بەتەنکەر نەوت دەفرۆشن، ئەی ئێمە بۆ لە ڕێگەی ئێرانەوە نەیکەین ؟ ڕووی کردە من و گوتی: حەمەمین ئەو لیستە ببینە زیاتر لە١٠ هەزار تەنکەر، بە ژمارە و ناوی خاوەنەکانیانەوە لە دەڤەری ئێمەوە نەوت ئاودیوی ئێران دەکەن. کاک ئازاد گوتی: هەر وەکو دەزانن (ئەمریکا )ئەمبارگۆی لەسەر ئێران داناوە، ئەی ئەمە چۆن چارەسەر دەکەن؟ نەوشیروان مستەفا: بەڵێ وایە، دەبێت لەگەڵ ئەمریکادا قسە بکەین و ئەمەش چارەسەر بکەین . هەروەها نەوشیروان مستەفا گوتی: من لەگەڵ مقامەتی بەرزی ئێران‌دا قسەم کردوە، لەگەڵیاندا ڕێککەوتووم، کە ئێمە لێرەوە بە بۆری نەوت و غازی سروشتی بگەیەنینە کەلار، ئەوانیش لەلای خۆیانەوە بۆریەکان بگەینە ناوچەی کەلار ( هەرچەندە ئەمە هەر قسەیە و نەبووە بە پرۆتۆکۆڵ ).. من گوتم کە وابوو ئێستا زەوینە بۆ یەک گرتنەوە هەیە لەگەڵ یەکێتیدا، تۆزێ گرژ و مات بوو . وتی دەی فەرموو چۆن؟! وتم سەت کەس لە ئێوە، سەت کەس لە یەکێتی، بەتایبەتی لە گەنجە هۆشیارەکان کۆبوونەوەیەکی گەورە بکەن و ناوی لێ بنێن کۆبوونەوەی هەوڵدان بۆدانانی میکانیزمی یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی .. کاک نەوشیروان بەهەستێکی تۆزێ بێ ئومێدیەوە گوتی: ئاخر یەکێتی یەک دەنگ و یەک را نین، باڵ و ڕەوتی جیاجیان، ... ئەزانی من کۆمەڵەم تێکەڵاوی یەکێتی کردەوە و لەناو یەکێتیدا توانەوە ( هەندێ قسەی تریشی کرد ) ئینجا من گوتم ئێوە کۆمەڵێک کادیری لاوی بەتوانا، شارەزاو و لێهاتووتان هەیە ( لەهەردوو لادا ) با لەمانە سەرکردایتیەکی نوێ دروست بکرێت، ئەوکاتە تۆ ئەتوانی بە ئاسانی پرۆژەکەت جێ بەجێ بکەیت نەوشیروان مستەفا: من لای ئێوە ددانی پێدا دەنێ، کە لەوەدا هەڵە بووم کە هەموو متمانەم دا بە لاوەکان .. وتمان بۆچیی..؟ گوتی: هەندێکیان تا ئێستاش بەرژەوەندی باڵای گەل و هی خۆیان و حزبەکەیان لەیەک جیا ناکەنەوە هەندێکیان ئەزمونیان نییەو نهێنی ناپارێزن، هەندێکی تریان زۆر حەز بە خۆدەرخستن دەکەن، بەراستی لە زۆریان نائومێدم !!! بە داخەوە هەندێکیان بوون بە جاسوس بەسەرمەوە و هەندێک وردەکاری ورد و سەیر و سەمەرەی باس کرد کە ( ئێستا کاتی بڵاو کردنەوەی نییە ) بەڵام کە لە چارەسەر هاتمەوە هەوڵ ئەدەم پاک و پیسێک بکەم و ئابووری ئەم دەڤەرە سەربەخۆ بکەم و سلێمانی و دەورو بەری بکەین بە بەهەشت و گوزەرانی خەڵک باشتر بکەین، ئا بەم شێوەیە منافەسە و پێشبرکێی ئەودیوی دێگەڵە و دەڤەری زەرد دەکەین، چونکە ئێستا باوی شەڕە تفەنگ و شەڕە جنێو و شەڕە ( چەلەحانێ ) نەماوە، بە دەم چایی خواردنەوەوە، نەوشیروان مستەفا ڕوی کردە من و گوتی: بە برادەرەکانی قەندیل بڵێ لە بەینی ئێمە و ئەواندا چەند جار شەڕو شۆڕ رووی داوە، بەناوی منەوە پێیان بڵێ هەندێکی لەیەک تێنەگەیشتن و هەڵە بووە، هەندێکیشی دەستی دەرەکی تێدا بووە و وای لە هەموومان کردووە کە دەستمان بچێتە خوێنی یەکتری. من بە ئەمانەتەوە(( پەیامی کاک نەشیروانم گەیاند. )) بەڵام بە داخەوە کاک نەوشیروانم نەبینیەوە هەتا وەڵامەکانی ئەوانی پێ بدەمەوە. :هەر لە درێژەی قسەکانماندا گوتم کاک نەوشیروان نەوت سەری زۆر کەسی خوارد، لە عێراقدا لەسەروو هەموویانەوە عەبدولکریم قاسم، ئەحمەد حەسەن بەکرو دار‌و دەستەکەی، سەدام حوسێن بە داگیرکردنی کوێت چاوبڕینە نەوتی ئەوێ، وا ئێستا غازی سرووشتیشی هاتە سەر، بزانین سەری کێی تر دەخوات. ئیتر زۆر وردەکاری نهێنی و شتی تر باس کران، کە ئێستا بۆ بڵاو کردنەوە ناشێن، من ئەوەندەم لە بیرماوە بە ئەرکێکی نیشتیمانیم زانی، کە لەم کاتەدا بڵاوی بکەمەوە. لەوانەیە هەندێک پێیان ناخۆش بێت یان هەندێک پێیان خۆش بێت، بەڵام من بڵاوکردنەوەییم بە باشتر زانی و شاهیدەکەشم زیندووە. … هەروەکو ئاماژەم پێ دابوو، کە نەوت سەری چەند کەس و دەوڵەتی خوارد، ئێستەیش وا دەبینین ئەردۆگان لە پێناوی دەستبەسەرداگرتنی نەوت و گازی لیبیادا، خەریکە شەڕ و ماڵوێرانییەکی تازە لەو ناوچەیەدا هەڵدەگیرسێنێت.
شەماڵ عەبدولوەفا ١-پێش ریفراندۆم گەلە کۆمەکیەکی ترسناک لەسەر ھەرێم ھەبوو ، لە ژێریشەوە ئاگرەکەیان کڵپە پێ سەند، تا کەوتنە ھەڵەوە. ٢- دوای ریفراندۆم بە ناوی دابەش کردنەوەی ھێزەکان ٪٥٠ ی کوردستانیان پێ لە دەست داین ، ھەر ھەموویان شەریک بوون، بەڵام نەیانتوانی کیانی ھەرێمی کوردستان بفەوتێنن. ٣- زۆر ھەوڵ درا دوو ئیدارەیی دروست بکەن و لەسەرخۆ و بە ھێمنێ کیانی ھەرێم لە بێخەوە ھەڵکەنن، لەمەشدا دراوسێکانی ھەرێم و عێراقیش سەرکەوتو نەبون. ٤-ئەمریکا و ئێران و ھەموو ئەوانەی پێویستیان بەم بار و دۆخەی عێراق ھەیە رێکەوتن لەسەر کازمی، لە دوای چەندەھا سیناریۆ ی جۆراو جۆری ژێر بە ژێر. ٥- ئێستا دراوسێکانمان لە رێگەی پێگەی خۆیانەوە لە عێراق و لە رێگەی دۆستە دێرێنەکانی کورد کە شیعەو سوننەن !! دەستیان داوەتە بینە قاقای حکومەتی ھەرێم و فیدرالیەتەکەی، دەیانەوێت لە رێگەی ئەم قەیران و ھەل و مەرجەوە ، شتێک نەمێنێت ناوی حکومەتی ھەرێم بێت ، کێ یاریدەدەری ئەم ھاوکێشەیە دەبێت لە کوردستان ، دەبێت بە دوایدا بگەرێن. ٦- ئایا لە کۆبونەوەی داھاتوی ئەمریکا و عێراق لەسەر چی رێدەکەون ، ئایا ئەم کۆبونەوە نزیکە دێژەی رێکەوتنی ئەمریکا -ئێرانە ، لەسەر عێراق و لەسەر کوردیش رێدەکەون؟! ئێران لەم ھاوکێشەیە بەدەر ناکرێت و شەریکە بە ھەمان ئاواز ئەوانی تریش کە دژی کوردن، ترسە گەورەکە لێرەوە دەست پێ دەکات، چەند ساڵێکە ژێر بە ژێر سایکس بیکۆی تازە دارێژراوەتەوە خەریکە خەت و خاڵەکەی دەردەکەوێت. ٧-پرسیارە جەوھەرییەکە کورد لە کوێی نەخشە تازەکەی ناوچەکەدایە، لە کاتێکدا ھەموویان لەگەل ئەمریکا و عێراق شەریکن لەم پرۆسەیەدا. ٨-گەر رووی دا کێ خەتا بارە، ئێمە یان ھەموویان؟ ٩-ئەی وەکو کورد چی بکەین؟! ١٠-ئێران و ھاوئاوازەکانی گەر کێشەی مەزھەبیشیان ھەبێت، شۆڤێنییەتی نەتەوەییەکەیان وادەکات لەسەر پرسی کورد رێکەون. ١١-لێبرالیزمی نوێ دەلێ چی، یەک بەرمیل نەوت بەرامبەر بەمافی مرۆڤ و دادی کۆمەلایەتی و دیموکراتیەت.
كارزان سه‌باح هه‌ورامی له‌دواین چاوپێكه‌وتنی خۆی به‌رێز (مه‌لا به‌ختیار)، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی، باس له‌وه ده‌كات له‌دواساته‌كانی ته‌مه‌نی خۆی سه‌رۆك تاڵه‌بانی، له كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی له‌باره‌ی پارتییه‌وه گوتویه‌تی كه (هیچ كاتێك نابێت یه‌كێتی بكه‌وێته سه‌نگه‌ری پارتییه‌وه و هه‌ركاتێك ئه‌وه كرا من ده‌چمه هه‌ولێر و ده‌بمه په‌نابه‌ر)، نزیك به 10 ساڵ ده‌بێت ئه‌و رووداوه روویدا، كه‌چی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌یه‌ك به‌ره‌ی هاوبه‌ش ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانه سیاسییه‌كان ببنه‌وه هێشتا له‌سنگه‌ری یه‌كتردان، من پێشووتریش ئاماژه‌م به‌وه‌دا لاسه‌نگی بڕیاری سیاسی كاره‌سات دروستده‌كات، پارتی یه‌كێتی له ساڵی 1998 تا 2015 گه‌وره‌ترین هه‌وڵیان ئه‌وه‌بوو ئه‌و متمانه‌ی دروستیان كردبوو نه‌ڕووخێت، هه‌ردوو سه‌رۆك بارزانی و مام جه‌لال، پێشه‌نگی ئه‌و هاوسه‌نگیه‌بوون، به‌ڵام ئه‌مه زۆری نه‌خایان، ده‌رئه‌نجام له‌پرسی هه‌مواری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له 23ی حوزه‌یرانی ساڵی 2015 به‌بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی، یه‌كێتی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه ویستیان یاساكه هه‌موار بكه‌نه‌وه كه سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و كاته سه‌رۆك بارزانی بوو، ده‌سه‌ڵاتی كه‌م بكرێته‌وه و هه‌وڵ بدرێت ده‌نگدان به‌سه‌رۆكی هه‌رێم له‌په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، له‌و رۆژه‌وه ئه‌و متمانه‌ی له‌نێوان پارتی یه‌كێتی هه‌بوو چوه قۆناغێكی دیكه‌وه، كه نه‌ده‌بوو ئه‌وه رووبدات، كه‌رووشیدا شتی دیكه‌هات به‌دوایدا، كه‌ئێستا ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌بینرێت، په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردوو حزب دڵخۆشكه‌رنین، ره‌نگ بێت قسه‌كه‌ی به‌رێز(مه‌لا به‌ختیار)، له‌م كاته‌دا دووباره په‌یامێك بێت بۆ سه‌ركردایه‌تی ئێستای یه‌كێتی كه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت په‌یره‌وی (مام جه‌لال) په‌یره‌وبكه‌ن، ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارتی رێككه‌ون، هه‌رچه‌نده بۆ ئه‌م قۆناغه رێككه‌وتنی كۆنكرێتی ئاسته‌مه، فاكته‌ریش زۆرن بۆ باسكردنی، به‌ڵام به‌هێزترین هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی رێك نه‌كه‌ون ئه‌وه‌یه كه سروشتی بیكردنه‌وه‌ی سه‌ركردیه‌تی یه‌كێتی له‌دوای كۆنگره گۆڕاوه و مامه‌ڵه‌كردنی پارتیش له‌گه‌ڵ ئه‌م سروشته زۆر قورسه، چونكه ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات هۆكاره نه‌ك ده‌رئه‌نجام، پێش ئه‌وه‌ی هه‌ررێككه‌وتنێكیش بكرێت، پێویسته پارتی و یه‌كێتی چه‌ند پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن، بزانن له كوێدا گرفت دروست بووه؟ ئه‌و گرژیه‌ی پارتی له ساڵانی رابردوو له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ی بوو په‌یوه‌ندی به بابه‌تی موخاته‌به‌كردنی سیاسیه‌تی گۆرانه‌وه هه‌بوو به‌رانبه‌ر به‌پارتی، ده‌ركه‌وت ئه‌مه گرژی دروست ده‌كات و گرفته‌كانیش چاره‌سه‌ر ناكات، نابێت یه‌كێتی رێگا بدات ئه‌م جۆره گوتاره‌ی پێشووی گۆڕان یان سیاسه‌تكردن به‌سه‌ر خۆیدا زاڵ ببێت، چونكه ده‌بێت دڵنیابێت له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی ناگاته ده‌رئه‌نجام، و یه‌كێتی به ئاسانیش ده‌توانێت له‌م هاوكێشه ده‌ربچێت، چونكه ئه‌گه‌ر بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان (رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی داته‌كانی جه‌ماوه‌ری به‌دواوه‌بێت) بۆ یه‌كێتی روونادات، جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی راهاتوون و ده‌نگده‌ری یه‌كێتیش بریتیه له (رێكخستن نه‌ك خیتابی)، و هه‌ر نزیك بوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كێتی له پارتی هاوكێشه‌كه‌ی پێچه‌وانه ناكات و جه‌ماوه‌ری له‌ده‌ست نادات، له‌ڕووی سیاسیی شه‌وه هه‌ر قسه‌كه‌ی كاك (مه‌لا به‌ختیار)ره كه گوتی: (یه‌كێتی ئه‌گه‌ر 1 كورسی په‌رله‌مانی هه‌بێت و 100 كورسیشی هه‌بێت هه‌ریه‌كێتییه) واته سنوورێكی جوگرافیای كوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه و وه‌ك حزبی دیكه نییه به دابه‌زینی كورسییه‌كانی مه‌ترسی لاوازبوونی له‌سه‌ر بێت (كه من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه نیم)، بۆیه گرنگه یه‌كێتی ئه‌م خاڵه راست بكاته‌وه و به قورسایی پارتییه‌وه هه‌وڵ بدات موخاته‌به‌ی ئه‌م حزبه كات. هه‌رجۆرێك بێت یه‌كێتی كۆنگره‌ی چواره‌می خۆی كردووه و خودی یه‌كێتییه‌كان بڕوایان به‌وه هه‌بووه كه سه‌ركردایه‌تی ئێستایان هه‌ڵبژاردووه و ده‌بێت رێزیشیان لێبگیرێت، زۆر خه‌ڵك ده‌پرسن كه ئایا (پارتی دان به‌و كۆنگره‌ی یه‌كێتی ده‌نێت)؟. دوو بۆچوون له‌و باره‌وه هه‌یه، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه ره‌نگه پارتیش چاوه‌ڕوانی كۆنگره‌ی خۆی