دەرگای زیندانی ئیمراڵی کرایە دەروازەی ئاشتی
2024-12-30 08:25:06
نوسینی: مەلا بەختیار
دوای ٤٠ ساڵ لەقۆناغی چەکداری، نە تورکیا توانی پە×کە×کە لەناو بەرێت، نە پە×کە×کەش توانی بەخەباتی چەکداری ئامانجە ستراتیجیەکانی بەدی بھێنێت. فڕاندن و زیندانی کردنی ئۆجەلان، سەرۆکی پە×کە×کە، چارەکە سەدەیەکی تەواو کرد. بەپێی یاسای تورکیاش، دوای ٢٥ ساڵ لەزیندانی کردنی سیاسەتمەدارێک، ئیتر ئازاد دەکرێت. لەم کاتەدا کە دەبێ دوا بڕیار لەسەر ئازادکردنی ئۆجەلان بدرێت، تورکیا دوچاری قەیرانی ئابوری توند بووە: لیرەی تورکی شکاوە. ھەڵئاوسان دژوارە، لەدوا ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا، پارتی کۆماری تورکیا (جەهەپە) سەرکەوتنی گەورەی بەدەست ھێنا. ھەروەھا دەم پارتیش لەباکوردا سەرکەوت.
کۆی ئەو کێشانە لەڕووی بابەتیەوە، ئاک پارتی و حکومەتی تورکیایان خستوەتە ژێر فشارەوە. شارەزایانی تورکیاش پێیان وایە، ئاک پارتی سیاسەتی خۆی دەگۆڕێ و بەتەمایە گۆڕانکاری لەسیستەمی حکومڕانیدا بکات. ھەروەھا زەمینەی ھەموارکردنەوەی دەستوری تورکیا و پەسەندکردنەوەی ھەڵبژاردنەوەی سەرۆک کۆماری ئێستایان، لەبەرنامەدایە.
ماوەیەکە، ھەم سەرۆک کۆماری تورکیاو ھەم دەوڵەت باخچەلی( سەرۆکی مەھەپە_ حیزبی ناسیۆنالیزمی تورکی) بەنەرمی قسە لەسەر بونی کورد و چۆنێتی چارەسەر کردنی کێشەی چەکدارانەی پە×کە×کە، ئینجا ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەن. تەنانەت بەتەمان ئۆجەلان لە پەڕلەمانی تورکیادا، ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی بچێتە پێشەوە، وتاریش پێشکەش بکات. ئەم گریمانە دڵخۆشکەرەیە ڕوبدات، کەوابێ پڕۆسەی ئاشتی سەردەگرێت.
لەدوای ھەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر (١٩٢٠)و سەپاندنی پەیمانی لۆزان (١٩٢٣) سەرەنجامی پاشەکشەی بەریتانیا لە مافی کوردو سازشی شورەوی و لینین لەگەڵ کەمالستەکان، دوای ١٠٠ ساڵ نکۆڵی کردن لە بوونی کوردو مافی کوردو سەدان ھەزار قوربانی و ماڵوێرانیەکی بێشوماری ھەموو گەلانی تورکیا، یەکەمین جارە لە کۆماری تورکیادا ، بەم شێوەیە سەرۆک کۆمار و ڕابەری ناسیۆنالستەکانی تورکیا، ھەم باسی کورد بکەن و ھەم بیرۆکەی چارەسەریش بھێننە ئاراوە. سەرەنجام ( دەم پارتی) وەکو نوێنەری خەباتی دیموکراسی_ مەدەنی_ پەڕلەمانی_ لەباکوری کوردستان و تورکیا، دوای ١٠ ساڵ لە قەدەغەکردنی بینینی ئۆجەلان، رۆژی 28\12 ڕێگەیان پێدرا لەدورگەی زیندانیکردنی ئۆجەلان (ئیمڕاڵی) دوو لەڕابەرانی دەم پارتی، سەردانی بکەن. ئەمەش ئاماژەیەکی سیاسیی مێژووییە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لەتورکیادا. کە کوردو ھێزە سیاسییەکانی، لەم پڕۆسەیەدا و لەم قۆناغەی تورکیا و لەدوای ڕوداوەکانی ڕوخانی بەشار ئەسەد، ھەم لەباکورو ھەم لەڕۆژئاوای کوردستاندا، ڕۆڵی چارەنوسساز لە تورکیاو لەسوریاو لەناوچەکەشدا، دەگێڕن.
بەقسەکانی بەڕێز ئۆجەلان، لەدیداری وەفدی دەم پارتیدا، ئامادەیی تەواوی ھەیە بۆ ڕێکەوتنی سیاسی و دیموکراسی و برایەتی لەتورکیادا. ئاخاوتنەکانی وەفدی دەم پارتیش، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی رۆژی 29\12 ڕۆژێک دوای دیداری ئۆجەلان، دەری دەخەن کە تەواوی بۆچونەکانی ئۆجەلانیان بۆ پڕۆسەی ئاشتەوایی قبوڵە. کەوابێ دوای سەری ساڵ، دەرگای زیندانی ئیمڕاڵی، لە زیندانی کردنی ڕابەرێکی گەورەی کوردەوە، دەبێتە دەروازەی ئاشتەوایی سەرانسەری تورکیاو باکور، ئەمەش بێگومان کاریگەری لەسەر ڕۆژئاوای کۆردستان و سوریاش دەبێت.
