مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
ناتوانین حوکمڕانییەکی مۆدێرن و هاوچەرخمان هەبێت بەبێ تێگیشتن و دیدگایەکی نوێ بۆ دەسەڵات. دەسەڵات لە تێگەیشتنە مۆدێرنەکەیدا تەنها دەسەڵاتی تاکەکەسە حوکمڕانەکان نییە، تەنها دەسەڵاتی سەرۆک و پادشا و سوڵتان و خەلیفەکان نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی دابەشکراوە بەسەر چەندان تەوەرەی جیاوازدا: لەوانەش دەسەڵاتی دەزگاکان، دەسەڵاتی یاسا، دەسەڵاتی بیرۆکراسیی، دەسەلاتی مەعریفە و زانستەکان، دەسەلاتی کەسانی خاوەن شارەزایی و لێزانیی، دسەڵاتی رێکخراوە کۆمەلایەتیی و مەدەنییەکان. دەسەڵاتی سوونەتی هەمووی لە دەست و لەشی تاکەکەسێکدا کۆکراوەتەوە، هەرچی دەسەڵاتی مۆدێرنە لەناو زیاد لە ناوەند و شوێن و دەزگایەکدا جێگیرە. بۆ ئەوەی حوکمڕانییەکی مۆدێرن و هاوچەرخمان هەبێت، ئەو تێگەیشتنە بۆ دەسەڵات پێویستە کە سەرجەمی دەسەڵاتەکان ناخاتە دەستی کەسێک یان چەندکەسێکی تایبەت و سنووردارەوە، زۆرجار کەسانی سەر بە خێزان و بنەماڵەیەکی تایبەت.
لە راستیدا سەرەتا هەرەسادەکەی دروستکردنی حوکمڕانییەکی هاوچەرخ بە دەسکاریکردنی پرسیارە هەرە سادەکان سەبارەت بە حوکمرانیی دەکات. لە تێگەیشتنی سونەتیی و تەقلیدیداپرسیاری سەرەکیی سەبارەت بە حوکمرانی ئەوەیە ئایا کێ حوکمڕان بێت؟ سەر بە کام خێزان و بنەماڵە و حزیبی سیاسیی بێت؟ لەکاتێکدا پرسیاری سەرەکیی لە حوکمڕانییەکی هاوجەرخدا بریتییە لەوەی، چۆن خەڵک یان کۆمەڵگا بەڕێوەببرێت؟ واتە پرسیارەکە لە کێ و چ کەسێکەوە حوکمرانبێت دەپەرێتەوە بۆ چۆن و بە چ شێوەیەک کۆمەڵگا ڕێکبخرێت و بەڕێوەببرێت. لەیەکەمیاندا حوکمرانێک ئامادەیە وەک تاکەکەسێک کە هەموو دەسەڵاتەکانی لەدەستدایە، لە دووهەمدا کۆمەڵگا وەک گشتێکی گەورە و گرێدراو بە چەندان پرۆسەی جیاوازی رێکخستن و بەڕێوەبردنەوە، ئامادەیە. بەبێ گواستنەوەی پرسیاری دەسەڵات لە لە کەسایەتی حوکمڕانەوە بۆ کۆمەڵگا، ئێمە لە هیچ بوارێکی حوکمڕانیدا یەک سانتیمەتر ناچینەپێشەوە.
بێگومان هاتنە پێشەوەی کۆمەڵگا وەک بابەتی هەرەسەرەکیی تێگەیشتن لە دەسەڵات، مانای پەڕینەوە لە عەقڵیەتی خێزان و بنەماڵە و خێڵەوە و چوونە ناو ئەو شێوازە تازەیەی بیرکردنەوە کە تیایدا کۆمەڵگا وەک یەکەیەکی دەستەجەمعیی و هاوبەش ئامادەیە و وەک ئەو یەکە دەستەجەمعیی و هاوبەشەش دەبینرێت. مرۆڤەکانی ناو ئەم یەکە هاوبەشەش، بە هەموو جیاوازەکانیانەوە، مرۆڤی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتی هاوبەشن. هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانیت خاوەنی حوکمرانیی و دەوڵەتێکی هاوچەرخ بێت، لە کاتێکدا حوکمڕانەکانی بە عەقڵیەتی خێزان و بنەماڵە و خێڵ بیربکەنەوە و بەو عەقڵیەتەشەوە لە دەسەڵات و حوکمرانیی گەیشتبن.
