Draw Media

لوقمان حەوێز/ تێکساس   بۆچی ووڵاتێک دامەزرێنەر و دانەری بەردی بناغەکەی مرۆڤێکی وەک جۆرج واشنتۆن بووبێت هەرگیز ناڕوخێت..؟ چۆن و بۆچی ئەو ووڵاتە لە ساڵی 1885 تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی بەهێزترین و داهێنەرترین و دەوڵەمەندترین ووڵاتی جیهان بووە؟ نهێنیەکە چیە..؟ ئەی ئەو نائارامیەی ئێستا لەو ووڵاتە هەیە ئەنجامەکەی چی دەبێت؟ لە 4 ی تەمموزی ساڵی 1776 ووڵاتێکی نوێ لەودیوی دونیا و دوور لە هەموو شارستانیەتەکانی جیهان لەدایک بوو، ئەو ووڵاتەی لەسەرەتا بەریتانیەکان بە ووڵاتی قەرەجەکان ناویان دەبرد لە هۆشی هیچ کەسێک دا نەبوو دوای کەمتر لە 150 ساڵ لە دروستبوونی ببێتە سەرداری جیهان... ئەمەریکا، ئەو ووڵاتەی پێ ی دەووترێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و لە 50 ویلایەتی فیدرالی و واشنتۆنی پایتەخت و هەندێ کۆلۆنی تر پێک دێت، خاوەنی بەهێزترین ئابووری و هێزی سەربازیە لە جیهان، سەربازی لەسەر خاکی 177 ووڵات هەیە و هەموو ڕێڕەوە ئاویە بازرگانیەکانی جیهان دەپارێزێت، پێشکەوتووترین ووڵاتە لە بواری تەکنەلۆژیا، ئەو ووڵاتەی خاوەنی زۆربەی هەرە زۆری داهێنانە گرنگەکانە کە ژیانی هەموو مرۆڤەکانی گۆڕی لەوانە: گڵۆپ، کارەبا، تەلەفۆن، فڕۆکە، تەلەفزیۆن، مایکڕۆوێڤ، جلشۆر، تڕافیکلایت، جی پی ئێس، لێزەر، ڕۆبۆت، کۆمپیوتەر، ئینتەرنێت، فەیسبووک، هتد.... لەم نوسینە کورتەدا چیڕۆکی دروستبوونی ئەم ووڵاتە دەگێڕمەوە و هەوڵ دەدەم پەنجە بخەمە سەر نهێنیەکانی بەهێزی و پێشکەوتنی... دامەزرێنەرەکانی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە دواتر ئاماژەیان پێ دەکەم و لەسەرویانەوە "جۆرج واشنتۆن" هەر لە سەرەتاوە بڕیاریان دا لەم ووڵاتە ساوایە گەل حوکمی خۆی بکات و بۆ هەتا هەتایە تاکە حیزب و پاشا و دیکتاتۆر نەتوانێت ووڵاتەکەیان بەڕێوە ببات، ئەو کۆمەڵە کەسە کە ئێستا بە باوکە گەورەکانی ئەمەریکا دەناسرێن دەیانزانی چی لە ئەوروپا و جیهان دەگوزەرێ ویستیان هەڵەکانی ئەوان دووبارە نەکەنەوە، توانیان بناغەی ووڵاتێک دابڕێژن کە دواتر بووە بەهێزترین دیموکراسی لە مێژووی مرۆڤایەتی و جیهان... ئەمەریکا بەرهەمی شۆڕشێکی خوێناوی بوو کە چەند ساڵێکی خایاند لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەم، دوای پتر لە 150 ساڵ لە حوکمی ئینگلیزەکان بەسەر کۆلۆنیەکانی ئەمەریکا لە بەرواری 4 ی تەمموزی 1776 کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و پیاو ماقووڵ و دەرەبەگەکانی ئەو کاتە لە ئەمەریکا کە ژمارەیان 97 کەس بوو کۆبوونەوە، ئێستا مێژووناسەکان ئەو کۆبوونەوەیە بە یەکەم کۆنگرێسی ئەمەریکا دادەنێن، لەو کۆبوونەوەیە "بەیاننامەی سەربەخۆیی" یان بڵاو کردەوە لە دژی حوکمی ئینگلیزەکان، ئەم بەیاننامەیە بە یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامەکان دادەنرێت لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتی، تەنها ئەو چەند ڕستەیەی کە دەڵێت: "هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی لە دایک دەبن"، یان کە دەڵێت: "حوکمی گەل لەلایەن گەل و بۆ گەل" خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی مەزن بوو بۆ ئەو کاتە، ئەمەریکیەکان زوو زانییان کە بەئاسانی و بەخۆڕایی سەربەخۆییان دەست ناکەوێت لە چنگی ئینگلیزەکان کە ئەو کاتە خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازی و دەریاوانی بوون لە جیهان و خۆریش ئاوا نەدەبوو بەسەر کۆلۆنیەکانیان... ئەمەریکیەکان یەکسەر دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی شانەی چەکدارییان دروست کرد و بۆ ماوەی 5 ساڵ شەڕێکی پارتیزانی زۆر خوێناویان کرد لە دژی ئینگلیزەکان، ئەو کۆمەڵە کەسەی واژوویان لەسەر بەیاننامەی سەربەخۆیی ئەمەریکا کرد بڕیاریان دا جۆرج واشنتۆن بکەن بە فەرماندەی سەربازی ئەو شۆڕشە کە جەنەراڵێکی شارەزا بوو، بەهێزی ئینگلیزەکان لەو کاتەدا زۆربەی ئەمەریکیەکانی بێ ئومێد کرد، دوای دوو سێ ساڵ لە بەردەوامبونی شەڕ هەندێکیان داوایان کرد پاشگەز ببنەوە لە هەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشە، بەڵام لە کۆتاییدا توانیان سەرکەون بەسەر ئینگلیزەکان بەهۆی لێهاتوویی جۆرج واشنتۆن و خۆڕاگری چەکدارەکانی و پاڵپشتیکردن و خۆبەخت کردنی زۆرینەی هاووڵاتیە ئەمەریکیەکان لە پێناوی ئەو شۆڕشە، هەروەها فەرەنسیەکان کە ئەو کاتە دوژمنی سەرسەختی ئینگلیزەکان بوون لە ئەوروپا هەندێک پاڵپشتی سەربازیان پێشکەشی ئەمەریکیەکان کرد لە کۆتایی شۆڕشەکە و ئەمەش کاریگەر بوو لە سەرخستنی ئەمەریکیەکان... یەکسەر دوای سەرکەوتنی شۆڕشی سەربازی لە ساڵی 1781 بەهۆی لێهاتوویی و ڕۆلی لە درێژە پێدان و سەرخستنی شۆڕشەکە سەرەتا داوا لە جۆرج واشنتۆن کرا ببێت بە پاشا و حوکمی ئەمەریکا بکات، بەڵام ئەو لە ووتەیەکدا لە بەرانبەر ئەو کۆمەڵە کەسەی کە کردبوویان بە فەرماندە ئەوەی ڕەت کردەوە و ووتی ئێمە بەڵێنمان داوە گەل حوکم بکات و دەبێت لەسەر بەڵێنی خۆمان بین، ووتی دەبێت هەڵبژاردن بکەین و دەستورێک بنوسینەوە و بناغەیەکی پتەو بۆ ووڵاتەکەمان دابنێین بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو شانازی بە ئێمەوە بکەن، ووتارێکی پێشکەش کرد کە زۆربەیانی کردە گریان، وەرچەرخانە گەورەکە لێرەوە ڕوویدا، ئەوە یەکەم جار بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی تاجی پاشایەتی پێشکەشی یەکێک بکرێت و ئەویش ڕەتی بکاتەوە لەبەر بەرژەوەندی میللەتەکەی، لەبەر ئەم هۆکارە هەروەها لەبەر سەرکردایەتی کردنی بۆ شۆڕشەکە لە ئێستادا جۆرج واشنتۆن لەگەڵ چەند کەسێکی تر بە باوکە گەورە و دامەزرێنەرەکانی ئەمەریکا دادەنرێن... لە ساڵی 1787 دەستووری ئەمەریکا نوسرایەوە و هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتەکانیان بە پێ دەستوور بە شێوەیەکی زۆر هاوسەنگ و ڕوون دابەشکرد لە نێوان باڵەکانی دەسەڵات، هەروەها لە نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ویلایەتەکان، سێ باڵەکەی دەسەڵات بریتی بوون لە سەرۆک کە سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بوو، دەسەڵاتی یاسادانانیش خۆی لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران بینیەوە کە هەردووکیان ناویان لێنرا کۆنگرێس، هەروەها دەسەڵاتی دادوەریان دروست کرد کە بەتەواوی سەربەخۆ بوو لە هەردوو دەسەڵاتە سەرەکیەکەی تر و بریتی بوو لە دادگای باڵا و دادگا فیدرالیەکانی تر، بەپێی دەستوور حکومەتی فیدرالیش بەشێک لە سەروەریەکانی ووڵاتی بەخشی بە هەرێمەکان کە لە ویلایەتەکان پێکهاتبوون... لە ساڵی 1789 جۆرج واشنتۆن بۆ چوار ساڵ کرا بە سەرۆک، دوایی پێ داگری کرد کە دەبێت بە هەڵبژاردن بۆ خولی دووەم ببێتەوە سەرۆک، لە 1793 لەلایەن خەڵک هەڵبژێردرایەوە و دوای دوو خولی سەرۆکایەتی کە هەشت ساڵی خایاند خۆی بڕیاریدا خۆی هەڵنەبژێرێتەوە و ووتی دەبێت سەرۆک لە دوو خول زیاتر حوکم نەکات و دەستاو دەستی دەسەڵات بکرێت لە ووڵات، هەروەها لە ووتاری کۆتایی سەرۆکایەتی ووتی من پێشتر لە ژیانم کارم جوتیاری بووە و دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر کاری پێشووتری خۆم، و ئەمەش دەست پێشخەریەکی مێژوویی و بێ وێنە بوو، دواتر ئەمە بوو بە نەریت، لەناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش ئەم خاڵە لە دەستوور جێگیر کرا، جۆرج واشنتۆن دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی گەڕایەوە بۆ کێڵگەکەی خۆی لە شارۆچکەی ماونت ڤێرنۆن لە ویلایەتی ڤیرجینیا بۆ کاری جوتیاری، ئەو دوو ساڵ دوای ئەوە لە ساڵی 1799 بە نەخۆشی هەوکردنی سییەکان کۆچی دوایی کرد، لە دوای مردنیەوە جۆرج واشنتۆن وەکو گرنگترین سەرکردەی ئەمەریکا هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە، پایتەختی ئەمەریکا و یەک ویلایەت و دەیەها شار و شارۆچکە و هەزارەها پارک و شەقام لە سەرانسەری ئەمەریکا ناوی ئەویان لێنراوە... دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە گەورەیە دوای پتر لە سەد ساڵ لە دامەزراندنی بە تەواوی بەرجەستە بوو، دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە گەورەترین پڕۆژەی دروست کردنی ناسنامەیەکی نوێ بۆ مرۆڤەکان لە مێژووی نوێ، بە ووردیش لە کۆتایی سەدەی نۆزدە کاتێک ئەمەریکا دەرگای کۆچ کردنی بەسەر هەموو هاووڵاتیانی جیهان کردەوە بە تایبەتی بۆ ئەوانەی بە دوای ژیانێکی نوێ یان داهێنان دەگەڕێن دوور لە چەوسانەوەی ئایینی و سیاسی بێ گوێ دان بە ڕەچەڵەک یان بیرو باوەڕە ئاینیەکانی ئەو کەسانە... هەر تاکێک کۆچی کردبێت بۆ ئەمەریکا لە هەژارترین یان دەوڵەمەندترین ووڵاتی دونیا، هەڵگری هەر بۆچوونێک یان ئاینێک بووبێت، شێوە و ڕەنگی پێستەی هەر چۆنێک بووبێت بۆتە خاوەنی ئەو ناسنامەیە... ئەی چۆن و بۆچی ئەمەریکا بووە بە بەهێزترین و داهێنەرترین و دەوڵەمەندترین ووڵاتی جیهان؟ نهێنیەکە چیە؟ زۆربەی ئەوانەی کە لەسەرتای ساڵانی هەزار و شەش سەدەکانەوە لە ئەوروپاوە کۆچیان کرد و چوون بۆ ئەمەریکا لەدەست چەوسانەوەی ئایینی و سیاسی ووڵاتەکانیان جێهێشت و بڕیاریان دا ژیانێکی باشتر و ئاسودەتر بۆ خۆیان و نەوەکانیان لەسەر ئەو خاکە نوێیە دابین بکەن و ئازادانە بژیین و کاربکەن، هەر بۆیەش دوای دامەزراندنی ووڵاتەکەیان و بەوردیش لە سەرەتای ساڵانی هەزار و هەشت سەدەکانەوە بڕیاردرا دەرگای کۆچکردن بۆ ئەمەریکا واڵا بکرێت بۆ ئەو مرۆڤانەی بەدوای ژیانێکی ئاسودەتر و باشتردا دەگەڕێن بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی لەدەست چەوسانەوەی سیاسی و ئایینی دەناڵێنن، لەسەرەتای سەدەی بیستەمیشەوە تاوەکو ئێستاش دەرگای کۆچکردن بۆ ئەمەریکا بەتایبەتی لەسەر پشت بووە بۆ زاناکان و بلیمەتەکان هەروەها کەسە بە تواناکان لە بواری هونەر و وەرزش و خاوەن کارەکان و داهێنەرەکان... ئەم شەپۆڵە بەردەوامەی کۆچکردنیش هەر لە زووەوە ئەمەریکای کرد بە موگناتیسێک بۆ ڕاکێشانی بلیمەتەکان و زاناکان و داهێنەرەکان، زۆربەی هەرە زۆری ئەو داهێنان و پێشکەوتنە زانستیانەی هاتنە کایەوە لە ئەمەریکا بەهۆی بوون و کارکردنی ئەو بلیمەت و زانایانە بووە، هەموو ئەو داهێنانە زانستیانەش ڕاستەوخۆ کاردانەوەی ئەرێنی هەبووە لەسەر پیشەسازی و بەرهەمهێنان و بەهێزبوونی ئابووری، هەر بۆیەش ئەمەریکا لەو کاتەوە بووە بە دەوڵەندترین و بەهێزترین و پێشکەوتووترین ووڵات لە جیهان، بێ گومان جگە لەوەش نهێنیەکی تری بەهێزی و پێشکەوتنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ خاڵێکی تریش، ئەویش پێداگری بوو لەسەر پێ بەپێ جێبەجێکردنی ئەو کۆمەڵە شیعارە لە حوکم کردن کە لە سەرەتا زۆر سادە بوون بەڵام دوایی گرنگیەکەی بۆ هەموو جیهان دەرکەوت، ئەوانیش بریتی بوون لە یەکسانی، ئازادی، دادپەروەری و خۆش گوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتیان، ئەمانەش بێ گومان لە پاڵ دەستوری ووڵات مافی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی بیر و باوەڕ و ئازادی هەڵبژاردنی ئایینیان دابین کرد بۆ هاووڵاتیان، هەروەها کارکردن و کۆڵنەدانی هاوڵاتیانیش فاکتەرێکی تری گرنگ بوون لە سەرکەوتن و گەیاندنی ووڵاتەکەیان بەم پلەو پایە... ئەو نائارامیەی ئێستا لە ئەمەریکا هەیە ئەو ووڵاتە بەرەو کوێ دەبات؟ ئەو نائارامیەی ئێستا لە ئارادایە لە ئەمەریکا دەیەها جار لە مێژووی ئەو ووڵاتەدا ڕوویانداوە، هەر جارێک ڕووداوی لەم شێوەیە ڕوویدابێت بۆتە هۆی داڕشتنەوەی سیاسەتە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی باشتر و دەستنیشانکردنی کەم و کوڕیەکان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری، ئەو تاوان و کارە قێزەوەنەی پۆلیسێک ئەنجامیدا بەر لە چەند ڕۆژێک دژی هاووڵاتیەکی ڕەش پێست وەکو هەر تاوانێک تەنیا ئەنجامدەرەکە لێی بەرپرس بووە کە پۆلیسەکەیە و ئەویش دەستگیر کراوە و بە سزای خۆی دەگەیەنرێت، ئەو تاوانانە کارێکی دامەزراوەیی نین یان سیاسەتی حکومەت و دەزگاکانی پۆلیس نین، لێرە ژیانی مرۆڤ بەهادارە، ئێوە بینیوتانە لەم هەموو خۆپیشاندانە گەورانە کە لە هەموو شارە گەورەکانی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت و چەندەها هێرش دەکرێتە سەر پۆلیس بە زبڵ و بوتڵی ئاو و جنێودان هەروەها گەلێک لە کاری توند و تیژیش ئەنجام دەدرێت، بەڵام تا ئێستا پۆلیس و هێزەکانی پاراستنی ئاسایش نەوەک تەنیا یەک فیشەکیان نەتەقاندووە بەڕووی خۆپیشاندەران بەڵکو هیچ هێزێکی جەستەییشیان بەکارنەهێناوە لە دژی ئەوان. لەم ووڵاتە لەسەرتای دروستبوونیەوە کێشەی زۆر زۆر گەورەتر هەبوون بەڵام پێ بەپێ گۆڕانکاری ئەنجامدراوە تاوەکو گەیشتوە بە ئێستا، کۆیلەداری قێزەوەنترین دیاردە بوو لەم ووڵاتە لە سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم، بەڵام لە ساڵی 1861 سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا ئەبراهام لینکۆلن دوای شەڕێکی ناوخۆیی زۆر خوێناوی چوار ساڵە لەگەڵ ویلایەتەکانی باشور توانی کۆتایی بەم دیاردەیە بهێنێت، لە شەستەکانی سەدەی بیستەمیش هێشتا ڕەگەزپەرستی و جیاکاری بە زەقی لە ئەمەریکا مابوو، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی زۆر گەورە و کەوتنەوەی نائارامیەکی زۆر بۆ چەند ساڵیک لە زۆربەی ناوچەکان توانرا لە کۆتاییەکانی شەستەکانی سەدەی بیستەم یاساکانی مافە مەدەنیەکان بۆ هەموو هاوڵاتیان بە یەکسانی تێبپەڕێندرێت لە کۆنگرێس، ئەمانە تەنیا دوو نمونەن، هەموو گۆڕانکاریەکان و بەرەو پێش چوونەکان بەزۆری دوای خۆپیشاندان و تا ڕادەیەکیش کەوتنەوەی نائارامی ڕوویانداوە، بۆیە ئەمجارەش بە دڵنیاییەوە ئەنجامی ئەم خۆپیشاندانانە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک یاسای نوێ دەربکرێن بۆ ئەوەی هێزەکانی پۆلیس و پاراستنی ئاسایش لەژێر هیچ بیانوێکدا نەتوانن هێزی زیاتر لە پێویست لەدژی هاووڵاتیان بەکار بهێنن...  