بكات، هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێتی ئه‌وه‌ی قبوڵكرد كه كام گوتاری هه‌ڵبژارد به‌رانبه‌ر به‌پارتی له‌كۆنگره، بۆ پارتیش ده‌بێت راست بێت كه له كۆنگره‌ی خۆیدا كام گوتار هه‌ڵده‌بژێرێت به‌رانبه‌ر به یه‌كێتی، ره‌نگ بێت ئه‌مه پرسێك بێت كاتی خۆی قسه‌ی زیاتر هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت پارتیش دوای كۆنگره قسه‌ی دیكه‌ی به‌رانبه‌ر به یه‌كێتی ده‌بێت، ره‌نگبێت رێككه‌وتنی ستراتیژی به‌ئالیه‌تی دیكه‌وه بژارده‌ی سه‌ره‌كی بێت یان پاكێجی به‌رێوه‌بردنی كوردستان له‌ڕووی ئیداری و سیاسییه‌وه بێته ئاراوه، چونكه چاره‌سه‌ری دیكه نه‌ماوه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا یه‌كێتی ده‌یكات له سلێمانی به‌تایبه‌ت پرسی لامه‌ركه‌زیه‌ت رێگاخۆشكه‌رێك بێت بۆ گفتووگۆكانی داهاتوویان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ئێستاوه هه‌بێت، ئه‌وه‌یه كه به‌رێز (فازڵ میرانی)، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ڵێت: "پیرۆزبایی له كۆنگره‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌ین و مامه‌ڵه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی نوێی ئه‌و حزبه ده‌كه‌ین". ئه‌م قسانه‌ی پارتی بۆ یه‌كێتی قۆناغێكی نوێ بوو، به‌ڵام دڵخۆشكه‌ر نییه، چونكه یه‌كێتی قسه‌كانی كاك (فازڵ میرانی) به تاكتیكی سیاسی ده‌كزانێت تا ستراتیژیه‌تی بیركرنه‌وه، بۆیه دوای لێدوانه‌كانیش قۆناغی به‌ره‌و پێشبردنی په‌یوه‌ندی و كۆبوونه‌وه‌كانیش له ئاستی هه‌ردوولا وه‌ك پێویست نه‌بوو ، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه هۆكاربن تاكه ده‌رچه‌ی چاره‌سه‌ر له‌نێوان هه‌ردوولا ئه‌وه‌یه كه پێش ئه‌وه‌ی به‌غدا كوردستان لاواز بكات، ده‌بێت بڕیاری خۆیان بده‌ن، ده‌بێت خودی هه‌ردوو حزب له‌وه تێبگه‌ن كه جوڵه‌ی به‌غدا به ئاستی به‌هێزبوون و شپرزه‌بوونی كوردستان، هاوكێشه‌كان (جارانی سفر) ده‌كات و دواجار ئه‌وه‌ی زه‌ره‌ده‌كات كوردستانیانن. بڕیاری دروست پێویستی به‌بیركدنه‌وه‌ی حه‌كیمانه هه‌یه، سه‌ركرده ده‌بێت له سروشتی حزبی خۆی تێبگات، به‌رێز تاڵه‌بانی، به‌و هه‌موو په‌یوه‌ندی و لێگه‌یشتنه سیاسی و ئاشته‌واییه‌ی هه‌ی بوو، دڵی یارو نه‌یاری راگرتبوو، له كۆبوونه‌وه‌ی 2006ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی، مام جه‌لال، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گرفتێك دروست بكات، خۆی بڕیاری دا پشكی یه‌كێتی له سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت بداته پارتی و گوتی: "كاك نێچیرڤان هی خۆمانه و ئه‌و ده‌یكه‌نه‌وه به‌سه‌رۆكی حكوومه‌ت". به‌یه‌ك قسه كۆتایی به‌گرفته‌كان هات و به‌و قسه‌یه‌ش كاك نێچیرڤان بارزانی كه‌وته به‌رده‌م ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره كه ئه‌و ته‌نیا هی پارتی نییه هی یه‌كێتییشه، بۆیه ده‌بێت یه‌كێتییه‌كانیش قسه‌كانی به‌رێز (تاڵه‌بانی) نه‌شكێنن و رێبازه‌كه‌ی نه‌كه‌نه په‌نابه‌ر له هه‌ولێر .
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج رووی قسه‌م له هه‌ردوو مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانیه ، ئه‌و دوو گه‌نجه‌ی ئێستا ئه‌ركی زۆر كه‌وتوه‌ته سه‌ریان و ئه‌وانیش له به‌رده‌م به‌رداشی : فشاره‌كانی ناوخۆی حزبه‌كانی خۆیان ڤایرۆسی كۆرۆنا فشاره‌كانی ئه‌و عیراقه‌ی بۆ گیان خۆمان نینۆكه‌كانیمان تیژكرده‌وه پێنه‌دانی موچه‌و توڕه‌یی خه‌ڵكان ده‌زانم قورسه له دۆخی ئاوادا هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاره‌تی ، به‌ڵام له‌وه قورس‌تر ئه‌وه‌یه مرۆڤ ناچار بێت ده‌سته پاچه بێت له‌به‌رده‌م ته‌وژمه‌كانی سه‌ریداو نه‌توانێ له‌مپه‌ره‌كان ببڕێ ، بیرمه 7 ساڵ له‌مه‌وبه‌رو ساڵی 2013 بارزانی باوك وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم كه ئه‌و ده‌م به زۆر له‌وێ مابوه‌وه ،پڕۆژه‌ی چاكسازی راگه‌یاند و نه‌یتوانی جێبه‌جێی كات ، له‌مه‌ودای ئه‌و 7 ساڵه‌داگه‌نده‌ڵی زیاتر بوو ، تاڵانی نه‌وت زۆر تر كرا ، روداوی ناخۆش رویاندا ، شاخ و ده‌شت و ده‌ری زیاتر ته‌لبه‌ند كرا‌و مشه خۆری زۆر تریش په‌یدا بوون، واته له بنه‌ڕه‌تا چاكسازیه نه‌كراوه‌كه ده‌ستی سته‌م و نادادی زیاتر ئاوه‌ڵا كرد . ئێوه له به‌رده‌م سبه‌ینێیه‌كی ناڕووندان ، سبه‌ینێیه‌ك كه داخوا چۆن ده‌بێت ، من جاری تریش وتومه یه‌كجار پشت بكه‌نه ماستاو چی و له‌بله‌بانه‌كان و گوێ له‌وانه بگرن كه برینه‌كان نیشان ده‌ده‌ن ، چاكسازی پێویستی به چه‌كوشه نه‌ك په‌شمه‌ك ، چاكسازیش له هاله‌كه‌ی ده‌ورتانه‌وه ده‌ست پێده‌كات ، سه‌یری ئه‌و هه‌موو ته‌خشان و په‌خشانی پاره‌یه بكه‌ن ، سه‌یری ئه‌و هه‌موو تاڵانیه بكه‌ن . من پرسیار له ئێوه ده‌كه‌م ، قه‌ت رێكه‌وتوه ئه‌و باوكه بن مناڵه‌كه‌تان داوای جلی تازه بكات و پاره‌تان نه‌بێت ، رێكه‌وتوه ئه‌و هاوسه‌ره بن هاوژینه‌كه‌تان پێویستی به نه‌خۆشخانه بێت و پاره نه‌بێ ، رێكه‌وتوه ئه‌و كرێچیه بن خاوه‌ن خانوو بزگوڕو كه‌ل و په‌له‌كه‌تان فڕێبداته كۆڵان و ئێوه‌ش له به‌رده‌م مناڵه‌كانتانا دۆش دامابن ، رێكه‌وتوه حه‌ز بكه‌ن كراسێكی تازه بكڕن و گیرفانتان خاڵی بێت ، ئێوه ده‌زانن له سه‌ر ئه‌م ده‌ریا نه‌وته چه‌ندین هه‌زار كه‌سی گیرفان خاڵی هه‌یه ، ئه‌وه‌ش ده‌زانن كه سوپایه‌كی مافیا‌و چه‌ته دروست بوونه‌و به‌شی هه‌موو ئه‌وانی تر ده‌خۆن ، نیشتمان پێویستی به هاوسه‌نگبوونه‌وه‌یه ، هه‌قیقه‌ته‌كه هه‌ر ئه‌وه‌یه یان ده‌بێت كاره‌كه ته‌واو بكه‌ن یان ده‌بێت بڵێن ناتوانین ، له‌م نێوانه‌دا رێگه‌یه‌كی تر نیه . من و هه‌زارانی وه‌كو من ئه‌م هه‌رێمه‌مان خۆش ده‌وێت ، ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ ، ده‌مانه‌وێت هی هه‌موومان بێت ، به هه‌ر شێوازێك بووبێ ئێستا ئێوه كاپتنی كه‌شتیه‌كه‌ن ، كه‌شتیه‌كه له گێژاوێكی گه‌وره‌دایه ، نقوم بوون واته كۆتای هه‌موو شتێك ، ئاخۆ ئێمه به‌ره‌و سبه‌ینێیه‌كی باشتر ده‌ڕۆین یان به‌ره‌و نادیار ، ئه‌مه لای ئێوه‌یه . یه‌كه‌مین ئه‌ركی ئێوه شه‌ڕكردنه بۆ ژیانێكی شایسته بۆ خه‌ڵك ، ئه‌و شه‌ڕه له به‌غدا بێت یان هه‌ولێر نابێت گوێ له‌و بوقانه بگرن ، كه چاره‌سه‌رێكیان پێنیه‌و رۆژه‌كان به یه‌كه‌وه گرێئه‌ده‌ن ، كێڕێگره له‌وه‌ی هه‌نگاو بنه‌ن ، یان بیخه‌نه به‌رده‌م دابین كردنی موچه بۆ خه‌ڵك یان وه‌لی كه‌ن ، سه‌یرێكی شیعره‌كه‌ی شوكری فه‌زڵی بكه‌ن كه بۆ شێخ مه‌حمودی نوسیوه ، سه‌یری ده‌م و كاوێژی ئه‌وانه مه‌كه‌ن كه له‌وه‌ڕه‌كه‌یان خۆشه .
سامانی وەستا بەکر کاتێک بڕیاری هەڵوەشانەوەی شۆڕشی ئەیلول درا، ئەو کاتە شۆڕشەکە لە چوارچێوەی ڕووبەڕوو بوونەوەی حکومەت بەرامبەر هێزێکی سیاسی یاخی یان بەرهەڵستکار تێپەڕیبوو وە چووبووە چوارچێوەی جەنگێکی نەتەوەییەوە و لە ئاستی جیهانا شۆڕشی ئەیلول شەڕی حکومەتێک بوو دژ بە نەتەوەیەک. شەڕی ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥ لە نێوان حکومەتی عێراق و شۆڕشی کوردستانا، کەوتە سنورێکی ئەوەنە فراوانەوە کە بوو بە شەڕی گەلی کورد و حکومەتی عێراق، ئەمە ڕاستییەک بوو کە تەنانەت دەسەڵاتدارانی عێراقیش نەیانەتوانی خۆیان لەو ڕاستییە لایەن و هیچ لێکانەوەیەکی ترییشی هەڵنەئەگرت. سەدام حسێن دیکتاتۆری پێشووی عێراق لە باسی هەڵوەشانەوەی پەیماننامەی جەزائیر لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٨٠یا دانی پیائەنێ و ئەڵێ (جەنگەکە گران و سەخت بوو، هێزی چەکداری زیاتر لە ١٦ هەزار پێکراوی لە نێوان شەهید و برینارا لەدەست چوو، سەرجەمی پێکراوەکان لە جەنگا لە نێوان سەرباز و هاوڵاتییا نزیکەی ٦٠ هەزار پێکراو بوو لە نێوان شەهید و کوژراو و برینارا). هەر لە شوێنێکی ترا سەدام سەبارەت بەخراپی بارودۆخی دەوڵەتی عێراق کە بەهۆی شۆڕشی کوردستانەوە تووشی هاتبوو ئەڵێت (کار گەشتبووە پلەیەکی ترسناک، کاتێک پێداویستییە بنچینەییەکانمان بە تایبەتی چەکی یەکلاکەرەوەمان بەرەو کەمی ئەچوو، جبەخانەی تۆپی قورسمان لە تەواوبوونا بوو، لە بۆمبا قورسەکانی چەکی ئاسمانی تەنیا سێ دانەمان مابوو). حیزبی شیوعی ئەوکاتە لەبەرەدابوو لەگەڵ بەعسا هاوبەشی حوکم بوو، چەکدارەکانی لەپاڵ سوپای عێراقا دژی شۆڕشی کورد شەڕیان ئەکرد. وە لە ڕۆژنامەکانیشیانا (گریق الشعب، فکر الجدید، نیری نوێ)دا سەرکرایەتی شۆڕسیان بە دارودەستەی ئیمپریالیزم و کۆنەپەرست دائەنا و بە (جیب العمیل) ناویان ئەبردن، ستایشی حزبی بەعس و دەسکەوتەکانیان ئەکرد و پێیان وابوو حزبی بەعس عێراق بەرەو سۆسیالیزم ئەبات. دوای ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ و چورا ساڵ نەشەڕ نەئاشتی لە کوردستانا، لە ئەنجامی مل نەدانی حکومەتی عێراق بۆ مافەکانی کورد و داننەنان پێیاداندا لە نیسانی ١٩٧٤ەوە شەڕ بەگەرمی لە کوردستانا دەستی پێکردەوە. نزیکەی هەموو کوردی باشور لەژیر ئاڵای بارزنییا کۆبونەوەو دژی ڕژێمی بەعس وەستان، تەنانەت "قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی عێراق"یش ئەو باڵەی کە لە "حشع" جیابووبووەوە، جگە لە "هەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی عێراق" و ژمارەیەکی کەمی کورد نەبێ لەپاڵ شۆڕشا نەبوون. کەسێکی ئەوتۆ هاوکاری بەعسی نەئەکرد، شەڕی ئەمجارە لەچاو قۆناغەکانی پێشووا لە هەمووکات گەرمتر و سەخت تر بوو. پشتیوانی کوردیش لەشۆڕشەکەیا لەچاو قۆناغەکانی پێشووترا لە هەموو کات فراوانتر بوو، سەدان هەزار کەس چوونە ناو ڕیزی شۆڕشەکەوە، لەوانە سەدان ئەفسەر، مامۆستای زانکۆ‌و قوتابخانەکان، ئەندازیار، پزیشک، پارێزەر، پلە باڵا‌و....هتد شۆڕش فەشەلی هێناو تاوانەکەی کرا بە ملی ڕێکەوتنامەی جەزائیرا، کە لە ڕاستییا ئەو ڕێکەوتنەی نێوان سەدام حسێن و شای ئێران تاکە هۆکاری نسکۆی شۆڕشەکە نەبوو بەڵکو ئەوە دیارترینی بوو بەڵام هۆکار و مخۆرکەی ناوخۆ ئەو پەتایە بوو کە شۆڕشی لەبنەوە هەڵەتەکان و دەمار دەمار ئەیبڕی. مەخابن ئێستاش ئەو مخۆرکە ناوخۆیە دەماری حوکمڕانی کورد ئەبڕێتەوە. سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول لەگەڵ ئەوەشا کە جەماوەرێکی فراوانی هەبوو، بەڵام هەروەک بزوتنەوە کوردایەتییە چەکدارەکانی پێش خۆی پێگەیەکی چینایەتی خێڵەکی پێوە دیاربوو، مەخابن ئێستاش وایە چینایەتی و خێڵەکی و بنەماڵە و خێزان و تاک پێگەی دیاری حیزب و دەسەڵات و حکومەتیشە. بەدرێژای تەمەنی چورادە ساڵەی شۆڕش، پارتی لەبواری ڕێکخستن و پەروەردەکردنی کادرا سەرکەوتوو نەبوو هەروەک چۆن خۆی بەهیچ تیۆرێکی کۆمەڵایەتییەوە نەبەستبۆوە و تا ڕادەیەکی زۆر پراگماتی بوو، مەخابن ئێستاش لەناو کۆی حیزبەکانی باشورا هەروایە. کەم و کوڕی ڕۆشنبیری و تێگەیشتن لە سیاسەت لای زۆربەی کادرەکان دیاردەیەکی ئاشکرا بوو، تەنانەت نزمی ئاستی ڕۆشنبیری لەنێو ڕیزەکانی شۆڕشا هیچ جۆرە خۆراکێکی ڕوناکبیری لەنێوانا نەمابوو، و شۆڕش لەبواری ڕێکخستن و کلتورییا هەڵوەشابۆوە و خۆشیان درکیان بەم ڕاستییە کردبوو. مەخابن ئێستاش نەک هەروایە بەڵکو حیزب خۆی هاندەر و پاڵپشتە تا سوپایەک لە کادێری ناوشیارو کۆیلە و مووچەخۆری بێبەرهەم دروست بکات تا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرش بکەنە سەر هەر کەس و ڕێکخراوێک کە قسە لە بەرژەوەندی گشتی و دژ بە بەرژەوەندی تایبەتی حیزب و بنەماڵە و سەرکردەکانیان بکەن. بارزانی باوک هەر لە دامەزرانی پارتییەوە سەرۆکی پ.د.ک بوو بەلام باوەڕی بە میکانیزمی کاری حیزب و دەسەڵات شۆڕکردنەوە بۆ خوارەوە نەبوو، ئەیویست خۆی کۆنترۆڵی تەواوی حیزب بکات بەڵام پاش بەیانی ئازاری ١٩٧٠ کە ئیدی حیزب ڕۆڵی بەرچاوی بینی و جڵەوی کارەکانی گرتەدەست، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی هەردوو کوڕەکەی ئدریس و مەسعود بارزانی هێنایە ناو حیزب و کران بە ئەندامی مەکتەب سیاسی، ئیتر لە دوای ئەمەوە تا ئێستاش ئەمە بووە بە کلتور بۆ هەموو حیزب و سەرکردەکان کە تاکە خەون و خەیاڵیان بووە بەوەی کە کوڕ‌و برا و کەسەکانی خۆیان بێنە پێشەوە و ببن بە شوێنگرەوەی خۆیان. سەبارەت بە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول کاک مەسعود باش بۆی چووە کە ووتوویەتی "نابێ گلەیی لە پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی بکەین، بەڵکو ئەبێ گلەیی لە خۆمان بکەین چونکە ئەو پرۆگرام و پەیڕەوە جێبەجێ نەئەکرا". مەخابن ئێستاش هەروایە کۆی حیزبەکان پەیڕەو پرۆگرامی باشیان هەیە بەڵام تەنها نوسراوە و پەیڕەو ناکرێ، کۆمەڵێ حیزبی سۆسیال دیموکراتی چەکدار و دیموکراتی دیکتاتۆرو لیبڕاڵی ئاژاوەچی و چەپی سەرمایەدار و دینداری بێ دین و مۆدێنخوازی کۆنەپەرست...هتد بوونی هەیە. سامانی وەستا بەکر