بێگومان دەوڵەت، وەک فۆرمی هاوچەرخ و تازەی دەسەڵات، تەنها بوونی حاکمێک و سوپایەک و کۆمەڵە یاسایەک نییە، بەڵکو مانای بوون و ئامادەگیی بەرفراوانی بیرۆکەی «هاوڵاتیی یەکسان» و سەروەریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و بوونی ئیدارەیەکی بیرۆکراسیی عەقڵانیی و ئامادەگیی چەندان دەزگای یاسایی جیاواز کە عەقڵەیتێکی یاسایی ئاراستەیان بکات، نەک سایکۆلۆژیای حوکمڕان و دەسەڵاتداران.
دەوڵەت لە دونیای ئێمەدا تەنها یەک مانای هەیە، تێنەپەڕاندنی لۆژیکی ئیمارەتسازیی و فیوداڵیزم و ئاغایەتیی
لە راستیدا کاتێک باس لە دەوڵەت دەکرێت تەنها باس لە ماشەنێکی بیرۆکراسیی و باس لە بوونی دەسەڵاتدار و سوپا و ئاڵا و سرودی نیشتیمانیی ناکرێت، دەوڵەت، بەر لە مانە، هێز و ئامێری سەرەکیی تازەبوونەوەی سیاسییە. لەگەڵ دەولەتدا تێگەیشتنێکی تەواو تازە بۆ سیاسەت دێتەکایەوە. کێشەی دەوڵەتیش لای ئێمە تەنها کێشەی فەساد و گەندەڵیی و ستەمگەریی نییە، بەڵکو کێشەی وێرانکردنی هەر توانایەکی ناوەکیی تازەبوونەوەی سیاسییە، لەپێش هەمووانیشەوە توانای گۆرینی سیاسەت بۆ کردەی دروستکردن و بەرهەمهێنانی تاکەکەس، وەک هاوڵاتیی خاوەن ماف. هەروەها کردەی گۆرانیی گروپ و کۆمەلە جیاوازەکانیش، بۆ نەتەوە و زادگاکانیش بۆ نیشتیمان.
دەوڵەت لە دونیای ئێمەدا تەنها یەک مانای هەیە، تێنەپەڕاندنی لۆژیکی ئیمارەتسازیی و فیوداڵیزم و ئاغایەتیی، تێنەپەڕاندنی وێناکردنی خەڵک وەک رەعیەت، تێنەپەراندنی تێگەیشتن لە دەسەڵات وەک موڵکی شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی. لە روانینی هاوجەرخدا بۆ حوکمرانیی، دەوڵەت مانای حیزبێک یان خێڵێک یان چەند خێڵێکی گەورە نییە، یان درێژکراوەی تائیفەیەکی دینیی، هاوکات مانای بوونی حوکمران و سوڵتانێکی بەهێز نییە، بەڵکو دەزگایەکی بێلایەنە یاسا و شێوازی رێکخستنی بیرۆکراسییانەی هاوچەرخ بەڕێوەی دەبات. وەلا و دانەپاڵەکانیش لەناویدا بۆ ئەم حیزب یان ئەو خێزان و بنەماڵەی سیاسیی نییە، واتە فۆرمە سونەتییەکانی وەلا نییە، بەڵکو وەلایە بۆ یاسا و دەزگا و لۆژیکی عەقڵانیانەی ئیشکردنی دەوڵەت خۆی، ولایە بۆ بیرۆکەی هاوڵاتیبوون وەک شێوازی سەرەکیی مرۆڤبوون لەناو سنوورەکانی نەتەوە و نیشتیمانێکدا. ئەوەی لێڕەدا کاردەکات وەلای سونەتەیی نییە بۆ کەس یان بنەمماڵو خێزان و مەزهەبێک، بەڵکو وەلایە بۆ گرێبەستێکی یاسایی.
پەیڕەونەکردنی ئەم سەرەتا سادانە و بەگژاچوونەوەیان بە شێوەیەکی بەردەوام، لای زۆرێک لە دەسەڵتداران، بەر لەوەی پەیڕەوینەکردن و بەگژاچوونەوەیەکی فیکریی بێت، پەیڕەوینەکردن و بەگژاچوونەوەیەکەی سایکۆلۆژییە. تەواو پەیوەستە بەو ڕاستییە سادەیەوە کە ئەوان نایانەوێت و ناتوانن ئەو وێنانەی لەسەر خۆیان و لەسەر کۆمەڵگا و لەسەر حوکمرانیی هەیانە دەسکاریبکەن و نایانەوێت لە دەرەوەی خۆیاندا هیچ بکەرێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و مێژوویی بوونی هەبێت.