لەتیف فاتیح فەرەج ئێوه‌ وتتان یه‌كێتیه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی دوێنێ‌ ناچێ‌ ، وتتان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خانووه‌ قوڕه‌كان ، باسی ئه‌وه‌تان كرد كه‌ هاوڵاتی پێویستی به‌ خزمه‌تگوزاری و موچه‌و ژیانی شایسته‌یه‌ ، ئێوه‌ بڕیار بوو دوای 45 ساڵ له‌ مێژوی ئه‌و حزبه‌ی ده‌ڵێن روبارێك خوێنی داوه‌ نوێ‌ بنه‌وه‌ ، له‌ راستیدا ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ زۆر گوێم له‌ نوێ‌ بونه‌وه‌ بوو ، هه‌ندێك له‌ دۆست و هاوڕێ‌ یه‌كێتیه‌كانیشم ده‌یانگوت په‌له‌مان لێمه‌كه‌ بزانه‌ چۆن نوێ‌ ده‌بینه‌وه‌ ، من چاوه‌ڕێی نوێ‌ بوونه‌وه‌ بوم ، نه‌ك ته‌قه‌ هه‌ڤاڵ . له‌ باسی لا مه‌ركه‌زی ئیداری و مالیه‌و بۆ ته‌ققه‌ی ئه‌و پۆلیس و ئاسایشانه‌ی خه‌ڵكیش له‌ پێناوی ئه‌واندا داوای موچه‌و قوت ده‌كات، ئێ‌ ئه‌گه‌ر موچه‌ چاك بێت ، ئه‌وانیش ژیانی خۆیان و مناڵه‌كانیان باشتر ده‌بێت ، ئێ‌ خۆ ئێوه‌ له‌ گه‌ڵ خواست و ویستی خه‌ڵكدا بوون ، ئه‌دی ئه‌و ته‌قانه‌ چی بوو ، هه‌ڤاڵ نوێ‌ بوونه‌وه‌ قسه‌ نیه‌ ، وه‌ك چۆن ته‌ققه‌ش نیه‌ ، نوێ‌ بوونه‌وه‌ گۆڕینی دیدگاو دنیا بینی سیاسیه‌ ، ده‌ستبردنه‌ بۆ خه‌ونی گه‌وره‌ تر ، بوونی پڕۆژه‌و پلان و په‌یامی تازه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ ، كار كردنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ‌ له‌ ئه‌مڕۆ باشتر بێت ، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ فكری سۆسیال دیموكرات كه‌ وه‌ ك سۆفستاییه‌كان مرۆڤ تێیدا سه‌نته‌ره‌، نه‌ك تفه‌نگ، لای سۆسیال دیموكرا ده‌نگی ته‌ققه‌ نایات ، سۆسیال دیموكرات شه‌ڕی دادگه‌ری و یه‌كسانی ده‌كات، نه‌ك شه‌ڕی كۆمپانیاو ته‌لارو ڤێللا ، وتتان نوێبوینه‌وه‌ ، وتمان مه‌كه‌ ئیتر له‌وانی تر ناچن، دۆستانێك وتیان مادام نوێبوونه‌وه‌ با " ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ " ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه‌ ، وتم به‌ خۆشی ، ئه‌وان هاتن و ته‌ققه‌ ده‌ستی پێكرد. هه‌ڤاڵ ئێوه‌ هه‌ردوكتان ئه‌وروپاتان بینیوه‌ ، هه‌ردوكتان خۆپیشاندان و توڕه‌یی خه‌ڵكتان بینیوه‌ بۆ داوای مافه‌كان له‌وێنده‌ر ئێوه‌ ده‌زانن له‌و له‌نده‌نه‌ش له‌به‌رانبه‌ر بچوكترین بێ‌ مافیدا خه‌ڵك ده‌نگ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌نگی ته‌ققه‌ش نایات، مه‌گه‌ر توندو تیژی نه‌خوازراو ڕووبدات، ئه‌وه‌ ئه‌و ته‌ققانه‌ چ بوو ، ئه‌رێ‌ ئه‌وه‌ بۆ دوای ته‌ققه‌كان كه‌سێكتان نه‌هاتنه‌ سه‌ر تیڤیه‌ له‌تیڤیه‌كانی خۆتان و بڵێن ئه‌وانه‌ی ته‌ققه‌یان كردووه‌، سزا ده‌درێن ، ناكرێت ته‌ققه‌ له‌ هاونیشتمانی بكرێت، ناكرێت پێچه‌وانه‌ی نوێ‌ بوونه‌وه‌ هه‌نگاو بنرێت. ئاگادار بن ته‌ققه‌ كردن چۆله‌كه‌و كۆترو له‌قله‌قه‌كانیش ده‌تۆرێنن ، من به‌ نیاز بووم له‌ یادی 45 ساڵی حزبه‌كه‌تاندا به‌ هێوری ره‌خنه‌تان بكه‌م ، له‌ سه‌ر پرسی موچه‌و ، كه‌ركوك ، ماده‌ی 140 ، ئاینده‌ ، خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری و تا دوای ویستم به‌ زمانێك له‌و شێوازه‌ی مام جه‌لال لانی كه‌م له‌ كۆده‌كانی ده‌گه‌یشت " بڵێم هه‌ڤاڵان نوێبوونه‌وه‌ جیاوازیه‌ " ئه‌دی ئه‌گه‌ر جیاوازی به‌دی نه‌كرا ، ئه‌گه‌ر وه‌ك كابرا ده‌ڵێت هه‌مان تاس و حه‌مام بوو ، ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو بچین بۆ ئۆمه‌ر مه‌ندان .