جارێ زووە بتوانرێ توناوتونی دانوستانێکی ئاوا، لەناو پڕۆسەیەکی سیاسی ئاڵۆزدا، بەتایبەتی لەناو دەوڵەتێکی وەکو تورکیادا، کە لە ١٠٠ ساڵی ڕابوردودا، حکومەتە جۆراو جۆرەکانی، زیاتر لە٧٥ ساڵ کوردیان بە تورکی شاخاوی زانییوە، بەڵام لە ھاتنە سەرکاری ئاک پارتییەوە، ئەو سیاسەتە بەرامبەر کورد، نەرم نەرم گۆڕاوە. دەستەواژەی تورکی شاخاوی لە فەرھەنگی سیاسی تورکیادا سڕاوەتەوە. قەدەغە لەسەر جەژنی نەورۆز ھەڵگیراوە. ڕاگەیاندنی زمانی کوردی، چاپکراو، بینراو، بیستراو، تاڕادەیەک ڕێپێدراون. بەڵام کێشەی سیاسی کورد سەرەڕای ھەموو ئەو ھەوڵانەی لەسەردەمی ھەردو سەرۆک، تورگوت ئۆزال و مام جەلالی ڕەحمەتی، بەنھێنی دران، نەگەیشتنە ئاکام. لەسەردەمی ئاک پارتی و سەرۆکی ئێستای تورکیادا، یەکەمین جارە پەنجەرەی چارەسەری ئاشتەوای، بەڕەسمی دەکرێتەوە.
ئەنجامی کردنەوەی ئەم پەنجەرە سیاسییە نوێیە، ھەتا دەگاتە کردنەوەی دەرگای ئازادی ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی و ڕێکەوتنی سیاسی مێژوویی نێوان باکوری کوردستان و کۆماری تورکیا، بەشێکی ھەرەزۆری ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە، لە ئەستۆی حکومەتی تورکیادایە، چونکە بەدرێژایی مێژوو، حکومەتەکانی ناوچەکە، لەھەر چوار بەشەکەی کوردستان، نکۆڵیان لەمافی سیاسی کورد کردووە. لەبەرامبەر حکومەتە یەک لەدوای یەک ھاتوەکانیشدا( پاشایەتی، کۆماری، ناسیۆنالستی )ھەر حکومەتێک ھاتبێتە سەرکار، ڕابەرانی کورد ئامادەی دانوستان و چارەسەری ئاشتیانە بوون. بەڵام حکومەتەکان ھەمیشە پێیان وابووە، بەئاسانی بزوتنەوەی کورد لەناو دەبەن.
بەڵام پەندەکانی مێژوو پێمان دەڵێ، حکومەتەکان ویستیان بە ڕەچەڵەکی کورددا بچنە خوارەوە. ھەموو چەکە کوشندەکانیشیان، بەپشتیوانی جەمسەرەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتی دنیا، بۆ لەناوبردنی کورد بەکار ھێنا، ھەتا بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و ئەنفال و ڕاگواستنی ٥٠٠٠ ھەزار گوند( کوردستانی عێراق) سەپاندنی سیاسەتی پشتوێنی سەوزی شۆڤێنیەتی بەعسی سوریا. ھەتا دەگاتە بەتورکی شاخاوی زانینی کورد لە تورکیا، ئینجا لە جەنگی چاڵدێرانەوە ١٥٢٤ لەنێوان سەفەوی و عوسمانی و ڕێکەوتنیان بۆ دابەشکردنی کوردستان، ھەتا دەگاتە سەردەمی قاجاری و شاھن شاھی، کێشەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش، ڕیشەکێش نەکراوەو زوو یان درەنگ کورد لەسەر ئاستی ئێرانیش، ڕۆڵی چارەنوسسازی سیاسی و دیموکراسی و ئاشتەوایی دەگێڕێت.
لەم گەرماو گەرمییەی سەرەتاکانی دانوستان لەگەڵ ئۆجەلاندا، کەھێشتا نازانرێت ( کەجەکە) یان سەرکردایەتی قەندیل و ھێزی گەریلا، ئەم پڕۆسەیە چۆن ھەڵدەسەنگێنن و دوابڕیاریان چی دەبێت. ئێمە لامان گرنگە پەیامی خۆمان بۆ مێژوو بنوسین، ئەویش ئەمەی خوارەوەیە:
جارێ بۆ ئەوەی خوێنەر لە ھەڵوێستمان ورد بێتەوەو ، وا نەزانرێ ئەم بۆچونەمان لەمەڕ باکور و رۆژئاوای کوردستان، زادەی دۆخی ئێستایە، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بکەم بە کتێبی( شۆڕشی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی سەردەم_ ١٩٨٩_ ١٩٩٢) کە تیایدا بەندە نوسیومە، خەباتی چەکداری گەلانی ژێر دەستە، لەدوای جەنگی سارد و ھەرەسھێنانی سۆڤیەت و ئەوروپای شەرقی و پاشەکشەی کۆماری چین لە پشتیوانی خەباتی گەلان، وتومانە شۆڕشی چەکداری چیکە یەکێک لە یاساکانی خەباتی ڕزگاری گەلانی ژێردەستە نییە، تەنھا ڕاپەڕین وخەباتی مەدەنی و پەڕلەمانتاریی شاڕێی بەدیھینانی مافە دیموکراسییەکانی گەلانی ژێردەستەو ئەو ووڵاتانەیە کەدیکتاتۆرییەت حکومیان دەکات. لەدوای ڕاپەڕینی کوردستانەوە (١٩٩١) پەیتا پەیتا ئەم بۆچونەمان لە نوسین و ئاخاوتنەکانمادا دوپات کردوەتەوە. لەدوا کتێبیشماندا، کۆمەڵەو چەپ_ چاوپێکەوتنی ئەنوەر حسێن و ژیلوان هەڵەدنی_ کە ئەمساڵ کەوتە کتێبخانەی کوردییەوە، نەک ھەر وتومانە خەباتی چەکداری ناتوانێ ئامانجی ستراتیجی بەشەکانی کوردستان بەدی بھێنێت، بەڵکو وتومانە تاکە ڕێگای خەباتی چارەی خۆنوسینمان، دیموکراسی و فشارە مەدەنیی و پەڕلەمانییەکانە. ھەروەھا جەختمان کردوەتەوە کە تورکیا فەزای دیموکراسی تیایەو ئەگەری گۆڕانکاری بەڕێگاوەیە.
بۆیە ئێستاش پێمان وایە ھەلێکی مێژوویی ڕەخساوە. ئۆجەلان کە ٢٥ ساڵە زیندانە، سەرۆکی پە×کە×کەیە. لە کۆتایی جەنگی ساردا ڕەچەشکێنی خەباتی چەکداریش بوو، (١٩٨٤_٢٠٢٤)لە باکوری کوردستاندا. کە خۆی گەیشتبێتە باوەڕو بڕوای چارەسەری ئاشتیانە، پێمان وایە، ئیتر زۆربەی نەتەوەکەمان چاوەڕوانیان لە پە×کە×کە و دەم پارتی ئەوەیە، بەدوو ئاڕاستەی جیاواز، یارمەتی دەرێکی کاریگەری ڕەخساندنی زەمینەی ئاشتی بن، دەسەڵاتی حیزبی و دانوستان، بدەنە سەرۆکی پە×کە×کە لەناو ئەم پڕۆسەیە، ھەتا پڕۆسەکە دەگەێنێتە دوا ئەنجامی دانوستان، خاوەن بڕیار بێت بۆ دروستکردنی تیمێکی سیاسی بۆ دانوستاندنەکە، ئەگەر ھاتوو پڕۆسەی دانوستانەکە، گەیشتە ئەنجامی ئاشتەوایی. ئەمە سەرکەوتنێکی مێژوویی زۆر گرنگە، کە لە دوای خەباتی چەکداری میری بۆتانەوە (١٨٣٧_١٨٣٧) بۆ ڕاپەڕینی یەزدان شێر، شۆڕشی عوبێدوللەی نەھری ١٨٨٠، سەردەمی شیخ سەعیدی پیران، ئاگری داخ (١٩٢٦_١٩٣٢).. ھتد. یەکەمین جار دەبێت، خەباتی چەکداری مەدەنی لە تورکیا و باکوری کوردستان بگاتە ئاشتی. ئەمەش سەرکەوتنە بۆ ھەموو لایەک لە تورکیا. لەپێشەوە بۆ باکوری کوردستان.
خوا نەخواستە ئەم پڕۆسەیە، ئەگەر ئۆجەلان و پە×کە×کە و دەم پارتی، بەتەواوی توانایانەوە بە دەمییەوە چوون، ئەگەر نەگاتە ئەنجام، نابێت ئۆباڵەكەی بخرێتە ئەستۆی کورد. بەڵکو دەبێ ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، ڕۆڵ بگێڕن، ئەم پڕۆسەی ئاشتەواییە، سەربگرێت. ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی، تورکیا لە یەکێتی ئەوروپاش وەربگیرێت.
تەنھا دەمێنێتەوە بڵێین: دەزانین سەلماندنی ئەم پڕۆسەیە، ئاسان نییە. بەڵام داوامان وایە، توندڕەوەکان پەلەنەکەن. باپشووی شۆڕشگێڕانەیان درێژ بکەن و بزانین تینی دانوستان، لەم زستانە سەختەدا، بەستەڵەکی سەدان ساڵی غەدر کردن لەکورد دەتوێنێتەوە؟