بەم مانایە ئەوەی لای ئێمە باڵادەستە عەقڵیەت و سایکۆلۆژیا و دەزگاکانی بەر لە لەدایکبوونی دەوڵەت و حوکمڕانییە بە مانا هاوچەرخ و تازەکانی دەوڵەت و حوکمڕانیکردن. ئامادەگیی دەوڵەت ئامادەگیی چوارچێوەیەکی سیاسیی و رەمزیی و یاسایی هاوبەشە بۆ هەموو دانیشتوانی ناو سنوورەکانی ئەو حوکمڕانییە. نەک خودی حوکمرانییەکە موڵکی ئەم یان ئەو بنەماڵە و خێزانی سیاسیی، ئەم یان ئەم یان ئەو حزیب و تاقمی سیاسیی بێت. عەقڵیەتی بەر لە ئامادەگیی دەوڵەت هەموو ئەو بنەما هاوبەشانە وێراندەکات کە دەوڵەت و حوکمڕانی هاوچەرخ پێویستیان پێیەتی. کە ئەمە دەڵێم دەبێت ئەو خاڵە تەواو بەرچاوبێت کە دەسەڵتداران خاوەنی بەشێکی زۆری تەکنۆلۆژیا مۆدێرنەکانی چاودێریکردن و کۆنترۆلکردن و دیسپلنکردنی دونیای ئەمرۆن، لە تەلەفۆن و ئینتەرنێت و زیرەکی دەستکردوە بیگرە، بۆ تەکنۆلۆژیای سانسۆر و میدیای پێشکەوتو و دیگیتاڵیی، هتد... هەموو ئەمانە هەن و کاردەکەن، بەڵام هاوکات ئەوەی بیر لە سیاسەت و کۆمەڵگا و شوناس و حوکمرانیی دەکاتەوە، عەقڵەیتی خێڵ و بنەماڵە و خێزانە.
ئەوەی ئەزموونی حوکمڕانیی ئەم ناوچەیە لەوانیتر جیادەکاتەوە، ئامادەگیی بەرفراوانی کۆی تەکنیک و تەکنۆلۆژیاکانی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنە
دەشێت لێرەدا کەسانێک هەبن لەوە بدوێن کە لە خۆرئاوا خۆیشیدا خودی مۆدێرنە خۆی، سەرجەمی تەکنیک و تەکنۆلۆژیا جیاوازەکانی چاودێری و کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنی بەرهەمهێناوە و کاری پێدەکات، بۆیە کێشەکە تەنها کێشەی حوکمڕانانی ئەم ناوچەیە نییە. ئەم رەخنەیە شتێک لە راستی تێدایە، بەڵام هاوکات باز بەسەر پێدراوێکی زۆر سادەدا کە فۆرمەکانی دەوڵەت و حوکمرانیی مۆدێرن لەو بەشەی جیهاندا لەوەی دونیای ئێمە جیادەکاتەوە.
پرۆسەی تازەبوونەوە لە خۆرئاوادا هەم ئازادیی بەرهەمهێناوە هەم سەرجەمی ئەو سیستمانەی کە توانای چاودێرکردن و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤیان هەیە. واتە لەو بەشەی جیهاندا هەم ئازادی رادەربڕین و ویژدان و هەم سیستمی سانسۆری دەرونیی و ناوەکیی، هەن و کاردەکەن. ململانێیەکی گەورە و بەردەومیش لەنێوان ئەو دوو دیوە ناکۆک و دژ بەیەکەی تازەبوونەدا هەیە. فیکری فەیلەسوفی فەرەنسیی میشێل فوکۆ لەم رووەوە نهێنی گەورەی چۆنیەتی کارکردنی دەزگا گەورەکانی دونیای مۆدێرنی نیشانداوین. بەڵام ئەوەی لای ئێمە هەیە و کاردەکات، ئەوەی ئەزموونی حوکمڕانیی ئەم ناوچەیە لەوانیتر جیادەکاتەوە، ئامادەگیی بەرفراوانی کۆی تەکنیک و تەکنۆلۆژیاکانی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنە، لە غیابی ئەو فۆرمانەدا لە ئازادیی و ئەو تەگێیشتنە مۆدێرنەشدا کە بۆ حوکمرانیی و دەوڵەت هەیە. واتە لەکاتێکدا کۆنترۆڵ و دیسپلین و چاودێریکردنێکی بەردەوام هەیە، هاوکات لەباتی هەبوونی ماف و ئازادیی، گرتن و تاوانبارکردن و ڕاونان و هەڵاوێردن و بێمافکردنێکی گەورە و بەردەوامیش هەیە و کاردەکات.