مەحموود یاسین كوردی -بەریتانیا ساڵێك بە سەر سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت، عورف وایە دوای تێپەڕینی 100 رۆژ بە سەر دەستبەكاربوونی هەر سەرۆك و حكومەتێك هەڵسەنگاندن و وردبینی بۆ كارەكانی دەكرێ لەمەیان هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی ئەو عورفەیە بەو پێییە ئەزموونە سیاسییەكە ئاسان نییە هاوشێوەكەی لە نێو كۆی سیستەمە سیاسییەكانی جیهان بدۆزریتەوە. "سەرۆكایەتییەك بە نابەدڵی" هەڵبەتە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە خواست و بڕیاری كاك مەسعود بارزانی جگە لەوەی بۆ لایەنەكان چاوەڕوان نەكراو بوو بە هەمان شێوە بۆ خودی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی موفاجەئە بوو خوشی لە لای كەسە نزیكەكانی ئەوەی باسكردووە كە چاوەڕی نەبوو"مام"ی ئەو كارەی لەگەڵ بكات هەر ئەو موفاجەئەیەش بوو كە داوای لێبوردنی لە قوباد تاڵەبانی پێكرد، چونكە پەسەندكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بە رێككەوتنی (سەرۆكوەزیرانی پێشوو و جێگرەكەی )بوو كە حكومەت بەبێ كێشە دروستدەكرێتەوە تێكچوونی هاوسەنگی كورسییەكان بە هۆی تەزویرو فێڵی تیمی پارتی لە كۆمسیۆن و هێنانە پێشەوەی بابەتی جنسیەو نفوس كاریگەری نابێ هەر بۆیە پێچەوانەی وتەبێژی یەكێتی كە لە بەغداوە پەسەندكردنی دەرنجامی هەڵبژاردنەكانی رەتكردەوە قوباد تاڵەبانی لە كەناڵی رووداو بە جیاوازتر‌و نەرمتر قسەی كرد رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی رەتكردەوە. ئەم قسانەی سەرەوە وەكو دەروازەیەكە بۆ تێگەیشتن لەوەی نێچیرڤان بارزانی هیچ لەگەڵ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و درووخستنەوەی لە سەرۆكایەتی حكومەت خۆشحاڵ نەبوو، بەڵكو كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی پەیوەست بوو بە توڕەی بارزانی لە شكستی كاندیدەكەی بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق. نێچیرڤان بارزانی،پێی وابوو ئەمە پاداشتێكی خراپی مام و ئامۆزایەتی، چونكە ئەو ز‌وربەی پردە رووخاوەكانی دوای لە دوای ریفراندۆم دروستكردەوە لە كاتێكدا عەرابی ریفراندۆم بە پێی قسەی رۆژنامەی واشتن پۆست مەسروور بارزانی بوو هەر ئەوانیش باسی پشتیوانی 36 دەوڵەتیان دەكرد كەچی ئەنجامەكە بەو شێوەیە بوو كە بینیمان. "دەستپێكێی خراپ" لە یەكەم هەنگاوی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم گورجێكی گەورە بەر نێچیرڤان بارزانی كەوت كاتێك پارتی ئامادە نەبوو پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك لەگەڵ دەنگدان بە سەرۆكی هەرێم بە یەكەوە ئەنجامبدا، بیگومان پارتی بەبێ یەكێتی بە هاوكاری گۆڕان سەرۆكی هەڵبژارد ئەمەش یەكەم لێدان بوو لە شكۆی نێچیرڤان بارزانی چونكە ئەو دەیویست سەرۆكی هەمووان یاخود زۆرینە بێت دەنگی 21 كورسییەكەی یەكێتی لە رووی مەعنەوی سیاسی بۆ سەرۆك گرنگ بوو بەڵام هەڵەی یەكێتی و ئیشكردنی ئاراستەیەكی نێو پارتی وایكرد نێچیرڤان بارزانی دەنگی زۆرینەی رەها بە دەست نەهێنی و یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكە بكات، كەچی یەكێتی ئەوەندە ناحەكیم بوو بۆ دەنگدان بە مەسروور بارزانی چووە دانیشتنی پەرلەمان كەچی بۆ دۆستەكەی خۆیان نەچوو!. "سەرۆكێكی بێ دەسەڵاتكراو" دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بە پێی یاسا روونە لە هەمووی گرنگتر نوێنەرایەتی كردنی هەرێمی كوردستانە لە دەرەوە لەم بوارەش لە ماوەی ساڵی رابردوو ئەو رۆڵەی سەرۆك لە لایەن سەرۆكوەزیران بچووكراوەتەوە. بە تایبەت لە بەشداریكردن سەرۆكی حكومەت لە كۆنفرانسی ئاسایشی میوشین لە ساڵی رابردوو لە كاتێدا ساڵانی رابردوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشدار دەبوو ئەمەش وایكرد نێچیرڤان بارزانی سەرەرای داوەتكردنی بەڵام بەشداری ئەو كۆنفرانسەی نەكرد. لە كاتێكدا ساڵانی پێشوو داوەتی فەرمی بۆ نێچیرڤان بارزانی هاتبوو وەكو سەرۆكی حكومەت بەڵام لە بەر مامی كە سەرۆكی هەرێم بوو بەشداری نەدەكرد بە تایبەت لە پرسی شەڕی داعش و سەركردایەتی پێشمەرگە نەیدەویست لە رۆڵ و پێگەی ئەو كەم بكاتەوە. لە لایەكی دیكەوە لە فستیڤاڵی ساڵانەی فۆڕمۆلا وەن لە ئیمارات كە بۆنەیەكی وەرزشییە بە تامی سیاسی سەرۆكی حكومەت هاوسەفەری سەرۆكی هەرێم بوو، بەڵام ساڵانی رابردوو تەنیا سەرۆكی هەرێم بەشداری دەكرد ئەمەش وایكرد تابلۆكە لە سەردانێكی خێزانی بچێ نەك سیاسی و دیبلۆماسی. ئەنجوومەنی ئاسایش سەر بە كێیە؟ ئەنجوومەنی ئاسایش یەكێكە لەو دامەزراوانەی بە پێی یاسای ژمارە (4) ساڵی 2011 سەر بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كەچی لەوەتەی نێچیرڤان بارزانی بووتە سەرۆك ئەو دامەزراوەیە لە رووی عەمەلەییەوە گواستراوەتەوە سەر نووسینگەی سەرۆكی حكومەت نەك سەرۆكایەتی حكومەت، تەنانەت لە گۆڕینی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن كە یەكێكە لە دەزگاكانی ئەو ئەنجوومەنە هیچ پرس و را بە سەرۆكی هەرێم نەكراوە بەڵكو سەرۆكی پارتی بە بڕیاری حیزبی گۆڕانكاری لەو شوێنە كرد. پرسیارێكی مەنتیقی دێتە پێشەوە بۆ لە سەردەمی كاك مەسعود بارزانی ئەنجوومەنی ئاسایش سەر بە سەرۆكی هەرێم بۆ لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانی سەر بە سەرۆكی حكومەتە خۆ یاساكە هەموارنەكراوە. "فەرماندەی گشتی بەبێ پێشمەرگە" سەرۆك بە پێی یاسا رەمزی یەكگرتووی خاك و سیستەمی سیاسییەكەیە لەپەیامی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بەڵێنیدا كە سەرۆكایەتی دەكاتە چەتری كۆكردنەوەی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان، لە رووی عەمەلییەوە هەوڵدرا لە سەر هەندێك پرس و بابەت پارتی، یەكێتی و گۆڕان و ئیسلامییەكان جگە لە (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) یەك هەڵوێستی هەبێ. لە یاسای سەرۆكایەتی ئاماژە بەوەكراوە كە سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەیە بەڵام لە جولاندنی هێز لە ناوچەی زینی و ورتی بەبێ ئاگاداری و هەمەئاهەنگی سەرۆك كرابوو، دوای گەورە بوونی قەیرانە و مەترسی دروستبوونی گرژی سەربازی بە هۆی لێدوانە تووندەكانی سەرۆكی حكومەت و مەكتەبی سیاسی و هاوسەرۆكایەنی یەكێتی ئینجا كێشەكە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم رادەستكرا. پرسی ناكۆكی و جولاندنی هێز لە زینی و وەرتێ هەموو هەوڵ و دەستپێشخەرییەكانی سەرۆكی هەرێم لە بارچوو، بۆ نموونە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بەیاننامەیەك داوایان لە نێچیرڤان بارزانی كرد وەكو سەرۆكی هەرێم پاشەكشە بە هێزەكان لە زینی و وەرتێ بكات تەنیا ئاسایشی خۆجێی كۆنترۆڵی ناوچەكە بكەن، هێشتا سەرۆكی هەرێم وەڵامی داواكەی نەدابووە سەرۆكی حكومەت لە 17/4/2020 روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە گوتی:" ئەوەی روودەدات یاخی بوونی تاقمێكە بەرامبەر حكومەت"، ئەمەش وایكرد بۆ یەكەمجار تیمێكی نێو حكومەت بەیاننامەو روونكردنەوە دژی خودی سەرۆكی حكومەت بنووسن. لە كاتێكدا جولاندنی هێزی پێشمەرگە دەبێ بە ئاگاداری و رەزامەندنی خودی سەرۆكی هەرێم بێت وەكو فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە، نە لە جولاندنی هێز حساب بۆ سەرۆكی هەرێم كرا نە لە چارەسەركردنی قەیرانەكە كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوایكرد بوو دەرفەت بە سەرۆك درا. بارەگای بارزانی بەرامبەر سەرۆكایەتی هەرێم بۆ مێژوو دەبێ بگوترێت جیاوازییەكی زۆر لە نێوان گوتاری سەرۆكی هەرێم و حكومەت هەیە لە بەشداری پێكردنی لایەنە سیاسییەكان لە بڕیاری سیاسی و یەكخستنی گوتاری سیاسی، نێچیرڤان بارزانی دژی دوو ئیدارەی مەقولە ناشازەكەی بەشێك لە پارتییەكانە كە كاتێك قەیرانێك دروست دەبێ دەڵێن ئێوە لە ماڵی خۆتان ئێمەش لە ماڵی خۆمان!. لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی رۆژی بە ئەنقسەت بە گاڵتەو بێ نرخكردنەوەی باسی لە دوو ئیدارەی كرد و گوتی:" نابێتە دوو ئیدارەی بەڵكو دەبێتە سفڕ ئیدارە". بە كورتییەكەی سەرۆك دوو ئەركی سەرەكی هەیە یەكەم نوێنەرایەتی و یەكخستنی گوتاری هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی و ئیدارەكردنی هێزی پێشمەرگەو ئەنجوومەنی ئاسایش لە هەر دوو بوارەكە رێگری و بەربەستی زۆری بۆ دروستبووە لە ماوەی ئەو ساڵە ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە بارەگای بارزانی و خودی سەرۆكی حكومەتەوە هەیە ئینجا لایەنەكانی دیكە. سەرۆكایەتی هەرێم وەكو بارەگای حیزب سەرەرای بەربەستەكانی بەردەم نێچیرڤان بارزانی لە كارەكانی بەڵام لە هەمان كاتدا بیركردنەوە و شێوازی تەقلیدی ئیشكردنی ئەویش بەربەستە لە بەردەم پێشكەوتنی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەو دامەزراوە بووتە شوێنی تۆراوەكانی نێو پارتی و پەراوێزخراوەكانی كابینەی پێشوو، نێچیرڤان بارزانی هەرچی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی و خەڵكی پارتییە لەو دەزگایە كۆیكردووتەوە لە كاتێكدا ئەو دامەزراوەیە موڵكی گەلە و دەبێ هەموو رەنگەكان بە پێی لێهاتووی و پسپۆری شوێنیان ببێتەوە، جگە لە بەرێزان مستەفای سەید قادر‌و شێخ جەعفەر مستەفا ستافی نووسینگەكانیان ئەوانی دیكە هەر لە پاسەوانەوە بگرە هەموو پارتییە جگە لە بەرێز فەوزی هەریری كە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتییە هەر یەك لە بەرێزان (كەریم شنگالی، جەعفەر ئیبراهیم، نەوزاد هادی و دڵشاد شەهاب) كە مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی پارتین سەرۆكایەتی هەرێمیان كۆنترۆڵكردووە.
ئارام سەعید ئەوەی وادەکات سیاسیەک یان حزبێک بەهێزتر دەرکەوێت لەوانی تر سەرەرای هێز، ئەو گوتارەیە کە سەرکردەکەی پێشکەشی دەکات، ئەو لۆژیکەی قسەی پێدەکات، بۆئەوەی بەسەر هاوڕێ سیاسیەکانیدا سەرکەوتو بێت پێویستی بە توانا وکارامەیی هەیە لەگوتارداندا،کە بتوانێت سەرنجی جەماوەر رابکێشێت، بۆ ئەوەی گوتار و قسەکانی ئیلهام بەخش بێت پێویستی بەدروستکردنی وێنەیەکی پڕسەرنج و دڵڕفێنە، وەهم و خەونی گەورە، ئەبێت دوژمن بۆ گەل دروست بکات ونیشانی بدات شەری ئەو دوژمنە دەکات. زۆرکات جەماوەریش لەزەت لەو درۆیانە دەبینێت کە سیاسیەکان بەشێوەیەکی جوان دەیهۆننەوە و دەیکەن، ئەوانیش بۆیە بەردەوامن لە درۆکردن و سەرنج راکێشانیان چونکە گوێیان لێدەگیرێت هەست دەکەن کە بەرامبەرەکانیان چێژ دەبینن لەو درۆیانە. رەنگە خەڵکیش زیاتر حەز بە گوێگرتنی درۆ بکەن چونکە رێگایەکی ئاسان و ئەفسوناویە وئاسانە، حەقیقەت رێگایەکی سەختە ومەرج نیە هەموو کەس حەز بە گوێگرتنی بکات، تەنانەت هەواڵێکی درۆ زۆر خێراتر لە هەواڵی راست بڵاو دەبێتەوە. مەبەست لە درۆش بەشێکی دروستکردنی ترس و بێزاریە، یان دروستکردنی سەرسوڕمان کەئەمەش تیۆری پیلانگێڕی زیاتر بەهێز دەکات و بۆچونە زانستیەکان دوور دەخاتەوە، وەک ئامرازێکی گرنگیش وایە بەدەست سیاسیە ستەمکارەکانەوە بۆ دروستکردنی ترس و ئاشوب نانەوە لەناو کۆمەڵگەدا بۆدروستکردنی دوژمن. قۆناغی یەکەم دروستکردنی ترسە لە دوژمن، ئەوکات مرۆڤ بیر لەبەرگری دەکاتەوە لەو دوژمنەی لێی دەترسیت، لەم ساتە وەختەدا کە سیاسیەک دێت دەڵیت دەبێت ئەو دوژمنە بروخێنین، تەقەی لێ بکەن، بۆ سیاسیی ئەوە ئاسانترە بۆ خەڵک بروا بکات و دوای ئەو سیاسیە بکەویت کە دەیەوێت دوژمن لەناوبەریت! بەڵام ئایا ئەو دوژمنە؟ یان تەنها بژاردە ئەوەیە کە تەقەی لێ بکرێت؟ یان وەک ئێلیزەر یودکۆڤسکی نوسەر لە وتارێکیدا دەپرسیت، "ئایا دوژمنەکەت دڕندەیە؟" لە ساڵانی رابردودا نمونەی شەر و دوژمن زۆرە، شەر لەگەڵ بەغدا، شکست، رێکەوتن، جیابونەوەی مەلایی و جەلالی، شەڕی ناوخۆ، شەڕی ئیسلامیەکان، شەڕ لەگەڵ پەکەکە، پاشان ٣١ ی ئاب، ریفراندۆم، ١٦ی ئۆکتۆبەر... هتد. لەهەموو ئەمانەدا دوژمنێک هەبوو کە دەیانوت دەبێت لەناوی بەرین، هەریەکەیان لای خۆیەوە پاساوی دەهێنایەوەو ئامادەکاری دەکرد و شەڕ هەڵدەگیرسا. یەکێک لەو نمونانە ریفراندۆم بوو، پارتی و ئەوانەی لەگەڵ ریفراندۆم بوون وێنەیەکیان دروستکردبوو کە دوژمنێک هەیە دەبێت لێی جیابینەوە، کاتی ئەوە هاتوە سەربەخۆ بین، بەڵێنیشیان دابوو کە دەوڵەتەکەیان دروستکرد ئەوانەش شاربەدەرکەن کە دژی ئەو ریفراندۆمە وەستابونەوە. دواتر شەر هەڵگیرسا و یەکێتی لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر بە رێکەوتن لەگەڵ بەغدا کۆتایی بەشەڕ هێنا، ئێستا پارتی بە ١٦ ی ئۆکتۆبەر دەڵێت خیانەت. ئەوانە کامیان دوژمنن؟؟ کامیان خیانەتە؟ کامیان دڕندە بوون؟ لە پاش ٣١ی ئاب کە یەکیتی بە خیانەتی ناودەبات، هەر خۆیان لەگەڵ پارتی ریکەوتنامەی ستراتیژیان ئیمزاکرد، لە دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر کە پارتی بە خیانەتی ژمارەیەک سەرکردەی یەکێتی ناودەبات ، ریفراندۆمچیەکان لەگەل بەغدا رێک کەوتنەوەو پۆستی سیادیان وەرگرت بە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی، بۆ بودجەو موچەی هەرێم پشت بەو دوژمنە دەبەستن، ئەی کوان ئەو دوژمنانەی ساڵانێک هاوڵاتی و مرۆڤی ئەم وڵاتە بۆی بوە سوتەمەنی؟ دەیان نمونەی تر هەن لەسەر ئەو دوژمنانەی کە بەناوی کوردایەتیەوە دروستکراون و ئێستا دۆستی گەورەشن نەک دوژمن. زۆربەی ئەو دوژمنانەش ئەگەر بیرکردنەوەیەکی ستراتیژی و ئەقڵانی هەبوایە دەکرا بە غەیری شەر بژاردەی تر هەبوایە و لەرێگەی گفتوگۆوە زۆری چارەسەر بکرایە، بەڵام بەرژەوەندی ئەوکاتی هێزێکی سیاسی وای خواستوە بە شەڕ ئەوکارە بکرێت. ئەوەی جێی داخیشە ئەوەیە پاش کۆتایی هاتنی ئەوشەرانە سیاسیەکان لە بیرەوەریەکانیاندا لەدوای چەند ساڵێک دەنوسن کە ئەوشەڕە هەڵەبوە و نەدەبوایە بمانکردایە. بەرێکەوتن و سازشکردنەکانیش دەڵین سیاسەت وا دەخوازیت. جاران جیاکردنەوەی درۆ لە راستیی ئاسانتر بوو بەڵام ئێستا و لە سایەی سۆشیال میدیا و بەکارهێنانی بەرفراوانی ئینتەرنیت وژمارەیەکی زۆری کەناڵی فەزایی و ناوخۆیی و دیجیتاڵ میدیا، تەوژمی گەورە لەسەر هەر روداویک دروست دەبێت کە درۆ و راستیی بە ئاسانی لەیەک جیاناکرێتەوە. ئێستاش تازەترین دوژمن کورۆنایە کە ئیتر ئەبێت بەرگری بکەین و روبەروی ببینەوە.... کە بێگومان دوژمنە و دەبێت خۆپارێزی بکەین، سیاسیەک دەڵێ فشەیە، یەکێکی تر ئەڵی وەزعەکە لەدەست دەرچوو فریا کەون، یەکێک ئەلی کۆنترۆڵکرا... کەڕاستیەکەی ئەوەیە لەبەر شەرو کاولکاری ساڵانی رابردوو، بەهەدەردانی سامان و گەندەڵیی بەرفراوان نەیانتوانیوە سیستمیکی تەندروستی باش دروست بکەن توانای روبەروبونەوەی ئەو قەیرانەی هەبێت وەک هەموو بوارەکانی تر، دان بەو راستیەدا نانێن....
عەبدولڕەحمان رەزگەیی دروستکردنی حەکایەت و وەھم دیارترین خەسڵەتی دەسەڵاتە خۆسەپێن و گەندەڵەکان، کە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆیان کۆمەڵێک وەھمی کاتی و درێژمەودا بۆ خەڵک دروستدەکەن، دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان ناتوانن لەو وڵاتانەدا بمێننەوە کە خاوەن گەلێکی ھۆشیارن، چونکە گەلی ھۆشیار ناتواندرێت بەوەھم فریوبدرێت، ھەربۆیەش تەمەن درێژی دەسەڵاتی دیکتاتۆر دەکەوێتە سەر ئاستی ھۆشیاری گەل. لەوەتای حوکمی کوردی ھەیە تاکی کورد گوێی لەم ڕستانەیە، خۆشگوزەرانی، دەوڵەتی کوردی، ھەلی کار، ئەمنیەتی قەومیمان لە مەترسیدایە و عێڕاق دوژمنە، بێ ئەوەی ھیچ کام لەمانە ڕاستبن، سەیرنیە دەسەڵات ئەمانە بەگوێی خەڵکدابدات بۆمانەوەی خۆی، سەیر ئەوەیە دوای 30 ساڵ حکومڕانی تا ئێستاش خەڵک پێیان باوەڕبکات. دەبێت خەڵک وەھم بناسێت و نەگەوجێنرێت، لە ھەر وڵاتیێکد دوژمنی دەستکرد پەیداکرا، حەکایەتی بۆشی نەتەوی، دینی، چاکسازی، بەڵێنی پڕۆژەی گەورە و دروشمی خەتەر لەسەر ئەمنیەتی قەومی بونە ڕۆژەڤ ئەوکات دەبێت بزانیت لەپشت ئەم سلۆگان و حەکایەتە فڕێدراوانەوە دنیایەک تاڵانکاری، احتکار، داڕمانی مۆڕاڵی سیاسی و مافیاگەری ھەیە، کە سەرجەمی ئەمانە بە ھەژاری خەڵک، نەمانی ئازادی، نەمانی دادپەروەری و داڕمانی کۆمەڵایەتی کۆتایی دێت. لەمێژوودا و لە ئێستاشدا زۆر دەسەڵاتی دیکتاتۆری وەھم وەک کاریگەرترین میکانیزم بەکاردێنن بۆ خەپاندنی خەڵک و درێژەدان بە ژیانی سیاسی خۆیان، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی 1979 وە، دەڵێن گەلی ئێران خۆڕاگرە، ئابوری ئێران بەھێزە و دەرفەتی کار زیاتردەکەین و بە وەھمی ئاینی شیعە مەزھەب، خەتەر لەسەر ئەمنیەتی قەومی لەلایەن ئەمریکا و ئیسڕایلەوە خەڵک فریودەدەن، بە دروشمی (مرگ بر ئەمریکا و مرگ بر ئیسڕایل) گەلانی ئێران دەچەوسێننەوە، خۆشیان لەوپەڕی ئاستی گوزەراندان، ئێستا لە ئێران خەڵک لە خراپترین دۆخی ئابوری کۆمەڵایەتیدان، ئازادی سیاسی نیە، دادپەروەری نیە، ھەژاری لە بەرزترین ئاستدایە، لە ساڵی 1979 وە کە نزیکەی نیوسەدەیە خەڵکی ئێران باجی وەھم و سیاسەتی دیکتاتۆری دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان دەدەن. لە کوردستانیش بەھەمان شێوە چەندین ساڵە بە دروشمی بۆشی نەتەوەیی، بەڵێنی خوشگوزەرانی، ڕەخساندنی ھەلی کار، چاکسازی، خەتەر لەسەر ئەمنیەتی قەومی و دانانی عێڕاق بە دوژمن خەڵک فریودەدرێت، ئەم وەھمە دروستکراوە وایکردوە چەندین ساڵە کۆمەڵێک گەندەڵ و دیکتاتۆرمان لێ ببێت بە مەرجەع و سەرکردەی نەتەوەیی، لەکاتێکدا ئەوان خۆیان خێزان و دەوروبەریان لە بەرزترین ئاستی ڕەفاھیەتدان، خەڵکیش لە خراپترین ئاستی گوزەراندایە، لە کاتێکدا نەعێڕاق دوژمنە و نە خەتەریش لەسەر ئەمنیەتی قەومی ھەیە، نە دەرفەتی کار ھەیە و نەخۆشگوزەرانی، ئەوانەی کە ئەوان وەک دوژمن بە ئێمەیان دەناسێنن، لەگەڵیان لەسەر دەستکەوت و پۆست و پارە ڕێکدەکەون و ژیانی خەڵکیش ھەر رۆژ خراپتردەبێت، پێویستە خەڵک لەوە تێبگات دەسەڵاتی سەردەست، دیکتاتۆر و گەندەڵ ھیچ کات خزمەت، چاکسازی، دیمۆکراسی و دادپەروەری ناکاتە ھۆکار بۆمانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات، ئەوەی بەکاری دێنێت بۆ درێژەدان بە ژیانی سیاسی خۆی تەنھا دروستکردنی وەھمە بۆ خەڵک.
هیوا سەید سەلیم لە پەیوەندەیەکی تەلەفۆنیدا کە لە نێوانی ترەمپ و ئەردۆغان ئەنجامدراوە، ئەردۆغان بە سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ( ئەوەی ئێستا لە ئەمەریکا روودەدات دەستی رێکخراوی Antifa لە پشتە کە بە هەزاران کەسیان لە لایەن یەپەگە و پەکەکە مەشق پێکراوە) بەر لەوەی شیکاری بۆ قسەکانی ئەردۆغان بکەین، وا پێویست دەکات چەند زانیاریەک لەسەر رێکخراوی ئەنتیفا بخەینەروو، ئینجا تێدەگەین ئامانجی ئەردۆغان لەو قسانەی چی بووە. ئەنتیفا رێکخراوێکی چەپی دژ بە سەرمایەداری و راسیزمە، و ناوەکەیان کورتکراوەی Anti Fascism واتا دژ بە فاشیزم. ئەو رێکخراوە لەسەر ئاستی جیهان کاری نهێنی دەکەن و هیچ کەسێک بە ئاشکرا سەرکردایەتیان ناکات، مێژووی درووست بوونیان دیار نیە، بەڵام کەسانێک ئەو رەوتە دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی نازیەکان لە جەنگی جیهانی یەکەم. ساڵی ١٩٩٩ رێکخراوی ئەنتیفا وەک رەوتێکی ناڕازی لەبەرامبەر کارەکانی رێکخراوی بازرگانی جیهانی لە سیتاڵ رژانە سەر شەقامەکان، ئەوان بڕوایان بە کاری توندڕەوانە هەیە بەڵام نەگاتە ئاستی کوشتنی مرۆڤەکان. بەشێکیان خۆیان بە درێژەپێدەری ئەو رەوتە دەزانن کە لە ئەورپا و ئەمەریکا دژ بە دەسەڵاتی نازیەت و فاشیەت و رەگەزپەرستی سەریهەڵدا، ئەندامەکانیان لە کاتی چالاکیەکانیان جلی ڕەش دەپۆشن و دەمووچاویان بە دەمامک دادەپۆشن. لە ئەمەریکا دوای کوشتنی جۆرج فلۆیدی رەش پێست، لە لایەن پۆلیسێکەوە، ئەو رێکخراوە پێشەنگایەتی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی گەورەیان گرتە دەست، و خەریکە چالاکیەکانیان زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمەریکا دەگرێتەوە. هەروەها خەریکە لەسەر ئاستی ئەوروپاش بۆ دژایەتی راسیزم و پڕۆتسۆکردنی کوشتنی جۆرج فلۆید دەنگی ناڕەزایی رێکخراوەکانی دژ بە راسیزم بەرزدەبێتەوە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، وەک تورکێکی نەژادپەرست و هەڵگری بیروباوەڕێکی فاشیزم، بە تایبەت بەرامبەر بە نەتەوەی کورد، لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەی کە لەگەڵ ترمپ ئەنجامی دەدات، وای نیشان دەدات کە هەنگی لە دار دۆزیوەتەوە، دێت ئۆباڵی ئەو ناڕەزاییانەی ئەمەریکا دەخاتە ئەستۆی هەریەک لە یەپەگە و پەکەکە. ئاخر بێ بنەما نیە کە دەوترێت ئەردۆغان تووشی فۆبیای کورد بووە، ئەگینا ترەمپ لە هەموو لایەک ئەو راستیە باشتر دەزانێت کە هۆکاری ئەوەی لە ئەمەریکا روودەدات چیە؟ بۆیە هیج پێویست ناکات ئەردۆغانی نەتەوەپەرست تەگبیر بۆ سەرۆکی ئەمەریکا بکات. ئەردۆغان کە لەسایەی دەسەڵاتی پارتەکەی، تورکیای کردۆتە زیندانێکی گەورە، ترسی گەورەی لەوەیە کە باهۆزی دژ بە فاشیەت بگاتە ولاتەکەی، و چیتر لێی قەبووڵ نەکرێت لەسەر گوێگرتن لە گۆرانی کوردی گەنجێکی وەک باریش بکوژرێت، بۆیە ویستوویەتی وا نیشانی ترەمپ بدات کە هەردووکیان قوربانین و( YPG و PKK و ANTIFA) ش جەلادەکەن.
سەردار قادر لەم زەمەنی وەیشومەیەدا تەنها ووشەكان دێن و ئەرۆن ،ووشەكان تەنها ووشەن و هیچی تر ، ئازارەكان وەك خۆیانن ، رۆژانە ئازاری نوێ ، زەمەنی كۆرۆنا زەمەنی ترس. زەمەنی وەیشومە، زەمەنی خەمی گشتی . زەمەنی گیرفانی بەتاڵی باوك ، زەمەنی دەست و نزای دایك بۆ رۆڵە كانیان . زەمەنی وەستانی دەنگ ، هەر رۆژەی هەواڵێك ، زەمەنی حەپەسانی دەم و چاوی هەموان . ئەم دەردە دونیا بەرەو كوێ ئەبات ، ئەو ژێر پردە كەی پر ئەبێتەوە لە ژاوە ژاو، ئەو ژێر دارە كەی كور كاڵی شار كۆ ئەكاتەوە ،ئەو دوكانانە كەی بێ ترس ئەكرێنەنەوە ؟؟ ئەم كۆرۆنایە دونیایەكی نوێ فەراهەم ئەكات و باس لە تان وپۆكەی ئەكرێت بەم شێوازە: *سیستەمی سیاسی نوێ ، سیستەمی فرە جەمسەر ئەبێت گۆرانكاری لە سیستەمی یەك جەمسەری روو ئەدات . *دونیا دونیای نوێ ی تەكەنۆلۆجیا ئەبێت وە زیاتر كۆ مپانیاكانی تەندروستی برەوی ئەبێت و كاری كۆمپانیاكان و دەوڵەتیش زیاتر كاری ئۆن لاین ئەبێت و كاری گەیاندن بە شێوازی دیلەڤەری دەبێتە بازاری گەورەی كاركردن . *سیستەمی سیاسی ئەكەوێتە دوای سیستەمی ئابووری واتە زاراوەی ئابووری ئەبێتە پێناسەی ژیانی هاووڵاتیان . * ووڵاتان بەرەو ووڵاتی داخراو ئەچێت ، دەركەوت ووڵاتە داخراوەكان كەمترین قوربانی كۆرۆنا بوون . * ئایین زیاتر بەرەو ریتمی تاكە كەسی ئەچێت و كۆبوونەوەی هاو ئیمانەكان كەم ئەبێتەوە . *زانیاری كۆكراوە لەسەر تاكەكان زیاتر ئەبێت و ئیتر دونیا ، دونیای ئازادی تاكە كەس نامێنێت و دەوڵەت زانیاری لەسەر تاكەكان بە مافی خۆی ئەزانێت . زۆر تان و پۆ باس ئەكرێت لە سەر ژیانی دوای كۆرۆنا ، كە زۆرینەی بابەتەكان وابەستەی جۆرێك لە هەست و لێكدانەوەی جیاوازی تاكەكانن. لە هەرێمی كوردستان چ باسە ؟؟ لەم قەیرانی كۆرۆنایەدا هەرێمی كوردستان ، قەیرانی سیاسی ، بژێوی ، قەیران لەگەڵ بەغداد ، قەیران لەگەڵ دەرەوەی خۆی ... زۆری تر لە قەیران ئەبینرێت هەرێمی كوردستان كێشەی موچەو بودجە زیا لە كاتەكانی تری پێوە دەركەوتووە ، حوكم رانی لە كوردستاندا قەیران بۆتە سیفەتی ناسراوای . لەم ستونەدا باس لە هۆكاری ئەو دۆخە ناكەم چونكە زۆر بابەت لەسەر ئەوە ووتراوە ،ئەوەی جێ ی پرسیارە چارەسەر چیە ؟؟ خەڵك لە بێ ئومێدیدا ئەژی ، مووچە بۆتە خەمی گەورە ، خزمەت گوزاری هیجرەتی كردووە ، دڵە راوكێ سیفەتی هەموانە ، ترس بە رووی هەموانەوە ئەبینرێت . لەم قەیرانی بودجەیەدا ئەبێت رێگە چارە چی بێت ؟؟ بە پێ ی ئامارەكانی كە بڵاو ئەكرێتەوە داهاتی نەوت بۆتە نزیكەی 30 ملێۆن دۆلار ، داهاتی تاوخۆ نزیكەی 60 ملێۆن دۆلار (كە نەبوونی شەفافیەت گومان لەسەر ئەم ژمارانە دروست ئەكات ) ، داهاتی كە دێت لە بەغدادەوە نزیكەی 400 ملیا ر دینارە . یارمەتیەكەی ئەمەریكاش هەیە ، ئایا كە كورت هێنان لە بوجەدا بەو شێوەیە بێت رێگە چارە چیە ؟؟ ئەوەی تا ئێستا باس لێوە ئەكرێت ، تەنیا پاشەكەوت و هەندێ هەوڵە بۆ چاكسازی كە بە داخەوە چاكسازی بۆتە زاراوەیەك كە هەموو قسەی لەسەر ئەكەن بێ ئەوەی هەنگاوی فیعلی بنرێت . تا ئێستا بەرنامەیەكی وورد و درشت و پلانێكی زانستی نەخراوەتە روو بۆ بە رێ كردنی ئەم قەیرانە . دەسەڵات و حوكم رانی تا ئێستا هەنگاوی جدی نەناوە بۆ دۆزینەوەی رێگە چارە !!! لەگەڵ بەغداد نەتوانراوە دان وسانەكان بگەنە دەر ئەنجام ، ناكۆكی نێوان ئامۆزاكانی كابینەی ئێستا و پێشوو بۆتە جێ سەرنجی هاووڵاتیان . گەر باس لە بوونی هەرێمی تر بكرێت بۆ ئەبێت وەك تاوان سەیر بكرێت ، لامەركەزێتی دارایی و كارگێری بۆ وەك جیابوونەوە سەیر بكرێت ، ئەوانەی داوای ئەكەن پێش باس كردنی ئەبێت سەراتا عوزر خوایی بێننەوە و بڵێن بۆ هەموو شارەكانەوە مەبەستمان شار چێتی نیە ؟؟؟؟ ئایا گەر باس لەوە بكرێت كە لامەركەزی ئەبێت بە یاسا لە پەرلەمانی كوردستان ، یاسای بۆ دەركرێت كە ئەزانرێت پارتی بە خۆیی و كۆتاكانەوە زۆرینەیە ، چاوەرێ ی ئەوەن ئەو یاسایە سەر بگرێت ؟؟؟؟ لە عێراقدا دەستور روون و ئاشكرایە كە رێگە ئەدات لەسەر ئاستی پارێزگایەك یان چەند پارێزگایەك هەرێمی نوێ دروست بكرێت ؟؟؟ دەست بردن بۆ ئەو رێگە چارەیە بۆ بە خیانەتی نیشتیمانی سەیر بكرێت ؟؟ ئەم بابەتە هی ئەوەیە زۆری لەسەر باس بكرێت و ببێتە بابەتی گشتی نەك تەنها وەك ناكۆكی و ململانێ ی نێوان یەكێتی و پارتی سەیر بكرێت . ئایا بەغداد فریاد رەسە ، ئایا بارودۆخی حوكم رانی لە عێراقدا هی ئەوەیە كە وەك هیوایەك سەیری بكەین ؟؟ ئایا ژیانی هاووڵاتیان لە شارەكانی تر لە عێراقدا بەو جۆرەیە كە ئێمەی هاوڵاتی وەك خەو بیبینین ؟؟ ئایا دەسەڵاتی كوردی بەدیلی جیاوازی پێ یە بۆ دەرچوون لەم قەیرانانە ؟؟ ئایا پاكێج دان بە حوكم رانی كوردی زەمەنی بە سەر نەچوو؟ هەموو ئەمانە پرسیارن كاتی ئەوە هاتووە بێ بەخشینەوەی تۆمەت بە دوای وەڵام دا وێڵ بین . میدیا جیاوازەكان حەقیەتی دەرگا بكەنەوە لەسەر ئەم بۆچوونە جیاوازانە و خەمی تاكەكان خەمی گشتی هەموومان بێت .
شێرزاد شێخانی به‌شی دووه‌م پارتی هه‌روه‌ك حزبێكی دواكه‌وتوو به‌عه‌قلییه‌تی ساڵانی په‌نجاو شه‌سته‌كان سیاسه‌ت ئه‌كا ، به‌خیتابێكی ئیعلامی غافڵگییر له‌گۆرانكارییه‌كانی سه‌رده‌م و به‌مه‌نتیقی گۆبڵزییانه هه‌وڵی چه‌واشه‌كردنی كۆمه‌ڵگه ئه‌دات . به‌م خیتابه دواكه‌وتووه‌ی سه‌ده‌ی رابردووش ئه‌یه‌وێ هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌یدا بسه‌پێنێ كه ئه‌ویش تێری خواردووه له‌مجۆره خیتابه چه‌واشه‌كارانه‌ی كه له‌گه‌ڵ چاوكرانه‌وه‌ی تاكی كورد و پێشكه‌وتنه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهان و كرانه‌وه‌ی فه‌زای راگه‌یاندنیش ناگونجێ .سه‌رباری ئه‌وه‌ی پارتی ته‌مه‌نی له‌حه‌فتا ساڵیش تێپه‌ڕی كردووه‌و ، سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌شی ده‌یان ساڵه له‌بواری سیاسیه‌ت و به‌ڕێوه‌بردندا ئه‌زموونێكی دو‌ورودرێژیان هه‌یه ، به‌ڵام ئێستاش به عه‌قلییه‌تی ساڵانی په‌نجاو شه‌سته‌كان كاره‌كانی به‌ڕێوه ئه‌بات . كاتێك ئه‌ندامێكی حزبه‌كه‌یان دێته سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن وبه‌به‌رچاوی ملیۆنان كه‌سه‌وه ده‌ڵێ " سه‌یاره‌ی هاوڵاتییه‌كی ئاسایی له سه‌یاره‌ی كاك مه‌سعود باشتره " !! . مه‌فروزه سه‌رانی پارتی دڵیان به‌مجۆره گوفتاره خۆش نه‌بێ ، به‌ڵكو پێویسته محاسه‌به‌ی بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و درۆ شاخداره و هه‌قبوو بانگیان بكردایه و پێیان وتایه " ئاخر قورمساغ ، خۆ خه‌ڵك چاوی كوێر نه‌بووه نه‌بینێ كه كاك مه‌سعود له‌هه‌ر ده‌رچوونێكیدا سه‌دان سه‌یاره‌ی ئاخر مۆدیلی به‌رزی به‌دواوه‌یه ، تۆ چۆن ئه‌م قسه‌یه ئه‌كه‌ی كه خه‌ڵكی گاڵته‌مان پێبكه‌ن و له‌سۆشیال میدیادا پێمان ڕابوێرن "!.. سه‌ركرده‌یه‌كیان كه دێته سه‌ر شاشه‌و ده‌ڵێ " مێوانخانه‌كه‌ی كاك مه‌سعود ئه‌وه‌نده بچووكه جێگای هه‌شت كه‌سی لێنابێته‌وه كاتێك بۆ جه‌ژنه پیرۆزه ئه‌چینه لای " !! ، هه‌قوایه بانگ بكرێ وموحاسه‌به بكرێ ، چونكه ئه‌م قسه‌یه بچووككرنه‌وه‌ی كاك مه‌سعوده نه‌ك ته‌نها وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڵكو وه‌ك سه‌رۆكی عه‌شییره‌تێكیش ، چونكه ته‌نانه‌ت كوێخای گوندیش دیوه‌خانه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه كه جێگای لانیكه‌م بیست كه‌سی لێ ببێته‌وه . سه‌یرم پێدێ كه‌سانێك هه‌بن له‌ناو سه‌ركردایه‌تی پارتیدا دڵیان به‌مجۆره قسانه خۆش بێ و ته‌نانه‌ت ئه‌م درۆزنانه‌ش خه‌ڵات بكه‌ن له‌كاتێكدا خۆشیان باوه‌ڕیان به قسه‌كانیان نیه ، ئه‌مه له‌گێلی و گه‌وجاندن زیاتر هیچتر نیه . ئه‌مجۆره خیتابه سواوه‌ی سه‌رده‌می گۆبلزی وه‌زیری دیعایه‌ی هیتله‌ره كه ده‌یوت " درۆ بكه و درۆ بكه تا باوه‌ڕت پێده‌كه‌ن ". ئه‌مه‌ش له‌ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا ده‌یخوارد ، به‌ڵام ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌یه ، چونكه خه‌ڵكی به‌گشتی چاوی كراوه‌یه‌و هه‌موو شت ئه‌بینێ ، بۆیه ئه‌بینین هه‌ر لێدوانێكی له‌م بابه‌ته سوشیال میدیا ده‌ته‌نێ و هه‌زاران كه‌س دێنه سه‌رخه‌ت بۆ ریسواكردنی پارتی و كۆیله‌كانی . له‌وانه‌ش سه‌یرتر رۆژ نیه ده‌یان جار نه‌بینین ونه‌بیستین له‌سایته‌كاندا كه‌وا فڵانه ئه‌ندام په‌رله‌مان وه‌ڵامی فڵانه سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی یان یه‌كگرتوو یان كۆمه‌ڵ ئه‌داته‌وه له‌سه‌ر ره‌خنه‌یان له‌پارتی ، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌وانه وته‌بێژی ده‌زگای راگه‌یاندنی پارتی بن نه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان كه ئیشی ئه‌وان ته‌شریعكردنی یاسایه نه‌ك وه‌ڵام و وه‌ڵامكاری حزبیانه !. یان ئه‌بینین هه‌ندێ له‌په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كه‌ی پارتی هه‌ر له‌خۆڕا یان به ده‌فعی حزبه‌كه‌یان دێنه ده‌نگ بۆ داكۆكی كردن له‌سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی پارتی ، بیریان چۆته‌وه وه‌زیفه‌ی ئه‌سڵی ئه‌ندام په‌رله‌مان چاودێری و ره‌خنه‌گرتنه له‌ئه‌دای حكومه‌ت نه‌ك دیفاعكردن . راسته ئه‌وانه سه‌ر به‌حزبی پارتین ، به‌ڵام خۆ پارتی ده‌یان ده‌زگای ئیعلامی حزبی و وته‌بێژی حكومه‌ت و حزبیشی هه‌یه، چ پێویست ده‌كات ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی بێنه ده‌نگ له‌سه‌ر بابه‌تی رۆژ . پارتی ده‌زگای گه‌وره‌ی راگه‌یاندنی هه‌یه كه نازانم ژماره‌یان چه‌نده ، ئه‌مانه وه‌كو دابه‌ستی دانیشتوون مووچه و ئیمتیازاتی زۆریشیان پێدراوه ، به‌ڵام بێ ئیشوكار رۆژ به‌سه‌ر ئه‌به‌ن ، ئه‌م شه‌ڕه ئیعلامیه‌ی حزبه‌كه‌شیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كاندا داوه‌ته ده‌ست په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌كانیان . له‌هه‌موو سیسته‌مێكی ته‌ندروستدا سكرتێری ئیعلامی رۆڵێكی گه‌وره ده‌بینێ له‌هوشیاركردنه‌وه‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی ، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به ئیداره‌كه‌یه‌وه . بۆ نموونه وه‌زیفه‌ی سكرتێری ئیعلامی هه‌ر سه‌رۆك حزب و حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تیش ئه‌وه‌یه كه‌وا به‌رده‌وام موتابه‌عه‌ی رووداوه‌كانی رۆژ بكا‌و به‌راپۆرتێكی كورتكراوی رۆژانه به‌رپرسه‌كه‌ی خۆی ئاگادار بكاته‌وه . وه‌زیفه‌ی ئه‌م سكرتێره‌یه موتابه‌عه‌ی رۆژنامه و سایت و په‌یجه‌كان بكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێك په‌یونده‌دی به كاری مه‌سئووله‌كه‌یه‌وه هه‌بێت به‌راپۆڕتێك ئاگاداری بكاته‌وه ، كه‌چی لای خۆمان سكرتیره‌كان ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوای ئیمتیازات وڕاوه كچ و دامه‌زراندنی خزم‌و كه‌سه‌كانیانن ، ئه‌وه‌نده ناپه‌رژێته سه‌ر ئه‌و ئه‌ركه فه‌رمیه‌وه . بۆیه هه‌میشه مه‌سئوله‌كانمان بێ خه‌به‌رن له‌رووداو پێشهاته‌كان ، كاتێكێش به‌خه‌به‌ر دێنه‌وه ئه‌بێنن ماڵیان وێران بووه و كاتیش به‌سه‌رچووه . له‌مڕۆژانه براده‌رێكی پارتی بۆی گێڕامه‌وه كه‌وا یه‌كێك له‌به‌رپرسه‌كانیان ته‌له‌فۆنی بۆ پاسه‌وانێكی خۆی كردووه‌و لێی پرسیوه " ئه‌رێ راسته ئه‌ڵین له‌گه‌ڕه‌كه‌كان كاره‌با كه‌مبۆته‌وه "؟!! . هیچ گومانم له‌وه‌دا نیه كه‌وا مه‌سئوله‌كانی پارتی به‌عام بۆ ساتێكیش چاویان به رۆژنامه‌و گۆڤارێكدا كه‌وتبێ ، یان به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌یكی ته‌له‌فزیۆنی دانیشتبن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو خه‌ڵكی ئاسایی بزانن له‌دونیا چ خه‌به‌ره ، ته‌نانه‌ت باوه‌ڕم به‌وه‌ش نیه له‌هه‌موو ژیانیان دوو رۆمان یان كتێبێكیان خوێندبێته‌وه ، جا چاره‌نووسی میلله‌ته نه‌گبه‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ش كه‌وتۆته ده‌ست ئه‌م نه‌خوێنده‌وارانه‌وه !! . ئه‌مه‌و جگه له‌زۆروبۆرری ئیعلامه‌كانی پارتی كه هه‌ر یه‌كیان ده‌یان ملیۆن دۆلاریان بۆ ته‌رخانكراوه و هه‌ر یه‌كیان به‌ئاوازێكه‌وه ئه‌خوێنن ، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌ململانێی ناو باڵه‌كانی پارتی ، هه‌رچه‌نده ئه‌ڵێن له‌ناو پارتیدا هیچ جۆره باڵباڵینێك نیه ، به‌ڵام كه سه‌یری روداو وباسنیوز ئه‌كه‌ی دوو خیتابی زۆر جیاواز ئه‌بینی . كاتێك رووداو دامه‌زرا ، چ پێویست به‌كه‌ناڵی 24 ئه‌كات . كاتێك كوردستان تی ڤی زمانحاڵی پارتی بوو ، چ پێویستی ئه‌كرد كه‌ناڵی زاگرۆس دروست ببێ . كه زانكۆی كوردستان نێچیر دروستیكرد، چ پێویست به زانكۆی ئه‌مه‌ریكی مه‌سرور ئه‌كات ، ئه‌مه ئه‌گه‌ر باڵباڵێن نه‌بێ ئه‌ی ناوی ئه‌نێن چی ؟؟!! .. ئه‌مانه‌و ده‌یان نمونه‌ی تری زه‌ق كه زۆر به‌راشكاوی پێمان ئه‌ڵێن ، نه‌ك باڵباڵین له‌ناو پارتیشدا هه‌یه ، به‌ڵكو خه‌ریكه ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئێستای نێچیرو مه‌سرور سه‌ری حزبه‌كه و یه‌كبوونیشیان ئه‌خوات . ئه‌مه‌و جگه له‌و جه‌یشه گه‌وره‌یه‌ی فه‌یسبوك وسۆشیال میدیا كه به سه‌دان هه‌زار دۆلار به‌ڕێوه ئه‌برێن ، به‌بێ ئه‌وه‌ی بایی یه‌ك فلسی قه‌ڵپیش سوودیان بۆ پارتی هه‌بێ ، ته‌نها كاریان شه‌ڕفرۆشتنه به نه‌یاره‌كانی پارتی وهه‌ڕه‌شه ڵێكردنیان به زمانبڕین وكوشتن . نوسه‌ره‌كانی ده‌رباریشیان ئه‌وه‌نده سووك و چرووك و بێ مسته‌وان كاتێك نوسینه‌كانیان ده‌خوێنیه‌وه بێ‌زیان لێئه‌كه‌یته‌وه ، سه‌قافه‌تیش وه‌كو سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵاتی كوردستانت له‌به‌رچاو ئه‌كه‌وێ . ئه‌مانه به‌هه‌مان نه‌فه‌سی نوسه‌رانی سه‌رده‌می سه‌دام وتاره‌كانیان ئه‌نوسن ، ته‌نها جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه نوسه‌ره‌كانی سه‌دام له‌ترسا خزمه‌تی رژێمه‌كه‌یان ئه‌كرد ، به‌ڵام ئه‌مانه‌ی پارتی ته‌نهاو ته‌نها بۆ پاره و ئیمتیازات قه‌ڵه‌مه‌كانیان فرۆشتووه ، ته‌نانه‌ت خۆشیان باوه‌ڕیان به نوسینه‌كانیان نیه ته‌نها بۆ ئیسپات حزووره !! به‌هه‌رحاڵ بوونی ئه‌م كۆیله‌و قه‌ڵه‌مه سواوانه‌ی میدیاكانی پارتی و مناڵه هه‌رزه‌كانی فه‌یسبوكه‌كانیان ، هه‌م ئاستی نوسینه‌كانیان زۆر نزم وبازاڕییه كاتێك دژ به یه‌كێك له‌نه‌یاره‌كانی پارتی دێنه ده‌نگ ، هه‌م ماهییه‌تی حزبه‌كه‌شیان ده‌ر ئه‌خه‌ن به‌م زمانه بازاڕی وجنێو و ته‌خوینانه ، بۆیه هیچ مه‌نتقێك له‌نووسینه‌كانیاندا نیه سه‌رنجی خوێنه‌ر راكێشێ . به‌كورتی وبه‌كوردی ئه‌م قه‌ڵه‌مه سواوانه خۆشیان باوەه‌ڕیان به‌نوسینه‌كانیان نیه و، هه‌موو خه‌ڵكیش ئه‌زانێ ئه‌م به‌رگرییانه‌یان بۆ پاره‌و مه‌سڵه‌حه‌ته و دوور نیه پێڕابواردنیش بێت به پارتییه‌وه . كاره‌ساته‌كه‌ش لێره‌دایه كاتێك سه‌رانی پارتی ته‌مه‌ن حه‌فتا ساڵه به هه‌موو قه‌ناعه‌تیانه‌وه كه‌یفیان به‌مجۆره زمانه بازاڕییه‌ی كۆیله‌كانیان دێ و ته‌نانه‌ت خه‌ڵاتیشیان ئه‌كه‌ن ، به‌مه‌ش زۆر به‌زه‌حمه‌ت له‌ناو ده‌زگای راگه‌یاندن ومیدیاكانی پارتی به سوشیال میدیاشه‌وه كه‌سێكی تۆزێ موحته‌ڕه‌میان تیا ببینی .
دڵشاد ئەنوەر من نامەوێ باسی کۆرۆنا بکەم، چونکە چەند ڕۆژێک پێش گەیشتنی مەترسیەکە، ئەوکاتەی " درۆکردن ی یەکێتی و پارتی" وای لەخەڵک کردبوو، گاڵتەیان بە مەترسیەکە بێت، دەیان پۆستم لێرەوە کرد، هاوارم کرد، کە مەترسیەکە جدیە و فریو مەخۆن. ئەوەی لێرەدا، ئەمەوێ باسی بکەم، ترسی ڕۆژنامەنوسان و ڕۆشنبیرانە کە نا‌وێرن پێچەوانەی شەپۆلی کۆمەڵگا مەلە بکەن، تەنانەت گەر بیشزانن کۆمەڵگا هەڵەیە. ئەو ڕۆژانەی باسی مەترسیەکانی کۆرۆنام کرد، ڕۆژنامەنوس، ڕۆشنبیر، چالاکوان، بە نامە ، بەتەلەفۆن، پێیان دەوتم: وریابە خەڵک دژی کۆرۆنایە، زۆر قسە لەسەر کۆرۆنا مەکە، تۆ خاوەن متمانەی، با متمانە لەدەست نەدەی! ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە و مامەڵە کردن لەگەڵ قەیران دا، پێشتریش هاتووەتەڕێم، بیرمە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا مەسەلەیەک ڕوویدا، زانیم هەڵەیە، چوومە ڕێگەی و ڕێم پێگرت، کەسایەتیەکی دیاری گەرمیان، پێیوتم: وریابە، با تۆمەتبار نەکرێین! کارەساتەکە لەوێوەیە، دەبێت ڕۆشنبیران و چینە توێژەکانی کۆمەڵگا پێشەنگی خەڵک بن، خەڵک لە ڕاستی و دروستی قەیران و مەسەلەکان ئاگادار بکەنەوە، کەچی لە تۆمەتبار کردن دەترسن، ئەوان شوێن پێ هەڵەکانی کۆمەڵگا دەنێن. لە وەڵامی هاوڕێیەکی دۆستمدا، کە خەمخۆرمە، بۆم نوسیووە: قەناعەتم بەشتێک هەبێت و بزانم ڕاستم، هەموو کۆمەڵگا دژم بێت، لەسەر قەناعەتەکەم دەڕۆم، تا هەموو کۆمەڵگا تێدەگەیەنم، کە هەڵەن. بیشزانم هەڵەم، خێرا دەکشێمەوە. یانی من تێناگەم، ترسی ڕۆژنامەنوسان و ڕۆشنبیران لە کۆمەڵگە و تۆمەتبارکردن، بۆ گەیشتووەتە ئاستێک نەوێرن ڕاستی بڵێن! یانی ڕۆژنامەنوس و نوسەر و ڕۆشنبیر و چالاکوان، گەر نیەتی خۆکاندیدکردنیان نەبێ و هەوڵی ڕازیکردنی کۆمەڵگە لە خۆیان نەدەن، گەر لە مەسەلەی بەرتیل و پارە وەرگرتن و خیانەت کردن لە پیشەکەیان نەگلابن، بۆ لە تۆمەت بترسن! بەوپەڕی قەناعەتەوە دەڵێم: ترس لە وتنی ڕاستی ، هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی کۆمەڵگە و ڕەدوو کەوتنی کۆمەڵگا، بۆ بەشێک لە رۆشنبیر و چالاکوانە پاکەکان هەڵەیە، بۆ ئەوانیتریشیان کە گلاون لە پیسخۆری، ترس لە تۆمەت مافی خۆیانە، چونکە دەزانن هەگبەکەیان چی تیایە.. هیوادارم، ڕۆشنبیر و جیلە پەرێز پاکەکە، هەرچەند نائومێدبن لە کۆمەڵگا، بێدەنگی هەڵنەبژێرن، لە پرسە جیاوازەکاندا قسەیان هەبێ، تا خەڵک بەسەر هەڵەدا نەبرێ، کە ئەمە ئەرکی سەرەکیشیانە.
ساڵح ژاژڵەیی سەرەتا دەمەوێت بڵێم كە گومانی تێدا نییەو هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت نكولی لەوە بكات كە بنەماڵەی بارزانی ڕولێكی دیاریان لە خەباتی كوردایەتیدا هەبوە . لەسەر كوردایەتی توشی كوشتن و دەربەدەری و ڕاونان و ماڵ وێرانی زۆر بون . شێخ عەبدول سەلامی بارزانی لەسەر كوردایەتی لە شاری موسڵ لە سێدارە درا . مەلا مسەتەفا لەسەر خەباتی كوردایەتی نزیكە 12 ساڵ ئاوارەی وڵاتی ڕوسیا بوو ، دوای ڕوخانی كۆماری مهاباد . بنەماڵەی بارزانی سەرەتا وەكو بنەماڵەیەكی دینی دەركەوتن و دوایی تێكەڵاوی خەباتی سیاسی و كوردایەتی بون . ئەم بنەماڵەیە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ عەشیرەتەكانی دەورو بەری خۆیان باش نەبوەو لە ئاستێكی زۆر خرابدا بوو. كێشەكانی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ عەشیرەتەكانی زیباری ، هەركی ، سورچی شیروانی و عەشیرەتەكانی تر لەسەر ئەوە بوە كە ئەو عەشیرەتانە ڕازی نەبون ملكەچی بنەماڵەی بارزانی بن و بچنە ژێردەسەڵات و هەژمونی ئەمانەوە . ئەو شەڕو ناكۆكی و ئاژاواوە بەردەوامە لە نێوان بنەماڵەی بارزانی و دەورو بەر ، لە نێوان عەشیرەتەكانی تر خۆشیانیاندا كە هەبووە ، بەردەوام كەشێكی نا ئارامی دروست كردوە لە هەموو ناوچەی باینان . پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان لەسەر بنەمای خۆشەویستی و بەزەیی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و دۆستایەتی گەشەیان نەكردوە . بە پێچەوانەوە نەریتی ڕق لە یەكبون و شەڕانگێزی و پەلامار و تیرۆر و پاكتاوكردنی یەكتری گەشەی كردوە . لە مەجلیس و كۆڕ‌و كۆبونەوەو دانیشتی سەران و ئەندامانی ئەو عەشیرەتانە ، هەمو باس و خواسەكان ئەوەبون ، چۆن بەسەر یەكتریدا زاڵ‌بن . چۆن لەگەڵ یەكتری شەر ِبكەن . چۆن تۆڵەی خۆیان لە یەكتری بكەنەوە . دواجار ئەم نەریتانە بە تێپەڕبونی رۆِژگار لەناو ناخی تاكی ئەو كۆمەڵگایەدا گەشەو چەكەرەی كردوەو ڕق و كێنەو تیرۆ و تۆَلەكردنەوەو پاكتاوكردنی یەكتری جیگەی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی گرتۆتەوەو بۆتە كەلتوری نێوانیان . دیاردەی ڕق و تۆڵەكردنەوەو تیرۆر و پاكتاوكردن كە لە لایەن بنەماڵەی بارزانی پەیڕەو دەكرا ، تەنها بەرامبەر بە عەشیرەتە نەیارەكانیان نەبوو ، بەڵكو لەناو عەشیرەتەكەی خۆشیاندا نەریت بوە . ئەگەر سەرنجی ئەم نمونای خوارەوە بدەن زۆر ڕاستی گرنگتان بۆ دەردەكەوێت : 1- لە ساڵی 1927 مەلا عەبدول ڕەحمان ناوێك لەناو بنەماڵەی بارزانیەكان دەر دەكەوێت وەكو ڕكبەری شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا . بەڵام دوایی بە پێی پلانێكی بەرنامە داڕێژراو لەناوی دەبەن . 2- لە كتێبی بارزان و ڕەچەڵەكی بارزانیان لە نوسینی مام خان شیروانی هاتوەو دەڵێت : لە سەرەتای حەفتاكاندا مام جوج كە خاڵی مەلا مستەفا دەبێت دەبێتە كەسێكی دیاری ناو بنەماڵەی بارزانی و پی َدەچێت كاری بۆ ئەوە كردبێت كە ببێـتە جێگرەوەی مەلا مستەف ، دواجار مەلا مستەفا پلانی بۆ داناوەو لە ناوی بردوە . 3-جەمیل كوڕی حەمەد ئاغای مێرگە سووری سەر بە عەشیرەتی شیروانی و لە هەمان كاتیش‌دا خزمی مەلا مستەفا بووە ، داوای كچی مەلا مستەفای كردوە ، وەڵامەكەیان ئەوە بووە ، كوشتویانە . دوای كوشتنەكەی فاخیر مێرگەسووری برای و براكانی و باوكیان بكوژەكە دەدۆزنەوەو ئەوانیش لە خوێنی براكەیان دەیكوژنەوە . دوای ئەوە بە فەرمانی مەلا مستەفا حەمەد ئاغا‌و كوڕەكانی كە فاخیر و سەعید و جەوهەر بون دەگێرین و دەخرێنە سجنی ڕایاتەوە . لە كاتێكدا كە شۆڕش ئاشبەتاڵ دەكات . نزیكەی 120 هەزار پێشمەرگە چەك دادەنین و تەسلیم بە ڕژێم دەبنەوە ، یان ڕو لە ئێران دەكەن ، لەوكاتە كارەسات بارەدا ، بە فەرمانی بنەماڵەی بارزانی هەر چواریان بە یەكەوە گوللە باران دەكەن . 4- خورشیدیەكان تیرەیەكن لە عەشیرەت و بنەماڵەی بارزانی ، وەكو چۆن لەناو عەشیرەتی جاف‌دا چەندین بنەماڵەو تیرەی تریش هەن . شێخ ئەحمەد ویستویەتی كەسێك لە خورشیدیەكان بكاتە جێ نشینی خۆی ، نەك مەلا مستەفا . بەڵام تا شێخ ئەحمەد تا لە ژیاندا بوە ، نەوێراوە بڕیاری ئەوەبدات و یەك لایی بكاتەوە ،چونكەپێی وابوە مەلا مستەفا بەو بڕیارە ڕازی نا‌بێـت و كێشە بۆ بنەماڵەكەیان دروست دەبێت . بۆیە هەمیشە بە چاوێكی جیاوازەوە سەیری خورشیدیەكانیان دەكرد . كاتێك بنەماڵەی بارزانی لە ڕێگای كوردایەتی و پێشمەرگایەتییەوە بونە خاوەن دەسەڵات و هێزی یەكەم ، لەناو شۆڕشیشدا بە هەمان عەقڵیەتی ڕابوردوی سەردەمی عەشائیرییان بەرامبەر نەیارە سیاسیەكانیان مامەلەیان كردوە بۆ ئەوەی هەمیشە خۆیان خاوەن دەسەڵات و بڕیاربن ، پەنایان بۆ هەموو شتێك دەبرد ، خیانەتكردن ، تیرۆركردنی نەیارەكانیان ، پاكتاوكردنی هەموو ئەوانەی دەینە ڕێگر لەبەردەمیان . تیرۆركردنی تێكۆشەرانی پارچەكانی تری كوردستان و ڕادەستكردنەوەیان بە ئێران و توركیا . سەرنجی ئەم نمونانە بدەن: 1- لە كاتی شەڕی جەلالی ومەلاییدا حاجی برایمی چەرمەگا دوو بەرزانی بە ناوەكانی ملكۆ و سیامەند و عومەر شەریف خەڵكی كەركوكی كوشتن ، بە بەهانەی ئەوەی گوایە مەلاییەكان ئیسماعیل عوزیری شاعیریان شەهید كردوە كە سەر بە عەشیرەتی حاجی برایم بووە . دوای بەیانی 11 ی ئازاری 1970 و دروست بونی جۆرێك لە ئارامی لە هەرێمی كوردستان ، مەلا مستەفا دەنێرێت بە شوێن هەندێك لە پیاو ماقوڵانی عەشیرەتی حاجی برایمی چەرمەگا سەردانی بكەن . هەموان وای بۆ دەچون كە مەلا مستەفا وەكو سەركردەیەكی كورد لە پێناو ساڕێژكردنی برینەكانی ڕابوردو لێیان خۆشبیت لە سەر كوشتنی ملكۆ و سیامەندو عومەر شەریف و ئاو بە ئاگردا بكات ، كاتێك دەكەونە ڕێگا لە چەرمەگاوە بۆلای مەلا مستەفا ، لە نێوان خەلەكان و كانی وەتمان بۆسەیەكیان بۆ دادەنێـت و هەمویان دەكوژێت . دەتوانی لێرەوە خوێندنەوە بۆ عەقَلیەتی بنەماڵەی بارزانی بكەی . نەوەكانیشی لەسەر هەمان ڕێچكەی ئەو بەردەوامن . دوای مردنی مەلا مستەفا مەسعود بارزانی بوو بە خاوەنی دەسەڵات و بڕیار . ئەویش لەسەر هەمان ڕێچكەی مەلا مستەفای باوكی بەردەوامە . دیاردەی ڕق وتیرۆر و تۆڵەكردنەوەو پاكتاوكردن لە بەرامبەر عەشیرەتەكان گوازرایەوە بۆ پاكتاوكردن و لەناو بردنی نەیارە حیزبییەكان ، چ لەناو حیزبەكەی خۆی یان چ لەناو حیزبە ڕكەرەرەكانی . محێدین ڕەحیم برای هەڤاڵ جوجەڵە ، یەكێك بوو لە سەركردەكانی پارتی ئێوارە ڕەخنەیەكی لە پارتی گرت ، بۆ بەیانی كوشتیان . كوشتنی فەرەیدون جوانڕۆیی و مردنی جەوهەر نامیق و فەلكەدین كاكەیی و جەرگیس فتح اللە جێگای گومانن . كوشتنی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمەو دەیان ڕۆژنامەنوسی تر گومانی تێدا ، بە بەر نامەی بنەماڵەی بارزانی ئەنجامدراون . باشترین نمونە ئەوەبوو كە نیهاد بارزانی كوڕی مەلا مستەفا ، عەلی عەبدولڵای دایە بەرشەق و حەسیر مەیدانی كرد ، لەسەرئەوەی ئامۆژگاری نیهادی كردووە. بە مەرجێ لەو كاتدا جێگری مەسعود بارزانی بوو . دوایی هەر دەریان كرد و بۆ كۆنگرەی 13پارتیش دەعوەتیان نەكرد. مەسعود بارزانی مامجەلال و نەوشیروان مستەفای نەیاری یەكتری بون . بەڵام قەدەر وای هێناو مەسعود بارزانی وەكو تاكە سواری مەیدان مایەوە . ئێمە زوربەمان پێمان وابوو لە كاتی مردنەكەیان بەشداری پرسەكەیان دەكات و چەند ڕۆژێكیش لە سلێمانی دەمێنێتەوە . لاپەڕەیەكی سپی دەكاتەوە ، هەوڵی ڕیكخستنەوەی ناوماڵی كورد دەدات . ڕابوردوو دەخاتە پشتی سەریەوەو بەدەست هێنانی ئارامی و خۆش گوزەرانی بۆ ئایندەی ئەم میللەتە دەكاتە ئەوەلیاتی كارەكانی . وەكو باوكێكی میهرەبان ڕەفتار دەكات. بەڵام بەداخەوە بۆچونەكانی هاوڵاتیان لەو بارەیەوە تەواو پێچەوانە دەرچوو . سەیركەن بڕیاری دادگا بۆ گرتنی كاك نووشیروان بە مادەی تیرۆر دوای 3 ساڵ لە مردنیشی تا ئێستا هەڵ نەوەشێنراوەتەوە . ڕاستە ئێستا لەژیاندا نەماوە . بەڵام مەلەفەكەی لە دادگا ماوە. واتە وەكو كەسێكی تیرۆریست مردوە . دەبوایە لەبەر خاتری ڕابوردوی خۆیی و خانەوادەكەی ، مەلەفەكەی لە دادگا داخەن و داوای لێبوردنیش بكەن . لە لایەكی تریشەوە دەبوو سەركردایەتی گوڕان ئەوە بكەنە مەرجی بەشداریكردنی حكومەت ، نەك لە تاوی وەرگرتنی پۆست‌دا ، ئەوە لە یاد بكەن و باسی نەكەن . یەكێتی كۆنگرەی بەستوەو سەركردایەتی نوێ ی هەڵبژاردوە ، بەڵام جەنابی سەرۆك لە ئەنجامەكانی ناڕازییە . دەڵی ئیعتیراف بەم سەركردایەتییە ناكەم . ئاخر بۆچی و پەیوەندی بە تۆوە چییە ؟. چاوەڕوان بویت كۆیلەكانی سەر بەخۆت ببنە خاوەن دەسەڵات ؟ لە ڕاستیدا ئەمە گەوترین تەعدایە بەرامبەر بە یەكێتی . واتە مەسعود بارزانی دەیەوێت كەسانێك ببنە سەركردەی یەكێتی كە سەربەخۆی بن . سەیر لەوەدایە مەسعود بارزانی كوڕەكەشی بە هەمان نەفەس و لەسەر هەمان ڕێچكەی خۆی پەروەردە كردوە . مەسرو بارزانی شارەزایەكی باشە لە بواری هەواڵ گری و چاوی لەناو ئەو بوارەدەا پشكوتووە . چەندین ساڵ سەرۆكی ئاژانسی بەناو پاراستنی هەرێم ، بەڵام ئاژانسی پاراستنی بنەماڵە بووە . بەرپرسی تیروری نەیارەكانی بنەماڵە بووە . لە ڕێگای تۆڕی فراوانی دەزای پاراستنەوە ، ئەوەی مرۆڤایەتی پێی ناخۆش بووە كردویەتی بەرامبەر نەیارەكانی بنەماڵەكەیان. ئەو حكومەتەی لە ئێستادا ئەو سەروكایەتی حكومەتێكە بەمانای وشە پۆلیسییە ؟ . نە حساب بۆ پەڕلەمان و نە بۆ وەزیر دەكات . لەبەر ئەوە لە ژێرسێبەری حوكمڕانی ئەم پیاوەدا بە هایەك بۆ مرۆڤ بون نامێنێتەوە , گەورەترین كێشەو معاناتی مەسعود بارزانی لە ئێستادا ئەوەیە چۆن دەسەڵاتی بنەماڵەكەیان بۆ مەسروری كوڕی یەكلایی بكاتەوە . كێشەی ئەو لە ئێستادا نیچیرە . لە لایەك برازا‌و لە لایەكی تر زاوا‌و لە هەمان كاتیش‌دا ڕوڵی گرینكی هەیەو تاكە ڕكەبەری مەسروری كوڕیەتی . ئێستا مەسرور بارزانی خەریكی دوور خستنەوەی لایەنگرانی نێچیرە لە دام و دەزگای حیزبی و حكومیدا . لە كۆنگرەی داهاتوی پارتیشدا ، كە زۆر چارەنوس سازە ، ئەوە یەكلا دەكرێتەوە ، كێ دەبێتە كەسی یەكەمی ناو بنەماڵە دوای مەسعود بارزانی . ئەوەی كە پێویستە هەموان بیزانن ئەوەیە : هەركەسێك لە هەر پلەوپایەو پۆستێكی حیزبی یان حكومیدابێت و سەر بە پارتی بێت ، تەنها فەرمان بەرێكەو فەرمان جی بەجی دەكات . واتە لە غەیری كەسانی سەر بە بنەماڵەی بارزانی هیچ كەسێك خاوەنی بڕیار نییە. هەر قسەكیش بكات و بەدڵی بنەماڵە نەبێت ، وەكو عەلی عەبدولڵا كە جێگری مەسعود بارزانی بوو ، حەسیر مەیدان دەكرێت . كەواتە كەس چاوەڕوانی ئەوە نەكات ، تا ئەمانە خاوەنی دەسەڵات بن ، بارودۆخ باشتر ببێت . چونكە ئەمانە بە هەمان عەقڵیەتی عەشائیری سەدەیەك پێش ئێستا بیر دەكەنەوە . هاوڵاتی خۆشەویست ، خوێنەری بەڕێز: سەرنج بدەن كاتێك ڕق و تیڕۆر و پاكتاو كردن و خیانەت ، جێگەی بەزەیی و خەمی هاوڵاتی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و خۆشەویستی بۆ نیشتمانی دەگرێتەوە ، هیچ بەهایەك بۆ مرۆڤایەتی و ژیان نامێنێـەوە. كاتێك ڕق و كینەو حەزی تۆَلەكردنەوەو كوشتن و ڕاوەدونان ، گەیشتە لوتكە ، بەهایەكیش بۆ مرۆڤ بون نامێنێتەوە. ئەوكاتە ڕق وەك بەرد ڕەق دەبێـت . چونكە مرۆڤ لەو كاتەدا سۆز و بەزەیی نامێنێت و هەموو بەهاكانی مرۆڤایەتی لە خۆی دادەماڵێت بۆ ئەوەی بگات بە لوتكەی حەزو خەوەكانی . ئەگەر بە وردی سەیری دەم و چاوی ئەم سەركردانە بكەی هەست دەكەی قۆناغی ڕق بونیان تێپەڕاندوەو خۆیان بۆن بە ڕق . ئاخر سەركردەیەك پێكەنینی نەیەت، بۆ تەنها جارێكیش بزەیەكیش بەسەر لێویەوە بەدی نەكرێت و بەدرۆش نەتوانێت پێ بكەنی َ، ئەو كات تەنها ڕق و ڕقبونەوە لە سیمای‌دا بەدی دەكرێت و ڕێك دەبنە ڕقێكی تەواو . كۆتایی بە نوسینەكەم دێنم و چەند دێڕێك لە نوسینەكەی پێشوم وەبیری ئێوەی ئازیز دینمەوە بۆ زیاتر تێگەیشتن . مەسعو بارزانی ڕیفراندۆمی ئەنجامدا بێ ئەوەی حساب بۆ هیچ كەس و لایەنێك بكات . هەر لە سەرەتاشەوە پێش بینی ئەنجامە خراپەكانی ڕیفراندۆم كرابوو . ئاگاداریشیان كردەوە . بەڵام ئەو بە ڕاشكاوی وتی : حساب بۆ كەس ناكەم و هەرچی ڕوبدات من بەرپرسیارم . لە ئەنجامدا نیوەی خاكی كوردستان لە دەست درا . ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی كورد دەربەدەرو ئاوارە و شەهید بون . كەركوكمان لە دەست دا. هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان ، كشایەوە . ئێستا هاوڵاتی كورد دەكوژن . دەغڵ و دانیان دەسوتێنن . لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەریان دەكەن . سوكایەتیان پێ دەكەن . دەغڵ و دانەكانیان لێ وەرناگرن هەر لەبەر ئەوەی كوردن . دەستدرێژی ناموس دەكرێتە سەر ئافرەتی كورد . بەڕێزینە لەمە خرابتر هیچی تر هەیە باسی بكەین . خۆ ئەوەشتان لە بیرە كە مەسعود بارزانی دەیفەرموو هەرچی ڕوبدات من بەرپرسیارم . ئێستا با بزانین چی دەكات ؟ ئەگەر سۆز‌و عاتیفەو بەزەی هەیە ، كەی دەجوڵێت ؟ ئەگەر هەستی نیشتمان پەروەری هەیە ، ئەوەتا بە بەر چاویەوە نیشتمان دەسوتێت و گڕی تێەبەربوە كەی ڕقی هەڵدەسێت ؟ ئاخر ڕق بۆ ئەم كاتە باشە هەستێت و تۆڵەی میللەتەكەت بكەیتەوە ، نەك ڕقت هەستیت و میللەتی پی َلەناوبەریت ، وەكو لەناوت برد. . هیچ شتێك لە تەعدای شەرەف قورس‌تر نییە لای كورد . ئەوەتا بە هۆی بڕیارە خراپەكانی سەرۆكەوە ، ئافرەتی كورد دەگێن ، ئاخر چی لەوە خرابتر هەیە ؟. جەنابی سەرۆك بە هۆش خۆت وەرەوەو كاتی ئەوەیە ڕقت بەرامبەر دوژمن هەستێت و لە بەرامبەردا ئەو ڕقە لە خۆت داماڵە كە بەرامبەر میللەتەكەت هەتە باهیچی تر میللەت بە هۆی بڕیارەكانی تۆوە سەرگەردان نەبێت . نیشتمان نەسوتێت . ئەگەر من لە شوێنی سەرۆك بومایە ، ئێستا خۆم كوشتبو یان خۆم دەشاردەوە بۆ ئەوەی كەس نەمبینێت . سەیركەن : سەرەڕای هەموو ئەم كارەساتەی بەسەر ئەم میللەتەی هێناوەو ئەوەتا خەڵك كەوتۆتە سواڵ . ڕق بە جۆرێك بەسەریدا زاڵ بوە ، هەموو ئەوانەی قبوڵە ، بەڵام تا ئەم كاتە ڕازی نییە پارێزگاری كەركوك كوردبێت لەسەر پشكی یەكێتی ، بە مەرجێك حكومەتی بەغدا ڕازییە . باشە جەناب تۆ ڕیفراندۆمت نەكرد لەبەر خاتری گەڕانەوەی كەركوك؟. ئەگەر ڕقیشت لە یەكێتییە ، ئەی كەركوكیەكان بۆچی . ئەی پارتییە كەركوكیەكان بۆ ئاوارە ببن ؟ سەیركەن جەنابی محمد خورشید بەرپرسی لقی 3/ی پارتی دەڵێت : پارێزگاری كەركوك پیلانی هەیە بۆ تەعریب كردنی كەركوك . منیش پێی دەڵێم هەی كۆیلەی ماستاوچی ، تازە زانیوتە كەركوك تەعریب دەكرێت ؟ پێت وایە پارێزگار بۆ نویژكردن هاتۆتە كەركوك . ئەی كۆیلە بۆچی ناچی لە ئاغاكەت بپرسی و پێی بڵێی : تا نەوتی كەركوكتان تاڵان دەكرد ، كەركوك دڵی ئێوە بوو . تا لە بری فرۆشتنی كەركوك 400 ملیۆن دۆلارتان وەكو بەرتیل وەرگرت ، گیانی ئێوەبوو . ئەی بۆچی ئێستا بەرگری لە كەركوك ناكەی . لانی كەم ڕێگا بدە پارێزگاری كەركوك كوردبێت ، لە پشكی هەر حیزبیك بێت ، باشترە لە پارێزگارێكی عەرەب. تۆ بە خۆت زانیوە چەند گەمژەی ؟ ئەگەر گەمژە نەبویتایە پارتی نەدەبوی . ئاخر كۆیلەو چەپڵە لێدەری وەكو ئێوە لە پشت سەرۆكەوەن ، بۆیە حاڵی میللەت ئاوایە . ئەوەی ئێستا بەسەر كورد دێت لە كەركوك ، ئەنجامی ڕیفراندۆم بوو . چیتر فرمێسك بەدرۆ بۆ كەركوك هەڵ مەڕێژن چونكە تا كەسانی كۆیلەی وەكو ئێوەی جاهیل لە دەوری سەرۆكبن ، دەبێ چاوەڕوانی بڕیاری زۆر خرابتریش لە جەنابی سەرۆك بكەین .
ئاسۆ حاجی هەندێک سیاسی و میدیا سێبەرەکانیان شاباشی روخانی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی رادەدێرن چونکە ئەو حکومەتە ناتوانێ موچە لە کاتی خۆی بدا،ئەو عەقلیەتە کە درێژکراوەی فەرهەنگ و تێگەیەکی شکست خواردووە و دەرئەنجامەکشیان هەمان دەرئەنجامی پێشوو دەبێت کە ئەوانەی تەنها روخان و سوتان و وێران کردن مێشک و حەزی داگیر کردبوون بەو خەفەتەوە سەریان نایەوە و حکومەتیش نە روخا. پرسی دواکەوتنی موچە پرسێکی چەندین ساڵەیە،لەوەتەی بەرپرسە عەقڵ شۆڤینیەکانی بەغدا و بە پێشنیاری چەند کوردێکی باوەڕ لەرزۆک بودجە و موچەی خەڵکی کوردستانیان بڕی هەموو مانگێک بە جۆرێک دووبارە دەبێتەوە،بۆیە ئەوەی پێویستە بەوهۆیەوە بڕوخێ و روبەڕوی توڕەیی خەڵک بێتەوە حکومەتی دەوڵەتە بەزۆر دروستکراوەکەی عێڕاقە نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی زیاتر لە سەت ساڵی کوردستانیانە. هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری کە پارێزەری مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی کوردستانیانە بەردەوام لە ژێر هەڕەشە و گوشار و فشاری نەیارانە(داگیرکەران)لە نێو بێدەنگی و بێ هەڵوێستی وڵاتانی بەناو هاوپەیمان (ئەمەریکا و ئەوروپا) کە چەند ئەوان بێدەنگ و هەڵوێست سست بن ئەوەندە هێزە ئیقلیمیەکان کوردستان وێک دێنەوە تا ناتوانێ هەناسە بدا و دەیخنکێنن. ئەو هێزگەلەی لە ناوخۆی کوردستان کە کار بۆ ئاراستەکردنی خەڵک دەکەن لە دژی حکومەتی خۆیان،لە چەند رۆژی رابردوو دەستیان ئاشکرا بوو کە بە ملیارات دۆلاریان لە وڵاتێکی هاوسێ و نەیاری کوردستان وەرگرتووە هەروەها زێر و مادەی هۆشبەریش،بەڵام نە پارەکە دیارە و نە زێڕەکە بەڵکو ئەوەی دیارە مادە هۆشبەرەکانن کە رۆژانە ژیان و گیانی گەنجانمان لەناو دەبا،هەروەها ئەوەش وەدیار کەوت کە ئەو هێزگەلە دەم گەرم و شیر تیژانەی دژی حکومەت پارەیەکی زۆر و زەمەند لە چ سەرف دەکەن،لە جیاتی هاوکاری کردنی خەڵکی هەژار یان دەست گرتنی گەنجێک(با ئەندام و کادیری خۆیان بێت)بەو پارەیە یان بەسەر کردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئاوڕدانەوەیەک لە پێویستی کەسوکاری ئەنفلکراوانی گەرمیان یان پاشماوەی کیمیابارانکراوانی هەلەبجە و خۆشناوەتی و بادینان،ئەوە بە ملیۆنان دۆلار لە دروست کردن و بەڕێوەبردن و سپۆنسەر کردنی پەیج و ئەکاوەنتی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان سەرف دەکەن وەک ئەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاشکرای کرد کە زیاتر لە چوار سەت پەیج و ئەکاوەنتی سەر بە دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داخستووە چونکە ساختە بوون و کاریان جوێندان و سوکایەتی کردن بووە بەخەڵک هەروەها بەلاڕێدابردنیان،ئەو پەیج و ئەکاوەنتانە تەنها بۆ یەک مانگ سپۆنسەری کردن(سپۆنسەری بۆ ئەوەیە کە زۆرترین خەڵک ببینێ،لە بەرامبەردا بڕێک پارە دەدەی)دوو سەت و حەفتا هەزار دۆلار بووە واتا(بیست و حەفت دەفتەر) باشە ئەگەر ئەوە جارانی دوازدە مانگی ساڵ بکەی دەکاتە چەند؟ ئەدی ئەگەر هەر پەیج و ئەکاوەنتێک کەسێک بەڕێوەی بردبێ و مانگانەی ئەو کەسەش تەنها پێنج سەت دۆلار بێت ئەو پارەیە دەکاتە چەند؟ باشە ئەگەر ئەو هەمووە داخرابن ئەدی دەبی چەند پەیج و ئەکاوەنت و گوپی دیکەیان هەیە و ئێستا کاران! هەموو ئەوانە ئاماژەی روونن کە ئەوانەی دەستەواژەی روخان بۆ حکومەت بەکاردەهێنن لەو چوارچێوەیە جێ دەگرن و ئەوەی دیاریشە ئەوەیە کە ئەوان دادەخرێن و دەدۆڕێن و لە دەرئەنجامیشدا و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەڕوخێن وەک چۆن مۆڕال و کەسایەتیان روخاوە و حکومەتەکەی مەسرور بارزانیش بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە خەلکی داوە کە دیارتینیان و گرنگترینیان جێبەجێکرنی یاسای چاکسازیە کە خواستێکی گشتگیری خەڵکە.
کاروان عەلی شامار ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکانی پێشوی حکومەتی ھەرێم، یەکەم بەرپرسی حکومی بوو کە دانی بەو حەقیقەتە تاڵەداناو راستگۆیانە وتی ئەگەر نرخی نەوت ببێتە ١٠٠$ ناتوانین مووچەی فەرمانبەران دابین بکەین! ئەو بە زمانێکی میللی پێی وتین کە پرسی نەوتی ھەرگیز بۆ خۆشگوزەرانی خەلکی کوردستان نەبوەو لە ئایندەدا بۆ خەڵکی کوردستان دەبێتە عیللەت نەک نیعمەت! بەغدا لە ھەموو کابینە وەزارییەکانیدا پابەند بووە بە رێکەوتن و بەشە بودجەشی لەکاتی خۆیدا ناردووە لێ بەرپرسانی کوردستان نییەتی رێکەوتنیان نەبوەو، لەکاتی دانوسانەکاندا داتا‌و ئاماری ناراستیان خستۆتە بەردەم بەرپرسانی بەغداو بەمەش کێشەی ھەڵپەستراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا وەک خۆی ماوەتەوە! دوای ئەوەی لەمانگی ئەپرڵدا دەرەنجامی گفتوگۆی لەنێوان شاندی حکومەتی ھەرێم و بەغدا بەھاوکاری سەرۆک کۆمار ئیجابی بوو، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران نیەت پاکی خۆی بۆ رێکەوتنەکە سەلماندو لە ھەنگاوی یەکەمدا بری (٤٠٠)ملوێن دیناری خستە سەر ژمارە حسابی بانقی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی ھەرێمی پێ دابەشکرێ بەلام حکومەت بەبیانوی نەبونی پارەو تەرخانکردنی ئەو گوژمەیە بۆ دانەوەی قەرز، پارەکە ھاوشێوەی مانگەکانی تر دیزەبەدەرخونە کرا! کۆتای مانگی حوزەیران دوا وادەیە بۆ رێکەوتن لەنێوان ھەرێم و بەغدا، فۆکەسی خەڵک لە بەرپرسانی ھەرێمە بۆ ئەوەی رێکەوتن بکرێ و بەیەکجاری کۆتایی بە کێشەکانی نێوانیان بھێنرێ، لێ چەن رۆژێکە نرخی نەوت ھەلکشانی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو بەرپرسانی ھەرێمی ساردکرۆتەوەو مومکینە جارێکی تر ھەڵەی پێشوو دوبارەکەنەوەو بەناوی ئابوری سەربەخۆوە کوردستان دەرگیر بە ماڵوێرانیەکی گەورە بکەنەوە! خولاصە، لێکتێگەیشتنی باش ھەیە لەنێوان شاندی دانوسانکاری ھەرێم و بەغدا بەڵام چەن رۆژێکە پارتی لە میدیاکانیەوە ھەواڵی فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆی کردۆتەوە مژاری رۆژ! پێویستە پارتی بۆ جارێکیش بێ لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا واز لە بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبی بھێنێ و رێکەوتن لەگەڵ بەغدا بکا. ھەرێم لەلێواری روخاندایەو ھاوڵاتیانیش بەرگەی ئاڵنگاری زیاتر ناگرن و گەر پارتی بەدەوام بێ لەسەر ئەو لۆجیکەی ئەوا بار‌و گوزەرانی خەڵک و مووچەخۆرانی کوردستان خراپتر دەبێ و نرخی نەوتیش چەن بەرزبێتەوە وەلێ نابێتە فاکتەری دڵخۆشی و خۆشگوزەرانی ھاولاتیان!