زانا حەسەن بێ دیراسە بێ ئامادەكاری بۆ ژیانی خەڵك، جارێكی دی خەڵك دەخەیتە ژورەوە.. كێ بیر لە كرێ خانوو وكرێ دوكانی كاسبكارێكی هەژار دەكاتەوە؟ كێ خەمی ئەو عەرەبانچیەیەتی  كە تا ئێوارە پێنج هەزاری دەست دەكەوێت ،، بۆ بژێوی منداڵەكانی ؟! كێ دیراسەی ئەو برسیەتیەی كرد كە لە سێ مانگی ڕابردوو تا ئەو ساتانەش لە خۆكوشتن و جیابونەوەو كێشەی كۆمەڵایەتیەكان لێكەوتەكانی بەردەوامن؟ كێ بەرپرسە لە ژیانی باوكێكی كرێكاری دەست قڵیشاوی لەبەر هەتاو سوتاو لەپێناو وئەوژیانە؟ بەڵێ تەندروستی  هاوڵاتیان گرنگە ،، دەكراو دەكرێ  هەڵمەتی گەورەی نیشتیمانی لە تیڤی وسۆشیال مێدیا بكەین، بۆ خود پارێزی وتاك پارێزی بۆمن ئاساییە بە دوكاندارێك بە هەركەس بڵێم،، ئەگەر دەست كێش ودەمامك نەبەستی  شتومەكت لێ ناكرم،، ئاساییە گروپ وتیمی خۆبەخش دروست بكەین ،، بڵێین با قەرەباڵغی دروست نەبێت،،بەڵام ناتوانم بێ دەنگ بم بەرامبەر ئەو فرمێسكانەی هەژارێك لەپێناو بێ نانی بێ ژیانی  دەیڕێژێت وتۆش هیچ پلانێكت نییە.. خوا هەڵناگرێ ئەم حكومەتە لەهەموو شتێك شكستی هێنابێ ،، بەڵام لەداپڵۆسین و هێز خستنە سەرجادە و چاو سوركردنەوە لەدەنگی ئازاد وهەژارێكی بێ دەرەتان..سەد لەسەد سەركەوتوو بوە.. دەبێ لەبیرمان بێ تۆ گریمان تا دە ڕۆژی تریش خەڵكت خستە ژورەوەو دوای ئەوە چی ؟ بەڵام كە برسیەتی بێ ژیانی  وڕەشبینی زۆری بۆ مرۆڤ هێنا نەك لە كۆرۆنا لە گوللەش ناترسێ.. جگەلەوەی هێزەئەمنیەكانیش كوڕی ئەو خەڵكە هەژارەن ناتوانن وناشیكەن دەست لەكەس بوەشێنن.. ئەگەر میللەتان خۆش ئەوێ بڕیارەكانتان دیراسە بكەن، لەبەر مەبنای تەندروستی وهەژاری و بێ دەرەتانی خەڵك نەك لەبەر مەبنای خۆسەپاندن وخۆسەلمێنی....


  ئازاد عوسمان   له‌نێوان توشبون به‌ كۆرۆنا و باوه‌ڕكردن به‌ حكومه‌ت، هاوڵاتی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رچی زیاد له‌ هۆكارێكی هه‌بێت، به‌ڵام كورتكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتی هه‌رچی متمانه‌یه‌ به‌ حكومه‌ت نه‌یماوه‌.   به‌ هه‌مو پێوه‌ره‌كان ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستان شكستی هێناوه‌، گرێی كردوه‌ به‌ گرێكوێره‌ و رێگه‌كه‌یشی گه‌یشتوه‌ته‌ بنبه‌ست. نه‌ ده‌توانێت موچه‌ی موچه‌خۆرانی دابین بكات، نه‌ ئیداره‌ی ئابوریی و بازاڕ بدات، نه‌ به‌دیلیشی پێیه‌ بۆ چاككردنی سێكته‌ر و بواره‌كان. ته‌نانه‌ت هێنده‌ بێده‌سه‌ڵاته‌، كه‌ ناشتوانێت ئه‌و یاسا چاكسازیه‌ی كه‌ خۆی له‌ پشتی بوه‌ و پارله‌مان بۆی واژو كردوه‌، ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی بكات. ئێستاش دۆخه‌كه‌ له‌ هه‌مو كات مه‌ترسیدارتر بوه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ په‌تایه‌كی مه‌ترسیداری وه‌ك كۆرۆنا روی تێكردوین و حكومه‌تیش نازانێت چۆن هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا بكات و خه‌ریكه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت "ئه‌گه‌ر ده‌رنه‌چوبێت!".   كێشه‌ی نه‌زۆكی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ و ده‌ستنه‌شكانی به‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پێشكه‌شكردنی به‌دیل و رێگه‌چاره‌ی نوێ، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م مۆدێله‌ له‌ ده‌سه‌ڵات به‌و هه‌مو ده‌فع و پاڵنانه‌وه‌، هه‌ر تائێره‌ توانی بڕ بكات، ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌یشیه‌وه‌، وه‌ك سوربونه‌ له‌سه‌ر كاركردن به‌و خولخولۆكه‌ ستۆكه‌ی كه‌ سه‌ره‌نجام له‌ هه‌ناوی ئامێره‌كه‌ ده‌خوات.   به‌دیلی ئه‌م دۆخه‌ش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت و پارله‌مان و دروستكردنی حكومه‌تێكی كاتیه‌ له‌ شێوه‌ی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن "رزگاریی نیشتمانی" و داماڵینی له‌م روخساره‌ بێفه‌ڕ و بێبه‌هرانه‌ی كه‌ ئێمه‌یان به‌م دۆخه‌ گه‌یاند. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كار بۆ ده‌رچواندنی یاسایه‌كی نوێی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستنیشانكردنی كۆمیسیۆنێكی بێلایه‌نی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكترین كات دا هه‌ڵبژاردن بكرێت به‌ پێی یاسایه‌كی پێشكه‌وتو كه‌ زامنی به‌شداریی چین و توێژه‌كان بكات و قۆرغكاریی حزبه‌كان كۆتایی پێبێنێت و ده‌رفه‌ت به‌ خه‌ڵكه‌ شاره‌زا و دڵسۆزه‌كان بدات بێنه‌ پێشه‌وه‌ و هه‌رخۆشیان حكومه‌تێك كه‌ گوزارشت له‌ داوا و خواستی خه‌ڵكی بكات، دروست بكه‌ن.   ره‌نگه‌ ئه‌م بۆچونه‌ به‌ جۆرێك له‌ "میسالیه‌ت" لێكبدرێته‌وه‌ و واهه‌ست بكرێت كارێكی زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام پێموایه‌ زه‌حمه‌تتر له‌وه‌، چاوه‌ڕێكردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ ژیانمان باش و نیشتمانمان ئاوا بكات. چاوه‌ڕوانیه‌ك كه‌ سه‌رمان له‌ناو سه‌د به‌ڵا و كێشه‌ و په‌تای تر ده‌رده‌كات!


شێرزاد شێخانی  به‌شی یه‌كه‌م   گومان له‌وه‌دانیه پارتی به‌حوكمی ئه‌وه‌ی له‌كۆی نۆ كابینه‌ی حكومه‌تدا هه‌شتیانی به‌ڕێوه‌بردووه‌ به‌شی شێری له‌هه‌موو شكسته‌كانی ئیداره‌ی هه‌رێمدا ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ . ئه‌مه‌ش هه‌ڵبه‌ت حزبه‌كانی تری به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی سیاسی كوردستاندا له‌شكسته‌كان نابوورێ ، چونكه‌ ئه‌وانیش به‌شێك بوونه‌ له‌ئیداره‌‌كه‌دا.   به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌ بووه‌و هه‌ر خۆیشی خاوه‌ن بڕیارو قائیدی پاپۆڕه‌كه‌ بووه‌ ، بۆیه‌ به‌ئاره‌زووی خۆی لێیخوڕیوه‌ ، كه‌واته‌ زۆربه‌ی شكسته‌كان ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی پارتییه‌وه . لێره‌شدا پارتی بژارده‌ی زۆری له‌به‌رده‌مدا هه‌بووه‌ له‌م بیست ساڵه‌ی حوكمڕانییه‌كه‌یدا . ئه‌یتوانی ئه‌زموونی نوێی كورستان به‌ڕه‌و كه‌نارێكی ئارام ببات و هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بخاته‌ گه‌ر بۆ خۆشگوزه‌رانی میلله‌ته‌كه‌ی و بنیاتنانی ژێرخانێكی ئابووری پته‌و و به‌هێز كه‌ كوردستان ئاوه‌دان بێته‌وه‌ دوای هه‌شتا ساڵ له‌ژێرده‌سته‌یی . ئه‌شیتوانی وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستای لێبكات له‌شكست وماڵوێرانی وروخانی ژێرخانی ئابووری و ناڵاندنی میلله‌ت به‌ده‌ست ده‌یان قه‌یران وگرفتی ژیارییه‌وه‌ . ‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 1993دا پارتی كاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌كرد هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ئیداره‌ی هه‌رێمدا بسه‌پێنێ ، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی حكومه‌تدا ئه‌گه‌رچی باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم كه‌ په‌رله‌مان بوو كه‌وته‌ ده‌ستی ، به‌ڵام به‌وه‌ نه‌وه‌ستا وسیسته‌مه‌ قێزه‌وننه‌كه‌ی ( فیفتی فیفتی ) داهێنا . پارتی ویستی له‌حكومه‌تیشدا ببێته‌ شه‌ریكه‌ به‌ش له‌بڕیار . كاتێك ئه‌م شێوازه‌ حوكمڕانییه‌ش فه‌شه‌لی هێناو بوو به‌هۆكارێك بۆ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ ، پارتی كه‌ چاوی له‌حوكمڕانی ره‌های كوردستان بوو ، به‌ لایه‌وه‌ ئاسایی بوو هانا بۆ سوپاكه‌ی سه‌دام ببات به‌و ئیعتباره‌ی ( الغایه‌ تبرر الوسیله‌ ) و هه‌ولێری پایته‌خت و ته‌نانه‌ت زۆنی سه‌وزیشی له‌سه‌ر سێنییه‌كی زێریندا پێ به‌خشرا ، به‌ڵام دواتر یه‌كێتی توانی بگه‌ڕیته‌وه‌ زۆنه‌كه‌ی خۆی ، به‌مه‌ش واقیعێكی تازه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پێندرا به‌دابه‌شبوونی به‌سه‌ر دوو ئیداره‌دا .ته‌نانه‌ت دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌كه‌ش دیسان پارتی قازانجی كرد و حوكمی راسته‌قینه‌ كه‌وته‌وه‌ ده‌ستی ، ئیدی له‌وساوه‌ پارتی هێدی هێدی كاری له‌سه‌ر چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌حوكمی هه‌ڕیمدا كرد و سه‌ركه‌وتنیشی به‌ده‌ستهێنا . له‌كابینه‌ی پێنجه‌مه‌وه‌ تاكو ئه‌مڕۆ پارتی حزبی قائیدی كوردستانه‌ ، بۆیه‌ هه‌ر شكستێك روویدابێ به‌شی زۆری‌  پارتی لێی به‌رپرسیاره‌ . ئه‌وه‌ش هه‌ڵبه‌ت یه‌كێتی وه‌كو هاوپه‌یمانێكی ستراتیژی پارتی له‌به‌رپرسیاره‌ته‌كه‌ نابوورێ ، به‌ڵام به‌فیعلی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌ ، وهاوبه‌شییه‌كه‌ی یه‌كێتیش ته‌نها به‌رووكه‌ش بووه‌ . پارتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حزبێكه‌ له‌لایه‌ن عه‌شییره‌ت وبنه‌ماڵه‌یه‌كه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ئه‌برێ ، بۆیه‌ سه‌رۆكی عه‌شیره‌ت وگه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌ مه‌رجه‌عی باڵاو ده‌سه‌ڵاتداری ره‌های ناو حزبه‌كه‌یه‌ ، وه‌ك سه‌رۆكی عه‌شییره‌تێك‌ نابێ قسه‌كانی ره‌تبكرێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌حوكمی دیكتاتۆرییانه‌ی به‌سه‌ر حزبه‌كه‌دا فه‌رزكرد ، ئیدی هیچ ده‌رفه‌تێك نه‌ما له‌به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تی و كادیرو ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ به‌شدار بن له‌بڕیاردا ، ئیراده‌ی سه‌رۆك به‌سه‌ر هه‌موو بڕیاره‌كانی حزب سه‌پێنرا ‌، نموونه‌ش له‌مباره‌یه‌وه‌ زۆرن ، هه‌ر له‌بڕیاری ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكی كابینه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ تا بڕیاری ریفراندۆم و دواتریش ئابووری سه‌ربه‌خۆ ورێكه‌وتن له‌گه‌ڵ توركیا ، تا ده‌گاته‌ كاندیدكردنی وه‌زیره‌كانی پارتی له‌به‌غدا ، هیچ گومان له‌وه‌شدا نیه‌ ته‌نانه‌ت ته‌رفیعكردنی مودیر عامێكیش به‌بڕیاری سه‌رۆكی حزبه‌وه‌ ئه‌بێت . ئه‌م شێوازه‌ مه‌ركه‌زییه له‌به‌رێوه‌بردنی پارتیدا ته‌نها له‌حێزبه‌ شموولی و دیكتاتۆره‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا په‌یڕه‌و ئه‌كرا ، به‌تایبه‌تیش ئه‌و‌انه‌ی به‌ سه‌ركوتكردن و داپڵۆسین خۆیان وه‌ك ‌حزبی قائید به‌سه‌ر گه‌له‌كانیانه‌وه‌ ئه‌سه‌پێنن . سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له‌كوردستانی خۆماندا له‌ساڵی شه‌سته‌كانه‌وه‌ ئه‌مجۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ره‌تكرایه‌وه‌و هه‌ولێك له‌ناو خودی پارتییه‌وه‌ درا بۆ گێرانه‌وه‌ی جۆرێك له‌دیموكراسیه‌ت بۆ ناو حزب ، به‌ڵام ئه‌ویش سه‌رینه‌گرت وشكستیپێهێنرا . كاتێك شۆڕشی نوێ سه‌ریهه‌ڵدا به‌ڕابه‌رایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی ، سه‌رانی پارتی زۆر خێرا كه‌وتنه‌ خۆیان بۆ له‌ناوبردنی ، چونكی هه‌رچه‌نده‌ زه‌روره‌تی مێژوویی ئه‌م شۆڕشه‌ی به‌رپاكرد ، به‌ڵام سه‌رانی پارتی ترسی زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی و له‌ده‌ستدانی نفووزی خۆیان ، بۆیه‌ خێرا كه‌وتنه‌ دژایه‌تی یه‌كێتی  ئه‌وه‌بوو قیاده‌ موه‌قه‌ته‌یان دروستكردو ، به‌ر له‌هه‌ر شه‌ڕێك له‌گه‌ڵ رژێمی سه‌دامدا كه‌ خه‌ریكی خاپووركردنی كوردستان بوو ، كه‌وتنه‌ گیانی تێكۆشه‌رانی یه‌كێتییه‌وه‌ و قه‌سابخه‌نه‌كه‌ی هه‌كاری روویدا ، دواتریش كه‌وتنه‌ شه‌ڕێكی خوێناوی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا له‌گشت ناوچه‌كانی كوردستاندا . ته‌نانه‌ت هانابردن بۆ دوژمنانی دێرینی كورد وه‌كو رژێمی ئاخوندی ئێران و رژێمی فاشیستی توركیا ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌پێناو سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان بووه‌ له‌هه‌رێم و دوژمنایه‌تیكردنی حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی كوردستان له‌سه‌رووشیانه‌وه‌ یه‌كێتی و دوای ئه‌ویش په‌كه‌كه‌ كه‌ ئه‌وانیش‌ جۆرێك هه‌ره‌شه‌ بوون‌ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان له‌ناوچه‌كانی‌ بادینان . هه‌ر له‌سه‌ره‌تای یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌كه‌ی هه‌رێم له‌ساڵی 2005دا هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش ، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی‌ دامه‌زراندنی هێزێكی نیشتمانی موئه‌سه‌ساتی كه‌ بتوانێ به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كگرتووانه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێم بپارێزێ و دوور بێ له‌ هه‌‌ژموونی حیزبه‌كان ، به‌ڵام پارتی دیسان‌ رێگربوو له‌به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌ ، له‌بری ئه‌و هێزه‌ش چه‌ندین له‌شكرو هێزی تایبه‌تی حیزبی  دامه‌زراند وه‌كو زێره‌ڤانی و لیوای تایبه‌ت و له‌شكری یه‌ك كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موویان له‌سه‌رووی هێزه‌كانی حكومه‌تیشدا بوون به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ . به‌مه‌ش هه‌وڵی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان بووه‌ خه‌ونێكی به‌دینه‌هاتوو . هه‌ر له‌بواری به‌ڕێوه‌بردنیشدا ، پارتی به‌درێژایی ده‌ستگرتنی به‌ كابینه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ ، هه‌میشه‌ حكومه‌تی به‌گه‌وره‌تر زانیوه‌ له‌په‌رله‌مان ، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا په‌رله‌مان به‌پێی یاساو هه‌موو عورفه‌كانه‌وه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاته‌ له‌هه‌موو سیسته‌مێكی حوكمڕانیدا ، به‌ڵام پارتی هه‌م توانی بۆ دوو ساڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌پایته‌خت ده‌ربكاو ، هه‌م توانیشی ده‌رگای په‌رله‌مان دابخات ، ئێستا ته‌نانه‌ت ده‌ست بۆ دادگاییكردنی ئه‌ندامانیشی ئه‌بات ، كه‌ ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆرییانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌سه‌ر په‌رله‌مان و ئه‌ندامه‌كانی .ئه‌مه‌ جگه له‌شاردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان و رێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئیقیلیمی ، تا شاردنه‌وه‌ی داهاته‌كانی هه‌رێمیش . له‌هه‌مووشی خراپتر ئه‌و هه‌وڵانه‌ی پارتی بوون له‌سه‌ر ئاستی ئیداره‌دا كاتێك له‌سه‌رده‌می كابینه‌كانی نێچیرڤاندا سه‌دان هه‌زار بندیوارو خانه‌نشینی نایاسایی كرانه‌ مووچه‌خۆر هه‌ر ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ڵبژارندنه‌كاندا ده‌نگیان بۆ بده‌ن ، به‌مه‌ش رێگه‌یان كرده‌وه‌ بۆ حزبه‌كانی تریش بێنه‌ ناو پرۆسه‌كه‌وه‌ ئه‌وانیش بایی خۆیان هه‌زاران كه‌سیان به ‌ناشه‌رعی دامه‌زراند . بایه‌خنه‌دان به‌ كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنی ئابووری به‌تایبه‌تیش كه‌رتی كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار و پییشه‌سازی و ئیفیلیج كردنیان به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌یان كارگه‌ی به‌رهه‌مێنه‌ری وه‌كو كارگه‌ی جگه‌ره‌ و ته‌علیب و مه‌رمه‌رو ده‌واجن ونه‌سیج وشه‌كر ، و پشتبه‌سین به‌تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی نه‌وت ، رێگه‌دان به‌ كه‌رتی تایبه‌ت وكۆمپانیا حزبیه‌كان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌م سێكته‌رانه‌ . له‌سه‌رووی هه‌موو هه‌ڵه‌كانیشه‌وه‌ دژایه‌تی پارتی بوو بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراسی مه‌ده‌نی و به‌رته‌سككردنی ئازادییه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی پارتی بوو ، چونكه‌ میلله‌تی كورد ده‌یان ساڵ له‌پێناو ئازادیدا خه‌باتی كردووه‌ ، كه‌چی له‌ژێر سایه‌ی حوكمڕانی كورده‌وه‌ زۆر خراپتر له‌رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌ شۆفینیه‌كانی پێشتر له‌ئازادییه‌كانی بێبه‌شكرا . كوشتنی رۆشنبێرو نوسه‌رو رۆژنامه‌ونوسان له‌سه‌ر ره‌خنه‌ له‌ده‌سه‌ڵات له‌ژێر سایه‌ی حوكمی پارتیدا بوو به‌دیارده‌ ، ده‌مكوتكردنی میلله‌ت بوو به‌سیاسه‌تی رۆژانه‌ ، دامه‌زراندنی ده‌یان حزبی كارتۆنی و رێكخراوی به‌ناو مه‌ده‌نی سه‌ر به‌ حزبی ده‌سه‌ڵات ، تێكدانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبه‌ ره‌سه‌نه‌كانی كوردایه‌تی و دژایه‌تیكردنیان ، ئه‌مانه‌  به‌گشتی هه‌ڵه‌ی زۆر گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی بوون و رێگربوون له‌ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراسی ته‌ندروست كه‌ له‌نه‌تیجه‌دا هه‌ر له‌خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا ده‌بوو ، به‌ڵام پارتی ته‌نها ده‌سه‌لات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خۆی به‌لاوه‌ گرنگتر بووه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌كه‌ی بۆیه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانی .. ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین كه‌ ریفراندۆمه‌ فاشیله‌كه‌ی پارتی كه‌ به‌سووربوونی مه‌سعود‌ بارزانی ئه‌نجامدرا ، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی پارتی بوو كه‌ ده‌رهاوێشته‌كانی زۆر كوشنده‌ بوون به‌سه‌ر كوردو به‌تایبه‌تیش بۆ پارتی كه‌ پێموایه‌ موغامه‌ره‌یه‌كی هاوشێوه‌ی داگییركردنی كوه‌یت بوو له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌و موغامه‌ره‌یه‌ش بوو له‌كۆتاییدا سه‌ری خوارد  ..  


  محەمەد عەلی ئەوەی ئێستا بەشێك لە سەركردە گەنجەكانی ھەندێك لە حیزبەكان خەریكە ئەنجامی دەدەن، ھەمان ھەوڵ و سیناریۆكانی باڵی مەكتەبی سیاسیی دوای ساڵی (١٩٦٤)ـە، سەركردە جیابووەوەكانی ئەوكات ھەموو جۆرێك لە فشاری سیاسی و سەربازییان بەرامبەر بارزانیی باوك بەكار ھێنا، بەڵام نەیانتوانی ھیچ شتێك بەدەست بێنن، دواتر گەڕانەوە ڕیزەكانی پارتی و لای بارزانی. یەكێك لە ھەوڵەكان بۆ لاوازكردنی پارتی، چوونەپاڵ حكوومەتی عێراقی بوو، لە كاتێكدا لە ڕابردوو و ئێستاشدا تاقی كراوەتەوە و ھەموو كات شكستی ھێناوە، لە دوای جیابوونەوەی ساڵی  ١٩٦٤ھەموو شتێك لەگەڵ عێراق بەرامبەر پارتی ئەنجام درا، بەڵام لە كۆتاییدا حكوومەتی عێراق ڕێككەوتننامەی ١١ی ئادری ساڵی ١٩٧٠ی لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی واژۆ كرد، لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھەموو شتێك ڕادەستی بەغدا كرا، بەڵام لە كۆتاییدا دووبارە بەغدا مامەڵەی لەگەڵ ھەولێر كرد، ئەو ھەوڵانەی ئێستاش بە ھاوكاری و ھەماھەنگیی ھەندێك لایەن هەن بە جیاكردنەوەی سلێمانی و ڕاستەوخۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، ھەمان چارەنووسی دەبێت، لەبەر ئەوەی ھەمووان دەزانن پارتی و بارزانی نوێنەری راستەقینەی ھەرێمن. ھەوڵەكانی بەتەنیا ھێشتنەوەی پارتیش چارەنووسی باشتر نەبوو، لە شاخ بەرەی جوقد و لە شاریش ھێرشە سەربازییە ھاوبەشەكان  بۆ گەمارۆدان و لاوازكردنی پارتی و دواتر كودەتای ٢٣ی حوزەیران، ھەمووان شكستیان ھێنا، لە ئێستاشدا لە دوای كۆبوونەوەی ٧ی ئایاری ئەمساڵەوە، ھەوڵ دەدرێت ھەمان سیناریۆ دووبارە بكرێتەوە، لە ئێستاشەوە دەرئەنجامەكەی ڕوونە، بەو ھۆكارەی ھەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە ئامانجی ئەم جۆرە ھەوڵانە تێدەگەن و نابنە بەشێك لەم سیناریۆیە، ھەوڵە شكستخواردووەكان بۆ كۆدەنگی لەسەر تێكدانی بارودۆخی ئەمنی و دروستكردنی پشێوی لە بێدەنگیی مامۆستا (سەڵاحەدین بەھائەدین) ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی دەھۆك و وتەكانی (ھێمن شێخانی) باژێڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەولێر، دووپاتی ئەم راستییە دەكاتەوە. لە لایەكی دیكەشەوە، ھێنانەپێشەوەی پرسی لامەركەزیەت و دووئیدارەیی، جگە لەوەی مەبەست لێی ئاستەنگ خستنە بەردەم بەدیھێنانی كوردستانێكی بەھێزە، كە دروشمی سەرەكیی كابینەكەی سەرۆكوەزیران (مەسروور بارزانییە) ھاوكات لە ڕابردوودا تاقی كراوەتەوە و ھەمووان دەزانن چۆن بوو، ئیدارەیەك، كە كەس نەیزانیوە كێ سەرۆكی حكوومەت و كامە  پارێزگار و حاكمی شار بووە، بەپێی لێدوانی سەرۆكی لێژنەی بە ناو لامەركەزیەت، داھاتی ھیچ یەكەیەكی ئیداری دیار نییە و ئەوەشیان دووپات كردۆتەوە كە بەو داھاتە ناتوانن مووچەی فەرمانبەران دابین بكەن، كە وا بێ ئەم ھەوڵەشیان ھەر لە سەرەتاوە بە مردوویی لە دایك بووە. پەرەپێدانی ئیرھابی فكری و مامەڵەی پیلانگێڕانە، ھەمووی بە شێوەی كاتی بوونی ھەبووە چ لە شاخ و  ھەمیش لە شار، بەڵام ھەمیشە راستییەكان بە ماوەیەكی كورت ڕوون بوونەتەوە، لەلایەكی ترەوە خەرجكردنی پارە و وزەیەكی مرۆیی زۆر  بۆ پەرەپێدانی ئەم شێوازە لە مامەڵە لەگەڵ پارتی، ئەگەر بۆ خزمەتكردنی شار و دەڤەرەكە بەكار بھاتایە، ئێستا بارودۆخەكە زۆر جیاواز دەبوو، لە لایەكی ترەوە ئەو ھەموو پیلانگێڕیانەی بە درێژایی مێژوو بۆ لاوازكردنی پارتی و بارزانی ھەیانبووە، ئەگەر نیو ئەوەندەش پلانیان ھەبووایە بۆ چاككردنی وڵات، ڕەوشی كوردستان لە ھەموو ڕوویەكەوە زۆر لە ئێستا باشتر دەبوو،  دەرئەنجامەكەش ڕوونە، پارتی حیزبی یەكەم و بێڕكابەرە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیشدا.  لە كۆتاییدا پێویستە ھەموو لایەك بگەڕێنەوە بۆ لێكتێگەیشتن و دیالۆگ، لەبەر ئەوەی تاكە ڕێگەیە بتوانن بگەن بە ئامانجی ھاوبەش، ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی، پاش ململانێیەكی زۆر ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەوانەی لە خەمی میللەت و گەشەسەندنی وڵاتن، لەبری پیلاندانان، پێویستیان بە پلانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان.  


د. شێركۆ حەمەئەمین دەسەڵات،لەهەمو دنیا،لەدابینکردنی ژیان و سەلامەتی و تەندروستی و کۆی خزمەتگوزارییەکان بەرپرسە،بەپێچەوانەوە نوخبەی حوکمڕانی شکستخواردوی کوردستان،نەک هەرئەمە ناکەن،بەڵکو دەیانەوێت،شکستەکانیشیان بخەنە ئەستۆی خەڵکی،بەنمونە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،بەم بەڵگانە،لەئەستۆی حکومەتە: ۱_ ئەوە حکومەت بو،رۆژی ٤/۲۹ سەرکەوتنی ڕاگەیاندوتەقەی خۆشی،لەدهۆک بۆکرا. ۲_هەرحکومەت بو،دەیوت ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زۆر سەرسامی ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمە و براگەورەش،بەقەولی خۆیان ئەرکی کێشاوبەتەلەفۆن،لەگەڵ پزیشک و بەرپرسان قسەی کرد. ۳_ هەرلەبنەڕەتەوە،بەهۆی درۆی بەردەوامی دەسەڵات و بێ باکیان،لەژیانی خەڵکی،خەڵک هیچ متمانەی بەدەسەڵات نەماوە،تەنانەت،لەبابەتی کۆرۆناشدا،کەبابەتێکی تەندروستی وزانستیە،ئەمەجگە،لەخراپی سیستمی تەندروستی. ٤_ حکومەت تەنیاقسە دەکات،بەبێ ئەوەی ژیانی خەڵک و کاسبکاروکرێکارانی دابین کردبێت،تەنانەت بەپێی قسەی خۆشیان تەواوی ئەوپارەشی خرابونە سەر ژمارە حسابی حکومەت هەموی،لەبەرژەوەندی خەڵک و کۆرۆنا بەکارنەهاتوە،کەنزیکەی ۲٥ملیاردیناربوە. لەدۆخێکی وادا،کاتێک خەڵک کەرەنتینە دەکەیت،پێویستە ژیانی،بۆدابین بکەیت و دڵنیایی دەرونی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بدەیتێ،نەک هەر قسەی،بۆبکەیت،لەوڵاتان یەکەم قسەی حکومەت دەڵێت: خەمی موچەو ژیانتان نەبێ،لێرە دەڵێن: قەرزارین،پارەمان نیە،موچەکەم دەکەینەوە. ٥_هاتوچۆی بازرگانی بەرپرسان و قاچاخ و خاڵەسنورییەکان بەردەوام بون،بەپێی قسەی بازاڕ ئێستا دەڵاڵیان هەیەو،لەگەڵت ڕێک دەکەوێت و بارت،بەبێ گومرگ،بۆدێنن،وەک دەڵێن سەردەمی بەرەی کوردستانی،لەئێستا باشتربوە،واتە دەسەڵات ئەوەشی راست نەبو،کەوتی:داهات دەکەینە قوربانی ژیانی خەڵکی،بەپێچەوانەوەبو! ٦_جیاوازی،لەنێوان کەرەنتینەی بەرپرسانی دەستڕۆیشتو وحاشیەکانیان لەگەڵ هاوتیشتمانیان هەیەو وەک یەک و لەهەمو بوارەکاندا یاسا،بەیەکسانی  جێ بەجێ ناکرێت. ۷_ هەموجیهان،چونکە حکومەت ڕاستگۆبوەو ڕێکاروسیستمی زانستی خۆپارێزی هەبوە،ئێستا بەهەنگاو ژیان دەست پێ دەکەنەوە،کەچی ئەمان تازە،بۆخاڵی سەرەتا دەگەڕێنەوە. لەگەڵ بروای تەواوم،بەخۆپارێزی و هۆشیاری تەندروستی لای هاونیشتمانیان،کەبەتەواوی لەبەرژەوەندی خۆیانە،بەڵام حکومەت،لەژیان و سەلامەتی خەڵک بەرپرسەو بەچەندبەهانەیەکی نالۆژیکی ناتوانێت خۆی،لەبەرپرسیارێتی بدزێتەوەوئۆباڵی کۆرۆنا بخاتە ئەتستۆی خەڵکی،هاوکات ناکۆکی،لەنێوان خەڵک و ستافی تەندروستی دروست بکەن،گوایە خەڵک ڕێزی ماندوبونیان ناگرێت،کەوانیە،ئەوەدەسەڵاتە،کەخۆی هیچ متمانەیەکی نەماوەوتەواونابوت بوە،چونکەلەسەر درۆ بنیات نراوە. پێویستە،لەتەک کەرەنتینەوقەدەغەی هاتوچۆ ژیان و سەلامەتی خەڵک دابین بکەن و ئارامی دەرونی و دڵنیایی،لای خەڵک دروست بکەن،نەک هەربەیان دەرکەن و هەڕەشەبکەن.  


ئارام سەعید دەگێڕنەوە رۆژێک ونستن چەرچڵ بە گۆڕستانێکدا دەڕوات و دەبینێت گۆڕێک لێی نوسراوە "لێرەدا پیاوێکی راستگۆ، سیاسیەکی سەرکەوتوو نێژراوە" چەرچڵ بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت" یەکەم جارمە لە ژیانمدا ببینم دوو کەس لەیەک گۆڕدا نێژرابن" کە دیارە مەبەستی ئەوەیە ئەگەر سیاسی بێت نابێت راستگۆ بێت. ئەوکاتەی منداڵ بوین هەمومان پێمان دەگوترا درۆ خراپە، شورەییە، بۆیە وەک کرداریکی خراپ سەیرمان دەکرد، بەڵام گەورەکان مافی ئەو درۆکردنەیان هەبوو، بەهەمان شێوە سەرۆک بۆی هەیە درۆ بکات بۆ خوار خۆی بەس نابێت ئەوانیتر درۆ لەگەڵ سەرۆک بکەن، ئەگەر هاتوو درۆیان لەگەڵ سەرۆک کرد ئەوا بە خائین لەقەلەم دەدرێن، بەڵام سەرکردەو سەرۆک درۆ لەگەڵ لایەنگرانیان دەکەن، بەڵێنی درۆ بە جەماوەر دەدەن، بەڵام بۆچی بڕوا بە درۆکانیان دەکەین؟ ئەوکاتەی گوتاری سیاسیەک بلاودەکرێتەوە، یان پەخش دەکرێت مرۆڤ بۆئەوەی بڕیاڕ بدات لەسەر باشیی و خراپی گوتارەکە بڕیکی زۆر پشت دەبەستێت بە هەست و سۆز، ئەو پاساوەی دەیهێننەوە بۆئەوەی بڕیار بدەن لەسەر گوتارەکە رەنگدانەوەی هەست و سۆزی کەسەکان خۆیانە کە وادەکات بڕیاڕ بدەین ئەو سیاسیە راستگۆیە یان درۆزن، هەربۆیە زۆرکات تام و چێژ دەبینین لە درۆی سیاسیەکان و بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین بڕوامان بەو درۆیانە کردوە. هەر بۆیە ئەوانیش لە گوتارەکانیاندا پشت دەبەستن بە وروژاندنی سۆزی جەماوەر و دروستکردنی جیهانێکی خەیاڵیی، لەمبارەیەوە بیریارە گەورەکان کە نوسینی گرنگیان لەسەر درۆی سیاسیەکان هەیە ( کۆبری، هانا ئارنێت، دێریدا)پێیان وایە کرداری سیاسەتکردن لەمڕۆدا پەیوەست نیە بە عەقڵەوە، یان حەقیقەت، بەڵکو پەیوەستە بەو بۆچونانەی لەسەر خەیال بونیاد نراون، هەربۆیە سیاسەتکردن زۆرترین درۆی تیا دەکرێت. جۆرج ئۆروێل رۆماننوس دەڵێت" زمانی سیاسەت وا دیزاین کراوە کە درۆ واڵێبکات وەک حەقیقەت دیاربێت و کوشتن وەک شتێکی بەڕێز نیشان بدات" گەر سەرنج بدەین یەکێک لە پێناسە گرنگەکان کە زۆر دوبارە دەبێتەوە لە سیاسەتدا ئەوەیە کە دەڵێن"سیاسەت هونەری مومکینە" ئەو کاتەی ئەو پێناسەیە هاتە کایەوە ئەوگومانە زیاتر بوو کە دەکرێت ئەو هونەرە درۆکردن بێت، واتە هونەرێک بەکاردەهێنیت بۆئەوەی شتیک بەدەست بێنیت ئیتر دەردەکەوێت ئەو هونەرە دەکرێت ئامانجێکی خەیاڵیی بێت کە ڕاست و عەقڵانی نیە.. درۆکردن تەنها بۆئەوانە نیە لە حوکمدان بەڵکو لە سەردەمی بەرگری و ئۆپۆزیسیۆنیشدا بەهەمان شیوەیە. لەخەباتی کوردایەتیدا بۆ بەرگری لە نیشتمان دژی داگیرکەر زۆر شەرعیەت بە درۆ دراوە، ئەویش لەپێناوی مەبەستی پیرۆزدا کراوە، یان دەیانگوت نابێت لەگەڵ دوژمن راستگۆ بین، رەنگە زۆر مرۆڤی پاک و بێگەردیش لەئەنجامی ئەو درۆیانە بوبێتنە قوربانی، چونکە گەل لەسەر ئەو درۆیانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکات کە لە پێناوی نیشتماندا بوە. جگە لەوەی خۆیان بەخاوەنی حەق دەزانی و پێیان وابوو ئامانجی باڵایان هەیە کەئەویش رزگارکردنی گەل ونیشتمانە لە داگیرکەر. ئێستاش بەهەمان شیوە لەپاڵ درۆکانی سیاسیی دەسەڵاتدا ئۆپۆزیسیۆنیش بەهەمان شێوە بۆ ئەوەی بگەن بەو دەسەڵاتە هەستی خەڵک بوروژێنن و زۆرترین دەنگ کۆبکەنەوە بەهەمان رێسای کوردایەتی شەرعیەت دەدەن بە درۆکردن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان و سەرکەوتن بەسەر دوژمندا،بۆ ئەوەی جەماوەر بروا بکات دەبێت دەستکاری واقیع و دەستکەوتەکان بکەن، تەنها جیاوازی درۆی هەردولا ئەوەیە درۆ بەتامی ئۆپۆزیسیۆن جیاوازە لە درۆ بە تامی دەسەڵات چونکە ئەو بەڵێنانەی لەکاتی ئۆپۆزیسیۆن بوندا دەیدەن ناتوانن لە دەسەڵاتدا جێبەجێی بکەن، بۆیە گوتارەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت کەدەچنە دەسەڵاتەوە. ئەبراهام لنکۆڵن دەڵیت" ئەتوانی هەموان بۆ کاتێک هەڵخەڵەتێنیت، یان کۆمەڵێک خەڵک بۆ هەموو کات هەڵخەڵەتێنێت، بەڵام ناتوانی هەموو خەڵک بۆ هەموو کات هەڵخەڵەتێنیت" هەربۆیە درۆکردن ناتوانێت تا سەر بەردەوام بێت و هەموان هەڵخەڵەتێنێت.


مەلا بەختیار ماركس، وتەیەكی نایابی هەیە دەڵێ‌: جاری وا هەیە، روداوی بیست ساڵ لە یەك رۆژدا دەتەقێتەوە. جاری واش هەیە، لە یەك رۆژدا، روداوی بیست ساڵ دەتەقێتەوە. ئەو وتەیە، ئێستا لە ئەمریكادا بەرجەستە بووە. لە (25/5/2020)دا پۆلیسێك، رقی هەڵدەستێ‌‌و ئەژنۆی لە ملی (جۆرج فلۆید) پیاوێكی رەشپێستی بێگوناح گیر دەكات‌و دوای (8) دەقیقە، دوا هەناسەی پێ دەدا. ئەم پۆلیسە، كە یەكێكە لە سەدان هەزار پۆلیسی ئەمریكا، بێئاگا بووە لەوەی هەر دەقیقەیەكی هەناسەلێبڕینی ئەو پیاوە، بەهاكەی هەژاندنی گەلانی ئەمریكایە، دژی حكومەتەكەی. هەشت دەقیقە.. لە یەك رۆژدا، دەریخست كە گەلانی ئەمریكا، هەناویان لێوڕێژی زوخاوەو سێ‌ مانگی كۆرۆناش، ئەو زوخاوەی جۆش جۆش داوە، تەنها ئەو هەشت دەقیقەیەی دەویست، كە ئەمریكایەكان قینی پیرۆزیان بتەقێننەوە. هەشت دەقیقە، بۆ ئەمریكاو بۆ ژیان‌و بۆ دونیای جەنجاڵی سیاسەت، هیچ نییە. بەڵكو هەشتا ساڵیش بۆ مێژوو هەناسەیەكی كورتە. بەڵام، كاتێك روداوەكان، لە كورەی هەناوی رای گشتیدا جۆشی دەرونی دەخۆن‌و بۆ دەرەتانێك دەگەڕێن چەشنی گڕكان بتەقنەوە، نەك هەشت، بەڵكو دەقیقەیەكیش بەسە، گەلان دژی دەسەڵاتەكان راپەڕن!! كات، هەموو كاتێك، بە یەك پێوەر ناپێورێ. بەڵكو هەروەكو تیۆری رێژەیی پێویستە سەیری كات بكرێ‌. راستە كات هەر كاتە. بەڵام لە تیۆری رێژەییدا، زەمان‌و زەمینە، كات‌و جوڵە، كات دەگۆڕن، بۆ نموونە: مرۆڤ، دەقیقەیەك لەناو ئاگردا بێ‌، كاتەكەی لێ ناڕوات. بەڵام لە سەر كانیاوێكی سازگاری سێبەرداردا دانیشێ‌،  كاتژمێرێكیشی لێ بڕوات، ئاگای لەخۆی نییە. ئەم تیۆرە رێژەییە، لە دونیای سیاسەتیشدا دروستە. كاتێك كێشەی ئابوری، سیاسی، كۆمەڵایەتی‌و سایكۆلۆژی، لە هەناوی رای گشتیدا، پەنگی نادادپەروەری دەخوات‌و مەترسیەكی گەردونی وەكو كۆرۆناش، فشاری فیزیكی رۆدەچێنێ‌، دۆخی زلهێزێكی وەكو ئەمریكاش، لە هەشت دەقیقەدا دەهەژێنێ‌. ئەمریكا، دوو سەدە و نیوە سەربەخۆیە. (230) ساڵە دەستوری هەمیشەیی هەیە. چوار ساڵ تێناپەڕێنێ‌ هەڵبژاردن نەكات. لە هەڵبژاردنیشدا، گزی ناكرێ‌. یاسا سەروەرە. زلهێزە. یەكێكە لە زەنگینترین‌و رەنگینترین وڵاتانی سەر ئەرز. لە دەیان وڵاتدا، بنكەی سەربازی هەیە. بە چەكی ئەتۆمی دەتوانێ‌ سەر ئەرز بكاتە مەرگەسات. دیموكراسی‌و ئازادی لەوپەڕیدایە. ژێرخانی ئەوەندە تۆكمەیە، لە سێ‌ مانگی كۆرۆنادا، دەیان ترلیۆن دۆلاریان سەرف كردووە، پێیانەوە دیار نییە. كەچی ئەم وڵاتە زلهێزە، پۆلیسێكی هەڵە دەكات‌و هاوڵاتیەك دەكوژێ‌.. دەهەژێ‌. ئەم هەشت دەقیقەیە، سەعاتێكی بیست ساڵەكەی ماركس بووە. ئەگەر ئەو روداوە، بە وڵاتانی لەمەڕ كوردستان بەراورد بكرێ‌، هەقوایە، هێزە سیاسیەكان‌و حكومەتی كوردستان، واقیان لە دۆخی ناوخۆ وڕ بمێنێ‌. كوردستان.. هێشتا هەرێمێكی فیدراڵە. بە بودجەی عێراق بەڕێوەدەچێ‌. یەك دۆلار پاشەكەوتی نییە. كیلۆیەك ئاڵتونی پارسەنگی دراویشی نییە. دەستوری نەنوسیوە. یاسا سەراپا سەروەر نییە. حكومەت قەرزاری پاشەكەوتی چەندین مانگی موچەخۆرانە. گەندەڵی بۆگەنی بەرزبۆتەوە. هێزو دەستەی گەندەڵپارێزی تەراتێن دەكەن. هەلپەرستان فەیسبوكیان گەرم‌وگوڕە! هەژاران هەژارتر بون. بێمتمانەیی قوڵتر بۆتەوە. لایەنی كەمی راستگۆیەتی لەناو لایەنە سیاسیەكاندا نەماوە. ماستاوچیەكان قەزوانیان لە بازاڕ نەهێشتووە بۆ ماستاوی سەروی خۆیان!! بۆیە، هەتا دێت، دابڕانی مەترسیدار لەنێوان خەڵك‌و حكومەت رودەدات. لە دۆخێكی ئاوادا، هەستی برینداركراوی خەڵك، لەسەر چزە. لەئەمریكادا، بە ناهەق كوشتنی هاوڵاتیەك قینی خەڵكەكەی بتەقێتەوەو هیچ بەربەستێك رێگای راسانیان لێ نەگرێ‌، ئاخۆ، لە كوردستانێكدا، كە لایەنی كەمی ئەو بەربەستە ئابوری، دەستوری، سیاسی، دەسەڵاتدارێتی‌و سیستەمی دیموكراسییەی ئەمریكای نەبێ‌، تاقە روداوێك، چی لە دۆخە قەیراناویەكەی كوردستان دەكات؟ دۆخ لە كوردستاندا دەكوڵێ‌. كەچی كۆبونەوەیەكی متمانەبەخشی نێوان لایەنە سیاسیەكان، لە پەرلەمان، لەگەڵ عێراق، چارەسەری موچەو بودجە، لەئارادا نییە. بەش بەحاڵی مەلا بەختیار، ئاوات ناخوازم روداوێكی بچوكی نەخوازراویش، لەم نیشتمانەم روبدات. بەڵكو ئومێدم وایە، چارەسەر بۆ كێشەكان، لەپێشەوەدا، قەیرانی ئابوری بدۆزرێتەوە. بەڵام ئەگەر دۆخەكە بە چارەسەرنەكراوی بمێنێتەوە، نایشارمەوە، هیچ دەستەبەرێكی سیاسی-كۆمەڵایەتی بۆ ناخی برینداركراوی خەڵك لەكوردستاندا نییە. دوور نییە، ئەمریكا لە هەشت دەقیقەدا بە كوشتنی هاوڵاتیەك هەژابێ‌، لە كوردستاندا، كەمتریش لەو كاتە، روداوێك، روداوی سیاسی نەخوازراو بهێنێتە دی!! تكایە، لەم راستییە تاڵە تێبگەن.. تكایە!!  


سەلاح خدر گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی بارش چاکان خەڵکی ناوچەی ئاگری باکوری کوردستان بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە، شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ئالسانجاکی شاری ئەنقەرە لەلایەن ٣ ڕەگەزپەرستی تورکەوە هێرش کرایە سەری و بەچەقۆ کوشتیان. بەپێی داتا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان فاشیزم و نەژادپەرستی و دەمارگیری ئاینی لەماوەی ١٨ ساڵی دەسەڵاتداری ئەردۆغاندا بەشێوەیەکی لە تورکیا هەڵکشاوە کە ئیدی لە غەیرە تورک و موسوڵمانی سونیی هیچ نەتەوە و باوەڕێکی دیکە ئاسایشی ژیانی مسۆگەر نییە، مەگەر ئەوانەی نکۆڵی لە نەژاد و باوەڕی خۆیان بکەن، لەپێشدا کورد دوای ئەرمەنیەکان، عەرەب، مەسیحی، عەلەوی و ئێزدی لەژیر هەڕەشەی جدی تورکە ڕەگەزپەرستەکاندان، ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر خۆیان و جێگا پیرۆزەکانیان. ئەردۆغان لەساڵەکانی سەرەتای حوکمڕانیدا بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتداری خۆی هەڵمەتێکی تاکتیکی بەناوی کردانەوەی کوردی دەستپێکرد، تا ئەوەی قاچی داکوتا، ئیدی دەمامکەکەی فڕیدا و ڕووی ڕاستی خۆی (فاشیزمی کەسک)ی دەرخست لەگەڵ ڕەگەزپەرسترین حزب لەمێژووی تورکیا (پارتی نەتەوەیی تورکیا - مەهەپە) و ئەرگەنەکۆن و دەوڵەتی قوڵ و چەتە و مافیاکان یەکیان گرت و لەڕێی گۆڕینی یاسا و دەستورەوە دەستیان بەسەر تورکیادا گرت. ئەردۆغان بەدروشمی هەموو شتێک لەپێناو تورک و تورکیادا، پەیماننامەی میساقی میللی و گەڕانەوە بۆ سنورەکانی عوسمانی هێنایە ڕۆژەڤەوە، لە هەوڵی داگیرکردنی کۆبانێ لەڕێی چەتەکانی داعشەوە و پاشان داگیرکردنی ڕاستەوخۆی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی و کاولکردن و کۆمەڵکوژی ناوچەکانی سوری ئامەد، جیزرە، سلۆپی، کاربۆران و چەند دەڤەری باکوری کوردستان، دەستوەردان لە کەرکوک و موسڵ، کردنەوەی بارەگای سەربازی نوێی لە نزیک موسڵ و هەرێمی کوردستان، دروستکردنی هێزی چەکداری پڕۆکسی لە تورکمان و سونەکانی عێراق و ناردنی هێز بۆ سوریا و لیبیا پیلانە مەترسیدارەکەی کرداری کرد. بەردەوام لەڕێی میدیاکانی تورکیا کەدوای سیناریۆی کودەتای تەموزی ٢٠١٦ لەلایەن ئەردۆغان و هاوکارەکانیەوە وەک سوپا دەستی بەسەرداگیراوە، ژەهری نەژادپەرستی لەناو کۆمەڵگادا بڵاودەکرێتەوە، هونەرمەندانیش لەڕیی گۆرانی و فیلمەکانیانەوە وەک ئەوەی لە داگیرکردنی عەفریندا بینیمان بوونەتە پارچەیەک لەو پڕۆژەیە، بەپڕوپاگەندەی (هیچ نەتەوەیەک لە تورک پیرۆزتر و شەریفتر نیە، بەختەوەرترین کەس ئەوەیە کە تورکە) بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و کۆمەڵایەتی ئاستی ڕەگەزپەرستی لە تورکیا بۆ لەسەدا ٢٠٠ بەرزکراوەتەوە و ئەو فکرە مەترسیدارە سنورەکانیشی تێپەڕاندووە و تورکەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەشی لەخۆیدا کۆکردوەتەوە، لەو ڕێیەوە خۆیان لە دەسەڵاتداریدا هێشتوەتەوە. میدیای لغاوکراوی هەنوکەیی تورکیا بەئاستێکی زۆر فکر و بۆچوونی کۆمەڵگای داگیرکردووە و سیستەماتیک ئاڕاستەی دەکات. بەتایبەت دوای سیناریۆیی کودەتاکە هەزاران دەنگی ناڕازیی تیرۆرکران یان خرانە زیندانە و هەزارانی دیکە ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن. ئەردۆغان لەڕێی حەسەن خەیریەکانی حکومەتی هەرێمەوە چەقۆی تورکی خستوەتە سەر ملی گەلی کورد و هەوڵی قوربانی کردنی دەدات، ڕۆژانە بارەگای نوێی سەربازی دەکاتەوە و خاک داگیر دەکات، بۆردومان کۆمەڵکوژی ئاشکرا دەکات، هێڵە ئیخوان موسلمینە کوردەکانی باشووریش پرسی چارەنوسازی نەتەوەیی کوردیان لەهەستیارترین سەردەمدا کردوەتە قوربانی هێڵی دەمارگیری ئاینی سونیی گوایە ئەردۆغان محەمەد مەهدی سەردەمە و پێشەنگایەتی مانەوەی ئەو هێڵەیان بۆ دەکات بەرامبەر خاچپەرست و رافزیەکان هەربۆیە بێپەردە پشتیوانی ئەو ڕەگەزپەرستیە خوێناویەی تورکیا دەکەن و فتوای بۆ دەدەن. ئەردۆغان سودی لە پەرتەوازەیی و ناکۆکی نێوماڵی کوردی بینیووە، هەربۆیە تاکە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو فاشیزمە مەترسیدارە یەکبوونی نەتەوەییە ڕێگەی دووهەم نیە...  


مەریوان وریا قانع ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی، ھانا ئارێنت باس لە ڕاستییەکی زۆر سادە و گرنگ لە پەیوەندیدا بە دەسەڵاتە ستمگەرەکانەوە دەکات: یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە ستەمگەرەکان، ئیتر چ دەسەڵاتێکی تۆتالیتاریی یان ھەر شێوەیەکی تر لە دەسەڵاتی ستەمگەریی بێت، ڕێگرتنە لەوەی خەڵک دەستیان بە زانیاریی بگات و لەوە ئاگاداربن چی ڕووئەدات. ستەمگەریی و ڕێگرتن لە ئاشکرابوونی ڕاستییەکان دووانەیەکی لێکدانەبڕاون. دیوی ئەودیوی ئەم ڕێگرتنە لە ئاشکرابوونی ڕاستییەکان و گەیشتنی زانیاریی ڕاست بە کۆمەڵگا درۆکردنە. لە ڕاستیدا درۆکردن لەگەڵ کۆمەڵگا و خەڵک و تاکەکەسەکاندا یەکێکە لە ئامرازە ھەرە سەرەکییەکانی ئەو فۆرمانە لە حوکمڕانیی کە ستەمگەرن. بە پێچەوانەی زۆرێک لە نووسەرانی ترەوە، ھانا ئارێنت، باوەڕی وایە ئەگەر حوکمڕانان بە بەردەوامی درۆ لەگەڵ کۆمەڵگادا بکەن، مەترسییەکە ئەوە نییە خەڵکەکە باوەڕ بە درۆکان بکەن و وەک ھەقیقەت مامەڵەیان بکەن، بەڵکو لەوەدایە ئەم درۆکردنە ببێتە ھۆکاری ئەوەی ھیچ کەسێک باوەڕی بە ھیچ شتێک نەمێنێت. ھەر شتێکیش چەند ڕاستبێت، ببێتە مایەی دڕدۆنگیی و گاڵتەجاڕیی و متمانەپێنەکردن. ئەم درۆکردنە بەردەوامە و ئەم ونکردنە سیستماتیکی و بەمەبەستەی باوەڕکردن بە ڕاستیی، یان دروستکردنی ھۆشیارانەی دۆخی باوەڕنەمان بە ھیچ شتێک، وادەکات نەک تەنھا خەڵک نەتوانن ببنە خاوەنی ھیچ کردەیەکی مێژوویی، بەڵکو نەشتوانن بیربکەنەوە و توانای بیرکردنەوە و داوەریکردن لەدەستبدەن. لە ھەر شوێنێکیشدا دەسەڵاتداران لەوەدا سەرکەوتن ئەو دۆخی باوەڕنەمانە دروستبکەن، وابکەن کەس باوەڕی بە ھیچ شتێک نەمێنێت، لەوێدا، ئیفلیجبوونێکی کۆمەڵایەتیی گەورە دروستدەبێت و ڕێ لە ھەر کردەیەکی مێژوویی بەسەمەر دەگیرێت. ھەر حوکمڕانییەکیش بە درۆکردن دەستیپێکرد و درۆکردن کۆڵەکەی سەرەکیی دەسەڵاتدارێتیەکەی بوو، وایلێدێت بەردەوام ھەم پێویستی بە درۆی تازە و ھەم بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی درۆ کۆنەکانی ھەبێت. لەم ڕووەوە مێژوویەک بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵگاکەی دروستدەکات کە ژێرخان و بناغەکەی درۆکردنە. ئەوەی ئێستا لە ھەرێمدا ڕوودەدات گەیشتنە بەم خاڵی باوەڕنەمانەی کۆمەڵگایە بە ھیچ شتێک، لە ڕێگای ئەزموونکردنی گواستنەوە لەم درۆيەوە بۆ ئەویتر. ئەوەی باڵادەستە دروستبوونی جۆرێکە لە بەدگومانیی بەھێز کە وادەکات ھەموو شتەکان بەیەکتری یەکسان بکرێن و درۆ بچێتە شوێنی ڕاستیی و ڕاستیش وەک درۆیەکی تر مامەڵەبکرێت. ئەمەش وادەکات کەسەکان توانای جیاکردنەوەی باش لە خراپ و توانای داوەریکردن و حوکمدان بەسەر باش و خراپدا وونبکەن. درۆی دەسەڵات وەک درۆی ئەم یان ئەو تاکەسی ناو کۆمەڵگا نییە، درۆی دەسەڵات کۆمەڵگایەک دروستدەکات ھەموو متمانە و باوەڕێک بە ڕاستییەکان لەدەستبدات. گومانکردن لە ھەقیقەتی بوونی کۆرۆنا وەک ھەڕەشەیەکی گەورە لەمڕۆدا بەشێکە لەم وێنە گەورەیەی لەدەستدانی باوەڕ و متمانە بە ھەمووشتێک.


بەشدار عوسمان ئەوانەن کە دەمی خەڵک دەبەستن و گوللە دەنێن بە دەمی گەنج و رۆژنامەنوسەکانی، ئەوانەن کە داهاتەکەی فەرهوود دەکەن و کرێی کرێگرتەکانیان نادەن و لەکاتی داواکردنیشی شەق لەناو گەڵی مامۆستا و فەرمانبەرەکانی هەڵدەدەن،ئەوانەن دەستدرێژیکارانی سەر مناڵی حەوت ساڵان و تاوانباران لە دادگا دەرباز دەکەن، ئەوانەن کە رۆژانە سەدان تەن خۆراک و دەرمانی ئیکسپایەر دەرخواردی خەڵکەکەی دەدەن، ئەوانەن پایتەخت دەکەن بە مۆڵگەی دەزگا سیخوڕییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، ئەوانەن زانکۆکەی بێ کاریگەر و ئیفلیج دەکەنو وەکو ناوەندێکی حزبی چاوی لێدەکەن،ئاژاوەگێڕەکانی شار ئەوانەن لەسەر داهاتی خەڵکەکەی نەخۆشخانەیان بۆ خۆیان چێکردووە و کەرتی گشتییان بەفەرامۆشی سپاردووە، ئەوانەی بڕوایان بە قوتابخانە گشتیەکان نیە و بۆ مناڵ و نەوەکانیان قوتابخانەی تایبەتیان دورستکردووە و مناڵی زۆربەی خەڵکەکەشی چاوەڕوانی روخانی بینا کەلاوەکانن بەسەریاندا،ئەوانەن پیر و پەککەوتەی شارەکە لەبێ کارەبای و نەبوونی ئاودا ڕادەگرن و خۆشیان ئاو و کارەبای فول و بەردەوامیان هەیە.  ئاژاوەگێڕەکان و تێکدەرەکان ئەوانەن، زەوییە ڕوکن و شوێنە ستراتیژەکان بەسەر خۆیان و دەوروبەرەکەیان تاپۆ دەکەن و بەشێکی بەرچاوی خەڵکەکەشی بەدیار کرێی خانوەوە کۆتایی مانگ دۆش دادەمێنێت،ئەوانەن مەرجی دەستکەوتنی کار و وەزیفە دەبەستنەوە بە تەسکیە و وەلائی حزبی،ئەوانەن رۆژانە نامەی هەڕەشە بۆ خەڵک دەنێرن و لەهەوڵی ناشیرینکردنی کەسایەتیەکاندان، ئەوانەن پیاسەیەک و ژوانێک بۆ کچ و کوڕە گەنجەکان ڕەوا نابینن و رێگای ئیجەیان نیشان دەدەن، ئەوانەشن رۆژانە وانەی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەوریمان بۆ دەڵێنەوە و خۆشیان بەبێدەنگی لە دیمەنی تۆپبارانەکان و لاشەکان ڕادەمێنن .  ئاژاوەگێڕەکان ئەمانەن، کە کارگەی جگەرە و مافوری هەولێر و کارگەی شیری ئەلبان و هەرچی کارگە و کارخانە بوو  لەکاریانخست، دەرفەتی کار و بەرهەمیان نەهێشت و لەشکرێک لە خەڵکیان کردە مووچە خۆری بندیوار و خانەنشینی نایاسایی . هەموو ئەو ئاژاوەگێڕ و تێکدەرانە بگرن و سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنن کە ئەو وەزعیەتەیان بەسەر ئەو خەڵکە هێناوە، لایەکی شارەکە لە نانی بەیانی مناڵەکانی دڵنیا نیە. بێدەنگ کردنی خەڵک و لە جوڵە خستنی هەموو جموجۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە شارەکە و هەڕەشە و تۆمەت و سیناریۆ دورست کردن بۆ کەسانی ناڕازی بەو وەزعیەتە پڕ نەهامەتیە، سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، دوورستکردنی ژینگەی پڕ لە ترس و تۆقاندن و سەپاندنی عەسکەرتاریەت بە شەقامەکانی لەگەڵ دڵفراوانی و هێمنی خەڵکەکەی نامۆیە . هەوڵدان و کڕینی خەڵک و کۆنترۆڵ کردنی بازاڕ سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، یەک دەنگی و یەک ڕەنگی و خامۆشکرنی دەنگە جیاوازەکان و ڕاونان و دەرکردنی خەڵکانێکی شارەکە،تەنها لەبەر ئەوەی جیاواز بیردەکەنەوە، ناعەدالەتی ئازاریان دەدا، لەبەرامبەر ستەمکاری دێنە دەنگ،مۆرێکی ناشیرینە بۆ هەموو شوێن و جێگا و دەسەڵاتێک،مێژوو لە بکەرانیان خۆش نابێت و باجەکەی دەبێت بدەن. هەولێر ئەگەر بە بێدەنگیش بێت رۆژانە قسە دەکا و گوزارشتی دڵشکانی بەردەوامی بەهەموو دنیا دەگەیەنێت .  


ئەبوبەكر كاروانی بڕیارە لەداهاتوویەکی نزیکدا، گفتوگۆی ستراتیژی لەنێوان ئەمریکاو عێراقدا دەست پێ بکات. یەکێ لەئەرکە چاوەڕوان کراوەکانی کازمی و حکومەتەکەشی، ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیەیە. جێگەی سەرنجە ئەمریکاو عێراق لەساڵی (٢٠٠٨ ) ەوە، (ڕێکەوتنی ڕەوشی هێزەکان) و ( ڕێکەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی) لەنێوانیاندا مۆرکراوە و پەیوەندییە دووقۆڵیەکان بەگوێرەی ئەوان ڕێکخراوە. ئەمەش دەخوازێت بپرسین، لەگەڵ بوونی ئەو ڕێکەوتنانەدا دووبارە باسکردن لە گفتوگۆی ستراتیژی چی دەگەیەنێت؟ ئایە مەبەست تیایدا گیانکردنەوەیە بەبەر ڕێکەوتنە کۆنەکان وەوەگەڕخستنیانە؟ یاخود دووبارە پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندی و چاوەڕوانی و داواکاری و ڕۆڵەکانە، لەڕوانگەی هەمووئەو ئاڵوگۆڕانەی لە زیاد لە ڕویەکەوە هاتوونەدی؟ یان لەوەش زیاتر، ئاماژە کردنە بەکەم بوونەوەی توانای ئارام گرتن و دەرفەتەکان و خاڵ نانە سەرپیت و بڕیاری یەکلاکەرەوەو ڕزگاربوون لەوبازنە بێ ئاسۆیە داخراوەی ململانێ نەزۆکەکان و تەقلید لەماوەی ڕابردوودا بۆ لایەنەکان و، بەتایبەتیش بۆ ئەمەریکایان خوڵقاندووە؟ باسکردن لە ستراتیژ لەم چوارچێوەدا بەدڵنییاوە بەشێکی پەیوەستە بە دووبارە پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندییەکان و ئامرازەکانی بەدیهێنانیان وجۆری ئامادەگی ئەمەریکا و بەڕێوەبرندنی ململانێکان لە کۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. وەك ڕوونیشە لایەنی دووەم و سەرەکی لەم گفوگۆیانەدا بەناڕاستەوخۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانە؟!.حکومەتی عێراق گەرچی لایەنی دووەمی فەرمیە، بەڵام بەکردەوە لایەنی سێهەم پێکدێنێت؟گەرچی فەرمی بوونەکەی لە چوارچێوەی یاسای گشتی نێودەوڵەتیدا قورسایی بە هەڵوێستەکانی دەدات. بەڵام با واز لە هەموو ئەم شتانە  بێنین وبپرسین: کورد لەکوێی ئەم دۆخەدایە؟ داخۆ دۆخی ئابوری وسیاسی و تەندروستی نەخوازراوی هەرێم شپرزەیی نێوماڵە سیاسەکەی، بوارێکیان  بۆ بیرکردنەوەی جددی لەم پرسەو بەخەمەوە بونی هێشتۆتەوە؟لەکاتێکدا بەرەنجامی دیالۆگەکە بەهەربارێکدا بشکێتەوە، کاردانەوەی جۆراوجۆری بەسەر بارو دۆخی ئێستاو ئایندەی هەرێمدا دەبێت.  دیارەلە دۆخی ئاسایی و لەبەرامبەر چاوەڕوانی ڕوداوێکی لەو جۆرەدا، دەبێت چەندین توێژینەوەو پانێڵ و گفتوگۆلە لایەن دەزگاکانی توێژینەوەو زانکۆکان و بیرمەندو ڕۆژنامەنوس و سیاسەتمەدارەکان بەڕێوە بچێت و سازبکرێت و قسە لەسەر کۆی ڕەهەندو ئەگەرو بژاردە و بەرژەوەندیەکانی هەرێم وگەلەکەی بکرێت. وەفدی تایبەت ڕەوانەی واشنتۆن وتاران وئەنقەرەو بەغدا بکرێت، بۆئەوەی داواکاری ڕۆڵمان لە قۆناغی ئامادەکاریەکاندا بەگوێرەی توانا دیاربن و وەك لایەنێکی خاوەن بەرژەوەندی و ئاسەوار وەرگر  بزر نەبێت. لەکاتێکدا ئێمە لەئێستادا هیچ یەکێ لەم شتانە نابینین؟!  ناهەمواری و تێکچوونی دۆخی ناوخۆ ئەم پرسە ستراتیژیەی کردووە بە مەسەلەیەکی لاوەکی؟!ئەمە لەکاتێکدا  ئەم جۆرە پرسانە بۆ هەرێم زۆر چارەنوسسازن. چونکە وەك بنەمایەکی گشتی، هەرێمە نیمچە دەوڵەت و کاراکتەرە نادەوڵەتیەکان، لەوانەش هەرێمی کوردستان، بۆمانەوەو پارێزگاری لە خۆکردن، پێویستیان بە پارێزەرێکی نێو دەوڵەتیە. ئەوەش وادەکات خەمی ئێمە لەم جۆرە دۆخانەدا تەنها خەمی پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان بەمانا گشتی و تەقلیدیەکەی نەبێت، بەڵکو خەمێکی وجودیی قوڵ بێت.


پەیكار عوسمان لە ڕوکەشدا (نوێ) شتێکە کە نەبووەو پەیائەبێ. موجەڕەد پەیابوونەکەی ئەیکاتە نوێ. مەسەلەن حیزب ئەگەر تەنیا قەپاغەکەی و هەر ئەوە وەرگرین کە ناوی حیزبە، لێرەدا "نەوەی نوێ" حیزبێکی نوێیە، چونکە لە تەمەندا دواحیزبە کە پەیابووە. لە ناوەڕۆکیشدا (نوێ) مەساحەی جیاوازبوونە لەوەی کە هەیە. لێرەدا تەنیا پەیابوون و قەباغەکە ناتکاتە نوێ و ئەبێ ناو پاکەتەکە شتێکی جیاوازی تیابێ ئینجا نوێبوونێك ڕووئەدا. ئەمەش هەر ئەو ڕووداوەیە کە لە نەوەی نوێدا ڕووینەدا، چونکە ناوەڕۆکەکەی هەمان تاسوحەمامە. بەڵام (نوێبوونەوە) پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە نیەو تەنیا لە شکڵدا ئەکرێ، چونکە ئەگەر دەسکاری ناوەڕۆك و جەوهەر بکرێ، ئیتر کارەکە لە "نوێبوونەوە"وە ئەترازێ بۆ "نوێ"، شتەکەش ئەبێتە شتێکی تر! یەعنی نوێ هەر ئەو شتەیە کە لە جەوهەردا لەوەی پێشخوێ جیایەو ئەگەر جیاوازییەکە جەوهەریی نەبێ، نە ئەم ئەبێتە نوێ، نە ئەو ئەبێتە کۆن. یەعنی "نوێ" پەیوەندی بەوەوە هەیەو ئەوەیە کە بە جەوهەرو ناوەڕۆك "لەو" جیاوازە. بەڵام "نوێبوونەوە" پەیوەندی بەخۆتەوە هەیەو ئەوەیە کە شکڵی ئێستات لە هی پێشتری خۆت جیاوازئەکەیت. یەعنی "نوێبوونەوە" مەساحەی جیاوازبوونە لە خۆت. بەڵام "نوێ" مەساحەی جیاوازبوونە لەو. یەعنی نوێبوونەوە ئەوەیە کە لە خۆت جیاوازبی و نوێ ئەوەیە کە لەو جیاوازبی. بۆیە هەر لەڕێوە واز لە (نوێ)کە بێنەو ئەمەیان بۆ یەکێتی ناشێ. چونکە "بە ناوەڕۆك" یەکێتی نوێ نیەو هەمان مەعدەنی کۆنەکەیە کە پارتییە. بە تەمەنیش نوێ نیەو دوای ئەو دنیایەك حیزبی تر لەدایکبوون. یەعنی یەکێتی بەهیچ جۆرێك لە ساحەی نوێبووندا نیەو ئەوەی هەیە تەنیا ساحەی نوێبوونەوەیەو هەنێ شتی ڕووکەشییە. ئەوەشی کە بۆ کۆمەڵگای ئێمەو بۆ یەکێتی خۆشی گرنگە، نوێبوونە نەك نوێبوونەوە! "نوێبوون" بۆ یەکێتی و بۆ هەر حیزبێکی تری ئێمە، مەسەلەی فکرو ئایدۆلۆژیا نیە. سۆسیال دیموکرات و ییزم و ییست و و چەپ و ڕاست نیە.. بەڵکو تەنیا مەسەلەی دزی و نادزییە. چونکە تازە بمانەوێ و نەمانەوێ، دزی بووە بە جەوهەری حیزبایەتی ئێمەو نوێبوونیش پەیوەندی بە جەوهەرەوە هەیەو یەکێتیش جارێ دەسکاری ئەم جەوهەرەی نەکردوە تا "نوێ" بێت! ئەوەی کە یەکێتی هەنێ گۆڕانکاریی لە هەیکەل و بەڕێوەبردنی حیزبا کردوە، ئەمە نە "نوێ"یە نە "نوێبوونەوە". چونکە شتەکان جگە لەوەی نوێ و جەوهەریی نین، تەنانەت لە شکڵیشدا نوێبوونەوە نین و کۆنبوونەوەو گەڕانەوەیە بۆ دواوە! ئاخر گەڕانەوە بۆ نەفەسی جەلالیی و مەلایی شەستەکان، کوێ ی نوێیەو کوێ ی نوێبوونەوەیە؟ ئاخر بە بنەماڵەییبوون و بە ئەمنییبوون، کوێ ی نوێیەو کوێ ی نوێبوونەوەیە؟ لەڕاستیدا ئەوەی کە لە ناوەڕۆکدا لە پارتی جیاوازبوو، کۆمەڵەکەی ئارامبوو. باڵەکانی تری یەکێتی تەنیا لە ڕووکەشدا لە پارتی جیاوازبوون. دەی بۆ بەدبەختی ئەوەی کە توایەوە کۆمەڵەبوو، ئەوەشی کە مایەوە، ئەوەبوو کە هەمان ماهییەتی پارتیی هەبوو! یەکێتی ئەبێ تێبگا، دروستکردنی گرژی لەگەڵ پارتی، حیکایەتێکی سواوەو نە نوێ دروستئەکا نە نوێبوونەوە، نە عەبایەکیشە چیتر "لێکچوونەکانی لە پارتی" ئەشارێتەوە! یەکێتی لە ئەساسەوە لێکچوویەکی پارتییەو بەدرێژایی ئەم ٤٥ساڵەش جیاوازی خۆی لەگەڵ پارتیدا کەمکردۆتەوە، بەڕادەیەك کە بووە بە پارتییەکەی تری گیانی ئێمە. جا ئەم "گاحەقیقەتە" لە پشتی نمایشی دژایەتی پارتییەوە ناشاردرێتەوە! لە دۆخی فەسادی سیاسییدا، نوێبوون تەنیا بڕێك ئەخلاقی سیاسییە، کە یەکێتی زۆر دوورە لەم جۆرە نوێبوونەوە،، چونکە فەسادی سیاسیی ئێمە، ئەگەر دوو کۆڵەکەی گەورەی هەبێ، دوای پارتی، یەکێتی کۆڵەکەی تریەتی، حیزبەکانی تریش وردە کۆڵەکەکان. "نوێبوونەوە" دادی یەکێتی و هیچ حیزبێکی تری ئێمە ناداو تەنیا "نوێبوون" دەرمانی ئەوانە. نوێبوونیش ئەوەنیە کە یەکێتی دژی پارتی بێت، نوێبوون ئەوەیە کە یەکێتی خۆی پارتییەکەی تر نەبێت! بەکورتی نوێبوونەوە تەنیا میکیاجەو نوێبوون تەنیا دزنەبوونە. ئاخر "دزبوون" کۆنی سیاسەتی ئێمەیەو نوێ تەنیا ئەوەیە کە سەر بەم کۆنە نەبێ. حیزبی ئێمەش کۆن و نوێیان هەموویان لە دزبووندا کۆنن و تەنیا بە دزنەبوون ئەتوانن ببنە نوێ.


بەشیر غەریب  زۆرێک لەگەڵ دەم ئەکەنەوە باسی بەدیل ئەکەن و ئەڵێن ئەمانە بڕۆن کێمان بەدەستەوەیە بەبەڵگەی ئەوەی بەدیلێک نییە بۆ شوێنگرەوەی ئەم دەسەڵاتە ، ( تێناگەم کاتێک دەسەڵاتێک دێت و ماوەی نزیکەی سی ساڵ بەشەڕی ناوخۆو لەناوبردنی لێشاوێک لە هاوڵاتیەکانی خۆی سەرقاڵ ئەبێت ، سەدان هاوڵاتی خۆی تەنها بەتۆمەتی جیاوازی بیروڕای سیاسیەوە بێسەروشوێن ئەکات ، یاساکانی وڵات ژێرپێ ئەنێت و بەتەواوی مانا گوزەران و ژیان وگیرفانت داگیر ئەکات ، هەڵدەسێت بە نانەوەی فیتنەو بێئەندازە دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی بە دامەزراندنی چەندەها میدیای بێڕەوشتی و چەواشەکارو سێبەر ، تەواوی پرسەگرنگە نەتەوەیی و چارەنوسسازەکان پەک دەخات و ناکۆکی و دوبەرەکی و چاندنی ڕق و کینە لە ناو ناخی تاکی کورددا بەرامبەر بەیەکتر دروست ئەکات ، هەیبەتی کورد و پێشمەرگە لە ئاستی دونیای دەرەوەدا لەکەدارو سوک ئەکات ، سەدان هەزار مرۆڤی دڵسۆزی گەل و خاک بەهۆی سیاسەتی چەپەڵ و دوژمنکارانەی خۆیە دەربەدەر ئەکات ، پەروەردەو خوێندن و فێرکردن هەر لە باخچەی ساوایانەوە هەتا خوێندنی باڵاو زانکۆ پەک ئەخات و ڕیسوای ئەکات و یاری و قومار بەئێستاو ئایندەتەوە ئەکات ، تەواوی سەروەت و سامانی گەلەکەی بەتەواوی توانای خۆیەوە  ئەدزێت و تەنانەت قەرزدارکردنی هاوڵاتیەکانیشی ، چەتەیی و گیرفانبڕینی هاوڵاتیەکانی بە باج و سەرانە بەڕێگای جیاجیا و فەرهودکردنی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی ، چەندان مرۆڤی نوخبە و دەستەبژێر و چاکەخواز و ئازادیخواز ترۆر ئەکات ، گەروی مەلاو ڕۆژنامەنوسەکانی پڕئەکات لە فیشەک ، سامانێکی بێشوماری ناشەرعی بەدزینی مافی هاوڵاتیەکانی پێکەوەدەنێت و لە بەرامبەردا دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەتاڵ ، کەسایەتیە گەورەو ڕەسەنەکانی کورد سوک و بێبایەخ پیشان ئەدات و  لە بەرامبەردا گەورەکردن و بەڕەمزکردنی کۆمەڵێک مرۆڤی بچووک سیاسەتێتی ، هەتا ئێستا لە بەرامبەر بەڕێوەبردنی هەرێمێکی بچووک گەورەترین شکستی خواردووە نەیتوانیوە تا ئێستا خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان دابین بکات و توشی شەرمەزاری بووە ..... هتد ) تۆ بێیت و باسی بەدیل بکەیت ، ( لەگەڵ ئەوەی هەموو کات بڕوام وایە کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا مرۆڤی شەریفی تێدا ماوە ) بەڵام بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتێکی چەپەڵی لەم شێوەیە مرۆڤ نابێت بیر لە بەدیل بکاتەوە ، درۆیەکی شاخدارە ناکۆکی و ڕەخنەگرتنی بەتایبەت ئەو حزبانەی کە لەناو گاڵتەجاڕی بەناودەسەڵاتدان درۆیەکی شاخدارە ڕەخنەی ئەم کابینە ، ئەمانە ڕاست ناکەن ( یەک مەعدەن و یەک پاکێجن ) !  ئەوەی ئەمانە بەسەر ئێمەیاندا هێناوە دوژنمن بەدوژمنی خۆی ئەگەر زۆر داخ لەدڵ بێت هەرئەوەنەی پێ ئەکرێت ! ئەسڵەن دوژمن کێیە ؟ کاتێک ئەمانە دەستیان لەگەڵ هەموویان تێکەڵە !  ئیدی ئیشم بە بەدیل چییە و گومانم لەچی هەبێت ؟  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand