Draw Media

سابیری سەندیکا   ئێمە بەخێرای درک بە ھەندێک لە بەرەنگارییەکانی بوونی ساوایەک دەکەین. وە بە تەواوی درک بە گۆڕینی شێوازی ژیانمان دەکەین لەبەرئەوەی ساواکە بە تەواوی پشت بە ئێمە دەبەستێت، بە بەردەوامی داوا لە ئێمە دەکات، بیست و چوار کاتژمێر لە ڕۆژێکدا! ساواکان زیاتر دەبنە ھۆی گومان. بە ڕێگەیەکی ڕاست دەبێت ئێمە بەرپرسیار بین بەرامبەر چاودێری کردنی منداڵەکە، بەتایبەتی کاتێک ئەو تەندروستی باش نەبێت. خەڵک زۆر ھەیە کە ئامۆژگاری دەبەخشن بەڵام چ جۆرێکی ئامۆژگاری ڕاسترینە؟ ئێمە پێویستمان بە کاتی زۆر ھەیە بۆ پارێزگاری کردنیان. کاتێک ئێمە ساوایەکمان دەبێت (یان زیاتر) دەتوانرێت شتەکانی تر فەرامۆش بکرێن وەک ئیشی ماڵ و دوکاندارێتی و ھتد. ھەرچۆنێ بێ، پێویست ناکات سەیری منداڵەکانمان بکەین وەک ئەوەی کە ئەوان جاڕسکەر و کێشەبن. خەڵاتێکن لە ووشەی وەرگێڕدراوی "خەڵات" واتە سامان و میراتی. بەم شێوەیە، کاتێک منداڵەکەتان لە دایک دەبێت، متمانەتان بە سامانی خواوەند دەبێت. خواوەند ئەو منداڵانەی پێداون کە ئەو دەیەوێت ئێوە ھەتان بێت بەھۆی خۆشەویستییەکەیەوە. ھیچ یەکێک لە منداڵەکانمان لە دایک نابن بە ڕێکەوت بەڵکو بەھۆی پلانی خواوەندەوە لە دایک دەبن، کەواتە پێویستە پێیان ڕازی ببن و بەخێریان بھێنن. بەڵام منداڵەکانمان ھی خۆمان نین، ھی خواوەندن! تیرێکن لەناو دەستی جەنگاوەرێکدا: ئەوان ھێزو شانازین. منداڵ لە کۆندا دەوری بەشێکی بەنرخیان دەبینی لە خێزاندا وەک، ھاوکاریکردن لە کاری کشتوکاڵیدا بۆ پاڵپشتیکردنی خێزان و وە شەڕکردن لە کاتی پێویستدا بۆ پارێزگاریکردنی ژیانی خێزانەکە. کاتێک ئێوە دەبن بە باوک یان بە دایک، ئەو نەمامە بچووکە وەدەگرن و بە ئاگادەبن لێی و ئاوی دەدەن و چاودێری گەشەکردنی دەکەن تاوەکو دەبێت بە دار زەیتوونێکی بەھێزو بەرھەم ھێنەر. سێ ئەرکی زۆر گرنگی دایک و باوکایەتی: بەشێک لە گرنگی پێدانمان بۆ پێداویستییە جەستەییەکانی منداڵەکانمان (ھەر وەک خواردن پێدان و پاککردنەوەو گۆڕینی دایبی و چاودێری کردنیان لەکاتی نەخۆشکەوتنیاندا و ھتد)، سێ ئەرکی زۆر گرنگی دایک و باوکایەتی ھەیە کە پێویستە کاریان لەسەر بکەین بۆ پێگەیاندنی منداڵەکانمان لە عازەبێتیدا. ئەوانیش: دروستکردنی بارودۆخێکی خۆشەویستی و سەقامگیر لە ماڵدا. ڕاھێنانی منداڵ بۆ و وەبەکارھێنانی بۆ ڕێبەریکردنی ڕێگەی منداڵەکانمان لە ھەڵسوکەوتی خراپ و خوود زاڵبوون . ئێمە تەماشای ھەریەکە لە مانە دەکەین بە ڕیز. ١. دروستکردنی بارودۆخێکی خۆشەویستی و سەقامگیر لە ماڵدا: ئەو جۆرە ماڵەی ‌ ئێمە دابینی دەکەین بۆ منداڵەکانمان زۆر گرنگە. ماڵ دەتوانێت داڕمانێکی گەورە دروست بکات بۆ منداڵان یان دەتوانێت ببێت بە سەرچاوەیەکی بەزەی گەورە بۆ ئەو منداڵە. کاریگەری دەوروبەری ماڵ دەردەبڕدرێت بەشێوەیەکی شانۆی لە ھۆنراوەی میللیدا.                                                                                                                              ئەگەر منداڵێک لە ڕەخنەگریدا بژی، فێری سەرکوتکردن ئەبێت. ئەگەر منداڵێک بە دوژمندارێتی بژی، فێری شەڕکردن دەبێت. ئەگەر منداڵێک لە گاڵتەدا بژی، فێری شەرم دەبێت. ئەگەر منداڵێک بە شەرم بژی، فێری ھەست کردن بەبێ نرخی دەبێت. ئەگەر منداڵێک بە ھاندان بژی، فێری ئەوە دەبێت کە متمانەی ھابێت. ئەگەر منداڵێک بە دادپەروەری بژی، فێری دادپەر‌وەری دەبێت.  ئەگەر منداڵێک بە ئاسایشبژی، فێری ئەوە دەبێک کە وەفای ھەبێت. ‌ئەگەر منداڵێک بە قەناعەتەوە بژی، فێری ئەوە دەبێت کە خۆی خۆش بوێت.    ئەگەر منداڵێک بە ھاوڕێیەتی بژی، فێری ئەوە دەبێت کە درک بە خۆشەویستی بکات لە جیھاندا. ھیچ یەکێک لەم تایبەتمەندییانە پشت بەوە نابەستێت کە ئەگەر ئێمە پارەیەکی زۆرمان ھەبێت. ھەموو خێزانەکان، ئەگەر دەوڵەمەند بن یان ھەژار، دەتوانن خۆشەویستی و بارودۆخێکی جێگیر بۆ منداڵەکانیان دروست بکەن. تەنانەت کاتێک منداڵان دێنە ناو ھاوسەرگیرییەوە، پێویستە پەیوەندییەکە ببەخشین بە بەرزترین پێشینەی ھاوسەرەکانمان و نابێت فەرامۆش بکرێت. گەورەترین کاریگەریتان لەسەر منداڵەکانتان لە پەیوەندیتانەوە دێتە بەرھەم وەک ژن و مێرد، نەک وەک دایک و باوک. گەورەترین خەڵات کە ئێوە بتوان بیبەخشن بە مناڵەکانتان خۆشەویستییەکی بێ پایان و بە ئاگاو ڕاستەقینەیە بۆ یەکتر وەک ژن و مێرد- ئەمە باشترین بنەمایە بۆ خێزانێکی سەقامگیر! ٢. ‌ڕاھێنانی منداڵ: بۆ ڕێنمویکردنی منداڵەکانمان بە دڕێژای ڕێگەیەک کە دەبێتە ھۆی پێگەیاندنی . منداڵ فێری زۆربەی بەھا بنچینەییەکانی و ھەڵوێست و ھەڵسوکەوتەکانی دەبێت لە ماڵدا. بێگومان ھەر منداڵێک کەسایەتیەکی خۆرسک و ویستێکی کاریگری ھەیە. بەم شێوەیە، دەتوانێت ڕازیبوون و ڕەتکردنەوەی بەھاکانتان ھەڵبژێرێت. بەڵام ئێستا، دەستی لە ئێوەدایە و ئێوەش ڕێنیشاندەری ئەون. کاتێک بیر لە مەشق کردن دەکەینەوە، ھەمیشە بیر لە چالاکییەکی پڕ لە مەبەست و پلان داڕێژراو دەکەینەوە: مەشقی وەرزشەوانێک بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیک یان شا‌گردێک لە ئۆرک شۆپێکدا. ھێشتا جۆرە پرۆسەیەکی ڕاھێنانی تر ھەیە کە لە ھاموو کاتێکدا بەردەوامە: ھەموومان فێردەبین لەلایەن چاودێری کردنێکی سادەی خەڵکانی ترەوەو وە ووردەووردە لە ھەڵسوکەوتیان نزیک دەکرێینەوە. بە دڵنیاییەوە منداڵەکانمان ئەمە ئەنجام ئەدەن. ئەوان کردارەکانمان دەبینن و دەست دەکەن بە دەور بینینی ھەمان ڕێگا و مەبەستەکانمان دەبینن. بەلایەنی کەمەوە منداڵەکانمان زۆربەی کاتەکانیان لە ماڵەوە بە فیرۆئەدەن وە ھەرچییەک ببینن ودرکی پێبکەن بەشێوەیەکی فراوان جۆری ئەو پێگەشتوویەتیە دیاری دەکرێت کە منداڵەکانمان پێیدەگەن. ئێمە دەتوانین منداڵێک فێربکەین کە چۆن توڕەبێت، چۆن سکاڵا بکات، چۆن تەماشای تەلەفیزیۆن بکات چوار کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. ھەروەھا دەشتوانین فێری گوێڕایەڵی و ئارامی و پیاوەتی و سوپاسگوزارییان بکەین. وە بە پشگیری کردنی مرۆڤ ( گەشەی کۆمەڵایەتی). ھەروەھا ئێمەش پێویستە ھاوکاری منداڵەکانمان بکەین بۆ ئەوەی گەشە بکەن لەم چوار ڕووەوە.  ٣. تەمبێکردنی منداڵ: مەبەست لە تەمبێکردن ئەوەیە کە پێویستە ئێمە منداڵان دابڕێژینەوە دوور لە ھەڵە و بەرەو کەسایەتییەکی باش: بەتایبەتی بە ئاراستەی خوود زاڵبوون و خوود تەمبێکردن. کە منداڵ زانیاری و ووریای لەدەست دەدات. پێویستە ڕابھێنرێت گەشە بە ڕێگا باشەکانی بیرکردنەوە بدات. لە ڕوانگەدا تەمبێکردن ھەمیشە کۆتاییەکی ئەرێی ھەیە. ". ‌لێرەدا ئێمە درک بە دوو جۆری تەمبێکردن دەکەین: تەمبێکردنی پارێزراو: کاتێک ئێمە مەشق و ڕاھێنان بە منداڵ دەکەین بۆ ئەوەی گەشە و ھەڵسوکەوت بکەن و بژین وەک تاکێکی ژیر، تەمبێکردنێکی نادروستیان پێ دەبەخشین. ، ئێوە دەتانەوێت پەیوەندییەکی بەھێز لەگەڵیان دروست بکەن و بیسەلمێنن کە ئێوە سەرڕاست و متمانە پێکراون. ئینجا ئەوان دەتوانن ڕێزتان بگرن و گوێڕایەڵتان بن. ئێوە بنەمایەکی باشتان لە ژیانیاندا دامەزراندووە کە یارمەتی مانەوەیان دەدات لەسەر ڕێڕەوە ڕاستەکە. ته‌مبێکردنی ناپارێزراو: منداڵ مه‌شقی باوک و دایکی بیربچێته‌وه‌ له‌ ڕۆژگارێکدا وه‌ پێده‌چێت ڕه‌تی بکاته‌وه‌ له‌ کاته‌کانی تردا! کاتێک ئه‌مه‌ ڕووده‌دات که‌ دایک و باوک ته‌مبێکردنی دروست به‌کاربهێنن. ئه‌م جۆره‌ ته‌مبێکردنه‌ ئازاردانێک نیه‌ به‌ ساده‌ی؛ له‌جیاتی ئه‌وه‌ جه‌خت کردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر دورخستنه‌وه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی نه‌ویستراو له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وتی ویستراو ده‌توانێت گه‌شه‌ بکات. به‌پێی ته‌مه‌ن و ئاستی تێگه‌شتنی هه‌ر منداڵێک، وه‌هه‌روه‌ها به‌پێی که‌سایه‌تییان، هه‌ندێک له‌و ڕێگایانه‌ چین که‌ ئێمه‌ ئاستی هه‌ڵسوکه‌وت و هه‌ڵوێسته‌ نه‌رێکان که‌م ده‌که‌ینه‌وه‌ له‌ منداڵه‌کانماندا؟ 1. ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا: منداڵ پێویسته‌ له‌ پێشبینیه‌کانمان تێبگات- وه‌ ئێمه‌‌ له ‌ڕێگه‌ی قسه‌کردنه‌وه‌ ئه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین.‌ پێویسته‌ ئێمه‌ فێرببین به‌ منداڵه‌کانمان بڵێین "نا" له‌ کاتی پێویستدا و وه‌ ئه‌وه‌یان پێ بڵێین که‌ چ شتێک ڕێگه‌پێدراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیکه‌ن یان نه‌یکه‌ن (ئه‌مه‌ ناوده‌برێت به‌ دانانی سنورێک یاخوود سنور بۆ هه‌ڵسوکه‌وتیان). 2. پاڵپشتی کردن: ئێمه‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌ باشه‌کان به‌‌هێز ده‌که‌ین به‌هۆی به‌خشینی دیارییه‌ک به‌ منداڵه‌که‌ کاتێک که‌ شتێکی ڕاست ده‌کات: به‌خشینی ووته‌کانی سوپاس و ستایش کردن، له‌ ئامێزگرتن یان نووقڵێک ئه‌وانه‌ هه‌موو ڕێگاکانی خه‌ڵاتکردنی هه‌ڵسوکه‌وتی به‌شن. 3. قازانجه‌کان لابده‌ن: بۆچی ئه‌و به‌ هه‌ڵه‌ هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات؟ ئه‌گه‌ر بۆشتێک بگه‌ڕێت که‌ ڕاست نه‌بێت، هه‌روه‌ک دیقه‌تدان، توانا، یان تۆڵه‌، پێویسته‌ دڵنیابین له‌وه‌ی که‌ به‌ده‌ستی ناهێنێت. دڵنیابه‌ هه‌رچی بوێت به‌ده‌ستی ناهێنێت به‌هۆی ده‌وربینین له‌م هه‌ڵسوکه‌وته‌ خراپه‌دا وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵسوکه‌وته‌ هه‌ڵه‌کان ده‌وه‌ستێن! 4. ئاکامه‌ سروشتییه‌کان: ئێمه‌ وا له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی منداڵ ده‌که‌ین که‌ به‌رده‌وام بن تاوه‌کو درک به‌ هه‌ندێ ئه‌نجامی تێکده‌رانه‌ ده‌که‌ن. بۆ نموونه‌، په‌نجه‌ی خۆیان ده‌سووتێنن کاتێک یاری به‌ شقارته‌ ده‌که‌ن! هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ کاتێک کارێکی هه‌ڵه‌ ده‌که‌ن خه‌ڵکانی تر کردارێکی تێکده‌رانه‌تر وه‌رده‌گرن دژیان. بۆ نموونه‌، منداڵێکی بێ به‌زه‌ی (دڕ) درک به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌وانی تر لێی ده‌ده‌ن، وه‌ منداڵێکی ته‌مه‌ڵ درک به‌وه‌ ده‌کات که‌ مامۆستا ئازاری ده‌دات! 5. ئازاردانی جه‌سته‌: لێدان له‌ سمت یان له‌ ده‌ستی منداڵێک به‌ که‌وچکێکی دارین یان به‌ نه‌عل به‌سه‌ بۆ پێدانی ئازارێکی که‌م خایه‌ن. ئه‌م جۆره‌ ئازاردانه‌ منداڵه‌که‌تان ڕاده‌هێنێت که‌ دوورکه‌وێته‌وه‌ له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی خراپ له‌ ئاکامی ئازاری هه‌ستیدا- به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ پێویسته‌ درک به‌ ئاکامی زاراوه‌یه‌کی سروشتی درێژی هه‌ڵسوکه‌وتی خراپ بکات هه‌ندێک وانه‌ فێری کوڕه‌کانی بکات و وه‌ ئێمه‌ش پێویسته‌ ئه‌مه‌ وه‌کو خۆی بکه‌ین- به‌بێ ترس یان به‌بێ بێ ئومێدی! پێش ئه‌م ئازاردانه‌ جه‌سته‌ییه‌، پێویسته‌ کاتێک دابنێین بۆ ئه‌وه‌ی بۆ منداڵه‌که‌ی ڕوون بکه‌ینه‌وه‌ که‌ بۆچی پێویسته‌ ئازار بدرێت به‌م شێوه‌یه‌ و وه‌ به‌ڕاستی ئێمه‌ چیمان له‌وان ده‌وێت فێربن. ئه‌وه‌ گرنگه‌ که‌ منداڵێک له‌ ته‌مه‌نی لاویدا فێری ئه‌وه‌ ببێت بێت بۆ لای دایک و باوکی و داوای لێخۆشبوون بکات دوای ئه‌نجامدانی کارێکی هه‌ڵه‌، " بمبوره‌ بۆ یان بمبه‌خشه‌ بۆ....." وه‌ به‌ ئاشکرای ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بڵێت که‌ کردویه‌تی. ئینجا دایک و باوک هه‌لی لێخۆشبوونی بداتێ و له‌ ئامێزی بگرێت و وه‌ خۆشه‌ویستییه‌ بێ مه‌رجه‌که‌ی خۆیی بیربخاته‌وه‌. ئه‌مه‌ شێوازێکی گرنگیان بۆ ده‌ره‌خسێنێت کاتێک تاوانێک ده‌که‌ن ، ده‌توانن بێن و داوای لێخۆشبوونی لێ بکه‌ن. هه‌ندێک وته‌ی زاناکان (ژیران) بۆ دایک و باوکێتی: - ئاستی تێگه‌شتن بۆ هاوسه‌ره‌که‌تان نیشان بده‌ن کاتێک ده‌ڵێت من هیلاکم به‌هۆی هه‌ندێک کاری چاودێری کردنی ساواکه‌وه‌. شێوازی دابه‌شکردنی کاره‌ پێکه‌وه‌ییه‌کانتان ڕێک بخه‌ن. مێرده‌کان- زۆر شانازی مه‌که‌ن به‌وه‌ی که‌ یارمه‌تی ئه‌رکه‌کانی ساواکان ده‌ده‌ن. له‌ ڕاستیدا هیچ که‌سێک به‌شێوه‌یه‌کی نه‌رێ بیر له‌ ئێوه‌ ناکاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر دایبیه‌ک بگۆڕن! - دایک و باوکان پێشڕه‌ون له‌ ماڵدا نه‌ک منداڵه‌کان. به‌ کرداری ده‌ست به‌ ڕاهێنان و ته‌مبێکردنی منداڵه‌کانتان بکه‌ن به‌ زووترین کات. هیچ منداڵێک به‌ گریان نه‌مردووه‌! منداڵ و ساواکه‌تان فێری ئه‌وه‌ مه‌که‌ن که‌ قۆرختان بکات به‌هۆی وه‌رگرتنی ئه‌و شتانه‌ی که‌ هه‌موو کاتێک ده‌یانه‌وێت و بۆی ده‌گرین. - چێژ له‌ ساواکانتان وه‌رگرن: هه‌ندێک خۆشی هه‌یه‌ دابه‌ش ده‌کرێت کاتێک ساوا پێده‌گات و وه‌ خۆشه‌ویستییه‌کی به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ریه‌که‌ له‌ گه‌شه‌کردنی نوێی ژیانی منداڵه‌کانتان و په‌روه‌رده‌کردنیان. ئه‌م خۆشیه‌ درک پێکراوانه‌ فه‌رامۆش مه‌که‌ن- وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێک له‌و وێنانه‌ لای خۆتان بپارێزن له‌ ئێستاوه‌. - هه‌ردوو دایکان و باوکان پێویسته‌ کات به‌سه‌ر به‌رن و یاری له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیان بکه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی یاری کردن به‌شێکی گرنگی گه‌شه‌کردن و په‌روه‌رده‌ کردنیانه‌. ڕێگه‌ی گه‌شه‌کردنیان ده‌دات له‌ ڕووی هۆش و جه‌سته‌ و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌. وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات که‌ ئێوه‌ بایه‌خیان پێده‌ده‌ن چوونکه ئێوه‌ کات ته‌رخان ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ به‌شێک له‌ جیهانیان. بۆچوون: ڕاگرتن و به‌خێوکردنی منداڵ پیشه‌یه‌کی به‌ئه‌رکه‌. کاتێک منداڵێک دێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌تان ئێوه‌ ماف و به‌رپرسیاریه‌تیه‌کی گه‌وره‌ وه‌رده‌گرن. هه‌رچه‌نده‌ ئێوه‌ لێپرسراو نین له‌ هه‌موو ژیانی منداڵ، وه‌ یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کانتان پێگه‌یاندنی منداڵه‌که‌تانه‌ بۆ ژیانی عازه‌بی یان پێگه‌شتووی خۆی، هێشتا ناتوانن بژین که‌ ئه‌گه‌ر منداڵه‌که‌ هه‌رگیز نه‌بووبێت به‌ به‌شێک له‌ خێزانه‌که‌تان. ئێوه‌ خۆشی و مافی تایبه‌تی ده‌ست پێکردن ئه‌وه‌تان به‌ ئاڕاسته‌یه‌کی ڕاست و به‌خشینی خۆشه‌ویستی و چاودێری که‌ ساواکه‌ پێویستی پێیه‌تی‌ و وه‌ دانانی دامه‌زراوه‌یه‌کی ڕاست بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌که‌ بتوانێت بێته ناو دڵسۆزییه‌کی ڕاسته‌قینه‌وه‌


شوان سدیق - ئیتاڵیا چوار مانگ تێدەپەڕێ بەسەر کۆرۆنا لەوڵاتی ئیتاڵیا ڕەوشی ئێستا بەراورد بە سێ مانگی دوومانگی ڕابردوو ژیان لەم وڵاتە ئاسایی بۆتەوە، دەرگای ماڵ و بازاڕ و پارکەکان کراونەتەوە، بەسیستەمێکی خۆپارێزی. ڕۆژی ١٢ی مارس جوسێپێ کۆنتی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بەگەل و دانیشتوانی ئیتاڵیای ڕاگەیاند: بەناچاریەوە ئەم بڕیارەمانداوە، بۆیە دەبێ ھەموومان پێکەوە لەماڵ بمێنینەوە، تکایە ئەگەر لەماڵەوە نەبین، ژیانمان پارێزراو نابێ کۆرۆنا ھەڕەشەیەکی جدیە بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان! پڕیاری داخستنی تەواوی ئیتاڵیا لە ١٢ی مارس دەستی پێکرد پاشان لە١٨ی ئایار بەبڕیاری حکوومەت باڕو کافتریاو ھەندێ شوێنی دیکە کرانەوە. دوا بەدوای ئەوەیش پاولا دێ میکێلی، وەزیری گواستنەوەو گەیاندن ڕایگەیاند: ٣ی مانگی شەش ھەموو فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی وڵات کراوەدەبن". سەرکەوتنی ئەم وڵاتە بەسەر قەیرانەکە بەئاسانی تێنەپەڕی لە سەرەتای کوارێنتێنەکردنی وڵاتەکە ئیتاڵییەکان ترسیان لێ نیشت ڕووبەڕووی برسێتی و ژیانێکی سەخت ببەنەوە بەتایبەتی ئەوانەی توانای ئابووریان خراپبوو چونکە ناکرێ ھاوڵاتییان لەژوورەوە بکرێن و بژێوی ژیانیان خراپ بێ بەڵام بەردەوام حکوومەتەکەی کۆنتێ جەختی لەسەر ئەوە دەکردوە، کە ناھێڵن ھاوڵاتییان بکەونە بارودۆخێکی دژوار. جۆسێپێ کۆنتی سەرۆکوەزیران کەم ڕۆژێک زۆربەی ئێواران لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لایڤی دەکردەوەو لەسەر بارودۆخی ئیتاڵیا قسەی دەکرد. یەکێک لەقسەکانی کۆنتێ ئەوەبوو "ئیتاڵییەکان جاران قوربانیان بۆ ئیتاڵیا دەداو لەپێناویدا دەمردن، بەڵام دەبێ ئێستە ئیتاڵیا لەپێناو ئیتاڵییەکان قوربانی بدات". ئەم قسانەی "کۆنتێ" مایەی دڵخۆشی بوو بۆ ئیتاڵییەکان لەگەڵ ئەوەیش ھاوڵاتیان، متمانەی تەواویان بەسیاسییەکان نییەو داوای کرداریان دەکرد. ھەر ئەو بێ متمانەییە بەسیاسییەکان لەم وڵاتە وایکردوە، ھەرجارەو ھەڵبژاردن بکرێ حزبێک لەدەسەڵات بھێننە خوارەوە، یان لاوازی بکەن. ئەمەیش وایکردوە ھیچ حزبێک لە ئیتاڵیا ناتوانێ زۆربەی دەنگەکانی ٦٣٠ کورسی پەرلەمانی مسۆگەر بکات. لەخوولی پێشوو پارتی دیموکراتی چەپ زۆرینەی کورسیەکانی لەدەست بوو بەڵام لەدوا ھەڵبژاردن خەڵک سزای ئەو حزبەیانداو ڕوویانکردە ناسیۆنالیزم و ڕاسیست و پارتە پۆپۆلیستییەکان، ھەرچەندە ئێستە پارتی پێنج ئەستێرەی پۆپۆلیستی کەزۆرترین کورسی پەرلەمانی ھەیە بەناچاری لەگەڵ پارتی دیموکراتی چەپ حکوومەتێکی لاوازیان لەبەرامبەر ئۆپۆزیسیۆنێکی بەھێزی ٢٧٢ کورسی پێکھێناوە. بەڵام جیاوازی ئەم کابینەیە ئەوەیە سەرۆکوەزیران کەسێکی سەربەخۆیە ئەمەیش ھەندێ باوەڕی لای ئیتاڵییەکان دروستکردوە، کە "جۆسێپێ کۆنتێ" کارەکانی بەباشی بەڕێ بکا و ڕووی ئەوەی ھەیە بێتە نێو ھاوڵاتیان و ڕووبەڕووی تەشھیر و ناڕەزای نەبێتەوە. مەرجی سەرەکی سەرکەوتن، بەسەر کۆرۆنا ئەوەیە دەبێ دەسەڵات زاڵ بێ بەسەر ھەژاریداو نەھێڵێ خەڵک بێ نان و خزمەتگوزاری بن، ئەوکاتەیش دەسەڵات پلانی ھەبوو بۆ ئەمە دەتوانێ داوا لەخەڵک بکات لەماڵ مبێننەوە. پاش چەند ڕۆژێک لەھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا حکوومەت بڕیاریدا بەھاوکاریەکی ٦٠٠ ئیرۆی بۆ ئەوکەسانەی کاریان لەدەستداوە، ئەم ھاوکاریەیش ھەموو کەسێک دەیتوانی بەپێی سیستەمی ئۆنلاین و لەچوار چێوەی مەرجەکاندا پڕی بکاتەوە. پاشان ھەندێ ھاوکاری تریش لەڕێگەی شارەوانی شارو شارۆچکەکان خرایە خزمەتی ھاوڵاتییانی کەم دەرامەت وەک پێدانی فۆڕمی خۆراک ھەرکەسێک وەری بگرتبیایە لەمارکێتەکان چی پێویستبایە دەیتوانی ھەڵیبگرتبایە. لەم ماوەی کۆرۆناو قەدەغەی ھاتوچۆکردیش بەڵام لە نێوشارەکان بەبڕیاری حکوومەت بەردەوام بانک و مارکێت و دەرمانخانەکان کرابوونەوە. ھێڵی گواستنەوەی ھاتووچۆی پاسیش لەنێو شاردا تا درەنگانی شەو ھاتووچۆکردن بۆ ھاوڵاتییان بەبێ بەرامبەر خزمەتیان پێشکەش دەکرد! بۆ ئەو پەنابەرانەیش لەنێو کەمپەکان بوون ھاتوچۆکردنیان لێ قەدەغە کرا، لەبەرامبەردا تەواوی خزمەتگوزاریەکانیان بۆ دابینکرا، چونکە حکوومەت بەھەستیاریەوە مامەڵەی لەگەڵ کۆچبەرانی نێو کەمپەکان دەکرد لەبەر ئەوەی ئەگەر کۆرۆنا لە ھەر کەمپێک بڵاوبوایەتەوە قوربانی زۆری لێ دەکەوتەوە. ئێستە پاش ئەوەندە مانگە تەواوی وڵاتەکە بەگشتی کراوەتەوە ھاتووچۆ لەنێوان ھەرێمەکاندا ئاسایی بۆتەوە بەئۆتۆمبێل و پاس و شەمەندەفەر و فڕۆکەیش. ھاوڵاتیان ھاتووچۆ دەکەن. بەگشتی ئێستە حکوومەت کاری خۆی دەکات، تەواوی وڵاتەکەی بەیەک پاکێجی ھاوبەش بەناوی "کۆڤید دیچەنۆڤێ _ کۆڤید نۆزدە" ڕێکخستووە. لەنێو بازاڕ و دەرمانخانەکانیش ھەموو پێداویستیەکی خۆپارێزی ھەیە بەنرخێکی گونجاو بۆنموونە بەبڕیاری فەرمی لەپێش دەرمانخانەکان نووسراوە "دەمامک بە ٥٠ سەنت واتە دووان بەیەک ئێورۆ". بەڵام سەرەتای سەرھەڵدانی کۆرۆنا بەو نرخە دەست نەدەکەوت. ئەرکی ھاوڵاتیانیشە خۆیان بپارێزن، ئێستە ئیتاڵییەکان ئەم ھەستی بەرپرسیارێتیەیان بەھەند وەرگرتووە، پێش کۆرۆنا کۆبوونەوەو تا درەنگانێ شەوە ئاھەنگیان دەگێڕا ئێستە ئەمە گۆڕاوە، یان زۆر کەمبۆتەوە. ئیتاڵییەکان، وەک شتێکی کەلتووری ھەرکات یەکیان ببینیبایە لەبری تەوقەکردن یەکیان ماچ دەکرد ئێستە ماچ و تەوقەو ماچکردنەکەی جارانیش زۆر کەمبۆتەوە یان نەماوە! گەیشتنی ئیتاڵیاو دانیشتوانی ئیتاڵیاو حکوومەتەکەی "جۆسێپێ کۆنتێ" بەم ڕۆژە ئاسان نەبوو ئەوەی لەم مایەوە بەرچاوت دەکەوت بەرپرسانی ئیتاڵی بەردەوام لەسەر ھێڵ بوون چۆن بتوانن وڵاتەکە لە قەیرانی کۆرۆنا ڕزگار بکەن، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەیش "لویجی دی مایۆ" زۆرترین کات لەسۆشیال مێدیاو مێدیاکان دەبینران ھانی کۆمەڵگەکەیان دەدا تەنیا ئارام بگرن و پابەندی ڕێنمایەکان بن، ئەوان ھەموو کارێک دەکەن، بۆ دەربازبوونی ئیتاڵیا لەو قەیرانەی تێی کەوتووە. ھەرچەندە حکوومەتی ئیتاڵی لەئاست داواکاری گشتی خەڵکدانەبووە، پبشتریش بەڵام لەم زەمەنی کۆرۆنایە ھەوڵی خۆیانیاندا بۆ دەربازبوونی ئیتاڵیا ئەمەت لەچاوی سەرۆکوەزیرانەکەوە دەبینی کەدەیەوێ بەئیتاڵییەکان بڵێ "خەمتان نەبێ" لەماوەی ئەم چوارمانگە چوارجار سەرۆکوەزیران بەجیا ڕۆیشتووەتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیران. کۆنتێ بەردەوام لەنێو ھۆڵەکانی ئەم دوو دامەزراوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەو بۆتەوەو ئەویش بەرگری لەخۆی کردوە. ئێستە بڵاوبوونەوەی کۆرۆناڤایرۆس زۆر جیاوازە لەگەڵ ڕابردوو ماوەی چەند ڕۆژێکە لە کۆی ھەر ٢٠ ھەرێمەکەی وڵات لە ١٦ ھەرێمی ئیتاڵیا ھیچ حاڵەتێکی نوێی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە. ئەماری ڕۆژانەش زۆر دابەزیوەو دۆخەکە بەجیاوازیەکی زۆر گۆڕاوە. بۆنموونە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە لەئیتاڵیا تەنیا ١٩٠ حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە. کۆی گشتی قوربانیانی کۆرۆنا ڤایرۆس لە ئیتاڵیایش تا ئێستە بەم شێوەیە: توشبووان: ٢٣٩،٤١٠ کەس چارەسەرکراو: ١٨٦،١١١ کەس گیان لەدەستدان: ٣٤،٦٤٤ کەس


عومەر عەلی  پاش ٢٩ ساڵ له لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئه گەر لە هەر ڕوویەکی سیاسی و فیکری و کولتوری وە خوێندنەوەی بۆ بکرێت،لە خراپترین دۆخ دایەو هەریەکە له نوسەرو ئەکادیمی و هاوڵاتیانی سەر شەقامیش لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ،بە پێی باکگراوندە کولتوریەکەی خۆی سەرچاوەی قەیرانەکان دەگێڕێتەوە بۆ هۆکاری جۆراو جۆر . بەڵام ئەگەر بەووردی سەرنجی کۆی بۆچونەکان بدەین ،ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە سەرچاوەی سەرەکی  قەیرانەکان دیدو جیهانبینیەکی ئەخلاقیە ،چونکە هەر سیستەمێکی سیاسی ئەگەر جیهانینیەکەی لەسەر بنەمایەکی ئەخلاقی گەردونی دابڕێژێت هەرگیز کاراکتەرە سیاسییەکانی نابنە هەڵگری کۆمەڵێک ئەخلاقی دزێو کە ببنە مایەی نەفرەتی کۆمەڵگەکەیان ، کۆمەڵگەی کوردی بە درێژایی مێژوو خاوەنی کۆمەڵێک بەهای ئەخلاقی گەورە بووە وەک ڕێزو وەفاو دڵسۆزی و هاوکاری  و لێبوردەیی و نیشتمان پەروەری و لە کۆنیشدا بنەمای شۆڕشەکانی لە سەر ئەم بنەمایانە بوە ،کۆمەڵگەی کوردی ئەم بنەما ئەخلاقیانەی بە پیرۆز زانیوەو هەرگیز لێی لا نەداوە. بەڵام لەدوای ئەوەی شۆڕشگێڕەکان لە شاخەوە گەڕانەوە ناوشار .دوای ئەوەی جڵەوی حوکمیان کەوتە دەست ،بە پێچەوانەی هەموو ئەوەی کە لە ئەدەبیاتی سیاسیاندا بانگەشەیان بۆ دەکرد، وەک چەسپاندنی دادی کۆمەڵایەتی و پاراستنی خوێنی شەهیدان و ڕاستگۆی و لێبوردەیی و ....هتدئەوەیان چەسپاند. وا ئەو ئەخلاقەی لە دوای ڕاپەڕین بەرجەستە یان کرد زۆر شتێکی جیاواز بوو لەوەی کە دەیان ساڵ بو بانگە شەیان بۆ دەکرد.لێرەوە دەتوانین بڵێین کە جەوهەری جیهانبینی و ئەخلاقی ئەمانە ئەوەیە کە چەسپاندیان نەک ئەوەی کە بانگەشەیان بۆ دەکرد . دەبوایە خەڵکی کوردستان هەر لە سەرەتای دروست بوونی بەرەی کوردستانیە وە بیانزانیایە کە بەرەی کوردەستانی سەرەتاکەی بە تەل و شۆفڵدزین دەست پێ بکات .دەبێت چاوەڕێ ی چی لێ بکرێت؟ د وای ئەوەی کە یەکێتی و پارتی جڵەوی حوکمڕانیان بەدەستەوە گرت .کۆمەڵێک ئەخلاقی نوێیان لە بواری سیاسیدا بەرهەم هێنا، لەبەر ئەوەش کە خاوەنی میدیاو دەسەڵات و دارایی بون ،هەر لە سەرەتاوە کەوتنە دژایەتی و لاوازکردنی ئەخلاقە ڕەسەنەکانی کوردەواری،لە جیاتی ئەوە برەویان دا بە داهێنانێکی نوێ کە ئەویش گەندەڵی و خیانەت و بەرتیل و خزم خزمێنەو ...هتد لەناو سیستمی حوکمڕانی دا تۆڕێکی بەرفراوانیان دروستکرد ،لەبەر ئەوە هەرکەسێک کە دەچووە ئەو بازنەی حوکمڕنیە، دەبوایە وەک خۆیان وابوایە یان جێی نەدەبوەوە .حوکمڕانە نوێیەکان بەم ئەخلاقەوە دەستیان دایە کار ،بەم دیدە ئەخلاقیەوە دەستیانکرد بە دزی و گەندەڵی و ناشەفافیەت و وێرانکردنی هەمو ژێر خانی ئابوری .هەتا گەیشتنە ئەو ئاستەی کۆنترۆڵی هەمو بواری ئابوری و سیاسی و بازاڕیانکرد، تەنانەت ئەم دیدە نائەخلاقیە وای لێکردن کە لەبەر چاوی کۆمەڵگە وەک دزێکی گەورە دەر بکەون ،ئەمەش لە دوای ئەوەی بڕیاری پاشەکەوتی موچەیان راگەیاندو بە ڕۆژی ڕوناک دزیان لەگیرفانی فەرمانبەر کرد .ئەمانە لەبەر ئەوەی خاوەنی فەلسەفەیەکی ئەخلاقی نین بۆ حوکمڕانی .لەبەر ئەوە هەتا سەرچاوەی داهاتە کە زۆرتر بێت بیر لە دزی زیاتر دەکەنەوە .لەبەر ئەوە لەدوای ساڵی ٢٠١٤کە سەربەخۆیی ئابوریان راگەیاندو دەستیان دایە فرۆشتنی نەوت .بەتەواوی دەستیان بە سەردا گرت و حکومەت و پەڕلەمان و هەموو دامەزراوەکانی تریان کردە قوربانی و گەلیشیان خستە سەر ساجی عەلی . لەبەر ئەوە خۆی ئەم نوخبە حوکمڕانە هەڵگری ئەو دیدە نا ئەخلاقیەن بۆ سیاسەت  ،نابینی هیچ هەست و بەرپرسیاریتێکیان هەبێت بەرامبەر بە خراپی باری گوزەرانی هاوڵاتیان و بێ موچەیی فەرمانبەران و وێرانی بازاڕو بێکاری گەنجان و دەیان قەیرانی تر .بە پێچەوانەوە ئەمانە کاتێک دڵخۆشن کە دەبینن هاوڵاتیان لە خراپترین دۆخدان و نیشتیمانیش وێران دەبێت.


ئەنوەر حسێن (بازگر)  بەشی یەکەم لە دروستبوونی ئەم حزبەوە لە 27ی نۆڤەمبەری 1978 لەلایەن ئۆجەلانەوە و دەستگیرکردنی بەشێک لە سەرکردایەتییەکەی لە 12ی سێپتەمبەری 1980لە کاتی کودەتا سەربازییەکەدا تا بە یەکەم ساتی شەڕی چەکداری (ARGK) لە 15 ئابی 1984، شەڕ بەردەوام ڕووی لە هەڵکشان کرد، هیچ نییەت باشیەکی ئەنکەرە نەبینرا بۆ گفتوگۆ  و تا لە 20 مارسی 1993، پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند و گفتوگۆی نهێنی بە میانگیری مام جەلال دەستیپێکرد کە قۆناغێکی یەکجار گرنگ بوو، بەڵام کوشتنی تورکت ئۆزال لە 17ئەپرێڵی 1993 پرۆسەکەی پەکخست، کە دواتر دەرکەوت پرسەکە لەلای ئۆزاڵ – ئۆجەلان – مام جەلال پرسیکی جددی بوە، بەڵام میت مردنی ئۆزاڵی ڕاگەیاند و پرۆسەکەی لەبار برد و هەر ئەوکات تانسۆ چیللەر سەرەک وەزیران وتی "یان کۆتایی بە پەکەکە دێنم، یان کۆتایی بە پەکەکە دێنم"، واتا هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی نەهێشتەوە و دواتریش لە مایۆ – ئایاری 1993 هاتنی سلێمان دەمیڕاڵ پرۆسەکەی بە یەکجاری پەکخست.  لەو ماوەیەدا (کەنعان ئیڤرین، ئەرداڵ ﺋﯿﻨﯿﻨﯚ، مەسعود یەڵماز، بوڵند ئەجەوید، دەنیز بایکاڵ، نەجمەدین ئەربەکان، سلێمان دەمیڕاڵ) هەرچی پێیانکرا کردیان دژی پەکەکە، بەڵام تەنها یەکجار پرسی ئاشتی خۆی دەرخست بێ ئاکام مایەوە.  تازەترین وتاری جەمیل بایک لە تەمموزی 2019 لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریکی بەناوی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئێمە نوێنەری دانوستانە"، پەیامی ناردوە بۆ تورکیا کە دانوستان دەستپێبکەنەوە و پەکەکەش ئامادەیە، بەڵام دەڵێن "ئۆجەلان نوێنەری ئێمەیە و پێویستە لە ئیمڕاڵیەوە بگوازرێتەوە بۆ ماڵێکی ئەمنی".  هەرچەندە نامەکەی بایک پڕە لە پارادۆکس و خۆیشی هیچ گەشبین نییە بە وەڵامێکی پۆزەتیڤی ئەنکەرە و ئەردوگان، بۆیە هەم داوای ئاشتی و هەم بێ ئومێدی لە خواستی ئاشتی دەردەبڕێت.  ئەم نامەیە لەسەروبەندی پیلانێکدا بڵاو دەبێتەوە، کە تورکیا لە هەوڵی ڕازیکردنی ئەمەریکادایە بۆ هاوکاریکردنی ئۆپراسیۆنی گەورە و یەکجاری بۆ دەرپەڕاندنی پەکەکە لە قەندیل.  ئەنکەرە، تەواو خۆی ساز و ئامادە کردوە بۆ هێرشی یەکجاری و کۆتایی بۆ دووبارە کردنەوەی ئەو ڕووداوانەی کە (تۆپاک ئامارۆ) لە 1995 لە پیرۆ بەسەریدا هات و پاشەکشەی گەورەیکرد.  کۆتایهاتنی (بزوتنەوە بەورەکانی تامیل) لە سریلانکا لە ساڵی 2009 و کوشتنی (فیلۆبیلای برابهاکاران)ی سەرکردەیان، وەکو چۆن لە ساڵی 2001دا کۆمۆنیستە ماوییەکانی نیپاڵ زەربەی گەورەیاندا لەو بزوتنەوەیە ماوئیستە.  بێگومان تێکشکاندنی ئەم سێ بزوتنەوە چەپ و مائویستە چەکدارییە بە پاڵپشتی ئەمەریکا بوە، بۆیە ئێستا ئەنکەرەش چاوی لەسەر ئەوەیە واشنتۆن چرای سەوزی ڕازیبوون هەڵکات.  ماوەی زیاتر لە ساڵێکە تورکیا بەردەوام بۆردومانی قەندیل دەکات لە ڕێگای فرۆکەی بێ فرۆکەوان و هێزی کۆماندۆسی خۆیشی هێناوەتە ناوچەکانی باشوری کوردستانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کانی ماسی، شیلادزێ، خوا کورک و باتوفە.  ئەنکەرە جیا لەوە باس لە دروستکردنی خەتێکی ئەمنی دەکات لەو ناوچانە و زۆر ئومێدی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە قەندیل لە چنگ پەکەکە دەربێنێت.  شەهیدکردنی زەکی شەنگاڵی ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە لە ئۆپۆراسیۆنێکی فرۆکەی بێ فرۆکەوان لە شەنگاڵ     لە (15 ئابی 2018)، شەهیدکردنی دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە قەندیل لە (5/7/2019) و هەوڵی پێشتووتری دەزگای میت لە (2017) بۆ تیرۆرکردنی موراد قەرەیلان بەرپرسی ناوەندی بڕیارگەی هێزەکانی پاراستنی گەل (HPG) و سوتاندنی (5) پێنج ملیۆن دۆلاری پەکەکە لەلایەن فرۆکەکانی تورکیاوە لەناو ماشینێکی مەدەنیدا و ڕاکردنی چەند بەرپرسێکی پژاک بۆ ناو پارتی دیموکراتی کوردستان و تەرخانکردنی (12) دوانزە ملیۆن دۆلار بە ئامانجی گرتنی سێ سەرکردەی پەکەکە (موراد قەرەیڵان، دوران کاڵکان، جەمیل بایک) لە (6 تشرینی دووهەمی 2018) لەلایەن ئەمەریکاوە. هەموو ئەوانە ئاماژەن کە تورکیا، بە چڕی سەرقاڵی لێدانی سەرکردەکانی پەکەکەیە، هەرئەوەی کە دوو دەیەی ڕابردوو ئیسرائیل، دژی حەماس و جیهاد و حزبوڵڵا دەیکرد.  بەپێی زانیاری حکومەتی تورکیا داوای لە پارتی کردوە کە بە ڕەسمی شەڕ لەگەڵ پەکەکە ڕابگەیەنێت و لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی کەجەکە و سەفین دزەیی بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە و بێ دەنگی حکومەتی عێراق ئاماژەن بۆ شەڕێکی چاوەڕوان نەکراو ئەوەش کە شەڕەکە پێشدەخات ئاڵۆزی و قەیرانەکانی نێوان واشنتۆن و تارانە، ئەنکەرە چاوی لەو دۆسیەیە، کە واشنتۆن ناچار بکات بەشداری بکات لە ڕووخانی قەڵای پەکەکە (قەندیل) دوریش نییە لە کاتی جەنگدا لە بەرامبەر ئەم داوایەدا بێتە جەمسەری ئەمەریکاوە.  چونکە تورکیا ئامادەیە هەموو هاوپەیمانی و باجێک بدات بۆ لە کۆڵبوونەوەی پەکەکە بە مەرجی قەندیل، چونکە وەکو محەمەد نورەدین دەڵێت "شەڕی پەکەکە ساڵانە دەیان ملیار دۆلار لەسەر تورکیا دەکەوێت".  لەلایەکی ترەوە باس لەوە دەکرێت، ئەنکەرە دانوستانی نهێنی لەگەڵ ئێران دەستپێکردوە سەبارەت بە هەماهەنگی و ئۆپۆراسیۆنی هاوبەشی نێوانیان دژی پەکەکە، بەو مەرجەی لە هەڵگیرساندنی جەنگی ئێران – ئەمەریکا تورکیا بەشدار نابێت، واتا تورکیا دەیەوێت گەر شەڕ بوو پشتیوانی ئەمەریکا بکات و گەر شەڕیش نەبوو ئێرانی ڕازیکردوە هەر بۆیە پەکەکە (800) گەریلای هێزەکانی هێناوەتە سنورەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چیاکانی ئاسۆس و هێزەکانی (هەرەکە – HRK) و پژاک و کۆداری لە ناوچە سنورییەکانی هەورامان تا دەگاتە کێلە شین و خوا کورک بڵاوە پێکردوە و سەرکردایەتی پژاکیشی لە قەندیلەوە گواستۆتەوە بۆ ناوچەی زەلان لە شارباژێر.  سەرەڕای ئەوانە باس لە خۆ پڕچەکردنی پەکەکە دەکرێت، بە پێی بۆچوونی چەند شارەزایەکی ئەڵمانی و خۆرئاوایی پەکەکە دەستی گەیشتوە بە چەک و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە بابەتی فرۆکەی بێ فرۆکەوان و دژە تانکی فرۆکە.  سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوەشدەکەن کە پاش ئەوەی حەشدی شەعبی لەژێر فشاری ئەمەریکا بڕیاریداوە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و گشت چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانی دەفرۆشێت لە چەکی قورس و سوک.  بە پێی چەند سەرچاوەیەک لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا پەکەکە بە نرخی (400,000) دۆلار چەکی قورس و نیو قورسی لە حەشدی شەعبی کڕیوە.  جیا لەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و لیبیا و دەخالەتی تورکیا لەو وڵاتە پشتیوانی لە حکومەتی نیشتمانی - سەراج لە بەرامبەر سوپای نیشتمانی خەلیفە حەفتەر یان ململانێی نێوان بلۆکی تورکی و قەتەری لەگەڵ سعودیە و ئیمارات وایکردوە ئەو وڵاتانە سەرنج بدەنە سەر پەکەکە و باس لەوە دەکرێت بەمنزیکانە پەکەکە لەگەڵ ئەو لایەنانە دادەنیشێت. پەکەکە کە قەندیلی کردوە بە بنکەی سەرەکی خۆی و تەحەکوم بە پێگە و جێ نفوز و جوڵەی هێزەکانی دەکات، گرنگی تایبەتی هەیە و ئەو (25) حزب و ڕێکخراوە سیاسی و سەربازییانەی کە سەر بە پەکەکەن لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا، لە قەندیلەوە بەڕێوە دەبرێن (باکور (HDP) – ڕۆژئاوا (PYD)  و تەڤدەم، سوپای سوریای دیموکرات (هەسەدە) – کانتۆنەکان) باشور (تەڤگەر) لە ڕۆژهەڵات (HRK) – پژاک و کۆدار، PKK و KGK، برۆکسل...).  بەشی دووهەم:  ئەنکەرە دەزانێت قەندیل پێگەی سەرەکی ئەم حزبەیە و هەموو هێزە سیاسی و مەدەنی و سەربازییەکانی لێرەوە ئاڕاستە دەکات، ئەوەش دەزانێت کە رابەرانی ئەم حزبە لەناو چیا سەختەکاندان (جەمیل بایک، موراد قەرەیلان، دۆران کالکان، مستەفا قەرەسوو، باهۆز ئەرداڵ، بەسێ هۆزات...) کە ڕەمزی حەرەکەتەکەن و زۆر گرنگن بە لای تورکیا و دەزگای میتەوە، بۆیە ساڵی (2017) دەزگای میت هەوڵی ڕفاندن یان تیرۆرکردنی جەمیل بایک دەدەن لە سلێمانی، بەڵام پێش ئەنجامدانی کارەکەیان، پەکەکە دوو ئەفسەری دەزگای میت لە شارۆچکەی دوکان دەستگیر دەکەن و دەیانبەنە قەندیل و تا ئێستاش دەستگیر کراون، بەپێی هەندێک سەرچاوەی ئەمنی، یەکێک لەو دەستگیرکراوانە، ئەو دوو ئەفسەرەی دەزگای میتن (ئەوەی لە وێنەیەکدا لە ساڵی 1999 بڵاوکرایەوە، کە دوو ئەفسەر بوون بە دەم و چاوی داپۆشراو لەناو فرۆکەیەکدا، ئۆجەلان لە کینیا دەفڕێنن بۆ تورکیا)، واتا ئەو کەسەی لای ڕاستی وێنەکە، یەکێک لەو ئەفسەرانەیە کە لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکراوە، بۆیە تورکیاش ئەو دوو ئەفسەری زۆر بەلاوە گرنگبوو، تا ئەوەی فرۆکەخانەی سلێمانی و نوێنەرایەتی یەکێتی داخست و بڕیاری کردنەوەی کۆنسوڵگەری تورکیاشی لە سلێمانی هەڵوەشاندەوە.  ئەنکەرە سەرەڕای ئەو فاکتەرانەی کە گرنگی قەندیل دەردەخەن، ڕەنگە وابیر بکاتەوە هێشتا ئەو دوو ئەفسەرە لەناو یەکێک لە بارەگاکانی پەکەکەن و ئازادیان بکات.  تورکیا لە 1983 یەکەمین ئۆپراسیۆنی بۆ سەر پەکەکە ئەنجامدا لە 1984 – 1986 دوو ئۆپراسیۆنی تری کردە سەر قەندیل بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لە 1991 ئۆپراسیۆنی چوارەمی (گۆچان)ی ئەنجامدا، لە 1992 – 1993 کە پرسی ئاشتی نێوان (ئۆزاڵ – ئۆجەلان) لە ئارادا بوو، هەر ئەو ساڵە لەلایەن شەمدین ساکیک ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی و ئەندامی پایە بەرزی (ARG) (15) سەربازی تورک کوژران و پرۆسەکە تێکچوو هەر ئەو ساڵە تورکیا ئۆپراسیۆنی پێنجەمی ئەنجامدا.  دوای ئەوەش لە ساڵانی 1993 – 1994 – 1995 بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و 30 هەزار سەربازی تورک ئۆپراسیۆنی شەشەم و حەوتەم و هەشتەمی ئەنجامدا و لە حەفتانین و ناوچەکانی باکور و باشور شکستی خوارد.  ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆ سەر قەندیل بەردەوام بوو تەنها لە ساڵی 1999 (24) ئۆپراسیۆنی ئەنجامدا، بەمەش ژمارەی ئۆپراسیۆنەکانی (1983 – 1999) گەیشتە (32) ئۆپراسیۆن بە خەرجی زیاتر لە (70) ملیار دۆلار.  ئەنکەرە بەردەوام خەون بەوەوە دەبینێت قەندیل لە چنگی پەکەکە دەربهێنێت وەکو ئەوەی پڵنگەکانی تامیل هەرێمی جافنایان لەدەستدا، چونکە ئەنکەرە پێیوایە گەر قەندیل لە چنگیان دەربێنێت، پەکەکە کۆتایی دێت، کە بۆچوونەکەشی نزیکە لە ڕاستییەوە، وەکو وتمان قەندیل تەحەکوم بە هەر چوار پارچەی کوردستان (بۆ هێزەکانی خۆی و دەخالەتکردن) دەکات، بەڵام تورکیا لە بیرکردنەوەیەکی تری هاوشێوەی بە هەڵەدا چووە، کاتێ ئۆجەلانی لە کینیا ڕفاند پێبوابوو بە گرتنی ئۆجەلان پەکەکە کۆتایی دێت، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست دەرچوو، بۆیە ئۆپراسیۆنەکانی ئەنکەرە بۆ سەر قەندیل لە ساڵانی (2000 – 2007 – 2008 – 2015 – 2017 – 2018 – 2019) تادێت بەردەوام دەبێت.  بەپێی ئامارەکان تورکیا (2016 – 2019) (398) هێرشی سەربازی ئەنجامداوە و (425) هێرشی تۆپخانەی ئەنجامداوە، کە نزیکەی (30) کەسی سڤیل لە باشور شەهید بوە.  لەپاڵ ئەوانەدا سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن، هێرش و پەلاماردانی ئەمجارەی تورکیا زۆر گەرم و گوڕە و گوایە لە سەردانی ئەمجارەی سەرکردەکانی پارتی بۆ تورکیا داوایان لێکراوە بە ڕەسمی شەڕی پەکەکە ڕابگەیەنن لە نێوان پارتی و پەکەکە، بەڵام هێشتا پارتی بڕیاری وەهای نەداوە، بەڵام لێدوانەکانی هەردوولا و میدیاکانی هەردوولا ماوەی چەند ساڵە شەڕێکی سارد بەڕێوە دەبەن، هەرچەندە مەسعود بارزانی نیگەرانە لەوەها شەڕێک بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان، هەردوولا چ پارتی و چ پەکەکە خۆیان لە شەڕی یەکتری لادەدەن، چ پارتی بە هۆی هۆکارە ئابورییەکان و هەناردەی نەوت و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی لەگەڵ تورکیا، نایەوێت لەگەڵ پەکەکە توشی کێشە بێت و چ پەکەکەش، نایەوێت بەرەیەکی تری شەڕ لە خۆی بکاتەوە و قەیرانەکانی نێوان خۆیی و پارتی لە ڕۆژئاوا هێندەی تر قوڵ بکاتەوە.  بەپێی هەندێک سەرچاوە لە دەورانی دووهەمی سەرۆکۆماری ئەحمەد نەژاد لە ساڵی (2011) لە دیدارێکدا لەگەڵ بارزانی لە ئێران، نەژاد داوا لە بارزانی دەکات ڕێگا بدات چەک و کەلوپەلی سەربازی لە ڕێگای کوردستانەوە بگاتە سوریا، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە و دواتریش ڕێگایدا ئەمەریکا چەک و کەولوپەلی سەربازی بنێرێتە ڕۆژئاوا، ئەگەرچی کێشە و گرفتی زۆریشی لەگەڵ پەکەکە هەبوە و هەیە، بەڵام نزیکی هێزەکانی پەکەکە لە سنوری پ.د.ک وایکردوە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای تورکیا بکات، بۆ هەر ئەگەرێک کە پەکەکە ئەنجامیبدات. ئەگەرچی بە تایبەتی باس لەوە دەکرێت کە (144) گروپی کۆنتراگەریلای لە ناوچەکانی بادینان و گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە بڵاو کردۆتەوە بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری، خودی پەکەکەش باس لەوە دەکات کە تیرۆرکردنی دیار غەریب لە 5ی تەمموزی 2019 لە کورتەکی قەندیل هەر لەلایەن ئەو گروپە کۆنتراگەریلایانەوە بەڕێوەچوە.  سەرچاوە ئەمنییەکان ئەوە دەڵێن کە (27) بنکەی سەربازی و هەواڵگری و میت لە سنورەکانی بادینان هەن لە ناوچەکانی (بامەڕنێ، شیلادزێ، باتوفان، کانی ماسی، کیبریبی، سینکی، زەیری، کوبکی، قومری، کوخی سپی، سەری زیری، دۆڵی زاخۆ، ئامێدی...). سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن "ئەنکەرە خەریکە تۆڕێکی جاڵجالۆکەیی لە بنکە و بارەگا لە ناوچەکانی بادینان دژی پەکەکە دروست دەکات، بە تەکنەلۆژیایی پێشکەوتوو بە هەماهەنگی لەگەڵ فرۆکەی بێ فرۆکەوان و هێزی کۆنتراگەریلا، کە لە (خاپور)ەوە درێژ دەبێتەوە تا سۆران و بنکە هەواڵگرییەکانی (سیدەکان) (دیانا و چۆمان) بۆ چاودێری ناوچەکانی قەندیل لە (خنێزە، خواکورک و کێڵە شین)ە"، بەڵام پاڵپشتی ئێران بۆ پەکەکە لە سنورەکانی تەنها پەیوەندی بە هەماهەنگی درێژی نێوان ئێران و پەکەکە نییە بە تەنها بگرە پەیوەندی بە دژایەتی ئێرانیشەوە نییە بۆ پارتی، کە دوای ڕیفراندۆم پەیوەندیەکانیان باش چۆتە پێش، بەڵکو پەیوەندی بە ترسی ئێران لە نزیکبوونەوەی ئیسرائیل و موساد هەیە لە سنورەکانی و بە تایبەتی لەو جێگایانەی کە تورکیا بە نیازە کۆنتڕۆڵی بکات، ئەگەرچی پەیوەندییەکانی تاران و ئەنکەرە، بەشێکی کە هاوئاوازن لەسەر دژایەتی کورد ڕێککەوتون، بەڵام نە ئێران پشت لە پەکەکە و یەکێتی دەکات، نە تورکیاش پشت لە پارتی دەکات بە واتایەکی تر ستراتیژی هەردووکیان دژایەتی (پارتی و یەکێتی و پەکەکە)یە، بەڵام تاکتیکیان پشتیوانی ئەو سێ هێزەیە وەکو کارتی فشار، هەر بۆیە ئێران ڕێگایداوە هێزەکانی پژاک و هەرەکە لە هەورامانەوە تا کێلەشین لە سنورەکان بە ئازادانە هاتووچۆ بکەن و تورکیاش جاروبار دنەی کۆمەڵە و دیموکرات دەدات بۆ نیگەرانیکردنی ئێران، کە دیارە هەم یەکێتی چاوپۆشی لە جوڵەی پژاک دەکات، هەم پارتی هاوکاری جموجۆڵەکانی کۆمەڵە و دیموکرات دەکات و ئەمەش ئەو تاکتیکەیە کە دژی یەک دەیکەن و ئەمەریکا لە پشت هەموو ئەو جوڵە تاکتیکانەیە و ئاگادارە.  ئەم پرسی تاکتیکە جۆرێکی تریشی بە خۆوە گرتوە، هەرچی تورکیایە پشتیوانی لە داعش دەکات بۆ فشار لەسەر شەنگال و نفوزی پەکەکە و نیگەرانکردنی عێراق، بەڵام عێراق دۆستی ئێرانیش (یان عێراقی قوڵایی ستراتیژی سیاسی و عەسکەری تاران) یارمەتی پەکەکە دەدات لەو ناوچانە بۆ بەرگرتن لە سیناریۆکانی ئەنکەرە و داعش.  هەرچەندە سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن لە ژێر فشاری ئۆپراسیۆن و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا، پەکەکە بەشێکی زۆری گەریلاکانی بڵاو کردۆتەوە بۆ چیا سەختەکانی (ئاسۆس) لە سنوری شارباژێری سلێمانی کە نزیکەی (800) گەریلا دەبن و (600) گەریلای ناردۆتە کەمپی مەخمور و شەنگاڵ و هەندێک سەرچاوە باس لە ڕێککەوتنی نێوان پەکەکە و عێراق دەکەن و بەشێکی تریشی نارۆدتە ناو ڕۆژئاوا کە نزیکەی (2000) گەریلا و بەردەوامیش (2000) گەریلای لە ناوچەکانی باکوری کوردستان خەریکی گەشت و ئۆپراسیۆنن، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی گەریلایە لە هێرشەکاندا، بەپێی ئەو سەرچاوانە بەرپرسانی تورکیا لە دوایین کۆبوونەوەیاندا ئەوەیان ڕاگەیاندوە "کە قوربانییەکانی پەکەکە لەچاو هێرشەکانی ئێمەدا زۆر کەمن".  ئەنکەرە، ئێستاش لە دروستکردنی ناوچەیی ئەمنی مەبەستییەتی دیوارێکی بەرز یان تەلی دڕکاوی بە کامێرای چاودێری دروستبکات بۆ ڕێگرتن لە پەڕینەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی بادینان بۆ ژێر دەسەڵاتی پارتی و سنورەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان.  سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن، ئەنکەرە دەیەوێت لە ڕێگەی بنکە سەربازییەکانەوە لە باتوفان، بامەڕنێ، ئامێدی کۆنتڕۆڵی جموجموڵ و پەڕینەوەی گەریلا بکات بۆ ناوچەکانی حەفتانین و مەتینا لە باکور، کە پەکەکە زۆربەی ئۆپراسیۆنەکانی لەو ڕێگایەوە ئەنجامدەدات.  بەهەمانشێوە مەبەستی لە بنکە سەربازییەکانی (دێرەلووک و شیلادزێ) بۆ کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی زاب و زاگرۆس و ڕێگاکانی نێوان زاب و هەکارییە.  بنکەکانی زاب کە (49) بنکەیە بۆ چاودێری ناوچەکانی (ئیلیاجیی، کوی، شیکیر، سیفری، تەپە، کە کەتیبەی موشەکی و تۆپخانەکانی پیلیجایی پێوە بەستراوەتەوە).  بەشی سێیەم:  لە هەرێمی کوردستان هەردوولا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پێگە و نفوزی پەکەکە لە ناوچە سنورییەکان نیگەرانن، کە ناوچەی هەورامانی نێوان باشور و ڕۆژهەڵات لە سنوری پاوە هێزەکانی (HRK) بڵاو بوونەتەوە و لە پارێزگای هەڵەبجە تا دەگاتە مشیاو و باشماخ لە پێنجوێن و لە سنوری مەریوان درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی بەرزنجە و ناوچەکانی چۆمان و تیمار و موسەک و بارێ لە سنوری مەرزەکانی شارۆچکەی بانە کە سنوری پارێزگای سلێمانییە، بەپێی هەندێک ئامار زۆرترین پێگە و نفوزی جوگرافیای پەکەکە لە باشور لە شاری دهۆکی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە، کە لە ئامێدی (250) گوندیان لەژێر دەستە، کە هاوکات زۆرترین بنکە و بارەگای سوپای تورکیا و میت لەو شارۆچکەیەن، چونکە (70%) جوگرافیاکەی لەژێر دەسەڵاتی پەکەکەدایە، ڕەنگە پارتی و یەکێتی ناهەقیان نەبێت گەر نیگەران بن لەو، بە تایبەتی کە هەردوولا دەزانن، یەکێک لە گرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم (یەکێتی و پارتی) لەگەڵ ئەنکەرە کەیسی پەکەکەیە، کە دەخالەت دەکات لە کاروباری سیاسی و ئیداری هەرێم و خۆیشی بە بەدیلی هەردوکیان و بگرە وەکو ئەڵتەرناتیڤی کۆمەڵە و دیموکراتیش لە ڕۆژهەڵات خۆی نمایش دەکات.  لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ڕێگریان نەکردوە لە کار و چالاکییەکانی چ سیاسی و تەشکیلاتی چ میدیایی، بۆ نمونە گەورەترین پڕۆژەی میدیایی لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەبات بەبێ گوێدانە ئەوەی، هەرێم بەرپرسیارێتی لەسەر شانە و دەبێت رعایەتی تاران و ئەنکەرە بکات لە ئاستی سیاسی و دبلۆماسی وەکو دوو دەوڵەتی زلهێزی ناوچەیی و سنوری.  ئایا پەکەکە ناکرێت بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی زەرد چۆڵبکات؟ ئایا ناکرێت هێزەکانی لە سنوری پشتێنەی ناوچەی سەوز پاشەکشە پێبکات؟ ئایا ناکرێت ئەوەندەی پەکەکە رعایەتی ئێران دەکات، ئەو هەلەش بدات بە هەرێم و رعایەتی تورکیا بکەن؟ ئایا ناکرێت هەر ئەوەندەی کۆمەڵە و دیموکرات رعایەتی بارودۆخی هەرێم دەکەن، پەکەکەش هەمان رعایەتی بکات؟ سەرەڕای ئەوەی لەناو پەکەکە دوو باڵی جیا ئەو حەرەکەتە ئاڕاستە دەکەن، تێڕوانینی جیاوازیان بۆ کۆی گشتی سیاسەتی حزبەکە هەیە (باڵی ڕادیکاڵ و مارکسیستی کە دوران کاڵکان و قەرەسوو نوێنەرایەتی دەکەن و باڵی ناسیۆنالیست و نەتەوەیی کە جەمیل بایک و موراد قەرەیڵان بەڕێوەی دەبەن، هەرچی یەکەمیانە پێیوایە پەکەکە حزبێکی ئینتەرناسیۆنالە و چەپە و سنور ناناسێت و خزمەتی مرۆڤایەتی دەکات.  دووهەمیشیان پێیوایە پەکەکە هەقی هەیە نوێنەرایەتی هەموو کورد بکات و سنورە دەستکردەکان بە ڕەسمی ناناسێت.  ئەو دوو ڕەوتە هەردووکیان سورن لەسەر ئەوەی پەکەکە، هەر کارێک بتوانێت بیکات نابێ درێخی بکات، بەڵام ئەوە لەبەرچاو ناگرێت کە هەلومەرجی باشوری کوردستان و ئەزمونەکەی یەکێتی و پارتی نوێنەرایەتی دەکەن و ڕێگا نادەن حاکمیەتی پەکەکە بەسەریدا زاڵبێت و باجی زۆریشیان داوە بە تایبەتی ی.ن.ک. بۆیە باشترین ئەڵتەرناتیڤ لەم هەلومەرجە پڕ کێشە و قەیرانەدا، کە ناوچەکە دەکوڵێنێت دانوستان و گفتوگۆی سێ لایەنەی نێوان یەکێتی و پارتی پەکەکەیە، ڕاستە خەڵکی باشور و ڕۆژهەڵات، پەکەکەیان وەکو حەرەکەتێکی شۆڕشگێر خۆشدەوێت، بەڵام یەکەم ئەوە مانای ئەوە نییە، هەموو خەڵکی ئەو دوو پارچەیە، دووهەم ئەوەیە کە نە یەکێتی نە پارتی نە کۆمەڵە و دیموکرات ڕێگا نادەن بەرەی پەکەکە وەکو ئەڵتەرناتیڤی ئەوان خۆی دەربخات، کە ئەمەش هەقی سادەی خۆیانە، بۆیە گەر پەکەکە ئەم فاکتە سیاسی و مێژوویی و جەماوەرییە لەبەرچاو نەگێرێت، دوور نییە بەو هەژمونخوازییە لە ئایندەدا توشی ململانێی سەخت و بگرە شەڕیش ببێتەوە، یان لەسەر ئاستی هەر سێ پارچەی باشور، ڕۆژهەڵات و بگرە ڕۆژئاواش هاوپەیمانێتییەکی سیاسی پێکبێت بۆ فشار لەسەر پەکەکە، کەواتە واباشە پێش ئەو هەموو ئەگەرانە پەکەکە دەست لە بەشێک لە هەژمونخوازییەکانی هەڵبگرێت و رعایەتی باشور و پارچەکانی تر بکات، چونکە پەکەکە باش ئەوە دەزانێت کە یەکێتی لە (1976) چی بۆ کردوە و چ هەڵوێستێکی نیشتمانی و دۆستانەی هەڵگرتوە، بە تایبەتی مام جەلال، هەرچی پارتیشە وادەکات لەو ئەجێندایە زۆرتر لە تورکیا نزیک ببێتەوە فشارەکانی سەر پەکەکە بۆ نفوز و هەیمەنە و ناوچەیی زەرد.  دڵنیاشم گەر پەکەکە دانوستان لەگەڵ یەکێتی و پارتی دەستپێبکات، هەردولا باشتر دەتوانن هاوکاری بکەن و فشارەکانی سەری کەم بکەنەوە، وردە وردە هێزەکانی سوپای تورکیاش لە ناوچەی زەرد پاشەکشە پێ بکەن.  پاش ئامێدی، زاخۆ دووهەمین قەزایە، کە (120) گوندی لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدایە، لە ئاکرێ (20) گوند، بە واتایەکی تر گەورەترین هەژموونی پەکەکە لە باشور لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆکە و ئەمەش وایکردوە پارتی نیگەران بێت لەم هەژمونخوازییەی پەکەکە، رێگاشی داوە (24) بنکەی تورکیا لەو ناوچانەدا دابمەزرێت، چونکە گەر وای نەکردایە، تا ئێستا پەکەکە دەهاتە ناو شارەکان و گرژی و ئاڵۆزی مێژوویی هەردوولاشیان یاریدەدەرە بۆ شەڕێکی تر.  پەکەکە لەهەر کام لەو ناوچانەدا لەژێر ناوێکدا حەرەکەت دەکات و هەژموون دەکات لە پارێزگای سلێمانی، جگەلە تەڤگەری ئازادی، بوونی هێزەکانی (HRK – هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لە قەزای چوارتا لە ناحیەی زەلان بارەگای سەرەکی پژاک هەیە و لە سنورەکانی ڕۆژهەڵاتیش پاش چۆمان هێزەکانیان لە سنوری گمۆ و شانەخسێ و مەروێ و تا دەگاتە مەرزی دەشتێ و ئاوەکورتێ بڵاوبونەتەوە و لە زۆر لەو ناوچانە گومرگی قاچاخچییەکان و کۆڵبەران دەکەن.  بەڵام یەکێتی، هێندەی پارتی لەو جموجوڵەی پەکەکە نیگەران نییە، بە تایبەتی بوونی هێزەکانی پەکەکە لە قەزای مێرگەسور لە ناوچەکانی بارزان و پیران و شیروان (150) گوند لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندایە، کە نزیکن لە بنکەی سەرەکی و ستراتیژی پارتی و ماڵباتی بارزانی، کە لەو ناوچەیە زیاتر لە (150) گوند لەژێر کۆنتڕۆڵیاندایە، هێزەکانی پەکەکە لە سنوری ماوەت لە باشور و ئالانی سەردەشت و پیرانشار و حاجی ئۆمەران لە ڕۆژهەڵات، بارەگاکانیان درێژ دەبێتەوە بە قەراغ چۆمی دوو ئاوان و چۆمی تێت، تا دەشتێ دەڕوات و بەرەو گوندەکانی گەڵاڵە، قامیش و سەفرە و شاخەکانی ئاسۆس، لەوێ کە بارەگای سەرەکی (HPG)ی لێیە دەڕوانێت بەسەر ناوچە گرنگەکانی سەردەشت و مەرزی کێلێ لە سنوری قەڵادزێ، بەمشێوەیە هێزی گەریلای پەکەکە لە سنوری سلێمانی لە کۆی سنورەکانی ئەو جوگرافیایە هەیە، ئەم تۆڕەی کە پەکەکە و گەریلا دروستیکردوە، لە سنورەکانی شاری هەولێریش وجودی هەیە، بە تەنها لەو پارێزگایە نزیکەی (200) گوند لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە، کە بەشێکی جێگە و نفوزی پارتییە. بە پێی هەندێک سەرچاوەی هەواڵگری، جگەلە گوندپارێزانی باکور (جاش)، چەند هێزی کوردی سوریا، عەرەبی سوننە و بەشێک لە هێزی ڕۆژی سەر بە ئەنەکەسە بە جلی کوردییەوە هێنراونەتە ئەو ناوچانە بۆ سیخوڕی و شوێن پێ هەڵگرتنی گەریلاکانی پەکەکە و ئامادە باشی بۆ شەڕ.  لەوبارەیەوە حکومەتی ئەنکەرە نایشارێتەوە کە هەموو ڕێگایەک دەگرێتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵی قەندیل و دووبارە کردنەوەی سیناریۆی پڵنگەکانی تامیل لە سریلانکا، بەڵام هێشتا چاوی لە ئەمەریکا، ئێران، پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی عێراقە، تا چەند بەشدار دەبن لەو شەڕ و گەمارۆیانە.  بەپێی هەواڵ و زانیارییەکانی تورکیا بێت، ئۆپراسیۆنی (گۆچان – 1) سەرکەوتوو بوە، لەمبارەیەوە لە ناوەڕاستی تەمموز 2019، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند قۆناغی دووهەمی ئۆپراسیۆنی (گۆچان – 2) دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.  بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری کە سایتی ڕەسمی وەزارەتەکەی لە مانگی تەمموز بڵاویکردۆتەوە "قۆناغی یەکەمی ئۆپراسیۆنەکە لە ناوچەی خواکورک لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوە، هێزەکانمان قۆناغی دووهەمی ئەو ئۆپراسیۆنە دەستپێدەکەن"، ئەوەشی ڕاگەیاندوە "ئۆپراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت بە پاڵپشتی هێزەکانی ئاسمانی و وشکانی"، بەپێی ئەو ڕاگەیاندنەی تورکیا هێزەکانی پاراستنی گەل (HPG) زەرەر و زیانی زۆریان بەرکەوتوە. بەشی چوارەم: - رۆژی 17/7/2019 بە راگەیاندنی (کەجەکە) کە سەرحەد ڤارتۆ لێپرسراوی پەیوەندییەکانیان لە بۆردومانەکانی فرۆکەی تورکیا گیانی لەدەستداوە، هەر لە هەمان ڕۆژدا 17/7/2019 ڕووداوی هێرشکردنە سەر جێگری کۆنسوڵگەری لە هەولێر و کوشتنی، ئەگەرچی د.باهۆز ئەرداڵ بێ ئاگایی پەکەکەی ڕاگەیاند، بەڵام دەستخۆشی لە کارەکتەرە کرد، ئەگەرچی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی هەرێم پەکەکەی بەرپرسیار لەو کارە، بارودۆخەکە تەواو دژوارتر دەرکەوت، کە پێناچێت بە هێواشی دابمرکێتەوە، واتا هەموو ئاماژەکان باس لە شەڕێکی توند و گەرم دەکەن. بەپێی لێدوانی د.باهۆز ئەرداڵ ئەندامی بەرمانداری (HPG) ئەو کەسەی کورژاوە لە هەولێر میت بوو نەک دبلۆمات و سەرپەرشتی کارەکانی میت و ئۆپراسیۆنەکانی دژی پەکەکە کردوە، بەڵام بێ ئاگایی حزبەکەشی لەو کوشتنە دەربڕی.  هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، کوشتنی ئەم بەرپرسەی تورکیا، ڕەنگە بیانویەک بێت بۆ ڕێگا خۆشکردنی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە و وەکو ئەوەی دژی کەمپی مەخموور دەستی دایە بۆردومانی کەمپەکە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ڕووداوەکە چۆن ڕوویداوە، کە ئایا پەکەکە بەرپرسیارە یان بێ ئاگایە.  ئاماژەکان دەڵێن "خراپی پەیوەندییەکانی تورکیا و واشنتۆن هیچ یارمەتیدەر نییە بۆ هەڵکردنی چرای سەوزی واشنتۆن بۆ هاوکاری ئەنکەرە، بۆیە ئەنکەرە پەلامارەکانی دەستپێکردوە تا بڵێ گەر واشنتۆن هاوکاریش نەبێت، ئەوکارە هەر دەکات"، بەڵام چەند فاکتەر ئاماژەن بۆ فشار لەسەر ئەنکەرە و گوێ نەدان بە هەڕەشەکانی ئەنکەرە: یەکەم: پشتیوانی بەردەوام و ناردنی چەک و کەلوپەلی سەربازی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێگری لە داخڵبوونی ئەنکەرە لە گرێ سپی، دروستکردنی ناوچەی ئارام کە ڕەچاوی داخوازییەکانی هەسەدە دەکات. دووەم: گوێ نەدانی واشنتۆن بە هەڕەشەکانی تورکیا و نیگەرانییەکانی پارتی دیموکرات، بە بوونی هێزەکانی پەکەکە لە شەنگال و کەمپی مەخمور. بە چرای سەوزی عێراق و ئێران. سێیەم: ناردنی مەسج و پەیامی واشنتۆن بۆ پژاک لە پەیوەست بە کێشەکانی ئێرانەوە لە پاڵ دیموکرات و کۆمەڵە، مەسجێکن ناڕاستەوخۆ پشتیوانییە لە پەکەکە. چوارەم: سەرەڕای هەموو ئەوانە، بەڵام هێشتا مانای ئەوە نییە، واشنتۆن پشتگیری سیاسەتەکانی پەکەکە دەکات، وەکو چۆن بە ڕەسمیش دژایەتی خۆی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەنکەرە بە تەواوەتی دەرنەبڕیوە، یان هێشتا بڕیاری جددی نەداوە بۆ دژایەتی ئەنکەرە، چونکە گەر ئەو کارەیکرد ڕاستەوخۆ یارمەتی پەکەکە دەدات و لە لیستی تیرۆر دەریدەکات و چەکی پێشکەوتووی پێدەدات، بەڵام لە بەرامبەر سەرەڕۆییەکانی تورکیادا، هێشتا پەکەکەی وەکو گوشار داناوە. ڕاستە واشنتۆن گەمارۆی ئابوری کاریگەری داناوە و ڕۆڵی هەیە لە دابەزینی نرخی دراوی تورکی و نیگەرانی نزیکبوونەوەی لە مۆسکۆ و قەتەر، دەخالەتی لە لیبیا، تاکڕەوی، ڕێزنەگرتنی مافی مرۆڤ، زیندانی پەرلەمانتاران و دژایەتی لەگەڵ گوللەن، کارتی فشاری واشنتۆن. بەڵام زۆر جاری تر پەیوەندییەکانی واشنتۆن و تاران بەمشێوەیە خراپبوە، لەگەڵ ڕوودانی ئاڵوگۆڕی ناوچەیی و ڕووداوگەلی گەرم و گرنگ واشنتۆن ڕووی لە ئەنکەرە کردۆتەوە. بۆیە لە ئێستادا هیچ کام لە ئاماژەکان باسی بەشداری واشنتۆن لە شەڕی قەندیلدا ناکەن و بگرە بێ دەنگیش نابن، کە ئەمە لە قازانجی پەکەکەیە، بەڵام ڕەنگە فاکتەرێک کە زۆر گرنگە وابکات واشنتۆن ڕوو لە ئەنکەرە بکاتەوە و بەشدار بێت یان نەخشەڕێژ بێت لە پەلاماردان یان چاوپۆشی لە کۆنتڕۆڵی قەندیل، ئەگەری شەڕی ئێران و ئەمەریکایە، کە ئاماژەکان زۆرن بۆ ئەو شەڕە. ئەمەریکا باش دەزانێت پەکەکە، هێزێکە چەندە دژی بیت، بەڵام جاروبار مەیلیت بەلایدا دەچێت، بەتایبەتی کە زۆر پەرجوو دروستدەکات و هێزەکانی وەک ئەمەریکا دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. مەسەلەن پەیەدە گەورەترین هێز بوو کە لە کۆبانی و رۆژئاوا پەرجوی نواند دژی داعش، یان هەسەدە بوو بارەگای سەرەکی داعش لە (ڕەققە) گرت و (10) هەزار چەکداری داعشی دەستگیرکردوە کە بەشێکیان هاوڵاتی ئەوروپین. ئەوە کارێکە بە عێراق، ئێران سوریا و تەنانەت هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش نەکرابوو. بۆیە ئەمەریکا ئەو وێنە گشتییەی لەبەر چاوە ئەوەش دەزانێت کە پەکەکە لە جەمسەری نەیارەکانی خۆیەتی (تاران، بەغدا، دیمەشق..)، بەڵام بەو بارودۆخەشەوە نە دەست لە پەکەکە هەڵدەگرێت. نە لە ئەنکەرە. ئەمەریکیەکان ڕوو بە میدیا دەڵێن: ئێمە مامەڵە لەگەڵ پەکەکە ناکەین. هیچ ڕاستی تێدا نییە، چونکە جەمیل بایک هاوسەرۆکی (کەجەکە) بە خۆمی وت: ئەمەریکا هاتونەتە قەندیل، ئەوەش دەزانین کە ئەمەریکا شەش مانگ جارێک دەچێتە قەندیل و هەموو ئاڵوگۆرییەکی زانیاری لە نێوانیاندا هەیە. جیا لەوەی واشنتۆن دەزانێت جیا لە پەکەکە، نە (پەیەدە) نە (پژاک) نە (هەسەدە) کە سێ هێزن واشنتۆن یارمەتیان دەکات، بڕیار و ئینیرژی لە پەکەکە و خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەکو کارێزمای خۆیان دەناسن، ئەوەش دەزانێت لیستی یارمەتی و چەک و کەلوپەلی سەربازی کە دەگاتە ڕۆژئاوا، ڕۆژی دواتر لە قەندیلە و قەندیل بڕیار دەدات، کێ فەرمانداری هەسەدە یان پەیەدەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا. ئەمەریکا نایەوێت لە ڕووی میدیا ئەم ڕوەی خۆی نیشان بدات. بۆیە ئاماژەکان دەڵێن، ئەوەی شەڕی قەندیل و کۆنتڕۆڵکردنی دواخستوە، نەبوونی چرای سەوزی ئەمەریکا و رێگرییەکانییەتی. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، ئەنکەرە ئەم خەیاڵەی لە مێشکی خۆی دەرکردوە.  


عه‌دنان كۆچه‌ر نۆرمان شوارزكۆف فه‌رمانده‌ى سوپاى ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانان له‌ رزگاركردنى كوه‌یت‌و به‌زێنه‌ر‌و ئه‌ندازیارى خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانى سوپاى عێراق له‌رێككه‌وتننامه‌ى سه‌فوان، ئیدیۆمێكى باووى له‌ناو زانستى سیاسی له‌باره‌ى گرنگی‌و بایه‌خی سه‌ركرده‌و رابه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و پێیوایه‌ "سه‌ركردایه‌تیكردن ئاوێته‌یه‌كه‌ له‌ كه‌سێتى‌و تێڕوانینى ستراتیژیی، ئه‌گه‌ر ناچاربووی ده‌ستبه‌رداری یه‌كێكیان بێت، بێ دوودڵى ستراتیژ هه‌ڵبژێره‌"، چونكه‌ به‌ دیدگاى ئه‌و، كه‌سێتى‌و مۆڕاڵ‌و به‌ها ئه‌گه‌ر له‌سه‌ركرده‌ بسه‌نرێته‌وه‌، شایان به‌ رابه‌رایه‌تیكردن نابێت‌و ئاستى گوێڕایه‌ڵی له‌ناو خه‌ڵكدا كه‌مده‌بێته‌وه‌. ئه‌و پاراستنى شكۆو مۆڕاڵه‌ش، به‌درێژایی مێژوو هۆكارێك بووه‌، كه‌ مرۆڤه‌ مه‌زنه‌كان له‌وپه‌ڕى شكست‌و نشوستیش ده‌ستبه‌رداری نه‌بوون. كێ بیری ده‌چێته‌وه‌، ناپلیۆن له‌دواى شه‌ڕى واته‌رلۆ‌و دۆڕاندنى جه‌نگه‌كه‌و دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ر ده‌ستى له‌ شكۆو گه‌وره‌ییه‌كه‌ى به‌رنه‌دا، ماندێلا له‌زیندان‌و له‌ژێر سایه‌ى حوكمى ئه‌پارتاید‌و جیاكاریی ره‌گه‌زیی له‌ شكۆى خۆى نه‌كه‌وت‌و غاندی له‌دواى ئه‌و هه‌موو هه‌ڵكشان‌و داكشانه‌ى خه‌بات‌و ئه‌زموونه‌كه‌ى، به‌هه‌مان ئاكارو به‌هاوه‌ درێژه‌ى به‌كاروانه‌كه‌دا، ئه‌وان هه‌موویان ره‌نگه‌ له‌ده‌ورانێك ده‌ستیان له‌ستراتیژ هه‌ڵگرتبێت، به‌ڵام هه‌میشه‌ پارێزگارییان له‌شكۆو كه‌سێتى‌و به‌هاكانی خۆیان كردووه‌و له‌ناو نه‌ته‌وه‌كانیشیان هه‌رده‌م به‌زیندویی ماونه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ش فه‌رهه‌نگێكى هێنده‌ باڵایه‌، كه‌ ده‌شێت یه‌كێتییه‌كان له‌هه‌موو كه‌س زیاتر پێی ئاشنابن، چونكه‌ رابه‌ری كۆچكردوو مام جه‌لال، له‌و تایپه‌ رابه‌رانه‌ بوو، كه‌ ده‌یتوانى ستراتیژی كوردایه‌تى‌و نیشتمانسازیی به‌پێی پێدراوه‌كان هه‌ڵپه‌سێرێ، به‌ڵام هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری به‌هاو ئاكارو كه‌سێتى كوردانه‌و نیشتمانیانه‌ى خۆى نه‌بوو، هه‌مان ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ش وه‌ك نه‌ریتێكى بۆ ماوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌. خه‌سڵه‌تى سه‌ره‌كى له‌و تایپه‌ رابه‌رو سه‌ركرده‌یه‌، هونه‌ری خۆپه‌یوه‌ستكردنه‌وه‌یه‌ به‌خه‌ڵكه‌وه‌، ئه‌و سروشته‌یه‌، كه‌ ناتوانێ رابه‌ر له‌خه‌ڵك‌و نه‌ته‌وه‌كه‌ى داببڕێ، ئه‌وه‌ش ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌یه‌، كه‌ له‌دواى وه‌فاتى جه‌نابی مام جه‌لاله‌وه‌، له‌ناو نه‌وه‌كه‌ى ئه‌ودا خه‌ریكه‌ ده‌پوكێته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌و نه‌وه‌یه‌ى ئه‌و رابه‌ره‌، نه‌چوونه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و كه‌لتوورو خه‌سڵه‌ته‌ باڵایه‌ى مام جه‌لال‌و زۆربه‌ى جار له‌جێگه‌ى ئه‌وه‌ى له‌پێناو خه‌ڵك له‌ناو خه‌ڵكدا بمێننه‌وه‌، له‌رێگه‌ى دروستكردنى قه‌تیعه‌و خۆدابڕینه‌وه‌، چونه‌وه‌ ناو خه‌یاڵى سیاسیی‌و ده‌ستبه‌رداری هه‌موو به‌هایه‌ك بوون، كه‌چی هه‌ر له‌و رۆژگاری بێ كاریزماو سه‌ركرده‌ییه‌دا، ئه‌وه‌تا لاهوری شێخى جه‌نگی، نه‌ك ته‌نها وه‌ك سه‌ركرده‌و هاوسه‌رۆك‌و رابه‌رێكى یه‌كێتیانه‌، به‌ڵكو وه‌ك دیارده‌یه‌كى سیاسیی گرنگ له‌مێژووى نوێی بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌كه‌ى باشووری كوردستان، شوێن به‌هاى مام جه‌لال‌و رابه‌ره‌ گه‌وره‌كانى مێژوو ده‌كه‌وێ‌و ده‌یهه‌وێت له‌میحنه‌ت‌و ئازاری نه‌ته‌وه‌ییدا له‌ته‌ك خه‌ڵك‌و هاوڵاتییه‌ ئاساییه‌كان بمێنێته‌وه‌، ده‌یهه‌وێت له‌ناو ئازاری برسیكردن‌و سیاسه‌تى سك هه‌ڵگوشین‌و نانبڕین‌و ده‌ستكردن به‌گه‌رووی خه‌ڵكدا سه‌نگه‌ری شه‌قام‌و هاونیشتمانى برسی بگرێ‌و به‌گژ سته‌مى ئابووری سه‌ربه‌خۆدا بچێته‌وه‌، ئه‌و پیاوه‌ى ده‌یهه‌وێت، پێگه‌و كه‌سێتى خۆى، رۆڵ‌و كاریگه‌رییه‌كه‌ى، دنیابینى‌و تێڕوانینه‌كانى بخاته‌ خزمه‌ت پرسێكى باڵاتر له‌ حزب، كه‌ ئه‌ویش پرسی هه‌ژاریی‌و نه‌داری‌و میحنه‌تى كۆرۆنایه‌، راستیه‌كه‌شی ئه‌و دیارده‌ سیاسییه‌ نوێیه‌، به‌ ته‌نها به‌خششێكى حزبی‌و ناوچه‌یی نیه‌، به‌ڵكو سه‌ره‌تاكانى وه‌رگۆڕانى بۆ به‌خششێكى نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستی پێكردووه‌، چونكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى جوگرافیاى زۆن‌و ته‌نانه‌ت جوگرافیاى باشووریش، كورد له‌هه‌ر كوێیه‌ك بن، وه‌ك فۆڕمێك له‌ فۆڕمه‌كانى وه‌رگۆڕانى قه‌ده‌ری كوردبوون ته‌ماشاى ده‌كرێت. ئه‌وه‌ى له‌دوو رۆژى رابردووشدا، به‌تایبه‌ت له‌رێگه‌ى چه‌ند تویتێكى كه‌مه‌وه‌ له‌ناو راى گشتى كوردستاندا به‌یانیكرد، نیشانیدا، كه‌ سه‌ركرده‌و رابه‌ر ئه‌و مۆدیله‌ ده‌گمه‌نانه‌ن، كه‌ له‌ریزى خه‌ڵكدا ده‌مێننه‌وه‌، نه‌ك ئه‌وانه‌ى به‌ناوی كاریزماو قائیده‌وه‌ له‌سه‌ر گردو چیاو ته‌پۆلكه‌ خۆیان ته‌ریككردووه‌و هه‌ر خه‌ریكى به‌شینه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ن، ئه‌وه‌ش واده‌كات (لاهوری شێخ جه‌نگی) به‌رله‌وه‌ى ببێته‌ هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى، به‌قۆناغه‌كانى سه‌ركرده‌بوونى نیشتمانیی گه‌یشتبێ‌و هه‌موویان ئومێدى له‌سه‌ر هه‌ڵچنن.


ئومێد قه‌ره‌داخی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موان ده‌زانین گه‌نده‌ڵی فراوان و بندیواری بێشومار هه‌یه‌ ، به‌ڵام شكستی ئابووری هه‌رێمی كوردستان ، ده‌ستكورتی حكومه‌ت له‌ دابینكردنی خه‌رجییه‌كان و برینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ، به‌رهه‌می سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی ئابووریه‌ ، به‌رهه‌می گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌ فاشیله‌كانه‌ ، به‌رهه‌می شكستی ئه‌و گریبه‌سته‌ نه‌وتیانه‌یه‌ كه‌ به‌وپه‌ری بێ باكی و دوور له‌ گیانی به‌رپرسیارتێ نیشتیمانییه‌وه‌ كراون، كه‌سانێكیش له‌ ئه‌كادیمیست و نوسه‌ر و سیاسی پشتیوانی بوون و لێی سودمه‌ندبوون ، زۆریان كه‌تبوونه‌ داوی ئه‌و وه‌همه‌وه‌ كه‌ ئابووری سه‌ربه‌خۆ به‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ كۆتایی دێت ، كۆی ئه‌مه‌انه‌ش پارتی ئه‌ندازیار و جێبه‌جێكه‌ری بوه‌ ، ده‌كرێت برینی مووچه‌ وه‌ك ئه‌نجامێكی راسته‌وخۆی سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی ئابووری سه‌یر بكه‌ین ، با سه‌رنجی ئه‌م خاڵانه‌ بده‌ین : یه‌كه‌م : گرێبه‌سته‌كان به‌ ته‌واوی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆمپانیاكان كراوه‌، زۆربه‌ی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان به‌ گرێبسه‌تی مشاركه‌ ( عقود المشاركه‌ ) كراون ، له‌م جۆره‌ له‌ گرێبه‌سته‌ رێژه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ داهاتی نه‌وت ئه‌چێت بۆ كۆمپانیای به‌رهه‌مهێن ،هه‌ندێكجار گه‌یشتۆته‌ رێژه‌ی 40% ، ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ و ته‌سلیمكردنی داهاتی نیشتیمانی ئێستا و نه‌وه‌كانی داهاتوه‌ به‌ به‌ كۆمپانیاكان ، قبوڵكردنی ئه‌م جۆره‌ له‌ گرێبه‌ست له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ بۆ چه‌ندین هۆكار ئه‌گه‌رێته‌وه‌ ، له‌وانه‌ هه‌رێم ده‌وڵه‌ت نییه‌ و بۆ راكێشانی سه‌رنجی كۆمپانیاكان ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ له‌ قازانجی پێداون ، هه‌رێم بره‌ پاره‌یه‌كی زه‌به‌لاحی به‌ناوی شیرینی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان وه‌رگرتوه‌ ، ئه‌م پاره‌یه‌ی به‌ سه‌وزی خواردوه‌ ، له‌ سه‌رده‌می نێچیرڤان بارزانیدا بری 5 ملیار دۆلار وه‌رگیراوه‌ و خوراوه‌ ، به‌هۆی ئه‌م گریبه‌سته‌ نه‌وتیانه‌وه‌ ئه‌مرۆ داهاتێكی ئه‌وتۆ بۆ هه‌رێم نامێنته‌وه‌ ، به‌ته‌نها له‌م مانگه‌ی هه‌رێمدا به‌ به‌های 312 ملیۆن دۆلار نه‌وتفرۆشراوه‌ ، به‌لام ته‌نها 82 ملیۆن بۆ حكومه‌ت ماوه‌ته‌وه‌ ، باقیاته‌كه‌ی بۆ كۆمپانیای به‌رهه‌مهێن و كرێی گواستنه‌وه‌ و.. رۆشتوه‌ ، ئه‌مه‌ چ كاره‌ساتێكه‌ له‌و نه‌وته‌ی ئه‌یفرۆشیت كه‌متر 27% بمێنیته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و باقیاتی برۆات بۆ كۆمپانیاكان و ولاتان دووه‌م : گه‌نده‌ڵیه‌كی گه‌وره‌ له‌ داهاتی نه‌وتدا هه‌یه‌، ئه‌و داهاته‌ دێته‌ی دیته‌ هه‌رێم به‌ دۆلار دێت و ئه‌درێت به‌ بانكێكی نزیك له‌ پارتی ، هه‌ر سه‌د دۆلار به‌ 116 هه‌زار دیناری عێراقی ، به‌مه‌ش به‌ ته‌نها له‌م مانگه‌دا ئه‌و بانكه‌ حزبیه‌ نزیكه‌ی 5 ملیۆن دۆلار قازانجی كردوه‌، هه‌موو مانگێك ئه‌مه‌ دووباره‌ ئه‌بێته‌وه‌. سێیه‌م : شه‌فافیه‌ت له‌ داهات و بودجه‌ و خه‌رجیدا نیه‌ ، نێچیرڤان بارزانی ماوه‌ی 16 ساڵ سه‌رۆك وه‌زیران بوو ، ته‌نها یه‌ك ساڵیش بودجه‌ی نه‌ناردۆته‌ په‌رله‌مان ، له‌ حكومه‌تی یه‌كگرتووی هه‌رێمدا ته‌نها دوو ساڵ بودجه‌ نێردرایه‌ په‌رله‌مان ئه‌ویش ئه‌وكاته‌ بوو كه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك وه‌زیران بوو ، جگه‌ له‌و دوو ساڵه‌ی ئه‌و ، نه‌ دوای ئه‌و و نه‌ پێش ئه‌و كه‌س پرۆژه‌ی بودجه‌ی نه‌بینی و كه‌س بودجه‌ی نه‌نارده‌ په‌رله‌مان ، ئه‌مه‌ش هێمایه‌كی مه‌ترسیداره‌ و بودجه‌یه‌ك له‌ تاریكیدا ئه‌روات و خه‌رج ئه‌كرێت. چواره‌م: به‌هۆی فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وته‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا ئاڵۆز بوو ، دواتری ئه‌م ئاڵۆزییه‌ به‌ خراپترین شێوه‌ ئیداره‌درا، سه‌ره‌نجام به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی بری و كاره‌سات روویدا ، كاره‌ساتی وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری ، ئیفلیجبوونی چالاكی و گه‌شه‌ی ئابووری ، كاره‌ساتی سیاسه‌تی زالمانه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ، كاره‌ساتی قه‌رزابوونی هه‌رێم به‌ بڕی نزیكه‌ی 27 ملیار دۆلار. پێنجه‌م : ئه‌و بۆچوونه‌ی پێیوایه‌ هه‌موو حزبه‌كانی به‌شدار له‌ حكومه‌ت پێویسته‌ تحمولی مه‌سئولیات بكه‌ن له‌ ئیفلاسی حكومه‌ت و برینی مووچه‌دا بۆچوونێكی هه‌ڵه‌یه‌ ، له‌ راستیدا ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ته‌حمولی مه‌سئولیاتی برینی مووچه‌ و ئیفلاسی حكومه‌ت و وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری بكات پارتییه‌، چونكه‌ ئه‌و ئه‌ندازیار و جێبه‌جێكه‌ری سیاسیه‌تی سه‌ربه‌خۆی فرۆشتنی نه‌وت بوو ، ئه‌و ئه‌نجامده‌ری گرێبه‌سته‌كان بوو ، ئه‌و گرێبه‌ستی په‌نجا ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌نجامداوه‌ ، ئه‌و سیاسه‌تی ده‌ره‌كی هه‌ریمی ره‌سمكردوه‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆی به‌غدای كردوه‌ به‌ دوژمن و داگیركه‌ر ، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵی بوبێت كردوێتی به‌ دۆست و هاوپه‌یمان . ،


سەهین موفتی  مام جەلالی رەوانشاد، خاوەندارێتی یەکێتی کرد و خەباتی کرد ، شێخ جەنگی و کوڕەکانی،  لەهیچ وێستگەیەکی خەباتی یەکێتی دا نەبوون ، بەڵام ئەمڕۆ بوون بە وەلی ئەمر و خاوەنی یەکێتی ، ئاراس شێخ جەنگی بێشەرمانە و بێڕەحمانە گڕ بەردەداتە رۆڵی قوباد تاڵەبانی کوڕە بچوکی مام جەلال ، ئاراسی  جەنگی بەکورتی و بە پوختی دەیەوێت بڵێت ئەم قوباد تاڵەبانی و وەزیرانەی ئێستای تیمی یەکێتی،  بێ پشتیوانن لەلایەن ئەم سەرکردایەتیە نوێیەی یەکێتی ، بێ سەنەدن و ئەوان هەڵبژێردراوی سەرکردایەتییە کۆنەکەی یەکێتین ، لەکاتێکدا چوار وەزیریان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتین ....!  هەموو ئەمانە لە غیابی رۆڵێکی ئاکتیڤی بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەی مام جەلال و میراتگری شەرعی یەکێتی ڕوو دەدەن .  ئایا یەکێتی بۆ ناشرینکردنی ئەم تیمە حوکمڕانەی حیزبەکەی لە حکومەت بە سەرکردایەتی قوباد تاڵەبانی ، بڕیاری تێکدان دەدات؟ ئەمە ئەو نەهجەیە کە لاهوری جەنگی لە سەرەتای هاوسەرۆک بوونیەوە هەوڵ دەدات  قوبادی پێ  زۆر پچوک بکاتەوە .  ئایا قوباد تاڵەبانی مافی ئەو پرسیارەی نیە لە لاهوری پسمامی کە لە لەکۆنگرەیەکدا پێشتر ئەندامانی بە پارەو ئیمتیاز دیاریکراون یەکەم بووبێت و بافڵی برای قوبادی خستبێتە ریزبەندی دووەم...؟ ، مافی ئەوەی نیە بە لاهوری جەنگی بڵێت من زۆرترین دەنگی یەکێتیم هێناوە و ۱٨٨ هەزار ئەندامی یەکێتی دەنگی پێداوم نەک کۆنگرەیەکی پێشوەختەی  ئامادەکراو...؟!  ئاخۆ بافڵ تاڵەبانی، قوبادی برا بچووکی بۆ ئامۆزاکانی بەجێدەێڵێت و میراتگرانی مام دەکات بە دەستکەلای کوڕانی شێخ جەنگی؟!  داهاتووی ئاکاری سیاسی بافڵ و لاهور ، هاوسەرۆکان ، وەڵامدەرەوەی هاوکێشەکان دەبێت .  جیا لەوەی سەرکردایەتیەکی پێکراوی خانەنشینکراوی بە ئەزموونی سیاسی هەموویان ئێستا یارییەکەان جێهێشتووە و تەماشا دەکەن تا بزانن کوڕانی تاڵەبانی و کورانی جەنگی چی بەسەر یەکێتی دەهێنن ؟ تۆبڵێی سنگ دەرپەڕاندن بۆ سیاسەت هەموو کات ئاکامی  هەبێت،؟ یان هێمنی و عەقڵانیەت ئەنجامی دەبێت..؟    کەی ئەم سەرکردایەتیە خانەنشینکراوە پەراوێزخراوەی پێشوو قسەی خۆیان دەکەن ؟ لەمیدیا قسە دەکەن یان بەخۆیان دەڵێن؟  یەکێتییە نوێیەکە بە کشانەوەی بەیاننامەکەی بافڵ و دانانی تویتەکەی لاهور چ شۆکێکی بۆ یەکێتیەکان دروست کرد ؟ لەچ سەرمەستیەک بە هۆشی هێنانەوە؟ بەجێهێشتنەکەی قوباد و چوونی بۆ بەغدا  پێش ئەوەی لاهوری جەنگی لە خەو خەبەری بێتەوە و بەیاننامەکە ببینێت چ دەلالەتێکی هەیە ؟ مانای بێزاربوونی قوبادە لە هەموو هەوڵی شکاندنی لەلای لاهور جەنگیەوە یان بێ ئەرزش سەیرکردنی بریارەکانیەتی و پشت بەستنە بە بافێڵی برا و بافێڵی مام جەلال....؟


سەرتیپ وەیسی  به‌‌ر له‌ كۆنگره‌ و له‌ دوای كۆنگره‌ش زۆرێك له‌ بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیی و خه‌ڵكیش پێیانوابوو، كه‌ لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی، ئومێدی هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌و هۆكاره‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی سیاسی و حكومڕانی له‌گه‌ڵ پارتی، ئه‌مه‌ش وایكرد له‌و ماوه‌یه‌دا زۆرترین ته‌سویق و بازارسازی سیاسی بۆ بكرێت، به‌ ئاراسته‌ی گه‌وره‌كردن و پیرۆزكردنی، تا گه‌یه‌نرایه‌ ئه‌و دۆخه‌ی، كه‌ هه‌ندێك كه‌س پێیانوابو، له‌ دوای نه‌وشێروان موسته‌فا ئه‌و تاكه‌ كه‌سه‌ ته‌حه‌دای بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و سیاسه‌تی پارتی ده‌كات . هه‌ر له‌سه‌ره‌تای گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن ناوبراوه‌وه،‌ گرینگ بوو بۆ ئه‌و به‌ كرداری ئه‌و دروشمانه‌ی هه‌ڵیگرتبوو به‌ر له‌ كۆنگره‌ دوای كۆنگره‌ بیكاته‌ كردار، ئه‌و هه‌موو گه‌وره‌كردن و فووتێكردنه‌كه‌ش، كه‌ له‌ لایه‌ن دۆست و لایه‌نگرانی ده‌كرێت رابگیرێت،‌ له‌ بری ئه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ و ستراتیژ و دونیا بینی نوێ، ئه‌جیندا و به‌رنامه‌ و سیاسه‌تی خۆی بۆ سیسته‌می سیاسی و حكومڕانی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان بخاته‌ڕوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بینرێت له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی رابردوو، هێشتا هاوسه‌رۆكه‌ نوێیه‌كه‌ی یه‌كێتیی له‌ چوارچێوه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رپرسیاریه‌تی پێشووی نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات سیحری گه‌وره‌بوونه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات به‌تاڵ ببێته‌وه‌، ئیتر ئه‌و ئومێده‌ی كه‌ لایه‌ن یه‌كێتیی و هێزه‌كانی دیكه‌ له‌سه‌ری بونیادنرابوو نه‌مێنێت. لێره‌دا باس له‌وه‌ناكه‌ین یه‌كه‌م هه‌ڵه‌ی لاهور تاڵه‌بانی له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونی وه‌ك هاوسه‌رۆك، نه‌یتوانی له‌رووی دابه‌شكردنی پۆسته‌ باڵاكانی حزبه‌ هاوسه‌نگی له‌ نێوان گروپ و باڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان دروست بكات، به‌ به‌شداریكردنیان له‌ پێدانی به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان، كه‌ دواجار وایكرد ئه‌و كه‌س و گروپانه،‌ له‌ ئێستادا له‌ بری ئه‌وه‌ی هاوكاری بن، كه‌چی سه‌یری یاریه‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌دوای شكستیه‌وه‌ن، تاوه‌كو بزانن داهاتووی ناوبراو چی به‌سه‌ردێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی حزبه‌كه‌یان. لاهور شێخ جه‌نگی له‌ ماوه‌ی ده‌ست به‌كاربوونی تاوه‌كو ئه‌مڕۆش، جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی به‌یاننامه‌ ده‌رنه‌چوه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا ده‌ستی بۆ كۆمه‌ڵێك كارتی سیاسی برد، به‌ڵام له‌ هیچ كامیاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو بۆ نموونه‌ : 1. له‌ پرسی لا مه‌ركه‌زیه‌تی ئیداری و دارایی، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ پڕۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش ‌بكات، یاخود پرس به‌ تیمی حكومه‌ت و راوێژكاره‌كانی بكات، ئه‌و پرسه‌ی ته‌نها كردی به‌ بابه‌تێكی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌ چوارچێوه‌ی داواكارییه‌كی ئیعلامی و تیۆری تێنپه‌ڕی، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و پرسه‌ له‌ چوارچێوه‌ی شه‌ڕه‌ به‌یاننامه‌ مایه‌وه‌ و دواتر كه‌س قسه‌ی له‌سه‌ری نه‌كرده‌وه‌ و وه‌ك هه‌ر بابه‌تێكی دیكه‌ تێپه‌ڕی و بوو به‌ موزایه‌دی سیاسی. 2. له‌ پرسی كۆڕۆنا له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، نه‌ده‌بووایه‌ سیاسییه‌كان و ناوبراو، به‌ر له‌وه‌زاره‌تی و ته‌ندروستی و حكومه‌ت بێنه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌ و پرسه‌كه‌ بكه‌نه پرسێكی سیاسی، چونكه‌ ئه‌نجامی به‌ سیاسیكردنه‌ی پرسی كۆڕۆنا، سلێمانی و هه‌رێمی كوردستانی برده‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار و ئێستاش رۆژانه‌ به‌ سه‌دان كه‌س تووش ده‌بن و به‌ ده‌یانیش گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن. 3. له‌مه‌سه‌له‌ی مامه‌ڵه‌كردن كردن له‌گه‌ڵ پارتی، ناوبراو هه‌ڵه‌یه‌كی كرد ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو وجودی خۆی له‌ دانپێدانان و پیرۆبایی له‌ لایه‌ن پارتی و ماڵی بارزانی ده‌بینیه‌وه‌، له‌كاتێكدا ده‌بووایه‌ ئه‌و وه‌ك هاوسه‌رۆكێكی گه‌نج و نوێ، وجودی خۆی له‌ سیاسه‌تكردنێكی دروست و واقعیانه‌ بدیتبووایه‌وه‌. به‌هۆی ئه‌و گڕێ ده‌روونییه‌ی له‌ نێوان خۆی و مه‌سرور بارزانی هه‌بووه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو، نه‌ك نه‌یتوانی هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامبدات، ته‌نانه‌ت رۆژ دوای رۆژ دۆخه‌كه‌ی‌ به‌ره‌وه ئاڵۆزی برد، هیچ كات وه‌كو ئێستا پارتی و یه‌كێتیی لێك دوورنه‌بوون، سه‌رباری ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی و پارتی رێككه‌وتنی سیاسیان هه‌یه‌و هاوبه‌شی حكومه‌تن، یه‌كێتیی به‌ شه‌ش وه‌زیر و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم به‌شداره‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم. ئه‌گه‌ر ئه‌و ناكۆكیانه‌ یه‌ك جار له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی و مه‌سرور باررزانی نه‌بێت، ئه‌وا دووجار له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیی نه‌بووه‌. 4. له‌سه‌ر ئاستی نزیكبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ نێوشیان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، تاوه‌كو ئێستا ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی قسه ‌و لێدوان و كۆبوونه‌وه‌ی ته‌شریفاتی بووه‌. ته‌نانه‌ت له‌م ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا، (ئاوات شێخ جه‌ناب) به‌ فه‌رمانی سه‌رووی خۆی توندترین لێدوانی له‌ دژی یه‌كێتیی و هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی دا. 5. له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی (سۆران عومه‌ر)یش نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه ناوبراو نه‌ توانی رێگری له‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی پارتی بكات،‌ نه‌توانیشی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایبكاته‌وه‌، كه‌ ئایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مان كرا به‌شێوازی رێككه‌وتن بوو له‌ نێوان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان یاخود نا؟ جگه‌ له‌وه‌ی له‌مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاری پارێزبه‌ندیه‌كه‌ش نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتوو بێت. 6. له‌سه‌ر پرسی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوكیش نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت، له‌كاتێكدا یه‌كێتیی یه‌كێكه‌ له‌ فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كانی په‌رله‌مان. ‌ له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و رێژه‌ كورسیه‌ی هه‌یانه‌ نه‌یتوانی له‌ خولی یه‌كه‌می ده‌نگدان به‌ وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی موسته‌فا كازمی سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ دانانی وه‌زیری داد. له‌و ‌ماوه‌یه‌شدا نه‌یتوانی له‌ رێگه‌ی ئه‌و سه‌رۆك كۆماره‌ی كه‌ خۆی شه‌ڕی له‌سه‌ری كرد تاوه‌كو داینا، پرسی كه‌ركوك ئاسایی بكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی ئاگاداری دۆخی كه‌ركوكیش بێت باش ده‌زانێت له‌ دوای كۆنگره‌وه‌ ره‌وشی ئه‌و حزبه‌ له‌ كه‌ركووك رۆژ له‌ دوای رۆژ چۆن به‌ره ‌و خراپی رۆیشتووه‌. 7. ناوبراو نه‌یتوانی دوای ساڵێك تێپه‌ربوون به‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌م، پۆسته‌ حكومییه‌كانی یه‌كێتیی له‌ حكومه‌ت پڕبكاته‌وه‌. هه‌تاوه‌كو ئێستاش نه‌یتوانیوه‌ بڕیكاری وه‌زیری ناوخۆ دابنێت، تاوه‌كو سنوورێك بۆ ئه‌و سوكایه‌تیانه‌ دابنێت كه‌ رۆژانه‌ به‌ ئه‌ندامانی یه‌كێتیی ده‌كرێت له‌ هه‌ریه‌ك له‌ بازگه‌كانی كۆیه ‌و دێگه‌ڵه‌ و بالیسان و هێران. 8. باسی شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتی نه‌وت و خه‌رجییه‌كان ده‌كات، كه‌چی تاوه‌كو ئێستا نه‌یتوانیوه‌ پۆستی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ پڕبكاته‌وه‌، كه‌ پشكی یه‌كێتیی به‌ پێی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتیی . هه‌روه‌ها نه‌شیتوانیوه‌ بریكارێكی وه‌زیری ئه‌كتیڤ و چاڵاك له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان دابنێت. 7. دواین جاریش له‌سه‌ر پرسی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه له‌ لایه‌ن حكومه‌ت‌، نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌هۆی جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی ئیزدیواجیه‌ت له ‌هه‌مبه‌ر سیاسه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌، له‌كاتێكدا هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربكرێت، تیمی حكومه‌تی یه‌كێتیی داوای بۆچوونی حزبه‌كه‌یان كردبوو. لێدوانه‌كانی دوای ده‌رچوونی بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ و به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و لێدوانه‌كانی خۆی، هه‌نده‌ی دیكه‌ سه‌رگه‌ردانی و فه‌وزای نێو ئه‌و حزبه‌ی ئاشكراكرد. جگه‌ له‌و خاڵانه‌ی كه‌ له ‌سه‌ره‌وه‌ باسمانكرد، له پرسی مامه‌ڵه‌كردنی ناوبراو‌ له‌گه‌ڵ كوره‌كانی مام جه‌لال، كه‌ یه‌كێكیان هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیه‌ و ئه‌ویتریان جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌، نه‌یتوانیوه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست بكات، به‌ تایبه‌ت له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو رۆژه‌دا خۆی و ئاراس شێخ جه‌نگی برای، به‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ زۆترین هێرشیان بۆسه‌ر كوڕه‌كانی مام جه‌لال ده‌ستپێكردوه‌. لاهور شێخ جه‌نگی له‌ژێر چه‌تری سیاسه‌تی مام جه‌لال و سه‌رمایه‌ی ره‌مزی ئه‌و گه‌وره ‌بوو‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌ی كوڕه‌كانی تاڵه‌بانی نه‌یتوانیوه‌ ئیلتیزامه‌كانی مام جه‌لال جێبه‌جێبكات. بۆ نموونه‌ بۆ دوایه‌مین جار خۆی و ئاراس شێخ جه‌نگی له‌ پرسی بڕینی موچه،‌ به‌شێوه‌یه‌ك كوڕه‌كانی مام جه‌لالیان شكاند، كه‌ نه‌یاره‌كانیشیان ئه‌و كاره‌یان پێناكردوون، چونكه‌ هه‌م ناوبراو و هه‌میش برایه‌كه‌ی هه‌موو ئۆباڵه‌كه‌یان خسته‌ ئه‌ستۆی كوڕه‌كانی مام جه‌لال و ناشرینیان كردن. كاتێك قوباد تاڵه‌بانی له‌ ساڵیادی یه‌كێتیی ده‌ڵێ: لاهوریش وه‌كو باڤڵ برامه،‌ ئه‌وه‌ له‌به‌ر خۆشه‌ویستی و نزیكایه‌تی نێوانیان نییه‌، به‌ڵكو ترسه‌ له‌و هێرش و شكانانه‌ی كه‌ هه‌موو كات چاوه‌ڕوێیه‌ له‌ به‌رامبه‌ریدا ئه‌نجامبدرێت، هه‌روه‌ك به‌ چاو‌ی خۆمان له‌و چه‌ند كاتژمێره‌ی رابردوو بینیمان چی به‌ قوباد تاڵه‌بانی و براكه‌ی كرا ؟! مام جه‌لال ده‌یوت : ستایش و مه‌دحم مه‌كه‌ن ته‌ریق ده‌بمه‌وه‌، به‌ڵكو ره‌خنه‌م لێبگرن. هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ دڵسۆزی لاهور شێخ جه‌نگی و یه‌كێتین، نابێت ببنه‌ هۆكار بۆ پیرۆزكردن و پیاهه‌ڵدانی ناوبراو، له‌ بڕی ئه‌وه‌ به‌رچاو روونی و حه‌قیقه‌تی بۆ روونبكه‌نه‌وه‌، ره‌خنه‌ی لێبگرن بۆئه‌وه‌ی له‌ سیاسه‌تكردندا سه‌ركه‌وتووبێت، چونكه‌ هه‌موو گه‌وره‌كردن و پیرۆزكردنێك به‌ ئاسانی كه‌سه‌كان گه‌وره‌ده‌كات و به‌ئاسانیش بچووكیان ده‌كاته‌وه‌ و تێكیان ده‌شكێنێت. ئه‌و گه‌وره‌كردن و به‌ ره‌مزكردنه‌ی ناوبراو دواجار‌ خزمه‌تی پارتی ده‌كات، نه‌ك له‌ دژی پارتی بێت، چونكه‌ ئه‌وان هه‌ركاتێك له‌ كاریكدا شكست بێنن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ حكومڕانیكردن ده‌یبینین ده‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆی نه‌یاراكانیان.


زانا عەبدولڕەحمان  لەدوایی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، ئاهێك بۆ لایەنگرانی و ئەندامانی یەكێتی گەڕایەوە و پارتیش بەتەواوی تەنگەتاو بوو، لەو دەرئەنجامی كۆنگرە چونكە ئەوەی پارتی بەنەیاری خۆی دادەنا كلیلی چارەنوسی یەكێتی كەوتە دەست. هەموومان لە ناو شادی خۆشی سەركەوتنی كۆنگرە سەرمەست بووین. بەڵام پارتی بە هەموو هێزییەوە كاری كرد بۆ لە باربردنی ئەو خەونەی یەكێتییەكان. لاهور شیخ جەنگی و بەشێكی زۆری سەركردایەتی یەكێتی، بێخەم بوون، پێیان وابوو هەمووشت تەواوە، بەڵام لەڕاستیدا هەموو شت تەواو نەبوو! دوێنی شەو بەتەواوی روون بووە وە كە هێشتا هەندێك مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی مەیلیێكی تریان هەیە ئەیانەوێت خەونی دوای كۆنگرە لەباربەرن، و دووبارە ببنەوە بە پاشكۆ. ئەوەی لەنیوەشەودا روویدا كودەتایەكی سپی سیاسی ئەو گروپە بوو نەك بە تەنها بەسەر لاهوری شێخ جەنگی و بەڵكو بەسەر ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیش ، بۆیە ئەگەڕ رێیان لێ نەگیرێت. دوور نیەكە جۆری كودەتاكەیان لەسیاسییەوە بگۆڕنە سەربازی و ئەوەی بیانەوێ بیكەن بەهێز و ناچاری بەسەر ئەوانەی وەك ئەوان نین فەرزی بكەن. ئەو بەیانەی ئەو گروپە، ئەوەی دەرخست، كە كۆنگرە كۆتایی بە رۆڵی پارتی نەهێناوە لەناو یەكێتیدا، بۆ بنبڕكردنی ئەو خوەش پێوستمان بەرێگە چارەیەكی تر هەیە تویتەكەی لاهوری شێخ جەنگی ستۆپی بە زۆرشت كرد بەڵام ئەو پەیامە كۆتایی یاریەكە نیە بەڵكو سەرەتایەكە بۆ سنور دانان بۆ ئەوانی تر و بۆ تۆكمە كردنی ناوماڵی یەكێتی تا هیچ گروپ تاقمێك لە ژێركاریگەری لایەنێكی تر هەڵویست دەرنەبرن و هەڵوێستی یەكێتی تەنها و تەنها هەڵقوڵاوی بیروباوەی جەماوەرەكەی بێت دوێنی خراپترین و ناخۆشتڕین رۆژی بوو بۆ ئەندامان و لایەنگرانی یەكیتی بەر یەكەم شۆكی دوا كۆنگرە كەوتن . تێگەیشتن كە جیلی كۆن سەبەبی تەسیلم بوونی یەكێتی بە پارتی نەبوون كە زۆركات بەوە تۆمەتبار ئەكران. نەخۆشیەكە لە شوێنێكی ترە .، هێشتا نەخۆشیە كۆنەكە هەرماوە بەڵام ژینگەكەی ئێستایی ناو یەكێتی رەنگبێت وەك جاران لەبارنەبێت بۆ یاركردنی لەو جۆرە و بۆ فەرزكردنی سیاسەتی حیزبی تر . لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، یەك رێگەی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی بێ هیوامان نەكات. بێت بە روونی رایی خۆی و یەكێتی بڵێت: لەگەڵ چیدان و لەگەل چیدا نین. ئێستا یەكێتیەكان لەهەموو كات زیاتر پێوستیان بەوەیە لاهوری شێخ جەنگی بەدەنگی بەرز قسەیان بۆ بكات و لەو بێهیواییەی باڵی بەسەر كەشە گشتییەكەدا كێشاوە دەریان بهێنێت و كۆتای بەنائومێدی بهێنێت. چونكە هێشتا بۆ ئەندامانی یەكێتی هەر لاهور هیوایەو هەر ئەویش كلیلی ئایندەی لەدەستدایە تا كۆتایی بەنەهامەتییەكان بهێنێت كە ئێستا خەڵكی تێكەوتووە. سەكردایەتی تازەش بەشێكی زۆریان جێگەی متمانەن هێشتا پابەندی بەڵێنن كە دژی خواستی جەماوەری یەكێتی لەهیچ باردۆخێك بریارنەدەن بەڵام هەندێكیان كە لەدوا كۆنگرە و گەیشتن بە سەكردایەتی بێدەنگ بوون و خیانەتیان لە سوێندەكەی كۆنگرە كردوە زوو بێت یان درەنگ بەر نەفرەتی ئەندام لایەنگرانی یەكێتی ئەكەون بەتایبەت ئەوانەی بە ووتاری دژە پارتی خۆیان گەیاندە سەكردایەتی و لەسەر رەنگی بۆینباخیش ووتاریان ئەنوسی كەچی ئیستا خۆیان كردۆتە كەرەی شەربەت بەداخەوە ئەڵێم: ئێستا یەكێتی، دوو هەڵوێستە،هەندێك لەبەر بەرژەوەندی كۆمپانیا و پۆست خۆی بێدەنگ كردوە هەندێكش لە تاو یەكێتی و جەماوەرەكەی سنگی ناوە بەو زوڵمەوە بەرگری ئەكات


  فارس نەورۆڵی   چەمکی ئیرادەبوون مرۆڤ دەسەلمێنێت چونکە توانای مرۆڤ نیشان دەدا بۆ جێبەجێ کردنی بیر و بۆچوونەکانی و ئامانجەکانیان، ئیرادە سەرەتا لەخەیاڵەکانەوە سەرچاوە دەگرێ واتە مرۆڤ خەیاڵەکانی لەڕێگای ئیرادەوە جێبەجێ دەکات، لێرەدا مەبەستمە باس لە ئیرادەی سیاسی بکەین، چیە و چۆن خەیاڵەکان و ئامانجە سیاسییەکان بە ئیرادەوە جێبەجێ بکەین، ئەو ئیرادەیەش لەڕێگای دەستە بژێرێکی داپەروەرەوە کە ئاراستەی پرۆسەی نوێبوونەوە بونیادنان بکات بۆ بوونی ئیرادە. چۆن لە مرۆڤدا چاکە و خراپە ھەیە (ئیرادەی خێر و ئیرادەی شەڕ) بەھەمان شێوە لەبیر و بۆچوونە سیاسییەکان و دامەزراوە سیاسییەکانیشدا ھەیە، ئیرادەی چاکە لە سیاسەتدا و لە پرۆسەی فەرمانڕەوایشدا ھەیە، جەوھەری ئیرادەی چاک لە سیاسەتدا ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە ڕێکخستنی ئیرادە دژ بە یەکەکان و بیر و بۆچوونە جیاوازەکان، واتە ئیرادەی سیاسی چاک پێمان دەڵی سیاسەت دەبێت ٭( دیالۆگی ڕۆژانە بێت و بەردەوام بێت لەسەر تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی لەڕێگای گفتوگۆوە، بەڵام ئەگەر تەنھا لە جەنگ لەسەر دەسەڵات کورت بکرێتەوە ئەمە دەبێتە دابڕان لە فیکر دەبێتە ئیرادەی شەڕ ) لێرەوە تەنھا یەک ئامانج لەیەک گۆشە نیگاوە بۆ ژیان دەڕوانین ئەمەش دەبێتە خود ئەڤینی و خودپەرستی، ھەر کۆمەڵگایەکیش تەنھا لەیەک گۆشە نیگاوە لە سیاسەت بڕوانێ ئەوە کۆمەڵگایەکی نا تەندروستە. لێرەوە جیاوازییەکان لە گفتوگۆوە دەگۆڕێت بۆ ئینکاریکردن، دەچێتە دۆخی تەنھا خۆبەڕاستزانین و گەوجاندن و چەقبەستویی لە ھەموو کایەکانی ژیاندا، دەگێڕنەوە لە گوندێکدا پیاوێکی ئاقڵ دەبێ بۆ سەردەمی خۆی لە گوندەکەدا پیاوێکی ئینکار پەیدا دەبێ دەڵێ من دەتوانم ئەو پیاوەی ئێوە پێی دەڵێن ئاقڵ لە گفتوگۆدا بیبەزێنم پێی دەڵێن چۆن دەتوانی؟ ئەویش دەڵێ ھەرچی ئەو وتی من دەڵێم وانییە، ئیتر لەم دۆخەدا ئینکاری زاڵ دەبێ و ئەقڵ دەوەستێ و توانای بیرکردنەوە نامێنێت چونکە زەمینە بۆ مەعریفە نامێنێ و زیندویەتی نامێنێت. جرجانی لەکتێبی پێناسەکاندا دەڵێ ئیرادە سیفەتی زیندوویەتی یە ھەروەھا لە دیدی مارکسییەکانەوە ئیرادە بەرھەمی مەعریفە و ئەزموون و پەروەردەیە بەڵام کاتێک سیاسەت دەبێ بە ئینکاری ھچ شتێ وەک خۆی نامێنێت، ئەگەر سەیری پرۆسەی سیاسی بکەین لە کوردستان زۆر جار جیاوازییەکان لە گفتوگۆ و ئەرگۆمێنت سازییەوە دەگۆڕێت بۆ ئینکاری، سەیری کردەوەی ھەندێک ھێز بکەی کردار و گوفتاریان دژ بەیەکییە وەک ئەو گۆرانییەی کە دەڵێ( بەزار جوێنم پێدەدا و بەچاو پێم دەڵێ وەرە) ئەم جۆرەش لە ئیرادە کۆمەڵگای توشی سەر لێشێوان کردووە. بۆ دەربازبوون لەم دۆخی ئینکارییە پێویستە ھەر لایەک بیر بکاتەوە و تێبگات کە ئیرادەی سیاسی ئینکاری نییە و سیاسەت ھونەرە و بە ئینکاری ھیچ ئەنجامێک نادات بە دەستەوە ئەو کات گفتوگۆکان دەچێتەوە دۆخێکی تەندروست، ئەمەش بەو شێوەیە دەبێت جیاوازییەکان لەڕێگای گفتووگۆوە وەک ئەوەی کە ھەیە یەکلایی بکەینەوە نەک وەک ئەوەی کە لایەنێک حەزی لێیە، ئەگینا ئەم جۆرە لە ئینکاری کردنە لەسیاسەتدا سەری پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان دەخوات و کات چاوەڕێی ئێمە ناکات.


د. رزگار ئاغا دەستپێک   کلیپتۆکراسیی (تاڵانکاریی - kleptocracy), زاراوەیەکە, بۆ فۆرمێک لە فۆرمەکانی حوکمڕانیی, کە سەرکردە سیاسییەکان یان بەپرسە باڵاکانی حوکوومەت, بە ناوی گەشەپێدانی وڵاتەوە, دەسەڵاتیان بەکارئەهێنن بۆ دزیینی پارە لە گەنجیینەی گشتیی, بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندیی کەسیی و چەسپاندنی پێگە سیاسییەکانیان. نموونەی زۆر لەم وڵاتە تاڵانکارییانە هەن لە سەرتاسەری جیهان دا, کە سەرکردەکان لەسەر شانی میللەتەکانیان پارەیەکی زەبەلاح ئەدزن. زیاتر, ئەم تاڵانکارییانە پێوەندییەکی توندی هەیە لەتەک ئەو وڵاتانەدا کە دادگا سەربازیی و ئۆلیگاریکیی و دیکتاتۆرییەکان ئەیانبەن بەڕێوە. زیاتر وایە, کە تاڵانکاریی لە سایەی حوکوومەتە خۆسەپێن و داپڵوسێنەرەکاندا گەشە ئەکات و, سەرکردە تاڵانکەرەکان, سەرچاوەی سرووشتیی وڵاتەکەیان وەک موڵکی خۆیان و بنەماڵەکەیان سەیر ئەکەن؛ نەبوونی هییچ چاودێرییەک لە ناوخۆی وڵات و لە دەرەوەدا, رێی خۆشکردووە بۆیان بە هەڵپەوە, هەرچیی سەر زەویی و بن زەوییە تاڵانفرۆشی بکەن. پارە دزراوەکانیش لە پرۆسەیەکی زۆر بوێرانەی تۆڕفراوان دا سپیی ئەکەنەوە و, لە رابواردنی بێهوودەی گران گران دا خەرج دەکرێن, یان خانووبەرە و موڵک و کارگەی پێ ئەکڕڕێت لە رێی دامەزراندنی کۆمپانیای نەبووەوە - وهمییەوە- لە ئەوروپا و ئاسیا و ئەمەریکادا, لە تەک هەڵگرتنیی لە ئەژماری نەناسراوادا لە بانکی وڵاتانی تر دا. شارمان(١), دە ساڵی تەمەنی, لە بنکۆڵکاریی تاڵانکاریی دا بەسەربردووە, بە کلیپتۆکراسیی ئەڵێت  حوکمڕانیی دزەکان. بە وردیی باسی ئەو گەندەڵییە ئەکات, کە لە ئەنجامی حوکمڕانیی سەرکردەگەلێکی وڵاتە هەژارەکان یان تازە پێگەیشتووەکان دەکرێـت, کە هەڵدەستن بە تاڵانکردنی ملیۆنەها و بلیۆنەها دۆڵاری گەنجیینەی نیشتمانی میللەتەکەیان. لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا, ئەو پارانە, لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا خەرج ئەکەن یان هەڵدەگرن. هەتا ئەم دواییانەش, وڵاتە دەوڵەمەندەکان هییچ پابەندبوونێکی رەوشتانە یان یاساییانەیان نییە, دەربەست بە تێڕژان و قوڵپدانی پارەی پییس بۆ ناو وڵاتەکانیان.لەم ساڵانەی پێشوودا, هەندێک یاسا و رێسا لە ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپایی دارێژراون, بۆ رێگریی و قەڵاچۆکردنی سپییکردنەوەی پارە,  بەڵام نەبوونی خواستی راستەقیینەی جێبەجێکردنییان, ئەم رەوشە مەترسییدارەی پشتگییر تر کردووە.    بەشی یەکەم: سەرهەڵدان و گەشە و جموجووڵی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی)                                                                                پێشەکیی:  ئەم زنجییرەیە,  پەیجۆرێکە بۆ رەوشی تاڵانکاریی لە لایەن حووکوومەتەکان و تاکە حوکمران و باڵادەستەکان. هەر لە تۆڕەکانی تاڵانکاریی و, هەژموونی تاڵانکەرەکان و, پرۆسەی داینامیکیی پارەی دزراو و پرۆسەی سپییکردنەوەی لە ئاستێکی نێودەوڵەتییدا. هەوڵە کەسیی و رێکخراوەیی لە رووبەرووبوونەوەی تاڵانکاریی دا, مایەی نیگەرانییەکی زۆرە, بەوەی حوکوومەتە زلهێزەکان خەمساردییەکی ئاشکرا ئەنوێنن, چ لە گرتنەبەری رێ وشوێنی تۆکمە و دابڕ و, چ لە هاوکاریی هەوڵە ناحوکوومییەکان. ئەم باسە, چڕ و پر و ئالۆزە, بۆیە زنجییرەیەکی  دابەشکراوە بۆ رەهەندەکانی حوکمڕانیی تاڵانکاریی, لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکانیان دا. بێگومان, توێژیینەوە و کتێب و رێکخراو و هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوە, کە بەردەوام مایەی بایەخێکی گەورە ئەیەن بەم رەوشە, لە خەمی ئەو لێکەوتە ترسناکانەی لێوەی ئەکەوێتەوە لە سەرتاپای جیهان دا. ئەم زنجییرەیە, هەندێک لەو کتێب و توێژینەوانەی بەسەر کردۆتەوە و, هەندێک لە زانیاریی و بۆچوونەکان وەکو خۆیان, بەپێی توانا گوێزاوەتەوە. زیاتر لەمەیش,  سەرنانی شرۆڤەی پێویست و دییدی  نووسەر. ئامانج لەم زنجییرە نووسیینە, پێدانی زانیاریی گرنگە سەبارەت بە حوکمڕانیی تاڵانکاریی و تاڵانکەرە بەدەسەڵاتەکان لە دنیادا, شوێنپێهەڵگرتنی چۆنییەتی خولقاندنی پەناگە و خانەخۆێ بۆ پارەی دزراوی نیشتمان و خاوەنە ناشەرعیەکانی. ئەبێت, خەڵک بزانێت, هۆکاری هەژاریی و وێرانیی وڵاتە ئەفەریقایی و ئاسایی و لاتییننییەکان چیین؟ داهات و سەرچاوەی سرووشتی و سەرمایەی ئەم وڵاتانە چیی لێ ئەکرێن؟ حوکمڕانانان و خێزانەکانیان لەم وڵاتانە دا, چیی بە داهاتی گشتیی و سامانی وڵاتەکانیانەوە ئەکەن,  بزنس و نەختیینە و پەیوەندییە رەشەکانیان چۆن سپپی ئەکەنەوە؟ چۆن رۆژئاوا, نەک بێدەنگە, بەڵکو چۆن دەرگای بانکەکانی بۆ خستوونەتە سەرپشت و,  رێز لە پارە پییسەکانیان ئەگرێـت؟ ئەم زنجییرەیە, لە چەند بەشێک پێک دێت: بەشی یەکەم: سەرهەڵدان و گەشە و جموجووڵی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی) بەشی دووەم: تۆڕەکانی کارکردنی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی) بەشی سێیەم: خۆشاردنەوە و, پرۆژە وەهمییەکانی حوکمڕانە تاڵانکەرەکان ( کلیپتۆکراتەکان) بەشی چوارەم: هەڵوێست و شەراکەتی رۆژئاوا لە پشتقایمکردنی حوکمڕانیی تاڵانکارییەکان                   (کلیپتۆکراسییەکان) بەشی پێنجەم: لێکەوتەکانی حوکمڕانیی تاڵانکاریی کلیپتۆکراسیی لە سەر ناوخۆی وڵات و                   لەسەر ئاستی جیهان بەشی شەشەم: رووبەڕووبوونەوەی کەسە تاڵانکەر و حوکمڕانییە تاڵانکارییەکان لە جیهان دا بەشی حەوتەم: دەرئەنجام و چیی پێویستە بکرێت؟  بارودۆخی سەرهەڵدان و گەشەکردنی کلیپتۆکراسیی   یەکەم دەرکەوتنی وشەی " kleptocracy"(٢) لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨١٩ دا بوو, لە وتارێکدا بە ناوی " دزەکان, لە کۆن و نوێ دا", لە لایەن " لییە هانت" بەکارهات, کە کەسێکی زۆر رادیکالیی و بەجۆش بوو و, هاوڕێی هەندێ لە شاعییرە ناودارەکانی ئەو رۆژگارە بوو. نووسیینەکەی زۆر درێژ و بەرفراوان بوو, باسی تاوانە رێکخراوەکانی ناو ئیسپانیای ئەکرد کە بە "کلیپتۆکراسەکانی ئیسپانیا" ناوزەدی کردن. ئەم نووسیینە, بەدرێژایی سەدەی نۆزدە ئەخوێنرایەوە. بەڵام لە ساڵی ١٨٥٧ دا نووسەرێکی نادیار لە گۆڤاری "بلاک وود", ئەم زاراوەیەی بەکاری هێنا بۆ وەسفی "دزە بەرەڵاکانی ناو بەریتانیا". پاشتر دوای دوو دەیە, جەنەراڵ سێر فریدریک گۆڵسمیید, بەشێکی ئاسیای ناوەڕاستی بە " کلیپتۆکراسیی تورکمان" ناوزەد کرد. بەڵام, هانت و ئەوانەی تر, وەک بەکارهێنانی ئەمڕۆ, بەهەمان شێواز, ئەم زاراوەیان بەکارنەهێناوە, کە هییچ بەڵگەی دەلالاتەکانی " گەندەڵی گەورە و قێزەون" هەڵناگرن, وەک نووسەرەکانی سەدەی بیست و یەک بەکاری ئەهێنن و, وەک لە فەرهەنگەکاندا هاتووە و ناوبراون بە چەتەگەریی و تاڵانکاریی, کاتێک باس لە کلیپتۆکارتەکانی غینیای ئیستیوائیی و ئۆزبەکستان ئەکەن.  چەمکی کلیپتۆکراسیی بەم مانا نوێیەیەوە, ئەگەڕێتەوە بۆ "ستانیسلاڤ ئەندریسکیی پۆڵەندیی, ئەو کەسە بوو کە لە شەڕی دژ بە ئەڵمان لە ١٩٣٩ بەشدارییکرد و, لە لایەن هێزی سۆڤییەتیی جارانەوە, بە دیلیی گییرا و, پاشان هەڵهات و ئەم شوێن و ئەو شوێنی کرد لە ئەوروپادا, هەتا لە بەریتانیا چووەوە ناو پۆڵەندییەکانی تاراوگەوە. دواتر, بوو بە کەسێکی ئەکادیمیایی و, هەر ئەم بوو, بەشی کۆمەڵناسیی لە زانکۆی ریدیینگ لە بەریتانیا دامەزراند. ئەندریسکیی لە ١٩٦٦دا, زاراوەی kleptocracy, وەک مشەخۆریی و وێرانکردن بەکارهێنا, بەپێی ئەو دۆخەی ئەمەریکای لاتیینی تێکەوتبوو.    ئەندریسکیی کتیێبی "تەنگژەی ئەفەریقایی" نووسی لە ١٩٦٨ دا(٣). شرۆڤەی دۆخێکی زۆر مۆلەقی کرد, وەسفی سیستەمەکانی حوکمڕانیی ئەو رۆژگارەی ئەفەریقای کردبوو, کە چیینێکی دەسەڵاتدارن, کە ئەو خۆبەختیی و دڵسۆزییەیان نییە کە لە رۆژگاری داگییرکارییەکاندا بۆ وڵاتەکەیان هەیانبوو. ئەندریسکیی, ئەمەی بەلاوە سەرسوورمان نەبوو, چونکە ئەم دەوڵەتانە لە دابەشکارییەکی بەرژەوەندیخوازانەی ئیمپریالیستەکانەوە هاتبوونە بەرهەم, کە بەجۆریک بوو سنووری بۆ کێشراوی زۆرێک لە وڵاتەکان, فەرامۆشکردنی پێودانی زمان و ئایین و کەلتوور و نەتەوە لەم دابەشکارییەدا, بوو بە مایەی ترازاندنی پێکەوەبەستی هاوبەشی ئەم هاوڵاتییانە. دەرئەنجامی ئەمە, تێکەڵەیەک لە خەڵکی لاپرەسەن, رژانە ناو دام و دەستگاکانی حوکوومەتەکانەوە, کە تەنها بییریان لە گییرفان و بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان و کەسوکارەکانیان ئەکردەوە, هەر لە بەتییل بۆ پێدانی مۆڵەتی دامەزراندنی کۆمپانیای بیانیی, فرۆشتنی زەوی و زار و موڵکی دەوڵەت.   ئەم کتێبە, بە جۆرێک لە رەگەزپەرستانە وەسفکرا, وەک هاندانێک بۆ فەرامۆشکردن, بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەو رۆژگارەی مالییزیا, راجار ئەڵتام, کە یارمەتی حوکوومەتەکەی خۆی دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی. راجار ئەڵتام لە پێشتردا, وەک رۆژنامەنووسێک لەتەک         "جۆرج ئۆرۆیڵ" کاریکردووە, لە رۆژگاری جەنگی دووهەمی جیهانیی کە لە لەندەن بوو. لە ١٤ی تشریینی دووەمی ١٩٦٨ دا وتارێکی پێشکەشکرد, کە تیایدا ووشەی کلپیتۆکراسیی ئەندریسکیی بەکارهێنا وەک "کۆمەڵگەی گەندەڵەکان, بۆ گەندەڵەکان, بە گەندەڵەکان". راجارئەڵتام, باسی لە سیاسەتکارە نموونەییەکانی کۆلۆنیاڵە ئاسیاییەکانی پێشووی کرد, کە چۆن بەرە بەرە بەهۆی پێگەکانیانەوە, بەرەو گەندەڵیی شۆڕبوونەوە و, دەستیانکرد بە دروستکردنی خانووی گەورە گەورە و, خاوەندارێـتی کۆمپانیای بازرگانی زەبەلاح و, کڕینی شتومەکێک کە زۆر زیلتر بوون لە بڕی مووچەکانیانەوە, ژنی بیرۆکراتەکان چوونە پێگە هەستیار و گەورەکانەوە, خۆیان بە گەوهەر رازاندەوە, کە ئەمانە مایەی سەرنجڕاکێشانی دەستگا باجسێنەکانی وڵاتە سیستەماتیکەکان بوون.   راجارئاڵتام و ئەندریسکیی, رێکەوتن لسەەر ئەوەی کە باس لە کلیپتۆکراسیی نەبەستنەوە, بە ئاماژەدان بۆ تەنها کیشوەرێک یان رەگەزێک لە مرۆڤ, بەڵکو, بیکەنە چە مکێک بۆ بەستنەوەی دەوڵەتەکان لە دووریی هەزاران میلیشەوە بێت. هەردووکیان, باسیان لەو وڵاتانە کرد کە مێژوو و رۆشنبیریی سیاسییان وەک یەک وایە, لە کیشوەرە جیاجیاکان و, لە رۆژگارە جیاوازەکان, ئەو وڵاتانەی کە سەرکردەکانیان کلیپتۆکرات و گەندەڵ بوون. جمووجووڵەکانی کلیپتۆکراسیی   بە بێ باس کردنی کتێبی "دزەکانی دەوڵەت"(٤) ی سارا چاییز, ناکرێت باسی گەندەڵیی نێودەوڵەتیی و حوکمڕانیی کلیپتۆکراتەکان بکرێـت. چاییز, بە تەنیاباڵانە بنکۆڵکاریی ورد و پراکتییکیی کردووە و, رۆژگارێکی پڕسەرنجی لە ناو رووداو و گوزەرانی  وڵاتانی وەک ئەفغانستان و نەیجیریا بەسەر بردووە. بۆیە, یەکێکە لەو کتێبانەیە کە مایەی گرنگیی پێدانە لە فەزای رۆشنبیریی کوردییدا, کە هێشتا تیشکی نەخراوەتە سەر و, بەڵام لە دونیای دەرەوەدا بەشدارییەکی گەورەی لە راکێشانی رای نێودەوڵەتیی و, کۆمەڵگەی مەدەنیی دا کردووە.    ئەم کتێبە, بایەخەکەی تەنیا لە جوگرافیایەکی تەسکدا تەواو نابێت, کە ئەزموونی حوکمڕانیی و ئاستی هەژارانەی بیرکردنەوە و, شڵەژانی رەهەندە کۆمەڵایەتیی و نیشتمانپەروەرییەکانی خەڵکی ئەفغانە. بەڵکو, توانیوویەتی ببێت بە شرۆڤەکارییەکی سەردەمانە بۆ خودی سیستەمی کلیپتۆکراسیی (تاڵانکاریی) و, رەوشی وڵاتە کلیبپۆکراسییەکان لە هەر کوێیەکی جیهان دا بن.  هێزی پێداگیریی و یەکلاییبونەوەی بۆچوونەکانی نووسەر, لەو بەڵگە و دۆکیومێنتەکانەدایە کە زیاتر مەیدانیین و, بوونەتە مایەی متمانەی گەورە, بۆ بەرپرس و, سیاسەتکار و, توێژەر و, شرۆڤەکار و, ناوەندەی ئەکادیمیایی و رۆژنامەگەریی.   چاییز, چیرۆکی خۆی ئەگێڕێتەوە(٥): هەواڵنێری پێشووی کەناڵی(NPR) لە جەزائییر و ئەفغانستان بووم, وازم لە رۆژنامەگەریی هێناوە بۆ ئیشکردن لە رێکخراوێکی ناحوکوومیی لە قەندەهار, پاشان خاوەنی پرۆژەی کۆمەڵایەتی بووم لەسەر تێچوونی خۆم, پاشان بووم بە راوێژکار لە بواری دژە - گەندەڵیی دا, لە هێزی نێودەوڵەتیی بۆ هاوکاریی ئاسایش (ISAF), راوێژکاری سەرۆکەکانی ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا. ئێستاش هاوڕێی سەرمەشقم لە دامەزراوەی کارینگیی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتیی. ئەوەبوو, هەرەوەزییەکی دامەزراند بۆ پیشەسازیی سابوونی بۆندار و بەرهەمە جوانکارییەکان و, سوودی لە بەرهەمی جووتییارە ئەفغانییەکان وەرگرت. بەڵام, زۆری نەبرد سەیری کرد ئەو چالاکییە سوودبەخشەی ئەویش, ناتوانێـت لە دەست گەندەڵیی رزگاری ببێـت, کاتێک نەیتوانی هەندێ پارە لە بانک دابنێت بە بێ پێدانی بەرتییل (دەم چەورکردن). بۆیە, دەستیکرد بە داڕشتنی بیرۆکەکانی دژ بە گەندەڵیی لە شوێنێکی وەکو ئەفغانستان دا. زۆر بە خێرایی, ئەم هەوادارە بووبە پیشەمەند. چاییز, زۆری نەبرد, لە لایەن (NATO) و (ISAF) بانگهێشت کرا بۆ یارمەتیی ئاسایش, بۆ پێدانی شارەزاییەکانی لەتەک تیشکۆخستنە سەر تەگبییرەکانی دژ بە گەندەڵیی. "سارایەکی سابوونچی", کورتەی پرۆسەکان پێشکەش ئەکات".   بیردۆزەکەی سارا چاییز, لە "دزەکانی دەوڵەت" دا, لە دان پیادانانێک دا پوخت دەکرێتەوە(٦), ئەویش "گەندەڵیی کەمتر لە خۆی هەڵدەسەنگێنین". چاییز, ئەڵێت: لە راستییدا, زیاتر لەوە ئەچێت, ئێمە بە هەموو زانا و, رەخنەگر و, سەرکردە و, راوێژکاری سیاسیی و سەربازیی رۆژئاوایی, کەم بایەخانە سەیری هەموو لایەنەکانی گەندەڵیی بکەین. بە شێوەیەکی هەڵەیش, خوێندنەوە بۆ تەنیینەوە و, چڕیی تۆڕە پێکهاتووەکان و, سرووشتە بەسیستەماتییککراوەکەی ئەکەین. بۆیە, ئەڵێت: ئێمە شکستمان هێناوە, لە هەستپێکردنی کاریگەرییە تێکشکێنەکانیی, بۆ سەر ئەو گەلانەی کە ئەناڵێنن لە ژێر ستەمەکانی حوکمڕانە تاڵانکەرەکان دا. چاییز پێی وایە, ئەو شەڕەنگێزییە کۆمەڵایەتیی و, سیاسیی و, رۆشنبیریی و, تەنانەت ئایینییەکانیش, بە کەم دەزانرێـت کە لێی کەوتوونەتەوە, هەروەها رۆڵی هەیە لەو شێوازەی, کە ئاگر ئەنێت بە ململانێ مەدەنیی و سەربازییەکانەوە. بۆیە, لە ئەنجامی ئەم هەموو کەم نرخاندن و کەم هەستپێکردنانە, کومەڵگەی نێودەوڵەتیی (ئەمەریکا بە تایبەتیی) بەهەڵەدا چوو- ون, لە خەمڵاندنی ئەو هەڵە ستراتیجییە ماڵوێرانکەرانەدا, کاتێک کە دەستیانوەردا, لە هەندێ وڵاتی وەک عێراق و ئەفغانستان. کتێبی "دزەکانی دەوڵەت", بە بوێریی بۆچوون و, ئەو بەسەرهاتانەی کە تیایدا هاتووە و, رووناکی خستۆتە سەر تاریکاییەکانی پەیوەندیی و, جموجووڵی نێوان واشنتۆن و کابوول, توانییویەتی ببێتە خوێنراوێکی سەرنجڕاکێشی بە چێژ و گونجاو, تەنانەت بۆ خەڵکی سادەش. سەرباری ئەو شێوە باوە نووسیینەی ئەم کتیبە (بێ- پەراوێز)ە, کەچیی, بەهۆی ئەو مشت و مڕە بەڵگەدارە درووستانەی هەیەتی, توانییویەتی سەرنجی ئەکادیمیاییەکان بەلای خۆی دا رابکێشێت. کتێبەکەی چاییز, ئەو کتێبە گرنگە بەرچاوە دەبێت بۆ هەر کەسێک, کە لێکۆڵیینەوە لەسەر گەندەڵیی, یان هەر حکومەتێک بکات کە گەندەڵیی تیایدا بڵاوە. بەڵام چاییز, بە هۆی ئەو پێوەندییەی, کە کێشاویەتی لە نێوان گەندەڵیی باو و, بڵاو و, لە نێوان ململانێی ناوخۆیی بەربڵاودا, ئیشەکەی ئەو گرنگیەشی دەبێت, بۆ زانایانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و, ئاسایش و, حوکمڕانیی جیهانیی و, مافی مرۆڤ و, لێکۆڵینەوەکان لەبارەی قڕکردنە بەکۆمەڵییەکان دا (جینۆساید).   چاییز, لە بنکۆڵکارییەکەی لەسەر کلیپتۆکراسییەکان, کات و شوێنی فراوانی گرتۆتە بەر(٧). وەک دەرچوویەکی زانکۆی بواری مێژووی ئێسلامیی لەسەدەکانی ناوەڕاستدا, چاییز ئەدەبیاتێکی بەهەند وەرگرتووە بە ناوی " ئاوێنەی پاشاکان", ئەمە کتێبێکی بەناوبانگی دەسەڵاتدارەکانە کە پیاوانی ئایینی و داناکان بۆیان نووسیوونەتەوە. چاییز, یەکێک لەو ووتانەی کە بەردەوام لەو سەردەمانەدا لەو کتێبەدا وەک ئامۆژگاریی دەسەلاتدارەکان دووبارە بووەتەوە               "دەسەڵاتدارەکان پێوسیتە لەسەریان دادپەروەر بن - واتە مسۆگەریی و پارێزگاریی خەڵکەکەیان بکەن لە ژیان و مۆڵکەکانیان بە پێی یاسا - ئەمەش لە ترسی ئەوەی خەڵکەکەیان لێیان هەڵنەگەڕێنەوە. میکاڤیللی کەسێکی بەهێز و توانا بوو لەم خاڵەدا, بەو بەڵگەیەی کە ئەیووت: مییر ئەبێت بەدوور بێـت لەوەی خەڵکەکەی رقیان لێی بێت, ".. ئەگەر دوورکەوێتەوە لە موڵک و ماڵ و شت و مەک و ئافرەتەکانی هاوڵاتییەکانی. چونکە پیاوان بە ئاسانی شتیان لە بییر ئەچێتەوە, تەنات مردنی باوکیان زووتر بییرئەچێتەوە وەک لە دەستچوونی میراتەکانیان" گەندەڵیی, زۆریی پارە بۆ کەمیینەیەک لە سەرشانی زۆریینەیەک, زۆر خراپ و قووڵ ئەشکێتەوە لە سرووشتی مرۆڤایەتیی دا. چاییز,  لە چاکسازیی پرۆتسنتانتی کۆڵییوەتەوە, دژ بە کلیپتۆکراتە کاسۆلییکەکان و, بە هەردوو شۆڕشی هۆڵەندیی و ئینگلیزیی کە بنەماکانی دیموکراسیی لیبراڵی لێوە دامەزراوە. لێرەدا, لەبرییەکی بۆ "ئاوێنەی پاشاکان" دییوەتەوە, کە هەموو هیوایان لەسەر کەسایەتی پاشا بووە بۆ سەروەرکردنی دادپەروەریی, بەڵام دیسانەوە تووشی سەرسووڕمان بووە, چۆن تووڕەیی بەدەست گەندەڵییەوە ئەگۆڕێت بۆ توندوتیژیی ئایینی توندڕوانە.     چاییز, سەردانی وڵاتانی تریشی کرد کە لە لایەن کلیپتۆکراتەکانەوە بەڕێوە ئەبران و, رەوشی جیاوازتری لەوەی ئەفغانستان بینیی. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا, سەردانی مەغریب و, جەزائیر و, تونس و, میسری کرد, کە هەموویان بارگاوی بوون بە بەهاری عەرەبیی. لە میسر, تان و پۆیەکی هێڵی سەربازیی کلیپتۆکراتیی و کلۆکراتیی مەدەنیی کێشا, کە لەگەڵ چاکسازیی ئابووریی ساڵانی نەوەدەکان دا هاتبووە ئاراوە. لە تونس, بانکەکان ناچاربوو بوون کە قەرزی کەتە کەتە بدەنە ئەندامانی نوخبەی دەسەڵات؛ قەرزێک بوون, وەرگرەکانیان (نەک قەرزاربووەکان) نەیان ئەدایەوە و زیادەڕەویی خەرجیی خێزانە تونسییە دەسەڵاتدارەکەیان پێ دابیین ئەکرد. بۆی دەرکەوت, کە  لە نەیجیریا, زۆر بەفراوانی, داهاتی نەوتی دزراوی دەوڵەت بەردەوامە.  " فاڵگرەوەکان", باربووی کاندیدەکانیان ئەکرد بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان, بەمەبەستی هەبوونی پشکێک لەو دەستکەوتنانەی دوای سەرکەوتنی کاندیدەکە دەستیان ئەکەوێت. لە ئۆزبەکستان, خەڵکێکی زۆر, بە خۆڕایی, ناچاری کارکردن ئەکرێن لە  کاری دورێنەی کێڵگە پەمووەکاندا, لە پێناوی دەستەبەرکردنی لۆکە بۆ یەکێتیی کۆمپانیاکان. لە هەریەک لەم وڵاتانە, چاییز, بیینیی کە هاوڵاتییان رووبەڕووی سووکایەتییەکی بێ مانای رێکخراو ئەبنەوە و, ناچار ئەکرێن کە بەرتییل بدەن بە پۆلیس و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان. هەروەها بینییشی, کە توندڕەویی ئایینیش لە هەموو شوێنێک جموجووڵیەتی و ورووژێنراوە. هەرچەندە, توندڕەویی لە هەموو ئەو وڵاتانەدا نەبووەتە توندوتیژیی و, بەڵام تێکشکان و بێئومێدیی روون و ئاشکرا بوو, ئەگەری توندوتیژییش لەو وڵاتانەدا راستییەکی بێ چەن و چوونە. چاییز, ناسەقامگییریی گوزەرانی دانیشتوانی وڵاتە تاڵانکارییەکانی سەرنجداوە. پێی وایە, لە زۆربەی سەرتاسەری جیهاندا, خەڵکیی ئەناڵێنن بەدەست شپرزەکارییەکانی پۆلیسەوە. لە سەر ڕێ و بانەکان, خاڵەکانی پشکنینین, دەروازەی بینا حوکوومییەکان, چەند چەتەوڵێک بە پۆشاکی سەربازییەوە وەستاون "وەک راوچییەک کە ماسیی سەلەموون راو ئەکەن لە شوێنێکی بەرتەسکدا". هەر وەک سارا چاییز نووسییوویەتی. بەڵام, لەسەر ئاستی جیهان دا, ئەمە نییوەیشی نییە, هەمیشە سێ لە ئارەزووەکانمان چەپۆکەسەرن– ئاسایش, نەرمیی, قڕبوون بە دەست هەژارییەوە-, ئەمەش لە رێی دزییەکی رێکخراو و بەشێوەیەکی فراوان, کۆمپانیا و حوکوومەتەکان و دامەزراوە سەربازیی و خزمەتگوزارییە شارستانییەکان بێ لێپێچیینەوە پێی هەڵدەستن.    لە "دزەکانی دەوڵەت" دا, بەڵگەی تۆکمە پیشان دراوە, کە بەسوودییەکەی ئەوەیە, گەندەڵیی توندوتییژ تەنها مایەی داڕمانی کۆمەڵایەتیی نییە و بەس, بەڵکو ئەبێتە پەڕگییریی توندوتییژ. بە "راستییەکی بنەرەتیی" وەسفی ئەکات. بەجۆرێک دەرکەوتووە, لە کاتی هەبوونی حوکمرانییەکی خراپدا - بە دیارییکراویی-, ئیتر هییچ سەروەرییەکی یاسا نامێنێت و هییچ پارێزگارییەکیش لە مافی موڵکداریی بوونی نامێینت – خەڵکییش لە پوختبوونی گیانیی ( صفا‌و الروح) ئەگەڕێـت و, لە ئاکامدا ئەیانخاتە سەر ڕێگەی توندڕەویی. (٨)    بەڵام, توێژەران پێیان وایە (٩): هێشتا ماویەتی, لە جموجووڵی ئاسمانیی پرۆسەی کلیپۆکراسیی تێبگەن, وا پێویست ئەکات سەیری دییوی ناوەوەی ئەمانە بکرێت, کە تاڵانکارییەکان بە شێوەیەکی مەترسییدار تیایاندا ئەنجام دراوە. شتگەلێگی زۆر هەن, کە کلیپتۆکراتەکان و خێزانەکانیان لە میللەت جیادەکاتەوە, هەر لە تەلار و ڤێلا و ئۆتۆمبیلی دەگمەن و گرانبەها و, ئامادەبوونی میهرەجانی رۆشنبیریی نێودەوڵەتیی و, هەستان بە کاری خێرخوازیی, هەڵسووڕاندن و خستنەژێر فەرمانی بەکرێگییراوە رۆژئاواییەکان و پارێزەر و وتەبێژ و کەسانی پلەباڵای دامەزراوەکانیان بۆ سپییکردنەوەی ئابڕوویان. ئەمە وای کردووە, کە دەستەکانی چاودێریی و بڕیاربەدەستەکان, سەرنجیان وەربگێڕن بەلای بوارێکی فراوان لە چالاکی کلیپتۆکراتەکان, کە لە رۆژئاوادا ئەنجامی ئەدەن بە دیارییکراویی. نموونە  لەوانە,  دەبینیت جێگری سەرۆکی غینیای لە بەردەم دادگادا وەستاوە لە فەرەنسا بە تۆمەتی گەندەڵیی, کچی سەرۆکی پێشووی ئۆزبەکستان رووبەرووی لێکۆلینەوەی شۆردنەوەی پارە بووەتەوە لە نیو دەرزەن وڵاتدا, یان سەرۆک وەزیرانی مالیزیا گومانی گوێزانەوە و ئاڵووگۆڕی ٤.٥ ملیار دۆلاری لێ ئەکرێت, لە سندووقی  داهاتی وڵاتەکەیەوە بۆ ئەژماری بانکیی کەسیی خۆی لە چەندیین وڵاتی دەرەوەدا. سەرچاوەکان: 1. J. Sharman, “On kleptocracy”, CAM (Cambridge Alumni Magazine), Issue 86. April    2019. 2. Oliver Bullough, The Rise of Kleptocracy: The Dark Side of Globalization, J. of      Democracy, V.29, No.1, Jan. 2018, Pp.25-38. 3. Ibd 4. S. Chayes,” Thieves of State: Why Corruption Threatens Global Security”, Griffith    University, New York, W. W. Norton & Company, 2015. 5. Giles Foden, “Thieves of State, by Sarah Chayes”, The New york Times, Feb. 20,     2015. 6. H. Breakey, Review of “Thieves of State: Why Corruption Threatens Global     Security”,  Journal of Genocide Studies and Prevention, Oct.2016. 7. A. Mannes”Grand Theft Autocracy ”, Workd on Rock, April, 27, 2015. 8. H. Breakey, Review of “Thieves of State: Why Corruption Threatens Global     Security”,  Journal of Genocide Studies and Prevention, Oct.2016. 9. A. Cooley, J . Heathershaw,  &  J. Sharman, “ The Rise of Kleptocracy: Laundering      Cash, Whitewashing Reputations”, Journal of Democracy, 29 (1), 2018.  * دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژیینەوەی زانستی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستی.


  کاوە محەمەد حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە دیسان لەمووچەی مووچەخۆران کەمکاتەوە، ئەمەش ئاسانترین رێگەیە بۆ حکومەتێک کە هیچ پلان و ئامادەیبەکی تێدا نەبێت بۆ چاکسازی، ئەو غەدرە گەورە و نایاساییە لەفەرمانبەران بکات و جارێکی دیکە بیانکاتەوە قوربانی داپۆشینی گەندەڵی و گەندەڵکارانی و لەو رێگەیەوە تەمەنی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەی خۆی درێژکانەوە. ئەوە راستە بەهۆی شکستی (سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ) و پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، حکومەت ناتوانێ مانگانە (٨٩٠) ملیار دینار بۆ مووچە دابینبکات، بەڵام حکومەتێک ئەگەر یەک زەڕە خەمی خەڵک و مووچەخۆرانی بووایە، لەجیاتی کەمکردنەوە یان دواخستنی مووچەی خەڵک، دەبوو هەڵمەتێکی بەرفراوانی چاکسازیی لەخەرجیە زیاد و بێ ماناکانی دامەزراوە و وەزارەتەکانی خۆیدا بکات و کەرتی نەوت شەفاف و بە دامەزراوەیی بکات، لیستی مووچەخۆران لەدووبارە و بندیوار و ناشایستەکان پاک بکاتەوە، دەزگاکانی چاودێریی بەهێز و کارا بکات، دەستی حزب و کۆمپانیاکانیان لەدزین و تاڵانکردنی بەردەوامی داهاتی هەرێم ببرێت.. ئەوسا دەیتوانی لەپێگەیەکی بەهێزترەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات و بڕی ئەو داهاتانەی لەبەغدا و ناوخۆدا دەستیدەکەوتن، بەزیادەوە بەشی مووچەی مووچەخۆرانی شایستە بکات و دبسان ژیان و قووتی فەرمانبەران نەبێتەوە قوربانی پشتکردنە چاکسازیی و شەفافیەت. ئەمەش بەپرسیارێتی هەموو لایەنە بەشدارەکانی ئەم حکومەتە شکستخواردووەیە و ئیتر لێرە بەدوا هەر هێز و لایەنێک دەبێ بەڕوونی رایبگەیەنێت کە لەبەرەی خەڵک و مووچەخۆرانە یان لەبەرەی دسەڵاتدارە تاڵانچییەکان ؟..لەبەرەی چاکسازیبە یان لەبەرەی گەندەڵکاران ؟.. ئیتر کاتی دەربڕینی هەڵوێستی روون و راشکاوە و هیچ بوارێک بۆ قسەی ژێر لێو و هەڵوێستی شەرمنانە نەماوەتە و رۆژ رۆژی خۆیەکلاکردنەوەیە.. بەپێچەوانەوە خەڵک و مووچەخۆران رەش و سپی، پاک و پیس، چاک و خراپ لەیەکتر جیادەکەنەوە..


  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج   وه‌ك هاوهه‌ڵوێستیه‌ك  بۆ كاك دیاری  ئێ‌ خۆ ئه‌گه‌ر كورد تیرۆریست بوایه‌ ده‌بوو له‌ تۆڵه‌ی قوربانیانی ده‌رسیمدا هه‌زاران توركی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نكه‌ره‌ كوشتبا ، ئه‌گه‌ر تیرۆریست با ده‌بوو له‌ جێی له‌ سێداره‌ دانی ئه‌و هه‌موو كوڕو كچه‌ی له‌ ئێران ده‌كرێن به‌ دارا دوو ئاخوندی كوشتبا ، ئه‌گه‌ر تیرۆریست با له‌ تۆڵه‌ی خوێنی شه‌هاب و هاوڕێكانی كه‌ به‌عس له‌ داری دان ، له‌ تۆڵه‌ی كوشتنی شێخ سه‌عیدی پیران و شێخ عوبه‌یدیلای نه‌هری كه‌ نورك كوشتنی ، له‌ تۆڵه‌ی خوێنی قازی محه‌مه‌د و قاسملو شه‌ره‌فكه‌ندی كه‌ فارس كوشتنی چه‌ار به‌رپرسی عه‌ره‌ب و تورك و فارسی تیرۆر ده‌كرد . ئه‌گه‌ر تیرۆریست بوایه‌ هه‌ڵبه‌ت فڕۆكه‌وانی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ ده‌بوو كه‌ هێرۆشیماو ناكازاكی بۆمباران كرد ، یان ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ كوێر بینانه‌ی ده‌كوشته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌یان كیمیا باران كرد ، كورد تیرۆریست بوایه‌ ئێستا له‌ تۆڵه‌ی تۆمه‌تی تیرۆر تۆڵه‌ی له‌ ده‌زگای هه‌واڵگری سوید ده‌كرده‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی سێ‌ ده‌یه‌یه‌ به‌ تۆمه‌تی كوشتنی ئۆڵف پاڵمێ‌ وه‌ك تیرۆریست سه‌یر ده‌كرێت ، تیرۆریست با له‌ ناو پاریسا تۆڵه‌ی ساكینه‌و هاوڕێكانی ده‌كرده‌وه‌ ، له‌ ناو ئه‌ڵمانیا وه‌ك ته‌هلیلیان به‌رپرسێكی تۆرانی ده‌دایه‌ به‌ر رێژنه‌ی گوله‌ ، كورد تیرۆریست بوایه‌ ئه‌و رۆژه‌ی دیاری به‌ ناچاری خۆی خسته‌ به‌ر ئۆتۆمبیله‌كه‌ی  بۆریس جۆنسن  بۆ ئه‌وه‌ی چاوی كوردی سته‌ملێكراو ببینێ‌ جۆنسنی خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرد ، ئه‌و رۆژه‌ی توره‌مپ پشتی كرده‌ كوڕو كچه‌ ئازاكانی كورد له‌ رۆژئاواو وتی له‌ گه‌ڵمان نه‌بوون له‌ شه‌ڕی نۆرمادی  له‌ ئه‌مه‌ریكا به‌رد بارانی كۆشكی سپی ده‌كردو وێنه‌ی تره‌مپ و ئاڵای ئه‌مه‌ریكای ده‌سوتاند. كورد تیرۆریست بوایه‌ هه‌موو رۆژێ‌ ئه‌و تورك و فارس و عه‌ره‌بانه‌ی ده‌كوشت كه‌ زه‌وی و زاریان داگیر كردووه‌ ، كورد تیرۆریست بوایه‌ نه‌ك له‌ به‌غداو تاران و ئه‌نكه‌ره‌و دیمه‌شق ، له‌ ته‌واوی پایته‌ختی وڵاته‌ گه‌وره‌كانی دنیادا كه‌س نه‌یده‌توانی به‌ ئارامی بنوێ‌ ، ئه‌و كچ و كوڕه‌ ئازایانه‌ی داعشیان تێكشكاند ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ‌ تیرۆریست بن دنیا ده‌كه‌ن به‌ گۆمی خوێن ، كورد هه‌رگیز بیری له‌ تیرۆر نه‌كردوه‌ته‌وه‌ ، بیری له‌وه‌ نه‌كردوه‌ته‌وه‌ رۆژێ‌ له‌ رۆژان به‌ تیرۆر وه‌ڵامی تیرۆر بداته‌وه‌ ، له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مرۆدۆستانه‌ی كوردیدا  كوشتنی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و ژینگه‌ جێی نابێته‌وه‌ ، دیارده‌ی دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی و رق و تۆڵه‌ له‌وانی تره‌وه‌ تێكه‌ڵ كه‌لتوری كوردی بووه‌ ، ئه‌فسانه‌ی كوردی لیپه‌ له‌ داڵده‌ دانی ئه‌وانه‌ش كه‌ دوژمنی بوونه‌و دواتر ناچار بوونه‌ په‌نای بۆبێنن ، وه‌ك ماره‌كه‌ی شێخ هۆمه‌ر ، ئه‌و پیاوه‌ی ماره‌كه‌ گه‌رم ده‌كاته‌وه‌و داڵده‌ی ده‌دات گه‌رچی دواتر ماره‌كه‌ پێوه‌ی ده‌دا . ئه‌و كچانه‌ تیرۆریست نین كه‌ به‌ كڵاشینكۆفێكه‌وه‌ داكۆكی له‌ كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن ، ئه‌و جه‌ندرمه‌و كۆماندۆیانه‌ی تورك تیرۆریستن كه‌ دوای شه‌هید بونیش واز له‌و كچانه‌ ناهێنن و مه‌مكیان ده‌بڕن و چاویان هه‌ڵده‌كۆڵن ، ئۆچئالان تیرۆریست نیه‌ كه‌ 27 ساڵه‌ بانگه‌وازی ئاشتی ده‌كات ، ئه‌ردۆغان تیرۆریسته‌ كه‌ ده‌ست له‌ مناڵ و ژن و به‌ ساڵاچووش ناپارێزێ‌ ، ئه‌گه‌ر كورد تیرۆریست بایه‌ رۆژێك له‌ رۆژان مناڵێكی تورك و فارس و عه‌ره‌بی ده‌كوشت ، شه‌رمه‌زاری و بێشه‌ره‌فیه‌كی گه‌وره‌یه‌ دنیا له‌ پای ئه‌و هه‌موو سته‌مه‌ چاوه‌كانی خۆی توند توند نوقاندووه‌.


هەردی مەهدی کورت و پوخت، ئەو هەوراز و نشێوەی ئەم سێ ڕۆژە ئەدەبیات و ئادابی سیاسیی یەکێتی و دەزگاباڵاکانی یەکێتی بە خۆیەوە دی، زۆر ڕاستی شاراوە و شەڕی دیدگاکانی نێو یەکێتی تەجەللا کرد، یەکێتی و دەزگاکانی دەیانتوانی لەبری لەتکردنی ئیرادەی بڕیار هەنگاوی دیکەی بیرلێکراوەی هەڵگرتایە: ۱. تویتەکەی هاوسەرۆک گەر ڕاستگۆیانە، دەیەویست بیسەلمێنێت بڕیارێکی پۆپۆلیستانە و تەنها دژی قوباد تاڵەبانی نییە، بەڵکو بە بڕواوە دژی بڕیاری بڕینی %۲۱ی مووچەیە، ئەوا دەیتوانی هەم سەری تیمی یەکێتی بەرز ڕابگرێت و هەم پارتی و سەرۆکی حکومەت ئیحراج بکات؛ ئەویش بەوەی نیوەی ئەو بیستویەک لەسەدەی ئەم مانگەی بخستایەتە ئەستۆی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی حزبەکەیی و ئەوسا بیووتایە ئێمە دژی بڕینین و فەرموو پارتی و حکومەت نیوەکەی دیکەی بخەنەسەر، چونکە ئەرگیومێنتی لایەنگرانی بڕین لە کابینەی حکومەت و خودی قوباد تاڵەبانی ئەوەیە کە دووسەد ملیارێک داهاتی هەرێم کورتی هێناوە یان دەبێت نەوەد ڕۆژجارێک مووچە بدرێت یان دەبێت بە کورتهێنانی بیستویەک لەسەدا دابەش بکرێت و چی دیکە مووچە دوانەخرێت، لەمە زیاتر هەیە؟ ئەمە چەسپاندنی وەلا و دڵسۆزی ڕاستەقینەشە بۆ مووچەخۆرانی بێمووچە و مافخوراو. ۲.ڕوونیش بوویەوە دوو دیدگا لە یەکێتیدا لە کاردایە یەکێک دەیەوێت دەزگایی و لە چوارچێوەی ئادابی سیاسەتدا بەرپرسیارێتی خۆی هەڵگرێت، دیدی دووەمیش بارگاوی بەو کولتوورەی ڕابردووی ناوچەی نفوزی خۆی، فرسەتخواز و پۆپۆلیستانە هەم لەسەر سفرەی مەعاویە بێت و هەم لە پشتەسەری عەلیشەوە نوێژ دابەستێت. کە دیارە دیدگای یەکەمیان ساڵانێکە هەم لای پارتی و هەم لای دیدگای دووەم لە نێو یەکێتیدا بەردەوام دەبێتە قوربانی، کە بە زیانی خەڵک و هەم بەزیانی دامەزراوەییکردنی دەزگاکان دەشکێتەوە. ۳. دەرکەوت دەزگای هاوسەرۆکی یەکێتی سەرۆکایەتی نییە و نیوسەرۆکییە، گەرنا چ مانایەک دەبەخشێت هاوسەرۆکێک لەگەڵ تیمی حکومەتی یەکێتیدا بێت و نیوەکەی دیکە ڕەتکەرەوەی هەموو شتێک بە بڕیاری شەش وەزیرەکەشییەوە. لانیکەم با ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسیی و تیمە حکومییەکەی هەردوو هاوسەرۆک لە تویتێکی هاوبەشدا بیانوەشاندایە نەک "نیوسەرۆکیانە". دواجار بەم تویتە دژە مەکتەب سیاسیەی هاوسەرۆک، دەرکەوت "زڕمام" تەنها لە ئایندەی خۆی نیگەرانە و تەنها لەگەڵ "هاوسەرۆکەکەی دیکە" و "مامی بچووک"دا لە ململانێی شاراوەدایە و نەک ململانێ دەرکیە ڕووخسارییەکانی و بگرە ئەوانیشی لە خزمەتی دژبەری ڕکابەرە ناوخۆییەکانێتی، نەک پارتی، چونکە بەم تویتەی سەباحی ساڵحانی ئەمڕۆ دەرکەوت، تەنها مامی بچوک و تیمەکەی لە نێو حکومەت و جەماوەردا ئیحراج کراوە، گەرنا بەم تووشکردنەی یەکێتی بەم دژیەکییەی لێدوانەکان، هەم پارتی و هەم مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی لە لۆمە و تەڵەزگە و توڕەییەکانی مووچەخۆران دەرباز کرد. سیاسەت و سەرۆکایەتی وا نابێت.


دڵشاد عەبدولڕەحمان  لەوکاتەوەی سەرکردەی سەرجەم حزبەکان ،لەسەرتەلەفزیۆن ،لەمیدیانوسراووبیستراوەکانەوە بەئاشکرا باسیان لەوەدەکرد ،کە ھەرحزبەودەبێ بەھێندەی مێژووی خەباتی وژمارەی ئەندامانی لەپەرلەمان ،بەشی لەکێکی دەسەڵاتداھەبێ،ئیتر تۆ گلەیی لەبێ موچەیی وبێ کارەبایی و بێ ئاویی ونەبونی شەقام وخزمەتگوزاری ونەبوونی سیستەمی پێشکەوتوی پەروەردەوخوێندنی باڵاوتەندروستی ،بۆدەکەی؟ئاخر ئەوبەئاشکرادەڵێ من بۆبەشەکێکی خۆم چوومە حکومەت نەک بۆھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ! ھەتاحکومەت بەکێک بچوێندرێ ،ئومێدێکت بەحوکمڕانی دروست نەبێ! حکومەت واتە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بەڕێوەبردنی سەکتەرەجیاجیاکانی حوکمداری وھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بەرانبەر دەنگدەران وسەرجەم ھاوڵاتیان ،نەک دابەشکردنی ئیمتیازوقاشکردنی کێک . ھەر ئەوتێڕوانینە ھەڵەیەشە وای لە زۆربەی دەنگدەرانی حزبەبەشداربوەکان کردوە ھەر لەدەستپێکی کاری کابینەکەوە،ڕەخنەی توند لەحکومەت بگرن چونکە دەنگدەرێکی حزبێک کەدانیشتوی گوندێکی سەرسنورە چاوەڕێیە لەڕێی نوێنەرەکەیەوە ڕێگای گوندەکەی قیربکرێ ،بەڵام کەدەبینێ حزبەکەی بۆوەرگرتنی پشکی حزبەکەی لەودەسەڵاتەی کەلای ئەو کێکە ، شەڕدەکا ،نەک لەسەر پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکەی ،ئیتر لێرەوە بۆڵەبۆڵ وڕەخنەگرتن لەلای دەنگدەران زیاد دەکا ،تادەگاتە ئەوەی زۆر لەلایەنگرانیان داوای کشانەوەی حزبەکانیان دەکەن لەحکومەت ،بەڵام ئەو حزبەی حکومەت بەکێک بزانێ ھەرگیز لێی ناکشێتەوە. .ھەر لێرەوەش جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەین وە وەڵامی ئەوپرسیارە لەمێژینەی خەڵک ومیدیاکارانیش بدەینەوو ،بۆچی تائێستا وەزیر ،یان بەرپرسی باڵای ھەرێم دەستی لەکار نەکێشاوەتەوە؟وەڵامەکە ئاسانە ئەو پۆستانە وەکو ئیمتیاز وقاشی کێک بەشکراون نەک وەک بەرپرسیارێتی وئەرک بە کەسەکان سپئردرابن بۆیە ھەتا ماوەکەی خۆیان تەوائەکەن نەکەس، نەھیچ دەزگایەکیش ،بەپەرلەمانیشەوە ،لەسەر کەم تەرخەمی یان نەشارەزایی یان ھەڵە لەبەڕێوەبردندا ،لێپیچینەوەیان لەگەڵدا ناکا،(بێگومان قسەکە ڕئژەییەوبەڕەھایی نیە )ئیتر بۆ دەست لەکار بکێشێتەوە.کەواتە ھەتا پۆست ئیمتیازبێ ،نەک ئەرک و بەرپرسیارێتی ،ئەوە چاوەڕێی دەست لەکارکێشانەوەی کەس مەبن.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand